هێردەر و مێژووییبوونی ڕۆح

هێردەر لە نامەی (هەشتا و هەشتەمین)یدا، (لەپێناو پێشکەوتنی مرۆڤایەتیدا 1796)دا، تەنها تێڕامانێکی کەسی لەسەر شیعر و ئەدەب پێشکەش ناکات، بەڵکوو بناغەیەکی فەلسەفی تۆکمە بۆ دیدێکی نوێی (فەلسەفەی مێژوو) دادەنێت، کە لەسەر (تایبەتێتی ئەزموونی کەلتووری) و (فرەیی ڕۆحی مرۆڤایەتی لە سەردەمە جیاوازەکاندا) دامەزراوە. ئه‌و لە ڕێگەی زمانە شیعرییەکەی و تێڕامانە قووڵەکەیەوە بۆ ئه‌وه‌ بانگهێشتمان دەکات، سەرلەنوێ بیر لە تێگه‌یشتنی خۆمان به‌رامبه‌ر به‌ گەلان و سەردەمە مێژوویییەکان بکەینەوە، هاوکات لە مەترسی (گشتاندن) و (ئەبستراکت) لە کاتی قسەکردن لەسەر نەتەوەکان یان قۆناغە زەمەنییەکاندا ئاگادارمان دەکاتەوە.

 ڕەخنە لە گشتاندنی مێژوویی و ئەبستراکت

هێردەر بەڕاشکاوی ئەو تێڕوانینانە بە مەترسی دادەنێت، کە هەوڵ دەدەن بە چەند وشەیەک وەسفی تەواوی نەتەوەیەک یان تەواوی سەردەمێک بکەن و دەپرسێت: چۆن دەتوانرێت بونیاد و بوونە ئاڵۆزەکەی نەتەوەیەک یان قۆناغێکی وەک (سەدەکانی ناوەڕاست) یان (سەردەمی نوێ) لە گوزارەگەلێکدا کورت بکرێنەوە؟ ئەو پێیوایە ئەم جۆرە گشتاندنانە جۆراوجۆرێتی و دەوڵەمەندی ئەزموونی مرۆڤایەتی ناتەواو و ئاڵۆز دەکەن[1].

ئەو بەم کارە، ڕێبازی ڕۆشنگەری ڕەت دەکاتەوە، کە لەسەر بنەمای پۆلێنکردنی گشتی دامەزرابوو و داوای (تێگەیشتنێکی هاوسۆزی) بۆ مێژوو دەکرد، کە لە ناوەوە نەک لە دەرەوە سەرچاوە بگرێت. واتە شاعیرێکی وەک (دانتێ) یان (سێرڤانتێس) نابێت تەنها وەک نوێنەری ئەدەبی (ئیتاڵی) یان (ئیسپانی) لێی بڕوانرێت، بەڵکوو وەک کەسێکی تەنها، کە لە هەلومەرجێکی کەلتووری و مێژووییی تایبەت بەخۆیدا دروست بووە و دەبێ لە چوارچێوەکەی خۆیدا لێی تێبگەین[2].

 تاکێتیی مێژوویی و زنجیرەی بەردەوامی کەلتووری

سەرەڕای ئەم گرنگیدانە بە تاک، هێردەر تاکەکان لە چوارچێوە کەلتووری و زەمەنییەکەی خۆیان دانابڕێت، دوای ڕۆچوون لە ئەزموونی شاعیرێکی دیاریکراودا، خێرا (زنجیرە تەواوەکەی سەردەمەی پێشوو یان دوایی) وەک خۆی دەڵێت، بەبیر دێتەوە. لێرەدا چەمکی (بەردەوامی مێژوویی)ی ئەو ئاشکرا دەبێت، نەک وەک پێشکەوتنێکی هێڵی، بەڵکوو وەک تۆڕێکی کارلێکی نێوان ڕۆح و ژیرییەکان بەپێی تێپەڕبوونی کاتەکان.

ئەم تێڕوانینە لە هەردوو جیهانبینییە (هێڵییەکانی مێژوو)دا، وەک ئەوەی لە فەلسەفەی ڕۆشنگەریدا هەبوو، لەگەڵ (چەمکە خولییەکان)، وەک ئەوەی لە فەلسەفە کلاسیکییەکاندا دەبینرا، دابڕا، هەتا ببێتە هۆی دروستبوونی (دیدێکی مێژوویی مرۆیی فرەیی) کە لە هەموو کەلتوورێکدا دەربڕینێکی تایبەتی دەربارەی هاوبەشە مرۆڤایەتییەکان دەبینێت.

