ئەفسانەی سەلیم بەرەکات

(پێشەکی بۆ ڕۆمانی هەرێمەکانی جنۆکە)

ساڵی ١٩٧٩، لە گەرمەی جەنگی ناوخۆی لوبنانی (١٩٧٥-١٩٩٠)دا، لەو ناوچەیەدا کە پاش ڕاوەدوونانی بەرەی فەلەستینی لەلایەن دەبابەکانی ئارێڵ شارۆنی ئیسرائیلییەوە، بە “دوایین کیلۆمەتر” ناسرا، ڕۆژێکیان سەعدی یوسف خۆی بە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی گەڕەکی “ئەلفاکیهانی”ی شاری بەیرووتدا دەکات و دەچێتە بەردەرکی یەکێک لە ئاپارتمانەکانی ناوی. لە جەرەس دەدات، ڕادەوەستێت؛ کەمێکی پێ دەچێت و دوودڵ دەبێت، چونکە وا دەزانێت ناونیشانەکە هەڵەیە. لەناکاو، بە خاوی، کەمێکی دەرگاکە دەکرێتەوە. لە درزی نێوان دەرگا و دیوارەکەوە دەمانچەیەک دێتە دەرەوە و بەرامبەر ئەم ڕادەگیرێت، دەمانچەیەک کە لوولەکەی هێندەی لوولەی تفەنگێک درێژ و سامناکە:

  • کێیە؟
  • من سەعدی یوسفم. سەلیم بەرەکات، تکایە لوولەی دەمانچەکەت لابەرە.

ئەمە لە ڕۆژگاری جەنگێکدا ڕووی دا کە چەندێک بەرە، وڵات، میلیشا و هێزی تائیفی لەناو خۆیدا کۆ کردبووەوە، هێندەیش شاعیر، نووسەر، ئەدیب و ڕۆژنامەنووسی لەژێر شەویلاگە ئاسنین و ئاگرینەکانی خۆیدا دەهاڕی. چۆن سیاسی، ژەنەراڵ و میلیشیا تێیدا بەشدار بوون، ئاوهایش شاعیر و ڕۆماننووسان تێیدا دەجەنگان؛ هەریەک لە سەعدی یووسف، ئەدۆنیس، سەلیم بەرەکات و مەحموود دەرویش لەو ئەدیبە دیارانە بوون، کە چ بە شەڕکردن و فیشەک و دواتریش بە نووسین و دەق، لەو جەنگەدا ئامادەگییان هەبوو. لەوێ ئامادە بوون، چونکە بەیرووت پەناگەی هەر نووسەر و داهێنەرێکی نێو وڵاتە عەرەبییەکان بوو، کە لەدەست جەور و زۆرداریی ڕژێمەکانی وڵاتەکەی خۆی، بە تایبەت عێراق و سووریا، ڕایان کردبێت. هەروەها دوای هەڵگیرسانی جەنگیش، هەر لەوێ، لە لایەک پرسی فەلەستین و لە لایەکی دیکەیشەوە گەمارۆدانی بەیرووت، بەرەیەکیان هێنابووە ئاراوە، کە چەندین نووسەر و ئەدیب، لە نموونەی بەرەکات و دەرویش، تێیدا خەباتیان دەکرد: “بە گاڵتەجاڕییەوە هاوار دەکەم: کوا سیلڤادۆر دالی؟ عومەری عەدەد بی٧ مێزی قوربانیکردنی کڵێساکەی کردووە بە چرپای نووستن، مۆمێکی لە پشتی سەریەوە و دانەیەکی دیکەیشی لە بەردەم پێیەکانیدا داگیرساندووە، چەکی بی٧ەکەیشی لە باری ستوونیدا بە مێزی قوربانیکردنەکەوە هەڵپەساردووە و خۆیشی پاڵکەوتووە کتێبی چیرۆکەکانی بولگاریا دەخوێنێتەوە. ئەوەی لێرە کۆمان کردووەتەوە، شتێکە تاهەتایە تەنیا یەک جار و بە ڕێکەوت کۆ دەبێتەوە: بی٧ و سێمفۆنیاکانی کارل ئۆرف و کڵێسا. خودا و ستایشە ئایینییەکانمان پێکەوە کۆ کردوونەتەوە، خۆدا و جیهانمان پێکەوە کۆ کردوونەتەوە، خودا و کڵاشینکۆفمان پێکەوە کۆ کردوونەتەوە تا ئازادیی هەژاران ڕابگەیەنین”، بەرەکات لە کتێبی “کڵێسای جەنگاوەر”دا، کە یاداشتەڕۆژانەکانی خۆیەتی لە کاتی ئەم جەنگەدا، ئاوا دەنووسێت.

ئەگەرچی مەرج نییە ئەم خاڵەی نێو ژیاننامەی بەرەکات گونجاوترین شوێن بێت بۆ سەرپێخستنی پێشەکییەک لە بارەی ئەم ئەدیبەوە، بەڵام ئینکاری ناکرێت کە ڕۆژان و ساڵانی ئەم جەنگە، بە وەحشێتییەکەیانەوە، بە کاریگەرییدانان و پاڵنان و ئاڕاستەکردنەکەیانەوە، لە قۆناغە زەقەکانی دیاریکردنی ڕارەوی ژیان و نووسینی بەرەکاتن. چەندین ساڵ پاش ئەم جەنگە، پاش ئەوەی بە ناچاری –بەپێی بانگەشەی هەندێک خەڵک، بە فڕۆکەیەکی تایبەتی یاسر عەرەفات- هەڵدێت و دەچێتە قوبروس و دواتریش دەچێتە سوید، لە وەڵامدانەوەی گفتوگۆیەکدا کە سەبارەت بە دیوانەشیعرییەکەی ساڵی ٢٠١٥ی، “سووریا”، ساز کراوە، دەنووسێت: “[نووسینی من لەبارەی جەنگەوە] یەکەم جار لە جەنگی ناوخۆی لوبنانیدا بوو، کە هەموویم لە ڕۆمانی ڕۆحە ئەندازەییەکاندا کورت کردەوە، تەنیا لە قەبارەی دووسەد لاپەڕەدا. لە ڕووی لۆجیکییەوە ئەمە مەحاڵە. دەورەدانی ئەم جەنگە پێویستی بە چەندەها موجەللەدە، جا با تۆڵستۆی دەرەقەتی بێت”.

