دەروونزانیی بوونخوازانەی ژان پۆل سارتەر لە هەمبەر فرۆیددا
سەرەتایەکانی سەرهەڵدانی زانستی دەروونزانی لە سەدەی نۆزدەیەمدا پێویستە خۆی بە قەرزاری نەخۆشیی (هیستریا – Hysteria) بزانێت. ئەم نەخۆشییە لە سەدەیەی نۆزدەیەمدا کۆمەلێک پزیشکی سەرقالی خۆی کردبوو، کە بەتەواوی لە چارەسەرکردنیدا بێ دەسەڵات مابوونەوە. نەخۆشێک کە شەو دەخەوت و دەستی ڕاستی بە تەواوی سڕ دەبوو و لە شەوی داهاتوودا ئەم سڕییە بۆ دەستی چەپی دەگوازرایەوە، یان لە شەوێکدا توانای قسەکردن یان گوێگرتنی نەخۆشەکە بە تەواوی نەدەما و شەوی پاشتر چاک دەبوویەوە، زانستی پزیشکی لەهەمبەر چارەسەریدا، بە چۆکدا هێنابوو. نەخۆشێک کە لە پرێکدا بەشێک لە ئەندامەکانی جەستەی ڕەق یان وشک دەبوو و وەک ئیفلیجێک دەردەکەوت و پاش ماوەیەک چاک دەبوویەوە و دیسان بۆ شوێنێکی تری جەستەی دەگوازرایەوە، هەندێک پزیشکی خستە ئەو گومانەی کە ئەم جۆرە ڕەفتارانە بە فێڵ و فریوی هەندێک کەسی بزانن کە توانای ئیشکردنیان نییە و خۆیان لە بەرپرسیارەتییە کۆمەڵایەتییەکاندا دەدزنەوە.[1]

لە ناو وڵاتە ئەورووپییەکاندا وڵاتی ئەڵمانیا و فەڕەنسا لە هەمبەر چارەسەری ئەم نەخۆشییەدا، بیر و بۆچوونی جیاوازیان هەبوو و پزیشکەکان لە دوو بەرەی جیاوازدا بوون. پزیشکە ئەڵمانییەکان نەخۆشی هیستریایان بە جۆرێک لە فێل و فریوی مرۆڤەکان دەزانی بە مەبەستی هەڵاتن لە ئەرکە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەڵام بە پێچەوانەوە لە وڵاتی فەڕەنسا بە جۆرێک نەخۆشی هەژمار دەکرا و بەدوای هۆکارەکانی دەگەڕان. پزیشکە فەڕەنسییەکان بە وێنەگرتنی جەستە و تۆمارکردنی هێما و نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە زۆر بە وردی چاودێریی نەخۆشەکانیان دەکرد و بەدوای هۆکارێکی لۆژیکی بۆ ئەم نەخۆشییە دەگەڕان. لە نێوان پزیشکە فەڕنسییەکاندا (ژان مارتین کارۆت- Jean-Martin Charcot) زۆر بە چڕی و لە ڕێگەی توێژینەوەوە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری ئەم نەخۆشییەی دەدا. ژان مارتین ئەگەرچی بە درێژاییی ژیانیدا وەک پزیشکێک نەیتوانی چارەسەری نەخۆشی هیستریا بدۆزێتەوە یان هۆکارەکانی بزانێت بەڵام، لە سەرخستنی زانستی دەروونزانیدا ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێرێت. چونکو هەر لەم سەردەمەیە کە (زیگمۆند فرۆید) بە هۆی زیرەکی و لێهاتووییەوە، بوورسییەیەکی خوێندن لە بواری پزیشکی وەردەگرێت و ڕوو لە وڵاتی فەڕەنسا دەکات و لەم ڕێگەیەوە لەگەڵ ژان مارتینی مامۆستای ئاشنا دەبێت. فرۆید لە یەکەمین رۆژی خوێندنیدا تووشی مەرگی یەکێک لە نەخۆشەکانی ژان مارتین دەبێت کە هەڵگری هیستریایە. ژان مارتین مێشکی