باوەڕ مەعرووفی
خوێندکاری کتێبخانە و زانستی زانیاری له زانکۆی لوند، سوید
دەستپێک
کتێبی دیجیتاڵ یەکێک له ڕەهەندە پێکهێنەرەکانی کتێبخانەی دیجیتاڵه. له ژێر سایەی گەشەی ئامرازە دیجیتاڵییەکاندا، ئەمڕۆکە کتێبی دیجیتاڵی و کتێبی دەنگی له کتێبی چاپکراو خوازیاری پتریان هەیە. لەم نووسراوەیەدا پێناسەیەک له جۆرەکانی کتێب دەخەمە ڕوو. به جەخت خستنە سەر چەمکی بەدیجیتاڵیکردنی کتێبخانە، چەند بۆچوونی لایەنگرانی هەر کام له ”خوێندنەوە” و ”گوێگرتن له” کتێب بەراورد دەکەم. ئامانجم لەم نووسراوە ئەوەیه بزانم چۆن کتێبی دەنگی بووەتە بەشێک له چەمکەکانی کتێب و کتێبخانە، که بەردەوام گۆڕانیان بەسەردا دێت. هەروەها هەوڵ دەدەم بزانم ئایا گوێگرتن له کتێب وەک جۆرێک له خوێندنەوە بەدی دەکرێت.

دیرۆک
دەستپێکی کتێبی دەنگی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدەهەم؛ کاتێک تۆماس ئەدیسۆن توانی سیستەمی تۆماری دەنگ دابهێنێت. بەمجۆرە ژمارەیەک نووسەر و شاعیر دەستیان کرد به خوێندنەوە و تۆماری دەنگیی دەقە ئەدەبییەکانی خۆیان و هی یەکتریی. هاوکات گەڕانەوەی سەربازەکانی شەڕی جیهانیی یەکەم به چاوی بریندارەوە -بەتایبەتی ئەوانەی توانای بینینیان به تەواوی لە دەست دابوو- بووه هۆکاری بەرهەمهاتنی فرەڕێژەییی کتێبی دەنگی و بەرزبوونەوەی ئەم جۆرە له کتێب له ناو پرتووکخانە گشتییەکاندا. بەڵام خوێندنەوەی دەقی نووسراو به دەنگی بەرز دیرۆکێکی دوورودرێژتری هەیە. هۆمەر، هەڵبەستوانی یۆنانی، دەقەکانی خۆی له ناو کۆمەڵگا بۆ خەڵک دەخوێندەوە. هاوکات هۆنراوە ئایینییەکان، بە درێژاییی مێژوو، بۆ شوێنکەوتووانی ئایینەکان خوێندراونەتەوه– ئەویش بەهۆی نەخوێندەواریی زۆربەی دیندارەکان بووه. ئەوانە وا به هۆی نایەکسانیی چینایەتی، دەرفەتی گوێگرتنیان پێ نەدەبەخشرا، له خەیاڵی خۆیاندا بیرۆکەی کتێبی دەنگییان دەئافراند. له ساڵی ١٧٧٥ کۆیلەیەکی ئەفریقی-ئەمریکی به ناوی جەیمز ئالبێرت ئوکاوساو له دەفتەری یادداشتەکانیدا نووسیویەتی که جاری وا هەبووه گوێی ناوە به کتێبی ئینجیلەوە، بۆ ئەوەی بەڵکوو نووسراوەکانی ناو کتێبەکە ببیستێت (Rubery, 2016, ss. 2-3). ئەمڕۆکە گوێگرتن له کتێبی دەنگی له چاو خوێندنەوەی کتێب، خوازیاری پترە. بەڵام ئاخۆ دەشێت گوێگرانی کتێب وەک کتێبخوێن هەژمار بکرێن؟ بەر لەوەی بپەرژێمە سەر ئەم پرسه، پێویسته پێناسەیەکی کورت بۆ هەرکام له جۆرەکانی کتێب بخەمە بەر دەست.
