عەشق وەک ڕووداو لە داستانی دەروێشی ئەڤدی

(ڕاڤەیەکی بادیۆ-ژیژەکی)

ئەم نووسینە وتارێکی درێژە لەمەڕ داستانی دەروێشی ئەڤدی. وتارەکە چەمکێک لای ژیژەک و ئالان بادیۆی فەیلەسوف بۆ شرۆڤەکردنی ڕۆمانەکە وەردەگرێت، کە ئەویش ڕووداوە. چەمکەکە لای ئەوان لە سوبێکتیڤیتە و ئایدۆلۆژیاوە بگرە تاکو بەرکەوتنی بە چەمکی ڕیاڵەوە درێژ دەبێتەوە، بەڵام لێرەدا وەرگرتنی چەمکەکە و پیادەکردنی بەسەر دەقەکەدا خۆی لە چەند ڕەهەندێکی دیاریکراوەوە دەبینێتەوە، نەوەک ئەوەی چەمکەکە وەک گشتێک بەسەر کۆی بەشەکانی دەقەکە بسەپێندرێت. ئاشکرایە داستانەکە جگە لە سەرچاوە ڕەسەنەکەی خۆی، بۆ چەند فۆڕمی تریش گوازراوەتەوە، یەکێک لەم فۆڕمانەش، ڕۆمانە. کەریم کاکە وەک ڕۆماننووسێک ئەم داستانەی خستووەتە سەر فۆڕمی ڕۆمانێک و ڕووداوەکانی بە هەمان شێوە ڕەسەنەکەی خۆی، لە فۆڕمی ڕۆمان داڕشتووەتەوە. بۆیە ئەوەی لێرەدا وەک سەرچاوە بۆ داستانەکە بە بنەمای دەگرین، ڕۆمانەکەی نووسەرە. لە درێژەی ئەم نووسینەش، لەبری دانەپاڵی ناوی ڕۆمان زیاتر ناوی “داستان” وەک فۆڕمە ڕاستەقینەکەی دەروێشی ئەڤدی، بەکارهاتووە. هەروەک ڕۆماننووس خۆیشی ناونیشانی دووەمی ڕۆمانەکەی کردووەتە “داستانی کۆرژنێ لە خوێنەوە“. پێویستە ئاماژە بەمەش بکرێت، کە زۆر کارەکتەر و ڕووداو هەن شیاوی ڕاوەستە لەسەرکردنێکی قووڵن، بەڵام لەبەر سنوورداری نووسینەکە تەنیا دەروێش، عەدول و پاشای باوکی عەدول وەک کارەکتەرە سەرەکییەکان وەرگیراون. لەم نووسینە، هەندێک شت وەک دەقە ڕەسەنەکە دانراونەتەوە و هەندێکیشیان وەک ڕۆمانەکە، بۆ نموونە نووسەر لە ڕۆمانەکە ناوی عەدولی کردووەتە “ئەیدلێ”، بەڵام لێرەدا هەر لەسەر شێوازە ڕەسەنەکە واتە  “عەدول” دانراوەتەوە. یانیش ناوی تەمەر پاشای کردووەتە “زۆر پاشا”، لێرە وەک ڕۆمانەکە بە “زۆر پاشا” دانراوەتەوە. دواجار وتارەکە هەوڵێکە بۆ پەیپێبردن بە کڕۆکێکی پەنهانبوو، کە پێدەچێت زۆر پرسی پێچەڵاوپێچ و مشتومڕئامێزی لەخۆوە ئاڵاندبێت، و ئەوەیشی لێرەدایە بۆ تەمومژاوییکردنی دەقەکە نییە، بەڵکوو نزیکبوونەوەیەکی چەمکایەتییە، کە پشت بە دوو فەیلەسوف دەبەستێت و لە ڕێگەیانەوە دیوێک لە دیوە ڕازدارەکانی ئەم دەقە دەخاتەڕوو.

ئەم وێنەیە تابلۆی سەر بەرگی ڕۆمانی دەروێشی ئەڤدییە

گشت کەلتوورێک چیرۆکێکی دەربارەی عەشق هەیە بۆ گێڕانەوە. یان با بڵێین عەشق لەناو هەر کەلتوور و کۆمەڵگەیەکدا بوونی هەیە، بەڵام کەمن ئەو کەلتوورانەی پێچ و خول بە عەشق لێدەدەن و لە فۆڕمی چیرۆکێکەوە دەیگۆڕن بۆ شتێکی زیاتر: خوازەیەکی بەرەنگار و تۆزلێنەنیشتوو. کەلتووری کوردیش وەک هەر چەشنە کەلتوورێکی دیکە کۆمەڵە داستان و چیرۆکەهێمایەکی تیادا خوڵقاوە کە بەهۆی دەستاودەستکردنیان لە فۆڕمێکەوە بۆ فۆڕمێکی تر تایبەتمەندیی فرەیان وەرگرتووە. یەکێک لەو داستانانەش بریتییە لە دەروێشی ئەڤدی. داستانێک تیایدا ئارەزوو بابەتی تابۆ و مەحاڵ دەلەقێنێت، دڵبەر و دڵدار بە تینوتاوە گڕگرتووەکانیان ڕووبەڕووی مێژوو، دەسەڵات و واقیعی ڕەقهەڵاتوو دەبنەوە. گەر بێتو ئەم شاکارە تەنیا وەک داستان/چیرۆکێکی ناو فۆلکلۆر وەربگرین، ئەوا بەڕاستی لە تێما سەرەکییەکەی ناو خودی داستانەکە حاڵی نابین و ماتەوزەکەی ناخرێتە سەر فۆڕمی جووڵەوزە. چونکە ئەوەی دەروێشی ئەڤدی دەیخاتە بەر دیدە ڕێکاوڕێک لە تراژیدیای دوو ئاشقدا کورت نابێتەوە، بەڵکوو شتێکی زۆر زیاترە. بەدڵنیایییەوە ئەمەش هەر ئەو شتەیە، کە بادیۆ و ژیژەک پێی دەڵێن ڕووداو: چرکەساتێک تیایدا گوڕوگوژمی ژیانی ئاسایی دەشێوێت و لە ئاست پانتاییی ڕەمزی ئاوارتە دەردەکەوێت. ڕوونتر بڵێین، پچڕانێک دێتە ئارا وا ناچارمان دەکات دووبارە لەمەڕ هەموو شتێک تێڕابمێنین و بۆ ڕاستییەکی نوێی تازەهاتوو، وەفادار بین.

چەمکێکی وەک ڕووداو کە لەلایەن ئالان بادیۆوە بە کارلەسەرکردن و خوێندنەوەی نوێ پەرەی پێدراوە و دواتر لەلایەن ژیژەکەوە دووبارە ڕاڤەی جیاوازی بۆ کراوە تەنیا بریتی نییە لە ڕوودانی شتێک. ڕووداو بە چەمکاندنەکەی بادیۆ درزبردنی شتێکە وەک ئەوەی شوخت، قەڵەشت و چەڕژەیەک بەر دیوە ڕووکارەکییەکەی ژینگە ڕەمزییەکەمان بکەوێت و دووچاری ئەوەمان بکات سەرقاڵ بین پێیەوە. ڕووداو یاخود ڕوودانی ڕووداوێک هاوتەرازە بە پچڕانی ڕەوتی ژیانە ڕۆژانەیییەکەمان بەوەی هەروا بە سادەیی بەنێومان تێناپەڕێت هاوشێوەی ئەوەی تەنیا تایبەتمەندییەکی ڕاگوزەری هەبێت، بەڵکوو بە پچڕانەکەی داوای بڕیار و داوەرییەکمان لێدەکات هاوچەشنی ئەوەی بە گوێماندا بچرپێنێت: “ئایا بۆ ئەو ڕاستییەی وا ئاشکرای دەکەم، وەفادار دەبن؟ یان دەتانەوێت بە ئاسوودەیی لەناو دۆخە کۆنە بەبەردبووەکەتان بمێننەوە؟” دەکرێت ڕووداو کارێکی هونەری، شۆڕش، ئەزموونی عەشقێک یانیش تراومایەک بێت، بۆیەشە تێکهەڵچوونێکی لەناکاوە لەگەڵ مەحاڵ، تێکهەڵچوونێک کە گەواهی چییەتیی ویست و ئۆبێکت-هۆکاری ئارەزوومان دەدات. ڕووداو بێ گێرەوکێشە نییە. ئەوە ڕووداوە ڕەوتە بێخەوشەکەی ژیانمان تووشی پچڕان دەکات و بەو کردەیەی خۆیەوە، دەرگایەکی نوێمان لەپێناو خستنەئەستۆی شتێکی نوێتر، بۆ دەکاتەوە.

