کێردی قەساب و قەڵەمی ڕەخنەگر:

شیکارییەکی بنیادگەرییانە بۆ دیاردەی "کورتبڕی" لە وتارەکانی گۆران سەباحدا

ڕەخنەی ئەدەبی، وەک زانستێک کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی ئەرستۆ دەگەڕێتەوە، هەمیشە وەک پردێک لەنێوان دەق و خوێنەردا کاری کردووە، ئەرکی سەرەکیی بریتی بووە لە “ڕاڤەکردن”، “هەڵسەنگاندن” و “دۆزینەوەی واتای شاراوە”. بەڵام ئەم جۆرە ڕەخنەیە لەناو زۆرینەی وتارە ڕەخنەیییەکانی باشووری کوردستاندا کەمە و زیاتر وەسفی برادەرانە و تانەی ڕەقیبانەیە. گۆران سەباح کە لە ماوەی ڕابردوودا زنجیرەیەک وتاری بە-ناو-ڕەخنەییی لە ڕۆمانی کۆمەڵیک نووسەری کورد بڵاو کردەوە، دوایین پێنج وتاری لەم نووسینەدا خراونەتە بەرباس و شیکردنەوە کە ئەوانیش بریتین لە وتارەکانی لەسەر ئەم ڕۆمانانە:

١. میراتگرانی عەشق، جەبار جەمال غەریب

٢. پەنجەرەکانی ماڵێکی ناتەواو، کاروان کاکەسوور

٣. قیژە، فەرهاد چۆمانی

٤. لەوێ مەمرە، ڕەزا عەلیپوور

٥. گەشتەکەی دێواری برادۆستی، نەبەز گۆران

 بەڵام کاتێک سەیری ئەو زنجیرە وتارەی “گۆران سەباح” دەکەین کە تێیاندا دەستی داوەتە “ئێدیتکردن” یان وردتر بڵێین “تاشین”ـی چەند ڕۆمانێکی دیاری کوردی، ئێمە ڕووبەڕووی دۆخێکی نامۆ دەبینەوە کە لە مێژووی ڕەخنەی ئەدەبیدا کەموێنەیە. ئەم وتارەی بەردەستت هەوڵ دەدات لە ڕێگەی تیۆرییە ئەدەبییەکانەوە وەڵامی ئەو پرسیارە جەوهەرییانە بداتەوە: “ئایا ئەوەی گۆران سەباح دەیکات ڕەخنەی ئەدەبییە یان جۆرێکە لە سەپاندنی دەسەڵاتی تاکڕەوانە بەسەر دەقدا؟ ئایا زمان و میتۆدەکەی لەگەڵ پێوەرە جیهانییەکاندا یەک دەگرنەوە؟”

سەرەتا دەبێت جیاوازیی نێوان “نووسیاری” (Editing) و “ڕەخنەی ئەدەبی” (Literary Criticism) ڕوون بکەینەوە، چونکە گەورەترین کێشەی مەعریفیی ئەم وتارانە تێکەڵکردنی ئەم دوو چەمکەیە. لە وتارەکانی گۆران سەباحدا خوێنەر ڕووبەڕووی تێکەڵەیەکی سەیر دەبێتەوە لەنێوان ڕەخنە و هەوڵی دەستکاریکردنی دەق و بۆچوونی کەسی کە بە زمانێکی دوور لە بنەمای ئەکادیمی داڕێژراون. بۆ تێگەیشتن لەم دۆخە، دەبێت سەرەتا ئەوە ڕوون بێت کە ئەرکی ڕەخنەگری ئەدەبی لە بنەڕەتدا بریتی نییە لە قسەکردن لەسەر ژمارەی وشە و کورتی و درێژیی ڕستەکان، بەڵکو ڕەخنەگر کار لەسەر “ڕاڤە”، شیکردنەوەی جیهانبینیی نووسەر، هێماکان، پەیوەندیی دەق بە دەروونی کارەکتەر و دۆزینەوەی فەلسەفەی پشت دەقەکە دەکات. ڕەخنەگر دەقەکە وەک بەرهەمێکی تەواوبوو وەردەگرێت و هەوڵ دەدات لایەنە شاراوەکانی بۆ خوێنەر ڕۆشن بکاتەوە، نەک قەڵەم هەڵبگرێت و وەک مامۆستای قوتابخانە ڕستەکان ڕاست بکاتەوە.

