لە بینینی (ئێکسۆدوس)دا بە خۆمم وت، دەرهێنانی شانۆیی بەر لەوەی ناوەڕۆک بێت، فۆرمە. بەر لەوەی دایەلۆگ بێت، جەستەیە. ئێکسەدەس زیاتر شوێن و فەزایە. دەستخۆشی لە دەرهێنەر و هەموو ستافەکە دەکەم لە بەرهەمهێنانی فۆرم. زۆرجار نیگەرانی دامدەگرێت شانۆیەک دەبینم هەست ئەکەم لە ماڵی دراوسێکەمم، کۆمەڵێک خەڵک قسە دەکەن پەیوەندی بە منەوە نییە و زۆر بەشەرییانەیە، حەز ئەکەم بۆ تاوێک هونەر بمبات بەرەو دونیای نابەشەری. بۆ ساتێک هەستم کرد من لە ناو ڕاومێکی نابەشەریدام، ئەوەی زیاتر چێژ بە مێشکم دەبەخشێت فۆرمە، بە مانای ڕەهای وشەکە، ئەو جۆرە لە بەرهەمهێنانی سپەیس، وا دەکات بەندە دانوستان لەگەڵ خۆمدا بکەم، گوتاری شانۆکە زۆر نەکوتمەوە. کاری ئەم هونەرمەند (ڕاڤیار نەوزاد) هەمیشە دڵخۆشمان دەکات بۆ چۆنێتیی ڕۆنانی سپەیس، گرنگی ئەمەش لەوەدایە لە ناو بواری گشتی و تایبەتمانەوە تا دەگاتە نووسین و باقی هونەرەکان کێشەی جەوهەری ئێمە گرێدراوە بە هەژاریمانەوە لە سپەیسناسی، ئەوەی لەم کارەدا سەرنج دەبات بەرهەمهێنانی سپەیسە. جۆرێک لە سپەیس کە بتوانێت ڕێگایەک بۆ دەربازبوونی بینەر لە دۆخی پاسیڤبوون بکاتەوە. پرسی چارەسەرکردنی پاسیڤی و ناچالاکبوونی بینەر پرسێکە هونەر لە ماوەی سەدەیەکدا خۆ خەریککردنی هزری هەبووە پێوەی. بۆ شانۆ لە بیستەکانی سەدەی رابردوودا، ئەم بابەتە دێتە ناو بەهەمهێنانی شانۆیەکی هەمووەکی(توتاڵ) کە لە هەماهەنگی نیوان نێوان ڤاڵتەر گروپیۆس و ئێروین پیسکاتۆر سەری هەڵدا، ئارمانجیان ئەوە بوو کە چەمکێک بۆ شانۆیەک پەرە پێ بدەن کە لە شێوازی نەریتی و جێگیری شانۆی سەکۆیی تێپەڕێت، تەلارێک دروست بکەن کە هەموو شێوازەکانی پێشووی سەکۆی شانۆ لەخۆ بگرێت: شانۆی قووڵ، شانۆی پڕۆسینیۆم و شانۆی ناوەندی. پێشنیاری گروپیۆس بۆ جێبەجێکردنی ئەم کارە، پانێلێکی جووڵاو و سووڕاوەی بەشی بینەران بوو، پانێلێک کە لە ماوەی شانۆکردندا دەگوازرایەوە بۆ دروستکردنی ئەو دۆخە جیاوازانەی شانۆ کە پێویست بوون. جگە لەوەی ئاستەکانی نواندن و شوێنی بینەران بجووڵێنرێن.
