مەزڵوم عەبدی و سوبێکتی مەحاڵ: بەرخودانێک لەودیو ڕەمزاندنی دوژمنەوە
ڕووبەرێک لە مێژوودا هەیە تیایدا تۆمەتبارکردن لە حەقیقەت زۆر زەقتر دەردەکەوێت، خەسڵەتپێدانێکی ڕووکەش جێی بیرکردنەوە دەگرێتەوە، و ئایدۆلۆژیاش بەشێوەیەک خۆی پیادە دەکات وەک ئەوەی هەڵگری هەموو شتێک بێت جگە لە ڕەوشت. ڕۆژئاڤا لەمڕۆدا لەناو ڕووبەر و ساتێکی وەهادا هەناسە دەدات. کوردی ڕۆژئاڤا نەک تەنیا خۆیان لەنێو دوژمنگەلێکی ماتەریاڵیی وەک داعش، تورکیا، خیانەت و فشاری زلهێزەکان و شەرعدا دەبیننەوە، بەڵکوو ئێستاکە خراونەتە ناو جەنگێکی ڕەمزیی زۆر قووڵترەوە کە تیایدا دالێکی گەورە بەرەوڕوویان قووت دەبێتەوە و هەموو شتێکیان لە دژ دەکات بە مومکین: پەکەکە [دالێک کە دژ بە فاشیستترین دەوڵەتی ناوچەکە لە خەباتدایە]. کارپێکردن و هەڵسووڕاندنی ئەم دالە لەلایەن دەوڵەتانی دوژمنەوە وەک نەفرەتێکی جادوویی بەکار دەهێنرێت. دالی پەکەکە چیتر تەنیا بەرجەستەی ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕی ناکات، بەڵکوو وەک ئەوەی ژیژەک پێی دەڵێت ئێستاکە وەک دالێکی بۆش لە حزووردایە، دالێکی بۆش و لە هەمان کاتدا پڕ لە ترس، بۆ پچڕاندنی گفتوگۆ، قۆستنەوەی ئاڵۆزییەکان، و ڕەوایەتییدان بە توندوتیژی تا دوا ئاست. لەنێو ئابووریی ئەم پانتایییە ڕەمزییەدا، مەزڵوم عەبدی هێندەی لە ئاست ئەم پێگەیەی ئێستایەوە دژایەتی دەکرێت کە لەناویدایە، هێندە لە ئاست ئەو شووناس و وەزیفەیەی وا پێشتر هەڵیگرتبوو دژایەتی ناکرێت. ئەویش پێگەی ئێستابوونی ڕەمزیی ئەوە لەناو گوتاری ئایدۆلۆژیی-سیاسییدا. زۆر بەسادەیی، وەک سوبێکتێکی کوردی هێز دەنوێنێت.
ژیژەک بیرمان دەخاتەوە ئایدۆلۆژیا لە ئەقڵی باو [کۆمۆن سێنس]دا بە باشترین شێوە کاری خۆی دەکات. گوزارەی “ئەوان پەکەکەن” ئەرگۆمێنت نییە، بگرە شۆرتێکی ئایدۆلۆژییە. ئەم شۆرتە ڕێگە بە دەوڵەت، شرۆڤەکاران و تەنانەت زۆرێک لە کوردیش دەدات لەوەی گەلێک پرسیاری جددی و پێویستی تاقەتپڕووکێن دەرهەق بە ڕۆژئاڤا لەبیر بکەن: ئەرێ ڕۆژئاڤا چ جۆرە ئەزموونێکی سیاسییە؟ بۆچی بوونی بونیادی ئەو بۆ هێزە هەبووەکانی دەوروپشتی مایەی شپرزەییە؟ لەبری دەرگیربوون لەگەڵ ئەم جۆرە پرسیارانە، عەوامەکە گێڕانەوەیەکی تر هەڵدەبژێرێت: گەر ئەوان پەکەکە بن، کەواتە هەموو شتێک ڕێپێدراوە. ئیتر لەدوای ئەم گوتنانە، هیچ ڕەوشت و هەڵوێستێک نابنە زەروورەت. لەبری ئەوانە، زەبروزەنگ کارگێڕ دەبێت. ئەمە بونیادە ژێرەوانکێیەکەی ئایدۆلۆژیایە کە لەڕێگەی داخستنی خۆیەوە بەرانبەر هەر پرسیار و ڕەخنەیەک، دەرگای حەقیقەت قفڵ دەدات.