ئەوەی گۆران سەباح لەم وتارانەدا دەیکات لادانە لە کاری ڕەخنەگر و ڕۆچوونە بۆ ناو کاری “ئێدیتەری خام” (Copy Editor) (ئەمە پێویستی بە وتارێکی تایبەتە بۆ ئەوەی ئەرکەکەی ڕوون بکەینەوە). ئێدیتەر ئەو کەسەیە کە پێش قۆناغی چاپکردن دەق دەبینێت و وشە زیادەکان دەبڕێت و ڕستەکان ڕێک دەخاتەوە، بەڵام کاتێک بەرهەمێک چاپ کرا و بڵاو بووەوە، ئیتر کاری ئێدیتکردن کۆتایی هاتووە و نۆرەی ڕەخنە دێت. ئەوەی دوای چاپ دەکرێت و بە ناوی ڕەخنەوە پێشکەش دەکرێت بە شێوازی “ئەم پەرەگرافە دەبڕم و کورتی دەکەمەوە”، لە ڕاستیدا جۆرێکە لە سەپاندنی سەلیقەی تایبەتی بەسەر دەقێکی تەواوبوودا و دەرخەری مێنتاڵێتیی “ئێدیتەرێکی تووڕە”یە نەک ڕەخنەگر. ئەم شێوازە دەچێتە خانەی “ڕەخنەی دەستووردەرانە” (Prescriptive Criticism) کە لە سەردەمی مۆدێرندا باوی نەماوە، چونکە لە ئەدەبی نوێدا هیچ یاسایەکی پیرۆز نییە بڵێت دەبێت ڕستە کورت بێت یان نابێت وەسف هەبێت، بەڵکو هەر دەقێک یاسای ناوەکیی خۆیی هەیە.

بەپێی بۆچوونی ڕەخنەگری کەنەداییی بەناوبانگ نۆرسرۆپ فرای (Northrop Frye) لە کتێبی “توێکاریی ڕەخنە” (Anatomy of Criticism, 1957)دا، ڕەخنەگر نابێت وەک یاسادانەرێک هەڵسوکەوت بکات کە حوکم بەسەر نووسەردا بدات چۆن بنووسێت، بەڵکو دەبێت وەک زانایەک مامەڵە لەگەڵ ئەو داتایانەدا بکات کە لە بەردەستیدان (واتە دەقەکە). فرای دەڵێت: “ڕەخنەگر دەبێت بە دوای تێگەیشتن لە یاساکانی خەیاڵی نووسەردا بگەڕێت، نەک سەپاندنی یاسای دەرەکی.” ئەوەی گۆران سەباح دەیکات، ڕێک پێچەوانەی ئەم بنەمایەیە؛ ئەو ڕۆمانەکان وەک کەرەستەیەکی خاو دەبینێت کە دەبێت بەپێی پێوەرێکی “ڕۆمانی پڕفرۆشی ئەمریکایی” یان “کورتبڕیی ڕۆژنامەوانی” دابڕێژرێنەوە. ئێدیتکردن پرۆسەیەکە پێش چاپکردن ڕوو دەدات، بەڵام کاتێک کتێبێک چاپ کرا و بڵاو بووەوە، دەقەکە دەبێتە موڵکی مێژوو و خوێنەر. دەستکارییکردنی دەقی بڵاوکراوە و لابردنی پەرەگرافەکان بە پاساوی “زیادەنووسی”، لە تیۆریی ئەدەبیدا وەک جۆرێک لە “توندوتیژیی دەقی” (Textual Violence) سەیر دەکرێت، نەک شیکردنەوە.

