شەمێران فەتاح، وێنای دەنگ
شەمێران فەتاح بیرۆکەی ئەم کارەی لە ساڵی (٢٠١٥)ەوە لا دروست بووە و لە ساڵی ٢٠١٦ و لە چوارچێوەی پێشانگای (غەڵبەغەڵب)[1] جێبەجێی کردووە كە لە ١٢ تاکوو ١٧ی مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٦ لە هۆڵی پەیمانگای هونەرە جوانەکان لە شاری سلێمانی لە ڕێکخستنی هونەرمەند شێرکۆ عەباس نیشاندرا. هۆی دروستبوونی ئەم کارە ئەگەرێتەوە بۆ ڕووداوێکی ژیانی ڕۆژانەی هونەرمەند و، من لە زمانی خۆیەوە دەیگێرمەوە: (لە کاتێکدا لە سلێمانی لە جادەی مەولەوی بە تەنیا دەڕۆیشتم، بینیم پیاوێکی بە تەمەن لە پێشمەوە دەڕۆیشت. بە دەستی ڕاستمدا ڕیزە دوکانێ هەبوون و لەنێوانیاندا پلیکانەیێکم بینی بۆ قاتی سەرەوە دەچوو، لەو کاتەدا پیاوە بەتەمەنەکە و من لە هەمان چرکەساتدا گوێمان لە دەنگی تەقەتەقی بنی پێڵاوی پاژنە بەرزێک بوو، بینیم پیاوە بەتەمەنەکە وەستا و ئاوڕی بە لای دەنگەکەدا دایەوە، واهەستمکرد کە پیاوەکە وایزانی ئەم دەنگە لە پێڵاوی ژنێکەوە دێت و دەنگەکەیش وا بەرگوێی هەردووکمان کەوت کە کەسەکە بۆ خوارەوە دێت، پیاوە بەتەمەنەکە یەکسەر وەستا و ئاوڕێکی دایەوە و بینی کوڕێکی گەنج هاتە خوارەوە، ئیدی دڵنیابوو کە دەنگەکە دەنگی بزماری بنی پێڵاوی ژنێ نییە بەڵکو دەنگی بنی پێلاوی کوڕێکی گەنجە، لەو کاتەدا تفێکی بەرەو کوڕە گەنجەکە هاوێشت و یەکسەر بە دەنگێکی بەرز گوتی: تۆ و ئافرەت هیچ فەرقتان نییە).
ئەوە بوو ئەو ڕووداوەی کە هەستی شەمێران فەتاحی جوڵاند و بیری بەرەو کارێکی هونەری شێوەکاری برد نەک بەرەو کارێکی ئەدەبی، ئەو لە پاش بینینی ڕووداوەکە و گوێگرتنی بۆ دەنگی بنی پێڵاوی مرۆڤەکە و تف و جنێوی پیاوە بەتەمەنەکە، بینی کە گشتی بە ڕێککەوت دروست بووبوو، بیرکردنەوەی بەرەو کارێک نەبرد کە گێرانەوەی تیابێ، تەنانەت بیریشی بۆ کاری سینەمایش نەچوو، بەڵکو بۆ کارێکی هونەری شێوەکاری کە ببینرێ و مامەڵەی ڵەگەڵ بکردرێ، ئەمەیش کارەکتەری وەکوو هونەرمەندێکی شێوەکار ئەسەلمێنێ و جیای ئەکاتەوە لە کارەکتەری شاعیرێک یان چیرۆکنووسێک، بیری ئەو بۆ پەیکەر چوو لەبەر ئەوەی خۆی لە بنەڕەتدا هونەرمەندی پەیکەرە. هەرچەندە ڕەفتاری پیاوە بەتەمەنەکە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە مایەی ڕەخنەیە و ئەگەر لە هەمان کاتدا رۆژنامەنووسێکی ڕەخنەگر یان ژنێکی خاوەن بۆچوونی فێمینیست ئەو ڕووداوەی ببینیایە ئەوکات لەوانە بوو کابرا بدرایە بەر لێشاوی قسە و ڕەخنەی توند، بەڵام ئەمە بابەتەکەی ئێمە نییە، بەڵکو بابەتەکەی ئێمە ئەوەیە کە چۆن ئەم ڕووداوە لای هونەرمەندێکی شێوەکار بوو بە کارێکی هونەری.
