ئەفسانەی ئازادی

لە ئینگلیزییەوە: هیوا قۆچاڵی

بەمزووانە وایلێدێت حکومەت و دامەزراوەکان باشتر لە خۆت بتناسن. باوەڕ بە ”ئیرادەی ئازاد” بووەتە شتێکی مەترسیدار.

ئایا پێویستە بیرمەندان خزمەتی حەقیقەت بکەن، ئەگەر لە سەر حسابی هاوئاهەنگی کۆمەڵایەتیش بێت؟ ئایا دەبێ درۆ بڵاو بکرێتەوە تەنانەت ئەگەر ئەو درۆیە هۆکاری بەردەوامی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیش بێت؟ لەکاتی نووسینی دوایەمین کتێبم ٢١وانە بۆ سەدەی ٢١هەمان ئەم پرسیارانە بەرۆکیان گرتم پەیوەست بە لیبڕالیزم.

لەلایەک، باوەڕم وایە چیرۆکی لیبڕالیزم پڕ کێماسییە و، ڕاستی لەبارەی مرۆڤایەتی ناخاتەڕوو، بۆ مانەوە و گەشەکردن لە سەدەی ٢١داپێویستە دوورتر بڕۆین. لەلایەکی دیکەش، چیرۆکی لیبڕالیزم هێشتا بنچینەییە بۆ ڕێکخستنی ئێستای جیهانیی. لەوەش گرنگتر، ئەو توندئاژۆ ئاییندار و نەتەوەپەرستانەی کە باوەڕیان بە فەنتازیای نۆستالژی هەیە و هێرش دەکەنە سەر لیبڕالیزم زۆر مەترسیدارتر و ئازارهێنترن لە لیبڕالیزم.

کەوایە ئایا بۆچوونی خۆم ڕاشکاوانە بخەمەروو، سەرەڕای مەترسی ئەوەی دیماگۆگ (فریودەرانی خەڵکی ڕەشۆکی) و ئۆتۆکراتەکان قسەکانم لە سیاقی خۆیان دەربهێنن و بیانکەنە دەستکەلای خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر لیبڕالیزم؟ یان خۆم سانسۆر بکەم؟ ئەوە خاڵێکی ناسینەوەی ڕژێمە نالیبڕالەکانە کە ئازادی دەربڕین بەرتەسک دەکەنەوە تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆشیان. لەبەر پەرەسەندنی ئەو جۆرە ڕژێمانەیە کە تا دێ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە داهاتووی مرۆڤ مەترسیدارتر دەبێت.

دەرئەنجام ئازادیی دەربڕینم بە سەر خۆسانسۆرکردندا هەڵبژارد، ئەوەش لەبەر باوەڕم  چ بە توانای لیبڕاڵ دیموکراسی  چ بە پێویستی نۆژەنکردنەوەی. ئاڤانتاژی لیبڕالیزم بە سەر ئایدۆلۆژییەکانی دیکەدا ئەوەیە نەرمە و دژەدۆگمایە. زۆرتر لە هەر ڕێکخستنێکی دیکەی کۆمەڵایەتی ڕەخنە قبوڵ دەکات. لە ڕاستیدا، تاکە سیستمی ڕێکخستنی کۆمەڵگەیە کە ڕێگە دەدات پرسیار لە بنەماکانی خۆیشی بکرێت. لیبڕالیزم بەرگەی سێ قەیرانی گەورەی گرتووە. جەنگی یەکەمی جیهانی، ئاڵنگاری فاشیزم لە ساڵانی سییەکان و ئاڵنگاری کۆمیونیزم لە ساڵانی پەنجاکان تاوەکوو حەفتاکان. ئەگەر پێتانوایە ئێستا لیبڕالیزم لە قەیراندایە، تەنیا بیر لەوە بکەنەوە لە ساڵانی ١٩١٨، ١٩٣٨و ١٩٦٨ دۆخەکە چەند خراپتر بوو،

ئەمڕۆ گەورەترین ئاڵنگاری کە ڕووبەڕووی لیبڕالیزم دەبێتەوە لە فاشیزم و کۆمیونیزمەوە نایەت، بەڵکوو لە تاقیگەکانەوە دێت.