کاتێکیش دێینە سەر هەڵسەنگاندنی پراکتیکیی ئەو “ئێدیت” و دەستکارییانەی کردوویەتی، دەبینین ئەنجامەکە کوشتنی گیانی دەقەکانە لەپێناو کورتکردنەوەدا. لە ڕووی هونەرییەوە گۆران سەباح پەیڕەوی قوتابخانەی “کەمگەرایی” (Minimalism) دەکات کە درووشمەکەی ئەوەیە “کەمتر باشترە”، بەڵام ئەم یاسایە بەسەر هەموو ژانرێکی ئەدەبیدا جێبەجێ نابێت.  بۆ نموونە لە دەقەکەی “فەرهاد چۆمانی”ـدا، وەسفە وردەکانی مەیخانە و بەفر و دۆخی باوکەکە کەشێکی سینەمایی و ئەزموونێکی زیندوویان دروست کردووە، بەڵام گۆران بە لابردنیان دەقەکەی کردووە بە هەواڵێکی وشک و بێگیان. هەروەها لە نموونەی “ڕەزا عەلی پوور”دا ڕستە درێژەکان خزمەتی دۆخی دەروونیی ئاڵۆز و ترۆمای کارەکتەرەکە دەکەن، بەڵام گۆران سەباح بە کورتکردنەوەیان دەقەکەی لە ئاستی سایکۆلۆجییەوە دابەزاندووە بۆ ئاستی ڕاپۆرتێکی پۆلیسی. تەنانەت لە مامەڵەکردنی لەگەڵ دەقەکانی “کاروان کاکەسوور”دا تەکنیکی بەرزی “تەوژمی هۆش” و مۆنۆلۆگی ناوەکی بە “وڕێنە” ناو دەبات و دەیانسڕێتەوە کە ئەمە سڕینەوەی تەواوەتیی دەنگی تایبەتیی نووسەرە. بێ گومان مینیماڵ شێوازێکی نووسینە (وەک لای ئێرنست هێمینگوەی یان ڕایمۆند کارڤەر)، بەڵام کێشەکە لەوەدایە ئەم شێوازە بکرێتە “تاکە پێوەری ڕاست” بۆ هەموو ئەدەبیات. ڤیکتۆر شکلۆڤسکی (Viktor Shklovsky)، ڕەخنەگری فۆرمالیستی ڕووسی لە وتارە بەناوبانگەکەیدا بە ناوی “هونەر وەک تەکنیک” (Art as Technique, 1917) چەمکی “نامۆکردن” (Defamiliarization) دەخاتە ڕوو. شکلۆڤسکی پێی وایە ئەرکی هونەر ئەوەیە شتە ئاسایییەکانمان لا نامۆ بکاتەوە تا هەستیان پێ بکەینەوە، ئەمەیش زۆر جار پێویستی بە درێژدادڕی، وەسفی ورد و، دواخستنی گەیشتنە بە واتایە. کاتێک گۆران سەباح لە ڕۆمانی “قیژە”ی فەرهاد چۆمانیدا وەسفی “کووپە دارینەکە” و “دیمەنی بەفرەکە” و “نهۆمی دووەم” لا دەبات و دەیکاتە هەواڵێکی وشک (“میرخان مەیخانەی هەیە و باوکم دەچێتە ئەوێ”)، ئەو لە ڕاستیدا “ئەدەبیبوونی” دەقەکەی کوشتووە. بە پێوەری شکلۆڤسکی، ئەم کورتکردنەوەیە دەقەکە لە هونەرەوە دەگۆڕێت بۆ “زانیاری”. ڕۆمان خوێندنەوەی ڕاپۆرتی هەواڵی و پۆلیس نییە تا بمانەوێت تەنیا بزانین “کێ کێی کوشت؟”، بەڵکو چێژبینینە لە چۆنیەتیی وەسفکردنی ساتەوەختەکان.