بۆیەشە مەزڵوم عەبدی لەبری ئەوەی تەنیا فیگەرێکی سەربازی بێت، دەبێت بە سەمپتۆمێک. ئەو بەرجەستەکەری دژیەکییەکە کە ناوچەکە ناتوانێت بەرگەی هەبوونی بگرێت: سەرکردەیەکی کورد کە بە زمانی فرەیی، دژەتیرۆریست، دژەچەق و هاوشان بە ئازادیی ژن دەدوێت، بەمەش دەڕواتە ناو هاوکێشەیەکەوە کە بەتەواوی دژی سیاسەتی دەوڵەت-نەتەوەکانی چواردەوریەتی. ئەمێستا، ئەو هەڵچوون و هێرشەی لە دژی ئەو دێتە پیادەکردن گەر بەشێکی بەهۆی نەچوونە ژێر باری دەوڵەتەوە بێت، ئەوا بەشێکی تری سەبارەت بە دنیابینیی سیاسیی ئەوە بۆ ناوچەکەی. ڕۆژئاڤا لێرەدا وەک یەکەیەک کە نەڕەمزێنراوە و دوای ئەم هەموو ساڵەی پڕ جەنگ، ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوە هێشتاکە بوونی خۆی هاوشێوەی ڕووبەرێکی نەڕەمزێنراو بە پارێزراوی هێشتووەتەوە.
پێویستە ئاگادار بین لەوەی ژیژەک لەمەڕ مۆڕاڵی بێخەوشەوە دەیڵێت، واتە بەرگریکردن لە مەزڵوم عەبدی و ڕۆژئاڤا بە مانای دراماتیزەکردنی هەموو سیاسەت و سەرکردەیەکی کورد نییە کە ئێستا هەن. تاوانبارکردنی ئەوان بەوەی کە پێشتر پەکەکە بوون بەشێوەیەکی دەروونشیکارییانە وەک شاشەیەکی یادەوەری کار دەکات: زیاتر لەوەی ئاشکرای دەکات، دەشارێتەوە. ئەوە دەشارێتەوە کە داعش یەکەمین گورزی شکستی لەلایەن جەستەی ئەو هێز [یەپەگە و یەپەژە]ەوە بەرکەوت. ئەوە دەشارێتەوە کە دڕندەییی سیاسەتی تورکیا لە ئاست بەرژەوەندییە تیرۆریستییەکانی خۆی بچووکترین سووچی ڕاستیی گەل و ناوچەکە دەشێوێنێت. لە هەمووشی گرنگتر، لێکدانەوە و هەڵوێستی بێشەرمانەی خۆرئاوا دەشارێتەوە، ئەو خۆرئاوایەی تەنیا بۆ بەرژەوەندییە ناوچەیییەکانی خۆی هەموو کات ئامادەیە “کورد پاڵەوانن” دەرببڕێت و لە هەمان کاتیشدا ئەو کاتەی کورد وەک گشتێک بۆ شکۆی سیاسیی خۆیان تێدەکۆشن ڕستەکە دەگۆڕێت و دەیکات بە: “کورد پێویستە ملکەچ بن”.
خۆرئاوا وەکبڵێی لەم چرکەساتە جددی و پڕمەترسییانەدا دەچێتە کەشێکی سەگباوەڕییەوە. هەمووان لەمەڕ باری هەستیاریی ڕۆژئاڤا دەزانن، کەچی بەشێوەیەک مامەڵە لەگەڵ وشە، گوتار و هەڵوێستەکان دەکەن هەر دەڵێی شتێک لە ئارادا نییە. ئەوان دووبارە پەنجەی تاوانبارکردن بۆ ڕۆژئاڤا درێژ دەکەنەوە بەوەی خۆیان وەک گوێڕایەڵ نیشان بدەن و لە بەرانبەریشدا ئەوەی پەنجەکەی درێژ کردووە بەبێ هیچ کۆسپێک ڕەوایەتیی بە قڕکردن دەدات. لەبەرئەوە ڕەخنەگرتنی ئەوان لە مەزڵوم عەبدی بە تۆنێکی ڕیالیزمانەوە وەرپێچراوە: “ئیتر هیچ دەرفەتێک نییە، خۆ هەر دەبوو ئەمە ڕوو بدات… باشترین ڕێگاش پابەندبوونە بە ئاشتی لەڕێگەی گفتوگۆوە!” [ئەم ڕستەیە هەموو مۆڕالێک دەرکێشی سیاسەت دەکات و ترسناکتر لەوەش، وا دەکات لە ئاست هەر ستەم و هێرشێک بێلایەن و بێدەنگ بمێنینەوە. وەڵامێکی فەلسەفیی بۆ ئەم چەشنە دۆخانە ئەوەیە کە ڕیالیزم قێزەوەنترین فۆڕمی ئایدۆلۆژیایە پشتبەست بەو ڕاستییەی بەبێ ڕووبەڕووبوونەوە ڕێگە بە کوشتن دەدات، و دەهێڵێت نادادیی داگیرکەران وەک چارەنووسێک قبووڵ بکەین. لە هەمووشی قێزەوەنتر، بەرخودان وەک شتێکی تاقەتپڕووکێن ببینین. خەسڵەتی ڕۆژئاڤا و مەزڵوم عەبدی بەتەواوی وەستانەوەیە دژ بەم ئایدۆلۆژیا قێزەوەنە، ئایدۆلۆژیایەک کە داوای خەسان و ڕەمزاندن دەکات.
