بوونی (کەسانیتر) لە فەلسەفەی بوونخوازی سارتەردا

بوونی کەسانیتر دۆزەخە!

ژان پۆل سارتەر (١٩٠٥-١٩٨٠) فەیلەسوفی فەڕەنسی

ژان پۆل سارتەر (١٩٠٥-١٩٨٠) بە یەکێک لە گرنگترین بیریارانی سەدەی بیستەم هەژمار دەکرێت، کە لە پاش جەنگی جیهانی دووەمەوە، زۆرێک لە بزوتنەوە ئەدەبی و سیاسی و هونەرییەکانی ئەوروپا لە ژێر کاریگەری بیروباوەڕە و فەلسەفە بوونخوازییەکەیدا سەریان هەڵدا. سارتەر لە ساڵی (١٩٤٤)دا بە نووسینی کتێبی (بوون و نەبوون [١]) تێروانێکی نوێی لە هەمبەر فەلسەفەی بوونخوازیدا خستەڕوو و کۆمەلێک چەمک و دەستەواژەی نوێی لەم بوارەدا بەکارهێنا. بەشێوەیەکی گشتی سارتەر لە کتێبی (بوون و نەبوون)دا سەرەتا (بوون) دابەشی دوو لقی بوون-بۆ-خۆ (L’étre-pour-soi) و بوون-لەناو-خۆدا (L’étre-en-soi) دەکات و پاشان لە بوون-لەناو-خۆدا بەشێکیتر بەناوی بوون-بۆ-کەسانیتر(L’existenced’autrui) دەست نیشان دەکات. سارتەر دەڵێت، هەموو ئەو شتانەی کە خاڵین لە ئاگایی، وەکو کەلوپەل و تەنانەت جەستەی مرۆڤیش بە بوون-لەناو-خۆدا هەژمار دەکرێن. لە بوون-لەناو-خۆدا، بوون و چییەتی (ماهییەت) مرۆڤ لەگەڵ یەکدا هاوتان، بەڵام لە بوون-بۆ-خۆ، بوون دەکەوێتە پێش چییەتییەوە. بەو واتایەی کە هیچ جەوهەرێکی پێشوەختە بوونی مرۆڤی داگیر نەکردووە و مرۆڤ لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانییەوە، خۆی دروست دەکات[٢]. «واتا مرۆڤەکان پێش ئەوەی کە هەڵەکەر یان مەسیحییەکی باوەڕدار، ترسنۆک، زیرەک، پارێزگار یان سۆسیالیست بن، بوونیان هەیە[٣]». بوون-بۆ-خۆ بە پێچەوانەی بوون-لەناو-خۆدا، لێوانلێو نییە و پێویستە مرۆڤ خۆی پڕی بکاتەوە.

سارتەر بەشی سێیەمی کتێبی (بوون و نەبوون)ــی تایبەت بە بوون-بۆ-کەسانیتردا تەرخان کردووە. بوون-بۆ-کەسانیتر لە فەلسەفەی سارتەردا پێگەیەکی گرنگی هەیە و ڕەنگە هەر ئەم بابەتەش بێت، کە سارتەر لە فەیلەسوفە بوونخوازەکانیتر جیا دەکاتەوە. سارتەر دەڵێت مرۆڤ بە تەنیا لەم جیهانەدا ناژی و من لە جیهانێکدا دەژیم کە کەسانیی تریش وەک من درێژە بە ژیان دەدەن.لە ڕوانگەی سارتەرەوە ئەم وتەیەی دیکارت، «من بیر دەکەمەوە، کەواتە من هەم» بۆ زەینی تاکەکەسی دەگرێتەوە. بەو واتایەی کە مرۆڤ تەنیا لە تاکێتی خۆیدا، خۆی دەدۆزێتەوە و سەلماندنی ڕاستێتی کەسانیتر مەحاڵ دەکات. سارتەر دەڵێت بوونخوازەکانیش لە ڕێگەی «من بیر دەکەمەوە» خۆیان دەدۆزنەوە بەڵام لەبەرانبەر کەسانیتردا. کەسانیتر مەرجی بوونی منن. هەر بۆیە مرۆڤ لە «من بیر دەکەمەوە، کەواتە من هەم» نەک تەنیا خۆی بەڵکوو کەسانیتریش دەدۆزێتەوە[٤]. بە بڕوای سارتەر کاتێک مرۆڤ لە نیگای ئەویتردا دەردەکەوێت، تاکێتی خۆی لەدەست دەدات، لەبەرئەوەی ئەویتر وەک کۆیلە یان کاڵایەک بریاری لەسەر دەدات.

