فێمینیزم یەکسان نییە بە فێمینیزم

ئەم وتارەی دەیخوێننەوە، وەڵامی (هێرۆ خوسرەوی)یە بۆ تەوەری (فێمینیزم وەک کۆنسێپت و بزووتنەوە و، فێمینیستی کورد) لە ئامادەکردن و سەرپەرشتی کردنی (ڕۆزا شێخانی).

فێمینیزم:

لە سەرەتادا پێم باشە دووبارە جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە (چەندین جاری دیکەش بە وتاری جیا جیا ئاماژەم بەم خاڵە کردووە) کە فێمینیزم یەکسان نییە بە فێمینیزم. چەمکی فێمینیزم وەک هەر ڕێبازێکی تیۆری دیکە بە چەندین ئاراستەی فیکرییدا گەشەی کردووە و لەو ڕێگەیەشەوە ئایدیا و تیۆرە فێمینیستییەکان پرسەکانی هێز، دەسەڵات، ژێردەستەیی، چەوساندنەوە و نایەکسانییەکان شیکار دەکرێن. بۆیە چەمکی فێمینیزم دەکرێت وەک چەمکی سەرەکی دەرک بکرێت و دواتر ئاماژە بەوە بکرێت کام فێمینیزم، چونکە بۆ خوێندنەوەی هەر بابەتێک لە ڕوانگەیەکی فێمینیستییەوە دەکرێت تێبگەین، کە ئەو فێمینیزمە بەرگری لە کام ئاراستەی فیکری دەکات و بە چ چاویلکەیەکەوە شەرحی بابەتەکە دەکات. بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە تەنیا تێگەیشتن لە فێمینیزم و ئەوەی فێمینیست بوون چییە بەس نییە، بەڵکو پێویستە لەگەڵیشیدا لە کۆنتێکستە مێژووییەکان تێبگەین، کە بۆچی هەل و مەرج و پێشزەمینەی بۆ هەندێک گۆڕانکاری ڕەخساندووە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی ڕزگاریی ژنان بە چەند قۆناغێکی جیاواز ئاشنا دەبین، کە هەر یەکێکییان بەپێی ئەو بارودۆخە سیاسی، ئابووریی و کۆمەڵایەتییەی تێیدا سەریان هەڵداوە لێکدانەوە و دەرککردنێکی دیکەیان هەیە لەگەڵ ئەوانەی پێش و پاش خۆیدا. بۆیە چەمکی فێمینیزم وەکئەوەی لە پرسیارەکەدا هاتووە، نەشێوێنراوە، بەڵکو لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسییەکاندا بەرگی دیکەی بە بەردا کراوە. ئەمەش دیاردەیەکی تایبەت نییە بە کوردستان و ڕەنگە چەمکەکەش بۆ کوردستان هێشتا نوێ بێت، مەبەستم لە نوێبوونیش جێگرتنی چەمکی فێمینیزم وەک ئایدیا و تیۆرییەک، کە کۆمەڵە کەسانێک بناغە و بنەمایەک بۆ بزووتنەوەیەکی سیاسی پێ بونیادبنێن، چونکە تاکو ئێستا سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی چالاکمان نەبووە لە مێژووی کوردیدا، کە بۆ پرسی ژن چڕ بووبێتەوە، ئەوەی هەبووە خەباتێکی تا ئەندازەیەک لەلایەن پیاوانەوە بووە بۆ بەگژداچوونەوەی سیستەمە داگیرکارەکان و کێشە سیاسییەکانی دیکە.

چەمکی فێمینیزم یاخود هەموو چەمک و تیۆرییە سیاسییەکانی دیکە لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە پاشگری (یزم) وەردەگرن، کە وەک ڕێبازێک و تیۆرییەکی سیاسی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. بەڵام زاراوەی فێمینیزم (Feminismus) بۆ یەکەمجار لەلایەن ژنێکی فەڕەنسییەوە کە مامۆستای مافی ژنانە لە ساڵی ١٨٨٠ بە کار دەهێنرێت و ئەڵبەتە لە لایەن ئیوبێرتین ئەوکلێرت (HubertineAuclert    ١٨٤٨-١٩١٤) کە دواتر لەساڵانی ١٨٨١ تا ١٨٩١ لە ڕۆژنامەی(La  Citoyenne) ئەم چەمکە وەک ئایدیایەکی سیاسیی دژی ماسکولینیتی (Maskulinismus) [نێرایەتیی] ناو دەبات[1]. «خەباتی ژنان » و«فێمینیزم» لە ڕاستیدا یەک ئامانجی سەرەکییان هەیە، ئەویش ڕەخساندنی هەلومەرج و مافی سەرەکیی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، لە دەوڵەت و حوکمڕانیدا، لە کۆمەڵگا و کولتووردا و هەروەها لە سنووری تایبەتیشدا. بە شێوەیەک کە ماف و ئازادیی و بەشداریی ژنان لە هەموو کایەکاندا بە شێوەیەکی یەکسان و دادپەروەر، دابەش بکرێت. خەباتی ژنان وەک هەر بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی دیکە دەکرێت وەک پێکەوە کارکردن و مامەڵەکردنێکی کۆمەڵایەتی بناسێنرێت، کە دەیەوێت بەو ئاراستەیەدا بڕوات بەشداریی لە گەشەی کۆمەڵگادا بکات. بە تایبەتیش خەباتی ژنان هەوڵدەدات کۆتایی بە پەیوەندییە ڕەگەزییەکان (جێندەرییەکان)، نادادپەروەریی و نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان بهێنێت. ئەگەرچی لە زۆرینەی کات لە کاتی پێناسەکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ژنانەوە چەمکی فێمینیزم بە کار دەهێنرێت، بەڵام فێمینیزم هێشتا واتایەکی زیاتری هەیە. فێمینیزم وەک هەریەکێک لە تیۆریی و چەمکەکانی دیکەی وەک لیبڕالیزم، کۆنزێرڤاتیزم، مارکسیزم ….هتد ئاماژە بە ڕێباز و تیۆرییەکی سیاسی دەکات، کە چەقی تیۆرییەکە چەند لایەنێکی دیاریکراوی کۆمەڵگا بەرجەستە ناکات، بەڵکو دەڕوانێتە تەواوی پەیوەندییەکانی کۆمەڵگا.

ڕۆزا لوکسمبورگ(١٨٧١-١٩١٩) لە کۆنگرەی نێوەدەڵەتی سۆسیالیستی لە شتۆتگارت ١٩٠٧

بۆچی فێمینیزم؟

بزووتنەوە سەرەتاییەکانی ڕزگاریی ژنان وەک لە مێژوودا نووسراوەتەوە، بزووتنەوەی ژنانی بۆرژوازی بووە، چونکە داواکارییەکانیان لەو ئیمتیازانەدا کۆببوویەوە کە پیاوانی چینی بۆرژوازی توانا و مافی بەدەستهێنانیان هەبوو، بەڵام ژنانی بۆرژوازی ڕێگرییان لێ دەکرا، ئەمەش لەبەر ئەو نۆڕم و بەها و داوکارییە پیاوسالارییانەی لە کۆمەڵگاکاندا هەبوون. داواکاریی مافی هەڵبژاردن، مافی خوێندن و مافی بەشداری لە سەروەت و سامان و میرات سەرەکیترین داواکارییەکانی ئەو بزووتنەوانە بوون. ڤیرجینا وۆلف کە بەبێ سڵەمینەوە نازناوی فێمینیست هەڵدەگرێت و هەوڵ بۆ مافی هەڵبژاردن دەدات و ئاماژە بەوە دەکات، کە چەوساندنەوەی ژنان لە پێکهاتەی دابەشکردنی کار و هەلومەرجی نایەکسان بۆ گەیشتن بە پارە و خوێندن دایە. گۆڕینی ئەو هەلومەرجە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانە ئامانجی سەرەکیی ئەو بزووتنەوانە بووە، کە ژنانیش بتوانن وەک بکەرێک بەشێک بن لە پڕۆسە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکاندا. وەکچۆن وۆڵف لە تێکستی “سەما بۆ خاوەندارێتی”دا بە ڕوونی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە و دەڵێت: «ئێمە پێویستیمان بە کۆمەڵگایەکی سەرمایەدار نییە، کۆمەڵگایەکی دیکەمان دەوێت، کە تێیدا ژنان بەر لە هەر شتێک زمانی خۆیان، میتۆدەکانی خۆیان، پەروەردە و فێربوونی خۆیان بدۆزنەوە. ئەمەش پەیوەست نییە بە یەکسانکردنەوەوە (یەکسانکردنی ژن بە پیاو)، چونکە پیاوێتی هیچ پێوەرێکی ئەرێنی نییە، بەڵکو پیاوێتی هەڵگری سەرمایەداری، جەنگ و خۆپەرستییە. ڕزگاری ژنان شتێکی دیکەیە، ئەڵتەرناتیڤێکی زیندووە و لێدەگەڕێت هەمووان تێیدا بگەشێنەوە»[2]. سەرەڕای گرنگیی ڕۆڵی بزووتنەوەی ژنانی بۆرژوازی وەک سەرەتایەکی دیار لە ناوهێنان و باسکردنی مافەکانی ژناندا، هێشتا ناتوانێت بە شێوەیەکی گشتی بۆ هەموو ژنان بدوێت، داواکارییەکان و تێگەیشتنیان لە دۆخی ژن تەنیا لەنێو چینی بۆرژوازییدا دەمێنێتەوە، هەر لەبەر ئەمەش بزووتنەوەی ژنانی بۆرژوازی دەکەوێتە بەر ڕەخنەی ژنانی سۆسیالیستی وەک ڕۆزا لوکسمبورگ، کە بزووتنەوەکە وەک کۆمیدیایەکی سادە وەسف دەکات، چونکە ئەو ژنانە کارکردێکی ئابووریی سەربەخۆیی خۆیان لە کۆمەڵگادا ناوێت و ناتوانن لەدەرەوەی داهاتی پیاوەکانیانەوە وێنای مافی سیاسیی خۆیان بکەن، ژنانی بۆرژوازی نایانەوێت خۆیان بێبەری بکەن لە بەرهەمەکانی چینایەتیی و چەساندەوە، بۆیە مافی سیاسی دەبێت ئەوکاتە داوا بکرێت و ئەو کەسە دەبێت داوای بکات، کە خۆی تاکێکی چالاکی نێو کۆمەڵگا بێت[3]، چونکە لوکسمبورگ سەرکەوتنی مافی هەڵبژاردنی ژنان لەگەڵ خەباتی چینایەتیدا وەک خەباتێکی بەیەکەوە گرێدراو دەبینێت. بە هەمان شێوەش کلارا تسەتکین وەک سۆسیالیستێک و فێمینیستێک، کە باوەڕی تەواوی بە ڕزگاریی ژنان بە گشتی هەیە، ئەم بزووتنەوە بۆرژوازییە لە بزووتنەوەیەکی ژنان بۆ گرووپ و نوخبە و ئیلیتێک دەگۆڕێت بۆ بزووتنەوەیەکی ژنانی پرۆلیتاری ئەنتەرناسیۆنال، کە نە سنوور، نە نەتەوە و نە هیچ بەربەستێکی دیکە بناسێت و خەباتێکی یونیڤێرسال بێت. لوکسمبورگ هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە دۆخی ژنان و ستەمکردن لە ژنان بە شێوەیەکی گشتی دەردەبڕێت:

