چۆن سەرمایەداری “کار”ی کردە جێگرەوەی “خۆشەویستی”؟

وەرگێڕانی: ھوشیار شێخ ئەنوەر

“ئەوان دەڵێن: تەنھا گیانفیداكاران و شێتەكان دەتوانن لەم جیھانەی ئێستادا خۆشەویستی بكەن”

 ئەریك فرۆم لە كتێبی( ھونەری خۆشەویستی).

لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا وڵاتی ژاپۆن دوو دیاردەی لێكدانەبڕاوی پێشكەش بە جیھان كردووە. ئەوانەش دیاردەی (كارۆشیkaroshi) بە واتای “مردن بە ھۆی زۆر كاركردنەوە” و دیاردەی (سیكوسو شونای شوكوجن sekkusushinaishokogun) بە واتای “خووی ڕەبەنی” كە بە عەرەبی واتە  “متلازمة العزوبة” كە ئاماژەیە بۆ ئاستێكی بێوێنە لە سارد و سڕیی سۆزداری و سێكسی لەنێو گەنجاندا لە وڵاتێكدا كە ئابوورییەكەی لە لوتكەی دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیھاندا ڕیزبەندی سێیەمی ھەیە و بە پردی سەرەكی لە بازرگانیی جیھاندا ئەژمار دەكرێت و گرنگترین وڵاتی جیھانە كە ئابووریی زۆر وڵاتی تر پشت بە ئابووریی ژاپۆن دەبەستێت.

بەڵام ژاپۆن سەرەڕای ئەوەی كە وڵاتێكی زۆر دەوڵەمەند و خۆشگوزەرانە، كەچی بە ھۆی كاركردنی لە ڕادەبەدەری ھاووڵاتییەكانییەوە بە دەست خۆكوشتن و مردنی بێشوماری گەنجەكانییەوە دەناڵێنێت. ھەروەھا گەنجەكانی بە تەواوی وازیان لە پەیوەندییە سۆزداری و ھاوسەرگیری و خێزانی ھێناوە و ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی كە ڕێژەی لەدایكبووان بۆ ئاستێكی مەترسیدار دابەزێت، بە جۆرێك بووەتە مایەی ھەڕەشە بۆ سەر ئابووریی ژاپۆن و مەترسییەكی زۆریش بۆ سەر ئابووریی جیھان.

(پیاوە گیاییەكان)  ئەو ناوەیە كە ژنانی ژاپۆنی لەو پیاوانەی دەنێن كە ھیچ ئارەزووییەكیان نییە بۆ ژن و ژنخوازی و ھاوڕێیەتی ژنان، ھەروەھا ئەو پیاوانە بە كۆمەڵێك شتی ترەوە خۆیان سەرقاڵ دەكەن، وەك  پەنابردن بۆ ئەو ڤیدیۆگەیمانەی كە لاسایی ژیانی سۆزداری و ھاوسەرگیری و سێكسی دەكەنەوە بۆ ئەوی ھەست بە تەنھایی نەكەن و بۆشاییەكەی ناخیان لە سۆزداری پێ پڕ بكەنەوە.

وڵاتی ژاپۆن لەسەر ئاستی جیھاندا بە وڵاتی كۆڵنەدان لە ئیشوكاردا ناسراوە، “ھەمیشە تاكی ژاپۆنی وا دەزانێت كە لە كارەكانیدا كەمتەرخەمە”، كۆمپانیا و دەزگاكانی كار لەو وڵاتە  دەڵێن: “ئەگەر كەسێك ڕۆژانی پشووی خۆی بەبێ  كاركردن بەرێتە سەر ئەوا لەناو كۆمەڵگەدا ئەو كەسە بە كەسێكی لاواز دەناسرێت و تەنانەت ئەو كەسانە بە چاوێكی سووك لە لایەن ھاوڕێكانییانەوە سەیر دەكرێن.”

بە ڕادەیەكی وا كە “ئێدوارد لوتواك” نووسەری كتێبی “فەرھەنگی بەرخۆری” دەڵێت: “ھاووڵاتیی ئەمەریكایی ساڵانە چەندین كاتژمێر زیاتر كار دەكەن بە بەراورد لەگەڵ ھاووڵاتیی وڵاتانی تری سەر گۆیی زەوی، تەنھا ھاووڵاتیی ژاپۆنی نەبێت كە لە ھاووڵاتیی ئەمەریكایی زیاتر كار دەكات”.

