“یوانا ماریا” پاپۆڕێكی بایه‌وانییه‌ سه‌ر به‌ سه‌رده‌مێكی تر

وەرگێڕانی: یوونس رەزایی

١

“یوانا ماریا” ئێستاكه‌ دوور و نه‌دیوی

هه‌میشه‌ هه‌ر حه‌زت لێ بوو دوور كه‌ویه‌وه‌

                          “یوانا ماریا”


ئه‌و ده‌ریایانه‌ت خۆش ده‌ویست

پاپۆڕی بایەوانی شه‌و و رۆژ

                        جار ناجارێ

                         تێیان‌دا ده‌كه‌وتنه‌ مه‌له‌

ئه‌و كه‌نارانه‌ش كه‌ ڕاوچیی مه‌رجانە‌كان

ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ هەواریان

شاخه‌ به‌فرگرتووه‌كان و

دوورگه‌ و شاره‌ نه‌ناسراوه‌كانیش

هه‌رچییه‌كی لێره‌ نه‌با و

له‌ دووره‌ ده‌سته‌كان بایه‌؛

خۆشەویستی ئەتۆ بوون لە ڕووی دونیایە.


مه‌وداكانیش له‌ چه‌شنی تەلی چه‌نگ وعوود

له‌ تۆدا ده‌نگیان هه‌ڵبڕی و

سه‌رپاكی گۆرانییه‌كانی خاكیان کوته‌وه‌

گۆرانی؛ بۆ کۆچی بێ‌كۆتایی ژیان

بۆ سه‌فه‌ری بێ‌ناونیشان

بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ به‌ستێن

بارگەی خۆیان ده‌پێچنه‌وه‌ و

ڕوو ده‌كه‌نه‌ دوور‌ده‌سته‌كان


نه‌ك گۆرانییه‌ك بۆ دووره‌ده‌ستی ئه‌ستێره‌ئاسای چاوه‌كانی من

ئەو كاته‌ی لە تۆ ڕادەما و ده‌یگوت:

“یوانا ماریا”

تۆ شەنگترین گوڵی دونیای

٢

“شه‌وه‌كانی فێورییه”‌


ئێواره‌یه‌كی فێورییه‌ بوو “یوانا ماریا”

ئه‌و ده‌مه‌ت له‌گه‌ڵت هاتمه‌ په‌یڤین و

گوتم:

با بچینه‌ كۆڵانه‌كان و پێکەوە پیاسە بکەین

گوڵێكیشم دایه‌ ده‌ستت

ئه‌وه‌ ده‌سپێكی ئێواره‌یەکە

                    شار سه‌رتاپا

                   شه‌ڵاڵی تاریكی ببوو

خه‌ڵك لە چەشنی تارمایی

 له ‌په‌نای من و تۆوە‌ ڕاده‌بردن پێم وایە

بۆ سه‌فه‌رێكی دوور و درێژ؛ بارگه‌یان ده‌پێچاوه‌ و

هەڵیاندەگرتین و ده‌یانبردینه‌ بنی دونیایه‌

                  بێ ئه‌وه‌ی بیانهێشتایە

                  کە به‌ خۆمان بزانیبایه‌.


له‌ پاڵمه‌وه‌ به‌ تاریكایی‌دا هه‌نگاوت هه‌ڵده‌بڕی

ده‌تگوت گوێم له‌ ویره‌ت ده‌بێ

نزم و بێده‌نگ

له‌به‌ر‌خۆته‌وه‌ گۆرانیت ده‌گوت


سه‌ر له ‌ئێواره‌یه‌كی مانگی فێورییە بوو ئەمجاره

سه‌ره‌تایه‌كی له‌بار

 بۆ گێڕانه‌وه‌ی باسی یار بە هەستەوە

“یوانا ماریا”

                                      سوورە گوڵێکت بە دەستەوە.

