ئایا نێرسالاری لە قەیراندایە؟
گەمەکردن بە فالوس لەنێوان ژنی فالیکی و پیاوی ماسۆشیدا
لە مانگی دیسەمبەری ساڵی ٢٠١٩دا خانمە گۆرانیبێژی کورد هێڵی لۆڤ لە کلیپێکیدا بە ناوی (بای بۆی-Bye boy ) خۆیشی و ئێمەیشی بە جۆرێکی جیاواز لە نمایشکردن ئاشنا کرد. ئەم کلیپە بە جۆرێک دژەباو دەرکەوت کە لە میدیای کوردیدا وەک ئەوەی بۆمبێک بێت و بە ڕووی کۆمەڵگەدا تەقیبێتەوە باسی لێوە کرا، وەکچۆنیش هێڵی لۆڤ بە ژنێکی دانسقە و بوێر ناو برا، ئەو وەک خۆیشی دەڵێت: لە ڕێی ئەم کلیپەوە مەبەستیەتی وێنەیەکی تری ژنی کورد نیشان بدات. وێنایەک کە تا ڕادەیەکی زۆر بوێرانەیە و بێ گوێدانە هیچ شەرم و شکۆیەک بۆ نۆرم و کۆدە کۆمەڵایەتییەکان، وەک شاژنێکی تاجبەسەر، پیاوان دەخاتە سەرچۆک و ناچارییان دەکات تا کڕنۆشی بۆ بەرن. وەک بینیشمان لە کاتی خۆیدا ئەم کلیپەیش وەک هەموو دیاردەیەکی تری دنەدەر و دژ بە نۆرم و بەها کۆمەڵایەتییەکان، دوو چەشن لە جەماوەر و بینەری جیاوازیشی لە دەوری خۆی کۆ کردەوە.
یەکەمیان ئەو گروپە لە بینەرن کە سەرسامن بە بێپەردەیی، دەمڕووتی و (خۆنمایشکردن)ی ئەم خانمە و بە نموونەیەکی ئیدیاڵ و دانسقە لە بوارەکەی خۆیدا دەیبینن، پێیشیان وایە کە تاکە ژنێکی ڕێچکەشکێنە لەو کایەیەدا کە توانیویەتی کڕنۆش بە پیاو بهێنێت و پێی بڵێیت، ئەمی شاژنی تاجبەسەر، باکی بە بوونی ئەوی کەموکورت و بودەڵە نییە.
دووەمیان کۆمەڵێکی تر لە مرۆڤ و جەماوەرن کە هێڵی لۆڤ وەک بووکەڵەیەکی سێکسی و جەستەیەکی فیتیشی و لەتکراو دەبینن کە تیز بە غروری پیاوەتی و نۆرمی کۆمەڵایەتیی کوردییەوە دەکات. زیاتر ئەم خانمە وەک جۆرێک لە توندڕەوی لە ڕەفتاری نمایشخوازی (Exhibitionism) و بەرجەستەکردنی جەستەی ژن وەک جەستەیەکی زاڵی بێئابڕوو دەبینین. هەر لەناو ئەم کۆمەڵ و گروپەیشدا ئەو جۆرە لە کەسانی نوخبە و فێمینیست و قەڵەم بەدەستەکان دەبینین کە ئەم جۆرە لە نمایش و خۆدەرخەستنەی ئەم خانمە ڕەت دەکەنەوە و بێبەری دەکەن لەوەی کە لە هۆزی ژنە بوێر و ڕەچکەشکێنەکان بێت، وەكچۆنیش هاوسۆزیی خۆیان بۆ پیاوە غرورشکێنراوەکان دووپات دەکەنەوە. گرفتی ئەم گوتارەی ژنانی نوخبە لەوەدایە کە بە ئاشکرا جا بەئاگا بێت یان بێئاگا ئیفلاسی و تەوەزەلی خۆیان نیشان دەدەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکانی ژندا. لە بری هەڵوەستەکردن و خوێندنەوە و گەڕان بە دوای درز و کەلێنەکانی ئەم دیاردەیە بەستنەوەی بە کۆی بونیادە کولتووری، کۆمەڵایەتی، ئایینییەکەوە، ئاسانترین ڕێگە هەڵدەبژێرێن کە ئەویش ڕەتکردنەوە و بێبەریکردنی خۆیانە وەک دەمڕاستی پرسەکانی ژن لەم مۆدێلە لە مێینە و ڕەفتاری مێینە چونکە بە هەڕەشەی دەیبینن بۆ پێگە و پایەی خۆیان. وەک بڵێی فێمینیزم و فیکری فێمینیستی تەنها ئارەزووی بینین و ناساندنی جۆرێک لە ژن بێت کە ئەویش مۆدێل و فیگەرەکانی تر نەچنە خانەی دید و ڕەخنەی فێمینیستییەوە، هەر بۆیەش باشترە تەریک و بێبەری بکرێن. بەم کارەیشیان وەک بەشێکی دانەبڕاو و دریژکراوەی ئەو بونیادە پەتریارکییە، هەم ویژدانی مێینەبوونی خۆیان ئازاد کردەوە لە هەستکردن بە گوناه بەرانبەر بە پیاو و، هەمیش ئەو وێنا ئەزەلییەیان بۆ جەستەی پیاو گەڕاندۆتەوە کە ئەگەر لە ترۆپکی دەسەڵاتی و پراکسیسکردنی ماچۆ(فحولة)ی خۆیدا نەبینرێت، قبووڵ ناکرێت و ناتوانرێت هەرس بکرێت.
با کەمێک لە جەماوەر و بینەرەکەی هێڵی لۆڤ دوور بکەوینەوە و بگەڕێنەوە سەر خودی کلیپەکە. دیارە زۆربەمان دەزانین ئەم کلیپە(بۆمبە)، لە سەروبەند و هاوکات لە گەڵ فەتوای مەلاکاندا سەبارەت بە قەدەغەکردن لەوەی کە ژن بەتەنیا و بێ مەحرەم نابێت بە ئۆتۆمبێل هاتووچۆ بکات بەڵکوو دەبێت مەحرەمی خۆی لەگەڵ بێت، بڵاو بووەوە(تەقییەوە).
ئەگەرچی ئەم دوو ڕووداوە، واتە هەم فەتوای مەلاکان و هەمیش کلیپەکەی هێڵی لۆڤ لە ڕواڵەت و ڕووکەشدا ڕەنگە وا دەربکەون کە دوو دیاردەی جیاواز و دژبەیەکن، وەلێ لە ڕاستیدا و لە جەوهەریاندا هەردووکیان هەڵگری هەمان ئاماژەن و ئیشیش لەسەر یەک بابەت دەکەن کە ئەویش سێکسوالیتیی ژنە. بە مانایەکی تر، جەستەی ژن لە یەک کاتدا بەر دوو هێز و دوو مۆدێلی جیاواز لە فریادڕەس دەکەوێت، وەکچۆنیش دوو چەشن وێناکردن و فانتازیا بۆ دوو مۆدیلی جیاواز لە جەستەی ژن بەرهەم دەهێنێت کە هیچیان لە خزمەتی ژندا نین، بەڵکوو هەردوو ڕووداوەکە لە خزمەتی توندکردنەوە و قایمکردنەوەی نۆرمەکانی پیاوگەرایییە یەکێکیان لەسەر ئاستە فەندەمینتاڵیستە ئایینییەکە و ئەوی تریان لەسەر ئاستە سەرمایەدارییەکە، بەو مانایەی کە پەتریارکی و سەرمایەداری دوو دیوی یەک دراون لەو شوێنەی یەکیكیان گیر دەخوات و لەق دەبێت یان هەڕەشەی پەککەوتنی لەسەر دەبێت ئەوا دەستبەجێ ئەوی تریان خۆی توند و تۆڵ دەکاتەوە. هەر بۆیەش ئەوەی لەنێوان ئەم دوو بەرداشەیشدا دەهاڕدرێت و جارێکی تر لە فۆڕم دەدرێتەوە جەستە و سێکسوالیتیی ژنە. ئەم دوو هێزەش بەم دوو شیوەیە کار لەسەر جەستەی ژن دەکەن و لە قاڵبی دەدەن.
١- ژنێک کە داپۆشراوە و پاسیڤە و دەبێت ڕووت ببێتەوە تا خۆی وەک فیگەرێکی بەهێز و خاوەن ئیرادە پیشان بدات (وەک لە گوتارە خۆرئاوایییەکەدا کە وەک ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئازادییەکی گلۆباڵ دەیبینین). نموونەش ئەم کلیپەیە کە بەرهەمی ستافێکی ئەمریکییە، نەک ئەوەیش بەڵکوو خودی نمایشەکە لەڕووی پۆشاک و ئێکسسوار تەنانەت خودی تێمای نمایشەکە کۆپییەکی کتومتی گۆرانیی (ئەڵماس باشترین ھاوڕێی کچانە) ژنە ئەکتەری بەناوبانگی ئەمریکی مارلین مۆنرۆیە.
