ڕەخنەی ئەدەبی Archives - ژنەفتن

لەبارەی ڕەخنەی ڕۆمانەوە
بابەتی ڕەخنەی ئەدەبی بە گشتی، یەکێکە لەو باسانەی بەردەوام جێی دیالۆگ، ڕوانین و ڕامان بووه‌. ڕێگە و هێڵی گەشەی ڕەخنەی ئەدەبی لە شوێنێک نەوەستاوە و نایشکرێت قۆناغێکی ڕەخنەی ئەدەبی بەلاوە بنرێت، یان وەک ئایدیا و باوەڕێکی لەکارکەوتوو و بەسەرچوو تەماشا بکرێت، به‌ڵکوو هەموو قۆناغەکان هه‌رده‌م وەک ئەگەر، دەکرێت سوودیان لێ وەر بگیرێت و بۆیان بگه‌ڕێینه‌وه‌. لەو دیدگایەوە بیرمەند و فەیلەسووفان بەردەوام گەشەیان بە تیۆری و ئایدیاکانی یه‌کدی داوە.

با بپرسین ئایا بۆ ڕه‌خنه‌گرتن له‌ ڕۆمان پێویستمان به‌ دیدگای فه‌لسه‌فی هه‌یه‌؟ ڕەخنەگرتنی ئەدەبی، بەتایبەتی ڕەخنەگرتن لە ڕۆمانەکان، تەنیا هەڵسەنگاندنێکی سادەی باش و خراپیی بەرهەمێکی هونەری نییە، بەڵکوو چالاکییەکی فەلسەفییانەی قووڵیشە و پێوەندیی بە سروشتی زمان، گێڕانەوە، هەقیقەت، خودی مرۆڤ و پێوەندیی نێوان هونەر و ژیانیشەوە هەیە. کاتێک ڕۆمانێک دەخوێنینەوە و پاشان هەوڵی لێکدانەوەی دەدەین، ئەوە لەگەڵ کۆمەڵێک پرسیاری فەلسەفیدا ڕووبەڕوو دەبینەوە. لێکۆڵینەوە لە جیهانی ناوەکییانەی ڕۆمان، شیکردنەوەی زمان وەک پێکهاته‌یه‌کی فەلسەفی، تێگەیشتن لە تاک و پرسیارە بنه‌ڕه‌تییه‌کان و بەشداریکردن لە دیالۆگێکی بێکۆتایی لەگەڵ تێکسته‌که‌دا، ئیشی ڕه‌خنه‌یه‌. ڕەخنەی ڕۆمان کۆشان نییه،‌ تا وەڵامی پرسیارەکان بداته‌وه‌، بەڵکوو ته‌قه‌لایه‌ بۆ ورووژاندنی پرسیاری نوێ، تاکوو ئاسۆکان فره‌وانتر ببن و خوێنەر به‌ جووڵه‌ بکه‌وێت، تا بە قووڵی و لە بازنه‌ی فەلسەفییەوە لە ڕۆمان بڕوانێت وەک ئەوەی پێوەندیی بە ژیانەوە هەیە. به‌گشتی ئامانجی ڕەخنە ئەوە نییە ڕۆمانێک بخاتە ناو قاڵب و کڵێشه‌وه‌، بەڵکوو دەرفەت بۆ مانا نوێیەکان فه‌راهه‌م ده‌کات.

ڕۆمان، پێش ئەوەی ببێتە فۆڕمێکی گێڕانه‌وه‌ یان پەیامێک، دنیایه‌کی ناوەکی دروست دەکات، کە خاوەنی یاسا و واقعی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی. کاتێک ڕەخنەگر ڕۆمانێک شڕۆڤه‌ ده‌کات، لە ڕیالیزمه‌وه‌ تا خەیاڵی زانستی و فەنتازیا، ئەوە هەوڵێکە و دەیەوێت لە ڕێیەوە لەم دنیا ئه‌فرێنراوه‌ تێبگات. پرسیارەکانی وەک: ئایا ئەم گێڕانه‌وه‌یه‌ باوەڕپێکراوە؟ یاساکانی چین و چۆن کار دەکەن؟ پێوەندیی کاراکتەرەکان لەگەڵ ئەم دنیایه‌ چۆنە؟ زمان تەنیا ئامرازێک نییه‌ بۆ گێڕانەوەی چیرۆک، بەڵکوو فەلسەفەیەکیش لە خۆ ده‌گرێت. شێوازی بەکارهێنانی زمان لە لایەن نووسەرەوە، هەڵبژاردنی وشەکان، ڕستەسازی، ڕیتم و ستایل، هەموویان ڕەنگدانەوەی دیدگای جۆراوجۆری فەلسەفین. ڕەخنەکار پێویستە شارەزایییەکی قووڵی لە زمان هەبێت، تا تێبگات چۆن زمان دەتوانێت هەقیقەت بشێوێنێت، چۆن دەتوانێت واقعیه‌تێکی نوێ بئافرێنێت. شیکردنەوەی زمان لە ڕۆمانێکدا بریتییە لە شیکردنەوەی ئەو فەلسەفەیەی کە لە ناوه‌خنی زمانەکەدا حەشار دراوە.

ڕۆمانەکان زۆرجار ڕووبه‌رێکن بۆ لێکۆڵینەوە لە خودی مرۆڤ و پرسی ناسنامە. کاراکتەرەکان بە ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانیانەوە وەک ئاوێنەیەکن بۆ خوێنەر، تا لە خۆی بڕوانێت. ڕەخنەگر پێویسته‌ پرسیار بکات: ئەم ڕۆمانە چۆن تاک وێنا ده‌کات؟ ئایا پرسی ناسنامە شتێکی جێگیرە یان گۆڕاوه‌؟ چۆن کاراکتەرەکان لەگەڵ فشارەکانی جڤاتدا مامەڵە دەکەن؟ ڕۆمانەکان زۆرجار بوارێکیشن بۆ گه‌نگه‌شه‌ی پرسیارە ڕەوشتییەکان. بڕیاری کاراکتەرەکان، به‌رهه‌می کردارەکانیان، هەڵبژاردنەکانیان لەنێوان ڕه‌ش و سپیدا، هەموویان بابەتێکن بۆ لێکۆڵینەوە له‌ چوارچێوه‌ی پرسی (فه‌لسه‌فه‌ی ڕەوشت)دا. ڕەخنەگر ده‌کۆشێت لەو پرسیارە تێبگات کە ڕۆمانەکە ده‌یخاته‌ ڕوو، نەک تەنیا بڕیار لەسەر باش یان خراپیی کاراکتەرەکان بدات، بەڵکوو دەیەوێت لەو ئاڵۆزییە تێبگات کە ژیانی مرۆڤی پێک هێناوە. ئەمەیش پێوەندیی بە (فه‌لسه‌فه‌ی ڕەوشت)ەوە هەیە، چۆن نووسەر لە ڕێگەی کاراکتەرەکانیەوە دیدگایەکی ڕەوشتییانە پێشکەش دەکات، یان پرسیار لەبارەی ڕوانینه‌ باوەکانەوە دەخاتە ڕوو.

ڕەخنەگرتن لە ڕۆمان تەنیا شیکردنەوەیەکی تاکلایەنە نییە، بەڵکوو دیالۆگێکی فەلسەفییشه‌ لەنێوان خوێنەر، ڕەخنەگر و تێکسته‌کەدا‌. هەر خوێندنەوەیەک، وەک ئه‌وه‌ی گادامەر باسی ده‌کات، بریتییە لە تێکەڵکردنی ئاسۆکان، ئاسۆی خوێنەر و ئاسۆی تێکست تێکه‌ڵ دەبن. واتە ڕەخنەگر تێکست بەپێی تێگەیشتنە فەلسەفییەکانی خۆی و ئەو چوارچێوە فیکرییەی کە تێیدا دەژی، لێک دەداتەوە. لەم ڕایە‌ڵه‌وه‌، کاتێک ڕۆمانێک ده‌خوێنینه‌وه‌، هیچ خوێندنەوەیەکی ڕەها و کۆتایی له‌ بەرچاو ناگرێت. هەر ڕەخنەیەک بریتییە لە خوێندنەوەیەکی نوێ، گومانکردنێکی نوێ، دۆزینەوەیەکی نوێ لەو واتا بێکۆتاییانەی کە لە تێکسته‌که‌دا حەشار دراون. ده‌شێ بڵێین: ئامانجی ڕەخنەگرتن له‌ ڕۆمان ئەوە نییە چیرۆکه‌که‌ ڕوون بکاتەوە، بەڵکوو گرنگه‌ ئاڵۆزییەکانی تێکست دەربخات و پرسیاری نوێ بورووژێنێت.

وه‌ک گوتمان ڕه‌خنه‌ خۆی له‌ دیدگایه‌کی فەلسەفی هه‌ڵده‌قوڵێت، به‌ڵام دەبێت ئاگاداری سنوور و چوارچێوه‌کانیش بین. یەکێک لە سه‌رنجه‌کان ئەوەیە کە ڕەخنەگر لەناو تیۆرییە فەلسەفییەکاندا نوقم بێت و ته‌واو له‌ ئەزموونی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە دوور بکەوێتەوە. واتا كاره‌كه‌ی زۆرتر گواستنه‌وه‌ی تیۆره‌كان بێت، له‌ جێیی پڕاكتیك و شڕۆڤه‌. ڕەخنە نابێـت سه‌کۆیه‌ک بێت بۆ كۆپیكردنی تیۆره‌كان و نمایشکردنی زانیارییەکانی ڕەخنەگر لەبارەی فەلسەفەوە، بەڵکوو ده‌بێت دیالۆگ له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رچاوانه‌ دامه‌زرێنێت و خزمەت بە تێگەیشتنێکی قووڵتر لە ڕۆمانەکە بکات. سه‌رنجێکی دیکه‌ بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی ڕۆمانەکە و گواستنه‌وه‌ی بۆ ئاستی گێڕانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی و كۆڵان، بەبێ ڕەچاوکردنی بایه‌خی ئێستاتیکا و لایەنی هونەری، لایه‌نی جوانیی زمان و کاریگەرییە سۆزدارییەکان به‌ لاوه‌ بنرێن. ڕۆمان، لە هەموو شتێک زیاتر، ئەزموونێکی ئێستاتیکی و هونەرییە. ڕەخنەگر پێویسته‌ هاوسەنگییەک لەنێوان شیکردنەوەی فەلسەفی قووڵ و لایەنی هونەری و ئێستاتیکی تێکسته‌که‌ ڕابگرێت.

ڕۆمان ئاوێنەیەکە کە لێیەوە دەڕوانین و خۆمان و جیهانەکەمانی تێیدا دەبینینەوە، بەڵام ڕەخنە هونەرێکە کە فێری دەبین چۆن بە هۆشیاری و قووڵی بڕوانینە ناو ئەو ئاوێنەیە، چۆن لایەنە شاراوەکانی بدۆزینەوە و چۆن لە تەنیا وەرگرتنی چێژ و کاتبه‌سه‌ربردنه‌وه‌ بچینە ئاستی تێگەیشتنی قووڵترەوە. ڕەخنەگرتن لە ڕۆمان تەنیا دۆزینەوەی کەموکووڕی نییە، هه‌وڵدان نییه‌ تا سکانداڵی تێکست بدۆزیته‌وه‌، بەڵکوو گفتوگۆیەکی بەهادارە لەگەڵ تێکستدا، لەگەڵ نووسەر و لەگەڵ کولتوورێک، کە ڕۆمانەکە لێیەوە سەری هەڵداوە.

لەم وتارەدا نامەوێت ڕیشە مێژووییەکەی پرسی ڕەخنەی ئەدەبی دەربخەم، نایشمەویت لق و بەش و جۆرەکان بە سەر بکەمەوە، بەڵکوو ئەوەی مەبەستمە، بازنەی کارەکە لە پرسی ڕەخنەگرتن لە ڕۆماندا لێک بدەمەوە. لە سپه‌یسی ئەدەبیدا ئەم ژانرە ئێستاکە قورسایییەکی گرنگ و بایەخێکی زۆری هەیە. ئێمەی کورد بە بەراورد بە مێژوو و گەشەی ڕۆمان و وردەکارییەکانی ڕۆماننووسین، تەواو نوێین. واتا ئەزموون و تێکەڵبوونمان بەم ژانرە، بە بەراورد بە مێژوو و سەرهەڵدانی ئەم ژانرە، کەمە. هەڵبەت هەمان ڕوانینیش بۆ دۆخی ڕەخنە و گەشەی ڕەخنەگرتن لە ڕۆمان ڕاستە. بەخێرایی ئاماژە بە قۆناغی گەشە و بەشێک لەو خەسڵەتانە دەکەین، کە لە پێوەندیی نێوان ڕەخنە و ڕۆماندا ڕوویان داوە. زۆر ناگەڕێینەوە دواوە، گه‌ر لە ڕەخنەی شێواز و فۆڕمەوە دەست پێ بکەین، کە سەرنج دەخاتە سەر پێکهاتە و شێوازی تێکست، وەک: ڕێزمان، زمان، ڕێکخستنی چیرۆک و هونەری نووسین. له‌م مۆدێله‌ی ڕه‌خنه‌، ناوەڕۆک و کارتێکەرە دەرەکییەکان پشتگوێ دەخرێن، به‌ڵام ڕەخنەی کۆمەڵایەتی جیاوازە، ئەمەیان پێوەندیی نێوان ڕۆمان و کۆمەڵگا شڕۆڤە دەکات و بە دوای قووڵبوونه‌وه‌ له‌ کێشە و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان، بابەتی چینایەتی و گۆڕانکارییە خێزانییەکان و ڕۆڵ و کاریگه‌رییان له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌گه‌ڕێت. لە ڕەخنەی دەروونشیکاریدا گرنگی بە دەروونی کارەکتەرەکان و نووسەر دەدرێت، بە پشتبەستن بە تیۆرییەکانی فرۆید، یۆنگ و دەروونناسەکانی دیکە. هەروەها لە ڕێگەی ڕەخنەی مێژوویییەوە، ڕۆمان لە چوارچێوەی سەردەم و دۆخی مێژووییی خۆی دەخوێنرێتەوە و کاریگەریی ڕووداوە مێژوویییەکان لەسەر تێکست لێک دەدرێتەوە. ڕەخنەی فیمینیستی بایەخی بە ڕۆڵ و سته‌می سه‌ر ژنان داوە. چه‌ند جۆری دیکه‌یش له‌ ڕه‌خنه‌ تایبه‌تمه‌ندێتی و چوارچێوه‌یان پێ دراوە. دەتوانین بڵێین ئەم هەنگاوانە دیدگا و ڕەوتی ڕەخنەیان گەیاندووەتە ئاستێک، کە لە زیاد لە گۆشەیەکەوە ڕەخنە و خوێندنەوە بۆ ڕۆمانه‌کان بخرێنە ڕوو. له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بۆ ئێستاکه‌ ڕەخنە بەگشتی و فۆڕمی ڕەخنەگرتن لە ڕۆمانەکان، گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە، لە هەڵسەنگاندنی تاکەکەسی و هەست و سۆزەوە بۆ دۆزینەوەی یاسا و پێکهاتەکانی تێکست، کە لە ناوەخنی گێڕانەوەیەکدا شاردراونەتەوە.

لە دۆخی پۆستمۆدێرندا ئەم گۆڕان و جووڵەیە درێژەیان پێ دراوە. ئەمجارە لە ڕەخنەدا پرسیار لە هەقیقەت، مانا و دەستەڵات کرا و سەرنج خرایە سەر فرەواتایی و شکاندنی چوارچێوە کلاسیکییەکان، لەو ڕێگەیەوە ڕەخنەی سیمۆتیکی پەیدا بوو و نیشانە و ئاماژە و هێماکان و چۆنیەتیی دروستبوونی واتا لە ڕێگەی نیشانەکانەوە بڕه‌وی پێ درا. لە کۆتایییەکانی سەدەی بیست، قوتابخانەیەکی دیکەی گرنگ کەوتە نێو بابەتی ڕەخنەی ئەدەبییەوە، بەتایبەت لە بازنەی ڕەخنەگرتن لە ڕۆماندا، ئەویش ڕەخنەی پێکهاتەخوازی بوو. ئەم جۆره‌ ڕەخنەیه‌ یەکێکە لەو قوتابخانانەی بە کاریگەرییەکی گەورە و بەهێزه‌وه‌ ده‌رکه‌وت.

هەموو تێکستێکی ئەدەبی بەپێی پێکهاتە و سیستەمە نیشانەیییەکانی ناوەوەی کار دەکات، نەک بەپێی مەبەستی خوێنەر یان ژیانی نووسەر. تێکست بە سەربەخۆیی لێک دەدرێتەوە و زانیاریی دەرەکی پشتگوێ دەخرێت. لەبەرانبەردا بایەخدان بە پێکهاتە و سەرنجدان لە وردەکاریی ڕێکخستنەکانی نێو تێکست و پێوەندیی نێوان توخمەکانی تێکست، هەڵکۆڵینی تێدا دەکرێت.

لەم قۆناغەدا سیستەمی زمانەوانی بایەخی پێ درا و تێکستەکان خرانە بەردەم جۆرێک لە دووانەی دژیەک، کە بنەڕەتن و پێوەندییان بە دروستبوونی تێکستەوە هەیە، وەک: باش-خراپ، ڕووناکی-تاریکی، ژیان-مردن. لە ڕێگەی کۆد و ئاماژەکان و ئه‌و دژیه‌کییه‌وه‌ مانا دروست ده‌بێت. (تزڤیتان تۆدۆرۆڤ) ڕەخنەگری فەرەنسی-بولگاری، وەک یەکێک لە پێشەنگەکانی قوتابخانەی پێکهاتەگەراییی فڕەنسی، بیرۆکەیەکی گرنگی خستە ڕوو، کە ڕەخنە نابێت تەنیا وەسفکردنی کارێکی هونەری بێت، بەڵکوو پێویستە بە دوای زانستێکدا بگەڕێت لە ئەدەبیاتدا، زانستێک کە بتوانێت ئەو خەسڵەتە نهێنییەی کە تێکستێک دەکاتە ئەدەب، دەستنیشان بکات. ڕەخنەی ڕۆمان، وەک پیشە و هونەرێکی سەربەخۆ، پشت بە ڕێگەچارە فەلسەفی و شیکردنەوە بنچینەییەکان دەبەستێت. یەکێک لە گرنگترین ئەو ڕێگەچارانە شیکردنەوەی پێکهاتەیی(Structuralism)ە.

تۆدۆرۆڤ له‌ وتاری شیکردنەوەی پێکهاتەییی گێڕانەوە(Structural Analysis of Narrative)دا کە لە ساڵی ١٩٦٩ بڵاوی کرده‌وه‌، ڕۆڵێکی بنەڕەتیی بینی لە گۆڕینی تێگەیشتنمان لە ڕەخنەی ڕۆمان و ڕێگایەکی نوێی خستە بەردەم ڕەخنەگران: مامەڵەکردن لەگەڵ گێڕانەوەدا، نەک وەک دیاردەیەکی کولتووری یان کۆمەڵایەتی، بەڵکوو وەک سیستمێکی زمانەوانی، کە ڕێزمانێکی تایبەتی خۆی هەیە. له‌م ئاراسته‌یه‌وه‌ تۆدۆرۆڤ بنەمای زانستی گێڕانەوەی (Narratology) دامەزراند و ڕەخنەگرتن لە ڕۆمانی لە بواری هەست و سۆز و کەسێتییەوە بۆ بواری تیۆریی گواستەوە.

گرنگترین بیرۆکەی تۆدۆرۆڤ، پێداگرییە لەسەر ڕێبازی ناوەکی (Internal Approach). ئەو بە ڕوونی دەڵێت: “ئەدەب پێویسته‌ لە خه‌سڵه‌ته‌ تایبەتەکەیدا، وەک ئەدەب لێی تێبگەین، پێش ئەوەی بە دوای دیاریکردنی پێوەندییەکەیدا بگەڕێین لەگەڵ هەر شتێکی تردا.” تۆدۆرۆڤ ڕەتی دەکاتەوە کە ڕۆمان تەنیا وه‌ک بەرهەمی پێکهاتە دەرەکییەکان تەماشا بکرێت، وەک کۆمەڵناسی مارکسیستی، دەروونناسیی فرۆیدی. ئەو پێی وایە ئەم ڕێبازانە هەرچەندە گرنگن، بەڵام خودی کاکڵه‌ و مۆخی ئەدەب پشتگوێ دەخەن. تۆدۆرۆڤ بە ڕێبازی پێکهاتەخوازی داوا لە ڕەخنەکاران دەکات سەرنج بدەنە پێکهاتەی زمان، کە هه‌وێنی دروستکردنی تێکستە. ئەمە واتای ئەوە نییە بەهای کۆمەڵایەتی یان دەروونی له‌ ڕۆماندا نکۆڵیی لێ بکرێت، بەڵکوو جه‌ختکردنه‌وه‌یه‌ لەوەی‌ شیکردنەوە پێویسته‌ لەسەر چۆنیەتیی دروستبوونی گێڕانەوە بێت، نەک لەسەر فاکتەری دروستبوون. ڕۆمان یەکەم جار تێکستێکی زمانەوانییە، پێکهاتەیەکە لە نیشانە، کۆد و هێما، پاشان کاریگەرییەکی کۆمەڵایەتی یان دەروونییە.

تۆدۆرۆڤ زمان دەکاتە ژێرخانی بنەڕەتی بۆ شیکردنەوەی گێڕانەوە. چۆن لە ڕێگەی هەڵکۆڵینی زمانەوە بناخەی سروشتیی ڕێزمان دەدۆزینەوە، ئەوهایش لە ڕێگەی ڕەخنەی ئەدەبی، دەگەینە ڕێزمانی گێڕانەوە. کۆمەڵە یاسایەک هەن، به‌رچاوڕوونیمان ده‌ده‌نێ، چۆن چیرۆکێک دروست دەبێت، چۆن کاراکتەرەکان جووڵە دەکەن، چۆن کات و شوێن ڕێک ده‌خرێن. بەم شێوەیە تۆدۆرۆڤ دەتوانێت چیرۆکە هه‌ره‌ ئاڵۆزەکان بخاتە خانەیەک و شڕۆڤه‌یان بکات، هەروەک چۆن زمانەوانێک ڕێزمانییانه‌ ڕستەکان شی دەکاتەوە.

ڕەخنەگرتن له‌ ڕۆمان، کارێکی لەخۆڕا (ڕه‌ندۆم) نییه‌. شیکردنەوە و ڕامانه‌ لە تەکنیک و نێوه‌ڕۆک له‌ ڕووی: پێکهاتە و چیرۆک، ئایا گیڕانه‌وه‌که‌ چەندە بە سەرکەوتوویی داڕێژراوه‌ و چەند جێی باوه‌ڕه‌؟ ئایا ڕووداوەکان بە چ شێوازێک ڕێک خراون؟ ئایا گرژی و خاوبوونه‌وه‌ باش دوای یه‌کتر خراون‌؟ ئایا کەسێتییەکان سەرنجڕاکێشن و هه‌ست به‌ هه‌بوونیان ده‌کرێت؟ ئایا گەشەسەندنی کاره‌کته‌ر ڕووی داوە؟ کاره‌کته‌ره‌کان چەندە نزیکن لە مرۆڤی ڕاستینە؟ ئایا ئەو بیرۆکانە چۆن پێوەندیان لەگەڵ کۆمەڵگە و مێژوو و فەلسەفە دامەزراندووە؟ ئایا نەخشەی گێڕانه‌وه‌ وه‌ک ڕاستی‌ خۆی ده‌رده‌خات؟ ئایا ژینگە یارمەتیی دەدات بۆ گەیاندنی بارودۆخی ڕووداو و کەسێتییەکان؟ ئایا زمانەکە خاوەنی تایبەتمەندێتییە؟ نووسەر چەندە سەرکەوتوو بووە لە بەکارهێنانی میتافۆر، پارادۆکس، ڕێزمان و ڕستەسازیدا؟ دیالۆگەکان چەندە سروشتین؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە، دەبێتە ڕێگەیەک کە دەکرێ ناو بنرێ: ڕەخنەی ناوەکی. ئەم ڕەخنەیە تیشک دەخاتە سەر هۆکارە ناوەکییەکانی ڕۆمانەکە خۆی، وەک پێکهاتە، زمان، کەسێتی و ناوەڕۆک. لێرەدا ڕەخنەگر کار لەسەر تەکنیک و هونەری نووسەر دەکات، بەڵام ڕەخنەی دەرەکی پێوەندیی نێوان ڕۆمانەکە و جیهانی دەرەوە شڕۆڤه‌ ده‌کات. وەک پێوەندیی ڕۆمانەکە بە مێژوو، کۆمەڵگە، ئابووری، فەلسەفە، ئایین و سیاسەتەوە.

با وردتر سه‌نج بده‌ین، ئه‌وانه‌ی بایه‌خ به‌ ناوه‌ڕۆك ده‌ده‌ن، ده‌پرسن: چۆن ڕۆمانەکە داڕێژراوه‌ و ورده‌کارییه‌ تەکنیکییەکان کامانه‌ن؟ بنیات، کاراکتەر، ڤه‌گێڕ، زمان، سیمبۆل و ڕێتم چۆن ڕێك خراون؟ ئایا بنیاتەکە یەکگرتووە؟ ئایا کاراکتەرەکان گەشە دەکەن؟ ئایا کاره‌کته‌ر و ڤه‌بێژەر باوەڕپێکراون؟ ئایا زمانەکە به‌هێز و گونجاوە؟ ئایا سیمبۆلەکان بە شێوەیەکی ئۆرگانی لە تێکستدا ڕەگیان داکوتاوه‌ یان بە زۆرەملێ داچێنراون؟ ڕستەکان چۆن دروست بوون؟ دەنگی گێڕانەوەکە چۆنە؟ زمان تەنیا ئامرازێک نییە، بەڵکوو خودی هونەرەکەیە، بۆیە دەبێت بپرسرێت ئایا زمانەکە سادە و ڕوونە یان ئاڵۆز و چڕە؟ هەردووکیان دەتوانن کارامە بن، بەڵام دەبێت بە مەبەست بە کار بهێنرێن. ئایا زمانەکە گونجاوە لەگەڵ بابەت و کاراکتەرەکاندا؟ ئایا ڕیتم له‌ گێڕانه‌وه‌که‌دا هه‌یه‌؟ ڕستە درێژ و کورتەکان دەتوانن بیرکردنه‌وه‌ و هەست دروست بکەن؟

له‌ به‌رانبه‌ردا ئه‌وانه‌ی بایه‌خ به‌ پێوه‌ندییه‌کان و کاریگه‌رییه‌ ده‌رکییه‌کان ده‌ده‌ن، ده‌پرسن: ئایا ڕۆمان لە بۆشاییدا دروست ده‌بێت؟ ئایا هەر ڕۆمانێک بەرهەمی سەردەمێک، شوێنێک و کولتوورێک نییه‌؟ ڕۆمان ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگای خۆیەتی؟ ڕۆمان چۆن وەڵامی بارودۆخە مێژوویی و سیاسییەکان دەداتەوە؟ ڕۆمان چۆن لەگەڵ ئەدەبیاتی پێش خۆیدا دەدوێت؟

تۆدۆرۆڤ باوەڕی وایە هەموو چیرۆک و گێڕانەوەیەک ڕێسا و پێکهاتەیەکی بنه‌ڕه‌تیی هەیە، هەروەک چۆن زمان ڕێسا و ڕێزمانی هەیە. ئەرکی ڕەخنەکاره‌ ئەم پێکهاتە نھێنیانە بدۆزێتەوە. تۆدۆرۆڤ دەڵێت: پێکهاتەی چیرۆک دەکرێت وەک پێکهاتەی ڕێزمانی نێو ڕسته‌یه‌ک بخرێتە ڕوو. پاڵەوانەکانی ڕۆمان وەک – ناو (Noun)، کردەوەکانیان وەک – کار(Verb)، خەسڵەتەکانیان وەک – ئاوەڵناو (Adjective) ته‌ماشا بکرێن. پریپۆزیشن(Proposition) بچووکترین یەکەی پێکهاتەی گێڕانه‌وه‌ و ڕووداوه‌. واتا پێکهاتەی گێڕانەوەکان پێک دێن لە کەسێتییەک (ناو) و کردەوەیەک (کار) و وه‌سفی ناو و کاره‌کان (ئاوه‌ڵناو- ئاوه‌ڵکار). بۆ نموونە: پیاوێک (ناو) دەچێتە دەرەوە (کار)، چۆن ده‌یکات و پیاوه‌که‌ چۆنه‌-(وه‌سفه‌). ڕۆمانێکی تەواو لە ڕیزبەندی و پێکەوەگرێدراوی ئەم یەکه‌ بچووکانە دروست دەبێت. پریپۆزیشنەکان خۆیان کۆ دەبنەوە و زنجیرە دروست دەکەن. ئەم زنجیرانە یەکەیەکی تەواو لە چیرۆکەکە پێک دەهێنن، وەک تاقیکردنەوە، تۆڵەسەندنەوە یان هه‌وڵدان و ئاشتبوونه‌وه‌.

تۆدۆرۆڤ له‌ باره‌ی ڕۆڵ و پێگه‌ی کاره‌کته‌ره‌کان، هاوڕای (ڤلادیمیر پڕۆپ)ە، له‌باره‌ی تیۆریی (کەسێتی وەک ئه‌رک- فەنکشن). پڕۆپ ئه‌م تیۆ‌رییه‌ی لە شیکردنەوەی چیرۆکە خورافییە ڕووسییەکاندا خستە ڕوو. پێی وابوو کەسێتییەکان لە گێڕانەوەدا تەنیا بە تایبەتمەندێتییە تاکەکەسییەکانیان دیاری ناکرێن، بەڵکوو بە ڕۆڵ و کردەوەکانیان پێناسه‌ وه‌رده‌گرن. لە ڕەخنەی کلاسیکیدا کەسێتییەکان وەک مرۆڤی ڕاستینە ته‌ماشا دەکران، بە هەست و بیر و دەروونی ئاڵۆزه‌وه‌ تێکه‌ڵمان ده‌بوون، بەڵام تۆدۆرۆڤ دەڵێت کەسێتی لە بنەڕەتدا فەنکشنە. کاره‌کته‌ر لە چیرۆکدا بۆ ئەنجامدانی کارێکی دیاریکراو هەیە. تۆدۆرۆڤ ئەم بیرۆکەیە بەرفراوانتر دەکات و دەڵێت: لە هەر گێڕانەوەیەکدا، کەسێتییەکان بەپێی کار و کردەوەکانیان دیاری دەکرێن، نەک بەپێی بوون و ئامادەیییان. واتا: کەسێتی تەنیا (بکەر)ی کردارە وەک ئەوەی لە ڕستەدا (ناو) بکەری کردارە.

تۆدۆرۆڤ ویستیی چوارچێوەی ڕەخنە لە هەستەکان دوور بخاتەوە و نزیک بێتەوە لە زانست و ڕەوشت، کە تێیدا شیکردنەوەکە لەسەر بنەما و سیستەم و ڕێسایەک ڕێگه‌ی خۆی بگرێت.

تۆدۆرۆڤ هەوڵی داوە (ڕێزمان)ێک بۆ گێڕانەوە دابڕێژێت و ڕێساکانی جێبەجێ بکات. لەم ڕێزمانەدا، جۆرە جیاوازەکانی کردار (کار) و پێوەندیی نێوان کەسێتییەکان ده‌ربخات. بۆ نموونە: کردارەکان دەکرێت دابەش بکرێن بۆ (ئاکتی نەخشەدانان) و (ئاکتی ڕفتار)، پێش تۆدۆرۆڤ، زۆرێک لە ڕەخنەگران تیشکیان دەخستە سەر ناوەڕۆک و مانای ڕۆمان. تۆدۆرۆڤ ڕەخنەکەی کردە زانستی شیکردنەوەی پێکهاتە نھێنییەکانی گێڕانەوە. ئەمەیش یارمەتییەکی بەرچاوە تا له‌ ڕێگەی شیکردنەوەی پێکهاتە، جیاوازی لەنێوان ڕۆمانەکان بدۆزرینەوە و قسه‌یان له ‌باره‌وه‌ بکه‌ین. تۆدۆرۆڤ ویستیی چوارچێوەی ڕەخنە لە هەستەکان دوور بخاتەوە و نزیک بێتەوە لە زانست و ڕەوشت، کە تێیدا شیکردنەوەکە لەسەر بنەما و سیستەم و ڕێسایەک ڕێگه‌ی خۆی بگرێت.