بەر لە بەیرووت و بەر لە هەڵگیرسانی جەنگ، بەرەکات لە ساڵی ١٩٧٠دا قامیشلۆ جێ دەهڵێت و دەچێتە دیمەشق، لە زانکۆی ئەوێ دەست بە خوێندنی ئەدەبی عەرەبی دەکات و پاش یەک ساڵ واز دەهێنێت، دواتریش کۆچ دەکات بۆ بەیرووت. ساڵی ١٩٧٣ و لە تەمەنی بیست و سێ ساڵیدا، یەکەمین کتێبی شیعری بڵاو دەکاتەوە و وەک مەحموود دەرویش دواتر دەڵێت، وەکوو زللەیەک بەر ڕوومەتی ئەو ڕۆژگارەی ئەدەبی عەرەبی دەکەوێت. ئەو شۆک و حەپەسانەی کە بەرەکات بە زمانە ئاڵۆز و ترسناکانە قووڵەکەی، لە بەیرووت و لە ڕێی دیوان و دەقە شیعرییەکانیەوە، بە دیمەنی ئەوسای شیعری عەرەبیدا بڵاوی دەکاتەوە، لە ڕێی کتێبە شیعرییەکانی “ئاوا مۆسیسانا پەرشوبڵاو دەکەمەوە ١٩٧٥”، “بۆ تەپوتۆز، بۆ شەمدین، بۆ ڕۆڵەکانی نێچیر و ڕۆڵەکانی مەمالیک ١٩٧٧”، “جەمهەرات ١٩٧٩” و “کەراکی ١٩٨١”یەوە، بەردەوام دەبێت. هەروەها جێی ئاماژەیە کە بەر لەوەی ساڵی ١٩٨٢ بەرەکات بەیرووت جێ بهێڵێت و بچێتە قوبروس، هەریەک لە کتێبەکانی “کڵێسای جەنگاوەر ١٩٧٦” و “ڕەوەکوللەی ئاسنین ١٩٨٠”ی بڵاو کردوونەتەوە.

“ڕەوەکوللەی ئاسنین (ژیاننامەی منداڵی)” و “بیهێنە، شاورەکە لەوپەڕی بەرزیدا بهێنە ١٩٨٢ (ژیاننامەی گەنجی)” خاڵی گرنگن لە ڕێگەی نووسینی بەرەکاتدا؛ چونکە بەپێی زۆرێک لە ڕەخنەگران، ئەم دوو کتێبە ئۆتۆبیۆگرافییە سەرەتای دەرکەوتنی پڕۆژەی ڕۆمانن لە نووسینەکانی ئەودا.

لە قوبروس، پاش بڵاوکردنەوەی دیوانی “بە هەمان تۆڕەکان، بەو ڕێوییانەی پێشڕەویی با دەکەن ١٩٨٣”، سەلیم بەرەکات یەکەمین ڕۆمانی خۆی “زانایانی تاریکی ١٩٨٥” بڵاو دەکاتەوە و پاش دەرکەوتنی لە بەیرووت، وەک شاعیرێکی نامۆ و سەیر و ئاڵۆز، جارێکی تر وەک ڕۆماننووسێکی سەیرتر، نامۆتر و ئاڵۆزتر، لە قوبروس لەدایک دەبێتەوە. دوای یەکەمین ڕۆمانی و هەر لە قوبروس، چەندین کتێبی دیکەی بەرەکات بڵاو دەبنەوە و وەک یەکێک لە جیاوازترین ئەو ئەدیبانەی بە عەرەبی دەنووسن، ناوی دەچەسپێنن: ڕۆمانی “ڕۆحە ئەندازەییەکان ١٩٨٧”، ڕۆمانی “پەڕ ١٩٩٠”، دیوانی “بازیار ١٩٩١”، ڕۆمانی “بازگەکانی هەرمان ١٩٩٣”، ڕۆمانی “فەلەکییەکان لە سێیینەی مەرگدا: تێپەڕینی ئەلبەترۆس ١٩٩٤”، دیوانی “سەرەڕۆیی یاقووت ١٩٩٦” و ڕۆمانی “فەلەکییەکان لە سێیینەی مەرگدا: گەردوون”یش لە هەمان ساڵدا، ڕۆمانی “فەلەکییەکان لە سێیینەی مەرگدا: جەرگی میلایۆس ١٩٩٧” و ڕۆمانی “پەردووی دووەمین ئەزەل ١٩٩٩”.

ئیدی لە ١٩٩٩دا بەرەکات کۆچ دەکات بۆ سوید و لەوێ، لە دارستانی سکۆگۆس جێگیر دەبێت و دەمێنێتەوە. تا ئەمڕۆ و تا چرکەساتی نووسینی ئەم پێشەکییە کورتە، ئەو لەوێوە کارەکانی بڵاو دەکاتەوە و بەبێ وەستان خەریکی نووسینە؛ لەمڕۆدا کتێبەکانی، بە ڕۆمان و دیوان و هەڵبژاردەی گفتوگۆکانی و هەڵبژاردە و کۆکراوەی وتارەکانیەوە، گەیشتوونەتە ٥٨ کتێبی بڵاوکراوە. بەشێکی بەرچاوی ئەو کتێبانە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانە زیندووەکانی ئەمڕۆی جیهان، لە چەشنی ئینگلیزی، سویدی و ئیسپانی.

