ئه‌فسانه‌ی (ڕێبازی وه‌سفيی ـ شیكاريی) له ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ئه‌كادیمی كوردیدا
سه‌رچاوه‌كانی بواری میتۆدۆلۆژیای لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی به گشتی جه‌خت له پێویستبوونی (ڕێباز = المنهج = Method)ێك ده‌كه‌نه‌وه كه لێكۆڵه‌ر به‌پێی ئه‌و ڕێبازه دیاریكراوه‌ی كه گونجاوه له‌گه‌ڵ سروشت و جۆری بابه‌ته‌كه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجام ده‌دات.
هه‌ڵبه‌ته میتۆده‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی جیاواز و فره‌جۆرن، بۆیه لێكۆڵه‌ر له هه‌ڵبژاردنی میتۆدی كاره‌كه‌یدا، ڕه‌چاوی ته‌بایی و گونجاوی جۆری میتۆد و سروشت و ئامانجی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی ده‌كات.
ئاشكرایه لێكۆڵه‌ری بواره‌كانی ئهدهبناسيیش له‌به‌رده‌م هه‌مان هه‌لومه‌رجی هه‌ڵبژاردنی میتۆدێكدایه بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی، به‌و مانایه‌ی لێكۆڵه‌ری بواری ئه‌ده‌ب و ڕه‌خنه‌یش، پێویسته میتۆدبهندییهك بۆ خۆی دیاری بكات، چونكه «هه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك شوێن پێی میتۆدێكی زانستی هه‌ڵنه‌گرێت ئه‌نجامێكی ورد و ڕۆشنی نابێت و خودی ئه‌م جۆره لێكۆڵینه‌وانه، ته‌نها بریتی ده‌بێت له كه‌ڵه‌كه‌كردنی چه‌ند زانیارییه‌ك و له‌ڕووی چۆنێتییه‌وه شتێكی نوێمان پێنابه‌خشێت»[1].
لێره‌وه گرنگی ئاماژه‌پێدانی لێكۆڵه‌ری ئه‌ده‌ب و ڕه‌خنه به جۆری میتۆدبه‌ندیی كاره‌كه‌ی دێته ئاراوه، خودی كرده‌ی ئه‌م ئاماژه‌پێدانه له‌لایه‌ك په‌یوه‌سته به ئاستی هۆشمه‌ندیی میتۆدگه‌رایی لێكۆڵه‌ره‌وه و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه چه‌نده په‌ی به جۆر و ئامانجی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی خۆی بردووه، تا جۆره هاوسه‌نگیی و ته‌باییه‌ك ڕابگرێت له نێوان لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی و جۆری ئه‌و میتۆدبهندییهی كه هه‌ڵیده‌بژێرێت.
ئه‌گه‌ر له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه سه‌رنجێكی لێكۆڵینه‌وه‌كانی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ئه‌كادیمی كوردی بده‌ین ـ به تایبه‌ت نامه‌كانی ماسته‌ر و دكتۆرای به‌شه كوردییه‌كانی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان ـ ده‌بینین ئه‌م نامانه كه له بواری بابه‌ت و ژانری ئه‌ده‌بی جیاوازن، زۆربه‌یان له ئاماژه‌دان به (ڕێبازی لێكۆڵینه‌وه)كه‌یان نووسیویانه، ڕێبازی لێكۆڵێنهوهكهیان (ڕێبازی وه‌سفيی ـ شیكاریی)یه و هه‌ندێكیشیان ده‌سته‌واژه‌ی (ڕێبازی مێژوویی)یان بۆ زیادكردووه، واته (ڕێبازی وه‌سفيی ـ شیكاریی ـ مێژوويی).
جێی سه‌رنجه لێكۆڵینه‌وه‌كان كه سه‌ر به ژانری ئه‌ده‌بی جیاوازن و بوار و بابه‌تی جیاوازیان له‌خۆگرتووه، وه‌ك (وێنه‌ی شیعريی)، (بنياتى ڕووداو كاره‌كته‌ر)، ( نامۆیی)، (ئایینی)، (ته‌كنیكی گێڕانه‌وه)،… هتد، كه‌چی لێكۆڵه‌ری ئه‌م نامانه هه‌ر هه‌موویان نووسیویانه سوودیان له ڕێبازی (وه‌سفيی ـ شیكاریی) بینیوه!
