ئایا خوێنه‌ری خۆشباوه‌ڕمان به‌جێهێشتووه و به خوێنه‌ری نموونه‌یی گه‌یشتووین؟
ئه‌وه‌ی مرۆڤ نه‌توانێت قسه‌ی له‌باره‌وه بكات، پێویسته لێی بێده‌نگ بێت.
ڤیتگنشتاین
تێ ناگه‌ن بیرێك چه‌ندی پێویسته، تا گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت.
مارتن هایدیگه‌ر
هه‌رگیز له‌و ڕۆماننووسانه تێ ناگه‌م، كه هه‌موو ساڵێك كتێب بڵاو ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌وان ئه‌و چێژه له ده‌ست ده‌ده‌ن، كه له شه‌ش، حه‌وت، هه‌شت ساڵی خۆئاماده‌كردن بۆ چیرۆكێك هه‌ستی پێ ده‌كه‌یت… بۆ نووسینی (به‌ندۆڵی فۆكۆ) پێویستم به هه‌شت ساڵ بوو.
ئيمبێرتۆ ئیكۆ
له ستایشی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا
له مه‌راسیمی ناشتنی ته‌رمی نیلسۆن ماندێلا له دێسه‌مبه‌ری 2013، باراك ئۆبامای سه‌رۆكی ئه‌و كاته‌ی ئه‌مه‌ریكا، گوتار پێشكه‌شی ئاماده‌بووان ده‌كات. پاش مه‌راسیم، ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و كه‌سه‌ی گوتاره‌كه، به زمانی هێما و ئاماژه‌ی ده‌ست بۆ نابیستان وه‌رده‌گێڕێت، هه‌ر له خۆوه و به هه‌ڵه ده‌یكات. سلاڤۆی ژیژه‌ك ده‌ڵێت ئه‌وه ڕاسته‌قینه‌ترین ئه‌كتی ناو ئه‌و كه‌رنه‌ڤاڵه بوو، بگره گوزارشتى حه‌قیقی بوو له مه‌راسیمه‌كه.
له مه‌راسیمی ئیمزاكردنی كتێبه‌كانی ‘به‌ختیار عه‌لی’دا، لاوێكی خوێنگه‌رم له ڕیزی خوێنه‌ران، له به‌رده‌م مایكی میدیادا ده‌ڵێت «ڕۆمانه‌كانی مامۆستا به‌ختیار عه‌لی ده‌خوێنمه‌وه، به تایبه‌ت (كه‌شتیی باڵنده سپییه‌كان) سه‌رنجی منی ڕاكێشاوه». ئه‌وه‌ی ئه‌م لاوه ده‌یڵێت «كه‌شتيی-باڵنده- سپییه‌كان»، كه به تێكه‌ڵی و لێكدراويی، ناونیشانی سێ ڕۆمانی ‘به‌ختیار عه‌لی’ن، ڕاسته‌قینه‌ترین گوزارشته له مه‌راسیم و كه‌رنه‌ڤاڵه‌كه.
ئایا پێویستمان به نیگای نوێ و جیاواز و گوماناوی، بۆ ڕوانین له‌و قه‌ره‌باڵغی و ئاپۆڕه‌یه نییە، کە به ده‌وری نووسه‌ر و كتێبدا دروست ده‌كرێن؟ خۆشباوه‌ڕى نييه، وێنه‌ی گه‌ڕه‌لاوژه و سه‌ره‌گرتنی خه‌ڵك فریومان بدات؟ مه‌رجه هه‌موو ئه‌وانه‌ی له سه‌ره‌دان، خوێنه‌ر بن، دڵخۆشمان بكەن و جێگه‌ی شانازی بن؟ ئاسايیيە سڵ له كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك نەكه‌ینه‌وه؟ کاتێك ئاگاداری بیری فریدریك نیچه و مارتن هایدیگه‌ر و ولیه‌م ڕایش و گۆستاڤ لۆبۆن بین، هه‌واداران دڵخۆشمان دەكەن، یان نیگه‌رانی و گومان و دوودڵیمان بۆ دێنن؟
یاده‌وه‌ریی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك كورته، گۆڕینی بۆچوونیان، به‌لا‌وه وه‌كوو گۆڕینی كراسیان وایه. جه‌ماوه‌ر چه‌ندان كاتژمێر له‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری شه‌قامه‌وه ده‌وه‌ستن، بۆ خاتری ئه‌وه‌ی له دووره‌وه و بۆ چه‌ند ساتێك، كه‌ژاوه‌ی كه‌سایه‌تیی ناودار، یان سه‌ركرده‌یه‌ك ببینن. هه‌ژار موكریانی له فه‌رهه‌نگی (هه‌نبانه بۆرینه)دا وشه‌ی جه‌ماوه‌ر به واتای «پڕایی خه‌ڵك» ڕوون ده‌كاته‌وه(1). گیوی موكریانی له فه‌رهه‌نگی (كوردستان)دا ده‌نووسێت: جه‌ماوه‌ر ده‌سته‌مرۆڤێكه، كه له شوێنێكی كۆبووبنه‌وه، (جه‌ماوه‌ری)يش واتا شتی سه‌ر به جه‌ماوه‌ر(2).
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ بۆچوونه‌كانی گۆستاڤ لۆبۆن، جه‌ماوه‌ر حه‌زی له ڕامان و بیركردنه‌وه نییه و ئاماده‌ی مشتومڕی عه‌قڵی نییه. جه‌ماوه‌ر له ڕووی فیكرییه‌وه، هه‌میشه گوزارشت له نزمترین ئاستی هۆشیاریی تاك ده‌كات و له ڕێگه‌ی وێنه‌وه بیر ده‌كاته‌وه. واتا كاتێك قه‌ره‌باڵغی ده‌بینێت، شاگه‌شه‌كه ده‌بێت و ستایشی ده‌كات. جه‌ماوه‌ر وێنه‌كان ده‌یترسێنن و پێیان كاریگه‌ر ده‌بێت. ئه‌و شانۆیه‌ی وێنه‌كانی به شێوه‌یه‌كی زۆر ڕوون و ئاشكرا پێشكه‌ش ده‌كات، زۆرترین كاریگه‌ریی بۆ سه‌ر جه‌ماوه‌ر ده‌بێت. بیرنه‌كردنه‌وه‌ی عه‌قڵانییانه‌ی جه‌ماوه‌ر، له گیانی ڕه‌خنه‌گرانه بێبه‌شی ده‌كات.
بۆچوونی سه‌رپێی، به ئاسانی ده‌چێته ناو ڕۆحی جه‌ماوه‌ره‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆچوونه‌كان له لایه‌ن جه‌ماوه‌ر به ئاڵۆز و سه‌خت دانران و په‌سه‌ند نه‌كران، ئه‌وا ده‌بێت سه‌رتاپای بگۆڕێت و سانا بكرێنه‌وه. به‌پێی دیدگای لۆبۆن، ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه په‌یوه‌ندیی به بۆچوونی فه‌لسه‌فی و زانستیی باڵاوه هه‌بوو، ئه‌وا ده‌بێت گۆڕانكاریی قووڵ و ڕیشه‌یی تێدا بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ئاستێك ببرێت، جه‌ماوه‌ر لێی حاڵی بن.
لۆبۆن خه‌سڵه‌تی بڕواكانی جه‌ماوه‌ر به‌م جۆره دیاری ده‌كات: ملكه‌چیی كوێرانه، ده‌مارگیریی سه‌رسه‌خت، شه‌یداییی پڕوپاگه‌نده‌ی توند‌وتیژئامێز، كه له‌گه‌ڵ هه‌موو سۆزمه‌ندییه‌كی ئاییندا پێویسته. جه‌ماوه‌ر به‌رگی ئایینی به به‌ری بڕواكانیدا ده‌كات. هیچ قۆناغێك له مێژوودا نییه، هێنده‌ی ئه‌م قۆناغه‌مان، دروستكردن و زۆربوونی په‌یكه‌ری به ده‌ستی جه‌ماوه‌ر، به‌خۆوه بينيبێت(3).
ئه‌گه‌ر بۆ ولیه‌م ڕایش بگه‌ڕێینه‌وه، ئه‌وا كه‌مته‌رخه‌میی جه‌ماوه‌ر له ته‌واوی وڵات و نه‌ته‌وه و ڕه‌گه‌زه‌كاندا، پێكهاته‌ی فاشیزمه. به دیدگای ئه‌و، فاشیزم به سه‌ركه‌وتن به سه‌ر بیركردنه‌وه و هه‌سته وه‌همپه‌رستانه‌كانی جه‌ماوه‌ر دامه‌زراوه. ئایدیالیكردنی جه‌ماوه‌ر و سازش به‌رانبه‌ریان، ته‌نیا به‌دبه‌ختيی نوێی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، ئایدۆلۆژیا و شێوه‌كانی ژیانی كۆنه‌په‌رستیی سیاسی له پێكهاته‌ی خۆیاندا و له ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه له نه‌وه نوێیه‌كاندا به‌رهه‌م ده‌هێننه‌وه(4).
ده‌پرسم ئایا ئه‌م گردبوونه‌وه و مه‌راسیمه‌ی، عه‌قڵی بازرگانی وه‌كوو شانازی و ده‌ستكه‌وت و چالاكیی ڕۆشنبیری ده‌یسه‌پێنێت، بۆ ساز ده‌كرێت؟ تیۆریزه و ڕامان و پرسیاری فیكرییه؟ ئاكامی خوێندنه‌وه و بیركردنه‌وه و ته‌نیایییه، یان وێڵی قه‌ره‌باڵغی و شه‌یدای كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و تینووی جه‌ماوه‌ره؟ له گوته‌ی خوێنه‌ره‌كه‌ی به‌ختیار عه‌لییه‌وه، پێویست ناكات به‌و شوناس و وێنانه‌دا بچینه‌وه وا بۆ خوێنه‌رمان داتاشیون؟ عه‌قڵی بازرگانی، هه‌موو شت زه‌ق دەکاتەوە و دەیاندره‌وشێنێته‌وه. ئه‌م عه‌قڵیه‌ته شه‌یدای ده‌ركه‌وتن و نمایشه، به‌های شت به ڕه‌ونه‌ق و قه‌ره‌باڵغی ده‌پێوێت.
نووسین بۆ چێوه‌كان و سپاردنی به خوێنه‌ری خۆشباوه‌ڕ
وه‌كوو ‘ئيمبێرتۆ ئیكۆ’ ئاماژه‌ی پێ ده‌دات «نووسه‌ری ڕۆمانى پۆڕنۆگرافی و پۆلیسیى زۆر ساكار، چاوی له خوێنه‌ری پێشوه‌خته‌یه و ده‌ڵێت من بۆ ژنی ماڵه‌وه، یان بۆ لاوان ده‌نووسم، به پێچه‌وانه‌وه نووسه‌ری جدی، خوێنه‌ر دروست ده‌كات، بینای ده‌كات»(5).
