ڕۆمانی کوردیی و مودێڕنیتە

لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆماننووس عەتا نەهایی

سازدانی: ڕزگار لوتفی

زۆر نین ئەو دیدارانەی لەچەند ساڵی ڕابوردوودا لەگەڵ قەڵەمە جیددییەکانی بواری داستانیی ئەدەبی کوردیدا ساز درابێتن و بە پشتبەستن بە تیۆرییەکان نا، بەڵکوو بە ئاوڕدانەوە لە ئەزموونە شەخسییەکانی ئەو نووسەرانە سەبارەت بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ژانڕی چیرۆك و ڕۆمان هاتبێتنە بەرباس و پەیامی ئەزموونکراویان دەستەبەر کردبێت؛ یان ئەگەر کرابێشتن زۆرتر لەسەر لێکدانەوەی بەرهەمەکانیان بووە و کەمتر پەڕژاونەتە سەر لایەنە جۆربەجۆرەکانی ئەم ژانرە ئەدەبییە.

من لەم دیمانەیەدا ویستوومە هەمدیسان ئەو هێڵە زەمەنییە دێرینەیە بنەخشێنمەوە کە ئەدەبی داستانیی ئێمەی پێیدا تێپەڕیوە و هەنووکە گەیشتووەتە ئەم قۆناغە. پاشان لەسەر مودێڕنیتە و دەرهاویشتەی ئەدەبیی مودێڕنیتە (ڕۆمان) لەنگەرم گرتووە و چەندین پرسیارم ئاڕاستەی ڕۆماننووس عەتا نەهایی کردووە.

(عەتا نەهایی)ی ڕۆماننووس

ڕزگار لوتفی: سەرەتا با لە چیرۆکەوە دەست پێ بکەین؛ هەموومان دەزانین کە وتار، دیرۆك، بیرەوەری، ژیاننامە و سەفەرنامە بە کەڵكوەرگرتن لە نواندنەوە و گێڕانەوەی ڕووداو، فەزاسازی و داڕشتنەوەی کەسیەتییە واقیعییەکان هەستی خوێنەر دەبزوێنن و بەو ڕێگایەدا مانایەك ڕادەگوێزن یاخود بەرەوڕووی پرسیارێکی دەکەنەوە، بەڵام چیرۆك بەجۆرێکی تر ئەمکارە دەکات و بە کەرەستە و پێداویستییە واقیعییەکان ناخوڵقێ و پەیڕەوی زمانی ئیرجاعیی زانست نییە، بەڵکوو سەرلەبەری چیرۆك دەرەنجامی خەیاڵی نووسەرە. خەیاڵە کە واقیعییەتی واقیعی بە واقیعییەتی داستانی دەکا و لە بەرهەمهێنانی چیرۆکدا دەوری باڵا دەگێڕێت. ئەم خەیاڵە تا ئەو پلەیە لە چیرۆکدا دەوری هەیە کە نیچە سەرلەبەری چیرۆك بە درۆ دەزانێت و هەر ئەم درۆیەشە کە هەستی خوێنەر دەبزوێنێ و دەبێتە هۆی چێژوەرگرتنی خوێنەر. ئەو چێژەی کە جیددیترین خوێنەرەکانیش بە دوایدا دەگەڕێن و لە دووی عەوداڵن.

بەم گوێرەیە ئەم پرسیارە لامان گەڵاڵە دەبێت کە ئەسڵەن بۆ خەیاڵکردن؟ لە ڕاستیدا ئێمە بە خەیاڵکردن لەم دنیا تاسەر ئێسقان واقیعییەدا دەمانهەوێ چی بڵێین؟ یان دەمانهەوێ چی بکەین؟

عەتا نەهایی: سەرەتا دەبێ بڵێم کە من پێموایە مەبەست لە نووسینی چیرۆک، وەک هەموو جۆرە داهێنانێکی دیکەی ئەدەبی و هونەری، تۆمارکردن و نواندنەوەی واقیع نییە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە داهێنانی واقیعێکی دیکەیە، واقیعێکی مەجازی کە وەک تۆ دەڵێیت نیچە پێی دەڵێ درۆ. من بۆ خۆشم ساڵانێک بەر لە ئێستا لە یەک دوو وتاردا بە درۆی سپی ناوم بردووە. هەرچەندە ئێستا لەگەڵ ئەو بۆچوونە نیم و لەو ناوبردنەش پەشیمانم. بۆچی؟ چونکا بەم عەقڵییەتە دووالیستییەی ئێمە درۆ لەبەرامبەر واقیع یان دژی واقیع نییە بەڵکوو لەبەرامبەر ڕاستی یان حەقیقەتە. بە بۆچوونی من چیرۆک وەک هەموو جۆرە داهێنانێکی ئەدەبی و هونەری تر دژی ڕاستی یان حەقیقەت نییە؛ بەڵکوو دەروویەکە یان مەجالێکە بۆ کەشف و دۆزینەوەی حەقیقەت. واقیع لەهەر سەردەمێکدا و لە چوارچێوەی هەر کولتوور و دنیابینییەکدا مانایەکی جیاوازی هەیە. دایکم دەیگوت بە چاوی خۆی جنۆکە، یان خێو یان شەخسی بینیوە. من دڵنیام دایکم درۆی نەکردووە و گومانم لەوە نییە کە ڕاستی کردووە و بینیویەتی. جنۆکە یان شەخس و خێو و… بەشێک لە واقیعی سەردەمی بەر لە مۆدێڕن و دنیابینی خەڵکی ئەو سەردەمە و بەشێک لە خەڵکی ئێستاشە کە هێشتا لەو کەشە فکری و فەرهەنگییە کۆن و نەریتییەدا دەژین. بەڵام لەم سەردەمەدا کە سەردەمی مۆدێڕنیتەیە و دنیا و بوون مانایەکی دیکەی وەرگرتووە، واقیع بەرهەست بووەتەوە. لەم سەردەمەدا ئیتر جنۆکە و خێو و هەموو ئەو بوونەوەرە نابەرهەستانە ناواقیعی و خەیاڵین.

لێرەوە ئەگەر بێمەوە سەر وەڵامی پرسیارەکەت، دەبێ بڵێم خەیاڵ ئەو وزە و توانا سەیر و سەمەرەیە کە مرۆڤ لە کۆنی کۆنەوە تا ئێستا وەک ئامێرێک (ئەڵبەت ئەگەر ئەم وشە شیاو بێت) بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ واقیعی بەرهەست سوودی لێوەرگرتووە. ئێوە دەزانن کە واقیع هەرگیز ئەو شتە نییە کە مرۆڤ بە ئاواتی خواستبێت، ئەو شتە کە لە ژێر سایە و پەنایدا حەوابێتەوە و وەڵامی پرسیارەکانی دابێتەوە. بۆیە لە کۆنەوە هەوڵی داوە بە سوودوەرگرتن لە وزەی خەیاڵ ڕوویەکی نابەرهەست و میتافیزیکیشی بداتێ. هەموو ئوستوورە و ئەفسانە کۆن و ئایینی و نائایینییەکان لەپێناوی ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو واقیعە بەرهەستە و کەشفی حەقیقەتێک لە دەرەوەی ئەو واقیعەدا هاتوون. ئێستا و لەم سەردەمە تازەدا کە بۆ یەکەم جار هەموو سێحر و ئەفسوونەکان لە دنیا سڕدراونەتەوە و وەک خۆت دەڵێی دنیا تا سەر ئێسقان واقیعی، واتە بەرهەست بووەتەوە، دیسان واقیع ئەو شتە نییە کە ئێمە بەئاواتی بخوازین. ئەم دنیا واقیعییە، یان بە واقیعی بووە، دیسان ئەو شوێنە نییە کە مرۆڤ تیایدا هەست بە حەوانەوە و ئاسوودەیی بکات. ڕاستە زانست توانیویەتی بەشێکی زۆر لە نهێنییەکانیمان بۆ ئاشکرا بکات، توانیویەتی پەردە لە بەشێکی زۆری نەدیوییەکانی هەڵبداتەوە و مەجالی ناسینیمان پێ ببەخشێت، ڕاستە توانیویەتی هەندێک لە لایەنەکانی ئەم واقیعە بگۆڕێت؛ بەڵام هێشتا گۆڕانی واقیع، گۆڕانی ئەم دنیا تاسەر ئێسقان واقیعییە، لە ئاستی خەون و خۆزگەی مرۆڤدا نییە. هێشتا ئەم دنیایە، ژیان لەنێو ئەم دنیایە، شتێکی زۆر گرینگی کەمە کە زانست پێی نابەخشێت. شتێک کە تەنیا خەیاڵ پێی دەبەخشێت. تەنیا خەیاڵی مرۆڤی داهێنەرە کە دەتوانێ پەیکەرەی ئەم واقیعە بەرهەستە بڕووخێنێت، ورد و خاشی بکات و بە جۆرێکیتر و فۆڕمێکیتر و شێوازێکیتری ئەڵبەت مەجازی و نابەرهەست، سەرلەنوێ بنیادی بنێتەوە. چیرۆکنووس ئەم کارە گرینگەی ڕووخاندنی واقیع و سەرلەنوێ بنیادنانەوەی، بە گێڕانەوەیەکی جیاواز لە گێڕانەوەی واقیعیانەی ژیانی مرۆڤ و ڕووداوەکانی نێو کۆمەڵگە دەکات.