به‌ڕاستی ئه‌م دیارده‌یه جێی سه‌رنج و پرسیارێكی گوماناویشه، ئه‌رێ ئه‌وه چ میتۆدێكه بۆ بابه‌ته جیاوازه‌كانی (ته‌كنیكی گێڕانه‌وه) و (ڕه‌هه‌ندی ئایینی) و (وێنه‌ی شیعریی)یش هه‌ر گونجاو و دروسته؟!
وه‌ك بڵێی ده‌سته‌واژه‌ی (ڕێبازی وه‌سفيی شیكاريی) ئامرازێكی ئه‌فسانه‌ییه و له هه‌موو لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك وه‌ك فریادڕه‌سێك ئاماده‌یی هه‌یه.!
هه‌ڵبه‌ته سوود بینین له ڕێبازی (شیكاريی = التحلیلى) یان (وه‌سفيی = الوصفی) یان له هه‌ردووكیان پێكه‌وه ڕه‌نگه ئاسایی بێت و كێشه‌یه‌ك نه‌بێت، ئه‌وه‌ی لێره‌دا بووه‌ته كێشه‌یه‌كی میتۆدولۆژی بۆ ئه‌م نامه ئه‌كادیمییانه، ئه‌وه‌یه كه ئه‌م زاراوه میتۆدبهندییانه به شێوه‌یه‌كی دروستی زانستییانه له‌ڕووی هه‌نگاوی كرده‌یی و ئه‌نجامه‌كانیانه‌وه، نه‌ساز و دژن له‌گه‌ڵ چه‌مكی ڕێبازی (وه‌سفی ـ شیكاریی) به مانا ورد و زانستییه‌كه‌ی.
به بۆچوونی من سه‌رچاوه‌ی ئه‌م هه‌ڵه میتۆدۆلۆژییه بۆ چه‌ند خاڵێك ده‌گه‌ڕێته‌وه:
1ـ نه‌بوونی هۆشمه‌ندییه‌كی زانستییانه له ئاست میتۆدگه‌رایی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی به گشتی و له ئاست میتۆده‌كانی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی به تایبه‌تی.
2ـ نه‌بوونی تێگه‌یشتنێكی ورد و زانستییانه بۆ خودی چه‌مكه‌كانی (ڕێبازی وه‌سفيی)، (ڕێبازی شیكاریی)، (ڕێبازی مێژوویی).
3ـ جیانه‌كردنه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندێتی ئه‌م ڕێبازانه له‌نێو كایه مه‌عریفییه جیاوازه‌كاندا، بۆ نموونه ڕه‌چاو نه‌كردنی سیما و ئه‌دگاری چه‌مكی (ڕێبازی وه‌سفیی) له بواری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له‌گه‌ڵ بواره‌كانی دیكه‌ی وه‌ك په‌روه‌رده و زمان‌ناسی و كۆمه‌ڵناسی.
4ـ ده‌ستنیشان نه‌كردنی بواری لێكۆڵینه‌وه‌ی نامه ئه‌كادیمییه‌كان له‌نێو بازنه‌ی لقه‌كانی ئه‌ده‌بناسیدا، ئه‌مه ده‌كرێ له‌گه‌ڵ ڕوونكردنه‌وه و ناساندنی ناونیشانی لێكۆڵینه‌وه‌كه ئاماژه‌ی پێبكرێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌مه هۆكاره‌كانی ئه‌و هه‌ڵه میتۆدۆلۆژییه‌ی نێو ڕه‌خنه‌ی ئه‌كادیمی كوردی بن، ئه‌وا له‌م نووسینه كورته‌دا ڕوونكردنه‌وه‌ی چه‌مكه‌كانی (ڕێبازی وه‌سفیی ـ شیكاریی ـ مێژوویی) به پێویستی ده‌زانین وه‌كو هه‌نگاوێك له پێناو ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی ناوبراو.
یه‌كه‌م: ڕێبازی وه‌سفيی (المنهج الوصفي = Descriptive Method) ئاماده‌بوونی زاراوه‌ی (ڕێبازی وه‌سفيی) له‌نێو بواره جیاوازه‌كانی زانست و مه‌عریفه‌دا، مانا و مه‌به‌ستی جیاوازی به زاراوه‌كه به‌خشیوه له ئاستی به‌كارهێنانیدا، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا خاڵی هاوبه‌ش هه‌یه له‌نێو ئه‌م بواره جیاوازانه‌دا له‌ڕووی تیۆرییه‌وه، به‌ڵام له هه‌ر بوارێكدا ئاماده‌بوونی ئه‌م زاراوه‌یه تایبه‌تمه‌ندێتی جۆر و سروشتی لێكۆڵینه‌وه‌كه له‌خۆ ده‌گرێت.