پاش بینینی ڕووداوەکە و دروستبوونی وێنایەک لەناو مێشکی هونەرمەنددا، هەر زوو کەوتە گەڕان بۆ پەیداکردنی مەتریاڵی ئەو کارە هونەرییەی کە لە خەیاڵیدا وێنەکەی دروست بووبوو، مەتریاڵەکان پێکهاتبوون لە خولخلۆکەیەکی ناو موبەریدە، بەن(پەت)، دوو تاک پاژنەی بەرزی پێڵاوی ژنان، بۆرییەکی مسی کورت و سندووقێک کە لە تەختەدار دروست کرابوو. شەمێران فەتاح کارە هونەرییەکەی لە دوو بەش بیناکردووە، بەشی سەرەوە و بەشی خوارەوە، و لەناو ڕاومی پێشانگاکە وەکوو یەکێ لە کارە هونەرییە بەشداربووەکان دایناوە، سوودیشی لە سەقفی بیناکە بۆ دامەزراندنی کارەکە وەرگرتووە، لە بەشی سەرەوە، هونەرمەند خولخلۆکەکەی ناو موبەڕیدەکەی بەکارهێناوە و بەنێکی پێوە ئاڵاندووە بە هەردوو دیوی خولخلۆکەکەدا شۆڕبۆتەوە و لە بەشی خوارەوەیدا هەردوو لای بەنەکەی بە دوو تاکە پاژنەی پێلاوەکان بەستۆتەوە کە لە هەمان کاتدا بۆتە هۆی ڕاگرتنی بەنەکە، بۆ ڕاگرتنی ئەم بەشەی سەرەوەی کارەکە بۆرییە مسە کورتەکە و بەنێکی دیکەی بەکارهێناوە بە جۆرێ کە بە هۆیەوە بۆرییە مسە کورتەکە بە ناو خولخلۆکەکەدا تێپەرێنێ و لە ڕێگەی بەنێکی دیکەوە بە سەقفی (بنمیچی) هۆڵی پیشانگاکەوە هەڵیواسیوە بۆ ئەوەی سەرجەمی کارەکە ڕابگرێ. بۆ بەشی خوارەوەی کارەکە سەندووقێکی تەختەی بەکارهێناوە و دەنگ گەورەکەرێکی تیاداناوە، هەر لایەنێ لە لایەنەکانی سنووقەکە ٥٠ بە ٥٠ سانتیمەترە و بەرزیەکەشی ٦٥ سانتیمەترە، ئەم بەرزییەیش گونجاوە لەگەڵ لەشی مرۆڤ بۆ ئەوەی دەستی بینەرەکانی بە ئاسانی پێبگا، سندووقەکە لە دار موعاکس دروست کراوە. هونەرمەند بە جۆرێ بەشی سەرەوەی کارەکەی هەڵواسیوە و مەودایێکی زۆر کەمی هێشتووەتەوە لەنێوان بنی پاژنەی پێڵاوەکان و ڕووبەری سەرەوەی سەندووقەکە بۆ ئەوەی لە کاتی دەست لێدانی بینەرەکان بەریەک بکەون، کە مەبەستی هونەرمەند بووە بۆ ئەوەی بینەر بتوانێ یاری بە پەتەکە بکا، واتا بە دەستی خۆی پەتەکە بە ئاستەم ڕابکێشێت، ئەوکاتە بنی پاژنەی پێڵاوەکە بەر ڕووبەری سەرەوەی سەندوقەکە دەکەوێ و دەنگێکی لێوە دێ کە لە دەنگی پێلاوی بن بەرزی ژن بچێ لەکاتی ڕۆیشتندا.