ئامارە فەرمییەكانی ژاپۆن دەڵێن: ساڵانە قوربانیانی كارۆشی (خۆكوژی لەتاو زۆر كاركردن یاخود گیان لەدەستدان بە ھۆی زۆر كاركردن و ھیلاكبوونەوە)، نزیكەی ٤٠٠ – ١٠٠٠ كەس دەبێت و ھەندێ سەرچاوەی تر دەڵێن: تەنھا لە ساڵی ٢٠١٣دا ڕێژەی كارۆشی ٢٠٠٠ كەسی تێپەڕاندووە”.

تابلۆیەكی ھونەرمەندی ئەمەریكایی (ئێدوارد ھۆبەر) بە ناوی (كەسانێك لەبەر خۆردا) لە تابلۆكەدا كەسانێك دەبینین كە ھەست بە نامۆبوون دەكەن لەناو شار و بەھا نوێكانی شاردا، تیایدا وادەردەكەوێت كە بۆ فیگەرەكان و یان كەسەكانی ناو تابلۆكە ژیان ھیچ واتایەكی نییە بەبێ كاركردن، تەنانەت لە تابلۆكەدا سەرەڕای ئەوەی كە کاتی پشوویانە، كەچی كەسەكان ھەر بە شێوەیەكی فەرمی لەبەر خۆرەكەدا دانیشتوون و جەستەی خۆیان توند و ڕەق كردووە و ڕێك و قنج دانیشتوون، ھەرچەندە بەنیازن پشوویەك بدەن، بەڵام ناتوانن خۆیان لە بیری كار و پۆشاكە فەرمییەكەی خۆیان ڕزگار بكەن.

( شنجیرۆ واكی) پرۆفیسۆری زانكۆی ( ڕیكیكۆ) لە ژاپۆن دەڵێت:

“ئەوەی دەیینین تەنھا لوتكەی چیا بەفرینەكەیە”

پرۆفیسۆری  ژاپۆنی (شنجیرۆ واكی) دەڵێت: “زۆربەی خەڵكی ژاپۆن بە ھۆی كاركردنی لە ڕادەبەدەر نەخۆش دەكەون و دەمرن، بەڵام ئامارە فەرمییەكان ئاماژە بەم ژمارە زۆرە نادەن، بەڵام ئاماری تر ئاماژە بە ژمارەیەكی مەترسیدار دەدەن و زیاتر لەنیوەی ژاپۆنییەكان بەبێ ھاوسەرگیری دەژین و یەك لەسەر چواری گەنجی ژاپۆنی بە ھیچ جۆرێك پەیوەندیی سۆزداری ناكەن و دوو لەسەر سێی گەنجەكانی تر بە ھیچ جۆرێك پەیوەندیی سێكسی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر نابەستن و بە شتێكی قێزھێنیشی دەزانن و ئەمەش وای كردووە لە ساڵی ١٩٩٠ەوە ڕێژەی ڕەبەنی لەنێوان ژن و پیاودا بەردەوام لە زیادبووندایە.

ھۆكارگەلێكی فەرھەنگی و كولتووری زۆر بوونەتە ھۆی ئەو دۆخەی كە بەسەر ژاپۆندا ھاتووە، بە تایبەتی ئەو نۆرم و بەھایانەی كە پەیوەستن بە ژنەوە لە فەرھەنگی ژاپۆنیدا. “ئیمیلی نۆسۆمب” ژنە ڕۆماننووسی ئەمەریكایی لە ڕۆمانێكیدا بەناوی “ھەژان و سەرسامی” كە ڕووداوەكانی ڕۆمانەكە لە كۆمپانیایەكی زەبەلاحی ژاپۆنیدا ڕوودەدەن، نووسەر باس لە ئەزموونی خۆی دەكات لەو وڵاتە و لەوەی كە چۆن ھەڵسوكەوتی ژاپۆنییەكانی بینیوە، بە تایبەتی باسی ھەڵسوكەوتی ژنانی ژاپۆنی دەكات و دەڵێت:”ئەگەر پیاو سەرسامی ژنی ژاپۆنی بێت و خۆشی بوێت. ئەوە لەبەر ئەوە خۆشی دەوێت كە ژنی ژاپۆنی خۆڕاگرن و خۆیان ناكوژن، چونكە ھەر مانەوەیان لە ژیاندا بەڵگەیە بۆ دلێری و باڵایی ئاستی ژنی ژاپۆنی”.