یەکێکی تر لە کێشە تیۆرییە گەورەکانی ئەم وتارانە تێنەگەیشتنە لە چەمکی “فرەدەنگی” (Polyphony) لە ڕۆماندا. میخایل باختین (Mikhail Bakhtin)، ڕەخنەگری گەورەی ڕووس، لە کتێبی “پرسەکانی شیعرییەتی دۆستۆیڤسکی” (Problems of Dostoevsky’s Poetics, 1929)دا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕۆمان گۆڕەپانی ململانێی دەنگ و شێوازە جیاوازەکانە. هەر کارەکتەرێک، هەر دۆخێک، زمان و ئیقاعی تایبەتی خۆیی دەوێت. گۆران سەباح دەیەوێت هەموو دەنگە جیاوازەکان (دەنگی شێتانەی کارەکتەرەکەی کاروان کاکەسوور، دەنگی خەمبار و درێژوێژیی کارەکتەرەکەی نەبەز گۆران و، دەنگی شیعریی کارەکتەرەکەی جەبار جەمال غەریب) بخاتە قاڵبی یەک دەنگی یەکگرتووەوە کە ئەویش دەنگی “ڕۆژنامەنووسێکی کورتبڕە”. لە نموونەی ڕۆمانی “پەنجەرەکانی ماڵێکی ناتەواو”ی کاروان کاکەسوور، نووسەر شێوازی “تەوژمی هۆش” (Stream of Consciousness)ی بە کار هێناوە کە تێیدا ڕستەکان درێژ و لێکئاڵاو دەبن بۆ ئەوەی گوزارشت لە پشێویی دەروونیی کارەکتەرەکە بکەن. کاتێک ڕەخنەگر دێت و ئەم ڕستانە کورت دەکاتەوە بۆ ڕستەی سادەی بکەر و کردار، ئەو بە تەواوی سایکۆلۆجیای دەقەکەی سڕیوەتەوە. ئەمە وەک ئەوە وایە داوا لە جەیمس جۆیس بکەیت ڕۆمانی “ئولیس” کورت بکاتەوە چونکە زۆر درێژە! ئەم جۆرە مامەڵەیە نیشانەی نەشارەزایییە لە قوتابخانە جیاوازەکانی گێڕانەوەناسی (Narratology).

کێشەکە تەنیا لە تێکەڵکردنی ئەرکەکاندا نییە، بەڵکو لەو زمان و شێوازەیشدا دەردەکەوێت کە بەکارهاتووە. ئەو زمانەی گۆران سەباح پێی دەدوێت دوورە لە زمانی ئەکادیمی و ڕەخنەییی باڵا، پتر زمانێکی میللی و زبری ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە. لە ڕووی زمانەوانی و شێوازی دەربڕینەوە وتارەکانی گۆران سەباح دەچنە خانەی “شەڕەقسە” (Polemic)ـەوە، نەک ڕەخنەی ئەکادیمی. بەکارھێنانی وشەی وەک “قسەی قۆڕ”، “فشە”، “وڕێنە”، “قونسپی”، “کافرستانی” و، “جڕەجڕ”، دابەزینە بۆ ئاستێکی نزم لە گفتوگۆی ڕۆشنبیری. بەکارهێنانی ئەو دەستەواژانە و سووکایەتیکردن بە نووسەران لە ڕێگەی دەربڕینی وەک “فشەی بە تێبینییەکانم هات”، نیشانەی نەبوونی بنەمای زانستی و زاڵبوونی هەڵچوونی دەروونییە. تێری ئیگڵتۆن (Terry Eagleton) لە کتێبی “تیۆریی ئەدەبی: پێشەکییەک” (Literary Theory: An Introduction, 1983) ئاماژە بەوە دەکات کە زمانی ڕەخنە دەبێت زمانێکی شیکاری و بابەتی بێت، تەنانەت کاتێک ڕەخنەکە توندیشە. بەکارھێنانی جنێو و سووکایەتی بە کەسایەتیی نووسەر بەهای زانستیی هەر نووسینێک سفر دەکاتەوە. ئەم زمانە زبرە ئاماژەیە بۆ نەبوونی متمانە بە بەڵگەی زانستی؛ کاتێک ڕەخنەگر ناتوانێت بە تیۆری قسەکەی بسەلمێنێت، پەنا دەباتە بەر دەنگی بەرز و وشەی زبر. هاوکات دەرکەوتنی جۆرێک لە گرێی خۆبەدەستەوەدان بۆ فەرهەنگی ڕۆژئاوا بە ڕوونی دەبینرێت، کاتێک پێوەر لای ئەو تەنیا ستایلی ڕۆژنامەوانیی ئەمەریکایییە و بەردەوام ئاماژە بە “هاوڕێیەکی ئەمەریکی” یان “بیانییەکی قونسپی” دەدات وەک ئەوەی بوونی ئەوان تاکە پێوەری ڕاستی بێت، ئەمەیش خاڵێکی لاوازە بۆ هەر ڕەخنەگرێک کە نەتوانێت لە ناو فەرهەنگی خۆیدا بۆچوونەکانی بیردۆزسازی (تیۆریزە) بکات. ئەمە لە ڕەخنەی پۆست-کۆلۆنیالیزمدا (Post-colonial Criticism) لای بیرمەندانی وەک ئێدوارد سەعید (Edward Said)، وەک جۆرێک لە “خۆبەدەستەوەدان” یان “گرێی خۆبەکەمزانین” (Inferiority Complex) تەماشا دەکرێت. ئەدەب دیاردەیەکی فەرهەنگییە؛ ئەوەی لە بازاڕی کتێبی ئەمریکادا باوە (کە زیاتر مەیلی بۆ ئاکشن و خێرایییە)، مەرج نییە بۆ ئەدەبی کوردی گونجاو بێت کە مێژوویەکی پڕ لە تراجیدیا و کپکران و گێڕانەوەی زارەکیی هەیە.