نووسه‌رى ئێمه، به دڵی جه‌ماوه‌ر ده‌نووسێت. له به‌رده‌م خوێنه‌ر له سازشدایه، بۆ ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی له ده‌ور بن و لێی زيز نه‌بن و به‌رده‌وام كتێبی لێ بكڕن. نووسه‌ر له له‌ده‌ستدانی خوێنه‌ر ده‌ترسێت. بۆ پاراستنیان، تێكستی ساكار ده‌نووسێت، يان دەشێت تواناکەيشی هەر هێندە بێت، کە تەنیا تێکستی سادەی پێ بنووسرێت. نووسه‌ر ئالوده و شه‌یدا و ئێشكگری ژماره‌ی خوێنه‌ره. چیدی قووڵایی و ڕادیكاڵبوون و تێپه‌ڕاندن و داهێنان به‌هایان نییه، گرنگه په‌سه‌ندی هه‌مووان و ئاسان و بێگرێ و ڕه‌وان بێت.

نووسه‌ر بۆ وشه میللییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه. خۆی له‌و وشانه لا ده‌دات، كه واتا كۆنه‌كانیان له كن جه‌ماوه‌ر قێزه‌ونن. سازش و هاوگوتاريی نووسه‌ر له‌گه‌ڵ میدیا و مانه‌وه‌ی له چێوه‌دا، قووڵاییی فيكرى ناهێڵێت و زمان ساده ده‌كاته‌وه. به ژماره و قه‌باره، ته‌ماشای ده‌كات و مادامه‌كى ژماره و قه‌باره‌ی جه‌ماوه‌ر و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، زۆر و مه‌زن دێنه به‌ر چاو، ئه‌وا له كن وی گرنگه.
كه‌ژاوه‌ی به‌ختیار عه‌لی
له نوێترین دیمانه له‌گه‌ڵ نه‌به‌ز گۆران‌دا، به‌ختیار عه‌لی ده‌بێژێت «جۆرێكی تر له ڕه‌خنه كه ساڵانێكه گه‌شه‌یكردوه، ڕه‌خنه‌ی هه‌ندێك له‌و به ناو تیوریزه‌كه‌ر و چالاكانه‌ن، كه گوایه له بواری فیكردا كارده‌كه‌ن و ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ په‌لاماری ئه‌ده‌ب ده‌ده‌ن. له ڕاستیدا ئه‌م جۆره ڕۆشنبیرانه، كه به‌رده‌وام لێره و له‌وێ په‌لاماری شیعر و ئه‌ده‌بیات ده‌ده‌ن، كێشه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌ژموونی عه‌قڵییه‌تی ئه‌ده‌بیدا نییه، به‌سه‌ر عه‌قڵییه‌تی بیرخواز و تیوره‌سازدا، به‌ڵكو ترسه‌كه‌یان له‌وه‌یه تا ئێستا ئه‌ده‌بیات ئاستێكی قووڵتری تێڕوانین و جیهانبینی پێشكه‌ش ده‌كات، كه گه‌لێك فراوانتر و دووربینتره له‌و ئاسته‌ی ئه‌وان له گووتاره سیاسییه زه‌ق و ڕاسته‌وخۆكانیاندا ده‌رخواردی خوێنه‌ری ده‌ده‌ن… له بری ئه‌وه‌ی وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ خوێندنه‌وه‌ی فیكری و تێگه‌یشتنی تیوریی له جیهانی ئێمه بیخه‌نه‌گه‌ڕ، لێره و له‌وێ سه‌رقاڵی خاڵیكردنه‌وه‌ی گرێ ده‌روونییه‌كانی خۆیانن دژ به ئه‌ده‌ب»(6).
به كاریگه‌ریی بير‌ى هایدیگه‌ر و ڤیتگنشتاین، زمان ده‌رخه‌ری بوونى مرۆڤه و ئاوێنه‌ی جیهانه‌كه‌یه‌تی. به گوێره‌ی تێزه‌كه‌ی ڤیتگنشتاین «سنووری زمانم، سنووری جیهانه‌كه‌یشمه». ته‌نانه‌ت لای ڤیتگنشتاین فه‌لسه‌فه هه‌مووی بریتییه له ڕه‌خنه‌ی زمان(7). له قۆناغی یه‌كه‌می پڕۆژه فه‌لسه‌فییه‌كه‌ى ڤیتگنشتایندا، زمان كۆی ده‌سته‌واژه‌كانه. له قۆناغی دووه‌مدا پێی وایه كایه‌كانی زمان، چالاكییه‌كانی مرۆڤن. به‌پێی دیدگای هایدیگه‌ريش به‌بێ بوونی زمان، تێگه‌یشتن و ڕاڤه‌كردن ڕوو ناده‌ن و هه‌ردووكیان له ڕێگه‌ی زمانه‌وه، خۆیان به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن. لای هایدیگه‌ر بوون و زمان، له یه‌كدی جیا نابنه‌وه و بوون له نێو زماندا، خۆی ده‌رده‌خات و زمانیش ڕاستیی بوون ده‌رده‌بڕێت(8).
وه‌كوو ڤیتگنشتاین ده‌نووسێت «هه‌موو شتێك له زماندا ڕوو ده‌دات»(9). ئه‌ده‌بيش له زماندايه و داده‌هێنرێت. ئه‌گه‌ر نووسه‌ر داكۆكی له شیعر و ئه‌ده‌ب بكات، له زمانی ده‌كات. كه‌چی ئه‌وانه‌ی كه ئه‌ده‌ب به زمانه‌وه گرێ ده‌ده‌ن و ڕه‌خنه له كه‌موكورتی و كێشه‌ی زمان ده‌گرن، به‌ختیار عه‌لی به‌م جۆره باسیان ده‌كات «ئێستا جگه له هه‌ندێ گه‌نج كه میتۆدی شیكاری و فه‌لسه‌فی ده‌گرنه‌به‌ر بۆ نزیكبوونه‌وه له تێكست، به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌و شتانه‌ی ده‌نوسرێن ته‌نیا زاده‌ی جورئه‌تی جه‌هاله‌تن و هیچی تر، پۆخڵترین و پڕوپوچترین جۆری نوسین و ڕه‌خنه ئێستا ئه‌وه‌یه، كه به ناوی زمانزانییه‌وه كۆمه‌ڵێك نه‌فام ڕه‌واجی پێده‌ده‌ن، ئه‌مانه ترۆپكی بێئاگایی و نه‌زانینی ناو مه‌یدانی نوسینی كوردین»(10).
به‌ختیار عه‌لى، به‌وانه‌ی به ناوی زمانزانییه‌وه كار ده‌كه‌ن، ده‌ڵێت «سه‌رقاڵی خاڵیكردنه‌وه‌ی گرێ ده‌روونییه‌كانی خۆیانن». ده‌سته‌واژه‌كانی وه‌كوو «ده‌رخواردی خوێنه‌ر، نه‌فام، خاڵیكردنه‌وه، شت، زاده، پۆخڵ، ڕه‌واج، مه‌یدان» به‌كار ده‌هێنێت. ئه‌گه‌ر كه‌سێك داهێنه‌ر بێت و نه‌یه‌وێت نووسین «خاڵیكردنه‌وه‌ی گرێی ده‌روونی» بێت، ئه‌م جۆره ده‌ربڕینانه به جێ ناهێڵێت؟ لاوازی و ساكاریی زمان له‌و ئاسته، هیی ئه‌وه نییه بپرسین چی ده‌ڵێت؟ ئه‌گه‌ر ناوی به‌ختیار عه‌لی له‌سه‌ر ئه‌و وشه و په‌ره‌گرافانه لا به‌رین و ناوی نووسه‌رێكی لاوی بۆ دابنێین، چ هه‌ڵوێستێكمان ده‌بێت؟ ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیی به‌ختیار عه‌لین، گرنگن؟
له‌م ساڵانه‌ى دوايى، كێ په‌لاماری شیعر و ئه‌ده‌بى كوردیی داوه؟ هه‌ندێك نووسه‌ری لاوی چه‌پ له سۆشیال میدیادا هه‌بوون و پێیان وابوو، گۆڕینی دنیا، به ئه‌ده‌ب و شیعر ناكرێت. ئه‌وه‌ی دیكه‌یش گۆڤاری شیعره و به درێژایی 13 ژماره، كێشه‌كانی شیعر و شاعیرانی كورد ده‌خاته ڕوو. ئیدی كوا هێرش و هه‌ڕه‌شه و په‌لامار بۆ سه‌ر ئه‌ده‌ب و شیعر؟ به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌ده‌ب پێشه‌نگیی دراوه‌تێ، كێشه‌ی ڕۆشنبیریمان ئه‌وه‌یه، ئه‌ده‌ب پێش كایه‌كانی دیكه ده‌خه‌ين.
كێیه له ڕێگه‌ی په‌لاماری ئه‌ده‌بیاته‌وه «گرێی ده‌روونيی خۆی» خاڵی ده‌كاته‌وه؟ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌و ڕه‌خنانه بێت له كاره‌كانی ده‌گیرێت، ئه‌وا به‌پێی لۆژیك، به واتای ئه‌وه نایه‌ت په‌لاماری ئه‌ده‌ب دراوه. به‌ختیار عه‌لی نوێنه‌ری هه‌موو ئه‌ده‌بی كوردی نییه، تا ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌ی لێ گیرا، بڵێين «وای… هه‌ڕه‌شه له ئه‌ده‌بی كوردی». «داد… شاڵاو و هێرش بۆ شیعری كوردی». ئه‌وه عه‌قڵیه‌تی به‌ره‌كانی شه‌ڕی ئێران-عێراق و شه‌ڕی ناوخۆیه، یان هیی نووسه‌ری جدی و داهێنه‌ر؟ ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌بی قووڵ و نوێمان هه‌یه، بۆ له هێرش و په‌لامار ده‌ترسین؟ ترسی به‌رده‌وام، ئاماژه بۆ لاوازیی ئه‌ده‌بیاتمان نییه؟ ئایا 34 ساڵه پارتی و یه‌كێتی به هه‌مان زمان و ده‌ربڕین له‌باره‌ی ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستانه‌وه قسه ناكه‌ن؟ به‌رده‌وام دوژمنی وه‌همی داناتاشن؟ ئه‌ی جیاوازیی عه‌قڵیه‌تی نووسه‌ر و ڕۆشنبیری ئێمه، له‌گه‌ڵ هیی سیاسییه‌كانمان چییه و له كوێدایه؟ كامه‌يه ئاست و ڕووبه‌رى نێوانیان؟
به‌ختیار عه‌لی له هه‌مان ئه‌و جێگه‌یه‌ی پێشوو و به‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌ی زمانه‌وانی ده‌گرن، ده‌ڵێت «له‌به‌رئه‌وه‌ی عه‌قڵیان له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو پرسێكی قووڵ، ته‌نیا له ته‌نكاوی زه‌لكاودا ده‌گه‌ڕێت، نه ده‌توانێت تێبگات و نه ده‌توانێت بدوێت و نه ده‌توانێت دیدی هه‌بێت»(11).
