ڕه‌فزكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی هاوڕێیەتی

سارتەر و سارتەر

فەلسەفە و مرۆڤ

  بەرایی فەلسەفاندنی چەمکی (هاوڕێیەتی Friend ship) لە فۆرمە ته‌قلیدییه‌‌كه‌یدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەفلاتۆن. كاتێك لەسەر بنەمای چینەکان جۆری پەیوەندییە هاوڕێییەتییەکانی پۆلێن كرد. تیۆری ئه‌فلاتۆن (تاك له‌پێناو گشت) جه‌خت له‌ ناوه‌ندییه‌تی سیسته‌م ده‌كاته‌وه‌ بە ئامانجی بەدیهێنانی چاكه‌ی گشتی و هارمۆنی. به‌م پێیه‌ ڕۆڵ و پێگه‌ی تاك و سروشتێكی ئامرازه‌كی‌ و شوێنكه‌وته‌یی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتیییه‌كانی هه‌یه‌. لەم چوارچێوەیەدا په‌یوه‌ندیی (هاوڕێیەتی)ی ئه‌فلاتۆنی بەپێی تیۆری ئایدیاکان لەسەر بنەمای فەزیلەتە ئەخلاقی و مەعریفییەکان ڕێک خراوە. به‌پێی‌ سیسته‌می ئه‌فلاتۆن په‌یوه‌ندییه‌ هاوڕێیەتییه‌كان پابەندی چوارچێوه‌ و سنووری چینه‌كانە. بۆ نموونە بیرکرنەوەیەکی لەو جۆرەی هەیە کە پەیوەندیی نێوان (زانا و نەزان) ناعەدالەتی لێ دەکەوێتەوە چونکە ئەو دووانە خاوەن دوو فەزیلەت و ئاکاری جیاوازن. ئەم فۆرمه‌ ئایدیالیستییە ئه‌فلاتۆنییه،‌ وه‌ك نه‌ریتێك له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌دا درێژ دەبێتەوە تا سەردەمی هاوچەرخ و بەتایبەت دەرکەوتنی فەلسەفەی بوونخوازی..

 له ‌نیوه‌ی دوومی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵخلیسكانی پرۆژه‌ی ڕۆشنگه‌ری بۆ ناو مه‌یدانه‌ سه‌ربازییه‌كان، له‌لایه‌ن -منداڵه‌ ناڕەسەنەکەی فه‌لسه‌فه‌ – (سیاسه‌ت)، مرۆڤ كه‌وته‌ گۆمی خوێناوی خۆیه‌وه‌. به‌مه‌ هه‌موو سیسته‌مه‌ واتاییه‌كان له‌ گۆ كه‌وتن. هیچ به‌هایه‌كی ئاكاری بۆ مرۆڤ نه‌مایه‌وه‌. شه‌پۆلی ناڕه‌زایییه‌ جەماوەرییەکان ڕوو له‌ هه‌ڵكشان بوو مرۆڤ خه‌ریك بوو له‌ هاواری خۆیدا ده‌خنكا. له‌م بارودۆخه‌دا بوونخوازی وەک هێزی له‌رینه‌وه‌ی ئه‌و دەنگانە دەرکەوت. نوێنەرەکان بە تیکەڵکردنی فەلسەفە و ئەدەب، (مرۆڤ) یان تا ئه‌وپه‌ڕی به‌رز كرده‌‌وه. بەمەش مرۆڤ له‌ ته‌ونی ئاڵۆزی سیسته‌می پێناسه‌كان كرایه‌وه‌ و پاشان كرایه‌ ناوه‌ندی بوونی خۆی و خرایه‌ ناوه‌ندی گه‌ردوون وه‌ك یه‌كه‌مین و دوا ئامانج پێناسه‌ كرایه‌وه‌. ئەمە به ‌فه‌رمی یه‌كه‌م كۆتاییهێنان بوو به‌ سه‌رجه‌م پێناسه‌ و چیرۆكه‌ میتافیزیكییه‌ نه‌ریتییه‌كان بۆ مرۆڤ. لەم چوارچێوەیەدا بوونخوازی ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری گێڕا، یەکێک لە دیارترین فەیلەسوفەکان سارتەرە، بە پڕۆژەی بنیاتنانەوە و پێناسەکرنەوەی مرۆڤ، مەرگی سەرجەم سیستەمە میتافیزیکی و ئایدۆلۆژییەکانی راگەیاند.