blank
ئالان بادیۆ (١٩٣٧-) فەیلەسووفی هاوچەرخی فەڕەنسی

لای بادیۆ، ڕووداو شۆرتێکی پێشبینینەکراوی ناو پانتایییە ڕەمزییەکەی سوبێکتە، وەستانێکی ڕادیکاڵانەیە لەسەر پانتاییمان لەپێناو هێنانە ناوەوەی شتێکی نوێ. ڕووداوی بادیۆیی[1] نە بەتەواوی گۆڕانە و نەش ڕوودان، بەڵکوو هەڵگێڕ و وەرگێڕکردنی دۆخێکی بەرزەفتنەبووی ناو دیوەکانی سیستەمە، وەک ئەوەی ڕووداو دیوی مەحاڵێک بێت و کەچی هەر ڕووش دەدات و بە هاتنە ڕوودانی گۆڕانێکی ڕادیکاڵ دەخوڵقێنێت. لای بادیۆ شۆڕشی فەڕەنسی، عاشقبوون، یاخود دۆزینەوەی فاکتێکی نوێ لە زانست بریتیین لە ڕووداو. بەڵام خاڵە سەرنجڕاکێشەکە لای بادیۆ ئەوەیە، کە هیچ ڕووداوێک بەتەواوی ناچێتە ناو پانتاییی ڕووداوەوە گەر کەسێک بەرانبەری وەفادار و بە ئەمەک نەبێت، لەسەر ئەو ڕاستییەی، کە ئەوە کەسەکانن بە وەفاداریان دەرهەق بە ڕووداو دۆخەکە کردەکی دەکەنەوە و ڕاستییەکی نوێ دەئافرێنن تەنانەت گەر ژینگەی چواردەوریان نکۆڵیشی لێ بکات. لەبەر ئەمەشە، بۆ وی حەقیقەت تەنیا لەناو فاکتدا قەتیس نەبووە، بەڵکوو لەناو ئەو پرۆسە وەفادارییەی سوبێکتە بە ڕووداوەوە، کە دواجار بە کارلێککردنی حەقیقەت خۆی دەردەخات. ئاشکرایە بادیۆ چوار سووچ وەک شوێنگەی سەرەکیی ڕووداو دەبینێت: سیاسەت، زانست، عەشق و هونەر. سا گەر بادیۆیانە بڵێین، ڕووداو هاوشێوەی بروسکەیەکی تیژئاسای ناو ئاسمانێکی تاریکە، کە هەقیقەتێک دادەکوتێتە بەردەممان وا پێشتر نەبووە.

چەمکەکە واتە ڕووداو، لای ژیژەک ڕەهەند و خولانەوەی جیاوازتر وەردەگرێت. بە واتایەکی تر، بۆ ژیژەک ڕووداو هەمان ئەو قورسایییەی لای بادیۆ هەیە، هەڵدەگرێت، بەڵام بە مەودایەکی دوورتر. لە کاتێکدا بادیۆ ڕووداو وەک پچڕانێکی پەتی لە جیهانەکەمان دەبینێت، -ڕاستتر بڵێین پچڕانێکی ماتماتیکی کە هەقیقەتێک دێنێتە بوون- کەچی ژیژەک لەم پەتێتییە بە گومانە و هەروا بە دەستلێنەدراوی نایخاتە ناو سیستەمە چەمکییەکەی خۆیەوە. ژیژەک ڕیشەییتر دێت و لای وایە ڕووداو شتێک نییە ڕاستەوڕاست بە ئەمەکی و وەفادارییەکی پێبەند بە پچڕانەکەوە پەیوەستدار بێت، بەڵکوو ڕووداو ئەوکات دەبێتە ڕووداو، کە چۆنیەتیی قڵیشانەکە جگە لەوەی واقیعە ڕەقهەڵاتووەکە لار دەکاتەوە، پێویستیشە ڕووانینمان لەمەڕ ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو نەخشەکێش بکاتەوە. گرنگترین خاڵێک، کە ناوبراو لە بادیۆ جیا دەکاتەوە سەبارەت بە چەمکی ڕووداو، ئەوەیە وا ژیژەک پێ لەسەر سروشتی پاشەوپاشانەی ڕووداو دادەگرێت، وەک ئەوەی ئێمە هەمیشە دوای ڕوودانی ڕووداوێک بە خودی ڕووداوەکە ئاشنا دەبین، یاخود دوای ڕوودانی قبووڵی دەکەین و دەیناسینەوە نەک بە پێچەوانەوە.

blank
سلاڤۆی ژیژەک (١٩٤٩-) فەیلەسووفی هاوچەرخی سلۆڤینی

ژیژەک لە کتێبەکەیدا بەناوی ڕووداو: گەشتێکی فەلسەفیی بەنێو چەمکێکدا، ئەوە زیاد دەکات کە ڕووداو تەنیا پچڕانێکی ناو ژیانە ئاسایییەکەمان نییە، بەڵکوو پچڕانێکە لە مانادا، شتێک کە لە پانتایییە ڕەمزییەکە هەژانێکمان تووش دەکات و وەسوەسەیەکمان تێدەخات بەوەی گومان لە خودی واقیعیش بکەین. واتە چۆنایەتی چاوتێبڕینمان بەو شتەی ڕوویداوە، ئاوەژوو دەکاتەوە. بە پێچەوانەی بادیۆشەوە، کە چوار سووچی وەک شۆڕش، زانست، عەشق و هونەر بە بنەمای ڕووداو دادەنێت، ژیژەک دوورتر دەڕوات و بە ڕاکێشانە هیگڵیی-دەروونشیکارییەکەی تا ئەو شوێنەی دەبات کە بتوانێت بڵێت: تەنانەت دەشێت نوکتەیەکیش وەک شوێنگەی تەقینەوەی ڕووداو هەژمار بکرێت. نوکتەیەک وا نیگامان دەگووشێت بۆ بینینی واقیع بە جیاوازی. ڕووداوی ژیژەکی[2] تا پێش ڕوودانی هەستپێنەکراوە، ئەوە تەنیا دوای ڕوودانیەتی کە مانا و ڕووانینمان بۆ تەقەڵڕێژ دەکاتەوە [فەنتازیاکەمان بۆ دادەڕێژێتەوە]. بۆ نموونە، یادەوەرییەکی تراومایی ساتەوەختی منداڵیی تەنیا کاتێک لەناو یادگەماندا مانا وەردەگرێت، کە چەند ساڵێکی بەسەرەوە تێپەڕیبێت. گرنگتر لەوەش، ژیژەک لەوە ئاگادارمان دەکاتەوە، کە هەموو جۆرە ڕووداوێک مەرج نییە فریادڕەس و ئازادیبەخش بن، بەپێچەوانەوە، هەندێکیان توندوتیژ، تەفرەدەر یانیش لادەرانەن. بۆیەشە ڕووداو لە بەستێنەکەیدا، تێکەولێکەیەکی شپرزەداری پچڕێنەرە وا دەمانخاتە ناو هەڵبژاردنێکەوە لەوەی ئاخۆ بە دۆخە بەبەردبووە چەسپیوەکەمانەوە ڕازی بین و لەناویدا بمێنینەوە، یانیش ڕیسک بنوێنین لەپێناو سەراوژێرکردنی بینینمان بۆ دەستکەوتنی گۆشەیەکی جیاوازتری ڕوانین.

