پاییزت لێ دادێ
خەیاڵت کۆچ ناکات
خەمە نارنجییەکانم ببینە هاوڕێ
بە دەم گڤەی “با”وە
بزەکانم هەڵئەوەرێت و
دەستەکانت
بەو بارا نامدوێنن.
تۆ لە چۆڵەوانیی ئەم شیعرەدا
بە پەنجەی شەرمەوە
برینی خەیاڵم
پڕ دەکەی لە باران و پەنجەرە.
من لە جیاتی پەنجەکانت
لە گوڵ گوڵی کراسەکەمدا
وردە ماچی تاسەکانم دەچنمەوە
خەمە نارنجییەکانم ببینە هاوڕێ
شیناییی چاوت
خەریکە لە ڕۆحی ژنێکدا
شەپۆل ئەدات و
تۆش شێتانەتر لە پاییز
دەس بۆ کراسە لیمۆیییەکەم ببە و
نارنج لە شیعرێکمدا دەستەمۆکە.
خەمە نارنجییەکانم داماڵە هاوڕێ
سووری ئەم شیعرە
لە هەناومدا وەرزێکە لە تۆ و
تۆش لەجیاتی هەموو درەختەکان
زستانێ ماندووی
ورزێ ئاگرین و
کوا تا باران و پەنجەرە
هەڵوەرین، لە دەستەکانمان داماڵین.