مەبەستی سەرەکیی تۆدۆرۆڤ لەم وتارەدا، تەنیا شیکردنەوەی کارێکی ئەدەبیی دیاریکراو نییە، بەڵکوو ئامانج لێی دۆزینەوە و پێناسەکردنی ئەو پێکهاتە ئەبستراکتە و هێڵکارییە بنەڕەتییە گێڕانەوەییەیە، کە لە پشتی هەموو بەرهەمەکانەوەیە، واتە دۆزینەوەی (زمانی گێڕانەوە) نەک تەنیا پشکنین و شڕۆڤه‌ی تاکه‌که‌سییانه‌‌. جێبەجێکردنی ئەم بنەمایە بۆ ڕەخنە، واتا ده‌ربازبوون له‌ قسه‌ی ساده‌ و کڵێشه‌ییی له‌باره‌ی ڕۆمان، لێره‌وه‌ بازنه‌ی ڕەخنە لە پێداهه‌ڵگوتن یان دژایەتیکردنه‌وه‌ دەگۆڕێت بۆ شیکردنەوەی میکانیزم و ڕێزمان و شێوازەکانی دروستبوونی خودی گێڕانەوەکە.

ژانر بە پێکهاتەیەکی مۆدالیتیی زاڵ دیاری دەکرێت. واتا، هەر ژانرێک شێوازی دیاریکراوی مامەڵەکردنی هەیە لەگەڵ ڕاستی، گومان و باوەڕدا.

لایەنێکی دیکەی گرنگی تیۆریی پێکهاته‌خوازی، تێگه‌یشتنه‌ لە چه‌مکی ڕێگه‌- شێواز (Modality) له‌ گێڕانەوەدا، شێواز تەنیا دەرخەری ڕووداوێک نییە، بەڵکوو شێوازی ڕووداوەکەیش ده‌گرێته‌وه‌: ئایا ئەم ڕووداوە ڕووی داوە؟ ئه‌گه‌ری ڕوودانی ڕووداوه‌كه‌ چه‌نده‌؟ پێویستە ڕوو بدات، یان ئەستەمە ڕوو بدات؟ تۆدۆرۆڤ دوو جۆر مۆدالیتی- شێواز دیاری دەکات: ئاماژە بە ڕووداوه‌ ڕاستینەکان دەکات کە ڕوویان داوە و ئاماژە بە ڕووداوە گرنگه‌کان، ئارەزوومەندەکان یان مەرجییەکان دەکات که‌ ڕوویان نه‌داوه‌. ئەم جیاوازییە زۆر گرنگە لە شیکردنەوەی ڕۆمان. ژانر بە پێکهاتەیەکی مۆدالیتیی زاڵ دیاری دەکرێت. واتا، هەر ژانرێک شێوازی دیاریکراوی مامەڵەکردنی هەیە لەگەڵ ڕاستی، گومان و باوەڕدا.

تۆدۆرۆڤ له‌ شڕۆڤه‌ی گێڕانه‌وه‌دا بایه‌خ به‌ سێ جۆر پێوەندی ده‌دات: یه‌که‌م، (کات) کامە به‌ش و پاژ پێش کامەیە؟ ئایا گێڕانەوەکە بە ڕێکوپێکی کات دەڕوات یان بە شێوازێکی پچڕپچڕ- تێکه‌ڵ؟ دووه‌م، (هۆکار): ئایا ڕووداوێک هۆکاری ڕووداوێکی دیکەیە؟ ئەم جۆرە پێوەندییە پایه‌ی وه‌ستانی پڵۆتە. بێ پێوەندیی هۆکار، گێڕانه‌وه‌ ته‌نیا زنجیره‌یه‌ک ڕووداوی دوای یه‌کتر خراوه‌. سێیه‌م، (شوێن): کاراکتەرەکان لە کوێن؟ چۆن شوێن کاریگەری دەخاته‌ سەر ڕووداوەکان؟ گرنگیی ئەم پێوەندییانە لەوەدایە کە بنیاتی چیرۆک دروست دەکەن. به‌گشتی ده‌کرێ بپرسین، ئایا ڕووداوەکانی گێڕانه‌وه‌یه‌ک یەک لە دوای یەک ڕوو دەدەن؟ ئایا چەند ڕووداوێک لە هەمان کاتدا ڕوو دەدەن (وەک دوو چیرۆکی هاوتەریب)؟ ئایا چیرۆکێک لەناو چیرۆکێکی دیکەدایه‌؟ هه‌روه‌ها پێویسته‌ بزانین، چیرۆک تەنیا لیستێک ڕووداو نییە، بەڵکوو زنجیرەیەک ڕووداوی به‌یه‌که‌وه‌پێوه‌ستکراوه‌، کە هەر یەکەیان کاریگەریی لەسەر ئه‌وی دیکەیان‌ هه‌یه‌. ئەم جۆرە شیکردنەوانە ڕێگە بە ڕەخنەگر دەده‌ن – نه‌خشه‌ی گێڕانەوە، بە وردی بپشکنێت و ببینێت چۆن توخمەکان پێکەوە لکاون.

گرنگترین ئامانجی تۆدۆرۆڤ لە هەموو ئەم شیکردنەوانەدا، دۆزینەوەی ئه‌ده‌بیه‌ت (Literariness)ە. ئەو تایبەتمەندێتییە شاراوەیەی کە تێکستێک دەکاتە ئەدەب و جیای دەکاتەوە لە مێژوو و زانست و دایده‌بڕێت له‌ گێڕانه‌وه‌کانی زمانی میللی و ڕۆژانە، وتاری ڕۆژنامەوانی و هیی دیکه‌. ئەم پرسیارە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە ڕووبەڕووی زۆرێک له‌ ڕه‌خنه‌گران کراوه‌ته‌وه‌ و بۆچوونی جیاواز له ‌بارەیە‌وه‌ خراوه‌ته‌ ڕوو.

تزڤیتان تۆدۆرۆڤ(١٩٣٩-٢٠١٧) فەیلەسووف و ڕەخنەگری فەرەنسی-بولگاری

تۆدۆرۆڤ لە ڕوانگەی پێکهاتەخوازییه‌وه‌ ئەم تێگه‌یشتنه‌ پاته‌ دەکاتەوە، ئه‌ده‌بیه‌ت لە پێکهاتە تایبەتەکانی تێکستدا حه‌شار دراوه‌، مه‌به‌ستی چۆنیەتیی بەکارهێنانی زمان و شێوازی ڕێکخستنی بەندەکانی گێڕانەوە و جۆری پێوەندییە کاتی و هۆکارییەکانه‌. بەم شێوەیە ڕەخنەی ئەدەبی لە هونەرێکی سۆزدارانه‌وە بۆ زانستێکی سیستێماتیک دەگۆڕێت. تۆدۆرۆڤ ئامانجی بووه‌- زانستی ئەدەب- دابمەزرێنێت، زانستێک کە میتۆد و پێوەری ڕوونی هەبێت، زانستێک بتوانێت یاسا گشتگیرەکانی به‌رکار بکات و بخاته‌ ڕوو. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، پشت بە بازنه‌ی ورده‌کارییه‌کانی زمان دەبەستێت. واتا، ئەو زاراوه‌ زمانەوانیانه‌ی له‌ بازنه‌ی شیکردنه‌وه‌ و ناسینه‌وه‌ی زماندان وەک بکەر، کردار، ئاوه‌ڵناو، مۆدالیتی، سینتاکس، ده‌کرێت بۆ شیکردنەوەی گێڕانەوە سوودیان لێ وه‌ربگیرێت. ئەمە دوو سوودی به‌رچاوی هەن:

یەکەم: زمانەوانەوانی، زانستێکی دامەزراوە بە میتۆد و زاراوەی ڕوون. بە بەکارهێنانی زاراوەکانی، ڕەخنەی ئەدەبی دەتوانێت لە سۆز و ڕای تاکەکەسی دوور بکەوێتەوە و ببێتە شیکردنەوەیەکی سیستێماتیک.

دووەم: چونکە زمان خودی کەرەستەی دروستکەری ئەدەبە، بەکارهێنانی زمانەوانی واتای ئەوەیە: زمان بە زمان شی دەکرێتەوە. لای تۆدۆرۆڤ ئەمە بابەتیانەترین ڕێبازە، چونکوو ئەدەب خۆی لە زماندا دروست بووە و زمانەوانی تاکه‌ زانستە بتوانێت بە ڕاستی لە ماهیەتی ئەدەب نزیک بێتەوە. هەرچەندە ئه‌م ڕوانگه‌یه‌ بایەخێکی گەورەی بۆ ڕەخنەی ڕۆمان هەیە، بەڵام ڕەخنەگران ئاماژە بە هه‌ندێک کۆت و به‌ند و سنوور دەکەن. گرنگترین ڕەخنە ئەوەیە: پێکهاتەخوازی بایه‌خ و گرنگیی ڕۆڵی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و تایبەتمەندێتیی کولتووری ناهێڵێت. کاتێک له‌و چوارچێوه‌یەدا‌ ڕۆمانێک وەک سیستمێکی زمانی سەیر دەکه‌ین، ئەوا دەرەوەی تێکست به ‌ته‌واوی پشتگوێ دەخه‌ین، له ‌کاتێکدا ده‌زانین ڕۆمان تەنیا پێکهاتەیەکی ئەبستراکت نییە، به‌ڵکوو ڕۆمان بەرهەمی سەردەمێکە، دەنگی مرۆڤێکە، وەڵامێکە بە بارودۆخێکی کۆمەڵایەتیه‌وه‌، گوزارشته‌ له‌ هه‌ست و دۆخی جیاوازجیاوازیش.

باختین پێی وایه‌ ڕۆمان دایالۆگە و له‌و دیالۆگه‌دا چەندان دەنگ به‌ر یه‌کدی ده‌که‌ون، وه‌ک دەنگی کولتوورە جیاوازەکان، چینە کۆمەڵایەتییەکان، ئایديا سیاسییەکان.

ڕەخنەگرانی مارکسیستی و مێژوویی- کۆمەڵایەتی وەک لۆکاچ و باختین بۆچوونیان له‌گه‌ڵ ڕه‌خنه‌ی پێکهاته‌خوازی یه‌ک ناگرێته‌وه. باختین پێی وایه‌ ڕۆمان دایالۆگە و له‌و دیالۆگه‌دا چەندان دەنگ به‌ر یه‌کدی ده‌که‌ون، وه‌ک دەنگی کولتوورە جیاوازەکان، چینە کۆمەڵایەتییەکان، ئایديا سیاسییەکان. ئەم دیالۆگانه‌ بە شیکردنەوەی پێکهاتەیی بێبایه‌خ ده‌کرێن. هه‌روه‌ها له‌ ڕه‌خنه‌ی پێکهاتەخوازیدا، نووسەر و خوێنەریش ته‌واو پشتگوێ دەخرێن. ڕۆلان بارت لە (مەرگی نووسەر)دا باسی ئەوەى کرد، ئه‌وه‌ خوێنەر تێکست به‌ هۆی ماناکانه‌وه‌ دروست دەکاتەوە، نەک تەنیا نووسەر، بەڵام لە شیکردنەوەی پێکهاتەییدا نە نووسەر شوێنی هەیە و نە خوێنەریش، بەڵکوو تەنیا پێکهاتەی تێکست گرنگە. (ڕەخنەی وەڵامی خوێنه‌ر) پێی وایە هەر خوێنەرێک مانایەکی جیاواز دروست دەکات و هێزی خوێندنەوە لە مانای تێکست جیا نابێته‌وه‌.

لە بەرانبەردا وه‌ک پاڵپشتى بۆ پێکهاتەخوازیی تۆدۆرۆڤ، ده‌شێت بڵێین، مانا لە یاسا گشتگیرەکانی پێکهاتەدا دەستنیشان دەکرێت، نەک لە هێزی تاکەکەسیی خوێنەردا. پاشان ده‌پرسن پێش ئەوەی بزانین تێکستێک چۆن و بە کۆنتێکستەوە گرێ دراوە، پێویستە بزانین خودی تێکسته‌که‌ چۆن کار دەکات. تۆدۆرۆڤ ڕوونی کردووه‌ته‌وه‌، که‌ دژی شیکردنەوەی مێژوویی یان کۆمەڵایەتی نییه‌، بەڵکوو پێی وایە ئەوە دەبێت دوای شیکردنەوەی پێکهاتەیی بێت، نەک پێشتر. ئەمە واتای وایه‌ پێکهاتەخوازی خۆی بە (پلەی یەکەمی شیکردنەوە) دەبینێت. واته‌: ئەوکات دەتوانین بپرسین لەبارەی پێوەندییەکانی تێکست لەگەڵ مێژوو، کۆمەڵگا و کولتوور، که‌ بنیاتی پێکهاته‌که‌ ئاما ده‌بێت. وه‌ک پوخته‌یه‌ک ده‌کرێ هه‌ردوو ڕوانگه‌ له ‌به‌رچاو بگرین و بڵێین: ڕۆمان دوو دیووی هه‌ن‌، لە لایەک پێکهاتەیەکی زمانەوانییە کە دەتوانرێت بە شێوەی زانستی شڕۆڤه‌ و شیکردنه‌وه‌ی بۆ بکرێت، لە لایەکی دیکەوه‌ دەنگی مرۆڤێکە، کە چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە، وێنەی ئه‌و جیهانه‌یه‌ تێیدا دەژیین، هه‌روه‌ها جۆرێک گفتوگۆیە لەگەڵ خوێنەردا.

ڕەخنەگری به‌ئاگا، هەردوو ڕووخسارەکە دەبینێت. یەکەم جار لەگەڵ چاوی پێکهاتەخواز دەڕوانێت و دەپرسێت: چۆن ئەم تێکسته‌ دروست بووە؟ کام یاسا بە کار هاتووە؟ دواتر دەپرسێت: ئەم تێکسته‌ چیم پێ دەڵێت؟ چۆن تێگەیشتنم لە مرۆڤ و جیهان دەگۆڕێت؟

تۆدۆرۆڤ پێمان دەڵێت ڕۆمان – ڕێزمان- نییە، بەڵکوو -گێڕانەوە-یە، بەڵام بۆ ئەوەی چاکتر بگەین بە گێڕانەوەکە، پێویستە یەکەم جار ڕێزمانەکەی تێبگەین. تۆدۆرۆڤ له‌ ڕۆماندا پێکهاتەی پڵۆت بە شێوەیەکی بنەڕەتی شرۆڤە دەکات. بە بڕوای ئەو پڵۆتی تەواو بریتییە لە: گواستنەوەی دۆخێکی هاوسەنگ بەنێو دۆخێکی شێواودا بۆ گەیشتن بە دۆخێکی هاوسەنگیی نوێ، کە له‌ هاوسه‌نگیی سه‌ره‌تا ده‌چێت، بەڵام هەمان شت نییە. ئەم شێواندنە پێویستە وەک پێکهاتەیەکی به‌رده‌وام جووڵاو ته‌ماشا بکرێت، نەک تەنیا وەک ڕووداوێکی دەرەکی. لێره‌دا ڕه‌خنه‌گری ڕۆمان له‌ دۆخی نوێ ڕا ده‌مێنێت، ئایا ئەم هاوسەنگییە نوێیە چ جۆرە سپه‌یس و گۆڕانێکی هێناون‌‌؟ ئایا به‌ چ جۆره‌ ئه‌نجامێک گه‌یشتووه‌؟ ئایا ڕوویه‌کی نوێی کاراکتەره‌کان ده‌بینین یان تەنیا پاشەکشەیە بۆ دۆخێکی وه‌ستاو؟

گێڕانەوە لای نووسه‌ری کوردی، یان گێڕانه‌وه‌یه‌کی ساده‌ی کلاسیکییه‌ یان پڕە لە ئاڵۆزیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مێژوویی.

ده‌مه‌وێت له‌و ڕوانگه‌یه‌ی تۆدۆرڤه‌وه‌ له‌باره‌ی دنیای ڕه‌خنه‌ و گێڕانه‌وه‌ی کوردییەوە چه‌ندسه‌رنجێکی کورت بنووسم:

بەگشتی گێڕانەوە لای نووسه‌ری کوردی، یان گێڕانه‌وه‌یه‌کی ساده‌ی کلاسیکییه‌ یان پڕە لە ئاڵۆزیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مێژوویی. هه‌ڵبه‌ت لێره‌ و له‌وێ جاروبار ڕۆمان بڵاو ده‌بنه‌وه‌، كه‌ مرۆڤ چه‌قی ئیشكردنه‌ و دۆخه‌ ئێستاتیكییه‌كان ڕووی زاڵن، به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵانه‌ كه‌م و ده‌گمه‌نن. ده‌توانین بڵێین: هاوسەنگیی سەرەتا، به‌ مانای وێناکردنی ژیانی ئاسایییانەی تاکی کورده‌ پێش ڕووداوێکی گەورە، بۆ نموونه‌ ڕووداوی (هه‌ڵگیرسانی شۆڕش، ئەنفال، کۆڕه‌و، شه‌ڕی ناوخۆ، ڕاپەڕین) یان دۆخێکی کۆمەڵایەتیی (وەک ژیانی گوند و ورده‌کارییه‌کانی). دۆخی شێواندن ئەو پێکهاتە بنه‌ڕه‌تیه‌یه‌ زۆرینه‌ی ڕۆمانی کوردی لەسەر دامه‌زراوه‌، وەک (شەڕ، ژنکوژی، زوڵم و دیکتاتۆریەت، ناپاکی له‌ خه‌ڵک و خاک). کاتێک دێین به‌م ئاراسته‌یه‌ شیکردنەوە ده‌که‌ین بۆ ڕۆمانی کوردی، له‌ خاڵی یه‌که‌مدا لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان به‌ شێوه‌ی کڕۆنۆلۆژی داده‌بڕێین و ده‌چینه‌ نێو بابەتی چۆنیه‌تیی شێواز و داڕشتنی گێڕانەوەکە و ئاستی هونه‌ریبوونی گێڕانه‌وه‌که‌. ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ بنەماکانی (شیکاریی پێکهاتەیی گێڕانەوە)ی تۆدۆرۆڤ، چوارچێوه‌ی ئه‌م فۆڕمه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ و ڕه‌خنه‌ ئاراسته‌ ده‌کات. له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ ڕەخنە لە وەسفکردنی بابەتی سادە و بیروباوەڕی کەسێتییەوە ده‌گۆڕێت بۆ فۆڕمێکی کۆنکرێتی – زانستی و بابەتییانە. ئه‌م چوارچێوه‌یه‌ بۆ ڕه‌خنه‌گرتن له‌ ڕۆمان‌ ئامرازێکه‌ بۆ شیکردنه‌وه‌ و شڕۆڤه‌ و ئاوڕدانه‌وه‌ لە فۆڕم و ورده‌کاری ناوەکی ڕۆمان.

کاتێک سه‌رنج له‌ ڕەخنەی ڕۆمان لە ئەدەبیاتی کوردیدا دەده‌ین، هێشتا زۆرینەی ڕەخنەکان لە ئاستی وەسفکردن و سۆزدان، له‌ ئاستی دابه‌شکاریی باش و خراپدان، ئه‌و ڕه‌خنانه‌ که‌من کە بە میتۆدێکی سیستماتیک کار لەسەر دیوی هونه‌ریبوونی گێڕانه‌وه‌ و ورده‌کارییه‌کانی بنیات، کاراکتەر، ڤه‌گێڕ و شوێن و کات بکات. زۆرجار ڕەخنەکان دووبارە گێڕانەوەی چیرۆکن یان باسکردنن لە نووسەر و خه‌سڵه‌ته‌کانی نووسه‌ر، که‌ به ‌لای دیوی کۆمەڵایەتیدا شۆڕ ده‌بێته‌وه‌. جاروبار ده‌بینین، پێداچوونه‌وه‌ و ڕانان و کۆمێنت به‌ ڕه‌خنه‌ ئه‌ژمار ده‌کرێن. وەک پێشتر گوتمان ئەمە لەوەوە دێت، کە ئەو ڕەخنەیە دایەڵۆگ لەگەڵ تیۆرییە جیاوازەکان دانەمەزرێنێت، تا لەو ڕێیەوە هێزی تر بە تواناکەی بدات.

بەکارهێنانی تیۆریی تۆدۆرۆڤ لە ڕەخنەی ڕۆمانی کوردیدا دەتوانێت دەرگایەکی نوێ بکاتەوە و ڕەخنه‌ لە دۆخی سۆزداری و لایه‌نگرێتییه‌وه‌ بگوازێتەوە بۆ شیکردنەوەی زانستی پێکهاتەیی. ڕێگای تۆدۆرۆڤ گه‌شتێکه‌ لە وەسفەوە بۆ زانست، لە تاکەکەسییەوە بۆ گشتگیری، لە ناوەڕۆکەوە بۆ پێکهاتە- ڕێگایەکی گرنگ و پێویستە بۆ ڕەخنەی ڕۆمان.

هیچ ڕێباز و قوتابخانەیەکی ئەدەبی لە دەرەوەی ڕەخنە و سەرنجەوە نییە. تیۆریی پێکهاته‌خوازیش ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە، چونکوو بایەخ و سەنگیی بۆ ئەزموونی نووسەر و خوێنەر نەبوو. ئەم چوارچێوە گشتییە، بەتایبەت لە دیوی کۆمەڵایەتی و مێژووییی تێکست، کەلێنی دروست دەکرد، بۆیە ئەم قوتابخانەیە گەشەی پێ درا و ڕەخنەی پاش- پێکهاته‌خوازی ده‌رکه‌وت.

هەموو تێکستێک چەندان مانای جودا هەڵدەگرێت و تێکست لە دۆخێکێکی ناسەقامگیردایە و بێژمار مانا بەرهەم دێن.

ڕەخنەی پاش- پێکهاتەخوازی لە ساڵانی ١٩٦٠-١٩٧٠کان هاتە کایەوە وەک وەڵامێک بۆ سنوورداریەکانی پێکهاتەخوازی. خەسڵەتەکان گۆڕانیان بەسەردا هات، هەڵوەشاندنەوەی دۆخی دڵنیایی، بە مانای ئەوەی هیچ واتایەک جێگیر و کۆنکرێتی نییە، نووسەر دەستەڵاتی بەسەر واتادا نییە و خوێنەر واتا دروست دەکات. هەموو تێکستێک چەندان مانای جودا هەڵدەگرێت و تێکست لە دۆخێکێکی ناسەقامگیردایە و بێژمار مانا بەرهەم دێن. بازنەی تیۆرییەکانی مەرگی نووسەر-ی (ڕۆڵان بارت)، هەڵوەشاندنەوەگەرایی (ژاک دێریدا)، تێۆریی دەقئاویزانی (ژولیا کریستیڤا) و بەشدارییەکانی (مێشێل فۆکۆ) لەبارەی مێژووی بیرکردنەوە و دەسەڵات و زانیاریی بازنەی پۆست- پێکهاتەخوازی فرەوان کرد. ئه‌گه‌ر به‌ خێرایی ئاماژه‌ به‌ خاڵه‌ دیار و جیاوازه‌کان بکه‌ین، ده‌ڵێین: بازنه‌ی پێکهاتەخوازی پێک دێت له‌ واتای جێگیر، ڕاستکردنه‌وه‌ی پێکهاتە، سیستەمی داخراو، یاسا گشتییه‌کان. له‌به‌رانبه‌ردا بازنه‌ی – پاش-پێکهاتەخوازی پێک دێت له‌ واتای ناسه‌قامگیر، هەڵوەشاندنه‌وه‌ی پێکهاته‌، سیستەمی کراوە، پرسیارکردن لە یاساکان.

تۆدۆرۆڤ یه‌کێکه‌ له‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو دۆخه‌که‌دا خۆی گونجاندووه‌، هه‌م قۆناغی پێکهاته‌خوازی و هه‌م قۆناغی پاش-پێکهاته‌خوازی. تۆدۆرۆڤ دەستی کرد بە نووسین لەبارەی کۆلۆنیالیزم، مێژووی بیرکردنەوە و ئاکاری مرۆیییەوە. لە کتێبەکەیدا به‌ناوی داگیرکردنی ئەمریکا (The Conquest of America)دا لە ڕێبازی پێکهاتەخوازییه‌وه‌ باز ده‌دات و دەگەڕێتەوە بۆ پرسیارەکانی مێژوو، دەستەڵات. ئەو خۆی دەڵێت: (من هەموو ژیانم خەریکی پێکهاتەخوازی بووم، ئێستاکه‌ کاتی ئەوەیە بگەڕێمەوە بۆ ناوەڕۆک.) ئەم گۆڕانکارییە پرسیارێکی گرنگ ده‌وروژێنێت: ئایا پێکهاتەخوازی به‌سه‌رچووه‌؟ کاتێک تۆدۆرۆڤ له‌ کۆتایییه‌کانی ته‌مه‌نی گەڕایەوە بۆ پرسیارەکانی ناوه‌ڕۆک، ئاماژه‌ نییه‌ بۆ به‌لاوه‌نانی پێکهاتەخوازی، به‌ڵکوو مانای ئه‌وه‌یه‌، پێکهاتەخوازی گرنگ و پێویستە، بەڵام ده‌کرێ سنوورداریه‌که‌ی فره‌وان بکرێت‌.

The post لەبارەی ڕەخنەی ڕۆمانەوە appeared first on ژنەفتن.

ڕۆمانی تەرمەوان لە دیدێکی دیکەیشەوە
(بەوەدا کارم تەنیا بەو چەمکانەیە، وا لە دەقی بەردەممدا هەن، هەرگیز پێویستم بە ناسنامەی نووسەری دەقەکە نییە).

(گۆران سەباح) لەبارەی ڕۆمانی (تەرمەوان)ـەوە بابەتێکی لە ژێر ناونیشانی (ڕۆمانی تەرمەوان: سوێرکردنی چێژ و زەوتکردنی خەیاڵ)دا نووسیوە و تێیدا هەوڵی داوە بە ئەنجامێک بگات، کە بریتییە لەوەی ئەم ڕۆمانە هێندە لاوازە، شایەنی ئەوە نییە بڵاو بکرێتەوە. من ڕێ بە خۆم دەدەم لەم بارەیەوە بۆچوونەکانم بخەمە ڕوو.

سەرەتا بەم خاڵانانە دەست پێ دەکەم، کە لە بڕگەی شەشەمی گوتارەکەیدا ئاماژەی پێ کردوون، بەڵام دەڵێم خۆزگە دەیان نموونەی دیکەی لەم شێوەیەی لێ وەربگرتنایە، تا بمتوانیایە لەبارەی ئەوانیشەوە بدوێم!

نووسیویەتی: {ئارۆ، بانجۆی هونەرمەندی بردووە. کەچی یەکێ لە شاگردەکانی یەڵدا دەڵێ ئەم دەعبایەی بۆ پێیە. پێی نییە خۆ. دواتر، یەڵدا خۆیشیی دەڵێت کوا بانجۆکە (لا٣٩)}.

من دەڵێم هونەرمەندەکە (ئارۆ) کوشتوویەتی، تا بانجۆکەی ببات. لەبارەی تەرمەکەیەوە دەبێتە مشتومڕ، چۆن و لە کوێ بنێژرێت. ئەوەیان دەڵێت:

(_ پەلە مەکە، کورە! هێشتا گیانی تێدا ماوە. دوایی بە چی بزانین موسڵمانە؟ ئەگەر موسڵمانە، ئەو دەعبایەی بۆ پێیە؟ دەڵێی شەیتان پێی داوە و هەر خۆیشی فێری کردووە چۆنی بژەنێت).

ئایا ئەو شاگردە کاتێ بە دەمی ڕانەبردوو دەدوێت، مانای وایە ئێستا بانجۆکەی پێیە؟ نەخێر، باس لەو کاتەیە، کە بەو ئامێرەوە هاتووەتە خان و لەوێ ژەندوویەتی. هەر بڕگەی دووەمی گوتەکە: (دەڵێی شەیتان پێی داوە و هەر خۆیشی فێری کردووە چۆنی بژەنێت)، دەریدەخات باس لە ئێستا نییە، چونکێ ناکرێت کەسێک لە سەرەمەرگدا خەریکی ژەنینی بانجۆ بێت.

ئینجا ئەم چەند وشەیە هەر لە ڕۆمانەکەدا دەخوێنینەوە: {(یەڵدا) جارێکی تر هەر بەو پەڕۆیە خوێنەکە دەسڕێت، لە کاتێکدا بیر لە مشتومڕی شاگردەکانی دەکاتەوە. دیسان دەپرسێت ئەرێ کوا ئەو ئامێرەی دەیژەند؟ کوا ئێسترەکەی؟}. لە خۆیی پرسیوە، نەوەک لە کەسێکی تر.

چیرۆکەکە بەم شێوەیەیە: (ئارۆ) بانجۆکە بە دەستی ئەو هونەرمەندەوە دەبینێت و دەیەوێت بیکاتە هیی خۆی، چونکێ سەرنجی ڕادەکێشێت. {یەکەمجارە ئامێری وای بەر چاو دەکەوێت، تەنانەت ناوەکەیشی هەر لە دەمی خاوەنیەوە دەبیستێت. (بانجۆ)، وشەیەکی تەفرەدەرە. زۆر داوای لێ دەکات بیداتێ، یان لانی کەم پێی بفرۆشێت، بەڵام کابرا دەستی لێی نابێتەوە. کاتێ خۆر ئاوا دەبێت و دەیەوێت بە ڕێ بکەوێت، داوی بۆ دادەنێتەوە. دەزانێت بە پشت دیواری ئەو ڕیزە ژوورەدا تێدەپەڕێت، کە بۆ ئەو کاروانچییانە دروست کراون، شەوان دەمێننەوە}.

هەر بە ڕاستی لێی دەدات و دەیکوژێت. ئەم ڕووداوە تەقینەوەیەکی ناکاو، بەڵام گەورە لە ژیانی ئەو خێزانەدا بەرپا دەکات، کە بەو هۆیەوە (یەڵدا) دەمرێت، (ج. ل. ک)ییەکان، کە ناوی حزبێکی سەر بە دەوڵەتە و ئەندامانی لە دژی (ک. ل. ک)ییەکاندا دەجەنگن، دەست بەسەر خانەکەیاندا دەگرن، خەڵک ماڵیان تاڵان دەکەن، تووشی دۆخێکی دەروونیی سەخت دێن، بە تایبەتی (ئارۆ)، کە خۆی هونەرمەندی کوشتووە، بێ ئەوەی مەبەستی بووبێت. لەم ساتەوە کۆمەڵێک گرفت ڕووبەڕووی ئەو منداڵە دەبنەوە، بەڵام وای لێ ناکەن دەست لە بانجۆکەی هەڵبگرێت، لە کاتێکدا وا لە خانەکەدا شاردوویەتیەوە، ئەو خانەی دەستی بەسەردا گیراوە. دیارە من تەنیا هێندەی لێ باس دەکەم، کە نابێتە هۆی ئاشکراکردنی نهێنیی گێڕانەوەکە، دەنا خوێنەر خۆی دەتوانێت ئازادانە بۆی بگەڕێتەوە و بزانێت شتەکە چۆنە.

(سەباح) نووسیویەتی: (ئارۆ تەمەنی دە ساڵە کاتێک بەردێک لە سەری هونەرمەند دەدات. چۆن بەردی منداڵێکی دە ساڵی، مرۆڤێکی گەورە دەکوژێت؟).