لە دەروێشی ئەڤدیدا، عەشق خۆی سەرەتاترین ڕووداوە: پەیوەندییەکی قەدەغەی نێوان گەنجێکی ئێزیدی و کچێکی موسڵمان. داستانەکە ڕاستە چەندین ساڵ دوای مەم و زینی خانی و زەمبیلفرۆشەوە هاتووەتە ناو منداڵدانی فۆلکلۆری کوردییەوە، بەڵام شوێنگەیەکی باڵای لەناو ئەدەبیات و فۆلکلۆری کورددا هەیە، بەتایبەتتریش لەناو کوردانی کورمانجدا. سەرەڕای ئەوەی داستانەکە هێند کۆن نییە، کەچی لەبەرئەوەی خەڵکی ئەوکات ئاشنایەتییەکی زۆریان بە خوێندنەوە نەبووە و زۆرینەیان نەخوێندەوار بوون، وایکرد داستانەکە بکەوێتە سەر لێواری ئاویلکەدان. بەڵام لەم لێوارەدا هونەرێک وەک فریادڕەس داستانەکەی لە باوەش گرت و لەمپەڕی پارچەکانی وڵاتەوە گواستییەوە بۆ ئەوپەڕی وڵات: دەنگبێژی. دەنگبێژی وەک پەرجووێک تاکو ئێستاش ئەم داستانە بە فۆڕمی جۆراوجۆر دەچڕێت و جار لەدوای جار باڵاییەکەیمان جیاوازتر بۆ دەنوێنێتەوە. لێرەدا پێویستە بەگشتی و ڕوونی پێش چەمکاندنی تەواوەتیی داستانەکە، ڕاوەستەیەک لەسەر چیرۆکەکە بکەین: دەروێش جوامێرێكی کوردی سەر بە ئایینی ئێزدییە، ئەڤدی باوکیشی بە هەمان شێوە کەسێکی قارەمان بووە و بە نەبەردیی بەرانبەر دوژمنان و دڵسۆزیی بۆ نیشتمان ناو و ناوبانگی دەرکردووە. عەدول یان عەدولێ [یانیش “ئەیدلێ” وەک نووسەر ئاماژەی بۆ کردووە]، کچی پاشایەکە بە ناوی زۆر پاشا، کە لە ناوچەکانی وێرانشار و ئورفا سەرۆکی هۆزە کوردەکان بووە. بەپێی دەقەکە، ژیانی دەروێش وەک لاوێکی وڵاتپارێز و خەمخۆر بۆ نیشتمان، تا پێش بینینی عەدول لە ڕەوتێکی ئاسایی خۆیداییە. بەڵام دوای بینینی عەدول لەلایەن دەروێشەوە، یان باشتر وایە بڵێین دوای ئەوەی هەردووکیان یەکتر دەبینن، گۆڕانێک/پچڕانێک دەکەوێتە ناو ڕەوتی ژیانی ئاسایی هەردووکیان، بەتایبەت دەروێش. ئەم ڕووداوە هەروا بەسادەیی سڵ لە دەروێش ناکاتەوە، بەڵکوو دەبێتە شاهۆکاری ئاوەژووکردنەوەی سەرلەبەری ژیانی. لە پاش ئەو ساتەوەختە، دەروێش چیتر ناتوانێ وەک ڕابردوو بجەنگێ و بژیت، چونکە ڕاستییەکی نوێی تازەهاتوو خۆی بەسەر پانتایییە ڕەمزییەکەی دەروێشەوە زاڵ کردووە، یانیش سووچێک لە سووچەکانی حەقیقەت لە پەنهانییەوە خۆی خستووەتە بەر دیدەی؛ ئەوین. بەڵام نەتوانینی دەروێش لە جەنگان و ژیان وەک ڕابردوو مانایەکی پێچەوانەی نییە لەوەی لە ئاستیان لاواز بووبێت، ڕاستییەکەی ئەمە دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی دەروێش و لەم نێوانەدا گەورەترین بڕیارێک بە خۆی دەدات و دەڵێت: عەدول نیشتمانە و نیشتمانیش عەدول. بە مانایەکی تر، گشتاندنی عەدول بەسەر کۆی پانتاییی نیشتماندا وەک گوڕدان بە بەرەنگاری و دەستپیانەگەیشتوویی خۆی بە عەدول گەر گەورەترین ڕووداوە بڕندەئاساکەی ناو داستانەکە نەبێت، ئەوا یەکێکە لە هەرە گەورەترینەکان. دواتر، بوونی ئەم پەیوەندییە لەنێوان دەروێش و عەدول دزەدەکاتە لای زۆر پاشا و ئەمیش بەو پێیەی هاوسەرگری لەنێوان موسڵمان و ئێزیدییدا بە هیچ جۆرێک ڕێپێدراو نەبووە، بە باوکی دەروێش ڕادەگەیەنێت [کە هاوڕێی منداڵیی یەکتر بوونە]، ئەستەمە دەروێش لێرەدا بمێنێتەوە و سادەترین سزایەک بیدەم ئەوەیە بە زووترین کات ئێرە جێبهێڵێت، لەم بەینەدا، باوکی دەروێش بڕیار دەدات نەک تەنیا دەروێش، بەڵکوو خۆی و کۆی خێزانەکەیشی ئەوێ جێبهێڵن و ڕوو بکەنە زێدە ڕەسەنەکەی خۆیان، “شەنگال”. دوای ڕۆیشتنیان لە وێرانشار، عوسمانی و عەرەبەکان بەمە دەزانن، کە باشترین جەنگاوەری پاشا، واتە دەروێش بە خۆی و لەشکرەکەی ڕۆیشتوونەتە شەنگال، ئەمە دنەیان دەدات تا هێرش بکەنە سەر زۆر پاشا و بە لەناوبردنێکی یەکجارەکیی لەناوی ببەن. زۆر پاشا لە ئاست ئەم دۆخە ناچاری دەروێش دەبێتەوە و ئاگاداری دەکاتەوە کە بە یارمەتیدانی لە جەنگەکە، خۆی و عەدول دوای جەنگەکە لە یەکتری مارە دەکات، دەروێشیش کە سەری وڵاتی تیایە و دڵی عەدول، و لە هەمان کاتدا هەردووکیان قووڵ بەناویەکداچوون، وەختێک هەواڵی هێرشکردنی دوژمنان بۆ سەر خاکی کوردان دەبیستێت، وەک ئەوە وابوو هێرش بۆ سەر عەدول ببیستێت. بۆیە بێ بیرکردنەوە دەڕواتە گۆڕەپانی جەنگ و دوای نەبەردییێکی کەموێنە بە فێڵی دوژمن شەهید دەبێت و لە لاواندنەوەیدا، عەدول وەسیەتی ئەوە دەخوازێت پاش مردنی لەژێر سەری دەروێش بینێژن.

لێرەدا داستانێک بوونی هەیە لەلایەک گەواهی قارەمانێتیی کوردێکی مەستبوو بە عەشق دەدات، کە کێشمەکێشی ئەوینەکەی سنوورێک ناهێڵێتەوە تێینەپەڕێنێت. لەلایەکی تریشەوە، مەینەتباریی دۆخی کورد لە ڕێگەی خودی دەروێشەوە بەهۆی بەرەنگاریی دژ بە داگیرکەر پیشان دەدرێت. بە هێنانی دەقەکە بۆ ناو چەمکی ڕووداو و پشکنینی بەهۆی ئەم چەمکەوە، داستانەکە لە فۆڕمێکی گێڕانەوەییەوە دەخەینە ناو پانتایییەکی جیاوازتر لەپێناو وردبوونەوەی زیاتر لە کڕۆکی ئەو بەشانەی وا دیاریکراون. چەمکەکە بەدیاریکراوی لەسەر ئەم چەند بەشانەی ناو داستانەکە دەوەستێت: عەشقی دەروێش و عەدول، ناڕازیبوونی پاشا و ژینگەی چواردەوریان بەرامبەر بە عەشقەکەیان، گەڕانەوەی دەروێش بۆ کۆمەککردنی پاشا دوای دوورخستنەوەی، مەرگی دەروێش و لاواندنەوەی عەدول، و لە کۆتاییشدا گۆڕی دەروێش و وەسیەتی عەدول.

