دواهەمین هەناری تاران

سابیری بینی کە بە خشەخشی عەلاگە و زڕەی کلیلەکانی هاتە ماڵەوە. بە پشتی دەستی چاوەکانی سڕی و دیسان تەقە تەق بە ساتوورەکەی خەریکی وردکردنی پیاز لەسەر تەختە دارینەکەی مەتبەخ بوو. سابیر عەلاگە بەدەست ڕوانی بە شانازدا کە دەموچاوی لە پشت هاڵاوی چێشتی سەر ئاگر  سوور هەڵگەڕابوو، چاوەکانیشی.

_ گریاوی؟

شاناز بە مشەیەک لووتی هەڵکێشا. سابیر میوە و سەوزەکەی لەناو یەخچاڵەکە جێ کردەوە.

_ بۆ ئەمڕۆ تەلەفوونێکت بۆ نەکردم؟

قرچەقرچی ڕۆن بەرز بوویەوە.

_ کابرایەک لەسەر دار و دیواری ئێمە کەوتۆتە خوارەوە، من ئەبێ لە هاوسێ و دراوسێ ببیسم؟

تەقەی ساتوور و تەختەکەی شاناز بەرزتر بوویەوە. ئاگر و دوکەڵ لە تاوەی سەر ئاگرەکە هەستایەوە. سابیر خێرا ئاگری ژێر تاوەکەی کوژاندەوە.

_ ئاخری خۆت ئەسووتێنی.

شاناز  جەستەی زل و شلی خۆی کێشا بەرەو لای گازەکە. پیازە ئەنجنراوەکەی کردە نێو ڕۆنەوە، قرژەی هەستا. سابیر ڕوانی بە چاوە تەڕەکانی شاناز کە خۆیان لێ دەدزییەوە.

_ وابزانم کوڕەکە هەر ئەو کوڕە بووە من ئەو جارە ڕاوم نا، منداڵتر و گورج و گۆڵتر بوو لەوانی تر،  بۆیە ئەویان ئەناردە سەرێ.

شاناز بە کەوچکێکی دارین پیازداخەکەی سەر و ژێر کرد.

_ ئەوە لەگەڵ تۆم نییە؟

دەنگی بەرزتر کردەوە.

 _ کرێکارێکی ئەفغانی لە بەردەم باخچەکەی ئێمە مردووە، هەموو خەڵکی گەڕەکی لێ کۆ بۆتەوە، تۆ بۆ تەلەفوونێکت نەکرد بۆ من؟

سامان وتبووی لێرە وەک کرێکاری ئەفغانی چاومان لێ دەکەن دایە، زۆر سووک.

شاناز  دەستی کرد بە شۆردنی ساتوورەکەی. سابیر بە پانتۆڵێکی کوردییەوە لە ژووری خەوتن هاتەدەر. قۆڵی کراسەکەی هەڵدایەو ەو بەرەو ئاودەس ڕۆیشت.

_ خوا خۆی لامان دات. ئەترسم شەڕ یەخەمان بگرێ.

شاناز ساتوورەکەی دانایە سەر مێزەکە و دانیشت. چاوی بڕییە دەستە سوور و گۆشتنەکانی کە وەک ساتوورەکەی ئاویان لێ دەچۆڕی.

سامان وتبووی: لێرە وائەزانن هەموو داعش و تیرۆریستین.

شاناز وتبووی: دەی قەزات لە دایە! ڕیش دامەنێ، منیش ئەترسم لەم ڕیشە پانەی کوڕی ئەم دەورە و زەمانە، چ بگا بەو داماوانە.

سابیر بە باڵ و قاچی تەڕ هاتە دەرەوە، بە زیکر و سڵاوات بەرماڵەکەی ڕاخست، خەریکبوو نییەت بێنێ، گەڕایەوە بەرەو لای شاناز کە لە پشتی مێزە دارینە بچکۆلەکەی مەتبەخ دانیشتبوو.

_ هەرچی ترسام شەڕی ئەم ئەفغانییانە ڕیشم بگری، ئاخری گرتی.