«شوێنی کارکردن لەسەر داهاتوو پێویستی بە دەستی زۆر و هەناسەی قوڵ هەیە. دنیای پڕ لە گلەیی و گازەندەکانی ژنان چاوەڕێی ڕزگاری دەکات. لێرە ژنە جوتیارێک بە دەست سەختی و قورسایی ژیان دەناڵێنێت و خەریکە گیان لە دەست دەدات. لەوێ لە ئەڵمانیا-ئەفریقا ژنانی هێرێرۆ لە بیابانە پەتییەکاندا ئێسکەکانیان دەسوێتەوە و بەهۆی سەربازە ئەڵمانییەکانەوە مەرگێکی تۆقێنەر بە برسێتی و تینوێتی ئەزموون دەکەن. لە هەر لایەکی ئۆقیانوسەکانەوە لە بەرزارییەکانی پوتومایۆ هاوار و قیژەی ژنانی ئیندیانی لەنێو زەوییە کشتوکاڵییەکانی سەرمایەدارە نێونەتەوەییەکان. ژنانی پرۆلیتاری، هەژارترینی هەژاران، بێمافترینی بێمافەکان، پەلە بکەن بۆ خەباتی ڕزگاریی ڕەگەزی ژن و ڕەگەزی مرۆڤ لە دەستی دەسەڵاتی سەرمایەی زەبەلاح»[4]. لەم نووسینەیدا ڕۆزا لوکسمبورگ ئەوەمان بە ڕوونی پیشان دەدات، کە خەباتی ژنان دەبێت خەباتێک بێت دژی چینایەتی، کۆڵۆنیالیزم و سەرمایەداری، ئینجا دەکرێت سەبارەت بە ڕزگارییەکی واقیعی ژنان قسە بکردێت. ئەم شێوە لە خەباتی ژنانە بە ئاشکرا دەبێت مەترسییەک بۆ سیستەمە چەوسێنرەوەکان (هەم سەرمایەداری و هەم پیاوسالاری) چونکە بە میکانیزمێک کار دەکات کە جیاکاریی و نایەکسانییەکان نەک لە سنوورێکی دیاریکراودا، بەڵکو بە شێوەیەکی فراوان و جیهانی کەم بکاتەوە، بەو واتایەی کاتێک لە دژی چەوساندنەوەی ژنان لە ئەوروپادا دەوەستێتەوە، بە هەمان شێوەش دژی چەوساندنەوەی ژنانی وڵاتانی کۆلۆنیکراویش دەوەستێتەوە. کەواتە بۆ ئەوەی بەر بەو مەترسییە بگرتڕێت دەبینین دوو قۆناغی جیاواز بۆ هێرشکردنە سەر ژنانی ئازادیخوازی سۆسیالیستی لە مێژوودا بەدی دەکرێت، ئەویش لە سەرەتای سەرهەڵدانی بزووتنەوە پرۆلیتارییەکاندا، جوڵانەوەیەک و ئاراستەیەکی دیکەی سیاسی دروست دەبێت، کە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دژایەتیکردنی داواکارییەکانی ژنانی پرۆلیتار (کە داوای کاری یەکسان و مافی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی یەکسانیان دەکرد) و هەوڵ دەدات لەو ڕێگەیەوە وا نیشان بدات کە هەبوونی مافی ژنان لێسەندنەوەی مافەکانی پیاوانە، بەو واتایەی لێسەندنەوەی دەسەڵات لە پیاوانەوە بۆ ژنان. بەم هۆکارەش کۆمەڵێک پارتی سیاسیی و جوڵانەوەی کۆنزێرڤاتیڤ دەست دەکەنەوە بە زەقکردنەوەی ڕۆڵی ژنان و ژنانەبوونیان لە کۆمەڵگادا، لە ڕێگەی دروشم و پڕوپاگەندەی سیاسییەوە، بەوەی کە جێگەی ژنان لە ماڵەوە و خزمەتکردنە و پیاوان شوێنیان لە سیاسەتدایە. هەر ئەمەش زەمینەسازی زیاتر دەکات بۆ هاتنە دەسەڵاتی فاشیزم و پارتە کۆنەخواز و ڕاسیستەکانی وەک نازیزم لە ئەڵمانیا و فاشیزم لە ئیتاڵیا. دووەمین قۆناغ لەدوای جەنگی جیهانیی دووەم و کەوتنی فاشیزمەوە دەست پێ دەکات، چونکە لەو کاتەدا یەکێتیی سۆڤێت وەک بەرەیەکی دژی ناسیۆنال-فاشیزم لە بەرامبەر بەرەی ئیمپریالیستیی ئەمریکادا دەوەستێتەوە. لە ئەنجامی کێشمەکێشمی نێوان ئەمریکا و سۆڤێتدا و دواتر ڕووخانی بلۆکی سۆڤێت، سیاسەتی لیبڕاڵەکان لە ئەوروپادا گەشە دەکات، بەمەش لەنێو پرسی ژنانیشدا ئەم سیاسەتە ڕەنگ دەداتەوە، بەوەی کە بەرەیەکی دژایەتیکردنی ژنانی سۆسیالیست دروست دەبێت، بە ڕابەرایەتی کردنی ئالیس شڤارتسە (کە لە ئێستادا یەکێکە لە ڕابەرانی ژنانی فێمینیست لەناو پارتە ڕاستڕەو و نیۆنازییەکاندا)، کە دژی هەر پرەنسیپێک دەوەستێتەوە ژنانی وەک کلارا تسەتکین، لوویس میشێل، ڕۆزا لوکسمبورگ، …هتد خەباتییان بۆ کردووە، بەمەش دووبارە خەباتی ژنان و فێمینیزم پێناسەیەکی دیکە وەردەگرێتەوە و بەپێی تیۆرییە (نیو)لیبڕاڵییەکان پرسی ژن دەخوێندرێتەوە. ئەم دوو قۆناغە (کە ئێستا خۆمان لەنێو قۆناغی دووەمدا دەبینینەوە) گرنگییەکی زۆریان هەیە بۆ تێگەیشتن لە پرسی ژن و سەرهەڵدانی بەرە جیاوازەکان لەنێو خودی تیۆرە فێمینیستەکاندا.

blank
هیرۆ خوسرەوی نووسەر و وەرگێر

ئاراستە و ڕوانگەکانی فێمینیزم:

فێمینیزم وەک ڕێبازێکی سیاسی، خاوەنی چەندین تیۆری و ئاراستەی فیکریی جیاوازە، بەڵام من لێرەدا دەمەوێت ناوی چەند ئاراستەیەک بهێنم و شێوازی هەڵسەنگاندنەکانیان بۆ دۆخی ژن دیاری بکەم. بۆ ئەوەی لە دەرئەنجامدا بتوانین پرسی ژن بە شێوەیەکی گشتگیر و چەوساندنەوەی ژن لە چەندین لایەنی جیاوازەوە دەرک بکەین. بەپێی نەریتی فێمینیزمی فێمینۆلۆژیست، کە لەلایەن سیمۆن دو بۆڤوارەوە دامەزراوە، بوونی ژن پەیوەستە بە ژنانەییکردنی ژن لە بەرامبەر پیاودا. پیاو هەموو سیفەتێکی چالاکبوون و بەهێزبوونی دەخرێتە پاڵ و ژن لە ڕێگەی باڵادەستیی پیاوێتییەوە لە کۆمەڵگادا بەهۆی جەستەیەوە دەکرێت بە ئۆبیێکتێک (بە بابەتێک). لێرەدا کێشە و نایەکسانییەکان لە پەیوەندیی سوبیێکت و ئۆبیێکتدا (بکەر و بابەت) دەخوێندرێتەوە، کە پیاو وەک سوبیێکتێک لە کۆمەڵگادا ئاماژەی پێ دەکرێت و ژنان وەک ئۆبیێکتێک و وەک ئەوی دیکە. ئەمەش بەرەو دەرئەنجامی باڵادەستی، ژێردەستەیی و چەوساندنەوە لەنێوان ڕەگەزەکان (جێندەرەکان)دا دەڕوات. بۆڤوار لە کتێبی «ڕەگەزی دووەم»دا بە چڕی باس لەو ڕۆڵە جێندەرییانە دەکات کە چۆن جەستەی ژن لە ڕێگەی چاودێریی کۆمەڵایەتییەوە ئستیغلال دەکرێت. بوڤوار لە ڕوانگەی ئەزموونەکانی خۆی وەک ژنێک کە دەیەوێت لەو دۆخی بە ئۆبیێکتبوونە بڕواتە دەرەوە، شەرحی دۆخی ژن و ستەمکردن لە ژن لە ڕووی سوبیێکت و ئۆبیێکتەوە دەخوێنێتەوە. بەپێی بۆڤوار ئەم بە ئۆبیێکتبوونەش بووەتە ئامرازێک بۆ زەوتکردنی ئازادی ژن و نەبوونی بڕیاردانی ژن. لەگەڵ ئەوەشدا بۆڤوار پێی وایە کە ژنان تا ئەندازەیەک ڕۆڵیان لەم بە ئۆبیێکتبوونەدا هەیە، کە ببنە ئەوی دیکە، بەوەی هەوڵنادەن دژی ئەو بوونە بووەستنەوە کە خراوەتە پاڵییان، لە هەمان کاتیشدا ژنان ناچار دەکرێن ئەو دۆخی ئەوی دیکەبوونە قبوڵ بکەن، هەر ئەمەش دەبێتە هۆکاری دووبارە بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و ستەمکردن و چەوسانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دۆخی ژن لەنێو ئەم ئۆبیێکتبوونەدا بەپێی شیکارییە نوێیەکانی تیۆرییەکانی ئیمپاوەرمێنت (بەهێزبوون) دوو شێوە بوون بەخۆیەوە دەبینێت، یەکەمیان ژنان هەوڵدەدەن لەو دۆخی بە ئۆبیێکتبوونە بچنە دەرەوە و ببنە سوبیێکتی سەربەخۆ، دووەمیشییان زۆرتر بەرگریکارانی فێمینیستی لیبڕال جەخت دەکەنە سەر قبوڵکردنی ئەو ئۆبیێکتبوونە و لە خوددا هەڵگرتنی ئەو ئۆبیێکتبوونە وەک ئامرازێک بۆ بەگژداچوونەوەی نایەکسانییە جێندەرییەکان لە کۆمەڵگا پیاوسالارییەکان، کە تێیدا پیاو هەموو شتێکە و ژن تەنیا ئەوی دیکەیە. بۆیە زۆر کات لە هەندێک لە مشتومڕە فێمینیستییەکاندا ئاماژە بەوە دەکرێت، کە ژنان بەوەی کە گرنگی بە جەستە، لەش و لار و جوانیی خۆیان دەدەن، ئەکتێکی فێمینیستییە و بەوە ژن هێز و توانای تایبەتی خۆی لە بەرامبەر پیاواندا نیشان دەدات و ئەمەش دەکرێت ڕێگەیەکی ڕزگاریی ژن بێت. بە پێچەوانەوە نەریتی فێمینیزمی لیبڕاڵ هێز وەک سەرچاوەیەکی کۆمەڵایەتیی ئەرێنی دەبینێت، کە لە واقیعییەتدا بە یەکسانی دابەش نەکراوە، کە ژنانیش بە هەمان شێوەی پیاوان هێز و دەسەڵات بەدەست بهێنن. بەو واتایەی ئەگەر ژنانیش بتوانن پلە و پێگەیەکیان بۆ چەساندنەوەی ئەوی دیکە پێبدرێت، ئەوا یەکسانیی جێندەری بەدیدێت.

