مێژووی گریان
فرمێسک وەک بەڵگەنامە
زیاتر لە دوو دەیەیە بواری گریان وەک یەکەیەکی توێژینەوەی مێژوویی و وەک بەشێک لە ڕەوتێکی فراوانتر لە مێژووی کەلتووری و سۆزداریدا دەرکەوت، ئەم مێژووە تەنها هەوڵ نادات لەوە تێبگات، کە مرۆڤەکان لە ڕابردوودا چییان کردووە، بەڵکو هەوڵ دەدات ئەوە ئاشکرا بکات، کە (هەست)یان بەچی کردووە و چۆنیان دەربڕیوە. بەم پێیە (مێژووی گریان) دەچێتە چێوەی گۆڕانکارییەکی میتۆدۆلۆژییەوە، کە ڕێگە بە دداننان بە هەستەکان دەدات، وەک هۆکارگەلێکی مێژوویی و بەڵگە لەسەر نەریتە کەلتوورییەکان و پەیکەرە سیاسییەکان و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان.
یەکەم: چەمکی مێژووی گریان
(مێژووی گریان) ئاماژەیەکە بۆ ئەو توێژینەوە زانستییانەی کە دەیانەوێت لە چۆنێتیی فرمێسک و گریان و دەربڕینی ئاشکرا یان تایبەتی خەم یان خۆشی لە تەواوی کۆمەڵگە و سەردەمە جیاوازەکان تێبگەن. هاوکات پرسیار گەلێکی وەک: (بۆ کێ ئاسایییە بگری؟ کەی و بۆچی؟ فرمێسک لە ناوکۆ کەلتووری یان ئایینییەکاندا چی دەگەیەنێت؟) دەوروژێنێت. لەجیاتی ئەوەی گریان وەک کاردانەوەیەکی بایۆلۆژی جیهانی سەیر بکەن، مێژوونووسان گریان وەک کردەیەکی کۆمەڵایەتی کەلتووری دەبینن، کە لە نێو سروت و چاوەڕوانییە ڕەگەزییە کۆمەڵایەتییەکان و مومارەسە ئاینییەکان و گوزارشتە سیاسییەکاندا پێکهاتووە.
بەم شێوەیە گریان دەبێتە هاوێنەیەک بۆ تێگەیشتن لە شێوە کەلتوورییەکان، لە گریانی ئایینی سەدەکانی ناوەڕاستەوە وەک نیشانەیەک لەسەر بەخششی خودایی، هەتا چەمکەکانی هەستیارێتیی ڕۆشنگەری، دواتر بۆ ڕێکخراوەکانی سەردەمی نوێگەریی، کە نێرینە کۆنترۆڵ دەکەن و هەستەکان سەرکوت دەکەن.
دووەم: ڕیشە و پەرەسەندنەکان
گرنگیدانی سیستماتیکی بە توێژینەوەی سۆزەکان، لەوانەش گریان، لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکاندا دەستی بە زیادبوون کرد. لەو کەسە سەرەتایییانەی کە کاریگەرییان لەو بوارەدا هەبوو، پیتەر ن. ستیرنز و هاوسەرەکەی کارول ز. ستیرنز بوون، کە بۆ دامەزراندنی بواری (مێژووی سۆزەکان) یارمەتیدەرێکی باش بوون، ئەوان ئەو بیرۆکەیان خستەڕوو، کە سۆزەکان لەڕووی بایۆلۆجییەوە نەگۆڕ نین، بەڵکو بەپێی مێژوو دەگۆڕێن. کتێبەکەیان Emotionology (1985) خاڵی دەستپێک بوو، بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنێتیی هەستکردنی گەلان و چۆنێتی فەرمانکردنی کەلتوورەکانیان بە دەربڕینە سۆزدارییەکان. پاشان بیرمەندی ئەمریکی تۆم لوتز کتێبی (مێژووی گریان: مێژووی فرمێسکی سروشتی و کەلتووری)ی بڵاوکردەوە، کە پشکدارییەکی بێوێنە بوو لە (مێژووی سۆزەکان)دا، لوتز پرسیارێکی نائاسایی بەڵام چارەنووسسازی خستەڕوو: ئایا گریان مێژوویەکی هەیە؟ هاوکات ئایا دەکرێ فرمێسک ئاوێنەیەک بێت، بۆ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتوورییەکان، لە ژیارەکاندا؟ کتێبەکە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1999 لە نیویۆرک بڵاو کرایەوە و لەو کاتەوە سەرنجی توێژەرانی زانستە مرۆیییەکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە، بە تایبەت لە بوارەکانی مێژووی کەلتووری و ئەنترۆپۆلۆجیا و توژینەوەی جەستە و سۆز. چونکە تیایدا لێکدانەوە فەلسەفی و ئایینی و پزیشکییەکانی گریان لە سەردەمە کۆنەکانەوە تا سەردەمی مۆدێرنی باس کرد و ئاسۆی لێکۆڵینەوەکانی فراوانتر کرد.