٢- ژنێک ڕووت بووەتەوە و دەبێت دابپۆشرێتەوە، لە ماڵ نەیەتە دەرەوە گەر هاتیشەوە دەرەوە ئەوا دەبێت لەگەڵ مەحرەمی خۆی بێت (وەک لە نموونە فەندەمێنتاڵیستییەکەیدا زاڵە).
کەواتە بەشێکی گەورەی ململانێکە لە هەردوو دیاردەکەدا و یەکاڵاکردنەوەیشی لەسەر جەستەی ژن چەقی بەستووە: یان ئەوەتا لەدەرەوە هێزێک دێت و ژن ڕزگار دەکات بەوەی وێنا و فیگەری ترمان لێ دروست دەکەن تا بڕێک لە وەهمی ئازادی و یەکسانیمان پێ ببەخشن، یان لەسەر ئاستی هەرێمی هێزێکی فەندەمێنتاڵ دێت و ژن لە ئەگەری داگیرکردنی ئەو ئەهریمەنە خۆرئاوایییە و هاوکاتیش هەڕەشە لۆکاڵییەکەیش (پیاوی نامەحرەم) ڕزگار دەکات. بەو مانایەی کە ئەوە فریو و سێکسوالیتیی ژنە کە پیاو لە خشتە دەبات و لە خودای خۆی دوور دەخاتەوە.
ئەگەرچی من لێرەدا نامەوێت بچمە ژێر باری ئەو دابەشکردنەی کە دەڵێت مرۆڤی ئایینی لە نموونەی پیاوە فەتواچییەکان دواکەوتوون و کەسانی بە حساب مۆدێرنیش (لە نموونەی هێڵی لۆڤ) و هاوشێوەکانی پێشکەوتووخوازن چونکە لە بنەڕەتدا ئەمەش بۆ خۆی گرفتئامێزە، بەڵام لای من کێشەکە لە مۆدێلی فەتوای مەلاکاندا مامەڵەکردنی لە گەڵ جەستەی ژندا، زیاتر هەژموونی نەست و ئارەزوو، نارسیزم و هۆشیاری هێزێکە پەککەوتە و گیرخواردوو لە وێستگەیەکی دێرینی مێژووی مرۆییدا کە هی سەدەکانی ناوەڕاستە و هێشتا نە ڕێنیسانس و نە ڕۆشنگەریشی بۆ قووت نەچووە، چ جای مۆدێرنە و ڕەنگدانەوەکانی. ئەم زهنییەتە هێند چەقی بەستووە لەسەر هەندێک دۆگم و کڕکەوتووە لەسەریان کە جێهێشتنی ئەو دۆخی متبوونە بە مەرگی خۆی دەزانێت. مرۆڤی ئایینی پێی وایە ئیدی بەهاکانی ژیان پیس و گەندەڵ بوون، ژیاری خۆرئاوا ئارامی سەر زەمینی شێواندووە و و بەهاگەلێکی سەپاندووە کە شایستە بە مرۆڤ نین. لەژێر کاریگەریی پەرەسەندن و سەرمایەداری و شۆڕشی پیشەسازیدا مرۆڤ خودای تۆراندووە، یەزدان و ویژدانی دۆڕاندووە و بووەتە کۆیلەی چێژ و سەرمایە: مرۆڤ دابڕاوە لە تەقوا و خواناسی و چاکەخوازی. دەرکردنی ئەو فەتوایە و فەتوا یەک لە دوا یەکەکانی تریش، بەکارهێنانی جەستەی ژن وەک بڕوبیانوویەک بۆ دەرکردنی ئەم فەتوایانە، ئەو ڕاستییەمان بۆ دوپات دەکاتەوە کە خودی ئیسلام چ وەک باوەڕ و چ وەک سیستمی فەرمانڕەوایەتی لە قەیراندایە و بۆ ماوەی چەندین سەدەیشە تەواوی ئەو کۆمەڵگایانەی ئیفلیج و پەرێشان کردووە کە شوێنکەوتەین و دەیانەوێت لەسەر زەمینەی واقیع پەیڕەوی بکەن. گوتاری سەرەکیی ئەم هێزە فەتواچییە بۆ ئەوەیە جارێکی تر پیاو لە چنگ هەوەس و حەزە سێکسییەکانی و گوناهی تێکەڵبوون بە ژن، کە بە مێنتاڵتی ئەوان بە هۆی فریو و دەرکەوتنی ژنەوە تووشی دەبێت، بپارێزێن. ئەوا ژن دەبێت لە چنگی مەحرەمی خۆیدا دەرنەچێت. بەم کارەیش پیاوە نامەحرەمەکان دەپاریزرێن، چونکە ترسی پیاو لە ئازادبوونی ئارەزووەکانی ژن و سەربەخۆبوونیان بە تەنها بیانوویەک نییە بۆ ڕامکردن و کۆنترۆڵکردنی ژن، بەڵکوو قەرزێکی مێژووییشە کە دەبێت بۆ هەتاهەتایە ژن بیداتەوە، چونکە ئەوە ئارەزووەکانی ژنن کە دەبنە مایەی دەرکردنی پیاو لە بەهەشت وەک لە فۆرمە ئایینییەکەی چیرۆکی ئادەم و حەوادا دەیبینین، واتە ڕەدووکەوتنی چێژ و ئارەزووەکانی ژنن کە نەفرەت بەسەر مرۆڤ/پیاودا دەهێنن و ناهێڵن لە بەهەشت بژی و ناچار بە دۆزەخی سەر زەمینی دەکەن.
لە کاتێکدا لە فەتوای مەلاکاندا پیاو و پیاوگەرایی سەنتەرە وەک گوتار، ژن لە پەراوێزدایە و بوونی نییە، ئەو کاتانەیش کە دەردەکەوێت ئەوا دەبێت لەگەل مەحرەمی خۆیدا بێت. گەر لێرەدا مەحرەم بە فیگەری باوک وێنا بکەین بە مانا فرۆیدییەکەی، ئەوا بە پێچەوانەوە لە کلیپەکەی هێڵی لۆڤدا ژن سەنتەرە و پیاو لە پەراوێزدایە. لەم کلیپەدا ژن بە پێچەوانەی واقیعی خۆیەوە بوونەوەريکی زاڵم و ستەمکار و چەوسێنەوەرەی پیاوە کە هیچ باکی بە بوون و نەبوونی ئەو نییە. لەم لایشەوە پیاو وەک ئۆبێکتی سێکس بێدەرەتان و زەلیل ئامادەیە لەلایەن تیر و تیغ و برژانگ و موژگانی ژنەوە لێی دەدرێت، دەبڕدرێت، بریندار دەکرێت، چۆکی پێ دادەنرێت. ڕوونتر بڵێین لەم کلیپەیشدا هەر وەکچۆن لە فەتوای مەلاکاندا ڕوون و دیارە ئەوە ئارەزوو و سێکسوالیتیی پیاوە کە لەژێر هەڕەشە و ئاکت و فریوی بێبەزەیییانەی ژندایە. هەر وەک پێشتریش باسم کرد بەشێکی ڕەخنەکانیش لەم خانمە و لە کلیپەکەیش بەزەیی و هاوسۆزی بۆ وێنای ئەو پیاوە زەلیل و زەبوونەیە کە ئەم کلیپە بەرجەستەی دەکات. توڕەبوونی جەماوەر لە دەرکەوتنی ژنێک بە نمایشیکی ئەمریکییەوە نییە بەڵکوو نیشاندانی وێنای پیاوێکی بێدەسەڵاتە کە بەر تیر و تیغی ژنێکی بێباک دەکەوێتە سەر چۆک و لێدەخوردرێت. ئەوەی لەم کلیپەدا ڕوونە ئەوەیە (ئەگەر چی ئەو ئەقڵەی لە پشتی بەرهەمێنانی ئەو کلیپەوەیە فڕی بەسەر کوردەوە نییە و سەرلەبەری زادەی ئەقڵ و هزریی ئەمریکییە) کە پەتریارکی و پیاوبوون چیتر یەکسان نییە بە بوونی ژنێکی پاسیڤ و ماسۆشی لە بەرانبەر پیاوێکی ئاکتیڤ و سادی. بەڵکوو ئەم دێت لە ڕێی ئەم نمایشەوە درزێکمان بۆ دەکاتە هاوكێشەکە و دوو گریمانەی تری بۆ زیاد دەکات کە ئەویش ژنێکی سادیست لە بەرانبەر پیاوێکی مازۆشیدایە. ئەوەی لەم کلیپەدا زاڵە بوونی جەستەی نێرینەیە نەک وەک جەستەیەکی پیرۆزی بێخەوش و بێکەلێن، جەستەیەکی تۆکمە و یەکپارچە کە هیچ درز و کێشە و تێکچوونێکی تێدا نییە، بەڵکوو جەستەیەکمان بۆ نمایش دەکات کە شڕ و شێواو و پڕ کەلێنی فێمینیە. ئەم جەستە کڕنۆشبەر و مازۆشیستە تەواو پێچەوانەی ئەو چەشنە فانتازیایەیە بۆ جەستەی نێرینە وەک ئیدیاڵێکی بەهێز (وەک جەستەیەکی ئەفسانەیی و بان-سروشتی) بە مانا ئایینییەکەی (باوک-مەحرەم) کە وەک ڕەنگدانەوەی وێنەی خودا لەسەر زەوی وێنای دەکات، بەڵکوو لێرەدا جەستەی نێرینە دەخاتەوە ناو بونیادە سۆسیۆ/سایکۆلۆژییەکەی خۆی، ئاماژەیەکیشە بۆ ئەوەی کە جەستەی نێر بارگاوییە بە گۆڕانکاری و بەها کۆمەڵایەتی دەیگۆڕێت، ئەگەرچی هەر کات لەنگەیەک بکەوێتە سەر ئەم وێنا و فانتازیایە بۆ جەستەی نێر ئەوا لە گەڵیشیدا دەمودەست جۆرێک لە دژەگوتار هەیە کە پێی وایە ئەمانە بە نێرینە ئەژمار ناکرێن و بوون و نەبوونیان هیچ لە پلەوپایە و تۆکمەییی ئەو بونیادە ناگۆڕێت کە لە بنەڕەتدا جەستەی پیاو وەک جەستەیەکی پیرۆز و یەزدانی و درێژکراوەی گوتارە پاتریارکییەکە دەبینێت.