ڕووداوی بادیۆیی لە دەروێشی ئەڤدی

وەک ئاشکرایە، لە سەرەتاترین ئاوڕدانەوەمان جێکەوتبوونی داستانەکە تەنیا لەناو شوێنکاتێکی جەنگباری سەردەمی عوسمانییدا دەبینین. ساتەوەختێک تیایدا ژیانی کورد لە ئەنجامی نەبوونی چەق و خودئاگاییەک دووچاری لەتلەتبوونێکی بەشەکیی بووبووەوە، نەتەوەیەک هاوشێوەی گشتێکی پڕگومانی نێوان چەوساندنەوە و هیواخواز بە ژینێکی ئازاد. لەنێو ئەم گشتە کێشەدارەش، لەتلەتبوونەکە بۆ کوردانی ئێزیدی دوو هێندە هەژێنەر و کارەساتبارتر بوو. چونکە سەرەڕای قینی عوسمانییەکان، کوردیش وەک بەشێکی ناو موسڵمان هەمیشە بە نیگایەکی بێمتمانە و شاردنگەئاسا لێیان دەڕوانی. هێشتاکە، ئەوە لەو پەراوێزخستن و گۆشەنووستووەوەیە وا دەروێشی ئەڤدی وەک سوبێکتێکی سووربوو و ورووژاو سەر دەردەهێنێت. لە فەرهەنگی بادیۆدا، ڕووداو هەمیشە لە دیوێکی بەربەند و بێبەشکراوەوە فیچقە دەکات، لە دۆخێکی تەواو قبووڵنەکراوی درکپێنەکردوو. دەروێش، وەک کوردێکی ئێزیدی نیشتمانپەروەر، لەم دیوە بەربەندەدا سەختیی پێگەکەی لە ئەستۆ دەگرێت، و وەختێکیش عەشقی عەدول چنگی لێ گیر دەکات، چرکەساتێک دەخوڵقێنێت کە مەحاڵ دەخزێتە ناو مومکین. عەشقی ئەم دوو کوردە ڕووداوێکی هێند ڕادیکاڵ دەبێت، کە لەبری ئەوەی بە شمشێری ناو لەپ دەست پێ بکات، دێت بە نیگایەکی لە شمشێر تیژتر بەرجەستە دەبێت. نیگایەک کە نیشتمان لە ڕێگەی عەشقەوە دەبینێت و عەشقیش لە ڕێگەی نیشتمان.

ئەوەی دەروێش لە عاشقەکانی تر جیا دەکاتەوە ئاوێتەکردنی دوو بەشی ئاوێتەنەبووە: تێکۆشانیکی نەپساوە بۆ مانەوەی کورد، دووەمیشیان ئارەزووی گیانی بە گیانی بۆ عەدولی دڵبەر. وەک پێشتر گوتمان لە هێڵکاری بادیۆدا عەشق یەکێکە لە چوار شوێنگە سەرەکییەکەی ڕووداو. لەم داستانەدا، عەشق لە پێناو بەخشینی بیچمێکی نوێ بە کۆی پانتایییەکەیان ڕچەوڕێکارێکی تەواو جیاواز بۆ حەقیقەت دەکێشێت. لێرەدا تینی عەشقی دەروێش تەنیا لە کێشمەکێشێکی کەسیی خۆیدا نامێنێتەوە، بەڵکوو ئەمە دەبێتە سەرەتای سەر دەرهێنانی حەقیقەت، حەقیقەتێک وا لەڕێی چاوە ئەفسووناوییەکانی عەدولەوە چارەنووسی گەلە ژێردەست و سڵەمیوەکەی ڕوون ڕوون پیشان دەدات. نیشتمان وەک مەعشووق، مەعشووقیش وەک نیشتمان.

“ئەیدلێ تۆ ئێستا تێکەڵ بە نیشتمان بووی، سەیری هەر بستە خاکێک دەکەم تۆ دەبینم. هەر شارێک هەر گوندێک بکەوێتە دەستی ئۆسمانی، ئەوە بەشێک لە تۆم لە دەستدەچێ. من لە زۆر پاشا ناترسێم، ئامادەم لە سەر تۆ بەرانگژی ببمەوە، بەڵام بزانە ئەگەر شەڕ بکەوێتە نێوان من و پاشا، ئۆسمانی دەیقۆزنەوە و هەردوو لامان تیا دەچین، ئەیدلێ تۆ تیادەچی، تۆ نیشتمانی، نیشتمان تۆی.” (کاکە، ٢٠٢٣)

لەم نێوانەدا، عەشق سیاسی دەبێتەوە و سیاسەتیش عاشقانە، ئەمە بەتەواوی پێی دەگوترێت هێزی ڕووداو. لێرەدایە ڕووداو سەرلەنوێ لە لایەکەوە بۆ لایەکی تر مانای ناو فەزا ڕەمزێنراوەکە شێوەبەند دەکاتەوە، وەک ئەوەی وێڵی دروستکردنی ڕێڕەوێکی نوێی بیربۆنەچووی ناو دۆخە لەمێژینە داکوتراوەکە بێت.

سەرەڕای ئەمە، لە هەموو جۆرە داستانێک، ڕووداو هیچکاتێک بەبێ بەرەنگاری کرانەوە و بەردەوامی وەرناگرێت. زۆر پاشای باوکی عەدول، بەرجەستەکەری ئەویتری گەورەی ناو پانتایییە ڕەمزییەکەیانە، بۆیەشە ڕێگە بە چەشنە ڕووداوێکی وەک عەشقی کچەکەی و دەروێش نادات و بە هیچ شێوەیەک پەسەندی ناکات. ئایین و کۆمەڵگە دەستوەردانێک دەکەن دەرهەق بەم دۆخە لەپێناو کارانەکردنەوەی گوڕوگوژمی نوێ و هێشتنەوەی مەحاڵ وەک مەحاڵ. ئەمە خاڵێکی تەواو گرنگە، چونکە لای بادیۆ هەموو ڕووداوێک پەسەندنەکراوە، کپکراوە، یانیش لە وزە هەڵتەکێنراوە بەهۆی ئەم دوو بەشە [نەریت و کۆمەڵگە] شێوێنەرە. لە مەبەستدا فرمانی دوورخستنەوەی دەروێش تەنیا ڕەتکردنەوەیەکی سادەی کەسی نییە، بەڵکوو ئامانج لێی داخستنەوەی ئەو درزەیە وا ڕووداو لێیەوە دزەی کردووە. لەبەر ئەوە دوورخستنەوەی دەروێش یانی گەڕانەوە بۆ ناو دۆخە ڕەقهەڵاتووەکە، ڕوونتر بڵێین، هێشتنەوەی مەحاڵە وەک مەحاڵ، و چەپاندنی حەقیقەتێکە کە عەشق لە ئانوساتێکی کورتئاسادا ئاشکرای کردبوو. ڕاستە دەروێش بە دوورخستنەوەکە ڕازی بوو، بەڵام وەفاداری و ئەمەکناسیی خۆی هەم بۆ عەشق و هەمیش بۆ نیشتمان بە گوڕوتینێکی نوێترەوە هەڵگرت تاکو لە شەنگال پەخشی بکاتەوە.