جۆرەکانی کتێب
ئەمڕۆکە کتێبخانە گشتییەکان له ئەمەریکا و ئورووپا وێڕای دابینکردنی شوێنێکی فیزیکی –واته بینای کتێبخانەکە– کۆمەڵێک کەلوپەلی جۆربەجۆر لەوانه ڕۆژنامە، کتێب، دیڤیدی، تەنانەت ئامێری ژەنینی مۆسیقا و تۆماری دەنگ و هتد. دەخەنە بەردەستی گشت چینەکانی کۆمەڵگا. کتێبخانە وەک ماڵی سێهەم دێتە هەژمار؛ ئەگەر ماڵی یەکەم شوێنی نیشتەجێبوون و ماڵی دووهەم شوێنی کار بێت. کتێبخانە فەزایەکی بێلایەنه بۆ هەموو دەنگەکان. لەسەر ئەم بنەمایە پێویسته لەسەر خواستی خەڵک، بەپێی دۆخی ئابووری و بودجه، هەموو جۆرە کتێبێک و هەر کام لە جۆرەکانی کتێب له ناو سیستەمی کتێبخانەدا لە بەردەست بێت. کتێبخانە به واتا بنەڕەتییەکەی واته شوێنی کتێب. تەنانەت هاوواتا ئینگلیزییەکەی واته library پەیڤی کتێب له خۆ دەگرێت؛ liber به لاتینی واته کتێب\پەرتووک. بەڵام کتێب چیه؟ کتێب جۆرێکه له بەڵگە یا دۆکیومێنت. میکایل باکلەند (١٩٩٧) لە وتارێکی به ناوی ?”What Is a “Document دا ڕەخنە له پێناسەی باو بۆ بەڵگە دەگرێت. باکلەند پێی وایه پێویسته تەنانەت جۆرەکانیتری بەڵگە که نه نووسراون و نه چاپکراون وەک بەڵگە پۆلێن بکرێن. جۆرەکانی کتێب دەکرێت دابەش بکرێته سەر سێ گرووپ: کتێبی چاپکراو، کتێبی ئەلکترۆنی و کتێبی دەنگی. کتێبی چاپکراو بریتییه له بەڵگەیەکی فیزیکی که به پێکهاتەی مێژوویی و مێژووی پێکهاتەی کتێبخانەوە گرێدراوه. کتێبخانه وەک شوێنێکی فیزیکی هاوتەریب لەگەڵ بەڵگەی چاپکراوی فیزیکیدا پێناسه و ڕاڤه کراوە. بەڵام ئەمێسته، له سەردەمی دنیای دیجیتاڵدا، کتێبخانە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە– هەم له تیۆریدا هەم به کردەوە. ئەمڕۆکه کتێبخانەی دیجیتاڵ کەوتووەتە کار. هەوڵی بەدیجیتاڵکردن (Digitation) بۆ وێنەهەڵگرتن (Scanning)ی بەڵگەی فیزیکی و بارکردنیان لەسەر بەستێنی دیجیتاڵیی وەک کۆمپیوتەر، له کۆتایییەکانی سەدەی بیستەمەوە دەستی پێ کرد. چەمکی کتێبخانەی دیجیتاڵیش له هەمان ئەو ساڵانەوە له دەقی توێژەرەکاندا دەکار دەکرێت. چەمکەکە هەم لایەنگری هەیە هەم ڕەخنەگر. یەکێک له دواهەمین لایەنگرەکانی کتێبخانەی فیزیکی، دوگڵاس گرینبێری (Douglas Greenberg) ساڵی ١٩٩٨ له دژی چەمکی کتێبخانەی دیجیتاڵ وەستا و پێی وابوو کتێبخانە و دیجیتاڵ لێک ناکاڵێنەوە؛ ”ئەگەر دیجیتاڵه نابێته کتێبخانە، ئەگەر کتێبخانەیە ناشێ پێی بگوترێ دیجیتاڵ” (Bishop, 2003, s. 86). کەچی بەپێچەوانەوە ئەمڕۆکه دەبینین که کتێبخانە بەبێ سیستەمی دیجیتاڵ زەحمەته بتوانرێت پێی بگوترێت کتێبخانە. لانیکەم له وڵاتانی سکاندیناڤیا سووڕانی کتێب (Book circulation)، واته تۆمارکردنی زانیارییەکانی سەبارەت به بەڵگەی قەرزکراو و دووبارە گەڕاوە بۆ ناو کتێبخانه، تەنها لە ڕێی سیستەمی دیجیتاڵەوە ڕێی تێ دەچێت. هاوینی ڕابردوو، یەکێک له سیستەمەکانی سووڕانی کتێب به ناوی Sierra لانیکەم دوو جار هێرشی کرایه سەر. لەکاتی هێرشەکاندا کتێبخانەی گشتی تەواو لەکار کەوت. ئەمە گرینگیی لایەنی دیجیتاڵیی کتێبخانە دەردەخات. جگە لە سیستەمی دیجیتاڵیی سووڕانی کتێب، جۆرەکانی کتێب له پێکهاتنی کتێبخانەی دیجیتاڵدا کاریگەر بووه. هەردوو جۆرەکانی کتێبی ئەلکترۆنی و کتێبی دەنگی دەکرێت وەک دوو جومگەی سەرەکیی کتێبخانەی دیجیتاڵ هەژمار بکرێن.
