من بەرەی ڕۆشنبیرانم هەڵبژارد
دیمانەیەک لەگەڵ ئەکتەری بەناوبانگی فەڕەنسی ژۆن پیێر لێیۆ
ئایا دەتوانرێ هەم ئەفسانە بیت هەم شادومان و سەرحاڵ؟ بەڵێ، ژۆن پیێر لێیۆ[1] ئەمە دەسەلمێنێ. ئەکتەرە ناسراوەکەی شەپۆڵی نوێ[2]ی سینەما و خاوەنی جوانترین فیلمەکانی ئەوروپا و عاشقە سەرسەختەکەی سینەما و ”ڕۆشنبیر”ە خەباتکارەکە. ڕازی بوو کە لەگەڵماندا دیمانەی ڕۆژنامەوانی بکات. مێزی چێشتخانە دڵخوازەکەی لە گەڕەکی مۆنتپەرناسی پاریس کۆی کردینەوە. ئەو لەگەڵ هاوژینەکەی، بریژیت دوڤیڤیێ هاتبوو، لەبەر ئەوەی وەک خۆی دەیگوت ”کە هاوژینەکەم لێرەیە من دەگەشێمەوە”
چەندین ساڵە دیمانەی ڕۆژنامەوانی نەکردووە، بەڵام خۆی ئامادە دەکات بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ”چلەخورمای زێڕینی شەرەف”ی فێستیڤاڵی کان.
دیمانە: تیری لونا و ئۆرێلیا بێلۆنژێ
سەرچاوە گۆڤاری SOFILM
ببوورن کە من ڕیتمی پرسیار و وەڵام ناپارێزم. بەوە ڕانەهاتووم کە پرسیاری ڕۆژنامەوانان وەڵام بدەمەوە. باشیشی لێ نازانم و ڕاهێنانم لەسەری نەکردووە. وزەی باشی دەوێ دیمانە. لە کاتی مردنی فڕۆنسوا تروفۆوە، دەترسم لەوەی زۆر ڕەخنەم لێ بگیرێ. دەترسم لەوەی کە ئەو وێنە نێرجسییە و بایی بوونەی بۆ خۆمم هەیە پڕ بە زوومی کامێرا نەبێت!
*تروفۆ[3] وەها باسی تۆی دەکرد کە ئەکتەرێکی”دژەدۆکیۆمێنتار” و دژی فیلمی خەیاڵێت.. لەمەدا لەگەڵ ئەو هاوڕایت؟
لە سینەمادا ڕەنگە، بەڵام لە ژیاندا، نەخێر. لە ژیانی ڕۆژنەدا بە تەواوی جیاوازم وەک لەوەی لە سینەمادا هەم.
لەکاتی وێنەگرتنی فیلمدا، ئامادەم، موزیک و تێکستەکەم لایە. کامێرا هەیە. تەنیا ئەوە دەمێنێ کە ڕۆڵ ببینم و ئەو کارەکتەرە دروست بکەم کە دەبێ بە جەستەی خۆم دروستی بکەم. لە ژیانی ڕۆژنەماندا ئەو شتانە نین. بۆیە لە ژیانی ئاساییدا کارەکتەر دروست ناکەم. چاکەت و بۆینباخەکەم لەبەر دەکەم، بەڵام هیچ ڕوونادات. ژیان لای من تەنیا ئەو کاتەیە کە ڕۆڵ دەبینم و وێنە دەگرین. ئەمەیە پارادۆکسەکە.
ئایا تۆ لەو جۆرە ئەکتەرانەی کە زۆر کۆشش دەکەن؟
من کەسێکی زەحمەتکێش و پڕ هەوڵم. کە دێم نەخشەی کارەکەم پێیە تێکستەکەم لایە. لەو دەمەدا ئامادەم، دەخوێنمەوە، دەڵێم و هەم. بەڵام کامێرام پێویستە، دەبێ کامێرا هەبێ. لە ژیانی ڕۆژانەدا کامێرا نییە، ئەمە بێزارم دەکات. کامێرا چەقی نەخشەکەی منە، خاڵی سەرەکییە.
فیلمەکەی کاراکس LeosCarax م نەبینیوە، بەڵام پێموایە لە شوێنێکدا دەڵێ “بەبێ کامێرا، من ئامانجم نییە، نازانم چیم”. منیش هەمان بۆچوونم هەیە دەربارەی خۆم. ئەمەیە پارادۆکسەکە: لە بەرامبەر کامێرادا زۆر ئاسوودەترم وەک لە ژیانی ئایاسایی، ١٠ هەزار قات زیاترهەست بە ئاسوودەیی دەکەم. ڕوونە، من لە ١٤ ساڵییەوە ئەکتەرم. لەو کاتەوە لە بەرامبەر کامێرادا زۆر ئاسایی بووم. حەزم لەو وزەیە بوو کە لە بەرامبەر کامێرادا دەتوانی زۆر شتی پێ بکەی، جوڵەی جیاوازی جەستە، گۆڕینی شێوازی دەموچاو.. لەوکاتەدا ترس و دڵەڕاوکێ و شێوان ناناسم. بەڵام لە ژیانی ئاساییدا دەکرێ شەرم بکەی، نەتوانی ئەوەی ناو دڵت بێنیتە سەر زوبانت. لە بەرامبەر کامێرادا گوێ نادەمە ئەمانە، هەموو شتێ دەڵێم. هەنووکەش هەمان حەماسەت و بوێری فیلمی 400 Coups م هەیە.