۳

ئه‌ستێره‌یه‌كی سه‌یر هه‌ڵاتووه‌

 له‌ سووچێكی ئاسمان

ئه‌ستێره‌یه‌ك كه‌ بە ڕۆژیش تیشكی داویشت

هه‌موو شار چاویان تێده‌بڕی

هه‌ر من ڕووم لێ وه‌رگێڕابوو

چاوم له‌ به‌ژنی ئه‌تۆ ڕامابوو

               “یوانا ماریا”

ئه‌وێ ساڵێ، ئه‌و ئه‌ستێره‌ گەلێ سه‌یره‌

ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ

هه‌ر له‌ ئاسمانێ ده‌دره‌وشا

شار چاوی لێ نه‌ده‌ترووكاند و به‌ ته‌نیا

هەر من بووم به‌ دیمه‌نی سیمای ئەتۆ موبته‌لا

من بووم تەنیا له‌ تۆم ده‌ڕوانی “یوانا ماریا”

۴

ئه‌و شه‌وانه‌ “یوانا ماریا”

تۆمار کراوە له‌ بیره‌وه‌ری په‌یكه‌رەی ناو بڵواره‌كاندا


ئه‌وان پیاسه‌ی ئێمه‌یان دیوه‌

شان به‌ شانی یەکەوە

ئه‌وه‌شیان دیوه‌ چلۆن ده‌گه‌ڕامه‌وه‌‌

 ته‌نیا و خه‌مبار

تفت و تاڵی ئه‌و دونیایه‌م

له‌ ژێر ددانم دا ده‌كرۆشت

“یوانا ماریا” ئه‌و شه‌وانه‌ سه‌رله‌نوێ

تامی به‌رزه‌ناوی دینامیتم ده‌چێشت

ئه‌و شه‌وانه‌ی ئاواتم بوو ته‌واوی شار

تووڕ هه‌ڵدرێ به‌ره‌و ئاسمان

وێڕای هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی

له‌نێو دیواره‌كانی‌دا ئێستەکانێ‌ نیشته‌جێن


شه‌وی وابوو

هه‌تاكو كازیوه‌ی به‌یان

خەو نەدەچووە چاوانمەوە و

ته‌نیا و تووڕه‌

بیرم له‌ تۆ ده‌كرده‌وه‌ و

دیسان ده‌بوومه‌ لاوەکەی، شازده‌ ساڵ له‌ نوێ

“یوانا ماریا”

۵

هێندێك به‌یانی نه‌گبه‌ت “یوانا ماریا”

ده‌ڵێی له‌ خاک‌دا شتێكی تەواو ترسێنەر قەوماوە

“هه‌وری لۆكه‌یی نه‌زۆك” گشت ئاسمانی حەشارداوە و

باڵنده‌كان به‌ ته‌ڕی له‌ حه‌واوه‌ ڕاده‌برن


به‌ربه‌یانێك له‌و به‌ره‌به‌یانانه‌ “یوانا ماریا”

پاش ئه‌وه‌ی هەو‌ره‌برووسكه‌

دڵی تاریكایی شه‌ق كرد

‌ په‌نجەی‌ نه‌به‌دی و تیژ و بێ به‌زه‌ییش جه‌رگی من!


هه‌واڵی مه‌رگی هاوڕێ فڕۆكه‌وانه‌كه‌مان بیست

به‌ جووت ئاواره‌ و هەڵوەدا

بێده‌نگ

له‌ كۆڵانه‌ چۆڵه‌كان‌دا

پۆشته‌ی جلكی بارانیمان و

بۆ یه‌كه‌م جار له‌ جاران

               هاوڕێی یه‌كتر؛

                        له‌به‌ر باران

٦

ئه‌و رۆژه‌ هه‌وره‌كان وەک‌ له‌تكه‌ مەلافه‌ی قوڕقوشمی زه‌لام

به‌سه‌ر سه‌ری شاردا ده‌كه‌وت و

ئێمه‌یان له‌و هه‌ڵده‌بڕی

سه‌رده‌می خۆشه‌وه‌ بوونمان بوو

ڕاكشاو له‌سه‌ر سه‌وزاییه‌ به‌رزه‌كان و- با

له‌ ئاسۆكانه‌وه‌

دڵۆپه‌ی په‌لكه‌زێڕینه‌ی ئاوی

له‌گه‌ڵ خۆی به ‌دیاری دێنا و

بۆن و به‌رامه‌ی وڵاتانی دووریش هه‌روه‌ها


من به‌رده‌وام له‌ ده‌سته‌كانتم ده‌ڕوانی و

ده‌مکوت:

ده‌سته‌كانت گه‌لێك جوانن

ده‌سته‌كانت له‌ خۆت ده‌چن

              “یوانا ماریا”

۷

جارێكیش وێڕای یه‌ك كۆڵانه‌وكۆڵان ڕامان ده‌كرد و

تۆش سووره‌ گوڵێكت به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو

به‌رەبه‌یانێكی به‌هار بوو

به‌ تۆم ده‌گوت:

به‌ره‌و دووره‌ده‌سته‌كان ده‌ڕۆم

“یوانا ماریا”


دەچوویه‌ بیرێكی سه‌یره‌وه‌ و

گوڵپه‌ڕه‌كانی ئه‌و سووره‌ گوڵه‌ت

یه‌كه‌ یه‌كه‌ دەوه‌راند

۸

“دارستانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شار”


یه‌ستاش دارستانی ده‌ره‌وه‌ی شارم خۆش ده‌وێ “یوانا ماریا”

ئه‌و دارستانانه‌ی جار جار به‌ نێویاندا تێده‌په‌ڕین


دارستانه‌کان ساكار بوون

دارستانه‌کانی ده‌ره‌وی شاری

به‌ڵام من زۆر گیرۆده‌ت بووم

هه‌موو شتێك لە نیگای من‌دا سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی دەنواند

ده‌تگوت له‌ودیو ئه‌و ته‌پكه‌وه‌

وڵاتی فواره‌كان باڵابەرزەکان ده‌ست پێ ده‌كا


ئاوایە “یوانا ماریا”

ئه‌وبه‌ری ئه‌و ته‌پكه‌پاکە

سه‌ره‌تای نیشتمانی فواره‌كان بوو

ئێمه‌ش قه‌ت نه‌ده‌گه‌یشتینه‌ ئه‌و خاكه‌

۹

ئه‌و كۆڵانانه‌شم خۆش ده‌وێ “یوانا ماریا”

كه‌ گوڵ به‌ده‌ست

پێیان دا ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵێ


كووچه‌كانی سه‌ره‌تا پان و هه‌روابوون

به‌ زۆر په‌یكه‌ره‌ی جوانەوە‌

دواتر كۆڵانه‌ هێمنه‌كان

كه‌ مانگ له‌نێو ماڵه‌كانییه‌وه‌ خه‌ریكی چاوبڕكێ بوو

                          لەو دیو پەنجەرەکانەوە.

له‌ ته‌نیشت تۆوه‌ هه‌نگاوم هه‌ڵده‌بڕی و

شانه‌كانمان له ‌شه‌ودا

         ڕاده‌وشاند


چ كووچه‌ و كۆڵان و شه‌و و شەوگارێكی جوان بوو 

“یوانا ماریا”

تۆ گوڵت به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو و

منیش چاوم لێ نەدەترووکاندی و ده‌مگوت:

تۆ لە تەمەنی شازده‌ ساڵی دای

 “یوانا ماریا”

۱۰

ئه‌ستێره‌یه‌كی گەو‌ره‌ی دره‌وشاوه‌ بوو

به‌ هه‌ڵپه‌وه‌ چاومان له‌ چاوانی ده‌بڕی

تۆ كوتت: ڕه‌نگه‌ ئه‌ستێره‌ی بەختی من بێ


گوتم نا “یوانا ماریا”

ئه‌ستێره‌ی تۆ ئه‌ستێره‌یه‌كی دیكه‌یه‌

ئه‌ستێره‌یه‌كی نه‌ناسه‌

هیچ زینده‌وارێ نایبینێ و

هه‌ر من له‌ گشت ئه‌و دونیایه‌دا ده‌زانم چ باسە و

كام ئه‌ستێره‌یه‌ “یوانا ماریا”

۱۱

دواجار پرسیم: “یوانا ماریا”

ئه‌و ئێواره‌یه‌ت له‌ بیره‌

ئه‌و ده‌مه‌ی به‌سه‌ری ڕووت له‌ كۆڵاكه‌نه‌كانه‌وه‌ ڕاده‌بردین


گوتت: پاش ئه‌وه‌ هه‌موو شتێكم له‌ بیره‌

ئه‌و ڕۆژه‌ بارانێکی بە لێزمە دایدابوو


ئەرێ “یوانا ماریا”