ئۆنتۆلۆجیای مرۆڤ و سارتەری فەلسەفی

دیووی فه‌لسه‌فی سارتەر بە ڕەفزکردنەوەی لۆجیکی فەلسەفەی نەریتی (دیکارت -ئەفلاتۆن) دەستی پێ کرد. پاشان لە ڕێگەی پرسیاری: ئەگەر من بوونم نەبێ کێ بیر دەکاتەوە؟ کۆجیتۆی دیکارتی ئیفلیج كرد و بوونە ئۆنتۆلۆجییەکەی لە کۆجیتۆی نوێدا پێشخست. بە هەڵگێڕانەوەی کۆجیتۆ، سارته‌ر جەخت لە بنەمای ئەپریۆری بوونی (بوون پێش چییەتی) دەکاتەوە؛ واتا به‌ ده‌ستكاریكردنی لۆجیكی فه‌لسه‌فاندن بنەمای (لە پێشینەیی بابەتی بۆ لە پێشینەیی خود) گۆڕی. پشتبەستوو بەم بنەمایه‌، چوارچێوە تیۆرییەکەی لە پڕۆژەی بنیاتنانەوەی (مرۆڤ) بە جەختکردنەوە لە ڕەسەنییەتی (خود-ئیگۆ) بنیات نا. بەم شێوەیە دوای ئه‌وه‌ی سارته‌ر ڕاسته‌خۆ له‌ناو سەری دیکارتەوە دەستی پێ ده‌كات، ئاپارتمانی مێژووی داڕماند و دووباره‌ كۆجیتۆی فۆرمه‌له‌ کردەوە.

پڕۆژەی (مرۆڤ)ی سارته‌ر له‌سه‌ر دوو بنه‌ما بنیات نراوە.

١.  له‌ كۆجیتۆی گه‌وره‌دا: (من هەم، کەواتە بیر دەکەمەوە)1جان پۆل سارتر، بوون و نەبوون، و: د. محەمەد کامال، دەزگای سەردەم، سلێمانی،٢٠١١، ل١١٧ سارته‌ر بوونه‌ ئۆنتۆلۆجییه‌كه‌ی مرۆڤ (بوون بۆ خۆ) پێش ده‌خات. وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ بنیاتنانی كۆجیتۆی بچووك: “مرۆڤ بوونی پێش چییه‌تییه‌كه‌ی ده‌كه‌وێت”. بەم شێوەیە لە هەنگاوی یەکەمدا‌ بنەمایەکی بابەتی بۆ (فەلسەفەی خود) بنیات نا.

 ٢. له‌ كۆجیتۆی بچووكدا: به (مرۆڤ مه‌حكومه‌ به ‌ئازادی‌)2Detmer david, freedom as a value, a- critical of the ethical theory of jean paul Sartre, co. us. 1988 (1),p، سارته‌ر (میتافیزیكای ئازادی) دادەمەزرێنێت و جه‌خت له‌سه‌ر حه‌تمی بوونی “ئازادیی ڕه‌ها” ده‌كاته‌وه‌. (من-خودییەتی تاک) پێناسه‌ ده‌كات به‌وه‌ی: (ئازادی پێشمه‌رجی بوونی منه‌)3د. .زکریا ابراهیم، کێشەی مرۆڤ، ،: محەمەد قەرەداعی، ب.خانەی وەرگێڕان: هەولێر ٢٠١٣ ل ٢٦٣ به‌م شێوه‌یه‌ مرۆڤ به‌ فەرمی بوو به‌ خاوه‌نی یه‌كه‌مین میتافیزیكای خۆی. به‌ دۆكترینی ئازادی، سارته‌ر هه‌موو تۆڕ و ته‌ونه‌ میتافیزیكییه‌كانی له‌بەریه‌ك پچڕاند. تێزی “ئازادیی ڕه‌ها” له‌ ڕێگه‌ی زنجیره‌یه‌ك چەمکەوه‌ شۆڕ دەبێتەوە بۆ ناو سەرجەم کارە ئەدەبی و فەلسەفییەکانی و خۆی ده‌خزێنێته‌ بۆشاییی نێوان (ئیگۆ و ئه‌وی تر) سروشتی بوونی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانه‌وه‌ دەردەکەوێت. وه‌كو: خۆشه‌ویستی، هاوڕێیه‌تی، ترس و ڕەشبینی و هتد…