خاڵە پێچاوپێچەکە هەڕەشەی عوسمانییەکانە. دەوڵەتی عوسمانی لە چاوەڕوانی غیابی دەروێشدایە، کە ڕۆیشتنەکەی دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێکی ڕووبەرە کوردییەکە ختووکاو ببێت. دۆخەکە ئەمێستا ئەو کەسەی پێویستە وا پێشتر دووری خستبووەوە: گەڕانەوەی سوبێکتێکی پەراوێزخراو. وەفاداری بۆ ڕووداو، بە زمانی بادیۆ، هەمیشە لە کەوڵی قەیراندا جەخت لە خۆی دەکاتەوە. پاشا، کە پارێزەری پانتایییە ڕەمزییەکەیە، ئێستاکە ناچارە ئەو کەسایەتییە ڕقلێهەستاوەی دەریکردبوو، بگەڕێنێتەوە. ئەو بە بەڵێنەوە بۆ دەروێش دەنووسێت: هاوسەرگریتان پاداشتی بەرگرییەکانتە. ئەم ساتەوەختەی نامەی پاشا، هێرشی عوسمانی و خرۆشانی دەروێش پڕاوپڕ پێکەوە ساتەوەختێکی هاودژە بە خۆی، چونکە پانتایییەک لەپێناو مانەوەی خۆی ناچار دەکات بەرانبەر ڕیشەییترین دابودەستوورە ڕەقهەڵاتووەکانی پێکناکۆک و دژبەر بێت. لێرەدا پەسەندکردنی نامومکین [مەحاڵ] مومکینی هەرە تاقەنەیە. لەم سەروبەینەدا، داستانەکە بەرەو دیالێکتیکێکی پێکداچووی نێوان ڕووداو و دۆخ چڕدەبێتەوە، لەنێوان هەقیقەتێک وا پێداگری لە سەر دەرهێنانی دەکات و لە هەمبەریشیدا هێزێک دژی بەرهەڵستی دەنوێنێت.

لێرەدا گەڕانەوەی دەروێش نواندنی وەفادارترین کردەی ناو شوێنکاتی پەیوەست بە ڕووداوەکەیە. بەبێ هیچ دڕدۆنگییەک، ئەسپەکەی بۆ ئەو شوێنەی تیایدا فەرمانی دوورخستنەوەی درابوو، تاو دەدات. خاڵە جەوهەرییەکە لێرەوەیە کە ئەمەکداری دەرهەق بە ڕووداو تاکە بڕیاری هەرە دڵسۆزی ڕادیکاڵانەیە بۆ ڕووداوێک وا چواردەوری بە نکۆڵی کردن لێی چاوەڕێی مەحف بوونەوەین. دەروێش نە لەبەر تیاڕامانەکانی بۆ ڕیسکی ناو جەنگ، و نەش لەبەر بەڵێنە هەڵپەرستە گومانلێکراوەکانی پاشا، بەڵکوو لەپێناو حەقیقەتی عەشق و عەشقی نیشتمان وەک هێزی هەرە نیشتمانپەروەر دەجەنگێت. جەنگی ئەو تەنیا دژ بە سەربازە تورک و عەرەبەکان نییە، بەڵکوو دژ بەو دەرگا کلیلدراوەی مومکینە، کە ناهێڵێت مەحاڵ بەتەواوی خۆی مانیفێست بکات. لەبەرئەمەشە، وەشاندنە بێشوومارەکانی شمشێرەکەی درێژکردنەوە و گوڕدانە بە بوونی ڕووداو، ڕاکێشانی حەقیقەتە بۆ ناو کات.

وەک زۆربەی هەرە زۆری داستانەکان، ترۆپکی وەفاداریی دەروێش دواجار مەرگی خۆی لێدەکەوێتەوە. بەهۆی تەڵەی دوژمن، و شکانی قاچەکانی هەدبانی ئەسپی، تیرباران دەکرێت. بەڵام ئایا ئەمە جاڕی کۆتاییی ڕووداو ڕادەگەیێنێت؟ نەخێر، لە ڕووداوی بادیۆییدا مەرگ هەرگیز مانای تیاچوونی حەقیقەت نییە، بەڵکوو گۆڕینی ئامرازی گەیاندنی حەقیقەتە. ئەوەی گرنگمەندیی ڕووداو لەخۆ دەگرێت مەرج نییە جەستە بێت یان شتێکی تر، بەڵکوو هەڵکردن و بەرگەگرتنییەتی بەرانبەر حەقیقەت. شیوەنی عەدول و وەسیەتی ناشتنی خۆی لەژێر سەری دەروێش، دەرخەری هەمان بەردەوامی و شۆڕبوونەوەی ئەمەکناسییە بۆ ڕووداوەکە. لێرەدا عەدول دەبێتە دووەم سوبێکتی ناو ڕووداوەکە وەک ئەوەی قەناعەتمان پێ بهێنێت، کە عەشقێکی وا گڕگرتوو بە حەقیقەت هەرگیز بەهۆی مردنێکی جەستەمەندانە، ناکوژێتەوە. سا لە کۆتاییی ڕۆمانەکە، دیارنەمانی عەدول ڕزگاربوونێکی ناو پانتایییەکە نییە، بگرە بیچموەرگرتنییەتی بە تایبەتمەندییەکی شێوەگۆڕکێی ڕووداوبارەوە، کە بە دیارنەمانی شوێنپێیەک جێدەهێڵێت وا زۆر زیاترە لە حزووری خۆی. ئەوەی سەرنجکێشە لەپاڵ ئەمە گۆڕی دەروێشە، گۆڕەکەی گەر جارێک بیرخەرەوەی پاڵەوانێک بێت، ئەوا دوو هێندە هێمای مکوڕ بوونە لەسەر ڕووداوێک، کە لە چاوەڕوانی وەفادارییەکی داهاتوودایە.

لەم داستانەدا، ڕووداوە بادیۆییەکە بە دروستی ئەوەمان دەخاتە بەرچاو گەر ڕووداو ناچاری قورسترین بڕیارمانیش بکات، پێویستە بە وەفاداربوونەکەمان پێیەوە پابەند بین. دەروێش لە هەمبەر ڕووداوەکە سوبێکتی هەرە وەفادارە، بەڕادەیەک وەفادارییەکەی بۆ هیچ ئەرکێک بچووک ناکرێتەوە. عەشق و قارەمانێتییەکەی داهاتووش ناچار دەکات لە ئاست ئەو حەقیقەتەی پابەندمەند بمێننەوە. دەستاودەستکردنی چیرۆکەکە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر خۆی نیشانەی سووربوونە لەسەر ئەگەردارێتیی ڕووداوێک وا نکۆڵی لە دەسەڵات، یاسا و تەنانەت مەرگیش دەکات و تێیاندەپەڕێنێت.

ڕووداوی ژیژەکی لە دەروێشی ئەڤدی

بە پیادەکردنی ڕووداوی ژیژەکییانە بۆ دەروێشی ئەڤدی دەگەینە پارچە پانتایییەکی جیاوازتر، کە تیایدا عەشق و سیاسەت چیتر وەک دوو فەزای جودا نابینرێن، بەڵکو دەبن بە پەرچدەرەوەی یەکتر، زێدەڕۆیی نییە گەر بڵێین هەریەکەیان بڵندبوونەوەی ئەویترە و پێکەوە گشتێکی لێکدژ پێکدێنن. تیۆریی ژیژەک بۆ ڕووداو ڕاوەستەکردنە لەسەر ڕوو-داوێک وا بە سادەیی نایەتە بوون، چونکە پچڕانێکی تراومایی دروست دەکات و لەگەڵ خۆی بە هێڵێکی پاشەوپاشانە ئەو ئەگەرانە دەکێشێتەوە، کە زەمینە بۆ ڕوودانی خۆش دەکەن. لە دەروێشی ئەڤدیدا، عەشقی نێوان دەروێشی جەنگاوەر و عەدولی موسڵمان دروستکردنی پچڕانێکی تراومایی لەم شێوەیەیە، وەک ئەوەی بڵێین: نە بەتەواوی عەشقە، و نە سیاسەت، بگرە لێکسرەواندنێکی زێدە شێلگیربووەوەیە تیایدا ئارەزوو، قەدەغە و مکوڕبوون هاوخاڵ دەبن. لێرەدا ڕووداو تەنیا ڕەهەندێکی شوێنمەند وەرناگرێت تاکو تەنیا لە هێرشێکی عوسمانی و عەرەب کورتی بکەینەوە، بەڵکوو چرکەساتێکی تەواو غەریبەیی لە خودئاگای دەروێش دەست پێ دەکات بەشێوەیەک ئەو عەدولی دڵبەری و نیشتمانە پێکناکۆکەکەی لێک جیا ناکاتەوە. ئەمە بڵندبوونەوەیەکی نێوان بەش و گشتە، کە بە دروستی لە چوارچێوەی سنووری خۆیان تێدەپەڕن.