بۆ ئەوەی زیاتر لە مانا و ئاماژەکانی ئەم کلیپە دنەدەرە تێبگەیەن کە پێگەی خۆی لەناو ئەو کولتوورە لێکهەڵوەشاوەی کوردا جێهێشتووە، پێویستە بگەڕینەوە سەر چەمکی مازۆشی وەک لادانێکی دەروونی(Perversion) بە مانا دەروونشیکارییەکەی. گەر ئەم کلیپە و ناواخنەکەی لادانێک بێت، بەو مانایەی لادان دەرچوونە لە نەزمی کۆمەڵایەتی ئەویش بە تێکشکاندن و ڕەتکردنەوەی ئەو بنەمایانەی کە خودی نۆرم و نەزمە کۆمەڵایەتییەکەی لەسەر بونیاد نراوە. بە واتەیەکی تر، گەر ئەم کلیپە وەک نمایشێک ببینین بۆ نیشاندانی ژن و گوڕینی وێناکەی لە بوونەوەرێکی پاسیڤ و ماسۆشیستییەوە بۆ بوونەوەرێکی زاڵ و سادیستی. ئەوا پرسیارەکە گوڕینی ژن نییە لە دۆخە مازۆشییەکەیەوە بۆ دۆخێکی سادی، بەڵکوو زیاتر چۆن پیاو دەتوانێت دەستبەرداری خەسڵەتە سیکسوێلە ئاکتیڤ و سادیستییەکەی خۆی بێت و بیگۆڕێت بۆ خەسڵەتی مازۆشیستی کە سیفەتگەلێکی مێینەن بە مانا دەروونشیکارییەکەی؟ لە کاتێکدا ئەم خەسڵەتانە خودی ئەو هیرارکییە جێندەرییە دەپارێزیت کە کۆمەڵگەی پەتریارکی بە گشتی و کۆمەڵگەی کوردی بە تایبەتی پێدەناسرێتەوە.
هەر بۆیەیش بۆ ئەوەی لەو پیاوە ماسۆشییە بگەیین کە کلیپەکەی لۆڤ بەرجەستەی دەکات و دزە دەکاتە نێو کەلێنەکانییەوە ئەوا لە جێی خۆیەتی بگەڕینەوە سەر چەمکی ماسۆشیزمی فێمینە لای فرۆید، چونکە ئەو دەڵێت: “گەر هەر کەسێک بواری ئەوەی بۆ بڕەخسێت کە لە هەر دیاردەیەک یاخود کەیسێک بکۆڵیتەوە کە تیایدا فانتازیا بە ماسۆشیزمەوە خۆی بەرجەستە دەکات، ئەوا دەستەبجێ ئەوەی بۆ ئاشکرا دەبێت کە سوبێکت خراوەتە شوێنی ـمێینە و بە خاسیەت و سیفەتەکانی مێینەوە خۆی دەردەخات و نمایش دەکات، وەک ئەوەی خەسێنرابێت، یان بە شوودرابێت، یان مناڵی ببێت”، فرۆید ئاماژە بە سێ جۆر لە ماسۆشیزم وەک جۆرێک لە لادانی سێکسوالیتی دەکات کە ئەوانەیش:
یەکەم: ماسۆشیزمی ئێرۆتۆجینیکErotogenic، دووەم: ماسۆشیزمی فێمینە و سێیەم: ماسۆشیزمی ئەخلاقییە.
فرۆید سەرچاوەی ماسۆشیزم دەگەڕینێتەوە بۆ جۆری یەکەمیان کە بە چێژوەرگرن لە ئازار پێناسەی دەکات. بەو مانایەی کە ماسۆشیزمی ئێرۆتۆجینیک دەکەوێتە قوڵاییی ماسۆشیزمی فێمینەوە، واتە فانتازی مێینە بە بەستنەوە و لێدانی یان مامەڵەکردنی وەک مناڵێک لە کاتی سێکسدا. ڕەنگە خودی ئەم شیکارییەی فرۆید بۆ خەڵکانێک مایەی ڕەخنە و هەڵوەستەکردن بێت بەو پێیەی کە دیسانەوە وێنای فرۆید وەک دژەفێمینییەک دووبارە دەکاتەوە، وەلێ لە ڕاستیدا ئەم وێنەیە ناحەقییەک دەبێت بەرانبەر فرۆید چونکە ئەو هەر کات قسەی ل سەر ژن کردبێت ئەوا لە سیاق و کۆنتێکستە کۆمەڵایەتی و ئایینی و مێژوویییەکەی خۆیدا کردوویەتی، واتە شتیێکی لەسەر ژن نەگوتووە کە پێچەوانەی ئەو وێنایە بێت کە بۆی دروست کراوە و لە ڕێیەوە پێناسە کراوە. هەڵبەت فرۆید یهكێكه لهوانهی كه وێنا و بوونی پیاو وهك نۆرمێكی زاڵ و بههێز تۆختر دهكاتهوه، ئهمهش زۆر بهڕوونی له نووسینهكانی لهسهر (سێ توێژینهوه دهربارهی تیۆرهی سێكس)دا دهبینین. ئهم مۆدێله له ڕاڤهكردن و وهسفكردن بۆ خۆی ئاماژهیه كه وێنا و بوونی ژن له نۆرم و بههاكانی پیاوه سهرچاوهی گرتووه. فرۆید به ئاشكرا باس له وێناكردنی ژن وهك كۆپییهكی ناتهواو و خراپی پیاو دهكات، كاتێك كه دهڵێت: “بۆ ئێمه تێگهیشتن له گهشهكردنی پیاو ئاسانتره تاوهكوو ژن، لهبهر ئەوهی گهشهی پیاو به شێوهیهكی گونجاو، ڕیزبهند و یهك به دوای یهكدا دهڕوات، له كاتێكدا گهشه و پهرهسهندن لای ژن مارشێكه بهرهو دواوه”. ئهڵبهته توێژینهوهكانی فرۆید لەسهر نائاگایی و جیهانه پهنهانه ناوهكییهكهی مرۆڤ له كۆمهڵگهیهك و كولتوورێكدا بوو كه ژن هیچ بایهخ و رۆڵێكی سهرهكی نهبووه له ژیاندا ، بهڵكوو زیاتر وهك بابهتێكی ناكارا(ئۆبێكتێكی پاسیڤ) دهركهوتووه و ههبووه كه پیاو لێی كۆڵیوەتەوه و ویستویهتی كهشفی بكات. لە بنەڕەتدا فرۆید ڕای وایە کە ژیانی سێکسیی ژن ئۆقیانووسێکی ڕەشە کە تەیکردنی زۆر دژوارە، وەک چۆن لێکشیتاڵکردنی تەلیسمەکانیشی سەختە! ئەو دەڵێت: “بەپێی ئەو ڕێچکە تایبەتییەی کە گرتوویەتیە بەر، دەروونشیکاری ناخوازێت پێناسەی ژن بکات و بزانێت چییە (چونکە ئاشکرایە کە ئەوە پرسیارێکە ناتوانێت وەڵامی بداتەوە)، بەڵکوو تەنیا هەوڵ دەدات لەوە بکۆڵێتەوە کە چۆن ژن دێتەبوون، چۆن مناڵ کە خاوەن حەزێکی سێکسیی دووجەمسەرە(بیسێکسوێل)، دەگۆڕێت بە ژن؟”.