به‌پێی بۆچوونی به‌ختیار عه‌لی، «نه‌خۆشی ده‌روونین، له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو پرسێكی قووڵن، له ته‌نكاوی زه‌لكاودا ده‌گه‌ڕێن، ناتوانن تێبگه‌ن، ناتوانن دیدیان هه‌بێت»، بۆچی؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یان له زمانی نووسينى به‌ختیار عه‌لی گرتووه. به گوێره‌ی ئه‌وه‌ی زمان دیاردەیەکی سه‌خت و ئه‌ستەمی مرۆڤانه و کۆمەڵایەتییە، لێکۆڵینەوەی ورد و ھەمەلایەنەی زمان، بەبێ کەڵکوەرگرتن لە زانستەکانی دیكه سەرناگرێت. زمان‌ناسی بێجگە لە باری ناساندن (تەوسیفی) و بیرۆکەیی زمان، تیشک دەخاتە سەر باری کەڵکناسی، دەروونناسی، خەڵکناسی، کۆمەڵایەتی، ھونەری، وێژەیی، فەلسەفی و نیشانەناسیی زمان. کەواته زمانناسیی ئەمڕۆ، زۆر بواری زانستی دەگرێتە خۆی(12).
هۆكاری چییه به‌ختیار عه‌لی هه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌كی لێ ده‌گیرێت، بۆ زمان و له‌ناو زمانیشدا بۆ ڕێنووسی ده‌باته‌وه؟ ئایا له ماوه‌ی سی، چل ساڵی ئه‌زموونی نووسیندا، ته‌نیا ڕه‌خنه‌ی زمانی لێ گیراوه؟ كاتێك ڕه‌خنه له ڕوانینی به‌ختیار عه‌لی به نموونه بۆ چه‌مكی وه‌كو «فریشته، به‌نده‌ر، كه‌شتی و شه‌ره‌ف» ده‌گیرێت، به‌وه‌ی له تێگه‌یشتنی گشتی و میللییه‌وه ده‌یانهێنێت و به هه‌مان واتاى گشتى دایان ده‌نێته‌وه، وه‌ڵامى به‌ختیار عه‌لی ئه‌وه‌يه، ئه‌وانه ڕه‌خنه‌ی زمان و ڕێنووسن و «پۆخڵترین و پڕوپوچترین جۆری نووسینى كۆمه‌ڵێك نه‌فامن». سه‌ره‌ڕای گرنگیی زمان لای ڤیتگنشتاین و هایدیگه‌ر، كه له سه‌ره‌وه نموونه‌مان له بۆچوونه‌كانیان خسته ڕوو، ده‌توانین بزانین لای به‌ختیار عه‌لی، ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه له زمانی كاره‌كانی گیرا، به چ پێوه‌ر و میتۆدێك، پووچن و بۆچى؟
هه‌ندێك له‌و خوێنه‌رانه‌ی ئێره پێیان وایه گرفتی به‌ختیار عه‌لی ته‌نیا ڕێنووسه، له كاتێكدا كێشه بنه‌ڕه‌تییه‌كه په‌یوه‌ندیی به ڕوانینی ئه‌وه‌وه هه‌یه بۆ لینگویستیك(زمان‌ناسی)، كه ئه‌وه‌یان له‌ناو فه‌لسه‌فه‌دا چاوی هه‌ڵهێناوه، بگره خودی فه‌لسه‌فه له پێناوی لینگویستیكدا هاتووه‌ته بوون. پرسیاری زمان یه‌خه‌ی سه‌رجه‌م فه‌یله‌سوف و بیرمه‌ندانی گرتووه، كه هه‌ر یه‌كه‌ی ویستوویه‌تی به شێوازی خۆی وه‌ڵامی بداته‌وه، له كاتێكدا به‌ختیار عه‌لی ئه‌وه‌ی به شتێكی جه‌وهه‌ری نه‌زانیوه، بێ ئه‌وه‌ی بڵێت بۆچی(13).
به‌ختیار عه‌لی به ڕه‌خنه‌گرانی ده‌بێژێت، له «ته‌نكاوی زه‌لكاو ده‌گه‌ڕێن». ئايا ده‌سته‌واژه‌ى «ته‌نكاوی زه‌لكاو» پەيوەندیی به هێمای دنیای ڕۆمانه‌وه هه‌یه، كه ناونیشانی گفتوگۆكه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ نه‌به‌ز گۆران؟ ئایا زەحمەتە هەر کاتێك ڕەخنەمان لێ بگیرێت، ئەم دێڕانە بنووسین؟ ئایا لە ئاستى دەقی ئەو نووسەرانە وەستاوە و لانی کەم نمونەی لێ هێناونەتەوە، تا بزانین بە چ شێوەیەکن؟ كێ له ئێمه ناتوانێت، به هه‌موو ئه‌وانی دیكه بڵێت له «ته‌نكاوی زه‌لكاو» ده‌گه‌ڕێن؟ ئایا ده‌كرێت به‌و زمانه لاواز و ڕۆژانه‌یییه، به‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌مان لێ ده‌گرن، بڵێین هیچ نین، به‌بێ ئه‌وه‌ی نموونه‌یان بخه‌ینه ڕوو؟ ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌یان گرتووه، به چ پێوه‌رێك ئاستیان له‌وانه نزمتره، كه ده‌ڵێن به‌ختیار عه‌لی داهێنه‌ره و ڕۆمانه‌كه‌ی شاكاره؟ ئه‌م زمانه‌ی به‌ختیار عه‌لی، ساكارى و لاوازیی ئاسته‌كه‌ى ده‌ر ناخات، كه به‌رده‌وام كه‌سانێك ڕه‌خنه‌ى لێ ده‌گرن؟ وا باشتر نييه، به‌ختیار عه‌لی ئه‌وه‌ش ڕوون بكاته‌وه، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌ی لێ ناگرن، له كوێی زه‌لكاودا ده‌گه‌ڕێن و مه‌له ده‌كه‌ن؟ ئه‌مه تێگه‌یشتنی به‌ختیار عه‌لییه، له فه‌لسه‌فه‌ی زمان؟
وێڕای پووچ ته‌ماشاكردنی كایه‌ی زمان و بێبه‌هاكردنى ڕه‌خنه‌ی زمان و زمانه‌وانی لای به‌ختیار عه‌لی، با بزانین لای بیریارێكی وه‌كوو سۆسێر چ ڕۆڵ و گرنگییه‌كی هه‌یه. به‌پێی بۆچوونی سۆسێر، بیر هیچ نییه، پێكهاته‌یه‌كی بێ فۆرمه، یان ناڕوونه و ئه‌دگاره‌كانی دیار نییه، به شێوه‌یه‌كه، به‌بێ هێما زمانییه‌كان، جیاكردنه‌وه‌ی بیره‌كان له یه‌كدی ئه‌سته‌مه، چونكه هیچ شتێك به‌بێ زمان دروست نابێت. سۆسێر ده‌نووسێت «زمان سیستمێكه، له‌و هێمایانه پێك دێت، كه گوزارشت له بۆچوونه‌كان ده‌كه‌ن». به‌پێی دیدگای سۆسێر زمان سیستمی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه. زمان ئاڵۆزتر و جیهانیتره له هه‌موو سیستمه‌كانی دیكه‌ی گوزارشتكردن(14).
لایه‌كی دیكه‌ی گوته‌كانی به‌ختیار عه‌لی ده‌خه‌مه ڕوو، كه وه‌كوو ئه‌و پێی وایه ڕه‌خنه له ئه‌ده‌ب و شیعر نه‌گیرێت. ئه‌وه چ عه‌قڵیه‌تێكه به‌رده‌وام دوژمن دروست ده‌كات، گوایه ئه‌ده‌بی كوردی له مه‌ترسیدایه؟ جیاوازییه‌ك له نێوان ئه‌م تێگه‌یشتنه و ئه‌وه‌ی سیاسییه‌كان هه‌یه، كه به خه‌ڵك ده‌ڵێن له به‌رده‌م په‌لامارداین، ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌كێتی نه‌بن، ده‌خورێین و تێدا ده‌چین؟ دروستكردنی به‌رده‌وامی ئه‌م گوتاره، كاری ئه‌ده‌ب و داهێنانه، یان هيى میدیای ده‌سه‌ڵاته؟
له ڕۆمانی (نه‌فره‌تی نه‌وبه‌هاران)دا به‌ختیار عه‌لی ده‌نووسێت «ده‌مێك كیژ و كوڕه به‌سته‌زمانه‌كه گه‌یشتنه ته‌مه‌نێك چاك و خراپی خۆیان جیابكه‌نه‌وه»(15). ئه‌م زمانه ساكار و لاوازه، هیی ئه‌وه‌یه هێرش و هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ر بێت؟ ئه‌مه زمانی ئه‌ده‌ب و گێڕانه‌وه‌یه، یان هیی به‌رده‌رگا و كۆڵان و ناو بازاڕ؟ له ڕاستیدا ئه‌م زمانه، نه‌ك پێویستی به هه‌ڕه‌شه و هێرش نییه، بگره ده‌بێت بترازێت و تێبپه‌ڕێنرێت و قووڵایی لەخۆ بگرێت. چونكه وه‌كوو به‌ختیار عه‌لی خۆيشی ده‌ڵێت ئه‌ده‌به، نه‌ك گوتاری سیاسی. ئه‌م زمانه‌ی به‌ختیار عه‌لی خۆی، هه‌ڕه‌شه‌يه بۆ سه‌ر ئه‌ده‌بیات و ساكاركردنه‌وه‌ى زمانی نووسین.
ڕۆمانی (نه‌فره‌تی نه‌وبه‌هاران) كار له‌سه‌ر ململانێیه‌كی ته‌قلیدی و كڵێشه‌یی ده‌كات، له نێوان ئایینی ئیسلام و دنیای نوێ، كه له كامێرا و وێنه و شه‌ره‌فدا خۆی ده‌بینێته‌وه. به‌م زمانه ساكاره ئاماژه به ململانێ ته‌قلیدییه‌كه ده‌دات «له گووتاری هه‌ینیدا هه‌موو مامۆستایانی به‌ره‌ی خه‌تیبی گه‌وره، به گه‌رموگوڕییه‌كی زۆره‌وه كه‌وتنه گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی وێنه‌یه‌ك دوا سنووری شه‌رم و عیفه‌تی تیا پێشێلكراوه، وێنه‌یه‌ك هه‌ر به‌نی ئاده‌مێك بیبینێت شه‌رم ده‌یگرێت و عاره‌قه‌ی خه‌جاڵه‌تی ده‌ڕێژێت. هۆی ئه‌وه‌شیان گێڕایه‌وه بۆئه‌وه‌ی كامێرا له پاڵ سووده‌كانیدا خواستی شه‌یتانیی له مرۆڤدا دروستده‌كات»(16).
