زێدە بیابان

بە دەربڕینەکانی هونەرمەندی شێوەکار (قەرەنی جەمیل) پێشکەشە

(١)

ئازادی لە نەخشەی بیابان دەتکێ

باران لە هاواری سەراب دەبێ بە ڕیشۆڵە

ریشۆڵەكان دەنووک لە تیشکى ڕووناکى دەگرن

لە ئاودا تیشکی ڕووناکی دووبارە هەڵدێ

ئەوەتا لێرەم وەک ڕووکاری ڕەشبردنەوە.

(٢)

جوانی ڕەفتاری بیابان هێشوو و هێشوو دەکا

رابردوو خۆڵەمێشییە

ئەوەتا لێرە دادەنیشم لەنێو ئێوە

 ئاخۆ هەست بە گومانەکان دەپێون

ئاخۆ لە شکانی سەراب دەگەن

 بزەی ئاو دەناسنەوە

ئاخۆ جیاوازی، وێناکردنی ناجیاوازییە، یان هاونشینی؟

(٣)

بە قاچی هیچ ناپەڕینەوە

ئاو دووبارە سەراب هەڵدەدا

مرۆڤ هێشوو و هێشوو لە بیابان دەکەوێ

با دێتەخوارێ

بۆ ژیان شامانایەک هەبوو

بۆ سەراب پێوانیەک نییە.

(٤)

بە قاچی هیچ ناپەڕینەوە

باران پێڵاوەکانی بیابان پڕ خۆڵ دەکا

با لە پرچی سەراب دەڕژێ

بە پێ خاوسی

بەبێ زیندووکردنەوەی شامانایەک

ناپەڕینەوە

لە پەنا ڕەنگی خۆڵەمێشی

لێرە دووبارە وەک ڕواڵەت لە ئێوە دەکەوم

مردن جێنشینی بینینە.

(٥)

بە قاچی هیچ ناپەڕینەوە

مرۆڤایەتی چەشنی نەخشەی بیابان

هێشووی هەتاو

نواندنەوە، زێدە مانا،

سەراب

بە ئاوەوە دەخورێتەوە.

(٦)

چیتر دابەزین نییە

بیابان لەبەر دەرگاتانە

رەنگی خاک جگە لە خۆی هیچ ناگەیەنێ

بە پێڵاوی پڕ لە خۆڵ

دووبارە وەک ڕووکەش لە ئێوە دەچم.

(٧)

ژیان شاراوەیەکی زێدە دیارە

رەنگ شاراوەیەکى زێدە گەرم

بە نمایشە شێواوەکانی

روو لە ئارەزوو دێتەخوارێ

 بوونی مرۆڤ زڕوێنەیە

بە ئاسمانەوە کۆتایی بە حەقیقەت دێنێ.

(٨)

من نامەوێ ئاسمان لە خاک بچێ

زەوى لە ئاسمان بێتەوە

بەربوونەوەی ئەسڵ، شتێ لە شتێ ناکا

گەر دەرگا بکەنەوە

ئایکۆنەکان دەگەڕێنەوە

گەمەی نا- نواندنەوەیە.

(٩)

دنیا سەراب بێ یان وەهم

خاڵی گەشانەوەی هونەر وێناکردنی فریودانه

وێناکردنى زڕوێنە

خڕبوونەوەی ناتەبایی چێژە لێرە و لەوێ

من دەزانم

 لە زێدە حەقیقەت دەبنەوە

تۆ دەزانی

 شتێ لە پشت لەبەرگرتنەوە، بوونی نییە.

(١٠)

مردووەکان زیندووەکانیان گۆڕیوە بۆ ئاوەدانی

زیندووەکان مردووەکانیان گۆڕیوە بۆ زمان

ژیان گێڕانەوەی مرۆڤە بۆ دۆخی بێ شوناسی

ئەوەتا لێرە لەنێو ئێوە هەڵدەستمەوە

گەر دەرگا بکەنەوە

جەستەی بێ ئەندام دەبێ بە گۆڕ

لە پێگەی ڕەشبردنەوە و دابڕان

مردوو زیندووەکان دەردەکەون.

٢٠٢٤/٩/٢٨ هەولێر

photo_2025-01-08_13-14-32