سەرەڕای ئەو ھۆكارانەش كە تایبەتن بە ژاپۆنەوە لە چاو وڵاتە سەرمایەدارە زەبەلاحەكانی تردا، بەڵام رۆحی سەرمایەداری ھەر بە ھەمان شێوەیە لە ھەموو جیھاندا، چونكە لە دوای ساڵی (١٩٤٥)ەوە، ھەموو جیھان دوای بەھا و بیر و باوەڕ و شێوە ژیانی خۆراوا كەوتوون كە ھەمویان بەندن بە سەرمایەوە.

“ژاپۆن ئەو وڵاتەیە كە دەزانێت واتای ھەرەسھێنانی مرۆڤ چییە”

لە ڕۆمانی (ھەژان و سەرسامی) نووسینی (ئیمیلی نۆسۆمب).

كورتە فیلمێكی ژاپۆنی بە ناوی(پیاوی مووچە) كە باس لە دیاردەی (كارۆشی) دەكات

ڕۆحی سەرمایەداری.. مژدەی ئایینێكی نوێ دەدات “ئایینی كار”

“ماكس ڤێبەر” لە كتێبە ناودارەكەیدا بە ناوی “ئەخلاقی پرۆتستانتی و ڕۆحی سەرمایەداری”دا دەڵێت: “ئەخلاق لە كۆمەڵگەی مۆدێرندا بە ھیچ جۆرێك لە ئەخلاقی كۆمەڵگەكانی پێشتر ناچێت، ئیدی واتای كۆنی ئەخلاق ھەڵوەشاوەتەوە، سەرەڕای ئەمەش زۆربوونی بوارە مەعریفییەكان و بڵاوبوونەوی پسپۆڕییە وردەكارییەكانی تر لەناو لقەكانی زانستدا وای كردووە كە پێناسەكردنیان بۆ ھەركەسێك شتێكی ئەستەم و سەخت بێت، لەم جیھانەدا كە ناتوانین بە تەواوەتی تێی بگەین و لەگەڵ نەبوونی بەھایەكی ھاوبەش لە جیھاندا ئەوا ھەركەسە و گۆشەیەكی تاێبەتی  بۆ خۆی گرتووە بە تایبەتی كارەكەی یان پیشەكەی خۆیان بە جۆرێك گرتووە كە وەك ئایینێكی نوێ سەیری كارەكانیان دەكەن یان وك ئامانجێكی ڕەھا سەیری كار و پیشەی خۆیان دەكەن، كەواتە ئەگەر ئەخلاقێكی ڕەھا  یان ڕۆحێكی مۆدێرن لە ئێستادا ھەبێت ئەوا خودی كار خۆیەتی.”

وەك “ماكس ڤێبەر” دەڵێت: “ڕۆحی سەرمایەداری خێری مەزن لە پەیداكردنی پارەی زیاتر و زیاتردا دەبینێت”، ئەم ئەخلاقەش تا دێت جەخت لەسەر پیشە پسپۆڕییە بەرتەسك و ئاسۆنزمەكان دەكاتەوە كە ئێستا لە كۆمەڵگە مۆدێرنەكاندا لەنێوان بازرگانەكان و فەرمانبەرە خاوەن مووچە بەرزەكاندا بڵاو بۆتەوە. “ئەریك فرۆم” زانای دەروونزانی دەڵێت: “كۆمەڵگەی سەرمایە لەسەر ئازادیی سیاسی و بازاڕ خۆی دروست دەكات، چونكە بازاڕ پەیوەندییە ئابوورییەكان ڕێك دەخات، مادام بازاڕ ڕێكخەری پەیوەندییە ئابورییەكانە كەواتە ڕێكخەری پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیشە. ئەوە سەرمایەدارە كە كۆنترۆڵی بازاڕ دەكات ھەر ئەویشە نرخی كاڵا و شمەك دیاری دەكات بۆ ئەوەی بەپێی ئەو دیاریكردنە كرێی كرێكارەكان بدات، ئیدی ئەگەر ھەر وزەیەك یان شارەزاییەكی مرۆیی ھەبێت كە بەپێی ھەلومەرجی بازاڕ خواستیان لەسەر نەبێت ئەوا ھیچ بەھایەكیان نییە، ئێستا مرۆڤ خۆی بووەتە كاڵا و ملكەچی خستنەڕوو و خواستە. 

