له باخچه‌ی کتێبه‌وه گه‌ڵا ده‌چنێته‌وه،
لاپه‌ڕه دوای لاپه‌ڕه‌ی په‌یڤه بۆنداره‌کان
به نێو ڕسته‌کانه‌وه
خۆی ده‌خوێنێته‌وه.
له نێوان دوو شوێندا
پێست له بان پێست به نێو هه‌ر جه‌سته‌یه‌کدا به ده‌م ڕێگای باخچه‌وه
به‌رده‌کان ده‌چنێته‌وه،
ئه‌و ڕه‌قترین ڕووبه‌ره
وه‌ستاوییه.
ئه‌ز خۆم، بایه‌کم، که به نێو هه‌ر دیدارێکی به‌رزه‌وه
بێسازش به‌ره‌و ده‌روازه‌ی دۆزه‌خ ڕێ ده‌که‌م. [1]
گاڤه‌کانم بێ ئاراسته ده‌بن،
جه‌سته به‌ردییه‌کان به جووڵه‌کانییه‌وه
رێگاکه بۆ نێو خانووه‌که نیشان ده‌ده‌ن
که له‌وێدا ده‌ستپێکردنیان له دایک ده‌بن،
جارێکی تر له چاڤه راماوه‌کانی مندا، جارێکی تر
له‌دایک ده‌بنه‌وه.
من ده‌ستی تۆ، ئه‌و ده‌سته شازاده سپیترینه‌ی تۆم گرت
بوو به نه‌رمترین پێست
که هه‌ناسه‌ی ده‌دا.
هه‌ندێک جار به‌رانبه‌ر ڕووخسارت ده‌وه‌ستم،
پڕ له په‌رێشانییه‌کی ئه‌به‌دی
به چاوێکی ڕۆندکییه‌وه،
په‌رێشانییه‌کی بێ بن و
له بن به‌ده‌ر.
سه‌رتاپای تۆ سه‌لماندنه!
من له ده‌نگه‌وه به قووڕگێکی کراوه‌وه به‌ره‌و ئه‌و پیرۆزییه واقیعێنراوه،
بوونایه‌تییه‌ک له ڕووخسارێکدا جیا ده‌که‌مه‌وه،
له‌وێدا له باخچه‌که‌دا جه‌سته‌کان
له هزره ده‌ست ئاساکانه‌وه ده‌فراژێن،
که ئه‌و ده‌سته جارێکیان خه‌یاڵیکی پێکڤه داتاشی
بۆ رۆژگارێکیش بوێرتر بوو.
ئه‌و شوێنه ژوورێکی له ئه‌به‌دییته‌دا سازاند،
خانووه‌که له بێ بناخه‌ییه‌وه هه‌ڵچنراوه.
گه‌ره‌که چاوه‌کانم به دیداری
بچووکترین بزوانی
ڕوح بگه‌ن.
هاوڕێیه‌که‌م بۆچی… ئه‌و بزواوه هه‌ر بچووکه،
به‌رد،
به نێو ڕاماوێک له نه‌بزواوییه‌وه
یه‌کجار زۆر بزوتنه‌وه دروست ده‌کا؟
چۆن ده‌توانم هه‌ست به نه‌رمیی بکه‌م که به نێو پێستێکی ره‌قهه‌ڵاتووه،
ئه‌و به‌ردینه‌وه،
سه‌ما بکا؟!
هه‌موو ڕووخساره به‌ردینییه خه‌ونبینه‌کان گه‌واهی له‌سه‌ر من ده‌ده‌ن
من له‌وێدا به‌رانبه‌ر ئه‌وان،
ئه‌و قه‌ده‌ره له من راماوه‌دا،
ده‌جووڵێمه‌وه،
جه‌سته‌کان
پفکراو، رژی له روح:
گوڵێک که له داستانه‌کانی مانگه‌وه گه‌شه ده‌سێنێ.
به‌هاری 2004
ستۆکهۆلم
تێبینی: ئه‌و شیعره به یادی به‌هاری 2004ی پاریس، شوێنپێیه‌کانی گه‌ڕان به‌ناو باخچه‌ی په‌یکه‌ره به‌ردینه‌کانی ئه‌گۆست رۆدێن، نووسراوه.
ئیلۆنۆرا برو، ژنه شاعیر و نووسه‌ر، له ساڵی 1979 له شاری ستۆکهلمی سوێد له‌دایک بووه. به‌که‌لۆریای له فه‌لسه‌فه به ناوێ “رامانی دۆلوز له‌مه‌ڕ بیرۆکه‌ی فیلم و هونه‌ری فیلم لای تارکۆفسکی” . وێڕای شیعر نووسین، وتار و ره‌خنه له باره‌ی فیلم، شانۆ و ئه‌ده‌ب بڵاو ده‌کاته‌وه. پێشتر ئێلۆنۆرا برو به کوردی کۆمه‌ڵێک شیعری له کۆشیعری “نیگای ده‌ست”، 2006، بڵاوکراونه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه:
Tidningen Kulturen, Nr 19, 2007-07-3
رۆژنامه‌یه‌کی هه‌فتانه‌ی تایبه‌ت به کولتووره.
[1] ده‌روازه‌ی دۆزه‌خ، ئاماژه‌یه بۆ یه‌کێک له په‌یکه‌ره به‌ناوبانگه‌کانی ئاگۆست رۆدێن، که ئه‌و 37 ساڵ (1880-1917)کاری له‌گه‌ڵ کرد، که‌چی ئه‌و هه‌رگیز ده‌ستی له ئیش‌کردنی ئه‌و په‌یکه‌ره هه‌ڵنه‌گرت
