ئه‌وم بۆ لای ڕووباره‌كه برد
به‌و خه‌یاڵه‌ی هێشتا كچه
كه‌چی مێردی هه‌بوو.
شه‌وی سه‌ن ـ ژاك بوو
ئەو جێژوانەشی وا ڕێكهوتبووین له‌سه‌ری
هه‌ركه ڕووناكییه‌كان كوژانه‌وه،
سیڕسیڕهكان ده‌ستیان كرد به سیڕهسیڕ.
له سووڕانه‌وه له سووچی دواكۆڵانهكاندا
ده‌ستم بەسەر مه‌مكه خهوتووهكانیدا خزاند
یه‌كسه‌ر گوڵیان کرد بۆم،
مینا چڵی گوڵهنێرگزان.
په‌ڕه‌كانی ته‌نووره‌كه‌ی له‌نێو گوێم‌دا
خشه‌خشی بوو
شامانێ پارچههاورشمێك یەکڕا
به دوانزه چه‌قۆ له‌توپه‌ت كه‌ی.
نوكی چڵەدارهكان بێ هیچ ڕووناكییه‌ك
تا ده‌هات بەنێو ڕێگەدا ده‌كشان
له ئاسۆشهوه سهگهكهكان
دوور له ڕووباره‌كه ده‌وه‌ڕین
له‌ولای تۆڕكه كێوییه‌كان
له‌ودیو دڕك و داڵه‌كان
لای پرچی پهخشانكراوی
چاڵێكم له‌سه‌ر خاكی لای ڕووباره‌كه هه‌ڵكه‌ند
كاتێ بۆینباخهكهم کردەوە
ئه‌و ته‌نووره‌كه‌ی داكه‌ند
من نیتاق و ده‌مانچه‌كه‌م دانا،
ئه‌ویش بەنی پشته‌وه‌ی جله‌كانی ترازاند
نه بۆنی گۆڵهسۆتهك و گوێچکه‌ماسیی
ناسكییه‌كی وایان هه‌بووه
نه كریستاڵیش ئاوابریسکانەوە و شەنگییەک.
ڕانه‌كانی له ده‌ستمدا دهخلیسكان
وه‌ك چۆن ماسییه‌ك كه‌وتبێته دا‌و
نیوه‌ی بڵێسه‌ی سەندبوو
نیوه‌كه‌ی تریشی سارد.
ئه‌و شه‌وه‌م به سواری ماینێكی جوان
بێ هیچ ئاوزه‌نگی و ههوسارێك
پێوا
من پیاوم نامه‌وێ بڵێم
ئه‌و شه‌وه چی به گوێم‌دا ده‌چرپاند
چرای ئاوەز
وشه‌كان په‌رده‌پۆش دەکەن.
نوقمی ماچ و لم، ئه‌وم بۆ دیوی ڕووباره‌كه گه‌وزاند
له‌و ده‌مه‌ی وا شمشێری لاولاو دژی با دەجەنگان.
هه‌روه‌ك قه‌ره‌جێكی ڕاسته‌قینه كه وام
ئه‌وه‌م كرد وا ده‌بوو بیكه‌م
سه‌به‌ته‌یه‌كی حه‌سیری چنراوم
به دیاری پێ دا
نه‌مده‌ویست ئەڤینداری بم
چونكه وتبووی كچه،
كه‌چی مێردی هه‌بوو
ئهودهمەی هێنام بۆ لای ڕووباره‌كه.
[1]تێبینی : ئه‌م وه‌رگێڕانه‌م له چه‌ند وه‌رگێڕانێكی جیاوازی فره‌نسییه‌وه كردووه، زمانه‌كه‌ی له ئیسپانییه‌كه‌دا لاكێشییه، له دوو وه‌رگێڕانی فره‌نسیدا هه‌وڵدرابوو ئه‌و بینای زمانه شیعرییه بپارێزرێت ، له‌وانی تر كێشی حه‌وت بڕگه‌یی ڕه‌چاو كرابوو، له هه‌ندێكیان ناونیشانه‌كه‌ی “بووكی بێ وه‌فا” بوو له‌وانی تریش “ژنی بێ وه‌فا” كه من ئه‌مه‌ی دووه‌مم هه‌ڵبژارد، سه‌باره‌ت به بینای شیعرییهكهش هه‌وڵمداوه به شێوه‌یه‌ك ئازاد دایڕێژمه‌وه و پابه‌ند نه‌بم به‌وه‌ی لۆركا وه‌ك فۆرم و ئه‌وانه‌شی كه له فره‌نسییه‌كه پێی پابه‌ند بوون.