ئاماده‌بوون و پراكتیزه‌كردنی به‌ربڵاوی (ڕێبازی وه‌سفیی) بۆ سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌مه‌ش به كاریگه‌ری تیۆری زمان‌ناسی سویسری فهردينان دۆ سۆسێر (١٨٥٧ـ ١٩١٣).
هه‌ڵبه‌ته لێكۆڵه‌رانی زمان‌ناسی به‌ر له سۆسێر ـ واتا له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م ـ پتر گرنگییان به لێكۆڵینه‌وه‌ی (مێژوویی) و (به‌راوردكاری) (Comparative philology) داوه.
به‌ڵام سۆسێر وه‌رچه‌رخانێكی له‌م بواره به‌رپاكرد، ئه‌ویش به هه‌ندوه‌رگرتنی لێكۆڵینه‌وه‌ی خودی زمان دوور له ڕه‌وتی مێژوویی[2]، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه كه «زمان پێكهاته‌یه‌كی یه‌كگرتووی سه‌ربه‌خۆیه»[3].
سوسێر دوو جۆر لێكۆڵینه‌وه‌ی زمانی له‌یه‌ك جیاكرده‌وه كه بریتیین له لێكۆڵینه‌وه‌ی (هاوكاتی = Synchrony) و (به‌دوای یه‌كداهاتن = diachronic) به ڕای زمان‌ناسان ئه‌م دوو جۆره لێكۆڵینه‌وه‌یه «دوو میتۆدی زۆر گرنگن له دیراسه‌كردنی زماندا» [4].
لێكۆڵینه‌وه‌ی (Diachronic) گرنگی به په‌ره‌سه‌ندن و گۆڕانكاری زمان ده‌دات له چوارچێوه‌ی قۆناغه مێژووییه جیاوازه‌كاندا[5]. هه‌رچی لێكۆڵینه‌وه‌ی (Synchrony) له خودی پێكهاته‌ی زمان ده‌كۆڵێته‌وه له كاتێكی دیاریكراودا، به‌و مانایه‌ی «خۆی به‌و هه‌موو گۆڕان و په‌ره‌سه‌ندنانه‌ی زمانه‌وه له قۆناغه یه‌ك به‌دوای یه‌كه‌كاندا خه‌ریك ناكات».[6]
كه‌واته «ئه‌وه‌ی سۆسێر مه‌به‌ستێتی ئه‌وه‌یه زمان به‌شێوه‌یه‌كی وه‌سفی نه‌ك مێژوویی یان پێوانه‌یی توێژینه‌وه‌ی له‌باره‌وه بكرێت».[7]
كه‌واته له دیدی (سۆسێر)ةەوه ئه‌ركی لێكۆڵه‌ری زمان بریتییه له خستنه‌ڕووی پێكهاته‌ی بڕگه‌كانی خودی زمان و شیكردنه‌وه‌ی دیارده‌كانى وه‌كو خۆی كه هه‌یه و له كاتێكی دیاریكراویشدا بێت. ئه‌م جۆره كاركردنه به (میتۆدی وه‌سفیی) ناسراوه و به ڕای زۆرێك له شاره‌زایانی بواری زمانناسیی به ديارترين قوتابخانه و ميتۆدى ليكۆڵينهوهى زمانناسيى نوێ داده‌نرێت،[8] له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ڕێبازی وه‌سفیی به‌وه ناسێنراوه كه «میتۆدێكی زمانه‌وانییه، زمانی كار له‌سه‌ركراو وه‌كو خۆی ده‌خاته‌ڕوو، باسی ڕه‌گه‌ز و تایبه‌تمه‌ندییه‌كان و پێوه‌ندی نێوانیان ده‌كات، بێ ئه‌وه‌ی تێكه‌ڵی هۆكاری خودیی و بیروبۆچوونی تاكه كه‌سيی ببێت»[9].
- گرنگترین تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ڕێبازی وه‌سفيی:
له‌و ڕوانگه‌یه‌وه كه (ڕێبازی وه‌سفيی) له‌سه‌ر ده‌ستی (سۆسێر) بره‌وی پێدراوه و وه‌رچه‌رخانێكی له لێكۆڵینه‌وه‌ی زمانناسییدا دروست كرد، بۆیه ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی كه تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی (ڕێبازی وه‌سفیی)یان دیاریكردووه، زیاتر له‌نێو بازنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانی زمانه‌وانیدا ده‌یخه‌ینه‌ڕوو[10].