لە لایەکی دیکەشەوە بەپێی فێمینیزمی ڕادیکاڵ جیاوازییە جێندەرییەکان بەرهەمی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانن، کە هێز و دەسەڵاتێکی دوالیزمی لەسەر بنەمای «باڵادەستیی و ژێردەستەیی» (Dominanz und Subordination) بونیاد دەنێت، بوونی ئەم دوالیزمە وای کردووە پیاوان ڕۆڵی باڵادەست و ژنانیش ژێردەست بگێڕن. ئەم فێمینیزمە زیاتر پشت دەبەستێت بە دیالێکتیکی ئاغا و کۆیلە، کە شولامیت فایەرستۆن بەرگریکاری سەرسەختی ئەم چەشنە فێمینیزمە بووە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکاندا. فایەرستۆن پەیوەندیییە جێندەرییەکان وەک پەیوەندییەکی دیالێکتیکی دەبینێت. لەمەشەوە ئاشنا دەبین بە شێوازێکی دیکە بۆ بەرەنگاربوونەوە بەرامبەر بە چەوساندنەوە و باڵادەستیی پیاو بەسەر ژندا. هۆکاری سەرەکی ئەم باڵادەستییەش دەگەڕێتەوە بۆ بنەمایەکی ئابووریی، بەهۆی خاوەندارێتیی تایبەت و سەرمایەوە پەیوەندیی و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان ئەم دیالێکتیکە بەدیدێت، کە تیۆرییە مارکسیستییەکان بە ڕوونی ئەم پڕۆسەیە شیکار دەکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی زۆرێک پێیانوایە شیکاریی سەرمایەداریی مارکسیستی زیاتر دەچێتە میانەی دژیەکییەکانی کار و سەرمایەوە، کار لەسەر ئەو کاتێگۆرییانە دەکات کە بەزەقیی وەک کاتێگۆری جێندەریی نەناسێنراون، بۆیە فێمینیستی مارکسیستی یاخود سۆسیالیستی هەوڵ دەدات زیاتر ئەو کاتێگۆرییانە لە ڕوانگەیەکی جێندەرییەوە لە پەیوەندیدا بە مەسەلەکانی چینایەتییەوە بخوێنێتەوە.

بێجگە لەمەش فێمینیستانێکی دیکە زەروورییەتی ئاراستەیەکی دیکەی فێمینیستی بەدەردەخەن، بۆ ناساندنی فۆڕمەکانی دیکەی ستەم و چەساندنەوە، بەدیاریکراویش ئەو چەوساندنەوانەی کە ژنانی سپیپێست ئەزموونی ناکەن و لەتێڕوانینەکانیان بۆ فێمینیزم ڕەنگ ناداتەوە، ئەم فێمینیستەش فێمینیستی ئینتەرسێکشنالیتیی و فێمینیستی ڕەشپێستە. ئامانجی ئەم فێمینیزمە زۆرتر دۆزینەوەی هێڵە بەیەکداچووەکانی نێوان نایەکسانیی جێندەریی، نایەکسانیی ئابووریی (چینایەتیی) و نایەکسانیی ئێتنیکیی. بۆیە ئەم فێمینیزمە چەوساندنەوەی ژنان و گروپە پەراوێزخراوەکان تەنیا لە چەوساندنەوەی جیاوازیی جێندەریی نێوان ژن و پیاودا نابینێتەوە، بەڵکو بەشداریی لایەنەکانی دیکەش لەو چەوساندنەوەیەدا دەدۆزێتەوە و بۆیە فێمینیزمی ئینتەرسێکشنالیتی چوارچێوەیەکی فراوانترە بۆ شیکاریی پەیوەندییەکانی دەسەڵات لەنێوان سێکسیزم و ڕاسیزم و چینایەتییدا. ئەم فێمینیزمەش لە لایەن ژنانی ڕەشپێستەوە بەرگری لێ دەکرێت و هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم ڕوانگە فێمینیستییەش دەگەڕێتەوە بۆ ناکامڵی فێمینیستی سپیپێست بە دیاریکراوی فێمینیستی ئەوروپی، کە نایەکسانیی ستەمەکان لە تەنیا لە پەیوەندیی نێوان ژن و پیاودا بەرتەسک دەکەنەوە و ئاماژە بە کێشە بونیادییەکان ناکەن، کێشەکان بەپێی ئیمتیازەکانی خۆیان دەخوێننەوە. بۆیە فێمینیستان و چالاکوانانی ڕەشپێستی وەک کیمبەرلی کرێنشاو (کە دامەزرێنەری چەمکی ئینتەرسێکشنالیتییە)، بێڵ هوکس، ئەنجێلا دەیڤس،…هتد فێمینیستی ڕەشپپێستییان وەک تێۆرییەکی جیاواز لە فێمینیستی خۆرئاوایی دامەزراند. بە هەمان شێوەش فێمینیستی ئینتەرسێکشنالیتی هەوڵدەدات پەیوەندیی و لایەنە لێکدابڕێنراوەکانی نێوان چین، ڕەگەز(جێندەر) و ڕەگەز (ئێتنیک) بڕوانێت و خاڵە هاوبەش و جیاوازەکان بدۆزێتەوە.

ڕەخنەی فێمینیستی بۆ سەرمایەداری و پیاوسالاری:

لێرەدا دەمەوێت بە پشتبەستن بەم دوو فێمینیزمە (فێمینیزمی ئینتەرسێکشنالیتی و سۆسیالیستی) ڕەخنەی فێمینیستی بۆ سیستەمی سەرمایەداری باس بکەم. لە تیۆرییە مارکسییەکاندا ژنان تەنیا ناچنە ناو چوارچێوەی ڕەگەزەوە، بەڵکو لەگەڵ کاتێگۆرییەکانی دیکەدا بەشێکن لە «سوپای زەخیرەکراوی کاری پیشەسازیی» (industriellenReservearmee)[5] و بۆ ئەو سیستەمە تەنیا «ئامرازێکی بەرهەمهێنانن»[6]. ئەم تیۆرییە فێمینیستییانە دەرفەتی ئەوەمان بۆ دەڕەخسێنن پەیوەندییە جێندەرییەکان و پەیوەندییەکانی چەوساندنەوە لە چەندین لایەن و هۆکاری جیاوازەوە ببینین و هەروەها سیستەمی سەرمایەدارییش لە کۆنتێکستی بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتییدا بخەینە بەر باس. بێل هوکس لە ڕەخنەی بەرامبەر فێمینیستی سپی پێستدا دەڵێت: زۆرێک لە فێمینیستەکانی ئەمڕۆ تەنیا جیاوازییە جێندەرییەکان بە هۆکاری سەرەکی قەیرانەکان دەبینن[7]، لەبەر ئەوە پێویستە دووبارە جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە نایەکسانییەکان تەنیا لە چوارچێوەیەکی نایەکسانیی نێوان ژن و پیاودا بەرتەسک ناکرێنەوە چونکە مرۆڤ تەنیا ڕەگەزەکەی نییە، بەڵکو ئەو دۆخە کۆمەڵایەتیی-ئابوورییە و ئێتنیکییەی تێی کەتووە، کاریگەری لەسەر نایەکسانیی و جیاکارییەکان دادەنێت و قوڵتریان دەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا کێشە سەرەکییەکەش پیاوان نین، دەتوانن ستەمکار بن، بەڵکو وەکچۆن بەشێک لە تیۆرییە فێمینیستییە لیبڕاڵەکان بانگەواز بۆ ئەوە دەکەن کە ژنانیش دەتوانن کرێکاران بچەوسێننەوە، ژنانیش دەتوانن ببن بە هەموو شتێک، بەو واتایەی هەرکە ژنانیش گەیشتن بە پێگەی سەروەری، دەتوانن هەرکەسێک کە بیانەوێت بکەن بە ژێردەستە، بەڵام ئامانجی سەرەکی لێرەدا تێکشکاندن و لەناوبردنی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و سەروەربوون بەسەر ئەوی دیکەدایە، نەک شوێنگۆڕکێی جێندەریی یاخود ئیتنیکی. لەمەشەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ تێزەکەی فایەرستۆن، کە لایەنی بایۆلۆژیی ڕیشەی ئەم دوالیزمەیە[8]، ئەوا دەبینین کە چۆن لایەنەکانی دیکە فەرامۆش دەکرێن، کە لە ڕاستیدا کاریگەریی ڕاستەوخۆ لە بەرهەمهێنانەوەی نایەکسانییەکان بە دیاریکراوی نایەکسانییەکان لەسەر بنەمای جێندەریی بەجێدەهێڵن. ئەمەش بەو دەرئەنجامەمان دەگەیەنێت، کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی پیاوانە بە واتای بە کۆتاگەیاندنی فۆڕمەکانی دیکەی چەوساندنەوە نییە[9]. چین، جێندەر و ئێتنیک بەیەکەوە پێکهاتەیەکی پراکتیکە کۆمەڵایەتییەکان پێکدەهێنن، ئیتر لەهەر شوێنێک دەربکەون. لەبەر ئەم هۆیە باوەڕم بەسێکوچکە و خاڵی یەکتربڕینی نێوان چین، جێندەر و ئێتنیک هەیە.