ساڵی ١٩٦٨، دەوڵەتە لیبڕاڵ دیموکراسییەکان لەو بوونەوەرانە دەچوون کە مەترسی لە سەر مانەوەیان هەیە. تەنانەت لەنێو سنوورەکانی خۆشیاندا لەبەردەم لێشاوی ناڕەزایی، کوشتوبڕ، هێرشی تیرۆرستی و پێکدادانی توندی ئایدۆلۆژیدا بوون. ئەگەر بە ڕێکەوت تۆ ئەو ڕۆژە لە واشنتن بووبی کە ناڕەزاییەکانی دژی کوشتنی مارتن لوتەر کینگ سەریانهەڵدا، یان لە پاریسی ١٩٦٨، یاخود لە کۆنگرەی پارتی دیموکراتەکان لە شیکاگۆ، مانگی ئابی ١٩٦٨، ڕەنگە تۆش واتزانیبێت کۆتایی نزیکە. لەکاتێکدا واشنتن، پاریس و شیکاگۆ ڕۆدەچوونە نێو ئاژاوەوە، مۆسکۆ و لینینگراد ئارامبوون و، وێدەچوو چارەنووسی سیستمی سۆڤیێت تاهەتایی بێت. بەڵام ٢٠ ساڵ دواتر، ئەوە سیستمی سۆڤیێت بوو کە هەرەسی هێنا. ململانێکانی ساڵانی شەستەکان وایانکرد وڵاتە لیبڕاڵ دیموکراسییەکان بەهێزتر ببن. لەکاتێکدا کەشوهەوای مەنگی بلۆکی سۆڤیێت ئاماژەی پێشوەختی لەنێوچوونی بوو.

هیوادارین لیبڕالیزم جارێکی دیکە خۆی نوێ بکاتەوە. بەڵام ئەمرۆ ئاڵنگاری سەرەکی بەردەم لیبڕالیزم، فاشیزم  و کۆمیونیزم نین، تەنانەت ئەو دیماگۆگ و ئۆتۆکراتانەش نین کە وەک ڕەوە بۆقی دوای باران بڵاو دەبنەوە، بەڵکوو ئاڵنگاری سەرەکی بەردەم لیبڕالیزم لە تاقیگەکان دێتەدەرێ.

لیبڕالیزم لە سەر باوەڕبوون بە ئازادی مرۆڤ دامەزراوە. بە پێچەوانەی جرج و مەیموون، وادانراوە مرۆڤ ”ئیرادەی ئازاد”ی هەیە. هەر ئەمەش هەستی مرۆڤ و بڕیارەکانی مرۆڤ دەکاتە دەسەڵاتی ئەخلاقی و سیاسی ڕەها لە جیهاندا. لیبڕالیزم پێماندەڵێت دەنگدەر باشتر دەزانێت، کڕیار هەمیشە ڕاستە و، ئێمەش پێویستە سەربەخۆ بڕیار بدەین و هەمیشەش دوای دڵمان بکەوین.

بەداخەوە، ”ئیرادەی ئازاد” ڕاستییەکی زانستی نییە. ئەفسانەیەکە لە تیۆلۆجیی مەسیحییەوە بۆمان ماوەتەوە. زانایانی ئایین پەرەیان بە بیرۆکەی ”ئیرادەی ئازاد” دا بۆ ئەوەی ڕوونی بکەنەوە کە بۆچی خوا مافی هەیە تاوانباران سزا بدات بەرامبەر بڕیارە خراپەکانیان و، چاکەکارانیش پاداشت بکات بەرامبەر بڕیارە درووستەکانیان. کە ئێمە ئازادی بڕیاردانمان نییە، بۆ دەبێ خوا سزا یان پاداشتمان بۆ بنووسیت؟ بە گوێرەی زانایانی ئایین، شتێکی عەقڵانییە خوا وا بکات چونکە بڕیارەکانمان ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ئازادی ڕۆحی ئەبەدیمانە، کە بەدەرە لە هەموو کۆتوبەندێکی فیزیکی و بایۆلۆژی.

ئەگەر حکومەت و دامەزراوەکان سەرکەوتوو بن لە هاککردنی مرۆڤ، ئاسانترین نێچیریان ئەوانە دەبن کە باوەڕیان بە ”ئیرادەی ئازاد” هەیە.

ئەگەر حکومەت و دامەزراوەکان سەرکەوتوو بن لە هاککردنی مرۆڤ، ئاسانترین نێچیریان ئەوانە دەبن کە باوەڕیان بە ”ئیرادەی ئازاد” هەیە.