نیگای کەسیتر ئازادی من سنووردار دەکات و بەزاڵبوونی بەسەر مندا، من وەک کاڵا یان کۆیلەیەک بەکاردەهێنێت. کاتێک ئەویتر لە من دەڕوانێت خۆی دەکاتە سووبێکت (subject) من دەکاتە ئۆبێکتی(object) خۆی

سارتەر پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان بەجۆرێک لە دوژمنایەتی دەزانێت و بۆ وەسفی ئەم پەیوەندییەش سوود لە خوازەی (نیگا) وەردەگرێت. نیگای کەسیتر ئازادی من سنووردار دەکات و بەزاڵبوونی بەسەر مندا، من وەک کاڵا یان کۆیلەیەک بەکاردەهێنێت. کاتێک ئەویتر لە من دەڕوانێت خۆی دەکاتە سووبێکت (subject) من دەکاتە ئۆبێکتی(object) خۆی. ئەو لە گۆشەنیگایەکەوە لە من دەروانێت کە من ناتوانم بەو شێوەیە خۆم ببینم. نیگای ئەویتر جیهانی من دەدزێت و بۆ پلەی ئۆبێکتێک دامدەگرێت کەچی من وەک سووبێکتێک خاوەنی جیهانی خۆمم، بەڵام لەژێر کاریگەری نیگای ئەویتردا سووبێکتڤیزمی من لە دەست دەردەچێت و جیهانی من ڕوخسارێکی تازە دەگرێتە خۆی کە لە سەرووی تێگەیشتنی منەوەیە. ئەمە ڕوخسارێکە کە ئەویتر بە منی بەخشیوە و کردوویەتی بە بەشێک لە جیهانی خۆی[٥]. کاتێک دەبینم کە بەجۆرێکی تر لەڕوانگەی کەسانیترەوە وێنا دەکرێم شەرم دامدەگرێت. چەمکی شەرم[٦](La honte)لە تێروانینی سارتەر بە واتایی (ئاگایی لە خۆ)  یان جۆرێک لە خۆناسی بەکار دێت. بە دەربڕینێکیتر من لەشەرمدا ئاستی بوونی خۆم شەرمەزار دەبم و لایەنێکیتری بوونی خۆم دەناسم. من ئێستا شتێکی خراپم کرد یان پۆزێکی ناشرینم لێدا. ئەو کارە بە بوونی منەوە دەنووسێت، من بریاری لەسەر نادەم و تاوانباریشی ناکەم، بەڵکو لەگەڵیدا دەژیم و هەستی پێدەکەم. کتوپڕ سەر هەڵدەبرم کەسێک منی بینی. من هەست بە ناشیرینی پۆزلێدانەکەم دەکەم و شەرمەزار دەبم. شەرم کردنەکەم تێڕامانانە نییە چونکە بوونی ئەو کەسە لەناو ئاگایی مندا لە ئاکامی تێرامانەوە پەیدا نەبووە. من تەنیا ئاگام لە خۆمە و بوونی ئەویتریش دەبێتە ناوەندێک لەنێوان من و بوونی خۆمدا، من بەو شێوەیەی بۆ ئەو دەردەکەوم شەرمەزارم[٧].