ڕاستییه‌كه‌ی ئیسلام، خۆی له‌گه‌ڵ دنیای نوێ و ئامێره مۆدێرنه‌كان گونجاندووە. نوێترین ئامێر و به‌رهه‌می ته‌كنه‌لۆژیا و دنیای مۆدێرنی قبوڵ كردووه و زۆرێكيشی خستووه‌ته خزمه‌تی خۆیه‌وه. كه‌واته ململانێی ئایینی ئیسلام له‌گه‌ڵ دنیای نوێ، ئه‌و كڵێشه ته‌قلیدییه نییه. ئه‌مڕۆ ئایین له‌وه پتر ڕۆيشتووه خۆی بخاته به‌ره‌ی دژه‌وه، بگره ئامێره‌كانی دنیای نوێ، خزمه‌تی ئیسلام ده‌كه‌ن. كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و ململانێ ته‌قلدییه‌ى ساڵانی په‌نجا و شه‌ستى سه‌ده‌ی ڕابوردوو، چیرۆكی لاواز به تێكست ده‌دات و ساكاری بۆ ناوی ده‌هێنێت. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی له ڕۆمانه‌كه‌دا خراوه‌ته ڕوو، نه‌ك وێنه، بگره ڤیدیۆ گرنگترین خزمه‌ت به ئایین ده‌كات، ته‌نانه‌ت فیلمێكی سینه‌مایی وه‌كو «ڕیساله» له حه‌فتاكانى سه‌ده‌ی ڕابوردوو به دواوه، كاریگه‌ریی ئێجگار فراوان له‌سه‌ر خه‌ڵك و دنیای ئیسلامی دروست ده‌كات.
نووسه‌ر و ڕۆماننووس، كاتێك كار له‌باره‌ى كێشه‌ی ئایین له دنیای نوێ‌دا ده‌كات، ده‌بێت زمان و هۆشیاریی له ئاستێك بێت، نه‌كه‌وێته هه‌ڵه‌ی لۆژیكی و په‌نا بۆ كڵێشه و ململانێی ته‌قلیدی نه‌بات، بگره پێویستە ئاگاداری گۆڕانی ناو كۆمه‌ڵ بێت. هۆشیاریی نووسه‌ر بۆ ململانێی ئایین له‌گه‌ڵ دنیای نوێ، ئه‌وه‌یه ئاماژه به‌و میكانیزم و شێوازانه بدات، كه قوتابخانه و پیاوه ئایینییه‌كان بۆ گونجاندنی ئیسلام و دنیای مۆدێرن ده‌یگرنه به‌ر. ئه‌مڕۆ ئایین به شێواز و فۆرمی جیاوازتر له‌وه‌ی به‌ختیار عه‌ليی تێدا ماوه‌ته‌وه، له ململانێدایه له‌گه‌ڵ دنیای نوێ و مۆدێرنه و ده‌ستكه‌وته زانستییه‌كان. مانه‌وه و كاركردن له‌و چێوه و ململانێ ته‌قلیدییانه‌دا نه‌ك داهێنان نییه، بگره ئاسانه و تێكستی ساكاری وه‌كو «نه‌فره‌تی نه‌وبه‌هاران»ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. ئه‌م گوتانه‌ی ناو ڕۆمانه‌كانی به‌ختیار عه‌لی، هێنده سه‌خت و ئاڵۆزن، نه‌توانین له‌وی باشتر بڵێین و بینووسین؟ سه‌خته ئه‌و گوته ڕۆژانه‌ییانه به شێوازی گێڕانه‌وه‌ی زاره‌كی و له زمانی كاره‌كته‌ره‌وه بگێڕینه‌وه؟ وه‌كوو میلان كۆندێرا ده‌ڵێت تاكه ڕه‌وایی بوونی ڕۆمان له‌وه‌دایه، ئه‌وه بڵێ كه ته‌نیا ڕۆمان ده‌توانێت بیڵێت(17). ئایا ئه‌م جۆره گوتانه، له ده‌ره‌وه‌ی ڕۆمانه‌كانی به‌ختیار عه‌لیش نه‌مانبیستوون؟
هه‌ر له ڕۆمانی (نه‌فره‌تی نه‌وبه‌هاران)دا هاتووه «ڕۆژێك وایلێهات كه‌س نه‌بوو نه‌زانێت زۆزان و شه‌مدین وێنه‌ی دایكیان نه‌بینیوه. به جۆرێك ڕۆژانه خوێندكارانی شه‌ڕانی تانه و توانجیان لێده‌دان، «هێی ئه‌وه دایكی خۆت نه‌بینیوه، بۆیه وا لووتت سووربۆته‌وه»، «ئه‌وه دایكی خۆت نه‌بینیوه، بۆیه بۆنی قاورمه‌ی نۆكت لێدێت»، «ئه‌وه دایكی خۆت نه‌بینیوه بۆیه له عه‌ره‌بیدا خراپیت»… به هۆی ئه‌و قسانه‌وه كچه‌كه له خوێندنگا كێشه‌ی زۆری بۆ دروستده‌بوو، كوڕه‌كه‌ش له كوچه و كۆڵانان گوێی به قسه‌ی پیس ڕاده‌هات و زمانی به جنێو ده‌كرایه‌وه»(18).
گێڕانه‌وه‌ی زاره‌كی، ڕاسته‌وخۆیی و ڕۆژانه‌یی ئاستی زمان، ڕۆمانه‌كه ده‌كه‌نه یه‌كێك له ساناترین و ڕه‌وانترین تێكستی به‌ختیار عه‌لی. له كاتێكدا گوایه كار له‌سه‌ر ململانێی ئایین له‌گه‌ڵ دنیای نوێدایه، به‌م ده‌سته‌واژه و زمانه‌وه، كاری له ڕووبه‌ری زانراودا كردووه. كێ هه‌یه نه‌زانێت، وێنه‌ی له‌شی ئافره‌ت بۆ كۆمه‌ڵ كێشه‌یه؟ تێكستی داهێنه‌رانه ئه‌م ڕووبه‌ره زانراوانه تێ ده‌په‌ڕێنێت و ده‌چێته ناو نهێنی و نه‌زانراوه‌وه. ئه‌و پێوه‌ره ڕه‌وشتییانه جێ ده‌هێڵێت، كه له بیركردنه‌وه‌ی ئایینييه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن و هه‌مووان ده‌یزانن، هه‌روه‌كوو «حه‌ڵاڵ و حه‌رام»، «ڕووتی و داپۆشراویی»، «چاكی و خراپی». هه‌رچه‌نده زۆر كه‌س په‌سه‌ندی ڕۆمانه‌كه بكه‌ن و «ته‌وه‌ر»ی بۆ بكه‌نه‌وه، ناتوانین وه‌كوو تێكستێكی هاوچه‌رخ، كه له واقیع تێ ده‌په‌ڕێت و به زمان و ئاستێكی دیكه‌وه، به‌سه‌رهاتی مرۆڤ له دنیای نوێ‌دا ده‌گێڕێته‌وه، بيبينين.
له‌م ڕۆمانه‌دا تێگه‌یشتنی ته‌قلیدی بۆ شه‌ره‌ف، كه وێنه‌ی له‌شی ئافره‌ت نوێنه‌رایه‌تیی ده‌كات، به‌ر دنیای نوێ ده‌كه‌وێت. ئه‌و تێگه‌یشتن و ڕوانینه‌ی بۆ «شه‌ره‌ف» له ڕۆمانه‌كه‌دا هه‌یه، هه‌مان تێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵ نییه؟ ئه‌گه‌ر لای هه‌ردووكیان وێنه‌ی له‌شی ئافره‌ت تابووه و كێشه دروست ده‌كات، كه‌واته جیاوازییه‌ك له نێوان واقیعى كۆمه‌ڵ و فه‌زای ڕۆمانه‌كه‌دا هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر هه‌مان هۆكار هه‌یه و يه‌ك ئاكام به ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن، ئیدی ئه‌ده‌ب چ جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ بۆچوونى باوی ژیانی ڕۆژانه‌دا هه‌یه؟ كوا ئه‌و زمان و ڕووبه‌ر و تێگه‌یشتنه‌ی ئه‌ده‌ب له بڕوای كۆمه‌ڵ جیا ده‌كاته‌وه؟ چ ئه‌رك و ماهیه‌تێك له‌خۆ ده‌گرێت؟ ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌ب هه‌مان تێگه‌یشتنی باوی كۆمه‌ڵ بۆ چه‌مك و دیارده‌كان بگوازێته‌وه، كه‌واته لێره‌دا ڕۆڵی ئه‌ده‌ب ته‌نیا گواستنه‌وه و نووسینه‌وه‌ی ئه‌وه‌یه، له واقیعدا باڵاده‌سته و بۆ هه‌مووان پێوه‌ره.
وه‌كو كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، كاره‌كته‌ر له ڕۆمانی باودا، كۆتامرۆڤه. ئه‌و بوونه‌وه‌ره تاكڕه‌هه‌نده مشه‌خۆره‌ی له‌گه‌ڵ واقیعی باودا ڕێك ده‌كه‌وێت و خاوه‌نی هیچ ناڕه‌زاییه‌ك نییه. له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر به شێوه‌یه‌ك یه‌ك ده‌گرێت، كه سه‌خته له‌وانه‌ی تری جودا بكه‌یته‌وه. زمانی پڕه له‌و ده‌سته‌واژانه‌ی، كه له ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیدا به كار ده‌هێنرێن و تایبه‌تن به‌و شتانه‌ی ڕه‌واجیان هه‌یه. لایه‌نگری ئه‌و شتانه‌یه، كه كۆمه‌ڵگه پێشوه‌خت ناوی چاكه‌ی لێ ناون. شه‌یدای پاكی، دڵسۆزی، گوێڕایه‌ڵی، وه‌فاداری و هیی دیكه‌یه و ڕقی له هه‌ر ده‌سته‌واژه‌یه‌كه، ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه له ژێر ناوی خراپه‌دا پۆلێنی كردبن(19).
(دۆن كیشۆت)، كه به یه‌كه‌مین ڕۆمانى مۆدێرن داده‌نرێت و هه‌ردوو به‌رگه‌كه‌ی له نێوان 1605 بۆ 1615 بڵاو بووه‌ته‌وه(20)، تێگه‌یشتنی باو و ڕوانینی كۆمه‌ڵی له‌باره‌ی پاڵه‌وان تێپه‌ڕاندووه. واتا زیاتر له چوار سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، ئه‌ده‌ب ڕوانینی گشتی به جێ ده‌هێڵێت. ئێ چی وا له نووسه‌ری كورد ده‌كات، بۆ هه‌مان پێوه‌ری ژیانی ڕۆژانه بگه‌ڕێته‌وه؟ نه‌ك تێشیان نه‌په‌ڕێنێت، بگره وه‌كوو خۆی بیانگوازێته‌وه؟ ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌ب ئاماژه له‌خۆ ده‌گرێت و له زماندا ڕوو ده‌دات، ئه‌ی كوا سه‌رله‌نوێ ئه‌ركدان به دیارده و چه‌مكه‌كان؟ ئاماژه چییه، ئه‌گه‌ر جێهێشتنی دنیای شمه‌ك و واقیع نه‌بێت؟ ئه‌ده‌ب چییه ئه‌گه‌ر ڕۆڵی نوێ و جیاواز به شته‌كان نه‌داته‌وه و گه‌مه به واتاكانيان نه‌كات؟ ئایا ڕۆمان ئاستی گێڕانه‌وه‌ی زاره‌كی به جێ ناهێڵێت؟ كێشه له ناو زمان دروست ناكات؟
میلان كۆندێرا له‌باره‌ی شێوازی ئه‌مڕۆی ڕۆمانی بازاڕی و جه‌ماوه‌رییه‌وه ده‌نووسێت «به‌شی زۆری ڕۆمانی ئه‌مڕۆ له ده‌ره‌وه‌ی مێژووی ڕۆمانن: داوای له گوناهـ پاكژبوونه‌وه به شێوه‌ی ڕۆمان، ڕاپۆرت به شێوه‌ی ڕۆمان، ڕێككردنه‌وه‌ی حیساب به شێوه‌ی ڕۆمان، ئه‌وتۆبایۆگرافی به شێوه‌ی ڕۆمان، خه‌به‌ر لێ دان به شێوه‌ی ڕۆمان، وانه‌ی سیاسی به شێوه‌ی ڕۆمان، گیانه‌ڵای مێرد به شێوه‌ی ڕۆمان، گیاندانی دایك به شێوه‌ی ڕۆمان، له ده‌ستدانی كچێنی به شێوه‌ی ڕۆمان، منداڵبوون به شێوه‌ی ڕۆمان، ڕۆمان هه‌تا بێكۆتایی، هه‌تا كۆتایی كات، ڕۆمانگه‌لێك، كه هیچی نوێ ناڵێن، به‌های ئیستاتیكییان نییه، گۆڕانكاری له‌گه‌ڵ خۆیان ناهێنن، نه بۆ تێگه‌یشتنی ئێمه‌ی مرۆڤ، نه بۆ شێوه‌ی ڕۆمان. هاوشێوه‌ی یه‌كن و سپێدان به پێرفێكتی ده‌توانرێت به‌رخۆری بكرێن، ئێواران به پێرفێكتی ده‌توانرێت فڕێ بدرێن»(21).
