خوێنەر Archives - ژنەفتن

ڕەخنەگری میلـلی و پەزپەزەی چەمکی خوێنەر
لە دوو هاوڕێی جیاوازەوە پەرەگرافێکم پێ گەیشتووە، کە هیی نووسینێکی (ئارام سدیق)ـە و لەبارەی (چەمکی خوێنەر)ـەوەیە. ئەگەرچی لە لام سەیر نییە، ئەو ڕەخنەگرە بە زمانی میلـلی، ئەو زمانەی ڕۆژانە خەڵک لە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکاندا بە کاری دێنن، لەبارەی چەمکەکانەوە بدوێت، کە هەر خۆم هەوڵم داوە لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام)دا هەموو ئەو چەمکانە هەڵبگرمەوە و ئاستە شاراوەکانیان دەربخەم، کە ئەو فڕێی داون، بەڵام بەوەدا هێشتا بەردەوامە، بگرە دەستی لەوە هەڵنەگرتووە بە پێوەری چاکە و خراپە، کە ناوم ناوە (پێوەری چوخ)، نووسەران هەڵبسەنگێنێت، تا بەمیان بڵێت داهێنەری مەزن و ئەویان بە مایەپووچ بزانێت، بۆیە بە پێویستی دەزانم وەک خوێنەرێک لەسەر ئەم پەرەگرافەیشیدا هەڵوێستە بکەم و هاوکات لە دیدگەی خۆمەوە باسێک لەبارەی (چەمکی خوێنەر)ـەوە بنووسم. دیارە لە بەرهەمەکانی پێشوویشمدا ئەو چەمکە ڕووبەڕووم بووەتەوە و دەتوانم بڵێم لە ڕێی دایەلۆگ لەگەڵ کۆمەڵێک سەرچاوەی گرنگەوە لێوەی دواوم، بە تایبەتی لە کتێبی (کوشتنی فیل و پاراستنی دووکانی شووشەوات)دا، کە دەبێتە پاڵپشتی ئەم بابەتەیشم.

سەرەتا با پەرەگرافەکەی (سدیق) وەک خۆی بنووسینەوە:

{بێگومان پۆلێنکردنی خوێنەر، یەکێکە لە سەختترین پۆلێنەکان، بەو پێیەی خوێنەر بوونەوەرێکە سەختە لە ژێر چەتری چەند پێناسەیەکدا کۆ بکرێنەوە، بەڵام لە ڕووە گشتییەکەیەوە و بە وردبوونەوە لە سیمای دەرەوەیان دەتوانین بۆ سێ شێوە پۆلێنیان بکەین، کە ئەوانیش ئەمانەن: یەکەم ”خوێنەری کاتی”. دووەم ”خوێنەری پچڕ پچڕ” (ڕاگوزەر). سێیەم ”خوێنەری هەمیشەیی”.}.

لە ژێرەوە ناوی خۆی نووسیوە و ئاماژەی بەوە داوە، گۆیە لە وتارێکیەوە وەرگیراوە.

هەوڵ دەدەم لەم ڕووەوە نووسینەکەم بۆ دوو تەوەرە دابەش بکەم. لە تەوەرەی یەکەمدا ناوەرۆکی پەرەگرافەکە بە هەمان زمانی کۆمەڵایەتی لێک دەدەمەوە. واتە زمانی منیش لێرەدا سادەیە و بۆ ئەوەیە لایەنە پێکەنیناوییەکەی پێشان بدرێت. لە تەوەرەی دووەمدا، کە بنەڕەتییە و پێشتریش گوترا باسێک لەبارەی (چەمکی خوێنەر)ـەوە دەنووسم. مەبەستمە بڵێم چۆن ئەو چەمکەی لە کاتێکدا کۆمەڵێک ڕەگی لەناو فەلسەفەدا هەن و کۆمەڵێک بیرمەندیش پێوەی خەریک بوون، لە لای ڕەخنەگری میلـلی دەچێتە ئاستی میلـلی و بە زمانی ڕۆژانە وەسف دەکرێت.

لێرەدا دەمەوێت بڵێم وشەی (پەزپەزە)م لە جیاتیی وشەی (کۆمیدیا) لە ناونیشانەکەدا نووسیوە. لە سەرەتا و ناوەڕاستی هەشتاکاندا کۆمەڵێک هاوڕێ بووین، لە (پارکی ڕووناکی)دا کۆ دەبووینەوە، گۆیە خەریکی خوێندنی کتێبی فێرگەین، بەڵام زیاتر کاتمان بە گفتوگۆوە دەبردە سەر. (هۆشەنگ وەزیری)، (سائیب ئەکرەم)، (فەتحی کەریم)، (ئازاد ئەحمەد)، (کاروان کۆیی) و کۆمەڵێکی تر ڕۆژانە دەهاتن. هەندێجار دەنگی بەرزمان ئەوانەی دیکەی بێزار دەکرد. ئێوارەیەک یەکێ لە باخەوانەکان تووڕە بوو: (ئەو پەزپەزەیەتان لە چییە؟ خۆیشتان نازانن چی دەڵێن). لەمەوە کاتێ یەکێکمان بەبێ هیچ زانیارییەک بۆچوونی دەردەبڕی، ئەوانەی دیکە پێیان دەگوت: (پەزپەزەیە)، یان (واز لە پەزپەزە بێنە!) و هیی دیکە.

تەوەرەی یەکەم:

(سدیق) نووسیویەتی: (بێگومان پۆلێنکردنی خوێنەر، یەکێکە لە سەختترین پۆلێنەکان).

ئایا لە توێژینەوەدا وشەی (بێگومان) بایەخی هەیە؟ ئایا ناکرێت گومان پێشڕۆ بێت، تا لە زانراوەوە بەرەو نەزانراو ئاڕاستە ببێت؟ (سدیق) پێشتریش گوتوویەتی پرسیار گرنگ نییە و ئەوەی زۆر پرسیار بکات، مایەپووچ دەبێت، وەک لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام)دا باسم کردووە و لەو بارەیەوە بەشێکی تایبەتم نووسیوە. ئایا بووە نووسەرێک پرسیاری لە لا بێنرخ بێت و لەبارەی (چەمکی خوێنەر)یشەوە بدوێت؟ بەڵێ، ئەگەر بەو زمانە بنووسێت. دواتر لە تەوەرەی دووەمدا پێشانی دەدەین ئەو چەمکە چ شەڕێکی بە فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزان فرۆشتووە، کە لێرەدا خراوەتە ئاستی شمەک و هەڕاج کراوە.

دەڵێت: (پۆلێنکردنی خوێنەر، یەکێکە لە سەختترین پۆلێنەکان).

جارێ با بڵێین پۆلێنکردن لە فیکری ڕەخنەییدا شوێنی نییە. پۆستمۆدێرنیزم سنووری نێوان ژانرەکانی سڕییەوە و هەموو بنەماکانی تێک شکاندن، کە لەمەوە پۆلێن هێندەی دیکە هێزی لە دەست دا. وەک (جاک دێریدا) پێی وایە تێکستەکان بە شێوەک بە یەکدا ڕۆ چوون، شتەکە لەوە دەرچووە ماناکانیان دەستنیشان بکرێن. چەمکی دەقئاوێزان (intentionality)یش هەر لێرەوە هاتووەتە کایەوە و گەشەی کردووە. (مۆریس بلانشۆ) وا لە چەمکی (ژانری ئەدەبی) دەڕوانێت، کە بەتاڵە و ناتوانێت هیچ کاریگەرییەکی هەبێت، بەو مانایەی پۆلێن پێوەندیی بە پێکهاتەی تێکستەوە نییە. مادام ناواخنی تێکست خاوەنی بونیادی تایبەتی خۆیەتی، ئەوە توخمی ڕەتکردنەوەی پۆلێنکردنی هەڵگرتووە و وەریناگرێت، چونکێ هیی دەرەوەیە.

ئایا سەیر نییە تۆ پێشتر ناوی کۆمەڵێک لەو فیلۆسۆفانەت هێنابن، کە دژی پۆلێنکارین، لەولایشەوە ئەو چەمکە زەق بکەیتەوە، بێ ئەوەی هیچ لە بارەیەوە بڵێیت؟ شتی سەیرتر لەوەدایە، کە ئەوەی لێرەدا پۆلێن دەکرێت، ژانری ئەدەبی نییە، بەڵکوو خوێنەرە. دواتر دەگوترێت سەیرەکەی لە کوێدایە. من هەر لەو کتێبەی خۆمدا یەک بەشم بۆ ئەو باسە تەرخان کردووە. بۆچوونی کۆمەڵێک فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزم هێناوەتەوە، بە تایبەتی هیی (ڕۆلان بارت)، کە (سدیق) خۆی چەند جارێک ناوی هێناوە، بێ ئەوەی دوو دێڕی گرنگی لەو بارەیەوە نووسیبێت، بگرە بە پێچەوانەوە شتی هێندە سەیری گوتووە، دەتهێنێتە پێکەنین. (ئەگەر وا نییە، با بێتە دەنگ!)… ڕەخنەدۆزی ئەمەریکی، (جۆناتان کولەر: Jonathan Culler) لە کتێبی (بارت: پێشەکییەکی زۆرکورت: Barthes: A Very Short Introduction)دا دەڵێت: (بەشێکی زۆری کارەکانی بارت ڕەنگاوڕەنگ و خاوەنی شێوازی ناوازەن. هەڵگری تایبەتمەندێتیی دەگمەنن و دەکەونە دەرەوەی سنووری ژانرەکانەوە). (بارت) خۆیشی لە وەڵامی پرسیارێکدا، کە پێوەندیی بە سیستەمی کتێبخانەوە هەیە، بەوەی نازانرێت بەرهەمەکانی بخەنە چ خانەیەکەوە، بگرە هەیانە لە زیاتر لە خانەیەک دانراوە؛ شتی نزیک لەوانەی گوتوون. گفتوگۆکە لە پاڵ کۆمەڵێک گفتوگۆی دیکەی لە کتێبی (Roland Barthes: The Grain of the Voice, Interviews 1962–1980)دا بڵاو کراوەتەوە. پرسیارەکە بەم شێوەیەیە: (سەرنجم داوە کتێبەکانت لە یەک شوێنی کتێبخانەدا نمایش ناکرێن، بەڵکوو لە شوێنی جۆراوجۆر دانراون، وەک زمانەوانی، فەلسەفە، کۆمەڵناسی، ئەدەب و هیی دیکە. ئایا ئەو پۆلێنە ئالۆزکاوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە شێوازی لەیەکنزیکردنەوەی بابەتەکان دەگریتە بەر؟)… بە (بەڵێ) وەڵام دەداتەوە و ئاماژە بە (ژان پۆول سارتەر) دەکات، بەوەی ئەویش فیلۆسۆف، ڕەخنەدۆز، شانۆنامەنووس، گوتارنووس و هیی دیکە بووە.

من لە (سدیق) دەپرسم، ئاخۆ دەتوانێت لەبارەی پۆلێنکارییەوە چەند دێڕێک بنووسێت، تا بزانین چۆنی لێ تێگەیشتووە؟ دەکرێت لانی کەم بە هاوڕێیەکی نزیکی خۆی بڵێت مەبەستی لەو وشەیە چییە؟ ئایا لێرەدا هیچ شتێکی لەو بارەیەوە گوتووە؟ ئایا تەنانەت لە ئاستی ڕستەسازییشدا دروست دەریبڕیوە؟

(پۆلێنکردنی خوێنەر، یەکێکە لە سەختترین پۆلێنەکان). ئێمە وشەیەکمان هەیە، ناوی (پۆلێن)ـە و دەمانەوێت پێناسەی بکەین. ئایا دەکرێت بڵێین (پۆلێن پۆلێن)ـە؟ نەدەکرا بیگوتبووایە (یەکێکە لە سەختترین کارەکان)، یان لانی کەم بینووسیبووایە (پۆلێنکردنی خوێنەر لە پۆلێنکردنی هەر شتێکی دیکە سەختترە)؟ بەوەدا ئاوەڵناوی (سەخت)ی داوەتە پاڵ، مانای وایە دەیزانێت، بۆیە هیوادارم پێمانی بڵێت. نازانم بۆچی لێی شاردووینەتەوە! پۆلێنکاری پێوەندیی بە سیستەمی ڕێکخستنی کتێبخانەوە هەیە. چ کتێبێک لە کوێ دابنرێت و چ ژمارەیەکی پێ بدرێت؟ بۆ ئەوانەی قاڵب و کڵێشە لە بەرچاو دەگرن، دەشێ گرنگ بێت بزانن شیعر چۆن بنووسرێت و ڕۆمان لە چەند وشە پێک بێت، دەنا وەک گوترا لای ڕەخنەدۆزانی جیاوازی، کە ڕەخنەیان لە شوناس گرتووە، سنووری ژانرەکان کاڵ بووەتەوە و ئەمیان لەویان وەردەگرێت. هەم لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام) و هەم لەو گفتوگۆیەی (شاخەوان سدیق) لەگەڵیدا کردووم و لە ژێر ناونیشانی (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ)دا چاپ کراوە، هەوڵم داوە بە وردی لەو باسە بدوێم.

ئینجا (سدیق) نووسیویەتی: (خوێنەر بوونەوەرێکە سەختە لە ژێر چەتری چەند پێناسەیەکدا کۆ بکرێنەوە). کاتێ دەگوترێت (خوێنەر بوونەوەرێکە)، واتە تاکە، بۆیە (کۆ بکرێنەوە) هەڵەیە. پێویستە سەرتاپێی وشەکان دابڕێژرێنەوە، تا سروشتی خۆیان لە دەست نەدەن، بە مەرجێ هەتا بۆ سروشتی خۆیشیان بگەڕێنەوە، هێشتا لە ڕووی تێگەیشتنی ڕەخنەیییەوە پرسیارمان دەمێنێت. تۆ ڕەخنەگر بیت و کۆمەڵێک کتێبت چاپ کردبن، ئینجا بێیت و خوێنەر بە (بوونەوەر) بزانیت، بۆ من پێکەنیناوییە، کە وەک دواتر دەبینین هەر بە ڕاستی بە بوونەوەری زانیوە و بە شێوەی مۆرفۆلۆجی بینیویەتی. بوونەوەر واتە (Organism)، کە مرۆڤ، ئاژەڵ، ڕووەک و هیی دیکە دەگرێتەوە. لێرەدا مەبەستی مرۆڤە. ئەوەتە نووسیویەتی: (بەڵام لە ڕووە گشتییەکەیەوە و بە وردبوونەوە لە سیمای دەرەوەیان دەتوانین بۆ سێ شێوە پۆلێنیان بکەین).

لە فەلسەفەدا چەمک واتە لایەنی نادیاری شت، کە بێسنوورە و لە بێژمار ئاڕاستە پێک دێت. ئایا بۆ نموونە چەمکی (دەستەڵات) لای (فۆکۆ) بریتییە لەو کەرەستانەی حوکمیان پێ دەکرێت؟ (سدیق) خوێنەری لە مرۆڤدا بەرجەستە کردووە. واتە ئەوانە بە شێوەی فیزیکی هەن و کتێب بە دەستەوە دەگرن، کە دەتوانیت بیانژمێریت. ئینجا وشەگەلی وەک (لە ڕووە گشتییەکەیەوە و بە وردبوونەوە لە سیمای دەرەوەیان) تەنیا بە مەبەستی فریودانی خوێنەر نا، بەڵکوو فریودانی جەماوەر ڕیز کراون، دەنا هیچ ئەرکێکیان لە ئەستۆدا نییە. دەسا ئەگەر هەیانە، خۆزگە دەهات و لەو بارەیەوە بۆمان دەدوا! با بزانین ئەو سێ شێوەیە چین، کە پۆلێنی کردوون: {یەکەم ”خوێنەری کاتی”. دووەم ”خوێنەری پچڕ پچڕ” (ڕاگوزەر). سێیەم ”خوێنەری هەمیشەیی”}.

دەیگوت پۆلێنکردنیان کارێکی سەختە، کەچی دەبینین هەر زۆر ئاسانە. ئەرێ مرۆڤ بەو مەبەستەی ئەم پەرەگرافە، بگرە هەزاران پەرەگرافی لەم شێوەیە بنووسێت، پێویستی بە وردبوونەوە هەیە؟ بۆیە دەپرسم، چونکە نووسیویەتی: (بە وردبوونەوە لە سیمای دەرەوەیان). وردبوونەوەی بۆ چییە؟ هەر کەسێکت بینی، کتێبی پێیە، خوێنەرە و ئەوەی پێی نییە، فت. ئەوەی زووزوو بە دەستیەوە دەگرێت و دەیهێنێتە قەرەباڵغی، ”خوێنەری هەمیشەیی”یە، ئەوەی ناوەناوە هەڵیدەگرێت، ”خوێنەری پچڕ پچڕ” (ڕاگوزەر) و ئەوەی کەمجار پێی دەبینرێت، ”خوێنەری کاتی”یە.

ئایا لە پەنجاکاندا خاوەنی کتێبخانەیەک نا، بەڵکوو خەڵووزفرۆشەکەی بەرانبەری، یان نانەواکەی تەنیشتی نەیدەتوانی بەو ئەنجامە بگات، کە هەندێک کەس بە شێوەی کاتی کتێب دەکڕن، هەندێک جاروبار و هەندێکیش بەردەوام؟ یەکێ لە خەسڵەتەکانی ڕەخنەی میلـلی، ئەوەیە، کە تۆ دەتوانیت لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا بۆ هەر شتێکی دیکەی بە کار بهێنیت. لە پەنجاکان دوور ناکەوینەوە و پیاوێکی هەژار دێنینە بەر چاومان، کە دەیەوێت نۆکاو بفرۆشێت. دەچێتە گەڕەکەکەی ئەوبەر و سەرنج لەو نۆکاوفرۆشەی ئەوێ دەدات. بۆ ماڵەوە دەگەڕێتەوە و بە هاوسەری دەڵێت: {بێگومان پۆلێنکردنی نۆکخۆر، یەکێکە لە سەختترین پۆلێنەکان، بەو پێیەی نۆکخۆر بوونەوەرێکە سەختە لە ژێر چەتری چەند پێناسەیەکدا کۆ بکرێنەوە، بەڵام لە ڕووە گشتییەکەیەوە و بە وردبوونەوە لە سیمای دەرەوەیان دەتوانین بۆ سێ شێوە پۆلێنیان بکەین، کە ئەوانیش ئەمانەن: یەکەم ”نۆکخۆری کاتی”. دووەم ”نۆکخۆری پچڕ پچڕ” (ڕاگوزەر). سێیەم ”نۆکخۆری هەمیشەیی”.}.

ئایا هاوسەری لێی ناپرسێت: (بۆچی، گیانەکەم، تۆ بەبێ ئەوەیش ئەمەت نەدەزانی؟)؟ ڕەنگە ئەو پیاوە هەر بە سروشتی خۆی زمانی کوردی بزانێت و ئەو هەڵانە نەکات، کە (سدیق) کردوونی. بۆ نموونە وشەی (پچڕپچڕ) وەک ئەو لە یەک جودا ناکاتەوە، مادام ئاوەڵناوە. هەروەها ئەو پێشەکییە ناڵێت، کە وەک بینیمان یەک ئەرکی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵکوو تەنیا بۆ فریودان نووسراوە. خۆزگە ئەوانەی بەو پەرەگرافە سەرسامن، وەک هاوسەری نۆکاوفرۆش لێیان دەپرسی، ئەرێ تۆ شتێکت گوتووە، ئێمە نەیزانین؟ ئایا وشەی (پچڕپچڕ: intermittent) لە شێوەی ناو، یان ئاوەڵناودا بە کار دێت؟ دەگوترێت: (مام پچڕپچڕلە دەرگەی دا)؟ (منداڵێکی پچڕپچڕە و لە دایکە پچڕپچڕەکەی دەچێت)؟ (کتێبە پچڕپچڕەکە دەنگی داوەتەوە و بە دڵی خەڵکە). تا ئێستا نەمزانیوە بەندبێژێک گوتبێتی: (جاران پیاوێکی درێژ بووم، ئێستا هەر وەک تۆپ خڕم… کەوتوومەتە بەر شەقی یاری پچڕپچڕم. فش نابمەوە بە هیچ کەس، چونکە تا بڵێی پڕم). ئەرێ (پچڕپچڕ) هاوواتای (ڕاگوزەر: transient)ـە؟

من لەو کەسانە نیم سنوور بۆ زمان و دەربڕین دادەنێن، بەڵام ئەگەر بەم شێوەیە لەسەر گرفتی زمانەوانیدا دەوەستم، ئەوە تەنیا دەمەوێت پێشانی بدەم ئەم تێگەیشتنە تا چ ئەندازەیەک ڕووکەشە و چۆنیش ڕێ بە خۆی دەدات لەبارەی ئەو چەمکانەوە زانیاریی ساختە بخاتە ڕوو. زمانی ئەم نووسینە لە پێناوی (شت) لە سروشتی خۆی دوور کەوتووەتەوە، بەڵام زمانی ئەو نۆکاوفرۆشە بەوەدا پێوەندیی بە (ژیان)ـەوە هەیە، سروشتی خۆی لە دەست نەداوە. زانیاریی هەڵەی نۆکاوفرۆشەکەمان هیچ زیانێک ناگەیەنێت، بەڵام زانیاریی هەڵەی ئەم نووسینە بیرکردنەوە بە لاڕێدا دەبات.

ئایا (سدیق) تا ئێستا ناوی چەمکێکی هێناوە، کە ئێمە خۆمان پێشتر باسمان لێوە نەکردبێت؟ فیکری یەک فیلۆسۆف، یان هیی ڕەخنەدۆزێکی ئەدەبیی پێ ناساندووین، بڵێین ئەوە یەکەمجارە لە بارەیەوە دەخوێنینەوە؟ ئایا بەو زمانە میلـلییەی هەر ئەوانە ناڵێتەوە، کە خۆمان پێشتر نووسیومانن؟ دیارە دوای ئەوەی لە ناوەرۆکیانی بەتاڵ کردوون. دوای ئەوەی لە ئاوی میلـلییان هەڵدەکێشێت، ئینجا بۆمانی دێنێتەوە. دەکرا ئەو وەک ڕەخنەدۆزانی دی هەم چەند کتێبێکی گرنگی لە زمانەکانی دیکەوە وەربگێڕابوونایە و هەم ورد لەبارەی کۆمەڵێک چەمکەوە بینووسیایە، کەچی ئەوەتە نەیتوانیوە بە زمانی خۆی پەرەگرافێکی هێندە ڕووکەش دابڕێژێت!

ئەوە یەک پەرەگرافە لەو گوتارەی. ئایا لە خۆی ڕادەبینێت تەواوی گوتارەکەم بۆ بنێرێت، تا بەم شێوەیە بیخوێنمەوە؟

ئێستا دوو پرسیاری زۆر سادە دەکەین، کە تەواو لە ئاستی پەرەگرافەکەدان: ئایا مەرجە هەر کەسێک زۆر کتێب بکڕێت، خوێنەرێکی قووڵ بێت؟ بە لاکەی دیکەیشدا ئایا ناشێ کەسانێک کەم بخوێننەوە، بەڵام خاوەنی تێگەیشتنی زیندوو و فرەوان بن؟ ئەرێ مەرجە ئەوانەی لە دەرەوە کتێبیان پێ نابینرێت، لە ماڵەوە نەیانبێت و نەخوێننەوە؟ ئایا زۆریی ژمارەی کتێب گرنگە، یان جۆری ئەو کتێبانەی دەخوێنرێنەوە؟ ئەوە هەڵەی لۆجیکییە و بە (Style over Substance Fallacy) ناسراوە. واتە هەڵەی لۆجیکیی زاڵکردنی شێوە بەسەر ناوەرۆکدا. ئەو کاتەیە، کە ڕووخساری بریقەداری شت فریومان دەدات. مرۆڤی ئێمە بێ ئەوەی وەک (سدیق) بانگەشەی ئەوە بکات (هایدیگەر) و فیلۆسۆفانی تری ناسیون، خۆی لەو هەڵە لۆجیکییە دوور گرتووە و گوتوویەتی: (هەر شتێک بدرەوشێتەوە، مەرج نییە زێڕ بێت). لە کتێبی منداڵیمدا نووسیومە بە مەبەستی فریودانی باوکم، بەردەوام کتێبی فێرگەم بە دەستەوە گرتووە، بێ ئەوەی هەر بیخوێنمەوە، کە ئەوەم بە شێوەیەکی دی لە چیرۆکی (جیهان لە فنجانی قاوە)یشدا بە کار هێناوە. ئایا گوتار و کتێبی ئەو هەموو فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزەی لە بەرهەمەکانیدا ناوی هێناون، بوونەتە هۆی ئەوەی ئەم پەرەگرافە نەنووسێت؟ ئەرێ ئەگەر چوار دێڕی یەکێ لەو فیلۆسۆفانەی خوێندبێتەوە، ئەم پرسیارانە دەورووژێنێت؟ کوا کاریگەریی ئەو کتێبە کوردییانەی، کە پێی گوتووین داهێنانی مەزنن؟ ئایا نەیخوێندوونەتەوە، یان ئەوانیش لە هەمان ئاستی تێگەیشتنی خۆیدا نووسراون؟ با بڵێین دروست بۆی چووە و ئەو سێ شێوە خوێنەرەمان هەن. دەیەوێت چی بەو ئەنجامە بکات؟ ئەوە کێیە، پێویستی بە زانینی ئەم ئەنجامەیە؟ هەر بە ڕاستی گرنگە ئێمە ئەوە بزانین؟ ئەگەر وایە، سیخوڕانی ڕێژیمە سەرکوتکەرەکان لە پێش هەموومانەوە داهێنەرن، بەوەی دەیانەوێت بزانن کێ چی و چەند دەخوێنێتەوە.

لەو ماوەیەدا هەندێک خوێنەری ئاسایی کۆمەڵێک نووسین و ڤیدیۆی نووسەرانیان هەر بە مەبەستی پێکەنین بۆ ناردووم. هەندێکیان هیی (ئارام سدیق) و سێ دانەیان هیی (ئارام کاکەی فەلاح)ن، کە ئەگەر پێیان خۆشە بزانن ئەو بابەتانە چین، ئامادەم پێیان بڵێم. یەکێکیان ئەم پەرەگرافەیە، کە ئەوەتە قسەی لێوە دەکەین. هیی نووسەرانی دیکەیشیان ناردووە. ڕەنگە هەندێک نەزانن ئەمڕۆ لەلایەن خوێنەری وریا و چاوکراوەوە ئەو بابەتانەی، خۆیان پێیان وایە داهێنانی مەزنن، وەک نوکتە سەرنجیان دەدرێتێ و بۆ یەکتری دەنێرن. بۆ نموونە (دلێر سەلیم) ئەوە نزیکەی دوو دەیەیە خەریکی ئەم کارەیە. دیارە مەبەست لە نووسینی نووسەرە، نەوەک نووسەر خۆی، لە کاتێکدا هەر فیکرێک، ئینجا هیی سەرۆکی حیزبە، یان هیی سەرۆکی دەستگەیەکی کولتووری، هیی ڕۆماننووسی بەناوبانگە، یان هیی شاعیری ناسراو، بۆ ئەوەیە بکرێتە بابەتی نوکتە و پێکەنین. ئەوەی لە لای من نەکراوە و ناکرێت، گۆڕینی بوونی مرۆڤە بۆ بابەت، کە پێشتریش گوتوومە ئەوەی بوونی کەسێک دەکاتە بابەت، هاوکات بەوە ڕازییە بوونی خۆیشی بۆ بابەت بگۆڕێت.

ئایا بۆچوونی ئەو ڕەخنەگرە میلـلییە گرنگە، چ کاتێ پێتدا هەڵدەڵێت و چ کاتێ دەتشکێنێت؟ ئایا ئەو نووسەرانەی بە داهێنەری زانیون، هەر بە ڕاستی داهێنەرن؟ ئایا بەو تێگەیشتنەی هەندێک نووسەری وای وەک داهێنەر پێ نەناساندووین، کە بەرهەمەکانیان بۆ خوێنەری سەرەتاییش سادەن؟

(حسێن عارف) لە سەرەتای حەفتاکاندا چەند گوتارێکی لەبارەی شەپۆلی هۆشەوە نووسیون و کتێبێکی وەک (شەپۆلی هۆش لە ڕۆمانی نوێدا)ی (ڕۆبێرت هەمفری)ی بە خوێنەر ناساندووە، کە تا ئەمڕۆیش ئەو کتێبە بایەخی خۆی لە دەست نەداوە. پاش پەنجاودوو ساڵ (ئارام سدیق) بەم زمانە لەبارەی (چەمکی خوێنەر)ـەوە دەدوێت! هەر لە سەرەتای حەفتاکاندا ئەدەبی ڕوانگە و گرووپی کفری چاو هەڵدێنن و لە بەرانبەریاندا کۆمەڵێک گوتاری ڕەخنەیی دەنووسرێن، کە بە هەموو سادەییی خۆیان، دەکرا ببنە سەرەتای گرنگ بۆ دامەزراندنی فیکری ڕەخنەیی، کەچی ئەوەتە (سدیق) لە دوای نیو سەدە و بە زمانی میلـلی، بگرە لە خوار زمانی ڕۆژانەی خەڵکیشەوە دەنووسێت! (حەمید عەزیز) لە ساڵی (١٩٧٩)دا کتێبی (سەرەتایەک لە فەلسەفەی کلاسیکی یۆنان)ی چاپ کردووە، کە نزیکەی دە ساڵ پێشتر وەک زنجیرەگوتار لە ڕۆژنامەی (هاوکاری)دا بڵاو کراوەتەوە.

ئەگەر بۆ ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمە بگەڕێینەوە، کۆمەڵێک ڕیپۆرتاجمان بەر چاو دەکەون، کە بۆ ئەوە کراون، ئاخۆ کتێب چەند دەفرۆشێت و چەند جۆر خوێنەر هەن. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم لەوەی (سدیق) جوانتر نووسراون، کە وەک توێژینەوەی ئەدەبی بڵاوی کردووەتەوە.

فیلمێکی کۆمیدیی میسری هەیە، ناوی (دۆکتۆر فەرەحات)ـە و (فەوزی جەزایرلی) ڕۆڵەکە دەبینێت. دەرهێنەری ئیتاڵی، (تۆگۆ میزراحی) لە ناوەڕاستی سییەکاندا دەریهێناوە، کە باس لە پیاوێکی هەژارە و بە هەڵە لە هۆتێلێکدا وەک وەرگێڕ وەردەگیرێت، لە کاتێکدا بەپێی لێکدانەوەی هاوسەری وشەی (ترجمان: وەرگێڕ) واتە قاپشۆر و خۆیشی هەر وا تێگەیشتووە. (دۆکتۆر حیلمی)یش لە لەندەن دەگەڕێتەوە و لەو هۆتێلە دادەبەزێت. داهێنانی زۆری لە بواری پزیشکیدا کردووە و ڕۆژنامەنووسان دەیانەوێت بیدوێنن، لە کاتێکدا دەزانن بە دزی گەڕاوەتەوە و بە ناوێکی خوازراویش لە هۆتێل دابەزیوە، بۆیە دەڵێن دیارە ئەو پیاوە سەیرەی ناوی (فەرەحات)ـە، لەو زیاتر، کەسی دی نییە. گفتوگۆی لەگەڵدا دەکەن و ئەویش وەڵامی سەیریان دەداتەوە، بەوەی هیچ شتێک لەبارەی پزیشکییەوە نازانێت و هاوسەریشی پێی گوتووە بەو مەبەستەی وەک قاپشۆر لەو هۆتێلەدا وەربگیرێت، پێویستە هەر شتێکی لێ دەپرسن، بڵێت دەزانێت و وەڵام بداتەوە. (دۆکتۆر حیلمی) بۆی دەردەکەوێت ئەو پیاوە بە شێوەیەکی زۆر پێکەنیناوی هەڵسوکەوت دەکات. ئینجا لە دوورەوە پێوەندیی دڵداریی لەگەڵ کچێکدا بەستووە، لە کاتێکدا لە لای ڕوون نییە، ئاخۆ کچە لە دڵەوەیەتی، یان لەبەر ناوبانگ و سامانەکەی دەیەوێت ببێتە هاوسەری. وای بە چاک دەزانێت ئەو پیاوە دەشتەکییە هەژارە لە جیاتیی خۆی بنێرێت، بەو مەبەستەی تاقیی بکاتەوە. هەر بە ڕاستی باوکی کچە پێی ڕازییە و خەڵکیش تەنیا لەبەر ئەوەی، گۆیە پزیشکە و خاوەنی سامانە، ڕێزی لێ دەگرن، بگرە سەرسامیی خۆیان لە ئاستی گوتە ساکارەکانیدا دەردەبڕن، لە کاتێکدا کچەکە هەست بە نائومێدی دەکات.