ئەم ئەفسانەیە زۆر بە کەمی لەگەڵ ئەو شتانە تێکدەکاتەوە کە ئەمڕۆ زانست لەبارەی مرۆڤی هۆشمەند (Homo Sapiens) و ئاژەڵانی دی پێماندەڵێت. بە دڵنیاییەوە مرۆڤ ئیرادەی هەیە- بەڵام ئازاد نییە. مرۆڤ ناتوانێ بڕیار بدات چ حەزێکی هەبێت. کەسێکی کۆمەڵایەتی بێت یان دوورەپەرێز، ژیان ئاسان بگرێت یان نیگەران بێت، هاوڕەگەزخواز بێت یان مەیلی ڕەگەزی بەرامبەر بکات. مرۆڤ بڕیار دەدات، بەڵام هەرگیز بڕیارەکانی سەربەخۆ نین. هەر بڕیارێک پشت بە چەندین هەلومەرجی بایۆلۆژی، کۆمەڵایەتی و تایبەتی دەبەستێت کە مرۆڤ دەستی تێیاندا نییە. من دەتوانم بڕیار بدەم چ بخۆم، ببمە هاوژینی کێ و دەنگ بە کێ بدەم، بەڵام بەشێک لە پاڵنەری ئەم بڕیارانە جینەکان، بایۆکیمیایی، ڕەگەز، پێشینەی خێزان و کولتووری نەتەوەیی و چەندین شتی دیکەن. خۆ من جینەکان و خێزانی خۆم هەڵنەبژاردوون.

 ئەمە تیۆرێکی ئەبستراکت نییە. دەتوانی بە ئاسانی تێبینی بکەی. تەنیا چاودێری ئەو بیرۆکەیە بکە کە دواتر بە مێشکدا دێت. لە کوێوە هات؟ ئازادانە بڕیارت دا، بە مێشکتدا بێت؟ ئاشکرایە نەخێر. ئەگەر بە وریاییەوە چاودێری مێشکی خۆت بکەی لەوە تێدەگەی کۆنتڕۆڵی کەمت بە سەر ئەو شتانەوە هەیە کە تێیدا ڕوودەدەن و، ئازادانە بڕیار نادەی بیر لە چ بکەیەوە، هەست بە چ بکەی و چیت بوێ.

هەرچەندە ئیرادەی ئازاد هەمیشە ئەفسانە بووە، بەڵام لە سەدەکانی پێشوودا ئەفسانەیەکی سوودبەخش بووە.

هەرچەندە ئیرادەی ئازاد هەمیشە ئەفسانە بووە، بەڵام لە سەدەکانی پێشوودا ئەفسانەیەکی سوودبەخش بووە. گڕوتینی دایە ئەو کەسانەی شەڕیان کرد لە دژی  دامەزراوەی پشکنینی باوەڕ، مافی ئاسمانیی پاشایان، پۆلیسی نهێنی سۆڤیێت و کو کڵەکس کڵان KKK (گروپێکی ئەمریکییە باوەڕی بە باڵادەستی سپی پێستانە).

ئەفسانەکە تێچووی زۆری نەبوو. ساڵی ١٧٧٦ یان ١٩٤٥ زیانی نەبوو ئەگەر باوەڕت وابووایە هەستەکانت و بڕیارەکانت بەرهەمی ”ئیرادەی ئازاد”ن نەک ئەنجامی بایۆکیمیایی و دەمارەخانە.

بەڵام ئێستا لەناکاو باوەڕبوون بە ”ئیرادەی ئازاد” بووەتە شتێکی مەترسیدار. ئەگەر حکومەت و دامەزراوەکان سەرکەوتوو بن لە هاککردنی مرۆڤ، ئاسانترین نێچیریان ئەوانە دەبن کە باوەڕیان بە ”ئیرادەی ئازاد” هەیە.

بۆ ئەوەی سەرکەوتووانە مرۆڤ هاک بکەی پێویستت بە دوو شتن: تێگەیشتنێکی باش لە زیندەوەرزانی و هێزی کۆمپیوتەر. دامەزراوەکانی پشکنینی باوەڕ و پۆلیسی نهێنی سۆڤیێت ئەم دوو ئامرازەیان نەبوو. بەڵام بەمزوانە، ڕەنگە حکومەت و دامەزراوەکان ببنە خاوەنی هەر دووکیان. کاتێک بتوانن تۆ هاک بکەن، نەک تەنیا دەتوانن پێشبینی بڕیارەکانت بکەن، بەڵکوو هەستەکانیشت ڕێکدەخەنەوە. بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەن، دامەزراوەکان و حکومەتان پێویستیان بەوە نییە تۆ بە باشی بناسن. ئەوە مەحاڵ دەبێت. تەنیا پێویستیان بەوەیە کەمێک باشتر لە خۆت، تۆ بناسن. ئەوەش مەحاڵ نییە، چونکە زۆربەی خەڵک باش خۆیان ناناسن.