ئەگەرچی خودی داهێنانی فرۆیدی بۆ چەمکی ژن لە توێژینەوەکانی دەربارەی هیستیریا جیا ناکرێتەوە، چونکە بەشێکی زۆری نەخۆشەکانی فرۆید لە بنەڕەتدا ژن بوون و زیاتر باسیان لە کێشە دەروونییەکانی خۆیان کردووە کە پتر پەیوەست بوون بە فانتازیا و خەون، مناڵی و سێکس و چێژەکانیانەوە. هەر بۆیە باسکردن لە سێکسوالیتی لای ژن، قۆناغی پاش دەرخستنی نەستە لای فرۆید وەک دەرەنجامی شیکارییەکانی بۆ هیستیریا. کەواتە چەمکی سێکسوالیتی لای فرۆید هەروا لە خۆیەوە نەهاتووە، بەڵکوو زادەی شیکاریکردنی هەموو ئەو دۆخ و کەیسە هیستیریانەی بەردەمی بوون لە ژنان کە مەسەلەی یەکاڵاکردنەوەی ڕەگەز لە پەیوەست بە سێکسدا، بناغەی سەرەکییان بوون. وەلێ شیکارییەکەی سەبارەت بە ماسۆشیزم پەیوەستە بە نێرینە و لەسەر نەخۆشە پیاوەکانی گەڵاڵەی کردووە و نووسیوە.
هەڵبەت فرۆید تەنها نەبووە لەوەی کە ماسۆشیزمی وەک لادانێکی دەروونی پەیوەست بە پیاوەوە نەک بە ژنەوە بینیوە. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٨٦دا، سێکسناسی ئەڵمانی ڕیتچارد ڤۆن کرافت-ئێبێنگ بۆ یەکەم جار زارەوەی ماسۆشیزمی ھێنایە ئاراوە. ئەو کاتەیش شیکارییەکەی لەسەر ماسۆشیزم ئەوە بوو کە وەک خولیا و خەیاڵی ئەو پیاوانەی کە ئارەزووی ئازار دەکەن و حەزیان لەوەیە کە ژنێک یان پیاوێک بیانچەوەسێنێتەوە لە کاتی سێکسدا تا بگەن بە ئۆرگازم، خستە ڕوو. ڤۆن کرافتئێبینگ ئاماژە بە سی و سێ کەیسی پیاوی ماسۆشی دەکات لە کاتێکدا تەنها چوار کەیسی ژن باس دەکات. وەکچۆنیش تیۆدۆر ڕایک لە کتێبەکەیدا بە ناوی (ماسۆشیزم لە پیاوی مۆدێرن)دا دەگاتە هەمان دەرئەنجام کە نێرینە لە مێینە زیاترماسۆشییە. بە ڕای ڕایک تەنانەت ئەو ژنانەی لە ڕووی کلینکییەوە بە ماسۆشیست دادەنرێت ئەوا هیچ کاتێک سنووری سوبژێکتیڤی خۆیان تێناپەڕێنن بەڵکوو تەنها کەمێک سنوورەکەی درێژ دەکەنەوە، لە کاتێکدا پیاوی ماسۆشی بە پێچەوانەی ژنەوە تەواوی شوناسە کۆمەڵایەتی و سێکسوێلەکەی خۆی جێدێڵێت و لە خودی خۆی تەرە دەبێت و خۆی هەڵدەداتە نێو سنووری دوژمن کە لێرەدا مەبەست لێی سنووری فێمینەبوونە وەک سنووری دژ و جیاواز بە نێرینەبوون.
کای سلڤەرمان لە کتێبەکەیدا بە ناوی (سوبژێکتیڤتی نێر لە پەراوێز)دا، ئاماژە بە ژێل دۆلوز دەکات و دەڵێت، دۆلوز لە لێکۆڵینەوەکەیدا سەبارەت بە دڵڕەقی، نەک هەر بەتەنها جەخت دەکاتە سەر کارەکتەری (ساشەر مازۆش) بەڵکوو مۆدێلیکی تیوریش بۆ ماسۆشیزم دەهێنێتە ئاراوە کە ئازارکێشان بە پلەی نایاب دەخاتە پاڵ نێرینە. بۆ سلڤەر پرسیارەکە زیاتر ئەوەیە کە چی بکەین بۆ ئەوەی ئەو هەڵەیە ڕاست بکەیەنەوە کە فرۆید کردوویەتی، هەڵەی دەستنیشانکردنی لادانێکی دەروونی وەک خاسیەت و سیفەتی فێمینە لە کاتێکدا قوربانی و نەخۆشەکانی ئەم لادانە نێرینەن؟
تیۆدۆر ڕایک پێی وایە پیاو زیاتر مازۆشین وەک لە ژن، چونکە تەنها لەو کاتانەدا پیاو ئەم سیفەتانەی ماسۆشیزمی فێمینە لە خۆی دەنێت کاتێک بیەوێت جۆرێک لە پاتۆلۆژیا بنوێنێت
سلڤەرمان تەواو کۆک نییە لە گەڵ تیۆدۆر ڕایک کە پێی وایە پیاو زیاتر مازۆشین وەک لە ژن، چونکە تەنها لەو کاتانەدا پیاو ئەم سیفەتانەی ماسۆشیزمی فێمینە لە خۆی دەنێت کاتێک بیەوێت جۆرێک لە پاتۆلۆژیا بنوێنێت. بەو مانایەی ئەوەی کە ئاسایییە وەک نۆرم وەک سێکسوالیتی مێینە دەبێتەوە بە لادان و پاتۆلۆژیا بۆ نێرینە. سلڤەرمان زیاتر تێزەکەی فرۆید لەم بارەیەوە شی دەکاتەوە، دەڵێت: “ئاماژەکردنی فرۆید بە فانتازیای لێدانەوە و بەستنەوەی بە گرێی ئەرێنیی ئۆدیپوس لای کچی بچووک لە کاتێکدا ئەم فانتازیایە دەبێتەوە بە گرێێ ئۆدیپوس بە دیوە نیگەتیڤ و نەرێنییەکەیدا لای کوڕی بچووک. بەم مانایەش ماسۆشیزمی فێمینە هەمیشە بە مانای ئارەزوو دێت بۆ باوك بە هاوشوناسبوون لەگەڵ دایک، پێگە و شوێنێک کە زیاتر نۆرمئاساییە بۆ سوبێکتی فێمینە لە کاتێکدا (لادانە) بۆ سوبێکتی نێرینە”.
هەر کاتێک قسە لەسەر ماسۆشیزم دەکەین ئەوا بەناچاری دەگەڕێینەوە سەر سادیزم و یەکێک لە ئاماژە گرنگانەی کە فرۆید سەبارەت بە سادیزم کردوویەتی لە (سێ توێژینهوه دهربارهی تیۆرهی سێكس)دا ئەوەیە کە سێکسوالیتیی زۆرینەی نێرینەکان بەشیک لە توندوتیژی و دڕی و ئارەزووی زاڵبوون بەسەر ئەوی تردا لە خۆی دەگرێت. ھەر بۆیە بە ڕای فرۆید ماسۆشیزم بە تەنھا خۆی نمایش ناکات بەڵکوو پێویستی بە پێچەوانەکەی ھەیە کە سادیزمە… بەو مانایەی کە ھەموو ماسۆشیستێک مەیلێکی سادیستی لە ھەناودایە و پێچەوانەشەوە. ھەڵبەت فرۆید مەبەستی ئەوە نییە کە ھەموو سادیستێک خۆی کۆنە ماسۆشی بووە بەڵکوو مەبەستی زیاتر کە ھەردوو مەیلەکە وەک ئارەزوو لەناو ھەمان کەسدا بەرجەستەیە و ھەیە و بۆیەش فرۆید تێرمێکی نوێ دادەڕێژێت بە ناوی (سادوماسۆشیزم)ەوە. فرۆید لە وتارەکەیدا بە ناوی (مناڵیک لێی دەدرێت) سەرچاوەی ماسۆشیزم لە ھەردوو ژن و پیاودا دەگەڕێنێتەوە بۆ خەیاڵ و فانتازییەکی قۆناغی مناڵی، فانتازی لێدانی مناڵێک بۆ ئەمەیش لەسەر شەش توێژینەوە کە لە چوار پیاو و دوو ژن پیکهاتووە کاری کردووە. تێزەی سەرەکی لەم توێژنەوەیەدا بریتییە لە فانتازیای لێدانی مناڵێک لەلایەن باوکەوە، بە مانایەکی تر، لێدانی ئەو مناڵەی کە (من) ڕقم لێیەتی سەنتەرە. خودی ئەم فناتازیایەش لە لایەک پەیوەستە بەو پەیوەندی و بۆندە خۆشەویستییەی کە کچی بچووک لەگەڵ باوکیدا هەیەتی یان خوازیارە هەیبێت، لە لایەکی تریشەوە بە ئیرەیی بە مناڵی دووەم کە بە دوای خۆیدا هاتووە و ئەم ڕقی لێیەتی، چونکە باوك گرنگی و خۆشەویستیی خۆی دەداتێ. هەر بۆیەش کچی بچووک فانتازیا و خەیاڵ بەوەوە دەکات کە باوک لە بری خۆشەویستی بدات بە خوشک یان برای بچووک ،ئەوە لێی دەدات و ئازاری دەدات. کچی بچووک دەیەوێت لە فانتازیادا بژی کە باوکی بە تەنها ئەوی خۆش دەوێت و ئەوەی لە دوای ئەمەوە دێت هیچ بایەخ و گرنگییەکی لای باوکی نییە بەڵكوو بەپێچەوانەوە لێشی دەدات. بۆ ئەوەی زیاتر لە فانتازیای لێدانی مناڵێک و پەیوەندی بە سێکسوالیتیی مێینەوە ڕوون بکەیەنەوە ئەوا گرنگە ئاماژە بەو سێ قۆناغەی فرۆید بکەین، چونکە بە ڕای فرۆید فانتازیای مێینە لە سێ قۆناغ پێک دێت وەلێ قۆناغی یەکەم و سێھەم لە ڕووی شیکارییەوە بەکار دێنین بەو پێیەی کە قۆناغی دووەم ھەمیشە دەکەوێتە نەست و نائاگاوە هیچ کاتێک بوونی نەبووە. ئەو سێ قۆناغەیش ئەمانەن:
یەکەم: “باوکم لە مناڵەكە دەدات — ئەو مناڵەی كە من ڕقم لێیەتی”.