تابلۆی (خوێنەر)ی شێوەکاری فەڕەنسی کلۆد مۆنێ (١٨٤٠-١٩٢٦)

دیارە نامەوێت لەوە زیاتر لەبارەی فیلمەکەوە بدوێم، بەڵام مەبەستمە بڵێم، کە ئەمڕۆ لەناو دنیای نووسینماندا نموونەی ئەم (دۆکتۆر فەرەحات)انە زۆرن. جیاوازیی نێوان (دۆکتۆر فەرەحات)ی فیلمەکە و ئەوانەی خۆمان، ئەوەیە، کە ئەم بێ ئەوەی ویستبێتی، ئەو ڕۆڵەی پێ دراوە، لە کاتێکدا ئەوانەی ئێرە بە ئارەزووی خۆیان پێی گەیشتوون. (فەرەحات) کاتێ وەک وەرگێڕ وەردەگیرێت و بە ڕێکەوت لە هەندێک هەڵوێست ڕزگاری دەبێت، دەڵێت: (من وام دەزانی پیشەی وەرگێڕی زۆر سەختە، کەچی دەرکەوت تا بڵێی ئاسانە). بە ڕاستی ئەمڕۆ نووسین هێندە ئاسان بووە، کە ساڵانە دەتوانیت بە زمانی ڕۆژانەی خەڵک چەند کتێبێک بنووسیت و کەسانێکی زۆریش، وەک ئەوانەی بە گوتەکانی (دۆکتۆر فەرەحات) سەرسام بوون، پێیان سەرسام ببن. ناوەناوەیش بڵاوکردنەوەی پەرەگرافی لەم شێوەیە پێویستە. کۆمەڵێک لایک و کۆمێنتی جەماوەر بە دەست دەهێنیت و دەبیتە ناوێکی دیار. تۆیش کاتێ ڕووبەڕووی ئەم تێگەیشتنە دەبیتەوە، بە ناچاری دەبێت لەو ئاستەدا بدوێیت. ئایا دەکرێت چاو لەم نووسینانە بپۆشین، کە زانیاریی ساختە دەگەیەنن؟

تەوەرەی دووەم:

تیۆریی خوێنەر/وەرگر لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی بیستەم لە فێرگەی کۆنستانس (Constance School)ی ئەڵمانیای خۆرئاوادا چاو هەڵدێنێت، کە (هانس ڕۆبێرت یاوس: Hans Robert Jauss) و (ڤۆلفگانگ ئایزەر: Wolfgang Iser) وەک دوو ڕەخنەدۆز و تیۆریستی ئەدەبی ڕۆڵی گەورە لە پێکهێنانیدا دەبینن. یەکەمیان بایەخی بە ئێستاتیکای وەرگر (aesthetic of reception) و دووەمیان بە خوێنەری ناوەکی (implied-reader) داوە. ئەم دووانە و ئەوانەی تریش، کە دواتر ناویان دەهێنرێت، ئەگەر لە هەندێک ڕووەوە جیاواز بن، ئەوە لە گەوهەردا لەسەر ئەوە کۆکن، کە دەبێت خوێنەر بەهای پێ بدرێت و ئەو بەهایانەیشی بۆ بگەڕێنرێنەوە، پێشتر لەسەر حیسابی نووسەر، بگرە لەسەر حیسابی تێکستیشدا لێی سەندراونەتەوە.

پێویستە هەر لە سەرەتاوە بگوترێت ئێمە بە گشتی باسی چەمکی خوێنەر دەکەین و کەمتر ڕۆ دەچینە قووڵاییی تیۆرییەکانەوە، کە وەک پێشتر گوترا مەبەستمانە بە پلەی یەکەم ئەوە پێشان بدەین ئەم چەمکە چ قورسایییەکی لە لای فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزان هەیە، لە کاتێکدا ڕەخنەگری میلـلی تا ئاستی زمانی تێگەیشتنی ڕۆژانەی خەڵک، بگرە خوارتریشی دابەزاندووە. خۆ ئەگەر پێویستی کرد بە تایبەت لەبارەی هەر یەکێ لەو تیۆرییانەوە قسەی زیاتر بکەین، ئەوە لە ئاییندەدا بە خۆشحاڵییەوە بۆ باسێکی لەم شێوەیە دەگەڕێینەوە. وەک گوترا پێشتریش لەو بارەیەوە کارمان کردووە.

بەوەدا ئەو تیۆرییە، یان دروستتر ئەو تیۆرییانە لە کتوپڕێکدا نەهاتوون، بەڵکوو لە کۆمەڵێک سەرچاوەی گەورەوە هەڵقوڵاون، ئەوە ناکرێت ئەگەر بە کورتییش بێت، ئاوڕیان لێ نەدەینەوە. ڕاستییەکەیشی وا پێویست دەکات تیشک بخەینە سەر بەشێک لەو سەرچاوانە، تا پتر قووڵاییی چەمکەکەمان بۆ دەربکەوێت.

ئەو چەمکە هەر لە سەردەمی فەلسەفەی یۆنانیدا ئاماژەی پێ دراوە، بە تایبەتی لە لای (ئەریستۆ)، کە هەرسێ توخمی تێکست، نووسەر و وەرگری باس کردوون، لە کاتێکدا ڕۆڵی هەر یەکەیانی دەرخستووە. پێی وایە شاعیر لە لایەک بە حەقیقەت و واقیعەوە پێوەستە و لە لایەکی دی بە وەرگرەوە. ئەو لە کتێبی (هونەری شیعر)، لە چوارچێوەی شیعری شانۆییدا، کە پێوەستە بە تراجیدیا و کۆمیدیاوە، بایەخ بە چەمکی وەرگر و ئێستاتیکای وەرگر لە وەرگرتنی تێکست دەدات، بەوەی بینەرانی شانۆ ڕۆڵی گرنگ لە تاوتوێکردنی کاری هونەریدا دەبینن. لەچاوکردنەوە (Imitation) لایەنی دەروونی دەگرێتە خۆی، کە ورووژاندن و ناکاوی (Surprise) دەهێنێت. ئەوانە لە شێوەی ترس (fear) و بەزەیی (pity)دا دەردەکەون. بەوەدا ئەرکی شیعر ئەوە نییە واقیع ڕێک وەک ئەوەی هەیە، بگوازێتەوە، لێرەدا ناچاوەڕوانکراوی (unexpected)ی لێ دەکەوێتەوە، کە بە ورووژان و سەرسامییەوە پێوەستە. واتە بایەخ بە لایەنی چێژ دەدات، بەوەی لە ئێستاتیکادا بەرجەستەیە. لەبارەی ترجیدیاوە دەڵێت کۆتاییی دڵخۆشکەر (happy ending) دڵخۆشمان ناکات، بەو مانایەی وەرگر زیاتر بە ڕووداوی چاوەڕواننەکراو دەورووژێت و چێژ دەبینێت.

لانی کەم لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزان ئاوڕیان لەو چەمکە، چەمکی خوێنەر داوەتەوە و پێوەی خەریکن. (سارتەر) لە کتێبی (ئەدەب چییە؟)دا هەوڵی داوە بە شێوازی خۆی لە چەمکی خوێندنەوە بکۆڵێتەوە و دەپرسێت بۆچی دەنووسین؟ دەڵێت پرۆسێسی خوێندنەوە وا دەکات کاری ئەدەبی بێتە کایەوە. واتە بە هاوکاریی نووسەر و خوێنەر بەرهەم دێت. ناکرێت ئەوە لە بیر خۆمان ببەینەوە، کە بە گشتی ڕێبازە فەلسەفییەکان لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەمەوە زەمینەیان بۆ دەرکەوتنەوەی خۆش کرد و وردەوردە دەستەڵاتی نووسەر خرایە ژێر پرسیارەوە، کە لە زمانی ئینگلیزیدا وشەی نووسەر (Author) بە وشەی دەستەڵات (Authority)ـەوە پێوەستە. بۆ نموونە لە بیرۆکەی (مەرگی خواوەند)ی (فریدرێک نیتشە)وە بیرۆکەی (مەرگی نووسەر) لە لای (ڕۆلان بارت) و (مێشێل فۆکۆ) دێتە کایەوە، کە (بارت) لە (مەرگی نووسەر)دا دەڵێت پێویستە لەدایکبوونی خوێنەر لەسەر حیسابی مەرگی نووسەر بێت. لە کتێبی (چێژی تێکست)دا پێی لەسەر دادەگرێت، کە خوێنەر لە جیاتیی ئەوەی ببێتە بەکاربەری تێکست، دەبێتە بەشدارێکی چالاک لە بەرهەمهێنانیدا. پێوەندییەکەی بە تێکستەوە وەک پێوەندیی دڵدارە بە دڵبەرەکەیەوە. (بارت) بەم شێوەیە خۆی وەک خوێنەر پێناسە دەکات: (من عاشقی زمانم، کەواتە عیشقی خۆم بۆ نووسراو ڕادەگەیەنم). خوێنەر لە ڕێگەی چێژەوە یاخی دەبێت و لە یاسا دەردەچێت، بەوەی خاوەنی خوێندنەوەیەکی جیاوازە. بۆیە چێژ دەبینێت، چونکە تاکە و خاوەنی جەستەی خۆیەتی. لە کتێبی (ڕەخنە و حەقیقەت)دا پێی وایە ئەوە تەنیا خوێندنەوەیە شەیدای کاری ئەدەبییە و پێوەندیی شەهوەتئامێزی لەگەڵ دادەمەزرێنێت. کاتێ دەخوێنینەوە، مانای وایە شەهوەتمان بۆ کاری هونەری بزوواوە. هەروەها دەڵێت نووسین بنەبڕکردنی هەموو دەنگ و سەرچاوەیەکە، ئەو بێلایەنییەیە، ئەو پێکهاتە و پێچ (oblique)ـەیە، کە خودە چالاکەکانمانی تێدا وێڵ دەبن. ئەو ڕەشایی و سپێتییەیە، کە هەموو شوناسێکی تێدا ون دەبێت، لە شوناسی ئەو جەستەیەوە دەست پێ دەکات، کە دەنووسێت. مەبەستی ئەوەیە ئێمە نازانین کێیە لەناو تێکستدا، واتە لەو شوێنە بێلایەنەدا دەدوێت. پێشتر هەم (ستیفان مالارمێ) و هەم (پۆول ڤالێری)یش بە شێوەیەک لە شێوەکان (دانەر)، یان (نووسەر)یان بە گرنگ نەزانیوە. (فۆکۆ) خۆی (بوونی زمان) دەخاتە پێش (existential primacy of language) مرۆڤەوە، بەو مانایەی زمان لە مرۆڤدا دەدوێت، بۆیە لە ڕاڤەکردنی چەمکدا، گەڕانەوە بۆ نووسەر بە پێویست نازانێت، بەوەی لەناو تۆڕی فرەوانی چەمکەکاندا ئەو مرۆڤە هەر ونە. ئەوە چەمکەکانیشن (خود)یان پێک هێناوە، نەوەک (خود) ئەوانەی دروست کردبن، کە (بارت) جەخت دەکاتەوە هەر تێکستێک لە کۆمەڵێک تێکستی دی وەرگیراوە، بۆیە لەوەی دوور دەخاتەوە بە پێوەری ڕەوشت بخوێنرێتەوە، لە کاتێکدا بکەرەکەی بە لاوە نراوە. واتە لەگەڵ ئەوەدا نییە بگوترێت، ئاخۆ ڕاستە، یان درۆیە، کە ئەوەیشە وا دەکات تێکست لە نووسەر داببڕێنرێت و توانای ئەوەی هەبێت دەقئاوێزان (intentionality) پێک بهێنێت. بەردەوام پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە مەرگی نووسەر، واتە لەدایکبوونی خوێنەر. مەبەستی ئەوەیە کاتێ نووسین بە هیی نووسەر دەزانین، ئەوە سنووری بۆ دادەنێین و مانای کۆتاییی پێ دەدەین. لێرەدا بایەخ بە کرانەوەییی تێکست دەدات، بەو مانایەی ئەو تێکستە نەکرێتە ڕووبەرێک بۆ حوکمی ڕەها و ئاڕاستەکان لە خاڵێکدا کۆتایییان نەیەت، بۆ ئەوەی خوێندنەوە ببێتە کارێکی داهێنەرانە و بەشداریی خوێنەر لەو پرۆسێسەدا دەربکەوێت. (هیچ حەقیقەتێکی بابەتی و خودی بۆ خوێندنەوە نین، بەڵکوو تەنیا حەقیقەتێکی یاریکەر هەیە). ئەو حەقیقەتە یاریکەرە چەسپاو نییە و لە جووڵەدایە، کە دەکرێت هەر خوێنەرێک بە شێوازی خۆی لێکی بداتەوە. ئەو حەقیقەتە یاریکەرە یارمەتیمان دەدات دوالیزمەکان تێبپەڕێنین.

(جیل دولووز) بە شێوازی خۆی ڕەخنە لە دەستەڵاتی نووسەر دەگرێت، کە لە شێوازی نووسینی کلاسیکدا بەرجەستەیە، بەوەی شێوەیەکی چەسپاو و تاکڕەهەندە. لە کتێبی (هەزار بان: A Thousand Plateaus)دا، کە بە هاوکاریی (فلێکس گواتاری) نووسیویەتی، هەوڵ دەدات لە ڕێی چەمکی  ڕایزۆم (rhizome)وە، دروستتر لە ڕێی (نووسینی  ڕایزۆمییانە: rhizomatic writing)ـەوە ڕووبەڕووی لۆجیکی درەخت ببێتەوە. ( ڕایزۆم، یان ڕایزەم، یانیش ڕیزوم، ڕووەکێکە لەسەر زەویدا دەردەکەوێت و ڕەگی نییە). پێیان وایە دوالیزمی درەخت/ڕەگ لە دنیا و نووسینیشدا ڕەنگی داوەتەوە. نووسین وەک درەخت سەرەتایەکی هەیە و دەگاتە کۆتایی. درەخت خاوەنی ڕەگ، لق، گەڵا و بەرهەمە. نووسینی کلاسیک وەک خۆیان ناوی دەنێن، لاساییکردنەوەی درەختە. لە درەختدا ڕەگ هەیە و لە نووسیندا گرفت. درەخت لە ڕێی لق و گەڵاکانیەوە بڵاو دەبێتەوە، نووسینیش بە هۆی ڕاڤەکانیەوە. درەخت بەر دەگرێت و نووسینیش ئەنجام بە دەست دێنێت. بەم شێوەیە (دولووز) و (گواتاری) دەیانەوێت ئەو لۆجیکە تێک بشکێنن، کە تەنیا چەسپاوی و وەستان بەرهەم دێنێتەوە. سەرجەم بوارەکانی بایۆلۆجی، سیاسی، ئابووری و ئەوانەی دیکەیش بەپێی ئەو لۆجیکەی درەخت بە ڕێوە دەچن، لە کاتێکدا شتەکە لە سروشتدا جیاوازە، بەوەی سروشت پێچەوانەی فیکر، ڕێی ئەو دوالیزمە نادات، تێیدا کار بکات، لە کاتێکدا خاوەنی خەسڵەتی دینامیکییە. درەخت شێوەیەکی دیاریکراوی هەیە، کە شاقووڵییە، بەڵام ڕایزۆم ئاسۆیییانە دەکشێت و قووڵاییی نییە، بەڵکوو لەسەر زەویدا بڵاو دەبێتەوە. واتە هیچ شتێک ناشارێتەوە، کە مەبەستی (دولووز) و (گواتاری) مێتافیزیکە. ناونیشانی کتێبەکەیش (هەزار بان)، یان (هەزار ڕوو)ـە. ڕایزۆم خاوەنی پرینسیپی گەیاندن و جۆراوجۆری (Principles of connection and heterogeneity)یە، بەو مانایەی پێویستە شتەکان (چەمکەکان) جیاواز و هەمەڕەنگ بن، بۆیە پێچەوانەی درەخت بە هەموو لایەکدا دەجووڵێت و لقی جۆراجۆری لێ دەبێتەوە. کتێب تەواو بووە و داخراوە، لە کاتێکدا ڕایزۆم بەردەوامە و بەسەر هەموو ئاڕاستەکاندا کراوەیە، کە هەر خاڵێکی دەگریت، پێوەندیی بە خاڵێکی تریەوە هەیە و هەر خاڵێکی ئێرە بە خاڵێکی ئەوێ دەگاتەوە، بۆیە پێچەوانەی درەخت سەنترالیزمی تێدا ونە. ڕایزۆم ئەگەر لە خاڵێکدا بپچڕێت، دەست پێ دەکاتەوە، کە ئەو خەسڵەتە لە درەختدا نییە. بەم شێوەیە پێچەوانەی درەخت، لە بەردەم هەر گۆڕانکارییەکدا کراوەیە و ڕێ دەدات دەستکاریی بکەیت. ئەوان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخی مۆدێرنیزم، کە لەسەر بنەمای بیری دژبەیەک (Binary thinking) دامەزراوە، ڕێی  ڕایزۆمییانە (rhizomatic approach) دەگرنە بەر، بەوەی شتەکان هەموو کاتێ پێوەندیی  ڕایزۆمییانە (Rhizomatically interconnected)یان پێکەوە هەیە و ئاماژە بە هەمەڕەنگی دەدەن. ئەوە لە لایەک وەستانەوەیە لە دژی پرینسیپی هۆکار و ئەنجام، کە لە درەختدا بەرجەستەیە، بەوەی سەرەتا و کۆتاییی هەن، لە لایەکی دیکە بەلاوەنانی سیستەمی کرۆنۆلۆجییە، بەو مانایەی کولتوور بەرەو ئامانجی دیاریکراو ناچێتە پێشەوە، بەڵکوو کۆچەرییانە ڕێ دەگرێت. ئەو تێگەیشتنە، کە مەبەستیەتی شێوازی نووسین بگۆڕێت و دەرگەکانی بەسەر دەرەوەدا بکاتەوە، مانای دەرکەوتنی خوێندنەوەی جیاواز و بەشداریی خوێنەرە لە کاری هونەریدا. نووسەر و خوێنەر پێوەندیی ڕایزۆمییانەیان پێکەوە هەیە. نووسینی ڕایزۆمییانە جووڵەیەکی ڕوواڵاییانە (arbitrary)یە و ئامانجی دیاریکراوی نییە، وەک چۆن خوێندنەوەی  ڕایزۆمییانە ئازادە و گوێ بە هیچ یاسایەک نادات.

سەرەڕای ئەو بایەخە گەورەیەی (بارت) و ئەوانەی دی بە خوێنەری دەدەن، کەچی هێشتا لای تیۆریستانی تیۆریی وەرگر (reception theory) کەمە، بەوەی زیاتر بۆ تێکست ئاڕاستە کراوە. لێرەوە کۆمەڵێک ڕەخنەدۆزی وەک (هانز ڕۆبێرت یاوس)، (ولفگانگ ئایزەر)، (ئومبێرتۆ ئیکۆ)، (جاک ڕیفاتێر) و هیی دیکە پێوەی خەریک دەبن و لەم ڕووەوە چەند چەمکی وەک (خوێنەری ناوەکی)، (خوێنەری نموونەیی)، (خوێنەری باڵا)، (خوێنەری ڕاستی) و زۆری تر دێنە کایەوە. هەر لەم نێوەدا ناکرێت چەمکی هەڵوەشاندنەوەی (جاک دێریدا) فەرامۆش بکەین، کە ئەو فیلۆسۆفە بە شێوازی خۆی بایەخ بۆ خوێنەر دەگەڕێنێتەوە. هەر ئەوەی ڕەخنە لە مێتافیزیکای ئامادە (metaphysics of presence)، یان (سەنترالیزمی عەقڵ) (Logocentrism) دەگرێت، مانای وایە مەبەستی تێکشکاندنی دەنگی نووسەرە، تا دەنگی خوێنەر دەربکەوێت. پێی وایە هەمیشە لە ئاستی تێکستەکاندا ڕووبەڕووی دوالیزمە دژەکان (Binary Oppositions) دەبینەوە، وەک ڕۆح/ جەستە، عەقڵ/ ناعەقڵ، قسە/ نووسین، گەرم/ سارد، ڕەش/ سپی، ژیان/ مردن، چاک/ خراپ، جوان/ ناشیرین و زۆری تر، کە مێتافیزیکا لەو ڕێگەیەوە مانای پێشوەختی خۆی دەسەپێنێت، مانایەک، وا خۆی دەردەخات قەوارەیەکی یەکگرتوو (Coherent) و هاوتوخم (Homogeneous)ی هەیە و بووەتە سەنترالی عەقڵ، دواجار لە شێوەی حەقیقەتێکی نەگۆڕدا دەردەکەوێت. لەم دیدگەیەوە نووسەر/خوێنەر وەک دوالیزم سەیر کراون و دووەم لە ڕێی یەکەمەوە بە بیر هاتووەتەوە، بەڵام بە پلەیەکی نزمتر، کە تێکشکاندنی ئەو سەنترالیتییەی نووسەر، گەڕاندنەوەی بەهایە بۆ خوێنەر. لە کتێبی (نووسین و جیاوازی)دا بە شێوازی خۆی جەخت لە چەمکی یاری دەکاتەوە، بەو مانایەی یاری بۆ خودی خۆی دەگەڕێتەوە، کە یاریی بەردەوامی ماناکان سڕینەوەی سنووری نێوان چەمکەکان و دەرکەوتنی ڕاڤەکانە، تا لەوێوە هەر ڕاڤەیەک بتوانێت تێکستەکە بە شێوەی خۆی پێک بهێنێتەوە (reshaping). پێی وایە (هیچ شتێک لە دەرەوەی تێکستدا نییە)، بەو مانایەی تێکست لە هەموو سەرچاوەکانی دەرەوەی خۆی دابڕاوە. پڕە لە دژایەتی، دوورە لەوەی چەسپاو بێت و هیچ چەق (سەنترال)ێکیشی تێدا نییە. بەم شێوەیە کراوەیە و بە خاڵی کۆتایی ناگات، کە هەر خوێنەرێک بە ڕێگەی خۆی دەیخوێنێتەوە. واتە ئەوە خوێنەرە مانا بە تێکست دەبەخشێت و هەر ئەویشە مانای جیاواز بەرهەم دەهێنێت. لە ڕێی یاریی بێکۆتایی (infinite play)یەوە ڕاڤە بێکۆتایی (infinite interpretations)ـەکان دێنە دی و نادیار (absence) دەردەکەوێتەوە، بەوەی ئەو پرۆسێسە کارلێکی نێوان دیار و نادیار پێک دەهێنێت.

هەر بەگشتی تەوژمە ڕەخنەیییەکانی پۆستمۆدێرنیزم بە گشتی و پۆستسترەکچرالیزم بە تایبەتی وەک هەڵوەشانەوە (deconstruction)، هێرمۆنتیکا (hermeneutics)، ئاماژەناسی (semiology) و تیۆریی وەرگر (reception theory) بایەخیان بە وەرگر، یان خوێنەر داوە.

ڕۆلان بارت (١٩١٥-١٩٨٠) فەیلەسووف و ڕەخنەگری فەڕەنسی

تیۆریستانی تیۆریی وەرگر بە گشتی ئەو بۆچوونەیان بە لاوە نا، کە پێی وایە تێکستی ئەدەبی ڕەنگدانەوەی ژێرخانە، بەو مانایەی بونیادی تێکست لەگەڵ بونیادی کۆمەڵایەتیدا هاوڕێکە. ئەو تێگەیشتنە بایەخ بە ژیاننامەی نووسەر دەدات و مەبەستیەتی لە بارودۆخی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی بکۆڵێتەوە. بە مانایەکی دی، ڕەهەندی ئامانجداری (teleological dimension) بایەخی یەکەمی هەیە، کە دەیەوێت هونەر بە بارودۆخی کۆمەڵایەتییەوە گرێ بدات و هەر لەوێیشەوە لێکی بداتەوە.

ئێستا دەگەینە ئەوەی بڵێین تیۆری، یان تیۆرییەکانی وەرگر لە خوێندنەوە، پێداچوونەوە و ڕەخنەی بۆچوونەکانی پێشووی ئەو ئاڕاستە ئەدەبی و فەلسەفییانەوە هاتوونەتە کایەوە و گەشەیان کردووە. دەکرێت لەم ڕووەوە ئاماژە بە هەندێک سەرچاوەی دیکەیش بکەین:

فۆرمالیستەکانی ڕووس ئیلهامبەخشی ئەو تیۆرییانەن. ئەوان لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیستەمدا دەرکەوتن. بەوەدا پێیان وایە ئەدەب بەرهەمێکی سەربەخۆیە (AutonomousProduct)، ئەوە شێوە بایەخی بەرچاوی هەیە و هەموو کاریگەرییە دەرەکییەکان بە لاوە دەنێن، بەوەی ئەوانە بە ناوەرۆکەوە پێوەستن، لە کاتێکدا ئەوان ناوەرۆک دەدەنە دواوە. واتە فاکتەری مێژوو، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سایکۆلۆجی و ئەوانەی دیکە بە گرنگ نازانن، بۆیە دژی ئەو تیۆرییە وەستانەوە، کە (جۆرج لۆکاچ) نوێنەرایەتیی دەکرد و وا لە ئەدەبی دەڕوانی، ڕەنگدانەوەی واقیعە. ئەوە دەخەنە ڕوو، کە مێژووی شێوازە ئەدەبییەکان لە مێژووی واقیعەوە دەگوازرێتەوە. واتە ئەو ئاستە چییە شێوەی هونەر پێی گەیشتووە؟ نەوەک ئەو هونەرە چۆن دامەزراوە؟ بەم شێوەیە لە لای ئەوان ئەدەب هیچ پەیامێکی کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆجیی نییە. هەر لەم دیدگەیەوە چۆنیەتیی پارچەپارچەکردنی ڕووداو و داڕشتنەوەی لە ئاستی هونەریدا گرنگە، نەوەک خودی ڕووداوەکە خۆی. لێرەوە بایەخی خۆیان ئاڕاستەی ئەو بابەتانە کرد، کە بە بونیاد و زمانەوانی (Linguistics)یەوە پێوەستن، تا گەیشتنە ئەوەی زمانی ڕۆژانە تێک بشکێنن و بیخەنە ئاستێکی دیکەی جیاوازەوە. دیارە هەر بایەخێک بە وردەکارییەکانی زمان، هاوکات بایەخە بە شیعریەتیش. بەم شێوەیە فۆرمالیستە ڕووسەکان بایەخیان بە تێکست دا، کە دواتر لای (بارت) و ئەوانەی تر ئەو بایەخە زیاتر کرا، تیۆریستانی تیۆریی وەرگریش سوودیان لەو ئەزموونانە وەرگرت.

فینۆمینۆلۆجیای (هۆسێرل) سەرچاوەیەکی دیکەی گرنگی تیۆریی خوێنەرە. فینۆمینۆلۆجیا واتە ئەوەی ڕاستەوخۆ لە هەستدا دەردەکەوێت. تەنیا ئینتیوشن (حەدەس) هەیە، نە بیرکردنەوە لە ئارادایە و نە حوکم. لێکدانەوەی واقیع وەک ئەوەی لە هۆشیاریی ئێمەدا دەردەکەوێت، بەڵام هەر هۆشیارییەک بریتییە لە هۆشیاری لەبارەی شتێکەوە. کاتێ بیر دەکەمەوە، ئەوە بیرم لەم دۆخەدا ئاماژە بە شتێک دەدات. واتە پێوەندییەکی ناوەکی لەنێوان پرۆسێسی بیرکردنەوە و بابەتی بیرکردنەوەدا هەیە، بەو مانایەی هەستی من بە شێوەی نەگەتیڤ شتەکانی دەرەوەم تۆمار ناکات، بەڵکوو وێنەیان دەکێشێت. کەواتە زانینی ئەو شتانە لەوەوە دێتە کایەوە، کە بەر هەستم دەکەون. ئەو شتانە بوونەتە دیاردە و کاریان تێ کردووم. ئەو هۆشیارییە لە لای ئەو هەمیشە مەبەستگەرا (ئینتێنشنالیتی: intentionality)یە، بەوەی ڕووی لە بابەت (object)ـە. بەم شێوەیە مەبەستگەرایی واتە گۆڕینی دیاردە دەرەکییەکان بۆ بابەتی مەبەستدار، بەو مانایەی بابەت تەنیا بە بڕی مەبەستی هۆشیاری دەردەکەوێت و لە ڕێی کرداری هۆشەکییەوە بۆ ئەو بابەتە ئاڕاستە دەبێت، کە مەبەستە. لێرەوە چەمکی ترانسێندەنتەل (transcendental) دەردەکەوێت، کە مانا لە هەستدا بە شێوەی بێگەرد پێک دێت. واتە کاتێ لە دنیای ماتێریەلی دەرەکییەوە بۆ دنیای بێگەردی ناوەوە دەپەڕێتەوە. ئەو مانایە تایبەتە بە تاک و خەسڵەتەکانیشی هەر تایبەتن بەو تاکە، بە ڕادەیەک هیچ شتێکی دەرەکی لە بەرچاو ناگیرێت. بەم شێوەیە ترانسێندەنتەل وا دەکات بابەتی هەستپێکراو (object perceived) لەو شتانە دوور بخرێتەوە، کە پێوەی پێوەستن، بەو واتایەی تێگەیشتنی دیاردە ملکەچی توانای خودی و هەستی بێگەردی تاکە. واتە ڕوانین لە خودەوە بۆ بابەت، بەو مانایەی لە دەرەوەی چوارچێوەی خودزانین (self-perceived)دا نە هیچ زانین و تێگەیشتنێکی بابەتییانە و نە هیچ دیاردەیەک لە ئارادایە. هەر مانایەک پوختەی تێگەیشتنی بێگەردی ئەو تاکەیە، کە وەک گوترا ئەمە بە ترانسێندەنتەل ناو دەبات.