مەبەست لەم کارە ئەوە نەبوو کە بینەران لە زۆریی تەکنیکی شانۆدا ون ببن، بە پێچەوانەوە دەبوو بینەران بخرێنە ناو ڕووداوەکان. دانانی کاریگەری لەسەر بینەر، لە هەمان کاتدا ناچارکردنی بەوەی بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە بیر بکاتەوە، بیرۆکەی سەرەکیی پشت شانۆی هەمووەکییە. بەم شێوەیە شانۆی هەمووەکی لە جووڵانەوە ئاڤانگاردەکانی سەرەتای سەدەی بیستەمەوە سەری هەڵدا و بە شێوەیەکی بەرچاو لەژێڕ کاریگەریی ئێکسپرێشنیزمی ئەڵمانی و فوتووریزمی ئیتاڵی قوتابخانەی باوهاوسدا بووە، کە چەندین جۆری هونەرییان لە دەربڕینێکی هونەریی یەکگرتوودا تێکەڵ دەکرد، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر شانۆی هەمووەکی هەبوو. ئەم جووڵانەوانە دەیانویست ئەزموونێکی شانۆیی زیاتر ڕاکێشەر و فرەهەست دروست بکەن. ئەم شێوازەی شانۆ گرنگی بە یەکخستنی تەواوی توخمەکانی شانۆ دەدات (جووڵە، دەنگ، ڕووناکی و پەیوەندییە شوێنییەکان… هتد) بۆ دروستکردنی ئەزموونێکی بەهێز و ڕاکێشەر بۆ بینەران.

شانۆی هەمووەکی بە تێکەڵکردنی چەندین جۆری هونەر ناسراوە، ئامانج لەم تێکەڵکردنە ئەوەیە ئەزموونێکی یەکپارچە و ڕاکێشەر دروست بکرێت کە هەستی بینەران بەتەواوی بەشداری پێ بکات و سنووری نێوان ئەکتەر و بینەر بشکێنێت. بەشداریپێکردنی بینەران کە دەتوانێت کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بینەران هەبێت، وا دەکات شانۆکە لە سەیرکردن تێپەڕێت و بینەر ببێتە بەشێک لە پرۆسەکە. ئامانج ئەوەیە بینەران لە سەیرکەرانی ناچالاکەوە بگۆڕدرێن بۆ بەشداربووی چالاک، لەم کارە شانۆیییەدا ئەمە بە ڕێگەی شانۆیکردنێکی سپەیس دروست کراوە، جیاوازە لە فۆرمە دووبارانەی شانۆی ئەمڕۆی کوردستان لەبەر ئەوەی ئەم کارە دەستەبەربوونی ئەکتیڤکردنی بینەری بەستۆتەوە بە ڕۆنانی خودی سپەیسەکەوە، وەک دەبینین شوێنی نمایشەکە تا ناو ناوچەی بینەران فراوان بووە، بگرە هەست بە تێکهەڵکێشبوونی خۆت وەک بینەر و لەگەڵ سپەیسی شانۆکەدا دەکەیت. هەروەها بەکاربردنی شێوازی بەکارهێنانی شێوازی سپەیسی شانۆیی گەشتپێکراو لەناو فەزاکەدا بەشێوەی ئاسۆیی و ستوونی. ئەم ئاستەی بەشداریپێکردن یارمەتیی لابردنی سنووری نێوان ئەکتەر و بینەر دەدات و کەشێکی هاوبەش دەخوڵقێنێت.
ئەگەرچی ناوەڕۆکی دەقی شانۆکە سادە و بەرهەستە و بابەتێکی گشتی و ڕۆژانەیییە، بەڵام دەرهێنەر پێکهاتەی پارچەپارچە یان ڕووداو بە ڕووداو بەکار دەهێنێت. دیمەنەکان بەشێوەیەکی لە ناکاو دەگۆڕدرێن ئەم پێکهاتە ناهێڵییە بینەران هان دەدات بە قووڵتر مامەڵە لەگەڵ ناوەڕۆکەکە بکەن و مانا لە نیشانە هەستی و هێمایییە پێشکەشکراوەکان کۆ بکەنەوە، جا ئەم ماناسازییە لە هەر توخمێکەوە بێت، ئەو توخمە جەستەی ئەکتەرەکان بێت یان ڕووناکی یان دەنگ یان میوزێک، یان دەنگی سروشتی یان تۆمارکراو یان دەنگی پاشخان.