*لە نواندندا قەت لە دەق دەردەچیت؟
هەموو شتێ ئیرتجالییە، هیچیش ئیرتجالی نییە. قەت دەقم نەگۆڕیوە. لەناو دەقەکەدا وردەگۆڕانکاری دەکەم. تا گەیشتن بە ئەوپەڕی مانای دەقەکە پرۆڤە دەکەم. تا ئەو شوێنەی ئیتر مانای دیکە هەڵناگرێ. ئەوکاتە، یەکسەر جۆرە هەستێک لەناوەوە پەلکێشم دەکات کە سەرچاوەکەی لە دایکمەوەیە، کە وام لێ دەکات چۆن کڕۆکی دەقەکە بدۆزمەوە. واتە مانا دانەوە بە وشەکان. وشەکە وەک خۆی وەک دەنگی وشەکە. تا لەکاتی نواندندا دەقەکە سرووشتی بێت. کە دەمەوێ نواندنێک بکەم، بە درێژایی ڕۆژەکە دەقەکە لە مێشکم دایە. تا وای لێ دێ کە ئامادە دەبێ بۆ نواندن و لەکاتی نواندنەکەدا دەرهێنەرەکە دەڵێ: ڕێک ئەمە وەکوو خۆی دادەنێین.
*پڕۆڤە دەکەیت؟
بەڵێ، بەڵام بە تەنیا. لە فیلمی La Maman et la Putainدا، پاڵەوانەکە ئەکتەرەکە نییە، بەڵکو دەقەکەی “ژۆن ئوستاش”ە. یەکەمجار بوو کە دەقێکی وەها ببینم. کە خوێندمەوە، بۆ یەکەمجار لە ژیانمدا گوتم پێویستە کەسێک پرۆڤەم پێبکات. ئەوکاتە کچێکی خۆشەویستم هەبوو کە لەگەڵ یەکتر دەژیاین، ئەو پرۆڤەی پێ دەکردم. بەڕاستی باش بوو کە ئەو لەگەڵم بوو لەو کاتەدا. ئوستاش کەسێکی زۆر کەللەڕەق بوو. بەتەواوی مانا کەللەڕەق، هەر دیمەنێکی تەنیا یەکجار وێنە دەگرت.
*بۆت لواوە تێکستێک بگۆڕی یان پێشنیاز بۆ دەرهێنەرەکان بکەی؟
گۆڕینی تێکست، نەخێر، بەڵام پێشنیازم کردووە. بۆ نموونە لەگەڵ “بێرتراند بۆنێلۆ” کاتێ سیناریۆی Le Pornographe م خوێندەوە، لەبەرخۆمەوە گوتم: ئەمە چییە؟! وامزانی بۆ قەحبەخانەیەک بانگهێشتکراوم! پەیوەندیم بە “سوزان شیفمان”ەوە کرد، سیناریستەکەیت “ڕوفۆ”، ئەو پێیگوتم: سیناریۆکە جوانە، شتێکی هونەرییە نەک فیلمی پۆڕن.
ڕازی بووم کە بەشدار بم لە فیلمەکە، بەڵام بە بۆنێلۆم گوت کە لەو دیمەنانەی کە مژینی تێدایە من ناچار نیم کە بەشدار بم. پێشیم گوت لە دیمەنی وەهادا دەتوانی من بخەیتە ناو دیمەنەکە(شاشە) لە دیمەنی بەرامبەردا چۆنت پێخۆشە با باوابێ.
*تۆ دژی فیلمی پۆڕنی؟
نەخێر، بەهیچ شێوەیەک.بەڵام “فڕۆنسوا تروفۆ” دژی بوو. ڕۆژێک بە ڕێککەوت یەکمان بینی، پێکەوە پیاسەمان دەکرد، بەرهەمهێنەرێکی سینەمامان بینی کە من باش دەمناسی، لەمێژە کۆچی دوایی کردووە. فڕۆنسوا بە منی گوت: سەیرکە، ئەو کابرایە دەبینی لەولا، ئەگەر زانیبای سینەمای پۆڕن هێندە پارەی تێدایە، تەنیا فیلمی پۆڕنی بەرهەم دەهێنا.
ئەمە خراپترین دەربڕینی ئەو بوو بەرامبەر کەسێک کە گوتبای.
*بەڵام خۆ “گۆدار” دەیتوانی فیلمی پۆڕن دروست بکات، وانییە؟ هەندێ لە دیمەنی فیلمەکانی کەمێ لە پۆڕن نزیکن.
ژۆن لوک گۆدار تاکە کەس بوو کە دەیتوانی دیمەنی وەها دروست بکات، چونکە ڕوانینی مۆڕاڵی وەها بوو کە قەت ئەو دیمەنانە بە پۆڕن دانانرێن. دەیتوانی بە دیمەنێ هەمووان بورووژێنێ و بە چرکەیەکیش خاویان بکاتەوە. ئەمەیە ژۆن لوک. من دەمزانی “بینێلۆ”، ژۆن لوک نییە، بۆیە لەو دیمەنانەی لە پۆڕن نزیک بوون مەرجی دیمەن و دیمەنی پێچەوانەم بۆ دانا. لەگەڵ گۆدار هەموو شتێکم قبوڵ دەکرد. ئەمە زۆر زانستییە کە ئەو دیمەنانەی گۆدار بۆ هیچ کەسێ دیمەنی پۆڕن نین.