پێویستە بگوترێت فینۆمینۆلۆجیا هەر لە بنەڕەتەوە لە ڕەخنەگرتن لە کۆجیتۆی (دیکارت)ـەوە سەری هەڵدا، کە (هۆسێرل) پێی وایە داخراوە و لە بەرانبەردا پێ لەسەر هۆشیاریی مەبەستگەرا دادەگرێت. کاتێ باس لە هۆشیارییە، وەک ئەوەیە باس لە خودیش بێت، کە پێی وایە لە زانستەکانی ئەمڕۆدا ئەو خودە لە بیر کراوە. ئەمە بۆ نووسەری ئەدەبی گرنگە. ئەوە مێتۆدی ڕەخنەیە لە مەعریفە. لێرەوە ئەو هۆشیارییە سروشتییە وێنە بەرهەم دەهێنێت، کە (هۆسێرل) بە فەنتازیا ناوی دەبات و خەیاڵێکی ئازادانەیە، بۆیە ئەو دیاردەیە زیاتر بەو مانایەیە، کە لە خەیاڵدا پێک دێت، نەوەک لە ئاستی فیزیکدا، بە مەرجێ ئەویش دەگرێتەوە. گەڕانەوە بۆ سەرەتا و بنەمای مەعریفە، کە لێرەدا بە شێوەیەک لە شێوەکان بە هەڵگێڕانەوەی بەهای (نیتشە) دەگاتەوە. کەواتە فینۆمینۆلۆجیا لە ڕێی هۆشیاری و ئەزموونی مرۆڤەوە ئەوەی هەیە، دەخوێنێتەوە، بێ ئەوەی پەنا بۆ دەرەوە ببات. بەم شێوەیە فینۆمینۆلۆجیا پێچەوانەی زانستی سروشتی و بەشێکی زۆری زانستی کۆمەڵایەتییش ڕاڤەی خۆی لە خودەوە دەست پێ دەکات و بۆ دنیای دەرەوە ئاڕاستە دەبێت، نەوەک لە دنیای دەرەوەوە بەرەو خود بچێت. ڕاستییەکەی پێشتریش گوترا وەک کاردانەوەیەک لە دژی فەلسەفەی عەقڵ هاتە کایەوە، کە دەیویست حەقیقەتی ڕەها دابمەزرێنێت. بەپێچەوانەوە هەوڵی دا حەقیقەت لەو ڕەهایییە دابماڵێت و بە شێوەی ڕێژەیی مامەڵە لەگەڵ شتەکاندا بکات، کە لێرەوە ئەدەب بە سروشتی خۆی لەگەڵیدا ڕێک دەکەوێت. پێی وایە زانینی تەواوی جیهان بەوە نایەتە دی، هەوڵ بدرێت شتەکان لە دەرەوەی خوددا ڕاڤە بکرێن، بەڵکوو بەوە دەبێت خود خۆی شی بکرێتەوە، کە ئەو جیهان دەناسێت.

هانس ڕۆبێرت یاوس(١٩٢١-١٩٩٧) ڕەخنەگر و تیۆریستی ئەدەبی

ناکرێت باس لە فینۆمینۆلۆجیای (هۆسێرل) بکەین، ئەگەر هاوکات بۆچوونەکانی (ڕۆمان ئینگاردن)ی لە بەرچاو نەگرین. ئەوەی لەم ڕووەوە (ئینگاردن) لە (هۆسێرل)ی تێدەپەڕێنێت، ئەوەیە، کە بایەخ بە ئۆنتۆلۆجیای فینۆمینۆلۆجی دەدات و ڕوو لە فەلسەفەی هونەر دەکات، بەو مانایەی دیاردەی هونەری مرۆڤ بە دنیای واقیعەوە گرێ دەدات، تا لەوێ ئامانجەکانی بێنێتە دی. وەک چۆن لە دیدی (هۆسێرل)دا فینۆمینۆلۆجیا مرۆڤ بە گەردوون دەبەستێتەوە، بە مەرجێ دەرەوە بریتی نییە لە شتگەل و واقیعێکی ئامادەکراو، (ئینگاردن)یش پێی وایە کاتێ لە هەر دیاردەیەک دەکۆڵینەوە، پێویستە لە هەموو ئەو شتانەی دوور بخەینەوە، کە پێوەی پێوەستن. واتە بەلاوەنانی ئەو بۆچوونانەی پێشوەخت لەو بارەیەوە هەمانن. ئەوە ڕوانینێکی ئێستاتیکییانەیە بۆ کاری هونەری. ڕەخنە لە (هۆسێرل) دەگرێت لەوەی پێوەندیی بە ئایدیالیزمی ترانسێندەنتەل (Transcendental idealism)ـەوە هەیە، کە پێی وایە مەرج نییە فینۆمینۆلۆجیا هەر بەئایدیالیزمی ترانسێندەنتەل بگات. لەم ڕووەوە هەوڵ دەدات بۆچوونەکانی (هۆسێرل) تێبپەڕێنێت، کە لەو تێپەڕاندنەدا دۆخی هەندێک لەو چەمکانە دەگۆڕێت، بەوەی پێی وایە ئەو تێگەیشتنی دروستی بۆیان نەبووە. بەر لە هەرچی ئەو ترانسێندەنتەلەی (هۆسێرل) دەخاتە ئاستی پراکتیزەی کاری ئەدەبییەوە، کە ئەوەیان بریتییە لە کارلێکی نێوان بونیادی تێکست و کرداری تێگەیشتن. ئەو دوالیزمەی واقیع و ئایدیال لە ڕاڤەی مەعریفەدا دەداتە دواوە. لەم نێوەدا چوار چین دەردەخات: یەکەم، دەنگی وشە. دووەم، مانای وشە. سێیەم، ئەو شتانەی تێکست نوێنەرایەتییان دەکات. چوارەم، نەخشەگەرایی. (ئینگاردن) هەر لە سییەکانەوە بایەخ بە پێوەندیی نێوان تێکست و خوێنەر دەدات، کە پێی وایە مادام تێکست وەک پڕۆژەیەکی ئاماژەیی و جوانکاری بە تەواوی لە نووسەرەوە نایەت، ئەوە خوێندنەوە، (خوێندنەوەی چالاکی مەبەستە)، دەتوانێت بۆشایییەکانی پڕ بکاتەوە. واتە ئەوە خوێنەرە مانا بە تێکست دەبەخشێت، بەوەی لەسەر شێوازی خۆی هەوڵی پڕکردنەوەی بۆشایییەکان دەدات و لەو ڕێیەوە کاری هونەری پێک دەهێنێت.

لە فینۆمینۆلۆجیادا فیکر و بوونی دیاردەی شت پێک دەبەسترێنەوە، بەو مانایەی خود و بابەت لە ڕێی دایەلۆگەوە کار لە یەک دەکەن، بە ڕادەیەک نەتوانرێت ئەمیان لەویان جودا بکرێتەوە، کە ئەمە زەمینە بۆ لەدایکبوونی مانا خۆش دەکات. ئەوە هەمان پرۆسێسی خوێندنەوەی تێکستە لەلایەن خوێنەرەوە، کە لە ڕێی تێگەیشتن و ڕاڤەوە مانای نوێ بەرهەم دێنێت. لەو نێوەدا ئێستاتیکا دەردەکەوێت. خوێندنەوە بەو مانایەی خود و تێکست لە بابەتدا یەک دەگرن، تا تێگەیشتن و ڕاڤە لە دایک ببن.

هێرمۆنتیکای (هانز جۆرج گادامێر)یش سەرچاوەیەکی دیکەی گرنگی تیۆریی خوێنەرە. لە دیدی ئەو فیلۆسۆفەدا هێرمۆنتیکا بریتییە لە تێگەیشتن و ڕاڤەی مانا. لەو ڕێیەوە بایەخی مێژوو لە بەرچاو دەگرێت، بەوەی بەرهەمهێنانەوەی مانا و دامەزراندنی مانا دەگرێتە خۆی. لەم ڕووەوە چەمکی پێکبەستنەوەی ئاسۆیی (Fusion of horizons) بە کار دەهێنێت، تا ئەوە پێشان بدات تێگەیشتن توانای هەیە ڕابردوو و ئێستا پێک ببەستێتەوە، بگرە بیانکاتە یەک، چونکێ بەبێ ڕابردوو ئێستا نایەتە کایەوە، ئەوە ئێستایشە وا دەکات ڕابردوو هەبێت. بەم شێوەیە (ئێستا) دۆخی خۆی جێ دەهێڵێت و بە (ڕابردوو) دەگات، بگرە بەها بەو (ئێستا)یە دەبەخشێت، تا تێگەیشتن دروست ببێت. لەنێوان گەیەنەر و وەرگردا ئەو تێگەیشتنە بە ڕوونی دەردەکەوێت. بە هەمان شێوە خوێنەر لە خوێندنەوەی تێکستدا ئەو تێگەیشتنە پێک دەهێنێت، کە وەک گوترا بە (پێکبەستنەوەی ئاسۆیی) ناوی دەبات. لەو پرۆسێسە هاوبەشەدا خوێنەر مانا بە تێکست دەبەخشێت و تێکست مانا بە خوێنەر دەگەیەنێت. جەخت لەسەر خودی خوێنەر دەکاتەوە وەک هێزێکی کاریگەر لە تێگەیشتن و ڕاڤەکردنی مانادا. تێگەیشتن کردارێکی مێژوویییانەیە و بە درێژاییی کات پێوەندیی دایەلۆگییانەی تێکستەکان لە خۆی دەگرێت. لێرەدا بایەخی (گادامێر) بە مێژوو لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە پێی وایە تێگەیشتنی هەر فاکتێک، بەستراوەتەوە بەو ئەنجامانەی لێیەوە هاتوون، چونکێ مێژووی ئەو ڕاڤە و ئاماژە تایبەتانەی بە ڕووداوێک، یان بە کارێکەوە پێوەستن، توانامان پێ دەبەخشێت وەک ڕاستییەک و بە شێوەی جیاواز لەوەی هاوچەرخەکان لێی تێگەیشتوون، لێی تێبگەین، کە خاوەنی خەسڵەتی فرەمانایییە. ئەوە کەی؟ کاتێ کارەکە تەواو بووە و بووەتە ڕابردوو. لێرەدا ئەزموونی ژیانی تایبەتی تاک بڕیار دەدات چۆن هەست بە بابەتەکانی دەرەوەی بکات. بەم شێوەیە مێژووی ئەو تاکە لەو تێگەیشتنەدا ڕۆڵی هەیە، کە ئەو ئەزموونەی بۆ پێک هێناوە. هەر مانایەک پابەندی هەڵوێستی مێژوویییانەی ئەو کەسەیە، کە کرداری ڕاڤەی کارەکە دەگرێتە ئەستۆ، بەوەی هەر ڕاڤەیەکی ئەدەبی ڕابردوو، لە دایەلۆگی نێوان ڕابردوو و ئێستاوە هەڵدەقوڵێت. بەم شێوەیە ڕاڤە توانای هەیە ڕابردوو ملکەچی تێگەیشتنی تایبەتی خود بکات، بەوەی ئەو خودە پێوەندیی بە ڕابردووەوە نەپچڕاوە و تێگەیشتنی ئەو ڕابردووەیش تەنیا لە ڕێی فاکتەکانی ئەم ئێستایەوە بە دەست دێت.

ئەو تێگەیشتنەی (گادامێر) بۆ مێژوو بووە یەکێک لە کۆڵەگەکانی تیۆریی وەرگر/خوێنەر. تیۆریستانی ئەو تیۆرییە، بە تایبەتی (یاوس) بایەخی مێژوو لە بەرچاو دەگرن. ئەگەر سترەکچرالیزم گرنگیی بە هاوکاتی (synchronicity) دەدا و لەوێوە دەیڕوانییە زمان، بەوەی هەموو فاکتەرێکی دەرەوەی تێکستی بە لاوە دەنا، گۆیە ڕایەڵی پێوەندییەکانی ناوەوەی تێکست خۆیان حەقیقەتی خۆیان دادەمەزرێنن، بێ ئەوەی پەنا بۆ هیچ سەرچاوەیەک ببەن، ئەوە تیۆریی وەرگر/خوێنەر مێژوو بە پێکهاتەیەکی گرنگی ئەو پێوەندییە دادەنێت، بەوەی هەم نووسەر و هەم خوێنەر دەگەنەوە تێکستەکانی پێشوو، کە بە هەمان ڕەگەزی ئەدەبییەوە پێوەستن. پێویستە لێرەدا بگوترێت تیۆریی وەرگر وەستانەوەیە لە دژی حوکمی بابەتییانە و پێشوەختەی مێژوو، کە هەر کاتێ ئەو تێگەیشتنە خودییە دەردەکەوێت، حوکمەکانی مێژوو هێزی خۆیان لە دەست دەدەن و ئەو پێوەندییەی نێوان ئەدەب و مێژوو گۆڕانی بەسەردا دێت، بگرە دەچێتە دۆخێکی دیکەی جیاوازەوە. (یاوس) چەمکی (ئاسۆ) لە (گادامێر) وەردەگرێت و وشەی (چاوەڕوانی)ی دەخاتە پاڵ، تا ببێتە (ئاسۆی چاوەڕوانی). بەم شێوەیە چەمکی ئاسۆی چاوەڕوانی (Horizon of Expectation) واتە ئەو کاریگەرییەی کاری ئەدەبی لە لای خوێنەری جێ دەهێڵێت. کارلێکی نێوان تێکست و خوێنەر لە لای (یاوس) مەرجی سەرەکییە بۆ بەرهەمهێنانی مانا، بۆیە وا پێویست دەکات هەم نووسەر و هەم خوێنەر خاوەنی خەیاڵی بەپیت و ئاگاییی فرەوان بن. لێرەدا مەبەست مانای کڵێشەدار و ئامادە نییە، بەڵکوو جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی تێکست بتوانێت خەیاڵی خوێنەر ببزووێنێت و بیخاتە ئاستی دینامیکییەوە. خوێندنەوەکانیش بەپێی کات و شوێن گۆڕانیان بەسەردا دێت. تێکست هەیە لە سەردەمی خۆیدا سەرنجڕاکێش نەبووە، بەڵام لە کات و شوێنی تردا پێچەوانە کەوتووەتەوە. پێی وایە تێکستی ڕوون ناتوانێت سەرنجی خوێنەر ڕابکێشێت و بەرهەمدار نابێت. پێویستە کاری ئەدەبی بتوانێت ئاستی تێگەیشتنی خوێنەر هەڵبکشێنێت و وای لێ بکات بەو ڕووبەرانە بگات، کە پێشتر پێیان نەگەیشتبوو. بەوەدا لایەنی کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئایدیۆلۆجی و سۆمبۆلیی کۆمەڵگە لە پێکهێنانی تێکستدا بەشدارن، ئەوە تێیدا ڕەنگ دەدەنەوە و دەچنە باری ڕاڤەی دیکەوە، بۆیە ئەو پێکگەیشتنەی نووسەر و خوێنەر لە تێکستدا توانای گۆڕانکاریی هەیە. (ئایزەر) پێی وایە ئەو کاریگەریی (effect)ـە گرنگە، کە تێکست لە لای خوێنەری جێ دەهێڵێت. واتە لە دەروونی خوێنەردا چ گۆڕانێک بەرپا دەکات. بەوەدا ئەو خوێنەرە ئەزموونی ئەدەبیی هەیە، ئەوە کاتێ بەر تێکست دەکەوێت، شتی نوێ دێتە کایەوە. خوێنەری زیرەکی ڕەخنەدۆز دوای خوێندنەوەی تێکستێکی قووڵ ئاستی ئێستای جێ دەهێڵێت و دەگاتە ئاستێکی تر، وەک چۆن هەر ئەو پێوەندییە ئاستی تێگەیشتنی نووسەر بەرز دەکاتەوە. لێرەدا مەبەست لەو کارە ئەدەبییەیە، کە سەرسامی دەهێنێت، ئەو شتانە دەڵێت، کە نوێن، تا وەرگر بخەنە دۆخی ڕاچەنینەوە، بگرە پێویستە نائومێدی بۆ ئەو وەرگرە بهێنێت. (لە حەفتاکانەوە تا ئەمڕۆ بیستوومانە و دەیبیستین چۆن ڕەخنەگری میلـلی دەڵێت نووسەر قسەی ناو دڵی منی کردووە، بۆیە بەرهەمەکەی داهێنانێکی گەورەیە، لە کاتێکدا ڕەخنەدۆزان دەڵێن پێویستە کاری ئەدەبی نائومێدی بۆ خوێنەر بهێنێت).

ڤۆلفگانگ ئایزەر(١٩٢٦-٢٠٠٧) ڕەخنەگر و تیۆریستی ئەدەبی

(فێرگەی فرانکفۆرت)یش کەموزۆر کاریگەریی بەسەر تیۆریی وەرگرەوە هەیە. بۆ نموونە سوودی لە ئێستاتیکای نەگەتیڤی (تیۆدۆر و. ئادۆرنۆ) (The Negative Aesthetics of Adorno) وەرگرتووە، کە دژی هەموو مانایەکی ئامادەیە و پشتگیری لە سەربەخۆییی هونەر دەکات، بەوەی پێی وایە تا ئەو کاتەی هونەر ملکەچی یاسا باوەکان نییە و خاوەنی یاساکانی خۆیەتی، زیندووە و توانای هەیە لە ڕێی ڕەخنەوە بە گژ عەقڵی ئامێرگەرا (instrumental mind)دا بچێتەوە. بەم شێوەیە هونەری نەگەتیڤ هەر ساتێ دەستی لە سەربەخۆییی خۆی هەڵگرت، ئەوە دەبێتە بەشێک لە میکانیزمی ئەو کۆمەڵگەیەی لەسەر ئەوە دامەزراوە چۆن هەموو شتێک بۆ شمەک بگۆڕێت، وەک چۆن کاتێ بەسەر خۆیشیدا دادەخرێت، دەشێ دیسان لەو دامودەستگەیانەدا بتوێتەوە و بکەوێتە ژێر ڕکێفی بازاڕەوە، بۆیە لە دژی ئەو تێگەیشتنە دەوەستێتەوە، کە لەسەر ئەوە دامەزراوە، گۆیە هونەر تەنیا ڕەنگدانەوەیەکی کاڵی واقیعە، بەڵکوو پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە هونەر پێویستە ئەو شتە دابهێنێت، پێشتر نەبووە و دەبێت پێوەندیی خۆی لەگەڵ هەموو ئەو شتانەدا ببڕێت، کە هەن، بەو مانایەی واقیعێکی دی دروست بکات، تێیدا ئازاد ببێت، نەوەک نامۆ. ئەو لەگەڵ دامەزراندنی فەلسەفەیەکی هونەرییانەیە، کە لە دژی مێتافیزیکادا بجەنگێت، وەک ئەوەی (نیتشە) لە دژیدا جەنگا، لە کاتێکدا ئەوەی (نیتشە) بە هونەری دەزانێت. ڕەخنەی ئەو لە شوناس و هەموو بیرکردنەوەیەکی شوناسییانەیە (identity thinking)، بەو مانایەی هونەر پابەندی شوناس نییە، بەڵکوو خاوەنی خەسڵەتێکی ناشوناسییانە (non-identity)یە، بۆیە حەقیقەتی ڕەها بەرهەم ناهێنێت، بەڵکوو هەمیشە مەودایەک لەنێوان مرۆڤ و شتەکاندا جێ دەهێڵێت.

ئینجا بەوەدا تیۆرییەکە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەگاتەوە تیۆریی گەیاندن، ئەوە کاریگەریی ئەو فێرگەیە لێرەیشدا دەردەکەوێت، بەوەی ڕەخنەدۆزانی توانیویانە تیۆریی ڕەخنەیی دابمەزرێنن، کە هەر لەناویدا تیۆریی کرداری گەیاندن (The Theory of Communicative Action) چاوی هەڵهێناوە، بە تایبەتی لە لای (یۆرگن هابرماس)، کە ویستوویەتی لەو ڕێیەوە ڕووبەڕووی عەقڵی ئامێرگەرا ببێتەوە و لە بەرانبەردا عەقڵێک لەسەر بنەمای گەیاندن و پێوەندیی ڕەخنەیییانە دابمەزرێنێت، تا توانای هەبێت لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا لێکتێگەیشتنی عەقڵانی پەرە پێ بدات.

لە لایەکی دیکەوە ناکرێت کاریگەریی فەلسەفەی (نیتشە) بەسەر تێکڕای ئاڕاستە ئەدەبییەکانی سەدەی بیستەم و بیستویەکەم لە بیر بکەین، کە تیۆریی وەرگریش لەو کاریگەرییە بە دەر نییە. ڕەخنەی ئەو فیلۆسۆفە لە حەقیقەت، کە پێوەستە بە چەمکی هەڵگێڕانەوەی بەها (Transvaluation) و جینیالۆجیای ڕەوشتەوە، ڕوانینێکی دیکەی بۆ هونەر هێنایە کایەوە، چونکێ کاتێ حەقیقەت تێک دەشكێت، ژیان بە فرەوانییەکەی دەردەکەوێت. لە کتێبی (جینیالۆجیای ڕەوشت: On the Genealogy of Morality)دا ڕەخنە لە سیستەمی ڕەوشتی باو دەگرێت، کە نەک هەر لە وەهمدا نغرۆ بووە، بەڵکوو شێواوە و لە بنەمای ڕەسەنی خۆی دوور خراوەتەوە. لەم ڕووەوە دەنووسێت: ئێمە پێویستمان بە ڕەخنەی بەهاکانی ڕەوشت (moral values)ـە و بەر لە هەر شتێکیش پێویستە لێیان بکۆڵینەوە. ئەمەیش ئەوە دەخوازێت لەو هەلومەرج و بارودۆخانە بگەین، کە تێیاندا گەورە بوون. واتە جینیالۆجیا پرسیارە لە خودی بەها، کە لەو ڕێیەوە نەک خۆی، بەڵکوو ئەوانەیش تێک دەشکێنرێن، کە ڕایان گرتووە و هێشتوویانەتەوە. لە ڕێی هونەرەوە ڕووبەڕووی دۆخی مۆدێرنیتی دەبێتەوە و تێیدەپەڕێنێت، کە ئەوەیە ناهێڵێت مەعریفەی عەقڵانی دەست بەسەر غەریزەماندا بگرێت. ئەو دەیویست لە هونەردا حەقیقەت بدۆزێتەوە، نەوەک لە زانستدا، چونکێ ئەو حەقیقەتەی هونەر پێکی دەهێنێت، هیی ژیانە و بێسنوورە، پێچەوانەی هیی زانست، کە سنووردارە و ناتوانێت ڕووخسار تێبپەڕێنێت، تا بۆ ئەودیوی ئەو ڕووخسارە بپەڕێتەوە، بەوەی زانست هەر ئەو کارە دەکات، کە مێتافیزیکایش کردوویەتی و وەک ئەو ملکەچی پرینسیپی ئایدیالیزمە. بەم شێوەیە هونەر لاساییکردنەوەی سروشت نییە، بگرە لاساییی هیچ شتێک ناکاتەوە، بەڵکوو چالاکییەکی مێتافیزیکییە و سروشت تێدەپەڕێنێت. پێی وایە هونەر بریتییە لە هێزی دایۆنایسز (Dionysus) و جوانیی ئەپۆلۆ (Apollon). دایۆنایسز، کە سۆمبۆلی خۆشی و نەشوە (ecstasy)یە، توانای سەما و چێژبینینی هەیە، بەوەی ئازادە و ژیان بە قووڵی دەردەبڕێت، بۆیە خاوەنی هێزی نوێبوونەوەی بەردەوامە و نامرێت. ئەو وزەیەیە، کە مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و سروشت پێک دەگەیەنێتەوە. هەر ئەویشە لە عەدەم(Nothingness)مان دوور دەخاتەوە و تەنیا لە ڕێی هونەریشەوە دەکرێت جیهان ڕاڤە بکەین، دەنا هەر ڕاڤەیەکی دیکەی ناهونەری، بێکەڵکە. لەمەوە هونەر بە جەستەوە پێوەست دەکات، بەوەی توانای هەیە مانای ڕاستینە و بێگەرد لە خۆی بگرێت، وەک چۆن لە دەستی دێت حەقیقەت دەربخات، بۆیە پێ لەسەر لایەنی فیزیۆلۆجی دادەگرێت، بەو مانایەی بڕوای بە دوالیزمی جەستە/ڕۆح نییە، بگرە پێی وایە دایۆنایسز فیلۆسۆفێکە و خۆی بە شاگردی دادەنێت. دایۆنایسز نوێنەری گێرەشێوێنی، ناڕێکی، ناهاوسەنگی، ناشێوە، تەوژمی ژیانێکی سەختە، لە کاتێکدا ئەپۆلۆ هونەری شێوەسازی، ڕوونی، ڕووناکی، پێشبینی، میوزیک و پێوەری تێدا بەرجەستەن، کە (نیتشە) ئارامی و عەقڵی تێدا دەبینێت.

گەشەکردنی هونەر پێوەستە بە دوالیزمی دایۆنیسز و ئەپۆلۆ، کە ئەو دوو غەریزە جیاوازەی لە سروشتەوە هەڵقوڵاون، شانبەشانی یەک دەچنە پێشێ و لە ململانێدان. واتە بەرزکردنەوەی غەریزە و ژیان لە پێناوی پاراستنی جۆرەکە.

گەشەکردنی هونەر پێوەستە بە دوالیزمی دایۆنیسز و ئەپۆلۆ، کە ئەو دوو غەریزە جیاوازەی لە سروشتەوە هەڵقوڵاون، شانبەشانی یەک دەچنە پێشێ و لە ململانێدان. واتە بەرزکردنەوەی غەریزە و ژیان لە پێناوی پاراستنی جۆرەکە. بە یەکگرتنی ئەو دوو غەریزە جیاوازە، هونەری باڵا لە دایک دەبێت، کە ئەوە دەربڕینی قووڵاییی تراجیدیایە. تیکەڵبوونی پیاوەتیی زبری ئەمیان و ژنێتیی هێمنی ئەویان. ئەپۆلۆ دەتوانێت ئەو شتانەی دایۆنایسز لە شێوەی جواندا دەربخات، بەوەی هونەرمەندی شێوەسازە. ئەمەیە هێز بە هونەر دەدات، تا بەهای جوانی بە شتە ناشیرین و بەدڕەوشتەکانیش ببەخشێت، وەک لە کتێبی (لەدایکبوونی تراجیدیا)دا دەڵێت. هەر لەوێدا ئەوە دەردەبڕێت، کە مەگەر تەنیا وەک دیاردەیەکی جوانیناسییانە پاساو بۆ ڕەوایەتیی هەتاهەتایەی بوون و جیهانبێنینەوە. (itis only as an aesthetic phenomenon that existence and the world are eternally justified). واتە ئەو جوانییە وامان لێ دەکات چاو لەو هەموو ناشیرینییەی دنیا بپۆشین، لە کاتێکدا جوانی پێویستی بەوە نییە پاساوی بۆ بهێنرێتەوە.

پێی وایە ئەو چێژە مێتافیزیکییەی لە تراجیدیادا هەستی پێ دەکەین، حیکمەتی غەریزەی ناهۆشیاریییانە (unconscious)ی دایۆنیسیەتە و بۆ زمانی وێنە گۆڕاوە. ئەوە لە ویست (Will)دا بەرجەستەیە، کە دەیەوێت لە پێناوی ئاسوودەییماندا خۆی لە ناو ببات. ئینجا ئەپۆلۆ، بەوەدا نوێنەری هونەری شێوەسازییە و لایەنی جوانکاری لە خۆی دەگرێت، لە ڕێی ئەو جوانییەیەوە بەسەر ناخۆشییەکانی ژیانماندا زاڵ دەبێت، کە لە لای (نیتشە) ژیان دەکەوێتە سەرووی حەقیقەت و هەر شتێکی دیکەیشەوە. لە بەشی (٣٥٤)ی لەژێر ناونیشانی (زیرەکیی جۆرەکان: genius of the species) لە کتێبی (زانستی هۆژی: The Gay Science)دا دەڵێت هۆشیاری تەنیا لەژێر فشاری پێویستیی بۆ گەیاندن (the need for communication)دا گەشە دەکات. سەرەتا ئەو هۆشیارییە پێویست و بەسوود نییە، تا ئەو کاتەی دەچێتە نێو پێوەندیی مرۆڤەکانەوە، بە تایبەتی لەنێوان ئەوانەی فەرمان دەردەکەن و ئەوانەی بە جێی دەهێنن (those who commanded and those who obeyed). هۆشیاری بەپێی ڕادەی ئەو پێویستییە گەشە دەکات. واتە هۆشیاری تەنیا بۆ پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانە، بەوەی لەو ڕێیەوە هەستی دڵنیاییی بۆ دابین دەبێت. هەر لێرەیشەوە زمان هاتووەتە دی، بەوەی زمان ئەو ڕووبەرەیە، کە مێتافیزیکا تێیدا دەردەکەوێت وا دەکات مانا ئەزەلیەتی خۆی بپارێزێت. واتە مێتافیزیکا مەبەستیەتی شوناس و تاکڕەهەندیی مانا لەسەر حیسابی جیاوازی، درێژە پێ بدات. بەم شێوەیە هۆشیاری بە ژیانەوە پێوەست دەکات و لەو پێناوەدا ڕووبەڕووی حەقیقەت دەبێتەوە. بنەمای حەقیقەت بۆشە، بەوەی تا ئەو کاتە درێژەی دەبێت، کە سوود بە ژیان دەگەیەنێت. کاتێ حەقیقەت بە ژیانەوە پێوەست دەکەین، ئەوە ئەو حەقیقەتە لە پێناوی خۆیدا حەقیقەتە، نەوەک لە پێناوی شتی تردا، کە سوود خۆی دەخزێنێتە ناویەوە. پێی وایە حەقیقەت لە وەهم زیاتر شتێکی دی نییە، بەڵام ئێمە لە بیرمان چووەتەوە، کە بەم شێوەیەیە. بەو مەبەستەی ئەوەمان بۆ دەربکەوێت، پێویستە پەنا بۆ جینیالۆجیای بەهاکان ببەین.

ئایا ڕوانینی (هایدیگەر) بە تایبەتی ئەوەی پێوەندیی بە (کاری هونەری)یەوە هەیە، یەکێک نییە لەو سەرچاوانەی، تیۆریی وەرگریان لێ هەڵقوڵاوە؟ بەوەدا هەوڵم داوە لە هەردوو کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام) و (کوشتنی فیل و پاراستنی دووکانی شووشەوات)دا بە وردی لەو بارەیەوە بدوێم، بۆیە لێرەدا بە پێویستی نازانم باس لە کاریگەریی ئەو فیلۆسۆفە بکەم بە گشتی لەسەر تیۆرییەکانی ئەدەب و بە تایبەتی لەسەر تیۆریییەکانی خوێنەردا.

وەک سەرنج دەدەین تیۆریستانی تیۆریی وەرگر هەوڵیان داوە هەموو ئەو تەوژمە ئەدەبی و فەلسەفییانە بەسەر بکەنەوە، تا لە داڕشتنەوەی تیۆرییەکەدا بیانخەنە ڕوو. بەم شێوەیە ئەو تیۆرییە لە لایەک ڕەخنەیییە و بۆچوونەکان دەداتە دواوە، لە لایەکی دی لێیان وەردەگرێت، بەو مەبەستەی ڕوانگەیەکی تۆکمە، بەڵام ڕوون دابمەزرێنێت. مەبەستیەتی لەوێوە بڕوانێتە هەموو ڕەهەندەکانی ئەو چەمکە و هەوڵ بدات گۆڕانی گەورەی بەسەردا بهێنێت.