ئەم جۆرە وتارانە نموونەی “ڕەخنەی وێرانکەر”ن نەک بنیادنەر، چونکە خوێنەران لە خوێندنەوەی دەقی نووسەرانی خۆماڵی سارد دەکەنەوە. ئەگەرچی ڕەنگە تێبینییەکانی لەسەر بوونی وشەی زیادە لە هەندێک ڕۆمانی کوردیدا ڕاست بن، بەڵام ئەو چارەسەرەی دەیخاتە ڕوو کە بریتییە لە کوشتنی وەسف و شێواز و فەلسەفەی دەق لەپێناو “کورتبڕی”دا، مەترسیدارترە لە خودی نەخۆشییەکە. گۆران دەیەوێت هەموو ڕۆمانەکان وەک یەک لێ بکات: کورت، بەبێ وەسف و پڕ لە ڕووداوی خێرا، ئەمەیش دەبێتە هۆی لەدەستدانی فرەچەشنی و مەرگی هونەری گێڕانەوە. ڕەخنەگری ئەدەبی نابێت ببێتە پۆلیس بەسەر دەقەوە، بەڵکو دەبێت ڕێز لە جیاوازیی شێوازەکان بگرێت و جوانیی زمان لە پێناو خێراییی خوێندنەوەدا نەکاتە قوربانی. جا لە بارەی ئەو نموونانەوەی کە گوایە “وشەی زیادە”ن، دەبێت ئاماژە بە تیۆریی “بەهەڵەداچوونی مەبەست” (The Intentional Fallacy)ـی ویمسات و بیردسلی (Wimsatt and Beardsley) بکەین. ئەوان پێیان وایە واتای دەق لە لایەن خوێنەر و خودی دەقەکەوە دروست دەبێت، نەک ئەوەی نووسەر (یان لەم دۆخەدا، ئێدیتەر) بە زۆر بیسەپێنێت. بۆ نموونە، لە ڕۆمانی “میراتگرانی عەشق”ـدا گۆران سەباح پاتەوپاتبوونەوەی ڕستەی “ڕەشەکەت زیاتر لێ دێ” بە زیادە دەزانێت و دەیسڕێتەوە. بەڵام لە ڕووی شێوازگەرییەوە (Stylistics)، ئەمە هونەرێکی ڕەوانبێژییە کە پێی دەگوترێت (Anaphora) یان پاتەوپاتکردنەوە بۆ جەختکردنەوە و دروستکردنی مۆسیقای ناوەکی. ڕۆمان یاکۆبسن (Roman Jakobson) لە شیکردنەوەیدا بۆ “کارکردی شیعری” (Poetic Function)ـی زمان دەڵێت: لە ئەدەبدا پەیام تەنیا گەیاندنی زانیاری نییە، بەڵکو خودی فۆرمی پەیامەکە ئامانجە. پاتەوپاتکردنەوەی ڕستەکە لایەنێکی دەروونیی گرنگ پیشان دەدات کە بریتییە لە “واسواسی” و “خۆشەویستی”ـی قووڵی کارەکتەرەکە. سڕینەوەی ئەم پاتەوپاتکردنەوانە دەقەکە لە ڕیتم و مۆسیقا دادەماڵێت.