سارتەر لە بەشی سێیەمی کتێبی (بوون و نەبوون)دا، بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی نیگای ئەویتر، کەسێک وەک نموونە دەهێنێتەوە کە لە کونی کلیلی دەرگایەکەوە، لە ژوورێک دەروانێت. ئەو کەسەی کە خەریکی ئەم کارەیە، ڕەنگە لەبەر کنجوکۆڵی یان سەردەرهێنان لە بابەتێک یان ئیرەییەوە خۆی بۆ کونی دەرگایەکە خوار کردۆتەوە. سارتەر بەم جۆرە باسی دۆخی ئەو کەسە دەکات، هەست بە هیچ شتێک ناکەم، لەم دۆخەدا نوقمی بینین و بیستنم و جگە لەم بابەتە ئاگام لە هیچی تر نییە و تەواوی هۆش و زەینم بۆ لای ئەم دیمەنە کێش کراوە. کتوپڕ گوێم لە چرپەی پێیەک دەبێت و لەپشتی من ڕادەوەستێت. لەم کاتەدا بەجۆرێک هەست بە بوونی خۆم دەکەم کە لەکاتی سەیرکردنی دیمەنەکەدا لێی بێئاگا بووم. واتا بەشێوەیەکی کتوپڕ ڕووبەڕووی خۆم دەبمەوە و گۆڕانێکی گەورە لە کەسایەتی مندا ڕوو دەدات. بوونی ئەویتر من بە ئاگا دێنێتەوە و لەو کاتەدا لە جیهانی نەبوونەوە بەخەبەر دێم، بەم شێوەیە بوونی ئەویتر من بە ئاگا دێنێتەوە. لەم دۆخەدا ئیتر من سووبێکت نیم بەڵکوو خۆم وەک ئۆبێکتێک دەبینم کە ئامادەم ئەویتر بیریارم لەسەر بدات[٨]… بە دەربڕینێکیتر تا پێش بوونی ئەویتر کەسەکە ئاگاداری ئەو ڕەفتارەی نەبوو، کە لە کونی کلیلی دەرگایەکەوە گوێ بۆ قسەکان قوڵاخ کردبوو، بەڵام دەرکەوتنی ئەویتر بووە هۆکارێک تا خۆی ببینێت و بەئاگا بێتەوە. هەر بۆیە ئەو بەهۆی نیگای ئەویترەوە هەستی بەم کارە ناشرینەی خۆی کرد. ئەو خۆی لە گۆشەنیگای چاوی کەسێکی ترەوە دەبینێت و هەر ئەمەش وای لێدەکات کە شەرم دایبگرێت.

تاکە پەیوەندییەک کە دەکرێت لەنێوان دوو مرۆڤدا هەبێت پەیوەندی نێوان سووبێکت و ئۆبێکتە، پەیوەندی نێوان دوو سووبێکت هەرگیز سەر ناگرێت.