blank
سیمۆن دو بۆڤار (١٩٠٨-١٩٨٦) فەیلەسوفی فەڕەنسی

بۆ ئەوەی باشتر لەم پڕۆسە یەکتربڕە تێبگەین، پێویستە سەرمایەداری لە کۆنتێکستە مێژووییەکەیدا بخوێنینەوە و هەروەها ئەو میکانیزمانەی چەوساندنەوە و ستەمکردن لە ژنان کارا دەکەن. بەم شێوەیە دەکرێت کێشەی ژن و جیاکاریی و نایەکسانییەکان سەرەتا بناسرێتەوە و دواتر دەرفەت بۆ کەمکردنەوە و کۆتاییهێنان بەو نایەکسانییانە بدۆزرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش چەمکی «کەڵەکەکردنی یەکەم»(ursprüngliche Akkumulation)[10]ی سەرمایە لای مارکس یارمەتیمان دەدات. کەڵەکەکردنی یەکەمی سەرمایە دەکرێت لە گۆڕانی پارەوە بۆ سەرمایە و لە سەرمایەوە بۆ زێدەبەها و لە زێدەبەهاوە دووبارە بۆ سەرمایە لێکبدرێتەوە. تیۆریزەکەری مارکسیستیی، سیلڤیا فەدیریچی هەمان چەمکی لە پەیوەندیدا بە سووتاندنی ژنە جادووگەرەکانەوە لە سەدەی ناوەڕاستدا خستووەتە بەرباس. لێرەدا چەمکی کەڵەکەکردن گرنگی خۆی دەبینێت، چونکە ئەم چەمکە پەیوەندیی و کاریگەرییەکانی فیودالیزم بۆ سەرهەڵدانی سەرمایەداری دەردەخات و هەلومەرجە مێژوویی و لۆژیکییەکەی ئەم سەرهەڵدانە دیاری دەکات، کە بە شێوەیەکی ڕیشەیی ئاماژەیەک و هەلڕەخساندنبوون بۆ دروستبوونی پەیوەندییە سەرمایەدارییەکان[11]. لە کاتێکدا ئابووریی فیودالیی بۆ چەندین سەدە لە قەیرانی کەڵەکەبووندا بوو، کۆمەڵێک پڕۆسەی شۆڕشی هەبوون دژ بەو سیستەمە ئابوورییە، کە زۆرینەیان لە لایەن ژنان و بزووتنەوە کۆلێکتیڤییەکانەوە بەڕێوە دەبرا. لە سەردەمی ڕاوکردنی ژنەجادووگەراندا دەوڵەت و کڵێساکان ئەو ژنانانەیان وەک جادووگەر لە قەڵەم دا ، کە بە تەنیا دەژیانیان و سەربەخۆ بوون یان هەژار بوون، یان ئەوەی کە زانینێکی تایبەتییان هەبوو، وەک مامانی یان چارەسەرکەر بوون لە ڕێگەی دەرمان و ڕووەکی سرووشتییەوە. بۆ ئەمەش پێویست بوو دۆخێکی بێ متمانەیی بەرامبەر بەو ژنانانە بخوڵقێنن. لەپشت ئەمانەشەوە باکگراوندێکی حەزی ئابووریی هەیە. لەو سەردەمەدا سەرەتای سەرهەڵدانی سەرمایەداری بوو، کەم کەم دەستکراوە بە بەتایبەتییکردنی زەوی و زارەکان و تێپەڕاندنی سەردەمی دەرەبەگایەتی (فیودالی) بۆ سەرمایەداری. لەسەرووی ئەمانەشەوە ئەو ژنانەی کە لەو شوێنانەدا ژیاون لە ڕێی کشتوکاڵ و زەوییەکانیانەوە پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆیانیان پڕکردۆتەوە و تەرخان کردووە. هەر ئەمەش ئەکتێکی بەرەنگاریی و نەهاتنە ژێرڕکێفی سەرمایەداری بووە، ئەم ژنانە دژی بەتایبەتیکردن وەستابوونەوە، بۆیە پێویست بووە ئەم بەرەنگارییە لەناو ببردرێت. بۆ ئەوەی ئەو پڕۆسە شۆڕشگێڕییە بە خاک بسپێرن، هەوڵ دراوە کاری ژنان، زانین و توانای ژنان، سێکسوالیتەی ژنان بێبەها بکرێت، بەوەی بەر لە گەشەسەندنی سەرمایەداری  دەستکراوە بە فراوانکردنی ڕاوکردن و سووتاندنی ژنە جادووگەران و باڵکشانی کۆلۆنیالیزم بۆ تەواوی جیهان. بۆ ئەمجامدانی ئەم پڕۆسەیەش پێویست بووە کە جەستە بگۆڕدرێت بۆ مەکینەی کار و شوێن پێدانی ژنان بەپێی داواکارییەکانی بەرهەمهێننانی هێزی کار. لەسەرووی ئەمانەشەوە پێویست بووە لە هێز و توانای ژنان بدرێت. بۆ ئەمەش هەم لە ئەوروپا و هەم لە ئەمریکا لە ڕێگەی لەناوبردن و سووتاندنی «جادووگەران» (کە لە ڕاستیدا مەبەست لە ژنان بووە) هەوڵدراوە بەو ئامانجە بگەن[12]. بەپێی فەدیریچی کەڵەکەکردن تەنیا تەرکیزی نەخستۆتە سەر سەرمایە، بە شیوەیەک تەنیا سەرمایە یەک لەدوای یەک کەڵەکە بکرێت، بەڵکو زیاتریش لەوە کەڵەکەبوون تەرکیز دەخاتەسەر جیاوازیی و لێکجیاکردنەوە لەنێو چینی کرێکاراندا، بە شێوەیەک قوچەکێتیی نەک تەنیا لە ڕووی جێندەرەکانەوە بەڵکو ئێتنیک و تەمەنیشەوە بووەتە بەشێکی ڕیشەیی چینایەتیی و لەدەرئەنجامی ئەوەشەوە دروستبوونی  پرۆلیتاریای مۆدێرن[13]. هەر لەبەر ئەمەش جیاکاریی و قوچەکێتی ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینن لە جێگیرکردنێکی ئایدۆلۆژیا و سیاسی بۆ پێکهاتەکانی سەرمایەداری.

سەرهەڵدانی سەرمایەداری هیچ پەیوەندییەکی بە ڕزگاریی ژنانەوە نییە و تەنیا سیستەمەکە پێویستی بە هەبوونی دەستی کاری کەم بەها و بێ کرێیە، لە ڕێگەی ئەو جیاکارییە جێندەریی و دابەشکردنی کارەوە توانیویەتی کاری ژنان وەک ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوە و ڕاگرتنی کۆمەڵگا، لە هەمان کاتیشدا بە کەمترین تێچوو ڕێکبخات.

لەگەڵ سەرهەڵدانی سەرمایەداریدا فۆڕمی ژیان و کارکردن دەگۆڕدرێت بۆ سیستەمی کاری کڕێ، کە ژنانیش وەک هێزی کار لەو پڕۆسەیەدا بەشدار دەبن. زۆرێک لایان وایە سەرمایەداریی دەرفەتی یەکسان بۆ ژن و پیاو بۆ کارکردن ڕەخساندووە و چیتر ژنان ناچارنین لە ماڵەوە کار بکەن، بەڵکو ئەوانیش وەک پیاوان بەشدارن لەنێو سیستەمی کاری کرێدا. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لەنێو کاری کرێدا جیاکاریی جێندەری و دابەشکردنی کار لەسەر بنەمای جێندەری لایەنێکی سەرەکی ئەم سیستەمەیە[14]. بۆیە دەکرێت ئەوە بگوترێت کە سەرهەڵدانی سەرمایەداری هیچ پەیوەندییەکی بە ڕزگاریی ژنانەوە نییە و تەنیا سیستەمەکە پێویستی بە هەبوونی دەستی کاری کەم بەها و بێ کرێیە، لە ڕێگەی ئەو جیاکارییە جێندەریی و دابەشکردنی کارەوە توانیویەتی کاری ژنان وەک ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوە و ڕاگرتنی کۆمەڵگا، لە هەمان کاتیشدا بە کەمترین تێچوو ڕێکبخات. سەرەڕای ئەمانەش نیگای فێمینیستی کاری چاودێری و ئاگالێبوون وەک گرنگترین و سەرەکیترین لایەنی کۆمەڵگا و هەتا سیستەمیش دەبینێت، کە سییستەمەکە خۆی بەهۆی میکانیزمەکانی بۆ هەڵکشانی ئابووری و زێدەبەهاوە ئەم لایەنە گرنگە لەبەرچاو ناگرێت. ئەم فەرامۆشکردن و نادیدەگرتنەی ئەو کارانەی کە زۆرینەی کات ژنانەیی دەکرێن لە ڕاستیدا وێرانکردنی کۆڵەکە بنچینەییەکانی ئەو سیستەمەیە. بۆیە هەروەک مارکس دەڵێت: سەرمایەداریی بەرەو خاڵی بەرەو پێشچوونی خۆی ناڕوات، بەڵکو خاڵی چوونەدەرەوە و کۆتایی ئەو سیستەمە[15]، چونکە ئابووریی سەرمایەداری سەرچاوە بنچینەییەکانی خۆی وەک سەرچاوەکانی سروشت و هێزی مرۆڤ وێران دەکات، بەهۆی چەوساندنەوەی بەردەوام، کە لەڕاستیدا ئەم سەرچاوانە زەروورییەتیان هەیە بۆ مانەوەو بەرهەمهێنانەوەی پڕۆسەکانی ئەو سیستەمە[16].

