کوشتنی فیل و پاراستنی دووکانی شووشەوات

دەیەم کتێبی ئەلیکترۆنی ماڵپەڕی ژنەفتن

کتێبی (کوشتنی فیل و پاراستنی دووکانی شووشەوات)ی کاروان عومەر کاکەسوور، کە ناونیشانە لۆکاڵییەکەی بەم شێوەیەیە: (لە دایەلۆگەوە بەرەو ناسینەوەی خەسڵەتەکانی خوێنەری ڕەهەند)، هەوڵێکە بۆ دامەزراندنی دایەلۆگ لەبارەی پڕۆژەی (ڕەهەند)ـەوە. بیرۆکەی کتێبەکە لەو کۆمێنتانەوە سەری هەڵداوە، کە هەندێک خوێنەری (ڕەهەند) بۆ گوتارێکی (سۆران ئازاد)یان نووسیوە. گوتارەکەی (ئازاد) لەژێر ناونیشانی (تێگەیشتن لە وەهمی ڕەهەند و ڕەهەندییەکان)دا نووسراوە و یەکێکە لەو بابەتانەی لە (تەوەرەی ڕەهەند)دا بڵاو کراوەتەوە، کە (ژنەفتن) بە مەبەستی تێگەیشتن لەو پڕۆژەیە دایمەزراندووە. ئەم کتێبەی من دایەلۆگی کردووەتە ئامانج و هەر لەوێیشەوە ڕووبەڕووی ئەو چەمکانە دەبێتەوە، کە هەندێک لەو خوێنەرانەی (ڕەهەند) تێهەڵکێشی بۆچوونی خۆیانیان کردوون. بەوەدا ناوم هێنراوەتە ناو باسەکەوە، ئەوە وەک بەرپرسیاریەتییەک هاتوومەتە دەنگ و لە ڕێی ئەم دایەلۆگەوە دەدوێم، کە فۆکەسی یەکەمم لەسەر چەمەکەکانە، بەو مانایەی هەوڵ دەدەم لە ئاستی چەسپاوەوە بیانخەمە ئاستی ئاماژەوە، تا ڕووبەرە شاراوەکانیان دەربکەون و بوار بۆ حوکم نەمێنێتەوە. واتە کاتێ ئەو پرینسیپەی (سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی) تێک دەشکێت و بێژمار ئاڕاستەی دیکە لە هەر چەمکێکدا دێنە ئاراوە، بە ناچاری دەست لە حەقیقەتی دیاری ئەو چەمکە هەڵدەگرین و لەبارەی دەیان حەقیقەتی دیکەی نادیارەوە دەدوێین، کە ناکرێت لە هەمان دۆخدا بمێنینەوە و هەمان شت لەبارەی ئەو چەمکەوە بڵێینەوە. بۆ نموونە کاتێ ڕووبەڕووی چەمکی (ترس)، (مەعریفە)، (مێژوو)، (نەخوێندەوار) و هیی دیکە دەبینەوە، ئەوە قاڵبەکانیان تێک دەشکێنرێن و لەو چوارچێوە کۆنکریتبەندییە دەردەهێنرێن، تا لە ئاستی (بوون)دا بکرێنەوە و کۆمەڵێک مانای شاراوەیان تێدا دەربکەون. ئەمەیش وا دەخوازێت لە ڕێی دایەلۆگەوە بۆ سەرچاوەکانی فەلسەفە بگەڕێینەوە، بەو مانایە نا بیانکەینە پێوەر و شوناس، بەڵکوو بە مانای دۆزینەوەی ڕایەڵی دیکەی جیاوازو ڕووبەری فرەوانتری ئاماژە.

لە دەروازەی باسەکەدا چەمکی هەڵەی لۆژیکی (logical fallacies) ڕێی پێ گرتووین، بەوەی بە گشتی بووەتە خەسڵەتی سەرەکیی کۆمێنتەکان. هەوڵ دراوە ڕەهەندەکانی ئەو چەمکە دەربخرێن، بۆیە لەم ڕووەوە کتێبی (هونەری ڕاستێتی)، یان (هونەری ئەوەی ڕاست بیت)ی (ئارتوەر شۆپێنهاوەر) وەک سەرچاوەیەکی گرنگ خۆی بەسەر باسەکەدا سەپاندووە. لە میانەی لۆژیک و نالۆژیکەوە، بۆچوونی (فریدرێک نیتشە) و (مارتین هایدیگەر)یش هەر لە ڕێی دایەلۆگەوە ئاوێتەی ئەو باسە بوون.

بەشێکی دیکەی باسەکە پێوەندیی بە چەمکی (خوێنەر)ـەوە هەیە و هەوڵ دراوە بە شێوەیەکی جیاواز لێک بدرێتەوە، بەوەی ئەوانەی لێرەدا کۆمێنتیان نووسیوە، هەندێک لەو خوێنەرانەن، کە داکۆکی لە (ڕەهەند)، بە تایبەتی لە (بەختیار عەلی) دەکەن. بەم شێوەیە (خوێنەر) چییە و بایەخی خوێنەر لە خوێندنەوەی تێکستدا چییە، قسەیان لێوە دەکرێت و بۆچوونی هەندێک لەو ڕەخنەدۆزانە دەهێنرێنەوە، کە لەو بارەیەوە نووسیویانە.