ڕزگار لوتفی: ئەگەر توخمی خەیاڵ، ماکی سەرەکی بەرهەمهێنانی دەقی داستانییە، بۆچی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەسەر هەمان فۆڕمگەلی داستانیی ڕابوردووی خۆی وەکوو: ئەفسانە و ئۆستوورە، حیماسە، بەیت، حەقایەت و ڕۆمانسەکان نەمایەوە و لە پڕۆسەیەکی زەمانی دوورودرێژدا ئەو فۆڕمانە گۆڕانیان بەسەردا هات و چیرۆکی مۆدێڕن و ڕۆمانیان لێکەوتەوە؟ ئایا هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکاری لە شێوە ڕوانینی مرۆڤ یان ئێوە بە جۆرێکی تر لێکی دەدەنەوە؟

عەتا نەهایی: هەر سەردەمێك گێڕانەوەی داستانی تایبەت بە خۆی هەیە. گێڕانەوەیەک کە هەم لە لایەنی فۆڕمی و هەم لە لایەنی بابەتییەوە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە مەعریفە و فکری سەردەمەکە و جیهانبینی و جوانیناسی و حەز و خواستی خەڵکی سەردەمەکەوە هەیە. ئوستوورە و ئەفسانەکان و دواتریش، حەقایەت و بەیتەکان گێڕانەوەی داستانی قۆناغە جیاجیاکانی سەردەمی بەر لە مۆدێڕنیتەن. سەردەمێک کە مەعریفەی مرۆڤ و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ سروشت و واقیع جیاواز بووە لە ئێستا؛ فکر و ڕامانی مرۆڤ بۆ بوون (هستی) و بۆ ژیان (بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە)، وەک ئێستا و ئەم سەردەمە نەبووە؛ بە هۆکاری ڕووداوە سرووشتییەکانی نەزانیوە و بۆ فامکردنی ئەو ڕووداوانە دەستەوداوێنی هێزێکی بان سرووشتی و متافیزیکی بووە. سەردەمێک کە مرۆڤ خۆی لەنێو دنیایەکی سیحراوی و ئەفسووناویدا بینیوەتەوە؛ دنیایەک کە بە شەڕگەی دوو هێزی سەرەکی خێر و شەڕ، یان چاک و خراپی زانیوە؛ هەر ئەو دیدە دوالیستییەش بووە بە بنەمای قەزاوەت کردنی بۆ هەموو دیاردە و کەس و ڕووداوەکان. مرۆڤی ئەو سەردەمە خۆی لەوە بە لاوازتر زانیوە کە بتوانێ هیچ شتێک لە دنیای خۆی و دەوروبەری بگۆڕێت، بۆیە بەردەوام خەونی بە هێزێک، کەسێک یان کەسانێکەوە بینیوە کە لە خۆی بەتواناتر بن و هەوڵ بۆ گۆڕینی واقیعی ژیانی بدەن. ئوستوورە و ئەفسانەکان ڕەوایەتی مرۆڤی ئەو سەردەمانەن لەو دنیا پڕ لە سێحر و ئەفسوونەدا؛ حەقایەت و ڕۆمانس و بەیتەکان تەعبیر لە خواست و خولیای مرۆڤی ئەو سەردەمە دەکەن بۆ گەڕان لە شوێن پاڵەوانگەلێکی بەهێزتر لە خۆیان کە توانای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خراپە و شەڕی ئەو دنیایەیان ببێت کە خۆیان دەرەقەتی نەهاتوون.

ئەدەبیات، بەتایبەت ئەدەبیاتی داستانیی ئەم سەردەمە دەبێ تەعبیر لە واقیعی ئەم سەردەمە، لە مرۆڤی ئەم سەردەمە، لە خەم و داڵغە و پرس و کێشەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە، کە بێگومان لەگەڵ خەم و داڵغە و پرس و کێشەکانی مرۆڤی سەردەمانی پێشوو جیاوازە، بکات.

بەڵام لەم سەردەمەدا کە سەردەمی مۆدێڕنیتەیە، بە تایبەت لە دوای قۆناغی ڕۆشنگەرییەوە، مەعریفە و دنیابینی مرۆڤ تووشی گۆڕانێکی بنەڕەتی بووە؛ گۆڕانێکی بەردەوام لە هەموو بوارەکانی ژیان. لەم سەردەمەدا و بە هۆی پێشکەوتن لە بوارە جیاجیاکانی زانست، تا ڕادەیەکی زۆر سیحر و ئەفسوونەکان لە دنیا سڕدراونەتەوە؛ پێناسەی واقیع تووشی گۆڕان بووە؛ چاوەکان لە ئاسمانەوە بۆ زەوی شۆڕبوونەتەوە و هیوای جاران بە سەرهەڵدان و دەرکەوتنی پاڵەوانە بەهێز و ئەفسانەییەکان بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ لە چنگی دێوەزمە شەڕانخێوەکان و کۆتایی هێنان بە ستەمکاری و بنیادنانی دادپەروەی وەک هیوا و خواستێکی گەمژانەی لێهاتووە. کەواتە لە سەردەمێکی ئاوادا کە هەموو شتێک، هەر لە مەعریفە و دنیابینی و ئەخلاق و شێوازی ژیانی خەڵک و پەیوەندییەکانیان گۆڕاوە، بێگومان دەبێ جوانیناسی و هونەر و ئەدەبیاتیش بگۆڕێت. ئەدەبیات، بەتایبەت ئەدەبیاتی داستانیی ئەم سەردەمە دەبێ تەعبیر لە واقیعی ئەم سەردەمە، لە مرۆڤی ئەم سەردەمە، لە خەم و داڵغە و پرس و کێشەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە، کە بێگومان لەگەڵ خەم و داڵغە و پرس و کێشەکانی مرۆڤی سەردەمانی پێشوو جیاوازە، بکات. من لە چەند شوێنیتریش گوتوومە کە ڕۆمانی دۆن کیشۆت کە یەکەم ڕۆمانی ڕۆژاوایە زۆر بە جوانی ڕەوایەتی ئەو جیاوازییە دەکات. دۆن کیشۆت کە تا سەر ئێسقان لەنێو فەرهەنگ و بەها ئەخلاقییەکانی سەردەمی بەر لە مۆدێڕندا ژیاوە و زێهنی بە ئەفسانە و حەقایەتە کۆنەکان گۆش کراوە، کاتێک بڕیار دەدات دەست بە خەباتێکی ئینسانی لەپێناوی لەنێو بردنی ستەمکاری و دابینکردنی دادپەروەری بکات، لە ژێر کاریگەری ئەفسانە و حەقایەتە کۆنەکان خۆی وەک شوالییە و سوارچاکێکی پاڵەوان دەبینێتەوە کە سوار ئەسپێک دەبێت و لەگەڵ سانچۆی خزمەتکاری لە ماڵ دەچێتە دەر و بەناوی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دێو و درینج و هێزەکانی سەرچاوەی شەڕ و ستەمکاری، بە شمشێرە شکاوەکەیەوە، شەڕ لەگەڵ ئاشە باییەکان دەکات. بەڵام خەڵک نەوەک بە سوارچاک و پاڵەوانی نازانن بەڵکوو بە شێتیشی ناودێر دەکەن. شێتێک کە بە هۆی خوێندنەوەی زۆری ئەفسانە و حەقایەتە کۆنەکانەوە توانای ناسینی واقیعی سەردەمەکەی نییە و لە دنیای واقیعی دابڕاوە. چیرۆکی دۆن کیشۆت چیرۆکی کۆتایی هاتنی سەردەمی ئەفسانە و حەقایەتە؛ چیرۆکی سەرهەڵدانی جۆرێکی نوێی گێڕانەوەی داستانیی، واتە ڕۆمانە؛ چیرۆکی مەرگی پاڵەوان و سەرهەڵدانی کارەکتەر وەک تاکێکی سەرگەشتە و حەپەساو لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ واقیعی سەردەمێکی تازەیە. ئێمە لە گێڕانەوە داستانییە کۆن و نەریتییەکانماندا کارەکتەرمان نییە. مرۆڤی گشتی ئەفلاتوونیمان هەیە کە بەشێکە لە چاکە یان خراپەی ڕەها، خاوەنی فکر و داڵغە و پرس و کێشەی تاکەکەسی خۆی نییە، نوێنەرایەتی کۆمەڵێک بەهای ئەخلاقی فکرێک، ئایینێک، خێڵێک یان گرووپێکی گشتی دەکات. بەڵام چیرۆک و ڕۆمان ڕەوایەتی ژیان تاکەکانی ئەم سەردەمەیە؛ ڕەوایەتی پرس و کێشە جیاوازەکانیان، ترس و داڵغە و خەون و خۆزگە تاکەکەسییەکانیان لەنێو کۆمەڵگە و لە سەردەمێکدا کە لە کۆمەڵگە و سەردەمانی پێشوو جیاوازە.