كاتێك مرۆڤ خۆی دەبێتە كاڵا، ئەوا ئەزموونەكانی ژیانی خۆی دەبنە ئەو سەرمایەیەی كە بتوانێت بە باشترین شێوە بەرھەمھێنانی پێ بكات، ئیدی ئەمە دەبێتە پێوەری سەركەوتنی كەسەكە كە بە ھۆی سەركەوتنەكەیەوە ئینجا ھەست بەوە دەكات كە ژیانی واتایەكی ھەیە. ئەگەر شكست بھێنێت لەوەی كە خۆی و ئەزموونەكانی خۆی بخاتە پرۆسەیەكی بەرھەمھێنانەوە ئەوا بە كەسێكی بێنرخ دەناسرێت، چونكە لەم سەردەمەدا نرخی مرۆڤ بەندە لەسەر ئەوی كە چەندە كڕین و فرۆشی پێوە دەكرێت، نەك بەوەی كە تا چەند خەسڵەتی مرۆڤانەی تێدایە و تا چەند خۆشەویستی لە دڵیدایە و تا چەند ژیر و بە توانایە.

 لەبەر ئەوە “ئەریك فرۆم” دەڵێت:”ئێستا ھەستكردنی مرۆڤ بە بەھای خۆی لەسەر ھۆكارە دەرەكییەكانی كەسەكە بەندە نەك لەسەر ھۆكارەكانی ناخی خۆی، لەبەر ئەوە ناچارە كە ئەویش سەر بە مێگەل بێت و بۆ ئەوەی گەرەنتی ئاسایشی خۆی بكات، دەبێت لە ئاستی فیكر و ھەست و ھەڵسوكەوتەوە ھیچ جیاوازییەكی لەوانی تر نەبێت.

سەرەڕای ھەموو ھەوڵێك بۆ زیاتر چوونە ڕیزی مێگەلەوە كەچی مرۆڤ زیاتر ھەست بە تەنھایی دەكات وا خۆی دەبینێت كە گەمارۆ دراوە بە (نیگەرانی و شڵەژان و ھەستی تاوانباری)، ئەو ھەستە خراپ و نێگەتیڤانە لەوەوە دێن كە كەسەكە ناتوانێت لە مێگەل جیابێتەوە، بەڵام ژیاری سەرمایەداری كۆمەڵێك ئازارشكێنی دۆزیوەتەوە بۆ ئەم ھەستە نێگەتیڤانە بۆ ئەوەی كەسەكان ئاگایان لەو تەنھاییەی و بێچارەییەی خۆیان نەبێت، یەكەم ئازارشكێن لەوانە بریتییە لە (ڕۆتینی كار). ئەریك فرۆم دەڵێت: “ئەم ڕۆتینە بیۆرۆكراتییە ناھێڵێت كەسەكان درك بە خوازراوترین ھەستە بنەڕەتییە مرۆییەكانیان بكەن وەك حەزی (جیاوازبوون و یەكگرتنەوە) ئەم بێتواناییەش بووەتە یەكێك لە خەسڵەتە كۆمەڵایەتییەكانی مرۆڤی مۆدێرن و مرۆڤی كردووە بە ئامێر و ڕۆبۆت، ئاشكرایە كە ڕۆبۆتەكان ناتوانن خۆشەویستی بكەن.

“فەرمانبەرەكانی گەورەبازرگان ( یومیمیتۆ) وەك ئەو سفرە بێ نرخانە وابوون كە لەدوای ژمارەكانەوە نەبوایە ھیچ بەھایەكیان نەبوو”

لە ڕۆمانی (ھەژان و سەرسامی) لە نووسینی ( ئیمیلی نۆسۆمب).

blank
تابلۆیەكی تری ھونەرمەندی ئەمەریكاییی (ئێدوارد ھوبەر) بە ناوی (ئۆفیسێك لە شارۆچكەیەك) ساڵی ١٩٥٣. لەم تابلۆیەدا ئۆفیسەكە لە تەختەی شانۆ دەچێت، تیاییدا كەسێك بەدی دەكرێت كە ڕۆڵێكی پێشوەختەی بۆ دانراوە كە بیگێڕێت، كەسەكە خۆی بچووك كردووەتەوە ڕۆحی خۆی پەستیوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕۆڵەكەدا بگونجێت كە پێشوەخت بۆی دانراوە، لێرەدا بە سانایی دەبینین كە چۆن ژیان لە دەرەوە بووەتە چەند قاڵبێكی ئەندازەیی بۆش، بەڵام بە وردی سنوور و گۆشەكانیان دیاری كراون، دەتوانین لەبەر تیژی گۆشەكان ھێڵەكانی ناو تابلۆكە بە ڕاستەھێڵ بپێوین، تەنانەت تیشكی خۆر كە خۆی پەرش كردووە ناتوانێت لەو كۆنكرێتە گۆشەتیژانە بیتە دەرەوە.

