“نادڵنیایی” لە «وێڵی»دا

چاوخشاندنێکی خێرا بەسەر ڕۆمانی ویڵی؛ لە نووسینی دلاوەر ڕەحیمی

لە ڕێبازی ئەوپەڕپێکهاتەخوازییەوە دەق یەکەیەکی داخراو نییە کە مانایەکی جێگیری هەبێت، بەڵکوو تۆڕێکە لە واتاکان کە هیچ نیشانەیەک، مانای کۆتایی یان یەکلاکەرەوەی نییە. بیردۆزەکە لەسەر ئەو گریمانەیە دامەزراوە کە مانا هەمیشە لە دۆخی هەڵخزان و دواخستن و پێناسەکردنەوەیە و هیچ خاڵێک نییە کە بتوانێ وەک ئاماژەی کۆتایی بۆ لێکدانەوە هەژمار بکرێت. یەکەم شتێک کە من له ڕۆمانی «وێڵی»دا هەستم پێی کرد “نادڵنیایی” بوو. ئەوپەڕپێکهاتەخوازی پێی وایە کە هەموو دەقێک لە چەند تۆێیەکی دەنگ و ئاماژە و دژایەتی و پچڕان پێکهاتووە و خوێنەر لە ڕووبەڕووبوونەوەیدا ناچارە لە نێوان ئەم چینانەدا بجووڵێت و بەرگەی پرسیارە بێ وەڵامەکان بگرێ و چالاکانە بەشداری لە قەڵشتگەلی ماناییدا بکات. لەم ڕوانگەیەوە “نادڵنیایی” کێمایەسی نییە لە دەقدا، بەڵکوو بەشێکی بنەڕەتییە لە پێواژۆی ماناسازی دەق و لەبری ئەوەی گێڕانەوەیەکی ڕوون بخاتەڕوو، بە ئەنقەست پێکهاتەیەک دروست دەکات کە ڕێڕەوی تێگەیشتن بە ناجێگیر و مەلەوەر دەهێڵێتەوە. لە وەها بارودۆخێکدا خوێنەر وەرگری مانایەک نییە، بەڵکوو خوێنەر بۆ خۆی داهێنەری مانای رەخساو و فرەچەشن و کاتییەکانە. بۆیە لە «وێڵی»دا کات بووەتە چەمکێک وەک بواری بیرکردنەوە و لەبەر ئەوەی کە گێڕەرەوەیە کە ریوایەت دەکات، لە هەر ساتێکدا باز دەداتە سەر یادەوەرییەک، بیرەوەرییەک، تایبەتمەندییەک و… لە ئەنجامدا کات نە هێڵییە و نە جێی متمانەیە. وەک ئەوە وایە لە پشت دەرگایەکەوە لەگەڵ کەسێک قسە دەکەیت و نازانیت پێنج خولەک تێپەڕیوە یان پێنج کاتژمێر.

بەکارهێنانی دیالۆگ لە نێوان یەکەم کەسی تاکەوە ڕوو لە دووهەم کەسی تاک، سڕینەوەی وەسفە سەقامگیرکەرەکان و بە تایبەت ڕۆنانی ناڕوونی لە ناسنامەی بەردەنگ، کات و شوێن… هەموو ئەو تەکنیکانەن کە لە نەریتی ئەوپەڕپێکهاتەخوازییەوە وەک ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنان و بەهێزکردنی “نادڵنیایی” بەکار دەهێنرێن. بەم شێوەیە دەقی «وێڵی» نەک هەر لە “دڵنیایی” ڕا دەکات بەڵکوو هەڵڵای لێ دەکا و خوێنەر بانگهێشت دەکات بۆ ئەزموونکردنی پرۆسەی ماناسازی لە حاڵەتێکی ناسەقامگیر و کراوە و شڵەژاودا.

ڕووبەرگی ڕۆمانی “وێڵی” نووسینی دلاوەر ڕەحیمی ٢٠٢٥

لەم ڕۆمانەدا ئەم چەشنە گێڕانەوە (کە بە دەگمەن لە ئەدەبیاتی کوردیدا کەڵکی لێوەرگیراوە) دەبێتە ئامرازێک بۆ دروستکردنی پێکهاتەیەکی تەواو ئەوپەڕپێکهاتەخوازی. لە بەشی یەکەمدا گێڕەرەوە بە جێگرەوەی “تۆ” پێناسەی بەردەنگ دەکات، شوناسێکی بۆ دروست دەکات و ڕابردوویەکی لێ دەگێڕێتەوە و داوای لێ دەکات بۆ قبوڵکردنی ڕۆڵێکی دیاریکراو. بەڵام لە بەشی دووهەمدا هەمان “تۆ” وەڵام دەداتەوە و هەموو ئەم پەیوەندییانە نکۆڵی دەکات؛ ئەو نە ئەو کەسەیە کە گێڕەرەوە دەیڵێت و نە هیچ شتێکی لە ڕابردووی خەیاڵی پیاهەڵگووتراوی لەبیرە… ئەم دژایەتییە ناوەندی مانا لەناو دەبات و شوناسی “تۆ” لە ئاماژەیەکی جێگیرەوە دەگۆڕێت بۆ گۆڕەپانێکی خوڕ و دژ بەیەک. لە ئەنجامدا حەقیقەت نە لە دەنگی گێڕەرەوە و نە لە دەنگی وەڵامدەرەوە دیاری ناکرێت، بەڵکوو لە مەودا و گرژی نێوان ئەو دووانەدا دەسوڕێتەوە. ئەم خلیسکانەی شوناس و ناڕوونیی یادەوەری و هەڵپەسێردراوی بەردەوامی نێوان دوو دەنگی دژبەیەک، ڕۆمان دەکاتە نموونەیەکی بەرچاوی گێڕانەوەی ئەوپەڕپێکهاتەخوازی، کە تیایدا “نادڵنیایی” بەس تەکنیکێکی یارمەتیدەر نییە بەڵکوو بناغەی پێکهێنەری دەقەکەیە.

بۆ ئەوەی چێژ لە خوێندنەوە ببینن و نوقمی گێژاوی دەق بن، «وێڵی» بخوێننەوە.