blank
باڵندەکانی دەم با. ڕۆمانی عەتا نەهایی

ڕزگار لوتفی: هەروەك لە وەڵامی پرسیارەکەی پێشوو ئاماژەتان پێدا، خاڵی وەرچەرخانی ئەو فۆڕمە داستانییە دێرینانە بۆ چیرۆکی مودێڕن و ڕۆمان، گۆڕانکاری لە دنیابینی مرۆڤەکاندا بوو، بەجۆرێك کە ئەو گۆڕانکارییە بووە هۆی ئەوەی تاك پێگەی نوێی خۆی بدۆزێتەوە و بەرپرسیارییەتی بەرامبەر بە دیاردە و ڕووداوەکانی دەورووبەری خۆی لە ئەستۆ بگرێت؛ بە بڕوای ئێوە ئایا ئەم گۆڕانکارییە لە تاکی کوردیشدا ڕووی دا کە ئێمەش دەستمان دایە بەرهەمهێنانی چیرۆکی مودێڕن و ڕۆمان، یان ئێوە ئەم ڕەوتە وا نابینن و خوێندنەوەیەکی جیاوازتان بۆی هەیە؟

سەرهەڵدانی چیرۆك و ڕۆمانی کوردی لە ڕاستیدا مەودایەکی دووری هەیە لەگەڵ چیرۆك و ڕۆمان بە مانا تازە و سەردەمیانەکەی. چیرۆک و ڕۆمانی کوردی لە سەرەتادا چەشنێك لاساییکردنەوەی سادە و ساکاری چیرۆك و ڕۆمانی نەتەوەکانی ترە و مەودایەکی ئێجگار دووری لە چیرۆک و ڕۆمان بە ئێستانداردە ڕۆژاواییەکەی هەیە.

عەتا نەهایی: ئەوەی ڕاستی بێت کۆمەڵگەی کوردی لە هەر چوارپارچەی کوردستان لە پەراوێزی پەراوێزی ڕۆژاوادا بووە، کە ئاخێزگەی شارستانییەتی نوێ و شوێنی سەرهەڵدانی چیرۆک و ڕۆمان وەک دوو ژانری سەرەکی گێڕانەوەی داستانی ئەم سەردەمەیە. بەو مانایە کە ئەگەر نەتەوە دراوسێکانمان، بەتایبەت نەتەوە باڵادەستەکانی وەک فارس و تورک و عەرەب، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ڕۆژئاواوە بەرەوڕووی مۆدێڕنیتە بوونەتەوە و لەگەڵ فکر و فەلسەفە و فەرهەنگ و ئەدەبیاتی سەردەمەکە ئاشنا بوون، ئێمەی کورد درەنگتر لە ئەوان و لە ڕێگەی ئەوان و بەهۆی تێکەڵاوی لەگەڵ ئەوانەوە ئەو شتانەمان ناسیوە. ئێمە لەڕێگەی زمانەکانی ئەوانەوە لەگەڵ فکر و ئەندێشەی سەردەم و ئەدەبیاتی سەردەم، بەتایبەت چیرۆک و ڕۆمان ئاشنا بووین. ئەمە لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە لە بیرمان نەچێت کە زمانی کوردی بە درێژایی سەد ساڵی ڕابوردوو لە دۆخێکی زۆر خراپدا بووە و لە زۆربەی شوێن و پارچەکانی کوردستان مەجالی کارپێکردنی نەبووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تەمەنی چیرۆکی کوردی زۆر کەمتر لە چیرۆکی نەتەوەکانیتر نییە. بەڵام ئەزموونی چیرۆکنووسین و ئاستی چیرۆکی کوردی بە بەراورد لەگەڵ ئەزموون و ئاستی چیرۆکی ئەوان زۆر جیاوازە. ڕاستە جەمیل سائیب لە باشووری کوردستان “لەخەوما”ی تاڕادەیەک هاوکات لەگەڵ جەمالزادە لە ئێران (بێگومان چەند نووسەرێکی تریش لە عێراق و سووریە و تورکیە) نووسیوە، بەڵام وەک ئەوان نەیتوانیوە پێشەنگی ڕەوتێکی چیرۆکنووسیی بە مانا سەردەمیانەکەی بێت. دەمەوێ بڵێم سەرهەڵدانی چیرۆك و ڕۆمانی کوردی لە ڕاستیدا مەودایەکی دووری هەیە لەگەڵ چیرۆك و ڕۆمان بە مانا تازە و سەردەمیانەکەی. چیرۆک و ڕۆمانی کوردی لە سەرەتادا چەشنێك لاساییکردنەوەی سادە و ساکاری چیرۆك و ڕۆمانی نەتەوەکانی ترە و مەودایەکی ئێجگار دووری لە چیرۆک و ڕۆمان بە ئێستانداردە ڕۆژاواییەکەی هەیە. واتە مەودایەکی دووری لەو چیرۆک و ڕۆمانە هەیە کە زۆر وردبینانە و پاژڕوانانە پەردە لەسەر لایەنی دیار و نادیاری واقیعی کۆمەڵگەی کوردی هەڵبداتەوە و تەعبیر لە ژیان و خەم و کێشەی تاکەکانی کۆمەڵگە بکات؛ جیاواز لە پاڵەوانی حەقایەتەکان، کارەکتەر بەرهەم بێنێت. زۆربەمان لە خەومای جەمیل سائیب، دوانزە سوارەی پیرەمێرد، یان تەنانەت کوێرەوەری و ژانی گەلی براییم ئەحمەدمان خوێندۆتەوە؛ کۆمەڵەچیرۆکی پێکەنینی گەدای قزڵجی و ڕۆمانی پێشمەرگەی ڕەحیم قازیمان خوێندۆتەوە؛ بەشێک لەمانە دەسپێکی چیرۆک و ڕۆمانی کوردین و نووسەرەکانیان تا هەتایە شانازی پێشەنگییان پێدەبڕێت. بەڵام جگە لە یەک دوو نموونەی دەگمەن زۆربەیان هەڵگری کەمترین تایبەتمەندی چیرۆک و ڕۆمانی سەردەم نین و کارەکتەرێکیان بەرهەم نەهێناوە کە تەعبیر لە خەم و داڵغە و پرس و کێشەی سەردەمیانەی تاکی کورد بکات. ئەڵبەت ئەوەش ناشاردرێتەوە کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا مەجال بۆ سەرهەڵدانی تاک زۆر کەم بووە. کۆمەڵگەی کوردی تا ناوەڕاستەکانی سەدەی ڕابوردوو کۆمەڵگەیەکی داخراوی دواکەوتوو بووە لەنێو کەشێکی فەرهەنگی نەریتی و پێشامۆدێڕندا. ئەمە بە مانای غافڵ بوون و نەبینینی ئەو شەڕ و ململانێ قووڵ و قورسە نییە کە بە درێژایی هەموو ئەم ساڵانە لەنێوان نەریت و مۆدێڕنیتە، لەنێوان عەقڵی نەریتی و عەقڵی مۆدێڕن، فەرهەنگ و شێوەی ژیانی نەریتی و مۆدێڕن لە کۆمەڵگەی ئێمەشدا لەئارادا بووە و بەردەوامە. بەڵام واقیعێک هەیە کە ناتوانین حاشای لێ بکەین، ئەویش ئەوەیە کە چیرۆک و ڕۆمانی کوردی تا دەیەکانی حەفتا و هەشتا و تەنانەت نەوەدی زایینی سەدەی ڕابوردووش، بە دەگمەن نەبێت نەیتوانیوە پەردە لەم شەڕ و ململانێیە هەڵبداتەوە و قووڵایی و نەدیوییەکانی ئەم شەڕ و ململانێیە ڕەوایەت بکات. لە دەیەی نەوەدی زایینیەوەیە کە گۆڕانێکی جیددی لە کۆمەڵگەی کوردی، لە شێوەی ژیانی خەڵک و عەقڵییەتی بەشێک لە نوخبەی ئەم کۆمەڵگەیە، لە زۆربەی بەشەکانی کوردستان ڕوودەدا و لاپەڕەیەکی تازە لە ئەدەبیات بە گشتی و چیرۆک و ڕۆمانی کوردیش بە تایبەت هەڵدەدرێتەوە. لەو دەمەوەیە کە ژمارەی نووسەران و بەرهەمەکانیان ڕوو لە زیاد بوون دەکات و مەجالی چاپ و بڵاوکردنەوەیان فراوانتر دەبێت؛ بەشێک لە نووسەرانی کورد هەوڵ دەدەن خۆ لە پاشکۆیەتی سیاسەت و ئیدیۆلۆژی حیزبە سیاسییەکان دەرباز بکەن؛ هەوڵ دەدەن ئاستی مەعریفی خۆیان بەرز بکەنەوە و زیاتر ئەدەبی سەردەم بخوێننەوە و لەگەڵ ڕەخنە و تیۆرییەکانی ئەدەبدا ئاشنا ببن؛ هەوڵ دەدەن خۆ لە زەلکاوی عەقڵییەتی کۆن و نەریتی و کولتووری چەقبەستووی کۆمەڵگە بهێننە دەر. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ناتوانین بڵێین هەموو ئەو شتانەی کە بە ناوی چیرۆك و بەناوی ڕۆمانەوە دەنووسرێن لە ڕاستیدا چیرۆک و ڕۆمانی سەردەمەکەیانن.

