مێژوو له ڕێگهی نوکتهوه
(پێکهنین چۆن مێژووی شاراوهی ڕۆمای کۆن دهگێڕێتهوه؟)
گەشتێک بۆ بیستنی دەنگە ونبووەکانی مێژوو
کاتێک ناوی (ڕۆمای کۆن) دەهێنرێت، زەینی زۆربەمان یەکسەر بەرەو وێنەگەلێکی دیاریکراو دەچێت، کۆڵۆسیۆم (شانۆی بازنهیی)ی خوێناوی، سەربازە ڕێکپۆشەکانی سوپا، ئیمپراتۆرە شکۆدارەکان، وتارە ئاگرینەکانی سیسرۆن لە ئەنجومەنی پیران و ئەو یاسا و ڕێسا تۆکمەیەی کە بناغەی ژیاری خۆرئاوای داڕشت. ئەمە ئەو پانۆراما گەورە و فەرمییەیە کە مێژوو بۆی کێشاوین، داستانێکی پڕ لە دەسەڵات، جەنگ، فەلسەفە و ئەندازیاری. بەڵام لە پشت ئەم دیوارە بەردین و شمشێرە بریقەدارانەوە، جیهانێکی تر، جیهانێکی نەرمتر و زیندووتر بوونی هەیە کە زۆرجار لە لاپەڕەکانی مێژوودا فەرامۆش دەکرێت، ئهویش جیهانی سۆز و هەستە مرۆیییەکانه.
لێرەدایە کە مێژونووسی بەناوبانگی بەریتانی، ماری بێرد، لە شاکارە توێژینەوەییەکەیدا (پێکەنین لە ڕۆمای کۆندا: دەربارەی نوکتە، ختوکەدان، و بورانەوە – لە پێکەنیدا- (Laughter in Ancient Rome: On Joking, Tickling, and Cracking Up)، دەستمان دەگرێت و بانگێشتمان دەکات بۆ گەشتێکی شوێنەوارناسانە بۆ نێو ناخی کۆمەڵگەی ڕۆمانی. بەڵام ئەمجارە، کەرەستەی کنە و پشکنینەکەی نە تاشەبەردە و نە پارچە گۆزە، بەڵکوو دیاردەیەکە کە لە ڕواڵەتدا زۆر سادە و ساتەکی دیارە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا یەکجار ئاڵۆزە: پێکەنین.
پرۆژەکەی بێرد زۆر لەوە گەورەترە کە تەنها ئەلبوومێکی نوکتە و قسە خۆشەکانی ڕۆمانییەکانمان پێشکەش بکات. ئەو پێکەنین وەک (بەڵگەیەکی مێژووییی زیندوو) دەخوێنێتەوە. لای ئەو، پێکەنین هەرگیز کاردانەوەیەکی فیزیۆلۆژیی بێلایەن و بێگەرد نییە. بەپێچەوانەوە، کردارێکی کۆمەڵایەتیی ئاگاهانەیە و گوتارێکی کهلتووریی پڕ لە مانایە، کە وەک تیشکی ئێکس، پێکهاتە شاراوەکانی کۆمەڵگە دەردەخات، واته (پەیوەندییە چینایەتییەکان) و (گرژییە سیاسییەکان) و (ئەو سنوورە نەبینراوانەی کە ڕێپێدراو و قەدەغەکراوهکان دیاری دەکەن). ئەم خوێندنەوەیە، پێکەنین لە دیاردەیەکی تاکەکەسییەوە دەکاتە کلیلێک بۆ تێگەیشتن لە دەروون و بونیادی کۆمەڵایەتیی ژیارێک. پرسیاری سەرەکیی بێرد ئەوە نییە (ئایا ڕۆمانییەکان پێدەکەنین؟)، چونکە وەڵامەکەی ئاشکرایە. بەڵکوو پرسیارە قووڵەکە ئەوەیە: (پێکەنین چ ئەرکێکی لە کۆمەڵگەی ڕۆمانیدا هەبوو؟)
چەمکی پێکەنین (Risus) لای ڕۆمانییهکان