ئه‌نسرۆپۆلۆجیای سارته‌ر و په‌یوه‌ندیی هاوڕێیەتی:

مێژوونووسانی فەلسەفە ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن کە ڕه‌هه‌ندی ئه‌نسرۆپۆلۆجیای سارته‌ر لەژێر کاریگەریی تێزه‌كانی ‘کارل ماركس‘دایە. به‌ڵام  كه‌موكوڕییەک لەم تێگه‌یشتنه‌‌دا هه‌یه‌، چونكه‌ له‌ باسی په‌یوه‌ندییه‌كان و به‌ دیاریكراوی چه‌مكی (هاوڕێیه‌تی)، سارته‌ر به ‌شێوه‌یه‌كی جیاواز مامه‌ڵه‌ لەگەڵ ئەو چەمکە ده‌كات.

لەو چرکەساتەی (ئیگۆ)ی مرۆڤ بەر (ئەوی تر)ی ناو واقیع  دەکەوێت، دیوی ئەنسرپۆلۆجیای سارتەر دەست پێ دەکات. له‌وێدا سارته‌ر به‌ته‌واوی ده‌ستبه‌رداری ئه‌نسرۆپۆلۆجیای ماركس ده‌بێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماكیاڤیللی.

ئەگەر مرۆڤی باڵای نیچەیی بریتي بێت لە هەڵکشان بەرەو (سوپەر ئیگۆ)، ئەوا مرۆڤی ڕەسەنی سارتەری بریتییە لە گه‌یشتن به‌ (خود- ئیگۆ)ی خۆ بەتەواوی. گه‌یشتن به‌ خود بە واتای خۆداماڵین له‌ سه‌رجه‌م ڕێسا‌كانی ئه‌و‌ی تر(ئەوانی تر). به‌م واتایه‌ مرۆڤی ڕەسەنی سارتەر ئه‌وه‌یه‌ له‌ كه‌سایه‌تی (ئیگۆ) بەتەواوی به‌ر خودی خۆی دەکەوێت و بوونه‌ ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی ده‌ردەخات. کە  سارته‌ر ناوی ناوه‌ (بوون بۆ خۆ).

دوای ئەوەی لە کتێبی ‘بوون و نەبوون‘دا سارتەر، پرسی (ئازادی)ی مرۆڤ بەتەواوی یەکلا دەکاتەوە، له‌ ڕێگه‌ی: (ئازادی پێشمه‌رجی بوونی منه‌). مرۆڤ بەتەواوی لە هەموو سیستەمێکی ئاكاری دادەماڵێ و به ‌دامه‌زراندنی ئاكاری بوونخوازانه‌ی ده‌گه‌یه‌نێ و لە ڕێگەی چەمکی (بەرپرسیارییەتی) و به‌ گوزارشتی “ئازادی تا ئه‌وپه‌ڕی” ده‌یخاته‌وه‌ به‌رده‌م (ئازادی)یەکانی خۆی. بەم شێوەیە تێزی “ئازادی ڕه‌ها” له‌ ڕێگه‌ی دەستەیەک چەمکەوه‌ شۆڕ دەبێتەوە بۆ ناو سەرجەم کارە ئەدەبی و فەلسەفییەکانی و خۆی ده‌خزێنێته‌ بۆشاییی نێوان (ئیگۆ و ئه‌وی تر) له‌ ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانه‌وه‌ سروشتی خۆی ده‌رده‌خات.