هەروەها (باربارا ڕۆزنڤین) بە نموونەکانی کە بریتی بوون لە (کۆمەڵگە سۆزدارییەکان) پشکداری کرد و بەوەش یارمەتی ئەوەی دا کە گریان لە نێو ناوکۆ کەلتووری و زەمەنییە دیاریکراوەکاندا دابنێت، لە کاتێکدا مێژووناسانێکی وەک (یۆهان هویزینگا، ویلیام ڕێدی و یوت فرێڤێرت) شیکاریگەلێکی گریانیان وەک کردەیەکی نمایشی و سیاسی پێشکەش کرد، ئەمەش پێگەی گریانی وەک بابەتێکی لێکۆڵینەوەی مێژوویی جددی بەهێز کرد.
سێیەم: گرنگی مێژووی گریان
گرنگی (مێژووی گریان) لەوەدایە، تیشک دەخاتە سەر بوارێک، کە لە توێژینەوە مێژوویییەکاندا شوێنێکی بۆ دیاری نەکراوە و پشتگوێ خراوە، فرمێسک، وەک لوتز نیشانی دەدات، هەرگیز بێلایەن نەبووە، بەڵکو ملکەچی تۆڕەکانی دەسەڵات و هێز بووە، جا چ ئایینی یان پزیشکی یان سیاسی بێت.
هەروەها بە بوارگەلێکی نوێی مەعریفییەوە بەستراوەتەوە، وەک (مێژووی جەستە) و (توێژینەوەی هەستەکان)، لەو خاڵەوە دەست پێ دەکات، کە ئەوەی ئێمە بە ئاسایی دەزانین، لە ڕاستیدا لە ڕووی کەلتوورییەوە مەرجدارە. وەک چۆن جەستە لە ڕێگەی جل و بەرگ و ڕەفتارەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت، بە هەمان شێوە هەست و سۆز لە ڕێگەی پێوەرەکانی زمان و ئەدەب و ئایین و دەسەڵاتەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت.
تەنانەت لەم ڕوانگەوە دەتوانرێت کتێبەکەی لوتز ببێتە سەرچاوەیەکی ڕەخنەگرانە دەربارەی چۆنێتیی دروستکردن و بەسیاسیکردنی هەستەکان و چۆن دەکرێت گریان ئامرازێک بێت بە دەستی دەسەڵاتەوە، یان ئامرازێک بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو (واتە دەسەڵات)، بەپێی ناوکۆکە، ئەوە توێژینەوەیەکە، نەک دەربارەی فرمێسک وەک دیاردە، بەڵکو دەربارەی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی سۆزدار، کە فرمێسکەکانی بەپێی سیستمی ئەو جیهانەی تێیدا دەژی، دادەڕێژرێت.