چاوەڕێی وەڵامی نەکرد. لەو کاتەوە سامان ڕۆیشتبوو شاناز کەمدوو ببوو و گرینۆک. نییەتی سێ ڕکات نوێژی مەغریبی هێنا، بەڵام نوێژەکەی دەست پێ نەکرد، هەر ڕوو لە قیبلە بە تووڕەیییەوە وتی: دوو هەزار ماڵ لەسەر ئەم چەمە دوور و درێژەی دەرەکەیە، هەر مابوو ئەو سەگبابە لەسەر دار و دیواری من بکەوێتە خوارەوە؟

ئەستەخفیرەڵایەکی کرد، بە دەنگی بەرز وتی ئەڵڵاهوئەکبەر و قامەتی بەست. شاناز بەرەو سەماوەری بەر پەنجەرەکە ڕۆیشت، قۆڕییە چینییە گوڵسوورەکەی هەڵگرت و چای کردە نێو پیاڵەیەک. سابیر بە دەم زیکرەوە بەرماڵەکەی فڕێ دایە سەر قەنەفە سوورە کۆنەکەی سووچی هاڵەکە و هات بەرەو مەتبەخ. شاناز پیاڵەیەک چای و دوو دەنکە خورمای نایە سەر سینییەکی گوڵگوڵین و داینایە سەر مێزەکە. سابیر دەنکە خورمایەکی نایەدەم.

_ ئەی بۆ خۆتت تێ نەکردووە؟

شاناز دستی هەڵپێکا لە لێواری مێزەکە و قورساییی لاشەی هەڵکێشا لە سەر کورسییەکە. ساتووری سەر مێزەکەی هەڵگرت و دیسان شۆردییەوە و ئەمجارە خستیە سەر ئاوتکێنە ستیلەکەوە. دەستەکانی بە پەڕۆیەکی سوور وشک کردەوە و لەسەر کورسییەکەی بەرامبەر بە سابیر دانیشت. چاوی بڕییە دەستە ڕەق و زبرەکانی سابیر. سەردەمێک ئەو دەستانە چەن بەقوەت و پیاوانە بوون. تازە زەماوەندیان کردبوو کە هاتنە تاران بۆ کارکردن لە ماڵە دەوڵەمەندێک. فرمێسک لە سەر کوڵمە چڕچ و گۆشتنەکەی خوڕەی کردە خوار. سابیر پیاڵەکەی دانایەوە سەر سینییەکە.

_ بزانە خۆت کوێر ناکەی بۆ ئەو هەتیوەسەگە.

چای بنی پیاڵەکەیشی هەڵلووشی.

_ ئەو گشتە خەفەتەی دایە بەرمان، ئەو هەموو زێڕەت فەوتاند کە کاکە سامان بڕوا لەوێ کاسە و کەوچک بشۆرێ؟ ئەویش شەوانە و بە دزییەوە، حەک داوەشێی!

فرمێسکەکانی شاناز لە ژێر چەناکەی خوڕەیان کردە خوار. سابیر بنی پیاڵەکەی کوتایە سەر مێزەکە، وەک دادوەرێک کە بیهەوێ هەمووان لە دادگە بێدەنگ بکات.

_  بیبڕەوە ئیتر!

شاناز لە پشتی پردەی فرمێسکەکانی هەستی کرد ڕوخساری سابیر لە ژێر ئاوەوە دەبینێ، گرمەگرمی سەری دەست پێبۆوە. دەمی سابیری دەبینی دەجووڵایەوە، بەڵام هیچی نەدەبیست. سەری ئەوەندە قورس ببوو کە هەستی کرد نایتوانێ و داینایە سەر مێزەکە. سابیر سەری بەرز کردەوە، حەبێکی دایە و پەرداخێک ئاوی کرد بە دەمییەوە. نەیدەتوانی ئاوەکەی قووت بدات، هەستی کرد خەریکە دەخنکێ. سامان جارێک لە خنکان ڕزگاری ببوو، لە قەراخ ئاوەکانی فەرەنسا پۆلیس فریای بەلەمەکەیان کەوتبوو، لەو بیست و سێ کەسەی ناو بەلەمەکە تەنیا سامان و چوار کەسی تر ڕزگاریان ببوو. شاناز کۆخەیەکی کرد. سابیر پەرداخەکەی دانا.