سارته‌ر وه‌ك فه‌یله‌سوف و ڕه‌فزكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی هاوڕێیه‌تی:

به‌ر له‌ هه‌ر شتێك بوونخوازی فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ڵوێسته‌، فه‌لسه‌فه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی (نا)یه‌ به‌ ڕووی جیهانی ده‌ره‌وه‌ی ئیگۆدا. ڕه‌فزكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی هاوڕێیه‌تی له‌لایه‌ن سارته‌ر وه‌ك فه‌یله‌سوف، پشت ئه‌ستووره‌‌ به‌ تۆماری سه‌رنجه‌كانی تیۆری (سروشتی مرۆڤ)ی ماكیاڤیللی. سارته‌ر به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ماكیاڤیللی له‌گه‌ل په‌یوه‌ندیی هاورێیه‌تی هه‌ر دوو پارادایمی (ئەفلاتون-هیگڵ) و دیدگای ماركس و مارکسییەکان بەتەواوی  رەت ده‌كاته‌وه‌.

ئەنسرۆپۆلۆجیای ماکیاڤیللی

سیسته‌می بیركردنه‌وه‌ی ماكیاڤیللی و سه‌رجه‌م بۆچوونه‌ سیاسی و ئه‌نسرۆپۆلۆجییه‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای تۆماری سه‌رنجه‌ سایكۆلۆجییه‌كانی ئه‌و بۆ مرۆڤ بنیات نراوه‌. به‌ تێگه‌یشتنی ماكیاڤیللی، مرۆڤ: پاڵنەرێکی ناوەکیی شەڕانگێز و هەلپەرستیان هەیە و بەگشتی دووڕوو درۆزن و چلێس و تەماحکارن. بەو پێیە خەڵک ملکەچی چاکەی گشتی نابن و هەرگیز کاری باش ناکەن ئەگەر هێزێک (بە واتای دەسەڵات) چاودێرییان نەکات. ئەم خەسڵەتانە ڕێگرن بۆ ئەوەی دەوڵەت توانای بەحێهێنانی ویستەکانی کۆمەڵی هەبێ. لەبەر ئەوە دەوڵەت ئازادە و پێویستی بە زاڵبوون بەسەر مەیلی خۆپەرستانەی خەڵکدا هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە “چاکەی هاوبەش” پێچەوانەی مەیلی سروشتی مرۆڤە، کە ماکیاڤیللی بە دەسەڵاتی دەوڵەتەوە دەیبەستێتەوە. ئه‌م وێناكردنه‌ نێگه‌تیڤه‌ی ماكیاڤیللی بۆ مرۆڤ ڕوانگەی ئەنسۆپۆلۆجیای سیاسیی ئەو بنیات دەنێت، به‌شدارییه‌كی بنچینه‌یی له‌ بیناكردنی ‌ئه‌رگیومێنت و بیرۆكه‌ی سه‌ره‌كیی تێزی “میر” ده‌كات، بۆ ئازادكردن و ده‌ستكراوه‌یی “میر”ی فلۆره‌نسا له‌ به‌كارهێنانی (لۆجیكی هێز) و به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌ ئامانجی ڕێكخستنه‌وه‌ی سیسته‌م.

سارتەر ئەم وێنە نێگەتیڤەی سروشتی مرۆڤ دەگوازێتەوە بۆ ناو پرۆسەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە تایبەتییەکانی وەک: هاوڕێیەتی و خۆشەویستی. لەسەر بنەمای ئەم تێبینییانە وای دەبینێت: کاتێک ئەوی تر بە  پاکێجێک پڕۆژەی بەژەوەندخوازانەی تایبەتی دێتە ناو بوونمانەوە و كاریگەریی ده‌خاته‌ سه‌ر سنووری ئازادییه‌كانی (من) و سروشتی په‌یوه‌ندییه‌كان بە سیاسی ده‌كات، لە پەیوەندیی هاوڕێیەتییدا (ئیگۆ)ی من بەشێک لە ئازادییەکانی بوونی لە بەرانبەر ئەوی تر لەدەست دەدات.. هه‌روه‌ك لە شانۆگەری <No Existe>دا هەڵوێستیکی تەواو  نێگەتیڤ وەردەگرێت دەڵێت “دۆزەخی من ئەوی ترە”. ئەوی تر لەلای سارتەر بریتییە لە هەمووی کە گوزارشتە لە (ئید) بە چەمکە فرۆیدییەکەی. بێگومان سارتەر بەو پێیەی کە (بوونخوازە و فینۆمینۆلۆجییە) ئەم هەڵوێستەی سارتەر بنەماکەی لە ئەزموونەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەمە وەک جۆرێک گلەیی و بە شێوەیەکی نێگەتیڤ ده‌ردەبڕێت. تا دواجار، بەتەواوی قەناعەتی شەخسی خۆی دەردەبڕێت بە گوزارشتی: (مرۆڤ تەنهایە). ڕه‌شبینی خۆی پێشان دەدات و لەوە دڵنیامان دەکاتەوە کە هەرگیز ئەگەرێکی وا لە ئارادا نییە کە مرۆڤ لە پەیوەندیی هاوڕێیەتیدا بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆی هەڵپەسێرێ.