خۆزگە دەیگوت چۆن کوژراوە، کە ئێستا پێویستی نەدەکرد من بۆ دەقەکە بگەڕێمەوە. وەک پێشتر گوترا (ئارۆ) لە سەربانەوە بەردەکەی هاویشتووە و بە سەری داداوە. ئایا ڕێی تێ ناچێت بەردێک ئەگەر کەسیش نەیهاوێژێت، بەڵکوو خۆی تلۆر ببێتەوە و لە خوارەوە بەر کەلـلەی کەسێک بکەوێت، بیکوژێت؟ ئایا نەمانبیستووە چلوورەی گوێسەبانان بەر سەری خەڵک کەوتووە و کوشتوونی؟

(ئەوەتە هونەرمەند لەسەر پشتی ئێسترەکەی دانیشتووە. قاچەکانی بەملا و بەولایدا شۆڕ کردوونەتەوە. بانجۆکەی وەک تفەنگ بە شانی داداوە، کە ئەگەرچی شەوە، بەڵام مانگ بە دەرەوەیە و دەتوانێت بیبینێت. لەوێوە بەردێک بە کەلـلەیدا دەکێشێت. دەکەوێتە خوارێ، بێ ئەوەی هاوارێکی لێ بەرز ببێتەوە).

(سەباح) نووسیویەتی: (ژنێک ئۆتۆمبیل لێ دەخوڕێت. شۆدی لە گۆڕەپانی پێش زیندانە و تەماشای دەکات. دوورە لێی، بەڵام هەرچەند نزیکیش بێت لێی ناتوانێت ئەو جۆگەیە ببینێت کە ملوانکەکەی ملی، دروستی کردووە لەسەر جەستەی. دواتر دەڵێ ڕووی لەو نەبوو. باشە ئەگەر ڕووی لەو نەبوو، چۆن توانی ئەو وەسفە وردەی بکات، هەرچەندە وەسفەکەیش زیادەیە و هیچ پێویست ناکات چونکە کارەکتەرێکی سەرەکی نییە).

ئایا ڕاستە (پ. و. شۆدی) لەم ژنە دوورە؟ نەخێر. ئۆتۆمۆبیلەکە وەستاوە و ئەو لە نزیکیەوەیەتی، بەڵام ئەگەر دەگوترێت ژنێک لێی دەخوڕێت، ئەوە مەبەست ئەوەیە لە شوێنی شۆفێر دانیشتووە. چیرۆکەکە بەم شێوەیەیە: لێبوردنی گشتی بۆ زیندانییان دەردەچێت و (پ. و. شۆدی) یەکێکیانە. ڕاستییەکەی ناوی (دڵدار)ـە، بەڵام لە زینداندا بۆ (پ. و. شۆدی) گۆڕیویانە. دواتر بۆ ئەم خاڵە دەگەڕێمەوە. پێی گوتراوە (دیدەن) و (دیمەن) دێن، کە ناوی هەردوو پوورەکەین، تا بە ئۆتۆمۆبیل بیبەنەوە و ژمارەی ئۆتۆمۆبیلەکەیشیان پێ داوە. دێتە بەردەمی زیندان، لە کاتێکدا وا کەسوکاری زیندانییەکان لەوێ چاوەڕێیانن. (پ. و. شۆدی) ئۆتۆمۆبیلەکە دەبینێت، بەڵام ژنێک و کچێکی منداڵی لەناودان، نەوەک پوورەکانی. با ئەم پەرەگرافە بخوێنینەوە: {(پ. و. شۆدی) لەو کاتەدا ژمارەی سەر پلێتی ئۆتۆمۆبیلێکی سووری بەر چاو دەکەوێت و دڵی دادەچڵەکێت، چونکێ هەمان ئەو ژمارەیەیە، کە لە فایلەکەدا تۆمار کراوە، گۆیە هیی پوورەکانیەتی و دەیبەنەوە، بەڵام ژنێکی گەنج لێی دەخوڕێت، نە لە (دیدەن) دەچێت و نە لە (دیلان)یش، بگرە شێوەی زۆر لە هیی ئەوان دوورە. قژی لە شێوەی بۆب بڕیوە. سینگ و پشتی ڕووتن. پێستی زۆر ڕوون و لووس دیارە. دەڵێی ئاوێنەیە. کەمجار ڕێک کەوتووە، بگرە هەر ڕێک نەکەوتووە بەم ڕادەیە جوانیی ژن سەرنجی ڕابکێشێت}.

وەک دەبینین ئۆتۆمۆبیلەکە وەستاوە، چونكی هەم شۆفێرەکە و هەم منداڵەکەی تەنیشتی وەک ئەوانەی تر چاوەڕێی بەربوونیانن. ئەمەیش پەرەگرافێکی دیکەیە: (ڕووی بە لای ئۆتۆمۆبیلە سوورەکەدا وەردەگێڕێت و قووڵتر سەرنج لەو ژنە دەدات، کە تیشێرتێکی نیوقۆڵی پەمبەییی پۆشیوە. چاویلکەی هەتاویی لە چاوە. ئەو ڕەنگە ڕەشە هێندەی تر پێستی ڕوون دەرخستووە. بەگشتی ئەوانەی لووتیان باریک و لێویان کەمێک ئەستوورە، چاویلکەی هەتاوییان لێ دێت، بە مەرجێ ئاوا ماکیاجێکی تەنکیان کردبێت. زنجیری ملوانکەکە لە گۆشتی چەقیوە و چاڵێکی سەیری پێک هێناوە. باشترە بگوترێت جۆگەلە، چونکێ هەر بە ڕاستی لە جۆگەلە دەچێت). دوای ئەوە ئەم چەند وشەیەیش هەن: (ئەو ژنە کێیە؟ خەریکە ئەو پرسیارە یەخەی دەگرێت. کیژۆڵەیەک لە تەنیشتی دانیشتووە. بە مەزەندە هەشت نۆ ساڵ تەمەنیەتی. ڕوویان لەو نییە. ڕەنگە نەیاندیبێت).

(پ. و. شۆدی) دانەنیشتووە، بەڵکوو لەو بەردەمەدا پیاسە دەکات، بۆیە کاتێ دەگوترێت (ڕوویان لەو نییە. ڕەنگە نەیاندیبێت)، لەگەڵ دۆخی ئێستایەتی، کە لە پشتیانەوەیە. ئەوەتە لە ڕۆمانەکەدا هاتووە: {(پ. و. شۆدی) لە بەردەمی زینداندا پیاسە دەکات و خۆیشی نازانێت خەیاڵی بەرەو کوێی بردووە}. بەم شێوەیە ژنەکەی هەم لە پێشەوە و هەم لە دواوە دیوە. هیچ ئاماژەیەک نییە (پ. و. شۆدی) دانیشتبێت، بەڵکوو لە جووڵەدایە. شێوازی گێڕانەوەی من وایە، کە تەنیا لە سنووری پێویستدا پەنا بۆ وەسف دەبررێت، دەنا بایەخی یەکەم بە جووڵە دەدرێت. ئایا لە پشتیشەوە ناتوانیت ملوانکەی کەسێک ببینیت؟

ئەمەیش بەشێکی دیکەی دەقەکەیە: (ژنە چاویلکەی لە چاوی دوور خستووەتەوە و بە دەستیەوە گرتووە. لە ئۆتۆمۆبیل دابەزیوە و چووەتە لای. بەم پاییزە جلوبەرگی هاوینەی پۆشیوە. ئەو جینزە ڕەشەی تەواو لەگەڵ تیشێرتە پەمبەیییەکەیدا ڕێک کەوتووە. کاتێ دەدوێت، ئەو جۆگەلەیەی پڕ دەبێتەوە، کە ملوانکەکە پێکی هێناوە). واتە وەک گوترا ئۆتۆمۆبیلەکە وەستاوە و لە نزیکەوە دیویەتی. کێ دەڵێت مرۆڤ ناتوانێت لە نزیکەوە ئەو دیمەنە ببینێت؟

ئینجا کاتێ (سەباح) دەڵێت: (وەسفەکەیش زیادەیە و هیچ پێویست ناکات چونکە کارەکتەرێکی سەرەکی نییە)، ئەوە لە گوتار و گفتوگۆکاندا گوتوومە لای من کارەکتەر بەسەر سەرەکی و لاوەکی دابەش نابێت، کە ئەگەر خوێنەر بۆ کتێبی (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ) بگەڕێتەوە، دەبینێت یەکێ لە خەسڵەتەکانی ئەدەبی پۆستمۆدێرن، تێکشکاندنی سەنتراڵیزم و گەڕاندنەوەی بەهایە بۆ کەناڵە پەراوێزخراوەکان. لەگەڵ ئەوەیشدا فۆکەس لەسەر بینینی (پ. و. شۆدی)یە. واتە ئەمە ئەوە بەو شێوەیە ژنەکە دەبینێت. ژنەکە بەو پێوەرەیش بێت، لاوەکی نییە، بەڵکوو ڕۆڵی گەورەی هەیە و کۆمەڵێک پرسیاری لای (پ. و. شۆدی) ورووژاندوون. نامەوێت لەوە زیاتر بڵێم، چونکێ نهێنییە و خوێنەر خۆی دەبێت بە دوایدا بگەڕێت.

(سەباح) نووسیویەتی: {شۆدی دووبارە دەخرێتەوە زیندان لەبەرئەوەی ماسکی بەستاوە. ڕاستە ماوەیەکی کەم ماسک دەبەستێت و بە دوای کڵاش دەکەوێت و گوێ لە دایەلۆگی ئەو و ژنەکەی دەگرێت (ئەو دایەلۆگەیش هیچ پێویست ناکات) بەڵام ئەو کاتەی کە دەیگرن ماسکی نەبەستاوە (لا٨٢)}.

با سەرەتا بپرسین ئایا ڕاستە (پ. و. شۆدی) دوای ئەو کارەکتەرە دەکەوێت، کە ناوی (کلاش: Clash)ـە؟ نەخێر، (کلاش) یەکێکە لە پاسەوانەکان، کە دەستەڵاتی لە هیی سەرۆکی پاسەوانان زیاترە، بەڵکوو ئەوەی دوای دەکەوێت، (ز. ڕ. لەولی)یە و گوتراوە: (یەکێکە لە زیندانییە دێرینەکان). ژنەکەی بە عەرەبانە بۆ کەلاوەکەی دەباتەوە. لە ڕێگە گفتوگۆ دەکەن، کە زمانی هەردووکیان شێواوە، بگرە ئەو زمانە بۆ ئاماژە گۆڕاوە. ئەگەر ناو زیندان (لەولی)ی بۆ بوونەوەرێکی سەیر گۆڕیوە، ئەوە دەرەوەی زیندان ژنەکەی لە سروشتی خۆی داماڵیوە، بەڵام هەوڵ هەیە ئەو سروشتە لە ڕێی زمانەوە بگەڕێنرێتەوە. ژنە بە درێژاییی گوتەکانی وێنەیەکی سوریالییانەی ژیانی دەستەڵاتداران دەخاتە بەر چاو، بگرە باس لە شێوازی نووستن و تەختی خەوتنیان دەکات. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم لەم شوێنەدا هەوڵ دراوە لە دیدگەیەکی فەلسەفییەوە زیندان و دەرەوەی زیندان بکرێنە هەمان ڕووبەڕ. شێوازی شانۆیی بە کار هاتووە، کە لە تێکڕای ڕۆمانەکەدا شێوازە جیاوازەکانی دەربڕین هەن و بە ئاگایییەوە کراون. دوایی بۆی دەگەڕێمەوە. هەندێک لەو هاوڕێیانەی دەوروبەرم چەند جارێ ئەم گفتوگۆیەیان خوێندووەتەوە.

(سەباح) نووسیویەتی: (ئەو کاتەی کە دەیگرن ماسکی نەبەستاوە (لا٨٢)

ڕاستە، بەڵام بینیویانە، کە پێشتر بەستوویەتی، چونکێ لە بەردەرگەی زینداند بووە. ئینجا زیندانەکە هەر خۆی شوێنێکی ئاسایی نییە، بەو مانایەی زیندانێکی تایبەتە. (کلاش: Clash) پێشتر لە زینداندا ڕۆژانە دیویەتی و دەزانێت کێیە. ئینجا قسەی هەم لەگەڵ ژنەکە و هەم لەگەڵ کچەکەیدا کردووە، کە هاتوون ئەم ببەنەوە. ئەوان ئێستا گیراون، بۆیە ئەویش دەگرێت. ئەو خۆی دەڵێت لەبەر ماسک خراوەتە زیندانەوە، کە دەشێ شتی تر بێت، چونکێ هیچ بەڵگەیەک نییە. بە ئاگایییەوە ئەوە کراوە، کە مرۆڤ بە هۆکاری پووچ بخرێتە زیندانەوە و لەم ڕووەوە کۆمەڵێک چیرۆکی زیندانییەکان گێڕدراونەتەوە. پێشتر لە گفتوگۆ و گوتارەکانمدا لەبارەی هۆکارەوە دواوم، کە مەرج نییە هۆکاری شتەکان ڕوون بن، بەڵکوو دەشێ لە کۆمەڵێک نەزانراوەوە هاتبن، مادام شتەکان فرەڕەگن، نەوەک تاکڕەگ.

(سەباح) دەنووسێت: {دەلیلە هەندێ هێڵ دەکێشێت تا بۆ یەڵدای منداڵ ڕوونی بکاتەوە دۆخی دەروونیی ئارۆ چۆنە. باشە منداڵیک چۆن لە زمانی هێڵ تێدەگات؟ (لا٨٩)}.

من دەپرسم ئایا ڕاستە (دەلیلە) هەندێک هێڵی بۆ (یەڵدا)ی منداڵ کێشاوە؟ نەخێر. ئایا (یەڵدا) باوکی (ئارۆ) و (دارۆ)یە، یان منداڵە؟ باوکیانە. ئایا لەو کاتەدا لە ژیاندا ماوە؟ نەخێر. ڕاستییەکەی بەم شێوەیەیە: {(دەلیلە) ئێستا بۆ ژوورەوەی بردووە و گەڕاوەتەوە لای (دادە زیبا). بە پەنجەی دۆشاومژەی لەسەر ئەو خۆڵەی بەردەرگە هەندێک هێڵ دەکێشێت، تا ڕوونی بکاتەوە دۆخە دەروونییەکەی چۆنە. پێچەوانەی ئەوەی (دارۆ)یە. واتە بازنەیی نییە، بەڵکوو ڕێکە. ڕێک، بەو مانایەی ئامانجێک هەیە، هەمیشە دوای دەکەوێت، بێ ئەوەی هەست بکات پێی دەگات، یان لێی نزیک دەبێتەوە، بۆیە نیگەران و نائارامە}.

بەرگی ڕۆمانی تەرمەوان، کاروان عومەر کاکەسوور،  چاپ و پەخشی سەردەم ٢٠٢٣

ئەم پەرەگرافەیش لە ڕۆمانەکەدا دەخوێنینەوە: {(دادە زیبا) کاتێ گوێی لە وشەی (ئامانج) دەبێت، سەر با دەدات و لچ هەڵدەقورتێنێت، وەک بڵێی بیەوێت لە ڕێی ئەو دوو جووڵەیەوە بپرسێت منداڵێکی دەساڵان ئامانجی چیی هەیە؟ مرۆڤ لەم تەمەنەدا هەر ساتێ شتێکی جیاواز لەو ساتەی پێشووی لە خەیاڵدایە، کە ئەوەی نییەتی و بیری لێ ناکاتەوە، (ئامانج)ـە. ئینجا (دەلیلە) دەڵێت لەم چوار ڕۆژەدا بەردەوام ویستوویەتی بە پەنجەکانی کەزیی ئەو هەڵبوەشێنێتەوە، کە لە شێوەی ملوانکەدا هۆنیویەتیەوە، تا بیانکاتە دوو هێڵی ڕاست و دەستیان پێدا بهێنێت. ئەو نائارامییە وای لێ کردووە بڵێت خۆی هونەرمەندەکەی کوشتووە، تەنانەت ڕووداوەکەی بە وردی گێڕاوەتەوە}.

(سەباح) نووسیویەتی: {لە لاپەڕە (٩٠)دا، دەلیلە زیبا دەباتە ژۆرێ، بەڵام لە لاپەڕە (٩١) دەلیلە لە دەرێیە. چۆن و کەی هاتە دەرێ؟}.

بۆ ئەوەی بزانین ئەمە چۆنە، پێویستە ئەم پەرەگرافە بخوێنینەوە: {(دەلیلە) دەستی (دادە زیبا) دەگرێت و بۆ ژوورەوەی دەباتەوە، بە مەرجێ خۆی پێی باشترە لە دەرەوە بمێنێتەوە. دیارە دەیەوێت لە (ئارۆ)وە نزیکی بخاتەوە، کە ئەوەتە لەسەر تاقێکی هەیوان دانیشتووە و هەڵدەلەرزێت، بە تایبەتی قاچەکانی، کە شۆڕی کردوونەتەوە. دەڵێی دوو لقی درەختن و ڕەشەبا دەیانلەرێنێتەوە. لە دڵی خۆیدا دەڵێت دیارە دیویەتی چۆن باوکی هونەرمەندی کوشتووە و چۆن خوێن لە سەریەوە فیچقەی کردووە، بۆیە ناتوانێت ئەو دیمەنە ترسناکە لە بەرچاوی لا ببات. ڕووداوەکانی شەویش هەر بە سروشت لەوانەی ڕۆژ ترسناکترن و ماوەی زیاتریش لە خەیاڵی مرۆڤدا دەمێننەوە. چاو بۆ (دەلیلە) دەگێڕێت و نایبینێت، تا لەو بارەیەوە بۆی بدوێت. دیارە چووەتە دەرێ، تا بە دوای (دارۆ)دا بگەڕێت و بیهێنێتەوە}.

لێرەدا گێڕانەوە فۆکەسی لەسەر (زیبا)یە، بگرە لەوەوە دەڕوانێتە دەوروبەر. ئەمە بە ئاگایییەوە کراوە، کە دۆخی دەروونیی ئەو دایکە پێشان دەدرێت، چۆن دوای ئەو هەموو نەهامەتییە، ئاگای لە خۆی و چواردەوری بڕاوە. پێشتر لەسەر زمانی (دەلیلە)وە باس کراوە، کە چەند ڕۆژە نە خەوی هەبووە و نە خۆراک.

(سەباح) نووسیویەتی: {لە لاپەڕە (١٠١)دا، زیبا پرسیار لە دەلیلە دەکات بۆچی نان ناخوات. کەچی چەند لاپەڕەیەک پێشتر، دەلیلە پێی گوتبوو نانی خواردووە}.

ماڵی دایک و باوکی (دەلیلە) لە قەراغی شارە. لەو دەمەی (زیبا) و منداڵەکانی تووشی ئەو دۆخە هاتوون، چووە لەوێ قەیماغ و نانی تەندووری هێناوە، بەڵام (زیبا) دەڵێت:

(_ هەر خۆت و ئارۆ دەیخۆن. من دڵم هیچ نابات، دەلۆیلۆ.

_ ئەوە چوار ڕۆژە، ئەگەر نەڵێم پێنجە تۆ نە بە ڕاستی دەمت لە نان داوە و نە وەک پێویست ئاویشت خواردووەتەوە. دەتەوێت من ئاوا بتبینم و نان بخۆم؟ نەیخۆیت، نایخۆم. ڕوونە؟).

(دەلیلە) هەرچۆنێکە ڕازیی دەکات نان بخوات. لەو کاتەدا دەپرسێت: (_ خۆت بۆچی ناخۆیت، دەلۆیلۆ؟

_ من لەوێ خواردوومە، دادە زیبا گیان.

ڕاست ناکات. دەمی لێ نەداوە. ئەوان جێ دەهێڵێت و دەچێتە حەوشە).

ئەوە هەموو شتەکەیە. من خۆم گرفتێک لێرەدا نابینم.

(سەباح) نووسیویەتی: {ئارۆ دە ساڵە، شتی وا دەکات بە تەمەنی خۆی ناچێت. قەیناکات. بەڵام لە لاپەڕە (٣٧٥)دا ڤەگێڕ دەڵێ، “قاچی چەپی دەخاتە ژێر بەردێک و بانجۆکەی لەسەر ڕاگیر دەکات.” واتە لێرە وەستاوە و دەژەنێت. دواتر بەرەو تڕۆپکی گردێک دەچێت و لە ژەنینیشی بەردەوامە. ئەمە چۆنە؟ بانجۆکەی لەسەر قاچی دانا تا بیژەنێت. ئایا بە ڕۆیشتن لە ژەنین بەردەوام بووە؟ چۆن؟}.

ئایا قاچی دەخاتە ژێر بەردێک، یان سەر بەردێک؟ دەقەکە وەڵاممان دەداتەوە: (قاچی چەپی دەخاتە سەر بەردێک و بانجۆکەی لەسەر ڕاگیر دەکات، تا بتوانێت بە دروستی بیژەنێت. دوایی بەرەو ترۆپکی گردەکە هەنگاو دەنێت و لە ژەنینیشی بەردەوامە).

کەواتە قاچی لەسەر بەردێک داناوە، نەوەک خستبێتیە ژێر بەردێکەوە، کە ئەوانە تەواو لە یەکتر جودان. ئایا بانجۆیەکی گەورەیە؟ نەخێر، {ڕاستییەکەی دانەیەکی بچووکە و کەسێکی شارەزا هەر تایبەت بۆی دروست کردووە، بە ڕادەیەک بۆ منداڵێکی وەک ئەم دەست بدات، بەڵام کەموکووڕیی نییە و دەتوانێت ئەرکی خۆی بە چاکی ڕابپەڕێنێت، بە مەرجێ ئەو پەنجانەی دەیژەنن، هیی هونەرمەند بن، کە وەک گوترا ئەم هونەرمەندە و لە ئێستاوە بە (ئارۆ بانجۆ) ناسراوە}. ئایا کاتێ بە گردەکەدا هەڵدەگەڕێت و لە ژەنینیشی بەردەوامە، قاچی هەر لەسەر بەردەکەیە؟ نەخێر. نە لەژێر بەردەکەیە و نە لەسەر بەردەکەیش. ئایا ئەوە کارێکی سەختە؟ دەتوانێت بە دانیشتن و بە ڕۆیشتن بیژەنێت، بگرە کاتێ بەو گردەیشدا هەڵدەگەڕێت. هەموو کاتێکیش لە بیرمانە ئێرە دنیای ئاماژەیە و لۆجیکەکە هیی دەقەکەیە، نەوەک هیی دەرەوەی.

ئینجا ئەوەی دەڵێت: (ئارۆ دە ساڵە، شتی وا دەکات بە تەمەنی خۆی ناچێت)، پێویستە بپرسین ئایا لە دەقەکەدا زەمینە بۆ گوتە و هەڵسوکەوتی خۆش کراوە؟ ئایا لۆجیکی دەقەکە ڕێ بەوانە دەدات؟ واتە ناکرێت بە لۆجیکی دەرەوەی دەقەکە ئەوانە لێک بدرێنەوە. (تەمەن) لە دنیای ئاماژەدا هەمان (تەمەن)ی ناو دنیای شمەک نییە، بەڵکوو ترازاوە و مانایەکی دیکەی جیاوازی بە خۆوە گرتووە. تەکنیکی گێڕانەوەکە وایە لە تەمەنی گەورەیییەوە بۆ منداڵیی هەر یەکێ لەو کارەکتەرانە دەگەڕێتەوە، بەو مانایەی تێگەیشتن و بینینی گەورەیی لەگەڵ تێگەیشتن و بینینی منداڵی یەک دەگرن، تا تێکەڵەیەک لە هەردووکیان پێک بێت، کە ئەمەیش وا دەکات ئەو ڕابردووە ڕێک وەک خۆی دەرنەخرێتەوە، بەڵکوو گۆڕانی بەسەردا بێت. بە مانایەکی دیکە، یادەوەریی گەورەیی و هیی منداڵی پێکەوە لەو گێڕانەوەیەدا بەشدارن. هونەر خۆی بەرهەمی ئەم ترازانەیە، دەنا دەبێتە هاوشان و هاووێنەی واقیع. زمانەکەیشی وەک زمانی ڕۆژانەی لێ دێت. (ئارۆ) بەو هەڵسوکەوت و ڕوانینەی بووەتە (ئارۆ)یەکی هونەری، کە هەر لێرەیشەوە جیاواز و سەرنجڕاکێشە. زمانی ئەو ترازاوە و چووەتە ئاستێکی دیکەوە، بە ڕادەیەک جیاوازە لەو زمانەی وا لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بە کار دێت، بۆیە ئەو ژنەی (تاوکۆ لاوکۆ ڕاوکۆ)ی بەرپرسی باڵا لەو ژوورەدا بەندی کردووە و ئەم هاتووە لە پەنجەرەوە دەیدوێنێت، پێی دەڵێت: (_ تۆ کێیت؟ قسەکانت لە ئاستی تەمەنت نین. ڕەنگە وەک منداڵ بێیتە بەر چاوی من، دەنا دەشێ زۆر گەورە بیت.). کارەکتەر ئەگەر هەمان کەسی ناسراوی کۆمەڵگە بێت، ناتوانێت کاریگەری جێ بهێڵێت. ئێمە لە دەقەکەدا (ئارۆ)مان هەیە لە ساتی لەدایکبوونیەوە تا ئەو ڕۆژەی لە ئەشکەوتێکدا دەکوژرێت، بەڵام سەربردەی ژیانی بە شێوەی زنجیرەیی نەگێڕدراوەتەوە، بەڵکوو هەر جارێ بەشێکی لە ڕایەڵی جیاوازدا پێشان دراوە. ئەم تەکنیکە وشەی کەمی دەوێت، بەوەی شتەکان لە شێوەی ئاماژەدا پێشان دەدات و خوێنەر ئەو بۆشایییانە پڕ دەکاتەوە، بگرە بە شێوازی خۆی لەو پارچانەدا وێنەی هەر کارەکتەرێک دەکێشێت.

(سەباح) نووسیویەتی: {لە (لا٤٧٥)دا، شۆدی بە زمانی جەستە قسە لەگەڵ ژن و پیاوێکی کەڕولاڵدا دەکات. چۆن لەهیکڕا فێری زمانی جەستە بوو؟ چونکە ئەوەی بە شۆدی دەڵێن بابەتێکی سادە و سڵاوکردن نییە، بگرە بابەتێکی قووڵە. چۆن بە زمانی جەستە لەو بابەتە تێگەیی؟}.

ئایا لە دەقەکەدا نووسراوە (زمانی جەستە)، یان (ئاماژەی جەستە)؟ ڕاستییەکەی (ئاماژەی جەستە)یە، بگرە ئەگەر هەموو دەقەکە بگەڕێیت، (زمانی جەستە) نادۆزیتەوە، بەڵام یەک مانایان هەیە. ئایا ڕۆژانە خۆمان بەردەوام پەنا بۆ ئاماژەی جەستە نابەین؟ هیوادارم خوێنەر خۆی بۆ پێناسەی زمانی جەستە (body language) بگەڕێت، تا بزانێت، ئاخۆ هەر ئەو ئاماژانە ناگرێتەوە، کە بە ئاگایی و نائاگایی بە کاریان دەهێنین؟ کەواتە پێویستی بە خوێندن نییە و لە هیکڕا فێری نابین، بەڵکوو سروشتمانە و پێیەوە لە دایک دەبین، بگرە ئاماژەی جەستە لە قسە ڕەسەنترە، کە ئەوەی دوایییان، واتە (قسە) لای فیلۆسۆفێکی وەک (دێریدا) دەدرێتە بەر ڕەخنەی توند و لەو ڕێیەوە ڕووبەڕووی تێکڕای مێتافیزیکای ئامادە (Metaphysics of Presence) دەبێتەوە. باسی ئێستامان نییە و پێشتر لەو بارەیەوە نووسیومە.

(پ. و. شۆدی) ویستوویەتی لەو ژن و پیاوە کەڕولاڵە بگات. کاتێ لەگەڵیاندا دواوە، لە دۆخێکی دەروونیی سەختدا بووە، بەوەی تازە لە زیندانێکی تایبەت هاتووەتەوە دەرێ، بە ڕادەیەک وا دەزانێت دنیا تەواو گۆڕاوە و ورچ وەک مرۆڤ قسە دەکات. گێڕەرەوەیش لێرەدا بێلایەنە و نایەوێت دەست بخاتە ناو ژیانیەوە، بگرە ئازادیی تەواوی پێ داوە، تا وەک ئەوەی هەیە، بدوێت و هەڵسوکەوت بکات. لەناو کۆمەڵێک تەرمی قەراغشاردا کووخێکی پێکەوە ناوە، کە شوێنەکە بە هەموو مانایەک ترسناکە. خوێنەری بێلایەن دەتوانێت بۆ ئەو شوێنە بگەڕێتەوە، تا بزانێت چۆنە. ڕەنگە (پ. و. شۆدی) لەو دۆخە دەروونییەدا شتەکان بەو شێوەیە نەبینێت، کە هەن. ئەم پەرەگرافە دەخوێنینەوە: {بە ئاماژە لەگەڵ یەکدا دواون، بەڵام بە هۆی بۆگەنی تەرمەکانەوە کێشەیان بۆ دروست بووە، چونکێ هەمیشە بە پەنجە لووتیان گرتووە، لە کاتێکدا بۆ مرۆڤی کەڕولاڵ، کە تەنیا پشت بە ئاماژەی جەستە دەبەستێت، پەنجە گرنگترین ڕەگەزی لێکتێگەیشتنە. (پ. و. شۆدی) بۆی دەرکەوتووە خۆی تەرمەوانە و ئەم ماوەیە لەگەڵ ئەو بۆگەنە ڕاهاتووە، دەنا بێگومان هەر کەسێ لە شوێنێکی ترەوە بێتە ئێرە، بەرگەی ناگرێت. ڕاستییەکەیشی شتێکی وایان لێ نەماوەتەوە، بەوەی شەوان ئاژەڵی کێوی و ڕۆژانە داڵەکان لێیان خواردوون}. ئەمەیش پەرەگرافێکی دیکەیە: {حەزی کردووە لەو ژن و پیاوە کەڕولاڵە نزیک ببێتەوە. ئەوان بە ئاماژە چەند شتێکیان لەبارەی کۆترەکانەوە دەربڕیون، کە ئەوەی لێیان تێگەیشتووە، ئەوە بووە، دەیانەوێت ئەم وڵاتە جێ بهێڵن و بەرەو خۆرئاوا بچن. خانووەکەیان بە کەلوپەلەکانەوە فرۆشتووە و تەنیا ئەم کۆترانە ماونەتەوە، بۆیە مەبەستیانە ئازادیان بکەن. (پ. و. شۆدی) وەک ئەوان پەنای بۆ زمانی ئاماژە بردووە و پرسیویەتی، ئاخۆ چۆنە بیریان لەوە نەکردووەتەوە بیانفرۆشن. پیاوەکە لێی تێنەگەیشتووە، بەڵام ژنەکە زانیویەتی مەبەستی چییە و هەوڵی داوە وەڵامی بداتەوە. ئەم بۆی دەرکەوتووە هیی خۆیان نین، بەڵکوو هیی بەرپرسێکی دەوڵەتی پێشوون و تازە شۆڕشگێڕان کوشتوویانە. هاوسەریشیان بردووە، تا دادگایی بکەن، بەڵام لە ترسان گیانی دەرچووە، تەنانەت نەیتوانیوە قاچی هەڵببڕێت و یخاتە دواوەی پیکەبەکەیانەوە، بەڵکوو لەنێوان ئەو دوو پیاوەی ئەم قۆڵ و ئەو قۆڵیان گرتووە، جووڵەی لێ بڕاوە. ئەو ژنە کەڕولاڵە ویستوویەتی بەردەوام ببێت و پتر شتەکان بۆ (پ. و. شۆدی) ڕوون بکاتەوە، بەڵام پیاوەکە پەنجەکانی خستووەتە سەر شانەکانی خۆیەوە و هەڵیپەڕاندوون، هاوکات نیشانەی سەرسووڕمانی لە دەموچاویدا نەخشاندووە، تا لەو ڕێیەوە پێشانی بدات ئەوەی شۆڕشگێڕان کوشتوویانە، چ پایەیەکی بەرزی لە دەوڵەتدا هەبووە. (پ. و. شۆدی) وای بۆ چووە ئەو بەرپرسە کەسی نزیکیانە. مەرجیش نییە وەڵامەکەی بە ڕوونی وەرگرتبێت، چونکێ لەبەر بۆگەنەکە بەردەوام لووتی خۆیان گوشیوە. هەر خێرا ئۆتۆمۆبیلیان خستووەتە گەڕ و بەرەو شار لێیان خوڕیوە}.