دووەم: “من لە باوکم دەدەم”.
سێھەم: “ھەندێ لە کوڕەکان لێیان دەدرێت— منیش تەماشایان دەکەم”.
فرۆید لە بارەی قۆناغی یەکەم دەڵێت، ئەم قۆناغە نە ئاماژەیە بۆ سێکسوالیتی و نە مەیلی سادییش لە خۆی دەگرێت. چونکە ئەو مەیلە سێکسوێلییەی کچی بچووک بۆ باوک هەر زوو لەژێر هەژموون و هەڕەشەی ئۆدیپوسدا دەچەپینرێت و مەحف دەبێتەوە.
وەلێ خودی ئەم قۆناغە زەمینەیەکە کە دوو قۆناغەکەی تری لەسەر دروست دەبێت. گرنگی و بەھای ئەم قۆناغە دواتر بە شێوەیەکی پاشاوپاش خۆی نمایش دەکات. فرۆید ئەم قۆناغە لەم دەستەواژەیەدا کورت دەکاتەوە دەڵێت: “باوکم مناڵەكەی تری خۆش ناوێت، ئەو بە تەنھا منی خۆشگەرەکە”. لێرەیشدا ئارەزووە ئۆدیپییەکە و تابۆیش لەنێوان قۆناغی یەکەم و دووەم تێکەڵ دەبێت. فرۆید لەم بارەیەوە دەڵێت:”قۆناغی دووەم گرنگترین و پڕ بایەخترین قۆناغە وەلێ دەشتوانین بڵێین کە ئەم قۆناغە بە جۆرێک ھیچ کات بوونێکی ڕاستەقینەی نییە. ھیچ کات یاد ناکرێتەوە و نابێتە یادەوەری، ھیچ کات نەیتوانیوە ببێتە ئاگایی، دەتوانین بڵێین کە ئەم قۆناغە زیاتر بۆ تێگەشتنی فرۆید خۆی بووە تا بتوانێت تەواو لە شیکارییەکەی نزیک بێتەوە. ئەوەی لەم قۆناغەدا لێی دەدرێت برا یان خوشکی بچووک نییە بەڵکوو ئەوە باوکە لێی دەدرێت بەڵام بە فانتازیای کچی بچووک. خودی ئەم فانتازیایەش دوو فاقە چونکە لە لایەک ئارەزووی سزدان پڕ دەکاتەوە، سزای ئارەزووی چەپینراوی کچی بچووک بۆ باوکی، لە لایەکی تریش خودی ئەم فانتازیایە ماسۆشییە ئارەزوو بۆ باوک پڕدەکاتەوە… فرۆید دەڵێت: “چەپاندنی ئەم ئارەزووە سێسکوێلییە بۆ باوک دەبێتە هۆی مەیلی گەڕانەوە بۆ قۆناغی کۆمی-سادیستی سیكسوالیتی. فانتازیای ئارەزووکردن بە باوکەوە لە قۆناغی یەکەمدا (باوکم هەر منی خۆش دەوێت) دەگۆڕێت بۆ قۆناغی بەر لە ئارەزووی سێکسی و دەبێت بە (باوکم لە من دەدات). لە قۆناغی سێهەمدا بەر سینارێۆیەکی تر دەکەوین ئەویش لێدانی مناڵێکی ترە وەلێ کچی بچووک تەماشای ئەم لێدانە دەکات و ئازار دەکێشێت چونکە لە خەیاڵ و فانتازیای کچی بچووکدا ئەو مناڵە لێی دراوە لە بری ئەم و لە سزای گوناه و ئارەزووەکانی ئەم لێدان دەخوات. لەم ڕوانگەیەوەیە فرۆید پێی وایە کە ئەو چیژەی لە خەیاڵ و فانتازیای کەسی ماسۆشییەوە هەڵدەقوڵێت بە سروشتی خۆی ماسۆشییە و ناتوانین لە دیدێکی سادیستییەوە لێی تێبگەین. ئەم خەیاڵ و فانتازیا بە لێدان لە ھەردوو ڕەگەزکەدا ئارەزووی دەستپەڕکردن دروست دەکات ئەگەرچی خودی فانتازیاکە بۆ ھەر یەک لە ژن و پیاو مانای جیاوازی دەبێت. چونکە لەو کاتەی پیاو فانتازیا و ئارەزوو دەیکاتە کەسێکی پاسیڤ و حەز دەکات لە شوێنی مێێینەدا بێت. ئەوا فانتازی مێێینە بەرگێکی سادیستی تێکەڵ بە ھەستی گوناھباری بۆ بینینی مناڵێک لە کاتی لێدانیدا. ئەم ھەستکردنە بە گوناھباری ئەو کاتە دەڕەوێتەوە کە خۆی بخاتە شوێنی مناڵە لێدراوەکە، واتە قۆناغی یەکەم. لە ھەستکردن بە گوناھباری و مەیلی سزادان دەتوانین لە ماسۆشیزم بگەین وەک سیفەتێکی فێمینە. دیسانەوە گرنگە بۆ ئێمە بزانین کە فرۆید تێزەکەی خۆی سەبارەت بە ماسۆشیزم لەسەر بنەمای پەیوەندیی خێزانی و گرێی ئۆدیپوس داڕشتووە. بە گەڕانەوەیش بۆ ئەم گرێیە دەزانین کە مێینە ڕۆڵێکی پاسیڤی ھەیە لە کاتێکدا نێرینە ڕۆڵە ئاکتیڤ و چالاکەکەی ھەیە. چونکە ھەژموون و دەسەڵاتی باوک، کوڕ دەخەسنێت و دەیکاتە مێینەیەک ھەر وەک دایکی، لە کاتێکدا ئەم نوقسانی و خەساندنە بۆ مێینە سروشتییە و دەبێتەوە بە قەدەری. گەر ئەم شیکارییەی فرۆید لەسەر ماسۆشیزمی فێمینە بە هەند وەربگرین ئەوا دەڵێین کێشەی سەرەکی بۆ کەسی مازۆشی یان وردتر بڵێن بۆ مازۆشیی ڕاستەقینە ئەوەیە کە هەمیشە ڕوومەتی ئامادەیە تا شەپازلەی لێ بدرێت. کەسی مازۆشی کەسێکی نەرمونیانە بە سروشتی خۆی ناتوانرێت جارێکی تر لە دەرەوەی خۆی بشکێنریتەوە فۆڕمێکی تر بە خۆی بدات. بەو مانایەی هێزێکی بێشوماری بەرگەگرتنی ئازارچەشتن و لێدانی هەیە تا زیاتر ئازار بچێژێت زیاتر هەست دەکات بەری نەکەوتوویت. هەر بۆیەش ژن ناتوانێت لە بەرگە خەسیوە پاسیڤەکە خۆی دەرچێت.