*سەرەڕای ئەوانەش تۆ لە فیلمی Porcherie ی پازۆلینی بەشداریت کرد…
وایە، بەڵام ئەو بورژوا چەپەی من لە فیلمەکەدا ڕۆڵی دەبینم لەلایەن بەرازەوە دەخورێ. ئەمەیە کڕۆکی فیلمەکەیە: بەرازەکان لەلایەن بەرازەکانەوە دەخورێن.
*وێنەگرتنەکەی چۆن بوو؟
خراپ بوو. هەڵدێران بوو. ڕۆژێ پێش وێنەگرتن تێکستەکەی پێدەداین. بۆ شێوازی کارکردنی من ئەمە زۆر ئاڵۆز و زەحمەت بوو، چونکە من پێویستم بە پرۆڤەیە. بەردەوام دەیگوت: مۆزارتی تر. بەڵام من نەمدەزانی مۆزارت چۆن کاری کردووە. دوای تەواو بوونی وێنەگرتنی فیلمەکەی تووشی خەمۆکییەی بچووک هاتم. هاوڕێیەکم بردمی بۆ یۆنان تا کەمێ باشتر بم.
بەڵام ئەوکاتە زۆر حەزم دەکرد لەگەڵ “پیێر پاولۆ” کار بکەم، چونکە ئەوکاتە یەکترمان دەناسی و حەزمان لە کاری یەکتر بوو. پێشنیازی ئەو هاوڕێیەم زۆر باش بوو بۆ من کە چوومە شوێنێ هەتاوێکی باشی هەیە و دەریا و شەپۆڵەکانی ئارامیان دەکردمەوە، ئەوە نەبێ کە ئەوکاتەی لە یۆنان بووم، پیێر پاولۆ خەریکی تۆمارکردنی دەنگەکان بوو بۆ فیلمەکەی، بەڵام چونکە من لێرە نەبووم، دەنگی کەسێکی دیکەی لەو شوێنە دانابوو کە دەبوو دەنگی من بووایە. لەوەدا خەمم خوارد، چونکە دەبوو من ڕۆڵم ببینیبا و ئەو دەنگە هی من با. پێم گوت کە پێم خۆشە ئەو دەنگە هی من بێت، دواتر چوومە ڕۆما و داوای کۆپیەکی فیلمەکەم لێی کرد. چووم دەنگی خۆمم تۆمارکرد و خستمە سەری و بۆیم نارد، بەڵام، درەنگ بوو و کارەکە دروست نەبوو و دەنگی منی دانەنا. دەنگەکەی وەکو خۆی هێشتەوە، واتە ئەوی بە جەستە ڕۆڵی دەبینی من بووم، بەڵام دەنگەکە هی کەسێکی دیکە بوو.
*ئەو جەستەیە بەبێ دەنگی خۆت، وا دایدەنێی کە خۆتی؟
ناسرووشتییە. ئەگەر تەنیا ئاماژەی بێ دیالۆگ بووایە، کێشە نەبوو.
ئەو شتەی ئەزیەتم دەدات لە هەر فیلمێکدا ئەوەیە کە نەتوانم مێتۆدی کارکردنی خۆم بە تەواوی جێبەجێ بکەم لە کارەکەدا.
*جگە لەو فیلمەی پازۆلینی، فیلمی دیکە هەبووە کە کاتی وێنەگرتنەکەی ناخۆش بووبێ بۆت؟
ئەو شتەی ئەزیەتم دەدات لە هەر فیلمێکدا ئەوەیە کە نەتوانم مێتۆدی کارکردنی خۆم بە تەواوی جێبەجێ بکەم لە کارەکەدا. واتە پێرفێکت نەبم. نەتوانم فیلمێک لەناو فیلمەکەدا دروست بکەم. چونکە من هەموو کات لەناو هەر فیلمێکدا فیلمێکی دی دروست دەکەم . بەڵام لەگەڵ گۆدار ئەمە هێندە ئاسان نییە. یەکسەر دەبینێ کە من خەریکم مۆرکی بچووک بچووکی خۆم لەناو دیمەنەکاندا دادەنێم. بۆیە ململانێی توندمان هەیە و زۆریش کەیفمان بەیەکتر دێ. یەکترمان زۆر زۆر زۆر خۆشدەوێ. جارێکیان “نۆێمی لڤۆڤسکی” پێی گوتم: “تۆ باشترین بەڕێوەبەری بۆ ئەکتەرەکان، توانیت وا لە من بکەی بەشێوەیەکی دیکە ڕۆڵ ببینم. تۆ ئەو کەسەی کە لە فیلمدا هارمۆنی دروست دەکەی”.
لەگەڵ کێ بۆت قورس بوو ئەو هارمۆنییە دروست بکەی؟
دەرهێنەرێک هەیە کە قەت باسی ناکەم کە ناوەکەی وەک هاوژینەکەی منە، دوڤیڤیێ. قبوڵی نەدەکرد کە بە شێوازی خۆم ڕۆڵ ببینم، بەردەوام ڕۆڵی بەسەرمدا دەسەپاند بەو شێوەیەی خۆی دەیەێ. زۆر بە ئازار بوو.