کتێبی ئەلکترۆنی
وەک سارا شەرهۆلم له دەرس وتارەکەی هەشتی نۆڤەمبەردا له زانکۆی لوند ڕوونی کردەوە، “کتێبی ئەلەکترۆنی پێناسەیەکی دیاریکراوی نییه”. بەڵام دەکرێت کتێبی ئەلەکترۆنی به سێ خاڵ له کتێبی چاپکراو جوێ بکرێتەوە. کتێبی ئەلەکترۆنی کتێبێکی نووسراوه، بەم جیاوازییەوە که فۆرمەتەکەی دیجیتاڵە (epub) و بە مەبەستی خوێندنەوەی پێویسته یا کۆمپیۆتەر یا ئامرازی تایبەت (e-book reader) بەکار بهێنرێت، هەروەها دەکرێت هەڵگری وێنە، ڕایەڵی ئەنتەرنێتی، یاخود فایلی دەنگی بێت (Sara Kärrholm, lecture at LU, 8, sept. 2026). وەک کارێن کالهوون ئاماژەی پێ دەکات، لە ساڵانی ٢٠١٠ و ٢٠١٢ هەم داخوازی کتێبی ئەلکترۆنی (e-book) لەسەر ماڵپەڕی ئامازۆن پێش کتێبی چاپکراو کەوت هەم هەژماری خاوەندارانی تەبلێت و ئامرازی خوێندنەوەی کتێبی ئەلکترۆنی له سەدا بیست گەشەی ستاند ( Karen Calhoun, 2014, s. 115). بەهۆی بەکارهێننانی ئامرازی دیجیتاڵەوە، کتێبی دەنگی دەکەوێته ڕیزی کتێبی ئەلکترۆنییەوە.
کتێبی دەنگی
له دوای داهێنانەکەی تۆماس ئەدیسۆن له ساڵی ١٨٧٧، بیرۆکەی تۆماری کتێب به دەنگ، سەرەتا بۆ نابیناکان و پاشان بۆ هەمووان، سەری هەڵدا. سەرەتاکانی سەدەی بیستەم کەسانێک وەک Arthur Copland به مەبەستی بەرگریکردن له نووسراوی سەر لاپەڕە بۆ نابینایان (Braill) له دژی کتێبی ئاخێور (Talking book) وەستانەوە. Copland پێی وابوو خوێندنەوە له ڕێگای ساوینی دەست (tectile) بەسەر لاپەڕەی کتێب ”بەرزەجێترە” له ”گوێگرتن له کەسێکیتر –بەتایبەتی لەڕێگەی ماکینەوە– کە کتێبەکه دەخوێنێتەوە”. بەڵام ڕێکخراوی ئەمەریکیی بۆ نابینایان (AFB) دەریخست “که قوتابییەکی ئاسایی بە گوێگرتن دەتوانێت سێ ئەوەندەی ساوینی دەست بەسەر کتێبی برەیلدا خێراتر بخوێنێتەوە (خوێندنەوە به ساوینی دەست لەسەر نووسراوەی برەیل هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی قوتابییە نابیناکان بوو)”. (Rubery, 2016, p. 150 and p. 92)
ئەمڕۆکه له کتێبخانەکانی سوید، کتێبی دەنگی واته (ljudbok) له کتێبی ئاخێوەر (talbok) جوێ دەکرێتەوە. کتێبی دەنگی بۆ هەمووانه و کتێبی ئاخێوەر بەتایبەتی بۆ کەم ئەندامان بەرهەم دێت. کتێبی دەنگی لەڕێگای ئەپی Biblioوە دەخرێته بەردەستی بەکارهێنەرانی کتێبخانە. بەڵام فێرکاری بۆ چۆنیەتیی بەکارهێنانی ئەپەکە لەسەر ئەستۆی بەکارهێنەران خۆیاندایه. لەم ساڵانەی دواییدا پرسی خوێندنەوەی کتێب و گوێگرتن له کتێبی دەنگی بووەتە بابەتێکی لێکۆڵینەوەیی, بەتایبەتیی لە دوای گەشەی بێوێنەی کتێبه دەنگیەکان. کۆمپانیای Storytel که یەکێکه لە گەورەترین کۆمپانیاکانی ستریمینگ له سوید، ساڵی ٢٠١٦ بڵاوکەرەوەی Norstedtsی کڕی (SVT Nyheter, 22 Juni, 2016). کۆمپانیاکە بەرهەمهێنەری پتر له یەک ملیۆن کتێبی دەنگییه.