کرد فرۆید کۆی تێزەکەی لەسەر ماسۆشیزم لە ڕیی نەخۆشە پیاوەکانییەوە گەڵاڵە کردووە. هەر بۆیە زۆر بەسادەیی ماسۆشیزمی فێمینە وەک پاتۆلۆژیی نێر پێناسە کردووە
وەک پێشتر باسمان کرد فرۆید کۆی تێزەکەی لەسەر ماسۆشیزم لە ڕیی نەخۆشە پیاوەکانییەوە گەڵاڵە کردووە. هەر بۆیە زۆر بەسادەیی ماسۆشیزمی فێمینە وەک پاتۆلۆژیی نێر پێناسە کردووە. پیاو دەتوانێت مەیل و ئارەزووی ماسۆشیستی خۆی تێر بکات وەلێ لە بەرگی فێمینەدا و ئەو کاتانەی وەک فێمینە ئازار دەچێژێت. بەو مانایەی کە ئارەزووی کوڕی بچووک یان پیاو بۆ لێدان و ئازارچەشتن ئارەزوویەکە لە بنەڕەتدا تایبەتە بە فێمینە. بە هەند وەرگرتنی ئەم شیکارییەی فرۆید دەتوانین لە کاردانەوەی گروپی دووەمی جەماوەرەکەی لۆڤ بگەین کە زیاتر هەستکردنە بە گوناه بۆ تەماشاکردنی لێدانی پیاوێک چونکە لە نەستی ئەو جەماوەرەدا ئەوەی کە دەبوو لە شوێنی ئەو پیاوە بێت و ئاسایییە لەو جێگەیەدا بێت ژنێکە نەک پیاوێک.
ئەو ژنە قامچی بەدەستە “تاج لەسەرە” لە ڕاستیدا جێگرەوەی فیگەری باوکە، ئەگەرچی دەسەڵات و ھێزی ھەیە بەڵام بۆ خۆی وەک ئۆبێکتێکی ئارەزوو-سێکس دەمێنێتەوە، ھەر لەبەر ئەم ھۆکارەیشە لەو نێوەندەدا سووکایەتی و ئەشکەنجەیەکی زۆر دێتە ئاراوە ئازار و ئەشکەنجە بە تامی چێژ. ئارەزووی ئەوەی کە ئەشکەنجە بدرێت گوزارشتێکی ترە بۆ ئارەزووی خۆهەڵواسین بە بەرگی فێمینەدا وەک پاسیڤ و زەلیلێک لە بەرانبەر فیگەری باوک. بەو مانایەی لێدان و ئەشکەنجەدان بۆ کەسی ماسۆشی واتە خۆشویستن، خۆشویستن لە فۆڕمی سزادان و ئەشکەنجەداندا. ئەوەی کە جیاوازە لێرەدا و دەتوانین جیای بکەینەوە لە ئارەزووی پیاوی هاوڕەگەزخواز ئەوەیە کە لە نەستی پیاوی ماسۆشیدا ئۆبێکتی خۆشەویستییەکەی پیاو نییە بەڵکوو ژنە، ئەو لە نەستی خۆیدا دەیەوێت لەلایەن ژنێکەوە خۆش بویسترێت، بەڵام خۆشەویستییەک لە ڕێێ سووکایەتیپێکردن و ئەشکەنجەدانەوە، چونکە گەر پیاو خۆی ببەخشیتە پیاوێکی تر واتە بە جۆرێک لە جۆرەکان بەیانی نێرایەتی خۆی دەکات، وەلێ لە دۆخی ماسۆشیزمدا خودی ترس لە خەساندن وەلادەنرێت و کەسی ماسۆشی خۆی بە دووردەگرێت لە بری ئەوە نەرمە ئازارێک بە تامی چێژ جێی دەگرێتەوە. ئەمەیش وادەکات کە ئارەزووی لێدان و ئەشکەنجەدان هاوکات لەگەڵ هەستکردن بە خۆشەویستی تێکەڵ بەیەک بن وەک گوزارشتێکی ماسۆشی دەربکەون. ئەوەی کە فرۆید مەبەستیەتی لە شیکارییەکەیدا ئەوەیە کە پیاوی ماسۆشی گەرەکیەتی باوكی خۆشی بوێت و قبووڵی بکات بەڵام وەک ژنێک خۆشی بوێت و پێ ڕازی بێت. هەر بۆیە لە دۆخی ماسۆشیزمدا پیاو بە سی قۆناغی جیاواز لەوەی لە پێشەوە باسمان کرد دەڕوات، ئەوانەیش:
یەکەم: من لەلایەن باوکمەوە خۆشویستراوم (کە ئەمەیان هەر درۆیەکە و لە پشتی قۆناغی دووەمەوە ون دەبێت و نایەتە ناو هەستەوە).
دووەم: من لەلایەن باوکمەوە لێ دراوم.
سێهەم: من لەلایەن دایکمەوە لێ دروام.
ئەوەی کە جێی سەرنجە لێرەدا خودی بەکارهێنانی ڕاناوی (من)ە لای نەخۆشە نێرەکان بەو مانایەی هەموو قۆناغێک بەم ڕاناوە دەست پێ دەکات. وەک دەبینین فانتازیای لێدان لای نەخۆشە نێرەکانی فرۆید بە بەراورد بە نەخۆشە مێینەکانی کەمتر دووچاری کۆنترۆڵ و سەرلێشێوان دێن. جیاوازییە جەوهەرییەکە لە نێوان سینارێۆی هەستەگی (قۆناغی سێهەم)، وە سینارێۆی نەستەگی (قۆناغی دووەم)، خودی ئەم جیاوازییەش کار دەکاتە سەر شوناسی کەسەکە بۆ تێگەشتنی و کاردانەوەی بۆ سزادان. لێرەدا خەیاڵ و فانتازیای هەستەگی دەگوڕێت بۆ گوزارشتی (من لەلایەن دایکمەوە لێ دەدرێم)، لە کاتێکدا ئەوەی لە نەستدا هەیە، بەم شیوەیە خۆی بەیان دەکات و دەخوێنرێتەوە (من لە لایەن باوکمەوە لێ دەدرێم). لێرەیشدا نکولیکردنەکە نەرم و نیانە چونکە ژنی لێدەر و چەوسێنەر نمایشی خەسڵەتە شەڕەنگێزەکانی پیاو و دەچێتە شوێنی ئەو.
دیسانەوە گەر ئێمە باسی خۆشەویستی بکەین و بڵێین خولیای سەرەکیی کەسی ماسۆشی ئەوەیە کە خۆشبویسترێت وەلێ بۆچی دەیەوێت ئازار بکێشیت و ئەشکەنجە بدرێت؟ بۆ ئەوەی بتوانین وەڵامی ئەم پرسیارەوە بدەینەوە پیویستە بگەڕینەوە سەر گرێی ئۆدیپوس، بگەڕینەوە سەر تاوانە ئەزەلییەکە بەرانبەر بە باوک. ڕایک لەم بارەیەوە دەڵێت: “بەپێی یاسا نەنووسراوەکەی تالیۆن( چاو بە چاو – دان بە دان)، هەر لە سەرەتاوە چووک لەژێر هەڕەشەی ئەشکەنجەداندایە، وەلێ لە فانتازیای کەسی ماسۆشیدا چووک دەپارێزرێت لە هەموو هەڕەشەیەک بەم جۆرەیەش خودی خەساندنەکە دەگوڕێت بۆ نەرمە ئازارێکی ڕەمزی. کوڕی بچووک لە ترس و دڵەڕاوكێی بۆ پاراستنی چووکی خۆی بەیانی ئارەزووە سێکسییەکانی خۆی دەکات وەلێ لێرەدا نایەوێت باوکی خۆی بکوژێت و بچێتە لای دایکی هەر وەک ئەوەی کە ئۆدیپوس کردی. بەڵکوو ئەم ئەنگێزەکانی خۆی بۆ کوشتنی باوکی دەچەپێنیت و لە بری ئەوە جەستەی خۆی دەبەخشێت بە باوکی بەڵام جەستەی خۆی بە خاسیەت و سیفەتەکانی جەستەی دایکییەوە. هەڵسوکەوتکردن وەک فێمینەیەکی پاسیڤ لە بەرانبەر باوکدا بۆ خۆی دەبێت بە چارەیەک بۆ ترس و دڵەڕاوکێ لە خەساندن.