له باره‌ی هه‌نارى ناو ڕۆمانی (دواهه‌مین هه‌ناری دونیا)، به‌ختیار عه‌لی ده‌بێژێت «ساڵی 1975 كاتێك گواستمانه‌وه بۆ ئه‌و ماڵه‌ی نزیكه‌ی 46 ساڵ خێزانی ئێمه‌ی تێدا ژیا، تاكه دره‌ختێك له حه‌وشه‌كه‌دا دار هه‌نارێك بوو، كه باوه‌ڕده‌كه‌م ئێستاش هه‌ر مابێت. ئه‌و دره‌خته به جۆرێك له جۆره‌كان لای من هێمای ماڵی ئێمه بوو… به‌ر له هه‌ر شت ئه‌وه‌ی سه‌مبولی هه‌ناری له خه‌یاڵی مندا ته‌قانده‌وه، ئه‌و هه‌ناره‌ی حه‌وشی خۆمان بوو»(22). لێره‌دا هه‌ناری ناوی ڕۆمانه‌كه، هه‌مان ئه‌و هه‌ناره‌یه وا له دنیای ده‌ره‌وه‌دا بوونی هه‌بووه. وه‌كوو به‌ختیار عه‌لی ده‌یڵێت، هه‌ناری دواهه‌مین هه‌نار، هه‌مان ئه‌و هه‌ناره‌ی حه‌وشی ماڵیانه، ئیدی سه‌ختيی دۆزینه‌وه‌ی هێما و وه‌زیفه و ئاماژه‌ی هه‌نارى ناو ڕۆمانه‌كه له كوێدایه؟ ئه‌گه‌ر هه‌مان ڕۆڵیان هه‌یه، كه‌واته جیاوازیی هه‌ناری واقیعی و هه‌ناری ڕۆمانه‌كه چییه؟
له باره‌ی په‌پووله له (ئێواره‌ی په‌روانه)دا به‌ختیار عه‌لی ده‌بێژێت «كاتێك ئێواره‌ی په‌روانه كرایه ئه‌ڵمانی، هه‌میشه له زۆربه‌ی كۆڕه‌كاندا ئه‌و پرسیاره ده‌هاته پێشێ، بۆ په‌پوله ئاماده‌گییه‌كی وه‌ها زۆری هه‌یه. مه‌سه‌له‌كه ته‌نیا ناوی په‌روانه نه‌بوو، به‌ڵكوو له زۆر له ڕووداوه گرنگه‌كاندا، له‌و جێگایانه‌دا شاعیرییه‌ت و مه‌رگ له یه‌كدی نزیك ده‌بنه‌وه، په‌روانه‌كان ده‌بینرێن و له فه‌زای تێكسته‌كه‌دا ده‌فڕن. خۆت ده‌زانیت خودی په‌روانه وه‌ك چه‌مك، جێگایه‌كی گه‌وره‌ی له ئه‌ده‌بیاتی كوردیی و فارسی‌دا هه‌یه. گواستنه‌وه‌ی هێماكه له ده‌ستی شاعیرانی كلاسیكه‌وه به‌ره‌و فه‌زای «چیرۆك» و «گێڕانه‌وه»ی مۆدێرن، یه‌كێك بوو له نیازه سه‌ره‌كییه‌كانم»(23).
وه‌كوو به‌ختیار عه‌لی خۆی ئاماژه‌ی پێ ده‌دات و له ڕۆمانه‌كه‌یشدا دیاره، په‌پووله به هه‌مان واتا و ئه‌رك دێت، كه له دنیای واقیعیدا هه‌یه. ئێ هه‌مان هه‌ناری حه‌وشه و هه‌مان په‌پووله، ئیدی ترازانی چه‌مك و زمان له كوێ ڕوویداوه، كه خه‌سڵه‌تی ڕۆمانی نوێيه؟ له كوێدا وه‌زیفه و ماهیه‌تی هه‌نار و په‌پووله گۆڕاوه؟ ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌مان واتای هه‌نار و په‌پووله‌یه، ئه‌ی كوا ئه‌و هێمایانه‌ی نه‌به‌ز گۆران وێڵیه‌تی و به‌ختیار عه‌لى بۆى ئاشكرا ده‌كات؟ ئه‌گه‌ر هه‌مان وه‌زیفه‌ی دێرینیان هه‌یه، ئيدى له كوێدا نوێیه؟ ئه‌مه‌یه ڕوونكردنه‌وه‌ی سیمۆتیكا و ئاماژه‌ناسی و نیشانه‌كانی زمان و ڕۆمان؟
له‌باره‌ی گۆڕان و پێدانی ڕۆڵ و ئه‌ركی جیاواز به شته‌كان، بۆ ڕۆمانی (دۆن كیشۆت) ده‌گه‌ڕێمه‌وه. دۆن كیشۆت جامێكی مسینی ڕیشتاشین له سه‌رتاشێك ده‌بات و وه‌كوو خوده به كاری ده‌هێنێت. سه‌رتاش به ڕێكکه‌وت دێته ئه‌و مه‌یخانه‌یه‌وه، كه دۆن كیشۆتی لێیه و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی دیكه‌دایه. ته‌ماشای جامی ڕیشتاشینه‌كه‌ی ده‌كات و ده‌یه‌وێت له سه‌ری دۆن كیشۆتی بكاته‌وه. دۆن كیشۆت به سه‌ربه‌رزییه‌وه مل بۆ ئه‌وه نادات كه خوده‌كه وه‌كو جامی ڕیشتاشین ببینێت. مرۆڤ چۆن ده‌توانێت بیسه‌لمێنێت، كه جامێكی ڕیشتاشینی له سه‌ر نراوه و خوده نییه؟ ئه‌و كه‌سه ته‌شقه‌ڵه‌بازه‌ی له‌گه‌ڵ دۆن كیشۆتدایه، به كه‌یفه‌وه تاكه هۆكاری بابه‌تی ده‌دۆزێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ڕاستییه‌كه‌ی بسه‌لمێنێت: ده‌نگدانی نهێنی. هه‌موو ئاماده‌بووان به‌شداریی تێدا ده‌كه‌ن و ئه‌نجامه‌كه‌یشی ڕوونه: شته‌كه وه‌كو خوده ددانی پێدا ده‌نرێت(24).
وه‌كو میلان كۆندێرا ده‌نووسێت «ڕۆمان كیمیاگه‌رییه‌كه، ژن ده‌كاته پیاو و پیاویش به ژن، زبڵ ده‌كاته زێڕ، قسه‌یه‌كی كۆمیدیی كورت، ده‌كاته دراما! ئه‌م كیمیاگه‌رییه یه‌زدانییه‌یه، وزه‌ی ڕۆماننووس و نهێنی و مه‌زنیی هونه‌ره‌كه‌ی پێك ده‌هێنێت»(25).
لای به‌ختیار عه‌لی چه‌مك، شت، ڕووداو، ڕوانینی كاره‌كته‌ر، نه‌ك له دنیای واقیعی و زاره‌كی و شمه‌ك و فیزیك، ناترازێن و ناچنه دنیای ئاماژه‌وه، بگره هه‌مان واتا و ئه‌ركی ژیانی ڕۆژانه و كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌رده‌گرنه‌وه. شه‌ره‌ف و له‌شی ژن له نه‌ریت و واقیعدا یاساغه و وروژاندنیان هه‌را ده‌نێته‌وه. له ڕۆمانه‌كه‌ی به‌ختیار عه‌لیش به هه‌مان شێوه. وه‌كوو خۆیشی ده‌ڵێت هه‌نار و په‌پووله، هه‌مان ئه‌وه‌ی واقیعن. ئیدی ئه‌و هێما و ئاماژانه كوان وا كتێبی بۆ ده‌نووسن؟ كوا ئه‌و كیمیاگه‌رییه‌ی میلان كۆندێرا ده‌ڵێت، پێوه‌ری ژیانی ڕۆژانه به جێ ده‌هێڵێت و ماهیه‌تی دى به شت ده‌دات؟
له‌باره‌ی ڕەنگی سپییه‌وه له ڕۆمانی (شاری مۆسیقاره سپییه‌كان)دا، به‌ختیار عه‌لی ده‌ڵێت «سپی به بڕوای من، وه‌ك خه‌سڵه‌ته‌كانی به‌فر، ڕه‌نگی هه‌ڵگرتن و مانه‌وه و پاراستن و به‌رده‌وامییه، هێمای ڕزگاركردن و توند قایمكردنه. ئه‌و مانایه ته‌واو له شاری مۆسیقاره سپییه‌كاندا به‌رجه‌سته ده‌بێت»(26).
ئێ خۆی هه‌ر له واقیعدا، سپی هه‌مان واتا و مه‌به‌ست ده‌گه‌یه‌نێت. به‌ختیار عه‌لی دیدی گشتی بۆ ئه‌و چه‌مك و دیاردانه تێناپه‌ڕێنێت و بۆ دنیای ئاماژه‌یان نابات، به‌ڵكوو هه‌ر له دنیا مه‌تریالی و فیزیكییه‌كه‌دا ده‌مێننه‌وه و هه‌مان ڕۆڵ و ئه‌ركی واقیعی ژیانی ڕۆژانه ده‌گێڕن و تێگه‌یشتنى كۆمه‌ڵ به‌جێناهێڵن.
