ژنەفتن ژنەفتن
شیعر

“نەوسن”

لەبەر ژاوەژاوی ئەو دیووی

پەنجەرەکە

بڕیار دەدەی ساڵی داهاتوو

لۆکە بچێنیت،

کە هاوین دێت، هەندێک هەور

دەدزیت و بە دەمبووس،

بە ئاسمانی ناو تابلۆی سەر دیوارەکەدا

هەڵی دەواسیت..

یەکێک لە کراسەکانت با دەیبات

لە ساڵڕۆژی شکستی پاشا

لەبەری کرێکارێکی شارەوانیدا

دەیناسییتەوە،

لە ترسی پیسبوونی شەقامەکان،

ناتوانی هاوار بکەیت..

چونکە بە منداڵی وێنەیەکت

بە دەمانچەکەی باوکتەوە گرتووە

پۆلیسەکان گەڕان و

دەستێکی تۆیان بە بڕاوی لەژێر

سەرینی کچێکدا دۆزییەوە..

هەمیشە لە نیشتنەوەی باڵندەیەک

دەترسی،

نەک لەبەر ئەوەی ساڵەکەی گرانییە و

دانەوێڵە دەست ناکەوێت،

دەترسی کۆترێک بێتە ناو

خەونەکانتەوە و چاوەکانت بە دەنووک

هەڵبکۆڵێت..

دەتەوێت بە خواردنی گڵۆپێک

 لاساییی دەروێشەکەی کۆڵانی ماڵی

داپیرەت

بکەیتەوە،

تا شەڕێ ناوخۆ هەڵدەگرسێت،

شارێک بە تاریکی دەمێنێتەوە..

کاتێک بەسەر قاپی میوەکەدا

بەردەیتەوە،

دایکت لەناو ئەلبومێکی کۆندا

هاواری لێ هەڵدەستێ

دراوسێکان لەجیاتی خۆت، بۆڵێک

ترێی زامدار دەبەن بۆ

نەخۆشخانە..

تەپڵەکێکی جگەرە لەسەر

مێزەکەیە،

جگەرەکێشەکە بە ئەگەرێکی زۆرەوە

هێشتا لە خەوێکی قوڵدایە ..

قاوەکەی بەردەمم کەمێک تامی

فرمێسک دەدات،

لەسەر مێزەکەی تەنیشتم

خاتوونێک ملوانکەیەکی شین

بەناو دەستیدا پساوەتەوە و

چاوڕێمە..

لەبەر خاتری ژەمێک قارچک

لێوی خۆت بە بڕاوی لەناو تاوەیکدا

لێ جێ دەمێنێت،

 بەیانی بە ئارامی دەنووی

ئیتر ناتوانی ئەو گۆرانییانە بە دەنگی

بەرز بڵێیتەوە

کە شەوان

خەوی لە چاو دەتۆراندی..

blank
دەربارەی نووسەر
شوان تۆفیق
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە