تەوەرێک دەربارەی
«نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی»

دەرچوونی گۆڤاری «ڕەهەند» لە کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردوودا لە لایەن زۆرێکەوە وەک وەرچەرخانێک لە ڕۆشنبیریی کوردیدا چاوی لێ دەکرێت. لە لایەن هەندێکی دیکەشەوە ڕەخنەی لێ دەگیرێ و بە پرۆژەیەکی کوردی نازانن. زیاد لە چارەکە سەدەیەک بەسەر دەرچوونی یەکەمین ژمارەیدا و ڕاگەیاندنی (نێوەندی ڕەهەند بۆ بڵاوکردنەوەی کوردی) تێپەڕیوە، بەڵام بە هەر هۆکارێک بێت ناوەندی ڕۆشنبیری و ئەکادیمیی ئێمە خۆی پاراستووە لە پشکنین و وڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی کە ئایا قسە لەسەر چی جۆرە وەرچەرخانێكە و، ئایا ئەو گۆڤارە و نووسەرانێک کە لە (نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی)دا بوون چی ئیزافەیەکیان هێنایە سەر دنیای ڕۆشنبیریی پێش خۆیان و؛ چ گۆڕانکارییەکی چلۆنایەتییان بەرپا کرد؟ بۆچی و چۆن بوو لەو سەردەمەدا ئەو ڕەوتە سەر هەڵدەدا؟ و، یان بۆ لە لای هەندێکەوە هەر زوو ڕەت کرایەوە و ڕەخنەی لێ گیرا؟ هەر زوو دۆست و دوژمن بۆ خۆی پەیدا دەکات؟ و چەندین پرسی دیکە. دەتوانین بڵێین کەمتر ئاوڕ لەو مێژووە دراوەتەوە و کەمترین هەڵسەنگاندن و شیکاری بۆ ئەو مێژووە کراوە. بەڵام کاتێ دەوترێت «گۆڤاری ڕەهەند»، «ڕەهەندییەکان»، «ڕەوتی ڕەهەندی»، «زمانی ڕەهەندییەکان»  و «نێوەندی ڕەهەند» لە ڕۆشنبیریی کوردیدا، وا پیشان دەدرێ کە هەمووان دەزانن باسی چی دەکەن و کۆکن لەسەر ناوەڕۆکی ئەو چەمک و دەستەواژانە. بەڵام لە ڕاستیدا کە لێی ورد دەبیتەوە، ڕۆشنبیریی ئێمە هیج پێناسەیەکی دیاریکراو و ناوەڕۆک ڕۆشنی نییە بۆ ئەو چەمکانە و کەمترین کار کراوە بۆ دیاریکردنی ناوەڕۆک و فۆرمێک بۆیان.

ماڵپەڕی ”ژنەفتن” دەیەوێت لە پرۆژەیەکدا کار لەسەر ئەو ناڕۆشنییەی ناسنامەی ڕەوت یان نێوەندەکە لە ڕۆشنبیریی کوردیدا بکات و چوارچێوەیەکی ڕۆشنتر بە دەوری ئەو چەمک و دەستەواژانەدا دروست بکات تا یارمەتیی خوێنەرانی خۆی بدات تێگەیشتنێکی کۆنکرێتتر و پێناسەیەکی واقیعیتریان بۆ ماهییەتی ئەو ڕەوت و نێوەندە دەست بکەوێت.  

لەم پرۆژەیەدا هەم مێژووی ئەو ڕەوتە دەپشکنین، هەم هەوڵ دەدەین لەو سیاقە کۆمەڵایەتی-سیاسی-ڕۆشنبیرییە تێبگەین کە سەرهەڵدانی ئەو ڕەوتە لەو سەردەمەدا دەکاتە واقیع، هەمیش لە بەشداریی ئەو ڕەوتە بکۆڵینەوە لە سێ دەیەی ڕابردووی ڕۆشنبیری و ئەکادیمیا و سیاسەتی کوردیدا.

لەم پێناوەدا، لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیەدا ماڵپەڕی ”ژنەفتن” سەرەتا چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژمارەیەک لەو نووسەر و فیگەرە سەرەکییەکانی ئەو نێوەند و گۆڤارە[کە پاشتر وەک “رەهەندییەکان” ناسران]دا ساز داوە. لە درێژەدا بۆ ئامادەکردنی پێرسپێکتیڤێکی دەرەکی بۆ ڕەوتەکە و خۆپاراستن لەوەی کە تەنها کەسانێک ڕا بدەن کە بۆی هەیە سەبجەکتیڤانە هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوتێک بکەن کە خۆیان بەشداربوون تیایدا، ژمارەیەک وتاری خاوەن ڕا و نووسەرانێک[کە ژنەفتن داوایان لێ دەکات] بڵاو دەکەینەوە و، ئینجا دیمانە و چاوپێکەوتن لەگەڵ نووسەرانێکی تردا دەکەین کە ”ژنەفتن” دەزانێت دەتوانن بەشدار بن لە ڕۆشنکردنەوەی زیاتری ناسنامە و ماهییەتی نێوەندەکە و، وەک چاوێکی دەرەکیی دەرەوەی ئەو ڕەوتە، شیکاری و خوێندنەوە لە پێرسپێکتڤێک و ڕوانگەی ترەوە بخەنە بەردەستی خوێنەر.

هیوای ئێمە ئەوەیە دوای تەواوبوونی پرۆژەکە و بڵاوبوونەوەی هەموو دەقەکان، خوێنەر و ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردی کەرەستەی دەست کەوتبێت بتوانێت ئاسانتر دەستی لە تێرم و چەمکەکانی «ڕەهەندییەکان»، «ڕەوتی ڕەهەندی»  و.. هتد، گیر بێت و بیرۆکەیەکی ڕۆشنتری هەبێت لەسەر ناسنامە و ماهییەتی ئەو ڕەوتە و مێژووەکەی.


بۆیە وەک پێویستییەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم تەوەرەدا بیبلۆگرافیای بابەتەکانی سەرجەم ژمارەکانی گۆڤارەکە و پانۆرامای هەڵوێستە(پێشەکی)کانی سەرجەم ژمارەکانی ڕەهەندی لە سێ بەشدا ئامادە کردووە، بڵاو دەکەینەوە.

لە ڕۆژانی داهاتوودا چاوپێکەوتنەکانی هەریەک لە (مەریوان وریا قانع)، (ڕێبین هەردی)، (هیوا قادر) و (بەختیار عەلی) بڵاو دەکەینەوە.

لە ماوەی ئەو چەند مانگەدا کە تەوەرەکە بەردەوامە، ئەو وتار و توێژینەوە و دیمانانەی دیکەی نووسەرانی دەرەوەی نێوەندەکە بڵاو دەکەینەوە.