ئەگەر باوەڕت بە چیرۆکی نەریتیی لیبڕالیزم هەیە، دوودڵ دەبیت ئەو ئاڵنگارییە لەبەرچاو بگریت و بە خۆت دەڵێی ”نەخێر، ئەوە هەرگیز ڕوونادات. هەرگیز هیچ کەسێک ناتوانێ گیانی مرۆڤ هاک بکات، چونکە شتێک هەیە کە لە سەرووی جینەکان و دەمارەخانە و ئالیگۆریتمەکانە. کەس ناتوانێ سەرکەوتووانە پێشبینی بڕیارەکانم بکات و دەستکارییان بکات. چونکە بڕیارەکانم ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ئازادی منن.” بەداخەوە، لەبەرچاو نەگرتنی ئەم ئاڵنگارییە، چارەسەری ناکات، تەنیا دەتکاتە نێچیرێکی ئاسانتر.

 ئەمە بە شتی سادە دەستپێدەکات. لەکاتێکدا بە نێو ئینتەرنێتدا دەگەڕێی، مانشێتێک سەرنجت ڕادەکێشێت: ”گروپێکی کۆچبەر دەست بۆ ژنان درێژ دەکەن” کلیکی لە سەر دەکەی. ڕێک لەو ساتەدا، دراوسێکەشت بە ئینتەرنێتدا دەگەڕێ، مانشێتێکی دیکە سەرنجی ئەو ڕادەکێشێت: ”تڕەمپ ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشی ئەتۆمی بۆ سەر ئێران”. کلیکی لە سەر دەکات. هەر دوو مانشێت دوو هەواڵی درۆن. ڕەنگە لەلایەن چەند کەسێکی ڕووسیی بڵاوکرابنەوە یان وێبسایتێک کە دەیەوێ ژمارەی خوێنەرانی زیاد بکات بۆ زیادکردنی داهاتی ڕیکلامەکانی. تۆ و دراوسێکەشت پێتانوایە بە ئیرادەی ئازادی خۆتان کلیکتان لە سەر ئەو مانشێتانە کرد. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە هەر دووکتان هاک کراون.

بێگومان، پروپاگەندە و فریودان نوێ نین. لە ڕابردوو وەک چەکێک بوون کە ئامانجیان نەدەپێکا، بەڵام ئێستا خەریکن دەبنە ئەو چەکە زیرەکانەی کە جەرگەی ئامانجەکە دەپێکن. کاتێک هیتلەر لە ڕادیۆ قسەی دەکرد، ئامانجەکەی ناوشیارترین توێژی کۆمەڵگە بوو، چونکە نەیدەتوانی پەیامەکەی لەگەڵ خاڵی لاوازی نێو مێشکی تاک بە تاکی خەڵک بگونجێنێت. ئێستا دەتوانرێ ڕێک ئەوە بکرێت. ئالیگۆریتمێک دەتوانێ دەری بخات تۆ دژی کۆچبەرانیت و دراوسێکەت ڕقی لە تڕەمپە. لەبەر ئەوەیە تۆ مانشێتێک دەبینی و دراوسێکەشت مانشێتێکی جیاواز دەبینێ. لەم ساڵانەی دواییدا هەندێک لە زیرەکترین کەسان لە جیهاندا کاریان لە سەر هاککردنی مێشکی مرۆڤ کرد بۆ ئەوەی وات لێ بکەن کلیک لە سەر چەند ڕیکلامێک بکەی، بۆ ئەوەی کاڵات پێ بفرۆشن. ئێستا هەمان شێواز بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی سیاسەتمەدار و ئایدۆلۆژیشت پێ بفرۆشن.

ئەمە هێشتا سەرەتایە. ئێستا، هاککەران پشت بە شرۆڤەکردنی ئاماژە و کرداری جیهانی دەرەوەت دەبەستن: ئەو بەرهەمانەی دەیانکڕی، ئەو شوێنانەی سەردانیان دەکەی، ئەو وشانەی لە سەر ئینتەرنێت بە دوایاندا دەگەڕێی. بەڵام دوای چەند ساڵێکی کەم هەستگرەوەی بایۆمەتری دەتوانن دەرگای جیهانی ناوەوەت بە ڕووی هاککەراندا واڵا بکەن. ئەوکات دەتوانن چاودێری ڕووداوەکانی نێو دڵت بکەن. ئەو دڵە خوازەییە خۆشەویستەی فەنتازیای لیبڕاڵی نا، بەڵکوو ئەو دڵە ماسولکەییە کە فشاری خوێن و چالاکی مێشکت ڕێکدەخات. ئەوکات هاککەران دەتوانن پەیوەندی نێوان ڕێژەی لێدانی دڵت و داتای سەر کارتی بانکت بزانن. هەروەها پەیوەندی فشاری خوێنت لەگەڵ مێژووی گەڕانی نێو ئینتەرنێتت. دەزانی ئەگەر ناوەندی پشکنینی باوەڕ و پۆلیسی نهێنی سۆڤێت ئەو بازنە بایۆمەترییەیان هەبا، کە چاودێری ڕەفتار و هەستەکانت دەکات، چییان پێ دەکرد؟ چاوەڕێ بە.