هەروەها (مێژوویەک گریان) بابەتێک نییە دەربارەی لاوازی مرۆڤ، وەک ڕەنگە ناونیشانەکە ئاماژەی پێ بدات، بەڵکو باس لە ئاڵۆزی خودی ئەزموونی مرۆڤ دەکات. لۆتز ئەوەمان بیر دەخاتەوە، کە (هەستەکان) بە ئەندازەی (عەقڵەکان) لە دروستکردنی ژیارەکانماندا گرنگن. فرمێسکەکانیش لەوە دوورترن کە تەنها شلەیەک بن لە چاوەوە بێنەخوارەوە، بەڵکو دەقگەلێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیین، کە دەخوێندرێنەوە و ڕاڤەیان بۆ دەکرێت و حوکمیان بەسەردا دەدرێت.
لەم ڕوانگەیەوە، مافی ئەوەمان هەیە، کە کتێبەکەی لۆتز بە بانگهێشتێکی کراوە بۆ سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە هەست و سۆزی ڕۆژانە دابنێین، چونکە لە (مێژووی بەکۆمەڵ)مان و (سروشتی ئەو سیستەمەی کە لە سایەیدا دەژین)، دانەبڕاون.
تەنانەت دەتوانین ئاماژە بۆ ئەوە بکەین، کە مێژووی گریان لە سێ پێشکەوتنی گەورەی توێژینەوە مێژوویییەکاندا پشکداری کردووە:
1. مێژووی کەلتووری – گریان بۆ تێگەیشتن لە سروت و مومارەسەی ماتەمینی و بارە ڕۆحییە ئایینییەکان بەکار دێت، بەتایبەت لە کۆمەڵگاکانی پێش مۆدێرنەدا.
2. توێژینەوە جێندەرییەکان – شیکردنەوەی ئەوەی کە کێ ڕێگەی پێدراوە بگری و کێش نا، دابونەریتە جێندەری و بونیادنانی چەمکەکانی نێرینەیی و مێینەیی بەدرێژاییی مێژوو ئاشکرا دەکات.
3. مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی – فرمێسکی گشتی، چ لە پرسە شاهانەییەکان، یان لە بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان، یان ئەو خەمەی کە لە میدیا نوێیەکاندا نمایش دەکرێت، گوتاری سۆزداریی دەسەڵات و شەرعیەت و دژایەتی نیشان دەدات.
بەکورتی، گریان تەنها کردەوەیەکی کەسی نییە، بەڵکو دەربڕینێکی بونیادیی کەلتوور و ڕێکخراویی و کۆمەڵایەتی و راڤەکردنێکی مێژوویییە.
چوارەم: گریان وەک ڕووداوێکی کەلتووری
لوتز گریان وەک وەڵامدانەوەیەکی فسیۆلۆژی یان بارێکی سۆزداریی ئاسایی پێناسە ناکات، بەڵکو وەک کردارێکی کەلتووریی مەرجدار، کە لەلایەن پێوەرە کۆمەڵایەتی و ناوکۆ مێژوویییەکانەوە بەڕێوە دەبرێت، دەناسێنێت. لە شیکارییەکانیدا پشتی بە سەرچاوە گەلێکی جۆراوجۆر بەستووە، وەک دەقە ئایینی و ئەدەبییەکان و ڕاپۆرتە دەروونی و ئەرشیفی ڕۆژنامە و تەلەڤزیۆنییەکان. لە ڕێگەی ئەم دەوڵەمەندییە دەقییەوە، ئەوە دادەمەزرێنێت، کە دەتوانین پێی بڵێین (ئەنترۆپۆلۆژیای کەلتووریی فرمێسکەکان).