له دنیای نیشانه‌دا توخمه‌كانی وه‌ك ڕووداو، شوێن، كات، زمان و ئه‌وانه‌ی دیكه بۆ ئاماژه گۆڕاون و هه‌ر له ڕێی ئاماژه‌یشه‌وه ڕۆماننووس ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه، كه ئه‌وه به سروشتی خۆی شێوازی ناڕاسته‌وخۆ ده‌سه‌پێنێت و شێوازی ڕاسته‌وخۆ به لاوه ده‌نێت. گرێچنی باو، كه (سه‌ره‌تا، ناوه‌ڕاست، كۆتایی) به یه‌كه‌وه گرێ ده‌دات، به‌و پرۆسێسه‌دا ده‌پووكێته‌وه، به‌وه‌ی شته‌كان له‌وه ده‌رچوون یه‌ك سه‌ره‌تایان هه‌بێت، به‌ڵكو له بێ‌ژمار سه‌ره‌تا پێك دێن، وه‌ك چۆن به‌سه‌ر هێڵی ڕێكدا ناچنه پێشه‌وه، به‌ڵكو به هه‌موو لایه‌كدا ده‌بزوێن(27).
له باسی سیستمدا به‌ختیار عه‌لی ده‌ڵێت «سروشتی هه‌موو سیستمێك وه‌هایه هه‌وڵده‌دات هه‌موو شتێك بگرێته خۆی، هه‌موو جیاوازییه‌كان بتوێنێته‌وه، هه‌ر شتێك له ناو ئه‌ودا جێگه‌ی نه‌بووه‌وه یان یاخی بوو، وه‌ك ده‌ره‌یاسا، نائاسایی، نه‌خۆش، تێكده‌ر سه‌یری بكات»(28). ده‌پرسم شتێكی نوێ له‌باره‌ی سیستمه‌وه ده‌ڵێت؟ كه‌س هه‌یه ئه‌م شتانه نه‌زانێت؟ كاممان ناتوانین له‌وه باشتر باسی سیستم و دژایه‌تیی سیستم بكه‌ین؟ ساكاری و سازش له‌م گفتوگۆیه‌ی به‌ختیار عه‌لی نابینرێت؟ ئایا به‌ختیار عه‌لی شازده ساڵ له‌مه‌و پێش و له كتێبی «سێوی سێیه‌م»، قووڵتر له باره‌ی سیستم و دژه سیستم قسه‌ی نه‌كردووه؟ ئه‌مه‌ى ئێستاى، ساكاركردنه‌وه‌ی فیكر نييه؟ ئه‌مه سازش و پاشه‌كشه‌یه، یان گه‌شه و پێشكه‌وتن؟
له‌باره‌ی داگیركه‌ره‌وه به‌ختیار عه‌لی ده‌ڵێت «من پێم وایه هه‌رگیز داگیركا‌ر ناتوانێت هه‌م داگیركا‌ر بێت و هه‌م مرۆڤ، داگیركاریی دواجار داگیركه‌ر ده‌گۆڕێت بۆ دڕنده‌یه‌كی نا‌ئومێد، كه به‌رده‌وام سه‌ری به‌ر به‌ردی ڕه‌قی ئه‌و مه‌حاڵه ده‌كه‌وێت كه بۆی ده‌گه‌ڕێت»(29). كه‌مێك دواتر ده‌ڵێت «فاشیزم گێڕانه‌وه‌ی مرۆڤه بۆ دۆخی حه‌یوانی، ناسیونالیزمیش كلیلی ئه‌وه هه‌ره‌سه ترسناكه‌یه. له داگیركردنی تاریكی دا، مه‌به‌ستم بوو پیشانی بده‌م، چۆن ناسیونالیزم مرۆڤێكی عاقڵ و فه‌لسه‌فه‌خوێنی وه‌ك تاریق ئاكانسو داده‌به‌زێنێت بۆ پله‌ی حه‌یوانێكی ئێجگار نزم»(30).
ئه‌رستۆ (384-322ی پێش زایین)، له كتێبی (سیاسه‌ت)دا ده‌ڵێت «مرۆڤ به سروشت ئاژه‌ڵێكی سیاسییه»(31). به‌ختیار عه‌لی، 2400 ساڵ پاش ئه‌رستۆ، مرۆڤ له مه‌قامی بڵند و ئاژه‌ڵ له پله‌ی نه‌وی داده‌نێت. به سووك و نزم ته‌ماشای ئاژه‌ڵ، خه‌سڵه‌تی بیركردنه‌وه‌ی تیۆلۆژی و ئایینى نییه؟ ئه‌وه زانست نییه، سه‌لماندوویه‌تی هه‌ندێك توانا و خه‌سڵه‌تی سروشتیی ئاژه‌ڵ، زۆر له پێش هیی مرۆڤه‌یه‌وه، وه‌كو هێز و توانای بینین و بیستن و فڕین و ڕۆشتن و مانه‌وه له هه‌ندێك په‌له‌وه‌ر و مه‌ل و ئاژه‌ڵدا؟ ئه‌و عه‌قڵییه‌ته ئایینییه چییه مرۆڤ باڵا و بڵند، له نزماييشدا ئاژه‌ڵ و گیاندار ده‌بینێت؟ له‌م بیركردنه‌وه تیۆلۆژی و بڕوا ئایینیيه‌دا، مرۆڤ سه‌ردار و ناوه‌نده و هه‌موو شته‌كانی دی، خزمه‌تكاریی وين. ئه‌مه‌یه كلیلی كردنه‌وه‌ی هێماكانی ڕۆمان، لای به‌ختیار عه‌لی؟ ئه‌مه‌یه نیشانه‌ناسی و كاركردن له ئاماژه‌دا؟
ولیه‌م ڕایش به پێچه‌وانه‌ی به‌ختیار عه‌لییه‌وه، ئاژه‌ڵ له مرۆڤ به ئاشتیخوازتر داده‌نێت، بگره مرۆڤ له بنه‌ڕه‌تدا ئاژه‌ڵه و به پێچه‌وانه‌ی مرۆڤيشه‌وه، سادیستی و میكانیكی نین، كۆمه‌ڵگه و پۆل و گروپه‌كانیان، به شێوه‌یه‌كی به‌راورد نه‌كراو ئاشتیخوازترن له كۆمه‌ڵگه مرۆیییه‌كان. پرسیاری ولیه‌م ڕایش ده‌ستبه‌رداربوونی مرۆڤه له ڕه‌هه‌ند سروشتی و ئاژه‌ڵییه‌كه‌ی و سازشكردنیه‌تی له «مرۆڤ-ئاژه‌ڵی»ـیه‌وه بۆ «ڕۆبۆتی-ماشێنی». ئه‌گه‌ر به‌ختیار عه‌لی ئه‌و كاته‌ی ده‌ڵێت «دابه‌زین بۆ پله‌ی حه‌یوانێكی ئێجگار نزم»، ئاگاداری كێشه هاوچه‌رخه‌كانی مرۆڤ، له‌گه‌ڵ ته‌كنه‌لۆژیا و ئامێره‌كان بایه، ئاماژه‌ی به مه‌ترسی به ماشێنبوونی مرۆڤ ده‌دا، نه‌ك بۆ ئه‌و تێگه‌یشتنه میللی و ته‌قلیدییه بگه‌ڕێته‌وه، كه تێیدا مرۆڤ پاكژ و پاكیزه‌يه، ئاژه‌ڵ دڕنده و تاوانكاره.
ولیه‌م ڕایش ده‌نووسێت «كاتێك سوود له وشه‌ی ئاژه‌ڵ وه‌رده‌گرم، لادان یان شتێكی ترسناك و نزم نییه، به‌ڵكو ڕاستییه‌كی بایۆلۆژییه… مرۆڤ خاڵی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵ، زۆر له‌وه زیاتره بیری لێ ده‌كاته‌وه»(32).
به‌ختیار عه‌لی له گفتوگۆكه‌ی نه‌به‌ز گۆران‌دا ده‌ڵێت «كاتێك هه‌ندێك كه‌س تووتی ئاسا ئه‌وه دووباره‌ده‌كه‌نه‌وه كه ئێمه كۆنزه‌رڤاتیڤمان نییه، خۆشیان نازانن ده‌ڵێن چی، كڵێشه‌یه‌كه گرتوویانه به ده‌مییانه‌وه و بێناوه‌ڕۆك دووباره‌ی ده‌كه‌نه‌وه. كۆنزه‌رڤاتیڤیزم له هه‌موو هێما و ڕسته و تێڕوانین و ستایلی ژیان و بیركردنه‌وه‌ی ئێمه‌دایه»(33). به پێچه‌وانه‌ی گوته‌كه‌ی به‌ختیار عه‌لییه‌وه، ئه‌مڕۆ له هه‌ر كات زياتر ڕۆشنبیریی كوردی، شانازی به كۆنه‌په‌رستیی خۆیه‌وه ده‌كات. به ناوی پاراستنی كورد و خه‌می نه‌ته‌وه و خۆشویستنی خۆماڵییه‌وه، داكۆكی له كۆنه‌په‌رستی ده‌كات و ناوی ده‌نێت داهێنان و ڕاڤه‌ی تێكست و «ته‌وه‌ر»كردنه‌وه بۆ ڕۆمانی كوردی. هه‌ر نه‌به‌ز گۆران کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ به‌ختیار عه‌لی کردووە، به‌وانه‌ی شیعر و كولتووری بیانی ته‌رجومه ده‌كه‌ن و مه‌ترسی بۆ «پرسه گرنگه خۆماڵییه‌كان» دروست ده‌كه‌ن و «ژه‌هر بۆ ناو ماڵی كورد ده‌هێنن»، ناو ده‌نێت «جاش كولتوور»(34). مایه‌ی گومان و پرسیار نییه، تۆ له‌گه‌ڵ نووسه‌رێكی كۆنه‌په‌رست، كتێب چاپ بكه‌یت و له سه‌نگه‌ر و به‌ره‌تدا بێت، نه‌یبینیت؟ یان بیبینیت و له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵتدایه، وه‌كو كۆنه‌په‌رستيی نه‌بینیت؟
سێ گوزارشتی به‌ختیار عه‌لی له‌م په‌ره‌گرافه‌ی سه‌ره‌وه ده‌خه‌مه ڕوو «تووتی ئاسا، خۆشیان نازانن ده‌ڵێن چی، گرتوویانه به ده‌مییانه‌وه». ڕه‌وایه پاش سی چل ساڵ نووسینی ڕۆمان و وتار و شیعر، خاوه‌نی ئه‌و زمانه بیت؟ هه‌موو هێزی زمان و سه‌رنجی تۆ به‌رانبه‌ر به كۆنه‌په‌رست هێنده‌یه؟ كێ له ئێمه ناتوانێت به‌رانبه‌ر به كۆنه‌پارێزی، باشتر له‌م ڕسته و ده‌سته‌واژانه بنووسێت؟ ئه‌مه‌یه گه‌ڕانه‌وه بۆ هێما له دنیای ڕۆماندا؟ ئه‌مه‌یه كاركردن له ئاماژه و سیمبول و مه‌دلولى ناو تێكست؟ ئه‌مه‌یه كاركردن له زمان و ئاماژه‌ناسیی پاش سۆسێر و باختین و جاكۆبسن و ڤیتگنشتاین و هایدیگه‌ر و ئاڵتۆسێر و لاكان و دێریدا؟
هایدیگه‌ر، ئه‌م جۆره قسانه‌ی به‌ختیار عه‌لی به «گوتنی له‌كار كه‌وتوو» ناو ده‌بات. گوتنی له‌كاركه‌وتوو بێبناخه‌یه و ده‌لاله‌ت له ده‌رخستنی ڕاستییه‌كی نوێ ناكات، بۆیه له نێو خه‌ڵكدا به ئاسانی به‌كار ده‌هێنرێت، یان «ئه‌وان» به‌بێ جیاوازی به‌كاری ده‌هێنن و هایديگه‌ر ده‌ڵێت «گوتنێكه هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت شه‌نه‌ی تێدا بكات». چونكه له به‌كارهێنانیدا تاكه‌كان هه‌مان باس ده‌جوونه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی شتێكی نوێ ده‌رببڕن و ڕاڤه‌یه‌كی نوێیان بۆ مژاره باسكراوه‌كه هه‌بێت. ئه‌م جۆره زمانه ناتوانێت به تێگه‌یشتنه‌وه واتای بوونی مرۆڤ له‌وێدا و ڕاستیی «بوون» ده‌ربخات، به‌ڵكوو واتا و ڕاستییه‌كه په‌رده‌پۆش ده‌كات، پێشتر چه‌ند جارێك باسكراوه و ئاشكرایه. كه‌س ئاماده نییه تێڕوانینێكی نوێی بۆی هه‌بێت. بوون به خاوه‌نی تێڕوانینی نوێ و ده‌ربڕینی ڕاستییه جیاوازه‌كان سه‌ر به بوونی ڕه‌سه‌نی دازاینه، كه به تێگه‌یشتن و به‌رپرسیارێتییه‌وه زمان ده‌خاته گه‌ڕ(35).