ڕووبەرگی ڕۆمانی “هەرێمەکانی جنۆکە”ی سەلیم بەرەکات، وەرگێڕانی: زاموا محەمەد، چاپکراوەی دەزگای سەردەم ٢٠٢٢

***

کوانێ سەلیم بەرەکات؟ کەڵەشێری دەنگدلێری گەڕەک، ئاشقی دەمانچە و زمان و گۆشت. دوو ڕۆژە نەمدیوە. داخۆ نان و ئاوی دەستکەوتووە؟ ئەوەم لە خەیاڵدا بوو. لەوسایشەوە کە بە کوڕی خۆمم دانابوو، کاتێک دووبەدوو دەبووین، بە دەگمەن قسەی لەگەڵدا دەکردم؛ دەڵێی هەر بە ڕاستی باوەڕی کردووە من باوکی بم. بەر لە گەمارۆکەی بەیرووت، گەڕەکەکەی خۆیانی جێ هێشت و هاتە ئێرە، تا لەگەڵ گەنجێکی لوبنانیی بە ئەسڵ سریانیدا بژی. کوا سریانییەکە و کوا کوردەکە؟ لە یەکەم ڕۆژی گەمارۆوە بوونە هاوڕێ‌. یەکیان وەک ماسوولکەیەک گرژە و ئەوی تریان وەک مانگێکی سارد. سەلیم بەدوای “ج”دا دەگەڕا و “ج”یش بەشوێن دیارنەمانێکدا دەگەڕا کە وای دەربخات شەهید بووە… سەلیمم خۆش ویست، کە چەند ساڵێک لەمەوپێش بینیم؛ ئەوسا لە نەزانراوێک یاخی بووبوو. شەرمی لە قسەکردن دەکرد و هەرکات تێی هەڵدەچوو، دەشڵەژا. توند و ڕەقە و لەسەر هیچ شتێک و هیچ بۆچوونێک دانوستان ناکات. بابەتەکە تەنیا بۆ کاغەزێکی دانراو لەسەر سەرینی جیهانێکی سەیروسەمەرە و فەنتازیی دەوڵەمەند بە فەساحەتەکەیەوە، دەدرکێنێت. تا ئێستایش نازانم لە کوێدا ڕۆماننووسی گێڕەرەوە لەودا دەست پێ دەکات و لە کوێدا شاعیر تەواو دەبێت. بە تەقینەوەیەکی لەناکاوەوە زللەیەکی لە ژیانی ڕۆشنبیریی بەیرووت دا، بەڵام ئەو بە مستەکۆڵەکەی و بە شەڕەنگێزییەکەی بەرگری لە نووسینەکانی خۆی دەکات، چونکە باوەڕی بە گفتوگۆی نێوان ڕۆشنبیران نییە و بە چەلەحانێی دەزانێت. دەمانچەکەی هەڵدەگرێت و بە ماسوولکە پڕەکانییەوە دەچێت بۆ قاوەخانەیەکی گونجاو، تا چاو ببڕێتە وردەڕەخنەگری نێو لاپەڕە کولتوورییەکان، تا تەربێتیان بدات لەسەر ئەوەی دژ بە ئەو نووسیویانە. جارێکیان پێم گوت: مایاکۆڤێسکییش لە شەقامی گۆرکی وای لە ڕەخنەگرەکانی دەکرد. گوتی: ئەمە تاکە ڕێگەیە بۆ ڕەخنەی ڕەخنە. سەلیم دڵی بە جەنگ خۆش بوو، لە جەنگدا چەپێنراوی توندوتیژییەکەی دەردەکەوت و لەگەڵ فەوزادا ڕێک دەکەوت… ئیدی لە غیابی ئاو و گۆشت و ژناندا، “ژنەی لە جوانیدا بێهاوتا”ی دۆزییەوە. وریا بە سەلیم، چونکە ئەو ژنە دەستکردی دۆن کویخۆتەی باپیرتە… ئێستا سەلیم کوانێ؟ داخۆ پارچەی بۆمبەکان ڕاویان کردووە، یان ئەو مریشکێکی ڕاو کردووە، تا بیدات بە “ژنەی لە جوانیدا بێهاوتا”؟

*مەحموود دەرویش؛ وەرگیراو لە “یادگەیەک بۆ لەبیرچوونەوە”، کە کتێبی یاداشت و پەخشانەکانیەتی سەبارەت بە جەنگی ناوخۆ.

