فاشیستەکان بناسین
«هابرماس دژی ئەم بزووتنەوەیە [بزووتنەوەی ئایاری ٦٨] بوو و خوێندەکارە شۆڕشگیڕەکانی ناو نابوو فاشیستە چەپگەراکان»، «نیولیبرالیزم یان جۆرە کۆنەکەی هەمیشە ڕێخۆشکەری فاشیزم بووە»، «فاشیزمی داعش بۆ کوردەکان وەک فاشیزمی هیتلەر بۆ یەهودییەکانە».
ئەم ڕستانە مشتێکن لە نموونەی خەروارێک لە بە فاشیست دانانی ئایدیا بە رواڵەت زۆر جیاوازەکان. (بە گەڕانێکی سادە دەتوانن بوێژەکانی ئەم ڕستانە بدۆزنەوە) بەڵام بە ڕاسی ئەم فاشیزمە چییە کە دەتوانێ لە یەک کاتدا ئاوەڵناو و وەسفی هەندێ لایەنگری چەپ، ڕاست و، دیندارەکان بێت؟ ئایا لە زۆربەی بارەکاندا، «فاشیست» تەنیا جنیوێکە کە کەسەکان بە دژەکانی خۆیانی دەدەن، یان دەتوانرێ بە وردییەکی ماقوڵەوە لەبارەی چییەتی هزرەکان، ڕوانگەکان و، سیاسەتە فاشیستییەکان قسە بکرێ؟ (هەڵبەتە کەسانێک هەن و زێدەتر هەبوون کە شانازی بە فاشیست بوونیان دەکەن یان دەکرد. ئەوانە بێگومان ئەم وشەیە وەک جنێو بە کار نابن) بەڵام باسەکە تەنیا لەسەر پێناسەیەکی وردی ئەو چەمکانەی کە بە کاریان دەهێنین نییە. دیاریکردنی ڕادە و سنووری چەمکی فاشیزم تەنیا دنەی هۆگری کەسانێک نادات کە بەکارهێنانی ورد و دروست لە وەها چەمک و زاراوەگەڵێک بە سەرنجراکێش دادەنێن. زانینی ئەوەی کە فاشیزم چییە، دەتوانێ یارمەتیمان بدات لە ناسینی جیهانێک کە تیایداین. بەڵام چۆن؟ لەم ساڵانەی دواییدا زۆرمان بیستووە کە لێرە و لەوێی جیهان ئاراستە و ڕوانگە فاشیستەکان خەریکە باڵا دەست دەبن. بۆیە ئاگایی و هوشیاری لەسەر پێکهاتەتەکانی فاشیزم بە کاری توێژینەوەی دروستی ئیدعا گرنگەکان لەبارەی دۆخی ئێستا و داهاتووی جیهان دێت. خوشبەختانە فەیلەسوفێکی شیکاریانە (ئەنالیتیک) کە پێی وایە دەتوانرێ دەنگی پێی فاشیزم ببیستین، لە کتێبێک کە بەم دواییانە نووسیویەتی، تایبەتمەنییەکانی فاشیزمی باسکردووە، بەڵگەکانی لایەنگرانی فاشیزمی پشکنیوە و، باسی ئەو هەلومەرجە کۆمەڵایەتیانەی کردووە کە بووەنەتە هۆی هیز بەخشین بە فاشیزم. فەیلەسوفی شیکاریانە بوونی نووسەرەکە نابێ ببێتە هۆی ئەم نیگەرانییە کە لەگەل کتێبێکی تەکنیکاڵ و ناڕوون ڕووبەڕووین، بەڵکو ئەو مزگێنییە دەدات کە هزرەکان و ڕوانگەکانی کتێبەکە بێ پێچ و پەنا و بە بەڵگەهێنانەوە بەیان کراون. لە درێژەدا سەرەتا باسی نووسەرەکە دەکەم، پاشان هەندێ لە باسەکانی کتێبەکە دەناسێنم.
جەیسن ستەنلی فەیلەسوفێکی ئەمریکاییە و مامۆستای زانکۆی (ییڵ)ە. کارە فەلسەفییەکانی پتر لە زەمینەی فەلسەفەی زمان و ئەپستمۆلوژی (مەعریفە) بووە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا زۆرتر سەرقالی فەلسەفەی سیاسی و پرسە کۆمەڵایەتییەکان بووە. ئەو لە ساڵی ٢٠١٦ کتێبی (پڕوپاگەندە چۆن کار دەکات) بڵاوکردەوە؛ کتێبیک کە بووە براوەی خەڵاتی ئەنجومەنی چاپەمەنییەکان لە بەشی فەلسەفە. کتێبی دوایی ستەنلی، فاشیزم چۆن کار دەکات، لە ساڵی ٢٠١٨ بڵاوکرایەوە. ئەمە ئەو کتێبەیە کە لەم نووسینە دەیناسێنم. ئەم کتێبەی لە ماوەیەکی کورتدا وەرگێڕدراوە بۆ زیاد لە دە زمان. بەو شێوەیەی کە خۆی لەم کتێبەدا ئاشکرای دەکات، ئەوەی بووە هۆی ئەوەی ستەنلی ئەم کتێبە بنووسی، لەوانە سەرکەوتنی ترەمپ بوو لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئەمریکا. ستەنلی ئەم سەرکەوتنە بە بەرهەم و، لە هەمان کاتدا بە هۆکاری، بەهێزبوونی دیدگا و ئاراستە فاشیستییەکان لە ئەمریکا دادەنێ. بنەماڵەی ستەنلی لەو یەهودیانە بوون کە لەبەر هەڵهاتن لە جووکوشتنی ئەڵمانیای نازی ناچار بە کۆچ بۆ ئەمریکا بوون. ئەو ئەم پێشینە بنەماڵەییەیشی لە نووسینی ئەم کتێبەدا بە کاریگەر دادەنێ.
جگە لە پێشەکی، کۆتایی و پێزانین، کتێبەکە دە بەشە کە ناونیشانەکانیان ئەمانەن: ١. ڕابردووی ئەستوڕەیی، ٢. پڕوپاگەندە، ٣. ئەنتی ڕۆشنبیر، ٤. ناواقیعیەت، ٥. هیرارکییەت، ٦. قوربانی بوون، ٧. ڕێسا و یاسا، ٨. دڵەڕاوکێی زایەندی ٩. سدۆم و گۆمۆرا و ١٠. (ARBEIT MACHT FREI بە کارکردن ئازاد دەبن). نووسەر لە هەر بەشێکدا دەپەرژێتە سەر یەکێ لە بەڵگەکان یان هۆ و هەنجەتەکانی فاشیستەکان. بۆ ئەمەش ئەو لە بیرکردنەوە و ڕەفتاری فاشیستەکانی ڕابردوو و ئێستا نموونەی زۆر دەهێنێتەوە. بە سەرنجدان لەوەیکە بەردەنگی سەرەکی کتێبەکە ئەمریکاییەکانن، بەشێکی بەرچاو لەم نموونانە لەبارەی دوێنێ و ئەمڕۆی ئەمریکاییەکانە. هەڵبەتە ئاوڕیش لە فاشیستەکانی دیکە و سیاستە فاشیستانەکانیان دراوەتەوە؛ لەوانە؛ سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێستای پۆڵەندا، مەجارستان و تورکیا. لێرە زۆر بە کورتی هەندێ لە ئایدیاکانی کتێبەکە دەناسێنم تا خوێنەر بزانێ کە لەو کتێبە چی دەست دەکەوێ.
فاشیزم لەسەر دوالیزمی خۆبەرزتر و ئەوی تری خوارتر دامەزراوە. بنەمای ئەم بانگەشە و ئیدعای بەرزتر و سەرترە دەتوانی ڕەگەز، ئایین یان کولتوور بێت. بۆ باوەڕهێنان بەم دوالیزمە، فاشیستەکان پەنا دەبەنە بەر حکایەت و گێڕانەوەی “مێژوویی” کە باسی بانتر و سەرترییەکانی “خۆیان” و خوارتر ونزمییەکانی “ئەوی تر” دەکات. لەم گێرانەوە و حکایەتانە بە زۆری باسی ڕابردوویەکە کە “بژاردەکان” سەروەرێکیان هەبووە و خەریکی داگیرکردنی وڵاتان و تەسلیم کردنی “ئەوانی تر” بوون. قۆناغێک کە بونیادی باوکسالارانە، هەم لە خێزان و بنەماڵە و هەم لە دەسەڵات، تەناهی و ئاسایشی دەستەبەر کردووە. سەردەمێک کە «خود» و «ئەوی تر» هەر کامیان لە پێگەیەک بوون کە دەبێ هەبن. لە بەکارهێنانی وەها گێڕانەوەیەک، فاشیستەکان بە زۆری بە فێڵ و ساختەکاری کارەکان دەبنە سەر. بەو جۆرەی مۆسۆلینی بێ پیچ و پەنا دەڵێ، ئەم حکایەتە ئەستورەییانە «پێویست ناکات ڕاست بن». ئەمە ڕابردوویەکە بۆ گۆڕینی ئەمرۆ دەخولقێنرێ؛ بۆ بەرژەوەندی و پەسند پیشاندانی دروشمی بوژانەوەی «مەزنیەتی» لە کیس چوو. لەم ڕابردووە دروستکراو و ساختەیەدا زۆرێک لە خاڵە تاریکەکان یان ڕەتدەکرێنەوە یان کەمڕەنگ. بۆ نموونە پاش هەڵوەشانەوەی کۆیلەداری لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەمریکاییە بە ڕەگەز ئەفریقاییەکان لە ویلایەتەکانی باشوور ئەو مافەیان بە دەستهێنا کە دەنگ بدەن. ئەوان لە هەندێ لەم ویلایەتانە زۆرینە بوون و ئەمەش خۆی بووە هۆی ئەوەی تا ئاستێکی زۆر لە دەسەڵاتدا ببنە شەریک. سپی پێستەکان کە ئەمەیان پێ خۆش نەبوو، کارێکیان کرد کە مافی دەنگدانی ئەمریکاییە بە ڕەگەز ئەفریقییەکان لەوان بسەندرێتەوە. تا کۆتاییەکانی سەدی بیستەم، ئەم ماف زەوت کردنەیان بە پەسەند دەزانی. چونکە لەو باوەڕەدا بوون کە ئەمریکاییە بە ڕەگەز ئەفریقییەکان لە حکومەت کردن زۆر گەندەڵ بوون و بۆ ڕزگاربوون لەم گەندەڵییە بەربڵاوە سپی پێستەکان چارەیەکی تریان نەبووە. ئەم ڕوایەتە بە گشتی درۆیە. فاشیستەکان بۆ خەوشدار نەبوونی ئەم رابردووە ئەستوورەییە، هەندێ جار پەنایان بۆ یاساش دەبرد. حکومەتی تورکیا هەر ئاماژەیەک بۆ جینۆسایدی ئەرمەنییەکان لە ماوەی جەنگی یەکەمی جیهانی، بە ئیهانە بە نەتەوە تورک و نایاسایی دادەنێ.
فاشیستەکان هیچ حەزیان بە زانکۆییەکان نییە. چونکە زانکۆییەکان بە زۆری لایەنگری یەکسانی ڕەگەزی، جێندەری و ئایینین و لەگەڵ ڕوانگە و ئاراستەکانی فاشیستەکان هاوڕا نین
فاشیستەکان بە شێوەی دیکەش سوود لە ساختەکاری وەردەگرن. ئەوان خواستە فاشیستییەکانی خۆیان لە پارچەیەک باق و بریقی هەقیقەت دۆستی و بابەتی لیبڕالی و دیموکراتی دەپێچنەوە. لە ئەمریکا دژبەرەکانی مافی دەنگدانی ئەمریکاییە بە ڕەگەز ئەفریقییەکان ئەوەیان بە بەڵگەی ڕاستی لە ئایدیای لیبڕالی مافی سەربەخۆیی ویلایەتەکان دەزانی و ئەمرۆ ڕاستە توندڕەوەکان دەڵێن نابێ ڕێگری لە دەربڕینەکان و تەنانەت کردە ئەنتی موسڵمانی و ڕەگەزپەستانەکانیان بین، لەبەر ئەوەی ئەم ڕیگرییانە دژی ئازادی بیروڕایە. نموونەیەکی دیکەش لەم ساختەکارییانە: فاشیستەکان هیچ حەزیان بە زانکۆییەکان نییە. چونکە زانکۆییەکان بە زۆری لایەنگری یەکسانی ڕەگەزی، جێندەری و ئایینین و لەگەڵ ڕوانگە و ئاراستەکانی فاشیستەکان هاوڕا نین. فاشیستەکان بەم دروشمەی کە «زانکۆ دەبێ ڕەنگدانەوەی “هەموو” تێڕوانینەکان بێت» هەوڵ دەدەن مامۆستا و ئوستادانی هاوڕای خۆیان بسەپێنن بەسەر زانکۆکاندا. نووسەر ئەگەرچی هاوڕایە لەگەڵ ئازادیی توێژینەوە و پیویستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بۆچوونە دژەکان بۆ پاساوهێنانەوەی تێڕوانینەکانمان، دەڵێ: ئەگەریش «هیچ کەس پێی وانییە ئازادیی توێژینەوە ناچارمان دەکات کە زانکۆییەکان ڕێ بە توێژەرانێک بدەن بۆ کۆلیژەکانیان کە لە هەوڵی سەلماندنی تەرازبوونی زەوین»، «بە پێویستی نازانم کە هاوکاریم هەبێ [لەگەڵ کەسێ] کە لەو باوەڕەدایە یەهودییەکان بە شێوەیەکی ژێنێتیکی پیسکە و ڕەزیڵن تا بتوانم قسەیەکی وەها گەمژانە بە بەڵگەوە ڕەت بکەمەوە». فاشیستەان لەژیر دەمامکی دروشمی ئازادیی زانکۆیی لە بنەمادا بەرنامەی ئەنتی ڕۆشنبیریانەکەیان دەبنە پێش. بۆ نموونە ئەمانە لە ئەمریکا بەدوای ئەوەوە بوون و هەن کە بەش و بوارگەلی وەک لێکۆڵینەوەکانی جێندەری لە زانکۆکان لا ببەن. هەروەها دەسەڵاتدارانی ڕووسیا، مەجارستان و تورکیا زۆر هەوڵیان داوە کە زانکۆ سەربەخۆکان دابخەن یان لانیکەم لاوازیان بکەن.
ئامانجی ئەوان لە دژایەتی لەگەڵ زانست، میدیاکان و زانکۆکان ئەوەیە: فەزا وەها تەماوی ببێ تا لایەنگرانیان ئیتر متمانە بە چاو و گوێی خۆیشیان نەکەن و کڕیاری خەیاڵە فاشیستییەکانیان بن
یەکێکی تر لە نیشانەکانی ئەنتی ڕۆشنبیریانەی فاشیستەکان دژایەتی کردنی زانستە. ئەوانە هەندێک جار ئەم دژایەتی کردنەی زانست لەژێر ئەوەی کە دەبێ دەنگە پێچەوانەکانیش ببیسترێن دەخەنە ڕوو. بەڵام ئەمەش لە ساختەکارییەک پتر نییە. ئامانجی ئەوان برەودانی ناواقیعیەتە و لەم ڕێگەیەوە «پێویستییەکانی هەر گفتوگۆیەکی ئاڵۆز لەنێو دەبەن» ڕێ دەکەنەوە بۆ حکایەتی سادە و ئەنتی ئەقڵی و، وەهمی پیلانگێرییەک کە پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن. ئامانجی ئەوان لە دژایەتی لەگەڵ زانست، میدیاکان و زانکۆکان ئەوەیە: فەزا وەها تەماوی ببێ تا لایەنگرانیان ئیتر متمانە بە چاو و گوێی خۆیشیان نەکەن و کڕیاری خەیاڵە فاشیستییەکانیان بن. بەم شێوەیەیە کە توانیویانە کارێک بکەن کە زۆرێک باوەڕ بە وڕێنەگەلێکی لەم چەشنە بکەن: پرۆتۆکۆڵی مەزنانی یەهود؛ جۆرج سورس گەلاڵەیەکی هەیە «بۆ ڕەوانەکردنی لێشاوی کۆچبەران بۆ مەجارستان… تا شوناسی مەسیحی-میللی لەنێو ببات»؛ «موسڵمانان بە لیزانینەوە نیازی گۆڕینی حکومەتی تێگزاسیان بۆ کۆماری ئیسلامی هەبووە»؛ فێمینیزم، یەکێکە لە کابووسەکانی فاشیستەکان کە یەهودییەکان دروستیان کردووە تا بەر لە منداڵخستنەوەی ژنان «هەڵبژاردە» بگرن. سیاسەتی فاشیستی بەم کارە «هەواڵەکان لە ناوەندی زانیارییەکان و گفتوگۆی عەقڵانی دەگۆڕێ بۆ لیپۆکێک بۆ زارڤە و ئەتوارەکانی پیاوی دەسەڵاتدار».
فاشیستەکان سیاسەتی فێلبازانەی دیکەش دەگرنەبەر: خۆیان وەک قوربانی پیشان دەدەن. هەڵبەتە دەتوانین تێبگەین بۆ نموونە پیاوێک کە پێشتر لە ئیمتیازەکانی پیاوسالاری سوودمەند بووە، ئیستا کە دەبینیت ژنان کەمیک لە مافەکانی خۆیانیان وەرگرتووەتەوە، هەست بە بوونە قوربانی بکەن. بە شێوەیەکی هاوشیوە، پاش نەهێشتنی هەندێ جیاکاری و هەڵاواردن لەسەر غەیرە سپی پێستەکان، هەندێ لە سپی پێستەکان خۆیان بە قوربانی دەزانن. فاشیستەکان لەم چەشنە هەستانە بۆ بە لاڕیدا بردنی واقیعیەت کەڵکی ناڕەوا وەردەگرن. بۆ نموونە لە ئەمریکا کارێکیان کردووە کە«لە سەدا چل و پێنجی هەوادارانی ترەمپ پێیان وایە زۆرترین هەڵاواردن و جیاکاری بە سپی پێستەکان لە ئەمریکا بە کار دەهێنرێ».
کێشەکە ئەوە نییە کە ئەم کردانە تەنیا بە کردەی بڕەودار لە قەڵەم دەدرێن، بەڵکو کێشەکە لەوێدایە کە وەها ڕەفتارێک بە نۆرماڵ مامەڵە دەکرێ
فێڵێکی دیکە کە فاشیستەکان بە کاری دەهێنن، شاردنەوەی ئاراستەی ڕاستی ڕووداو و پێشهاتەکانە. بۆ نموونە ڕەگەزپەرستەکان برەو بەم کڵێشەیە لەبارەی ئەمریکاییە بە ڕەگەز ئەفریقاییەکان دەدەن کە ئەوان ناچنە ژێر باری کارکردن. ڕەگەزپەستەکان ئەم ڕاستییەی کە بێکاری لەنێوان ئەمریکاییە بە ڕەگەز ئەفریقاییەکان زۆرترە، بە پشتیوانی بۆچوونەکەیان دەزانن. بەلام توێژینەوەکان بە ڕوونی پیشانیان داوە کە لە هەلومەرجی یەکساندا ئیمکانی پیشە و کاری ئەمریکاییە بە ڕەگەز ئەفریقاییەکان لە هاوتا سپی پێستەکانیان زۆر کەمترە. یانی بێکاری زۆرتری ئەمریکاییە بە ڕەگەز ئەفریقاییەکان، لە “تەمەڵی زاتی” ئەواندا نییە، بەڵکو سەقەتی بیروباوەڕە ڕەگەزپەرستانەیە.
ستەنلی ئاماژە بە زەمینەکانی شانسی ڕەگەزپەرەستیش دەکات. یەکێ لە گرنگترین ئەم زەمینانە نابەرانبەری ئابوورییە. لەو هۆکارانەی بووە هۆی ئەوەی ترەمپ ببێتە سەرۆک کۆمار، زیادبوونی حەشیمەتی سپی پێستە هەژارەکان بوو. لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە دەسەڵات گرتنە دەستی سەندیکا کرێکارییەکان، نایەکسانی ئابووری کەم دەکاتەوە. بۆیە سەیر نییە کە فاشیستەکان دژایەتی بکەن. بەڵام دژایەتی فاشیستەکان لەگەڵ بە دەسەڵات بوونی سەندیکاکانی کرێکاری هۆی دیکەشی هەیە. سەندیکاکانی کرێکاری شوین و هۆکارێکن بۆ ئەوەی کە کرێکارانێک بە ڕەگەز، ئایین و کولتوورە جیاوازەکان بۆ دەستگەیشتن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان هاوکاری بکەن. ئەم هاوکارییەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە سنوورە ڕەگەزی، ئایینی و کولتوورییەکان کەمڕەنگ بنەوە. ئەم کەمڕەنگ بوونە بەرگری فاشیستەکان قورس دەکات.
ڕەنگە بڵێن ئەگەرچی ستەنلی بە دروستی کەموکوڕییەکانی ڕوانگە و ئاراستەکانی هەندێ لە گروپەکان و سیاسەتمەداران پیشان دەدات، کاتێ بەوان دەڵێ «فاشیست»، خەریکە زیادەڕەوی دەکات. هەرچی بێت، سەرەڕای هەندێ لە لێکچوونەکان، هاوسەنگ دانانی ئەم گروپانە و سیاسەتمەدارانی نوێ لەگەڵ کەسانی وەک هیتلەر و مۆسۆلینی زیادەڕەوییە. ستەنلی بەئاگایە لەم ڕەخنەیە و لە وەڵامدا دەڵێ مەترسی سەرەکی ئەوەیە کە ئەم هەڵویستە فاشیستییانەیە خەرێکە برەو پەیدا دەکەن و، بەو شێوەیەی جاشوا نابی دەروونناس دەڵێ: «کێشەکە ئەوە نییە کە ئەم کردانە تەنیا بە کردەی بڕەودار لە قەڵەم دەدرێن، بەڵکو کێشەکە لەوێدایە کە وەها ڕەفتارێک بە نۆرماڵ مامەڵە دەکرێ، بۆیە ئیدی ناشیرین و خراپ نادرێنە قەڵەم و بەهایەکیان نییە تا ببێتە هۆی بێئۆقرەییمان». ئەوەی کە بە فاشیست دانانی هەندێک، دەبێتە هۆی ئەوەی بە پەڕگیری بێتە بەرچاوە، ئەوەیە کە هەندێ ڕوانگە و ڕێوڕەش و ئاراستە فاشیستەکان نۆرماڵ بوونەتەوە و «سنوورەکانی بەکارهێنانی ڕەوا، لە وشەی “پەڕگیری” هەمیشە لە گۆڕاندایە». بێ ترس دەبێ بڵێی کە ئەم سیاسەتانە فاشیستین.
من پێم وایە نووسەر توانیویەتی بە باشی پێکهێنەرەکانی فاشیزم و شێوەکانی فاشیستی پیشان بدا. ئەو نموونە جۆراوجۆرانەی کە لە کتێبەکەدا هاتووە، هاوکارییەکی زۆر دەکەن لە تێگەیشتن لەم پێکهێنەر و شێوە جۆراوجۆرانە.