ئەم نەخۆشە لە کاسەی سەری دەردەهێنێت و وەک ئەرکێک فرۆید ڕادەسپیرێت کە بە توێژینەوەیەک ئەو بەشەی مێشکی دیاری بکات کە ئازاری پێگەیشتووە یان لە رواڵەتی ئاساییی خۆی لایداوە. فرۆید پاش تاوتوێکردن و پشکنینی وردی مێشکی ئەو نەخۆشە نەیتوانی هیچ جۆرە ئاماژە یان هێمایەک دەستنیشان بکات کە هۆکاری درووستبوونی نەخۆشی هیستریا بێت. واتا نە لە مێشک نە لە جەستەی نەخۆشەکاندا هیچ جۆرە نیشانەیەکی نائاسایی بەدی نەدەکرا کە دەرخەری ئەم نەخۆشییە بێت[2]. توێژینەوە بەردەوامەکانی فرۆید لەسەر نەخۆشی هیستریا و تەنانەت خەونی موگناتیسی فرۆید دەگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی کە شتێک لە دەرەوەی جەستەدا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر جووڵە و ڕەفتارەکانی مرۆڤدا هەیە، کە ئەویش جیهانی زەینە. تاوتوێکردنی جیهانی زەین و خەونەکانی مرۆڤ لە لایەن فرۆیدەوە، زانستێکی نوێی بە ناوی (دەروونزانی)[3] هێنایە کایەوە کە تا پێش ئەو سەردەمە بوونی نەبوو.
فرۆید لە پاش چەندین توێژینەوەی دوور و درێژ لەسەر جیهانی زەین کە بە نەخۆشیی هیستریا وەک بنچینە و پاڵنەرێک دەستی پێ کرد، توانی جیهانی (نەست)مان بۆ کەشف بکات. دۆزینەوەی جیهانی نەست شۆڕشێک بوو کە گورزێکی کوشندەی لە تێورییە ئۆرگانیکەکانی پێش خۆیدا و زۆربەیانی پوچ کردەوە و بەم شێوەیە زانستی دەروونزانیی فرۆید شوێنیانی گرتەوە. فرۆید زەینی مرۆڤی بۆ دوو بەشی (هەست – وشیار) و (نەست- ناوشیار) دابەش کرد. هەستی مرۆڤ ئەو بەشەیە کە بەتەواوی لە ژێر رکێفی مرۆڤدایە و خۆی لێی بەرپرسیارە، بەڵام نەست بە پێچەوانەی هەستەوە بەشێکی گەورەی زەینی داگیر کردووە و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر جووڵە و رەفتارەکانی مرۆڤدا هەیە. فرۆید بە داهێنانی کۆمەڵێک چەمکی وەک (نیهاد) و (من) و (منی باڵا)[4] هتد… سەلماندی کە ڕابردووی مرۆڤ کاریگەری لەسەر ئێستایدا هەیە. نەستی مرۆڤ ئەو بەشە تاریک و شاراوەیەیە کە بە سەرچاوەی رەفتارەکانی مرۆڤ هەژمار دەکرێت. واتا مرۆڤ تا ڕادەیەکی زۆر لە ژێر کاریگەریی نەستیدایە و جووڵە و کردارەکانی لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا نییە. مرۆڤ هیچ نییە جگە لە بیرەوەرییەکانی و ئێستای من کۆی ڕابردووی منە. کەواتە بە پشکنین و چاودێریی زەینی مرۆڤ دەکرێت، زۆرشت لەبارەیەوە بزانین. فرۆید پێی وایە، غەریزە سەرکوتکراوەکانی مرۆڤ، وەک گرێیەک لە شێوەی هێما و ئاماژە و دڕکە و خەوندا دەردەکەون و بە درێژاییی پرۆسەی ژیاندا بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆیان بەرجەستە دەکەنەوە و بەم شێوەیە ڕابردوو، ئێستای مرۆڤ دروست دەکات[5].