بۆ نموونە ئەو ئەو بەوردیی هەڵوێستە لەسەر (فرمێسکی چێژ و بەخشس و پاڵەوانی گریاو) دەکات و توێکاری بۆ (جەستەی گریاو) و (سایکۆلۆجیای فرمێسک) و (پیا و ژن و منداڵی شیرەخۆرە) و (کەلتووری ماتەمینیی) و (فرمێسکی تۆڵە و فریودان و هەڵاتن و هاوسۆزی) و (فرمێسکی ئەدەبی و هونەری) دەکات. هەموو ئەمانەش بە چەندین نموونە و دەقگەلێکی مێژوویی ڕەسەنی جۆراوجۆری نێو کەلتووری کۆمەڵگەکانی خۆرئاوا سەلمێنراون. بۆ نموونە ئاماژەکردن بە چۆنێتیی گریانی سەرکردەکان لە ژیارە کۆنەکاندا (وەک فرمێسکەکانی ئەسکەندەری مەزن لەبەردەم پەیکەری ئەخیلدا)، ئەمەش وەک ڕێگەیەک بۆ نیشاندانی خانەدانێتی نەک لاوازی. لە بەرامبەردا و لە سەردەمی ڤیکتۆرییدا لە بەریتانیا، کاریان بۆ سەرکوتکردنی ئەم هەستانە لە پیاواندا دەکرد، چونکە پێیانوابوو گریان جۆرێک لە (مێینەیی زیادەڕۆیی)انەیە.
پێنجەم: نموونە و ناوکۆکان
یەکێک لەو نموونە سەرنجڕاکێشانەی کە لۆتز لە کتێبەکەیدا دەیهێنێتەوە، دیمەنی گریانی (وێرتەر)ە لە ڕۆمانە بەناوبانگەکەی گۆتەدا (ناڵاندنەکانی وێرتەری گەنج)، لەوێدا فرمێسکەکان وەک نیشانەی شکان نەخراونەتەڕوو، بەڵکو هەر لە وێنەی خودێکی ناسک دەچێت، کە بە گرژییەکی ئاکاری و جوانکارییەوە لەگەڵ جیهاندا کارلێک دەکات. لۆتز دەڵێت ئەم شکۆمەندکردنەی گریان، وەڵامدانەوەیەکی ناڕاستەوخۆ بوو، بۆ (جمود)ی هەستەکان لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا، کاتێک عەقڵ و وابەستەیی بە تایبەتمەندیی مرۆڤی نموونەیی دانرا.
لە نموونەیەکی دیکەدا لۆتز باس لە هەڵوێستی کڵێسە بەرامبەر بە فرمێسکی ژنان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دەکات، کە هەندێک جار بە نیشانەی تەوبە و تەقوا و لە هەندێک کاتیشدا بە نیشانەی ئەو مەترسییە شاراوەیە دادەنرا، کە لە سۆز و خولیای ژنە هەڵچووەکاندا هەبوو. ئەم نەسازییە ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە چۆن فرمێسکەکان بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی ڕۆحی و ئاکاری بەسەر جەستە و ڕەفتاری ژناندا بەکار هێنراوە.
تەنانەت لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکانیشدا گریان ڕۆڵێکی سەرەکی لە سرووتەکانی تەوبە و ئامۆژگاریدا هەبووە، بە تایبەت لە سۆفیگەریدا. فرمێسک وەک نیشانەی دڵپاکی و نزیکی بەندە لە خوداوە لێی ڕوانراوە. تەنانەت کۆمەڵی گریاوەکان (البکاءون) هەن.
لە ئاینزای شیعەشدا گریان بۆ حوسێن لە عاشورادا، بە یەکێک لە دیارترین ڕێوڕەسمەکان دادەنرێت. لەوێدا گریان کردارێکی دەستەجەمعییە، کە شوناس و پەیوەندیدارێتی بەهێز دەکات و بە چەمکەکانی ستەم و بەرەنگاری و دڵسۆزییەوە گرێدراوە.