هەر قەیرانێک گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، بەپێی ئەزموونە مێژووییەکانەوە دەکرێت ئەو ڕاستییە بسەلمێنرێت. قەیرانی ئابووریی فیودالیزم ئەو هەلەی بۆ گۆڕانکاریی خوڵقاند، کە کۆمەڵگاکانی سەرتاپا سەرەوژێرکرد و سیستەمێکی دیکەی بوونیادنا، ئەویش سەرمایەداریی و کاری کرێ بوو. قەیرانی دارایی ٢٠٠٨ تا ٢٠٠٩ بۆ تەواوی سیستەمە ئابووریی و بانکییەکان زەرەرێکی بێشوماری خەمڵاند، ئەمەش وای کرد کە سیاسەتی نیوڵیبڕالیزمی جیهانی زیاتر تەرکیز بخاتە سەر لایەنە ئابوورییەکان. ئەو شتانەی کە دەبوو ڕزگار بکرێن لەو قەیرانەدا بانکەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان بوون. لە دوای ئەم قۆناغەوە سیاسەتی نیولیبڕاڵیی جیهانی کۆمەڵێک هەلی کاری دیکەی ڕەخساند، بۆئەوەی پێش بە دەرکەوتە و پێشهاتەکانی قەیرانێکی دیکەی لە چەشنی ئەو قەیرانە داراییە بگرێت. بەرزبوونەوەی ڕێژەی شوێنی کار دەرفەتی ئەوەی ڕەخساند کە دەروویەکی دیکە بۆ پەروەردە، سیاسەت، میدیاکان، بازاڕەکان…هتد. بە ڕووی ژنانیش بکرێتەوە[17]. ئەمەش دەمانخاتە بەردەم پرسیارێکی ستراتیژی، ئایا دەکرێت هیوامان بە قەیرانەکان هەبێت بۆ دووبارە ڕێکخستنەوە و سەرلەنوێ فۆڕمپێدانەوەی کۆمەڵگاکان، کە لەوەوە بکرێت گۆڕانکاری بەسەر نایەکسانیی و جیاکارییەکاندا بهێنرێت؟ یان ئەوەی ئەو هەلومەرجانە بخەینە ژێر پرسیارەوە کە تێیاندا قەیران دروست دەبێت؟

وەک ڕوانگەیەکی جێندەری کە یەکسانییەکان لە ڕوویەکی چەندێتییەوە ببینێت، دەکرێت ئەم قۆناغە وەک قۆناغی «وەرچەرخانی مەزن» ببینرێت، بەو واتایەی کە تێکەڵاوبوونێکی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی ڕوویداوە کە بەرەو فۆڕمگۆڕینێکی جیهانی چووە[18]. بەڵام ئەگەر ئەم گۆڕانکاریی و پڕۆسەیە لە ڕوانگەیەکەی چۆنیەتی و ئینتەرسێکشنالیتییەوە سەیر بکرێت، چەند وێنایەکی سەیر لە نۆرمە جێندەرییەکان و ستێریۆتایپەکان هەم  لە گوتار و پراکسیسی گشتی و تایبەتیدا سەبارەت بە  “ژنانەییبوون” و «پیاوانەییبوون» بەدی دەکرێت. لەگەڵ ئەمانەشدا دیاردەیەکی دیکەی جیهانی لە هەڵکشاندایە، ئەویش بەرپرسیارێتیی و خەمی خود، کە هەموو ئەرکە بەرهەمێنەرە کۆمەڵایەتییەکان دەخرێتە ئەستۆی تاک. ئەو دروشمانەی دەیانگووت: «جەستەم هی خۆمە» و ئەو داواکارییانەی دەیانگووت جەستە وەک ڕەهەندێکی تایبەتیی و خودی کە هیچ پەیوەندی بە کۆمەڵگاوە نییە، مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، ڕێخۆشکەرییەک بوون بۆ سیاسەتی نیولیبڕالیزم، کە بتوانێت ئەم دروشم و داواکارییانە بۆ مەبەستی خۆی، کە کەمی تێچوو و پێنەدانی کرێ بە کارەکانی چاودێریی و ئاگالێبوونە، سوودی لێ ببینێت. لەگەڵ ئەمانەشدا پیویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە کارەکانی چاودێریی و ئاگالێبوون خۆیان لە خۆیاندا ستەمگەری نیین، بەڵکو چەوسێنەرییەکەیان پەیوەندیی بە قوچەکێتی (هیرارکی) و پلەبەندیی ئەو کارانەوە هەیە لەژێر ئەو کارانەی دیکەوە کە قازانجی زیاتر دەهێنێت بۆ سەرمایەداریی.

blank
کلارا تسەتکین (١٨٥٧-١٩٣٣) لە گردبوونەوەیەکی کۆمۆنیستەکان لە ئەڵمانیا ساڵی ١٩٢٥

کێشە سەرەکییەکە لەوەدایە کە کارەکانی بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتی و خێزانی لە کۆمەڵگا بۆرژوازییەکاندا وەک کارێکی سۆزداری، کە بەشێکە لە پیشە و سروشتی ژن مۆڕکی لێ دەدرێت[19]، هەر بۆیەش کاری بەرهەمهێنانەوە بە واتای کاری ژنان دێت. کاری بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتی، کاری ناوماڵ و «کاری ژنان» دالا کۆستا[20] ماڵ وەک گێتۆیەک ناوزەند دەکات، بەوەی کە ڕۆڵی ژنانەیی و ژنی ماڵەوەبوون زیندانێکە بۆ شوناسێکی ژنانەیی. زیندانێک کە تێیدا هەم پیاوان و هەم ژنان لەبەرهەمهێنانەوەی پێکهاتە سەرمایەدارییەکان بەشدارن و دووبارە سوبیێکتێکی پڕ جیاوازیی ڕەگەزیی بەرهەم دەهێننەوە، بەوەش ڕەوایەتی زیاتر بە کاری بێکرێ (کاری ژنان) دەدرێت. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی ژنان لە بازاڕی سەرمایەداریدا هێشتا بە واتای گۆڕانکاری بەرەو یەکسانی نایەت. ئەگەر لە دۆخی قەیراناویی پەتای کۆڕۆنا بڕوانین، دەبینین لە زۆرینەی وڵاتاندا، ئەوە ژنان بوون کە کۆمەڵگایان لەسەر پێ ڕاگرتبوو و ڕاگرتووە، چونکە لە سەرەتای قەیرانەکەدا هەموو سێکتەرەکان وەستێنران، بێجگە لە سێکتەری تەندروستی و پەروەردە. لەم دوو سێکتەرەشدا ڕێژەی ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو دیارە و هەتا دەکرێت بڵێین ژنانن کە بە شێوەیەکی چالاکانە لەم بەشانەدا کار دەکەن. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر گرنگی کارەکانی چاودێریی و ئاگالێبوون، کە هەتا بۆ سیستەمی سەرمایەداریش ڕۆڵێکی گرنگ لە مانەوە و نەکەوتنی دەبینن. لە کاتێکدا ئاراستەیەک زاڵە لەنێو بازاڕی سەرمایەداریدا، کە جیاوازییە ژنانەیی و پیاوانەییەکان زەقتر دەکاتەوە لە ژیانی تایبەتی و کار و سیاسەتدا، ئاراستەیەکی دیکەش هەیە کە هەندێک لە بوارەکانی کار بەژنانەیی دەکرێن، وەک کاری پەرستاری، چاودێریی تەندروستی، پەروەردەی منداڵان لە ماڵەوە و دایەنگاکان و هتد، لە هەمان کاتیشدا نادیدەگرتن و بێبایەخکردنی ئەو کارانە. چونکە هەرچی زیاتر کارێکی ژنانەیی بێت، بەهایەکی کەمتری پێ دەدرێت لە بازاڕی سەرمایداریدا[21]. جیاکاریی جێندەری بووەتە بەشێکی بنچینەیی سیستەمی کاری کرێ و کاری ماڵ، بۆیە لە دوایین دێڕدا ئەوە دووپات دەکەمەوە هەتا ئەو کاتەی دووبارە دابەشکردنەوەی کار و بەرپرسیارێتییەکان بۆ هەموو بوار و لایەنەکانی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتی، ئیکۆلۆژیی و ئابووریی ڕوونەدات و کاری جددی بۆ نەکرێت، کارێکی ئاسان نییە قەیران و نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان تێبپەڕێنرێن.