کەواتە مەرج نییە وەڵامەکەی بە ڕوونی وەرگرتبێت، بەڵکوو دەشێت هەر لێکدانەوەی خۆی بێت، گۆیە وایان گوتووە. ڕاستییەکەی لێرەدا فۆکەس لەسەر ئەوەیە هەم دۆخی دەروونیی (پ. و. شۆدی) پتر دەربخرێت و هەم ئاماژە بەوە بکرێت، کە لە ئەنجامی هەڵگیرسانی شۆڕشەوە شار چیی بەسەر هاتووە. وردەکاریی ئەمانە لە دەقەکەدا هەن و ڕێی خوێنەر دەدەم خۆی بە دوایاندا بگەڕێت.

(سەباح) نووسیویەتی: {لە تەواوی ڕۆمانەکەدا، کارەکتەری ئارۆ بەهێزە و تایبەتە، کەچی لە (لا٥٢٧)دا باسی ئەوە دەکرێ چۆن دەموچاوی دەسووتێ. ئەم ڕووداوە نەک چاڵە، بگرە قەناعەتپێکەریش نییە. یەکێک بە بەرد پیاو بکوژێت، وا بە ئاسانی لەبەر ناوساجی بەر دەبێتەوە و دەکەوێتە ناو ڕوونی. لێی نایەت}.

ئایا باسی کردووە چۆن دەموچاوی سووتاوە؟ نەخێر، بەڵام من خۆم ئەم ئەرکە دەگرمە ئەستۆ. (ئارۆ بانجۆ) دوای ئەوەی لە شۆڕشدا بووەتە کەسی دووەم، بگرە بووەتە کەسی یەکەم و کۆمەڵێک مرۆڤی بە تەور کوشتوون؛ سەربردەی ژیانی سەرنجی بەشێکی زۆری خەڵکی ڕاکێشاوە، بۆیە چەندان کەس لەو بارەیەوە دواون، بگرە کۆمەڵێک کتێب نووسراون، کە یەکێکیان هیی هاوڕێیەکی منداڵییەتی و لە ژێر ناوی خوازراوی (جینگز)دا نووسیویەتی، گۆیە لە هەموو ئەوانەی دی زیاتر ڕاستی لە خۆ دەگرێت، بەڵام (پ. و. شۆدی) کتێبێکی دیکەی دەست دەکەوێت، کە ئەگەرچی نووسەرەکەی ددانی پێدا دەنێت (جینگز) ورد باسی ژیاننامەی ئەوی کردووە، بەوەی هاوڕێی منداڵیی بووە و لە زانکۆیش پێکەوە خوێندوویانە، بەڵام {پێی وایە لێرە و لەوێ بە هەڵەدا چووە. بۆ نموونە بە بەڵگەوە پێشانی داوە، کاتێ سەری هەڵگرتووە، تەمەنی چواردە ساڵ بووە، نەوەک دووانزدە. ئینجا بە دووری نازانێت (ئارۆ) بە هەڵە دایکی بە تەور کوشتبێت. بەڵگەی ئەوەیە کاتێ سەری هەڵگرتووە، بانجۆکەی جێ هێشتووە، کە خۆشەویستترین شتی بووە، بە ڕادەیەک ساتێ لێی جودا نەبووەتەوە}. ئەو بەم شێوەیە دەیگێڕێتەوە: {دوای ئەوە دەموچاوی دەسووتێت و پێستی تەواو دەشێوێت. ڕاستییەکەی شەوە و بە بانجۆکەیەوە بۆ ماڵ دەگەڕێتەوە، کە ئەوسا دادەی لە ناوەڕاستی حەوشەدا ناوساجی سوور دەکاتەوە. بەوەدا چەند بڵێی برسییەتی و ماوەیەکی زۆرە خۆراکی وا چەوری لە ماڵدا نەدیوە، لە خۆشییان باڵ دەگرێت. بەر لەوەی بگاتە لای، قاچێکی دەکەوێتە ناو چاڵێکی بچووکەوە و بە لا دادێت. خۆی بۆ ناگیرێتەوە، بە تایبەتی ترسی لەوەیە بانجۆکەی بەر ببێتەوە و بشکێت، بۆیە کاتێ دەزانێت وا دەموچاوی لەناو تاوەکەدایە}.

ئایا مەرجە ئەم گێڕانەوەیە ڕاست بێت؟ نەخێر. گێڕانەوە لە ڕۆمانی پۆستمۆدێرن، یان لە ڕۆمانی فرەدەنگدا لەسەر گومان دامەزراوە و خۆی لە ڕەهاگەرایی دوور دەگرێت، کە وەک ڕەخنەدۆزان بە گشتی پێیان وایە بە خەسڵەتەکانی ناکاوی (suddenness)، ڕوواڵایی (arbitrary)، ڕێکەوت (Coincidence)، گەڕەلاوژە (chaos)، پەشێوی (Turbulent)، ناهاوتوخمی (heterogeneou)، پەرشوبڵاوی، یان نایەکگرتوویی (scattered or incoherent) و ئەوانەی دی دەناسرێتەوە، بەوەی هەر ئەوانە سیمای مێژووی هاوچەرخیشمانن. بە مانایەکی دی، ئەو شێوازەی ڕۆمان لە چەندڕەگی (hybridity)یەک پێک دێت و خاوەنی کۆمەڵێک ڕەگەزی ناهاوتوخم (heterogeneous elements)ـە. واتە جیاوازن، بێ ئەوەی دژی یەک بن. لەو شێوازەدا نەک هەر کارەکتەری بێژمار جیاواز دەردەکەون، بگرە گێڕەرەوەی جۆراوجۆریش ئەرکی گێڕانەوە لە ئەستۆ دەگرن، کە هەمان ئەو دۆخە دەروونییە ئەوانیش دەگرێتەوە. بە مانایەکی دی، هەر گێڕەرەوەیەک بەشێکی حەقیقەتەکە دەردەخات و خوێنەریش ئازادانە تێگەیشتنی خۆی دادەمەزرێنێت. لەبارەی ژیانی (ئارۆ)وە زۆر گێڕانەوەی دژبەیەک هەن، کە ئەو خوێنەرە خۆی بە دوایاندا دەگەڕێت.

با بۆ ئەم چەند وشەیەی (سەباح) بگەڕێینەوە: (یەکێک بە بەرد پیاو بکوژێت، وا بە ئاسانی لەبەر ناوساجی بەر دەبێتەوە و دەکەوێتە ناو ڕوونی). وەک بینیمان ئەگەر ئەو گێڕانەوەیە ڕاست بێت، مانای وایە (ئارۆ) قاچی دەکەوێتە چاڵێک و بەر دەبێتەوە، بەڵام بەوەدا خەمی یەکەمی بانجۆکەیەتی، کە زۆر تایبەتە و خۆشەویستییەکەی بێسنوورە بۆی، هەوڵ دەدات بیپارێزێت. ناتوانێت و دەموچاوی دەکەوێتە ناو تاوەکەوە. ئایا ئەوە پێوەندیی بە توخمی هێزەوە هەیە؟ ئەرێ ئەگەر مرۆڤێکی گەورەی بەهێزیش بێت و بەم شێوەیە بکەوێت، دەموچاوی ناسووتێت؟ ئینجا وەک لەو گێڕانەوەیەی لە کتێبە نوێیەکەدا هاتووە، دەشێ ئەودەم چواردە ساڵ بووبێت، نەوەک دووانزدە. هەر لە بەشی یەکەمدا کاتێ باسی (ئارۆ) دێتە ئاراوە، گومان لەم گێڕانەوەیە دەکرێت. (دارۆ)ی برای، کە بابەگەورەی (پ. و. شۆدی)یە، گوتوویەتی ئەودەم تەمەنی (ئارۆ)ی برای گەیشتووەتە چواردە. با ئەم پەرەگرافە بخوێنینەوە:

{دەیگوت ئەوە ڕاست نییە، گۆیە لە تەمەنی دووانزدەدا بە تەور دایکی کوشتووە، بەڵکوو ئەوسا گەیشتووەتە چواردە. (دەلیلە)ی دادەی بابەگەورەی پەنجەکانی دەخستە سەر ناوچەوانی خۆی و دەیگوت دووانزدە بوو، بەڵام هاوکات پێی لەسەر ئەوەیش دادەگرت، کە (دارۆ) بیری تیژە، بە تایبەتی لە ژمارەدا، بۆیە دوور نییە وا بێت. ئینجا دەیگوت لە لای ڕوونە دووانزدەی مانگ بوو، کە دیارە هەر ئەوە بە لاڕێیدا بردووە. ئینجا لەو ماوەیەیشدا کیژۆڵەیەکی ناسیاویان لە تەمەنی دووانزدەدا مردووە و لە ڕێی گۆڕستاندا باوکی بەر تەور دراوە، کە تەوروەشێنەکەیش لە (ئارۆ بانجۆ) زیاتر، کەسی دی نییە}.

بە ئاگایییەوە ئەو پەشێوییە لە گێڕانەوەکاندا دروست کراوە، تا بابەتەکە بە کراوەیی بمێنێتەوە و ڕێ بە حوکمی ڕەها نەدرێت.

ئایا نەمدەتوانی تەمەنی (ئارۆ) بکەمە هەژدە، بگرە بیستوهەشت؟ بەڵێ، دەمتوانی، بەڵام ئەو کاریگەرییەی ئێستای نەدەبوو. لێرەدا پرسیاری ڕەوشتی (ethical questions) دەورووژێنرێت، کە ئایا چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵێک، یان هەرزەکارێکدا بکرێت، وا لە پێناوی بەدەستهێنانی بانجۆیەکدا، هونەرمەندێکی کوشتووە؟ ئایا دوای ئەوەی ئەم ڕووداوە ڕێڕۆی ژیانی دەگۆڕێت و دەیگەیەنێتە ئەوەی خوێنی دەیانی تر بە گەورەیی بڕێژێت، چ پاساوێکی بۆ بهێنینەوە؟ ئایا تاوانەکانی پاساو هەڵدەگرن؟ ئایا کاتێ تاوانەکانی تێکەڵی بابەتی بەرگریکردن لە نەتەوە و نیشتمان دەبێت، هیچ شتێک لەو هاوکێشەیە دەگۆڕێت؟ ئەمانە و کۆمەڵێک پرسیاری دیکەیش. لە تێكڕای بەرهەمەکانمدا بە مەبەستی تایبەت منداڵ دەهێنمە ناو دنیای گەورانەوە، تا ئەو نهێنییانە دەربخات، کە ئەوان لەبەر هەر هۆکارێکە دەیانەوێت بیشارنەوە.

(سەباح) نووسیویەتی: {لاپەڕە (٩٨) کاتێ دەلیلە بۆ باهۆی سەگ قسە دەکات و دەڵێ، “بۆم دەرکەوتووە ئەوانەی زێدی خۆیان جێ دەهێڵن و لە شوێنی دی دەگیرسێنەوە، توانای گۆڕانکارییان هەیە.” باشە دەلیلەی نەخوێندەوار و شاراننەدیو و نەدیتکە، چۆن ئەمەی بۆ دەرکەوتووە؟}.

پێم وایە هەڵەیەکی لۆجیکی دەکەین، کاتێ دەڵێین مرۆڤی شارنەدیو و نەخوێندەوار هۆشیاریی نییە. ئینجا ئایا ئەوەی شاری نەدیبێت و تیپەکانی نووسین نەناسیت، نەدیتکەیە؟ ئایا ئێمە چۆن چەمکی (هۆشیاری) پێناسە دەکەین؟ بەر لەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەمەوە، دەڵێم (دەلیلە) ڕاستە کچی خانەوادەیەکی گامێشەوانە و لە قەراغی شاردا هاتووەتە دنیاوە، بەڵام زیاتر لە ماڵی (زیبا) و (یەڵدا)دا گەورە بووە، بگرە وەک کچیان وایە، بۆیە کوڕەکان بە دادەی خۆیانی دەزانن، تەنانەت تا دەمرێت، لەگەڵ نەوەکانیشیاندا دەمێنێتەوە. ئینجا ئەو بەشێکی کاتی ڕۆژانەی لە خانەکەدا بە سەر دەبات، کە ناوجەرگەی شارە. هەر هێندە نا، بەڵکوو لەوێوە شارێکی نوێ دەست پێ دەکات. ئەوانە دایدەمەزرێنن، وا لە شوێنی ترەوە بۆی هاتوون. (دەلیلە) دەستەخوشکی (سەمارا)ی هاوسەری (هاروون)ـە، کە یەکەم کتێبخانەیان لەم شارە داناوە، تەنانەت (سەمارا) وای زانیوە خوێندەوارە. لە گفتوگۆکاندا باسی زۆر شت دەکەن. یەکێک لەو گفتوگۆیانە لە ساڵی (1917)دا کراوە و چەند پرسیارێکیان ورووژاندوون. ئینجا (زیبا) بەردەوام کتێبی بۆ خوێندووەتەوە. لە ڕۆمانەکەدا ئاماژە بەوەیش کراوە، کە لە خانەکەدا کەسانی جیاوازی دیون. (دەلیلە) بەشێکی گێڕانەوەکە لە ئەستۆ دەگرێت، کە دەتوانم بڵێم بە ئاگایییەوە ئەوە کراوە، تا لە دیدی ئەوەوە وردەکارییەکانی شار لە ئاستی ئابووری، سۆسیۆلۆجی، سیاسی، ئەنترۆپۆلۆجی، سایکۆلۆجی، کولتووری و سۆمبۆلی، بگرە لە ڕووی تەلارسازیشدا پێشان بدرێت، بۆیە لە ڕێی ئەوەوە چیرۆکی جیاوازی کەسەکان دەخرێنە ناو پرۆسێسی گێڕانەوەوە، تراجیدیا و کۆمیدیا تێکەڵ دەبن، سنوور لەنێوان ڕابردوو، ئێستا و ئاییندەدا نامێنێت. ئایا بە ئاگایییەوە (دەلیلە) بۆ ئەو ڕۆڵە هەڵبژێردراوە؟ بەڵێ، چونکێ وەک لە گوتار و گفتوگۆکانمدا باسم کردووە، شتەکان لە ڕۆمانی فرەدەنگدا کۆمەڵێک ڕەگیان هەیە، نەوەک تەنیا یەک ڕەگ. ئەو ژنە تێکەڵییەکە لە شار و قەراغشار، یان چەق و کەنار، بگرە سنووری ئەوانە لەودا سڕاوەتەوە. ئایا (دەلیلە) ناتوانێت بڵێت: (بۆم دەرکەوتووە ئەوانەی زێدی خۆیان جێ دەهێڵن و لە شوێنی دی دەگیرسێنەوە، توانای گۆڕانکارییان هەیە، چونکێ گوێ بەوە نادەن پشتیان تێ دەکرێت، لە کاتێکدا هێشتا ڕووی کەسیان نەدیوە. ئەوانە لە سزا ناترسن، سزای ئەوەی بە نابووت دابنرێن و سووک سەیر بکرێن. ئەو ئازادییە دەست و پێیان دەکاتەوە، تا چییان پێ خۆشە، ئەوە بکەن، باهۆ)؟

نەیگوتووە لە کتێبێکدا خوێندوویەتیەوە، بەڵکوو لە دوای گێڕانەوەی چیرۆکی دوو برای کەبابچییەوە پێی گەیشتووە، کە ئەوانە لە شوێنی ترەوە بۆ ئەم شارە هاتوون، تا کەبابخانە دابنێن، لە کاتێکدا دانیشتووانی ئێرە سووک لە کەبابچییان ڕوانیوە. خوێنەر دەتوانێت بۆ دەقەکە بگەڕێتەوە، تا بزانێت، ئاخۆ شێوازی گێڕانەوەکە چۆنە. ئایا گوتەکانی ئەو ژنە سروشتی نین و بە زمانی خۆی نادوێت؟

بۆ ئەو دوو پرسیارەی پێشوو دەگەڕێینەوە: ئایا ناکرێت مرۆڤی نەخوێندەوار هۆشیار بێت؟ ئەرێ مەرجە هەمیشە خوێندەواری ببێتە هۆی دروستبوونی هۆشیاریی نوێ؟ کەواتە خوێندەواری ڕێگەیە و دەبێت بزانین چیی پێدا دەگوێزرێتەوە. خوێندەواری هەر خۆی بەرهەمی مرۆڤی نەخوێندەوارە. ئایا ئەوانەی خوێندەوارییان داهێنا، خوێندەوار بوون؟ ئەرێ بەهای ئەو شتەی مرۆڤ دایهێناوە، لە بەهای خۆی گەورەترە؟ ئایا هەموو خوێندەوارەکان هۆشیارن؟ ئەگەر لە دیدی (کارڵ پۆپەر)ی فیلۆسۆفەوە بڕوانین و بپرسین ئایا سەرجەم نەخوێندەوارەکان ناهۆشیارن، ئەوە پێویستە بیخەنە بەردەم تاقیکردنەوەوە، کە ئەو ناو لەم پرۆسێسە دەنێت پووچەڵکردنەوە، یان ڕەتکردنەوە، یان بەدرۆخستنەوە (Falsifiability)، کە ڕاستییەکەی مەبەست لە بوونی توانای بەدرۆخستنەوەیە و پێوەرە بۆ ئەوەی چی زانستی و چی نازانستییە. ئایا هەموو قوڵینگەکان سپین؟ لەم ڕووەوە گوتارێکم بە ناونیشانی (لە ناوی کارڵ پۆپەرەوە بەرەو فەلسەفەکەی) نووسیوە.(1)

بەپێی تێگەیشتنی ئەو فیلۆسۆفە ئەگەر یەک نەخوێندەوارمان دۆزییەوە، خاوەنی هۆشیاری بوو، مانای وایە ئەم تیۆرییە تێک دەشكێت و پێک نایەتەوە، هەتا ئەگەر دوای ئەوە بێژمار نەخوێندەواری ناهۆشیارمان هێنا، لە کاتێکدا پێم وا نییە (هۆشیاری) تاقی بکرێتەوە، چونکێ بە بوونەوە لکاوە و جوداکردنەوەی سەختە. من ناتوانم بوونەوەر بەبێ هۆشیاری بێنمە بەر چاو. ئامادەم لەو بارەیەوە یەک باسی تایبەت بنووسم و نووسیویشمە. پێشتر ئاماژەم بە گوتارێکی (ماگنوس ئینزێنسبێرگەر: Magnus Enzensberger)ی شاعیر و بیرمەندی ئەڵمان کردووە، کە لەژێر ناونیشانی (پێهەڵدانی نەخوێندەواری: In praise of illiteracy)دا نووسیویەتی و باس لەوە دەکات چۆن کەمایەتی لە پەنا خوێندەوارییەوە دەیەوێت بەشێکی زۆری دانیشتووانی گێتی بە بیانووی نەخوێندەواری بسڕێتەوە، لە کاتێکدا ئەوە نەخوێندەوارەکانن یادەوەریی گەورەیان هەیە و وردبینن. ئەوە ئەوانیشن ئەدەبیان داهێناوە، بگرە دەگاتە ئەوەی بڵێت ئێرەیی بە نەخوێندەوار دەبات، کە خاوەنی ئەو یادەوەرییە مەزنەیە.(2)

دیارە ئەو نووسەرە دژی خوێندەواری نییە، بە ‌قەدەر ئەوەی دەیەوێت لاکەی دیکەی سیستەمی خوێندن ببینێت، کە مەرجدارە. لە ڕێگەی خوێندنەوە دامودەستگەکان دەیانەوێت توانامان داگیر بکەن و بە ئارەزووی خۆیان هەڵمانبسووڕێنن. پێی وایە نەخوێندەوارەکان خاوەنی هۆشیاریی سروشتی و زیندوون، بەوەی دەستی دەستگەکانی دەوڵەتیان ناگاتێ، تا ئەو سروشتەیان بشێوێنێت. ئایا زمانی کوردی ئەوان نەیانپاراستووە، لە کاتێکدا بەشێکی زۆری خوێندەوارەکان لەناو زمانی دەوڵەتدا تواونەتەوە؟

ئایا ئەوانەی لە دەرەوەی شاردا دەژین، نەدیدتکەن؟ سەرەتا دەڵێم خۆم دژی ئەم زاراوەیەم، کە لە بەرانبەر وشەی (ناشارستان: uncivilized)دا بە کار هاتووە، لە کاتێکدا گومانی گەورەی من لە (شارستانیەت)، وردتتر لە مۆدێرنیزمە و لەم ڕووەوە ڕەخنەدۆزان لانی کەم لە (نیتشە) و (فرۆید)ـەوە تا (کلود لیڤی شتراوس)، (مێشێل فۆکۆ) و ئەوانەی دی بە شێوازی خۆیان ڕووبەڕووی بوونەتەوە. شارستانیەت بە خوێنی مرۆڤ ئاو دراوە. (فرۆید) لە کتێبی (شارستانیەت و نیگەرانییەکانی: Civilization and its Discontents)دا پێی وایە شارستانیەت لەسەر چەپاندنی ئارەزووەکان دامەزراوە. لەم ڕووەوە دەنووسێت: {ئەگەر هێڵی ئاسنینی شەمەندەفەر نەبووایە، تا ماوەی نێوان شوێنەکان کورت بکاتەوە، هەرگیز ڕۆڵەکەم زێدی خۆی (native town)ی جێ نەدەهێشت و منیش پێویستم بە تەلەفۆن نەدەبوو، تا گوێم لە دەنگی ببێت. ئەگەر گەشت بە هۆی کەشتی و لە ڕێی زەریاوە نەکرابووایە، هاوڕێی من ڕێی ئاوی نەدەگرت و پێویستم بە برووسکە (cable) نەدەبوو، تا نیگەرانیی خۆمی پێ بڕەوێنمەوە}.(3)

ئێمە ئەمڕۆ لەم کوردستانەی خۆماندا کاتێ دەچینە ئەو شوێنە بازرگانییانەی جاران مەڵبەندی یاریمان بوون، پێویستە جلوبەرگی جوان بپۆشین، پێڵاومان ڕەونەق بدات، قژمان ڕۆنی لێ بچۆڕێتەوە، کۆمەڵێک مارکەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانمان پێوە بن و شتی دیکەیش. ئەودەم هەر لەو شوێنانەدا تەقڵەمان لێ دەدا و لەسەر دەست دەڕۆیشتین. پڕ بە دەنگمان دەمانقیژاند و هەزار وشەی بێمانامان لە دەم دەردەچوون. ئەمڕۆ ئەو زمانەمان لە هەمان شوێندا سەرکوت دەکەین و بەپێی یاساکانی ئەو شارستانیەتە دەدوێین. هەم جەستەمان بەو شێوەیە دەجووڵێنین، کە شارستانیەت دەیخوازێت و هەم وشەکانمان بەو ڕێگەیەی، ئەو بەسەریدا سەپاندووین، دەردەبڕین. بە مانایەکی دی، ئەوە ئێمە نین خاوەنی جەستە و زمانین، بەڵکوو کۆمپانیاکانن ئێمەیان هەن و هەڵماندەسووڕێنن. ئینجا کاتێ دەمانەوێت بنووسین، دیسان ئەو یاسایانە لە بەرچاو دەگرین و خودی شارستانیەت دەکەینە پێوەر. ڕەخنەگرتن لە شارستانیەت، هاوکاتی ڕەواجدان نییە بەو هێزانەی شارستانیەت دەڕووخێنن، بەوەی ئەوانیش وەک شارستانیەت پرسیاری ئێمە دەکوژن، لە کاتێکدا ئەوەی ڕێمان دەدات لەناو شارستانیەتدا بژین، بێ ئەوەی بتوێینەوە، هێزی ئەو پرسیارەیە، کە وەک گوترا ئەمە هەڵسووڕێنەری ڕۆمانی فرەدەنگە. (هایدیگەر) ئەو هەموو ڕەخنەیەی لە ئامێر گرتووە، بەڵام خۆیی بە دوژمنی نەزانیوە، بەڵکوو تەنیا بە پرسیار ڕووبەڕووی بووەتەوە.

یەکێ لە ڕۆمانەکانی ڕۆماننووسی ئیتاڵی (ئەلیساندرۆ باریکۆ) ناوی (1900 داستانی پیانۆژەن لە زەریادا)یە و باس لەو کەشتییەی (فرۆید) دەکات. ڕاستە ناوی نەهێناوە، بەڵام بە خوێندنەوەی خۆم، هەر ئەوە. دیارە بە ئاگایییەوە سەرەتای سەدەی بیستەمی هەڵبژاردووە، کە تێیدا منداڵێکی ساوا لەناو کەشتییەکەدا، دروستتر لەناو کارتۆنێکی هۆڵی سەمادا دەدۆزرێتەوە، تەنیا دە ڕۆژە هاتووەتە دنیاوە و هەموو تەمەنی تێدا بە سەر دەبات، بە ڕادەیەک دەرەوە نابینێت. وەک ئەوە وایە زیندانی هەمیشەییی بێت. کەشتییەکە لەنێوان ئەوروپا و ئەمەریکا لە کاردایە. ئەوەی منداڵەکە هەڵدەگرێتەوە، پیاوێکی ڕەشپێستە، کە تێیدا چێشلێنەرە و ناوی (دانی بوودمان)ـە. ئەوەیشی هەر بە مەبەستەوە کردووە، کە ئەدەبی پۆستمۆدێرن بایەخی گەورە بەو ڕەگەز و توخمە پەراوێزخراوانە دەدات. کاتێ لێی دەپرسن ناوی کۆرپەکە چییە، دەڵێت (1900)، کە ڕاستییەکەی ئەو ناوە لە هیچ فایلێکدا تۆمار ناکرێت. تەمەنی دەگاتە شەش ساڵ و پیاوەکە دەمرێت. هەوڵ دەدەن چارەسەرێکی بۆ بدۆزنەوە، گۆیە لە ڕێی دەستەڵاتی دادگاوە فریای بکەون، بەڵام دیار نامێنێت، بە ڕادەیەک وا دەزانن خۆی هەڵداوەتە زەریاوە. کاتێ دەزانن، کەسێک خەریکی ژەنینی پیانۆیە و ئەم پیانۆژەنەیش هەر ئەو منداڵەیە. وەک گوترا لەوێدا دەمێنێتەوە و نایەوێت پێی بخاتە سەر وشکانییەوە، تەنانەت بەندەرەکانیش نابینێت. دیارە ئەمە کورتکردنەوەی ڕۆمانەکە نییە، بەڵکوو تەنیا چەند ئاماژەیەکە، لە کاتێکدا شێوازی گێرانەوەکەی تێکەڵییەکە لەنێوان هونەری چیرۆک و شانۆدا. زمانەکەی ناڕاستەوخۆیە و پڕ لە ئاماژە. لێرەدا مەبەستمە بڵێم ئەو نەهامەتییە بەرهەمی شارستانیەتە. وەک (فوکۆ) و ڕەخنەدۆزانی دیکە پێیان وایە زیندان و شێوازەکانی ئەشکەنجەیش هەر ئەو شارستانیەتە هێناونی. من خۆم لە هەشتاکانەوە بایەخم بە زیندان و ئەشکەنجە داوە، بەڵام بە شێوەی ناڕاستەوخۆ، وەک ئەوەی زمانی ئەدەب دەیخوازێت، کە بریتییە لە تێپەڕاندنی دۆخی شت بۆ ئاماژە. چیرۆکی (هەتیوێکیشیان لەگەڵدایە)، ئەندامێکی کۆمەڵەی (سەدەی یەکەی خەیاڵە)، کە بە شێوەی کۆمیدیا باس لە زیندان و شێوازەکانی ئەشکەنجە دەکات. لە ڕۆمانی (سوارەکان بە قاچاغ بووکیان گواستەوە)دا (سەنگەر) دەخرێتە زیندانێکەوە و زیندانەکە بەر تۆپ دەدرێت، بە ڕادەیەک تێکڕای پاسەوانەکان ڕا دەکەن و خۆی تەنیا دەمێنێتەوە. لە ڕۆمانی (تەرمەوان)دا بە شێوازێکی دی بۆیان گەڕاومەتەوە. وەک گوترا ڕۆمانی فرەدەنگ توانای هەیە ئەو لایەنە شاراوەیەی شارستانیەت دەربخات، کە دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکانی نایانەوێت بیبینین. ئەگەر بەم شێوەیە و بەو توندییە لەسەر ئەم خاڵەدا هەڵوێستە دەکەم، ئەوە لەبەر ئەوەیە ڕوانینمان بۆ شارستانیەت، هاوکات ڕوانینە بۆ ئەدەب بە گشتی و ڕۆمان بە تایبەتی، کە هەر لێرەوە شێواز و تەکنیکیش دەردەکەون.

لە ڕۆمانی (تەرمەوان)یشدا ئەم باسە شتێکی بنەڕەتییە. ئەوەی خان دادەمەزرێنێت، کە وەک گوترا شار لەوێوە دەست پێ دەکات، کەسێکی بکوژ و دزە. ئەوەتە نووسراوە: {ئەگەرچی (شەوباران)ی باوکی (یەڵدا) کوڕی عەشیرەتێکی گەورەی ناوچەیەکی شاخاوییە، بەڵام هەر زوو سەر هەڵدەگرێت و لەم شارەدا دەگیرسێتەوە. ڕاستییەکەی لە شەڕێکدا دوو ئامۆزای خۆی دەکوژێت و ڕا دەکات. دەرفەت دەهێنێت و خشڵێکی زۆر دەدزێت، تا لێرە ئەو خانەی پێ دابنێت. ناوی خۆی بۆ (شەوباران) دەگۆڕێت و ژیاننامەیەکی ساختە هەڵدەبەستێت، کە بەردەوام دەیگێڕێتەوە و دەکەوێتە سەر زمانی خەڵک، بەڵام هەمیشە دەترسێت ڕۆژگارێک بناسرێتەوە و لە چاوترووکانێکدا بەسەر دنیاوەی نەهێڵن. هەستی کردووە ڕۆژێک ئەو قژە زەرد و چاوە شینانەی ئاشکرای دەکەن}.

شارستانیەت درۆزنانە و فریودەرە. خوێن و ئێسقان دەشارێتەوە، تا بێژمار شتی بریقەدار پێشان بدات. شارستانیەت بەو ئەندازەیەی وەهمە، ڕاستییشە، کە ناکرێت تێیدا نەژین و بە پرسیاری ڕەق ڕووبەڕووی نەبینەوە، وەک ئەوەی (ئۆسڤاڵد شپینگلەر) لە ساڵی (1918) و لە کتێبی (داڕووخانی خۆرئاوا)دا ڕووبەڕووی بووەوە. ئەوە تەنیا هێزی پرسیارە ناهێڵێت شارستانیەت بێگەرد و ناسک ببینین، کە ڕۆمانی فرەدەنگ خاوەنی ئەو هێزەیە. وەک گوترا ڕۆمانی (تەرمەوان) هەوڵی داوە ئەو پرسیارانە بورووژێنێت. ئەو خانەی دوای نزیکەی (150) ساڵ دەکرێتە هۆتێلێکی پێنجئەستێرە و دەبێتە شوێنی کۆبوونەوەی دەستەڵاتداران، (شەوباران)ێکی بکوژ و دز دایمەزراندووە، بەڵام ئایا گرنگ نییە؟ بەڵێ، گرنگە. ئەدەب لەو شتانە دەدات، کە گرنگن، تا لایە هیچەکانیان دەربخات. لێرەوەیە ئاسمان (سپەیس)ی ڕۆمان پڕ دەبێت لە پووچی، بێمانایی، وڕێنە و (قسەی قۆڕ بە دەربڕینی سەباح). هەر کاتێ ئەو شارستانیەتە ناکەیتە پێوەر و بەپێی پرینسیپەکانی نانووسیت، زمانی کارەکتەرەکانت دەترازێت و دەچێتە دۆخێکی ترەوە، کە دۆخی وڕێنە و (قسەی قۆڕ)ـە.