ژیژەک زۆربەی جار چ لە کتێبەکانی و چ لە بەڵگەفیلمەکانیشی جەخت لەوە دەکاتەوە عەشق هەرگیز شتێکی کەسیی نییە، بەدروستی لە نێوان دوو جەستەش نییە. عەشق، بە مانا هەرە ڕادیکاڵەکەی هەمیشە زیادەیە، زیادەیەک وا هەڕەشەی ڕژانی خۆی بۆ ناو ئایدۆلۆژیا و سیاسەت دەکات. لەم داستانەدا، “زیادە” کتوپڕ بە ڕۆشنایییەکی تەواو هۆڤانە، سەرسووڕمێن و ورووژێنەر بووە. دەروێش هەروا خوداوڕاستان بۆ عەدول خۆی بەدەستەوە نادات: تەزووگۆڕکێیەک لە تینوگوڕی عەشقی دەروێش مەعشووق وەردەگێڕێتە سەر وێنەیەک، کە لەڕێگەیەوە بوونی خودی کورد لە چوارچێوە دەنێتەوە[3]. ئارەزووی ئەو گشتەکی دەبێتەوە وەک چۆن نیشتمانپەروەرییەکەیشی ئاڵۆشاو دەبێت. دەروێش کاتێک سەیری عەدول دەکات، بەتەنیا دڵبەرێکی ڕێگەپێنەدراو نابینێت، ئەو [دەروێش] تروسکاییی ئەو پارچە وێنەیەی نیشتمانیش دەبینێت کە گیرخواردووە و قرپوقرچی لە شکانهاتووی خستوویەتییە سەر لێواری سڕینەوە. بە هەمان شێوە، کاتێکیش بیر لە خاک و نیشتمان دەکاتەوە، چیتر نیشتمان لای وی ڕەهەندێکی هۆشپەرتی وەک خاک، پاشا و جەنگ وەرناگرێت، بەڵکوو بە یەکماڵبوونی لەگەڵ کچێکی نەپارێزراوی ناسکی پڕاوپڕ لە عەشق نەخشەکێش دەبێتەوە. نیشتمان لای دەروێش لە عەدول تەنراوە و عەدولیش لە نیشتمان. ئا ئەمە مووبەموو ئاماژە ژیژەکییەکەمان لەمەڕ ڕووداو نیشان دەدات: ڕووداو شۆرتێکی کارەبایییە لەنێوان دوو ڕووبەری ناچوونیەک، کە تیایدا فەنتازیای سوبێکت دەبێت بە بیچمی حەقیقەت.

بەڵام بۆچی شۆرتێکی کارەبایی لەم ئانوساتەدا دروست دەبێت؟ ژیژەک ئەوەمان بیر دەخاتەوە هەموو چەشنە چیرۆکێکی عەشق شوێنکەوتی سەر بنکێکی قەدەغەبووە، بەربەستێک کە هاوڕێکبوونی مەحاڵ لەگەڵ پانتایییە ڕەمزییەکەمان ڕادەگەیەنێت. چونکە گەر یاساغییەک بوونی نەبێت، ئەوا هیچ ڕووداوێک نایەتە بوون. لێرەدا، ئاستەنگەکە تا ئەوپەڕی سنوور ڕەهایە: سنوورێکی مەحاڵی لێ دەرنەچووی نێوان موسڵمان و ئێزیدی، سنوورێک کە بە شێوەیەکی بێئەندازە ڕەق و بەبەردوو پانتاییی ڕەمزیی کۆمەڵگەکەی لە هەموو نێگەتیڤیتەیەک هەڵتەکاندووە. پاشا وەک پشتێنی هەرە باڵای ئەم یاساغییە لە سنوورە مەحاڵەکە دڵنیامان دەکاتەوە کاتێک عەشقی نێوان کچەکەی و دەروێش بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکات. سەرباری ئەمە، لە چوارچێوە ژیژەکییەکەدا بەدیاریکراوی ئەم “نەخێر”ەی پاشایە وا گوژمی هەرە بڵند دەبەخشێتە عەشقەکەیان. مەحاڵێتیی پێکگەیشتن لای دەروێش هەڵێنانی عەدولی لێدەکەوێتەوە بۆ ئۆبێکت-هۆکاری ئارەزوو، کە هەرگیز بۆ بوونە کۆنکرێتییەکەی عەدول کورت نابێتەوە وەک ئەوەی تەنیا چکێ ئارەزووی بێ تەژمە و تێکەڵپێکەڵ بێت. عەدول بە زاراوە لاکانییەکە دەگۆڕێت بۆ ئۆبێکتی بچووکی a، ئارەزووێکی دەستپیانگەیشتوو کە کۆپەیوەندی دەروێش بە جیهانی دەرەوە، بونیادمەند دەکاتەوە. فەنتازیای دەروێش ژێراوژوور دەبێتەوە و تینوتاوی ئوبێکتەکە [عەدول] سەرلەبەری سوبێکتیڤیتەی دەروێش ڕێک دەخاتەوە. واتە ئەوەی دەروێش لە مەعشووقی دەبینێت بەدەر لە جەستەیەکی شوێنکاتەکیی ئەو سۆزە مەحاڵەش دەگرێتەوە وا لە ناوەوەی سوبێکتیڤیتەی عەدول دایە، ئاشتبوونەوە و یەکخستنەوەی موسڵمان لەگەڵ ئێزیدی، شاربەدەرکردن و وڵات، و هەر بەمەشە کوڵوکۆی سوبێکت و چارەنووسی نیشتمان پێکەوە بەدیدێن.

ئۆبێکتی دەستپیانەگەیشتوو نزیکایەتی هەیە لەگەڵ ئەو شتەی وا ژیژەک پێی دەڵێت “زیادەی ڕووداوبار [ئەو زیادەیەی وا هەڵگری ڕووداوێکە][4]“. بە پێچەوانەی ڕووداوێکی ئاسایی، ڕووداوی ژیژەکی بۆ کردەیەکی ئەزموونی کورت نابێتەوە، چونکە ساتەوەختی لێکدانە تراومایییەکە بۆ ناو سیستەمە ڕەمزێنراوەکە هاوکاتە بە دروستبوونی زیادەیەک بۆ سەر “مانا” پشتپێبەستووەکەی ناو ژینگەکە، لەسەر ئەو ڕاستییەی ڕووداو سیستەمە ئاسایییەکەی زمان تووشی بوومەلەرزەیەک دەکات و مانا بەکڵێشەبووەکان دەهەژێنێت، لەبەر ئەوەی ڕووداو ئەوەندە تیژڕەوانە دێتە ناو پانتاییی ڕەمزی، بواری ڕوونکردنەوە و لێتێگەیشتنێکی کامڵمان پێنادات، هەر بەهۆی ئاڵۆزیی ئەم سەرڕێژییەی مانا و پێکداچوونی دالەکاندایە وا “زیادە surplus”یەک دێتە بوون، کە لە هەوڵی مانادان و شێوەپێدانێکی جیاوازترە، بەڵام هەرگیز بەتەواوی ئامانجەکەی ناپێکێت. لە دەروێشی ئەڤدی، ڕووداوەکە لە دیتنی عەدول لەلایەن دەروێشەوە درێژ دەبێتەوە تا ئەو شوێنەی عەدول بە هاتنەناو نیگای دەروێشەوە هەڵچوونێک دروست دەکات، و بەهۆیەوە هاوسەنگی عەشق و سیاسەت هێند ڕادیکاڵانە ناجێگیر دەکات، کە هیچ ئیمکانێکی چاکبوونەوەی ئەم دوو ڕووبەرە یاخود گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوەختەیان لە بۆ ناهێڵێتەوە. ئەڵقەیەکی ئارەزووی لەمشێوەیە، کە هەردوو ڕووبەری عەشق و سیاسەت تیایدا دەبنە پاڵپشتی حەقیقەتی مەحاڵی یەکتر، ڕێکاوڕێک ڕووداوە ژیژەکییەکەیە.