ڕزگار لوتفی: وەك ئێوەش لە وەڵامی پرسیارەکەی پێشوودا ئاماژەتان پێدا، ڕۆمان وەك دەرکەوتەیەک، بەرهەمی گۆڕانکاری و نوێبوونەوەی دنیابینی مرۆڤی ڕۆژئاوایی (مودێڕنیتە) بوو کە تەنانەت بە مانیفێستی ئەدەبیی مودێڕنیتە هەژمار دەکرێ. تا مرۆڤی ڕۆژئاوایی لە ئاسمان و مێتافیزیك دانەبڕا و نەگەڕایەوە بۆ سەر زەوی و فکر و هزری نەبووە دیاریکەری ڕێڕەوی ژیانی و ئەفسانە، حەقایەت، حیماسە، بەیت و ڕۆمانسی دوا نەدا، ڕۆمان نەهاتە گۆڕێ. لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە بەرباس کە ئایا کۆمەڵگای کوردییش ناچارە بە هەمان ئاقاری ئەواندا ڕێ بکا یان ئێمە ڕێگایەکی تریشمان لەبەر دەمدایە؟

ئێمە ناتوانین ڕۆمان بنووسین لە کاتێکدا هێشتا ڕوانینمان بۆ مرۆڤ و ئەرک و مافەکانی مرۆڤ، بۆ کۆمەڵگە و سیستەمی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ڕوانینێکی کۆن و نەریتییە. ناتوانین ڕۆمان بنووسین لەکاتێکدا ئاگامان لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ڕۆمان و زەرفییەت و قابلییەتەکانی ئەم ژانڕە داستانییە نوێیە نییە و گرینگییەکی ئەوتۆ بە تیۆرییە ئەدەبییەکان نادەین.

عەتا نەهایی: من پێموایە هیچ ڕێگایەکی ترمان لەبەر دەمدا نییە. ئێمە، وەک کۆمەڵگە، بۆ ئەوەی بتوانین لە دنیای هاوچەرخدا جێگەیەک بۆ خۆمان بکەینەوە و لەم بندەستی و زەلالەتی دواکەوتووییە ڕزگارمان ببێت دەبێ بەشی زۆری ئەزموونی کۆمەڵگە ڕۆژاواییەکان دووبارە بکەینەوە؛ شێوەی ڕوانینمان بۆ دنیا و بوون بگۆڕین و بۆ پێشخستنی خۆمان لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، فکری و فەرهەنگیمان چاو لە ئاسمانەوە بۆ زەوی شۆڕ بکەینەوە و پشت بە تواناکانی خۆمان و تەجرەبەی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان ببەستین. وەک نووسەریش دەبێ لەو زەلکاوی عەقڵییەتە کۆن و نەریتییە خۆمان دەرباز بکەین و تاسەر ئێسقان مۆدێڕن، (یان واباشترە بڵێم هاوچەرخ) ببینەوە. گومانمان لەوە نەبێت کە بەعەقڵییەتی کۆنی سەردەمی ئەفسانە و حەقایەت و بەیتەکان، بەو فکر و فەرهەنگە نەریتییە، ڕۆمان نانووسرێت. ئێمە ناتوانین ڕۆمان بنووسین لەکاتێکدا هێشتا لە بازنەی فکری ئەفلاتوونیدا دەسووڕێینەوە. بنەماکانی فکر و فەلسەفەی هاوچەرخ، کە ئاخێزگەکەی ڕۆژاوایە، ناناسین. ئاگامان لە زانستە تازەکان، بەتایبەت زانستە ئینسانییەکان نییە. خاوەنی دیدێکی ڕەخنەگرانە بۆ هەموو شتێکی تەنانەت پیرۆزیش نین. ئێمە ناتوانین ڕۆمان بنووسین لە کاتێکدا هێشتا ڕوانینمان بۆ مرۆڤ و ئەرک و مافەکانی مرۆڤ، بۆ کۆمەڵگە و سیستەمی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ڕوانینێکی کۆن و نەریتییە. ناتوانین ڕۆمان بنووسین لەکاتێکدا ئاگامان لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ڕۆمان و زەرفییەت و قابلییەتەکانی ئەم ژانڕە داستانییە نوێیە نییە و گرینگییەکی ئەوتۆ بە تیۆرییە ئەدەبییەکان نادەین. ئەڵبەت بێگومان هیچ نووسەرێک دان بەم خەسار و ناتەواوییانەدا نانێت و هەموومان بانگەشەی مۆدێڕن بوون و عالم بوون و ڕۆشنبیر بوون دەکەین؛ کەواتە دەبێ لە خۆمان بپرسین، یان خەڵک و خوێنەری زیرەک لێمان بپرسێت هۆکاری زەعف و لاوازی زۆربەی ئەو بەرهەمەکانەمان چییە؟ بە شێوەیەکی گشتی تر، گرینگترین گرفت و خەسارەکانی چیرۆک و ڕۆمانی کوردی چییە؟ بۆچی ئێمە پاش هەشتا نەوەد ساڵ چیرۆکنووسی و پەنجا ساڵ ڕۆماننووسی، پێشینەیەکی جێی متمانەی چیرۆک و ڕۆمانی ڕیالیستیمان نییە؟ بۆچی زۆربەی بەرهەمە ڕیالیستییەکانمان گێڕانەوەی ڕووکەشیانەی واقیعن و نەیانتوانیوە بە دیدێکی وردبین و پاژڕوانانە پەردە لە ڕووە پەنهان و شاراوەکەی ژیانی شەخسی و کۆمەڵایەتیمان هەڵبدەنەوە؟ بۆچی پاش تێپەڕینی نزیکەی سەد ساڵ کە بە سەر چیرۆک و ڕۆمانی مۆدێڕندا تێدەپەڕێ، هێشتا نەمانتوانیوە چیرۆک و بە تایبەت ڕۆمانی زێهنی بنووسین؟ کاراکتەر دابهێنین و بە قووڵایی زهنییەتیدا ڕۆ بچین و پەردە لەسەر پرس و کێشە و داڵغەکانی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جەنجاڵی و ئاڵۆزی سەردەمەکەی هەڵبدەینەوە؟ بۆچی دیدی زاڵ لەنێو زۆربەی چیرۆک و ڕۆمانەکانە بە ناو مۆدێڕن و تازەکانیشماندا هێشتا دیدی زاڵ ئەو دیدە تەقلیدییە دوالیستییە خێر و شەڕەیە کە هەموو کەس و ڕووداوەکانی دنیای بەرهەمەکانمان بەسەر دوو لایەنی چاک و خراپی ڕەهادا دابەش دەکات؟ بۆ هێشتا لەسەر بونیادی ئەو دیدە خێر و شەڕییە قەتعی و ڕەهایە قەزاوەت دەکەین؟ بۆچی بۆنی چەقبەستووی سیاسی و ئیدیۆلۆژی لە زۆربەی چیرۆک و ڕۆمانەکانە کۆن و تازەکانمان لووتی خوێنەری وریا ئازار دەدات؟ بەشێکی زۆری نووسەرانی ئێمە کە لە پلە و پایەی ڕۆشنبیردا ڕەخنەگری جەریئی دەسەڵاتی زۆر و ڕەهای حاکمان و نەبوونی ئازادی و دێموکراسی و سەرکوتکردنی بیروڕای جیاواز و فرەدەنگی لە ناو کۆمەڵگەدان، لەنێو کۆمەڵگەی بچووکی داستانی چیرۆک و ڕۆمانەکانی خۆیاندا ئەو شتانە بەرهەم دەهێننەوە کە ڕەخنەی لێدەگرن. بەو مانایە کە خۆیان وەک نووسەر حاکمی ڕەهای دنیای بەرهەمە داستانییەکانی خۆیانن، دەوری چاک یان خراپ بەسەر پێرسوناژەکانیاندا دەبەشنەوە، هەموویان ناچار دەکەن بە زمانی خۆیان بدوێن، کەسایەتییەکان بە سەر دوو ئاراستەی چاک و خراپدا دابەش دەکەن و، لە زۆر حاڵەتدا تەنانەت هەڵبژاردنی ناو بۆ کەسایەتییەکانیشیان بە مەبەستی بەرجەستە کردنەوەی ئەو دەورە چاک یان خراپانەیە کە دەبێ بیگێڕن یان با بڵێم بەسەریاندا فەڕزی دەکەن کە بیگێڕن. بەردەوام قەزاوەتیان دەکەن و… لەم بابەتانە. بەشێکی زۆری نووسەرانی ئێمە هێشتا بە فۆڕم و مەنتقی حەقایەتەکان، بە زمان و شێوازی گێڕانەوەی حەقایەتەکان چیرۆک و بەتایبەت ڕۆمانەکانیان دەنووسن؛ لە کاتێکدا هەر لەو چیرۆک و ڕۆمانانەشدا باسی چەمکەکانی ئەم سەردەمە دەکەن. من ئەگەر ڕەخنە و گلەییەکم لە بەشێکی زۆری چیرۆک و ڕۆمانی کوردی ببێت، کە بێگومان هەمە، لەم دید و ڕوانگەوەیە.