بۆ ئەوەی لە جیهانی (پێکەنینی ڕۆمانی) تێبگەین، سەرەتا دەبێت لە چەمکی لاتینی بۆ پێکەنین، واتە (Risus) ورد ببینەوە. ماری بێرد بە شێوەیەکی ڕوون ئەوەمان نیشان دەدات، کە ئەم وشەیە هەمیشە هاوواتای خۆشی و کەیف و شادی نەبووە. لە ئەدەبیات و فەلسەفە و ژیانی ڕۆژانەی ڕۆمادا، پێکەنین دەیتوانی چەندین ڕووخساری جیاواز و تەنانەت دژبەیەکی هەبێت. بۆ نموونە، سیسرۆن لە کتێبه بەناوبانگهکهی (دەربارەی هونهری وتاربێژی و وتاربێژ)دا بەکارهێنانی نوکتەی زیرەکانەی بە هونەرێکی گرنگی وتاربێژی دادەنا، بەڵام هۆشداریشی دەدا، کە پێکەنینی زیادەڕۆ شکۆ دەشکێنێت. لە بەرامبەردا، فەیلەسووفە ستۆیکییەکان (ڕەواقییەکان) وەک سینیکا، پێکەنینیان بە هەستێکی ناعەقڵانی و لاواز دادەنا. ئەم دیدگا دژبەیەکە ئەوە دەردەخات، کە پێکەنین لە ڕۆما بابەتی مشتومڕێکی قووڵی فیکری و ئاکاری بووە. ههروهها بێرد ئهوه شی دهکاتهوه که پێکهنین وەک نیشانەی زیرەکی، بەڵگەی گاڵتەپێکردن، یان تەنانەت چەکێک بۆ ئابڕوبردن و سووککردنی ئەوی تر لێی ڕوانراوە. واتە پێکەنین بێلایەن نەبووە، بەڵکوو هەمیشە لایەنگیر بووە و جۆرێک لە دەسەڵاتدارێتی هەبووە.
لێرەوە، پێکەنین دەبێتە ئامرازێک بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان: کێ پێدەکەنێت؟ بە کێ؟ لە کوێ؟ چی وادەکات نوکتەیەک لە ساتێکدا قبووڵکراو بێت و لە ساتێکی تردا تاوان بێت؟
ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی پێکەنینی ڕۆمانی
بێرد پێکهنین له ڕۆمادا بۆ دوو شێوه پۆلێن دهکات، ئهوانیش (پێکەنینی ستوونی) و (پێکهنینی گشتی)ین.
پێکەنینی ستوونی:
بێرد ئهوه نیشان دەدات، کە پێکەنینی ڕۆمانی بە شێوەیەکی بەرچاو پێکەنینێکی (ستوونی) بوو، واتە ئاڕاستەکەی هەمیشە لە سەرەوە بۆ خوارەوە بوو. دەستەبژێره سیاسی و ئابوورییهکان بە هەژاران پێدەکەنین، هاووڵاتیی ڕۆمانی بە بیانییەکان، پیاو بە ژن و ئاغا بە کۆیلە. نوکتەکان زۆرجار لەسەر بنەمای ئەم جیاوازییە چینایەتیانە دادەڕێژران. گاڵتەکردن بە شێوەی قسەکردنی کەسێکی بیانی، یان نەزانیی کۆیلەیەک، میکانیزمێک بوو بۆ دووپاتکردنەوەی سیستەمی چینایەتی. هاوکات بێرد ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە چۆن قۆشمەجاڕی (الفکاهة) ڕۆمانی ئامرازێک بووە بۆ چەسپاندنی دەسەڵات، نەک بۆ لەقکردنی. پێکەنین لێرەدا ئامرازی جیاکردنەوە بوو: ئێمە (ئەوانەی پێدەکەنین) و ئەوان (ئەوانەی پێیان پێدەکەنین).
پێکەنینی گشتی:
گۆڕەپانە گشتییەکان و بەتایبەتی شانۆکان، شوێنی سەرەکیی پێکەنینی جەماوەری بوون. لێرەدا، پێکەنین دەیتوانی وەک زمانێکی نافەرمی و بەهێزی ناڕەزایەتی کار بکات. نوکتەیەک دژی سیاسەتمەدارێکی گەندەڵ یان ئیمپراتۆرێکی ستەمکار، دەیتوانی بە خێرایی بڵاو ببێتەوە. بەڵام ئەم ئازادییە شمشێرێکی دوو دەم بوو. پێکەنینێک کە سنووری ڕێپێدراوی بەزاندبا، بەتایبەت ئەگەر شکۆی ئیمپراتۆری کردبا بە ئامانج، سزاکەی دەیتوانی دەستگیرکردن، دادگاییکردن بە تۆمەتی خیانەت (maiestas) و تەنانەت لەسێدارەدانیش بێت.