له‌باره‌ی پابه‌ندبوونی به چیرۆكه فۆلكلۆری و به‌ها میللییه‌كانه‌وه به‌ختیار عه‌لی ده‌بێژێت «چیرۆكی میللی كوردی، شانۆیه‌كی ئێجگار گه‌وره‌ی ده‌رخستنی هێز و توانای مرۆڤه ساده‌كانه، من له ئه‌ده‌بیاتی خۆمدا زۆر هه‌وڵمداوه دڵسۆزی ئه‌و ڕه‌هه‌نده بم و له‌سه‌ری بمێنمه‌وه». كه‌مێك دواتر ده‌ڵێت «جارێكیان به هاوڕێیه‌كم گووت: جه‌لاده‌تی كۆتر پاڵه‌وانێكه له‌سه‌ر فۆرمی پاڵه‌وانی حیكایه‌ته میللییه‌كانی كورد، به‌ڵام هه‌ستمكرد تێناگات باسی چی ده‌كه‌م»(36). وه‌كو به‌ختیار عه‌لی خۆی ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، سه‌رچاوه‌ی نووسین و كاره‌كانی، حیكایه‌تی میللی و فۆلكلۆری كوردین. بایه‌خ به‌و به‌هایانه‌دا ده‌دات، كه له میللی‌دا باون و پاڵه‌وانی وه‌كو جه‌لاده‌تی كۆتر، له‌سه‌ر فۆرمی پاڵه‌وانی حیكایه‌ته میللییه‌كانه. ئه‌ی داهێنان و نوێگه‌ری ده‌كه‌ونه كوێوه؟ نووسه‌ر چیرۆكی میللی و فۆرمی پاڵه‌وانی میللی و حیكایه‌تی گوێ ئاگردان سه‌رچاوه‌ی بن، له كوێدا به‌های باو، پێوه‌ری ژیانی ڕۆژانه، نه‌ریتی كۆمه‌ڵ، سه‌لیقه و چێژی جه‌ماوه‌ر، زمانی ڕاسته‌وخۆ و زانراو، كڵێشه‌كان به جێ ده‌هێڵێت و نوێ ده‌بێته‌وه؟
له‌باره‌ی پابه‌نديی ڕوانینی كۆمه‌ڵ بۆ پرسه ئه‌خلاقییه‌كان، به‌ختیار عه‌لی ده‌ڵێت «هه‌موو ئه‌و پرسیاره ئه‌خلاقیانه‌ی له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌دا بایه‌خدار و جێگای تێڕامانن، شوێن تێڕامانی منیش بوون»(37). به‌پێی گوته‌كه‌ی، جیاوازی له تێگه‌یشتن و ڕوانینی كۆمه‌ڵ بۆ پرسه ئه‌خلاقییه‌كان، له‌گه‌ڵ هیی به‌ختیار عه‌لیدا نییه و بگره كێشه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕوانینه گشتی و كڵێشاییانه نییه، كه ئه‌مڕۆ بایه‌خدارن، پێیانه‌وه پابه‌نده و شوێنی ڕامانی ئه‌ون. واتا ئه‌وه‌ی به‌ختیار عه‌لی بیری لێ ده‌كاته‌وه، هه‌مان ئه‌و شته‌یه كه كۆمه‌ڵ بیری لێ ده‌كاته‌وه. ئه‌وه‌ی بۆ كۆمه‌ڵ كێشه‌ی ئه‌خلاقییه، بۆ به‌ختیار عه‌لیش هه‌ر وایه. فریدریك نیچه پێی وایه ئه‌خلاقی باو، مرۆڤی نه‌خۆش خستووه و ده‌ڵێت «له به‌رزاییه‌كانه‌وه، له گۆشه‌یه‌كی دووره‌وه، مرۆڤ له‌وه تێ ده‌گات كه چى مرۆڤی نه‌خۆش خستووه، ژه‌هری ئه‌خلاقی باو (ئه‌خلاقه چه‌سپاوه‌كان)»(38).
هه‌روه‌ها به‌ختیار عه‌لی ده‌ڵێت «هیوا ئه‌وه نییه تا بینه‌قاقا له قوڕاودا نوقم بیت و بڵێیت «حاڵم باشه، عه‌یبم نییه». ئه‌وه گه‌مژه‌ییه، ئه‌وه بێهۆشبوونه، ئه‌وه سڕبوونه، ئه‌وه په‌رچه‌كرداری مرۆڤی كۆلۆنیالیزه‌كراوی به‌نجكراوه، تا به هیوایه‌كی درۆ دڵی خۆی ئاسووده بكات و نه‌ته‌قێته‌وه». ئه‌مه‌یه زمانی به‌ختیار عه‌لی بۆ گفتوگۆ و فیكر و ئاشكراكردنی كۆد و نهێنی و ئاماژه‌كانی دنیای ڕۆمان. هه‌ر له‌وێدا ده‌ڵێت «چه‌په‌كانمان، ناسیۆنالیسته‌كانمان، دینییه‌كانمان، لیبڕاڵه‌كانمان، تێكڕا له ڕابوردوودا ده‌ژین». له‌ناو ئه‌و هه‌موو گروپ و ده‌سته و تاقمانه‌دا، كه هه‌زارانن و به‌ختیار عه‌لی ده‌ڵێت «تێكڕایان»، ئه‌گه‌ر ته‌نیا یه‌ك كه‌س هه‌بێت له ڕابوردوودا نه‌ژی، كه بێگومان هه‌یه، ئه‌وا بۆچوونه‌كه‌ی كورت ده‌هێنێت. ئایا ئه‌م زمانه‌ی به‌ختیار عه‌لی، هه‌مان كڵێشه‌ی ناو زمانی میدیای ده‌سه‌ڵات نییه؟ هه‌ر له‌وێدا ده‌ڵێت «نائومێدیی ئێستا تاكه كه‌ره‌سته‌ی ئاگاداركردنه‌وه‌یه، تاكه زه‌نگێكه بشێت به ده‌نگی به‌رز پێمان بڵێت: ئێمه به‌ره‌و خه‌ره‌ندی مێژوو ده‌ڕۆین»(39). ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵ له به‌رده‌م هه‌ره‌س و كه‌وتنه، به‌ره‌و خه‌ره‌ندی مێژوو ده‌ڕۆین، ئایا هه‌مان گوتاری ئه‌پۆكالیپس (قیامه‌تگه‌رایی)ى پێشووی فاروق ڕه‌فیق نییه، كاتێك ده‌یگوت ماڵی كورد لێكترازاوه و ویژدانى بیماره و له به‌رده‌م كه‌وتندایه و به‌ختیار عه‌لی ڕه‌خنه‌ی لێ ده‌گرت؟ ئایا پێشتر گوێمان له‌و گوتانه نه‌بووه، له وتاری قه‌شه و پیاوانی ئایینه‌وه، كه به‌رده‌وام زه‌نگی په‌سڵان لێ ده‌ده‌ن و مزگێنی هاتنی ڕۆژی دوايى ده‌ده‌ن؟
هه‌ر له‌م ده‌ورانی كه‌وتن و ئاوابوونه‌دا، به‌ختیار عه‌لی ده‌ڵێت «ئه‌وه‌ی داوا له نوسه‌ر بكه‌یت، بۆئه‌وه‌ی خوێنه‌ر به خه‌یاڵی ئاسووده‌وه بخه‌وێت، تێكستی درۆ و گه‌شبینانه بنوسێت، بێڕه‌وشترین جۆری داواكارییه له نوسه‌رێكی بكه‌یت»(40). ئایا به ڕه‌وشترین جۆری داواكاری له نووسه‌ر لای به‌ختیار عه‌لی چ واتایه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت؟ له كوێدا و چۆن ڕوونی كردووه‌ته‌وه، تا بۆمان ده‌ربكه‌وێت، بێڕه‌وشتانه‌ترین جۆری داواكاری له نووسه‌ر، نووسینی تێكستی گه‌شبینانه‌یه؟ ئه‌گه‌ر دوالیزمی وه‌كو «گه‌شبینی و ڕه‌شبینی، چاكی و خراپی، ڕه‌ش و سپی، ڕه‌وشت و بێڕه‌وشتی» له‌م نووسه‌رانه بسه‌نیته‌وه، ئيدى چۆن ده‌ژین و له‌باره‌ی چییه‌وه ده‌نووسن؟
به‌ختیار عه‌لی به‌وانه‌ی، كه ڕه‌خنه له ئیش و ئه‌ده‌به‌كه‌ی ده‌گرن، ده‌ڵێت «كۆنه‌په‌رست». گوتوویه‌تی «له ڕاستیدا هه‌وڵمدا هه‌موو شتێك بۆ خۆم و به جۆرێكی تایبه‌ت دروستبكه‌مه‌وه، چ زمان و چ ڕێزمان، چ فۆرمی شیعر، چ شێوازی گێڕانه‌وه، چ پرسیاره مه‌عریفییه‌كان… هه‌موو شتێك، به‌س بۆ خۆم. ڕه‌نگه ئه‌وه هۆكاری قه‌بووڵكردنی من و هۆكاری ڕه‌تكردنه‌وه تونده‌ی عه‌قڵه كۆنزه‌رڤاتیڤه‌كانیش بێت بۆ ئیش و ئه‌ده‌بیاتی من»(41). چ نووسه‌رێكى داهێنه‌ر قسه‌ى وا ده‌كات؟ كێ ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی منی قبوڵ نه‌كرد، كۆنه‌په‌رسته و ئه‌وه‌ی منی قبوڵ كرد، كۆنه‌په‌رسته نییه؟ كێ بڕیار له‌سه‌ر كۆنه‌په‌رستیی ئه‌وانی دى ده‌دات؟ به چ پێوه‌ر و میتۆدێك؟ بۆچى ڕه‌تكردنه‌وه‌ی به‌ختیار عه‌لی، كۆنه‌په‌رستی بێت و ستايشكردنى كۆنه‌په‌رستی نه‌بێت؟
ئه‌گه‌ر كتێبی (مرۆڤی یاخی)ى ئه‌لبێر كامۆ بخوێنينه‌وه، لای ئه‌و فه‌یله‌سوفه، یاخیبوون و شۆڕش دوو هه‌ڵوێست و دیارده‌ی جیاوازن. ته‌نانه‌ت ئه‌وه یه‌كێكه له‌و كێشه سه‌ره‌كییانه‌ی كامۆ كاری له‌باره‌وه كردووه. كه‌چی به‌ختیار عه‌لی یاخیبوون و شۆڕش به یه‌ك داده‌نێت و ده‌ڵێت «ئه‌ده‌بی من هه‌وڵێكه بۆ تێڕامان له ئه‌گه‌ره‌كانی شۆڕش و یاخیبوون له سه‌رده‌مێكدا شۆڕش و یاخیبوون به مانا سیاسییه‌كه‌یان ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی مێژوویی ده‌بنه‌وه»(42). به‌ختیار عه‌لی، شۆڕشگێڕ و یاخی وه‌كو یه‌ك ده‌بینێت و ده‌ناسێت و ده‌ڵێت «یه‌كێك له كێشه قووڵه‌كانی خۆرهه‌ڵات، بێتواناییه‌تی له بینینی ڕه‌گه‌زی شۆڕشگێڕ‌دا له تاكه یاخییه‌كاندا». «شۆڕشگێڕی ڕاسته‌قینه سه‌ره‌تا تاكێكی یاخییه»(43). له كاتێكدا به كاریگه‌ریی ئه‌لبێر كامۆ بیڵێین، شۆڕش ڕواڵه‌تى و جه‌ماوه‌رییه، به‌ڵام یاخیبوون تاكێتی و قووڵایییه.