بەشێکی زۆری نووسەرانی ئێمە هێشتا بە فۆڕم و مەنتقی حەقایەتەکان، بە زمان و شێوازی گێڕانەوەی حەقایەتەکان چیرۆک و بەتایبەت ڕۆمانەکانیان دەنووسن؛ لە کاتێکدا هەر لەو چیرۆک و ڕۆمانانەشدا باسی چەمکەکانی ئەم سەردەمە دەکەن. من ئەگەر ڕەخنە و گلەییەکم لە بەشێکی زۆری چیرۆک و ڕۆمانی کوردی ببێت، کە بێگومان هەمە، لەم دید و ڕوانگەوەیە.

بێگومان بەشێکی زۆر لە نووسەرەکانمان، هەر یەکە و بە ئاستێک خەڵکی خوێندەوارن، هەر یەکە و بە ئاستێک ئاگایان لە فکر و فەرهەنگی سەردەمەکەیە، بەشێک لە ئەدەبیاتی سەردەمەکەیان خوێندۆتەوە، لەلایەنی تیۆرییەوە هەژار نین، بەڵام ئەوەی کە ئەو خوێندەوارییەیان تا چەندە دەروونی کردۆتەوە، باوەڕیان بە چەمکە تازەکان تا چەندە ڕاستگۆیانەیە، ئایا توانیویانە لە فکر و فەرهەنگی نەریتی، جوانیناسی کۆن و بەها ئەخلاقییە تەقلیدییەکانی کۆمەڵگە تێپەڕ بن؟ ئەمانە نەک لە قسە و خوتبە و وتارەکانیاندا، بەڵکوو لە بەرهەمە داستانییەکانیاندا دەردەکەوێت؛ لە فۆڕم و ساختار و زمان و شێوازی گێڕانەوەی بەرهەمە داستانییەکانیاندا دەردەکەوێت. ئەگەر هەڵە نەبم جەیمز جۆیسە کە دەڵێ دید و دنیابینی نووسەر لە ڕێگەی فۆڕمی بەرهەمە داستانەکانییەوە ئاشکرا دەبێت. فۆڕم ئەو دەلاقەیە کە نووسەر لەوێوە سەیری دنیا و مرۆڤ و ژیان و بوونی مرۆڤ دەکات.

ئەگەر هەڵە نەبم جەیمز جۆیسە کە دەڵێ دید و دنیابینی نووسەر لە ڕێگەی فۆڕمی بەرهەمە داستانەکانییەوە ئاشکرا دەبێت. فۆڕم ئەو دەلاقەیە کە نووسەر لەوێوە سەیری دنیا و مرۆڤ و ژیان و بوونی مرۆڤ دەکات.

blank
یەکێک لە وەرگێڕانەکانی عەتا نەهایی

ڕزگار لوتفی: بە گوێرەی وەڵامەکەتان ئێوە بۆچوونتان وایە کە بەتەنها خوێندنەوە و ئاگاداربوون لە دنیای مودێڕن ناتوانێت ماکی سەرەکی بێت بۆ خوڵقاندنی دەقێکی مودێڕن و لە پەنا ئەوانەشدا نووسەرێکی بوێری گەرەکە کە خۆی ڕاپسکێنێ و زنجیرەکانی زێهنی بپسێنێت؛ ئێوە پێتان وایە ئەمجۆرە نووسەرانە چۆن پەروەردە دەبن و بۆ گەییشتن بەو ئاستە لە هوشیاری دەبێ چی بکرێ؟

عەتا نەهایی: ئەوە پرسیارێکی سەختە، هەرچەندە پێموایە پێشتر وەڵامم داوەتەوە. وتوومە کە نووسەر دەبێ بە تەواوی مانا ئەو عەقڵییەت و دنیابینی و فکر و فەرهەنگە کۆن و نەریتییە تێپەڕێنێ و تاکی وشیار و جەریئی سەردەمەکەی بێت. ئەڵبەت ئەمە، بە تایبەت لە کۆمەڵگەیەکی تا سەر ئێسقان نەریتیدا کارێکی ئاسان نییە؛ زۆریش دژوارە. هەنگاوی یەکەم، هەروا کە ئاماژەم پێکردووە، ناسینی سەردەمەکە و مەعریفە و فکر و فەرهەنگی سەردەمەکەیە؛ بەڵام لە بیرمان نەچێت کە نووسەری کورد هەرچەندە وشیار و ئاگا و خوێندەواریش بێت لەنێو ئەم کۆمەڵگەیەدا دەژی و بە زمانی ئەم کۆمەڵگەیە دەنووسێت. ئێمە کۆمەڵگەی خۆمان باش دەناسین، مێژوو، فەرهەنگ و زمانی خۆمان باش دەناسین، هەروەها ئەو کەش و فەزا سیاسی و کۆمەڵایەتی و فکری و فەرهەنگییەش باش دەناسین کە خۆمان و خەڵک و خوێنەرەکانمانی تێدا دەژین. نووسەری کورد تاکێکی ناو ئەم کۆمەڵگەیە کە هێشتا و لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکیشدا لە بەشێک لە سەرەتاییترین مافە ئینسانی و کۆمەڵایەتییەکانی بێبەشە. هێشتا و لە زۆر شوێنی کوردستان عەقڵییەتی خێل تیایدا عەقڵییەتی زاڵە، هێشتا سیستەمی بەهاکانی هی سەد و بگرە هەزار ساڵ لەوە پێشە، هێشتا پێناسێکی دروست و سەردەمیانەی لە ئازادی و دێموکراسی و ماف و بەرپرسیارییەتی نییە. نووسەری کوردیش وەک هەر تاکێکی دیکەی ئەم کۆمەڵگەیە بەو فکر و فەرهەنگە کۆن و تەقلیدییەی بەر لە سەردەمی مۆدێڕنیتە گۆش کراوە و لە ناو ئەو فەرهەنگە و بە بەها ئەخلاقییەکانیدا دەژی. بە زمانێک دەنووسێ کە هێشتا لە زۆربەی خاکی کوردستان جگە لە کارکردی ئاخاوتن هیچ کارکردێکی تری نییە. بۆ خوێنەرێک دەنووسێ کە لەگەڵ ئەوەدا کەمترین سەواد و خوێندەواری ئەدەبی هەیە، زۆرترین و ناڕەواترین خواستەکانیشی بەسەردا دەسەپێنێت. دەیەوی نووسەر (ئەڵبەت شاعیریش) لە ڕێگەی بەرهەمەکەیەوە فێری خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی بکات، فێری ئیدیۆلۆژی و سیاسەت و بەرخۆدانی سیاسی بکات، فێری زانست و فەلسەفەی بکات. فێری ئەخلاقی بکات. نووسەری کورد وەک هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە، هەرچەندە خوێندەواریش بێت زۆر بە سەختی دەتوانێ لەم باتڵاقە فکری و فەرهەنگییە زاڵە خۆی قوتار بکات، بە سەختی دەتوانێ لەم تەونی جاڵجاڵۆکەی بەها ئەخلاقیانە ڕزگار ببێت، بە دەگمەن دەتوانێ پشت لەم هەموو خواستە ڕەوا و زیاتر ناڕەوایانەی خەڵک و خوێنەرەکانی بکات. تازە ئێمە باسی نووسەری وشیار و خوێندەوار دەکەین کە نەوەک هەر سەردەمەکەی و فکر و فەرهەنگی سەردەمەکەی بناسێت، بەڵکوو ژانرەکە و توانا و قابلییەتەکانی ژانرەکەشی بناسێت. بە دڵنیاییەوە ژمارەی ئەو نووسەرانە زۆر نییە، زۆرینە ئەو کەسانەن کە سووکە بەهرەیەکی نووسین و گێڕانەوەی داستانییان هەیە و لە غیابی خوێندنەوە و خوێنەری جیدی و بەتایبەت ڕەخنە و ڕەخنەگری وشیاردا خەریکی کار و کاسبی خۆیانن.