جەستە وەک شانۆی گاڵتەجاڕی
یەکێک لە دۆزینەوە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی بێرد، تەرکیزی زۆری نوکتەی ڕۆمانییە لەسەر جەستە. جەستەی ناتەواو، قەڵەو، لاواز، ناشیرین، پیر، یان خاوەن کەمئەندامی، بابەتی بەردەوامی گاڵتەپێکردن بوو. ئەمە ڕەنگدانەوەی تێڕوانینی کهلتووری ڕۆمانی بوو بۆ جەستەی ئایدیالی (بەهێز، تەندروست، کۆنترۆڵکراو). هەر جەستەیەک لەم ستانداردە لایبدا، دەبووە نیشانەی لاوازیی ئاکاری و کۆمەڵایەتی و شایەنی ئەوە بوو بکرێتە بابەتی پێکەنین. لێرەدا پێکەنین وەک (پۆلیسێکی کۆمەڵایەتی)ی نەبینراو کاری دەکرد.
ئەرکی مێژووی پێکەنین لای بێرد
بێرد پێی وایە مێژووی پێکەنین، تەنها خۆشیی و کات بەسەربردنێکی مێژوویی نەبووە، بەڵکوو کلیلێک بووە بۆ تێگەیشتن لە بونیادە قووڵەکانی کۆمەڵگەی ڕۆمانی. پێکەنین بەشداری دەکات لە:
١. خوێندنەوەی باری دەروونیی گشتی: ئەوەی خەڵک دەهێنێتە پێکەنین، ئەوە ئاشکرا دەکات، کە لێی دەترسن یان شەرمی لێ دەکەن یان ئەوەی کۆمەڵگە لە پێناو سەقامگیریدا قوربانی بە چی دەدات.
٢. تێگەیشتن لە سنوورەکانی دەسەڵات: بێرد ئەوە ئاشکرا دەکات کە چۆن پێکەنین سنوورەکانی دەسەڵاتی تاقیکردۆتەوە و هەندێک جار هەوڵی شکاندنی داوە، بەڵام لە زۆربەی کاتەکاندا بۆ سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی کاری کردووە.
٣. ئاشکراکردنی ئەوانەی بێدەنگییان لێکراوە: نوکتە، وەک گوتارێکی نافەرمی، دەرگا بە ڕووی ئەوانەدا دەکاتەوە، کە بە ئاشکرا ناگوترێن: گومانەکان، ڕەگەزپەرستی، سێکس، سەرکوتکاریی و ژیانی پەراوێزخراوەکان.
میتۆدۆلۆژیا و چۆنێتیی گوێگرتن لە قاقای ونبووی مێژوو
هێزی کتێبەکەی بێرد لە میتۆدۆلۆژیاکەیدایە. ئەو پشت بە تێکەڵەیەک لە سەرچاوەی جۆراوجۆر دەبەستێت، وهک: شیکاریی وردی ئەدەبی (شانۆنامە، هۆنراوه)، بەڵگەنامە یاسایی و سیاسییەکان، سەرچاوە فەلسەفییەکان و هونەر و شوێنەوارناسی. گرنگتر لە هەموو ئهوانه، بێرد تەنها نوکتەکە ناگێڕێتەوە، بەڵکوو لێکى هەڵیدەوەشێنێت و دهیخاته ژێر پرسیارهوه: بونیادهکهی چییە؟ بۆچی پێکەنیناوی بووە؟ ئامانجەکەی کێیە؟ چ کاریگەرییەکی کۆمەڵایەتی دروست دەکات؟ به واتایهکی تر بێرد تێکەڵەیەک لە شیکاریی فەلسەفی، خوێندنەوەی وردی مێژوویی و پشتبەستن بە نووسراوە هەڵکۆڵراوەکان و سەرچاوە سەرەتاییەکانی وەک نامەکانی سیسیرۆن، شانۆنامەکانی پلاوتوس و تێرێنس و ئەدەبی گاڵتەئامێز بەکار دەهێنێت، سەرەڕای نووسینە فەلسەفییە ڕۆمانییەکانی وەک سینیکا، کە باسی پێکەنینیان کردووە.