لاى ئه‌لبێر كامۆ، جیاوازيی نێوان مرۆڤی یاخی و شۆڕشگێڕ به‌م جۆره‌يە «مرۆڤی یاخی، خاوەنی عەقڵێکی سەربەخۆ و ئازادە، لە کاتێکدا شۆڕشگێڕ پاوانخوازە و کوشتن بە عەقڵانی دەکات. شۆڕشگێر سەرسام دەبێت بەو پاوانخوازەی کە لە دژی ڕاپەڕیوە، کاریگەره به شێوازە ئایدیۆلۆژییەکانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخ و ئەوانەی جیاواز و ژێردەستەن. كار ده‌كات بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵات. به‌ڵام مرۆڤی یاخی، مرۆڤێکی ئازاده و ڕەتی دەکاتەوە ملکەچی عەقڵی دەستەجەمعی و ئایدۆلۆژیاکان بێت. کەسێک کە لەگەڵ ئازادییە گشتییەکان هاوڕایه و دژی مۆنۆپۆڵكردنی دیموکراسییه بۆ گەیشتن بە ئامانجە پاوانخوازەکان. مرۆڤی یاخی كه‌سێكه له لە سیاسەتی ملكه‌چی و پەیوەستبوون بە حیزب و ئایین، یان بزووتنەوەیەکی سەپێنراو یاخی ده‌بێت»(44).
ئه‌لبێر كامۆ له كتێبی (مرۆڤی یاخی)دا ده‌نووسێت: شۆڕش ئه‌و جوڵه‌یه‌یه، كه ڕه‌وتی بازنه‌یی ته‌واو دروست ده‌كات و دوای خولێكی ته‌واو، له حكومه‌تێكه‌وه بۆ حكومه‌تێكی دیكه ده‌چێت. هیچ شۆڕشێكی ئابووری نییه، ئیدی شۆڕشی خوێناویی یان ئاشتیخوازانه بێت، هاوكات سیاسیش نه‌بێت. ئه‌و ڕسته به‌ناووده‌نگه‌ی ئاڕاسته‌ی لویسی شازده ده‌كرێت «نه‌خێر خاوه‌ن شكۆ، ئه‌مه یاخیبوون نییه، به‌ڵكو شۆڕشه». جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و جیاوازییه ده‌كاته‌وه. شۆڕش گونجاندنی بیرۆكه‌یه له ناو ئه‌زموونی مێژوویی‌دا، به‌ڵام یاخیبوون ئه‌و بزاوته‌یه له ئه‌زموونی تاكه‌كه‌سییه‌وه به‌ره‌و بیرۆكه ده‌ڕوات. یاخیبوون ته‌نیا مرۆڤ ده‌كوژێت، به‌ڵام شۆڕش مرۆڤ و پره‌نسیپه‌كانیش له ناو ده‌بات(45).
تێبینی:
گوته‌كانی به‌ختیار عه‌لیم، به ڕێنووسی خۆی داناوه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه‌كان:
(1) هه‌ژار، هه‌نبانه بۆرینه، انتشارات سروش، تهران، 1384، لاپه‌ڕه 190.
(2) گیوی موكریانی، كوردستان، ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر، 1999، لاپه‌ڕه 278.
(3) گۆستاڤ لۆبۆن، سایكۆلۆژیای جه‌ماوه‌ر، وه‌رگێڕانی: ئارام جه‌مال، مه‌كته‌بی بیر و هۆشیاریی ی، ن، ك، سلێمانی، 2006، لاپه‌ڕه‌كانی 63 و 85 و 88 و 93 و 118 و 131 و 133 و 213.
(4) ولیه‌م ڕایش، دەروونناسیی جەماوەريی فاشیزم، وه‌رگێڕانی: هه‌ژار جوانڕۆیی، مه‌كته‌بی بیر و هۆشیاریی ی، ن، ك، سلێمانی، 2007، لاپه‌ڕه‌كانی 158 و 282 و 286 و 288.
(5) گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئیمبێرتۆ ئیكۆ، سازدانی: له‌یلا ئه‌عزه‌م زه‌نگه‌نه، وه‌رگێڕانی: هیوا قادر، ده‌زگای سه‌رده‌م، سلێمانی 2022، لاپه‌ڕه 73 و 74.
(6) هێماكانی دونیای ڕۆمان، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌ختیار عه‌لی، سازدانی: نه‌به‌ز گۆران، ناوه‌ندی ڕه‌هه‌ند، سلێمانی، 2024، لاپه‌ڕه 17.
(7) لۆدڤیگ فتگنشتاین، تراکتاتۆس، وه‌رگێڕانی: د. حه‌مید عه‌زیز، ناوه‌ندی مێژوویی جه‌میل ڕۆژبه‌یانی، سلێمانی، 2015، لاپه‌ڕه 41 و 90.
(8) محه‌مه‌د كه‌مال، فه‌لسه‌فه‌ی زمان، ده‌زگای سه‌رده‌م، سلێمانی، 2024، لاپه‌ڕه‌كانی 380 و 400 و 448.
(9) https://en.wikipedia.org/wiki/Ludwig_Wittgenstein
(10) هێماكانی دونیای ڕۆمان، لاپه‌ڕه 14 و 15.
(11) هـ، س، لاپه‌ڕه 15.
(12) https://en.wikipedia.org/wiki/Linguistics
(13) كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور، كوشتنی فیل و پاراستنی دوكانی شووشه‌وات، کتێبی ئەلکترۆنیی ماڵپەڕی ژنەفتن، هه‌ولێر، 2022، لاپه‌ڕه 27.
(14) فردیناند دی سوسێر، كۆرسێك له زمانه‌وانیی گشتی، وه‌رگێڕانی: نه‌ریمان عه‌بدوڵا خۆشناو، ناوه‌ندی ئاوێر، هه‌ولێر، 2018، لاپه‌ڕه‌كانی 56 و 70 و 165.
(15) به‌ختیار عه‌لی، نه‌فره‌تی نه‌وبه‌هاران، ناوه‌ندی ڕه‌هه‌ند، سلێمانی، 2024، لاپه‌ڕه 68.
(16) هـ، س، لاپه‌ڕه 82.
(17) میلان كۆندێرا، هونه‌ری ڕۆمان، وه‌رگێڕانی: كه‌ریم په‌ڕه‌نگ، ده‌زگای سه‌رده‌م، سلێمانی، 2008، لاپه‌ڕه 70.
(18) به‌ختیار عه‌لی، نه‌فره‌تی نه‌وبه‌هاران، لاپه‌ڕه 197 و 198.
(19) كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور، ئاماژه فه‌لسه‌فییه‌كانی شێواز و شێوازناسی، كتێبی نووسیار، دانیمارك، 2024، لاپه‌ڕه 102 و 103.
(20) https://en.wikipedia.org/wiki/Don_Quixote
(21) میلان كۆندێرا، وه‌سێتنامه خیانه‌ت لێكراوه‌كان، وه‌رگێڕانی: كه‌ریم په‌ڕه‌نگ، ده‌زگای سه‌رده‌م، سلێمانی، 2012، لاپه‌ڕ 28 و 29.
(22) هێماكانی دونیای ڕۆمان، لاپه‌ڕه 29 و 30.
(23) هـ، س، لاپه‌ڕه 34.
(24) میلان كۆندێرا، په‌رده، وه‌رگێڕانی: كه‌ریم په‌ڕه‌نگ، ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر، 2012، لاپه‌ڕه 127.
(25) هـ، س، لاپه‌ڕه 102.
(26) هێماكانی دونیای ڕۆمان، لاپه‌ڕه 54.
(27) كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور، ئاماژه فه‌لسه‌فییه‌كانی شێواز و شێوازناسی، لاپه‌ڕه 73 و 74.
(28) هێماكانی دونیای ڕۆمان، لاپه‌ڕه 67.
(29) هـ، س، لاپه‌ڕه 71.
(30) هـ، س، لاپه‌ڕه 72.
(31) https://en.wikipedia.org/wiki/Politics_(Aristotle)
(32) ولیه‌م ڕایش، دەروونناسیی جەماوەريی فاشیزم، لاپه‌ڕه 434.
(33) هێماكانی دونیای ڕۆمان، لاپه‌ڕه 94.
(34) بۆ زانیاریی زیاتر، بڕوانه: گۆڤاری شیعر، ژماره 13، چاپخانه‌ی كارۆ، سلێمانی، 2025، لاپه‌ڕه 188 تا 192.
(35) محه‌مه‌د كه‌مال، فه‌لسه‌فه‌ی زمان، لاپه‌ڕه 405.
(36) هێماكانی دونیای ڕۆمان، لاپه‌ڕه 109.
(37) هـ، س، لاپه‌ڕه 128.
(38) https://cultureproject.org.uk/kurdish/nietzsche-walking/
(39) هـ، س، لاپه‌ڕه 115.
(40) هـ، س، لاپه‌ڕه 117 و 118.
(41) هـ، س، لاپه‌ڕه 177.
(42) هـ، س، لاپه‌ڕه 141.
(43) هـ، س، لاپه‌ڕه 110 و 112.
(44) https://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=585316
(45) ئه‌لبێر كامۆ، مرۆڤی یاخی، وه‌رگێڕانی: ئازاد به‌رزنجی، ناوه‌ندی ئه‌ندێشه، سلێمانی، 2012، لاپه‌ڕه 166 و 167.
(