من لەبەرانبەر نیگای کەسانیتردا بێ دەسەڵاتم و ناچارم بەرگە بگرم، لەبەر ئەوەی من ئەو شتەم کە نیگای ئەویتر بڕیارم لەسەر دەدات، نەک ئەو شتەی کە خۆم دروستم کردووە[٩]. بە وتەی سارتەر مرۆڤ بە شێوەیەکی ڕەها لە بەرانبەر نیگای کەسانیتردا بێ دەسەڵات نییە. ئەگەر ئەو بە نیگای خۆی من دەکات کۆیلە و کاڵا یان ئۆبێکت، منیش دەتوانم هەمان ڕەفتاری لە بەرانبەردا بکەم. هەر بۆیە تەنیا ڕێگەچارە بۆ ڕزگاربوون لەم ئۆبێکتیڤە، بە ئۆبێکت کردنی کەسی بەرانبەرمە. بە ئەنجامدانی ئەم کارە ئەویتر سووبێکتیڤی خۆی لە دەست دەدات و من دووبارە سووبێکتڤی خۆم وەردەگرمەوە. هەر بۆیە ئەم خولانەوەیە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت. من لە هەوڵدام ئەویتر بکەم بە ئۆبێکتی خۆم و ئەویتریش لە هەوڵدایە من بکات بە ئۆبێکتی خۆی. ڕێگەی سێیەمی نییە. تاکە پەیوەندییەک کە دەکرێت لەنێوان دوو مرۆڤدا هەبێت پەیوەندی نێوان سووبێکت و ئۆبێکتە، پەیوەندی نێوان دوو سووبێکت هەرگیز سەر ناگرێت. من لە پەیوەندیم لەگەڵ ئەویتردا و تەنیا دوو ڕێگەم لە پێشە: یان پێش ئەو بکەوم و وەک کاڵایەک لێی بڕوانم، یان ڕێگەی بدەم ئەو پێش من کەوێت و من بکات بە کاڵای خۆی. مرۆڤ ڕێگرە لەبەردەم ئازادی کەسانیتردا، وەک بڵێی ئازادی هەر تاکێک لەگەڵ ئازادی تاکێکیتردا لە ڕکابەریدان. ڕێزلێنان لە ئازادی کەسانیردا قسەیەکی بێ مانایە، بەو هۆیەی کە تەنانەت ئەگەر مەبەستیشمان ڕێزلێنان لە ئازادی ئەویتر بێت، ئەوەی لە کرداردا ئەنجامی دەدەین، پێچەوانەی بیر کردنەوەمانە[١٠].

ئەم جۆرە تێڕاونینە نەرێنییەی سارتەر بۆ بوونی کەسانیتر، کە وەک جەهەنەمێک وەسفیان دەکات، بە پلەی یەکەم لە شانۆنامەی (No Exit[١١])دا ڕنگی داوەتەوە. ئەم شانۆنامەیە لە سێ کارەکتەری سەرەکی بە ناوەکانی گارسۆن (Garsen) و ئینز (Ienz) وئێستێل (Estel) پێک دێت، کە ژیانیان کۆتایی پێ هاتووە و لە ژوورێکدا کە لە جەهەنەم دەچێت، ڕووبەرووی یەک بوونەتەوە و ناچارن بەرگەی یەکتری بگرن. دەرگای ئەو ژوورە بۆ هەمیشە داخراوە و چرایەکەی هیچ کات ناکوژێتەوە و بەردەوام ڕووناکە و بەم هۆیەوە بۆ ساتێکیش ناتوانن چاو دابخەن و بنوون. بابەتی سەرەکی ئەم شانۆنامەیە بریتییە لە (نیگا) هەمان ئەو نیگایەی کە سارتەر دەڵێت، هەر تاکێک لەبەرانبەریدا بێ دەسەڵاتە و شەرم دایدەگرێت. سارتەر بە چەندین شێوە لەم شانۆنامەیەدا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بابەتی نیگای کەسانیتری گەڵاڵە کردووە. لێرەدا ڕووناکی بۆ مەبەستی بینینی یەکتری بە کارهێناوە، ئەگینا پێویست بوو جەهەنم تاریک بێت. ئەو سێ کارەکتەرە بە شێوەیەکی بەردەوام لە یەکتر دەروانن و بڕیار لەسەر یەکتری دەدەن. هەروەها ئەم دۆزەخە ئاوێنەی نییە، کە بتوانن تیدا ڕوخساری خۆیان ببینن، کەواتە ناچارن وەک ئاوێنەیەک بۆ یەکتری دەرکەون. ئەوان لە ڕێگەی وەسفکردنی یەکتردا هەست بە بوونی خۆیان دەکەن. من لە نیگای کەسانیتردا خۆم دەبینم و کەسایەتی خۆم دەناسم، ئەویتر وەک ئاوێنەیەک شوناسم پێدەدات.. کەسانیتر لە ڕێگەی کردار و بیرکردنەوە تایبەتەکانی خۆیان لێم دەروانن و بریارم لەسەر دەدەن. وەک بڵێی دۆزەخی مرۆڤەکان بریتییە لە نیگای کەسانیتر. ئەو جەهەنمە بە هیچ شێوەیەک لەو جەهەنمە ناچێت کە پێش مەرگ مرۆڤە باوڕدارەکان، لە زەینیاندا وێنایای دەکەن، هیچ جۆرە کەرەستەیەکی ئەشکەنجەدانی نییە تەنیا سێ کەسن، کە لە ڕێگەی نیگاوە خەریکی ئەشکەنجەدانی یەکترن. ئەوان ئامادەن بەرگەی هەر جۆرە ئەشکەنجەیەکی جەستەیی بگرن تەنیا لەپێناوی ڕزگاربوونیان لە نیگای یەکتر. هەر بۆیە لە کۆتاییدا، گارسۆنەکە هەست بەم دۆخە دەکات و دەڵێت، بوونی کەسانیتر دۆزەخە! دۆزەخێک کە ئەشکەنجەی جەستەیی نییە و تەنیا زەینییە و هەر وەک لە ناوی شانۆنامەکەدا دەردەکەوێت، ڕێگەی دەرچوونی داخراوە.

