«مێشکم هەویرە و گۆرانی ئاسن»
پێ دەکوتم،
چاوم تۆپێکە بەسەر پێڵاوەکانمەوە،
هەر دەڕوانم و هەر دەڕوانم،
دەکەومە ژێر پێی خۆم.
بەبێ گۆرانی ئێرە نامۆیە بە من، منیش هەروەها.
ئهڵێی دوو ساڵ دوای مردنم گەڕاومهتەوە.
من دەژیم، لەبەر ئەوەی گوێ لە گۆرانییەک بگرم،
مۆسیقا مێشکم هەڵدەکۆڵێ،
یادگارییەکی تێدا دەدۆزێتەوە،
ئەیخاتە ناو گلێنەی چاوەکانم.
گۆرانی مێشکم دەشێلێ،
«مێشکم هەویرە و گۆرانی ئاسن»
تا دێت مێشکم ئامادەیە بۆ سووتان لە فڕنێکی برسیدا.
من دەمرم، بۆ ئەوەی گۆرانی بە جێ بهێڵم،
دەمرم، وەک گیاندەرچوونی مانگ لە شەوێکی زستاندا
کە شاخ سەرچەفێکی سپیی داوە بە خۆیدا،
ئەوەی کە پێویستە پێم بزانێت، خەوتووە.
گۆرانی ئیتر نابێتەوە بە پەرستاری مێشکە شلەکەم،
مێشکم دەبرژێ و ڕەق دەبێ،
گۆرانی هێندە دەگری شل دەبێ،
«مێشکم ئاسنە و گۆرانی هەویر».
«جەنگ مامانە و ئێمە بکوژ»
جەنگ ئاوس دەبێ و دەگاتە سنوورەکانی بەختەوەری،
خۆی مامانی بۆ خۆی دەکات،
چوار بێچووە جەنگی دەبێت،
ئەڕۆین بێچووەکان سەر ببڕین،
ئەڕۆین کۆتایی بە جەنگ بهێنین،
ئەنارشیستەکان جەنگ دەخەنە بنباڵیان،
ناسیۆنالیستەکان جەنگ دەخەنە دڵیانەوە،
فیمێنیستەکان جەنگ دەخەنە ناو قژیان،
ئازادیخوازەکان جەنگ دەخەنە گیرفانیان،
ئهڕۆین و جەنگ سەرمان دەبڕێ،
جەنگ کۆتاییمان پێ دێنێت،
نەوەکانمان دەبن بە ئەنارشیست،
ئەبن بە ناسیۆنالیست،
ئەبن بە فیمێنیست و ئازادیخواز،
«جەنگ بکوژە و ئێمە مامان».
«زمان ئاگرە و ڕووداو کاغەز»
دێمە گۆ، وەک دایناسۆر ئاگر دەکەم بە دەموچاوی ڕووداودا،
زمانم دەبێتە خۆڵەمێش،
ئەو سووتانی لەبیر چووەتەوە و دەخووسێ.
ڕووداو دایناسۆرە،
ئاگر فڕێ ئەداتە بنی زمانمەوە،
زمانم ناخووسێ، گڵپە دەکات،
«زمان کاغەزە و ڕووداو ئاگر».
«دەروونم دۆزەخە و دەرەوە بەفر»
حەقیقەت لە ناوەوەمدا تۆپەڵێ گڕە،
حەقیقەت لەدەرەوە بەستوویەتی،
هەبوونم بریتییە لەم ساردی و گەرمییە،
هەم بەستەڵەک و هەم کوورەی مس: ئەوە منم!
جێگۆڕکێیەک بە سووڕی دنیابینیم وادەکات،
حەقیقەت لەناوەوەمدا سەرمای ببێ،
حەقیقەت لەدەرەوە ببێتە خەڵووز،
«دەروونم بەفرە و دەرەوە دۆزەخ».
دەمرم و لە کێلی گۆڕەکەم دەنووسرێت:
هەویر، گۆرانی، ئاسن، جەنگ، بکوژ، مامان، ئاگر، ڕووداو، دۆزەخ، بەفر…
مەگەر ئەم شیعرە بخوێنرێتەوە،
ئینجا بزانرێت ئەوەی مردووە، کێیە!
ڕەنگە هەمووان بڵێن: تۆ!
منیش بڵێم: ئێوه!
حهقیقهتیش بڵێ: ههمووتان!