شیعر وەک دەرکەوتنی ڕۆحی نەتەوە

بەلاى هێردەرەوە هۆنراوە جۆرێکە لە تێگەیشتنى ڕاستى واقیع. لە کاتێکدا ڕەخنەگر و شاعیرە هاوسەردەمەکانى وایان دەبینى کە هۆنراوە ئەنجامى بەدەستهاتوو و فێربوونە، یاخود ئامرازێکە بۆ کات بەسەربردن و دەروون ئاسوودەکردن. ئەمە لە کاتێکدا هێردەر پێی وابوو هۆنراوە لە دەوروبەرە مێژوویى و سروشتییەکەیەوە هەڵدەقوڵێت، شاعیریش بەهۆى هەستەکانییەوە درکى پێ دەکات. نیشانەى یەکەمى هۆنراوە سەرسوڕمانە. هۆنراوە بەرەنجامى پەیوەندییەکى دینامیکى نێوان مرۆڤ و جیهانە[3]. تەنانەت هۆنراوە لە کرۆکەکەیدا گوزارشتکردن نییە لەو ژینگەیەى کە تێیدا لەدایک بووە، بەڵکوو لە سەرەتایدا لێى جیا دەبێتەوە و جیهانێکى تایبەت بەخۆى پێک دەهێنێت. زمانیش بەو توانا مەزنەى کە بۆ ئافراندن و داهێنان هەیەتى، بوونێکى جەوهەرى جیاواز لە ژینگەکەى بە هۆنراوە دەبەخشێت. هەر لەم ڕوانگەوە هێردەر دەڵێت: “شاعیر بەدیهێنەرى ئەو نەتەوەیەیه‌، کە تێیدا هەڵکەوتووە، لەبەر ئەوە جیهانێکى پێ دەبەخشێت تا بیبینێت..”[4].

هێردەر باوەڕى وابوو (گۆرانى و ئەفسانەى میللى) ئەو سەرچاوانەن، کە دەبێت شاعیرەکان لێى بەهرەمەند بن. هەوڵیشى داوە ئەوە ڕوون بکاتەوە لە مێژووى گەلە جیاوازەکاندا، هەرکاتێک گونجان لەگەڵ گەل و سەرکردە و شاعیرەکاندا هاتبێتە ئاراوە، ئەوا سەردەمى ئاسوودەیى و پێشکەوتنى ژیارى باڵى بەسەردا کێشاون، هەرکاتێکیش کرانەوەیى هۆنراوە و عەقڵییەتە بلیمەتە داهێنەرەکان قەدەغە و سنووردار کرابن، ئەوا سەردەمى تاریکى و لێکهەڵوەشانى ژیارى باڵى بەسەردا کێشاون. هەربۆیە هیردەر گرنگییەکى زۆرى بە (هۆنراوەى جەرمانى) کۆن دەدا، کە لە گۆرانییە میللییەکاندا بەرجەستە دەبوو. هاوکات گرنگى زۆرى بە هۆنراوە و گۆرانى تروبادوور لە فەڕەنسا و مینسنجەر Minnesanger له‌ ئەڵمانیاى سەدەکانى ناوەڕاست دەدا. هەروەها خۆی ئاماژە بە توانا بێوێنەکەى شکسپیر لە زیندووکردنەوەى مێژوو و ئەو حەزە لە ئەندازە بەدەرەى بۆ ئەفسانەکانى باکوور هەیبوو، دەکات[5].

هەروەک گۆتە دەڵێت: “کتێبەکانى ھێردەر فێریان کردم، که‌ (هونەرى شاعیر) لە یەک کاتدا بەخشیشێکى جیهانى و بەخشیشێکى نەتەوەکانە، واتە میراتى تایبەتى چەند ڕۆشنبیرێک نییە”[6].

هێردەر شیعر وەک (گوڵی ڕۆحی مرۆڤایەتی) و (زمانی ئارەزووی کۆمەڵیی مرۆڤایەتی) دەبینێت، کە دەرکەوتنێکی زیندووی ئەندێشە و ویژدانی نەتەوەیییە. لە شیعردا ڕۆحی کۆمەڵیی میللەت دەردەکەوێت، هەروەها بلیمەتی گەل (فۆڵکسگەیست Volksgeist) بە ڕوونی چ لە وێنە جوانیناسییەکانیدا یان لە گرژییەکانی ویژدانی کۆمەڵییدا ئاشکرا دەبێت.