*ئایا ئەوە تایبەتمەندی هەندێ گەورە ئەکتەری ئەمریکی نییە کە دەیانەوێ خۆیان فیلمی خۆیان دروست بکەن بە ڕۆڵەکانیان؟ ئایا حەز لە هەندێ ئەکتەری ئەمریکی دەکەی؟
زۆر حەزم لە “ئەل پاچینۆیە” لە فیلمی “پاش نیوەڕۆی سەگی”. هەندێ جار پێش ئەوەی بڕۆم بۆ وێنەگرتن سەیری دەکەم، ئەمە وزەم پێ دەدات. ئەوەش کە ئەکتەری دڵخوازمە “مۆنتگۆمری کلیفت”ە لە فیلمی Confessی “هیچکۆک”. ڕۆڵی دوو کەسایەتی زۆر جیاواز دەبینێ لە بەشی یەکەم و دووەمی فیلمەکەدا، لە هەردوو ڕۆڵەکەشدا زۆر نایابە. کاتێ کۆریسماکی د وای لێ کردم کە لە فیلمی J’ai engagé un tueurدا ڕۆڵ ببینم، داوای لێ کردم زۆر کەم عاتفی بم. ویستم وەکو “مۆنتگۆمری کلیفت” ڕۆڵ ببینم، بەڵام لەگەڵ هاوڕێیەکم قسەم کرد لەسەر ئەم مەسەلەیە، پی گوتم: مۆنتگۆمری پێچەوانەی ئەو ڕۆڵەیە کە دەبێ تۆ بیگێڕی، ئەو ئەکتەر ستۆدیۆ Actors Studioیە. بۆیە بیرم کردەوە کە ڕۆڵەکەم لە بۆستەر کێیەتۆن نزیک بێت.
*دێلفین سێریگ، هاوکارەکەت لە فیلمی ماچە دزراوەکانی تروفۆدا دەربارەی تۆ دەڵێ: زۆر لەمن داهێنەرترە… ناترسی لەناو فیلمێکدا بکوژرێی؟
تەنیا لەناو فیلمشدا نا!
*دەکرێ وێنای بکەین کە تۆ زیاتر شانۆ بکەی؟
پێم گوتن: ئەگەر کامێرا نەبێ من ئامانجەکەم ون دەکەم. گەورەترین هاوکاری منە، وەک “لاکان” دەڵێ ئەوی تری گەورەم. شانۆم کردووە، کامێرای نییە. لە شانۆیەکدا کە تەنیا هەشت بینەر لە هۆڵەکەدا بوون، هەموو دەموچاویان دابوو بەیەکدا، بەڵام من کەیفخۆش بووم. خستمیەوە بیری گرووپێکی بچووکی سینەما. بە خۆمم گوت: تەنیا هەشت کەس لێرەن، کاتێکی خۆشمان دەبێ، زۆر خۆش دەبێ. بەڵام ئەگەر هۆڵەکە پڕ بوایە، چیرۆکەکە جۆرێکی دی دەبوو. ناتوانی وابزانی خەریکی وێنەگرتنی فیلمی. لەوەش واوەتر، ئێرە کامێرای لێ نییە، لێی نییە نا! “لوکا بێلڤۆ” باش لێم تێگەیشتبوو. دوای مانگێ لە وێنەگرتنی فیلمی “بۆ پێکەنین” کە فیلمێکی هەرە ناسراوی منە، پێی گوتم: تۆ، هاودەمی ڕاستەقینەت کامێرایە.
*بەردەوام باس لە ئەزموونت لە فیلمی Les 400 Coups دەکرێتە کە لە ١٤ ساڵیدا ڕۆڵت تێدا دیوە، چونکە ئەزموونی سەرەتای کارت بوو، بەڵام خۆ پێشتریش لە فیلمێکدا ڕۆڵت بینیوە، بەڵام قەت باس ناکرێت… دواتریش خۆ باوکت سیناریست بوو، دایکیش ئەکتەر بوو، کەواتە تۆ کەسێکی منداڵێکی ئاسایی نەبووی…
منداڵی خێزانێکی هونەرمەند بووم! وەک ئەوەی لە شەوێکی بێکۆتاییدا نقوم بم. بێگومان لە فیلمێکدا بەشداریم کردبوو، دەرهێنەرەکە ناوی ژۆرژ لامپا بوو. باوکم هیچ حەزی لە شەپۆڵی نوێ نەدەکرد. ئەو سەر بە بەرەیەکی تر بوو، بەرەی سینەمای کلاسیک. ڕۆژێک لەگەڵ خۆم بردم بۆ تەماشاکردنی فیلمی ژن هەر ژنە[4]ی گۆدار، زۆر توڕە بوو… بەڵام من لەگەڵ هەر دیمەنێکی تازە چەپڵەم لێدەدا!
بەڵام دایکم کەمێ کراوەتر بوو بەرامبەر شەپۆڵی نوێ. زۆر کاری کردبوو، بە تایبەت لە ئیسپانیا. بۆ هەر شوێنێ دەچوو باوکیشم لەگەڵی دەچوو، لەبەر ئەوە ناچاردە بووم من بچم ئەو ماوەیەی ئەوان جێیان دەهێشتم لەگەڵ کەسانی دی بژیم، ئەوکاتە فڕۆنسوا تروفۆم ناسی.