کورتی بکەمەوە، دەروونی کردنی مەعریفە و کراژە فڕێدانی فەرهەنگی لەم جۆرە کۆمەڵگانەی وەک کۆمەڵگەی ئێمە و، بەو ساختارە سیاسی و زەمینە فکری و فەرهەنگییەوە کە باسم کرد کارێکی سەختە کە پشووی درێژ و لەخۆبوردووییەکی زۆری دەوێت.

ئەدەبیات بە گشتی و ڕۆمان بەتایبەتی، (نەوەك هەر لەلای ئێمەی کورد، بەڵکوو لە هەموو دونیا) دەورێکی زۆر جیددی لە نەتەوەسازیدا هەبووە. لە سەدەکانی هەژدە و نۆزدە و تەنانەت سەرەتای سەدەی بیستەمیش، لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژاوا ئەدەبیات دەورێکی زۆری لە گرنگیدانی خەڵک بە شوناسی نەتەوەیی و سەرهەڵدانی بیری نەتەوایەتی هەبووە

ڕزگار لوتفی: زۆربەی خاوەن ڕایانی بواری مودێڕنیتە پێیانوایە کە دەرکەوتەی سیاسی مودێڕنیتە، نەتەوەیە. وەك هەمووشمان دەیزانین نەتەوە پێکهاتەیەکی زێهنییە و داینەمۆی ئەم پێکهاتە زێهنییە (بە حوکمی فرە ڕەهەندبوونی) ڕۆمانە؛ واتە ئەندازیاری بێ ئەملاولای نەتەوە ڕۆمانە و بۆ ئەوەی نەتەوەیەك بیچم بگرێ، دەبێ بە خەیاڵی گشتیدا ــ کە هەمان ڕۆمانە ــ تێپەڕ ببێت. ئێستا ئەم پرسیارە دێتە گۆڕێ کە بۆ لە لای ئێمە مودێڕنیتە ئەم دەرهاویشتە سیاسییەی لێ نەکەوتۆتەوە؟ ئایا هۆکارەکەی نەبوون یان لاوازبوونی ئەندازیارەکە و ئەندێشەی مودێڕنە، یان ئێوە بەجۆرێکی تر ئەم پرسیارە دەخوێننەوە؟

عەتا نەهایی: ڕەنگە وەک بۆخۆت دەڵێی بۆچوونی من کەمێک جیاواز بێت؛ واتە وەک تۆ نەوێرم بە جەسارەتەوە ڕۆمان بە داینەمۆی نەتەوە یان پڕۆسەی نەتەوەسازی بزانم. بێگومان پێموایە ئەدەبیات بە گشتی و ڕۆمان بەتایبەتی، (نەوەك هەر لەلای ئێمەی کورد، بەڵکوو لە هەموو دونیا) دەورێکی زۆر جیددی لە نەتەوەسازیدا هەبووە. لە سەدەکانی هەژدە و نۆزدە و تەنانەت سەرەتای سەدەی بیستەمیش، لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژاوا ئەدەبیات دەورێکی زۆری لە گرنگیدانی خەڵک بە شوناسی نەتەوەیی و سەرهەڵدانی بیری نەتەوایەتی هەبووە. بۆ نموونە لە ئاڵمان، ئەدەبیات و دەقە ئەدەبییەکان یەکێك لە کۆڵەکەکانی شناسی نەتەوەیی و پاڵپشتێکی گەورەی پڕۆژەی نەتەوەسازی بوون. یان لە ڕووسیە، لە ڕووسیەش ئێوە دەزانن و لە درێژەشدا ئاماژەی زیاتری بۆ دەکەم کە ئەدەبیاتی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم، هەر لە شێعرەکانی پووشکینەوە تا چیرۆک و ڕۆمانەکانی گۆگۆل و دواتر تۆلستۆی و داستایۆڤسکی و چخۆف و ئەوانیتر… دەورێکی یەکجار باڵایان لە بەرجەستەکردنەوەی شناسی نەتەوەیی هەبووە. ئەڵبەت گەل و نەتەوەکانی دیکەش بە هەمان شێوە. لە هەموو دنیادا زمان و ئەدەبیات دوو کۆڵەکەی سەرەکی شناسی نەتەوەیین. زمان سەرەکیترین فاکتەری نەتەوەیە و ئەدەبیاتیش نەوەک هەر لە خزمەتی پێشخستنی زماندایە، بەڵکوو بەشێکی گرینگ لە ئەرکی سازکردنی زمانێکی ستاندارد بۆ کۆی نەتەوەی لە ئەستۆیە. ئەدەبیات دەتوانێت شکۆی لەدەستچووی زمانی نەتەوەیی بگەڕێنێتەوە و هەستی متمانەبەخۆی گشتی لای هەموو چین و توێژ و تەنانەت تاکەکان دروست بکات. ئێوە دەزانن کە لە ڕووسیە، تا سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمیش خەڵکی سەر بە چین و توێژە باڵاکان، بنەماڵە ئەشراف و خانەدانەکان، لە ناو ماڵ و بنەماڵەکانیاندا زۆر بەکەمی بە زمانی ڕووسی دەئاخاوتن. زمانی فەڕانسە زمانی چین و توێژە دەسەڵاتدارەکانی ڕووسییە بوو. بەڵام وەک بینیمان ئەوە پووشکین، گۆگۆل، تۆلستۆی و شاعیران و بەتایبەت نووسەرانیتر بوون کە بە بەرهەمەکانیان ئەو شکۆیەیان بۆ زمانی ڕووسی گەڕاندەوە. ئەڵبەت مەبەستم لە ئەدەبیات تەنیا ئەدەبیاتی هاوچەرخ و دەقەکانی سەردەم نییە؛ هەر کۆمەڵگایەك لە هەر قۆناغێکی مێژوویدا بیری لە شناسی نەتەوەیی کردبێتەوە یەکەم شت ئاوڕی لە دەقە کۆنە ئەدەبییەکانی (لە ئوستوورە و ئەفسانە و حەقایەتە زارەکییەکانییەوە بگرە تا دەقە کلاسیکی و نووسراوەکانی) داوەتەوە. کۆی ئەو دەقانە کە هەڵگری فکر و فەلسەفە و دنیابینی و فەرهەنگی کۆنی کۆمەڵگە بوون، هەڵگری بەها و بایەخەکانی ئەو ڕۆحە قەومییە بوون کە بە درێژایی مێژوو شکڵی گرتووە و تایبەت بەو کۆمەڵگەیە بوون. بۆ نموونە لە ڕۆژهەڵاتیشدا بڕوانە لە ئێران لە سەرەتای سەدەی بیستەم، کاتێک بیر لە شناسێکی نەتەوەیی ئێرانی دەکرێتەوە کە ببێتە هەوێنی پرۆژەی نەتەوەسازی، یەکەم شت کە گرینگی پێدەدرێت دەقە کۆن و کلاسیکییە ئەدەبیەکانی وەک شانامەی فردەوسی، دیوانی حافز و سەعدی و شاعیرانی دیکەیە. تەنانەت لای ئێمەی کوردیش، بە درێژایی سەد ساڵی ڕابوردوو کۆمەڵێک دەقی وەک مەم و زینیی خانی بوون بە دەقی شناسساز لە پێناوی چێ کردنی ڕۆحێکی نەتەوەیی.