لە کۆتایی ئەم باسەدا پێویستە سەرنجی ئەوە بدەین، کە سارتەر لە دوو گۆشەنیگاوە لە بوونی کەسانیتر لە ژیانی هەر تاکێکدا دەروانێت. لەلایەک سارتەر بوونی خۆی بە مەرجی بوونی ئەویتر دەزانێت. واتا من ناتوانم، ترسنۆک، چاوچنۆک، ئازا یان ڕەزیل بم، تا ئەویتر بڕیارم لەسەر نەدات. من بەهۆی ئەویتردا هەست بە کردەوە ناشیرینەکانی خۆم دەکەم و لە ئەنجامدا شەرم دامدەگرێت. هەروەک وتمان ئەو شەرمەش جۆرێکە لە خۆناسی کە بە بێ بوونی ئەویتر ئەم خۆناسییە دروست نابێت. من ناتوانم هیچ شتێک لەبارەی خۆمدا بزانم ئەگەر ئەویتر نەبێت. ئەویتر لە من جیا نابێتەوە و بوونی بۆ ناسینی خۆم گرنگە و پێویستە هەبێت. هەر بۆیە من بۆ بوونی خۆم پێویستیم بە بوونی ئەویترە و ئەویتریش ئەم بوونەم لە بەرانبەر وەرگرتنی ئازادییەکەمدا، پێ دەدات.

بەڵام لەلایەکی تر بوونی ئەویتر وەک بەربەستێک لە بەردەم ئازادی خۆیدا دەبینێت و دەڵێت، ئازادی من بە ئازادی ئەویتردا گرێدراوە و بەردەوام ڕکابەری یەکتری دەکەن. بوونی ئەویتر واتا سنورداربوونی ئازادی من. ئازادی من چیتر بێ سنوور نییە، چونکە من لەگەڵ کەسانیتردا دەژیم و پێویستە ئازادی ئەوانیش لەبەر چاو بگرم. من لە هەوڵدام ئەویتر بکەم بە ئۆبێکتی خۆم و ئەویتریش لە هەوڵدایە من بکات بە ئۆبێکتی خۆی. پەیوندی نێوان مرۆڤەکان بریتییە لە سووبێکتت و ئۆبێکت. هەر بۆیە ئەم پەیوەندی جگە لە شەڕ و دوژمنایەتی هیچیتر نییە. لەم شەڕەدا تەنیا ڕێککەوتنە کاتییەکان جێگەیان دەبێتەوە. واتا لە ڕوانگەی سارتەرەوە پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان لە لایەک بە گرنگ و مەرجی بوونی یەکتر دەزانێت و لەلایەکیتر بە دوژمن و دۆزەخی یەکتر وەسفیان دەکات. واتا سارتەر پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان لەلایەک بە گرنگ و مەرجی بوونی یەکتر دەزانێت و لە لایەکیتر بە دوژمنی یەکتر وەسفیان دەکات.