ئه‌ركی لێكۆڵه‌ر له (ڕێبازی وه‌سفيی)دا، پتر خستنه‌ڕووی وه‌ك خۆی دیارده و بابه‌ته‌كانی زمانه له ئاسته جیاوازه‌كاندا، دوور له بڕیار و هه‌ڵسه‌نگاندن، چونكه لێكۆڵه‌ر زياتر وه‌ڵامی پرسیاری (چۆن) ده‌داته‌وه نه‌ك (بۆچی)،
دوور له‌م ورده‌كارییه‌ی بواری زمانه‌وانی، ته‌نها به گشتی له‌ڕووی كاری میتۆدبهندییهوه، گرنگترین تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی (ڕێبازی وه‌سفیی) له‌م چه‌ند خاڵه‌دا ده‌خه‌ینه‌ڕوو:
1ـ گرنگیدان به خودی پێكهاته‌كانی زمان، دوور له هۆكار و قۆناغی مێژوویی.
2ـ ئه‌ركی لێكۆڵه‌ر له (ڕێبازی وه‌سفيی)دا، پتر خستنه‌ڕووی وه‌ك خۆی دیارده و بابه‌ته‌كانی زمانه له ئاسته جیاوازه‌كاندا، دوور له بڕیار و هه‌ڵسه‌نگاندن، چونكه لێكۆڵه‌ر زياتر وه‌ڵامی پرسیاری (چۆن) ده‌داته‌وه نه‌ك (بۆچی)، به ده‌ربڕینێكی دی لێكۆڵه‌ری جێبه‌جێكاری ڕێبازی وه‌سفیی سه‌رقاڵی توێكاریی زمانه، بێ بڕیار و بۆچوونی خۆی[11].
- ڕێبازی وه‌سفيی له ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییدا:
ئاماده‌بوونی ڕێبازی وه‌سفيی وه‌ك میتۆدێكی ڕه‌خنه‌یی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، هاوكات له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی قوتابخانه‌ی بونیادگه‌ری زمانه‌وانی و كار‌و كاریگه‌ری بزاڤی فۆرمالیستی ڕووسی (1915 ـ 1930 ـ Russian Formalism) ڕه‌وتێكی نوێی ڕه‌خنه هاته ئاراوه.
هێڵی ستراتیژی ئه‌م ڕه‌وته نوێیه، گرنگیدان بوو به خودی پێكهاته‌ی ناوه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی، ئه‌مه‌ش وه‌كو كاردانه‌وه‌یه‌كی ئه‌و ڕێباز و ئاراسته ڕه‌خنه‌ییانه‌ی كه هه‌تا سه‌ده‌ی نۆزده‌ش پتر گرنگییان به هۆكار و هه‌لومه‌رجه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق (مێژوو، ژین و ژینگه و ئایدیای نووسه‌ر) ده‌دا.
ئه‌م گرنگیدانه به خودی پێكهاته‌ی ده‌ق، ڕواڵه‌تێكی كاریگه‌ری تیۆره‌كه‌ی سۆسێر و ڕوانینی فۆرمالیسته‌كان بوو بۆ ئه‌ده‌ب.
فۆرمالیسته‌كان جه‌ختیان له‌وه ده‌كرده‌وه كه «ئه‌ده‌ب سیستمێكی تایبه‌تمه‌ندی زمانییه»[12] له‌ملایشه‌وه سۆسێر له لێكۆڵینه‌وه‌ی زماندا، جه‌ختی له گرنگی لێكۆڵینه‌وه‌ی خودی زمان ده‌كرده‌وه، لێره‌وه جۆرێكی نوێ له ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی نوێ هاته كایه‌وه كه به (ڕه‌خنه‌ی وه‌سفیی) یان (ڕێبازی وه‌سفیی) ناسرا.
كه‌واته له پێناسه‌یه‌كی كورتدا ده‌كرێ بڵێین:
«ڕه‌خنه‌ی وه‌سفيی بریتییه له خوێندنه‌وه و شیكردنه‌وه و ڕوونكردنه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی، به مه‌به‌ستی دیارخستنی بونیادی ڕه‌گه‌زه پێكهێنه‌ره‌كانی، نه‌ك بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و بڕیاردان له‌سه‌ری له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌ند پێوه‌رێك و دواتریش جیاكردنه‌وه‌ی ده‌قی چاك و خراپ له یه‌كدی و ئاراسته‌كانی چه‌ند ڕێنماییه‌ك»[13].