تێزی “ئەمڕۆ ڕۆژ ڕۆژی بەرخودانە” ناکرێت تەنیا وەک چەکهەڵگرتن سەیر بکرێت. بەرخودانی ڕۆژئاڤا بەر لە هەرشتێک پچڕانێکە لە بیرکردنەوەی دەستەکۆیی مێژووی ناوچەکە. بەرخودان ساتێکە سوبێکت لێیەوە کەڵەگاییی پانتاییی ڕەمزی بە هەموو شێوەیەک ڕەت دەکاتەوە. لای ڕۆژئاڤا، پچڕانەکە قبووڵنەکردنی ئەو کێیەتییە فڕێدراوەی دەست ئەویتری گەورەیە وا بۆی داتاشیون وەک زیادە، ناڕەوا، و پابەندنەبوو. لەم نێوانەدا، بوونی مەزڵوم عەبدی خۆبەخۆ بەهێزترکردنی ئیمکانێکە کە دەرکەوتنی کورد وەک سوبێکتێکی سیاسی دەخاتە ناو سووڕی کردەکیی بوونەوەوە.

بەڵام تراژیدییاکە لێرەدایە کە تەنانەت بەشێک لە کورد هێرش-تەڵە ئایدۆلۆژییەکە بەشێوەی جۆراوجۆر ناوەکی دەکەنەوە. یەکێک لەم شێوازانە بیرکردنەوەیەکی لەم شێوەیەیە: “چی ئەگەر ڕۆژئاڤا لەسەر حەق بێت؟” ئەمە قووڵترین فریوخواردنی ئایدۆلۆژیی داگیرکەرە، کە سوپەرئیگۆ ناوەکییە دڕندەکە لەپێناو فەرمانی چێژ وەربگرە [بوونێکی خەسیو وەربگرە] دەیخاتە کارەوە. لەمەدا ئیتر هیچ پێویست ناکات داگیرکەر ئاراستەی حەقیقەتەکە لە کورد بشێوێنێت، بەڵکوو خۆیان دووبارەی دەکەنەوە. ئەمە بە زمانە ژیژەکییەکە بانگهێشتکردنێکە بۆ بینینی سوبێکت خۆی. بەڵام نەک لە چاوی خۆیەوە، بەڵکوو لە چاوی دوژمنەوە. نەک لەناو زمانی خۆی وەک یەکەیەکی زمانەوانی، بەڵکوو لەناو زمانی دوژمنەوە. دژ بەم بیرکردنەوەیە، ئەرکی ئێمەی کورد لەم دۆخەدا ئەوەیە، کە نابێت پشتیوانیکردنمان تەنیا لە ڕەهەندێکی سۆزەکیی کوێرانەوە بێت، بگرە هاوپشتییەکی قووڵی ڕەخنەکارانە بێت. هاوپشتییەک وا جەخت لە سوبێکتیڤیتەی کورد دەکاتەوە وەک بوونێکی خۆسەر و خاوەن بەها کە لە کەوڵی دەرەمێژوویی هاتۆتە دەر و چووەتە ناو سووڕی دژیەکیی مێژووەوە.