کەواتە لە جێی خۆیدایە لێرەدا بپرسین و بڵێین ماسۆشیزمی مێینە کە لە بنەڕەتدا پاتۆلۆژیای پیاوە! چ پەیوەندییەکی بە ژن هەیە یان ژن چ ڕۆڵێک دەبینێت لەم نێوەندەدا؟ هەروەک سلڤەرکایمان دەڵێت: “چۆن ئەو هەڵەیەی فرۆید ڕاست بکەینەوە کە لادان و پاتۆلۆژیی نێرینەی شوبهاندووە بە مێینەبوون و خاسیەتی ـمێینەبوون؟ کاتێک ئێمە دەزانێن ژن ڕۆڵێک دەبینێت هی خۆی نییە و لە بری فیگەری پیاو_باوک دانراوە، ئەی کەواتە ڕۆڵی ژن لەم نمایشە ماسۆشییەدا چییە؟”. بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەیش ڕایک دووبارە دەمانباتەوە بۆ سەر گرێی ئۆدیپوس و دەڵێت: “ئەم گرێیە هێندە قووڵ ڕەگی خۆی لە نەستی ئێمەی مرۆڤدا داکوتاوە، کە خودی ئەو پەیوەندییە و ئاماژە نەرێنییەکانی بە ئێستاشەوە کاریگەری بە سەرمانەوە هەیە “. هەر بۆیەش ئامادەبوونی ژن لە نمایشێکی ماسۆشیدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کە چێژ و ئارەزووی سێکسی دەوەستێتە سەر جەستەی ئەو. لەگەڵ نمایشی ماسۆشیدا ڕۆڵەکان پێچەوانە دەبێتەوە بەڵام هێشتا جەستەی ژن ئۆبێکتە ڕاستەقینەکەی خۆشەویستییە. ئەوەی کە لێرەدا دەگۆڕێت کەسە قامچی بەدەستەکەیە- تاجبەسەرەکەیە کە ڕۆڵێکی جیاواز دەبینێت. واتە ژن هەم خۆشەویستە و هەمیش خۆشدەویسترێت وەلێ بە ئاماژەیەک بۆ دەسەڵات و هەژموونی باوک کە لە کلیپەکەی لۆڤدا فۆڕمی تاج وەردەگرێت. ئاڵۆزیی فیگەری ژن لە نمایشی ماسۆشیدا ئەوەیە کە بە دیوێکدا دەبێتەوە بە وێنای یەکەم ئۆبێکتی خۆشەویستی کە دایکە و کوڕی بچووک ڕۆژانێک بە عەزرەتییەوە بووە، وەلێ لە شوێن و پێگەی باوکیشە کە لەبەر خاتری ئەو، وێنای ئەو کوڕی بچووک دەستبەرداری خۆشەویستییەکی دەبێت. کەواتە ژن لە یەک کاتدا ڕۆڵی دوو فیگەر و دوو کەس دەبینێت، یەکێکیان کە دەیەوێت ببیتە خاوەنی و داگیری بکەیت و بیخەیتە ژێر هەژموون و دەسەڵاتی خۆتەوە، ئەوی ترشیان کە دەتەوێت ببیتە موڵکی و داگیرت بکات و تەنانەت زەلیل و زەبوونت بکات. یەکێکیان خۆشەویستە و ئەی تریان هۆڤ و شەڕەنگێز، هەردووکیشیان لە یەک جەستەدا کۆبوونەتەوە کە جەستەی ژنە.
بۆ ئەوەی لەم ڕۆڵە ژن بگەین پیویستە بچینەوە سەر شیکاریی دۆلوز سەبارەت بە ماسۆشیزم چونکە تێزەی سەرەکیی دۆلوز سەبارەت بە ماسۆشیزم یەکەم جار ڕەتکردنەوەی دیدە فرۆیدییەکە لەسەر تێکەڵکردنی سادیزم لەگەڵ ماسۆشیزم (سادۆماسۆشیزم).
لە کاتێکدا فرۆید تێرمی ماسۆشیزم لە کرافت-ئیبێنگەوە وەردەگرێت تا شیکارییەکانی خۆی لە دیدێکی دەروونشیکارییەوە بخاتە ڕوو ئەوا دۆلوز بە گەڕانەوە بۆ تێکستە ئەدەبییەکانی ھەردوو نووسەری گەورە (مارکیز دۆ ساد و ساشەر ماسۆش) سنوورەکانی دەروونشیکاریی کلینیکی تێدەپەڕێبێت تا سادیزم و ماسۆشیزم تێکەڵ بە بونیاد و گێڕانەوەی دراماکان بکات. دۆلوز لە کتێبەکەیدا بە ناوی (ماسۆشیزم: ساردوسڕی و دڵڕەقی)دا دەڵێت: “لەگەڵ ساد و ماسۆشدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە وەزیفەی ئەدەب چیتربە تەنها ئەوە نییە کە وەسفی جیھانمان بۆ بکات، چونکە ئەمە شتێکە پێشتر کراوە، بەڵکوو پێناسەکردنی بەدیلێکە بۆ جیھان کە تیایدا جێی توندوتیژییەکانی و لادانەکانی بگرێتەوە”.
ھەر لە سەرەتاوە دۆلوز پێی وایە کە پێویستە ئەو پێناسە فرۆیدییە بۆ ماسۆشیزم ڕەت بکەینەوە کە ماسۆشیزم وەک ھێزێکی سادی ھەڵگەڕاوە بۆ ناو خود دەبینێت. وەکچۆنیش تەواو تێزەی فرۆید سەبارەت بە گرێی ئۆدیپوس هەڵدەوەشێنێتەوە و لە بری باوک ئەوا دایک دەکاتە سەنتەر، وەک هەڕەشە و ئۆبێکتی خۆشەویستی بۆ کەسی ماسۆشی. لە دۆخی ماسۆشیزمدا پەیوەندییەکە یان وردتر بڵێین پەیمانەکە لەنێوان دایک و کوڕدایە، لەنێوان نێرێکی ماسۆشی و ژنێکی ساردسڕ و دڵڕەقدا کە شوێنی دایکە سەرەتایییەکە دەگرێتەوە. لەم پەیوەندیەدا کە دایک-ژن خاوەن هەژموون و دەسەڵاتە و کوڕ-پیاو دەچەوسێنێتەوە، وەلێ دۆلوز جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دایک لە سەرەتاوە دەسەڵاتەکەی خۆی لە کوڕەکەیەوە وەرگرتووە نەک بە پێچەوانەوە. کەواتە ئەوەی کە لێی دەدرێت سوبێکتی نێر نییە لە فیگەری باوکدا وەكچۆنیش فیگەری باوک نییە لە سوبێکتی نێردا، بەڵکو ماسۆشیزم ئیش لە سەر نکولیکردن و ڕەتکردنەوەی هەژموونی پەتریارکی و قازانجەکانی دەکات. لەم بارەیەوە دۆلوز دەڵێت:”گرێبەندەکە لەنێوان پاڵەوان (پیاوی ماسۆشی) و ژندایە، گرێبەندێک کە بۆ ماوەیەکی دیارکراو و لە کاتێکی تایبەتدا ژن تەواو دەسەڵات هەژموونی هەیە بەسەر پیاودا. بەمەیش کەسی ماسۆشی هەوڵ دەدات خۆی لە هەڕەشەی باوک دوورخاتەوە گەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت ئەزموونی نەزمی ڕەمزی بکات …ئەو نەزمەی کە تیایدا باوک بۆ ئەبەد لەناو دەچێت و مەحف دەبێتەوە… لە ڕێێ ئەم گرێبەندەوە کەسی ماسۆشی دەگاتە ترۆپکی ئەفسوون و فەزای ئەبەدی خۆی، ئەو فەزایەی کە بۆ ئەبەد دایک تیایدا سەروەرە. لە کۆتاییدا لەوە دڵنیا دەبێتەوە کە لێی دەدرێت… ئەوەی لێی دەدرێت، سووکایەتیی پێ دەکرێت، ئازار دەدرێت وێنا و خەیاڵی باوکە، هاوکات ئەگەری گەڕانەوەی توڕەیی و شەرەنگیزیی باوکە جارێکی تر… هەر بۆیەش کەسی ماسۆشی خۆی ئازاد دەکات لە ئامادەگیدا دەبێت بۆ لەدایکبوونەوەیەک کە تیایدا باوک شوێن و پێگەی نییە”.