 لیبڕالیزم بۆ پاراستنی ئازادی تاک لەبەرامبەر هێرشی دەرەکی لەلایەن حکومەتە سەرکوتکارەکان و ئایینە بیر تەسکەکان چەکی بەهێزی دامەزراوە و ئارگومێنتی گەشەپێداوە، بەڵام ئامادە نییە بۆ ڕەوشێک کە تێیدا ئازادی تاک لە ناخی تاک خۆیدا هەڵدەتەکێندرێت. هەروەها بۆ سەردەمێک کە چەمکەکانی ”تاک” و ”ئازادی” واتایەکی ئەوتۆیان نامێنێت. بۆ ئەوەی لە سەدەی ٢١دا بمێنینەوە و گەشە بکەین، پێویستمان بەوەیە واز لەو بۆچوونە ساویلکەیە بهێنین کە مرۆڤ تاکی ئازادن- بۆچوونێک کە لە تیۆلۆژیی مەسیحی و سەدەکانی ڕۆشنگەریی بە میرات بۆمان ماوەتەوە- لە بری ئەوە، لەگەڵ ئەوە خۆمان بگونجێنین کە مرۆڤ بە ڕاستی چییە: ئاژەڵێک کە دەکرێ هاک بکرێت. پێویستە باشتر خۆمان بناسین.

بە دیاریکراویش گرنگە لاوازییەکانت بناسی. لاوازییەکانت ئامرازی سەرەکی ئەو کەسانەن کە هەوڵ دەدەن هاکت بکەن. کۆمپیوتەر لە ڕێی ئەو هەڵانەوە هاک دەکرێ کە تێیدان. مرۆڤ لە ڕێێ ئەو ترس و ڕق و لایەنگیری و خولیایانەوە هاک دەکرێ کە بەشێکن لێی.

بە دڵنیاییەوە ئەم ئامۆژگارییە نوێ نییە. لە دێرزەمانەوە، ژیران و ڕابەرانی ئایین بەردەوام ئامۆژگاری خەڵکیان کردووە ”خۆتان بناسن”. لە سەردەمی سوکرات، بودا و کۆنفوشیوس مرۆڤ ڕکابەری نەبوو. ئەگەر ڕەتیشت کردباوە خۆت بناسی، هێشتا هەر سندوقێکی ڕەش دەبووی بۆ مرۆڤایەتی. بە پێچەوانەوە، ئێستا ڕکابەرت هەیە. کاتێک ئەم دێڕانە دەخوێنییەوە، حکومەت و دامەزراوەکان هەموو هەوڵێک دەدەن هاکت بکەن. ئەگەر بتوانن باشتر لە خۆت بتناسن، ئەوە دەتوانن هەر شتێک بیانەوێ پێت بفرۆشن، جا کاڵا بێت یان سیاسەتمەدارێک. 

بە دیاریکراویش گرنگە لاوازییەکانت بناسی. لاوازییەکانت ئامرازی سەرەکی ئەو کەسانەن کە هەوڵ دەدەن هاکت بکەن. کۆمپیوتەر لە ڕێی ئەو هەڵانەوە هاک دەکرێ کە تێیدان. مرۆڤ لە ڕێێ ئەو ترس و ڕق و لایەنگیری و خولیایانەوە هاک دەکرێ کە بەشێکن لێی. هاککەران ناتوانن ترس و ڕق لە هیچەوە درووست بکەن. بەڵام کاتێک دەزانن مرۆڤێک لە چ دەترسێ و ڕقی لە چییە، ئاسان دەتوانن دەست بە دوگمەی ئەو هەستانەدا بنێن بۆ ورووژاندنیان.

ئەگەر مرۆڤ نەتوانێ بە هەوڵی خۆی خۆی بناسێ، ڕەنگە بتوانرێ هەمان ئەو تەکنەلۆژییەی هاککەران بەکاری دەهێنن پێچەوانە بکرێتەوە بۆ پاراستنی خۆمان. وەکچۆن کۆمپیوتەرەکەت دژەڤایرۆسی لە سەرە بۆ پشکنینی تەنی نامۆ، ڕەنگە ئێمەش پێویستمان بە دژەڤایرۆسێک بێت بۆ مێشکمان. هۆشی دەستکرد لە ئەزموونەوە فێر دەبێت کە مرۆڤێک خاڵێکی لاوازی دیاریکراوی هەیە- چ خۆڕانەگرتن بێت بۆ سەیرکردنی ڤیدیۆی پێکەنیناوی پشیلە یان چیرۆکە توڕەکەرەکانی تڕەمپ- لە بری تۆ بلۆکیان دەکات.