لە هەر بەراوردکردنێکدا، تۆ پەنا بۆ پێوەر دەبەیت، کە خودی ئەو پێوەرە لای من لەسەر دژایەتییەکی گەورە دامەزراوە، یان بە دەربڕینی (دێریدا) مێتافیزیکە و دەبێت تێبپەڕێنرێت، بگرە هەڵبوەشێنرێتەوە. بەراوردکاری دەمانخاتە بەردەمی دوو لایەنەوە و بەسەرماندا دەسەپێنێت، یەکێکیان هەڵببژێرین و ئەوەی دیکەیان بسڕینەوە، یان لانی کەم نرخێکی کەمتری بۆ دابنێین، بۆیە لە خوێندەوار و نەخوێندەوار، یەکەمیان دەمێنێتەوە و دووەمیان دەکەوێتە پەراوێزەوە. بە مانایەکی دی، پێشتر لایەنگرێتی (bias)ی خۆمان بۆ ئەوەی یەکەم ڕاگەیاندووە، کە ڕاستییەکەی بەهای (پێوەر)مان خستووەتە سەرووی بەهای خۆمانەوە، چونکێ لە پێناوی بەرزڕاگرتنی پێوەردا، دەستمان لە (ویست: will)مان هەڵگرتووە. پێم وایە بایەخی ڕۆمانی فرەدەنگ لێرەدا دەردەکەوێت، کە نەک بەراوردکاری دەداتە دواوە، بەڵکوو خودی پێوەرەکەیش تێک دەشکێنێت. هەر لێرەوەیە نەخوێندەوار لە ڕۆمانی فرەدەنگدا بەهای بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام بەوەدا لە واقیعدا نەناسراوە، ئەوە هەم چیرۆکەکانی نامۆن و هەم زمانەکەی ناباو (unfamiliar)ـە. بە مانایەکی دی، ئەو زمانە بە وڕێنە و (قسەی قۆڕ) دادەنرێت، مادام لە دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکان (socialization)دا بە لاوە نراوە، یان بە دەربڕینی (فۆکۆ) بەپێی پێوەری بەهاکان سەرکوت کراوە. ئایا ئەو زمانە لە ماڵ، فێرگە، گەڕەک و شوێنە گشتییەکاندا هەیە؟ نەخێر. ڕۆمانی میلـلی، ئەو ڕۆمانەی هەمان زمانی دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکان بە کار دەهێنێتەوە، بە ئاسانی دەخوێنرێتەوە، لە کاتێکدا ئەو ڕۆمانەی ئەم زمانە تێک دەشکێنێت، تا لە ئاماژەدا پێشانی بداتەوە، پێویستی بە وزەیەکی دیکەی خوێنەرە، بۆ ئەوەی بتوانیت پێوەندیی لەگەڵ دابمەزرێنیت، مادام پێوەرەکانی لە بەرچاو نەگرتوون.

بەراوردکاری هەر خۆی هەڵەیەکی لۆجیکییە، بەوەی وەک ئەزەلی لەو پێوەرە دەڕوانرێت، کە تێیدا لە بەرچاو دەگیرێت، لە کاتێکدا پڕە لە دژبەیەکی و توانای مانەوەی نییە. لە بەراوردکاریدا تەنیا ئەوە بەرهەم دێنینەوە، کە هەیە، بەڵام بە توانەیەکی کەمتریش. بۆ نموونە تۆ کورسییەک دەکەیتە پێوەر بۆ بەراوردکردنی دوو کورسیی دیکە. ئەوەی لێرەدا لە بەرچاوت گرتووە، خەسڵەتەکانی ئەو کورسییەن، وا کراوەتە پێوەر، گۆیە بۆ نموونە تۆکمەیە و دانیشتنی ڕەحەتە. کەواتە کاتێ دوو کورسییەکەی تر بەراورد دەکەیت، ئەوەیان بە چاکتر دەزانیت، کە لەو دەچێت. بەم شێوەیە هەمان کورسیی یەکەم لەوەی دووەمیاندا بەرهەم دێنیتەوە، بەڵام هەر لە ڕووی دەروونییە پێت وایە هێشتا ناگاتە ئەو کورسییەی کراوەتە پێوەر. ئایا ئەو کورسییەی کراوەتە پێوەر، ئەزەلییە؟ واتە لەوەتەی هەیە کورسییە و تا ئەبەدیش وەک کورسی دەمێنیتەوە؟ نەخێر. هەر بەشەی لە شوێنێکەوە هاتووە. قاچە ئاسنەکانی لە شوێنێک، کوشینە تەختەکەی لە دارستانێک، دەسکە پلاستیکەکانی لە لایەکی دیکەوە. بۆ ماوەیەکی کاتی، بە مەبەستێکی دیاریکراو و لە پێناوی بەرژەوەندییەکدا یەکیان گرتووە، کە سبەی کاتێ دەشکێت و هەر دەیشبێت بشکێت، دیسان هەر پارچەی دەگاتە لایەک. لەو گفتوگۆیەی (شاخەوان سدیق) لەگەڵیدا کردووم و لە ژێر ناونیشانی (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ)دا چاپ کراوە، بۆچوونی ئەو فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزانەم هێناوەتەوە، کە ڕەخنە لە پرینسیپی ناسنامە دەگرن، بەوەی کاتێ ئەو ناسنامەیە لە بەرچاو دەگیرێت، تەنیا ئەوە بەرهەم دێتەوە، کە هەیە. ڕۆمانی فرەدەنگ بەوەدا لە دژی سەرچاوە و پێوەرەکاندا دەوەستێتەوە، توانای هێنانی دەنگی نوێی هەیە.

دیسان بەپێی ڕوانینی (پۆپەر) ئەم تیۆرییە بە ئاسانی پووچ دەکرێتەوە، کە دەربڕینی (هەموو شارنەدیوەکان نەدیتکەن) دەگرێتە خۆی. (هایدیگەر) لە سێپتێمبەری (1933)دا دەقێک لە ژێر ناونیشانی (تەنیا دارستانی ڕەش ئیلهامم پێ دەبەخشێت)دا دەنووسێت، کە بە زمانێکی شیعری باس لەوە دەکات چۆن کاتێ زانکۆی بەرلین ویستوویانە بیکەنە پرۆفیسۆری کورسی (Chair Professor)، ڕەتی کردووەتەوە، لە کاتێکدا ڕاگری زانکۆی فرایبۆرگ بووە. لە زمانی ئینگلیزیدا ناونیشانەکەی بەم شێوەیەیە: (بۆچی لە کەناردا دەمێنمەوە؟ Why Do I Stay in the Provinces?).(4) باس لە ڕەسەنێتیی کەنار، یان گوند دەکات، بەوەی دانیشتووانی پێوەندیی ڕاستەوخۆیان بە بوونەوە هەیە، لە کاتێکدا قەرەباڵغی ئەو بوونەیان لێ دەستێنێت و گۆشەگیریان دەکات. کۆمەڵێک نموونە لە زمانی دەشتەکییەکانەوە دەهێنێتەوە، تا لەو ڕێیەوە پێشانی بدات ئەوانە تا چ ئەندازەیەک بوونی ڕەسەنی خۆیان پاراستووە.

لە ڕۆمانی (تەرمەوان)دا کار لەسەر چەق و کەنار (سەنتراڵ و لۆکاڵ)دا کراوە، بۆیە چەند جارێ قەراغشار پاتە بووەتەوە، کە (سەباح) ئەمەی وەک لاوازی لێک داوەتەوە، بێ ئەوەی بڵێت چۆن. خۆزگە لانی کەم نموونەکانی بهێنایەتەوە، تا لە دەقەکەدا پێشانی بدەم، کە لە ڕایەڵ (کۆنتێکست)ی جیاوازدا باس کراون، تەنانەت ئەگەر داوا بکات، بە خۆشحاڵییەوە باسێکی تایبەتی بۆ تەرخان دەکەم. لەم ڕووەوە بە گوتار و کتێبیش نووسیومە، کە بە گشتی ئەو فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزانەی ڕەخنە لە دۆخی مۆدێرنیتی دەگرن، لە (نیتشە)وە تا (هایدیگەر) و لەوێوە تا (فۆکۆ)، (دێریدا) و ئەوانەی دی خۆیان لە قەرەی ئەم باسە داوە. لە سەرچاوەکانم وەرگرتوون و لەو بارەیەوە بۆچوونی خۆمم نووسیوە. بۆ نموونە لە هەردوو کتێبی (هەولێر و هەولێری لە کۆنکریتبەندییەوە بۆ هەڵوەشاندنەوە) و (کوشتنی فیل و پاراستنی دووکانی شووشەوات)دا.(5)

دەبێت ئەوەیش بگوترێت، کە لەو ڕۆمانانەی بە شێوازی شەپۆلی هۆش (stream of consciousness) دەنووسرێن، نووسەر هەر خۆی بە مەبەست پەنا بۆ هەڵەی دەربڕین دەبات، تا زیاتر دۆخی دەروونیی کارەکتەرەکان پێشان بدات. بە چاکی دەزانم لێرەدا بە کورتی ئاماژە بەوە بکەم، کە ڕۆمانی (تەرمەوان) باس لەو کاریگەرییە دەکات، جەنگ و شۆڕش لەسەر دەروونی کارەکتەرەکاندا جێیان هێشتووە، بۆیە تێیدا زیندان ڕووبەرێکی فرەوانی داگیر کردووە. لە دەروونناسیدا چەمکێک بە ناوی (Post Traumatic Stress Disorder) هەیە، کە ئاماژەیە بەو دۆخەی مرۆڤی دوای جەنگ و ڕووداوە تراجیدییەکان تێی دەکەوێت. (ئەلفرێد ئەدلەر)ی دەروونناس کاتێ لە دۆخی سەربازەکانی شەڕی دووەمی گێتیی کۆڵییەوە، بۆی دەرکەوت ئەوانە تووشی دەمارەییی جەنگ (war neurosis) هاتوون، بەو مانایەی لە ژێر کاریگەریی جەنگدا دەروونیان شێواوە و ئازاری ویژدان لە ناوەوە دەیانتلێنێتەوە. ئەمە لە یادەوەرییاندا ڕەنگی داوەتەوە، کە ناتوانن وەک پێویست ڕابردوو بە بیر خۆیان بهێننەوە. هەر لێرەوە چەمکی (shell shock)یش (ئەدلەر) دایدەهێنێت و لە دەروونناسیدا شوێن دەگرێت.(6) مەبەستمە بڵێم کارەکتەرەکانی ڕۆمانی (تەرمەوان) لەناو ئەو دۆخەدا هەڵسوکەوت دەکەن و ئەرکی گێڕانەوە لە ئەستۆ دەگرن، بۆیە ئاسایییە، ئەگەر لێرە و لەوێ هەڵە ڕوو بدات، بەڵام ئایا لەگەڵ ئەوەیشدا ئەوانە هەڵەن، کە (سەباح) دەستنیشانی کردوون؟ هەوڵم دا لە ڕێی ڕۆمانەکەوە پێشانی بدەم، کە هەڵە نین. وەک گوتم خۆزگە زۆری دیکەی لەم شێوەیەی دەستنیشان دەکردن!

لە دنیای ئاماژەدا شتەکان هەمان ئەو مانایەیان نییە، کە لە دنیای شمەکدا هەیانە. لە دەروازەی ڕۆمانەکەدا نووسراوە: (کاتێ دنیای تایبەتی خۆت لە ڕێی وێنەوە دروست دەکەیت، مانای وایە ئەو دنیایەت بە لۆجیکی ناوەوەی خۆی، نەوەک بە لۆجیکی دەرەوە بە ڕێوە دەچێت. ئەوانەی بەوە سەرزەنشتت دەکەن، گۆیە لە قرچەی گەرمادا مەترێک بەفر دەبارێنیت، یان لە چلەی زستاندا قیری جادە دەتوێنیتەوە، هێشتا ئەو دنیایەتیان نەناسیوە، بەڵکوو لە دنیای ناسراوەوە دەیبینن. ئازیزان، دنیا دنیای خۆمە و لۆجیک لۆجیکی خۆم. دەتوانم لە گەرمادا کڵووەبەفرێک نەبارێنم، یان لە زستاندا قیری جادە بە ساردی بهێڵمەوە).

بەوەدا هونەر لە تێپەڕاندنی ئاستی زانراوی واقیعی شمەکەوە دێتە دی، ئەوە ئەرکی شتەکان دەگۆڕێن، کە ئەوە وای کردووە (گریگۆر سامزا)ی ڕۆمانی (مێتامۆرفۆسیس)ی (فرانز کافکا) بەو ئاسانییە لە جانەوەرێکدا بەرجەستە ببێت. ناتوانیت ئەو کارەکتەرە بۆ واقیعی خۆی بگەڕێنیتەوە و ڕێیشت نادات بە پێوەرەکانی واقیعی زانراو بیخوێنیتەوە، بەڵکوو سەختە بیخەیتە ناو ڕۆمانێکی دیکەی هەمان ڕۆماننووسیشەوە، بەوەی هەر دەقێک خاوەنی لۆجیکی خۆیەتی. (کێڵگەی ئاژەڵان)ی (جۆرج ئۆروێل) نموونەیەکی دیکەیە، کە ڕۆمان پشت بە لۆجیکی خۆی دەبەستێت، بۆیە ناتوانین بە پێوەری واقیعی زانراوی دەرەوەی بیخوێنینەوە، مادام لە دەقەکەدا زەمینەی تەواو بۆ ئەوە هەیە ئاژەڵ لەم فۆرمە نەناسراوەدا دەربکەوێت. ئەوە ئێمەی خوێنەرین چووینەتە ناو دنیای ئەوان؛ ئەوان نین هاتوونەتە ناو دنیای ئێمەوە. ناکرێت لۆجیکی خۆمانیان، کە هیی دنیای دەرەوەیە، بەسەردا بسەپێنین.

(سەباح) نووسیویەتی: (ناوهێنانی کارەکتەر بە شێوازی ڕۆژئاوایی کارێکی ئێجگار بێ مانایە. نموونە: پ.و. شۆدی، س.م. سلۆپی، د.ۆ. گەلەوز، ب.ب. سکرەفی، هتد. بەڵێ خەمم لەوەش خوارد).

ناوەکان هیی زیندانییەکانن و زیندانییەک، کە ناوی خۆی ناوە (س. م. سلۆپی)، هیی ئەوانەی دیکەیشی گۆڕیوە. واتە (ڕاستینە!) نین، بەڵکوو بە مەبەست کراون. لە دەقەکەدا ئاستی ڕوانینی (س. م. سلۆپی) دەرخراوە. سەرۆکی پاسەوانان ڕۆژانە بە دزی کتێبی بۆ هێناوە. تێکڕای ناوەکان بە پێوەری کۆمەڵگە قێزەونن، بەو مانایەی دەیەوێت لەو ڕێیەوە بە گژ دەستەڵاتی سیاسیدا بچێتەوە. ئەگەر ناونان پرۆسێسێکە، لە سەرەوە بۆ خوارەوە ئاڕاستە دەکرێت، بۆ نموونە باوک ناو لە منداڵ دەنێت، فێرکارێک دەتوانێت ناوێکی دی بخاتە شوێنی (ناوی ڕاستینە!)ی فێرخوازێکەوە، ئەفسەرێک هیی سەربازێک بگۆڕێت، نەتەوەیەکی دەستەڵاتدار ناوی نەتەوەیەکی ژێردەستە بشێوێنێت، ئەوە (س. م. سلۆپی) وەک بێباکییەک ئەوە دەکات. واتە دەیەوێت ئاڕاستەکە بگۆڕێت. خاڵی هاوبەش لەنێوان تێکڕای ناوەکاندا بە دی دەکرێت، کە ئەمەیش ئاماژەیە بۆ ئەوەی شتەکان پێوەندییان پێکەوە هەیە و خودی ئەو پێوەندییە مانای زانراوی (ناو) بەتاڵ دەکاتەوە. (جیمس جۆیس) ئایرلەندییە و زمانی ئینگلیزییە، بەڵام ناوی زۆرینەی کارەکتەرەکانی لە ئەفسانەی یۆنانی وەرگرتوون. (ولیام فۆکنەر) ناونیشانی ڕۆمانی (ئەبشالۆم، ئەبشالۆم!: Absalom, Absalom!)ی لە ئەفسانەیەکی عیبرییەوە هێناوە. (هێرمان هێسە) ڕۆمانی (سیدهارتا)ی هەیە، کە هەر ناونیشانەکە بە زمانی سانسکریتییە و ناوی کارەکتەرەکانیش دیسان لە زمانی هیندییەوە وەرگیراون. لەم ڕووەوە دەتوانین دەیان نموونەی تر بە بیر خۆمان بهێنینەوە. ئینجا لەنێوان ناوی خۆرهەڵاتی و خۆرئاواییدا پێوەندیی ناوەکی هەیە، نەوەک سنووری کۆنکریتبەندی. بەشێکی زۆری ئەو ناوانەی لە خۆرئاوایش هەن، ڕەگیان بۆ خۆرهەڵات دەگەڕێتەوە. ئەو پێوەندییە ڕایزۆمییانەی نێوان شتەکان هەم لە واقیعی ڕۆژانەماندا گرنگە و هەم لە ڕۆمانی فرەدەنگیشدا، کە لە دەستەڵاتی سەنتراڵ کەم دەکاتەوە. ئایا ناکرێت کارەکتەرێک لەناو ئەو هەموو کارەکتەرەدا بۆچوونێک، یان خوویەکی لەم شێوەیەی هەبێت، لە کاتێکدا ڕۆمانی فرەدەنگ ئەوە دەخوازێت ئازادیی تەواو بە هەر یەکەیان بدرێت؟ زمانی ئینگلیزی بەوە دەناسرێتەوە، کە زۆرینەی وشەکانی زیاتر لە مانایەکیان هەیە. ئەمەیش بە تایبەتی لەم شوێنەدا بە کەڵکی دەقەکە هاتووە. واتە هەر ئەوەی وشەکان لەسەر دژایەتی دامەزراون و لە جووڵەدان، ناکرێت یەک لێکدانەوەیان بۆ بکرێت. ئینجا هەر ناوێک لەم ناوانە دوو تیپی خراونەتە پێش. بۆ نموونە (ز. ڕ. لەولی)، کە ئەمەیش هێندەی دی پرۆبلەماتیک دەخاتە نێو ناوەکەوە و ناهێڵێت تاکە مانایەک تێیدا ببێتە دەستەڵاتدار. هەر ناوێک لە دوو بەشی دیار و نادیار پێک دێت، کە ئەو نادیارە ڕێ نادات بەشە دیارەکە خۆی بە حەقیقەت بزانێت، بەڵکوو ئەو حەقیقەتە تێک دەشکێنێت. لێرەوە (ناو) ناتوانێت ببێتە نوێنەری گەوهەر (ناوەرۆک) و لە جیاتیی ئەو بدوێت.

(ز. ڕ. لەولی) کاتێ بەر دەدرێت، هاوسەری بەر چاو دەکەوێت، وا وەک خەڵکی دی هاتووە: {لەو دەمەدا ژنێک دەبینێت، بە عەرەبانەیەک لەو عەرەبانانەی کرێکاری تەلارسازی و باخەوانان بە کاری دەهێنن، (لێرە دیکتاتۆری پێ دەڵێن)، بۆ لای قەرەباڵغییەکە دێت و لە ناکاو دەوەستێت. جلوبەرگی پیاوانەی پۆشیوە. سویتەرێکی سەوز و پانتۆڵێکی ڕەش. قژیشی وەک هیی پیاوان کورت کردووەتەوە. کاسکێتێکی سووری لە سەرە. (ز. ڕ. لەولی)، کە یەکێکە لە زیندانییە دێرینەکان، دێت و قنگی دەخاتە قەراغی پێشەوە. قاچەکانی لە هەوادا دەلەرێنەوە. ژنە بێ ئەوەی خۆشحاڵیی خۆی دەرببڕێت، یان تەنانەت چاکوچۆنیی لەگەڵدا بکات، دەیباتەوە}.

وەک زووتر گوترا لە ڕێگە بە زمانێکی تێکشکاو گفتوگۆ دەکەن:

{_ جیڕەجیڕی ئەم دیکتاتۆرە ئازارت نادات؟ ئازاری گوێچکەت.

_ ئەگەر نەتپرسیایە، نەمدەزانی هەر دەنگی هەیە. ئێستا کاتێ گوێی لێ دەگرم، پاسەوانێکم بە بیر دەهێنێتەوە، کە دەنگی لەم جیڕەجیڕە دەچوو. لە زیندان ناویان نام لەولی (lowly)، (ز. ڕ. لەولی).

_ لەولی؟ ئەو ناوە خۆشە چییە؟ زۆرت لێ هاتووە.

_ لە دەرەوەیش دەستی پێوە دەگرم.

_ من لەم ساتەوە هەر بە لەولی بانگت دەکەم و بە هاوکەلاوەکانیش دەڵێم ئەوە ناوی ڕاستینەتە. لەوەتەی لە کەلاوەدا دەژیم، یەکەمجارە هەست بکەم نەبوونی دەرگە دەشێ کەموکووڕی بێت. دەکرا ناوەکەتی لەسەر بنووسم و هەموو بیبینن، لەولی گیان. بەڵێ، ئەمە ماڵی لەولییە. دەی، وەرە، ژن، تۆ لە قۆناغی سەرەتایییەوە تا تەواوت کرد بەوە دەناسرایتەوە دەستوخەتت جوانە و دەیان تابلۆی شوێنە بەناوبانگەکانت بەو پەنجانەت دەنووسین، باوکە جواننووسەکەت دەیبردیتە دووکان و بەشێکی کارەکانی پێ دەسپاردیت، بەڵام ئێستا نەتوانیت ناوی مێردت لەسەر پلێتێکدا بنووسیت و بە شوێنێکەوە هەڵیبواسیت! ئەرێ پێم دەڵێیت مانای ئەو ناوە خۆشە چییە؟

_ ئەگەر ڕاستەوخۆ وەریبگێڕیت، دەبێتە نزم، بەڵام خۆشبەختانە مانا ڕاستەوخۆکەی گوێی پێ نادرێت و تەنیا مانا ناڕاستەوخۆکەی لە بەرچاو دەگیرێت. واتە سووک، یان هیچوپووچ.

_ ئینجا هەر مانای ناڕاستەوخۆی ناو گرنگە، لەولی گیان.

بە گۆرانی دەیڵێت:

_ لەولی، لەولی، لەولی گیان، لەولی گیان، مێردی خۆمی بەقوربان. بە بینینت خۆشحاڵم، بەریان داویت لە زیندان}.

ئەمە بەشێکە لەم گفتوگۆیەی، کە (سەباح) پێی وایە وڕێنەیە و زیادەیە. ڕاستییەکەی وڕێنەیە، بەو مانایەی زمانی هەردووکیان تێک شکاوە و بۆ ئاماژە گۆڕاوە، چونکێ ئەو پێوەرە لە بەرچاو ناگرێت، کە شارستانیەت سەپاندوویەتی. (ساموێڵ بیکیت) لە (چاوەڕوانیی گۆدۆدا)دا دەیەوێت بە هۆی گوتەکانی (ئیستراگۆن) و (ڤڵادیمێر)ـەوە ناوەرۆکی شاراوەی سەردەمەکەی پێشان بدات، کە چۆن دامودەستگەکانی دەیانەوێت لە ڕێی سیستەمی زمانەوە هەمووان وەک یەک لێ بکەن. ئەو دوو کارەکتەرە بە وڕێنە و (قسەی قۆڕ) ڕووبەڕووی سیستەمی زمان دەبنەوە، کە لە پشتیەوە دەستەڵاتی سیاسەت و ئابووری هەن. زمانی (ز. ڕ. لەولی) و هیی هاوسەری بە مەبەست لە وڕێنە نزیک خراوەتەوە. ئەگەر ئەمیان ناو زیندان پێشان دەدات، ئەوە ئەویان دەرەوەی دەردەخات، کە لە زیندانەکە سەختترە. وەک پێشتر گوترا باسی گەڕەکی دەستەڵاتدارانە، دروستتر هیی گەڕەکی ئەوانەیە زیندان بە ڕێوە دەبەن و لە بەرانبەریشدا کەلاوەنشینەکان هەن. نەدەکرا جگە لە هێزی ئەم زمانە، هیچ هێزێکی دیکە بتوانێت ئەو دۆخە پێشان بدات و ئەو سێ ڕووبەرە، (زیندان، گەڕەکی دەستەڵاتداران و کەلاوەکان) پێک بگەیەنێتەوە. دەستەڵاتەکان لەسەر ئەوە دامەزراون بەپێی پێوەرەکان تێکڕای شتەکان لە یەک داببڕن، بۆیە ئەوان وای پێشان دەدەن سنووری پۆڵایین لەنێوان (ناوەوە) و (دەرەوە)دا هەیە، کە ئەو فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزانەی ڕەخنەیان لە دۆخی مۆدێرنیتی گرت، هەر زوو لە مەترسیی ئەم تێگەیشتنە بە ئاگا هاتنەوە. وەک گوترا ناوەوە و دەرەوەی زیندان پێچەوانە نین، بەڵکوو ئەوەتە لە ڕێی گفتوگۆی (ز. ڕ. لەولی) و هاوسەری تێکەڵ دەبنەوە، کە پێشتر ئەو ڕووبەرە بەشێکی دانەبڕاوی دەرەوەی خۆی بووە. زیندان بە هۆی پێوەرەوە دامەزراوە، لە کاتێکدا دەیەوێت وەک حەقیقەتێکی ڕەها و ئەزەلی خۆی دەربخات. ئەدەب کاتێ دەتوانێت هێز پەیدا بکات، کە ڕووبەڕووی قاڵب و کڵێشەکان دەبێتەوە، دەنا هەر کاتێ بەپێی قاڵب و کڵێشە دەنووسرێت، بۆ کاڵا دەگۆڕێت، مادام پێوەری لە بەرچاو گرتووە. ئەگەر کارگەیەک دەتوانێت بێژمار شمەکی هاوشێوە بەرهەم بێنێت، ئەوە لەبەر ئەوەیە پەنا بۆ قاڵب دەبات، کە هەر ئەم لێکچوونە وا دەکات کڕیارەکان بە ئاسانی شمەکەکان بناسنەوە و بە ئاسانییش بەسەریاندا ساغ بکرێتەوە، لە کاتێکدا ئەدەبی دژ لە ڕێی تێکشکاندنی قاڵبەوە، جیاوازی دەهێنێت. ئەو ئەدەبەی بۆ کاڵا دەگۆڕێت، بە ئاسانی دەچێتە ناو جەماوەر و بە خێراییش ساغ دەکرێتەوە، چونکێ هەمان زمانی ڕۆژانەی لە خۆیدا پاراستووە. بە مانایەکی دی، جەختی لەسەر حەقیقەتی دەستەڵاتەکانی کردووەتەوە، بگرە چینێکی دیکەی خستوونەتە سەر.

زمانی (ز. ڕ. لەولی) و هاوسەری وەک چۆن لە هیچ سەرچاوەیەکەوە نایەت، ئەوە ڕوویشی لە هیچ سەرچاوەیەک نییە، بۆیە زمانێکی ناڕۆشنە و سنووری بۆ دانانرێت. ئەگەر بمانەوێت بە پێوەری واقیع بیخوێنینەوە، واتە بەپێی لۆجیکی زمانی زانراو گوتەکانی ئەو دوو کارەکتەرە و ئەوانەی دیکەیش لێک بدەینەوە، ئەوە تەنیا جەخت لەسەر حەقیقەتی دەستەڵاتی سیستەم دەکەینەوە، کە لێرەوە ئەدەب نەک هەر ناتوانێت (جیاوازی) بهێنێت، بەڵکوو تەنیا واقیعی ئەو دەستەڵاتە دەردەبڕێتەوە. ئەودەم زمانی ڕۆژانە و زمانی نووسین وەک یەکیان لێ دێت، لە کاتێکدا نووسینی دژ بریتییە لە تێپەڕاندنی زمانی ڕۆژانە. وەک (دێریدا) پێی لەسەر دادەگرێت نووسین، (کە مەبەستی نووسینی سروشتییە، نەوەک شێوازی گرافیکی)، (جیاوازی)ی لێ دەکەوێتەوە.

پێم وایە هەر لەم نموونەیەی لە سەرەوە هێنرایەوە، تێدەگەین، کە ناوەکان بە ئاگایییەوە لە کارەکتەرەکان نراون و لە کۆتاییی ڕۆمانەکەدا فەرهەنگێک هەیە، تا مانای جیاوازی ئەو ناوانەی تێدا لێک بدرێتەوە. ڕاستییەکەی لێکدانەوە نییە، بە قەدەر ئەوەی دەرخستنی جووڵە و جیاوازییە لەناویاندا. نامەوێت لەوە زیاتر بڵێم، بەڵکوو خوێنەر خۆی دەتوانێت بیخوێنێتەوە. بوونی زمانی جیاواز لەم دەقە و ئەوانەی دیکەیشمدا هەر پێوەندیی بەو تێگەیشتنەوە هەیە، کە دەیەوێت سەنتراڵیزم تێک بشکێنێت و ئەو کەناڵانە بکاتەوە، وا دەستەڵاتی ئەو سێنتراڵیزمە سەرکوتی کردوون. ئەو خوێنەرەی بێلایەنانە (تەرمەوان) بخوێنێتەوە، دەزانێت، کە تەنیا یەک زمان هەیە و هیی دەوڵەتە. ئەو زمانە دەیەوێت زمانی کوردی نەک هەر بسڕێتەوە، بەڵکوو مەبەستیەتی نکووڵی لە بوونیشی بکات، بۆیە بە ئاگایییەوە زمانی تریش هێنراونەتە نێو دەقەکەوە. هەندێک لە دایەڵۆگەکان بە زمانی ئینگلیزی نووسراون. ئەمەیش دیسان بە مەبەستەوە کراوە.

ئینجا ئەوەی دەڵێت، گۆیە (ئەو وشانەی لە ئینگلیزییەوە وەرگیراون، گۆکردنیان هەڵەیە)، ڕاستییەکەی گۆکردن نییە، بەڵکوو نووسینەوەیانە بە تیپی کوردی، دروستتر بە تیپی ئارامی، کە بڕوا دەکەم لە من چاکتر بزانێت نووسینەوەی دەنگی ئینگلیزی بە کوردی سەختە، بۆیە هەموویانم لە خوارەوە بە تیپی ئینگلیزییش نووسیون، کە ڕاستییەکەی ڕەگی تیپەکە بۆ جێرمانی دەگەڕێتەوە. لە ڕۆمانی (یادەوەریی بووکەڵەکان)دا کارەکتەرێک ناوی (پەنژین پیرۆت)ـە و بە عەرەبی کراوەتە (بنزین بیروت)، چونکێ ناکرێت دەنگی (پ) و (ژ) بە عەرەبی بنووسرێت. بە زمانی دانمارکی ناوی (سورێن کیەرکەگۆرد: Søren Kierkegaard)ی فیلۆسۆف بەم شێوەیە دەنووسرێت. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم دەتوانم وەک کەسێک بە منداڵی زمانی دانمارکی گرتبێت، دەریببڕم، بەڵام ئایا ئەوەی بە کوردی نووسیومە، دروستە؟ نەخێر، بەڵام لێیەوە نزیکە. پێشتر گوترا لە ڕۆمانی شەپۆلی هۆشدا هەڵە کارێکی ئاسایییە، بگرە پێویستە. دەکرێت (س. م. سلۆپی)، کە ناوی کارەکتەرەکانی گۆڕیوە، بەو شێوەیە دەریبڕیبن.