_ بۆ حەبەکانت ناخۆی؟  گەرەکتە خۆت بدەیتە کوشت بۆ کوڕەتاقانەکەت کە خۆشیی خۆی ئەکات لە غاریج و ناخۆشییەکانی بۆ دایکی ئەگێڕێتەوە؟

شاناز دوو ساڵ بوو کەوتبووە بەر شاڵاوی تانە و تەشەری مێردەکەی. تاوانی تەنیا ئەوە نەبوو کە هەموو زێڕەکانی بە دزیی سابیرەوە فرۆشتبوو  تا سامان بتوانێ بڕوات، نەیشیهێشتبوو بزانێ ڕۆیشتووە تا سامان لە یۆنانەوە تەلەفوونی کرد. بە سابیری وتبوو کە سامان چووە بۆ ڕوانسەر بۆ ماڵی خوشکەکانی. کە سابیر زانی دایک و کوڕ فێڵیان لێ کردووە، ئیتر وەڵامی تەلەفوونی سامانی نەدایەوە و شانازیشی خستە بەر شاڵاوێکی بێبڕانەوەی تانە و تەشەر.

_ چایچێتی و دەرکەوانی پێ عەیب بوو؟ ئینگلیز گیانی گەرەکبوو؟ دەی بخوا! ئەوە دەردی بێ. با بڕوا قنگی ئەو ڕەشپێستانە بشۆرێ.

سامان وتبووی کە لەگەڵ ڕەشپێستێکی سومالی ژوورێکیان پێداون و هاوڕێکانیشی کاری خاوێن کردنەوەی ئاودەستی ڕیستورانێکیان بۆ پەیدا کردووە. سابیریش هەموو ئەو قسانەی دەکردە تانە و تەشەر و ڕۆژ نەبوو نەیکوتێ بە ناوچاوی ژنەکەیدا. لەو چل و چەن ساڵەی ژیانی هاوبەشییان ئەوەندەی ئەو دوو ساڵەی تاقەکوڕەکەیان ڕۆیشتبوو، ئازاری شانازی نەدابوو. ئازاریشی دەدا و بەزەیشی پێدا دەهاتەوە. باوەشی کرد بە قۆڵ و باڵی قەڵەوی شاناز کە جاران بە بازنە و دەستبەنی زێڕ داپۆشرابوون. ئەو هەموو ساڵە کۆی کردبوونەوە بۆ ژنخواستنی سامان. دەسکەوتی چل و چەن ساڵ ژیان لە غەریبی، تەنیامانەوە و غەریب بوون لەگەڵ خزم و دیاری خۆیان بوو. تەنانەت ئەوندەی کچەکانیشیان کە لە تاران لەدایک بوون و گەورە ببوون هەستیان بە نزیکبوون لەگەڵ کوردەواری نەدەکرد. کە کچەکان مێردیان کرد بە خزم و بۆ ژیان چوون بۆ کوردستان، سابیر و شاناز پێیان وانەبوو لەوێ تاقەت بێنن، چوونکە خۆیان تەنانەت لە سەفەرێکی دە دوازدە ڕۆژەیشدا وەڕەز دەبوون و زووتر لە کاتی تەواوبوونی پشووی سابیر دەگەڕانەوە بۆ تاران.

شاناز لەو کاتەوە سامان ڕۆیشتبوو، سەرنجی بەرەو لای هەر کوڕە لاوێک ڕادەکێشرا کە پێی وابوو تەنیا و غەریبە. زۆر بەزەیی بەو کوڕە گەنجە ئەفغانیانەیش دەهاتەوە کە بە کۆمەڵ سواری ئۆتۆمبیلەکەی شارەوانی دەکران بۆ خاوێنکردنەوەی چۆمەکەی بەرماڵیان. هەر ئەو کوڕە گەنجانەی تا دەیانزانی کەسێک بە دیارەوە نییە خێرا هەڵیاندەکردە قەدی دیوارەکە و ئاوێزانی لەق و پۆی دار هەنارەکان دەبوون و سابیریان دەهری دەکرد. جارێک سەوەتەیەکی پڕ خوڕماڵووی دا بە سابیر لەسەر دیوارەکە شۆڕی کاتەوە بۆیان. سابیر تووڕە ببوو.

_ ژنەکە بۆ خاتری خوا با ئەم ئەفغانیانە فێری ئەم باخچە و ماڵە نەبن، هەر بزانن پیاوت لە ماڵەوە نییە، دێن و سەرت ئەبڕن بۆ دوو تمەن.