*بۆچی باوکت هێندە ڕقی لە شەپۆڵی نوێی سینەما بوو؟
شەپۆڵی نوێ میزاجی تێکدەدا. ئەمڕۆ هەموو کەسێ دەتوانێ فیلمەیل دروست بکات. هەر کەسەک دەتوانێ ڕێچکەیەکی سینەمایی خۆی هەبێ. بەڵام لەوکاتەدا ئەمە زۆر دەگمەن بوو. شەپۆڵی نوێ وە خەبات و بەرەنگاری بوو. ئەمە شەڕی لاوەکان و پیرەکان نەبوو، چونکە خۆ ئەوکاتە “ڕۆنوار” پیربوو، بەڵام ئێمە زۆر حەزمان لێی بوو. بەڵکو شەڕی نێوان چاکە و خراپە بوو ! (بە پێکەنینەوە).
*سینەماکاری زۆر سەر بە ڕێبازی شەپۆڵی نوێن کە تۆ قەت بەشداریت لە کارەکانیاندا نەکردووە..
بەڵێ، زۆر حەزم لێبوو لەگەڵ “شاربۆل” ڕۆڵ ببینم. بەڵام قەت بۆی پێشنیاز نەکردم. لای ئەو وابوو من هی “تروفۆ”م. جارێ چووم ڕۆمێر، بینیم، پێشنیازی بۆ کردم کە ڕۆڵی گارسۆنی کافێیەک ببینم، بەڵام ئەوکاتە خەریکی وێنەگرتنی فیلمی L’Île au trésor, بووم لەگەڵ “ڕویز”. بۆیە نەمتوانی بەشداری فیلمەکەی ڕۆمێر بکەم.
دەتوانم لاوەکان هەر کارێ پێویستیان بوو دەست بدەمە قەڵەمەکەم و بۆیان بنووسم کە شەپۆڵی نوێ چی بوو. جا پێشیان دەڵێم کە من نیشانە هەر دیارەکەی شەپۆڵی نوێم
*زۆر دەرهێنەر هەن کە خۆت داوات کردبێ کاریان لەگەڵ بکەی؟
زۆر جار هەبووە کە چوومە دەرهێنەرم بینیوە و حەزم کردووە کاری لەگەڵ بکەم. چووم ڕویزم بینی. چەندین جار بۆ کارکردن چوومەتە لای لێۆ کاراکس. بەتەما بوو لە دوا فیلمیدا ڕۆڵی سەرەکیم بداتێ، بەڵام دواتر لەسەر هەندێ وردەکاری پێکنەهاتین و جیاوازی کەوتە نێوانمان. بۆیە نەمتوانی بەشدار بم. زۆریش پەشیمانم. دواتر، زۆریش هاتوون بۆ لام تا کاریان لەگەڵ بکەم. وەکوو تسای میگ لیانگ[5] لەگەڵ ئەودا بە فیلمی دەموچاو[6] هاتمەوە فێستیڤاڵی کان لەساڵی ٢٠٠٩.
پەنجا ساڵ دوای فیلمی les 400 coups هاتمەوە فێستیڤاڵی کان. زۆر دەرهێنەری گەنج لە یەکەم کار یان دووەم کاریاندا دەگەڕێنەوە بۆ سەر کارەکانی شەپۆڵی نوێ.
دەتوانم هەر کارێ پێویستیان بوو دەست بدەمە قەڵەمەکەم و بۆیان بنووسم کە شەپۆڵی نوێ چی بوو. جا پێشیان دەڵێم کە من نیشانە هەر دیارەکەی شەپۆڵی نوێم (بە پێکەنینەوە). من نیشانەی دیاری باشترین فیلمەکانی شەپۆڵی نوێبم، ئەی ئەمە نایابترین نییە؟
*ئایا کەس بە ڕکابەری خۆت دەزانی؟
نەخێر، بە ڕاستی کەس نابینم. پێم وایە لە کاتە گونجاوەکاندا باشترین بژاردەم هەڵبژاردووە. تروفۆ، گۆدار، ئوستاش، کارێل و پازۆلینیم هەڵبژارد…
*بەڵام خۆ لە فیلمۆگرافی(لیستی فیلم)ەکانتدا تەنیا فیلمی شەپۆڵی نوێ نییە، هی تریش هەن…
ڕاستە، ئەمەش هەر سینەمای نوێیە، منداڵانی شەپۆڵی نوێ لە هەموو شوێنێکی ئەم دنیایە. ئەو کاتەی کە یاریدەدەری ژۆن لوک بووم، پێش پیێرۆ لو فوو، پێی گوتم: بڕۆ فیلمی ئەو دەرهێنەرە پۆلۆنییە ببینە کە دەرچووی قوتابخانەی “لۆدز[7]“ە. ناوی سکۆلیمۆڤسکی بوو. دەرهێنەرەکەم بینی، ڕۆژێک داوای کرد بەشداری فیلمێکی بکەم، ئەو فیلمەی بەشداریم تێداکرد فیلمی “ڕۆشتن”[8] بوو.
*پێناچێ بۆ تۆ ئاسان بووبێ، چونکە ئەو زمانی فەڕەنسی نەدەزانی. چۆن دەیتوانی هەماهەنگیت لەگەڵ بکات و ئاراستەت بکات؟
لەگەڵ سکۆلیمۆڤسکی لە ڕاستیدا زۆر ئاسان بوو. چونکە ئەو خۆی ئەکتەر بوو و لە فیلمەکانی خۆیشیدا ڕۆڵی بینیبوو. یەکەمجار ئەکتەرێک دەهات لە باتی من ڕۆڵەکەی دەبینی، دواتر من هەمان شتم دووبارە دەکردەوە. کاتی خۆی بۆکسەر بووە، بۆیە ڕۆڵەکان لەگەڵ ئەودا زۆر پڕ جوڵە و فیزیکی بوون. فیلمەکانی زۆر شەڕیان تێدایە.