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە بانگەشە لیبڕالییەکان دۆزی ژن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بە واقیعی بەرەو ڕزگاری ژن دەبەن، یاخود دەرفەت بۆ ئەوە دەڕەخسێت کە ژن بە وەهمی ئازادیی و بانگەشە لیبڕاڵییەکان بەرەو ئاراستەیەکی وا بەرن، کە ژنان خۆیان لەگەڵ پڕەنسیپەکانی سەرمایەداریی و پیاوسالاریی بگونجێنن و خۆیان خۆیان بەکاڵابوون و سێکسوالیزەکردنی جەستەیان هەڵبژێرن؟

وەکچۆن لیبڕاڵەکان باسی پێکەوەژیانی هەمەجۆر دەکەن و کۆمەڵگا مۆدێرنەکان وەک کۆمەڵگایەکی پلوڕالیستی دەچوێنن، کە دەرفەت و هەل بۆ هەموان دەڕەخسێت کە بەشداربن لە پڕۆسە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکاندا، هەر ئەم ئایدیای پلوڕالیزمە لە چوارچێوەی بانگەشەکردنەکان بۆ لیبڕالیزمدا هاتۆتە نێو کوردستانەوە، کە ئەمەش دەرفەتی بۆ ئەوە ڕەخساندووە هەمەجۆرییەکانی فێمینیزمیش لە کوردستان گەشە بکات. ئەم هەمە جۆرییەش دەکرێت لایەنی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ لەگەڵ خۆیدا بهێنێ. بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە بانگەشە لیبڕالییەکان دۆزی ژن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بە واقیعی بەرەو ڕزگاری ژن دەبەن، یاخود دەرفەت بۆ ئەوە دەڕەخسێت کە ژن بە وەهمی ئازادیی و بانگەشە لیبڕاڵییەکان بەرەو ئاراستەیەکی وا بەرن، کە ژنان خۆیان لەگەڵ پڕەنسیپەکانی سەرمایەداریی و پیاوسالاریی بگونجێنن و خۆیان خۆیان بەکاڵابوون و سێکسوالیزەکردنی جەستەیان هەڵبژێرن؟ بەدەربڕینێکی دیکە، ئایا لەگەڵ کرانەوەی هەرێمی کوردستان بەڕوی سیاسەتی ئابووریی نیولیبڕاڵیزمی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن، کام تێگەیشتن لەگەڵ پێوەرەکانی بازاڕی ئازاد و سیاسەتی نیولبڕاڵیزمدا هاتووەتە نێو کۆمەڵگای کوردی. هەروەها بۆچی ئاراستەیەکی دیاریکراوی فێمینیزم لە کوردستاندا گەشە دەکات و پشتیوانی دەکرێت لەلایەنی سیاسەتی لیبڕالیستییەوە؟

ترس لە فێمینیزم:

ناوهێنانی ئەکتێک بە ئەکتێکی فێمینیستی هێشتا ناکرێت بڕیار لەسەر ئەوە بدات کە فێمینیستییە یاخود نا، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە چ ئامانجێک لەخۆیدا هەڵدەگرێت و چ شتێک وەک کێشەی سەرەکی دەبینێت، کە هەوڵدەدات کاری بۆ بکات و بەرەو باشتربوونی بەرێت. ئەرکی ڕێکخراوە مەدەنییەکان (NGO) بە گشتی ئەنجامدان و بەشدارییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە لەدەرەوەی هەر دەستتێوەردانێکی حکومەتی، ئەمەش بۆ توانای پارێزگاریکردن لە سەربەخۆیی و پرەنسیپەکانی ئەو ڕێکخراوە، کە لەسەری ڕێککەوتوون. بە هەمان شێوە ئەمە بۆ ڕێکخراوەکانی ژنانیش ڕاستە، چونکە زەروورییەتی بەرگریکردن لە ژنان بەرامبەر بەرکەوتنی ژنان بە توندوتیژیی و جیاکاریی و نایەکسانی سەری هەڵداوە. کەواتە ئەم هۆشیارییە دەبێت لە شوێنێکەوە سەرچاوەی گرتبێت، کە توانیبێتی هەست بەو جیاوازیی و چەوساندنەوانە بکات و هەڵیبسەنگێنێت، لەمەشەوە بیرۆکەی بەرگریکردن لە ژنان و مافەکانیان بۆ هاتبێت. ئەم هۆشیارییە دەکرێت وەک هۆشیارییەکی فێمینیستی دەرک بکرێت، هەتا ئەگەر بە ڕاستەوخۆیی خۆیان وەک فێمینیست پێناسە نەکەن. سەبارەت بەو ڕێکخراوانەش کە لە هەرێمی کوردستاندا چالاکانە کار دەکەن، تاکو ئێستا هەڵوێستێکی لەو شێوەیەم بەرچاو نەکەوتووە کە بتوانن بەبێ سڵەمینەوە خۆیان وەک فێمینیست پێناسە بکەن، بەڵام لە زۆرێک لەو کارانەی کە هەوڵیان بۆ داوە دەکرێت بخرێنە نێو کاتێگۆریی فێمینیزمەوە. لێرەدا ئەوەی جێی سەرنجە ترسە لە گووتنی فێمینیزم، ئەویش بەهۆی ئەو پێشبڕیار و ئەفسانانەی سەبارەت فێمینیستبوون لە کۆمەڵگا دژەژنەکان(میزۆگێن)دا برەوی پێ دەدرێت. ئەم دیاردەیەی دژەژنی و دژەفێمینیستییە لە چەندین سوچی کۆمەڵگادا خۆی مڵاسداوە و بە بەرگی جیاواز خۆی نمایش دەکات. ئەمەش دەکرێت گرنگترین هۆکاری سەرەکی بێت، کە ئەو ژنانەی ویستیان بۆ بەشداری لە گۆڕینی کۆمەڵگادا هەیە، بەڵام هۆشیارییەکی گەشەکردوویان سەبارەت بە پرسی ژن نییە، بکەونەوە نێو هەمان ئەو نەریتە باوانەی کۆمەڵگا، بەمەش نەتوانن لە دەرەوەی ئەو نەریتانە بیربکەنەوە. باشترین نموونە دەتوانێت ئەم ترسە بە باشی ڕوون بکاتەوە دروشمەکانی ڕێکخراوەکانی ژنانە لە ڕۆژی هەشتی مارسی ٢٠٢١، کە بۆ من بووە جێگەی سەرنج و هەڵوێستە لەسەرکردن. بەکارهێنانی هەندێک چەمک و هەندێک دەربڕین ئەو باکگراوندە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەی هەڵگرانی ئەو دروشمانە دەردەخات، بۆ گەیاندنی ئەو شتەی باوەڕیان پێی هەیە دەیانەوێت چ شتێک بگەیەنن. بۆ کاتی یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانیی ژنان لە هەرێمی کوردستان بەشێکی زۆری ژنان و ژنانی نێو ڕێکخراوەکانی ژنان سەرەتا بە جلوبەرگی کوردییەوە و دواتر بە گۆڕینی وشەی ژن بۆ خانم ئەم ڕۆژەیان یادکردەوە لەگەڵیشیدا بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکەن، کە ئایا هیچ داواکارییەک و خواستێکیان هەبێت بۆ یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە. ئەم ئەکتە دەرخەری ئەو کەمی هۆشیارییەیە لەنێو چالاکوانان و بەشدارانی بەشێک لەو ڕێکخراوانە، کە بەهۆی نەبوونی هۆشیاریان لەسەر پرسەکانی ژن ئاراستەی خەباتی ژنان بەرەو ئاراستەی پێچەوانەی ئەو ئامانجە دەبەنەوە کە ژنانی ڕزگاریخواز خەباتیان بۆ کردووە. لە لایەکی دیکەشەوە زاڵبوونی ئاراستەیەکی فیکریی دیکە ژنان بەرەو خانمبوون ناچار دەکاتەوە و خەسڵەتەکانی ژن وەک چارەنووسی ئەبەدیی و سروشتیی ژن پیشان دەدات و لەم ڕێگەیەشەوە پێگەی ژنان لەو شوێنەدا دەهێڵێتەوە کە خۆی مەبەستیەتی، ئەویش ئەو دوالیزمە جێندەرییەی نێوان هەردوو ڕەگەز.

ڕەگەز، سێکسوالیتە و دوالیزمی ئەبەدی:

کۆمەڵگای کوردی بەدەر نییە لە پرۆسەی بەجیهانیبوون، بەو واتایەی دەکرێت هێشتا جیاوازیی کولتووریی و نەریتیی باو لە کۆمەڵگانای دیکە جیامان بکاتەوە، بەڵام سیاسەت و سیستەمە جیهانییەکە بەیەکەوە کار دەکەن و یەکتری تەواو دەکەن، هەر لەبەر ئەمە پێویستە لەوە تێبگەین کە ئەو سیستەم و سیاسەتە نیولیبڕاڵییە جیهانییە پابەندە بە چ کڕۆکێکەوە بۆ سەقامگیرکردن و بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتیی و خودی سیستەمەکە.جیاوازییە جێندەرییەکان و وابەستەیی و سێکسیزم لەلایەن «سەرمایەداریی پیاوسالارییەوە»[22] ڕۆڵێکی بەرچاوییان هەیە بۆ هێشتنەوە و سەقامگیرکردنی نەزمی بۆرژوازیی- سەرمایەداری[23]. لە پەیوەندییەکانی ڕۆژانەدا لەنێو ئەو سیستەمە پیاوسالارییەدا دوو پۆلێندبەندی هەن، یەکێکیان هەر مرۆڤێک بەپێی بوونە بایۆلۆژییەکەی کۆدی مێ و نێری لێ دەدرێت، بە واتای «دووڕەگەزی»[24] و هەر جۆرێکی دیکە بەزۆرەملێ دەخرێتە نێو ئەم دوو کاتێگۆرییەوە یاخود وەک شتێکی ناسروشتیی و نائاسایی لە قەڵەم دەدرێت، کە دەبێت پێویستی بە نەشتەرگەری هەبێت بۆ دووبارە هاتنەوە نێو ئەو نەزمی دووڕەگەزییە. لە لایەکی دیکەشەوە سێکسوالیتەی مرۆڤ لە «جەبری هێترۆسێکسوالیتەبوون»[25]دا دەهێڵدرێتەوە. هەموو ئەمەش وێنایەکی دەستەجەمعییە هەر لە سەرەتای دروستبوونی کۆمەڵگا بۆرژوازییەکانەوە جێگەی خۆی گرتووە و بەو وێنەیەش بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتیی پەیوەندییە جێندەرییەکان بەڕێوە دەڕوات. ئەم وێنە نەریتییە نەزمێکی دوالیستیی لەنێوان جێندەرەکان دروست دەکات، کە لە بوار و کایە تایبەتی و دەوڵەتییەکاندا بە سیستەماتیکی دەکرێت. بۆ ئەمەش هێشتنەوە و بە پیرۆزکردنی شێوازی خێزانی بۆرژوازی، کە تێیدا ژن و منداڵ لەژێر سێبەری پیاوی بەخێوکەردا دەهێڵنەوە، بەشێکن لە پێداویستییەکانی بەرهەمهێناەوەی سەرمایەداری. بەپێی جودیت بەتلەر جێندەر پێگەیەکی سیمبۆلییە، کە لە ڕاستیدا لە«یاسای سزادان» (penal code) وەردەگیرێت و بەرجەستە دەکرێت، بەو واتایەی بۆ قبوڵکردنی ئەو پێگەیە سەرەتا کەسەکە ناچار دەکرێت، ئەم ناچارکردنانەش لەنێو زمان و پەیوەندییە کولتوورییەکانی ژیانی ڕۆژانەدا ڕەنگ دەداتەوە[26]. ئەم جەبرانەش هێڵێکی نەپچڕاوی نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان پێکدەهێنن، لەپاڵ جیاوازیی و نایەکسانییە جێندەرییەکان مەسەلەکانی ئیتنیک و چینایەتییش بەزەقی دەکەونە بەرچاو.