سابیر پاش نوێژی بەیانی کاتێک کە هێشتا ڕۆژ هەڵنەهاتبوو دەڕۆیشتە سەر کار و کە ڕۆژیش ئاوا دەبوو بۆ نوێژی مەغریب خۆی دەگەیاندەوە ماڵەوە. لەم چەند ساڵەی دواییدا دەرکەوانێکی گەنجیان هێنابوو و ئیتر شەوانە سابیریان ڕانەدەگرت. چەند جاریش خەو بردبوویەوە. هەر بۆیە زیاتر کار و هەرمانی نێو باخ و حەوش و حەسار و گوڵ و داریان پێ دەسپارد. دوای ئەو هەموو ساڵە، ئێستایش هەر هەموو بەیانییەک دەرگاوبانی ماڵەوەی هەڵدەپێکا و بە قایمکاریی تەواوەوە هەموو کون و قوژبن و ڕێگایەکی دادەخست. کەمتەرخەمیی سرووشتیی شاناز و گیژ و خەواڵوو بوونی لە بەر حەب و دەرمانی میگرێنەکەی، ترس و دڵەڕواکەی بەردەدایە گیانی سابیر و یەکسەر دەیگوت: دەرگا لە کەس نەکەیتەوە! نزیکی ئەو دیوارە نەبیتەوە! با کەس نەزانێ تەنیای.

شاناز هەستی کرد گرمەگرمەکەی سەری نەماوە، دەستێکی کێشا بە چاوە تەڕەکانیدا و هەستیایەوە سەر پێ. دوو کاسەی گڵینەی شینی هێنا و داینایە سەر مێزەکە. سابیر گەڕایەوە بۆ سەر کورسییەکەی. هەڵمی ترشاو لە هەردوو کاسەکە هەستایەوە.

_ بێقەزابی! دوێنێ ئێوارە ڕانی بەرخێکم هێنایەوە ئێستا ترشاوم ئەدەیتێ؟

شاناز ڕۆن خۆمانەی لەسەر ئاگر قرچاندەوە و ڕژاندییە سەر تریتەکەی سابیر.

_ ئەی خۆت؟!  گەرەکتە ئەو هەموو کرۆستۆڵە هەر من بیخۆم خانم؟

سابیر نەخوێندەوار بوو، شانازیش. شاناز دەفری ڕۆنە قرچاوەکەی لەسەر مێزەکە دانا و دەستی کردە تریتکردنی ترشاوەکەی. سابیریش بە ناقایلی دەستی کردە تریتکردن.

_  تۆ ئەمڕۆ دەرگای باخچەکەت کردۆتەوە؟

لەو ڕۆژەوە شاناز سابیری دەناسی هەروا بوو. ڕەشبین و قایمکار. بەردەوام بە پرسیارەکانی شانازی وەڕەز دەکرد و لە ئاکامیشدا کە نە هیوای بە شاناز دەما و نە هیچکام لە منداڵەکانی دونیایان بەو ڕەشی و نائەمنییەی دەبینی کە باوکیان لێی دەڕوانی، خۆی دەست بە کار بوو و ئاگای لە هەموو شتێک بوو، لە ماڵ، منداڵ، ئاو، ئاگر، دەرگا و پەنجەرە و دەروبان. لەو کاتەوەیش سامان ڕۆیشتبوو بە جەناب سەرهەنگی وتبوو کە تەنانەت کاتێک دەرکەوانە لوڕستانییەکەیش دەچێتەوە بۆ شارەکەیان، شەوانە ئەو ڕانەگرێ. وتبووی ژنەکەم خەوف دەکات. لە هەموو شتێک دەترسێ. کەوچکەکەی خستە نێو کاسە تریتەکەی.

_ ئەی بە زیاد نەبێ، حەیفی ئەو گشتە ڕۆن خۆمانەیە.