ئه‌و ڕۆژه‌ بارانێكی بە خوڕ باری بوو

ئێمه‌ش بۆ ماوه‌یه‌كی دوو‌ر و درێژ لە یەکتری هه‌ڵده‌بڕاین

ئه‌و رۆژەم هه‌ر له‌ بیرم ماوه‌ و

ڕه‌نگه‌ تازه‌ قه‌ت قه‌تم لە بیر نەچێتەوە ئەو کاتە

۱۲

هێندێ ئێواره‌ش “یوانا ماریا”

بێ جووڵه‌ رووبه‌ڕووت راده‌وه‌ستام و

چاوم له‌ چاوانت ده‌بڕی

گه‌ڵێك جوان بووی “یوانا ماریا”


جوان بووی جوان “یوانا ماریا”

له‌ چه‌شنی پاپۆڕێكی بایه‌وانی تازه‌ ده‌ركه‌وتوو

له‌ دووره‌ ده‌ستی دوورگه‌ نه‌ناسیاوه‌كانه‌وه‌


جوان بووی جوان “یوانا ماریا”

منیش چاوم لێده‌كردی و مه‌ستی تۆ بووم

به‌ وێنەی پاپۆڕ‌ێکی‌ بایه‌وانی

كه‌ تۆی به‌ره‌و ده‌ریاكان ده‌برد و

وه‌سه‌مای ده‌خستی

كه‌ تۆی ده‌برد

هه‌تاكو ئه‌وپه‌ڕی دونیا

ئاوا بوو

“یوانا ماریا”

۱۳

ئه‌و پاییزه‌ “یوانا ماریا”

خه‌مین‌ترین ئێوارانی هه‌موو ته‌مه‌نی خۆم ژیام


ئێوارانێك كه‌ مژێكی تووڕه‌ خۆی ده‌خزانده‌ شاره‌وه‌

كاته‌كان هه‌تا به‌یانی به‌ خاوی ڕاده‌بردن

منیش دڵم بۆت ته‌نگ ده‌بوو “یوانا ماریا”

ئه‌و ئێوارانه‌ی دڵتەنگت دەبووم

وه‌ك ئه‌وانه‌ی له‌ خه‌ودا دڵته‌نگی مانگ ده‌بن و

ده‌ڕۆن بەرەو یارەوە

به‌ڵام تۆ هه‌میشه‌ له‌ به‌رێكی دیكه‌ بووی

كاته‌كان هه‌تا به‌یانی به‌ خاوی ڕابردن و

مژ به‌ تووڕه‌یی ده‌خزایە ناو شاره‌وه‌


ئێوارانێك دڵتەنگت دەبووم “یوانا ماریا”

١٤

هێندێ شه‌و بوو “یوانا ماریا”

به‌رده‌وام بە بیری تۆوە خەیاڵم دادەگیرسا

ڕووت و ته‌نیا

له‌ژێر دره‌وشانه‌وه‌ی پڕ له‌ ژانی مانگ

كه‌ له‌ ئاسمانه‌وە

دڵۆپ دڵۆپ خوێنی ده‌مژیم و

به‌ربه‌یان به‌رۆكی به‌رده‌دام

بە زەردی و ڕەنگ بزرکاو

به‌ باڵای ڕۆژدا هه‌ڵده‌زنام

دەڵێی له‌ قووڵایی ئوقیانووسه‌كانه‌وه‌

تێت ده‌ڕوانیم و ده‌تكوت:

ڕه‌نگت بە ڕووەوە‌ نه‌ماوه‌


ئه‌یچۆن ““یوانا ماریا””ڕه‌نگم په‌ڕیبوو

هه‌ر جارێك بیر له‌ تۆ ده‌كه‌مه‌وه‌ و لە دوێنێ

ڕه‌نگم به‌ ڕووەوە نامێنێ

به‌ درێژایی ته‌مه‌نم

۱۵

به‌ربه‌یانی وابوو “یوانا ماریا”

‌ له‌ خه‌وت هه‌ڵده‌ستاندم

وه‌ك ئه‌و تیشكه‌ی به‌ره‌و لام په‌لی ده‌هاویشت


به‌یانی وابوو “یوانا ماریا”