فردریش نیتشە (١٨٤٤-١٩٠٠) فەیلەسووفی ئەڵمانی

بەم شێوەیە ئەو خوێنەرەی پێشتر، (واتە پێش دەرکەوتنی ئاڕاستە فەلسەفی و ئەدەبییەکانی نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەم، کە بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامییان هەیە وکاریگەرییان لە تیۆرییەکانی وەرگردا بەرجەستەن) لە دەرەوە بوو و تەنیا پەیامی پێ دەگەیشت، ئێستا لە ناوەوەیە و وردەکارییەکان دەبینێت. هەوڵی تێگەیشتن دەدات، لێکدانەوە دەکات و بۆچوون دەردەبڕێت، کە ئەوە بە (realization) ناسراوە، بەو مانایەی خوێنەر لەو ڕێیەوە لایەنی ئیستاتیکیی تێکست دەگرێتە ئەستۆ (aesthetic)، لە کاتێکدا ئەوەی نووسەر لایەنی هونەرییە (artistic). واتە خوێنەر لەسەر هەردوو ئاستی تیۆری و پراکتیدا چالاکە. هەموو ئەو خرۆشان، چێژبینین، هەڵچوون، سەرسامی و ئەوانەی دیکە، کە لای خوێنەر دروست دەبن، خۆیان لە لایەنی ئێستاتیکادا دەبیننەوە. بەم شێوەیە خوێنەر جەخت لەسەر ماناکانی نووسەر ناکاتەوە، بەڵکوو خۆی مانا دادەمەزرێنێت، بگرە تێکست وەک گوتارێکی گەیاندن (communication) هەر خۆی لەناو هۆشیاریی خوێنەردا هەڵدەچنرێت. بە مانایەکی دی، کاری ئەدەبی تەنیا ساتێ بە دەست دێت، کە بەر زانینی خوێنەر دەکەوێت، چونکێ ژیان کاتێ دەخزێتە نێو کاری ئەدەبییەوە، کە دەبێتە بابەتی تێگەیشتن. (یاوس) ناو لەمە دەنێت ئێستاتیکای وەرگر (aesthetic of reception)، بەوەی ئەو خوێنەرە لە دیدگەی خۆیەوە کاری ئەدەبی دادەڕێژێتەوە. واتە بەرهەمهێنانەوەی تێکست (textreproduction) بە شێوەیەکی جیاواز، کە دوورە لە خواستی نووسەر. دەسا نووسەر هەر خۆی خوێنەرە، خوێنەری تێکستەکانی پێشووە، کە سەر بە هەمان توخمن. دەکرێت بگوترێت لایەنی هونەری، کە نووسەر نوێنەریەتی، بریتییە لە بونیادی زمانەوانی، مانای شاراوە، ئاماژە مەعریفی و ئایدیۆلۆجیاکان، لە کاتێکدا لایەنی ئیستاتیکی، ئەوەی خوێنەر دەگرێتەوە، خۆی لە خوێندنەوە، ڕاڤە و پڕکردنەوەی بۆشایییەکاندا دەبینێتەوە، کە دەتوانێت تێکست لە دۆخی ڕووتەوە بباتە دۆخی هەستپێکراوەوە، بەوەی هەم بینین و هەم هۆش لەو پرۆسێسەدا بە کار دەهێنێت. واتە چەمکی خوێندنەوە فرەڕەهەندە، کە ڕەهەندەکانی دەروونی، کۆمەڵایەتی، ئێستاتیکی، جەستەیی و زۆری دی لە خۆی دەگرێت. بەم شێوەیە خوێندنەوە جۆرێکە لە نووسینەوەی دەق و هەر ئەویشە بەرهەمهێنانەکەی واڵا دەکات. خوێنەر لەناو تێکستدا دوو ڕۆڵ دەبینێت، ڕۆڵی خوێنەر و ڕۆڵی نووسەر، نووسەرێکی جیاواز لە نووسەری پێشوو، هاوکات دەبێتە خوێنەرێکی جیاوازیش لەوەی هەبوو. دیارە لێرەدا هۆشیاریی خوێنەر ڕۆڵی هەیە لەوەدا پێوەندی بە چ تێکستێکەوە بکات، چۆن ئاماژەکان بخوێنێتەوە و چییان لێ پێک بهێنێت. واتە پرۆسێسی هەڵبژاردن، گەڕان و هەڵکۆڵین دەگرێتە ئەستۆ. خوێندنەوە واتە خود، تێکستیش واتە بابەت. یەکگرتنی خود و بابەت (خوێندنەوە و تێکست) ڕاڤە بەرهەم دێنێت.

نووسەری داهێنەر بە سروشتی خۆی پێی خۆشە بەر خوێنەری نموونەیی بکەوێت، ئەو خوێنەرەی (ئیکۆ) هیوای بۆ دەخوازێت، کە تواناکەی لە هیی نووسەر کەمتر نییە و خاوەنی ئەزموونی گەورەیە. دەگەینە ئەوەی بڵێین لەو پرۆسێسی گەیاندن (communication process)ـەدا پاشخانی کۆمەڵایەتی و کولتووریی خوێنەر و تێکست ئامادە دەبن و بەر یەک دەکەون، تا ڕەهەندی مێژوویی دەربکەوێت، بەو مانایەی ڕابردوو و ئێستا لە هەمان ئاسۆدا پێک دەگەنەوە. لەناو تێکستدا نووسەر وەک ڕابردوو و خوێنەر وەک ئاییندە بەر یەک دەکەون، کە ئەو بەریەککەوتنە سڕینەوەی نێوان دۆخەکانی کاتە. لێرەدا مێژوو بە مانای ڕووداوی زنجیرەیی نایەت، بەڵکوو بریتییە لە بەسەرکردنەوەی تێکستە جۆراوجۆرەکان. ئەو نووسەرەی تێکستێک بەرهەم دەهێنێت، خوێنەری کۆمەڵێک تێکستی دیکەیشە، وەک چۆن ئەو خوێنەرەی دەخوێنێتەوە، ئەزموونی لەگەڵ چەند خوێندنەوەی دیکەدا هەیە. لەم ڕووەوە (یاوس) پێی وایە ئەزموونە ئێستاتیکییەکانی ڕابردوو دەتوانن ببنە پاڵپشت بۆ نەوەکانی دواتر و دەوڵەمەندیان بکەن. واتە ئەو خوێنەرە لە یەک گۆشەنیگاوە ناڕوانێت، بەڵکوو لە چەند لایەکەوە سەرنجی دەداتێ، بۆیە توانای هەیە لە ڕێی ڕاڤەوە بە ئەنجامی جۆراوجۆریش بگات. لەبەر ئەوەیشە ئەوەی بە دەست دێت، کاری ئەدەبییە، کە تێپەڕاندنی ئاستی تێکستە. واتە ئەوەی لەنێوان هەردوو تەوەرەی هونەری و ئێستاتیکادا بەرهەم دێت، کاری ئەدەبییە، کە لە تێکست ترازاوە، بەو مانایەی لەگەڵ تێکست و دەرکەوتەکانی هاوڕێک نییە، بۆیە کاری ئەدەبی بە شێوەیەکی دینامیکییانە ئاستێکی دیکەی نێوان هەردوو تەوەرەکە پێک دەهێنێت. تێکستی فرەئاڕاستە هەر جارێ خوێنەری ڕەخنەدۆزی بەر بکەوێت، تازە دەبێتەوە و پتر لە ئاستی خوێندنەوەدا خۆی دەکاتەوە، کە ئەو ئازادییەی خوێنەر لەو فرەئاڕاستەیییەوە دێتە کایەوە. خوێنەری ئازاد مانای ئازاد بەرهەم دێنێت، کە ئەو مانا ئازادە توانای جووڵەی هەیە و لە دۆخێکدا قەتیس نابێت، بەڵکوو لە هەر کات و شوێنێکدا خۆی نوێ دەکاتەوە. وەک گوترا لە کاری هونەریدا تەنیا نووسەر نییە داهێنەرە، بەڵکوو خوێنەریشە. بە مانایەکی دی، تێکست بەو ئەندازەیەی کەناڵێکە بۆ دەرخستنی تواناکانی نووسەر، ڕووبەرێکیشە بۆ دەرکەوتنی بەهرەی خوێنەری ڕەخنەدۆز، کە لەو بەریەککەوتنەدا تواناکان بەر یەک دەکەون و تەقینەوە گەورەکە دروست دەکەن. ئینجا تێکشکانی قاڵب و کڵێشەکان لە لایەک و کاڵبوونەوەی سنووری نێوان ژانرەکان لە لایەکی دیکەوە وایان کرد خوێنەر پتر ئازادی بە دەست بێنێت لەوەی چۆن تێکست بخوێنێتەوە و چۆنیش مانای لێ پێک بهێنێت.

دەگەینە ئەوەی بپرسین چ تێکستێک دەتوانێت خوێنەر لە دەرەوە بهێنێتە ناوەوەی خۆی؟ ئەو تێکستەی خاوەنی نهێنییە، نەوەک ئەو تێکستەی ڕوونە. چ خوێنەرێک دەرەوە جێ دەهێڵێت و بەرەو ناوەوە دێت؟ ئەو خوێنەرەی توانای دۆزینەوەی نهێنیی هەیە. دەکرێت بەم شێوەیە دایبڕێژینەوە: ئەو تێکستەی ئاستی زانراوی تێپەڕاندووە و چووەتە ئاستی ئاماژەوە، ڕێ بە خوێنەری داهێنەر دەدات مانای جیاواز و فرەڕەهەند بدۆزێتەوە. نە تێکستی سادە دەتوانێت خوێنەری داهێنەر ببزووێنێت و نە تێکستی قووڵیش سەرنجی خوێنەری سادە ڕادەکێشێت.بەلاوەنانی مەبەستگەرایی لای تیۆریستانی تیۆریی وەرگر واتە گۆڕینی دەستەڵاتی نووسەر بە دەستەڵاتی خوێنەر، بەو مانایەی دەکرێت ڕاڤەی جیاواز بۆ تێکست بکرێت. هەر تێکستێک ئەوە هەڵدەگرێت لە گۆشەنیگای جیاوازەوە لێی بڕوانرێت و مانای جیاوازی تێدا بدۆزرێتەوە. (ئیکۆ) ئەوە دەخاتە ڕوو، کە تێکست هەموو شتێک ناڵێت، بۆیە خوێنەری نموونەیی ئەو شتانە دەدۆزێتەوە، کە نەگوتراون، بەوەی هەر ئەوانەیشن توانایان هەیە کارلێکەکە بێننە دی. بە بڕوای (ڕیفاتێر) پرۆسێسی گەیاندن، کە لەنێوان تێکست و خوێنەردا دەردەکەوێت، هەمان ئەوەیان نییە، کە لە پرۆسێسی گەیاندنی ئاساییدا هەیە. گەیشتنی خوێنەر بە تێکستی ئەدەبی هەر خۆی ئەزموونی شتێکی تاقانەیە، کە ئەمە ئەنجامە سەرەکییەکەی شێوازە. شێواز بۆ خوێنەر لە ڕێی ناڕێزمان (ungrammaticalities)ەوە دەردەکەوێت. واتە تێکست لە شێوەی کۆد و ئاماژەدایە و خوێنەر خۆی دەیاندۆزێتەوە، کە ئەوە ڕێگەی لەدایکبوونی شێوازە. ئەوە یاساکانی ڕێزمان نین شێواز دێننە کایەوە، بەڵکوو ئەو بیرۆکانەن بە ناڕاستەوخۆیی لەو تێکستەدا شوێنیان هەیە. (ئایزەر)یش پێی وایە هەر تێکستێک شیوازێکی خوێندنەوەی تایبەت بە خۆی دەخوازێت.

دەکرێت بگوترێت تیۆریی وەرگر بایەخی خۆی ئاڕاستەی چوار تەوەرە دەکات: یەکەم، نووسەر وەک بەرهەمهێنەری تێکست. دووەم، وەرگر وەک ئەوەی لەو بەرهەمەدا بەشدار دەبێت. سێیەم، ژینگە وەک ئەوەی بواری کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئایدیۆلۆجی دەگرێتە خۆی. چوارەم، مێژوو وەک ئەوەی توانای پێکبەستنەوەی هەموو توخمەکانی هەیە و دەتوانێت بەرەو تێگەیشتن و ڕاڤە ئاڕاستەیان بکات، کە لەوێوە کاری هونەری پێک دێت، بەو مانایەی تێپەڕاندنی ئاستی تێکستە.

خوێنەری ڕەخنەدۆز، یان خوێنەری ڕاڤەکەر خۆی نە بە لایەنەگر و نە بە دژی نووسەر دەزانێت. دەستەڵاتی خوێنەریش لێرەوە دێتە کایەوە، کە ئەو تێکستە ئاستی زانراوی تێپەڕاندووە و مانای جیاوازی لە خۆی گرتووە.

خوێنەری ڕەخنەدۆز، یان خوێنەری ڕاڤەکەر خۆی نە بە لایەنەگر و نە بە دژی نووسەر دەزانێت. دەستەڵاتی خوێنەریش لێرەوە دێتە کایەوە، کە ئەو تێکستە ئاستی زانراوی تێپەڕاندووە و مانای جیاوازی لە خۆی گرتووە. بە دەربڕینێکی دی، خوێنەر کاتێ ڕووبەڕووی تێکست دەبێتەوە، پەنا بۆ تواناکانی خۆی دەبات، تا مانا شاراوەکان لێک بداتەوە. بەم شێوەیە مەبەستی گەیەنەر و وەرگر بە ناچاری لە یەک دەترازێن، مادام مانا شاراوەکان هەم زیاتر لە خوێنەرێک دەهێننە گۆڕێ و هەم کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاوازیشیان لێ دەبێتەوە. شێوازی دەستەڵاتەکەیش دەگۆڕێت، کە ئەگەر پێشتر لە سەرەوە بۆ خوارەوە بوو، واتە لە نووسەرەوە بۆ خوێنەر دادەبەزی، ئێستا ئەو هەرەمە تێک شکاوە. هیچ سەنترالیتییەک نەماوە، بەڵکوو کۆمەڵێک ئاڕاستەی بێسنوور هەن. بەرزی و نزمی سڕاونەتەوە و ڕاڤەکان ئازادانە دەجووڵێنەوە. ڕێ بە خۆم دەدەم بڵێم تێکستی کراوە توانای هەیە خوێنەر و نووسەر پێکەوە کۆ بکاتەوە، تا هەم جیاوازی و هەم ڕێککەوتنەکانیان بخەنە ڕوو. زۆریی خوێنەر ناهێڵێت تێکست چەسپاو بێت، بەڵکوو دەیخاتە ئاستی بەردەوامی و دینامیکییەوە، کە ئەوە پێدانی ژیانە بە تێکست. وەک ڕەخنەدۆزی کەنەدی (نۆترۆپ فرای: Northrop Frye) پێی وایە ئەدەب دوو جۆر هێز دەخوازێت، یەکەمیان، خوڵقاندنی لەلایەن نووسەر و دووەمیان، تێگەیشتنی لەلایەن خوێنەرەوە. هەر (فرای) پێ لەسەر چەمکی (ترازان: displacement) دادەگرێت، کە تەکنیکێکە و بۆ ئەوەیە دڵنیامان بکاتەوە خوێنەری ئەفسانە و فەنتاسیا پەیامی دروستی چیرۆکی پێ گەیشتووە. بە مانایەکی دی، ترازاندن بە ڕاستی دێتە کایەوە، کاتێ خوێنەر لە جیاتیی بەشێکی ئایدیۆلۆجی (partial ideology)، کۆخەیاڵ (complete fiction)ی بە دەست هێناوە.

ئێستا لێرەوە بۆ تەوەرەی یەکەم دەگەڕێینەوە و دەپرسین: ئایا ئەوانەی (ئارام سدیق) و زۆرینەی ڕەخنەگرە میلـلییەکانی دیکە لەبارەی چەمکەکان بە گشتی و چەمکی خوێنەرەوە بە تایبەتی، دەیانڵێن، لە ڕێی دایەلۆگەوە هاتوون، (دایەلۆگ لەگەڵ ئەو سەرچاوانەوە)، یان تەنیا وەرگرتنی چەمکەکانە بە هۆی هەستەوە، تا بۆ ئاستی میلـلییان بگەڕێننەوە و لەوێدا بە زمانی ڕۆژانەی خەڵک وەسفیان بکەن؟ئایا سەختە ئەوان بزانن چەمکێک هەیە و ناوی (خوێنەر)ـە، یان هەر شتێکی دیکەیە؟ ئایا لەوە ئاسانتر هەیە بەم زمانە کۆمەڵێک کتێب لە ماوەیەکی کورتدا بنووسن؟ئەرێ سەختە ناوی بێژمار فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆز ڕیز بکەن، بێ ئەوەی ویستبێتیان لێیان تێبگەن؟ ئایا بەبێ دایەلۆگ لەگەڵ ئەو سەرچاوانە، دەکرێت ئێمە ئەدەبی داهێنەرانە بنووسین؟ ئەو پرسیارەی تەوەرەی یەکەمیش دووبارە دەکەینەوە: ئایا ئەو ناوانەی ڕەخنەگری میلـلی زەقی کردوونەتەوە، لە کاتێکدا وەک خۆیان بە هەمان زمانی جەماوەر دەنووسن، داهێنەرن؟ ئایا کاتێ ڕەخنەگری میلـلی دەڵێت فڵان چەمک زۆر سەختە، بێ ئەوەی بە چەند وشەیەک لێوەی بدوێت، فریودان نییە؟ ئەرێ ئەوانە کەی لەبارەی ئەو چەمکانەوە دەنووسن؟ بۆ نموونە کەی نۆرەی چەمکی (پۆلێن) دێت و ئێمەی خوێنەر دەزانین هەر بە ڕاستی کارێکی سەختە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو ڕەخنەگرە ڕووبەڕووی بووەتەوە؟

بەگشتی نووسین لە لای ڕەخنەگری میلـلی ڕیچوەڵە و تێیدا ئەوە گرنگ نییە، ئاخۆ زانین پێوەندیی بە بەهای ژیانەوە هەیە، یان نا، بەڵکوو گرنگە ئەو شتانە دووبارە بکاتەوە، کە هەن. بۆ نموونە کاتێ گوتەیەکی (هایدیگەر)ی لە شوێنێکدا بەر چاو دەکەوێت و بۆ ناو گوتارێکی دەگوازێتەوە، هەست بە دڵنیایی و ئارامی دەکات، هەتا ئەگەر لە مەبەستی گوتەکەیش نەگەیشتبێت، یان هەر لە بنەڕەتەوە ئەو گوتەیە هیی سەرچاوەی حەوت و هەشت بێت، بە ڕادەیەک خودی ئەو نووسەرەی لێیشی وەرگرتووە، شتێکی ئەوتۆ لە بارەیەوە نەزانێت. هێندەی بەسە، کە زانیویەتی (هایدیگەر) فیلۆسۆفێکی مەزنە. ئینجا ئەو گوتەیە چ گۆڕانکارییەک لە هۆشیاریی ئەودا دێنێتە کایەوە و چیی نوێ بۆ ناو ژیانی دەهێنێت؟ ئەوانە هێشتا نەبوونەتە پرسیار.

ڕەنگە بپرسرێت، ئاخۆ پەرەگرافێک دەتوانێت بابەتێکی لەم شێوەیەت پێ بنووسێت. ڕاستییەکەی پێشتر وەڵامی ئەم پرسیارەم داوەتەوە و ئێستایش دەیڵێمەوە، کاتێ لە بەردەم چەمکداین، هیچ سنوورێکمان نییە، ئایا بە چەند وشە لەو بارەیەوە دەدوێین و چ مێتۆدێک دەگرینە بەر. هیچ چەمکێک تەواو نەبووە، بەوەی نە سەرەتایان هەیە و نە کۆتایی، بەڵکوو هەر یەکەی خۆی لە بەردەم ڕاڤەی بێپسانەوەدا دەکاتەوە، بە تایبەتی کاتێ ئێمە ئارەزووی ڕاڤەمان لە دەست نەداوە. ڕۆژانە لە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ماڵ، فێرگە، کۆڵان، بازاڕ و ئەوانەی دیکەدا چەمکی خوێنەر دەبیستین، کە شتێکی سەیر نییە ڕەخنەگری میلـلییش وەک هەر کەسێکی دیکە بیزانێت و چەند وشەیەکی سادەلە نووسینەوەیدا بە کار بهێنێت، بەڵام هەر هێندە بەو ئاستەی ڕازی نەبووین و ویستمان بە دوای ئاست و ڕەهەندی دیکەیدا بگەڕێین، ئەوە ئێمە لە زانراوەوە و بەرەو نەزانراو دەچین و لەوێدا بە زمانێکی دی، بە تێگەیشتنێکی تر و بە ڕوانینێکی دیکەی جیاوازەوە دەدوێین. لەم نووسینەمدا هەوڵم داوە بڵێم (ئارام سدیق) ئەوانەی گوتوون، کە هەر کەسێکی دیکەی کۆمەڵگە، بێ ئەوەی خۆی وەک نووسەر ناساندبێت، دەیانزانێت، بەڵام ئەوانەی نەگوتوون، وا من لێرەدا پێشانم داون. لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام)دا نووسیومە: {خەڵکی ئاسایی هەم بەر لە (ئەریستۆ) و هەم دوای ئەویش ڕۆژانە باسی ئاو، خاک، ئاگر و هەوایان کردووە، بەڵام ئایا وەک ئەو لێیان ورد بوونەتەوە و توانیویانە بەو شێوەیە قووڵایییان ببینن؟ ئەو شتانەی فیلۆسۆفەکان لە بارەیانەوە دەنووسن و مانای نوێیان تێدا دەدۆزنەوە، هەر ئەوانەن، کە خەڵکی تریش دەیانناسن، بۆیە ئەوە ناوی شتەکان نییە، بەڵکوو ئەو مانا نوێیانەن، کە لێیانەوە بەرهەم دێن، زمان و تێگەیشتنی کەسێک لە هیی کەسێکی تر جودا دەکەنەوە}. ئەو چەمکانەی (ئەریستۆ) لێکی داونەتەوە، تا ئەمڕۆیش بە شێوەی جیاوازتر ڕاڤە دەکرێن، بێ ئەوەی تەواو ببن. پێناسەی فەلسەفە لە لای من بریتییە لەو جووڵەیەی بە هێزی پرسیار لە (زانین)مانـەوەدەستی پێ دەکەین، تا بەرەو ڕووبەری (نەزانین)مان ببات. لێرەوە ئێمە بەو شتانە دەگەین، کە پێشتر نەماندەزانین.ئەو پرۆسێسە بێپسانەوەیە و ناگاتە ئەنجامێک، بەڵکوو بەردەوام ئەو (نەزانین)ـە بۆ (زانین) دەگۆڕێت، بێ ئەوەی ڕووی لە (نەزانین) وەربگێڕێت. من لەم ڕوانگەیەوە دەڕوانمە چەمکی خوێنەر و هەر چەمکێکی دیکەیش.

نووسەریکی بەتەمەن دەچێتە کتێبخانەیەکی گەورە و باسکەکانی لە یەک گرێ دەدات، تا بڕوانێتە قووڵاییی کتێبخانەکەوە. بە وێنەگرێکی شارەزایشی گوتووە، وێنەیەکی بگرێت، بە مەرجێ زۆرترین کتێبی لەگەڵ دەربچووێنێت. هەر بە ڕاستی وێنەگرەکە دەتوانێت وێنەیەکی لەم شێوەیەی بۆ بگرێت. ئەم وێنەیە بەتاڵ دەبێتەوە، کاتێ ئەو کەسە دەستەکانی لە یەک دەکاتەوە و بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا کتێبێکیان پێ دەگرێت، تا بە چاوێکی جیاواز بیخوێنێتەوە. دەسا ئەگەر لە کتێبخانەکە هاتە دەرێ و کتێبی بە دەستەوە نەگرت، ئەوە لە ژێر وێنەکەدا دەنووسێت: (من نووسەرێکی داهێنەری مەزنم و ئەوانەی دی چاویان پێم هەڵنایەت).

ئەمڕۆ زۆرن ژمارەی ئەو وێنانەی پێشان دەدرێن و شتیان لە ژێردا دەنووسرێت.

The post ڕەخنەگری میلـلی و پەزپەزەی چەمکی خوێنەر appeared first on ژنەفتن.

کورتکردنەوەی ڕۆمان
دەکرێت بەم پرسیارە سادەیە دەست پێ بکەین: ئایا ڕۆمان کورت دەکرێتەوە؟ ئەم پرسیارە لانی کەم دوو پرسیاری دیکە بە دوای خۆیدا دەهێنێت: یەکەم، چ جۆرە ڕۆمانێک کورت دەکرێتەوە؟ دووەم، کێ ڕۆمان کورت دەکاتەوە؟ ئەو (کێ)یە ئاماژە نییە بۆ کەس، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ جۆرێکی دیاریکراوی تێگەیشتن.

لانی کەم لە (دۆستەیەڤسکی)یەوە تا ئەمڕۆ دوو جۆر ڕۆمان هەن: ڕۆمانی تاکدەنگ (homophony) و ڕۆمانی فرەدەنگ (polyphony). تا دەرکەوتنی چەمکی ڕۆمانی فرەدەنگ لەلایەن (میکایل باختین)ـەوە، شتێکمان نییە بە ناوی ڕۆمانی تاکدەنگ، بەڵکوو ڕۆمان ناوێکی گشتییە و هەر تێکستێک دەگرێتەوە، کە لە شێوەی گێڕانەوەدا نووسراوە و سنووری چیرۆکی درێژی تێپەڕاندووە. لەم نێوەدا (دۆنکیشۆت)ی (میگێل دی سێرڤانتس)، (سێ سوارچاکەکە)ی (ئەلیکساندەر دۆماس)، (ئۆلیڤەر تویست)ی (چارڵز دیکینز)، (مۆبی دیک)ی (هێرمان مێرڤڵ)، (تۆم سۆیەر)ی (مارک توەین) نموونەی زەقی ڕۆمانن. (باختین) لە ڕێی خوێندنەوەی ڕۆمانەکانی (دۆستەیەڤسکی)یەوە چەمکی فرەدەنگی، یان پۆلیفۆنی دادەهێنێت و خەسڵەتەکانی دەردەخات، کە دواتر ئەو چەمکە لەلایەن ڕەخنەدۆزانی دیکەوە پتر بایەخی پێ دەدرێت و زیاتری لە بارەوە دەنووسرێت. واتە ڕۆمانەکانی (دۆستەیەڤسکی) لەگەڵ ئەوەیشدا فرەدەنگن، بەڵام تا (باختین) لە ڕووی تیۆرییەوە تایبەتمەندییەکانی دەرنەخستن، هەر بە ناوە گشتییەکەی ڕۆمان دەناسرانەوە.

کاتێ ئاماژە بەم دوو جۆرە دەدەین، ئەوە هاوکات لە بیریشمانە، کە نە سنووری کۆنکریتبەندیان لە نێواندایە و نە هیچ پێوەرێکی دیاریکراویش هەیە، تا بۆ ناسینەوەیان بیخەینە کار، بەڵکوو دەکرێت بێژمار جۆری ڕۆمان هەبن، بە ڕادەیەک هەر ڕۆمانێک چەندیش سادە بێت، جۆرێکی تایبەتی تاکدەنگ لە خۆی بگرێت. هەر ڕۆماننووسێکی داهێنەریش لەسەر شێوازی خۆی ڕۆمانی فرەدەنگ دەنووسێت.

ڕۆمانی تاکدەنگ لە پێناوی بیرۆکەیەکی دیاریکراودا دەنووسرێت، کە هەموو توخمەکانی وەک کارەکتەر، ڕووداو، گفتوگۆ، زمان، شێوازی گێڕانەوە و ئایدیۆلۆجیا بە دەوری ئەو بیرۆکەیەدا دەخولێنەوە. ڤیبێژەر (نارەتەر)ێکی هەمووشتزان تێکڕای ئەوانە هەڵدەسووڕێنێت. بە مانایەکی دی، یەک بیرۆکەی سەرەکی هەیە و ئەو بیرۆکەیش بە ڕوونی ئاماژە بە نووسەر دەدات. واتە نووسەر بابەتێکی دیاریکراو زەق دەکاتەوە و هەر لە سەرەتاوە دەزانێت بە کوێ دەگات. بەم شێوەیە نووسین نابێتە کەناڵی بیرکردنەوەی جیاواز و بە گومان بارگاوی ناکرێت، تا هۆشیاریی نووسەر بسووتێنێت و بەردەوام هیی دیکەی لێ بەرهەم بهێنێت، بەڵکوو نەخشەڕێگەی لە بەردەمدایە و دوای دەکەوێت. لەم جۆرە ڕۆمانەدا کارەکتەری سەرەکی و ناسەرەکی هەن، تەنانەت بە شێوەی هەرەمی کارەکتەرەکان ڕیز دەکرێن. کارەکتەری یەکەم، دووەم، سێیەم، چوارەم و هتد. کارەکتەری یەکەم لە دووەم و دووەم لە سێیەم و سێیەم لە چوارەم بە گرنگتر دادەنرێت و دەنگی نووسەریش بەسەر تێکڕایاندا زاڵە، بگرە هەر خۆی تاکە دەنگی ڕۆمانەکەیە. لێرەدا زۆریی دەرکەوتنی کارەکتەر لە بەرچاو دەگیرێت، نەوەک ئەو کارەکتەرە چ جیاوازییەک دەهێنێت و چۆن کاریگەریی خۆی دەردەخات.

دەکرێت بگوترێت خەسڵەتی زەقی ڕۆمانی تاکدەنگ، دەنگی نووسەرە، کە دەستەڵاتی بێسنووری هەیە، بۆیە تێکشکاندنی ئەو دەستەڵاتە زەمینە بۆ دەرکەوتنی دەنگی کارەکتەرەکان خۆش دەکات. لەم ڕووەوە (داڤید لۆج) لەو بەشەی لە ژێر ناونیشانی (نووسەری مشەخۆر: The Intrusive Author) لە کتێبی (هونەری ڕۆمان: دەرخستنی لە تێکستی کلاسیک و مۆدێرندا)دا نووسیویەتی، دەڵێت: لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە (مەبەستی سەدەی بیستەمە) دەنگی نووسەر بووە شتێکی نەخوازراو (disfavour)، بەوەی بانگەشەی جۆرێکی دەستەڵات دەکات، کە وەک خوداوەندێکی هەمووشتزان (a God-like omniscience) وایە، لە کاتێکدا سەردەمەکەمان، کە خاوەنی خەسڵەتی گومان و ڕێژەیییە، ناهێڵێت ئەو دەستەڵاتە بە هیچ کەسێک بدرێت، بۆیە لە ڕۆمانی مۆدێرندا دەنگی نووسەر کپ دەکرێت، بگرە بە لاوە دەنرێت.

کاتێ دەستەڵاتی ڕەها لە نووسەر دەستێنرێتەوە و بە کارەکتەرەکان دەدرێت، بێ ئەوەی یەکێکیان لەوەی دیکەی پتر بەر بکەوێت، دۆخەکەیش بە سروشتی خۆی لە تاکدەنگی(homophonic)یەوە بۆ فرەدەنگی (polyphonic) دەگۆڕێت. ئەوەی (لۆج) دەیڵێت، لە بەرهەمەکانی (دۆستەیەڤسکی)دا بە ڕوونی دەرکەوتووە و لە توێژینەوەکانی (باختین)یشدا وەک تیۆرییەکی کاریگەر دامەزراوە.