بەشێکی باسەکە بۆ هەردوو چەمکی (نەخوێندەوار) و (زبڵ) تەرخانە، کە لەم سێ دەیەی ڕابردوودا (بەختیار عەلی) لە پاڵ کۆمەڵێکی دیکەدا بە کاری هێناون و بە شێوەیەک لە شێوەکان بۆ هەندێک خوێنەریشی پەڕیونەتەوە. هەوڵ دراوە بنیادی ئەو دوو چەمکە تێک بشکێنرێن، بەو مەبەستەی ئەو ئاستانەیان دەربکەون، کە تاکوو ئەمڕۆ لای خەیاڵی میلـلی شاراوەن.

بەشێکی تایبەت لەبارەی گوتارەکەی (ئازاد)ـەوەیە، چونکە هەندێک لەو خوێنەرانە پێیان وایە من نووسیومە، نەوەک خۆی. لەم بەشەدا جگە لەوەی ئەو تۆمەتە دەدریتە دواوە، باسی چەمکی (تێکست)یش دەکرێت بە تایبەتی لای (ڕۆلان بارت) و (مێشێل فۆکۆ)دا.

لە بەشی کۆتاییدا ئەم گوتەیە (ئەمانە لە دونیای فیکردا وەک فیلێک وابوون لە دوکانێکی شوشەواتدا هەرچۆن بجوڵانایەتەوە شتێکیان ئەشکاند) لێک دەدرێتەوە، کە دراوەتە پاڵ (بەختیار عەلی)یەوە. لێرەدا وا پێویست بووە بۆ کتێبی (کاری هونەری)ی (هایدیگەر) بگەڕێینەوە، تا لەوێوە هەوڵ بدەین بزانین (شت) لە کاری هونەریدا چ ڕۆڵێکی هەیە.

وەک گوترا بۆ تێگەیشتن لە هەر چەمکێک، پەنامان بۆ بواری فەلسەفە بردووە. بەرپرسیاریەتییەکەیش وای خواستووە، تا دەکرێت لە سەرچاوەی یەکەمەوە بۆچوونی فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزان وەربگیرێت، کۆنتێکستەکانیان بهێنرێن، لێک بدرێنەوە و بە شێوەی میکانیکی نا، بەڵکوو بە شێوەی سروشتییانە بە باسەکەوە پێوەست بکرێن.

بایەخی گەورەم بە بۆچوونی ئەو خوێنەرانە داوە. ئەو بایەخە لەوەدا دەردەکەوێت. ئەم کتێبە نووسراوە، کە خۆیان تێیدا بەشدارن. ئەوانیش دەتوانن لەبارەی ئەوانەی منەوە قسەی خۆیان بکەنەوە، مادام چەمکەکان هەڵدەگرن لە دیدگەی جیاوازەوە بخوێنرێنەوە و هیچ خوێندنەوەیەکیش بە کۆتا دانانرێت. ئەوەی من کردوومە، سڕینەوەی بۆچوونی ئەوان نییە، بەڵکوو پێشاندانی ئاستی دیکەیە لەبارەی هەمان چەمکەوە، بۆیە لام گرنگ نییە، ئاخۆ ئەوانە خوێنەری (ڕەهەند)ن، یان نا! کردنەوەی چەمکەکان لە ڕێی دایەلۆگەوە، کاری سەرەکیی ئەم نووسینەیە. زووتریش گوتوومە کاتێ ئەوەی بەرانبەرمان دەسڕینەوە، پێشتر خۆمان سڕیوەتەوە، چونکە لێرەدا پێوەرمان بۆ سڕینەوە داناوە. واتە بە هەمان پێوەر خۆیشمان سڕیوەتەوە. لەم بەرهەمەیشمدا دایەلۆگ لەگەڵ فیکری ئەو فیلۆسۆفانەی جیاوازیدا کراوە، کە لە دژی پێوەر و شوناس وەستاونەتەوە.

لە هەر ئاڕاستەیەکی دایەلۆگدا، هێزێک لە ناوەوە دەردەکەوێت و بەر ئەو هێزانەی دیکە دەکەوێت، کە لە ڕێی پرۆسێسی کرانەوەوە هاتوونەتە دەرێ، تا بە ڕووی نەزانراودا بتەقنەوە.

ئەگەر هیوایەک بخوازم، تەنیا ئەوەیە، ئەم باسەم دایەلۆگێکی زیندووی لێ بکەوێتەوە. واتە بەر ڕوانینی زیندوو بکەوێت و زیاتر چەمەکەکان بخرێنە باری دینامیکییەوە. لە ئاستی هەر بۆچوونێکدا کراوەم، ئینجا گرنگ نییە بۆچوونەکە هیی کێیە و چەند لە هیی من جیاوازە.

ئەم کتێبە، ماڵپەڕی ژنەفتن وەک کتێبی ئەلیکترۆنی (فایلی pdf) بڵاوی دەکاتەوە. (دەتوانن لەسەرەوە لە دوگمەی داگرتنی کتێب ئەم کتێبە دابگرن.