له ڕه‌خنه‌ی پێوهریيدا، ڕه‌خنه‌گر له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌ند پێوه‌رێكی ئیستاتیكی یان به‌های مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌قی ئه‌ده‌بی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت و بڕیاری به‌سه‌ر ده‌دات، به‌ڵام له ڕه‌خنه‌ی وهسفیيدا ڕه‌خنه‌گر ته‌نها سیما و پێكهاته‌ی ڕه‌گه‌زه‌كانی ده‌ق و پێوه‌ندی و كاریگه‌ری نێوانیان ده‌خاته‌ڕوو، بێ بڕیاردان و هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌ق.
چه‌مكی (ڕێبازی وه‌سفيی) له لێكۆڵینه‌وه زمانییه‌كاندا، زیاتر وه‌كو كاردانه‌وه‌یه‌ك له به‌رانبه‌ر (ڕێبازی مێژوويی) سه‌ری هه‌ڵداو له‌م بواره‌دا وه‌كو دوو چه‌مكی پێچه‌وانه‌ی یه‌كتر داده‌نرێن. به‌ڵام له‌ناو ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا چه‌مكی (ڕێبازی وه‌سفيی) وه‌ك دوالیزمێكی هاودژ له‌گه‌ڵ (ڕێبازی پێوهريی = النقد المعیاری = Criticism normative) باس ده‌كرێن.
له‌م چوارچێوه‌شدا جیاوازییه‌كه له‌وه‌دایه كه له ڕه‌خنه‌ی پێوهریيدا، ڕه‌خنه‌گر له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌ند پێوه‌رێكی ئیستاتیكی یان به‌های مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌قی ئه‌ده‌بی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت و بڕیاری به‌سه‌ر ده‌دات[14]، به‌ڵام له ڕه‌خنه‌ی وهسفیيدا ڕه‌خنه‌گر ته‌نها سیما و پێكهاته‌ی ڕه‌گه‌زه‌كانی ده‌ق و پێوه‌ندی و كاریگه‌ری نێوانیان ده‌خاته‌ڕوو، بێ بڕیاردان و هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌ق.
دووه‌م: (ڕێبازی شیكاريی = المنهج التحلیلی = Analytical Method)
له سه‌رچاوه‌كانی ڕه‌خنه‌ی ئهدهبیيدا له دیدی جیاواز و به ده‌ربڕینی جیاواز پێناسه‌ی (ڕێبازی شیكاریی) و (ڕه‌خنه‌ی شیكاریی) كراوه.
ڕه‌خنه‌گرێكی وه‌كو د‌یڤید دێتشس پێیوایه، هه‌ڵه‌یه گه‌ر ڕێبازی شیكاريى به ڕێبازێكی ڕه‌خنه‌یی سه‌ربه‌خۆ دابنرێت، به‌ڵكوو ته‌نیا شێواز و ڕێگه‌یه‌كه له لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌ق
ته‌نانه‌ت به‌لای هه‌ندێك له توێژه‌رانه‌وه میتۆدێكی ڕه‌خنه‌یی سه‌ربه‌خۆیه، به‌ڵام ڕه‌خنه‌گرێكی وه‌كو د‌یڤید دێتشس (1912 ـ 2005) پێیوایه، هه‌ڵه‌یه گه‌ر ڕێبازی شیكاريى به ڕێبازێكی ڕه‌خنه‌یی سه‌ربه‌خۆ دابنرێت، به‌ڵكوو ته‌نیا شێواز و ڕێگه‌یه‌كه له لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌ق[15]. ته‌نانه‌ت هه‌ندێك ڕه‌خنه‌گر وه‌كو حاته‌م سه‌گر ڕاسته‌وخۆ ده‌ڵێت: «شیكاریی ده‌ق ، میتۆدێكی سه‌ربه‌خۆ نییه… به‌ڵكو.. ڕواڵه‌تی چه‌ند دیدێكی میتۆدییه، نه‌ك میتۆدێكی سه‌ربه‌خۆ»[16]. به ده‌ربڕینێكی ڕوونتر، ده‌كرێ چه‌ند میتۆدێكی ڕه‌خنه‌یی هه‌بێت كه كرده‌ی شیكردنه‌وه یه‌كێك بێت له ئه‌دگار و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانیان، به‌ڵام شیكردنه‌وه بۆ خۆی له خۆیدا میتۆدێكی ڕه‌خنه‌يی سه‌ربه‌خۆ نییه.