کەشفی جیهانی (نەست) یان نائاگایی لەلایەن فرۆیدەوە، هەوڵێک بوو بۆ ناسین و جووڵە و ڕەفتارەکانی مرۆڤ کە ڕابردوو بە شێویەکی بەردەوام ڕۆڵی تێدا دەگێرێت. فرۆید پێی وابوو زۆرێک لە بڕیار و هەڵسوکەوتەکانی ئێمە لەو بەشانەی زەینمان سەرچاوە دەگرن کە خۆمان لێی بێ ئاگاین. سەرکوتکردنی غەریزە سێکسییەکان هەر لە تەمەنی منداڵیدا، دەرئەنجامێکی خراپی لەسەر داهاتووی کەسایەتیی ئێمەدا دەبێت. بە شێویەکی گشتی، فرۆید جیهانی ناوشیاری نەست کە بە بیرەوەری و ئارەزووە سەرکوتکراوەکان و خەون و سێکس دەورە دراوە، بە هۆکارێک دەزانێت کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ڕەفتارمان دروست دەکات. بەو واتایەی کە مرۆڤ بەشێکی زۆری هەڵسوکەوتەکانی لە ژێر ڕکێفی خۆیدا نییە و نەست پێمانی ئەنجام دەدات. بیر و بۆچوونەکانی فرۆید لە سەردەمی خۆیدا، سەرەتا بە سانایی لە لایەن کۆمەڵگاوە پەسەند نەدەکرا و بگرە زۆربەی جار لە لایەن نووسەرانیشەوە تووشی ڕەخنەی تووند دەبوویەوە. زۆرێک لەو باوەڕەدا بوون کە فرۆید لە کۆمەڵێک بابەتی وەکوو هەستی سێکسی لە سەردەمی منداڵیدا یان خودی سێکس وەک پاڵنەرێک لەسەر بڕیاردان و دیاریکردنی کردارەکانی مرۆڤ، زێدەڕۆیی کردووە.
لەناو ڕەخنەگرانی فرۆیددا، ژان پۆل سارتەری فەڕەنسی هەوڵ دەدات بە شێویەکی لۆژیکی بۆچوونەکاتی ڕەت بکاتەوە و بناغە و بنەمای نەستی فرۆید هەڵتەکێنێت. سارتەر دەڵێت ((بوونی مرۆڤ دەکەوێتە پێش ماهییەتییەوە))[6]، واتا چیەتیی مرۆڤ دەکەوێتە دوای لەدایکبوونی. مرۆڤ سەرەتا لەدایک دەبێت. جگە لە گۆشت و دەمار و خوێن هیچی تر نییە. مرۆڤ لە رێگەی هەڵبژاردندا ماهییەت یان چیەتی بۆ خۆی دیاری دەکات. هیچ هێزێکی دەرەکی یان ناوەکی ناتوانێت بڕیار لە چیەتیی مرۆڤ بدات. سارتەر باوەڕی تەواوی بە ئازادی و هەڵبژاردن هەیە و پێی وایە مرۆڤ هەر لە سەرەتای لەدایکبوونیدا زەینی لە لاپەڕەیەکی سپی دەچێت و دواتر خۆی بەپێی هەڵبژاردن و ئازادیی خۆیەوە بیرەوەری تێدا تۆمار دەکات. بەو واتایەی کە هیچ هێزێکی ناوەکی یان دەرەکی ناتوانێت لەبڕی مرۆڤ بڕیار بدات. فەلسەفەی بوونخوازی سارتەر لەو شوێنە لە دژی نەستی فرۆید دەوەستێتەوە، کە پێی وایە نەست کاریگەری لەسەر کەسایەتیی مرۆڤ دەبێت، لە کاتێکدا سارتەر مرۆڤ بە کەسێکی ئازاد دەزانێت کە دواجار خۆی بریار دەدات.