بەڵام ئەمە هەمووی بابەتێکی لاوەکییە. ئەگەر مرۆڤ ئاژەڵێکە کە دەکرێ هاک بکرێت و، ئەگەر بڕیار و بۆچوونەکانمان ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ئازادمان نین، سوودی سیاسەت چییە؟ بۆ ٣٠٠ ساڵ، بەها لیبڕاڵییەکان ئیلهامبەخشی پرۆژەیەکی سیاسی بوون بەو ئامانجەی زۆرترین تاک توانادار بکرێن بۆ گەیشتن بە خەونەکانیان و ئارەزووەکانیان بەدیبێنن. ئێمە ئێستا لە هەموو کاتێک نزیکترین لەم ئامانجە-  بەڵام لە هەموو کاتێکیش نزیکترین لەوەی بۆمان دەربکەویت ئەم پرۆژەیە هەمووی لە سەر بنەمای وەهم داڕێژراوە. هەمان ئەو تەکنەلۆژییەی داهێنراوە بۆ یارمەتیدانی مرۆڤ لە بەدیهێنانی ئاواتەکانی دەتوانێ وابکات ئاواتەکان دابڕێژێتەوە. کەوایە چۆن من دەتوانم متمانە بە ئاواتەکانم بکەم؟

لە ڕوانگەیەکەوە، ئەم دۆزینەوەیە جۆرە ئازادییەکی تەواو نوێ دەبەخشێتە مرۆڤ. پێشتر، بە ئاوازی ئارەزووەکانمان هەڵدەپەڕین، ئازادیمان بۆ بەدیهێنانی ئەو ئارەزووانە دەویست. هەر کاتێک بیرێک بە مێشکماندا دەهات بە پەلە دەمانویست بیکەینە کردار. شەو و ڕۆژ وەکو شێت هەڵبەز و دابەزمان دەکرد. سواری چەرخوفەلەکی بیر و هەست و حەزمان دەبووین، کە بە هەڵە باوەڕمان وابوو ئەوانە نوێنەری ئیرادەی ئازادمانن. چ ڕوودەدات ئەگەر چیدی سواری ئەو چەرخوفەلەکە نەبین؟ چ ڕوودەدات ئەگەر بە وریاییەوە چاودێری ئەو بیرۆکەیە بکەین کە لەنێو مێشکمان هەڵدەتۆقێ و لە خۆمان بپرسین؟ ئەوە لە کوێوە پەیدا بوو؟

تێگەیشتن لەوەی بیرۆکە و حەزەکانمان ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ئازادمان نین دەتوانێ یارمەتیمان بدات کەمتر پێیانەوە سەرقاڵ بین.

کاتێک ئەم هەموو بایەخە بە ئارەزووەکانمان دەدەین، بە شێوەیەکی سروشتی هەوڵدەدەین کۆنتڕۆڵی تەواوی جیهان بگرینە دەست و بە گوێرەی ئارەزووەکانمان بیگونجێنین.

ئەگەر من خۆم وەک بوونەوەرێکی تەواو ئازاد ببینم، ئارەزووەکانم بە سەربەخۆیی تەواو هەڵببژێرم، ئەوە بەربەستێک لەنێوان من و هەموو بوونەوەرێکی دیکە درووست دەبێت. من بە ڕاستی پێویستم بە هیچ بوونەوەرێکی دیکە نابێت. چونکە من سەربەخۆم. ئەوە وادەکات بایەخی لەڕاددەبەدەر بە هەموو ئارەزووەکانم بدەم-  دواجار من ئارەزوویەکم لەنێو چەندین ئارەزووی دیکەدا هەڵبژاردووە. کاتێک ئەم هەموو بایەخە بە ئارەزووەکانمان دەدەین، بە شێوەیەکی سروشتی هەوڵدەدەین کۆنتڕۆڵی تەواوی جیهان بگرینە دەست و بە گوێرەی ئارەزووەکانمان بیگونجێنین. شەڕ هەڵدەگیرسێنین، دارستان دەبڕینەوە و هاوسەنگی ژینگە تێکدەدەین لەپێناو بەدیهێنانی ئارەزووەکانمان. بەڵام کە تێگەیشتین ئارەزووەکانمان دەرەنجامی بژاردەی ئازادمان نین، کەمتر پێیانەوە سەرقاڵ دەبین و هەست دەکەین زۆرتر بە جیهانی دەورەوبەرمانەوە بەستراوینەوە.