وەڵامی دەروێش بۆ بانگکردن[5]ەکەی پاشا وەڵامێکی دەستوبردانەیە. ئەو بەبێ ڕاڕایی و لێکدانەوەیەکی پێشوەختە، و بەبێ هیچ گومانێک لە ڕیاکاریی پاشا دەگەڕێتەوە ناو گۆڕەپانی جەنگ. بە پێچەوانەی بادیۆوە، لای ژیژەک ئەم ڕۆیشتنە بێ دوودڵییەی دەروێش بۆ بەرگریکردن وەفاداری نییە بەرانبەر ڕووداو، بەڵکوو زیادەیەکە. ئاخۆ ژیژەک لێرە بواری ئەوەمان پی دەدات بڵێین زیادەکە هاوچەشنی کردەیەکی خۆکوژانەیە؟ بەڵێ، بەنزیکەیی خۆکوژانەیە. تاکە هۆکاری گەڕانەوەی دەروێش شتێک نییە جگە لەو ڕاستییەی، کە دەروێش بەر شۆرتی بڵندبوونەوە کەوتووە، بەو مانایەی بەرگریکردن لە نیشتمان بریتییە لە پاراستنی عەدول، وەک ئەوەی بە خۆی بڵێت: بۆ ئەوەی سەرڕاستانە لەگەڵ عەدول بمێنمەوە پێویستە بۆ نیشتمان بجەنگم. لێرەدا لێکهەڵاواردنێک نامێنێتەوە. چونکە زیادەکەی بۆ ئاستی ڕەها هەڵدەکشێت نەک لەبەر ئەوەی بەهۆی بەرژەوەندخوازییەکی دڵپێوەبووانەوە پاڵنرابێت، بەڵکوو لەبەر ئەوەی لۆژیکی خودی ئارەزووی دەروێش بووەتە پاڵنەری سەرەکی. ئارەزوو لای ژیژەک هەمیشە ئارەزووی مەحاڵە، بۆیەشە جەنگان لەپێناو عەدول/نیشتمان هاوسەنگە بە دەستپیاگەیشتنێکی لەکردەنەهاتوو.

پاشان، ڕاستە داستانەکە داستانێکی لە ناوەڕۆک تراژیدییە، بەڵام لە چوارچێوە تیۆرییەکەی ژیژەک، تراژیدیا بنکی بونیادی ئارەزووە نەک بەدبەختی و نەهامەتییەکی پەتی. دەروێش دەکەوێتە تەڵەی دوژمن و لەگەڵ ئەسپەکەی شەهید دەبن. کەواتە وەفادارییەکەی وی ڕزگاری ناکات، چونکە مەرگی دەروێش خۆی شتێک نییە جگە لە بەخشین و بەرجەستەکردنی حەقیقەت. مەرگی دەروێش و جێهێشتنەکەی لەبری ئەوەی ببێتە کۆتایی ڕووداو، دەبێت بە ڕادیکاڵکردنەوە و چڕبوونەوەی پرۆسەی ڕووداوەکە. ڕاستە مەرگی ئەو مەحاڵێتیی عەشق دەگەیەنێتە بنبەست، بەڵام ئێستاکە زایەڵەی ئەم مەحاڵێتییە لەودیو چوارچێوەی سوبێکتێک دەزرینگێتەوە: ماتەم و شینگێڕانی عەدول. وەسیەتی عەدول بە ناشتنی لەپاڵ دەروێش و دیارنەمانەکەی لە پاش شینگێڕان بەتەواوی درێژبوونەوەی ڕووداوە ئاوارتەکەی خۆی و دەروێشە. عەدول بە وەفادارییە کەموێنەکەی دەبێت بە دووەم گەیەنەری حەقیقەتەکە، واتە حەقیقەتی مەحاڵ. ئەو بە ئۆبێکتە لەدەستچووەکە هاوشووناس دەبێت، و بەو هاوشووناسبوونەی لەوە دڵنیامان دەکاتەوە، کە بڵندبوونەوەی عەشقەکەیان بە ماتەمێکی ئاسایی کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو بۆ تاهەتا پێداگری لەسەر غیابێکی لەبیرەوەنەچوو دەکات، غیابێکی هێند ئامادەبوو وا کۆی حزووری چواردەورەکەی نەفیی دەکات.

ڕەنگبێ لێرەدا قووڵترین ڕەهەندی ڕاڤە ژیژەکییەکە نیشانمان بدات، کە نیشتمان خۆی لە ڕێگەی عەشقەوە بۆ دیوێکی تارمایی و خێوئاسا ئاوەژوو دەکاتەوە. بەتایبەت بۆ گەلێکی وەک کورد، کە شێواو، پەرتبوو و دابەشکراوی ژێر داگیرکەرە، گەلێک وا خۆی بووەتە ئۆبێکتی مەحاڵ و هەمیشە ترووسکایییەک دەبینێت سەرباری ئەوەش هەرگیز ڕامی ناکات. بۆیەشە لە بڵندبوونەوەکەی دەروێشدا، عەدول نەخشەوێنەی ئەم نیشتمانە مەحاڵە دەستپیانەگەیشتووەیە، بەشێوەیەک لای دەروێش هەم خۆشویستراو و هەمیش ڕامنەکراوە، هەم حزوور و هەم غیابە، هەم سوێند و سۆز و پەیمانە و هەمیش یاساغ. کاتێکیش دوای شینگێڕییەکەی لەبەر چاوان ون دەبێت، کتومت دەگۆڕێت بۆ ڕەنگدەرەوەی لۆژیکی گەل وەک ئەوەی پڕاوپڕ ئارەزووکراو، ویستراو و سۆزپێدراو بێت، بەڵام هەرگیز بە تێروتەسەلی حزووری نابێت. ونبوونە مەینەتبارەکەی عەدول تۆڕی حەقیقەتی کڕۆکی ئارەزووە.

وەک چۆن نیشتمانی ئێمەی کورد بە نزیکبوونەوە لێی تایبەتمەندییە خز و سرکەکەی پیشان دەدات و کتوپڕ بۆ ناو پانتاییی غیاب پاشەکشە دەکات، دۆخی دیارنەمانی عەدولیش بە هەمان شێوەیە، تەنیا یەک شوێنپێ جێدەهێڵێت: وەسیەتی ناشتنەکەی لەژێر سەری دەروێش.

بەم جۆرە، گۆڕی دەروێش لە شوێنگەی مەرگی سوبێکتێکەوە دەبێت بە ڕەهەندێکی سیاسی-تیۆلۆجی. هاوشێوەی شوێنەوار و بەرچەسپی ڕووداوێکی تراومایی، گۆڕەکە دەبێت بە شوێنێک وا تیایدا یادگەی دەستەجەمعیی خۆی ڕێکدەخاتەوە. بۆ ژیژەک ڕووداو لە ڕێگەی بەردەوامییەکی ئەمەکدارانەوە زیندوو نامێنێتەوە، زیندوومانەوەی ڕووداو بەهۆی فۆڕمی چەقە تراومایییەکەیەتی، کە هەموو جۆرە تێکهەڵکێش کردن و ئاوێتەبوونێک لەگەڵ پانتاییی ڕەمزی، ڕەت دەکاتەوە. چەقی ڕووداوەکەش گۆڕی دڵبەر و دڵدارەکەیە: دەروێش و لە ژوور سەریشی عەدول، وەک دوو شوێنگەی کشومات، چرکنەکردوو، و هێشتاش نیگا و تێڕامانمان ناتوانن چاوپۆشی لێبکەن. وەها دۆخێک هەمیشە بیرمان دەخاتەوە، کە ڕۆژگارێک عەشق و نیشتمان تێهەڵکێشی ناو یەکتر بوونە، ساتەوەختێک لە ڕێگەی کارەساتێکەوە “نامومکین” نیمچەترووسکایییەکی دەرخستبوو.