خودی زاراوه‌ی (شیكردنه‌وه = شیكاریی = التحلیل = Analysis)ش به‌پێی بواری به‌كارهێنانه‌كه‌ی مانایه‌كی وردتر وه‌رده‌گرێت.
له‌ڕووی فه‌لسه‌فه‌ییه‌وه (شیكردنه‌وه) ڕێبازێكی هزرییه به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی كار له‌سه‌ر دابه‌شكردنی (گشت = الكل) به‌سه‌ر (به‌ش= الجز‌ء) ده‌كات[17].
له‌بواری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیشدا كه زاراوه‌ی (شیكردنه‌وه‌ی ده‌ق = تحلیل النص) به‌كارده‌هێنرێت به شێوه‌یه‌كی گشتی بریتییه له «شیكردنه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی بۆ ڕه‌گه‌ز و به‌شه پێكهێنه‌ره‌كانی»[18] و «به‌دیارخستنی سروشتی پێوه‌ندی نێوانیان»[19].
ئه‌وه‌ی به‌لای ئێمه‌وه گرنگه ئه‌وه‌يه (ڕه‌خنه‌ی شیكاریی) به میتۆدێكی سه‌ربه‌خۆ دابنرێت یان دانه‌نرێت، ئه‌وه‌یه له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا شاره‌زایان جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه له ڕه‌خنه‌ی شیكاریدا، گرنگی به ژین و ژینگه و ئایدیای نووسه‌ر نادرێت، له‌م میانه‌دا (د. عەدنان خالید عەبدوڵڵا) ده‌ڵێت: «ئه‌گه‌رچی ڕێگه‌ی شیكاریی، شێوازێكی میتۆدبه‌ندیی هه‌یه بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب، به‌ڵام له‌لایه‌كی دیكه‌وه پێوه‌ندی نێوان ده‌قی ئه‌ده‌بی و ژیان و بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی نووسه‌ر فه‌رامۆش ده‌كات»[20]. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ی (ڕه‌خنه‌ی شیكاریی) به‌لای هه‌ندێك له ڕه‌خنه‌گرانه‌وه له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌یه كه ڕه‌خنه‌ی شیكاریی مۆركێكی زانستی و بابه‌تیانه‌ی هه‌یه و بایه‌خ و گرنگی ئه‌م ڕه‌خنه‌یه‌ش له‌م ئهدگارهیدایه، چونكه ڕێبازی شیكاريی ئامرازێكه بۆ شرۆڤه‌كردنی ده‌قی ئه‌ده‌بی له ناوه‌وه‌ی خۆی، دوور له حه‌ز و ئاره‌زووی نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گریش[21].
سێيه‌م: ڕێبازی مێژوويی (المنهج التاریخی = Historical Method)
ئاماده‌بوونی (مێژوو) له نێو لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بییدا، ده‌ركه‌وتنی جیاوازی هه‌یه لێره‌دا (مێژوو) سێ ڕواڵه‌تی جیاوازی هه‌یه:
1ـ مێژوو به‌مانا گشتییه‌كه‌ی (مێژووی بارودۆخی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی).
2ـ مێژوو، وه‌ك (مێژووی ئه‌ده‌ب) كه لقێكی ئهدهبناسییه و له پرۆسه‌ی سه‌رهه‌ڵدان و په‌ره‌سه‌ندنی باری ئه‌ده‌بی ده‌كۆڵێته‌وه و به‌پێی قۆناغی مێژوویی چۆنێتی و چه‌ندێتی بوونی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی میلله‌تێك ده‌خاته‌ڕوو[22].
3ـ مێژوو: وه‌كو میتۆدێكی ڕه‌خنه‌یی به (ڕه‌خنه‌ی مێژوویی) یان (میتۆدی مێژوویی) ناوده‌برێن ده‌قی ئه‌ده‌بی ده‌كاته كه‌ره‌سته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی خۆی.