دیارە کاتێ باسی ڕۆمانی پۆلیفۆنی لە لای (دۆستەیەڤسکی) دەکەین، ناکرێت بڵێین پێشتر بە هیچ شێوەیەک ئەو شێوازە نەبووە، بەڵکوو مەبەستمانە بڵێین لەسەر دەستی ئەودا چاکتر پێ دەگات، دەنا ڕەخنەدۆزان بۆ نموونە لە بەرهەمەکانی (ژان ژاک ڕۆسۆ)دا، کە سەدەیەک پێشتر ژیاوە، فرەدەنگی دەبینن، بە تایبەتی لە ڕۆمانی (جوولی، یان هێلۆیزی نوێدا)، کە بە شێوەی نامەئامێز (ئەپیستۆلەری) باس لە دڵدارییەکی قەدەغەکراو دەکات. ئەو شێوازەی (ڕۆسۆ)، واتە ئەوەی (هێلۆیزی نوێ)، لە سەدەی هەژدەدا کاریگەرییەکەی دەردەکەوێت. وەک (داڤید لۆج) لەو بەشەی لە ژێر ناونیشانی (ڕۆمانی نامەئامێز: The Epistolary Novel) لە هەمان کتێبی ناوبراودا نووسیویەتی، دەڵێت (ساموێل ڕیچاردسەن) هەردوو ڕۆمانی (پامیلا: ١٧٤١) و (کلاریسا: ١٧٤٧)ی پێ دەنووسێت.

لە ڕۆمانی فرەدەنگدا ئەو هەرەمە تێک دەشکێت، کە نووسەری ڕۆمانی تاکدەنگ خۆیی لە سەرەوەی داناوە لەوێوە هەموو توخمەکان هەڵدەسووڕێنێت. بەم شێوەیە کارەکتەرەکان ئازادن و بۆچوونی دژبەیەک دەردەبڕن. کات و شوێن دەچنە ئاستی ئاماژەوە. واتە بایەخی گەورە بە کرۆنۆتۆپ (Chronotope) دەدرێت، کە وەک (تۆدۆرۆڤ) لە کتێبی (میکایل باختین و پرینسیپی گفتوگۆ)دا دەڵێت لە لای (باختین) کرۆنۆتۆپ بریتییە لە شوێنکات و بە شێوەیەک لە شێوەکان بە تیۆریی ڕێژەییی (ئاینیشاتین) دەگاتەوە، بۆیە ئەو شۆڕشەی (دۆستەیەڤسکی) لە بواری ڕۆماندا کردوویەتی، بەو شۆڕشە بەراورد دەکات، کە (ئاینیشتاین) لە بواری فیزیادا هەڵیگیرساندووە. ئەو گرفتانەی (دۆستەیەڤسکی) ڕووبەڕوویان بووەتەوە، زۆر لەوانە ئاڵۆزترن، کە لە ڕۆمانی تاکدەنگ (homophonic)، یان ڕۆمانی مۆنۆلۆگیک (monologic)دا هەن، بەو پێیەی جیهانی (ئاینیشتاین) زۆر لە جیهانی (نیوتن) ئاڵۆزترە.

لێرەدا (تۆدۆرۆڤ) لەسەر ئەم تێگەیشتنەی (باختین)دا دەوەستێت، بەوەی ڕۆمانی فرەدەنگ هیی دنیایەکی جیاوازترە لەو دنیایەی ڕۆمانی تاکدەنگ. دەکرێت بڵێین ئەو گرفتانەی ڕۆماننووسانی وەک (ڤێرجینا ولف)، (جیمس جۆیس)، (مارسێل پرۆست)، (ولیام فۆکنەر)، (فرانز کافکا) و دواتریش (ئالان ڕۆب گرێ)، (ئایرێس مەردۆک)، (گوینتەر گراس)، (ئومبێرتۆ ئیکۆ)، (مێلان کۆندێرا) و زۆری دیکە ڕووبەڕووی بوونەتەوە، ئاڵۆزترن لەوانەی (دیکینز)، (بەلزاک)، (ڤیکتۆر هیگۆ) و ئەوانەی دی مامەڵەیان لەگەڵدا کردوون، بۆیە دەبینین شێوازی دەربڕین و تەکنیکەکانی گێڕانەوە گۆڕانی گەورەیان بەسەردا هاتوون. زمانیش ئاستێکی دیکەی هەیە، چونکێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دنیایەکی هەمەڕەنگ و هەمەئاڕاستە، زمان بەردەوام پێویستی بە هێزی دیکە هەیە. وەک (تۆدۆرۆڤ) لە کتێبی ناوبراودا پێی وایە ئەو بایەخی تایبەتی بە زمان داوە، کە ئەو بایەخە گۆکردن(utterance)یش دەگرێتەوە. واتە گۆکردنی مرۆڤانە لە لایەک بەرهەمی کارلێکی زمانە و لە لایەکی دی ڕایەڵی ئەو گۆکردنە (context of the utterance) بۆ مێژوو دەگەڕێتەوە. لە گۆکردندا گفتوگۆگەرایی (dialogism) دێتە کایەوە. بە مانایەکی دی، دەقئاوێزان (Intertextual) بەرهەمی ئەو گۆکردنەیە. سەرجەم شتەکان ناویان هەیە و هیچ وشەیەک نییە، بە کار نەهێنرێت. هەر چەمکێک چ بە مەبەست و چ بێمەبەست بریتییە لە گفتوگۆ لەگەڵ چەمکەکانی پێشوودا، کە بە هەمان بابەتەوە پێوەستن. هەروەها لەگەڵ ئەو چەمکانەی لە دوای دێن، یان پێشبینی کراون. وەک گوترا لایەنێکی ئەو گۆکردنە بۆ مێژوو دەگەڕێتەوە. واتە مێژوو دەردەبڕێت.

دۆستەیەڤسکی (١٨٢١-١٨٨١) ڕۆماننووسی ڕووسی

بەم پێیە هەر دەنگێک کاتێ لەلایەن خەڵکەوە گۆ دەکرێت، چ بە دەم و چ بە نووسین، لە توانایدایە ڕۆ بچێتە ناو قووڵاییی کۆمەڵگە و لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا بەر دەنگەکانی تر بکەوێت، کە لێرەدا جیاوازی و هەمەڕەنگی دێنە کایەوە. لەبەر ئەوەیشە ڕۆمان لە لای باختین دەبێتە شێوەیەک لە شێوەکانی ئەنترۆپۆلۆجیا. بوونی مرۆڤ بوونێکە لە گۆڕاندایە. واتە خەسڵەتی هەمەڕەنگی (heterogeneous)ی هەیە و ناکرێت کورت بکرێتەوە، بەڵکوو ئەو بوونە تەنیا لە دۆخی گفتوگۆدا بەرجەستەیە. لە گفتوگۆدا بوون دەردەکەوێت و لە بووندا ئەوەی تر دەدۆزرێتەوە، بەو مانایەی تا ئەو ساتەی گفتوگۆ بەردەوام ببێت، بوونی مرۆڤ پتر دەچیتە ئاستی جیاوازی و هەمەڕەنگییەوە.

ئەگەر ڕۆمانی فرەدەنگ لە لای (باختین) پشت بە گۆکردن دەبەستێت، ئەوە ئەو گۆکردنە کاتێ کاریگەریی هەیە، کە کارەکتەرەکان ئازادن و نووسەر سەرکوتیان ناکات. واتە ئەو گۆکردنە هیی کەسی سەربەخۆیە و بیرۆکەی جیاوازی لێ بار کراوە، بەو مانایەی ئەو جیاوازییانە بەر یەک دەکەون و شتی نوێ بە دەستەوە دەدەن، کە زمان توانای هەیە بە وردی ململانێی کۆمەڵایەتی دەرببڕێت و هەموو ئەو گۆڕانکارییانە دەربخات، کۆمەڵگە پێیاندا تێدەپەڕێت. وەک گوترا گفتوگۆ بەرهەمی ئەو گۆکردنەیە و تێیدا مرۆڤ نەک تەنیا جەستەی، بەڵکوو ڕۆحیشی بە کار دەهێنێت. زوبان، لێو، چاو، دەستەکان و ئەوانەی دیکەیش لەو پرۆسێسەدا بەشدار دەبن. پرسیاریش هەر لێرەدا دێتە کایەوە. مادام هەر کەسێک بۆچوونی جیاوازی هەیە، ئەوە لە ڕێی ئەو گفتوگۆیەوە دەیانخاتە ڕوو، بەو مەبەستەی لەوانەی دیکە بگات. بە مانایەکی دی، گفتوگۆ بزوێنەری پرسیارە، کە لە ڕێی پرسیارەوە هەم ئەو ئاسمان (سپەیس)ـە گەورەتر دەبێت و هەم زمانی دەربڕینی کارەکتەرەکان پتر قووڵ دەبێتەوە.

ڕۆمان بەوەدا خاوەنی خەسڵەتی شلکی(flexibility)یە، توانیویەتی لەگەڵ سەرجەم بوارەکانی فەلسەفە، سایکۆلۆجیا، سۆسیۆلۆجیا، ئەنترۆپۆلۆجیا و هیی دیکەدا بکەوێتە گفتوگۆوە و لەگەڵ بوارەکانی وەک شیعر، شانۆ، هونەری شێوەکاری، میوزیک، میتۆلۆژیا و ئەوانەی دیکەیشدا پێوەندی ببەستێت، بە ڕادەیەک هەم شوێنی هەموویان لە لای خۆی بکاتەوە و هەم لە لای سەرجەمیشیان شوێنی پێ بدرێت. ئەو فرەدەنگییە بەرهەمی ئەو شلکییەیەتی. بەم شێوەیە ڕەخنەدۆزان لە ڕێی چەمکەکانی وەک دەقئاوێزان (ئەنتەرتێکستواڵیتی)، کەرنەڤاڵ، کرۆنۆتۆپ، ئاسمان، پارۆدی، شێوازگەرایی (Stylisation)، لەتلەتی (Fragmentation)، فرەڕەگی (Hybridization) و هیی دیکەوە ڕۆمانی فرەدەنگی دەناسنەوە و ئاستەکانی لێک دەدەنەوە.

ئاڕاستە فیکری و فەلسەفییەکان بە تایبەت لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەمەوە ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ لەدایکبوونی ئەدەبی فرەدەنگ، کە بەرهەمەکانی هەر یەک لە (کارل مارکس)، (فرێردریک نیتشە)، (سیگمۆند فرۆید) و دواتر (هێنری برگسۆن)، (مارتین هایدیگەر)، (گاستۆن باشولار) و ئەوانەی دیکە لەو فرەیییەدا بەشدارن. بۆ نموونە کاریگەریی فەلسەفەی (نیتشە) بەسەر ڕۆمانی فردەنگەوە بە ڕوونی دیارە، کە من خۆم لەو گفتوگۆیەی (شاخەوان سدیق) لەگەڵیدا کردووم و لە ژێر ناونیشانی (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ)دا چاپ کراوە، فرەدەنگیم بۆ ئەوێ گەڕاندووەتەوە، بەوەی ڕەخنەی دڵڕەقانەی ئەو فیلۆسۆفە لە مێتافیزیکا، وای کردووە چەمکەکان تێک بشکێن و هەر یەکەی کۆمەڵێک ئاڕاستەی دیکەی لێ ببنەوە. بە مانایەکی دی،  چەمکی هەڵگێڕانەوەی بەها (Transvaluation) بەر لە هەرچی وەستانەوەیە لە ئاستی حەقیقەتدا. کاتێ حەقیقەت تێک دەشكێت، ژیان بە فرەوانییەکەی دەردەکەوێت. کتێبی (جینیالۆجیای ڕەوشت: On the Genealogy of Morality) سێ ساڵ بەر لە دەستپێکی سەدەی بیستەمدا چاپ کراوە و تێیدا ڕەخنە لە سیستەمی ڕەوشتی باو دەگرێت، کە نەک هەر لە وەهمدا نغرۆ بووە، بەڵکوو شێواوە و لە بنەمای ڕە‌سەنی خۆی دوور خراوەتەوە. لەم ڕووەوە دەنووسێت: ئێمە پێویستمان بە ڕەخنەی بەهاکانی ڕەوشت(moral values)ـە و بەر لە هەر شتێکیش پێویستە لێیان بکۆڵینەوە. ئەمەیش ئەوە دەخوازێت لەو هەلومەرج و بارودۆخانە بگەین، کە تێیاندا گەورە بوون. واتە جینیالۆجیا پرسیارە لە خودی بەها، کە لەو ڕێیەوە نەک خۆی، بەڵکوو ئەوانەیش تێک دەشکێنرێن، کە ڕایان گرتووە و هێشتوویانەتەوە.لە پارچەی (٦٢)ی کتێبی (زانستی هۆژی) لە ژێر ناونیشانی (ئەوەیە مرۆڤ: Ecce Homo)دا دەنووسێت: (بەڵێ، من دەزانم لە کوێوە هاتووم. هەمیشە وەک بڵێسە تینووم. خۆم دەخۆمەوە و دەدرەوشێمەوە. ڕووناک دەبێتەوە، هەر شتێ دەیهێنمە بەر چاو. ئەوەی جێی دەهێڵم، خۆڵەمێشە. من هەر بە دڵنیایی بڵێسەم). واتە مرۆڤی یاخی، کە لە لای ئەو بە مرۆڤی باڵا ناسراوە، لە ڕێی ئەو بەها ساختانەوە خۆی نابینێت، بەڵکوو وەک بڵێسەی ئاگر وایە، کە خۆراکی خۆی لە خودی خۆی وەردەگرێت و هەر بەوەیش دەدرەوشێتەوە. بەردەوامە و ئامانجی دیاریکراوی نییە.

پێوەری بەها بەو دابەشکارییەوە پێوەستە، کە دنیا دەکاتە بەشی چاکە و بەشی خراپە، جوان و ناشیرین، بەرز و نزم… هتد. لێرەدا ڕەوشت، دابونەریت، ئایین و شتی دیکە ڕۆڵ لەو دابەشکاری و دامەزراندنی ئەو هەرەمەدا دەبینن. جینیالۆجیا، کە هەم ڕەخنەیە و هەم لێکدانەوەی ئۆنتۆلۆجی، ئەو دابەشکارییە تێک دەشکێنێت و بەهاکان بە شێوەی دیکەی جیاواز ڕێک دەخاتەوە. بە مانایەکی دی، لە ڕێی ڕەخنەوە ماسکەکان، وەهمەکان و چینە پیرۆزەکان لا دەدرێن و بنەماکانی ئەو بەهایانە دەدۆزرێنەوە، کە ئەو پرۆسێسە بە سروشتی خۆی کرانەوەیییە. لێرەوەیە ئەو زمانەی بە جینیالۆجیاوە پێوەستە، زمانێکی ترازاوە و حەقیقەتی ناسراوی شتەکان دەرنابڕێت، بەڵکوو بەو هێزەی هەیەتی، حەقیقەتەکان تێک دەشکێنێت، تا لە ڕێی ئاماژەوە بدوێت، کە ناکرێت لە شتی دیاریکراودا بەرجەستەی بکەین.

میکایل باختین (١٨٩٥-١٩٧٥) تیۆریسەنی ئەدەبیی رووسی

چەمکی (مەرگی خوداوەند)یش هەر لەمەوە چاو هەڵدێنێت، کە مەبەست لەو خوداوەندە نییە، لە خەیاڵی مرۆڤی باوەڕداردایە، بەڵکوو زۆر لەوە فرەوانترە، بە ڕادەیەک ئەو مەرگە لە بەردەوامیی خۆی نەکەوتووە. وەک (جیل دولووز) لە کتێبی (نیتشە و فەلسەفە)دا پێی وایە {مەرگی خواوەند، یاخود (خوداوەند مرد) بابەتێکی تیۆری نییە، بەڵکوو بابەتێکی درامیی (dramatic proposition)ـە زۆر بە چاکی، بگرە فرەیییە، بەوەی ناکرێت خوداوەند بکرێتە ئامانجی زانینێکی پێکەوەبەستراو (synthetic knowledge)، ئەگەر مەرگی تێ نەئاخنرێت. کاتێ خوداوەند دەمرێت، هەمیشە کۆمەڵێک جۆری مردنیش دەمرن}، کە ئەو گوتەیەی دوایییانی لە کتێبی (زەردەشت ئاوا دوا)وە وەرگرتووە: (When gods die, they always die many sorts of death). کۆمەڵێک مردن دەمرن و لە بەرانبەردا کۆمەڵێک ژیان لە دایک دەبن. مەرگی خوداوەند واتە مەرگی هەموو ئەو بەهایانەی پێوەی پێوەست بوون. بەکورتی مەرگی ڕەوشتی کریستیانیتییە، کە بە داخراوی و سنوورداری دەناسرێنەوە، تا لەوێوە ئەو بەهایانە لە دایک ببن، توانای بەردەوامی و نوێبوونەوەیان هەیە. ئەو بیرۆکەیە دەبێتە پرۆبلەماتیکێکی گەورەی فەلسەفی و بە مێژووی فیکردا تێدەپەڕێت، کە ئەدەب و هونەریش دەگرێتەوە. (مارتین هایدیگەر) دەیباتە ناو مێتافیزیکا و مەرگی کات ڕادەگەیەنێت. (مێشێل فۆکۆ) مەرگی مرۆڤ، (ڕۆڵان بارت) مەرگی نووسەر و(جاک دێریدا) مەرگی قسە. (واڵتەر بینیامێن)یش هەر زوو جاڕی مەرگی هونەری سەردەمی عەقڵی ئامێرگەرای دا. ڕێبازە هونەری و ئەدەبییەکان لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، لە دادائی و سوریالییەوە تا ئەمڕۆ مەرگی ئەو شێوازە ڕاستەوخۆیەیان ڕاگەیاند، کە تێیدا زمان یەکسان دەکرا بە شت، تا ئاماژەکان لە دایک ببن و لەمەوە هیچ تێگەیشتنێک نەتوانێت ماناکان بخاتە ناو چوارچێوەوە. لە لایەکی دیکەوە (مەرگی خوداوەند) مەرگی سێنترالیزمیشە، کە لەسەر دوالیزمەکاندا خۆی جێگیر کردووە، بەو مانایەی نموونەیەکی باڵا و سەرەکی هەیە، کە تێکڕای زانین و چالاکییەکان بە دەوریدا دەخولێنەوە. ئەو نموونە باڵایە وەک هێزێکی مێتافیزیکی مەبەستیەتی زمان سنووردار بکات و ماناکان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. بەم شێوەیە زمان تەنیا ئەوە دەردەبڕێت، کە ئەو نموونە باڵایە دەیەوێت. لێرەدا نووسەر ڕۆڵی بانگخوازی ئایینی (preacher) دەبینێت و ئەرکی خوێنەر تەنیا وەرگرتنی ئەو پەیامانەیە، لە دەمی ئەو بانگخوازەوە دەردەچن. لێی تێدەگات، چونکێ زانراون و پێشتر بیستوونی. دەکرێت بگوترێت زمان زیندانێکە و تێیدا ماناکان بەپێی یاساکانی خۆی هەڵدەسووڕێنێت، لە کاتێکدا بە شکاندنی زیندانەکە، ماناکان ئازاد دەبن و لێکدانەوەی جیاوازجیاواز هەڵدەگرن. ئەو تێگەیشتنە هێزێکی گەورە بە ئەدەب و هونەر دەبەخشێت و تەقینەوەی گەورەیان تێدا بەرپا دەکات، وەک چۆن خودی فەلسەفە وزەیەکی لەبننەهاتوو لە ئەدەب و هونەر وەردەگرێت، بە ڕادەیەک سنووری نێوانیان کاڵ بووەتەوە. ئەمڕۆ هەر ڕۆماننووسێکی داهێنەر فیلۆسۆفێک و هەر فیلۆسۆفێکیش ڕۆماننووسێکی فرەدەنگە. (کامۆ)، (ئایرێس مەردۆک)، (ئۆمبێرتۆ ئیکۆ)، (مێلان کۆندێرا) و زۆری دیکە بەو ئەندازەیەی ڕۆماننووسن، فیلۆسۆفیشن.

زمان زیندانێکە و تێیدا ماناکان بەپێی یاساکانی خۆی هەڵدەسووڕێنێت، لە کاتێکدا بە شکاندنی زیندانەکە، ماناکان ئازاد دەبن و لێکدانەوەی جیاوازجیاواز هەڵدەگرن

بایەخی جەستەیش هەر لە تێکشکاندنی ئەو سێترالیتییەدا خۆی دەسەپێنێت، کە پێشتر بە هۆی میراتی (پلاتۆ) و (دێکارت)ـەوە بە لاوە نرابوو. لە لای ئەو بە هێزێکی گەورەوە دەردەکەوێتەوە. دواتر (مۆریس مێرلۆپۆنتی) و (فۆکۆ)یش بە شێوازی خۆیان ڕووبەڕووی ئەو چەمکە دەبنەوە، بگرە دەبێتە بابەتێکی گرنگی فەلسەفی و لە ئەدەب و هونەری ئەو چەند دەیەی ڕابردوو بە ئێستایشەوە شوێنی گرنگ دەگرێت. بایەخی (نیتشە) بە جەستە و بە هونەری سەمای ئەو جەستەیە، کردنەوەی دەنگەکانی ئەو جەستەیەیە وەک لە زمانی (زەردەشت)ـەوە دەریدەبڕێت: (جەستە بریتییە لە کۆمەڵێک ئامێری هاوبەشی عەقڵ. بۆ ئەوەی باوەڕی پێ بهێنم، پێویستە سەماکەر بێت). جەستەی سەماکەر جەستەیەکی ئازادە و توانای بەرهەمهێنانی ئاماژەی جیاوازجیاوازی هەیە، کە دەستەڵاتی هیچ تیۆرییەک ناتوانێت سنوورداری بکات و چوارچێوەی بۆ دابڕێژێت. بە مانایەکی دی، جەستەی بەهێز توانای بەرگریی هەیە و ڕێ نادات کورت بکرێتەوە.

(نیتشە) تێکڕای ئەو تێگەیشتنانە قڵپ دەکاتەوە، کە پێشتر لەبارەی جەستەوە خرابوونە ڕوو، تا ئەو چەمکە لە ژێر دەستەڵاتی مەعریفەی زانستیدا دەربهێنێت و بە ژیانەوە گرێی بداتەوە، کە بەوەدا ژیان هەمەڕەنگ و هەمەئاڕاستەیە، جەستە دەبێتە کۆمەڵێک کەناڵی دەربڕین.

دەکرێت تێکڕای فەلسەفەی (نیتشە) لە کرانەوەییدا بەرجەستە بکەین، بەوەی ڕەخنەی ئەو لە مێتافیزیکا تەنیا کۆمەڵێک چەمکی وەک حەقیقەت، جەستە، مۆراڵ، بەها، زمان، کات و هیی دیکە ناگرێتەوە، بەڵکوو سەرجەم فەلسەفە لە (سۆکرات)ـەوە بۆ (دێکارت) و لەوێوە تا (کانت)، (هیگڵ) و ئەوانەی تر دەکەونە بەر زەبری ئەو ڕەخنەیە و تێک دەشکێنرێن، کە تێکشکاندن لە فەلسەفەدا هاوواتای کرانەوەیە. مێژووی فەلسەفە بریتییە لە پرۆسێسی تێکشکان و کرانەوە. لە ژێر زەبری ئەو ڕەخنەیەدا چەمکە جیاوازەکانی وەک مرۆڤی باڵا، گەڕانەوەی هەمیشەیی، نیهلیزم، ویستی هێز، ئێرەیی، هزری مێگەل (herd mentality) و زۆری دیکە ڕەوتی فەلسەفەیان گۆڕی و دەیان کەناڵی دیکەیان کردەوە، کە ئەدەب بە گشتی و ڕۆمان بە تایبەتی لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەدا توانیویەتی گفتوگۆی کاریگەر دابمەزرێنێت.

ئەو ڕەخنەیەی (نیتشە) لە سەدەی بیستەمدا ئاڕاستەی جۆراوجۆری لێ دەبنەوە، کە هەر یەک لە فیلۆسۆفانی وەک (هایدیگەر)، (ئادۆرنۆ)، (فۆکۆ)، (دولووز)، (دێریدا)، (لیوتار) و زۆری تر فەلسەفەی جیاوازیی خۆیان دادەمەزرێنن. بەم شێوەیە (فەلسەفەی جیاوازی) دەبێتە ناونیشانێکی فرەوان بۆ سەرجەم ئەو فەلسەفانەی ڕەخنە لە دۆخی مۆدێرنیتی دەگرن و تا ئەمڕۆ درێژەی هەیە. دەرکەوتنی چەمکی (جیاوازی) بە هۆی ڕەخنەگرتن لە چەمکی (شوناس)ـەوە سەری هەڵدا، کە ئەوەیان ناوەرۆکی مۆدێرنیتییە. ئەدەب بە گشتی و ڕۆمانی فرەدەنگ بە تایبەتی توانیویەتی هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو ئەوانەدا بکات و ئەو هەرەمە تێک بشکێنێت، کە ڕۆماننووسی تاکدەنگ پەنای بۆ بردووە. بەوەدا ڕۆمانی فرەدەنگ ڕەگی لەناو هەموو کایەکاندا هەیە، بەرگەی ئەو هێزە دەرەکییانە دەگرێت، کە مەبەستیانە بیخەنە چوارچێوەوە و لە یەک گۆشەنیگاوە بیخوێننەوە. بە مانایەکی دی، لە ڕۆمانی فرەدەنگدا هەرەم ون دەبێت.

ئەو هەرەمە بەپێی پرینسیپی پێوەری بەهاکان دامەزراوە، کە دوالیزمی چاکە و خراپە نەخشاندوویەتی. چی پەسەندە و چی ناپەسەند؟ کارەکتەری چاکەخواز لایەنگری چاکە و کارەکتەری خراپەکار نوێنەری بەها ناپەسەندەکانە، کە وەک گوترا کاتێ ئەو بەهایانە جینیالۆجیایان بۆ دەکرێت، خودی هەرەمەکە هەرەس دێنێت، تا بە شێوەیەکی جیاواز ڕێک بخرێتەوە. لەمەوە چاکە چاکە و خراپە خراپە نییە. وەک گوترا ئەو کرانەوەیییەی (نیتشە) لە فیکری دوای خۆیدا کاریگەریی گەورەی دەبێت، کە ڕۆمانی فرەدەنگ تێیدا گەشەی کردووە. بۆ نموونە لە لای (فۆکۆ) چەمکی ئارکیۆلۆجیا دەردەکەوێت، کە ڕستەی (ئارکیۆلۆجیایەکی زانستە مرۆیییەکان: An archaeology of the human sciences) وەک ناونیشانێکی لۆکاڵی بۆ کتێبی (وشەکان و شتەکان) دادەنێت و لێیەوە بە شێوەیەکی دیکەی جیاواز چەمکگەلی وەک (شێتی)، (سێکسواڵیتی)، (زمان)، (مەرگ)، (ئەشکەنجە)، (زیندان) و زۆری دیکە دەخوێنێتەوە. پێی وایە لە سەدەی نۆزدەوە پێوەر لە ڕێی دەستەڵاتە وردەکانەوە خرایە گەڕ، بەو مانایەی وەک شێوەیەکی چاودێری خۆی سەپاند. واتە خرایە ناو چوارچێوەی پەروەردەی کۆمەڵایەتییەوە، تا جەستە ملکەچی دامودەستگەکان بکات، کە لێرەدا پاداشت و سزا دەرکەوتن. ئەگەر لە کۆمەڵگە کلاسیکییەکاندا یاسا ئەو پاداشت و سزایەی جێبەجێ دەکرد، ئەوە لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا پێوەری بەهاکان شوێنی ئەو یاسایە دەگرێتەوە، بەوەی چی لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا ڕێی پێ دراوە و چی قەدەغەیە. لەمەوە بەو دوالیزمی (چاکە و خراپە)یە هەموو کردار و هەڵسوکەوتێکیان لێک دەدرێتەوە. چی ئەمیانە و چی ئەویان؟ کامیان پەسەند و کامیان ناپەسەندە؟ یاسای نووسراو دەتوانێت ئەوانە سزا بدات، کە بەپێی فڵان بەند لایان داوە، بەڵام هەرچی پێوەری بەهاکانە، ڕۆ دەچێتە ناو وردەکارییەکانی تاک و مەبەستیەتی بوونی داگیر بکات. لەمەوە ئەو پێوەرە دەچێتە ناو دامودەستگەی زانین (مەعریفی)ییەوە، کە ئەرکی ئەو دامودەستگایانە بریتییە لە برەودان بەو بەهایانە و بە حەقیقەتەوە پێوەستیان دەکەن، تا لەو ڕێیەوە هەر شتێکی دیکەی لەو پێوەرە جیاوازە، بدەنە دواوە. واتە ئەو پێوەرە شوناس دروست دەکات و ئەو شوناسە بۆ سەرکوت دەخرێتە گەڕ.

ڕۆمانی فرەدەنگ لەناو ئەو ئەتمۆسفێرەدا ڕووبەڕووی ئەو پێوەرانە دەبێتەوە، کە بۆ بەهاکان دانراون. بەوەدا توانای داهێنانی ڕێگە و تەکنیکی نوێی هەیە، ئەوە هەڵکۆڵین بۆ ئەو بەهایانە دەکات و ئاستە شاراوەکانیان دەردەخات، بە ڕادەیەک ئەوەی دەردەخرێت ئاستی ترازاوی بەهاکانە، نەوەک ئاستە زانراوەکانیان. لەم نێوەدا دەنگی جۆراوجۆر و ئاڕاستەی جۆراوجۆر لە بونیادی ڕۆماندا دەردەکەون. بەم شێوەیە ڤیبێژەری هەمووشتزان بە سروشتی خۆی گوم دەبێت، کە کۆڵەگەی پشتی ڕۆمانی تاکدەنگە، بگرە وەک گوترا خواوەندیەتی، چونکە سەرچاوەکانی زانیاری گۆڕاون. وەک (جیل دۆلۆز)  لە هەمان کتێبی ناوبراودا دەڵێت (نیتشە) لەسەر شێوازی (فرۆید) پێی وایە {هۆشیاری ناوچەی من (ئیگۆ) دەگرێتەوە، کە دنیای دەرەوە کاریگەریی لەسەر دادەنێت}. بەم شێوەیە هەر کارەکتەرێک خاوەنی (من)ی خۆیەتی و ئەو سێنتراڵیتییە کاریگەریی نامێنێت. لەمەیشەوە نووسەری تاکدەنگ، کە شوێنی خوداوەندی گرتووەتەوە، دەمرێت و ژیان بە کارەکتەرە جیاوازەکان دەبەخشرێت. مردنی نووسەری تاکدەنگ، واتە مەرگی بەها و ڕەوشتە باوەکان، تا کارەکتەرە جیاوازەکان بە ڕەوشتی جیاواز و بەهای جیاوازەوە شوێنی بگرنەوە. هەر لێرەوە لایەنی ڕۆحی ئەو بایەخەی نامێنێت، مادام کارەکتەر لە ڕێی جەستەیەوە پێوەندی بە واقیعەوە دەکات، بگرە جەستە دەبێتە زمانی کارەکتەر. وەک پێشتر گوترا جەستە ڕێ نادات کورتی بکەنەوە، بۆیە جەستەی ڕۆمانی فرەدەنگ بەرەو نەزانراو ئاڕاستەیە و ژیان بە فرەوانییەکەی دەردەبڕێت، نەوەک شتێکی زانراوی دیاریکراو، تا کورت بکرێتەوە.

هەموو ئەو تەکنیک و فێڵانەی ڕۆمان لە (جۆیس)ـەوە تا ئەمڕۆ دایهێناون، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێوەری بەها بووە، کە ئەوانە وایان کردووە زمان فرەڕەهەند، بگرە ئاڵۆز ببێت و بە ئاسانی خۆی بە دەستەوە نەدات.