لە مێژووی ڕەخنەدا جۆرێک ڕەخنە هەبووە پێی دەوترێت “دەستووردەرانە” (Prescriptive) واتە دانانی یاسا بۆ چۆنیەتیی نووسین (وەک ئەوەی ئەرستۆ یان هۆراس دەیکرد). بەڵام لە سەردەمی نوێدا بەپێی بۆچوونی تیۆریزانی وەک تێری ئیگڵتۆن لە کتێبی “تیۆریی ئەدەبی: پێشەکییەک Literary Theory: An Introduction”دا باسی دەکات، ڕەخنە گۆڕاوە بۆ وەسفکردن و شیکردنەوەی ئەوەی هەیە، نەک سەپاندنی ئەوەی دەبێت هەبێت. گۆران سەباح دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەپاندنی یاسا (دەبێت ڕستە کورت بێت)، لە کاتێکدا ئەدەبی مۆدێرن یاساشکێنییە. ئەوەی ئەو دەیکات (سڕینەوەی وشە)، وەک گوتمان، دەچێتە خانەی “نووسیاری خام” (Copy Editing) کە پیشەیەکی تەکنیکییە لە دەزگاکانی چاپ (وەک ئەوەی لە The Chicago Manual of Styleدا باسی دەکرێت)، نەک ڕەخنەی ئەدەبی دوای چاپ. هەروەها ئەو تووشی هەڵەیەکی کوشندە بووە کە ڕەخنەگری ناوداری ئەمریکایی کلینس برووکس (Cleanth Brooks) ناوی دەنێت “تاوانی پارافڕەیزکردن” (The Heresy of Paraphrase). برووکس لە کتێبی “گوڵدانی جوانکاری” (The Well Wrought Urn, 1947)دا دەڵێت: ناکرێت ناوەڕۆکی بەرهەمێکی ئەدەبی لە فۆرمەکەی جیا بکەینەوە و بە کورتی بیانگێڕینەوە، چونکە “چۆنیەتیی گوتنەکە” بەشێکە لە “چییەتیی گوتنەکە”. هەموو نووسەرێک “دەنگ” (Voice)ی تایبەتی خۆیی هەیە. دەستکاریکردنی شێوازی نووسین دەستبردنە بۆ ناسنامەی دەقەکە. کاتێک گۆران سەباح هەموو دەقەکان بە یەک شێواز (کورتبڕی) دادەڕێژێتەوە، “دەنگی” جیاوازی نووسەرەکان دەکوژێت و هەموویان دەکات بە یەک دەنگی ئامێرئاسا. ئەو بەردەوام دەڵێت: “ئەم ٣٠٠ وشەیە کورت دەکەمەوە بۆ ٣٠ وشە و هیچ لە ماناکەی کەم نابێتەوە.” ئەمە ئەستەمە. کاتێک تۆ ٣٠٠ وشەی وەسف و هەست و سۆز دەگۆڕیت بۆ ٣٠ وشەی هەواڵی، تۆ مانا هێمایی و جوانیناسییەکەیت کوشتووە و تەنیا ئێسکەپەیکەرێکی ڕووتت هێشتووەتەوە. ئەو دەقە کورتکراوانەی ئەو پێشکەشیان دەکات، بێگیان و میکانیکین، وەک ئەوەی لە لایەن ڕۆبۆتێکەوە نووسرابن نەک مرۆڤێک کە خاوەنی هەست و سۆزە.