هەندێجار خەڵک وادەزانن ئەگەر واز لە باوەڕ بە ئیرادەی ئازادی بهێنین دەبینە کەسانی خەمسارد، لە قوژبنێکدا خۆمان گرمۆڵە دەکەین و لە برسان دەمرین. ڕاستییەکەی، دەستبەرداربوون لە وەهمی ”ئیرادەی ئازاد” دوو کاریگەری پێچەوانەی هەن: یەکەم؛ دەتوانێ پەیوەندییەکی بەهێزترمان لەگەڵ جیهان بۆ درووست بکات و زۆرتر لە خەمی ژینگە و پێویستییەکانی کەسانی دیکەدا بین. وەک ئەوەی کاتێک لەگەڵ کەسێک گفتوگۆ دەکەی، ئەگەر جەخت بخەیە سەر ئەوەی خۆت دەتەوێ بیڵێی، کەمتر گوێ دەگری. تەنیا چاوەڕێی هەلێک دەکەی بۆ ئەوەی بۆچوونی خۆت بە بەرامبەر بگەیەنی. بەڵام کاتێک بیرۆکەکانی خۆت بخەیتە لاوە، لەناکاو گوێت لە قسەی کەسانی دیکە دەبێت.

دووەم؛ بە وازهێنان لە ئەفسانەی ئیرادەی ئازاد کونچکاوییەکی قوڵمان تێدا چرۆ دەکات. ئەگەر تەنیا بە ئاوازی ئەو بیرۆکە و ئارەزووانە هەڵپەڕی کە لە مێشکتدا دەردەکەون، پێویست ناکا هەوڵی زۆر بدەی بۆ ناسینی خۆت. چونکە پێتوایە بە تەواوی دەزانی کێی. بەڵام کاتێک بۆت دەردەکەوێت ”سڵاو، ئەوە من نیم، بەڵکوو تەنیا دیاردەیەکی گۆڕاوی بایۆکیمیاییە!” ئەوکات ئەوەشت بۆ دەردەکەوێ کە هیچ ئاگادار نیت بە ڕاستی تۆ کێ یان چیت. دەکرێ ئەمە سەرەتای پڕجۆشترین گەشت بێت کە مرۆڤێک بتوانێ بیکات.

گومانکردن لە ئیرادەی ئازاد یان هەوڵدان بۆ دۆزینەوی سروشتی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتی نوێ نییە. ئێمەی مرۆڤ پێشتر هەزاران جار ئەم مشتومڕەمان کردووە. بەڵام پێشتر تەکنۆلۆژیای ئێستامان نەبوو. تەکنۆلۆژی هەموو شتێک دەگۆڕێت. کێشە فەلسەفییەکانی جیهانی کەونارا ئێستا دەبنە کێشەی کرداریی ئەندازیاری و سیاسەت. لەکاتێکدا فەیلەسوفان کەسانی زۆر ئارامگرن. دەتوانن ٣٠٠٠ ساڵ گفتوگۆ لە سەر شتێکی بێ ئەنجام بکەن. ئەندازیاران هێندە ئارامگر نین. سیاسییەکانیش کە هەر نازانن ئارامگرتن چییە.

لە سەردەمێکدا کە حکومەت و دامەزراوەکان دەتوانن مرۆڤ هاک بکەن لیبڕاڵ دیموکراسی چۆن دەتوانێ کار بکات؟ ئەو باوەڕە چەندی لێ ماوەتەوە کە دەڵێ”دەنگدەر باشتر دەزانێت” و ”کڕیار هەمیشە ڕاستە”؟ چۆن دەژیت کاتێک بۆت دەردەکەوێ تۆ ئاژەڵێکی دەکرێ هاک بکرێی، دەکرێ دڵت سیخوڕی حکومەت بێت و مێشکت بۆ پوتین کار بکات و، ئەو بیرۆکەیەی کە دواتر خۆی دەکات بە مێشکتدا ڕەنگە ئەنجامی ئالیگۆریتمێک بێت کە تۆ باشتر لە خۆت دەناسێ؟ ئەمانە سەرنجڕاکێشترین پرسیارگەلن کە ئێستا لەبەردەم مرۆڤایەتیدان.

بەداخەوە، پرسیارگەلێک نین هەموو کەسێک بیانکات. لە بری دۆزینەوەی ئەوەی لە پشت وەهمی ”ئیرادەی ئازاد”ەوە خۆی مەڵاسداوە، خەڵک لە هەموو جیهاندا لە بەرەو دواوە دەچن و  پەنا بۆ وەهمی کۆنتر دەبەن. لە بری ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاری هۆشی دەستکرد و بایۆئەندازیاری، زۆر کەس ڕوویان لە ئایین و فەنتازیای نەتەوەییە. کە تەنانەت زۆر کەمتریش لە لیبڕالیزم  لەگەڵ ڕاستی زانستی سەردەمەکەمان دەگونجێن . لە بری داهێنانی مۆدێلی سیاسی نوێ، ئەوەی لە سەر سینی پێشکەش دەکرێ پاکێجی گەرمکراوەی سەدەی بیستەم و تەنانەت سەدەکانی ناوەڕاستیشن.