ئه‌م ڕێبازه له‌و ڕوانگه‌یه‌وه ته‌ماشای ئه‌ده‌ب ده‌كات كه ده‌ق به‌رهه‌می نووسه‌ره‌و نووسه‌ریش وێنه‌یه‌كی كه‌لتووری خۆیه‌تی و كه‌لتووریش زاده‌ی قۆناغ و ژینگه‌یه‌كی دیاریكراوه[23]، لێره‌وه بۆ شرۆڤه‌كردنی ده‌قی ئه‌ده‌بی پشت به ساخكردنه‌وه‌ی قۆناغی مێژوویی ژین و ژینگه‌ی نووسه‌ر ده‌به‌ستێت. هه‌ر له چوارچێوه‌ی ڕێبازی مێژوویی‌دا ئاراسته‌یه‌كی دیكه كه ده‌قی ئه‌ده‌بی ده‌كاته پاشكۆی ڕووداوی مێژوویی. له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌ده‌ب ده‌بێته به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ڕووداوێكی مێژوویی به‌كاردێت، ئه‌م ئاراسته‌یه هێنده سه‌رقاڵی ڕووداوی مێژوویی ده‌بێت كه گرنگییه‌كی ئه‌وتۆ به ڕه‌هه‌ندی ئیستاتیكی ده‌ق نادات و به وته‌ی د.عەلی جەواد تاهیر ئه‌م جۆره كاركردنه ناچێته نێو بازنه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه.
له ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردیدا، نووسینێكی نووسه‌ری كۆچكردوو مسته‌فا نه‌ریمان به ناونیشانی (ره‌نگدانه‌وه‌ى شه‌ڕی ئاوباريك له شیعری كوردیدا) كه له گۆڤاری (كاروان) ژمارە 87 سالى 1990 بڵاوكراوه‌ته‌وه، نموونه‌یه‌كی دیاری ئه‌م جۆره ڕه‌خنه‌یه‌یه. ناوبراو ده‌قی شیعریی كردۆته به‌ڵگه‌ی ساخكردنه‌وه‌ی شوێن و چۆنێتی لایه‌نه به‌شداربووه‌كانی شه‌ڕی ئاوبارێك. ههنديك له نامه‌كانى ماسته‌ر و دكتۆراش ده‌يان لاپهرهيان تێدايه كه هاوشێوه‌ى نووسينهكەى مسته‌فا نهريمانن.
ئه‌مانه‌ی باسكران كورته ناساندنێك بوو بۆ هه‌ر سێ چه‌مكی (ڕێبازی وه‌سفيی)، (ڕێبازی شیكاريی)، (ڕێبازی مێژوویی).
كێشه‌ی سه‌ره‌كی نامه ئه‌كادیمییه‌كانی به‌شه كوردییه‌كانی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌وه‌یه كه نه‌ك هه‌ر هه‌ست ناكرێت ئه‌م چه‌مكانه به شێوه‌یه‌كی دروستی زانستییانه به‌كارهێنرابێت، به‌ڵكوو به وردبوونه‌وه له لایه‌نه تیۆریی و پراكتیكییه‌كانی هه‌ر نامه‌یه‌ك بۆت ده‌رده‌كه‌وێت، شرۆڤه‌كردنى ده‌قه‌كان و ته‌نانه‌ت ئه‌نجامى ليكۆڵينهوهكهش پێچه‌وانه‌ی بنه‌مای ئه‌و ڕێبازه ڕه‌خنه‌ییه كه گوایه له نامه‌كه‌دا جێبه‌جێ كراوه[24].
بۆ نموونه له زۆرێك له نامه‌كاندا نووسراوه لێكۆڵه‌ر سوودی له (ڕێبازی وه‌سفيی شیكاريی) بینیوه، كه‌چی نامه‌كان پڕن له بڕیاری ڕه‌خنه‌یی و باسكردنی ژین و ژینگه و ئایدیا و باری ده‌روونیی نووسه‌ر، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی بنچینه‌كانی كاری (ڕێبازى وه‌سفيى شيكاریى)يه. ئه‌مه لهكاتيكداله نێو ره‌خنه‌ى ئهدهبييدا (وه‌سفيى و شيكاريى) ڕێبازى سه‌ربه‌خۆ نین و ته‌نیا ئه‌دگار و سیمای چه‌ند ميتۆدێكن. كه‌واته له زۆربه‌ى نامه ئه‌كاديمييه‌كاندا به شێوه‌يكى دروستى زانستييانه ئاماژه به ميتۆدى ليكۆڵينهوهكان نه‌دراون، ئه‌مه ئه‌گه‌ر پهيڕهوييان له ميتۆبهنديى كردبێت .