***

“پاڤێ غەزۆ”، “سەلۆ”، سەلیمۆ”، لەو نازناوانەدا کە خوێش و خەڵکە جیاجیاکانی نیشتمانە کوردییەکەی پێی بانگ دەکەن و لە یاداشتەکانیدا باسی دەکات؛ یان “سەلیمی کوڕی مەلا بەرەکات” وەک خۆی ناو لە خۆی دەنێت، ڕۆماننووس و شاعیرێکی کوردی لەدایکبووی ساڵی ١٩٥١ی گوندی مۆسیسانای سەر بە شاری قامیشلۆیە. لەگەڵ مەحموود دەرویشدا پێکەوە گۆڤاری “کەرمەل”یان دەرکردووە و لەگەڵ ئەدۆنیسیشدا گۆڤاری “تەڵیعە”، کە لە پاڵ گۆڤاری “شیعر”دا، لە گۆڤارە بەناوبانگ و نوێگەرەکانی سەدەی پێشووی جیهانی عەرەبین. وەرگری خەڵاتی ئەدەبیی جیهانیی “ماکس جاکۆب”ە و پاڵێوراوی خەڵاتی “بووکەر”یشە؛ هەروەها لە ساڵانی پێشوودا خەڵاتی جیهانیی “ئەرکانە”ی پێ درا، بەڵام چونکە بەرەکات ڕەتی کردەوە خۆی لە ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکەدا ئامادە بێت، بەخشینی خەڵاتەکە بە ئەو ڕاگیرا و ڕانەگەیەنرا: “چەند خەڵاتێکی ئەدەبیی ئاسان هەن کە پێم دراون، بەڵام من ڕەتم کردوونەتەوە. گەورەترینی ئەوانەی کە خەڵاتی ئاسان نین، خەڵاتی مەغریبی/جیهانیی ئەرکانەیە بۆ شیعر… من لە مەرجی ئەو خەڵاتە حاڵی نەبووم: ئەوەی بە شەخسی لەوێ بم، تا وەری بگرم”، لە وەڵامی گفتوگۆیەکدا، بەرەکات لەم بارەیەوە وا دەنووسێت.

چەندین ساڵە ناوی سەلیم بەرەکات و ئاڵۆزیی سەلیم بەرەکات، زمانی سەلیم بەرەکات و دەقی “لەئیمکانییەتی‌ وەرگێڕان‌بەدەر”ی سەلیم بەرەکات، لەناو ڕۆشنبیریی ئێمەدا، لە گفتوگۆی خوێنەران و نووسەراندا باس دەکرێت و هەردەم لەو باسکردنانەیشدا ناوی ئەم پیاوە کوردییە کەنارگیر و دوورەپەرێزە، وەک تەڵیسمێک، وەک ئەفسانەیەک دێتە بەر گوێ، کە هەموومان دەزانین هەیە، بەڵام کەمینەیەکمان خوێندوویەتەوە، لەو کەمینەیەیشماندا ڕەنگە کەمینەیەکی زۆر سنووردار و کەم توانیبێتی بەناو ئەو هەموو داو و تەڵزگە و وێڵگە زمانی و بونیادی و شێوازییەی نووسینی ئەم پیاوەدا تێپەڕیبێت، بەبێ ئەوەی ون نەبێت، یان بەبێ ئەوەی پێی خوێندنەوەی نەخزێت و نەکەوێتە ئەو عەدەمییەتی ئاماژەدان و مانایەوە، کە وا لەژێر هەر دەقێکی بەرەکاتدا شەپۆلانێتی. داوێکی باریکە لە دەقی ئەم نووسەرەدا کە لە سەرەتاوە تا کۆتایی خوێنەر ئاڕاستە دەکات، داوێکی باریک کە دەستپێوەگرتنی بۆ خوێنەری ئاسایی ئاسان نییە و مەرج نییە هەموو کەس بەرگەی ئەو ئازادییە سامناکە بگرێت، کە ئەم ئەدیبە لە نووسینی خۆیدا مومارەسەی دەکات.

گوایە سەعدی یوسف بەم ئەدیبە کوردەمانی گوتووە کە “تۆ مەزنترین کوردیت، لە پاش سەڵاحەدینی ئەیووبی”، بەڵام خۆ دەشکرێت بگوترێت کە بەرەکات، سەڵاحەدینی ئەیووبیی ئەدەبیاتە، کە وا لە گۆڕەپانی ڕۆمان و چامەکانیدا، بە سوپا و ئەسپ و چەکی عەرەبی و ڕۆحێکی باڵای کوردییەوە، سەرزەمینی عەرەب و سەرزەمینی کورد و بەشیکی شانشینی سویدیش دەکێڵێت؛ لەپاڵ ئەم سیانەیشدا، سەرزەمینێکی خەیاڵی و پڕ لە غەرائیبیەتی تایبەت بە خۆی، چونکە چوار جیهانی جیا و چوار فەزای جیان پێکهێنەری کارنامەی ئەم ئەدیبە: بەشێکی ڕۆمان و چامەکان لە سەرزەمینی کورداندا و بە تایبەت لە پارچەی ژێر دەستی سووریای کوردستاندا ڕوو دەدەن، بەشێکی دیکەیان لە وڵاتە عەرەبییەکان و لە قوبروس و یۆنان، بەشێکی دیکەیان لە شانشینی سوید و بەشێکی دیکەیش سەر بە چەند شوێن/کاتێکی جیاجیای خەیاڵکرد و داهێنراوی خودی بەرەکاتن، بە ڕێسا و فەزا و شێوازگەلێکەوە نامۆ و تا ڕادەیەک دابڕاو و ڕەها لە جیهانی هەژاری واقیعی.

کەواتە، لە ڕووی پێوەندیی دەق بە میژوو/واقیعەوە، دوو ڕاڕەو و دوو جۆری جیای نووسین هەن لە کارنامەی بەرەکاتدا: جۆرێکیان ڕاستەوخۆ خۆی بە بەسەرهاتی مرۆڤ و مێژووەوە دەبەستێتەوە (کە بێگومان ئەمە مەرج نییە بیکاتە دەقێکی “ڕیالیستی”)، ڕاستەوخۆ باس لەو شوێن و ناو و بەروار و کەسێتییانە دەکات، کە بابەتی دەقەکانن؛ جۆرێکی دیکەیشیان پشت بە مێژوو/واقیع و ڕێسا و سەپێنراوەکانی نابەستێت، بەڵکوو لەم جۆرەیاندا دەق خۆی ڕێسا و سەپێنراوی ناوەکیی تایبەت بە خۆی دادەمەزرێنێت. دەشێ ڕۆمانی “زانایانی تاریکی” بە نموونەی جۆری یەکەم دابنرێت و ڕۆمانی “هەرێمەکانی جنۆکە”یش بە نمونەی جۆری دووەم. لەم پێشەکییەدا، من جۆری یەکەمیان ناو دەنێم “مێژوویی” و جۆری دووەمیشیان بە “غەرائیبی” ناو دەبەم.