*لەگەڵ گۆدار جگە لەوەی ڕۆڵت دەبینی و ئەکتەر بووی، یاریدەدەریشی بووی، بۆ بوویتە یاریدەدەر؟ حەزت دەکرد خۆشت فیلم دروست بکەی؟
بەڵام کە هەلت بۆ هەڵدەکەوێ ببیتە یاریدەدرری گۆدار، بیر لە شتی تر ناکەیەوە و پرسیاری دیکە ناکەی.
هەر کاتێ گۆدار کامێرای لە شوێنی ناوازە دادەنا بۆ وێنەگرتن، هەر کاتێ کە ئەو دیالۆگە نایابانە دادەنا من خۆشەویستیم بۆ سینەما و ئەو خەڵکانە زیاتر و زیاتر دەبوو
*بەڵام بۆچی یاریدەردەر، بۆ بە سادەیی تەنیا ئەکتەری گۆدار نا؟
چونکە هەر کاتێ کامێرای لە شوێنی ناوازە دادەنا بۆ وێنەگرتن، هەر کاتێ کە ئەو دیالۆگە نایابانە دادەنا من خۆشەویستیم بۆ سینەما و ئەو خەڵکانە زیاتر و زیاتر دەبوو کە گۆدار دروستی دەکردن. پاشان کە هەلم بۆ هەڵکەوت لە فیلمی Masculin Féminin ڕۆڵ ببینم، خەریک بوو لە خۆشیا باڵا بکەم. زۆر جار بە خۆم دەڵێم: چ تەمەنێکی هەرزەکاریم هەبوو! هەرزەکارییەکی یەکجار سەرسامکەر. بەردەوام پەیوەندیم لەگەڵ خەڵکانی هۆشمەند هەبوو. وەکو خێزانێک بووین! داهێنانمان دەکرد ! پیێرۆ لو فوو هاوڕێم بوو، لەگەڵ گۆدار هەنووکەش هاوڕێیەکی پڕ لە میهرەبانییەکی قووڵە بۆ من. بۆ من فڕۆنسوا تروفۆی دووەم بوو. لە ماوەی وێنەگرتنی فیلمی les 400 coups لەگەڵ “فڕۆنسوا چیین” سەیری ڕاشەکانی(وێنەکانی پێش مۆنتاژ) فیلمی “تا دوا هەناسە”[9]ی گۆدارمان کرد.
*فیلمی بابە نوێل چاوی شینە[10]ی زژۆن ئوستاش زۆر قەرزاری فیلمی نێر و مێی گۆدارە، وانییە؟
ژۆن لوک هەموو ئەو کاسێتانەی دایە “ئوستاش” کە بەکاری نەهێنابوون، تاوەکو بۆ فیلمەکەی خۆیدا بەکاریان بهێنێ. زیاتریش یارمەتی دا، کە تەمەنم ١٩ ساڵ بوو، جارێک ژۆن لوک منی بردە کازینۆیەک. ئەوکاتە نەمدەتوانی وێنای کەسێکی ڕۆشنبیر بکەم کە لە کازینۆدا خەریکی یاری کاغەزە. زۆر بە وردی سەیری هەموو شتێکیم دەکرد، جوڵەکانی، میتۆد و تەکنیکی یاریکردنەکەی. ئەوەی نەمدەتوانی بە ئاسانی باوەڕی پێ بهێنم ئەوەبوو کە بڕێک پارەی بردەوە. کە هاتینە دەرەوە پێی گوتم: هانێ ئەم پارەیە بگرە بیدە ئوستاش، بۆ فیلمەکەی!
*تۆ ئەوکات لە یاریدا پارەت دەبردەوە؟
چونکە باسی سکۆلیمۆڤسکیمان کرد ، ویستم باسی شتێ بکەم دەربارەی ئەم بابەتە… کە مارگرێت دۆراس فیلمی “ڕۆیشتن”ی بینی لە ڕۆژنامەیەک نووسیبووی: هیوادارم کە ئەم دوانە قەت دەوڵەمەند نەبن. مەبەستی سکۆلیمۆڤسکی و من بوو. ئەم دوانەمان هەر لەسەر دروستکردنی فیلم بەردەوام بووین و قەتیش دەوڵەمەند نەبووین.
*حەزت دەکرد دەوڵەمەند بای؟
ئەمڕۆ دەوڵەمەند بوون مۆدیلە. بەڵام بتەوێ خۆشەویستی خەڵک بیت شتێکی ترە. زۆر خەڵک هەن کە حەز دەکەن لە باوەشم بگرن. کە کچێک دێت و ماچم دەکات، گوێم لە دەنگی ئەو ماچە دەبێ، ئەدی لە دەوڵەمەندی خۆشتر نییە؟ زۆر لە دەوڵەمەندی خۆشترە.
چەند ڕۆژێ لەمەوبەر بەڕێوەبەری نووسینگەیەکی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرەم لە مۆنتپەرناس بینی. ٣٠ ساڵە لەم گەڕەکە دەژیم، بەڵام نەمدەناسی. زۆر دڵخۆش بوو بە بینینم، سڵاوی لێ کردم. دواتر پێم گوت: دەزانی منیش خەریکی ئەو کارەی تۆ بام ئێستا دەوڵەمەند دەبووم. لە وەڵامدا گوتی: تەماشاکە ئێستا خەڵک چۆن سەیریت دەکەن و چ پێگەیەکت هەیە. بیهێنە بەرچاوی خۆت کە دوای دروستکردنی ئەم هەموو فیلمە خەریکی ئەم کارە بی، خەڵک بە چ چاوێ سەیرت دەکەن. پێگەکان زۆر جیاوازن.