مشتومڕکردن لە سەر کتێبی پیرۆز لە سەردەمی ڤۆڵتێردا گەرم بوو. باسوخواسی ناسیۆنالیزمیش فەلسەفەیەکی ڕەونەقداری سەدەیەک لەمەوبەر بوو-  باسکردنی ئەمانە لەم سەردەمەدا بە کات بەفیڕۆدان دەزانم.

کاتێک خۆت بەم فەنتازیا نۆستالژیانەوە سەرقاڵ دەکەی، خۆت دەبینیەوە کە نیشانەی پرسیار لە سەر ڕاستی قسەکانی کتێبی پیرۆز و واتاداری نەتەوە دادەنێی. (بە تایبەتی ئەگەر وکوو من لە ناوچەیەکی وەکوو ئیسڕائیل بژی). وەک بیرمەندێک، ئەمە نائومێدبوونە. مشتومڕکردن لە سەر کتێبی پیرۆز لە سەردەمی ڤۆڵتێردا گەرم بوو. باسوخواسی ناسیۆنالیزمیش فەلسەفەیەکی ڕەونەقداری سەدەیەک لەمەوبەر بوو-  باسکردنی ئەمانە لەم سەردەمەدا بە کات بەفیڕۆدان دەزانم. هۆشی دەستکرد و بایۆئەندازیاری خەریکن ڕێڕەوی پەرەسەندن دەگۆڕن، تەنیا چەند دەیەیەکمان لەبەردەمن تا بزانین چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بکەین. نازانم وەڵامەکان لە کوێ دەدۆزینەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە وەڵام لەو کتێبانەدا نییە کە هەزاران ساڵ لەمەوبەر نووسراون.

کەوایە چی بکرێت؟ پێویستە لە یەک کاتدا لە دوو بەرەوە شەڕ بکەین. پێویستە بەرگری لە لیبڕاڵ دیموکراسی بکەین، نەک تەنیا لەبەرئەوەی سەلماندوویەتی بێ زیانترین شێوازی حوکمڕانییە لەچاو شوینگرەوەکانی، بەڵکوو لەبەرئەوەش کە کەمترین سنوور دادەنێت لەبەردەم مشتومڕکردن لە سەر داهاتووی مرۆڤایەتی. لە هەمان کاتدا، پێویستە نیشانەی پرسیار لە سەر تێگەیشتنی نەریتی لە لیبڕالیزم دابنێین و، پەرە بە پرۆژەیەکی سیاسی نوێ بدەین کە باشتر بگونجێ لەگەڵ ڕاستی زانستی و هێزی تەکنۆلۆژی سەدەی ٢١.

میتۆلۆژیای یۆنان پێمان دەڵێت زیۆس و پۆسیدۆن، دوو گەورەترین خواوەند، لە سەر تێتیس، خواوەندی مێیینە لە ململانێدا بوون. بەڵام کاتێک بیستییان پیشبینی کراوە تێتیس کوڕێکی دەبێ کە لە باوکی بەهێزتر دەبێت، هەر دووکیان کشانەوە. لەبەر ئەوەی خواوەندەکان دەیانەوێ تا هەتایە بمێننەوە، نایانەوێ وەچەیەک بخەنەوە لە خۆیان بەهێزتر بێت. ناچار تێتیس شووی بە مرۆڤێک کرد، پاشا پێلوس، لەو ئەخیلیسی بوو. مرۆڤ کە دەزانێ لەنێو دەچێت، حەز دەکات وەچەکانی لە خۆی درەوشاوەتر بن. ڕەنگە ئەم ئەفسانەیە وانەیەکی بە سوودی تێدابێت. ئۆتۆکراتەکان کە حەز دەکەن بۆ هەمیشە لە دەسەڵاتدا بمێننەوە، حەز ناکەن هاندەری لەدایکبوونی بیرۆکەیەک بن کە شوێنیان بگرێتەوە. بەڵام دەوڵەتانی لیبڕاڵ دیموکراسی هانی درووستبوونی ڕوانینی نوێ دەدەن، تەنانەت بە قیمەتی درووستکردنی پرسیار لە سەر ئەو بنەمایانەی لە سەریان دامەزراون.

سەرچاوە:

https://www.theguardian.com/books/2018/sep/14/yuval-noah-harari-the-new-threat-to-liberal-democracy