blank
گرەوی بەختی هەڵاڵە، ڕۆمانی عەتا نەهایی

لێرەوە ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ کرۆکی پرسیارەکەت کە پرسیارە لە هۆکاری سەرکەوتوو نەبوونی کورد لە پڕۆژەی نەتەوەسازی و بنیادنانی دەوڵەت نەتەوە و پەیوەندیی ئەمە بە ئەدەب و بەتایبەت ڕۆمانی کوردییەوە، دەبێ بڵێم کە ئەوە زۆر سادەکردنەوەی بابەتێکی گەلێک ئاڵۆزە کە دەیان ڕەهەندی مێژوویی، جۆغڕافیایی، سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە. بێگومان لەگەڵ ئەوانەشدا کۆمەڵێک ڕەهەندی فکری و فەرهەنگیشی هەیە کە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و دراسەی تێر و تەسەلە کە لە تاقەتی ئەم دیمانەدا نییە. من پێشتر سووکە ئاماژەیەکم بە پەراوێزی پەراوێزبوونی کۆمەڵگەی کوردی و داخراوی ئەم کۆمەڵگەیە بەرەوڕووی دنیای دەرەوە، تەنانەت لەم سەردەمەشدا کە سەردەمی مۆدێڕنیتەیە، کردووە. ڕاستە کە زیاتر لە سەد ساڵە بیری نەتەوەیی لەناو کوردا هەیە و بەشێکی گەورەی مێژووی کورد لەم سەدساڵەدا مێژووی بزووتنەوە نەتەوەیی و شناسخوازەکانە لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا. بەڵام تەنیا هۆکاری سەرکەوتوو نەبوونی ئەم بزووتنەوانە لاوازی ئەدەبیات، بەتایبەت ئەدەبیاتی هاوچەرخ، یان نەبوونی ڕۆمان نییە. بێگومان ئەدەبیاتی هاوچەرخ بە گشتی و ڕۆمان بە تایبەتی دەیتوانی و ئێستاش دەتوانێت دەورێکی باشی لە چێ کردنی شناسی نەتەوەیی و دەوڵەمەند کردنیدا ببێت. هەروا کە پێشتر گوتم و تۆش ئاماژەت پێداوە ڕۆمان دەتوانی کۆمەڵگەیەکی مەجازی نەتەوەیی دابهێنێت. کۆمەڵگەیەکی داستانیی دێموکراتیک کە هەر کەسی سەر بە هەر چین و توێژێکی کۆمەڵایەتی، ئابووری، فکری و فەرهەنگی بە زمانی خۆی و فکر و ڕامانی خۆیەوە تیایدا دەربکەوێت. ڕۆمان دەیتوانی و دەتوانێت پارچە لێک دابڕاوەکان و کۆمەڵگە لێک دابڕاوەکانمان لێک نزیک بخاتەوە؛ پرس و کێشە و داڵغە گشتی و نەتەوەییەکانمان بەرجەستە بکاتەوە. ڕەمز و سەنبولە ناوچەییەکانمان بکاتە نەتەوەیی و ڕووپەڕی هاوبەشییەکانمان بەربڵاوتر بکاتەوە. ڕۆمان دەیتوانی و دەتوانێت دەست بەسەر سامانی زمانیماندا بگرێت و دەوڵەمەندتری بکات، لەپێناوی زمانێکی یەکگرتووی گشتگیردا هەنگاو بنێت. توانا و قابلییەتەکانی ڕۆمان بۆ تۆکمە کردنی شناسی کۆیی و نەتەوەیی زۆر لەمانەش زیاترە. من ناڵێم تا ئێستا هیچ نەکراوە، بێگومان هەنگاوی باش هەڵێنراوەتەوە کە ڕەنگە لە ئاستی داخوازیمان، یان پەلەکردنمان نەبووبێت.

مۆدێڕنیتە شۆڕشێک نییە دژی فیۆدالیزم. مۆدێڕنیتە وەزعییەت یان بارودۆخێکە کە لەو بارودۆخەدا سیستەمی فیۆدالیزم پاشەکشە دەکات و بورژوازی سەرهەڵدەدا. هەروەها کە سۆسیالیزمیش سەرهەڵدەدا، فاشیزمیش سەرهەڵدەدا. ئەڵبەت ئەم وەزعییەتە نوێیە زەمینە بۆ کۆمەڵێک بزاڤی گەورەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فکری، فەرهەنگی، ئەدەبی و هونەریش خۆش دەکات

ڕزگار لوتفی: مودێڕنیتە لەسەرەتادا شۆڕشێك بوو دژی فێئۆدالیزم و هەوڵێکی جیددی بوو بۆ هەڵتەکاندنی هەیمەنەی باوک. ئەگەر ئێمە ئەم گریمانەیەش قبووڵ بکەین کە ڕۆمان دەورێکی باڵای هەبووە لە هەڵتەکاندنی ئەو هەیمەنەیەدا، ئایا ڕۆماننووسانی کورد کە ڕێژەیەکی باڵایان پیاون و زۆرینەیان پیاوانەنووسن، یارمەتی دووبارەبوونەوەی هەیمەنەی هەمان باوك نادەنەوە و قەیران ناخەنە بەردەم پڕۆژەی مودێڕنیتە؟ بەتایبەت کاتێك کە حوزووری ژنەڕۆماننووسانی کورد هەرە کەمڕەنگە؟

عەتا نەهایی: سەرەتا با بڵێم کە مۆدێڕنیتە شۆڕشێک نییە دژی فیۆدالیزم. مۆدێڕنیتە وەزعییەت یان بارودۆخێکە کە لەو بارودۆخەدا سیستەمی فیۆدالیزم پاشەکشە دەکات و بورژوازی سەرهەڵدەدا. هەروەها کە سۆسیالیزمیش سەرهەڵدەدا، فاشیزمیش سەرهەڵدەدا. ئەڵبەت ئەم وەزعییەتە نوێیە زەمینە بۆ کۆمەڵێک بزاڤی گەورەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فکری، فەرهەنگی، ئەدەبی و هونەریش خۆش دەکات. فێمینیزم یان بە گشتی جووڵانەوەی یەکسانی خوازی ژنان یەکێک لەو بزاڤە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەیە کە بە تایبەت لە سەد ساڵی ڕابوردوودا دەورێکی دیاری لە ئاشنا کردنی ژنان بە مافە ئینسانییەکانی خۆیان و بەشداریی کارایان لە هەموو مەیدانەکانی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئەدەبی هەبووە. بەڵام ئەوە کە دەڵێی ڕۆمان دەورێکی دیاری لە هەڵتەکاندنی هەیمەنەی پیاو لەنێو کۆمەڵگەدا هەبووە، گریمانەیەکی زۆر گشتییە. بێگومان ڕۆمان تاقانە ژانرێکی ئەدەبییە کە دەتوانێ کۆمەڵگەیەکی داستانیی مەجازی دابهێنێت، کۆمەڵگەیەک کە مرۆڤەکان، ژن و پیاو، دەتوانن بە دەنگ و ڕەنگ و زمان و بیر و بۆچوونی ئازادانەی خۆیان تیایدا دەربکەون و تەعبیر لە پرس و کێشە و خەم و داڵغە و خەون و خواستی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و تەنانەت ڕەگەزی و جەندەری خۆیان بکەن و لە پێناویشیدا تێبکۆشن. ئەمەش هەروا کە پەیوەندی بە فکر و فەرهەنگ و زمانی ئەو کۆمەڵگەوە هەیە کە ڕۆمانەکەی تێدا دەنووسرێت، پەیوەندی بە عەقڵ و دنیابینی و داڵغەکانی نووسەرەکەشییەوە هەیە. نووسەرێک کە بڕوای دەروونی بە یەکسانی ژن و پیاو نەبێت و تێگەیشتنێکی ڕاست و هاوچەرخانەی لە کێشە ڕەگەزی و جەندەرییەکانی کۆمەڵگەی خۆی نەبێت، ژن بێت یان پیاو، لە بەرهەمەکەیدا ئاوڕێکی جیدی و بنەوەشی لەم بابەتە گرینگە پێنادرێتەوە. کەواتە من لەو باوەڕەدا نیم کە تەنیا ژنان، بە تایبەت نووسەرانی ژن دەتوانن لە بەرهەمەکانیاندا ئاوڕ لە پرس و کێشەی ژنان، بەتایبەت پرس و کێشە جەندەری و ڕەگەزییەکانیان بدەنەوە و تەنیا ئەوانن کە دەتوانن لە کۆمەڵگەی داستانیی ڕۆمانەکانیاندا کۆتایی بە زاڵبوونی دەنگی پیاو بهێنن. هەرچەندە لەو باوەڕەدام کە ئامادەیی ژنان لە بواری داهێنانی ئەدەبی و بە تایبەت ڕۆماننووسیدا پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە هەم بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە و فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کۆمەڵگە، هەم بۆ گەشەی زیاتری ڕۆمان. بە دڵنیاییەوە ژنانی ڕۆماننووس بە دید و ڕوانینێکی ژنانەوە دەتوانن کۆمەڵێک بابەت بورووژێنن کە ڕەنگە پیاوان لێێ غافڵ بووبێتن، دەتوانن تیشک بخەنە سەر هەندێک لایەنی شاراوەی ژیانی ژنان و تەنانەت کۆی کۆمەڵگەش کە هێشتا لە نەدیویدا ماونەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ بزانین کە عەقڵییەت و فەرهەنگی هەزاران ساڵە چەقبەستووی پیاوسالاری، نەوەک هەر لە کۆمەڵگەی کوردی و کۆمەڵگە هاوشێوەکانی، بەڵکوو لە هەموو کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانیشدا شتێک نییە کە تەنیا بە نووسینی ڕۆمان و قەڵەمی ڕۆماننووسی ژنان کۆتایی پێبێت. بە نسبەت بەشی کۆتایی پرسیارەکەشتەوە کە پەیوەندی بە ڕۆمانی کوردی و ڕۆماننووسی کوردەوە هەیە کۆمەڵێک واقیعی تاڵ هەیە کە دەبێ لێی غافڵ نەبین. جیا لەو پرسیارانە کە ئێمە چەند ڕۆماننووسمان هەیە و ساڵانە لە هەر چوارپارچەی کوردستان، بە چاک و بە خراپەوە، چەند ڕۆمان دەنووسرێت و بڵاو دەبێتەوە، کە بێگوان وەڵامەکان دڵخۆشکەر نین؛ هێشتا کەمترین ژمارەی نووسەرانمان لە بەرهەمەکانیاندا ئاوڕی جیدی لە ژن و پرس و کێشەکانی ژنان دەدەنەوە و لەو ژمارەش کەمتر بڕوای ڕاستەقینەیان بە یەکسانی ژن و پیاو لە کۆمەڵگەدا هەیە. ڕاستە لە بیست سی ساڵی ڕابوردوو بەملاوە کۆمەڵێک نووسەری ژنیش خەریکی ڕۆمان نووسینن، بەڵام بەشێکی کەم لە بەرهەمەکانی ئەوانیش هەڵگری ئەو تایبەتمەندیانەن کە پێشتر باسم کرد. واتە بەشێکی کەم لەو بەرهەمانەش بە دید و ڕوانینێکی ژنانەوە ئاوڕی جیددیان لە پرس و کێشە ڕەگەزییەکان داوەتەوە یان تیشکیان خستووەتە سەر ئەو لایەنە شاراوانەی ژیانی ژنانی کورد کە نووسەرە پیاوەکان پەیان پێنەبردبێت.