(سەباح) لە بڕگەی چوارەمدا باسی ئەوەی کردووە، گۆیە ڕۆمانەکە پڕە لە ناوبڕ، کە مەبەستیەتی بڵێت کارەکتەری زۆر بە چیرۆکی جیاواز، بە خێرایی و بەردەوام دەردەکەون. ڕاستییەکەی ئەم شێوازە، کە بە پێوەندیی نێوان بیرۆکەکان (association of ideas) ناسراوە، خەسڵەتی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن، وردتر هیی ڕۆمانی فرەدەنگە، کە (باختین) لەسەر بنەمای ڕۆمانەکانی (دۆستۆیەڤسکی)دا تیۆریی لێ پێک هێناوە. لە چەند بەرهەمێکی پێشوومدا باسیم کردووە. لەم ڕووەوە کۆمەڵێک چەمکی وەک کەرنەڤاڵ، کرۆنۆتۆپ (Chronotope)، ئاسمان (سپەیس)، دەقئاوێزان (ئینتەرتێکستواڵیتی) و هیی دیکە دادەهێنێت. ڕۆمانی فرەدەنگ وا پێویست دەکات لە دەنگی جیاواز پێک بێت، کە پێی وایە له‌ کەرنەڤاڵدا پله‌وپایه‌ی کۆمەڵایه‌تی تێک ده‌شکێت و هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه‌ ده‌رده‌که‌ون، که له‌لایه‌ن‌ تاکه‌ده‌نگه‌وه‌ سه‌رکوت کرابوون. ئینجا دایەڵۆگ هه‌موویان پێکه‌وه‌ گرێ ده‌داته‌وه‌. واتە لەنێوان دەنگە جیاوازەکاندا پێوەندیی دایەڵۆگییانە دێتە کایەوە، کە دژەکان و جیاوازییەکانی ناو هەر چەمکێک ئاشکرا دەبن و لە ئاسمانی ڕۆماندا بەر یەک دەکەون. (سەباح) زیاتر لە جارێک (قسەی قۆڕ)ی بە کار هێناوە، بە مەرجێ (باختین) پێی وایە ڕۆمانی فرەدەنگ پێویستە پڕ بێت لە جوێن، قسەی نەشیاو و شتی لەم بابەتە، تا بتوانێت ئاستی کۆمەڵایەتی دەربخات. ئایا لە ئاستی کۆمەڵایەتیماندا، دروستتر لە زمانی ڕۆژانەماندا ئەم جۆرە شتانە نین؟ لەبەر ئەوەیە (باختین) بە (ڕابلێ) سەرسامە، کە بایەخی بەو زمانە داوە. ئایا ژیان بە سروشت بریتی نییە لە ناڕێکی، بەڵام ئەوە سیستەمەکانن لە پێناوی خۆیاندا ڕێکیان خستووە؟ ئایا ئەو ڕێکخستنە بۆ سەرکوتکردن و سەپاندنی دیسپلین نییە؟ ئەرێ بۆ ئەوە دانەمەزراوە، تا هەموو دەنگەکانی دی سەرکوت بکات؟ ئایا فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزان، بگرە نووسەرانی ئەدەب بە تایبەتی لەم سەد ساڵەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی نەبوونەتەوە؟ ئایا ئاڕاستەکانی فەلسەفەی پۆستمۆدێرن بەرهەمی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە نین؟

بە گشتی ئەو فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزانەی ڕەخنەیان لە دۆخی مۆدێرنیتی گرتووە، کۆمەکی مەزنیان بەم شێوازە کردووە، کە ڕووبەڕووبوونەوەی سەنتراڵیزمە لە پێناوی کردنەوەی دەنگە پەراوێزخراو و سەرکوتکراوەکاندا. بوونی چیرۆکی زۆر، کارەکتەری زۆر، ڕووداوی زۆر، دیمەنی زۆر دەبێتە هۆی تێکشکاندنی دەستەڵاتی کاتی فیزیکی، تا لە بەرانبەردا دەیان کەناڵی دیکە بکرێنەوە، کە ڕەخنەدۆزان ناویان لێ ناوە لەتلەتی (Fragmentation). لەم ڕووەوە نووسیومە و نامەوێت بۆی بگەڕێمەوە، بەڵام کاتێ (سەباح) پێی وایە چیرۆکەکان پێوەندییان پێکەوە نییە، ئەوە من لێرەدا ئاماژە بە بۆچوونی (جیل دولووز)ی فیلۆسۆف دەکەم، کە پێی وایە ئەو پێوەندییە بە شێوەیەکی فرەوان، بە شێوەی ڕایزۆمییانە لە گەردووندا هەیە. لە کتێبی (هەزار بان: A Thousand Plateaus)دا، کە بە هاوکاریی (فلێکس گواتاری)ی دەروونناس نووسیویەتی، هەوڵ دەدات لە ڕێی چەمکی ڕایزۆم (rhizome)وە، دروستتر لە ڕێی (نووسینی ڕایزۆمییانە: rhizomatic writing)ـەوە ڕووبەڕووی لۆجیکی درەخت ببێتەوە. (ڕایزۆم، یان ڕایزەم، یانیش ڕیزوم، ڕووەکێکە لەسەر زەویدا دەردەکەوێت و ڕەگی نییە). پێیان وایە دوالیزمی درەخت/ڕەگ لە دنیا و نووسینیشدا ڕەنگی داوەتەوە. نووسین وەک درەخت سەرەتایەکی هەیە و دەگاتە کۆتایی. درەخت خاوەنی ڕەگ، لق، گەڵا و بەرهەمە. نووسینی کلاسیک وەک خۆیان ناوی دەنێن، لاساییکردنەوەی درەختە. لە درەختدا ڕەگ هەیە و لە نووسیندا گرفت. درەخت لە ڕێی لق و گەڵاکانیەوە بڵاو دەبێتەوە، نووسینیش بە هۆی ڕاڤەکانیەوە. درەخت بەر دەگرێت و نووسینیش ئەنجام بە دەست دێنێت. بەم شێوەیە (دولووز) و (گواتاری) دەیانەوێت ئەو لۆجیکە تێک بشکێنن، کە تەنیا چەسپاوی و وەستان بەرهەم دێنێتەوە. سەرجەم بوارەکانی بایۆلۆجی، سیاسی، ئابووری و ئەوانەی دیکەیش بەپێی ئەو لۆجیکەی درەخت بە ڕێوە دەچن، لە کاتێکدا شتەکە لە سروشتدا جیاوازە، بەوەی سروشت پێچەوانەی فکر، ڕێی ئەو دوالیزمە نادات، تێیدا کار بکات، لە کاتێکدا خاوەنی خەسڵەتی دینامیکییە. (دواتر بۆ ئەم خاڵە دەگەڕێینەوە، کە چۆن دولووز جەخت لەسەر تێگەیشتنی هیوم دەکاتەوە، بەوەی سروشتی مرۆڤ لە بنەماکەیدا فکر تێدەپەڕێنێت، هیچ شتێک لە فکردا سروشتی مرۆڤ تێناپەڕێنێت). درەخت شێوەیەکی دیاریکراوی هەیە، کە شاقووڵییە، بەڵام ڕایزۆم ئاسۆیییانە دەکشێت و قووڵاییی نییە، بەڵکوو لەسەر زەویدا بڵاو دەبێتەوە. واتە هیچ شتێک ناشارێتەوە، کە مەبەستی (دولووز) و (گواتاری) مێتافیزیکە. ناونیشانی کتێبەکەیش (هەزار بان)، یان (هەزار ڕوو)ـە. ڕایزۆم خاوەنی پرینسیپی گەیاندن و جۆراوجۆریی (Principles of connection and heterogeneity)ـە، بەو مانایەی پێویستە شتەکان (چەمکەکان) جیاواز و هەمەڕەنگ بن، بۆیە پێچەوانەی درەخت بە هەموو لایەکدا دەجووڵێت و لقی جۆراجۆری لێ دەبێتەوە. کتێب تەواو بووە و داخراوە، لە کاتێکدا ڕایزۆم بەردەوامە و بەسەر هەموو ئاڕاستەکاندا کراوەیە، کە هەر خاڵێکی دەگریت، پێوەندیی بە خاڵێکی تریەوە هەیە و هەر خاڵێکی ئێرە بە خاڵێکی ئەوێ دەگاتەوە، بۆیە پێچەوانەی درەخت سەنتراڵیزمی تێدا ونە. ڕایزۆم ئەگەر لە خاڵێکدا بپچڕێت، دەست پێ دەکاتەوە، کە ئەو خەسڵەتە لە درەختدا نییە. بەم شێوەیە پێچەوانەی درەخت، لە بەردەم هەر گۆڕانکارییەکدا کراوەیە و ڕێ دەدات دەستکاریی بکەیت. ئەوان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخی مۆدێرنیزم، کە لەسەر بنەمای بیری دژبەیەک (Binary thinking) دامەزراوە، ڕێی ڕایزۆمییانە (rhizomatic approach) دەگرنە بەر، بەوەی شتەکان هەموو کاتێ پێوەندیی ڕایزۆمییانە (Rhizomatically interconnected)یان پێکەوە هەیە و ئاماژە بە هەمەڕەنگی دەدەن. ئەوە لە لایەک وەستانەوەیە لە دژی پرینسیپی هۆکار و ئەنجام، کە لە درەختدا بەرجەستەیە، بەوەی سەرەتا و کۆتاییی هەن، لە لایەکی دیکە بەلاوەنانی سیستەمی کرۆنۆلۆجییە، بەو مانایەی کولتوور بەرەو ئامانجی دیاریکراو ناچێتە پێشەوە، بەڵکوو کۆچەرییانە ڕێ دەگرێت. ئەو تێگەیشتنە، کە مەبەستیەتی شێوازی نووسین بگۆڕێت و دەرگەکانی بەسەر دەرەوەدا بکاتەوە، مانای دەرکەوتنی خوێندنەوەی جیاواز و بەشداریی خوێنەرە لە کاری هونەریدا. نووسەر و خوێنەر پێوەندیی ڕایزۆمییانەیان پێکەوە هەیە. نووسینی ڕایزۆمییانە جووڵەیەکی ڕوواڵاییانە (arbitrary)یە و ئامانجی دیاریکراوی نییە، وەک چۆن خوێندنەوەی ڕایزۆمییانە ئازادە و گوێ بە هیچ یاسایەک نادات. لە گوتاری (ڕەخنەگری میلـلی و پەزپەزەی چەمکی خوێنەر)دا هەوڵم داوە بە وردی لەوە بدوێم.(7)

ئەگەر پێویست بکات، بە یەک گوتاری تایبەت بۆ ئەم باسە دەگەڕێمەوە، کە ئەم چەمکە بە تایبەت (داڤید هیوم)ی فیلۆسۆف بایەخی پێ داوە و نووسینەکانی بۆ تەرخان کردوون، بە تایبەتی کتێبی (باسێک لەبارەی سروشتی مرۆڤەوە: A Treatise of Human Nature)، کە تێیدا بەپێی میتۆدی ئەزموونگەری (Empirical research) سروشتی مرۆڤ دەخوێنێتەوە، بە تایبەتی ئەوەی پێوەندیی بە لایەنی ئەندێشەوە هەیە. بە مانایەکی دیکە، هەوڵی داوە لەم ڕووەوە سایکۆلۆجیای ئەزموونگەری دابمەزرێنێت. بەم شێوەیە تێکڕای لێهایی (انطباع)ـەکانی عەقڵی مرۆڤ (perceptions of the human mind) بۆ دوو جۆری جیاواز دابەش دەکات. یەکەم، باندۆر (IMPRESSION). دووەم، بیرۆکە (IDEAS). پێی وایە جیاوازییەکە پێوەندیی بە ڕادەی هێز و زیندووێتی (degrees of force and liveliness)یانەوە هەیە، کە بەر عەقڵ دەکەون، تا لەوێوە بەرەو بیر و هۆشمان ڕێ بگرن. ئەو لێهایییانە (perceptions)ی بە هێزی زۆر و زیندووێتیی گەورەوە دێنە ناوەوەمان، پێیان دەگوترێت باندۆر (impressions)، کە ئەمانە دەگرێتەوە: هەست (sensations)، خرۆشان (passions) و سۆز (emotions). ئەوانە سەرەتا لە دەرووندا دەردەکەون. بیرۆکەیش بریتییە لەو وێنە کاڵانە (faint images)ی بیرکردنەوە و هزر (thinking and reasoning)مان.(8)

بەپێی ئەو فیلۆسۆفە بیرۆکە ئاڵۆز و قووڵەکانی ئێمە لەم شتە سادانەوە هەڵدەقوڵێن. واتە ئەمانە بیرۆکەکان پێک دەگەیەنن. لێرەدا خەیاڵ هەموو بیرۆکە سادەکان لە یەک دادەبڕێت، تا جارێکی دی بە شێوەیەکی دیکە پێکەوەیان ببەستیتەوە، شێوەیەک، کە خۆی ئارەزووی لێیە.(9)

ڕۆمانی (تەرمەوان) بایەخ بەو لایەنە دەدات، کە لایەنێکی ناجێگیر و بزۆکە، بۆیە لە جووڵەی بەردەوامدایە و لە هەر جووڵەیەکیدا چیرۆکێک بە یەکێکی دی، کارەکتەرێک بە یەکێکی دی، ڕووداوێک بە یەکێکی دی، شوێنێک بە یەکێکی دی دەگۆڕێت، بەڵام پێوەندیی سروشتییان پێکەوە هەیە، دەنا هەر لە بنەڕەتەوە ئەو پرۆسێسە نەیدەتوانی بجووڵێت و بەردەوام ببێت، کە (هیوم) لەم ڕووەوە ئاماژە بە پرینسیپێک دەکات، لەسەر سێ ڕەگەزی پێوەستبوون (conjunction)، لەیەکچوون (resemblance) و هۆکار (causation) دامەزراوە و بە درێژاییی کتێبەکە لێکیان دەداتەوە، بەڵام لە بەشی سێیەمدا، کە لە ژێر ناونیشانی لەبارەی زانین و ئەگەرێتی (Of Knowledge and Probability)دا نووسیویەتی، حەوت جۆر پێوەندیی جیاوازی فەلسەفییانەیش دەستنیشان دەکات، کە ئەمانەن: لەیەکچوون، ناسنامە (identity)، پێوەندیی کات و شوێن (relations of time and place)، پلەکانی هەر جۆرێک (degrees in any quality)، دژبەیەکی (contrariety) و هۆکار، کە هەر یەکەیان ڕۆڵی خۆی هەیە لەوەی بیرۆکە پێک بێت و بە یەکەوە گرێ بدرێن و لە جووڵە بەردەوام ببن.(10) (هیوم) هەر لەوێیشەوە تیۆریی زانینی ئاکار (moral epistemology) دەچەسپێنێت، کە دەیەوێت بەوە بگات عەقڵ بە تەنیا ناتوانێت بنەمای ڕەوشت پێک بهێنێت، بەڵکوو ئەوانەیش تێیدا بەشدارن، چونکێ عەقڵ خۆی ناڕێکخراوە. ئەوانە خودی ئێمە دادەمەزرێنن و بە بوونەوە گرێمان دەدەن، کە لێرەدا سۆز، خرۆشان و شتەکانی دی گرنگن. پێی وایە لە هەموو فەلسەفەکانی سروشتی و ئاکار (natural and moral philosophy)دا بنەمایەکی چەسپاو هەیە، کە هەر بابەتێک بۆ هەر کاتێک و لەناو تەواوی خۆیدا دێتە بوون، بەبێ بەرهەمهێنانی ئەوەی تر، تاکە هۆکارێکی نییە، بەڵکوو بنەمایەکی دیکە یارمەتیی دەدات. لە دۆخی ناچالاک (from its state of inactivity)یدا پاڵی پێوە دەنێت و وای لێ دەکات ئەو وزەیەی بخاتە گەڕ، کە بە نهێنی خاوەنیەتی. ئینجا ئەگەر ئێستا هۆکارێک هەیە، ئەوە هاوکاتی کاریگەرییەکەیەتی.(11) مانای وایە زیاتر لە هۆکارێک ئامادەن. بە مانایەکی دی، کاتێ بیرۆکەکان پێکەوە پێوەست دەبن، دەکەونە جووڵە و یەکتر چالاک دەکەن، بەوەی ئەو پرۆسێسە دەیانباتە دۆخی دیکەوە، کە ئەوە لە ڕۆمانی (تەرمەوان)دا کاری پێ کراوە. (هیوم) هەر لەو ڕێیەوە هەوڵی داوە کۆمەڵگە لە ئاستی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆجیدا بخوێنێتەوە. ئەمانە چۆنن؟ بیرۆکەیەکی ئێستا بیرۆکەیەکی دیکەمان دێنێتەوە خەیاڵ، کە لێی دەچێت، بەڵام لێرەدا کات و شوێنیش دەردەکەون. تۆ بە هۆی بینینی کەسێکەوە، کەسێکی ترت دێتەوە خەیاڵ، کە لەو چووە، یان شتێکی لە هیی ئەو چووە، لە کاتێکدا ئەو کەسەت بۆ نموونە ئێوارەیەک لەناو شەمەندەفەردا دیوە. واتە کات و شوێن دەگۆڕێن و بیرۆکەیەکی پێشتر بەمەی ئێستاوە پێوەست دەبێت. وەک دەبینین لەیەکچوون تێپەڕاندن دێنێتە دی، بەو مانایەی هەر شتێک، کە ئێستا هەیە، لەوەی پێش خۆیەوە هاتووە. لە دەرەوەیەوە هاتووە، نەوەک لە ناوەوەی. کەواتە ڕەگەزی (هۆکار)یش ئامادەیە. وەک بینیمان (هیوم) جیاوازی لەنێوان باندۆر (impressions) و بیرۆکەدا دەکات، بەو مانایەی ئێمە کاتێ ڕاستەوخۆ هەست بە خۆشی، یان ناخۆشی دەکەین، کاریگەرییەکی گەورەمان لەسەر دروست دەبێت، بەڵام ئەو بیرۆکەیەی لەم دۆخەوە دێتە بوون، هەمان کاریگەریی نامێنێت. بۆ نموونە کەسێک بڕوانامەی زانکۆی پێ دەدرێت و ئاسوودە دەبێت، بە ڕادەیەک ئاهەنگ دەگێڕێت، بەڵام دوای ماوەیەک ئەو هەستە بۆ بیرۆکەیەکی ئاسایی دەگۆڕێت. بە مانایەکی دی، ئەو بیرۆکەیەی لەو هەستەوە هاتووە، هەمان هێزی ئەوسای نییە. وەرگرتنی بڕوانامەی زانکۆ تەنیا بیرۆکەیە و لەوە دەرچووە ڕاستەوخۆ شادی بهێنێت. هاوڕێکانم دەزانن لە هەشتاکاندا گوتوومە کەسێک تەختێکی نووستنی دەگمەنی بە دیاری بۆ دێت و پێی دەگەشێتەوە، بە ڕادەیەک ئەو ئاسوودەیییە چەند شەو خەو لە چاوانی دەتۆرێنێت و دەگاتە ئەوە بڵێت لەمەودوا هیچ خەمێک ناتوانێت زەفەری پێ ببات، بەڵام ڕۆژگارێک لەسەر هەمان تەختدا خەوی لێ ناکەوێت، چونکێ خەمێک، کە ڕەنگە گەورەیش نەبێت، پەلاماری داوە.

ئەو تێگەیشتنەی (هیوم) کۆمەكی گەورە بە (فرۆید) دەکات لە دەروونشکیاریدا. (دولووز)یش وەک یەکێ لەو فیلۆسۆفانەی ڕەخنە لە مۆدێرنیتی دەگرن و عەقڵیش بنەمای مۆدێرتنیتییە، بە بۆچوونەکانی (هیوم) سەرسامە، مادام تێکڕای ئەو بیرۆکە، بۆچوون، نیاز و شتانەی هەمانن، بۆ هزرە سادەکان دەگەڕێنێتەوە، بەوەی لەوێوە هاتوون. کەواتە عەقڵ دەستەڵاتدار نییە و ناکرێت لە ڕاڤەکردندا تەواو پشتی پێ ببەسترێت. لەم ڕووەوە کتێبی (ئەزموونگەرایی و خودگەرایی.. توێژینەوە لە سروشتی مرۆڤ بەپێی هیوم) دەنووسێت، کە هەر لە سەرەتاوە ئاماژە بەوە دەکات، کە (هیوم) (سایکۆلۆجیای فکر)ی بە (سایکۆلۆجیای کاریگەریی فکر) گۆڕیوە، بۆیە بەر لەوەی دەروونناس بێت، ڕەوشتناس و کۆمەڵناسە.(12) پێی وایە پرینسیپی ئەو پێکبەستنەوەیە پێوەندیی سروشتییانەی بیرۆکەکانە و تۆڕێکی تەواو پێک دەهێنێت. ئەوە لە سیستەمی کەناڵەکان دەچێت لەناو عەقڵدا. بە مانایەکی دی، وەک چۆ ناکرێت بڵێین عەقڵ سروشتییە، بە هەمان شێوە ناتوانین بڵێین خاوەنی سروشتیشە. واتە بێبنەمایە، بگرە لە شێوەی تۆڕدایە، بۆیە بەو فیلۆسۆفەی دەزانێت، وا بایەخ بە خود دەدات. هەر لەو خودەیشەوە بابەت پێک دێت. بە مانایەکی دی، پێوەندیی نێوان سروشتی مرۆڤ و سروشت لێک دەداتەوە، کە سروشتی مرۆڤ لە بنەماکەیدا فکر تێدەپەڕێنێت، هیچ شتێک لە فکردا سروشتی مرۆڤ تێناپەڕێنێت.(13)

(دولووز) جەخت لەوە دەکاتەوە عەقڵ خەیاڵە، کە سروشتەکەی دەرکەوتووە. بریتییە لە کۆمەڵێک دەرهاویشتەی سادە، بیرۆکەی گشتی، گەوهەر، پێوەندییەکان، بۆیە بەم پێیە دوو جۆر عەقڵ هەن، مادام دوو جۆر پێوەندییش لە ئارادان. یەکەم، ئەوانەی بە شێوەی تەواو متمانە دەکەنە سەر بیرۆکەکان و بە یەکەوە دەلکێن (لەیەکچوون، پێوەندیی چەندایەتییەکان، ڕێژەی چۆنیەتی و دژایەتی). دووەم، پێوەندیی بابەتەکان (ئەوانەی دەکرێت بگۆڕێن، بێ ئەوەی هیچ گۆڕانێک لە بیرۆکەکاندا ڕوو بدات) (پێوەندیی کات و شوێن، ناسنامە و هۆکار).(14) کاتێ عەقڵ خەیاڵە، وەک (دولوز) دەڵێت، ئەوە توانای هەیە بە ئەنجامی دیکەیش بگات، بەو مانایەی یەکەی نوێ دابهێنێت، کە ئەو یەکەیەیش بیرۆکەی نوێی لێ بەرهەم بێت، مادام لەیەکچوون هەیە. مەبەستمان نەبووە لەم چەمکە قووڵ ببینەوە، بەڵکوو هێندەمان بە پێویست زانیوە پێشانی بدەین، کە پێکبەستنەوەی چیرۆکەکان بنەمای فەلسەفیی هەیە و بە مەبەستی جۆراوجۆر خراوەتە گەر. واتە لەوە دەرچووە تەنیا لایەنی تەکنیک بگرێتەوە، بەڵکوو خاوەنی دیدگەیەکی فەلسەفییشە.

من خۆم سوودم لەو ئاڕاستە فەلسەفییە بینیوە و لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە تا ئەمڕۆ کۆمەکی کردووم. بەم شێوەیە هەوڵی هێنانی زۆرترین بیرۆکە، دیمەن، ڕووداو، کات، شوێن و هیی دیکە دەدەم. ئەو پێکبەستنەوەیەی بیرۆکەکان، یان با لێرەدا بڵێین پێکبەستنەوەی چیرۆکەکانیش، بیرمان ئازاد دەکات و ڕێ دەدات ئازادانە هەڵبسووڕێین، لە کاتێکدا ئەگەر پرینسیپی (دەبێ و نابێ) لە بەرچاو بگرین، ئەوە بەردەوام ئەو بیرکردنەوەیەمان دەکەینە کۆیلەی واقیعێکی دیاریکراو. واتە پێوەرمان داناوە و بەپێی کڵێشە دەنووسین. ڕۆمان بەو ئازادییە گەشەی کردووە و توانیویەتی بێژمار ڕێگەی نوێ دابهێنێت، کە لەم ڕووەوە ڕەخنەدۆزانی وەک (گێسی ماتز: Jesse Matz) لە کتێبی (ڕۆمانی نوێ… پێشەکییەکی کورت)، (داڤید لۆج) لە کتێبی (هونەری ڕۆمان: دەرخستنی لە دەقی کلاسیک و مۆدێرندا)دا و زۆری دی جەخت لەسەر ئەو ئازادییە دەکەنەوە.

مەبەستم نییە لەم چەمکە، چەمکی پێکبەستنەوەی بیرۆکەکان، قووڵ ببمەوە، بە قەدەر ئەوەی دەمەوێت بڵێم دەرکەوتنی ئەو هەموو چیرۆکە لە بەرهەمەکانی مندا بە گشتی و لە (تەرمەوان)دا بە تایبەتی پێوەندیی بەو تێگەیشتنەوە هەیە. منداڵی و گەورەیی هەر لێرەوە بە یەک دەگەنەوە، بە ڕادەیەک سنووری نێوانیان دەسڕرێتەوە. دیسان دەڵێم ئەمانە بە ئاگایییەوە کراون. لانی کەم لە (هێنری جیمس)، (مارسێل پرۆست)، (ولیام فۆکنەر)، (جیمس جۆیس)، (ڤیرجینا ولف) و ئەوانەی دیکەوە بایەخی گەورە بەو چەمکە دراوە، بەڵام هەر داهێنەرێک بە شێوازی خۆی بە کاری دەهێنێت. لەم ڕووەوە بۆچوونەکانی (هایدیگەر) لەبارەی کاتەوە و ئەوانەی (هێنری بێرگسۆن) لەبارەی یادەوەرییەوە کۆمەکی گەورەیان بەم شێوازە کردووە، کە لە گوتاری (کات وەک پرسیارێکی شەڕانگێز لە ئەزموونی مندا)دا هەوڵم داوە بە وردی لەو بارەیەوە بدوێم.(15) شتێکی سەیر نییە، ئەگەر شێوازی شەپۆلی هۆش، کە لەتلەتکردنی کات ناوەرۆکیەتی، ببێتە خەسڵەتێک لە خەسڵەتەکانی ڕۆمانی فرەدەنگ، یان ڕۆمانی پۆستمۆدێرن.

ئایا هەر لە تەمەنی منداڵیتدا کاتێ خەیاڵت ڕۆیشتووە، لە ناکاو لە خۆتت نەپرسیوە من بۆ بێرە گەیشتم؟ چی ئەم شتەی بە بیر هێنامەوە؟ کەواتە ئەمە وەک (هیوم) دەیڵێت و (دولووز) بە شێوازی خۆی پێی لەسەر دادەگرێتەوە، سروشتییە و دەکەوێتە پێش عەقڵیشەوە. بۆ نموونە لە بنمیچ دەڕوانیت و جاڵجاڵۆکەیەک دەبینیت، ڕەنگەکەی دەرگەی ماڵی دایەگەورەتت بە بیر دێنێتەوە، لە ماڵی دادەیەگەورەتدا پوورتت بینی، ئەو دینارەت بە بیر دێتەوە، کە ئەودەم پێی دایت، ئینجا دەگەیتە ئەو دووکانەی شتت لێ کڕی و هتد. بەپێی (هیوم) ئەوە یادەوەرییە دەتوانێت ئەمانە بگەڕێنێتەوە و خەیاڵیشە پێکیان دەهێنێت، کە ڕاستییەکەی جیاوازییەکی گەورە لەنێوان یادەوەری و خەیاڵدا نابینێت.

هەموو ئەو چیرۆکانەی (دەلیلە) دەیانگێڕیتەوە، لە ماوەیەکی کورتدا بە خەیاڵیدا دێن. واتە ئەو شەوەی لە ماڵ دێتە دەرێ و دەیەوێت (دارۆ) بدۆزێتەوە. ئەودەم گوتمان (هیوم) پێی وایە هەر شتێک، کە ئێستا هەیە، لەوەی پێش خۆیەوە هاتووە. لە دەرەوەیەوە هاتووە، نەوەک لە ناوەوەی. بەم شێوەیە هەر بیرۆکەیەک لە خەیاڵی (دەلیلە)دا دروست بووە، بۆ ئەوەی پێشی دەگەڕێتەوە. (مێشێل بیوتۆر)ی ڕۆماننووس و ڕەخنەدۆز ڕۆمانێکی هەیە و ناوی (پێداچوونەوە)، یان (چاککردن)ـە، کە بە (Second Thoughts) بۆ زمانی ئینگلیزییان وەرگێڕاوە. بەشی زۆری ڕووداوەکان لەناو خەیاڵی کارەکتەرێکی نێو شەمەندەفەردا ڕوو دەدەن، کاتێ لە پاریسەوە بۆ ڕۆما بە ڕێ دەکەوێت، گۆیە دەیەوێت (سیسیل)ی دڵبەری ببینێت، بە مەرجێ هاوسەری پێشووی لە پاریسە و تازە لێی جودا بووەتەوە. خەیاڵی جارێک بۆ پاریس دەگەڕێتەوە، جارێک بۆ ڕۆما هەڵدەفڕێت و جارێکیش لای سەرنشینی شەمەندەفەر هەڵدەنیشێت. دەکرا بگوترێت بۆچوونی (ئینزێنسبێرگەر) تەواو لەسەر (دەلیلە)دا جێبەجێ دەبێت، کە پێێ وایە نەخوێندەوارەکان خاوەنی یادەوەریی زیندوو و بەهێزن. ئەوەتە دەتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا ئەو هەموو چیرۆکە بگێڕێتەوە.

ئینجا ئەوەی دەڵێت: (کێ هەیە وەڕس نەبێت لە ڕێکلام و ناوبڕ کاتێ سەیری فیلمێک دەکات؟) هەڵەیەکی لۆجیکییە و بە هه‌ڵه‌ی به‌راوردی ساخته‌ (False equivalence)، یان (false analogy) ناسراوە. واته‌ دوو شت به‌راورد ده‌که‌ین، که‌ لە یەکەوە دوورن، بەڵام بەو مەبەستەی هێز بە بۆچوونەکەمان بدەین، هەوڵ دەدەین پێکەوەیان ببەستینەوە، کە ناسروشتی و دەستەڵاتخوازانەیە. پێکبەستنەوەی چیرۆکەکان پرۆسێسێکی سروشتییە، لە کاتێکدا هێنانی ڕێکلام بۆ ناو فیلم، دەستکردە و خواستی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و هیی دیکەی لە پشتەوەیە.

لە بڕگەی پێنجەمدا (سەباح) دەنووسێت: (لە تەرمەواندا، دوای ئەوەی بە گۆشەنیگای کەسی سێیەمی تاک وڕێنەکان دەکرێن کە ٥٢٠ لاپەڕەن، لە بیست لاپەڕەی کۆتاییدا، دەبێتە کەسی یەکەمی تاک).

لە ڕۆمانەکەدا ڕاناوی کەسی یەکەمی تاک، کەسی دووەمی تاک و کەسی سێیەمی تاکیش بە کار هێنراون، کە دیسان بە ئاگایییەوە کراون. (سەباح) هەر خۆی ئاماژەی بە (دەلیلە) کردووە، کە بە ڕاناوی کەسی یەکەمی تاک دەدوێت. (سالی)یش دوو پاژ لە بەشی سێیەمدا هەر بەو ڕاناوە دەگێڕێتەوە، کە لەوێدا ڕاناوی کەسی دووەمی تاکیش دێتە ئاراوە، بەو مەبەستەی دۆخی دەروونیی (سالی) پتر پێشان بدرێت و زیاتر نهێنییەکانی بدرکێنێت. گۆڕینی گۆشەنیگا پێوەندیی بە سروشتی بابەتەوە هەیە و هیچ پێوەرێک نییە، تا لە بەرچاوی بگرین. بە ئاگایییەوە کراوە.

(سەباح) دەنووسێت: (یەکێ لە خەسڵەتەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ئەوەیە دەنگی ڤەگێڕ زاڵ نییە بەسەر کارەکتەردا. لەم ڕۆمانەدا، دەنگی ڤەگێڕ بەسەر هەموو کارەکتەرەکاندا زاڵە).

دەکرا بە نموونە پێشانی بدات. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم هەر کارەکتەرێک دەنگی تایبەتی خۆی هەیە، چونکێ چیرۆکەکانیان جیاوازن. ئایا دەنگی (دەلیلە) و (زیبا) وەک یەک وان؟ ئایا (ئامیڵیا) و (سالار)، کە خوشک و بران، هەمان ڕوانینیان هەیە؟ ئایا بۆچوونەکانی (ست ڕووناک) لەوانەی هاوسەری دەچن؟ ئەو خێزانە لە چوار کەس پێک هاتووە و دادەیەکیشیان هەیە. تووشی گرفتێکی گەورە دێن، کە هەر یەکەیان بە شێوازی خۆی ڕووبەڕووی ئەو گرفتە دەبێتەوە. (ئارۆ) و (دارۆ) بران و جمکن، بەڵام ئایا هەمان ڕوانین و زمانیان هەن، یان جیاوازن؟ زمان لە دیدگەوە دروست دەبێت. هەر کاتێ نووسەر توانای هەیە دیدگەیەکی نوێ دابمەزرێنێت، مانای وایە بە سروشتی خۆی زمانێکی نوێ و جیاوازیشی داهێناوە.