ئاڕاستەی (نیتشە) و هیی ئەوانەی تریش وایان کرد ئەدەب بە گشتی و ڕۆمان بە تایبەتی پشت لە ڕاستەوخۆیی بکات و بەرەو نەزانراو مل بنێت، بێ ئەوەی هیچ ئامانجێکی دیاریکراوی هەبێت، کە هەر لێرەدا وێنە شوێنی وشەی گرتەوە. واتە بۆ لێکدانەوەی تێکستی ڕۆمانی فرەدەنگ، ناکرێت وشەیەک بگرین، تا جارێک لەگەڵ وشەکانی بەردەمی و جارێک لەگەڵ ئەوانەی دواوەیدا پێوەستی بکەین، بەو مەبەستەی مانایەکی دیاریکراوی لێ پێک بهێنین، بەڵکوو وێنەکان هەن، کە ناتەواو و تێکشکاون، بە ڕادەیەک هەر خوێنەرێک دەتوانێت لەسەر شێوازی خۆی پێکیان ببەستێتەوە. ڕاستییەکەی چەمکی خوێنەر بە مانا جیاوازەکانیەوە لێرەدا لە دایک بووە و پێ گەیشتووە، کە لەم شەشت حەفتا ساڵەی ڕابردوودا کۆمەڵێک تیۆریستی داهێنەر کاریان لەسەر کردووە و لە کرانەوەییی ڕۆماندا ڕۆڵی گرنگیان بینیوە. دەکرێت بگوترێت خودی ئەو تێکستە ڕێگرە لەوەی خوێنەر بە شێوەی ڕاستەوخۆ بیخوێنێتەوە و مانای ئامادەکراوی لێ وەربگرێت. ئایا بۆ نموونە بەرهەمەکانی (جیمس جۆیس) ڕێی خوێنەر دەدەن بە شێوازی وشەبەوشە بیانخوێنێتەوە و تێیاندا ئەو مانا زانراوەی بە دوایاندا دەگەڕێت، بدۆزێتەوە؟ هەمان شت بۆ ڕۆمانەکانی (ئەندرێ جید)، (ئەلبێر کامۆ)، (کامیلۆ خۆزیە تێلا)،  (خۆزیە سەراماگوای)، (تۆنی مۆریسۆن) و زۆری دیکەیش دروستە. هەموو ئەو تەکنیک و فێڵانەی ڕۆمان لە (جۆیس)ـەوە تا ئەمڕۆ دایهێناون، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێوەری بەها بووە، کە ئەوانە وایان کردووە زمان فرەڕەهەند، بگرە ئاڵۆز ببێت و بە ئاسانی خۆی بە دەستەوە نەدات.

ئەگەر ڕەخنەدۆزان ڕۆمانی پۆستمۆدێرن، یان ڕۆمانی فرەدەنگ بە پەشێوی (Turbulent) ناو دەبەن، مەبەستیان ئەوەیە لە کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاواز پێک هاتووە و ناکرێت گرێچنێک پێکەوەیان گرێ بدات. ئەو پەشێوییە بەرهەمی ئەو گومان و دڵەڕاوکێیەی مرۆڤی ئەمڕۆیە، کە لە جیهانێکی هەمەئاڕاستەدا دەژی و ڕووبەڕووی گرفتە ئاڵۆزەکان دەبێتەوە، بە ڕادەیەک زیاتر لە ڕەهەندێکی هەیە. هیچ ئاڕاستەیەک، هیچ هێڵێک، هیچ بیرۆکەیەک و هیچ وێنەیەک ناتوانێت لەناو ئەو پەشێوییەدا بە زەقی دەربکەوێت و ئەوانەی دیکە بسڕێتەوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە هەر ئاڕاستەیەک گومان دەخاتە ئاڕاستەیەکی دیکەوە، هەر هێڵێک هێڵێکی دیکە تێک دەشکێنێت، هەر بیرۆکەیەک بیرۆکەیەکی دیکە ناتەواو پێشان دەدات و هەر وێنەیەک وێنەیەکی دیکە لەتلەت دەکات. بەم شێوەیە ڕۆمانی فرەدەنگ، فرەڕەنگ، فرەئاڕاستە، فرەوێنە و فرەڕوو کورت ناکرێتەوە. کام ئاڕاستەیە، کام هێڵە، کام بیرۆکەیە، کام وێنەیە کورت بکرێتەوە؟ وەک (داڤید لۆج) لە کتێبی ناوبراودا جەخت لەسەر هێزی ڕۆمان دەکاتەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ حوکمی مێژوودا.

داڤید لۆچ (١٩٣٥- ) نوووسەر و ڕەخنەگری ئەدەبیی بەریتانیایی

کورتکردنەوە تایبەتە بە ڕۆمانی تاکدەنگ، کە جۆرێکی سادەیە. بە زمانی ڕاستەوخۆ نووسراوە و تێیدا هۆشیاریی نووسەر لەسەر هێڵێکی ڕاستدا بە هۆشیاریی خوێنەر دەگاتەوە. بەهاکان هەڵکۆڵینیان بۆ نەکراوە، بەڵکوو بە هەمان قاڵب داڕێژراونەتەوە، چینەکانی سەریان لا نەدراون و دەستەڵاتەکانیان پارێزراون. خوێنەر بە ئاسانی دەیانناسێتەوە، بەوەی لەگەڵیان گەورە بووە و هێندەی نووسەریان لە بارەوە دەزانێت، بۆیە هەم دەتوانێت کورتیان بکاتەوە و هەم گوتەیان لێ وەربگرێت، کە ئەگەر بە دیدی ڕەخنەیییانە هەر کام لەو گوتانە بخوێنیتەوە، وەک پێشتر گوتوومە و کردوومە، لە سادەیی و ڕووکەشی بەولاوە، هیچی دی نابینیت. هەر لەبەر ئەوەیشە ئەو جەماوەرە لێیان تێگەیشتووە و هێندە پێیان سەرسامە. ئەمڕۆ ڕۆمانەکە دەرچووەوە و سبەی کورت کراوەتەوە، دەیان گوتەی لێ وەرگیراون و بێژمار خەڵک سەرسامییان لە ئاستدا دەربڕیوە.

ڕۆماننووسی تاکدەنگ ڕاستەوخۆ ڕووی لە جەماوەرە و هیی فرەدەنگ گفتوگۆ لەگەڵ خوێنەری جیاواز دادەمەزرێنێت.

لە پێشەوە لە لای (نیتشە) گوترا ئەو زمانەی بە جینیالۆجیاوە پێوەستە، زمانێکی ترازاوە و حەقیقەتی ناسراوی شتەکان دەرنابڕێت، بەڵکوو بەو هێزەی هەیەتی، حەقیقەتەکان تێک دەشکێنێت، تا لە ڕێی ئاماژەوە بدوێت، کە ناکرێت لە شتی دیاریکراودا بەرجەستەی بکەین، لە کاتێکدا زمانی ڕۆمانی تاکدەنگ زمانێکی ناسراوی ڕۆژانەیە و ڕاستەوخۆ حەقیقەتی زانراوی شتەکان دەردەبڕێت، کە پێشتر جەماوەر ناسیویەتی. ڕۆمانی تاکدەنگ بابەتە زەقەکانی وەک شۆڕش، زیندان، ڕاونان، کۆچ و شتی دیکەی لەم بابەتە دەورووژێنێت و بە هەمان زمانی جەماوەر دەیانگوازێتەوە، لە کاتێکدا ڕۆمانی فرەدەنگ ئەو بابەتانە کاڵ دەکاتەوە، تا ڕووناکی بخاتە سەر وردەکارییە بەلاوەنراوەکانیان. واتە دیوە شاراوەکانیان دەردەخات و بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە کۆمەڵێک وێنەی جیاوازدا پێشانیان دەداتەوە، بۆیە ڕۆماننووسی تاکدەنگ ڕاستەوخۆ ڕووی لە جەماوەرە و هیی فرەدەنگ گفتوگۆ لەگەڵ خوێنەری جیاواز دادەمەزرێنێت. ئەوەی لە لای (فۆکۆ) بینیمان، کە پێی وایە پێوەری بەهاکان لە ڕێی دەستەڵاتە وردەکانەوە خراوەتە گەڕ و وەک شێوەیەکی چاودێری خۆی سەپاندووە، تا جەستە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و ڕووبەڕووی سزای بکاتەوە، ئەوە لە ڕۆمانی فرەدەنگدا دەردەکەوێت، بەوەی شتە زەقەکان بە لاوە دەنێت و شتە وردەکان لێک دەداتەوە. لەمەوە ڕۆ دەچێتە ناو کەناڵەکانی پەروەردەی کۆمەڵایەتی (socialization) لە چەشنی خێزان، فێرگە، حیزب، پەرستگە، بنکەی کەلتووری و ئەوانەی دیکە، تا نهێنییەکانیان دەربخات. ئەوە پێوەری بەهاکانە، کە دەستەڵاتەکان پاڵپشتین، ئەو بابەتانەی زەق کردوونەتەوە و ڕۆماننووسی سادەنووسیان پێ فریو دەدات، تا وێنەی دەرەوەیان بگرێت و لە ڕێی وەسفەوە چینی دیکەیان بخاتە سەر. ڕۆماننووسی فرەدەنگ پێچەوانەی ڕۆماننووسی تاکدەنگ وا لە دەستەڵات ناڕوانێت، لە شوێنی دیاریکراودا هەیە و بە زەقی دەردەکەوێت، بەڵکوو وەک (فۆکۆ) و (دولووز) لە گفتوگۆی (ڕۆشنبیر و دەستەڵات)دا پێی لەسەر دادەگرن لە هەموو شوێنێکدا بەرجەستەیە. یەکەمیان دەڵێت: (دەستەڵات تەنیا خۆی لە سانسۆرێکی ڕووندا مانیفێست ناکات، بەڵکوو بە قووڵی و لێزانانە ڕۆ دەچێتە نێو تەواوی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە، بگرە خودی ڕۆشنبیران دەبنە بەشێکی ئەم دەستەڵاتە). هەرچی دووەمیانە پێی وایە (ئەوە هەر زیندانییەکان نین وەک منداڵ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بەڵکوو منداڵیش وەک زیندانی لێی دەڕوانرێت. منداڵ منداڵییەک بە سەر دەبات، کە هیی خۆی نییە. بەم پێیە ناکرێت نکووڵی لەوە بکەین، کە فێرگە وەک زیندان وایە. خۆ ڕاستییەکەی کارگە هەر زۆر لە زیندان دەچێت). (ڕۆڵان بارت)یش هەر لەم ڕووەوە دەنووسێت: (دەستەڵات ئەمڕۆ لە زیاتر لە میکانیزمێکدا ئامادەیە و بە ناسکی ئاڵوێری کۆمەڵایەتی لە دەوڵەت و لە لای چینە کۆمەڵایەتییەکاندا هەڵدەسووڕێنێت، بەڵام بە هەمان شێوە لە مۆدێلەکان، بۆچوونە باوەکان، فێستیڤاڵەکان، یارییەکان، یانە وەرزشییەکان، هەواڵەکان، پێوەندییە تایبەتەکانی خێزان، تەنانەت لە لای بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانیشدا دەردەکەوێت). لە ڕێی خوێندنەوەی ئەو سێ بیرمەندەدا دەگەینە ئەوەی بڵێین ناکرێت ڕۆماننووس بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی دەستەڵات ببێتەوە، لە بابەتە زەقەکاندا پێشانی بدات، ئەو بابەتانەی سۆزی جەماوەر دەورووژێنن، کە لەم دۆخەدا زمان شێوەی ڕاستەوخۆ وەردەگرێت، بەڵکوو پێویستە ڕۆ بچێتە ناو شتە وردەکانەوە، کە ئەو ڕۆچوونە تەنیا گۆڕینی ئاڕاستەی ڕەخنە نییە، بەڵکوو گۆڕینی سیستەمی زمانیشە. واتە گۆڕینە لە وشەی ڕووتەوە بۆ ئاماژە. گۆڕینە لە جەختکردنەوەی مانای پێشوەختەوە بۆ بەرهەمهێنانی مانای نوێ و کراوە.

ڕۆماننووس لە ڕۆمانی تاکدەنگدا پشت بە چەمکێکی زەق  دەدات و دژی چەمکێکی دیکەی زەق دەوەستێتەوە. بۆ نموونە وا خۆی دەردەخات لایەنگری ئازادییە و دژی چەوسانەوەیە، لە کاتێکدا ئەو چەمکە زەقانە هەر خۆیان لە ژێر گومانی گەورەدان و دەبێت هەڵبوەشرێنەوە، تا ڕەهەندی دیکە وەربگرن و ئاڕاستەی تری نەزانراویان لێ ببنەوە. چۆن دڵنیا ببین ئەوەی ئەو بە ئازادیی دەزانێت، ئازادییە و ئەوەی بە چەوسانەوەی دادەنێت، چەوسانەوەیە؟ ڕۆماننووسی ڕۆمانی فرەدەنگ بە شێوەیەکی دیکەی جیاواز لە هەموو ئەو چەمکانە دەڕوانێت. با وای دابنێین ئەو چەمکانە کۆمەڵێک درەختن و بە شێوەی بازنەیی ڕوێنراون. منداڵێک لەناو بازنەکەدا یاری دەکات، بەڵام یاسای یارییەکە ئەوەیە، ئەگەر جەستەی بەر هەر یەکێ لەم درەختانە بکەوێت، دەدۆڕێت و یارییەکە کۆتاییی دێت. گوتمان هەموو درەختەکان وەک یەک کۆتاییی بە یارییەکە دەهێنن و نەمانگوت درەختێکی دیاریکراو. کەواتە بۆ ئەوەی یارییەکە بەردەوام ببێت، هەمیشە لەم ناوەڕاستەدا هەڵدەبەزێتەوە. ئەو بۆشایییە مەودای داهێنانی ڕۆماننووسە، کە مانای ئەوە نییە چەمکەکانیش نابینێت. دەیانبینێت، بەڵام بە گومانی زۆرەوە. ئەگەر درەختەکان نەبوونایە، منداڵەکە نەیدەتوانی یارییەکە بکات، وەک چۆن بەبێ ئەو چەمکانە ڕۆماننووس ناتوانێت بنووسێت. لەم دۆخەدا یاریی منداڵەکە تێپەڕاندنی ئاستی زانراوی درەختەکانە، وەک چۆن نووسینی ڕۆمانی فرەدەنگ تێپەڕاندنی ئاستی ناسراوی چەمکەکانە. کاتێک چەمکەکان بە زەقی لە لای ڕۆماننووسی تاکدەنگ هەن، ئەوە یاریی تێپەڕاندن لە ئارادا نییە، بەڵکوو لایەنگری پێشوەختی ئەمیانە و دژی ئەویان وەستاوەتەوە.

ڕۆمانی فرەدەنگ لە بێژمار چیرۆکی وردوردی جیاواز پێک دێت، کە بە دەربڕینی (دولووز) هاوڕەگن، بەڵام لە یەک جیاوازن، بە ڕادەیەک ناکرێت چیرۆکێک بەسەر ئەوەی دیکەیاندا زاڵ بکەیت، بەڵام لە ڕۆمانی تاکدەنگدا گوتەی ئامادەکراو هەن و بە زمانی ڕۆژانە دەربڕراون، کە وەک یەقین لە دەمی نووسەرەوە دەردەچن و بە خوێنەر دەگەن. لە ڕۆمانی فرەدەنگدا کۆمەڵێک ڤیبێژەری جیاواز دەردەکەون و هیچ یەکێکیان جێگەی باوەڕی تەواو نییە، بەوەی دەکرێت بە هەڵەدا بچن، یان تەنیا دیوێکی ئەو بابەتە ببینن، کە دەیگێڕنەوە، یان نەتوانن بە دروستی بیگڕێنەوە، یاخود هەر شتێکی دیکە، ئەوە خوێنەر بە گومانەوە لە هەموویان دەڕوانێت و بە لێکدانەوەی خۆی وێنەیەکی گشتی لە سەرجەمیان پێک دەهێنێت، لە کاتێکدا ڕۆمانی تاکدەنگ، دەنگی نووسەری بەسەردا زاڵە، دروستتر تەنیا دەنگی نووسەری تێدا دەبیسترێت، کە هەمان دەنگی زانراوی جەماوەرە، بۆیە ئەو خوێنەرە بەبێ هیچ گومانێک باوەڕی پێ دەکات و لێی وەردەگرێت. بەپێی پرینسیپی (سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی) داڕێژراون و پرینسیپی (هۆکار و ئەنجام) هەڵیاندەسووڕێنێت، کە فەلسەفە لانی کەم لە (نیتشە)وە ڕووبەڕووی ئەو دوو پرینسیپە بووەتەوە و هەوڵی تێکشکاندنی داون. جەماوەر لەو ڕۆمانەدا ئەوە دەدۆزێتەوە، کە بە دوایدا گەڕاوە. شاگەشکە دەبێت و دەتوانێت لە بەری بکات، یان بە دەربڕینی (هێنری برگسۆن) ڕاستەوخۆ دەچێتە یادەوەریی عادەتی (habits memory)ی ئەو جەماوەرەوە و بە ئاسانی دەیڵێتەوە. ڕەخنەگری میلـلییش، کە خاوەنی توانایەکی سنووردارە و لەسەر هەمان هێڵدا هەم بە ڕۆماننووسی تاکدەنگ و هەم بە جەماوەری ئەو ڕۆماننووسە دەگاتەوە، بە هەمان زمانی ڕۆژانە پێیدا هەڵدەڵێت. ڕۆمانەکە کورت دەکاتەوە، بەوەی لەسەر یەک بیرۆکەی زانراو دامەزراوە و بۆ کورتکردنەوە ئامادەیە، تا لەوێوە وەک داهێنانێکی مەزن پێشانی بدات. ئایا هەمان ڕەخنەگری میلـلی دەتوانێت ڕۆمانی یەکێ لەو ڕۆماننووسە فرەدەنگانەی ئاماژەیان پێ درا، کورت بکاتەوە؟ دیارە لێرەدا بە شێوەی ڕەها ناڵێین ڕۆمانی فرەدەنگ گوتەی لێ وەرناگیرێت، بەڵکوو دەڵێین کورت ناکرێتەوە و ئەو گوتانەی ڕەخنەدۆزانیش لێی وەردەگرن، زەق و زانراو نین، بەڵکوو لە ئاستی ئاماژەدان، لە کاتێکدا جەماوەر هەم دەتوانێت ڕۆمانی تاکدەنگی ڕۆماننووسە جەماوەرییەکان کورت بکاتەوە و هەم گوتەیشیان لێ وەربگرێت. ڕەخنەگری میلـلی جاڕی مۆیبەلایزەیشن بۆ نووسەری ڕۆمانی تاکدەنگ دەدات، تا جەماوەری بۆ کۆ بکاتەوە و بەرهەمەکانی بکڕن. بۆ ئەم مەبەستە مێدیای حیزبی و ناحیزبیی لە پێناودا دەخاتە گەڕ. بەم شێوەیە ڕۆمانی مەزن ئەوەیە، ئەو جەماوەرە زیاترین ژمارەی لێ کڕیوە و زۆرترین گوتەی لێ وەرگرتووە. ئەوەی ئەمڕۆ ڕۆمان هەڵدەسەنگێنێت، جەماوەرە، کە ڕۆمانی ڕۆماننووسی تاکدەنگ خۆی ڕێی داون هەڵیبسەنگێنن. لە گوتاری (لە ڕەخنەگر کێیەوە بۆ ڕەخنە چییە)دا هەوڵم داوە ئەوە پێشان بدەم، کە هەڵسەنگاندن بریتییە لە گۆڕینی نووسەر لە سەبجەیکتەوە بۆ ئۆبجەیکت. واتە نووسەر بە هۆی بەرهەمەکەیەوە دەکرێتە بابەتێک بۆ هەڵسەنگاندن. هەموو تواناکانی لێ دەسەنرێنەوە و لەم ساتەوە خاوەنی زمان نییە. ڕۆماننووسی تاکدەنگ هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەو هەڵسەنگاندنەدا نییە، بگرە هەوڵی زۆر دەدات ئەو جەماوەرە هەڵیبسەنگێنن.

بۆ نووسینی ئەم بابەتە، گفتوگۆ لەگەڵ ئەم کەناڵانەدا کراوە:

_Lodge,David, The Art of Fiction, London, Penguin, 1992.

_ Todorov, Tzvetan,Mikhail Bakhtin The Dialogical Principle, Translated by Wlad Godish, Manchester University Press, 1984.

_Nietzsche, Friedrich- On the Genealogy of Morals, Translated by Carol Diethe, Edited by Keith Ansell-Pearson, Cambridge Texts in the History of Political Thought, 2007.

_  Deleuze, Gilles,Nietzsche and Philosophy, Translated by Hugh Tomlinson, Continuum, LONDON – NEW YORK, 2002.

_Foucault, Michel, The Order of Things, An archaeology of the human sciences, A translation of Les Mots et les choses, VINTAGE BOOKS, A Division of Random House, Inc. New York, 1994.

_Intellectuals and power: A conversation between Michel Foucault and Gilles Deleuze. Available at:

https://libcom.org/article/intellectuals-and-power-conversation-between-michel-foucault-and-gilles-deleuze

_ بارت، رولان: درس السيميولوجيا، ترجمة: عبد السلام بنعبد العالي، تقدیم: عبد الفتاح کیلیطو، دار توبقال للنشر،الدار البيضاء، الطبعة الثالثة، ١٩٩٣.

_ ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ، گفتوگۆی شاخەوان سدیق لەگەڵ کاروان عومەر کاکەسووردا.

_ کاکەسوور، کاروان عومەر، کوشتنی فیل و پاراستنی دووکانی شووشەوات. (کتێبی ئەلیکترۆنی).

_ کاکەسوور، کاروان عومەر، ڕاگەردان، پاشکۆی بەرهەمەکانم. (پێشەکییەکەی).

_ کاکەسوور، کاروان عومەر، لە (ڕەخنەگر کێیە)وە بۆ (ڕەخنە چییە). (لە وەڵامی پرسیاری تەوەرەی ژنەفتندا).

The post کورتکردنەوەی ڕۆمان appeared first on ژنەفتن.

کوشتنی فیل و پاراستنی دووکانی شووشەوات
دەیەم کتێبی ئەلیکترۆنی ماڵپەڕی ژنەفتن

کتێبی (کوشتنی فیل و پاراستنی دووکانی شووشەوات)ی کاروان عومەر کاکەسوور، کە ناونیشانە لۆکاڵییەکەی بەم شێوەیەیە: (لە دایەلۆگەوە بەرەو ناسینەوەی خەسڵەتەکانی خوێنەری ڕەهەند)، هەوڵێکە بۆ دامەزراندنی دایەلۆگ لەبارەی پڕۆژەی (ڕەهەند)ـەوە. بیرۆکەی کتێبەکە لەو کۆمێنتانەوە سەری هەڵداوە، کە هەندێک خوێنەری (ڕەهەند) بۆ گوتارێکی (سۆران ئازاد)یان نووسیوە. گوتارەکەی (ئازاد) لەژێر ناونیشانی (تێگەیشتن لە وەهمی ڕەهەند و ڕەهەندییەکان)دا نووسراوە و یەکێکە لەو بابەتانەی لە (تەوەرەی ڕەهەند)دا بڵاو کراوەتەوە، کە (ژنەفتن) بە مەبەستی تێگەیشتن لەو پڕۆژەیە دایمەزراندووە. ئەم کتێبەی من دایەلۆگی کردووەتە ئامانج و هەر لەوێیشەوە ڕووبەڕووی ئەو چەمکانە دەبێتەوە، کە هەندێک لەو خوێنەرانەی (ڕەهەند) تێهەڵکێشی بۆچوونی خۆیانیان کردوون. بەوەدا ناوم هێنراوەتە ناو باسەکەوە، ئەوە وەک بەرپرسیاریەتییەک هاتوومەتە دەنگ و لە ڕێی ئەم دایەلۆگەوە دەدوێم، کە فۆکەسی یەکەمم لەسەر چەمەکەکانە، بەو مانایەی هەوڵ دەدەم لە ئاستی چەسپاوەوە بیانخەمە ئاستی ئاماژەوە، تا ڕووبەرە شاراوەکانیان دەربکەون و بوار بۆ حوکم نەمێنێتەوە. واتە کاتێ ئەو پرینسیپەی (سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی) تێک دەشکێت و بێژمار ئاڕاستەی دیکە لە هەر چەمکێکدا دێنە ئاراوە، بە ناچاری دەست لە حەقیقەتی دیاری ئەو چەمکە هەڵدەگرین و لەبارەی دەیان حەقیقەتی دیکەی نادیارەوە دەدوێین، کە ناکرێت لە هەمان دۆخدا بمێنینەوە و هەمان شت لەبارەی ئەو چەمکەوە بڵێینەوە. بۆ نموونە کاتێ ڕووبەڕووی چەمکی (ترس)، (مەعریفە)، (مێژوو)، (نەخوێندەوار) و هیی دیکە دەبینەوە، ئەوە قاڵبەکانیان تێک دەشکێنرێن و لەو چوارچێوە کۆنکریتبەندییە دەردەهێنرێن، تا لە ئاستی (بوون)دا بکرێنەوە و کۆمەڵێک مانای شاراوەیان تێدا دەربکەون. ئەمەیش وا دەخوازێت لە ڕێی دایەلۆگەوە بۆ سەرچاوەکانی فەلسەفە بگەڕێینەوە، بەو مانایە نا بیانکەینە پێوەر و شوناس، بەڵکوو بە مانای دۆزینەوەی ڕایەڵی دیکەی جیاوازو ڕووبەری فرەوانتری ئاماژە.

لە دەروازەی باسەکەدا چەمکی هەڵەی لۆژیکی (logical fallacies) ڕێی پێ گرتووین، بەوەی بە گشتی بووەتە خەسڵەتی سەرەکیی کۆمێنتەکان. هەوڵ دراوە ڕەهەندەکانی ئەو چەمکە دەربخرێن، بۆیە لەم ڕووەوە کتێبی (هونەری ڕاستێتی)، یان (هونەری ئەوەی ڕاست بیت)ی (ئارتوەر شۆپێنهاوەر) وەک سەرچاوەیەکی گرنگ خۆی بەسەر باسەکەدا سەپاندووە. لە میانەی لۆژیک و نالۆژیکەوە، بۆچوونی (فریدرێک نیتشە) و (مارتین هایدیگەر)یش هەر لە ڕێی دایەلۆگەوە ئاوێتەی ئەو باسە بوون.

بەشێکی دیکەی باسەکە پێوەندیی بە چەمکی (خوێنەر)ـەوە هەیە و هەوڵ دراوە بە شێوەیەکی جیاواز لێک بدرێتەوە، بەوەی ئەوانەی لێرەدا کۆمێنتیان نووسیوە، هەندێک لەو خوێنەرانەن، کە داکۆکی لە (ڕەهەند)، بە تایبەتی لە (بەختیار عەلی) دەکەن. بەم شێوەیە (خوێنەر) چییە و بایەخی خوێنەر لە خوێندنەوەی تێکستدا چییە، قسەیان لێوە دەکرێت و بۆچوونی هەندێک لەو ڕەخنەدۆزانە دەهێنرێنەوە، کە لەو بارەیەوە نووسیویانە.

بەشێکی باسەکە بۆ هەردوو چەمکی (نەخوێندەوار) و (زبڵ) تەرخانە، کە لەم سێ دەیەی ڕابردوودا (بەختیار عەلی) لە پاڵ کۆمەڵێکی دیکەدا بە کاری هێناون و بە شێوەیەک لە شێوەکان بۆ هەندێک خوێنەریشی پەڕیونەتەوە. هەوڵ دراوە بنیادی ئەو دوو چەمکە تێک بشکێنرێن، بەو مەبەستەی ئەو ئاستانەیان دەربکەون، کە تاکوو ئەمڕۆ لای خەیاڵی میلـلی شاراوەن.

بەشێکی تایبەت لەبارەی گوتارەکەی (ئازاد)ـەوەیە، چونکە هەندێک لەو خوێنەرانە پێیان وایە من نووسیومە، نەوەک خۆی. لەم بەشەدا جگە لەوەی ئەو تۆمەتە دەدریتە دواوە، باسی چەمکی (تێکست)یش دەکرێت بە تایبەتی لای (ڕۆلان بارت) و (مێشێل فۆکۆ)دا.

لە بەشی کۆتاییدا ئەم گوتەیە (ئەمانە لە دونیای فیکردا وەک فیلێک وابوون لە دوکانێکی شوشەواتدا هەرچۆن بجوڵانایەتەوە شتێکیان ئەشکاند) لێک دەدرێتەوە، کە دراوەتە پاڵ (بەختیار عەلی)یەوە. لێرەدا وا پێویست بووە بۆ کتێبی (کاری هونەری)ی (هایدیگەر) بگەڕێینەوە، تا لەوێوە هەوڵ بدەین بزانین (شت) لە کاری هونەریدا چ ڕۆڵێکی هەیە.

وەک گوترا بۆ تێگەیشتن لە هەر چەمکێک، پەنامان بۆ بواری فەلسەفە بردووە. بەرپرسیاریەتییەکەیش وای خواستووە، تا دەکرێت لە سەرچاوەی یەکەمەوە بۆچوونی فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزان وەربگیرێت، کۆنتێکستەکانیان بهێنرێن، لێک بدرێنەوە و بە شێوەی میکانیکی نا، بەڵکوو بە شێوەی سروشتییانە بە باسەکەوە پێوەست بکرێن.

بایەخی گەورەم بە بۆچوونی ئەو خوێنەرانە داوە. ئەو بایەخە لەوەدا دەردەکەوێت. ئەم کتێبە نووسراوە، کە خۆیان تێیدا بەشدارن. ئەوانیش دەتوانن لەبارەی ئەوانەی منەوە قسەی خۆیان بکەنەوە، مادام چەمکەکان هەڵدەگرن لە دیدگەی جیاوازەوە بخوێنرێنەوە و هیچ خوێندنەوەیەکیش بە کۆتا دانانرێت. ئەوەی من کردوومە، سڕینەوەی بۆچوونی ئەوان نییە، بەڵکوو پێشاندانی ئاستی دیکەیە لەبارەی هەمان چەمکەوە، بۆیە لام گرنگ نییە، ئاخۆ ئەوانە خوێنەری (ڕەهەند)ن، یان نا! کردنەوەی چەمکەکان لە ڕێی دایەلۆگەوە، کاری سەرەکیی ئەم نووسینەیە. زووتریش گوتوومە کاتێ ئەوەی بەرانبەرمان دەسڕینەوە، پێشتر خۆمان سڕیوەتەوە، چونکە لێرەدا پێوەرمان بۆ سڕینەوە داناوە. واتە بە هەمان پێوەر خۆیشمان سڕیوەتەوە. لەم بەرهەمەیشمدا دایەلۆگ لەگەڵ فیکری ئەو فیلۆسۆفانەی جیاوازیدا کراوە، کە لە دژی پێوەر و شوناس وەستاونەتەوە.

لە هەر ئاڕاستەیەکی دایەلۆگدا، هێزێک لە ناوەوە دەردەکەوێت و بەر ئەو هێزانەی دیکە دەکەوێت، کە لە ڕێی پرۆسێسی کرانەوەوە هاتوونەتە دەرێ، تا بە ڕووی نەزانراودا بتەقنەوە.