ڕزگار لوتفی: هەر وەك ئاگادارن مۆدێڕنیزم بە ڕەخنە لە دەرهاویشتەکانی مودێڕنیتە هاتۆتە ئارا؛ واتە مودێڕنیزم پێی وایە کە هزر و ئاوەزی مرۆڤ ناتوانێ بە تەنها ببێتە کلیلی کرانەوەی هەموو دەرگا داخراوەکانی مرۆڤ و، لایەنی مەعنەوی مرۆڤەکان لەبیر دەکات. بەمگوێرەیە، تا مودێڕنیتە هەموو بوارەکانی ژیانی تاك و کۆمەڵگای کوردی داگیر نەکات و دەرەنجامەکانی بە مەتریال نەبن، دەقی مودێڕنیستی نایاتە بەرهەم. ئایا ئێوەش لەسەر ئەم بۆچوونەن کە کورد هێشتا بە تەواوی پێی نەناوەتە بارودۆخێکەوە کە دەقی مودێڕنیستی (بە مانای ڕاستەقینەی وشە) بەرهەم بێنێ یان جۆرێکی تر لە بابەتەکە دەڕوانن؟

مۆدێڕنیتە وەزعییەت یان هەلومەرجێکە کە هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤ لەو وەزعییەتەدا تووشی گۆڕان بووە. بە واتایەکیتر مرۆڤ لەو چەقبەستووییە مەعریفی، زانستی، فکری و فەرهەنگییە هاتۆتە دەر؛ بەڵام نەکەوتۆتە نێو جۆرێک چەقبەستوویی مەعریفی، زانستی، فکری و فەرهەنگی ترەوە.

عەتا نەهایی: بە دڵنیاییەوە من وابیر ناکەمەوە. پێشتریش گوتم مۆدێڕنیتە وەزعییەت یان هەلومەرجێکە کە هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤ لەو وەزعییەتەدا تووشی گۆڕان بووە. بە واتایەکیتر مرۆڤ لەو چەقبەستووییە مەعریفی، زانستی، فکری و فەرهەنگییە هاتۆتە دەر؛ بەڵام نەکەوتۆتە نێو جۆرێک چەقبەستوویی مەعریفی، زانستی، فکری و فەرهەنگی ترەوە. ئەم سەردەمە، واتە سەردەمی مۆدێڕن، سەردەمی بەردەوامیی گۆڕانەکانە لە هەموو بوارەکانی ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی، لە هەموو بوارەکانی فەلسەفە، زانست، هزر و ئاوەز یان عەقڵییەتی مرۆڤیشە. دیارە ئەم بەردەوامیی گۆڕانە لە هەموو بوارەکاندا نەتیجە یان بەرەنجامی عەقڵی ڕەخنەیی یان ڕەخنەگرە؛ نەتیجە یان بەرەنجامی هێنانە ئارای پرسیاری تازە و گەڕان لە شوێن وەڵامی تازەیە. ئەمە باسێکی فکری دوور و درێژە کە بە بێ درێژە پێدانیشی دەکرێ وەڵامی پرسیارەکەی تۆ بدەمەوە. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا دەقی مۆدێڕنیستی ئەدەبی تەنیا لە کۆمەڵگەیەکی تەواو مۆدێڕندا بەرهەم دێت؟ بە زمانێکیتر، ئایا تا کۆمەڵگەی کوردی لە هەموو لایەنێکەوە تازە و مۆدێرن نەبێت ناتوانێ دەقی ئەدەبیی مۆدێڕن، بە تایبەت ڕۆمانی مۆدێڕنی تێدا بنووسرێت؟ وەڵامی کۆی ئەم پرسیارانە “نا”یە. ئەگەر “ئەرێ” بوایە کەواتە لە زۆربەی وڵاتە ڕۆژهەڵاتییەکان، لە هەموو ئێران و تورکیە و عێراق و سووریەش دەقێکی ئەدەبی یان ڕۆمانێکی مۆدێڕنی هاوچەرخانە نەدەنووسرا؛ چونکا ئێمە وەک کۆمەڵگە بەشێکین لەم وڵاتانە و لە نێو سیستەمی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی ئەواندا دەژین و هاوبەشی پرس و کێشە فکری و فەرهەنگییەکانی ئەوانیشین. ئەڵبەت ئێمە کێشەکانمان لەوان زیاترە، بە تایبەت کێشەی زمان و زمانەکەمان لە دۆخێکی گەلێک جیاوازتر لە زمانی فارسی و تورکی و عەرەبییە. بەڵام زمانەکانی ئەوانیش کێشە و گرفتی کەم نییە. زمانەکانی ئەوانیش وەک بیرمەندانیان دانی پێدا دەنێن ئاوێنەی پشێوی زهنییانە لە بەرەوڕووبوونەوەیان لەگەڵ مۆدێڕنیتە و دنیای مۆدێڕن.

ئەوە تەنیا دواکەوتوویی کۆمەڵگە نییە کە بەر بە نووسینی دەقی ئەدەبی و بەتایبەت ڕۆمانی مۆدێڕن و هاوچەرخ دەگرێت، بەڵکوو دواکەوتوویی نووسەرە.

کورتی بکەمەوە، ئەوە تەنیا دواکەوتوویی کۆمەڵگە نییە کە بەر بە نووسینی دەقی ئەدەبی و بەتایبەت ڕۆمانی مۆدێڕن و هاوچەرخ دەگرێت، بەڵکوو دواکەوتوویی نووسەرە. وەک پێشتر باسم کرد نووسەری وشیار دەبێ بتوانێ واقیعی کۆمەڵگەکەی و دۆخی چەقبەستووی فکری و فەرهەنگی زۆرینەی خەڵکەکەی تێپەڕێنێ و بە دیدێکی تازەی هاوچەرخانەوە سەیری دنیای دەوروبەری بکات و هەوڵی ناسین و گێڕانەوەی بدات. بۆ نموونە کەسێکی وەک سادق هیدایەت نزیکەی هەشتا ساڵ لەوە پێش لە کۆمەڵگەیەکی وەک خۆی دەڵێت تا سەرئێسقان دواکەوتووی نەریتییدا، کورتە ڕۆمانی “کوندە کوێرە”ی نووسیوە. ئەوەی لەم ڕۆمانەدا هەیە، لە کارەکتەر و ڕووداو و تەنانەت بیر و بۆچوون و فەرهەنگی ڕاوییەکەشی کۆن و نەریتییە. بەڵام ڕۆمانەکە تا ئێستاش باشترین نموونەی ڕۆمانی مۆدێڕن و هاوچەرخی فارسییە. بۆچی؟ چونکا نووسەرەکەی، مەعریفەی نووسەرەکەی، دید و گۆشەنیگای نووسەرەکەی و شێوازی گێڕانەوەکەی مۆدێڕن و هاوچەرخانەیە.

١٦ی خاکەلێوەی ٢٧١٧

بانە

تێبینی: ئەم دیمانەیە ساڵی ٢٠١٨ لە گۆڤاری بیر و هزردا بڵاوکراوەتەوە.