*بێگومان هەندێ پارەت دەستکەوتووە لە فیلمەکانت، وانییە؟
بەڵێ، بەشی خۆم پارەم دەستکەوتووە. ئێوە دەزانن کە من قەت بۆ دەستکەوتنی پارە فیلمم نەکردووە. چەندان تێلێگرامم بۆ هاتووە کە پێشنیازی فیلمیان بۆ کردوون و ڕەتم کردوونەتەوە. هەرگیز بۆ دەستکەوتنی پارەی زۆر فیلمم نەکردووە، دەنا دەچووم بەشداری فیلمی léon Morinprêtreی “ژۆن پیێر مێلڤیل”م دەکرد، یان فیلمێکی قۆڕ کە پێشنیازی پارەی زۆریان بۆ دەکردم.
قەت خەمم لەوە نەخواردووە کە بۆ خاوەنی باڵاخانەیەکی گەورەی حەوت ژووری و مەلەوانگەی گەورە نیم. چوومە هوتێلێک، دوای ئەوەی کلیلکەم دایە دەستی کچەکەی پێشوازی، پێیم گوت: کیژۆڵە، هوتێلەکەتان خۆشە، بەڵام من خاوەنی هۆتێل نیم، بەڵکو خاوەنی بەهرەم. کچەکە پێی گوتم: خاوەن بەهرە بی باشترە لەوەی خاوەن هۆتێل بی.
“ئەمڕۆ چۆن ئەو فیلمانە هەڵدەبژێری کە بەشدارییان تێدا دەکەی؟
خۆم دیارییان دەکەم، لەکاتی بینینی فیلمەکان. بەردەوام دەچمە سینەما. لە کاتی گەنجی ڕۆژانە سەیری سێ فیلمم دەکرد. بەردەوامیش ئەو ڕەخنانەم دەخوێندەوە کە لە گۆڤاری Cahiers Du cinéma دەنووسران. بۆ نموونە جارێک فیلمێکی ئۆلیڤیێ ئەسەیاسم بینی، جوڵەکەی کامێرای تێدابوو کە زۆر سەرنجی ڕاکێشام. چووم ئۆلیڤێم بینی و پیم گوت کە حەز دەکەم لە فیلمێکی بەشداری بکەم. پێشنیازەکەی من کەوتە بەر دڵی، پاشتر لە فیلمی Paris s’éveille بەشداریم کرد.
*زۆر باسی سینەمای فەڕەنسیمان کرد، بەڵام پێمان بڵێ پەیوەندیت لەگە سینەمای ئەمریکی چۆنە؟
هەندێ هەلم بۆ هەڵکەوت لەگەڵ ئەمریکییەکان بەشداری فیلم بکەم، بەڵام هەریەکەیان بە هۆکارێ ڕێکنەکەوت.
لەگەڵ Gus Van Sant پەیوەندیم هەبوو. زۆریش حەزم لە فیلمەکانی بوو. بەڵام هیچ پێشنیازێکی بۆ نەکردم. هەندێ دەرهێنەریش هەبوون کە پێشنیازی کاریان بۆ کردوووم بەڵام بە هۆکاری جودا جودا هەڵنەکەوتووە کاریان لەگەڵ بکەم، لەوانە “هارمۆنی کۆرین” و “سۆفیا کۆپۆلا”، سۆفیا پێشنیازی کرد کە کاستینگ بکەم بۆ فیلمێکی. خۆ پێم وانییە شتەکەی ناماقاڵ بێت، بەڵام دیسان وەک ئەوەی لە سەرەتا دەست پێ بکەمەوە بۆ ئەوەی بچم ڕۆڵی لویسی چواردە یان شازدە ببینم، کەمێک بێتاقەتی کردم.
*هەندێ ئەکتەر هەن کە نایانەوێ لە ژیانی ئاساییدا زۆر بناسرێن، هەشن حەز دەکەن لەناو خەڵک دەرکەون و ناسراو بن، تۆ لە کام جۆرەیانی؟
کاتێ خەڵک لە شەقام دەتبینن و پێت دەڵێن: لەم فیلمەدا زۆر باش بووی. کە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەبیتە جۆرە پاڵەوانێک. ئەمە دەبێتە هەموو ژیانم، زۆر نایابە.
تۆ ئەستێرەی؟
بەڵێ ئەستێرەم، بەڵام دژە پاڵەوانم.
*تۆ ئایکۆنی سینەمایەکی یاخیشی، لەوکاتەی حوکومەت ویستی هۆنری لۆنگلوا لە بەڕێوەبەری سینەماتێک لابەرێ تۆ هەڵوێستت هەبوو، لە شوڕشی خوێندکارانی ١٩٦٨ی پاریس، لە فیلمی چەپانە بەشدار بوویت لەگەڵ گۆدار… ئایا پێت وایە ئەو وێنە سیاسییە بەسەرتدا زاڵە؟
نا، نەخێر، هەرگیز! “بێرناردۆ بێرتۆلوچ”ی هەمان پرسیاری لێ کردم. پێم گوت: ئاگاداربە بێرناردۆ! وایە ژۆن لوک گۆدار کەسێکی دژە بورژوا بوو کە کارم لەگەڵی کردووە، بەڵام لەلایەکی دیکە من کارم لەگەڵ فڕۆنسوا تروفۆ کردووە و ڕۆژانە لەگەڵی بوومە کە بەهیچ شێوەیەک کارەکانی ناچنە ناو ئەو تەوژمە سینەماییە سیاسییەوە.