دوو خۆر له‌ دونیا هه‌ڵده‌هات


له‌و سەرەتای ڕۆژانەدا

چاوم له‌ چاوی ژین ده‌بڕی

قژه‌كانم ده‌دا ده‌ست با

به‌ربه‌یانی وابوو له‌وان‌دا

گوڵه‌كان له‌بەر جوانیی ده‌دره‌وشانه‌وه‌

ئه‌و به‌یانانه‌ی دوو خۆر به‌ ڕووی دونیادا دەشنانەوە

تۆ له‌ من‌دا خۆیا ده‌بووی “یوانا ماریا”

له‌ خوێنم دا

ئه‌و خۆره‌تاوه‌ به‌ تین و لاوه‌

كه‌ له‌ خه‌و ڕایدەچڵەکاندم

راست ئه‌و كاته‌ش كه‌ چاوەکانم هەڵدێنا

بیرم له‌ تۆ ده‌كرده‌وه‌ و

جگه‌ لە تۆ له‌و دونیایه

 كه‌سی دیم بەدی نەدەکرد

١٦

ئه‌و ڕۆژه‌ی هه‌وره‌كان

ته‌ڕ به‌ سه‌ر له‌شی خاك‌دا ده‌كێشران

قه‌ت قه‌ت دووپات نابنه‌وه‌ “یوانا ماریا”


قه‌ت قه‌ت دووپات نابێته‌وه‌

ئه‌و ئێواره‌یه‌ی خه‌مین‌تر له‌ هه‌میشه‌

له‌ بارخانه‌ی به‌ستێنێك‌دا ڕاوه‌ستابووم

ئه‌و ده‌مه‌ی كه‌ تۆ بۆ ئه‌به‌د

بارگه‌ و بنه‌ت ده‌پێچاوه‌


قه‌ت قه‌ت دووپات نابێته‌وه‌

ئەو شه‌وه‌ی ناوتم به‌ تیشك

له‌سه‌ر دوندی ده‌كه‌له‌كان نووسی

ئه‌و نوورانه‌ی په‌یتا په‌یتا هه‌ڵده‌بن و ده‌كووژێنه‌وه‌

به‌ڵام ناوت له‌ تاریكی‌دا كۆچی كرد

له‌ ئه‌ستێره‌یه‌كه‌وه‌ بۆ ئه‌ستێره‌یه‌كی دی

له‌ ئاسمانێكه‌وه‌ بۆ ئاسمانێكی تر دەڕوا

به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌مه‌ودوا

من له‌سه‌ر دوندی ده‌كه‌له‌كان نووسیم

به‌و نوورانه‌ی كه‌ هه‌ڵده‌بن و ده‌كووژێنه‌وه‌

ده‌كووژێنه‌وه‌ و هه‌ڵده‌بن

ئه‌و ده‌مه‌ی له‌و بێ‌سنووری دونیادا

ناوت وێڕای خۆیان ده‌به‌ن

۱۷

“ئه‌وڕۆش ده‌ریاكان ئێمە به‌ره‌و دوورەدەستەکان ده‌به‌ن”


ئێمه‌ تازه‌ به‌یانی‌باشمان به‌ یه‌كتری گوتووه‌ “یوانا ماریا”

كاتێك دوای شه‌وانی بێ‌كۆتای ته‌نیایی

یه‌كمان له‌ زه‌رده‌په‌ڕدا دیته‌وه‌

ژیانیش تا لێوه‌کانمان هه‌ڵده‌كشا

تاڵ و خه‌مین

ئێمه‌ ئێستاكه‌ بووینه‌ته‌ دوو پاپۆڕی بایه‌وانی

یوانا ماریا

كه‌ دوای شه‌وانێكی زۆری سه‌فه‌ر

كاتی به‌یانیی چاویان به‌یه‌ك ده‌كه‌وێ و

له‌ به‌رزایی شه‌پۆلی روو له‌ كۆتایی

سڵاو له‌ یه‌كتری ده‌كه‌ن

ئه‌وڕۆش ده‌ریاكان

ئێمه‌ به‌ره‌و دوورەدەستەکان ده‌به‌ن.

photo_٢٠٢١-٠٦-٢٦_٠٩-١٢-٢٤

سەرنجێک بنوسن