په‌راوێز و سەرچاوه‌كان
[1] د.أحمد علبی، المنهجیة فی البحث الأدبی، ط(1)، دار الفارابی، بیروت، 1999، ل189.
[2] د. نایف خرما، أضواء علی الدراسات اللغویة المعاصرة، المجلس الوطنی للثقافة والفنون ولآدب، الكویت، 1978، ل(100 ـ 101).
[3] فردينان دی سوسور، علم اللغة العام، ت: د.یوئیل یوسف عزیز، ط(2)، بیت الموصل، 1988، ل(27).
[4] پوخته‌یه‌ك ده‌رباره‌ی زمان‌ناسی، سه‌لام ناوخۆش، هه‌ولێر، 2005، ل27.
[5] هه‌مان سه‌رچاوه، ل26.
[6] هه‌مان سه‌رچاوه، ل2٧.
[7] ابراهیم خلیل، تیۆر‌و ڕێبازه‌كانی زمان، و: د.نه‌ریمان عه‌بدولڵا خۆشناو، چاپی یه‌كه‌م، ناوه‌ندی ئاوێر، هه‌ولێر، 2016، ل82.
[8] د. تمام حسن، اللغة بین المعیاریة والوصفیة، ط(4)، عالم الكتب القاهرة، 2000، ل13، هه‌روه‌ها: د.نوزاد حسن احمد، المنهج الوصفی فی كتاب سیبویة، ط(1) منشورات جامعة قاریونس، بنغازی، 1996، ل23.
[9] د. نعمة رحیم العزاوی، مناهج البحث اللغوی بین التراث والمعاصرة، منشورات المجمع العلمی، بغداد، 2001، ل106.
[10] بۆ نموونه ى ئه‌م بابه‌ته بڕوانه:
ـ د. نوزاد حسن احمد، المنهج الوصفی فی كتاب سیبویه، ل28 ـ 29.
ـ د. نعمة رحیم العزاوی، مناهج اللغوی، ل104 ـ 105.
[11] د. تمام حسن، اللغة بین المعیاریة والوصفیة، ل 24.
[12] د. تمام حسن، اللغة بین المعیاریة والوصفیة، ل 24.
[13] د. أحمد عبدالجبار فاضل، الأحكام الشعریة فی المجالس الشعریة بین المعیاریة والوصفیة، مجلة (كلیة التربیة للبنات) العدد (1) 2015، ل239.
[14] د. عزالدین اسماعیل، مناهج النقد الأدبی بین المعیاریة والوصفیة، مجله (فصول) العدد2، 1981، ل16.
[15] دیفید دیتشس، مناهج النقد الأدبى، ت د يوسف محمدنجم ،ل(485)، هه‌روه‌ها عبدالسلام المسدی، الأسلوب والأسلوبیة، ل115.
[16] حاتم الصكر، ترویض النص، ل12.
[17] مجدی وهبة، معجم مصطلحات الأدب، ل(16)، هه‌روه‌ها عبدالسلام المسدی، الأسلوب والأسلوبیة، ل115
[18] د. أمیل یعقوب وآخرون، قاموس المصطلحات اللغویة والأدبیة، ل112.
[19] نواف نصار، معجم المصطلحات الأدبیة، ل70.
[20] د. عدنان خالد عبدالله، النقد التطبیقی التحلیلی، ل17.
[21] د. سمیر سرحان، النقد الموضوعی، ل9ـ 10.
[22] د. فؤاد مرعی، مقدمة فی علم الأدب، ل6.
[23] د. یوسف وغلیسی، مناهج النقد الأدبی، ل15.
[24] لێره‌دا مه‌به‌ستمان زۆربه‌ی نامه‌كانه، نه‌ك هه‌مووی، چونكه له چه‌ند نامه‌یه‌كدا كه زۆر كه‌من، به شێوه‌یه‌كی زانستی په‌یڕه‌وی له میتۆدبه‌ندیی ڕه‌خنه‌یی كراوه، ئه‌مه له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، به دووری نازانم خۆشم یان قوتابییه‌كی منیش هه‌مان هه‌ڵه‌ی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیبێت، ئه‌مه ئاساییه هه‌موومان ئه‌گه‌ری ههڵهكردنمان هه‌یه، گرنگ ئه‌وه‌یه هه‌ر كاتێ هه‌ستمان كرد هه‌ڵه‌یه‌ك هه‌یه، هه‌وڵی ڕاستكردنه‌وه‌ی بده‌ین.