لەم ڕوانگەیەوە، هێردەر خوێندنەوەی شیعر وەک ئامرازێکی فەلسەفی بۆ تێگەیشتن لە مێژوو دەبینێت، نەک وەک زنجیرە ڕووداوێکی بەدوایەکدا هاتوو، بەڵکو وەک گوزارشتێک لە تامەزرۆیی و ئەندێشەکردن و ئازار و هیوا. شاعیران نەک هەر لەبارەی خۆیانەوە دەگێڕنەوە، بەڵکوو بۆ نێو دونیای خۆیان و بۆ نێو هەستیکردنیان بە ژیان دەمانگوازنەوە، کە بەرهەمەکانیان دەکاتە سەرچاوەیەکی بنەڕەتی بۆ خوێندنەوەی مێژوو لە ناوەوە.

 بلیمەتیی نەتەوە و ڕۆحی سەردەم

هێردەر جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هەموو نەتەوەیەک هەر وەک چۆن زمانێکی تایبەت بەخۆی هەیە، بەهەمان شێوازیش ئەندێشە و بیرکردنەوەی جیاوازی هەیە، ئەمەش ئەوە پێکدەهێنێت، کە پێی دەوترێت (بلیمەتی میللەت). بەڵام ئەم بلیمەتییە جێگیر نییە، بەڵکوو بە تێپەڕبوونی کات و کارلێککردن لەگەڵ کەلتوورەکانی دیکەدا دەگۆڕێت و پێکدێت. لێرەدا هێردەر باس لە (ڕۆحی سەردەم) دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هەموو سەردەمێک (تۆن و ڕەنگ)ی خۆی هەیە و لێکۆڵینەوە لەم مۆرکە تایبەتە چێژێکی فەلسەفی خۆی هەیە.

ئەو پێی وایە بۆ نموونە نابێت سەدەکانی ناوەڕاست لە دەرکەوتنی (نەزانی و خورافات)دا کورت بکرێتەوە، بەڵکوو دەبێت لە ژێر ڕۆشناییی تێڕوانینە خودییەکان و ئەندێشە ئەدەبی و شێوازی ڕێکخستنی واتای خۆی لێی تێبگەین. ئەم تەرزە پێگەیشتنێکی فەلسەفی نیشان دەدات، کە جەخت لەسەر (ڕێژەیی کەلتووری) و پێویستی ڕێزگرتن لە (شێوەی ئەندێشەکردن و باوەڕ) لە هەموو قۆناغێکدا دەکاتەوە[7].

 مێژوونوسانی سەردەمی رۆشنگەری مێژوویان لە میانەی سەدەكانی ناوەڕاستدا بە دواكەوتوو و لەمیانەی هەردوو سەدەی حەڤدە و هەژدەهەمدا بە پێشكەوتوو دادەنا، بێئاگابوون بەرامبەر بەو بەردەوامییەی لەنێوان بەشەكانی مێژوودا هەیە. ئەمە لەكاتێكدا سەدەكانی ناوەند ئەڵقەیەكی گرێدەرە لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا نەك بەو شێوەیەی (ڤۆڵتێر) بە ئەفسانە و نەزانی و نادیاری دەیبینی، ئەو پێشكەوتنەش كە مێژوونووسانی سەردەمی رۆشنگەری بۆ سەردەمەكەی خۆیان بانگەشەیان بۆ دەكرد، تەنها لە سەركەوتنی مرۆڤ بەسەر هێزە سروشتیەكاندا بەرجەستە دەبوو، چونكە ئەوە تەنها لایەنی ژیری دەنواند، بەڵام مرۆڤ بەتەنها ژیری نییە، بەڵكوو چەندەها لایەنی جۆراوجۆری ئەوتۆی تێدایە كە سەرەڕای ژیری ویست و سۆز ‌و هەستیش لەخۆ دەگرێت، تەنانەت هەستەكان لای هەندێ‌ لە فەیلەسوفەكان بە سەرچاوەی سەرەكی زانین دادەنرێت، دیارترینی ئەو فەیلەسوفانەش (هێردەر) بوو[8].