بەپێی مارکس سەرمایەداری لەگەڵ سەرهەڵدانیدا فیودالیزمی داڕماند، بەڵام ستڕەکچەرە پیاوسالارییەکانی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرت. بۆیە لێرەدا پێویستە بە ڕوونی ئاماژە بە چەمکی پیاوسالاریی بکرێت، لەبەر ئەوەی کاراکتەرێکی مێژوویی هەیە لە چەوساندنەوەی جێندەریدا.

لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ ڕەتکردنەوە و تەنانەت قبوڵکردنی ئەو تێزەش نیم، کە سەرمایەداری «نابینایە لەبەردەم جێندەرەکان»[27]، بەو مانایەی کە بۆی گرنگ نەبێت کام ڕەگەزە ئەوی دیکە دەچەوسێنێتەوە، چونکە بەپێی مارکس سەرمایەداری لەگەڵ سەرهەڵدانیدا فیودالیزمی داڕماند، بەڵام ستڕەکچەرە پیاوسالارییەکانی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرت. بۆیە لێرەدا پێویستە بە ڕوونی ئاماژە بە چەمکی پیاوسالاریی بکرێت، لەبەر ئەوەی کاراکتەرێکی مێژوویی هەیە لە چەوساندنەوەی جێندەریدا. هەر لەبەر ئەمەشە سەرمایەداری دەستی کراوەیە بۆ پەیوەندییەکانی هێز و دەسەڵات لەنێوجێندەرەکاندا[28]. لە پراکسیس و لە ئەکادیمیای فێمینیستیدا کۆمەڵێک تیۆری جیاواز هەن بۆ لێکۆڵینەوە جێندەرییەکان، کە هەندێکیان جیاوازییە جێندەرییەکان یاخود بە دەربڕینێکی دیکە نایەکسانییەکان بەهۆی ڕەگەزەوە وەک کاتێگۆرییەکی پێکهاتەیی کۆمەڵگا دەرک دەکرێت، کە تێیدا نەزم و پێکهاتەکانی کۆمەڵگا ئەو جیاوازییە جێندەریانە دروست دەکەن یاخود قوڵتری دەکەنەوە. لەمەشەوە کارکردن لەسەر تێگەیشتن لە میکانیزمەکانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و هەوڵدان بۆ گۆڕینیان، دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێنێت کە جیاوازی و نا یەکسانییە جێندەرییەکان کاڵ ببنەوە. بەڵام لە هەندێک لە تیۆرییەکانی دیکەدا واقیعیەتە بایۆلۆژییەکان وەک هۆکاری سەرەکی ئەم نایەکسانیی و جیاوازییانە دیاری دەکرێن و وەک خاڵێک ئاماژەیان پێ دەکرێت کە تێپەڕین لێیان کارێکی ئەستەمە. ئەم تیۆریانەش زۆرتر جەخت لەسەر ڕواڵەت و خەسڵەتە تایبەتییەکانی (بە تایبەتی) هەردوو ڕەگە (ژن و پیاو) دەکەنەوە. بۆ نموونە شولامیت فایەرستۆن جیاوازییە جێندەرییەکان لە ڕێگەی پیاوسالارییەوە وەک حەقیقەتێک دەبینێت، کە ژنان تێی کەوتوون، بەو هۆیەشەوە پێویستە فێمینیستەکان کاتێک باسی نایەکسانییەکان دەکەن، نەک هەر تەنیا کولتووری ڕۆژئاوایی بخەنە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو سروشتیش[29]. بە دەربڕینێکی دیکە فایەرستۆن ڕیشەی دوالیزمی جێندەری لە بایۆلۆژیی و وەچەخستنەوەدا دەبینێتەوە، هەتا لای ئەو ڕزگاریی ژن ئەو کاتە بە دەست دێت، کە ژنان چیتر ئەرکەکانی وەچەخستنەوە و کارە چاودێریی و پڕ هەست و سۆزەکان ئەنجام نەدەن، بەمەش ئەگەر تەکنەلۆژیا بە ڕادەیەک پێشکەوت، کە ئەو ئەرکەی خراوەتە پاڵ ژنان بگرێتەوە، ئەوا دەکرێت ڕزگاریی و یەکسانیی جێندەری بەدی بێت. بە پێچەوانەی فایەرستۆنەوە، میشێل بارێت دیدێکی دیکەی فێمینیستی هەیە و دەڵێت: فێمینیستان ئەرکییان ئەوە نییە دۆخی بایۆلۆژی، کە ڕەگەز و سێکسوالیتی دەگرێتەوە، فۆرمێکی دیکەی پێ بدەن، بەڵکو دەبێت فێمینیستان ئەو پەیوەندییانە بگۆڕن کە لەسەر بنەمای چەوساندنەوە و نایەکسانیی جێندەری دروستبوون[30]. بەپێی بارێت جیاوازییە فیزیکی و بایۆلۆژییەکان شتێک نین بۆ نکوڵیلێکردن، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە بۆچی جیاوازییە سروشتییەکان لە ڕێگەی کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانەوە مرۆڤەکان دەخەنە پێگەیەکی دیالێکتیکییەوە و باڵادەستی و ژێردەستەیی بەدی دەهێنن. هەر لەبەر ئەمەش پێویستە باس لەوە نەکرێت کە چ جیاوازییەکی « بایۆلۆژی» لەنێوان ڕەگەزەکاندا هەیە، بەڵکو چ پێکهاتە و میکانیزمێک ئەم جیاوازیانە زەق دەکەنەوە و دووبارە بەرهەم دەهێنرێتەوە.

دوو سیستەمی جیاواز و سەربەخۆ پاڵنەرن بۆ چەوساندنەوە لەسەر بنەمای ڕەگەزی، هەم سیستەمی پیاوسالاریی کە پیاو تیایدا دەبێتە بکەری باڵادەست بەسەر جێندەرەکانی دیکەدا بە دیاریکراوی بەسەر ژندا و هەم سیستەمی سەرمایەداری کە تێیدا ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و چینایەتیی ڕۆڵی سەرەکی لەم چەوساندەوەیەدا دەبینن. ئەم فۆڕمە باڵادەستیانەش چەوساندنەوەیەکی ئابووریی و جێندەرین، پەراوێزخستنێکی کۆمەڵایەتیی و ئابوورین. پێکهاتە پیاوسالاریی و سەرمایەدارییەکان بەندن بەو قوچەکێتییەوە (هیرارکی)، کە بکرێت باڵادەستیی پیاو بەسەر ژن و لە هەمان کاتیشدا باڵادەستیی چینێک بەسەر چینێکی دیکەدا. بۆ بەدیهێنان و پاراستنی ئەم قوچەکێتییەش هەردوو سیستەمەکە زەروورییەتێکی زۆرییان هەیە بۆ زیاتر ڕەوایەتیدان بە دووڕەگەزیی و جەبری هێترۆسێکسوالیتی، چونکە دووڕەگەزیی و جەبری هێترسێکسوالیتی ئەم قوچەکێتییانە بە بەردەوامی دەپارێزرێن و دووبارە بەرهەم دەهێنرێنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا وا دەردەکەوێت دووڕەگەزی وەک “زیندان”[31]ێک بێت، کە مرۆڤ تێیدا ناچار دەکرێت بمێنێتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دیوارەکانی ئەم زیندانە قابیلیەتی شکاندنییان هەیە وەک هەر چوارچێوەیەکی دیکەی ناچارکردن، چونکە هەلومەرجەکانی دووڕەگەزی چیتر بەهانەیەکی بایۆلۆژیی و سروشتیان نەماوە و بەپێی توێژینەوە نوێیەکان تەنیا دەرئەنجامی پڕۆسە و نۆڕمە کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکانن. توێژینەوەکان دەربارەی ترانسجێندەر ئەوە دەردەخەن کە لەنێوان ئەناتۆمی-فیزیکیی ڕەگەزیی جەستەیی و شوناسی ڕەگەزدا هیچ پەیوەدنییەکی بنچینەیی سروشتی بوونی نییە[32]، بەو واتایەی کاتێک کەسێک لە کاتی لەدایکبوونیدا هەر ڕەگەزێکی هەبێت، ئەوە گەرەنتیی ئەوە ناکات کە کەسەکە لە کاتی پێگەیشتندا هەست بە چ شووناسێک بکات، بەڵکو لە ڕوویی ئەناتۆمیی و فیزیکییەوە هیچ پەتێکی پەیوەندیی نییە، بەڵکو نۆڕم و نەریتەکانی کۆمەڵگا و کولتوورە کە کەسەکە ناچار دەکەن بەوەی چ شوناسێک هەڵبگرێت. بۆیە دووجەمسەریی یاخود دووڕەگەزیی لەنێوان ژن و پیاودا و ئایدیالی هێترۆسێکسوالیتی قابیلیەتی تێپەڕاندنیان هەیە[33]. لە دەرئەنجامی ئەوەشەوە جێندەر یان ڕەگەز دەتوانێت دەرکێکی زیاترمان سەبارەت بە کارکرد و واتای جەستە پێ بدات و هەروەها جێندەر بەشێکیشە لە لایەنە کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکان، کە چ ڕەگەزێک بە تاک دەبەخشن لە هەمان کاتیشدا چی لە ئەودا بەرجەستە دەکەن. پێشکەوتنی پزیشکی بۆ مەسەلەکانی وەچەخستنەوە و کۆنتڕۆڵی مناڵبوون ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە لە تێکشکاندنی وێنەی خێزانی هێترۆنۆرماتیڤی و ئەمەش پیشانمان دەدات جەبری هێترۆسێکسوالیتی و واتای خێزانی بۆرژوازی دۆخێکی ئەبەدیی چەقبستوو نییە و گۆڕانکاریی بەسەردا دەهێنرێت.