دۆکترینی ئازادی و پرۆسەی هاوڕێبوون

سارتەر لە ‘بوون و نەبوون’دا دەڵێت: “مرۆڤ بە ڕەهایی ئازادە” واتای تەواوی ئەم گوزارشتە ئەوەیە: مرۆڤ بە ڕادەیەک ئازادە تا ئەوەی دەتوانێت تەواوی ئازادیی خودی رەفز بکاتەوە. بەڵام بۆ ڕەفزکردنەوەی ئازادی، دیسان پێویست بە ئازادیی تەواو دەکات. بۆیە لە کۆتاییدا دەڵێت: “مرۆڤ مەحکومە بە ئازادی”4جان پۆل سارتر، بوون و نەبوون، و: د. محەمەد کامال، ل٤٤٨و کەواتە مرۆڤ و ئازادی یەک شتن و “ئازادی، جەوهەری مرۆڤە”. بە دیوە ئاکارییەکەیدا، پرەنسیپی ئازادیی خود، یارمەتی مرۆڤ دەدات، تاوەکو بوونی ڕاستەقینەی خۆی دەربخات و پڕ ببیت لە بوونی خۆی و مرۆڤێکی یەک ڕوو و یەک کەسایەتی دروست دەکات.

لە ئاستی تیۆریدا سارتەر هەموو ئایدۆلۆژیا و سیستەمێکی فیکری ڕەت دەکاتەوە کە فشار دەخاتەسەر سنوورەکانی ئیگۆ و مەودا و پانتایییەکانی ئازادیی تاکەکەسی دەبەزێنێت. لەوانە ئەفلاتۆن، مارکس، تەنانەت ماکیاڤیللیش و هتد.

–       ڕەفزکردنەوەی ئەفلاتۆن و ماکیاڤیللی

سەرجەم بیرۆکەکانی ئەفلاتۆن و ماکیاڤیللی ڕێگرن لە بەردەم تاک بوون و دەرکەوتنی (ئیگۆ) لە بە خودی خۆی. (پرۆسەی ڕەفزکردنەوەی ئیگۆ) لەپێناو چاکەی گشتی (سیستەم) چەقی پڕۆژەی ئەم پارادایمە فیکرییانە پێک دەهێنێت. بۆیە دژایەتیکردنی ئیگۆ بۆ بە چۆکداهێنانی لە بەرانبەر ئەوی تردا وەک دوا ئامانج شکۆدارە. بەم واتایە تێزی ئەم پارادایمانە ڕێگرن لە بەردەم راستەقینەی مرۆڤ و واتاکانی مرۆڤ بوون.

–       ڕەفزکردنەوەی دیدگای مارکس و مارکسییەکان

ئەو دیوەی کە پەیوەندیی بە مارکسەوە هەیە، کە پەیوەندیی هاوڕێیانەی کرێکاران لەپێناو ئامانجێکی دیکەدا، لەپێناو دەرچوون لە نامۆیی بەرانبەر ئەوی تر بە پێویست دەزانێت. واتا ئامانجەکە لەپێناو خۆیدا نییە، بەڵکوو لەپێناو ئامانجێکی ترە. بەمەش خودی پەیوەندیی هاوڕێیەتی ئامرازی کۆکردنەوەی هێزێکی یەکگرتووە لە پنتێکدا، کە دواجار ئامانجی ڕزگاربوونە لە نامۆیی گشتی.