یەکێتیی هەستی مرۆڤایەتی لەنێو جۆراوجۆرێتی ئەزموونەکاندا

سەرەڕای گرنگیدانێکی بەرچاوی هێردەر بە فرەییی مێژوویی و کەلتووری، بەڵام بە تێڕامانێکی وجودیی خەمناکەوە لە کۆتاییدا دەڵێت: “جیهانی ئێمە چەند بچووکە! چەندیش هەست و هزرەکان دووبارە دەبنەوە!” ئەمە وەک ئاماژەکردنێک بە (لێکچوونی قووڵ لە نێوان مرۆڤەکاندا) لە سەردەمە جیاوازەکاندا. جا هەرچەندە لە شێوە و دەربڕیندا جیاواز بن، بەڵام پاڵنەرە قووڵەکانیان وەک یەکن، واتە خۆشەویستی، خەم، ئارەزوو، ترس و ئەندێشە.

بەم شێوەیە هێردەر (دیالێکتیکێکی فەلسەفی) لە نێوان فرەیی و یەکێتیدا دروست دەکات، واتە لە کاتێکدا کەلتوورەکان لە شێوازی بەرجەستەکردنی هەست و واتادا جیاوازن، بەڵام جەوهەری مرۆییی هاوبەش بە ئامادەیی دەمێنێتەوە[9].

بەم شێوەیە هێرده‌ر بانگەوازێکی فەلسەفی قووڵ بۆ تێگەیشتن لە مێژوو وەک (دەنگە جیاواز و جۆراجۆرەکانی مرۆڤایەتی) ده‌کات. لە بەرامبەر (ئەبستراکتی ئەکادیمی) و (هەژموونی ناوەندگەرایی ڕۆشنگەری)دا، هێردەر پێشنیاری (فەلسەفەی هاوسۆزی مێژوو) دەکات، ستایشی جیاوازییەکان دەکات و هەستی ڕێزگرتن لە ناخماندا، دەربارەی هەموو شێوەکانی دەربڕینی مرۆڤایەتی، لە کات و شوێنە جیاوازەکاندا زیندوو دەکاتەوە.

لە جیهانی هاوچەرخی ئێمەدا، کە حەزێکی زۆر بۆ بچووککردنەوەی گەلان و شوناسەکان بەدیدەکرێت، فەلسەی هێردەر وەک بانگەوازێکی خاکیبوونی هزریی و کراوەنەوەی کەلتووری و سەیرکردنی مێژوو وەک ئاوێنەیەکی زیندوو بۆ ڕۆحی مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە.

تێبینی: ئەمە وتارە کورتکراوەی ته‌وه‌رێکی کورته‌ له‌ توێژینه‌وه‌یه‌کی دوورودرێژ به‌ ناونیشانی (هێردەر و مێژووگه‌رێتی: هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌ی ڕۆشنگه‌ری له‌میانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی مێژووه‌وه‌).


[1] ) Johann Gottfried Herder, Another Philosophy of History and Selected Political Writings, trans. and ed. Ioannis D. Evrigenis and Daniel Pellerin (Indianapolis: Hackett Publishing Company, 2004, pp 118-120.

[2] ) Johann Gottfried Herder, Another Philosophy of History and Selected Political Writings, pp 118-120.

[3] ) عبدالرحمن البدوی: موسوعة الفلسفة، الجز‌ء الثالث، الطبعة الاولی، قم،1427، ص 360.

[4] ) عبدالرحمن البدوی: موسوعة الفلسفة، الجز‌ء الثالث، ص 359.

[5] ) عبدالرحمن البدوی: موسوعة الفلسفة، ص 359.

[6] ) ايمرى نف: المؤرخون وروح الشعر (دراسة لاسهام الادب والعلوم الادبية في تدوين التاريخ منذ عهد ظوليتر)، (ت: توفيق اسكندر)، مكتبة الانجلو المصرية، القاهرة 1961، ص 63.

[7] ) Johann Gottfried Herder, Another Philosophy of History and Selected Political Writings, pp 118-120.

[8] ) عبدالرحمن البدوی: موسوعة الفلسفة، الجز‌ء الثالث، ص 360.

[9] ) Johann Gottfried Herder, Another Philosophy of History and Selected Political Writings, pp 118-120.