کەواتە، پرسیارە وەسواسییەکە هەر تەنیا جەنەڕاڵ نییە وەک دالی نوقسانی ناو ئەویتری گەورە، بگرە حەقیقەتی خۆسەریی کوردە کە بۆچی هەمیشە بەرگەنەگرتوو و جێی هەڕەشەیە تاکو ئەو کاتەی لە هەموو هێزێک خاڵی دەکرێتەوە، یانیش دووبارە ئایدۆلۆژیای داگیرکەر دەیخاتە ناو سیستەمی زنجیرەی دالەکانی خۆی و بەمەش لەناوی دەبات و ئینجا قبووڵی دەکات. بۆچی هەموو دەستکەوتێکی ڕۆژئاڤا کە نەک تەنیا کورد، بەڵکوو مرۆڤایەتییش پێی سەربەرزە کۆدڕێژیی ناو هەڕەشە دەبێتەوە؟ ئەمە بەدەر لە حەقیقەتی نەستی سیستەم شتێکی تر کەشف ناکات، ئەویش ئەوەیە ترسەکە لە مۆدێلێکی فیکرییە کە بۆ یەکەمجار بەپێچەوانەی هەموو هێزێکەوە گەل لەناو هێڵێکی خۆڕێبەریی دەرەدەوڵەت ئامادە دەکات. ترسەکە لە پانتایییەکی جیاوازە وا لەودیو یەکانگیری و چەقبەستووییی دەوڵەت ڕاستەهێڵ دەبێت و لەڕێگەی فرەیی، خەباتی ڕادیکاڵ و مۆڕاڵی باڵاوە جەوهەری کوردبوون دەخاتە پیادە کردنەوە.
ڕۆژئاڤا لەمڕۆدا لەنێو بارێکی پڕهەستیار لە بەرخوداندایە. ئەم بارە پڕهەستیار و گوماناوییە پڕووکێنەرە. ئیتر دۆخە گوماناوییەکە دڵەڕاوکێیەکی داهێڵراو دروست دەکات. بەڵام بیرمان نەچێت، هەر لە دۆخێکی وەهای دڵەڕاوکێئامێزدایە کە شتێکی تر دروست دەبێت : فیکر. فیکر ئەو هێزەیە کە ئایدۆلۆژیا زیاتر لە هەموو شتێک لێی دەتۆقێت. چەک وەک فۆڕمی هێزێکی ماتەریاڵی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بەشێوەیەک لە شێوەکان ئایدۆلۆژیا هەرسی دەکات، بەڵام فیکر هەرس نابێت. ئەوەی ئایدۆلۆژیا ڕاگیر دەکات دووبارەبوونەوەیەکی کوێرانەی بەردەوامە و لەتوانایدا هەیە بە ئاگربەستێک، ڕێککەوتنێک یانیش سنوورێک چەک ڕام بکات. بەڵام فیکر وەک نەفییەکی ڕامنەکراو سووڕی دووبارەبوونەوەی ئایدۆلۆژیا دەخاتە وەستانەوە. گەر چەک هێزێکی ماتەریاڵی بێت، فیکر هێزێکی ڕەمزییە کە بە کردەکیی بوونەوە تۆڕی پانتایییەکە سەراوژێر دەکات. تۆڕی ئایدۆلۆژیای ئێستای ناوچەکە کورد دەخاتە ژێر جەبری هەڵبژاردنی دوو بوونی ساختەوە: قوربانی یان تاوانبار، بەڵام فیکری بەرزەفتنەبووی ڕۆژئاڤا هەردووکیان ڕەت دەکاتەوە و لەبری هەڵبژاردنی بوونێک بە زمانی ئەویتری گەورە، بوون بە زمانی خەبات و خۆڕێبەری هەڵدەبژێرێت. لێرەدا زمان وەک کێیەتیی ڕۆژئاڤا بوونی کورد دەخاتەوە ناو سووڕی خودئاگایی، لەوەی بوونی ئەو بە فیکری ئەوەوە پێبەندە، بوونی ئەو زمانی ئەوە، زمانێک بۆ دروستکردنی سوبێکتێکی سیاسی و شەڕڤان. ڕۆژئاڤا ئەو بەشەی کوردستانە کە ز [زار] مان [مانەوە و بوون] دژ بە دامرکان، نەمان و ملکەچبوون بەتەواوی دەخاتە پڕاکتیکەوە.