چۆن كاركردن ئاسانتر بوو لە خۆشەویستی؟

مرۆڤی ئەم سەردەمە لە كاتی كاركردنیدا زۆر بە دەگمەن دوابەرھەمی كارەكەی دەبینێت، چونكە ئەو نامۆیە بە كارەكەی خۆی، ھەروەك (پولی)یەك واتا خولخلۆكەیەك یان وەك (دشلی)یەك لەناو كۆمەڵێك پولی و دیشلی تری ماشێنێكدا كار دەكات، ھیچ ڕۆڵێكی نییە لە سازكردنی پلانێك بۆ بەڕێوەچوونی كارەكەی، سەرباری ئەمەش مرۆڤی ئەم سەردەمە بە ھۆی ئەو ڕیكلامانەی كە كۆمپانیا زەبەلاحەكان بۆ بەرھەمەكانی خۆیانی دەكەن بووە بە بەرخۆرێكی بێ سنوور، كە لە ڕاستیدا كەسەكە ھیچ پێویستییەكی ڕاستەقینەشی بەو كاڵایانە نییە كە لە ڕیكلامەكاندا دەیانبینێت.

 ئەریك فرۆم دەڵێت: “واتای نامۆبوون لە كارەكانی خۆماندا لەوەدا بە ڕوونی دەردەكەوێت كە مەیلی تەمبەڵی دەكەین، چونكە مرۆڤ ڕقی لەو ژیانە پڕ كاركردنەیە كە تووشی بووە، چونكە ھەست دەكات كەوتووەتە زیندانی كارەكەی خۆی و كەوتووەتە فێڵكردن و تەڵەكەبازی، ئیدی بە ھۆی ئەم ھەستەیەوە تەمبەڵی دەكاتە دروشمی باڵای خۆی، بێگومان ئەم مرۆڤە لە دۆخێكی وادا دەترسێت، ھەروەھا گۆشەگیری و نەبوونی كات بۆ چالاكییە كۆمەڵایەتییەكان بە ھۆی كاركردنی زۆرەوە كەسەكە تووشی نیگەرانی دەكات، سەرباری ئەمەش سیستمی كاركردنی ئەو كۆمپانیایانە خۆیشی نیگەرانی بەرھەم دەھێنێت. چونكە فەرمانبەرانی ئەو كۆمپانیایانە نازانن كەی كارەكەیان كۆتایی دێت. نازانن ئایا گرێبەستەكانیان بۆ نوێ دەكەنەوە یان نا؟ نازانن ڕێڕەوەی كارەكەیان چ ئاراستەیەك وەردەگرێت؟ ئایا پلەی وەزیفییان بەرز دەكرێتەوە یان نزم دەكرێتەوە؟ ئایا پاداشت وەردەگرن یان نا؟ ئایا لەو كۆمپانیایە باری ماددی كەسەكە باش دەبێت یان دەكەوێتە ھەژارییەوە؟ بە ھۆی گۆڕین و بڕیاری لەناكاوی كۆمپانیاكەوە. مرۆڤ لە دۆخێكی وادا بۆی سەختە كە بیر لە ھاوسەرگیری یان خۆشەویستی بكاتەوە، دەبێت دوو ھێندە خۆی ماندوو بكات تا بڕیاری ھاوسەرگیری یان خۆشەویستی بدات ئینجا كاتی زیاتریش تەرخان بكات بۆ ھاوسەرەكەی یان خۆشەویستەكەی تا پەیوەندییەكەیان شكست نەھێنێت و ھەڵنەوەشێتەوە”. هەروەها دەڵێت: “مرۆڤ لە كۆمەڵگە پیشەسازییەكاندا ئامێرە ئەلكترۆنی و تەكنەلۆژییەكانی خۆشتر دەوێت لە مرۆڤێكی تر واتە ھێندەی دەكەوێتە خۆشەویستی ئامێرەكانەوە ھێندە ناكەوێتە داوی خۆشەویستی لەگەڵ مرۆڤێكی ڕەگەزی بەرامبەریدا، لەو كۆمەڵگانەدا پیاوان زیاتر حەز دەكەن بچن بۆ ھۆڵەكانی جیم و لەشجوانی وەك لەوەی كە حەز بكەن كاتەكانیان لەگەڵ ژنێكدا بەسەر بەرن. واتە گرنگی نادەن بە ژیانی ئۆرگانی بەڵكوو گرنگی دەدەن بە ژیانی ئامێر و نائۆرگانی بە ھۆی ئەمەشەوە مرۆڤ دەبێتە كەسێكی كەمتەرخەم و گوێ بە ژیان نادات، چونكە مرۆڤەكە خۆی بووە بە شت، بووە بە كاڵایەك كە بە ھۆی ئەمەشەوە كەسەكە ھەمیشە نیگەرانە، ھیچ ئیمان و بڕوایەكی نییە، قەناعەتی بە ھیچ نییە، توانایەكی زۆر كەمی بۆ خۆشەویستی ھەیە”.