ئەم دەنگە یەکێکە لە ئامانجی کارە هونەرییەکە، بە تایبەت کە سەندووقەکە دەنگەکە گەورەتر دەکاتەوە، ئەمە لە لایەکەوە و، لە لایەکی دیکەوە ئەم بەریەک کەوتنە پەیوەندی لەنێوان بەشی سەرەوەی کارەکە لەگەڵ بەشی خوارەوەی دروست دەکات، لەم حاڵەتەدا هونەرمەند، بینەر لە کارەکەیدا بەشدار دەکات بە مەبەستی گەیاندنی هەستێکی خۆش و لەوانەیشە تۆزێ بینەر بێنێتە زەردەخەنە، واتا بیگەیەنێتە ئەو حاڵەتەی کە هونەرمەند خۆی تیای ژیا لە کاتی بینینی بۆ هاتنەخوارەوەی کوڕە گەنجەکە و ئاوڕدانەوەی پیاوە بەتەمەنەکە و تێفکردنەکەی کە هونەرمەندی هێنایە پێکەنین. ئەم هەستە بە ئاسانی لە هونەری سینەما، شانۆ ئەبینرێ، و لە شیعر و چیرۆک و ڕۆمانیش لە کاتی خوێندنەوەدا هەستی پێدەکرێ، بەڵام زۆر بە دەگمەن لە کاری هونەری شێوەکاریدا دەبینرێ و درکی پێدەکرێ و، کەم هونەرمەندی شێوەکار هەن توانیبێتیان ئەو هەستە لە کارەکانیاندا نیشان بدەن، لە کارە ئەوروپییەکاندا لای هونەرمەندی هاوچەرخی سویسری جان تاگیلیJean Tinguely زۆر ئاشکرا بەدی دەکرێ، هەروەها لە هەندێ لەو کارانەیشدا کە بە یەکەوە لەگەڵ نیکی دی سانت فال دروستیان کردووە.
هونەرمەند شەمێران فەتاح خۆی ئەڵێ: بیرۆکەکە یەکەمجار دەربارەی پێلاوە بن بەرزەکە بوو، پاشان گۆڕانکاریم تیایکرد و لە کۆتاییدا بووە ئەم کارە هونەرییە کە تیایدا ویستومە بزانم دەنگی پاژنەی بەرزی پێڵاوی ژن چ وێنایەک لای بینەر دروست دەکات، واتا گۆڕانی حاڵەتێکی ژیانی ڕۆژانە بۆ هونەر، گۆڕانی دەنگ بۆ بینین. لەم حاڵەتەدا دەکرێ باس لە کارەکتەری هونەرمەندی شێوەکار بکرێ و تایبەتمەندێتی ئەو کارەکتەرە لە ڕووی عەقڵی و دەروونییەوە، بە تایبەت لە کولتوورێک وەکوو کولتووری ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی کە کێشەی لەگەڵ وێنە و بینین و درککردنی کاری هونەری هەیە، هەروەها توانای ئەو جۆرە هونەرمەندە شێوەکارە (لێرەدا مەبەستم شەمێران فەتاح)ە بۆ گۆڕانی ڕووداوێکی ژیانی ڕۆژانە بۆ کارێکی هونەری شێوەکاری، بۆ پەیکەرێکی جوڵاوە کە لە هەمان کاتدا توانای هونەرمەندەکە بۆ بەکارهێنانی مەتریاڵی ژیانی ڕۆژانە و کەرەستەی هونەری نوێ و تەکنیک دەگەیەنێ.
ئەو دەنگەی کە لەم کارە هونەرییە دێتەدەرێ دەرئەنجامی دەستتێوەردانی بینەرە بۆ کارە هونەرییەکە، بە واتایەکی دی بڵێم دەنگێکە لە بەشداری بینەر بۆ کارە هونەرییەکە دروست دەبێ، واتا بێ بینەر ئەم دەنگە بوونی نییە، ئەمەیش ئەکرێ وەکوو جۆرێکی نوێ لە پەیوەندی کاری هونەری لەگەڵ ڕاومدا ببینرێ بەڵام بە دەنگ نەک بە شێوە و مەتریاڵ لەبەر ئەوەی بابەتەکەی ئێمە ئەمجارە لەسەر دەنگە. دەنگ لەم کارەی شەمێران فەتاح جیایە وەک لە دەنگ لە کارەکانی جان تاگیلی لەبەرئەوەی لەم کارەی شەمێران فەتاح کارەهونەرییەکە خۆی دروستی ناکا بەڵکو لە دەستتیوەردانی بینەرەوە دروست دەبێ لە کاتێکدا لە کارەکانی تاگیلی دەنگەکە هونەرمەند خۆی دروستی دەکات