له کاتی نووسینی ئەم نووسراوەیەدا، لەگەڵ کتێبخانەدارێکی کتێبخانەی گشتیی شاری مالمۆ و هەروەها خوێنەرێکی –یا باشتره بڵێم گوێگرێکی– بەردەوامی کتێبی دەنگی گفتوگۆم کرد. کتێبخانەداره. هاوشێوەی Copland هەڵوێستی توند دەگرێت لە بەرامبەر کتێبی دەنگی. ئەم کتێبخانەدارە پێی وایه کتێب پێویسته نووسراو بێت و لەسەر لاپەڕە چاپ کرابێت؛ ئینجا دەشێت سوودی ”خوێندنەوەی” لێ ببینین. بەڵام بەکارهێنەرن. بە هەیەجانەوە دەڵێت “کتێبی دەنگی موعجیزەی سەردەمە. نەک تەنها لەبەر ئەوەی هاوکات که گوێ له کتێب دەگرم، دەتوانم به کارەکانم ڕابگەم. بەڵکوو چونکه من به گوێگرتن باشتر دەتوانم دیمەنەکان لە خەیاڵمدا وێنا بکەم.”
له وڵاتانی سکاندیناڤیا، یەکێک له ئەرکەکانی کتێبخانەی گشتی دابینکردنی کتێبه له هەموو فۆرمەتێکی بەردەستدا. Digitaliseringsstyrelsen له وڵاتی دانیمارک تەنانەت فێرکاریی چۆنیەتیی بەکارهێنانی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان وەک uppdragg بۆ کتێبخانه دەستنیشان دەکات (Olsson Dahlquist, 2019, p. 22). له سوید فەرمانێکی لەم شێوەیە نییه. بەکارهێنەرن. لەسەر ماڵپەڕی یوتیوب گوێ له کتێبی دەنگی دەگرێت. “دۆزینەوەی ئاسانترە، لەبەر ئەوەی نازانم ئەپەکەی کتێبخانه بەکار بێنم.”
ئەنجام
وەک بەشێکی دانەبڕاوی کتێبخانە، کتێب له سەدەکانی ڕابردوودا گۆڕانی گەورەی بەخۆوە بینیوە. کتێب چیتر ئەو بەڵگە فیزیکییه چاپکراوه نییه، بەڵکوو دەشێت نووسراوێکی دیجیتاڵ یاخود فایلێکی دەنگی بێت. کتێبی دەنگی وەک بەشێکی بەدیجیتاڵکردنی کتێبخانە، پاژێکی دانەبڕاوی کتێبخانەی گشتییه. گەشەی بەرچاوی کتێبی دەنگی مشتومڕی لەسەر کولتووری ”خوێندنەوە” لێ کەوتووەتەوە. هەندێک لێکۆڵەر و کتێبخانەدار بەتوندی دژی کتێبی دەنگی دەوەستنەوە. هاوکات، ئەگەرچی کتێبخانەی سویدی پەروەردەی دیجیتاڵ بۆ سەردانیکەران له دەستووری کاریدا نییه، بەڵام ڕێژەی بەکارهێنەرانی کتێبی دەنگی له زۆربووندایه. به بەراوردکردنی خوێندنەوە و گوێگرتن له کتێبی دەنگی ئەم پرسیارە دەورووژێت که ئایا ”خوێنەر” لە جیهانی دیجیتاڵدا واتای چییه. هەروەها گەشەی کتێبە دەنگییەکان دەریدەخات که چەمکی کتێب له گۆڕانکاریی بەردەوامدایه و قاڵب و ڕێگاکانی بەدەستخستنی زانیاریش گۆڕانی بەسەردا دێت.
سەرچاوەکان:
- Bishop, A. P., Van House, N. A., & Buttenfield, B. P. (Eds.). (2003). Digital library use: Social practice in design and evaluation. MIT.
- Buckland, M. K. (1997). What is a “document”?. Journal of the American Society for Information Science, 48(9), 804–809.
- Buckland, M. (1998). What is a "digital document"?. Document Numérique, 2(2).
- Calhoun, K. (2014). Exploring digital libraries: Foundations, Practice, prospects. Facet Publishing.
- Kärrholm, Sara, LU. Lecture (Sept 8, 2026).
- Olsson Dahlquist, L. (2019). Folkbildning för delaktighet: En studie om bibliotekets demokratiska uppdrag i en digital samtid. Lunds universitet, Institutionen för kulturvetenskaper.
- Rubery, M. (2016). The untold story of the talking book. Harvard University Press.
- Rubery, M. (Ed.). (2011). Audiobooks, literature, and sound studies. Routledge.
- SVT Nyheter, https://www.svt.se/kultur/ljudbokstjansten-storytel-koper-norstedts-forlag (visited 23 sept. 2026)