شێوازەکەی تێکەڵەیەکە، لە قووڵیی ڕەخنەیی و دەنگێکی گاڵتەئامێزی زیرەکانە، کە تەنها بە گێڕانەوەی نوکتەکە ناوەستێت، بەڵکوو پێکهاتە، ناوکۆ و کاریگەرییەکەی شی دەکاتەوە، تا دەگاتە ئەوەی کە پەیوەندییەکەی بە دەسەڵات و کۆمەڵگەوە شی بکاتەوە.
دەرەنجامەکان
کتێبەکەی بێرد چەند دەرەنجامێکی گرنگ پێشکەش دەکات، لهوانه:
پێکەنین گەردوونی نییە: بێرد ئەو تێزە باوە ڕەت دەکاتەوە، کە نوکتە زمانێکی گەردوونییە. ئەوه نیشان دەدات، کە پێکەنین بەرهەمێکی کهلتوورییە و لە هەر سەردەمێکدا واتای تایبەت بە خۆی هەیە. واته پێکەنینی ڕۆمانی جیاوازە لە پێکەنینی سەردەمی ئێمە، چ لە بابەتەکانیدا بێت یان لە واتاکانیدا.
پێکەنین دیاردەیەکی سیاسییە: ئەمە گرنگترین دەرەنجامی کتێبەکەیە. پێکەنین هەرگیز بێلایەن نییە، بەڵکوو تا سهر مۆخ سیاسییە و ئامرازی شیکردنەوەی پەیوەندییەکانی هێزە. واته پێکەنین له هەناویدا هەڵوێستگەلێکی ئایدیۆلۆژی و کرداری کۆمەڵایەتی هەڵگرتووە و پەیوەندییەکانی هەژموون و بەرگری چڕ دەکاتەوە
مێژووی پەراوێزخراوهکان: خوێندنەوەی پێکەنین پەنجەرەیەک بە ڕووی ژیانی ڕۆژانە و دەنگی ئەو کەسانەدا دەکاتەوە کە لە مێژووی فەرمیدا بێدەنگ کراون. بەتایبەت لە ژیارێکدا کە لەسەر نووسینەوەی مێژووی سەرکەوتنە سەربازییەکان و وتارە حەماسییەکان ڕاهاتووە. واتە مێژووی پێکەنین تەواوکەری مێژووی فەرمییە.
له کۆتاییدا دهتوانین بڵێین ماری بێرد بەم بەرهەمەی، بەردێکی بناغەی نوێی لە بواری (مێژووی سۆزەکان) دانا. ئەو فێرمان دەکات، بۆ تێگەیشتن لە ژیارێک، نابێت تەنها چاوله پەرستگا و یاساکانی ببڕین، بەڵکو دەبێت بە وردی گوێ لە پێکەنینەکانیشی بگرین. چونکە لە پشت هەر قاقایەکەوە، چیرۆکێک لەبارەی دەسەڵات، ترس، شانازی و شەرمەوە خۆی حەشارداوە. واته بەها بۆ پێکەنینێک دەگەڕێنێتەوە، کە لەنێوان دێڕی گوتارە فەرمییەکاندا ون بووە. لە ڕێگەی پێکەنینەوە، دەتوانین لەژێرەوە لە ڕۆما تێبگەین، واتە لە ڕوانگەی نوکتە و چاوداگرتن و بریندارکردن و گاڵتەجاڕییەوە. هەروەها درک بەوە دەکەین، کە دەسەڵات تەنها بە شمشێر و وتار پەیڕەو ناکرێت، بەڵکوو بە قاقالێدان و دەربڕینی گاڵتەجاڕیش.
ئەمە کتێبێکە، بیرمان دەخاتەوە، کە مەرج نییە پێکەنین بێگەرد بێت، بەڵکوو لەوانەیە یەکێک بێت لە زیرەکانەترین و ڕاستگۆترین ڕووەکانی مێژوو.
سهرچاوه
¹ Mary Beard, Laughter in Ancient Rome: On Joking, Tickling, and Cracking Up (Berkeley: University of California Press, 2014).