ئەگەرچی لە شیکارییەکەی دۆلوزدا دایک شوێنی باوک دەگرێتەوە ھەم وەک ھەڕەشە و ھەمیش وەک ئۆبێکتی خۆشەوستی. وەلێ لە ڕاستیدا سوبێکتی مێینە شوێن و پێگەیەکی ئەوتۆی نییە و دیسان دەکەوێتە پەراوێزەوە. لەگەڵ ئەو ڕاستییەشدا کە ژن لە نمایش و گێڕانەوەی ئاکتێکی ماسۆشیزمدا وەک فیگەری ھێز و دەسەڵات دەردەکەوێت بەڵام ئەمەیش بۆ خۆی ھەر بە تەنھا وەھمی ھێز و دەسەڵاتە و پەیوەندی بە دەسەڵاتەوە نییە. چونکە لەم جۆرە نمایشانەدا ئەوەی کە سەنتەرە فیگەری نێری ماشۆشییە و هەر ئەویشە کە دنەی ژن دەدات کە ئەم ڕۆڵە سارد وسڕە دڵڕەقەی بۆ ببینێت، وردتر بڵێین ئەوە دەسەڵاتێکی کاتییە کە پیاو بە قەرز و بۆ تێرکردنی حەز و ئارەزووە سێکسییەکانی خۆی دەیداتە ژن. دۆلوز دەڵێت: “بە ڕای ئێمە ژنی چەوسێنەر و دڵڕەق پەیوەندیی تەواوی بە ماسۆشیزمەوە ھەیە، بە بەڵگەوە ئەو خۆی کەسێک نییە کارەکتەری ماسۆشی ھەبێت وەلێ دەبێتەوە بە سەرچاوەیەکی پووخت و بێخەوش بۆ ماسۆشیزم ئەویش بە نواندنی ڕۆڵی ئاکتیڤ لە دۆخە-نمایشە ماسۆشییەکەدا…” بەو مانایەش ژن ھیچ نییە جگە لە ئۆبێکتک کە ملکەچی حەز و ئارەزووەکانی پیاوە کە بە سەریدا سەپاندووە.. ھەڵبەت دۆلوز بەئاگایە لەم گەمەیەی ماسۆشیزم کە تیایدا ژن وەھمی سەنتەربوون و خاوەن دەسەڵات وەردەگرێت، ھەر بۆیە ئەو دەڵێت: “ژنی چەوسێنەرو خاوەن دەسەڵات لە دۆخی ماسۆشیزمدا ناتوانرێت بە سادی ببینرێت چونکە ئەویش لە دۆخێکی ماسۆشیدایە و بەشێکی دانەبڕاوە لێی، درک کردن بە فانتازیا و تەلیسم و خەیاڵی کەسی ماسۆشی و ئەوەی کە ژنیش پەیوەستە و سەر بە ھەمان جیھانی ماسۆشیی پیاوە لەو سۆنگەیەوە نییە کە ئەویش ھەمان تام و ئارەزووی قوربانییەکەی ھەیە بەڵکوو شێوازی سادیزمی ئەم جۆرێکە کە ھیچ لە سادیستی ئاساییدا نایدۆزیتەوە، بەو مانایەی سادیزم لەم دۆخەدا دەبێتەوە بە دەبڵێک و جمکێک بۆ ڕەنگدانەوەی ماسۆشیزم. ھەڵبەت ھەمان شتیش بۆ سادیزم ڕاستە. لە کاتێکدا لە دۆخی سادیزمدا کەسی ماسۆشی وەک کۆیلەیەک لە ژێر فەرمان و بەزەییی کەسی سادیستدایە ، ئەوا لە دۆخی ماسۆشیزمدا کەسی ماسۆشی دەبێتەوە بە پاڵەوانی نمایشەکە بەو مانایەی کە کەسەکەی تری خاوەن دەسەڵات ھێز و دەسەڵاتی خۆی لە ماسۆشییەکەوە وەردەگرێت. وردتر بڵێین خودی نمایشەکە چ وەک گێڕانەوە و چ وەک نمایش پێشتر لە لایەن ماسۆشییەکەوە – پیاوەکەوە ڕێک دەخرێت. کەسی ماسۆشی لە ڕێی نمایشە پاسیڤ و زەلیلەکەیەوەیە خۆی وەک بکەرێک کە خاوەنی دەسەڵاتە دەبینێت ئەوەی کە تیۆدۆر ڕایک بە( سەرکەوتن لە ڕێی شکستەوە) ئاماژەی بۆ دەکات.
لەم دیدە دۆلوزییەوە ئەوا دەڵێین لەم کلیپەدا ئەم ژنە تاج بەسەرە لە ڕاستیدا ئەگەرچی رۆڵی سەردەستە دەبینێت وەلێ ئەو ھێز و دەسەڵاتەی کە ھەیەتی لە بنەڕەتدا پیاوە ماسۆشییەکە پێی بەخشیوە و خودی ئەو نمایشەیش حەز و ئارەزووی ئەوی پێ پڕدەکاتەوە نەک ئارەزوو و خولیای خۆی. واتە ئەم نە بۆ خۆی خاوەنی ھیچ دەسەڵاتێکە و نە ھیچ چێژێکیش وەردەگرێت بەڵکوو ھێزەکەی لە سەرەتاوە ھی پیاوە ماسۆشییەکەیە و دەشبێت لە خزمەتی تێرکردنی حەز و ئارەزووی ئەو بێت. ھەر بۆیە ئەم ژنە دەسەڵاتدار و تاج بەسەرە، لەم کلیپەدا ھیچ نییە جگە لە ماسکێکی بەتاڵ و پووچ، نمایشێک و فانتازیایەک کە پیاو، (پیاوی سپی پێستی ئەمریکی بە تامی جەستەی ژنی کورد) خولقاندوویەتی و دەیەوێت وەک وەهمی ئازادیی ژن و دەسەڵاتخوازی بە ئێمەی بفرۆشیتەوە.
ئەوەی ئەم کلیپە بەرجەستەی دەکات ژنێک نییە لە بەرگی پیاودا بەڵکوو پیاوێکە لە بەرگی ژنانەدا. ئەوەی لەم کلیپەدا خۆی مەڵاس داوە فیگەر و وێنا شاراوەکەی باوکە(مەحرەم)
هەر بۆیەیش پیشاندان و بەرجەستەکردنی دیوە فێمینەکەی ئەم پیاوانە وەک ماسۆشییەک جارێکی تر ھێندەی لێدانە لە مێینە و زەقکردنەوەی دیوە پاسیڤ و خوازراوەکەی، نیوھێندە لێدان لە پیاو و شکۆی پیاو نییە. ھەموو ئەوانەی کە وا ئەم کلیپەیان بینیوە کە لێدانە لە ھەژموون و دەسەڵاتی پیاو نەیتوانیوە دیوە ڕاستەقینەکەی ببینین، چونکە ئەوەی ئەم کلیپە بەرجەستەی دەکات ژنێک نییە لە بەرگی پیاودا بەڵکوو پیاوێکە لە بەرگی ژنانەدا. ئەوەی لەم کلیپەدا خۆی مەڵاس داوە فیگەر و وێنا شاراوەکەی باوکە(مەحرەم) کە لە پشت فیگەری ژنە تاجبەسەرە( لێدەرەکە)ەوەیە. زەبوونی و زەلیلی ئەم ئیگۆ ماسۆشییە ھیچ نییە جگە لە ڕێگەیەک کە بە ھۆیەوە کەسی ماسۆشی ژنی پێ بەکار دەھێنێت تا وەھمی نمیاشێکی ئایدیاڵ و دانسقەی ئەو ڕۆڵەی پێ بەخشێت کە خۆی لە سەرەتاوە بۆی دارشتووە. لە بنەڕەتدا ئەم کلیپەیش هەر وەک فەتوای مەلاکان کار لەسەر دەستەمۆکردنی جەستەی مێینە دەکات. بە مانایەکی تر، خودی ئەو نمایشە و نیشاندانی پیاو وەک ماسۆشییەکی فێمینە هیچ نییە جگە لە تۆخکردنەوەی وێنا ئەزەلییەکەی ژن بەو شیوەیەی کە کۆمەڵگە دەخوازێت و دەیەوێت لەو قەفەزەدا دیلی بکات و لەسەر ملکەچی و چێژبینین لە خۆئازاردان و فیداکردن بۆ پیاو و لە پێناو سێکسوالیتی یپیاو دەستەمۆی بکات و ڕای بهێنێت.
لە کۆتاییدا ئەوەی بۆ من جێی سەرنجە لەم کلیپەدا وای لێکردم لە سەری بنووسم ھەر بە تەنھا ئەوە نییە کە نمایشەکە لەنێوان ژنێکی فالیکی و پیاوێکی ماسۆشیدایە بەڵکوو زیاتر بە ھەردووکیان ئەوەمان بیر دەخەنەوە کە فالوس و ھەژموونی فالوس شتێکی دەستکردە و دەتوانرێت دەستکاری بکرێت، شتێک کە ھەردوو ڕەگەزەکە بەشی دەکەن و زۆر جاریش شەڕی لەسەر دەکەن، یان لێرەولەوێ بە دوایدا دەگەڕێن و لە ھیچ جێگەیەکیش نایدۆزنەوە، یان ئەو گەمەیەمان بیر دەخاتەوە کە مادامەکی ھەردووکمان بە ژن و پیاوەوە خاوەنی فالوسین کەواتە با گەمەی پێ بکەین.
سەرچاوەکان:
1- Freud, Sigmund [1905] (1953) ‘Three Essays on1- the Theory of Sexuality’, in Sigmund Freud, The Standard Edition of the Complete Psychological Works.
2- Deleuze, Gilles [1967] (1991) Masochism: Coldness and Cruelty, trans. Jean McNeil, New York, NY: Zone Books.
3- Theodore Reik, (1941/1949) Masochism in Modern Man (trans. M. Beigel and G. Kurth). New York:Farrar, Straus and Company.
4- Silverman, Kaja. Male subjectivity at the Margins, 1992 by Routledge, Chapman and Hall, Inc..