لە سەردەمی مۆدێرنیشدا، دیمەنەکانی گریانی بەکۆمەڵ لە پرسەی کەسایەتییە بەناوبانگ و گشتییەکاندا بە زەقی هەستی پێ دەکرێت، وەک ڕیوڕەسمی مردنی جەمال عەبدولناسر لە میسر یان ئیمام خومەینی لە ئێران، دیارە کە ئەم ساتانە سروتگەلێکی مۆدێرن و ماتەمینی گشتی پێک دەهێنن، کە تامەزرۆیی جەماوەر بۆ دەربڕینی ئازادانەی ئازار لە بەرامبەر جیهانێکدا نیشان دەدات، کە گوتارێکی وابەستەیی و پتەوی دەگرێتەبەر.
شەشەم: میتۆدەکان
دیارە وەک ئاماژەی پێکرا، ناکرێت بە تاکە میتۆدێکی کایەیەکی دیاریکراوی نێو زانستە مرۆڤایەتییەکان مامەڵە لەگەڵ بابەتێکی فرە ڕەهەند و قووڵی وەک مێژووی گریان بکرێت، چونکە بۆ نێو چەندەها بواری زانستە مرۆڤایەتییەکان شۆڕ بووەتەوە، بۆیە دەبێت بۆ تویژینەوە لەو مێژووە فرە میتۆدی بەکار بهێنرێت، هەروەک لۆتز لە کتێبەکەیدا پشت بە فرە میتۆدی دەبەستێت، کە (شیکاری جینالۆجی) بە شێوازە فۆکۆیییەکەی، (توێژینەوەی دەقی بەراوردکاری) و (مێژووی پزیشکیی دەروونی) و (هەڵوەشاندنەوە) تێکەڵ دەکات. لوتز بەدوای کرۆنۆلۆژیا (بەدوایەکداهاتووی زەمەنی)ی گریانی مرۆڤدا ناگەڕێت، بەڵکو هەڵوێستە لەسەر ئەو ساتانە دەکات، کە دامەزراوەکان تێیدا واتا و سنووری فرمێسکەکانیان گۆڕیوە.
هەروەها وەک نموونە، ئەوە دەخاتە ڕوو، کە چۆن گوتاری پزیشکیی دەروونی سەدەی نۆزدەهەم لە پۆلێنکردنی هەندێک شێوەی گریان، وەک (گریانێکی هیستری) لە ژناندا پشکداری کردووە، لە کاتێکدا هەمان هەڵسەنگاندن ئاڕاستەی گریانی پیاوان نەکراوە، ئەمەش لایەنگریی ڕەگەزی لە تەکنیکەکانی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردندا ئاشکرا دەکات. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، کە گریانی کۆیلە و کۆڵۆنیاڵکراوەکان تەنها وەک نیشانەی لاوازی یان دواکەوتوویی تۆمار کراوە، نەک گوزارشتێکردنێکی ڕەوای ئازار یان ناڕەزایەتی بێت.
حەوتەم: مێژووی گریان لە کۆمەڵی کوردەواریدا
کۆمەڵی کوردەواری، وەک کۆمەڵێک کە مێژوویەکی دوور و درێژ و پڕ ئازار و جەنگ و ڕاگواستنی هەیە، هەڵگری یادەوەرییەکی بەکۆمەڵی دەوڵەمەندە، دەربارەی ئەزموونەکانی خەم و ئازار و لەدەستدان. لێکۆڵینەوە لە مێژووی گریان لەم ناوکۆیەدا، دەتوانێت ئاسۆیەکی نوێ بۆ تێگەیشتن لەو میکانیزمە کەلتوورییانە بکاتەوە، کە لە ڕێگەیانەوە کورد خەمی خواردوە و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە توندوتیژی و قڕکردن دەربڕیوە، یان ڕووبەڕووی ئازار بووەتەوە. بۆ نموونه گریان و شینی ژنان لە بۆنەکانی ساڵیادی ئەنفال و کیمیاباران و شیعری داستانی و حیکایەتە زارەکییەکان، که گریانی گشتی و ئاشکرایان لەخۆ گرتووە، سەرچاوەیەکن بۆ تێگەیشتن له ڕۆڵی فرمێسک له مێژووی کۆمەڵایەتیی کورددا.