لە ئەدەبیاتی گێڕانەوەدا تەکنیکێک هەیە بەناوی “تەوژمی هۆش” (Stream of Consciousness). نووسەرانی وەک جەیمس جۆیس (لە ڕۆمانی ئولیس) و ڤیرجینیا وڵف شێوازی ڕستەی زۆر درێژ و پچڕپچڕ و تێکەڵیان بۆ وێناکردنی شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤ بە کار هێناوە. کاتێک گۆران سەباح ڕستە درێژەکان وەک “وڕێنە” ناو دەبات، ئەمە دەرخەری نەشارەزایییە یان خۆنەبانکردنە لەم قوتابخانە ئەدەبییە جیهانییە کە دانی بەوەدا ناوە پشێویی دەروونی پێویستی بە پشێویی زمانییە، نەک ڕستەی کورتی ڕۆژنامەوانی.


دەتوانین بڵێین ئەو وتارانەی گۆران سەباح لەژێر هیچ خانەیەکی ڕەخنەی ئەدەبیی مۆدێرن و ئەکادیمیدا جێگەیان نابێتەوە. ئەوەی ئەو دەیکات پتر لە “پشکنینی پۆلیسی” یان “ناوەندگەراییی دەقی” (Textual Centralism) دەچێت. کارەکە لە ڕووی تیۆرییەوە لاوازە چونکە جیاوازیی نێوان شێوازە ئەدەبییەکان (ڕیالیزم، تەوژمی هۆش، سیمبۆلیزم) ناکات و هەموویان بە یەک پێوەری تەسک دەپێوێت. لە ڕووی زمانیشەوە، بەکارھێنانی دەستەواژەی بازاڕی و هێرشبەرانە، بەهای وتارەکانی دابەزاندووە بۆ ئاستی ڕا دەربڕینی کەسیی توندوتیژ. کاری ڕەخنەگری ئەدەبی ئەوە نییە بە قەڵەمێکی سوورەوە بەسەر دەقدا بچێت و بڵێت “ئەمە ببڕە”، بەڵکو ئەوەیە کە دەقەکە بکاتەوە، چینەکانی شی بکاتەوە و، یارمەتیی خوێنەر بدات لەو جیهانە ئاڵۆزە بگات کە نووسەر ئافراندوویەتی. کورتبڕی هەمیشە بە مانای باشتربوون نایەت. هەندێک جار جوانیی ئەدەب لە خودی وردەکاری و درێژدادڕییە هونەرییەکەیدایە، وەک چۆن مارسێل پروست لە ڕۆمانی “گەڕان بە دوای کاتی لەدەستچوو”دا سەدان لاپەڕە بۆ وەسفی ساتێک تەرخان دەکات و بووەتە شاکاری جیهانی. ئەگەر گۆران سەباح ئێدیتەری پروست بووایە، ئەوا ئەو شاکارە جیهانییەی دەکردە ڕۆمانێکی ٣٠٠ لاپەڕەیی کە زیاتر لە ٣٠٠٠ لاپەڕەیە. کەواتە ئەم وتارانە زیان بە زەوقی ئەدەبیی خوێنەر دەگەیەنن و وێنەیەکی هەڵە لەسەر کاری ڕەخنەگەری دروست دەکەن. ئەوەی ئەو دەیکات وەک ئەوە وایە لەسەر برۆ دابنیشێت بۆ ئەوەی خەوشێک لە چاو بگرێت، بەڵام چاوەکە کوێر دەکات. ئەو دەیەوێت پۆلیس بێت بەسەر دەقەوە، هەموو ڕۆمانەکان وەک یەک لێ بکات: کورت، بێوەسف و ڕووتەڵە. ئەمەیش، وەک گوتمان، کوشتنی جوانی و مەرگی فرەچەشنییە. ڕەخنەگری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە کلیل دەخاتە قفڵی دەرگای دەقەکانەوە بۆ کردنەوەیان، نەک بە چەکوش و تەور بەرببێتە دەرگاکان و تێکیان بدات.