مەزڵوم عەبدی وەک باهۆزێک دژ بە چەقی کۆی ئایدۆلۆژیای ناوچەکە خاڵی سەرەکیی چڕبوونەوەیە. ئەو یەکێکە لەو تاکە سەرکردە کوردانەی بە فەنتازیاسازییەکی هەستەکییەوە ناوەستێت. ئێستا جەنەڕاڵ لە فەزایەکی کەرتبوودا لە بووندایە لەنێوان خۆسەری و پێبەندی، خەبات و وتووێژ. پێگەیەکی لەم شێوەیەش بۆ سیستەم بەرگەنەگرتووە، چونکە سیستەم ڕۆڵگێڕانی لەبری کردە دەوێت، ڕۆڵگێڕانێک کە سوبێکت خەسیو بکات. خەسڵەتی سوبێکتیڤیتەی مەزڵوم عەبدی ئیمکانە تەسک و سنووردارەکانی دەوڵەت کەشف دەکات، بەمەش دەبێت بە سوبێکتێک وا نوقسانیی ئەویتری گەورە دەنوێنێتەوە و لە ئاست پانتاییی ڕەمزی نییە تاکو بیڕەمزێنێت، بێ شک، سوبێکتێکی وەها لەپێناو ڕەمزاندن و شاردنەوەی کەلێن و درزی ڕووبەرە ڕەمزییەکە، لە هەموو لایەکەوە هێرشی دەکرێتە سەر. سوبێکتێک کە ناچێتە ژێر لۆژیکی یاساکانی فالووسەوە: سوبێکتی مەحاڵ. ئەم لادانەی جەنەڕاڵ بەدەر لە خۆسەری و ملکەچنەبوون کۆمەڵێک ڕەهەندی تری لەخۆ گرتووە کە بەتەواوی نەک دژ بە دەوڵەتی سووریایە، بەڵکوو دەوڵەتەکانی تری ناوچەکەشە، وەک بوونی ژن لەناو کایەی سیاسەت و دەربڕینی ئایدیاکانی ژن بە زمانی ژن خۆی وەک بکەرێکی سیاسی، ئەمەش ڕاستەوڕاست نەزمە پیاوسالارییە سەرکوتکەرەکە تێکدەشکێنێت [ئەو نەزمە چێژپەرستە قێزەوەنەی ژن وەک جەستەیەکی سەرتاپا فێتیش و هۆگر بە ئەشکەنجە دەبینێت]. گرنگتر لەوە، ڕۆژئاڤا نەزمی هێزی لە هێڵێکی ستوونییەوە گۆڕیوە بۆ ئاسۆیی. بۆیەشە لە هەموو لایەک و بە هەموو بەهانەیەکەوە دژایەتی دەکرێت، چونکە ئەو بۆ ناوبەخشین و خەسڵەت بەخشینێکی دەست ئەویتری گەورە سیاسەت ناکات، یاخود لە هەوڵی ئەوە بێت مێژووی کورد لە ناوچەیەکی وا هەستیارەوە دووبارە بەپێی ئارەزووی داگیرکەرەوە بکێشێتەوە. لە ئەنجامی کۆمەڵە کار و کارکردێکی لەم شێوەیەوە، بوونی سوبێکتێک کە ئارەزووی ئەویتری گەورە تەواو ناکات و لەبری ئەوە کەلێنی ژێربنکی دەخاتە بەردیدە، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سیستەمەکە، چونکە سەرەڕای گشت هەستیاری، ملکەچنەبوون و هاودژییەک، هەڵگری شتێکی ترە کە “حەقیقەت”ە، حەقیقەتیش باربەستە بە تراوما، ئەوەی کە زەبرێکی کوشندە لە چیرۆکی واقیعە پاڵفتەکراوەکە دەدات و تووشی هەژانێکی ڕەمزی دەکات.

دواجار، بوونی جەنەڕاڵ لەمڕۆدا ڕەتکردنەوەی ڕووبەرێکی زەبروزەنگخوازە کە کۆی پێکهاتەکەی بە سەرکوتکردن بەردەوامە. ڕۆژئاڤا نیشانی دەدات کوردبوون و مرۆڤبوون چەندی سەخت بن ئەوا باڵاتر دەبن. ئێستا کە لەناو جەنگێکی قورسدان لە سەختترین و کێشەئامێزترین دۆخدا دووبارە پێمانی نیشان دەدەنەوە کە بیرکردنەوە، خەبات و مۆدێلی سیاسیی دەرگیربوو بە فیکر نەک مەحاڵ نین، بەڵکوو تاکە ئامانجی هەرە سەرەکیی بوونن. بەرخودان لێرەدا بوێری کردەیە، کردەی بەرهەڵستبوونی هەر شتێک وا ڕووداو لەبار دەبات، بەرخودانێک کە لەژێر کەتوارە ڕامنەکراو و هەستیارەکەیدا، لەودیو چەک و سوپاکەیدا، لەودیو سەختی و بەربەندەکاندا، هێزێک چاوتووندانە سەرلووتکەی دەخات و بێوەستان پڕوزەی دەکات، ئەویش هزرێکە پڕاوپڕ لە ئازادی، بارگاوی بە کوردبوون و لێوانلێو لە ژیان.