بۆیە هەر بابەتێکی نووسراو لەم بوارەدا دەتوانێت لە بونیادنانی گێڕانەوەیەکی مرۆیی مێژووی کورددا پشکدار بێت، واتە تەنها لە جەنگ و سیاسەتدا کورت نەکرێتەوە، بەڵکو (هەست) و (ئەزموونی کەسی)ی خەڵکی وەک پێکهاتەیەکی بنەڕەتی نووسینی مێژوویی لەخۆ بگرێت. ئەم مێژووە دەتوانرێت لە ڕێگەی هۆنراوە میللییەکانەوە و نووسینی سەر کێلی گۆڕەکان و ئەدەبی کوردیی نوێوە وردتر بنووسرێتەوە، کە دیمەنەکانی خەم و گریانەکانیان تۆمارکردووە، وەک (گۆڕستانی چراکان)ی شێرکۆ بێکەس.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین مێژووی گریان تەنها مێژووی هەڵڕشتنی فرمێسکەکان و تۆمارکردنی ڕووکەشییانەی کردەی گریان نییە، بەڵکو دەروازەیەکە بۆ تێگەیشتن لە مرۆڤ و کارلێککردنی لەگەڵ مەرگەساتەکان و خۆشی و و ژیاندا. وەرگرتنەوەی دەنگی ئەو کەسانەیە، کە دەنگیان تۆمار نەکراوە، دواتر ئامرازێکە بۆ بینینی مێژوو بە چاوی فرمێسکاوییەوە، بەڵام سوکایەتی بە فرمێسکەکان ناکات، بەڵکو وەک بەڵگەنامەیەکی گرنگ لێی دەڕوانێت.
دواتر مێژووی گریان هەوڵێکی زانستییە بۆ تێگەیشتن لەوەی کۆمەڵگەکان چۆن گوزارشتیان لە ناڵاندن و ئەوین و توڕەیی و خەم و پەژارەی خۆیان کردووە. بۆ گەلی کوردیش، گێڕانەوەی ئەم مێژووە و خوێندنەوەی لە ژێر ڕۆشناییی مەرگەسات و هیواکانیدا، دەتوانێت هەنگاوێک بێت، بۆ بەرەنگاربوونەوەی لەبیرچوونەوە و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هۆشیاریی بەکۆمەڵ لە ناوکۆیەکی مێژوویی و سۆزداریی مرۆڤدۆستانەدا.
(٩/٧/٢٠٢٥)
سەرچاوەکان
١)کامەران محەمەد: مێژووی سۆزەکان (سۆزە فەرامۆشکراوەکان لە گێڕانەوەی نەریتیید)، ژنەفتن (ماڵپەڕێکی هزریی و کلتوورییە)، (30ی حوزهیران، 2025)، (https://jineftin.krd/2025/06/30/%d9%85%db%8e%da%98%d9%88%d9%88%db%8c-%d8%b3%db%86%d8%b2%db%95%da%a9%d8%a7%d9%86/?fbclid=IwY2xjawLa_YJleHRuA2FlbQIxMQABHnXuAg_m22f6dyPIgkB4NJpFhwbE8s7QgXNrVFUnkS9aVPvpDrLU9vxdqOP7_aem_y4itABps26vby_WKWyIopQ).
٢)توم لوتز: تاریخ البکاء (تاریخ الدموع الطبیعی و الثقافی)، ترجمة: عبدالمنعم محجوب، صفحة سبعة للنشر و التوزیع، الطبعة الثانیة، المملکة العربیة السعودیة، ٢٠٢٣.
٣) شێرکۆ بێکەس، گۆڕستانی،چاپی یەکەم، ناوەندی بڵاوکردنەوەی نیشتیمان، سنە، ١٣٩٤.
4) Barbara H. Rosenwein, Emotional Communities in the Early Middle Ages (Ithaca, NY: Cornell University Press, 2006.