“ئێدوارد لۆتواک” لە وتارێكیدا بەناوی “بەرخۆری لە پێناو خۆشەویستیدا” دەڵێت: “زۆربەی ھاووڵاتییانی ئەمەریكایی بێ بەشن لە سۆز و خۆشەویستی ھیچ شارەزاییەكیان لە ژیانی ھاوسەرگیری و  خێزانیدا نییە، بەڵێ ئێستاش ئەمەریكاییەكان ھاوسەرگیری دەكەن بەڵام ناتوانن خێزانێكی تۆكمە دروست بكەن، ئیدی مرۆڤی ئەمەریكایی زۆر نیگەران دەبێت لەم دۆخەدا و بۆ كەمكردنەوەی نیگەرانییەكانی ناچار پەنا دەباتە بەر بەرخۆری بە تایبەتی (فاست فود) و خواردنی دیلیڤەری بۆ ئەوەی ھەستی مەحرومبوونیان لە سۆزداری و خۆشەویستی بە نان خواردن پڕ بكەنەوە. ئێدوارد لۆتواک لە درێژەی وتارەكەیدا دەڵێت: “سەرمایەداری سەرچاوەیەكی سەرەكیی بۆ پڕكردنەوەی بێبەشبوون لە سۆز و خۆشەویستی دۆزیوەتەوە، ئەویش (كار)ە.”

“سەرمایەداری ئەو بۆشاییە سۆزدارییەی مرۆڤ بە كاركردن  پڕ دەكاتەوە. تا بێت مرۆڤ زیاتر گیرۆدەی كار دەكات بۆ ئەوەی زیاتر ئیش بكات و كار دەكات بە دەرمانێكی سەیر و نامۆ بۆ پەیوەندییە وێرانبووەكانی خێزان، چونكە خۆی لەخۆیدا كاركردن یەكێكە لە تێكدەرەكانی پەیوەندیی خێزانی”.

ئێدوارد لۆتواک دەڵێت: “ئەوەی وا دەكات كاركردن باشتر بێت لە پەیوەندیی خۆشەویستی نێوان دوو كەس ئەوەیە كە خۆشەویستی چالاكییەكی ناوەكی و ناخی كەسەكانە، واتا خۆشەویستی ھێزی مرۆڤ بە شێوەیەكی بەرھەمدار دەخاتە گەڕ و، خۆشەویستی ھەستێكی پۆزەتیڤە و مانای ھەستان دەگەیەنێت نەك كەوتن و خۆشەویستی بەخشین و وەرگرتنێكی بێ بەرانبەرە، بەڵام وەك پێشتر وتمان كە مرۆڤ بووە بە ئامێر و تەمبەڵییەكی گران ناخی داگیر كردووە و حەزی بە ھیچ كاركردنێك نییە، كەسی تەمبەڵیش توانای خۆشەویستییەكی چالاكانەی نییە لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەری”.