کەوایە بەپێی ڕووداوی ژیژەکی، دەروێشی ئەڤدی جگە لەوەی داستانێکی تراژیدییە، چیرۆکەهێمایەکیشە سەبارەت بەوەی چۆنچۆنی گەل و نیشتمان بەهۆی ئارەزووەوە بونیادمەند دەکرێن و فەنتازیاکەیان پێکهاتەبەند دەکرێتەوە. بڵندبوونەوە لە عەشقەوە بۆ نیشتمان و لە نیشتمان بۆ عەشق هەڵگری ئەو مەحاڵێتییەیە، کە لە دڵی سوبێکتێکی کوردی وەک دەروێشدا بوونی هەیە. داستانەکەش ئەم مەحاڵێتییە دەگەڕێنێتەوە بۆ حەقیقەتێکی ڕامنەکراو. دەروێش دەمرێ، عەدول دیار نامێنێ، بەڵام گۆڕەکانیان لەبەر چاومانن و ئەمەش پیشاندەری نەسرەوتووییی ڕووداوێکە، کە نەک لە ڕێگەی سووربوون، بەڵکوو بە تارمایییەکی تیژوتاڵی بیرخەرەوە، بە تەوژمی ناکۆتای ئارەزووەوە لەبری بەدیهاتنی، لە ڕەوتی نەسرەوتندایە. خاڵە سەرنجڕاکێشەکەی ژیژەک لێرەدایە، کە ڕووداو لە جیاتی ئەوە ساڕێژی زامەکانمان بکات، دێت برینێک دەکاتەوە و چاڵێکمان بۆ دروست دەکات، کە بەردەوام سوبێکتیڤیتە، کۆمەڵگە و تەنانەت مێژووشمان لە چوارچێوە دەنێتەوە.

داستانی دەروێشی ئەڤدی تراومایەکی ڕێکخەرەوەی نێوان عەشق و سیاسەتە، بڵندبوونەوەیەکە وا دەریدەخات مەحاڵ/ئارەزوو بە چ شێوەیەک بیچم بە سوبێکت دەبەخشن. و بەردەوامبوونێکە تا ئەوپەڕی سنووری مەرگ پێداگرە لەسەر حزوورێکی خێوئاسای تەواو دیارنەبوو و لە هەمان کاتدا نەڕۆیشتوو. بە زمانە بادیۆکەش، ڕووداوێکی لەم شێوەیە هەژێنەری ژینگە بەستووەکەیە، دەروێشی ئەڤدی بە پشوودرێژییەکەی خۆیەوە سەر و دڵی بە شتێکی هێند مەحاڵەوە قاڵ بوو، کە بۆ هیچ شتێکی بەدەر لە خۆی جیاوازتر، داناشکێندرێت. عەشقێکی ئەوەندە مەزن لە توانایدا هەبێت ئاڵنگاری ئایین، نیشتمان و کۆپەیوەندی ساتەوەختێک بکات و لێکیان ببەستێتەوە، کە هیچ هێز و پاشایەک نەتوانێت نکۆڵی لێ بکات، عەشقێکە دواجار ڕامکراوی ناو هیچ جۆرە پانتایییەکی ڕەمزی نابێت.

سەرچاوەکان

کاکە، ک. (٢٠٢٣). دەروێشی ئەڤدی: داستانی کۆرژنێ لە خوێنەوە. چاپخانەی تاران.

Žižek, S. (2014). Event: A philosophical journey through a concept. Melville House Publishing.

Badiou, A. (2005). Being and event (O. Feltham, Trans.). Continuum. (Original work published 1988), pp. 173–191.

Badiou, A., & Truong, N. (2012). In praise of love (P. Bush, Trans.). Serpent’s Tail. (Original work published 2009).


[[1]] بادیۆ لە بوون و ڕووداو ئەوەش دەورووژێنێت کە بارودۆخێکی مێژوویی دەکرێت وەک شوێنڕووداوی ڕوودانێکی چاوەڕواننەکراو بێت. هەر بۆیە بەمە دەڵێت شوێنی ڕووداو یاخود شوێنڕووداو. شوێنڕووداو  “Evental Site” شوێندۆخێکی ناونشینبووی سەر لێواری -یانیش لە دەرەوەی لێوارەکەیە وەک دەرەشوێنێک- پانتاییە ڕەمزییەکەیە، وەک ئەوەی خاڵێکی شاراوە بێت و لێیەوە گۆڕانێک دروست بێت یانیش دەرگایەکی نوێ بکاتەوە، دەرگایەک بۆ ڕووداو. پێویستە ئاماژە بەمەش بکرێت بەپێی ڕاستییە مێژوویییەکان، ڕووداوەکە واتە داستانی دەروێشی ئەڤدی لە کۆتایییەکانی سەدەی هەژدەیەمدا بووە لەنێوان ساڵانی ١٧٨٠-١٧٩٠. هەلومەرجی ئەو کاتەی کورد و هێرشی عوسمانییەکان و لەپاڵیشی هەبوونی دەروێش، شوێنڕووداوێکن کە ژینگە بەروەخت و هاووەختەکەی خۆیان بەتەواوەتی دەگۆڕن.

[3] وا پێویستترە لە هەندێک شوێن چەمکەکە لەبری ئەوەی لە پێش ناوی ژیژەکەوە بنووسرێت، ئەوا بە هاوەڵناوی “ژیژەکی”یەوە بلکێنرێت. چونکە خودی چەمکەکە لای ئەو لە دیوە گەردوونییە گشتەکییەکەی دادەماڵرێت و بە سەنتێزە هیگڵ-لاکانییەکە و خستنە ناو سیستەمە فیکرییەکەی، جیاوازتر ڕەنگڕێژی دەکاتەوە.

[[3]] ژیژەک لە بەشی سەرەتای کتێبەکەیدا لەپاڵ چەمکی لەقاڵبنان یاخود لەچێوەنان “Framing” و لەچوارچێوەنان”Enframing” ، ئەوا لە چوارچێوەنانەوەش  “Reframing”بەکاردێنێت. بەگشتی، لەچێوەنان چۆنیەتی چاوتێبڕینمانە بۆ دۆخێک. بەڵام لەچوارچێوەنانەوە کاتێک ڕوودەدات کە شتێک گۆڕانکاری بخاتە ناو بۆچوونمان، و دوای ئەم گۆڕانە پەی بە گۆشەیەکی جیاواز دەبەین و لەوێوە لە شتەکان دەڕوانین. گۆڕانکارییەکە سەبارەت بە لەچوارچێوەنان ڕیشەییترە، ئەمەیان تەنیا گۆشەیەکی جیاوازمان بۆ بەردەست ناخات، بەڵکوو بونیادە بنچینەییەکەی بیرکردنەوەشمان دووچاری گۆڕان دەکات.

[[4]] Evental Surplus

[[5]]   ئەم چوونەی دەروێش لێکدانەوەیەکی تریش هەڵدەگرێت، دەکرێت ڕۆیشتن/گەڕانەوەی دەروێش بۆ بە هاناچوونی پاشاوە وەک بانگکردنێکی ئایدۆلۆژیی “Ideological Interpellation” سەیر بکرێت. بانگکردنێک سەرباری دوورخستنەوەکەی، دێت و لەپێناو عەشقی نیشتمان/عەدول بۆ ناو گۆڕەپانی جەنگ ملی ڕێگا دەگرێتە بەر. لێرەدا پاشا بە ئەگەرێک، وەفاداریی دەروێش بۆ زیندوومانەوەی خۆی و دەسەڵاتەکەی دەقۆزێتەوە. بە بەڵێنپێدانی ڕێکخستنی هاوسەرگری لەنێوان دەروێش و عەدولی کچی، بیری دەروێش دەخاتەوە، کە ئەرکی ئەو جەنگاوەرێتی و پاراستنی خاکەکەیەتی، خاکێک وا ئێستا لەگەڵ عەدول ئاوێتەی یەکتری بوون.