ڕەخنەی سارتەر لە مارکس و مارکسییەکان ئەوەیە کە ئەمان تەنها لە ڕەهەندی (ئابووری)یەوە مرۆڤ پێناسە دەکەن. ئەمە لە کاتێکدا ڕەهەندی سایکۆلۆجیی مرۆڤ فرە ڕەهەند و قووڵە، پێویستە باشتر لێی تێگەین. لە لایەکی تر مادام مرۆڤ پڕۆژەیەکی کراوەیە، کەواتە لە (چوون یان دەرچوون) لە هەر پەیوەندییەکدا لە هەر چرکەساتێکدا بەتەواوی -ئازادە-. زۆر جار ئەمە لە لای چەپە ڕادیکاڵەکان بە تاوان و تۆمەتی خیانەت لێک دەدرێتەوە. سارتەر هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئەو دۆخە دەردەبڕێت پێی وایە: دەشێت بیرو بۆچوون و ئایدیاکانی هاورێیانی ڕۆژانی خەباتکردنمان بگۆڕین. ئەمە بەو پێیەی کە مرۆڤ خاوەن شعورە و بیر دەکاتەوە.

سارتەر وەک هاوڕێ و ڕەفزکردنەوەی سارتەری فەیلەسوف

لە بەشی یەکەمدا سارتەر وەک فەیلەسوف، بە ڕەتکردنەوەی سەرجەم مۆدێل و پارادیمە فیکرییەکان داوای ئازادیی تەواوەتی بۆ ئیگۆی تاکەکەس دەکات. بەشی دووەم بۆ تەواوکردنی واتای ڕاستەقینەی ئازادیی سارتەر بە پرەنسیپی بەرپرسیاریەتی سەرجەم دیسپلین و هێزە مەعریفییەکان و گشت ئەو هۆکارانەی هەژموونی تاک لە ناوچەی (ئەوی تر)دا فراوان دەکەن، ڕەت دەکاتەوە. بەو واتایەی کە میشێل فوکۆ دەڵێت: (زانین هێزە) ئەم هێزە و هێزەکانی تریش زۆر جار خۆیان دەخزێننە نێو پەیوەندییەکانی ئیگۆ و ئەوی تر و سروشتی پەیوەندییەکان تێک دەدەن و کێشە و گرفت لە بەردەم ئازادییە تاکەکەسییەکان دروست دەکەن. زۆربەی جار هۆکاری ناکۆکی و ململانێکان و دروستبوونی سەردەستە و ژێردەستەی لێ دەکەوێتەوە و دوو ئیگۆ بەرانبەر یەکتر ڕادەگرێت. کە ئەمە جەوهەری باسەکەیە. کەواتە سروشتی پەیوەندیی هاوڕێیەتی بوونخوازانە چۆنە؟

دوای ئەوەی لە کتێبی ‘بوون و نەبوون’دا سارتەر ستایشی هاوڕێیەتی دەکات و دەڵێت: هاوڕێیەتی شتێکی شکۆدار و بەڕێزە، بەڵام ئەوەی هەندێک جار ئێمەی تووشی بێباوەڕی کردووە ئەو هەڵوێستە نەرێنیانەیە کە لە هەندێک “هاوڕێ”ەوە سەرچاوە دەگرێت، بەتایبەتی کاتی تەنگانە و نائارامییەکان، ئەمە وامان لێ دەکات بە هاوڕێیەتی و دۆستایەتیمان تووشی هەستیاری ببین، کە ئەمەش جۆرێک لە بەدگومانی لە ئێمەدا دروست دەکات.