گەر بێتو ئەم دوو جۆرەی سەرەوە وەک دوو کاتیگۆری سەیر بکەین، ئەوسا دەتوانین سەرجەم ئەو دەقانەی کە باس لە کوردستان، کوردەکان، بەیرووت، قوبروس و سوید دەکەن، بخەینە کاتیگۆریی یەکەمەوە، کە جۆری مێژووییە. هەروەها سەرجەم ئەو دەقانەی دیکە، کە دەمێننەوە، بخەینە نێو کاتیگۆریی غەرائیبییەوە. بەڵام بە پێویستی دەزانم دووبارەی بکەمەوە کە “مێژوویی” هیچ پێوەندییەکی بە ڕیالیزمەوە نییە، هەروەها لەم پێشەکییەی مندا هیچ پێوەندییەکی بە “ڕۆمانی مێژوویی”یەوە نییە، لەو شێوەیەیدا کە ڕەخنەی ئەدەبی بە ئیلهاموەرگرتن، یان دژایەتیکردنی ڕووسەکانەوە خستوویەتە ڕوو. “مێژوویی” لەم نووسینەدا بە مانای ئەوە دێت کە مرۆڤ و مێژووەکەی لەناو دەقەکاندا ئامادەگییان هەیە، ڕەنگدانەوەیان هەیە، بەبێ ئەوەی مەرج بێت دەقەکان واقیعی بن، یان ڕووداوەکان لەو نەزمەدا بن، کە مێژووی نووسراو خستوونیەتە ڕوو. لێرەوە دەقە غەرائیبییەکانی بەرەکات چەندێک دژە ڕیالیزم و فەنتازین، ئەو ڕۆمانانەیشی کە دەخرێنە کاتیگۆرییە مێژووییەکەوە، دەشێ هێندە دژە ڕیالیستی و فەنتازی بن، بەڵام تەنیا بەو جیاوازییەوە کە لە غەرائیبییەکاندا مەرج نییە مرۆڤ و مێژووەکەی هیچ ئامادەگییەکی ئەوتۆیان هەبێت. دەقیقتر دەبێت گەر بڵێم: دەقە مێژوویییەکان بە گشتی سەبارەت بە مرۆڤ و شوێن و شتەکانی مرۆڤن، بە تایبەتییش مرۆڤی کورد و قەدەری کوردی. لە کاتێکدا دەقەکانی کاتیگۆریی غەرائیبی لەبارەی چەند جیهان و بەسەرهاتێکەوەن بەبێ مرۆڤ، یان بەر لە سەرهەڵدانی مرۆڤ (لە خوارتردا ڕوونکردنەوەی زیاتر لەم بارەیەوە هەیە).

ڕۆمانی “زانایانی تاریکی” لەبارەی “مەلا بێناوی کوڕی کۆچەری” و خێزانەکەوەیەتی، کە لە قامیشلۆ منداڵێکی نائاساییان دەبێت و ناوی دەنێن “بێکەس”. بێکەس کوڕێکی ناسروشتییە، کە ژیان لە ئەزموونی ئەودا بە تەرزێکی نائاسایی کورت دەبێتەوە، بە ڕادەیەک دوو ڕۆژ پاش لەدایکبوونی، سەر و ڕیشی سپی بووە. ڕۆمانی “پەردووی دووەمین ئەزەل” لەبارەی کۆمەڵێکەوەیە، کە پاش ڕووخانی کۆماری مەهاباد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەڵدێن و دەچنە گوندەکانی کوردستانی ژێر دەستی سووریاوە. “ئەو بەڵگانەی کە مەم ئازاد لە گەشتە پێکەنیناوییەکەیدا بەرەو ئەوێ لەبیری کردن؛ یان، پەڕ” لەبارەی ڕاپەڕینە کوردییەکان و ژیانی ئەوسای قامیشلۆ و دوو براوەیە، کە یەکێکیان بەرەو قوبروس کۆچ دەکات. هەریەک لەم ڕۆمانانە، بە بەسەرهات و شوێنی ڕوودان و کەسێتییەکانیانەوە، لەناو کاتیگۆریی “مێژوویی”دا جێیان دەبێتەوە. ئاوایە هەڵگرتن و گێڕانەوەی قەدەری کوردی، بە زمانی عەرەبی، لە ئەدەبی بەرەکاتدا.

***

هەموو ئەوەی من لەو مانایەم دەویست کە لەودیو دیواری “شوناس”دا خۆی حەشار دابوو، دەربڕینی چارەنووس بوو. لە کوێ سیاقێکم بۆ دووپاتکردنەوەی خۆم وەک قەدەرێک لەنێوان قەدەرەکاندا هەبێت، ئەوێ “شوناس”ی منە. داخۆ من کوردم؟ بەڵێ. دەی با بە سادەییەکی هاوارکەرەوە بۆم هەبێت کە بڵێم من کوردم، کە باوکم ناوێکی کوردی هەیە، کە ئێمە بە کوردی قسە دەکەین؛ کە بە کوردی لەگەڵ مریشکەکانمان، بەرخەکانمان، مانگاکانمان، هەنگەکانمان و بێستانەکانماندا قسە دەکەین. هەر ئەوەندە.