لەم کارەدا زمانی شانۆکە لە گوتاری دایکەوە نزیکە یاخود بە مانایاک سەرخستنی گوتاری دایکە بە سەر گوتاری باوکدا بە زمانی “جولیا کریستیڤا” واتە سەرکەوتن بەسەر زمانی هێمایی و لۆژیکی گوتاری باوک. چونکە کۆتا دیمەنی شانۆکە دێتە ناو زمانی نیشانەیی و شیعر و گۆرانییەوە، کۆتایی هاتن بە شیعر و گۆرانی جۆرێکە لە هاتنە دەرەوە لە زمانی باوک. هەڵبەت لە ڕێوڕەسمە ئایینییە سەرەتایییەکانەوە تا کرداری نمایشکردنی ئەمڕۆ، ئامانجێکی بەردەوام هەیە کە ئەویش پێویستیی مرۆڤە بە ئەکتکردن، وەڵامدانەوە و دووبارەکردنەوەی هەست و وەڵامەکانی بەرامبەر ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژین. شانۆ، لە ڕابردووشدا و هاوبەشکردنی کات و شوێنێکە کە تەواوی بوونی مرۆڤ بەشداری تێدا بکات.
سەرباری (ئەڤ-ڕایەڵی) ئەم کارە، ئەوەی ئەم شانۆیییە پێ هەڵدەستێت دووبارە بە ئێستەتیککردنی کوردبوونە لە بری داماڵینی ئێستەتیکی، کوردبوون وەک شوناسێکی سەپێنراو لە سەرەوە بۆ خوارەوە، وەک مەکیاژێک بۆ باوکسالارییەکی سیاسیی دڵڕەقانە لە کۆمەڵگای ئێمەدا. ئەم بەرائەتکردنی زمانە لە ئەنتاگۆنیزم وەک ئەوەی ئەم زمانە لە دەرەوەی پەیوندییەکانی هێزەوە بێت و پەیوەندییەکانی سەردار و کۆیلە، چەوساوەو چەوسێنەر، ستەملێکراو ستەمکار لەخۆی نەگرێت. جوانسازیکردنی زمانێک کە شوێنی نیشتە جێبوونی پاتریارکییە، کیچبوون لە ڕێی گۆرانی و دەقێکی کیچەوە. خستنەڕووی سێکسواڵتی لە ناو درامایەکی کۆمەڵایەتی کیچەوە، گرفتگەلێکی زۆرن کە دەبێت دانوسانی لە بارەوە بکرێت. هەڵبەت پاتریارکی کۆمەڵگەی کوردی بەرلەوەی کولتووری و سیاسی بێت، دامەزراوەیەکی زمانەوانییە، هەروەک چۆن لەم شانۆیەدا دەنگێكی تۆمارکراومان هەیە لە ماسکێکەوە یان لە ڕوخسارێکی ناجۆرەوە لە بڵندییەوە فرمان دەکات بە خوێنندەوەی شیعرێک بە وتنی گۆرانییەک، فرمانکردن لە سەرەوە بۆ خوارەوە دڵی پاتریاکی کوردییە، زمان لێرەدا ئامرازی سەپێنراوی شوناسکردنە. ئەم لە سەرەوە بۆ خوارەوە ئاڕاستەکردنی زمانی فەرمانی، ناکۆک دێتەوە لە گەڵ ئازادی مرۆڤ، دووبارە بەربوونەوەی ئێمەیە بۆ تەڵەی فاشیزمی کوردی. جگە لەوەی گوتاری ئەم شانۆیە دژ بە هەموو تیولۆجیای ئاینی ئیبراهیمیە کە لەسەر خۆشەویستی مرۆڤ بۆ ئەوی تر بنیاتنراوە. وانەیەک کە داوای خۆشەویستیمان لێ دەکات بەرامبەر بە ئەوەی تر و بێگانە. ئەم شانۆیە لە بری ئەوە پاڵمان پێوە دەنێت بۆ ناو ناسنامەیەکی داخراو و لە سەرەوە سەپێنراو کە منداڵانی لە دایکبوونی هەموو جۆرە ستەمکارییەکە.