“نۆێمی لڤۆڤسکی” لە ڕۆژنامەی “لۆ مۆند” دەرباری من کە پیای هەڵدابووم، نووسیبووی: ژۆن پیێر لێیۆ دەیتوانی ببێتە نووسەرێکی گەورەی بواری سینەما وەکو “سێرژ دانێی” و “ژیل دۆلووز”. یەکەمجارە کە دەرهێنەرێکی هێندە بەهرەدار بە من دەڵێ ڕۆشنبیر.
*ڕۆشنبیر، ئایا باشترە لە ئەکتەری؟
بۆ من ئەو وەسفەی نوێمی ئەوپەڕی ڕێزلێنانە. ئەکتەری باشە، بەڵام ڕۆشنبیری، ئیتر ئەوە شتێکی ترە، زۆر خۆشحاڵ بووم بەمە.
هەمیشە “سێرژ دانێی”م بیردەکەوێتەوە. لە شاری میلان نمایشێکی سینەمایی هەبوو کە تایبەت کرابوو بە شەپۆڵی نوێ. ئەو دەم خەریکی وێنەگترنی فیلمەکەی “پیێر پاولۆ” بووین، سێرژیش لەوێ بوو. لەپڕ پێکەنیم. کە سێرژ گوێی لە پێکەنینەکەم بوو، دەستێکی لە پەشتم دا و پێی گوتم: دواجار گوێم لە پێکەنینێ ڕۆشنبیرانەکەت بوو…
*ئایا دەکرێ ئەکتەرێکی باش لە هەمان کاتدا کەسێکی گەمژە بێت؟
باسی “دانیال ئۆتۆ”ی دەکەی؟ (بە پێکەنینەوە) هەرچۆن بێ و لە هەر بارودۆخێکدا من بەردەوام لەگەڵ دەرهێنەری ڕۆشنبیردا کارم کردووە. هەنووکەش تەنیا لەگەڵ دەرهێنەرە لاوە ڕۆشنبیرەکان کار دەکەم. دوای ٥٠ ساڵیش لە سەرهەڵدانی شەپۆڵی نوێ هەر ئامادەم و هەمان ڕێچکەی جارانم هەیە. (مستێ لە مێزەکەی بەردەمی دەدات) لە ساحەکەم هێشتا! پێگەی خۆمم هەیە، هێشتا و بۆ هەمیشە! ڕێگەی ڕۆشنبیرەکانم هەڵبژارد.
*تا هەنووکەش پەیوەندیت لەگەڵ گۆدار ماوە؟
هەوڵ دەدەم پەیوەندیمان هەر بمێنێ. سەیری دوا فیلمیم کرد، فیلمی سۆسیالیزم، پشتم تێ کرد. کاسێتەکەم خستە سەر، تا کۆتایی پشتم تێکرد. دەنگەکەی زۆر جوان بوو.
*پێت وایە دانیەل زۆتۆی ڕووبەڕوو سەیری کردبێ؟
زۆر دەست دامەگرن لەسەر ئۆتۆی. هێندە توند مەبن لەسەری!
پەراوێزەکان:
[1] ئەکتەری بەناوبانگی فەڕەنسی ژۆن بیێر لێیۆ، ساڵی ١٩٤٤ لە پاریس لەدایک بووە. یەکێکە لە ئەکتەرە دیارەکانی شەپۆڵی نوێی سینەما. لەگەڵ گەوەرە دەرهێنەرانی وەک ژۆن لوک گۆدار، ژۆن ئوستاش، فڕۆنسوا تروفۆ و پازۆلینی کاری کردووە. خاوەنی چەندین خەڵاتە و لەلایەن گەورە دەرهێنەرانەوە ستایش کراوە کە خاوەنی ڕۆڵگێڕانی تاقانەیی و تایبەتی خۆیەتی. لەم دیمانەیەدا لەسەر شێوازی کارکردنی خۆی و هەندێ دەرهێنەر قسە دەکات.
[2] شەپۆڵی نوێ La nouvelle vague، ڕەوتێکی سینەمایی بوو لە فەڕەنسا. لە کۆتایی دەیەی پەنجاکانی سەدەی بیستەم سەریهەڵدا و تا کۆتایی دەیەی شەستەکانی خایاند. چەند دەرهێنەرێک سەر بەو ڕەوتەن کە ئەوکات بۆ یەکەمجار فیلمی درێژیان دروست دەکرد، کە بریتی بوون لە ژۆن لوک گۆدار، فڕۆنسوا تروفۆ، ئێریک رۆمێ، کلۆد شابرۆل، ژاک ریڤێت، ئالان ڕۆنێ، لووی مال، ئەنیێس ڤاردا و ژاک دێمی.
[3] François Truffaut
[4] une femme est une femme
[5] Tsai Ming liang
[6] VISAGE
[7] Lodz
[8] Le Départ
[9] à bout de souffle
[10] Le père noël a les yeux bleus