ئەگەر هیوایەک بخوازم، تەنیا ئەوەیە، ئەم باسەم دایەلۆگێکی زیندووی لێ بکەوێتەوە. واتە بەر ڕوانینی زیندوو بکەوێت و زیاتر چەمەکەکان بخرێنە باری دینامیکییەوە. لە ئاستی هەر بۆچوونێکدا کراوەم، ئینجا گرنگ نییە بۆچوونەکە هیی کێیە و چەند لە هیی من جیاوازە.

ئەم کتێبە، ماڵپەڕی ژنەفتن وەک کتێبی ئەلیکترۆنی (فایلی pdf) بڵاوی دەکاتەوە. (دەتوانن لەسەرەوە لە دوگمەی داگرتنی کتێب ئەم کتێبە دابگرن.

The post کوشتنی فیل و پاراستنی دووکانی شووشەوات appeared first on ژنەفتن.

“ڕیکاردۆ پیگلیا”ی ڕەخنەگر و گێڕەرەوە
بەرایی

لەدوای مردنی ڕەخنەگر و ڕۆماننووسی ئەرجەنتینی (ڕیکاردۆ پیگلیا ١٩٤١-٢٠١٧)، ڕۆماننووسی ئیسپانیایی “خۆرخە کاریۆن” لە وتارێکدا بە ناونیشانی “مردنی ڕیکاردۆ پیگلیا، پیاوێک کە ئیملیۆ ڕینزی بوو”، دەنووسێت: “ناوی تەواوی ئەم نووسەرە ئەرجەنتینییە بریتی بوو لە (ڕیکاردۆ ئیملیۆ پیگلیا ڕینزی)، ئاشکرایە ئیملیۆ ڕینزی ناوی نزیکترین کارەکتەرە، لە دڵی پیگلیای ڕۆماننووسەوە، کە لەنێو چەند ڕۆمانێکی بەرجەستە بووە. ئەمەش وەک ئەوە وایە، کە پیگلیا، لە نووسیندا خۆی بەسەر دوو کارەکتەردا دابەش کردبێت: لە یەکەمیاندا خۆی وەک نووسەر (ڕیکاردۆ پیگلیا) پاراستووە و ئەوی تریشی کارەکتەرێکە، کە لەبارەیەوە نوسیویەتی.”

ڕیکاردۆ پیگلیا (١٩٤١-٢٠١٧) نووسەر و ڕەخنەگری ئەرجەنتینی

بێگومان گەر ئەم سەرنجە لە ڕەهەندێکی بینراودا پاساوێک بێت، لەبارەی ڕەنگدانەوەی بیۆگرافیا و ژیانی واقیعی نووسەر، لە پانتایی ڕۆمانە دیار و دەقە فەنتازییەکانیدا، ئەوا لە ڕەهەندێکی تریشدا دەکرێ هەمان سەرنج وەک جەخت لەسەر وابەستەیی و پەیوەندیی نێوان کۆی بەرهەمە ئەدەبییەکانی نووسەر: چیرۆک و ڕەخنەی ئەدەبی و ڕۆمانەکانی و هەتا کاری ڕۆژانەشی وێنا بکرێت، واتە خوێنەرانی پیگلیا درک بەو پەیوەندییە بەهێزە دەکەن کە لەنێوان دەقەکانی گێڕانەوەی نووسەر و تێکستە ڕەخنەییە ئەدەبی و تیۆرییەکانیدا بوونی هەیە و تەنانەت کاری ڕۆژانەی نووسەریش بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندیی بە بەرهەمەکانییەوە هەبووە، کە وەک ئەکادیمییەکی پسپۆڕ و شارەزا، لە چەند زانکۆیەکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتەکەیدا وانەی وتووەتەوە. پیگلیا، لە ئەرجەنتین لە سایەی حوکمڕانی “بیرون”ی دیکتاتۆردا ژیا و کاتێکیش لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، کە سانسۆر و چاودێریی بەرهەمی هونەری و ئەدەبی و هەڕەشەکردن لە نووسەران و ڕووناکبیران لە سایەی حوکمڕانییەتی “ئۆنجانا”ی دیکتاتۆردا، گەیشتە لوتکە، پیگلیا بڕیاری بەجێهێشتنی وڵاتەکەی دا و ڕووی کردە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. زیاتر لە چل ساڵ لە تاراوگە ژیا. بەڵام نووسەر لە سەرەتای ساڵانی دەیەی دووەمی هەزارەی نوێدا بڕیاری دا بگەڕێتەوە وڵاتەکەی، بۆ ئەوەی لە زێدەکەی خۆی، کە تیایدا لەدایک بوو، بمرێت. بۆیە پیگلیا هێشتا چیرۆکنووسێک بوو، کە وڵاتەکەی بەجێهێشت، بەڵام دواجار وەک ڕۆماننووس و ڕەخنەگرێکی جیهانی بەناوبانگ گەڕایەوە زێد و نیشتمانەکەی. ئەو سەرەتا بە کورتەچیرۆک دەستی بە نووسین کرد و تا لە ژیاندا بوو، لە کات و سات و سەردەمی جیاوازدا، چیرۆکەکانی لە چوار کۆمەڵە چیرۆکدا بە ناوەکانی: (داگیرکاری، ناوی خوازراو، زیندانی هەتاهەتایی، حیکایەتگەلی ئەخلاقی)یەوە چاپکراون، هەروەها چەندین وتاری ڕەخنەیی و توێژینەوەی ئەدەبی نووسیوە و لەم بوارەشدا خاوەنی چەند تێکستێکی بڵاوکراوەیە، کە دیارترینیان بریتیین لە: (ڕەخنە و فەنتازیا، ئەرجەنتین لە چەند بەشێکدا، شێوازگەلی کورت، دواهەمین خوێنەر)، جگە لەوانە پیگلیا خاوەنی پێنج ڕۆمانە کە بریتین لە: (هەناسەدانی دەستکرد، شاری نائامادە، پارەی سووتاو، شەوی سپی، ڕێگا بەرەو ئیدا)، کە ماوەیەکی کەم دوای بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی (ڕێگا بەرەو ئیدا، ٢٠١٣) نووسەر دووچاری نەخۆشییەکی کوشندە بوو و هەر بەو نەخۆشییە ساڵی ٢٠١٧ لە وڵاتەکەی کۆچی دوایی کرد.

دەربارەی کتێبی دواهەمین خوێنەر

“دواهەمین خوێنەر” ناونیشانی کتێبێکی ڕەخنەیی ڕیکاردۆ پیگلیایە، کە تیایدا پرسیارگەلێک دەربارەی خوێندنەوە و خوێنەر دەوروژێنێت و دواجاریش لە ڕێگەی نووسەر خۆیەوە، واتە لە ڕێگەی نووسەرێکی خوێنەرەوە، کە لە بنەڕەتدا ژیانی بەدەوری خوێندنەوەدا سووڕاوەتەوە، سەرلەنوێ دەگاتەوە خوێنەر. ئەو لە بەشی بنچینەیی کتێبەکەیدا، کە لە پێنج بەش پێکهاتووە، لە ڕێگەی هەندێ بەرهەمی ژمارەیەک نووسەری جیهانیی وەک: بۆرخیس و کافکا و جیمس جۆیس و سیرڤانتس و.. هتد، بەسەر دەکاتەوە، کە وەک گرێبەستێک وایە لەنێوان نووسەر خۆی و خوێنەردا، یان ڕاستتر لە گەشتێکی درێژی پیگلیای نووسەر دەچێت بە ناو خوێندنەوەدا، بەڵام ئەوەی ئەم گەشتە جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە نووسەر لە ڕوانگەیەکی میتافۆرییانەوە، واتە لە ڕوانگەی وێنەگرێکەوە، دەست بە گەشتەکەی دەکات. چونکە نووسەر لە دەستپێکدا باس لە وێنەگرێک دەکات کە لەسەر بانی باڵەخانەیەکی بەرزی شاری “بۆنس ئایرس” دەژی، بە جۆرێک کە تەواوی خانوو و باڵەخانە و کۆشکەکان و دوکان و بازاری شارەکە دەبینێت، وێنەگرەکە هەڵدەستێ بە دروستکردنی ماکێتێک بۆ شارەکە، پاشان مەرجی بۆ کەسانێک کە دەیانویست ماکێتەکە ببینن، ئەوەیە کە هەرکەسە و بەتەنیا دەبێت بیبینێت. لەم میتافۆرەدا تێدەگەین، کە ماکێتەکە زۆر لە شارەکە نەدەچوو، لە ڕوانگەی ئەوانەدا کە وەک تاکەکەس دەهاتن سەیریان دەکرد، گەرچی لە تێڕوانینی وێنەگرەکەدا، ماکێتەکەی شارەکە خۆی بوو. هۆکارەکەش لەبەر ئەوە بوو کە بینەران هەریەکە بەپێی بینین و ڕوانگەی خۆی شارەکەی دەبینی، کە وەک پێویست شارە واقیعییەکە نەبوو کە دیبوویان. بە تێڕوانینی پیگلیا، میتافۆرەکەی سەرەوە، هەم وەک دەقی ئەدەبی وایە و هەم هاوشێوەی خوێندنەوەشە. واتە دەقی ئەدەبی هاوشێوەی ماکێتەکەیە، بینەرانیش هەر یەکێکیان خوێنەرێکە و پڕۆسەی بینینەکەش خوێندنەوەیە و نووسەری دەقە ئەدەبییەکەش بریتییە لە دروستکەری ماکێتی شارەکە، بەو مانایەی ئەوەی ئەویش دروستی کردووە شارێکی دیکەیە، نەک شارە واقیعییەکە. بەڵام وێنەی خوێنەری ئیلهام بەخش بۆ پیگلیا بریتییە لە وێنەی “خۆرخە لویس بۆرخیس”، خوێنەرێک کە لەدەستدانی بینایی، وای لێ نەکرد دەست لە خوێندنەوە هەڵبگرێت، بەڵکو دوای کوێربوون هێشتا سووربوو لەسەر خوێندنەوە. لێرەوە نووسەر خوێنەر دەکات بە دوو بەشەوە: یەکەمیان خوێنەری هۆگری خوێندنەوە، خوێنەرێک کە دەستبەرداری خوێندنەوە نابێت و هیچ لە خوێندنەوەی ڕاناگرێت. دووەمیش خوێنەری بێخەو یان خوێنەری هەمیشە بێدار.  بە تێڕوانینی نووسەر هەردوو جۆرەکەی خوێنەر نمایشێکی پەڕگیرن بۆ ئەوەی کە بە مانای خوێندنەوەی دەق دێت و هەروەها بەرجەستەبوونی گێڕانەوەی ئامادەیی خوێنەری دژوارن، لە ئەدەبدا. هەروەها پیگلیا هەردوو چەشنەکەی خوێنەر بە خوێنەرە بێگەردەکان ناو دەبات، چونکە خوێندنەوە لە لای ئەوان مومارەسەیەک نییە، بەڵکو شێوازێکە لە شێوازەکانی ژیان. لێرەوە نووسەر چەندین چیرۆک و ڕۆمان بەسەر دەکاتەوە کە کارەکتەرەکەیان خوێنەرە. نووسەر لە بۆرخیسەوە، بۆ مالکۆلم لاوری، هەروەها لە کافکاوە بۆ جیمس جۆیس و لەویشەوە بۆ سێرڤانتس. ئاوڕ لە بەرهەمگەلێک دەداتەوە کە کارەکتەرەکەیان خوێنەرە، بۆیە پێیوایە ئەدەبیات تاکگەرایی خوێنەران دەخولقێنێت و پاشان شوناسیشی پێ دەبەخشێت و دەیناسێنێت. بە دەربڕینێکی دیکە ئەدەبیات وا لە خوێنەر دەکات، لە کۆنتێکستێکی دیاریکراودا ببینرێت و پاشان ناویشی لێ دەنێت. ناولێنانەکەش لە خۆیدا ڕووداوێکە، چونکە خوێنەر حەزی لەوەیە کە پەنهان و نادیار بێت. پاشان گەر نووسەر وەک خوێنەر، یەکێک لە ڕەهەندەکانی کتێبەکە بێت، ئەوا ڕەهەندێکی دیکەی خوێنەرە، لەناو دەقی گێڕانەوەدا. لێرەوە خوێنەر وەک “ئیما بۆڤاری”یە لە ڕۆمانەکەی “فلۆبێر”دا، کە خوێندنەوە ژیانی سەرەولێژ دەکاتەوە، خوێندنەوەی کتێبێک لە بەردەم خۆیدا دایدەنێت و دەیخاتە بەردەم ژیانە وێرانەکەی و هەوڵ و هەڵپەکانی بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی دیکە. یان ڕەنگە خوێنەر لە لای پیگلیا هاوشێوەی زۆرێک لەوانە بێت، کە لە چیرۆکەکانی “بۆرخیس”ی هاوزێدیدا دەیانبینین، کە لە گەشتێکی میتافیزیکی پڕ لە شۆر و شەوق بە ناو زەمەندا، دوای شوێن پێکان و پاشماوەکان دەکەون.. یان لە ڕۆمانگەلی پۆلیسیدا لەوانەیە خوێنەر پشکنەرەکە بێت، کە ڕۆڵی ئەو دەبینێت و ئەو کاغەز و دیکۆمێنتانە دەخوێنێتەوە کە تایبەتن بە بکوژ یان کوژراو. یاخود خوێنەر لە لای ئەم نووسەرە ڕەنگە کەسێک بێت، کە خوێندنەوە بگۆڕێت بۆ خوێندنەوەی واقیع تاکو لە ڕێگەیەوە بگاتە کردنەوەی کۆدەکان. یان لەوانەیە خوێنەر وەک “دۆن کیشوت”ی خوێنەری چیرۆکە زۆروزەوەندەکانی سوارچاکی بێت، تاکو دواجار بە شمشێری هەڵکێشراوەوە دێتە دەرێ بۆ ئەنجامدانی کردەی نموونەیی و ئایدیال. یان خوێنەر لەوانەیە وەک “چێ گیڤارا”ی نووسەر بێت، نووسەرێک، کە شۆڕش بەرەو سەرزەمینی خۆی پەلکێشی کرد، بەڵام لەو سەرزەمینەش دەستبەرداری نووسینی یاداشتەکانی نابێت و تا کۆتایی ژیانیشی وەک خوێنەر، یان پیگلیا وتەنی وەک “دواهەمین خوێنەر” مایەوە، خوێنەرێک کە لە منداڵییەوە تا مردن، خوێندنەوە وەک سێبەرەکەی لێی نەبووەوە. لێرەوە گەر کتێبەکە، لە ڕەهەندێکدا وەک ستایشکردنی “خۆرخە لویس بۆرخیس”ی نووسەری خۆ بە خوێنەرزانی هاوزێدی پیگلیا وێنا بکرێت، ئەوا لە ڕەهەندێکی دیکەدا، کاتێک دەزانین “چێ گیڤارا” وەک لە کتێبەکەدا وەک “دواهەمین خوێنەر” و خوێنەرێکی مەزن بەرجەستە کراوە و، خوێندنەوەش چ پڕۆسەیەکی شۆڕشگێڕانەی قووڵ و هەمەلایەنە، ئیدی تێدەگەین تێکستەکە بە دیوێکی تردا وەک ستایشێکی گەورەی “چێ گیڤارا”ی خوێنەر وێنا دەکرێت، کە لە یاداشتەکانیدا نووسیویەتی: خوێندنەوە و جگەرەکێشان ئەو دوو شتەی ژیان بوون کە چێژم لێوەرگرتوون.

نووسەر خوێندنەوە وەک کردەیەکی سیاسی دەبینێت، وەک کردارێک، کە پەیوەندیی خوێنەر لەگەڵ دەسەڵاتدا دەستنیشان دەکات. ئەمە جگە لەوەی کە نووسەر پێی وایە خوێندنەوە کردارێکی یاخیگەرانەشە

پیگلیا وەک ڕەخنەگرێکی جیدیی سەردەمەکەی، لەوەش دڵنیابوو، کە هەموو تێکستێکی ئەدەبی قابیلی لێکدانەوەیە، لێرەوە هەستاوە بە لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی یاداشتەکانی فرانتز کافکا، تاکوو لە ڕێگەی خوێندنەوەی ئەم یاداشتانەوە بگاتە ئەو خانمەی، کە لە ژیانی نووسەرە “چیکی”یەکەدا بووە و پاشان ئەویش گرێ دەداتەوە بە بەرهەم و کارەکانییەوە، تاکوو بە شێوەیەکی درەوشاوە وێنای کافکا دەکات. بە تێڕوانینی پیگلیا خانمەکەی نێو ژیانی کافکا، خانمێکی خوێنەرە، بێگومان وەک کافکا خۆی ئاماژەی پێداوە، ئەو وەک نووسەر پێویستی بە تەریکبوون و گۆشەگیرییە لە جیهان لەنێو ژوورەکەیدا و جگە لەو خانمەی کە بۆ نووسینەوەی نووسینەکەی بە ئامێری نووسین سەردانی دەکات، پێویستیی بە کەسی دیکە نییە. خانمێک کە دەبێتە خوێنەری یەکەمی تێکستەکانی. دیارە کافکا یەکەمین نووسەر نییە کە پێویستیی بە خانمێکی وەها بووە، بەڵکوو پێش ئەو ڕۆماننووسی ڕوسی “لیو تۆڵستۆی”، پێویستیی بە وەها ژنێکی خوێنەرە، واتە خانمێک کە شایستەی مانەوە بێت، بە تەنیشت هەردوو نووسەرەکە: “تۆڵستۆی و کافکا”وە، پێویست بوو خاوەنی ئەم دوو خەسڵەتە بنەڕەتییەی بێت: پێویست بوو خوێنەرێکی باش و پشوودرێژیش بێت[1]. ئەم جۆرە نووسەرانە، لەوە دڵنیابوون کە بوونی ئەوان لە بنەڕەتدا بۆ ئەوەیە کە نووسەر بن. هەر بۆیە ئەوان لە دونیادا، تەنیا عەوداڵی ئەوە بوون کە بۆ بوون بە نووسەر کۆمەکیان دەکات. بە بڕوای پیگلیا ئەوەی کە کافکای لە خۆکوشتن قوتار کرد، بریتیی بوو لە نووسینی یاداشتەکان، لە کاتێکدا ئەمەی بۆ کافکا چووە سەر بۆ شاعیر و ڕۆماننووسی ئیتالیایی “چیزاری پافیزی” دەستەبەر نەبوو، بە جۆرێک وەختێ خانمە ئەمریکاییەکەی خۆشی دەویست، ئابڕووبەرانە وازی لێهێنا، ئیدی خۆکوشتن بووە قەدەری. پاشان بە بۆچوونی نووسەر خوێنەر دەکرێ وەرگێڕ و ڕەخنەگریش بێت. چونکە بە هۆی ڕەخنە و وەرگێڕانەوە خوێنەر لە ژوورەکەی دێتە دەرێ بۆ دەرکەوتن لە بەردەمی جیهاندا. دواجار نووسەر وەک ئاماژەدان بە خوێنەری درەوشاوە و پرشنگدار یەکێ لە چیرۆکەکانی بۆرخیس بەسەر دەکاتەوە، ئەو چیرۆکەی کە بە وتارێکی ونبووی نێو ئینسایکلۆپیدیایەک دەست پێ دەکات، لێرەوە دەزانین چیرۆکەکەی بۆرخیس دەربارەی دەقێکی بزر و ونبووە، نەک دەربارەی دەقێکی دیار و ئاشکرا. بۆیە لە کاتیی گەڕاندا کارەکتەرەکەی واقیعێکی دیکە دەبینێتەوە. لە ڕێگای چیرۆکەکەوە، پیگلیا تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە خوێنەری درەوشاوە، بەتەنیا خوێنەری کتێبان نییە، بەڵکو ئەو خوێنەری عەوداڵی نێو تۆڕێک لە نیشانەکانیشە. هەروەها خوێنەری عەوداڵ وەک بۆرخیس وایە لەنێو دەهلیزەی کتێبخانەدا. وێڵگە گومڕاکەر و سەرگەردانکەرەکەش بە تەنیا لە نووسیندا بوونی نییە، بەڵکو لە خوێندنەوەشدا بوونی هەیە. هەروەها نووسەر خوێندنەوە وەک کردەیەکی سیاسی دەبینێت، وەک کردارێک، کە پەیوەندیی خوێنەر لەگەڵ دەسەڵاتدا دەستنیشان دەکات. ئەمە جگە لەوەی کە نووسەر پێی وایە خوێندنەوە کردارێکی یاخیگەرانەشە، بەو واتایەی کە وا دەکات خوێنەر دژ بە هەلومەرجێکی سیاسی یاخی ببێت، یاخود بەردەوام هەوڵ بدات لە چوارچێوەی گوتاری هەژموونگەر بێتە دەرێ. هەروەها  بەهۆی خوێندنەوەی چیرۆکێکی دیکەی “بۆرخیس” بەناوی “مردن و قیبلەنوما” باس لەوە دەکات و نایشارێتەوە کە خوێنەر تاوانباریشە، لە چیرۆکەکەدا یەکێک لە کارەکتەرەکان کە مافیایە، بە هۆی خوێندنەوەی کتێبێک و کە زانیارییە دژوارەکانی ناوی وەک تەڵەیەکی وردی چنراو بۆ کوشتنی پشکنەرەکە بەکاری دەهێنێت و سەرکەوتووش دەبێت. لێرەوە بەبێ بوونی کتێبێک و خوێندنەوە و خوێنەر، تەنانەت چیرۆکەکەش بوونی نابێت. ئەم جۆرە خوێنەرەش کە بۆرخیس لەو چیرۆکەیدا دایهێناوە، خوێنەرێکی پەیپێنەبراوە، خوێنەرێک کە هێشتا لە دەرکەی نەدراوە، لەوانەیە لە درککردن بەم چەشنە لە خوێنەر، بۆرخیس پێش سەردەمەکەی کەوتبێت، لەبەر ئەوەی هەموو کوشتنێکی ئیمپریالیانە، هەموو کوشتنێک لەسەر شوناس، دەستپێک لە کتێبەوە، لە خوێندنەوەوە، دەردەچێت و دەست پێ دەکات.

ڕەهەندەکانی گێڕانەوە لە لای پیگلیا

بێگومان هونەری گێڕانەوەی “ڕیکاردۆ پیگلیا”ی چیرۆکنووس و ڕۆماننووس، بە ئاسانی دەستنیشان ناکرێت و گێڕانەوەیەکی فرەڕەهەندە و دەوڵەمەندە. لەسەر ئاستی کیشوەرەکەی یەکێک لە ڕەهەندەکانی گێڕانەوە لە لای ئەم ڕۆماننووسە بریتییە لە دابڕان لەگەڵ ئەو شێوازەی گێڕانەوەی نووسەرانی ئەمریکای لاتین، کە بە شێوازی ڕیالیزمی جادوویی ناودەبرێت. ئەم دابڕانەش لەگەڵ پەیدابوونی نەوەی دوای -نەک نەوەی نوێ- مارکیز و ماریۆ ڤارگاس یۆسا، بوو بە ئەمری واقیع، سەرەڕای ئەوەش ئاشکرایە کە بەراوردکردنەکە لەگەڵ ناوی ئەو نووسەرانەدا، ئامادەیە دەمێنێتەوە، کە پێگە و بەهایەکیان جیهانیان بەخشیوە بە ئەدەبیاتی ئەم کیشوەرە. دیارە پیگلیای گێڕەرەوە و ڕەخنەگریش، بە درێژایی ئەو هەموو ساڵە هەوڵی بێوچانی داوە تاکوو دامودەزگا ئەدەبییەکانی وڵاتەکەی و دونیای سەنتەر دانیان پێ دانا و بەشێکی زۆر لە خوێنەران، هەڵبەت نەک تەنیا خوێنەرانی  ئیسپانی زمان، کە زمانی چیرۆک و ڕۆمانەکانی نووسەرە، بەڵکو بەشێک لە خوێنەرانی پتر لە بیست زمانی دونیا، بوونە خوێنەری تێکستەکانی، ئەوجا ڕێگەی بەخۆی دا نزیکەی حەوت ساڵێ لەمەوبەر ڕایبگەیەنێت: “ئەدەبیاتێک کە نووسەرانی لاتین دەینووسن و لەوانەوە دێتەدەرێ، چیتر ملکەچ و گوێڕایەڵی یەک جۆرە چەشەی هونەری نییە! …” پیگلیا لە ڕێگای ئەم دەربڕینە و دەربڕینە هاوشێوەکانییەوە، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بەرهەمە فەنتازییەکانی بە تەواوەتی پەیڕەوی لە هیچ جۆرە شێوازێکی باوی گێڕانەوە ناکەن و ملکەچی هیچ چەشەیەکی هونەری نین، وەکچۆن بە هەمان شێوە لە بەرهەمە ڕەخنەییەکانیدا بە تەواوەتی گوێڕایەڵ و پابەندی هیچ جۆرە میتۆد و تیورە و ڕێبازێکی ڕەخنەیی نەبووە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە نووسەر لە هەردوو بوارەکەدا بە شێوەیەکی ڕێژەیی و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوە، کەڵکی لە فۆرمەکانی گێڕانەوە و میتۆد و تیۆرە ڕەخنەییەکانی پێش خۆی نەدیبێت، بە تایبەتی گەر بزانین کە دەقئاوێزان بە یەکێک لە ڕەهەندەکانی گێڕانەوە دادەنرێت لەلای پیگلیا. ئەمە جگە لەوەی کە لە دونیای هاوچەرخدا بە گشتی ئەدیبانی داهێنەر بڕوایان بەو بۆچوونە سەرەتاییە ڕەخنەییە هەیە، کە جەخت لەسەر کاریگەری ڕێژەیی دەقەکان لەسەر یەکتری دەکاتەوە، تا ڕادەی دەقئاوێزان، کە پێی وایە: “هیچ دەقێک نییە بەبێ کاریگەری هەندێ لە دەقەکانی پێش خۆی و کاریگەری دانان لەسەر هەندێ لەو دەقانەی کە دوای ئەو لەدایک دەبن.” بە دڵنیایی “ڕیکاردۆ پیگلیا”ی چیرۆکنووس و ڕۆماننووسیش بڕوای بەو بۆچوونە هەیە. پیگلیا لە وتارێکیدا بە ناوی “گریمانەکان دەربارەی کورتە چیرۆک”* پێی وایە کە چیرۆکنووس لە هەقیقەتدا دوو چیرۆک دەگێڕێتەوە، چیرۆکێکی ئاشکرا و چیرۆکێکی پەنهان و نهێنی.” هەڵبەت گەر ئێمەی خوێنەر سەرنج لە گێڕانەوەی پیگلیا بدەین، پەی بەوە دەبەین، کە نووسەر لە گێڕانەوەدا، هەستاوە بە پڕاکتیکردنی گریمانە ڕەخنەییەکەی خۆی، کە لەسەرەوە داماننا. بۆ نموونە لە ڕۆمانی “ڕێگا بەرەو ئیدا” و چەند دەقێکی دیکەدا، پیگلیا لە ڕاستیدا هەستاوە بە گێڕانەوەی دوو چیرۆک: چیرۆکێکی ئاشکرا، کە زۆر لە سەربوردە واقیعییەکەی ژیانی خۆیەوە نزیکە. ئیدی لە ناوی “ئیملیۆ ڕینزی” کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەیەوە، کە بریتییە لە ناوی تەواوی نووسەر، بیگرە بۆ پیشەکەی: کە وەک نووسەر پڕۆفیسۆری زانکۆیە و جگە لە لێکچوونی هەندێ ڕوخساری دیکەی وەک کۆچ بەرەو ئەمریکا و هەوڵدان بۆ نووسین و نووسینی ڕەخنەی ئەدەبی. تەمەنیشیان لە یەکەوە نزیکە. بەڵام لەگەڵ بەرەو پێشچوونی گێڕانەوەدا، خوێنەر دووچاری کتوپڕی دەبێت کاتێک دەزانێت ئەم چیرۆکە بیۆگرافییە بۆ فریودانی ئەو بووە و چیرۆکی گرنگ و بە ئامانجکراوی ڕۆمانەکە نییە. بە دەربڕینێکی دیکە هەر لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە خوێنەر بە گێڕانەوەی ئەو چیرۆکە ئاشکرایە فریو دەخوات و وا دەزانێت پیگلیا چیرۆکێک دەگێڕێتەوە کە تایبەتە بە ژیانی خۆی، بەڵام لەگەڵ بەرەوپێشچوونی گێڕانەوەدا، خوێنەر دووچاری سوپڕایز دەبێت کاتێک تێدەگات چیرۆکی پڕۆفیسۆرەکەی زانکۆ، کارەکتەرێک، کە دەبێتە پشکنەری تاوانی کوشتنی “ئیدا”ی هاوڕێی، لە ڕۆمانەکەدا ئامانج نییە، بەڵکو ئەو سەربوردە و ڕووداوانە گرنگن و کراونەتە ئامانجی ڕۆمانەکە، کە دەوری چیرۆکە ئاشکرا و بیۆگرافییەکەیان داوە، ڕووداوگەلێکی دژوار و پەی پێنەبراو کە پێویستیان بە دۆزینەوە و کەشفکردنە. بەمانایەکی دیکە گەرچی پڕۆفیسۆر و گێڕەرەوەی ڕۆمانەکە، دەبێتە پشکنەری تاوانی کوشتنەکە، بەڵام بازنەی گەڕانی پشکنینەکە هەرگیز ئەو بەرەو دۆزینەوەی بکوژ و بکەری تاوانەکە ئاراستە ناکەن، وەک لە گێڕانەوەی سونەتیی پۆلیسیدا دەیبینین. بەڵکو پاشان تێدەگەین، ئەو دەیەوێت پەی بەو ڕووداو و گۆڕانکارییانە بەرێت کە لە سەردەمێکی زەمەنی دیاریکراودا، لە کیشوەرەکەی و بە دیاریکراویش لە کۆمەڵگاکەی خۆی و وڵاتەکەیدا ڕوویان داوە. گەرچی خوێنەر لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ڕۆمانەکەدا، دەزانێت کە هەردوو ڕەهەندە بیۆگرافی و پۆلیسییەکە لە گێڕانەوەی پیگلیادا بە شێوازە سوننەتییەکە پەیڕەو نەکراون، واتە وەکچۆن لەسەرەوە ئاماژەمان بەوەدا کە چیرۆکە بیوگرافییەکە گرنگ یاخود ئامانج نییە، بە هەمان شێوە دەکرێ بڵێین ڕەهەندە پۆلیسییەکەی ڕۆمانەکە، لە جوغزی بەرتەسک و سوننەتیی واتای گێڕانەوە زانراو و باوەکەی ئەدەبی پۆلیسی دێتە دەرێ. بەڵام سەرەڕای ئەو نامەئلوفییەتە هەندێک باس لەوە دەکەن کە پیگلیا لە گەلێ بەرهەمیدا پەیرەوی گێڕانەوەی پۆلیسی کردووە، وەکچۆن لەناو ئەدەبیاتی ئەرجەنتیندا پەیڕەوی کراوە و مێژوویەکی هەیە، بۆ نموونە هەریەک لە بۆرخیس و بیۆی کاساریس هاوڕێی ڕۆمانێکی پۆلیسییان بەناوی خوازراوەوە بڵاوکردۆتەوە و هەروەها چیرۆکی پۆلیسی و وتاریشیان لەبارەیەوە نووسیوە و چیرۆکی پۆلیسیشیان لە وتارەکانیاندا عەرزکردووە. شارەزایان هۆکاری دەرکەوتنی شێوازی ئەدەبیاتی پۆلیسی لە ئەدەبی ئەرجەنتیندا، دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی کە ئەدەبیاتی ئەرجەنتین، زیاتر لەژێر کاریگەری ئەدەبی ئینگلیزیدا بووە بەو پێیەی کە بەشی زۆری ئەدیب و نووسەرەکانی ئەم وڵاتە ئینگلیزیزان بوون و ڕاستەوخۆ بەم زمانە ئەدەبی ئینگلیزییان خوێندووەتەوە و وەریانگێڕاوە، یاخود لەسەریان نووسیوە و کەوتوونەتە ژێر کاریگەرییەوە، خوێنەری شارەزاش دەزانێ کە ئەدەبی ئینگلیزی لە “ئیدگار ئالان پۆ”وە تا سەر “دان براون” یەکێ لە کۆڵەکەکانی گێڕانەوە و چیرۆکی پۆلیسییە.