(سەباح) دەنووسێت: {نیوەڕۆی ڕۆژێکی پایزە، دروستتر حەڤدەی تشرینی یەکەمە” (لا١٥). حەفت وشەیە. چوار وشەی زیادە. با لێی فڕێ بدەین، بزانین واتەی دەگۆڕێ؟ “نیوەڕۆی حەڤدەی گەڵاڕێزانە.” }.

ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگایان لە شێوازی نووسینی من هەیە، دەزانن چ بایەخێک بە دەربڕین دەدەم. هەر لە سەرەتای ژیانی خوێندنەوەمدا بە نووسینی ئەوانە سەرسام بووم، کە زانیویانە ورد بنووسن و خۆیشم هەوڵم داوە شتی نوێ بخەمە سەر ئەو ئەزموونە. هاوڕێیانم دەزانن هەمیشە ئەوەم گوتووە. ئەگەر لە شوێنێکدا بۆ نموونە وشەی (بەڵام) بە کار بهێنم، ئەوە تا پێنج شەش دێڕی تر دووبارەی ناکەمەوە. کێ دەتوانێت دوو وشەی (دەکات)، یان دوو وشەی (کرد) لە نزیک یەکدا بدۆزێتەوە؟ تێکڕای ئەم ڕۆمانەم بە دەمی ئێستا گێڕاوەتەوە، چونکێ دەمی ڕابردووی دوور وەک (خواردبوو، چووبوو، بردبوو… هتد) ڕیتم خاو دەکاتەوە. هیچ کاتێ بانگەشەی ئەوە ناکەم نووسینەکانم لە کەموکورتی بە دەرن، بەڵام هەوڵی زۆر دەەم تۆکمە بن.

ئایا ئەو دوو ڕستەیە کێشەیان هەیە؟ نەخێر. ئەوە شێوازی نووسینی منە و ئازادم چۆنی دەرببڕم، کە ئەویش خاوەنی شێوازی خۆیەتی. سروشتی گێڕانەوە وای خواستووە. ئایا ڕێم دەدا لە گوتارێکی سەربەخۆدا هەڵەکانی ئەو لە ڕووی زمانەوانییەوە دەستنیشان بکەم؟ ئەمە تەنیا لەبەر ئەوە دەڵێم، کە هەر نووسەرێک دەتوانێت دیدگەی خۆی بکاتە پێوەر و هیی ئەوانەی تری پێ بسڕێتەوە، دەنا حەزم لە کاری وا نییە.

(سەباح) نووسیویەتی: {پێشنیار دەکەم بۆ خوێنەر، ئەگەر توانی هەتا ١٤٩ بخوێنێتەوە، دووبارەی دەکەمەوە، ئەگەر توانی، با یەکسەر بچێتە لاپەڕە ٣٣٥، هیچی لە کیس ناچێت}. ڕاستییەکەی وشەی (پێشنیاز) دروستە، کە ڕەنگە هەڵەی چاپ بێت، بەڵام ئەمە باسەکەمان نییە. تەنیا لە دەوروبەری خۆمدا چەند خوێنەرێک هەن، کە ڕۆمانەکەیان بە وردی خوێندووەتەوە، بگرە یەکێکیان وا جاری سێیەمە دەیخوێنێتەوە. هەیانە چەند جار بۆ گفتوگۆی نێوان کارەکتەرەکان گەڕاوەتەوە. یەکێ لەو چەمکانەی لە دنیای پۆستمۆدێرندا ڕەخنەیان لێ گیراوە، نوێنەرێتییە، کە خوێنەر خۆی دەق بە شێواز و تێگەیشتنی خۆی دەخوێنێتەوە. نە نوێنەری هەیە و نە دەبێتە نوێنەری ئەوانەی دیکەیش. تیۆرییەکانی خوێنەریش هەر لەناو ئەم دنیایەدا چاویان هەڵهێناوە. ئایا مەرجە خوێنەرێکی دیکەیش بە هەمان ئەو ئەنجامە بگات، کە (سەباح) پێی گەیشتووە؟ ئایا چەمکی (چێژ) وەک هەر چەمکێکی دی لەسەر کۆمەڵێک دژایەتی دانەمەزراوە؟ ئایا قاڵبێکە و دەکرێت هەمووان بە کاری بهێنن؟ ئایا جەستەی من هەمان ئەو جەستەیەی تۆیە، تا بەرهەمیان وەک یەک بێت؟ ئەرێ جیاوازیی جەستەکان مانای جیاوازیی چێژەکان نییە؟

لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا هێزی دەق هیی ناوەوەیەتی، بۆیە لە دەرەوە نە هێزی دیکەی دەخرێتە سەر و نە لێی لا دەدرێت، بەڵکوو ئەو هێزە دەچێتە ئاستی خوێندنەوەوە و لێرەوە داهێنانی خوێنەری داهێنەر دەست پێ دەکات.

(سالی ڕۆنی: Sally Rooney) ڕۆماننووسی ئایرلەندی گوتارێکی لە ژێر ناونیشانی (خراپخوێندنەوەی یۆلیسیس: Misreading Ulysses)دا نووسیوە و پێی وایە (جۆیس) هەر لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ بە هەڵە خوێنراوەتەوە، بەوەی شێوازی باوی نووسینی ڕۆمانی تێک شکاندووە. لە شوێنێکدا دەڵێت کاتێ لە خوێنەران دەپرسیت، ئاخۆ (تاوان و سزا)ی (دۆستۆیەڤسکی)یان خوێندووەتەوە، هەمیشە وەڵامەکەیان (بەڵێ)، یان (نەخێر)ـە، بەڵام ئەگەر لەبارەی (یۆلیسیس)ـەوە بپرسیت، وەڵامەکە بەم شێوەیەیە: (هەندێک بەشی؛ هەمووی نا).(16)

نەخوێندنەوەی بەرهەمەکانی (جۆیس)، یان تەواونەکردنی خوێندنەوەکە، مانای ئەوە نییە ڕۆماننووسێکی کەمبەهرەیە، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە فرەئاڕاستەیە. (ڕۆنی) هەر لەو گوتارەیدا ئاماژە بە بۆچوونی ڕەخنەدۆزی کەنەدی (هیو کێنەر: Hugh Kenner) دەکات، کە لەو بارەیەوە گوتوویەتی: (ڕاستییەکەی نە بلووم لە ئارادایە، نە ستیفن، نە مۆلی و نە دەبلنیش، بەڵکوو تەنیا زمان هەیە).

دنیای (جۆیس) لە مانا پێک دێت، نەوەک لە وشە. ئایا دەکرێت مانا بۆ دۆخی جارانی بگەڕێنینەوە، واتە بۆ ناو ئەو دنیایەی لێوەی هاتوون؟ ئایا دەتوانین سەرەتای هیچ مانایەک بدۆزینەوە؟ ئایا ماناکان لە خاڵێکی دیاریکراوەوە دەست پێ دەکەن و بە خاڵێکی دیاریکراو دەگەن، یان هەر سەرەتایەک لە بێژمار ئاماژەی نەبینراو پێک هاتووە؟ ئەو ڕۆمانانەی ئاستی زمانی ڕۆژانە تێدەپەڕێنن، جەماوەریان کەمە، بگرە هەر نیانە. خۆشبەختانە ئەوانەی من لەوانەن و هیچ گلەیییەکم نییە.

ئەوە (من)ی نووسەر نییە ڕۆمان دەنووسێت، بەڵکوو (من)ی خوێنەرە. (من)ی خوێنەر ڕەخنەگرێکی دڵڕەقە و بە هەموو شتێک ڕازی نابێت. ڕەنگە لە دەیان شتی ئەو (من)ی نووسەرە دەیانهێنێت، (من)ی خوێنەر تەنیا دانەیەکیان وەربگرێت و بە شێوازی خۆی دایبڕێژێتەوە. کەواتە بەر لەوەی خوێنەرێکی دەرەوە هەبێت، کە لە دوای بڵاوکردنەوە دەقەکە دەخوێنێتەوە، خوێنەرێکی ناوەکی هەیە و خۆمم. ئەوەی لێرەیشدا دواوە، هەر ئەو خوێنەرەیە. نووسین بۆ من دڵدارییە. ئەگەر کەسانی دەرەوەت پێت بڵێن تۆ دڵداریت، یان دڵدار نییت، هیچ شتێک لە دۆخی جیهانە تایبەتەکەت ناگۆڕێت.

نامەوێت زیاتر لەبارەی گوتارەکەیەوە بدوێم، لە کاتێکدا دەتوانم لەسەر هەر دێڕێکیدا بوەستم و بۆچوونی جیاوازی خۆم بنووسم، بێ ئەوەی ئەوانەی ئەو بسڕمەوە، چونکێ پرۆسێسی سڕینەوە تەنیا لە ڕێی پێوەرەوە جێبەجێ دەکرێت. ویستوومە دەنگی خۆم لە پاڵ دەنگی ئەودا هەڵببڕم. ئەو ئازادییەی دەربڕین وەک چۆن هیی ئەوە، هیی منیشە، بگرە هیی هەر خوێنەرێکی دیکەیشە. نایشارمەوە حەزم دەکرد لەو شوێنانەی گوتوویەتی لەم لاپەڕەیەوە تا ئەو لاپەڕەیە پێویست ناکات بخوێنرێتەوە، لانی کەم یەک نموونەی لێ بهێنانایەتەوە، بەڵام ئەگەر وای نەکردووە، بە گرفتی نازانم.

لە دڵەوە دەڵێم (گۆران سەباح) خۆشحاڵی کردم، کە بەو نووسینەی دەرگەی بۆ خستمە سەر پشت، تا لەبارەی ڕۆمانی (تەرمەوان)ـەوە ئەم بابەتە بنووسم. وا ڕاهاتووم هەمیشە جووڵە بخەمە سەرووی نەجووڵانەوە و لە جیاوازییشدا گەوهەر دەردەکەوێت، کە ڕاستییەکەی وەک گوتم پێم وا نییە گەوهەر پێچەوانەی دەرەوەیە.(17)

سەرچاوەکان:

https://jineftin.krd/2022/12/21/%D9%84%DB%95-%D9%86%D8%A7%D9%88%DB%8C-%DA%A9%D8%A7%D8%B1%DA%B5-%D9%BE%DB%86%D9%BE%DB%95%D8%B1%DB%95%D9%88%DB%95-%D8%A8%DB%95%D8%B1%DB%95%D9%88-%D9%81%DB%95%D9%84%D8%B3%DB%95%D9%81%DB%95%DA%A9%DB%95/

https://www.thefreelibrary.com/IN+PRAISE+OF+ILLITERACY.-a062298072

Freud, Sigmund, CIVILIZATION AND ITS. DISCONTENTS. Available at:

https://www.stephenhicks.org/wp-content/uploads/2015/10/FreudS-CIVILIZATION-AND-ITS-DISCONTENTS-text-final.pdf

https://www.academia.edu/39506739/MARTIN_HEIDEGGER_WHY_DO_I_STAY_IN_THE_PROVINCES_1934_

یان بڕوانە:

کاکەسوور، کاروان عومەر، (هەولێر) و (هەولێری) لە کۆنکریتبەندییەوە بۆ هەڵوەشاندندەوە، پڕۆژەی سەد نامیلکەی فکری و ڕەخنەیی، ڕێگە، هەولێر، چاپی یەکەم، 2021.

https://jineftin.krd/2022/03/11/%DA%A9%D9%88%D8%B4%D8%AA%D9%86%DB%8C-%D9%81%DB%8C%D9%84-%D9%88-%D9%BE%D8%A7%D8%B1%D8%A7%D8%B3%D8%AA%D9%86%DB%8C-%D8%AF%D9%88%D9%88%DA%A9%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%B4%D9%88%D9%88%D8%B4%DB%95%D9%88%D8%A7/

http://www.mom-psych.com/Articles/History-and-Biography/Biography-Alfred-Adler-GS1002.html

https://jineftin.krd/2022/11/21/%DA%95%DB%95%D8%AE%D9%86%DB%95%DA%AF%D8%B1%DB%8C-%D9%85%DB%8C%D9%84%D9%80%D9%84%DB%8C-%D9%88-%D9%BE%DB%95%D8%B2%D9%BE%DB%95%D8%B2%DB%95%DB%8C-%DA%86%DB%95%D9%85%DA%A9%DB%8C-%D8%AE%D9%88%DB%8E%D9%86/

Hume, David, A Treatise on Human Nature, Volume 1, Edited by DAVID FATE NORTON and MARY J. NORTON, CLARENDON PRESS, OXFORD, Published in the United States by Oxford University Press Inc., New York, 2007, p. 7

Ibid. p. 12

Ibid. p.50

Ibid. p.54

دولوز، جيل، التجريبية والذاتية، بحث في الطبيعة البشرية عند هيوم، ترجمة أسامة الحاج، المؤسسة الجامعية للنشر والتوزيع، بيروت، الطبعة الأولى، 1999، ص5

هەمان سەرچاوە، ل12

هەمان سەرچاوە، ل89-90

https://jineftin.krd/2022/06/15/%DA%A9%D8%A7%D8%AA-%D9%88%DB%95%DA%A9-%D9%BE%D8%B1%D8%B3%DB%8C%D8%A7%D8%B1%DB%8E%DA%A9%DB%8C-%D8%B4%DB%95%DA%95%D8%A7%D9%86%DA%AF%DB%8E%D8%B2-%D9%84%DB%95-%D8%A6%DB%95%D8%B2%D9%85%D9%88%D9%88%D9%86/

https://www.theparisreview.org/blog/2022/12/07/misreading-ulysses/

لە پەراوێزی ئەم باسەدا دەپرسم:

ئایا نووسەری دەق بۆی هەیە لەبارەی بۆچوونی نووسەری دیکەوە بنووسێت، کاتێ ئەو بۆچوونە پێوەندیی بەو دەقەیەوە هەیە؟ پرسیاری دیکە دەورووژێن: ئایا لێرەدا هیچ پێوەرێک لە ئارادایە؟ ئایا دەق فرەوان و بێسنوورە، یان چوارچێوەدارە و توانایەکی دیاریکراوی هەیە، کە بەرگەی هەموو شتێک ناگرێت؟ من خۆم پێم وایە شتەکان لە جووڵەدا دەردەکەون، بەو مانایەی ئەو جووڵەیەی تێیدا دەکرێت و پێی دەکرێت، جێگەی پرسیارە، نەوەک خودی شتەکە. کەواتە چاومان لەسەر دەقە، تا بە دوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا بگەڕێن، کە چیی لە خۆی گرتووە؟ ئایا تێیدا چەمکەکان لێک دراونەتەوە، یان دەستیان پێوە گیراوە و ویستراوە لە ڕێی سەرچاوەوە بەرگرییان لێ بکرێت؟ ئایا هەوڵم داوە تەنیا بۆچوونی خۆم بنووسم، یان مەبەستم بووە بۆچوونی نووسەرەکەی دی بسڕمەوە؟ لەگەڵ ئەو تێگەیشتنەی (دێریدا)دام، کە هیچ شتێک لە دەرەوەی دەقدا نییە، بەو مانایەی دەق لە هەموو سەرچاوەکانی دەرەوەی خۆی دابڕاوە. پڕە لە دژایەتی، دوورە لەوەی هاوڕێک بێت و هیچ چەق (سێنترال)ێکیشی تێدا نییە. بەم شێوەیە کراوەیە و بە خاڵی کۆتایی ناگات، کە هەر خوێنەرێک بە ڕێگەی خۆی دەیخوێنێتەوە، بەو مانایەی ئەوە خوێنەرە مانا بە دەق دەبەخشێت و هەر ئەویشە مانای جیاواز بەرهەم دەهێنێت. دەکرێت بگوترێت خاوەنی هێزێکی گەورەیە و سنووری بۆ دانانرێت، بۆیە نووسەری دەق خۆیشی وەک هەر خوێنەرێکی دی دەتوانێت بیخوێنێتەوە و بۆچوونی لەو بارەیەوە دەرببڕێت، بەڵام وەک گوترا دەبێت بپرسین بۆچوونەکانی چۆنن. ئایا داخستن هەیە، یان کرانەوە؟

بە تێگەیشتنی من (وەڵامنەدانەوە) تەنیا لە ڕێی (وەڵامدانەوە)وە دەردەکەوێت، بەو مانایەی کاتێ من لەبارەی بەرهەمی خۆمەوە دێمە دەنگ، ئینجا دەزانرێت لایەکی دیکەیش هەیە، کە (وەڵامنەدانەوە)یە، بەڵام بە پێچەوانەوە (وەڵامنەدانەوە) ناتوانێت (وەڵامدانەوە) دەربخات. لە بەشی هەشتەمی ڕۆمانی (ئەو هاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟)دا هاوڕێیان دەیانەوێت ژنێک بەناو بازگەکانی بەعسدا بگەیەننە بەغداد، کە ئەو ژنە ناوی (پاژان)ـە. پێشمەرگەیە و لە دوای ئەنفال بە نهێنی گەڕاوەتەوە هەولێر، گۆیە مەبەستیەتی لەوێیشەوە بگاتە لای ژنێکی پێتەخت بە ناوی (نازی)، تا کچەکەی ببینێت، کە دە ساڵە جێی هێشتووە. (جیهانگر) پێی وایە ئەو ژنە بە فێڵ هاتووە و دەیەوێت بە گرتیان بدات، بۆیە هاتنەکەیان هەڵەیە، بەڵام (شەکشەک) دەڵێت:

(_ هەتا ئەگەر وایش بێت، هێشتا ئەوەی تۆ هیچ بایەخی نییە. بۆچی؟ چونکە پێت وایە مادام دەشێ فێڵ لە ئارادا بێت، کەواتە پێویستە نەیەین. مانای وایە نەجووڵان هەڵببژێرین. لە ڕێگەی نەجووڵانەوە هیچ شتێک دەرناکەوێت.

_ مەبەستت چییە؟

_ مەبەستم ئەوەیە ئەگەر دەرکەوت نازی بە فێڵ پاژانی هێناوە، یان پاژان بە فێڵ ئێمەی هێناوە، یاخود هەردووکیان بە فێڵ ئێمەیان هێناوە، هێشتا ئەوەی تۆ، دروستتر ئەو نەجووڵانە هەر بێبەهایە، چونکە لە ڕێگەی ئەو نەجووڵانەوەوە نییە زانیومانە فێڵمان لێ کراوە، بەڵکوو بە هۆی جووڵانەوەیە. هاتنەکەمانە ئەمەی پێ گوتووین، نەوەک نەهاتنەکەمان. پێم نەڵێی با بجووڵێین، بەڵام وریا بین! چونکە جووڵان و وریایی پێکەوەن و جودا ناکرێنەوە. وریایی کاتێ هەیە، کە جووڵاویت).

ئایا ئەگەر هاوڕێیان خۆیان لەو ڕێگە ترسناکە نەدابووایە، شتێک بە ناوی (نەهاتن) دەردەکەوت؟ ئایا ئێمە لە هەموو تەمەنماندا شتێکمان بە بیر دێتەوە، کە نەمانکردبێت، یان تەنیا ئەوانەمان لە بیرن، کردوومانن؟ پێم وایە لێرەدا قسەکردن لەبارەی (وەڵامنەدانەوە)وە هیچ بەهایەکی نییە، بۆیە پێویستە بزانین چۆن وەڵام دراوەتەوە. واتە کاتێ کەسانێک پێم دەڵێن نەدەبووایە وەڵام بدەیتەوە، ئەوە تەنیا لەبەر ئەوەیە وەڵامم داوەتەوە، دەنا (وەڵامنەدانەوە) خۆی دەرنەدەخست، تا بواریان بۆ بڕەخسێت و وا بڵێن. ڕاستییەکەیشی ئەوەی من وەڵامدانەوە نییە، بەڵکوو وەک گوترا دەربڕینی دەنگێکی دیکەی جیاوازە لە پاڵ دەنگی نووسەرەکەی تردا. بۆ نموونە لێرەدا دەنگی (گۆران سەباح) و من هەن، بێ ئەوەی دەنگی من هیی ئەو بسڕێتەوە. خوێنەر خۆی هەردووکیان دەبیستێت و لێکیان دەداتەوە.

هەڵەیەکی لۆجیکییە و بە هەڵەی جینی (genetic fallacy) ناسراوە، کاتێ وا دەزانین هەر نووسەرێک وەڵامی نووسەرێکی دیکەی دایەوە، ئەوە بۆ سڕینەوەیە، مادام پێشتر دیومانە بەشێکی زۆری ئەوانەی لەسەر بەرهەمی خۆیان هاتوونەتە دەنگ، لە جیاتیی ئەوەی چەمکەکان لێک بدەنەوە، بە جوێن ڕووبەڕووی هەر خوێنەرێک بوونەتەوە، کە بۆچوونی دەربڕیوە. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم لە بەرهەمەکانمدا تەنیا چەمکەکانم ڕاڤە کردوون و بە پرسیار ڕووبەڕووی ئەوانە بوومەتەوە، کە ڕای خۆیان دەربڕیوە، هەتا ئەگەر نووسینەکانیان زۆر سادەیش بووبن، بگرە هەموویانم بە ئاڕاستەی گفتوگۆدا بردووون، کە وەک گوتم من کارم بە چەمکەکانە و پێویستم بە ناسنامەی نووسەر نییە. بۆچوونیانم وەک خۆی وەرگرتوون و لێیانەوە دواوم، تەنانەت دەستکاریی ڕێنووسیانم نەکردووە. بەر لە بڵاوکردنەوە بۆ هەندێکیانم ناردووە، تا ئەگەر پێیان وایە وشەیەک هەیە و هەست دەکەن ئاڕاستەیە بۆ خودی خۆیان، نەوەک بۆ فکریان، یان لە شوێنێکدا بە هەڵەدا چووم، ئاگادارم بکەنەوە. یەکێ لەوانە تەنانەت دوای ئەوەی دوو جار بۆیم نارد، وەڵامی نەدامەوە، بۆیە لە ڕێی (کارا فاتیح)ی هاوڕێمەوە ئاگادارم کردەوە و بۆم دەرکەوت پێی گەیشتووە. (دیارە ئەمە بە گلەیییەوە ناڵێم، چونکێ ئازادە وەڵام بداتەوە، یان نەیداتەوە). لێرەوە سپاسی ئەو هاوڕێیەم دەکەم، کە بە کەڵکم هات. ئەگەر یەکێ لەو نووسەرانە پێی وایە وشەیەکی نووسینەکەیم گۆڕیوە، یان مەبەستیم شێواندووە، با ئاگادارم بکاتەوە، تا چیی پێ خۆشە، ئەوەی بۆ بکەم! لە ئێستاوە سپاس بۆ بوێرییەکەی.

هەر کاتێ ناوەوەم داوام لێ بکات لەبارەی شتێکەوە بنووسم، دەینووسم. لێرەدا تەنیا ئەوە لە بەرچاو دەگرم، ئاخۆ ئەم نووسینە بۆ خوێنەرە گریمانەیییەکەی خۆم نوێیە؟ هەر کاتێ زانیم ئەوی تێپەڕاندووە، بڵاوی دەکەمەوە. ئەم گوتارەی ئێستایشم هەر لەم ڕوانگەیەوە نووسیوە.

هیوادارم ئەگەر هەر کەسێک پێی وایە نابێت نووسەر لە ڕێی نووسینەوە لە بەرانبەر نووسەرانی دیکەدا بێتە دەنگ، کاتێ لەبارەی بەرهەمەکانیەوە بۆچوونیان دەربڕیوە، با لەم ڕووەوە گوتارێک بنووسێت، یان ئەگەر پێی خۆشە، دەتوانێت ڕاستەوخۆ بێت و لەو بارەیەوە گفتوگۆم لەگەڵدا بکات.

The post ڕۆمانی تەرمەوان لە دیدێکی دیکەیشەوە appeared first on ژنەفتن.

پارادۆكسه‌كانی شیعری مۆدێرن
ڕووبەرگی چواردەمین کتێبی ئەلیکترۆنی ژنەفتن

شیعری مۆدێرن ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌و شیعرانه‌ی كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریكای باكوور له‌ ساڵانی ١٨٥٠ تا ١٩٥٠ به‌ نه‌ریتی شیعری مۆدێرن نووسراون. له‌لایه‌ن ڕه‌خنه‌گرانه‌وه‌ ناكۆكیی زۆر له‌سه‌ر پۆلێنكردن و سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی شیعری مۆدێرن هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ گشتی له‌سه‌ری كۆكن، سه‌رچاوه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی شیعری مۆدێرن هه‌ر ئه‌م دوو شه‌پۆله‌یه‌ كه‌ باس كرا: سیمبولیزمی فره‌نسی و شێوازی شیعری ئازاد و په‌خشانه‌شیعره و، شه‌پۆلی دووه‌میشیان: شیعری ئیماژیزم و بڕگه‌ییی ئه‌مریكای باكووره‌. كاریگه‌ریی شاعیرانی سیمبولیستی فره‌نسی وه‌ك بۆدلێر و ڕه‌مبۆ و مالارمێ نه‌ك به‌سه‌ر شاعیرانی فره‌نسی زمان، بەڵکوو به‌سه‌ر شاعیرانی تری مۆدێرنیستی جیهانیشدا حاشاهه‌ڵنه‌گره‌. ئه‌م شاعیرانه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م پشتكردنیان بوو له‌ نه‌ریتی شیعری ڕۆمانتیزم و كه‌شفكردنی جیهان و په‌یوه‌ندی نێوان شته‌كان له‌ ڕوانگه‌یه‌كی نوێیه‌وه‌. شیعری مۆدێرن به‌ پێچه‌وانه‌ی زانست و ته‌نانه‌ت فه‌لسه‌فه‌ش كه‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵ ده‌دات دوالیزمه‌كان له‌ ته‌نیشت یه‌ك دابنێت بۆ تێگه‌یشتنی ئه‌میان له‌ ڕێگای ئه‌ویان، بۆ نموونه‌ له‌ ڕێگای نادادپه‌روه‌ری بزانێت دادپه‌روه‌ری چییه‌، عه‌قڵ چییه ‌و ڕۆح كامه‌یه‌ و پیرۆز و ناپیرۆزی و هتد، هه‌وڵ ده‌دات ته‌واوی پارادۆكسه‌كانی ده‌ره‌وه ‌و ناوه‌وه‌ی خۆی بۆ نێو شیعر بگوازێته‌وه‌.

بۆیه‌ لای شاعیرانی مۆدێرن به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ی شاعیرانی ڕیالیست و ڕۆمانتیك زمان چیتر كه‌ره‌سته‌یه‌ك نییه‌ بۆ وه‌سفكردنی واقیع و نواندنه‌وه‌ی هه‌ست و سۆز به‌رانبه‌ر ئه‌م واقیعه‌… چونكه‌ وشه‌كان هاوته‌ریب نین لەگەڵ ئه‌و شتانه‌ی كه‌ بڕیاره‌‌‌ ده‌ریانبڕن.  وه‌ك ت. ئیس. ئیلیۆت ده‌یڵێت: وشه‌كان ده‌ستیان كردووه‌ به‌ “خلیسكان”. لای ئه‌وان‌ زمان له‌ كاتی هه‌وڵدان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه ‌و زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌م واقیعه‌دا لێك ده‌ترازێت… و لێره‌دا‌ زمان تووشی قه‌یران دێت، چونكه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ سه‌ره‌تایه‌ی زمان له‌گه‌ڵ جیهاندا واته‌ ناولێنان و وه‌سفكردنی شته‌كان و دیارده‌كانی نێوی چیتر ڕوون نییه‌ و ته‌مومژاویبوون و هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن و ته‌نانه‌ت كۆڵنه‌دان بۆ وه‌سفكردنیش شوێنی به‌ ده‌لاله‌ته‌ باوه‌كان لێژ كردووه‌ … هاوشێوه‌ی ئه‌و ئه‌زموونه‌ی له‌ ڕۆمانی “له‌ هه‌ناوی تاریكیدا” كه‌ كۆرتێز خه‌ونه‌كانی خۆی ته‌نیا له‌ شێوه‌ی “ترس و تۆقین”دا ده‌رده‌بڕێت! یان ئه‌و ئه‌زموونه‌ی بێكێت كه‌ ده‌ڵێت: ناتوانم به‌رده‌وام بم، به‌رده‌وام ده‌بم! بۆیه‌ شیعری مۆدێرن به ‌جۆرێك بریتییه‌ له‌ شكستی ئه‌زموون و له‌ناوچوونی زمانی شیعر و، زۆربه‌ی شاعیرانی مۆدێرن قه‌یرانه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگای مۆدێرنیان له‌ شێوه‌ی پارادۆكسه‌ ناوه‌كییه‌كانی شیعردا ئه‌زموون كردووه‌ و، ‌ لێره‌دا بوونی پارادۆكس وه‌ك دیوێكی ئه‌رێنی سه‌رنج ده‌درێت و مه‌به‌ست لێی قووڵبوونه‌وه‌ی شاعیرانه‌ له‌ سه‌رده‌می خۆیان و ئه‌زموونكردن و قبووڵكردنی هه‌موو پارادۆكسه‌كانی نێو ژیانی مۆدێرنه‌. ئه‌م كتێبه‌ی به‌رده‌ستان هه‌وڵێكه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی جیهانی شیعری مۆدێرن، كه‌ وتاری یه‌كه‌می له‌لایه‌ن “ئێریش هیله‌ر” نووسراوه‌ و به‌ جۆرێك ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌م جیهانه‌ شیعرییه‌ و، پێی وایه‌ ئه‌زموونی ئه‌م شاعیرانه‌ ئافراندنی كۆمه‌ڵێك جیهانی لێوانلێوه‌ له‌ سیمبولی ئاڵۆز و ناڕوون‌، كه‌ بوونیان له‌ ئه‌نجامی لێكترازانی شیعر و ژیان و دواتر له‌ده‌ستچوونی ساده‌یی (زمانی) شیعره. له‌ هه‌مان كاتدا ده‌ر‌كه‌وتنی واقيعێكی بێواتا و واتایه‌كی ناواقیعییه‌، كه‌ هه‌رجۆره‌ هه‌وڵێك بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندى له‌نێوان ژیان و هونه‌ردا له‌ناو ده‌بات‌. ‌ئه‌م وتاره‌ له‌لایه‌ن خودی مورادی فه‌رهادپور وه‌رگێڕاوه، وتاری دووه‌میش كه‌ نووسینی خۆیه‌تی، هه‌وڵێکه‌ بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌رگۆمێنته‌كانی هیله‌ر له‌ هه‌مان كاتیشدا ده‌روازه‌یه‌كه‌ بۆ چوونه‌ نێو ئه‌م جیهانه‌ ئاڵۆزه‌ی ئه‌زموونی شیعری مۆدێرن و شیكردنه‌وه‌یان به‌ ئه‌رگۆمێنتی فه‌لسه‌فی و مێژوویییه‌وه‌‌. له‌ كۆتاییشدا گفتوگۆیه‌كی تێر و ته‌سه‌له‌ لەگەڵ نووسه‌ر سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ده‌ب و شیعری مۆدێرن و ئه‌و باسانه‌یش كه‌ ده‌یخاته‌ ڕوو سه‌باره‌ت به‌ كۆنه‌پارێزی ئه‌ده‌بی ئێران ده‌شێت وه‌ك نزیكییه‌كی كولتووری بۆ توێژه‌ران ببێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باشی بیركردنه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وتی شیعر و ڕۆمان له‌ ئه‌ده‌بی كوردیشدا.    وەرگێڕ

ئەم کتێبە لەلایەن فازڵ مەحموودەوە وەرگێردراوە بۆ زمانی کوردی و ماڵپەڕی ژنەفتن وەک کتێبی ئەلیکترۆنی (فایلی pdf) بڵاوی کردووەتەوە. بۆ ئاسانکاری بۆ خوێنەران ئەم کتێبە بە دوو شێواز دیزاین کراوە، یەکەمیان کە لە دوگمەکە نووسراوە (بۆ خوێندنەوە)، بۆ خوێندنەوەیە لەسەر کۆمپیوتەر و موبایل، دووەمیان کە نووسراوە (بۆ چاپکردن)، ژمارەی لاپەڕەکان کەمترە بۆ ئەوانەیە کە دەیانەوێ پرێنتی بکەن. دوگمەکانی داوەنلۆد لە سەرەوە دانراون.