سارتەر لە کتێبی بوون و نەبووندا[7] دەڵێت کاتێک ئێمە باس لە نەست یان بەشی نائاگایی زەینمان دەکەین، بەو واتایەیە کە ئەم نەستە دەناسین و ئاگاییمان لەسەری هەیە. کاتێک دەڵێین بەشێک بە ناوی نەست لە زەینماندا بوونی هەیە، هەر خۆی نیشانەی ناسین و ئاگاییی ئێمەیە لەسەری، کەواتە شتێک بە ناوی نەست یان نائاگایی بوونی نییە، ئەگینا هەستمان پێ نەدەکرد. بەم پێیە بێت جووڵە ڕەفتارەکانی ئێمە بە هیچ شێوەیەک لە ژێر ڕکێفی نەستماندا نییە بەڵکوو لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ئێمەیە. من ئازادم لە هەڵبژاردندا کە کام رێگەیە هەڵبژێرم، نەست هیچ ڕۆڵێکی لەم بابەتەدا نییە. ئەمە مرۆڤە کە خۆی دواجار بڕیار دەدات. مرۆڤ پرۆسەیەکە بەردەوام بەرەو داهاتوو دەچێت و خۆی ئاکار و ڕەفتار و جووڵە و بڕیارەکانی دیاری دەکات. خۆم بڕیار دەدەم کە باش بم یان خراپ، نەک نەستێک لە دەرەوەی ئاگاییی مندا بڕیارم لەسەر بدات. سارتەر پێی وایە کە نەستی فرۆیدی بە شێوەیەکی ناچارەکی و بەبێ ویستی مرۆڤ، خۆی بەسەر زەیندا سەپاندووە و هەڵەیە گەر بڵێین هەر ئەوە کە جووڵە و ڕەفتارەکانمان دیاری دەکات. سارتەر ڕابردوو و ئێس[8]تا و داهاتووی مرۆڤ، وەک سێ بەشی سەربەخۆ لێیان ناڕوانێت بەڵکوو بە شێوەیەکی یەکگرتوو و یەکسان دەیانبینێت کە مرۆڤ تیدا، بەردەوام ڕوو لە داهاتوو دەڕوات. واتا مرۆڤ وەک پرۆسەیەک داهاتوو، دروستی دەکات. من لە داهاتوودا دەبمە ئەو شتەی کە ئێستا نیم. سارتەر دەڵێت، فرۆید بە تەواوی هەڵەیە کە مەبەستێتی مرۆڤ لە ڕێگەی ڕابردوو یان خەونەکانیدا، کەسایەتییەکەی کەشف بکات، بەڵکوو پێویستە لە ڕێگەی داهاتوو ئەو کارە بکات. دەروونزان پێویستە بزانێت کە مرۆڤ چۆن بیر لە داهاتوو دەکاتەوە، نەک لە ڕابردوویدا نوقم بێت. سارتەر باوەڕی بە دەروونزانییەک هەیە کە بوونخوازانە بێت[9]. واتا بوونێک کە بەردەوام ڕوو لە داهاتوو دەڕوات، نەک بە پێچەوانەوە لە ڕابردوو بڕوانێت. بوونێک کە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە چیەتیی خۆی دیاری دەکات.
[1] صادقی، مجید (١٣٨١)، مفهوم هیستری، تهران، تازەهای علوم شناختی، سال٤، شمارەی ١.
[2] ناوی ئەو وتارەی کە فرۆید لە ئەنجامی توێژینەوەی مێشکی ئەو نەخۆشە پاش تاوتوێکردنیدا نوووسی:
A comparison between hysterical and organic symptomatology
[3] فروید، زیگموند (١٣٩٦)، شرحی کوتاە دربارە روانکاوی، حسین پایندە، مجلە ارغنون، شمارە ٢١.
[4] فروید، زیگموند (١٣٩٦)، ضمیر ناخودآگاە، شهریار وقفی پور، مجلە ارغنون، شمارە ٢١,
[5] بیات، حسین (١٣٩٠)، داستان نویسی جریال سیال ذهن، چاپ دووم، تهران، شرکت انتشارات علمی و فرهنگی.
[6] احمدی، بابک، سارتر کە می نوشت، چاپ پنجم، تهران، نشر مرکز،١٣٨٣.
[7] ژان پۆل، سارتەر، بوون و نەبوون، وەرگێرانی د. محەمد کەمال، سلێمانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ٢٠١١.
[9] بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەسەر دەروونزانی بوونخوازنە بڕوانە کتێبی:
سیوەیلی، ڕێبوار، حەمەساڵح، یوسف، حوسێن، محەمەد تەها (٢٠٢٣)، بەرەو دەروونزانی بوونخوازانە، کیەکەگارد و دەروونزانە بوونخوازەکان، چاپی یەکەم، هەولێر، چاپی ناوەندی فێربوون.