(…)

لە ساڵی وەرگرتنی بڕوانامەی ئامادەییدا، شتێکم بەسەرهات کە تا ئێستایش تاساندوومی. وانەکەمان سەبارەت بە “بزووتنەوە ئینفیساڵییەکان” بوو، کە کوردیشیان تێدا بوو. نازانم چۆن لە دەمم دەرچوو و شتێکم لەبارەی کوردبوونی خۆمەوە درکاند. “خوێندکارانی سەرباز”، تەنانەت لەو زووەی ساڵانی تافی لاوێتییشماندا، ئەوەیان گەیاندە ئیدارەی خوێندنگەکە و ئیدارەیش “مێزگردی جەنگ”ێکی ڕاستەقینەی ڕێکخست، نەک گاڵتینە. ئیدی پاش چەندین دانوستان، کە لە ترساندا ئێسقانەکانی منیان دەلەرزاند، مامۆستایەکی شیوعی قەناعەتی پێ کردن کە تەنیا دەرکردنم لە خوێندن، وەک سزایەک، بەسە؛ لە کاتێکدا پێداگریی ئەوان بۆ ئەوە بوو کە دەرم بکەن و ڕادەستی “شوعبەی موخابەرات”یشم بکەن.

خۆ من ئەوسا بیرم لە هیچ غەمێکی نەتەوەییش نەکردبووەوە. ماڵی ئێمە خاڵی بوو لەو “هاوار”ە، باوکیشم ئیماندارێک بوو، گەردوونی لە یەک سیاقدا دەبینی. ئێستایش ئەوەتام، پاش بیست ساڵ مانەوە لە تەنیشتی پرسێکی عەرەبیدا، کە گوایە “ڕەواتر”ە، لە خۆم دەپرسم، چۆن خوێندکارانی منداڵی شازدە ساڵ تەرخان کران بۆ ئاشکراکردنی ئەوانەی دەڵێن ئێمە کوردین، ڕێک وەک ئەوەی بڵێن ئاو هەر ئاوە؟ ئیدی یادەوەریم لەوێ مایەوە و لەو چواردەورە کوردییەی خۆیدا ژیا. شوناسیشم ئەوەیە کە نامەوێت جگە لەمە، شتێکی دیکە بم. لە شتە زۆر پێکەنیناوییەکانیش: نووسەرێکی زۆر بەناوبانگی عەرەبی سەر بە نەوەی پەنجاکان [مەبەستی محەمەد ماغووتە(و.ک)]، کە خاوەنی شانۆنامەی کۆمیدی و سیناریۆی فیلم و چەندین شیعرە پڕ لە دژیەکی و دووفاقیی پێکەنیناوییە، بە نەتەوەچێتی و دژایەتیکردنی عەرەب تاوانباری کردم!!! ئەی بەڵگە؟ ئەوەی من لەبارەی کوردەکانەوە دەنووسم. ئەی هاوار! ئەو خۆی (کە گوایە هەرگیز سەر بە هیچ حزبێکی عورووبی نەبووە)، لە شانۆنامەیەکی “ڕەخنەیی”دا “هەموو عەرەبی بە کیسەیەک پیاز فرۆشت”. لە پەتای خۆڕەخنەکردنی پاش نسکۆدا، هەموو مێژووی عەرەبی بە نازانم چی فرۆشت.

سەلیم بەرەکات؛ لە گفتوگۆیەکدا سازکراو لە لایەن حیسامەدین محەمەدەوە

blank
سەلیم بەرەکات (١٩٥١- ) شاعیر و ڕۆماننووسی کوردی ڕۆژئاو

***

لە توێژینەوەی “فەنتاستیک: ڕوانینێکی بونیادی لە ژانرێکی ئەدەبی”یەکەیدا، تزڤێتان تۆدۆرۆڤ جیاکاری لەنێوان هەریەک لە غەرائیبی (The marvelous)، سەیروسەمەرە (The uncanny) و فەنتاستیکدا دەکات. بەوەی کە لادانی دەقێکی غەرائیبی لە واقیع و یاساکانی سروشت، دەشێ بدرێتە پاڵ هۆکار، یان پاڵنەرێکی مێتافیزیکی و بانسروشتی، بەڵام لادانی دەقێکی سەیروسەمەرە لە واقیع و یاساکانی سروشت، دەشێ لە کۆتاییدا بە هۆکار، یان پاڵنەرێکی سایکۆلۆجی، یان ئەقڵانی لێک بدرێتەوە؛ هەرچی فەنتاستیکیشە، ئەوا بریتییە لەو ڕاڕایی و بێقەرارییەی کە خوێنەر کاتی لادانی دەقێک لە واقیع و یاساکانی سروشت تووشی دەبێت، ڕاڕایی ئەوەی کە داخۆ ئەم لادانە هۆکار و پاڵنەرەکەی مێتافیزیکی و بانسروشتییە، یاخود سایکۆلۆجی و ئەقڵانی. لێرەدا ئێمە نە کارمان بە فەنتاستیکە، نە کاریشمان بە سەیروسەمەرەیە، چ لەو شێوەیەیدا بێت کە تۆدۆرۆڤ باسی دەکات و چ لەو شێوەیەشیدا کە پێشتر فرۆید و نووسەرانی دیکەی کامپی دەروونشیکاری خۆیان پێوە خەریک کردووە. هۆکاری ئەم ئاماژەدانەی سەرەوە بە تۆدۆرۆڤ، ئەو ئیلهامەیە کە کاتیگۆریی “غەرائیبی”یەکەی ئێمە سەبارەت بە ئەدەبی بەرەکات، لە ناساندنەکەی ئەوەوە وەری دەگرێت.