بەم واتایە هاوڕێ ئەو کەسەیە کە یاوەری بوونمان دەکات،  کاتێک کە ئێگۆ لە بەردەم ئەوی تردا واتاکانی ڕەسەن بوونی لەدەست دەدات. یان کاتێک مەوداکانی ئازادی سنووردار دەکرێت، هاوڕێ ئەو کەسەیە: لە ڕێگەی هەست و سۆزی دەروونی و خۆشەویستییەوە، بوونی هەڵدەکشێت و دەڕژێتە ناو بوونی ئێمەوە، جەخت لە بوونی ئەو کەلێن و بۆشاییە دەکاتەوە کە کەوتووەتە ناو بوونمانەوە، بەمەش هەم بوونی ئێمە تەواو دەکات و هەم واتاکانی هاوڕێیەتی و پرەنسیپی بەرپرسیاریی هاوڕێیانە بە ئاکت دەردەکەون. دوای ئەوەی ڕێگەی پرەنسیپی بەرپرسیارییەتی هاوڕێیەتی مافی هاتنە ناوبوونمان وەردەگرێت بۆ پاڵنان و سەرخستنەوەی بوونی گیربوومان بە ئامانجی دووبارە بە واتاکردنەوەی و گەیشتنەوەی ئێگۆ بە خودی خۆی. بەم شێوەیە هاوڕێیەتی پرۆسەیەکە و ڕەنگە چەند چرکەساتێکی کورتی زۆر خێرا بێت زوو  تێپەڕێت. هەڵوێست وەرگرتنە بە شێوەیەکی کاتی. بەمەش هاوڕێیەتی لە خۆیدا سروشتێکی سەنگینی هەیە و کاتێ کە ئەوانی تر ون دەبن، بوونی ئەو لە تەک ئێمەدا دەردەکەوێت.

هاوڕێکانمان ئەو کەسانەن کە بنەمای سیاسی و بەرژەوەندیی خودی لەبەرچاو ناگرن بۆ هاتنە ناو بوون یان ئازادییەکانی ئێمە لە پەیوەندیی هاوڕێیەتییدا. بەم واتایە هاوڕێیەتی لە دیدی سارتەر پرۆسەی پەسندکردن و هەڵبژاردنی (ئیگۆ)ی ئەوی ترە، وەک خۆی بەتەواوی. هاوکات جەختکردنەوە و پڕکردنەوەی ئەو بەشەی بوونی ئێمەیە لە کاتی قەیرانەکاندا. کەواتا هاوڕێیەتی لە دیدی  بوونخوازییدا، پرەنسیپی بەرپرسیارییەتیی وەک زەروورەتێکی ئەخلاقی بۆ پاراستنی بوون و ئازادییەکانی (ئیگۆ)ی ئەوی تر پێش دەخات.

لە کۆتاییدا -سارتەر وەک هاوڕێ- خەفەتبارە بە لە دەستدانی هاوڕێیان وەک دەڵێت: “ئای چەندە بە ئازارە لە دەستدانی هاوڕێیان” بەم واتایە نکوڵیکردنی سارتەر لە هاوڕێییەتی، بە ڕەهایی نییە، ئەو زۆر هاوڕێیانە دەردەکەوێت لە زۆر کاتدا بەڵام ئەو لەسەر بنەمای ئارادیی ڕەها گریمانەکانی دەست پێ دەکات  داننان بە پەیوەندیی هاوڕێیەتی، بە واتای خستنە ژێر بەرپرسیارییەتی دێت. بەڵام سارتەر نایەوێ بکەوێتە پارادۆکسێکی لەو شێوەیە، بۆیە هەڵوێسته خودییەکانی خۆی، پڕاوپڕن لە بەهای بەرزی ئەخلاقی، لە ڕێگەی ڕەتکردنەوەی نۆبڵی ٥٧ خۆی پڕ دەکات لە مرۆڤ بوون و  هاوڕێیەتی و یاوەریکردنی مرۆڤ. دواجار توندوتۆڵ هاوڕێیەتی بە مرۆڤ بوونەوە گرێ دەدات. دەڵێت: هاوڕێیەتی پڕبوونە، ئەوەی بوونی خۆی پەراوێز خستووە ناتوانێت ببێ بە هاوڕێ.




پەراوێزەکان

  • 1
    جان پۆل سارتر، بوون و نەبوون، و: د. محەمەد کامال، دەزگای سەردەم، سلێمانی،٢٠١١، ل١١٧
  • 2
    Detmer david, freedom as a value, a- critical of the ethical theory of jean paul Sartre, co. us. 1988 (1),p
  • 3
    د. .زکریا ابراهیم، کێشەی مرۆڤ، ،: محەمەد قەرەداعی، ب.خانەی وەرگێڕان: هەولێر ٢٠١٣ ل ٢٦٣
  • 4
    جان پۆل سارتر، بوون و نەبوون، و: د. محەمەد کامال، ل٤٤٨