ڕەهەندێک کە لە گێڕانەوەی پیگلیادا جێگەی ستایشە ئەوەیە کە لە ڕۆمانەکانیدا پانتایییەکی فراوان بۆ ڕەخنە بەدی دەکرێت، بەبێ ئەوەی خوێنەر هەست بەوە بکات کە ئەوەی وەک هەڵسەنگاندن و ڕەخنە لێرە و لەوێ لەسەر کۆمەڵێک تێکستی ئەدەبی و فیکری و کولتووری کاریگەری هەردوو سەدەی نۆزدە و بیست دەوترێت، شتێکی نامۆ و بێگانە نییە، کە بەزۆر ترنجێنرابێتە نێو پانتایی گێڕانەوەی ڕۆمانەکەوە. بە دەربڕینێکی دیکە پشکنینی پڕۆفیسۆرەکە، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی دەقدا  لە گەڕان بە دوای تاوانبار و بکوژدا دەبێتە گەڕان و پشکنین و هەڵسەنگاندنێکی ئەدەبی و فیکری و کولتووریی کاریگەر. بە مانایەکی دیکە خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا، وا هەست دەکات لەبەردەم نەخشەیەکی چکۆلەی ئەدەبیاتی ئینگلیزی و ئەرجەنتینیی ئەمریکایی و ڕوسی دایە. ئەو فرە لێکدانەوە و ڕاڤەکردنەی کە بۆ دەقە ئەدەبییەکان، لەلای پیگلیا پەی پێدەبرێت، لە ڕۆمانی “ڕێگا بەرەو ئیدا”دا کاریگەری هەیە لەسەر کارەکتەرەکانی نێو دەقەکە و ئەوانیش هەریەکەیان خاوەنی زیاتر لە ژیانێکن، لە ئیملیۆ ڕینزی گێڕەرەوە و کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکەوە، کە لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە لەو کاتەدا خاوەنی زیاتر لە ژیانێک بووە، دەست بە گێڕانەوەی ڕۆمانەکە: “لەو کاتەدا من پتر لە ژیانێکم هەبوو، لەنێوان قۆناغە سەربەخۆکانەوە: قۆناغی هاوڕێیان، خۆشەویستی، ئەلکهولییەکان، سیاسەت، سەگەکان، یانەکان، هاتوچۆی شەوانە.. دەمگواستەوە و دەچوومە قۆناغێکی دیکە..” بیگرە بۆ کارەکتەرەکانی دیکەی ڕۆمانەکە و تەنانەت تاسەر ئەو پشیلەیەش کە لە چەند لاپەڕەیەکی کەمی ڕۆمانەکەدا دەردەکەوێت، هەر هەموویان خاوەنی ژیانێکی دوالیزمین و پتر لە زیندەگییەکیان هەیە. بەڵێ پشیلەکە بە ژیانێکی ئارامی ناو ماڵ ڕازییە، بەڵام بۆ ماوەیەکی درێژ بەرگەی مانەوە ناگرێت لەنێو ئەو چوار دیوارەی ماڵەوەدا، بۆیە هاوشێوەی مرۆڤ هەڵدێ و دێتە دەرێ بۆ ناو جیهانی ئازاد و کراوە. گەر پشیلەکە وەختی هاتنە دەرەوە بەدوای بڕێک شارەزایی و ئەزموون و هەتا ڕیسکدا بگەڕێت، ئەوا کارەکتەرە مرۆییەکانیش بە شێوەی ئاشکرا یان بە دزییەوە لە بوومەلێڵی ئێوارە و تاریکی شەودا ژیانەکەی دیکەی و کەسایەتییەکەی تری دەژی، یان لەناو بیرکردنەوە و مەیلە ئاشکرا و چەپێنراوەکانی خۆیدا ژیانەکەی دیکەی بە شێوەیەکی فەنتازی دەژی. ئەم مەسەلەیە وادەکات کە باس لە بوونی ڕەهەندی دەروونشیکاری بکەین لە گێڕانەوەی ڕۆمانی “ڕێگا بەرەو ئیدا”دا. لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە زمانی گێڕانەوەی ڕۆمانەکە تا ڕادەیەک زمانێکی دوالیزمانەیە، هەم ئیسپانی و هەم زمانی ئینگلیزیش بەدی دەکرێت، بە تایبەت لە دانانی هەندێ تێکستی ئەدەبی ئینگلیزیدا،

[1] بەوەدا کە تۆڵستۆی لە کۆتایی تەمەنیدا لە دەست خانمەکەی هاوسەری بەردەدا، ناچار لە ماڵ  هەڵات و کافکاش نازناوی دەزگیرانە ئەبەدییەکەی پێبڕا، دەزانین خانمی لەو چەشنەی دوو نووسەرەکە خوازیاری بوون، ئەفسانەیە و لە واقیعدا بوونی نییە!

سەرچاوە:

١. کتێبی ارنستو جى غيفارا: قارىء بلا حدود ..ترجمة واعداد: وسام عبدالله..مؤسسة تامر للتعليم المجتمعي..٢٩١٥

٢. الطريق الى ايدا..ريكاردو بيجليا ..ت| عبدالسلام باشا..الهية المصرية العامة للكتاب٢٠١٥

The post “ڕیکاردۆ پیگلیا”ی ڕەخنەگر و گێڕەرەوە appeared first on ژنەفتن.

نووسەر؛ پانتایی جوگرافیایی و خوێنەر
هەڵسوکەوت لەگەڵ نووسەر تا چەندە پابەندە بەو جوگرافیایەی کە وا لە خۆی گرتووە؟

فیلیپ ڕۆس وەک نووسەرێکی ئەمریکایی، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی ‘لۆ مۆند’ باسی تەنیایی نووسەرانی ناو کۆمەڵگەی ئەمریکی کردووە.

ڕۆس دەڵێ: نازانم تەنیایی نووسەر وەک دیاردەیەک لە هەموو جیهان وەک یەک وایە، یان نا؟ بەڵام لێرە(نیو یۆرک) زۆر بە زەحمەت دەتوانی کەسێک بدۆزیتەوە تا سەعاتێک لەسەر کتێبێک قسەی لەگەڵدا بکەیت!

ئەوەی کە دەیسەلمێنێ پانتایی جوگرافیایی چەندە کاریگەرە لەسەر چۆنیەتی هەڵسوکەوت لەگەڵ نووسەر، خاک یان ئاو و هەوای جوگرافیایی نییە، بەڵکو جۆری تێڕوانین و تاریفێکە کە لەو پانتاییەدا بۆ نووسەر کراوە. دەکرێ بڵێین بەپێی جیاوازی جۆری تێروانینەکان و تاریفەکان، جۆری تەنیاییەکانیش جیاوازە.

تاریفێکی سادە بۆ نووسەر کە هەموو جوگرافیایەک دەگرێتەوە، توانای وەبەرچاو خستنی ئەو لایەن و بەشانەی ژیانە وا وەبەرچاو نین یان باسکردن لەسەریان ئەستەمە.

خوێنەریش مرۆڤێکی گۆشەگیرە کە هیچ هاودەم و هاودڵێکی نییە

ئەوەی فیلیپ ڕۆس باسی دەکا تەنیاییەکی تاکەکەسی ڕۆشنبیرانەیە یا تەنیاییەکی گشتی؟

ئەو دەڵێ: لەمەودوا خوێنەریش مرۆڤێکی گۆشەگیرە کە هیچ هاودەم و هاودڵێکی نییە.

تاهیر بن جێلوون، نووسەری عەرەب لە وەڵامی پرسیارەکەی ‘فیلیپ ڕۆس’دا کە لە هەمان ڕۆژنامەدا بڵاوکراوەتەوە دەڵێ: لێرە (لە جیهانی سێیەم) خەڵک ڕێز لە نووسەر دەگرن، بەرهەمەکانی دەخوێننەوە، ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن و یارمەتیان لێی دەوێ.

ئەو دەڵێ: لە جیهانی سێیەمدا لەگەڵ نووسەردا ڕەفتار و هەڵسوکەوتی ئایدیاڵی دەکرێ،

بەو مانایە کە نووسەر دەبێتە قسەکەری ئەوان و نیازی خۆیان لە نووسینی ئەودا دەبیننەوە. ڕۆڵی نووسەر لێرەدا تەنیا نووسەری نییە بەڵکو پشتیوان و فریاگوزاری کۆمەڵایەتییە و دەبێ لە ڕێگای نووسینەکەیەوە هەق بداتە دەست هەقدار و هەروەها ڕاهێنەر و پەروەردەکار بێت و سەریشیان گەرم کات.

هەر لەو بارەیەوە کاتب یاسین کە یەکێکی دیکەیە لە نووسەرە ناسراوەکانی عەرەب، دەڵێ: بچیتە ئەلجەزاییر، یەکێک دێت و قۆڵت دەگرێ و دەڵێ: تۆ وتت نووسەرم، واتە دەتوانی فیکرم بخوێنییەوە…

لە ڕاستیدا ئەوە تاریفێکی سادەیە بۆ نووسەران کە چۆن دەبێ لە خزمەت ئامانج و خواستە کۆمەڵایەتییەکاندا بن و لەسەر هەموو مەسەلەیەک، سیاسی، متافیزیکی و کۆمەڵایەتی قسە و هەڵوێستیان هەبێ.

ئەو دەڵێ: تا ئێستا  لێرە ڕۆشنبیر لە خەڵک جیا نەبۆتەوە، بەڵام مەترسی ئەوە هەیە کاتێک توێژی نوێی ڕۆشنبیران و خوێندەوارانی خاوەن ئیمتیاز و مشەخۆر بێنە ئارا، خۆیان لە خەڵک دوور خەنەوە.

بە بروای ئیدوارد سەعید، ئەو مەترسییە کە نووسەر لە ڕەوتی بزاوتی کۆمەڵگادا بگۆڕێ و تەنیا وەک ئەندامێکی شایستە و شایەنی ڕێز، خۆی لە پیشەیەکدا دیل بکات، بێگومان دەتوانێ لادانێکی شەخسی بێت. چونکا پێناسەی نووسەر ڕۆشنبیرییە و ڕۆشنبیر تاکە کەسێکە ڕۆڵی نوێنەرایەتی هەموو ئەو خەڵکەی هەیە وا خۆیان و مەسەلەکانیان کەوتوونەتە پەراوێزی ئەو ڕووداوانەی وا فەرامۆش کراون یان شاردراونەتەوە.

بەڵام لەم سەردەمەی ئێستادا کە ژیانی مۆدێرن ڕۆشنبیرانی گەمارۆ داوە، نووسەر وەک ڕۆشنبیر پتر پێویستی بە هۆشیارییە، کە ئەوەش هەمان شوناسی تاکەکەسی پێک دێنێت. ئەو دەڵێ: ڕێم بدەن با ئەم مەسەلەیە لە چەند دەستەواژەی شەخسیدا دەرببرم؛ من وەکوو ڕۆشنبیرێک تێروانینەکانی خۆم بۆ کۆمەڵێک خەڵک یا گرووپێک دەخەمە ڕوو، بەڵام مەسەلەکە تەنیا بریتی نییە لەوەی کە من چۆن تێروانینەکانم دەردەبڕم، بەڵکو ئەوەشە کە من کەسێکم بۆ هاندانی ئازادی و دادپەروەری تێدەکۆشم. من کە ئەم شتانە دەڵێم یا دەیاننووسم بەشێکن لە بیروباوەڕەکانی خۆم، هەر لەبەر ئەوەشە کە ئاڵۆزییەک هەیە لەنێوان دونیا تایبەتییەکان و دونیا گشتییەکان.

مێژووی شەخسی و نووسینەکان و هەڵوێستەکانم کە لە ئەزموونەکانمەوە سەرچاوەیان گرتووە لەلایەکەوە، لەو لاشەوە چۆن ئەوانە بۆ چوونە ناو کۆمەڵگا ڕێی خۆیان دەدۆزنەوە و چۆن خەڵکی لەوێدا لێدوانی خۆیان دەربارەی دەڵێن و بڕیاری لەسەر دەدەن.

بەدەست هێنانی ڕەزامەندی بەردەنگ و خوێنەران بایەخێکی ئەوتۆی نییە، خاڵی سەرەکی بۆ نووسەر وەک ڕۆشنبیرێک، هەراسان کردن و بەرپەرچدانەوە و وەستانە،

لە ڕاستیدا شتێک بە نێوی ڕۆشنبیری تایبەت یا ڕۆشنبیری گشتی بوونی نییە. بەڵام لادانی شەخسی و هەستیاریی تایبەتی هەمیشە هەن و هەر ئەمانەش مانا بەو شتە دەبەخشن کە دەگوترێ یان دەنووسرێ.

بەدەست هێنانی ڕەزامەندی بەردەنگ و خوێنەران بایەخێکی ئەوتۆی نییە، خاڵی سەرەکی بۆ نووسەر وەک ڕۆشنبیرێک، هەراسان کردن و بەرپەرچدانەوە و وەستانە، ڕەنگە هەر ئەوەش ببێتە هۆی ئەوەی هێندێک بوونی ئەویان پێخۆش نەبێت.

سی. رایت مێلز کۆمەڵناسی بەنێوبانگی ئەمریکایی بە ڕوانینێکی کۆمەڵایەتیانە ئەم مەسەلەیە بەمجۆرە دەردەبرێت و دەڵێت: “سیستمە کردەییە مۆدێرنەکان ئێمەیان لە زەلکاوێکدا گەوزاندووە، هەر ئەو زەلکاوەش وایکردووە تا ڕۆشنبیر لە مابەینی تەنیایی و وابەستەییدا بمێنێتەوە.

وا دەردەکەوێ ئەوانەی وا باسی کرا بە جوگرافیایەکی تایبەتیشەوە گرێ نەدراوە. بەڵکو جۆری ململانێ کردنەکانە کە نووسەر پاڵ پێوە دەنێ بەرەو تەنیایی یا چوونە ژێر باری خواستە کۆمەڵایەتییەکان، جا لە حکومەتەکانەوە بیگرە تا ڕێکخراوەکان و کەمایەتییەکان و خەڵکی ئاسایی.

ڕایت مێلز دەڵێ: هەندێک هەن ڕۆشنبیر و رۆبین هوود بەیەک دەشوبهێنن! بە هەر حاڵ ئەوە ڕۆڵێکی ئاسان نییە و لەم ڕووەشەوە ناتوانین هەروا بە ئاسانی نووسەر وەک ئایدیاڵیستێک پشتگوێ بخەین. ناوبراو دەشڵێ: بەلای منەوە ڕۆشنبیر نە کەسێکی ئاشتیخوازە و نە سازێنەری سازشێکی گشتییە، بەڵکو ڕۆشنبیر کەسێکە کە ئامادە نییە لەگەڵ هەر شتێکدا بگونجێت و قەبووڵی بکات جا ئەو شتە چ دەسەڵات بیڵێت یا نەریت.

ئەوەش بە تەنها قەبووڵ نەکردن نییە، بەڵکو ئەو چالاکانە بەرامبەری ڕادەوەستێ و دەریدەبرێ و دەیخاتە ڕوو.

ئەنجامدانی ئەوانەش ‌پێویستی بە واقیعگەراییەکی جێگیر و خۆڕاگر، وەزەیەکی بەهێز و هەروەها کۆششێکی بێوچان هەیە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگییەک لەنێوان کێشە تاکە کەسییەکان و ئەرکەکانی ئەو لە بواری گشتیدا. ئەم هۆکارانە وا لە ڕۆشنبیر دەکات کە ڕۆشنبیری ببێتە پیشە، ئەویش پیشەیەکی کە بریتییە لە کۆششێکی بەردەوام و ئاوێتەیەکی ناتەواو و ناکامڵ!

لە هەمان کاتدا، ئەم پیشەیە مەرج نییە ببێتە مایەی ناوبانگ بۆ تاکەکەس، بەڵام ئاڵۆزی و بەهێزییەکەی دەبێتە مایەی پڕی و دەوڵەمەندی.

ئەنتۆنیو گرامشی (ڕۆژنامەوان و فەیلەسووفی ئیتالیایی) لەو بارەیەوە دەڵێ: ئەوانەی ڕۆڵی ڕۆشنبیر دەبینن لە کۆمەڵگادا، دوو گرووپن؛ ڕۆشنبیرانی تەقلیدی و ڕۆشنبیرانی خۆرسک.

بە بروای ئەو ڕۆشنبیرانی لاساییکەر (مامۆستایان، قەشەکان، بەڕێوبەران و کارمەندان) کە کارەکانیان لە وچەیەکەوە بۆ وچەیەکی دیکەوە بەردەوام دەبێت و کەم تا زۆر لە شوێنێکدا جێگیرن و بەردەوام سەرگەرمی دووپات کردنەوەی کارێکن، لە کۆمەڵگادا کەمتر دەکەونە بەر زەبری تەنیایی یا ململانێیەکی لەو چەشنە.

پێچەوانەی ئەوان، ڕۆشنبیری خۆرسک بە شێوەیەکی کارایانە لە کۆمەڵگادا بەردەوام لە ململانێدایە بەو مانایەی کە هەمیشە لە پێناوی گۆرینی بیروڕا و گەشەسەندن تێدەکۆشێ.

ئەوان بەردەوام لە گەران و پشکنیندان و لە بەرپرسیاریەتی نزیکترن.

ئەوەی کە ئێستا کەوتۆتە بەرباس و لێکۆڵینەوە، هەر ئەو بایەخەیە وا دراوە بە ڕۆشنبیران کە بۆتە هۆی ئەوەی کە خودی خۆیان ببنە بابەتی لێکۆڵینەوە. هەرچەن لەو بارەیەوە هەزاران بابەت و بۆچوون نووسراوە و لەبەر دەست دایە و دەتوانین بڵێین هەر پنتێکی جیهان ڕۆشنبیرانی تایبەت بە خۆی بەرهەم هێناوە، بەم پێیە دەکرێ لەسەر هەر یەک لەو بۆچوونانە دیسان لێدوان و گفتوگۆ بکرێ.

The post نووسەر؛ پانتایی جوگرافیایی و خوێنەر appeared first on ژنەفتن.

ڕۆمان لەنێوان جەماوەر و خوێنەردا
(کۆندێرا) لە کتێبی (هونەری ڕۆمان)دا دەنووسێت: (لای من دامەزرێنەری سەردەمی نوێ، تەنیا دێکارت نییە، بەڵکوو سێرڤانتسیشە). دەیەوێت بڵێت ئەوەی ڕۆماننووس لە چاوی خۆیەوە دەیبینێت، هەمان ئەو دنیایەیە، کە فیلۆسۆفیش دەیبینێت، بۆیە ئەوەی (سێرڤانتس)ی ڕۆماننووس، نووسەری (دۆنکیشۆت) لە ڕووی ئێستاتیکاوە بەرهەمی هێناوە، کەمتر نییە لەوەی (دێکارت)ی فیلۆسۆف لە ڕووی فەلسەفییەوە پێی گەیشتووە.

جەماوەر ئەو زۆرایەتییە دەگرێتەوە، کە بە ڕێککەوت و لە بۆنەکاندا دەبنە بینەری چالاکییەک.

ڕۆمان لە دوای بڵاوبوونەوەی بە دوو ئاڕاستەدا دەڕوات: یەکەم، ئاڕاستەی جەماوەر و دووەم، ئاڕاستەی خوێنەر. پێویستە بزانین جیاوازیی نێوان جەماوەر (Audience) و خوێنەر (Reader) چییە. جەماوەر ئەو زۆرایەتییە دەگرێتەوە، کە بە ڕێککەوت و لە بۆنەکاندا دەبنە بینەری چالاکییەک. مەبەستی دیاریکراویان هەیە و ئەوانە هەڵدەبژێرن، لێیانەوە نزیکن و دەتوانن ئارەزوویان تێر بکەن. شەڕەکەڵەشێر، یاریی فوتبۆڵ، کۆنسێرت و شتی لەم بابەتە سەرنجیان ڕادەکێشن و هەستی خۆیان، کە زۆربەی کات ئەو هەستە کاتییە، لە ڕێی چەپڵە، فیکە، قیژە، قاقای پێکەنین، گریان، هەلهەلە و هیی دیکەی لەم شێوەیەوە دەردەبڕن. دڵنیایییەکی زۆر لە قەرەباڵغیدا وەردەگرن، بۆیە هەمیشە خۆیان لەو شوێنانەدا دەبیننەوە، کە تێیاندا زۆرایەتی پشتگیریی هەست و بۆچوونیان دەکەن. هەر بەو هەستەوە دێنە ناو دنیای خوێندنەوەوە، بگرە هەندێکیان دەبنە نووسەر، نووسەری ناسراویش، بەوەی هەمان ئاستی جەماوەریان هەیە. ئەو بەرهەمانە سەرنجیان ڕادەکێشن، کە ئاسانن. ئەمەیش مانای وایە لەوێیشدا ئەو زۆرایەتییە دەدۆزنەوە، بەوەی زۆرایەتی لە دەوری شتە زەقەکاندا کۆ دەبنەوە. جەماوەر لە خوێندنەوەدا بە دوای ئەو نووسراوانەدا دەگەڕێن، کە یاساکانی وەک هیی شەڕەکەڵەشێر ڕوونن. ئەوەیان لا گرنگە تێگەیشتنەکەیان هەمان تێگەیشتنی ئەوانەی تر بێت، تا دڵنیا ببن لەوەی پێوەندییان پێکەوە ماوە. نووسەرە سادەنووسەکان دەچنە دڵی جەماوەرەوە، بەوەی هەمان تێگەیشتنی ئەوانیان هەیە و گوتەکانیان گوتەی خۆیانن. مێدیای حیزبی و ناحیزبییش لێرەدا ڕۆڵی خۆیان دەبینن، چونکە خودی ئەو مێدیایانە جەماوەرین.

خوێنەر بوونەوەرێکی تاکانەیە. تێگەیشتنێکی جیاوازی هەیە و لە ڕێی ئەو تێگەیشتنەوە دنیایەکی دیکەی سەربەخۆی دروست کردووە.

بەڵام خوێنەر چییە؟ خوێنەر بوونەوەرێکی تاکانەیە. تێگەیشتنێکی جیاوازی هەیە و لە ڕێی ئەو تێگەیشتنەوە دنیایەکی دیکەی سەربەخۆی دروست کردووە. لەناو ئەو دنیایەدا خاوەنی سیستەمێکی دیکەی زمانەوانییە، بۆیە نەک هەر مانا ئاشکراکانی تێپەڕاندووە، بەڵکوو بە یەک ڕێگەی لێکدانەوەی ماناکانی دنیای خۆیشی ڕازی نییە. دەستی لە بڕیاردانی پێشوەختە هەڵگرتووە و متمانەی تەواوی لەسەر تواناکانی خۆیەتی. خوێنەر ئەو چەمکەیە، کە لانی کەم لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزانی بە خۆیەوە خەریک کردووە، بەڵام ناکرێت ئەوە لە بیر خۆمان ببەینەوە، کە بە گشتی ڕێبازە فەلسەفییەکان لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەمەوە ڕێگەیان بۆ لەدایکبوونی چەمکی خوێنەر خۆش کرد. بۆ نموونە لە بیرۆکەی (مەرگی خواوەند)ی (نیتشە)وە بیرۆکەی (مەرگی نووسەر) لای (بارت) و (فۆکۆ) دێتە کایەوە، کە (بارت) لە کتێبی (مەرگی نووسەر)دا دەڵێت پێویستە لەدایکبوونی خوێنەر لەسەر حیسابی مەرگی نووسەر بێت. لە کتێبی (چێژی تێکست)دا پێی لەسەر دادەگرێت، کە خوێنەر ئەو بوونەوەرەیە لە جیاتیی ئەوەی ببێتە بەکاربەری تێکست، دەبێتە بەشدارێکی چالاک لە بەرهەمهێنانیدا. پێوەندییەکەی بە تێکستەوە وەک پێوەندیی دڵدارە بە دڵبەرەکەیەوە. (بارت) بەم شێوەیە خۆی وەک خوێنەر پێناسە دەکات: (من عاشقی زمانم، کەواتە عیشقی خۆم بۆ نووسراو ڕادەگەیەنم). خوێنەر لە ڕێگەی چێژەوە یاخی دەبێت و لە یاسا دەردەچێت، بەوەی خاوەنی خوێندنەوەیەکی جیاوازە. بۆیە چێژ دەبینێت، چونکە تاکە و خاوەنی جەستەی خۆیەتی. سەرەڕای ئەو بایەخە گەورەیەی (بارت) بە خوێنەری دەدات، کەچی هێشتا لای تیۆریستانی تیۆریی وەرگر (Reception theory) ئەو بایەخە کەمە، بەوەی زیاتر بۆ تێکست ئاڕاستە کراوە. لێرەوە کۆمەڵێک ڕەخنەدۆزی وەک (یاوس)، (ئایزەر)، (ئیکۆ)، (ڕیفاتێر) و هیی دیکە پێوەی خەریک دەبن و لەم ڕووەوە چەند چەمکی وەک (خوێنەری ناوەکی)، (خوێنەری نموونەیی)، (خوێنەری باڵا)، (خوێنەری ڕاستی) و زۆری تر دێنە کایەوە. هەر لەم نێوەدا ناکرێت چەمکی هەڵوەشاندنەوەی (دێریدا) فەرامۆش بکەین، کە ئەو فیلۆسۆفە بە شێوازی خۆی بایەخ بۆ خوێنەر دەگەڕێنێتەوە.مەبەستم نییە بە درێژی لەبارەی ئەو تیۆرییانەوە بنووسم، کە پێشتر نووسیمە، بەڵکوو تەنیا دەمەوێت وێنەیەکی چەمکی (خوێنەر) بە دەستەوە بدەم، تا جیاوازییەکەی لە ئاست چەمکی (جەماوەر)دا دەربکەوێت.

ئایا بۆچوونی جەماوەر لە هەڵسەنگاندنی چەمکێکی وەک ڕۆماندا بایەخی هەیە؟ بەر لەوەی خۆم بە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەوە خەریک بکەم، پێویستە بپرسم ئایا (جەماوەر) چەمکێکی چەسپاوە و چوارچێوەی کۆنکرێتبەندیی هەیە؟ دەکرێت بڵێم بەشێکی ئەوانەی ئەمڕۆ خوێنەرن، دوێنێ جەماوەر بوون. هەر کاتێ تاکێک دەست لە بڕیاری پێشوەخت هەڵدەگرێت و لە ڕێی پرسیاری خۆیەوە ڕووبەڕووی تێکست دەبێتەوە، بەو مەبەستەی مانای شاراوە بدۆزێتەوە و لێکی بداتەوە، ئەوە لە ئاستی جەماوەرەوە دەچێتە ئاستی خوێنەر.

ئەگەر بۆ دەربڕینەکەی (کۆندێرا) بگەڕێینەوە و لە گۆشەیەکی دیکەوە بیخوێنینەوە، ئەوەیشمان بۆ دەردەکەوێت، کە ڕۆمان وەک فەلسەفە لە گەشەکردنی بەردەوامدایە. با (نیتشە)، (فرۆید) و (بێرگسۆن) بە نموونە بهێنینەوە، کە هەرسێکیان لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەمدا دەردەکەون و گۆڕانی گەورە لە بیرکردنەوەدا دەکەن. کاریگەریی ئەوانە هەر خێرا لە ئەدەب بە گشتی و لە ڕۆمان بە تایبەتیدا دەردەکەوێت. خاڵی هاوبەشی هەرسێکیان، ئەوەیە، دەروونی مرۆڤ هەڵدەکۆڵن و مانای دیکەی تێدا دەدۆزنەوە. مەبەستم نییە بە وردی باسیان لێوە بکەم، لە کاتێکدا پێشتر کردوومە و ئەگەر پێویستیش بکات، بۆیان دەگەڕێمەوە، بەڵکوو تەنیا ئەو کاریگەرییەیان دەردەخەم، کە لەسەر ڕۆماندا جێیان هێشتووە. چەمکی (کات) و (زمان) وەردەگرین، کە لای ئەوان گۆڕانی گەورەیان بەسەردا دێت. ئەو دوو چەمکە ڕۆمانی نوێیان لەسەر دامەزراوە. بە هۆی ئەو دووانەوە گێڕانەوە دەگاتە ئاستێکی تر، کە بەرهەمەکانی (جۆیس)، (پرۆست)، (ڤێرجینا ۆلف)، (فۆکنەر) و زۆری دیکە دابڕانی گەورە لەگەڵ هیی پێش خۆیان دروست دەکەن. لەمەوە وێنەی ئەدەبی لە ئاستی دیار (Visible)ـەوە دەچێتە ئاستی نادیار (Invisible). بە مانایەکی دیکە، ماناکان ئەوە نین بە زەقی هەن و لە خوێنەر دیارن، بەڵکوو لە ناوەوەن و تێکچڕژاون. وێنەی بێچوارچێوەن و سنووریان دیار نییە، بەڵکوو ئەوە خوێنەرە لە ڕێی خوێندنەوە و لێکدانەوەوە پێکیان دەبەستێتەوە، لە کاتێکدا ئەو پرۆسێسە تایبەتە بەو خوێنەرە، بە ڕادەیەک هەم لە هیی نووسەر جیاوازە و هەم لە هیی خوێنەرێکی دیکەیش.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەو ڕۆمانەی جەماوەری ئێمە، نەوەک خوێنەرمان هەڵیدەسەنگێنن و پێی شاگەشکە دەبن، لەبەر ئەوە نییە هەمان ئاستی خۆیانی هەیە؟ ئایا من دژی ئازادیی ئەو جەماوەرەم؟ نەخێر، بەڵام قسەم هەیە، کاتێ ئەو حوکمەی جەماوەر دەگاتە لای ڕەخنەگری میلـلی و هەندێک لە مامۆستایانی زانکۆ، کە بایەخی فڵان ڕۆمان لەوەدا دەبیننەوە جەماوەر پەسەندی کردووە. زۆری لێ فرۆشراوە و زۆری لەبارەوە گوتراوە.

* ئەگەر مەبەستتە زیاتر لەبارەی ئەم چەمکانەوە بخوێنیتەوە، دەکرێت بۆ ئەم بەرهەمانەم بگەڕێیتەوە:

_ گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام.

_ منداڵێک بە دزییەوە کتێب دەخوێنێتەوە.

_ لە (ڕەخنەگر کێیە)وە بۆ (ڕەخنە چییە). بۆ تەوەرەی (ڕەخنە)ی (ژنەفتن) نووسراوە.

_ کات وەک پرسیارێکی شەڕانگێز لە ئەزموونی مندا. (گێڕانەوەی ئەزموونی خۆمە لەبارەی چەمکی کاتەوە، کە لەم نزیکانە گۆڤاری گێڕانەوەناسی بڵاوی دەکاتەوە).

The post ڕۆمان لەنێوان جەماوەر و خوێنەردا appeared first on ژنەفتن.