تۆدۆرۆڤ تێبینیی ئەوە دەکات کە ئەدەبی غەرائیبی، مادام ڕووداوەکانی سووریال و بەدەرن لە لێکدانەوەی سروشتییانە، ئەوا هەردەم لە زمانی کەسی سێیەمەوە دەگێڕدرێنەوە. ئەمە خەسڵەتی زاڵی سەرجەم ئەو ڕۆمانانەی بەرەکاتیشە، کە دەخزێنە کاتیگۆریی غەرائیبییەوە، کە هەموویان لە هۆشیاریی گێڕەرەوەیەکی زانا و ڕەهاوە دێنە ئاراوە.

ڕۆمانی “ئەشکەوتەکانی هایدراهۆداهۆس” باس لە میر تیۆنی و قەومەکەی دەکات، کە بوونەوارانێکن لە کەمەر بەرەوسەرەوەیان لە مرۆڤ دەچن و لە کەمەر بەرەوخوارەوەیان لە ئەسپ دەچن و ناویان هۆداهۆسە. ڕۆمانەکە بە دەوری ئەوەدا دەسووڕێتەوە کە هۆداهۆسەکان لەوحێک دەدۆزنەوە نەخشی بوونەوەرێکی سەیر و نامۆی لەسەر هەڵکۆڵراوە، بوونەوەرێکی سەیر و نامۆ، کە تەنیا دوو قاچی هەیە، دوو قاچی درێژ و دوو دەست و دەتوانێت لەسەر دوو پەل بڕوات، بوونەوەرێک کە ناوی دەنێن “ئۆرسین” (مرۆڤ). ڕۆمانی “سادریمیس” لەبارەی چەند پەیکەرێکی زیندووەوەیە، کە ڕێبواری ڕێیەکی دوورن و یەکێکیان لەوحێکی بەسەر شانەوەیە، کە نەخشی بوونەوەرێکی سەیر و نامۆی لەسەر هەڵکۆڵراوە، بوونەوەرێکی سەیر و نامۆ و ناپەیدا، کە مرۆڤە. ڕۆمانی “هەرێمەکانی جنۆکە” باس لە جنۆکەکانی زینافیری دەکات، کە هەرێمێکی تەواوە وەک هەر هەرێمێکی تر، بە سوڵتان و سوپا و کێشە و خۆشی و خیانەت و پلەوپایەوە. ڕۆژێکیان، لەناکاو، مێیەکی مرۆڤ لەم هەرێمەدا دەردەکەوێت، کە پێست و چاو و مەمک و فرمێسکی هەیە و قاچەکانیشی پەنجەیان پێوەیە.

ئەمانە چەند نمونەیەکی جۆری دووەمی ڕۆمانەکانی بەرەکات بوون، کە تێیاندا دەقەکان، هەر لە شوێن و کاتەوە تا ناوی کەسێتی و خودی مێژوویش، داهێنراوی بەرەکات خۆین. لە جۆر/کاتیگۆریی یەکەمدا کورد بوونەوەری سەنتراڵە و بەسەرهاتەکان بە دەوریدا دەسووڕێنەوە، لە جۆر/کاتیگۆریی دووەمیشدا نامرۆڤ. سەبارەت بەمە، هەروەها سەبارەت بە کۆی نووسین و شێوازی خۆیشی بە گشتی، بەرەکات شتێکی ئەوتۆ نادرکێنێت. ئێمە هەرگیز ناتوانین نهێنی و مەرامی پشت ئەم جیهانانە بە تەواوەتی بگرین، بەڵام پێم وا نییە ئاڵۆزیی زمان، ئاڵۆزیی گێڕانەوە و ئاڵۆزیی “ڕۆنانی فەلسەفی” -وەک د. شاهۆ سەعید لە نامەی دوکتۆراکەیدا سەبارەت بە ئەدەبی بەرەکات، ناوی دەنێت- بە تەواوی ڕێگر بن لەوەی تەئویل هەنگاوی زیاتریش بەرەو مانا بنێت: دەکرێت یەکێک کارەکانی جۆری یەکەم وەک داستانی مرۆڤی کورد ببینێت، هاوکاتیش کارەکانی جۆری دووەم وەک داستانی بەر لە پەیدابوونی مرۆڤ -یان کورد- ببینێت. لە خۆیدا ئەم جۆرە خوێندنەوەیە قورسە، سەلماندن و سەپاندنیشی وەک تەئویلێکی پراکتیکی بەسەر ئەدەبی بەرەکاتدا، قورسترە. لام باشترە لێرەدا تەنیا وەک پێشنیارێک بیهێڵمەوە، تاکوو لە داهاتوودا بەپێی توانا و ئیرادە، باشتر و وردتر کاری تێدا بکەم.

***

لە تەمەنی سی و دوو ساڵیمدا، کاتێک دەستم بە نووسینی ڕۆمان کرد، دەستپێکردنەکەم گەشت و سەیرانێک نەبوو بۆ تاقیکردنەوە. لەوسایشەوە، بە بەردەوامییەکەوە وەک بەردەوامیی کاتژمێر، لە فراوانی و دەوڵەمەندیی ئەو جۆرەی پەخشاندا کار دەکەم. یەکێکمان ئەوی ترمانی پەلکێشی فێڵی خۆی کردووە (من و ڕۆمان).

لە یەکەم ڕۆژی دانیشتنمەوە، لە بەردەم پەڕەیەکی سپیدا بۆ نووسینی ڕۆمانێک، بڕیارم دا بە مەردایەتیی نائومێدانەوە ئەو کارە بگرمەبەر؛ بە مەردایەتیی هیواوە بۆ تۆمارکردنی خۆم لە پێگەی دێڕێکی جیاوازی زانستەکانی نووسیندا، بەبێ سڵەمینەوە لەوەی هەموو شتێک بورووژێنم، یان هەموو شتێک خاپوور بکەم.