بێ دەستتێوەردانی بینەر کاری خۆی دەکا. بەشداری بینەر لە کارەهونەرییەکەدا یانخود هێنانە ناوەوەی بینەر بۆ ناو کارە هونەرییەکە مەبەستی هونەرمەندە داداییە نوێیەکان بوو لە پاش دووەمین جەنگی جیهانییەوە وەکوو جەختی ئەوان بۆ شکاندنی سنوور لەنێوان هونەر و ژیانی ڕۆژانە کە لە ئەنجامی تەجروبەکانی هونەرمەندی کۆمپۆنیستی ئەمریکی جۆن کەیچJohn Cage لە کۆتایی پەنجاکان دروستبووە و پاشان هونەری ڕووداو(هاپینینگ) و فلوکسوس و هونەری دەنگ (Sound Art)ی لێ پەیدابوون وەکوو چەند جۆرێکی هونەری نوێی لە دەیەت شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو کە ئەم کارەی هونەرمەند شەمێران فەتاحیش ئەکرێ وەکوو جۆرێ لە تەقالیدی هونەری ئەو کاتە ببینرێ. ئەم کارەی هونەرمەند شەمێران فەتاح هیندە ئاستی هونەری بەرزە کە ناکرێ بە سیاسەتەوە بگلێ وەکوو ڕێکخەری پیشانگاکە دەڵێ.[2] ڕێکخەری پیشانگا بە گشتی نابێ ئازادی کارە هونەرییەکان بە لایەکی دیکەدا بەرێ کە خۆی بیەوێ و نایشکرێ فەردانیەتی هونەرمەندەکان سنووردار بکات لە ژێر بەهانەی بیرۆکەی پیشانگاکە.
بەشێک لە ئێستاتیک و بەهاکانی هەر پیشانگایەک لە ئازادی کارە هونەرییەکانیدایە، ئەو دەنگەی لە کارەکەی شەمێران فەتاحەوە دروست دەبێت هونەرمەند دروستی ناکات هەرچەندە مەبەستی بووە، بەڵکو لە ئەنجامی بەریەککەوتنی کارە هونەرییەکە و بینەردا دروست دەبێ وەکوو لەسەرەوە ئاماژەمان پێیدا، دەنگێک نییە لەدەرەوە کە هونەرمەند بیقۆزێتەوە و بیکات بە بەشێ لە کارە هونەرییەکە وەکوو ئەوەی هەندێ لە هونەرمەندانی بواری هونەری دەنگ دەیکەن، بەڵکو دەنگێکە لە بنەرەتدا موڵکی کارە هونەرییەکە و بینەرەکەیەتی، ئەمانە گشتیان ڕەهەندی ئێستاتیکی کارە هونەرییەکە پێکدێنن کە نابێ دەستکاری بکرین بە تایبەت لەبەر فەردانیەتی کارە هونەرییەکە وەکوو یەکێ لە مەرجەکانی هونەری هاوچەرخ، دەنگەکە خۆی خۆی ئاراستە دەکات بەرەو ئەو بینەرەی کە دروستی دەکات لەگەڵ ئەو بینەرانەی کە گوێ لێدەگرن، دەنگێکی پڕ هەستە و ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتی لەخۆ دەگرێ.
ئەگەریش کارێکی هونەری ناوەڕۆکێکی سیاسی لەخۆ بگرێ ئەمە ئاساییە بەو مەرجەی لایەنە ئێستێتیکێکەی نەکات بە قوربانی ناوەڕۆکە سیاسییەکەی وەکوو ئەو هەڵەی کە لە دۆکیۆمێنتای چواردە ڕوویدا، ئەوکات بەتاڵ ئەبێتەوە لە هونەر. ئەم کارەی شەمێران فەتاح هونەرێکی پەتییە و لایەنە ئیستێتێکێکەی هێندە بەرزە کە سیاسەت قەبووڵ ناکات.
تێبینی: من ئەم بابەتەم پیش سەش ساڵ لە کولتوور مەگەزین بڵاوکردەوە، بەڵام ئەمجارە بە گۆڕان و دەستکارییکی زۆرەوە لێرە بڵاوی ئەکەمەوە.
[1].بێجگە لە شەمێران فەتاح و شێرکۆ عەباس، هونەرمەندان شیروان فاتیح، کانی کامیل، خەبات عەباس، رۆستەم عەزیز و رێبین مەجید، و هەردی کوردەیش تیای بەشداربوونە
[2]بروانە چاوپێکەوتنەکەی هەڵگورد بارام ڵەگەڵ شێرکۆ عەباس لە سۆشیاڵ میدیادا