ڕەخنە لە پیاوانەییبوون:

ڕەوتێکی فێمینیستی، پێویستی بە کۆمەڵێک توانای مرۆیی و ماتریاڵی هەیە، کە بتوانێت لەو ڕێگەیەوە لێکۆڵینەوەی زیاتر و تێگەیشتنی زیاتر لەسەر پرسی جیاکاریی و چەوساندنەوەی جێندەری بکات، لە هەمان کاتیشدا تیۆریگەلێکی فێمینیستی بخرێتە بەردەست تا لەو ڕێگەیەوە ئاشنایی بەدی بێت بە فۆڕمەکانی چەوساندنەوە، چونکە هۆشیاریی و تێگەیشتن لە فۆڕمە لێکدابڕاو و یەکتربڕەکان دەتوانن ئاماژە بە خاڵێک بۆ دەستپێکردن و کارکردن لەسەر ئەو پرسانە بکەن. ئەم هۆشیارییەش دەتوانێت لە داهاتوودا هەموو ڕەگەزەکان لەو جیاکاری و چەوساندنەوانە بەئاگا بهێنێتەوە، نەک ئەوەی وەک زۆرێک لایان وایە فێمینیزم بابەتێکە دەبێت تەنیا ژنان پێوەی خەریک بن. کاتێک پیاو ئاشنا نییە بەو وێنا بەدێوەزمەبووەی خۆی، هۆشیاریی فێمینیستی بۆ ژنان هیچ دەردێک چارەسەر ناکات، بەڵکو هێڵی جیابوونەوەی ڕەگەزەکان زۆرتر لە یەکتر دوور دەخاتەوە. کاتێک لە زۆرینەی شوێنەکاندا ناوی کۆرسەکانی بەرگریکردنمان بەرگوێ دەکەوێت، دەبێت لەوە تێبگەین کە بەپێی ئەو سیستەمە ئەو ڕەگەزەی دەبێت خۆی بپاریزێت و بەردەوام لە خۆتۆکمەکردندا بێت، تا نەکا ڕەگەزی پیاو دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر، نەکا توندوتیژی بەرامبەر ئەنجام بدات، نەکا لەبەر ئەوەی ژنە لە شوێنەکانی کار و شوێنە گشتییەکان ناحەقی و جەوساندنەوەی بەرامبەر بکرێت.. هتد، ڕەگەزی ژنە. لەمەشەوە وا دەبینرێت کە ئەرکی هۆشیاریی و تێگەیشتن لە فۆڕمەکانی ستەمکردن ئەرکی ژنانە، وەکئەوەی پیاوان زۆر دەمێک بێت بەوە گەیشتبن. پیاوان دەمێکە بەوە گەیشتوون کە بوونی خۆیان نامۆببن و تەنیا دێوەزمەیەک بن، کە هەموو خەسڵەتەکانی ترس و تۆقین، تاوان و کوشتن و توندوتیژی تیایاندا کەڵەکە کراوە. پیاوانیش شان بەشانی ژنان دەبێت بەشدار بن لەو پڕۆسەی ڕەخنەکردنەی پیاوێتییدا، نەک ژنان بە تەنیا ئەو قورساییە بگرنە ئەستۆ، ئەم هەڵەتێگەیشتنە بووەتە لایەنێکی چێنراو لە زۆرێک لە تاکەکانی کۆمەڵگادا. بۆیە گرنگە ژنان و پیاوان و هەروەها نەوەی نوێش سەرلەنوێ پەروەردە بکرێنەوە بە پەروەردەیەک کە تێیدا بە دیاریکراوی ئاماژە بە ڕۆڵی ژن و پیاو نەکرێت، کچانی چکۆلە بە خەسڵەتە خستنەپاڵدراوە ژنانەییەکان و کوڕانی چکۆلەش بەبێ پەرپرسیارێتی و توندوتیژییەوە گەورە نەکرێن.

پەراوێزەكان


[1]Waldmann2019: 30

[2]Haug 2010: 143

[3]Haug 2010: 143

[4]Luxemburg 1979: 412

[5]Marx 2004: 555

[6]Marx & Engels 2009: 43

[7]Hooks 1994: 323

[8]Firestone 1975:14

[9]Hooks 1994: 323

[10]Marx 2004: 635

[11]Fedirici 2012a: 77

[12]Fedirici 2012a: 78

[13]Fedirici 2012a: 78

[14]Barrett 1990: 137

[15]Marx 2004: 635

[16]Wichterich 2020: 143

[17]Wichterich 2010: 165

[18]Wichterich 2010: 165

[19]Federici 2012b: 15

[20]Dalla Costa 1976: 279

[21]Wichterich 2009: 3

[22]Kraemer et al. 2012 :31/ Berger 2008, S. 372

[23]König/ Jäger 2011: 147

[24]Landweer 1994: 140

[25]Butler 1994: 101

[26]Butler 1994: 104-105

[27]Kraemer et al. 2012 :31

[28]Barrett 1990: 221

[29]Firestone 1975: 10

[30]Barrett 1990: 225

[31]Landweer 1994: 140

[32]Kuster 2017: 7

[33]Kuster 2017: 8

سەرچاوەکان:

Barrett, Michèle (1990). Das Unterstellte Geschlecht. Umrisse eines marxistischen Feminismus. 2             Auflage. Argument. Berlin.

Butler, Judith (1994). Phantasmatische Identifizierung und die Annahme des Geschlechts. (S. 101-138). In Band: Institute für Sozialforschung (Hrg.) (1994). Geschlechterverhältnisse und Politik. Suhrkamp. Frankfurt am Main.

Dalla Costa, Mariarosa (1976). Die Produktivität der Passivität. Die unbezahlte Sklaverei als Grundlage für die Produktivität der Lohnsklaverei. (S.275-295) In: Menschik, Jutta (Hg.) (1976). Grundlagetexte zur Emanzipation der Frau. 1 Auflage. Pahl-Rugenstein. Köln.

Federici, Silvia (2012a). Caliban und die Hexe. Frauen, der Körper und die ursprüngliche Akkumulation. Mandelbaum. Wien.

Federici, Silvia (2012b). Aufstand aus der Küche. Produktionsarbeit im globalen Kapitalismus und die vollendete feministische Revolution. Kitchen Politics: Band 1. 1 Auflage. Edition assemblage. Münster.

Firestone, Shulamith (1975). Frauenbefreiung und sexuelle Revolution. Fisher Taschenbuch Verlag.

Haug, Frigga (2010). Briefe aus der Ferne. Anforderungen an ein feministisches Projekt heute. 1 Auflage. Argument. Hamburg.

Hooks, bell (1994). Feminismus – eine transformative Politik. (S. 323-337). In Band: Kaiser, Nancy (Hrg.) (1994). Selbst bewusst. Frauen in den USA. 1 Auflage. Reclam Verlag. Leipzig.

König, Tomke König / Jäger, Ulle (2011). Reproduktionsarbeit in der Krise und neue Momente der Geschlechterordnung. Alle nach ihren Fähigkeiten, alle nach ihren Bedürfnissen! (S.147- 164). In Demirovic´, Alex / Dück, Julia/ Becker, Florian/ Bader, Pauline (Hrsg.) (2011). VielfachKrise, Im finanzmarktdominierten Kapitalismus. VSA Verlag. Hamburg.

Kraemer, Klaus/ Korom, Philipp/ Nessel, Sebastian (2012). Kapitalismus und Gender. Eine Auseinandersetzung mit der kapitalismuskritischen Intersektionalitätsforschung. Berliner Journal für Soziologie. Berlin J Soziol 22:29–52 DOI 10.1007/s11609-012-0178-z. Online verfügbar:https://link.springer.com/content/pdf/10.1007/s11609-012-0178-z.pdf

Kuster, Friederike (2017). Mann – Frau: die konstitutive Differenz der Geschlechterforschung. In: Kortendiek, Beate et al. (Hrsg.) (2017), Handbuch Interdisziplinäre Geschlechterforschung, Geschlecht und Gesellschaft. Springer Fachmedien. Wiesbaden. Online verfügbar:https://link.springer.com/chapter/10.1007%2F978-3-658-12496-0_3

Landweer, Hilge (1994). Jenseits des Geschlechts? Zum Phänomen der theoretischen und politischen Fehleinschätzung von Travestie und Transsexualität. (S. 139-167). In Band: Institute für Sozialforschung (Hrg.) (1994). Geschlechterverhältnisse und Politik. Suhrkamp. Frankfurt am Main.

Luxemburg, Rosa (1979). Gesammelte Werke 1/1. Dietz Verlag. Berlin

Marx, Karl (2004). Das Kapital. Kritik der politischen Ökonimie. Ungekürzte Ausgabe nach der zweite Auflage 1872. Voltmedia. Paderborn.

Marx, Karl/ Engels, Friedrich (2009). Manifest der kommunistischen Partei. Anaconda. Köln.

Waldmann, Maximilian (2019). Queer/Feminismus und kritische Männlichkeit. Ethico-politische und pädagogische Positionen. Budrich UniPress Ltd. Opladen. Berlin. Toronto.

Wichterich, Christa (2009). Krisen, Kapital und Kosten. Ein feministischer Blick auf die globalen Krisen. in: Lunapark. Online verfügbar:http://www.femme-global.de/fileadmin/user_upload/femme-global/themen/globalisation/Krise_Luna2.pdf

Wichterich, Christa (2010). Geschlechteranalysen und – Diskurse in der Krise. (S. 164-187). In: PERIPHERIE Nr. 118/119, 30. Jg. 2010, Verlag Westfälisches Dampfboot, Münster.

Wichterich, Christa (2020). Covid-Kapitalismus, Körper und Care. (S. 143-145). In: FeminaPolitica – Zeitschrift für feministische Politikwissenschaft, 29(2). Online verfügbar:https://doi.org/10.3224/feminapolitica.v29i2.27