ڕۆمانم نەنووسی تاکو پاش بەخشندەیی بە ئازاری شیعر، خوێنەر ئاشنای توانایەکی ترم بکەم. بەم جۆرە قسەم لەگەڵ خۆمدا دەکرد: “لە کۆتایی هەر ڕۆمانێکمدا بە خۆم دەڵێم: ئەوە ڕۆمانێکیشت خوێندەوە”. دەنووسم تا تەواو ببم، ئەوسا دەزانم کە خوێندوومەتەوە. ڕۆمانەکانم قورسن، ئەوە دەزانم. ڕووداوەکانیان وەک یارییەکی بێڕێسا یەکتر دەبڕن، ئەوە دەزانم؛ تیایاندا شیعر دێت و بە هەمان ئاشنایەتیی پەخشانەوە، وەک ئاشنایەکی تر لە جێگەکەی خۆیدا دادەنیشیت. چارەنووسگەلێکی ئاریشەئامێز: ئەوەیە دلێریی من.

هیچ ڕۆمانێک بەبێ ئاریشە دەست پێ ناکەم. ژیان ئاریشەیە. ئومێد وەک نائومێدی ئاریشەیە. ئامادەگی و نائامادەگی ئاریشەن. ڕووداوەکە ئیمتیحان دەکەم، تا ڕووداوەکە لە گەیشتن بە دەریچەیەکدا ئەزموونەکەم تاقی بکاتەوە؛ هەندێک جاریش هەردووکمان دەکەوینە وێڵگەکەوە. گەر پەخشانێکی ئاسانم بویستایە، گەر باسکردنی ئەو ژیانانەم بویستایە کە لەسەر شەقامەکە بەسەر دەبرێن، ئێستا دەروازەیەک لە بەخشندەیی پیاهەڵدان و وەرگێڕانم بە ڕووی خۆمدا کردبووەوە.

من قورسم، چارەنووسم قورسە، نووسینیشم کارکردنی چارەنووسمە لەسەرم و کارکردنی منە لەسەر چارەنووسم.

سەلیم بەرەکات؛ گفتوگۆیەک لە کتێبی “پەلەکردن لە قەرزەکانی پەخشاندا”

***

بەر لە “هەرێمەرکانی جنۆکە”، پێشتر چەند دەقێکی بەرەکات، بە ئاستی جیاجیای خراپی و باشێتی، شکستهێنان و سەرکەوتووییەوە کراون بە کوردی و بڵاو بوونەتەوە. من لێرەدا باس لە هیچ کامیان ناکەم و هەڵسەنگاندنیان بۆ هەر کەسێک جێ دەهێڵم، کە ویست و حەوسەڵەی کارێکی وەهای هەبێت. ئەوەی لەم کتێبەدا دەخوێنرێتەوە، وەرگێڕانێکی منە بۆ ڕۆمانی “هەرێمەکانی جنۆکە” (جەخت لەسەر گوزارەی “وەرگێڕانێکی منە” دەکەمەوە، چونکە لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەقی بەرەکاتیدا، هەمان شێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی دەقێکی جۆیس، ڕۆمان یان کورتەچیرۆکێکی بیکێت، زیاتر و زیاتر بۆمان دەردەکەوێت، کە وەرگێڕانی ئەدەب پرۆبلێماتیکێکی فەلسەفییە، زیاتر لەوەی پرۆسەیەکی سادەی تەکنیکی بێت بۆ گواستنەوەی مانا لە بونیادێکەوە بۆ نێو بونیادێکی دیکە؛ کە وەرگێڕان پێشنیاری مانا و فۆڕمی نووسەرێکە لە بەردەم مانا و فۆڕمێکی خوڵقێنراودا لەلایەن نووسەرێکی دیکەوە، زیاتر لەوەی گواستنەوەی پراکتیکیی سادەی ماناکە بێت لە زمانێکی لەپێشترەوە بۆ زمانی دووەم، یان بۆ زمانێکی لاوەکی). لەم بەستێنەوەیە کە ماوەیەک دەبێت ئەرکی وەرگێڕانی “هەرێمەکانی جنۆکە”م گرتووەتە ئەستۆ. دەنووسم “ئەرک”، چونکە لام وایە -دڵنیام خەڵکانی تریش لایان وایە- وەرگێڕانی گونجاو و شایستەی ئەدەبی بەرەکات بۆ کوردی، وەرگێڕانێک کە چەندێک پێشنیاری مانا و ناوەڕۆکە لە زمانی نوێی دەقە وەرگێڕدراوەکەدا، هێندەیش پێشنیاری فۆڕمی ئەو دەقە بێت لە ماڵە نوێیەکەیدا، ئیدی بووەتە ئەرکێکی ئەخلاقی؛ وەرگێڕانی -یان گەڕاندنەوەی- ئەم ئەدەبیاتە بۆ نێو کوردیی ناوەڕاست، بووەتە ئەرکێکی ئەخلاقی، چونکە باسکردنی مێژووی ئەدەبی کوردی، بگرە هەر جۆرە باسکردنێکی ئەدەبی نوێی کوردی، بەبێ خوێندنەوە و باسکردنی بەرەکات، بێگومان باسکردنێکی ناتەواو و کەچ دەبێت.

تێبینی: ئەمە پێشەکیی ڕۆمانی “هەرێمەکانی جنۆکە”ی سەلیم بەرەکات، وەرگێڕانی: زاموا محەمەد، چاپکراوی دەزگای سەردەم ٢٠٢٢ە.