ھەر لەبەر ئەم ھۆیەش ئەریك فرۆم لە كتێبی “ھونەری خۆشەویستیدا” پرسیارێكی گرنگ دەكات و دەڵێت: “ئەگەر ھەموو چالاكی و ڕێكخستنە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكانی ھەر یەكێك لە ئێمە گەڕان بێت بەدوای سوود و قازانجی تایبەتی خۆمان كەواتە مرۆڤ چۆن دەتوانێت كار بكات و چۆن دەتوانێت ھەڵسوكەوت لەناو كۆمەڵگەكەیدا بكات و لە ھەمان كاتیشدا فریای خۆشەویستیش بكەوێت؟”

blank
تابلۆیەكی دیكەی ( ئێدوارد ھۆبز) بەناوی “ئۆفیسێك لە نیویۆرك” ساڵی ١٩٦٢ كە گوزارشت لەوە دەكات كەسەكان بەردەوام كاتێكی زۆر لەنێو ئەو دیوارە كۆنكرێتییانەدا بەسەر دەبەن كە ناویان ناوە ئۆفیس، ماسكێكی مەجازییان بەخۆیانەوە كردووە بۆ ئەوەی لەوانی تر بچن، ھەموو جارێك كە مرۆڤ ئەو ماسكە لە ڕوخساری دەنێت ئەوا ھەنگاوێك لە خودی خۆی دوور دەكەوێتەوە و زیاتر دەبێت بەو شتەی یان بەو ئامێرەی كە خۆی دەیەوێت بۆ ئەوەی جێییەك بۆ خۆی لەم جیھانەدا پەیدا بكات.ھەركاتێكیش ئەو ماسكەی لێكەوت خێرا درك بەوە دەكات كە ئەم وێران بووە و لەناو چووە، نامۆیە بە خۆی و ناخی بەتاڵە و بووە بە ھیچ، كە ئیدی ناتوانێت بەم شێوەیە بەرەو ڕووی خۆی بێتەوە، بۆیە ناچارە كە پارێزگاری لە ماسكە گەمژەكەی بكات بۆ ئەوەی خۆی لە خودی خۆی پێ بشارێتەوە.

مرۆڤی ئەم سەردەمە تەنھا بیركۆیی(تەركیز) لەسەر كاركردن دەكاتەوە، چونكە كار واتا مامەڵەكردن و ھەڵسوكەوت كردن بە شێوازێكی پسپۆڕانە لەگەڵ پێشھاتەكانی ژیاندا، چونكە ھەرچەند پێشھاتەكان شێتانە بن دەكرێت بە ھێمنی و ئارامی چارەیان بكەین، چونكە تۆ لە كاتی كاركردندا ئیدی خۆت نیت و ئەوانەشی كە لە دەوروبەرتن، خۆیان نین، ئەمەش واتا نەبوونی متمانە و ڕاستگۆیی، بەڵام كاركردن وامان لێ دەكات كە سەرنج نەدەینە ئەو ئازارانەی كە لە ناخی خۆماندا ھەمانە، ھەروەھا مرۆڤ پێش دەستكردنی بە كار پێشوەختە مەشق و ڕاھێنانی پێ دەكرێت، بەڵام خۆشەویستی ئەزموونێكی شەخسییە كە ناكرێت پێشوەختە مەشقی لەسەر بكەین، ئەمەش وا دەكات كە خۆشەویستی شتێكی چاوەڕواننەكراو و پڕ مەترسی بێت، مرۆڤی ئەمڕۆش توانای ئۆقرەگرتن و دان بەخۆدا گرتنی نییە و ھەمیشە ئەنجامی خێرای دەوێت و سەبری خۆشەویستی كردنی نییە، چونكە ھەرچەندە و ھەرچۆنێك پرۆسەكانی ئیش و كار سەخت و ئاڵۆز بن ناگاتە ئەو وزە و توانایەی كە لە دروستكردنی پەیوەندییەكی خۆشەویستی ڕاستەقینەدا سەرفی دەكەین.

ئەریك فرۆم دەڵێت: “ئەو كەسانەی كە لەژێر سایەی ئەم سیستمە سەرمایەدارییەدا دەتوانن خۆشەویستی بكەن كەسانێكی جیاوازن و بێوێنەن، ئێستا خۆشەویستی بووە بە دیاردەیەكی جیدی نەك لەبەر ئەوەی سەرقاڵبوون بە كار ڕێگری لە خۆشەویستی بكات، بەڵكوو لەبەر ئەوەی كە ڕۆحی ھەراش و چاوچنۆكی كۆمەڵگەی كاڵا خۆی لە بەرھەمھێناندا چڕ كردووەتەوە ناھێڵێت كەس كاتی ھەبێت بۆ خۆشەویستی تەنھا ئەو كەسانە نەبێت كە ناچنە ژێر دەسەڵاتی سەرمایەوە.