سامانیش ترشاوی پێ خۆش نەبوو. کچەکانیش، خۆیشی، بەڵام بەپێی عادەتی چل ساڵەی هەموو پاییزێک دواهەمین بەرەی هەناری دەکردە ترشاو. هەموو جارێ گۆشت بەرخیشی تێدەکرد بۆ ئەوەی تام و چێژێکی پێ بدات، باشترین ڕۆن خۆمانەی بۆ دەقرچاندەوە، بەڵام هەر نیوەی زیاتری نەدەخورا و دەیبرد بۆ ئەو پیرەژن و پیرەپیاوە کوردەی دراوسێیان کە هەرجارەو چێشتی تەڕی دەکرد کاسەیەکی بۆ دەبردن. سابیر ئاگری سەماوەرەکەی کوژاندەوە. پیاڵەیەک چای تێکرد و گەڕایەوە و بەرامبەر بە شاناز دانیشت.

_ زاهیر ئەیوت کوڕە مێشکی تەقیوە. خوێن لە ژێر سەری ڕۆیشتووە. ئاغای ئەسەدزادەیش ئەیوت کرێکارەکانی شارەداری بە سەتڵ لیقاوە ڕەش و بۆگەنەکەی چۆمەکەیان کردۆتە سەر چیمەنتۆکە و خوێنی کوڕەیان شۆردووە. شاناز کاسەکانی هەڵگرت و ڕۆیشت بەرەو سینکی دەفرشۆردن.

جارێک لە سنووری تورکیا و یۆنان تەقەیان لە سامان و هاوسەفەرەکانی کردبوو. یەکێک لە هاوڕێکانی گوللە لە سەری کەوت و مێشکی پژابوو. ئاوی بەردایە نێو کاسەکان و ئیتر دەنگی سابیری نەدەبیست. سابیر خۆی گەیاندێ. ئاوەکەی بەست و پەڕۆ زوورەی دەفرشۆری لە دەست سەند و فڕێی دایە نێو سینکەکەوە.

_ شاناز! مەعمووری شارەداری و لەویش خراپتر پۆلیس لە سبەینێوە بەری دەرگامان پێ ئەگرن و پرسیاربارانمان ئەکەن. پێم بڵێ چی قەوماوە با دووقسە نەبین، با خوێنێکی ناحەق نەکەوێتە ملمان.

 شاناز دەستی کەفاوی برد بەرەو ساتووری سەر ئاوتکێنە ئستیلەکە. سابیر لە دەستی دەرهێنا و وتی: لێیگەڕێ! لە ئێوارەوە حەوت جار پاکاوت دا. شاناز دەستی کێشا بۆ  ساتوورەکە. سابیر دەستی بەرز کردەوە بۆ ئەوەی نەتوانێ لێی بستێنێ، ساتوورەکە قورس بوو، شانازیش لە ئەو بەرزتر و کەڵەگەتتر، بۆیە ساتوورەکەی لە دەستی سابیر دەرهێنا و ڕۆیشت بەرەو مێزی مەتبەخەکە. تەق و کوت دەستی کردە لەت لەت کردنی ڕانە بەرخەکە. لە پەنجەرەی مەتبەخەکەوە کابرایەکی بینی لە سەر دارهەنارەکەیە و خەریکە هەنارەکان دانە دانە لێ دەکاتەوەو فڕێیان دەداتە خوارەوە.  بە سەوەتەیەکی پڕ لە هەنار خۆی گەیاندە باخچەکە. کە دەرگای باخچەی کردەوە لە دوورەوە هاواری کرد: وەرە خوارێ. کوڕەی سەر دارهەنارەکە پیرەژنێکی بینی بە قژێکی  سپی لوولەوە  کە پەڕۆیەکی ڕەشی بەستبوو بە سەرەیەوە و بە کراسێکی شۆڕەوە خەریکبوو هاواری دەکرد و لێی نزیک دەبوویەوە. سەوەتەیەکی بە دەستەوە بوو و ساتوورێکیش بە دەستێکیی دیکەیەوە، لە دوورەوە ساتوورەکەی ڕادەوەشاند و هاواری دەکرد. پێیەکانی گەڕان بە شوێن لقێکدا لەسەری ڕاوەستێ تا بتوانێ باز بداتە خوارەوە. قیڕاندی: پیرەژنێکی شێت خەریکە بە ساتوورێکەوە دێت. هاوڕێکانی وەک شارە مێروولە شڵەژان و هەرکامەیان بەرەولایەک ڕایانکرد. شاناز بە هنەهن لە دارهەنار و دیواری باخەکە نزیک دەبوویەوە. کوڕەیش بە پەشۆکاوی دەست و لاقی بە شوێن لق و پۆیەکی قایم و بتەو دەگەڕا. کە شاناز گەیشتە دیوارەکە، دەنگی شکانی لق و پۆی دارهەناری بیست، سەری بەرز کردەوە و کوڕەی بینی بە سەر هوروژمی بردە خوار. کە زرمەی کەوتنی هات شاناز سەری کێشا بۆ ناو چۆمەکە. مێشکی کوڕە وەک دەنکی هەنار پژابوویە سەر چیمەنتۆی بندیواری چۆمەکەوە. گرمەگرمی سەری دەست پێبوویەوە. سامانی بینی دوو زلی سوورهوڵ گرتوویانەتە ژێر شەق و لەقە.