پەراوێزەکان:

[١] ئەم کتێبە بە زمانی فەڕەنسی بە ناوی (L’être et le néan) لەلایەن ژان پۆل سارتەرەوە بڵاو کراوەتەوە و بە زمانی ئینگلیزی بە ناو نیشانی (Being and Nothingness) بە زمانی کوردی (بوون و نەبوون) و بە زمانی فارسی (هستی و نیستی)، وەرگێردراوە.

[٢]دکترسیدمصطفی شهرآیینی، راضیه زینلی،وجود برای دیگری ازدیدگاه سارتر،ص١٠٨

[٣] تودی، فیلپ و رید، هاوارد، سارتەر، وەرگێڕانی فازڵ محمود وەلی، ص٣٢

[٤] عبداللهی، محمد علی، تقدم وجود بر ماهیت از دیدگاە سارتر و هایدگر،ص١٩٥-١٩٦.

[٥] علوی تبار، هدایت، نگاە مطلق خدا در فلسفەی سارتر و نقد آن، پژوهشگاە علوم انسانی و مطالعات فرهنگی، تهران، شمارە٢، پاییز و زمستان ١٣٨٢،ص٥٨

[٦] Jean-Paul Sartre, L’être et le néan, P.259

[٧] ژان پۆل، سارتەر، بوون و نەبوون، وەرگێرانی د. محەمد کەمال، ص١٤٣-١٤٤

[٨] علوی تبار، هدایت، نگاە مطلق خدا در فلسفەی سارتر و نقد آن، ص٥٩

[٩]بلاکهام،هجه، ششمتفکراگزیستانسیالیست،ص٨٣

[١٠]علوی تبار ص٦٠-٦١

[١١]sartre, Jean Paul, No Exit and Three Other Plays, Translate from the French by Lionel Albet.

لیستی سەرچاوەکان:

1- Sartre-Jean-Paul,L’être et le néan, Essai d’ontologie phénoménologique, ÉDITION CORRIGÉE AVEC INDEX PAR A RLETTE ELKAÏM-SARTRE, Éditions Gallimard, 1943.

٢- دکترسیدمصطفی شهرآیینی، راضیه زینلی،وجود برای دیگری از دیدگاه سارتر،نشریەی پژوهشهای فلسفی، دانشگاه تبریز، سال 5،پاییزوزمستان 90، شماره مسلسل 9.

٣- تودی، فیلپ و رید، هاوارد، سارتەر، وەرگێڕانی فازڵ محمود وەلی، سلێمانی، چاپی یەکەم، چاپەمەنی سایە،٢٠٠٩.

٤- عبداللهی، محمد علی، تقدم وجود بر ماهیت از دیدگاە سارتر و هایدگر، پژوهشگاە علوم انسانی و مطالعات فرهنگی، تهران، شمارە٢، پاییز و زمستان ١٣٨٢.

٥- علوی تبار، هدایت، نگاە مطلق خدا در فلسفەی سارتر و نقد آن، پژوهشگاە علوم انسانی و مطالعات فرهنگی، تهران، شمارە٢، پاییز و زمستان ١٣٨٢.

6- ژان پۆل، سارتەر، بوون و نەبوون، وەرگێرانی د. محەمد کەمال، سلێمانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ٢٠١١.

7- بلاکهام،هجه، ششمتفکراگزیستانسیالیست،ترجمەیمحسنحکیمی،تهران،نشرمرکز، ١٣٨٥.

8-sartre-Jean Paul, No Exit and Three Other Plays, Translate from the French by Lionel Albet.