_ خوێنی لووتم پژابووە سەر شووستەکە. هەرچی هاوارم کرد نیازم یارمەتیدانی ئەو ژنە بووە، گوێیان نەدامێ، خەڵکێکی زۆر بە دەورمان کۆ بوونەوە، بەڵام یەک کەس فریام نەکەوت. کە زانیان پۆلیس خەریکە دێ وازیان هێنا لە لێدانم و ڕایانکرد.

شاناز بە سەوەتەهەنار و ساتوورەکەی دەستی گەڕایەوە بۆ لای مێزە دارینەکە و دەستی کردەوە بە لەت و ورد کردنی ڕانی بەرخ. ساتوورەکەی زرم کێشایە سەر مێزەکە. مێزەکە شەقی برد. سابیر بە هەموو زۆرێکی ساتووری لە دەست دەرهێنا. شاناز دانیشتەوە. سابیر لەسەر سەری ڕاوەستابوو، هەموو گیانی دەلەرزی. شاناز بە دەستە گۆشتنەکانی دەموچاوی داپۆشی. سابیر زانی ئێستا شین و شەپۆڕی بەرز دەبێتەوەوە. باوەشی پێدا کرد. جەستەی زل و قەڵەوی شاناز لە نێو باسک و شانی باریک و بێگۆشتی سابیر دەلەرایەوە. وەک ئەوەی منداڵێک ئاشت بکاتەوە چرپاندییە گوێچکەی:

_ گوناهی تۆ نەبووە.

شاناز بە دەم هەنسکی گریانەوە لەپی دەستی دەکوتایە سەر ڕانی.
_  لە سامانیش منداڵتر بوو.

سابیر دەستی شانازی گرت لە خۆی نەدات.

_ حەبەکانت ئەدەمێ، بڕۆ بخەوە.

– خۆزگە هەر نەچووبایەم، خۆزگە هەر بانگم نەکردایە.

سابیر  خەشاوی کەوانتەری ژێر سەماوەرەکەی کێشایەدەر. حەبە ورد و درشت و ڕەنگاوڕەنگەکانی دانەدانە دەنایە دەمی شاناز و ئاوی دەکرد بە شوێنیاندا.

_ تۆ نەڕۆیشتوویتە دەرەوە. بانگی کەسیشت نەکردووە، هەر لە ماڵەوە بووی، ئەزانی؟ هیچ شتێکیشت نەدیوە، تێگەیشتی؟

گریانەکەی شاناز بەرەو شینێکی هیستریک هەڵچوو. سابیر بە ئارامی وەک بڵێی منداڵێک دەخەوێنێ وتی:

_ تۆ وەک هەموو ڕۆژانی تر حەبەکانی میگرێنت خواردووە و خەوت لێکەوتووە تا ئێوارە. تۆ کەست نەدیوە، بانگی کەست نەکردووە، تۆ تەواوی ڕۆژ خەوتبووی…

هەنسکەکانی شاناز هێدی هێدی بوون بە باوێشک. سابیر ژێرباڵی گرت و بەرەو ژووری خەوتنی برد. یارمەتیی دا لە سەر تەختەکەی ڕاکشێ. بەتانییەکی پێدادا، چرای ژوورەکەی کوژاندەوە و گەڕایەوە بۆ پشت مێزە دارینەکەی مەتبەخ. دەستی کێشا بە سەر قەڵشی قووڵی مێزەکە. دەستی برد بۆ ژێر چاوی. خوێن و فرمێسک تێکەڵ ببوون.  

تاران

ڕێبەندانی ١٤٠٣