The post پارادۆكسه‌كانی شیعری مۆدێرن appeared first on ژنەفتن.

مەغزا نەبزۆکەکان لە ھۆنراوەدا
لە سەرەتادا دەبێت بپرسین: ھۆنراوە(شیعر) چییە؟ نووسەرە گەورەکان چۆن پێناسی شیعر دەکەن؟ ئایا ھۆنراوە تەنھا باسکردنی شتە بینراو و دیمەنە جوان و ھەستپێکراوەکانە بە وشەی موزەییەن(ڕازاوە)؟ یاخوود بە پێچەوانەوە مانیفێستی دیوە شاراوەکەی مرۆڤە بۆ گەیشتن بە ویستێکی باڵا؟

)ئەدۆنیس) بە نموونە وەردەگرین وەک شاعیر و بیریارێک. لای ئەو سەختە شاعیر وەڵامی پرسیاری(شیعر چییە؟) بداتەوە. “خەسڵەت و ڕێسایەکی نەگۆڕمان نییە، کە بە شێوەیەکی ھەمەلایەنە لە ڕووی چییەتی و فۆڕمەوە پێناسەی شیعر بکات.” بەم پێیە شیعر لای ھەر نووسەرێک پێناسەیەک لەخۆ دەگرێت، تەعبیرەکان لە ئەزموون و دنیابینی جیاوازەوە بەیان و بینا دەکرێن. “شیعر ئاسۆیەکی کراوەیە و ئەرکی ھەموو شاعیرێکی داھێنەریش فراوانترکردنی ئەم ئاسۆیە و کردنەوەی پانتاییەکی نوێیە لە بەردەم شیعردا”. لای سووریالیستەکان شیعر ڕێگەی گەیشتنە بە حەقیقەت، بۆیە زۆر جار ھونەرمەندێکی سووریالیستی لەگەڵ فەیلەسوفێک بەراورد دەکرێن کە خاوەن یەک ئامانجن ئەویش گەیشتنە بە(حەقیقەت)، بەڵام ئەوەی یەکەمیان لە ڕێی ھەستەکانییەوە و دووەمیشیان لە ڕێگەی بەکارھێنانی ئەقڵ.

بە گشتی ڕەنگە ئەرکی شاعیر ئەوەبێت وێڵ و سەرگەردانی ناو زمانەکەی بێت و ڕۆبچێتە قووڵایی زمانەوە، تاکو پەی بە زمانێکی پەنھان و شاراوە ببات. ئەم جۆرە نووسینە خوێنەر ڕادەگرێت، ھەم لەبەر قووڵی نووسینەکە کە شرۆڤە و تەفسیر لەخۆیدا ھەڵدەگرێت. ھەم لەبەر سەرنجڕاکێشی و ئیستاتیکای وشەکان. کەواتە لایەنێکی گرنگی شیعر (زمان)ە، زمان بەشێکە لە پانتایی هێمایی(ڕەمزیی) کە تیایدا دەژین و پانتایی ڕەمزییش، بریتییە لە پانتایی كۆمەڵایەتی بە مانا بەرفراوان و فرەڕەهەندەكەی. ئیدی لە زمانەوە بیگرە تا یاسا و پەیوەندییەكان و كولتوور و ناونان و پێگەی ڕەمزی و خێزان و دیاردە فەرھەنگییەکان… لێردا باسەکەمان کورت کردووەتەوە بۆ وەرگرتنی زمان لە پانتایی ڕەمزیدا، وردتریش بەکارھێنانی لە دەقە شیعرییەکاندا و درێژبوونەوەی بۆ ناو تێکستی گۆرانییە فۆلکلۆری و میلییەکان بە ئاست و شێوە جیاوازەکانەوە.

زمان وەک گەمەیەکە و تیایدا سەرجەم بارودۆخەکان دەنوێنێتەوە و دەیانخاتە چوارچێوەیەکەوە و شێوەیەکی نەرمتریان پێدەبەخشێت

ئەوە ڕوونە زمان خۆی لە دروستکردنی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان دەبینێتەوە. وەک ئەوەی (سۆسێر) پێی وایە: زمان بریتییە لە سیستەمێک یاخود تۆڕێک لە ئاماژە، کە یاسایەک دەسەڵاتی بەسەردا گرتووە، تەنھا لە ڕێگەی تێگەیشتن لە تەواوی سیستەم نەبێت ناکرێت تێی بگەین. واتا زمان وەک گەمەیەکە و تیایدا سەرجەم بارودۆخەکان دەنوێنێتەوە و دەیانخاتە چوارچێوەیەکەوە و شێوەیەکی نەرمتریان پێدەبەخشێت. بۆ نموونە پێش داھێنانی زمان، مرۆڤ لە بارودۆخێکی جیاوازدا بوو، زیاتر کێشەکانیان بە شێوازی کوشتن و بڕین و ھتد… یەکلادەکردەوە، بەڵام داھێنانی زمان وەچەرخانێک بوو، تاکو دەکرێت لە ئێستادا گەورەترین کێشەی جیھان بە ڕێککەوتن و ڕێگاکانی ھاوشێوەی چارەسەر بکرێت. ئەمە ڕۆڵ و کارکردی زمانە بەرھەمھێنانەوەی سیستەم و عەقڵیەت و تا دواتر.

بە ھەمان شێوە بەکارھێنانی زمان لە ئەدەب و تیۆر و زانستدا و لە سەرجەم کایەکاندا جێی خۆی کردووەتەوە بەپێی ئەو ژێرخانە سیستەماتیکییەی بۆی فەراھەم کراوە. بەکارھێنانی وشە و زمان لە تێکستی گۆرانییەکاندا بە تایبەت لە ئێستادا و چۆنییەتی کارکردنیان. دەقە شیعرییەکان و تێکستەکانی گۆرانی و تا دەگاتە ئەو کلیپانەی بۆیان دەکرێت. گرنگە بە شێوازێک بن؛ نواندنەوە و نوێنەری تاک بێت و تاک ھەست بە ھاوشووناسی خۆی بکات لەگەڵیاندا، بۆ نموونە کاتێک لە تێکستی گۆرانی (وەتەن)دا کە شیعری (قانع)ە، حەسەن دەرزی ھەستێکی بەرز تێکەڵاوی دێرە شیعرییەکان دەکاتەوە و دەڵێت “موخەیەر بم لە بەینی تۆ و بەھەشتدا لە جەننەت دوور ئەبم سەیرانی تۆ خۆش” نواندنەوەی ھەستی ئەو کاتەی کوردە بۆ نیشتیمان. ئەو کاتەی ھەموو کەسێک خۆی بە خاوەنی نیشتیمان دەزانی، ھونەرمەند نوێنەری ناخی کۆمەڵ بووە و گوێگر ھەستی بە ھاوشووناسی و ھاوخەمی دەکرد لە کاتی گوێگرتنیدا. بۆیە توانیویەتی بەرھەمێکی جوان و پتەو پێشکەش بکات.

لێرەوە ئەوەی گرنگە ھەڵوێستەیەکی لەسەر بکەین، ئەو ھۆنراوانەن کە دەکرێن بە گۆرانی و بەگوێی بیسەریدا دەدەن و پرسیارکردنە لێیان؛ ئامانجی ئەو ھۆنراوانە چین؟ وێنا شیعرییەکانیان لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟ ھەڵبەت ئێمە خاوەنی بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی قووڵ و ورد نین، کە وشیارانە و ئاگامەندانە شرۆڤە و شیکاری لەمەڕ شیعر و موزیکی کوردیدا بکات، دەرئەنجامیش ناچارانە بەر کۆسپێک دەکەوین، کە موزیکی بیانی فۆڕمەلە دەکرێت و شیعری زۆر سادەی گاڵتەجاڕانە و ستایشکارانە خۆیان دەخزێننە ناو ھونەر و گۆرانیی کوردییەوە. دواجار ئەم ھۆنراوانە دەبنە ویستی باو و بیرکردنەوەی باو و جێ بە بیری مەعریفی لەق دەکەن، زۆرینە داوای دەکەن و گوێی لێ دەگرن. لێرەوە موزیک و شیعری چاک و خراپ لەناو یەکدیدا دەتوێنەوە و جیاکردنەوەیان سەخت دەبێت، مەگەر کەسێک شارەزای بوارەکە بێت و سەروکاری لەتەک ھۆنراوە و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەدا ھەبێت.

ھەڵوێستەیەک لەمەڕ ئەو دێڕانەی کراون بە گۆرانی

لە گۆرانییەکی فۆلکلۆریدا :

(بەسمان لێبگرە سەرانسوێی بانی

لە من ماڵی زۆر لەتۆش جوانی)

سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠:

(گوڵێکم دەوێ بۆن نەکرابێ

بەدەست باخەوان ئەملا و ئەولای پێ نەکرابێ)

ساڵی ٢٠٢١:

(باو باوی منە باوانم، بە دڵی ھەموو لاوانم)

وەک لە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکەدا دەردەکەوێت، پێویستە ژن جوان بێت تا شایەنی ماڵێكی جوانیش بێت. ھەڵبەتە ئەمە مانیفێستی بیرکردنەوە کۆلەکتیڤەکەیە. کولتوورە کۆمەڵایەتییەکە چۆن پێناسی ژن و پیاو دەکات، شیعریش بەو جۆرە وێنای دەکات. لێرەدا پرسیارێکی گرنگ خۆی قوت دەکاتەوە، ئایا وێنای شیعری بۆ ژن و پیاو لە سەردەمی ئەمڕۆماندا چۆنە؟ وەڵامەکە ئاسان دەست دەکەوێت، لەدوای خوێندنەوە بۆ ھۆنراوەی گۆرانییەکانی سەردەم. ئەم دوو بوونەوەرە کۆمەڵایەتییە لەنێو شیعری سەردەمیشدا ھەمان وێنا کۆنزەرڤاتیڤ و تەقلیدییەکەیە. تەنانەت ژنێک خۆی بانگەشەی بەكاڵابوونی دەکات و لای پەسەندە، وەک لە تێکستەکەدا دیارە(باو باوی منە) ئەم دێڕە داننانە بە (خوودئەڤینی). “نارسیزم، خوودئەڤینی یەک زاراوەیە، بەڵام وەک چەترێک زۆر گرفتی دەروونی لەخۆیدا کۆدەکاتەوە، لە دەروونشیکاریدا ئەو دیاردانەی ناوی خوودئەڤینییان بەسەردا بڕاوە ھەمەڕەنگن لەوانە:- خۆبەزلزانی، غروور، دەسەڵاتخوازی، حەزێکی زۆر بۆ ستایش، خۆشویستران بەبێ ئەوەی توانستی خۆشویستنی ئەوانی دیکەت ھەبێت، خۆ دوور گرتن لە خەڵک، ڕێزنەگرتن لە خۆت، ئایدیاڵ و خواستی داھێنەرانە، خەمخواردن لە تەندروستی و ڕواڵەتی خۆت، نەبوونی توانای فکری.

(کارن ھۆرنای) ئەم دیاردە دەروونییەی خوودئەڤینی لە دیاردەی ئابووری نزیک دەکاتەوە و دەڵێ: “ھەڵئاوسانی دەروونی وەک ھەڵئاوسانی ئابووری وایە، واتە بانگەشەکردنی نرخێکی زۆرتر لە نرخە ڕاستەقینەکە.” واتە کەسەکە تووشی ھەڵئاوسانی ساختە دەبێت سەبارەت بەخود.

باوبوون چیە؟ لە سادەترین پێناسەدا دەتوانین بڵێین: خواستێکی گشتی و دەستەجەمعییە، زۆرینەی کۆمەڵگە(نەک ھەمووی) پەسەندی دەکەن، جا ھەرشتێک بێت، کە بە نموونە و پێرفێکتی دەزانن. ئەو(باوبوونەی) لێرەدا ئاماژەی بۆ کراوە باوبوونێکی جەستەیی و جوانییەکی شکڵی و ڕەمزییە لەو فۆڕمە مۆدێرنەدا کە بووەتە ستاندارد، تاکەکانیش ڕوویانکردووەتە جۆرێک لە پیشەسازی لە جەستەیاندا و لەنێو ویستی خۆڕازیکردندا گیر دەخۆن “ھەبوونی ئەو ھەموو سەنتەرانە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە کوردستان بووەتە بازاڕێكی گەورەی دروستکردنی جەستەیەکی تایبەت بۆ نێر و مێ. ئەگەر کۆمەڵگە بازاڕێكی گەورە بێت ئەوا سۆشیال میدیا و بەشێک لە ھۆنراوەی گۆرانییەکان و ڤیدیۆ کلیپەکان بەردەوام کڕیار بۆ ئەو بازاڕە پەیدا دەکەن.

ڕەنگدانەی پیدۆفیلیا لەنێو ھۆنراوەکاندا

(بۆت نەماوم ڕەشتاڵە، مەمکت نەگەییوە کاڵە، بە ئاشكرا لێی بخۆی، بە شەرعیش بۆت حەڵاڵە)

(حەیفە یارم منداڵە، لێو ئاڵ و لیمۆ کاڵە)

(سەرچۆپی وا بادەدا ھەر دەڵێی چواردە ساڵە) لە زاری خانمە گۆرانیبێژێکەوە.

(لەیلەکەم کاڵە، تازە پێدەگات، ھێشتا منداڵە)

کۆی ئەو ھۆنراوانە ئاماژەن و پێمان دەڵێن کە ھونەر (ھونەری گۆرانی گوتن و نووسینی ھۆنراوە) ئاسانترین ڕێگەن بۆ مانیفێستی حەز و ئارەزووەکانی مرۆڤ، تەنانەت ئەگەر پێچەوانە و دژی ھەموو یاسا و ئیتیک و ڕەوشتەکانیش بێت بە نموونە: پیدۆفیلیا(ئارەزووی چێژوەرگرتن لە منداڵ ـ منداڵبازی)

کەسانی پیدۆفیل: ئەو کەسانەن ئارەزووی سێکس یان ویستی دەستبازییان لەگەڵ منداڵدا هەیە، ھەروەھا چێژ دەبینن لە دەستدرێژیکردن بۆ سەریان، دیارترین نموونە لە مێژوودا کارەکتەری پەیامبەر محمد بووە، کاتێک عائیشەی تەمەن ٩ ساڵی خواستووە. ئەگەر سەرنج بدەینە یەکەم دێڕی ھۆنراوەکە وشەی(شەرع)ی بەکارھێناوە. لە کۆمەڵگە کۆنزەرڤەتیڤ و ئەو کۆمەڵگانەی بۆچوونی ئایینییان بەسەردا زاڵە، ئەم وشەیە بە کار دێنن بەو واتایەی ھێڵێکی سوور بێت و ھیچ گفتوگۆیەک ھەڵنەگرێت ڕێگەی بەرپەرچدانەوەت لێدەگرێت. بۆیە لێرەشدا نووسەر ھاوکاری لەو وشەیە خواستووە بۆ ڕەوایەتیدان بە نووسین و ویستەکانی .

بێگومان تێکستی گۆرانییە میلی و ڕۆژانەییەکان دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە لە کۆمەڵگەدا دەگوزەرێت و شایەتحاڵە بەسەر ڕووداو و ئاستی بیرکردنەوەی کۆمەڵگە. لەبەرئەوە دەتوانین لە ڕێی تێکستی چەند گۆرانییەکەوە پەشێوییەکانی ناو کۆمەڵگە بخوێنینەوە. لە ڕێگای ئەو تێکستانەی بە کار دەھێنرێن و ئەو پەیامانەی پشت تێکستە شیعرییەکان، بە تایبەت لەم قۆناغەی ئێستاماندا. لە کاتێکدا کۆمەڵگەیەک بە گەشەی سروشتیی خۆیدا نەڕوات و ھەر دیاردەیەک ڕووکەشەکەی بگوازرێتەوە بەبێ ناوەڕۆکەکەی، ئاخۆ چۆن لە تێکستە شیعرییەکان و گۆرانی و کلیپەکاندا ڕەنگ دەداتەوە؟

لە ئێستادا تێکستە شیعرییەکان زۆر لاوازن، بەڕادەیەک لە ئاستی تێکست نەماون و ھەڵگری مانا و ئامانجی ڕوون نین،(پێویست ناکات ناوی یەک بە یەکیان بھێنین، چونکە ڕێژەیەکی زۆرن) جگە لەو وشانەی بە کاریان دەھێنن ئاستیان زۆر نزمە، بە جۆرێک لە سووکایەتی بە منداڵەوە تیادەبینین تاکو ھەموو چین و تاکەکانی کۆمەڵگە. بۆ نموونە لە کاتێک وێنای کچێکی ھەرزەکار دەکات بە میوەی کاڵ و پێنەگەیشتوو، یاخود سووتان و ھاوار بۆ گەیشتن بە جەستەی ڕەگەزی بەرانبەر، ئەمە یەکێکە لەو ھۆکارانەی وای کردووە ھاوسەرگیری پێشوەختە ڕووبدات (لە شیعردا دەڕبڕینی ھەست ھەیە بۆ بەرانبەر، بەڵام ڕەگەزی بەرانبەر پارچەیەک نییە لە ئارەزووی جنسی، بەڵکو پرە لە ھونەری ڕەوانبێژی و ھەستی قووڵ،) ھاندانی گەنج بۆ لادان، قووڵکردنەوەی پرسی ڕەگەزی، ھتد…

لە تێکستی گۆرانییەکاندا نوێنەرایەتی ژن و پیاوی ئازاد ناکەن، بەڵکو نواندنەوەی ژنێکە دەبێت بە خواستی مۆدێل و باس باسی جوانی بێت نەک بانگەشەی ژنێکی ئازاد

ھەروەھا پرسی ئازادی لێرەدا دێتە ئاراوە، ئازادی یەکێکە لەو چەمکە گرنگانەی لەم ساڵانەی دواییدا پشتگوێ خراوە و وەک پرسێک نەکراوە بە بابەتی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە. لە کاتێکدا چەمکی ئازادی ورد و گرنگە، بە بەردەوامی پێویستی بە تێگەیشتن و پێناسە کردنەوە ھەیە، بەڵام ئیستغلال دەکرێت و لە شوێنی جیاوازەوە دەردەکەوێتەوە. بۆیە دەبێت ئازادی، ئازادبوون بێت لە شتێک و ھەنگاوی پشت وشیاربوونەوەیە. ئازادی لە کۆمەڵگەیەکدا نابینرێت کە خاوەنی گەشەیەکی ناسروشتی و پر قەیرانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و پەروەردەیی بێت، بۆیە لەم قۆناغەی ئێستاماندا بەھۆی تێکەڵاو بوون و نەناسینی تاک خۆی و تاکێکی پر لە دوالیزم و پارادۆکس لەنێوان حەرام و حەڵال، کۆنەپەرست و مۆدێرن، حەز و چەپاندن، ھتد… ھۆیەکە بۆ بڵاوکردنەوەی گۆرانی و تێکستی شیعری ئاست نزم، چونکە سەیری ویستە چەپێنراو و شاردراوەکەی کۆمەڵگە دەکرێت و لەوێوە بۆ زیادکردنی بینەر و گوێگر ھەوڵدەدەن. لە تێکستی گۆرانییەکاندا نوێنەرایەتی ژن و پیاوی ئازاد ناکەن، بەڵکو نواندنەوەی ژنێکە دەبێت بە خواستی مۆدێل و باس باسی جوانی بێت نەک بانگەشەی ژنێکی ئازاد، وەک لە نموونەکەی سەرەوەدا ڕوونمان کردەوە. ھەروەھا لەم دێڕەدا: (دایکی منداڵان-ت بم کابانی ناوماڵ-ت بم.) لێرەدا ژن و پیاو دەلالەت لە ژن و پیاوێکی ئازاد ناکەن کە بتوانن ڕیفۆرم بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی بکەن. پێکھێنەری ژیانێکی ئازاد بن. بۆیە لە ڕێگای تێکستە شیعرییەکانەوە بەردەوام نائاگایی تاکەکان ڕادێت بە قبووڵکردنی ئەو بارودۆخەی ھەیە و درێژەپێدانی.

کەواتە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە لە شیعر و گۆرانیی کوردیی مۆدێرندا ــ (دەبێت خوێنەر لەوە ئاگاداربێت کە لە ڕاستیدا ئێمە لە قۆناغی مۆدێرنەدا نین، تەنھا لە ڕووی بەکارھێنانی ماتڕیال و تەکنەلۆژیادا مۆدێرنین، بەڵام بیرکردنەوە و خەیاڵمان سەر بە قۆناغێکی زۆر کۆنن) ــ جەستە ئامادەگی ھەیە نەک جەوھەر. جەوھەری ژن نادیارە، لێ ئەوەی دیارە و مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت ڕوویەکی پۆڕنۆگرافییە کە ڕەنگە چاو تێر بکات نەک ئەقڵ. لەدوای خوێندنەوەی ئەو ھۆنراوانە یان گوێگرتن لەو گۆرانییانە دەتوانین پێناسەیەک بۆ ژن بکەین؟ لە ژن ژیانەوە بووەتە ژنێکی غەریزەیی؟ ناسنامە و شووناسی ژن و پیاو چۆن مانیفێست بووەتەوە لەناو تێکست و ھۆنراوەکاندا و چۆن خۆی دەنوێنێتەوە بۆ چاو و گوێی بیسەر و بینەر؟

سەرچاوەکان:-

١ـ ئەدۆنیس/شاعیر و بیریار و تیۆریست. وەرگێڕانیـ کۆمەڵێک نووسەر.چاپی یەکەم چاپخانەی سەردەم ٢٠١٦ سلێمانی.

٢ـ دەروازەیەک بۆ خودئەڤینی (نەرجسیەت)، زیگمۆند فرۆید، وەرگێڕانیـ وەلید عومەر. چاپی یەکەم ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند ٢٠٢٠ سلێمانی.

٣ـلە چ ئێستایەکدا دەژین؟ مەریوان وریا قانیع.چاپی دووەم. ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە ٢٠١٨ سلێمانی.٤ـ https://www.academia.edu/45184475

The post مەغزا نەبزۆکەکان لە ھۆنراوەدا appeared first on ژنەفتن.

دراوسێیەتی: تۆوەکانی گێڕانەویەکی سەرکەوتوو لە ڕۆمانێکدا
پێشەکی

لە ژیانی ڕۆژانە و لە دونیای دەوروبەرماندا شتەکان خۆیان دەردەخەن و زەینی ئێمەش دەیانخوێننەوە. هەر ئەم ژیانی ڕۆژانەیە و هەر ئەو دونیای دەوروبەرە دەتوانن ببن بە کەرەسەی گێڕانەوەی وەگێڕەکان و لە دووتوێی ڕۆمانەکاندا هەمدیسان بێنەوە بەر زەین و خوێندنەوەی ئێمەوە. هیچ گومان لەوەدا نییە کە ئیتر ژیانی ڕۆژانە و دونیای دەوروبەر لە فیلتەری وەگێڕەوە تێپەڕ دەبن و وێنا دەکرێنەوە و ئەمجارەیان خوێنەر دەبێتە بینەر و بیسەر و هەستپێکەری دیاردەکان لە گۆشەنیگای جیهانبینیی نووسەر/وەگێڕەوە. هەموو سەرکەوتوویی گێڕانەوەیەک ڕێک لەم خاڵەدایە کە وەگێڕەکەی بە یارمەتیی کامە تێکنیک یان تێکنیکەکانی گێڕانەوە، مەودای بواری گێڕانەوە و زەینییەتی خوێنەرەوە پڕ دەکاتەوە.[1] گەر وەک خوێنەر خۆت لەبەردەم گێڕانەوەیەکدا بینییەوە کە هەست بە تێپەڕبوونی لە فیلتەری وەگێڕەوە نەکەی، ئەوە شانسی ئەوەت هەیە کە ڕووداوەکانی وەگێڕدراو باشتر لەوەی لە جیهانی ڕاستەقینەدا هەن بێنییە بەر دید و خوێندنەوەت و لە چوونە نێو دونیاکەدا سەرمەست و سەرسام هەست بە شکاندنی کۆدەکانی مانای دەق، کۆدەق، پێشدەق و هاودەق و نێواندەق بکەی. هاوکات شانسی ئەوەشت هەیە کە مۆسیقای جوانیناسانەی وەگێڕ لە کاتی خوێندنەوەی ڕووداوەکاندا چێژی خوێندنەوەت لا زیاتر بکات و بە سیحری وردبینیی نووسەرەوە دەرفەتی لێوردبوونەوەی زیاترت لە لابرینتی ڕووداوەکان بۆ بڕەخسێت و گێڕانەوەکە باشتر بە چۆڵەپێچی پێچەڵپێچی ڕووداو و دیاردەکاندا شۆڕت کاتەوە و یارمەتیدەرت بێت بۆ تێگەیشتن لە جیهانی پڕ لە ڕەمز و ڕازی مرۆڤ.

ماریۆ ڤارگاس یوسا (١٩٣٦-) ڕۆماننووسی پێرویی،

دراوسێیەتی

دراوسێیەتی هەژدەهەمین ڕۆمانی نووسەری ناوداری پێروییە کە لە ٢٠١٨دا بڵاو بووەوە[2] و بوو بە بەرهەمێکی دیکەی نووسەر بۆ نیشاندانی تواناییە بێوێنەکانی. ڤارگاس یوسا پێشتر وەک نووسەرێکی جیهانی ناسرابوو،[3] بەڵام بەم ڕۆمانەی دیوێکی دیکەی تواناییەکانی خۆی نیشانی خوێنەرانی دا: دەستبردن بۆ تابووە کۆمەڵایەتییەکان و لەم ڕێگەیەوە شرۆڤەکردنی کۆمەڵگە و مرۆڤ و سیاسەت و دەسەڵات و ناسنامە و چینی کۆمەڵایەتی و هتد. هەموو ئەم تایبەتمەندییانە و زۆر بواری دیکەش کە لەم ڕۆمانە ٢٢٠ لاپەڕەییەدا دەردەکەون لە ئاست یەک شتدا دەکەونە پلەی دووهەمی گرنگیی ئەدەبییەوە، ئەویش تایبەتمەندیی گێڕانەوەیی ڕۆمانەکەیە. خاڵی هەرە بەرجەستەی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە کە هەست دەکەی هەموو تۆوەکانی گێڕانەوە لە ئاستی هەرە بەرزدا خەمڵێندراون و بۆ هەر سەرکەوتووییەکی ئەدەبی و شێوازی نووسین، گەر پێویست بە نموونەیەکی بەرز هەبێت، ئەوە لەم گێڕانەوەیەدا بەدیی دەکرێت.

لەم وتارەدا ئاماژە بە هێندێک لە لایەنە ئەدەبییەکانی گێڕانەوەیی دەکەم و هەوڵ دەدەم هۆکارەکانی سەرکەوتوویی گێڕانەوەکە نیشان بدەم. هەڵبەت پێویستە بڵێم پێداچوونەوەکانی سەر ئەم ڕۆمانە و خوێندنەوەکانی خۆیشم دەری دەخەن کە دراوسێیەتی باشترین ڕۆمانی ڤارگاس یوسا نییە.[4] چوار کاراکتەری سەرەکیی ئەم ڕۆمانە سەر بە دوو بنەماڵەن. ماریسا و مێردەکەی، ئێنریک، کە خاوەن کانگەیەکی گەورەیە و تا بڵێی دەوڵەمەندە. چابێلا و لوچیانۆی مێردی کە پارێزەرێکی بەناوبانگە و دۆستی نزیکی ئێنریکە. ماریسا و چابێلاش دەستەخوشکی نزیکن. ئەم دوو پیاوە هەر دووک دەرچووی زانکۆ بەناوبانگەکانی ڕۆژاوان و دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتوون. ئالبێرتۆ فوجیموریی سەرۆککۆمار تەنیا جارجار ناوی دێتە گۆڕێ و ئەوەی وەک لایەنی سیاسیی ڕۆمانەکە نوێنەرایەتیی سیستمی دیکتاتۆرییەت دەکات کەسێکە بە ناوی “دکتۆر” کە لە ڕاستیدا هەمان بەرپرسی دەزگای ئەولەکاریی ڕژێمی فوجیمورییە بە ناوی ڤلادیمیر مۆنتێسینوس.[5] ئەم فاکتە مێژوویی و سیاسییانە باڵانسێکی گرنگی گێڕانەوەی مێژوویی دەدەن بە ڕۆمانەکە و خوێنەر بە هاسانی ڕووداوەکانی کۆمەڵگەی پێروی لە زەیندا وێنا دەکرێت. بەڵام ئەم لایەنە لۆکالییە بە هیچ شێوەیەک لە لایەنی جیهانیی گێڕانەوەکە کەم ناکاتەوە. هەر بۆیەشە لە هەموو دونیادا ڕووداوەکانی جۆغرافیایەکی دیاریکراوی ڤارگاس یوسا دەبێتە نوێنەری ڕووداوگەلی جیهانی و هەموو خوێنەرێک لە هەموو فەرهەنگێکدا هەستی پێدەکات، چیژی لێ وەردەگرێت و لێی فێر دەبێت. ئەم دیالێکتیکی لۆکالی و جیهانییە یەک لە خاڵە هەرە زەقەکانی گێڕانەوەی سەرکەوتوانەیە.

ڤارگاس یوسا داهێنەری بنژانرێکی گێڕانەوەییە بە ناوی ڕۆمان و دیکتاتۆر. لەم جۆرە ڕۆمانانەشدا هێندە وەستایانە دیاردەی دیکتاتۆری لە ئامریکای لاتین و بەربەرەکانیی لەگەڵ سیستمگەلی دیکتاتۆریدا وێنا دەکات کە خوێنەر تا ئەوپەڕی چێژ و وشیاریی ئەدەبی دەبات

پێشتر لە وتارێکدا بە هەڵسەنگاندنی ڕۆمانی جێژنی نێری[6] باسی ئەوەم کردووە کە ڤارگاس یوسا داهێنەری بنژانرێکی گێڕانەوەییە بە ناوی ڕۆمان و دیکتاتۆر. لەم جۆرە ڕۆمانانەشدا هێندە وەستایانە دیاردەی دیکتاتۆری لە ئامریکای لاتین و بەربەرەکانیی لەگەڵ سیستمگەلی دیکتاتۆریدا وێنا دەکات کە خوێنەر تا ئەوپەڕی چێژ و وشیاریی ئەدەبی دەبات.[7] ئاگاداریی و زانایی ڤارگاس یوسا لەسەر ئامریکای لاتین و تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگییەکانی هەر لە ڕۆمانەکانیدا دەرناکەوێت. ئەو لە وتارگەلی جییاوازیشدا لەسەر هەمان ڕێچکە دەڕوات و نیشانی دەدات چۆن لەسەر نەک هەر وڵاتی خۆی، پێرو، بەڵکو لەسەر وڵاتانی ئامریکای لاتین بە گشتی نووسەرێکی توانا و زانایە. هەر لەو ساڵەیدا کە ڕۆمانی دراوسێیەتی چاپ و بڵاو کرایەوە، کۆمەڵێک وتاری کۆن و نوێی نووسەر لە دووتوێی کتێبێکدا بە ناوی شمشێر و یوتۆپیا: خەیاڵەکانی ئامریکای لاتین، بڵاو بووەوە.[8] کۆی ئەم وتارانە پێشاندەریی تێگەیشتن و شارەزایی هەمەلایەنەی ڤارگاس یوسان لەسەر بەستێنە جۆراجۆرەکانی ژیانی مرۆڤ لە ئامریکای لاتین.

ڕۆمانی دراوسێیەتی بە ئیسپانی

وەگێڕی هەردەم ئامادە و نادیار[9]

فرەدەنگی وەک تۆوێکی سەرەکیی ڕۆمان و ڕەنگە وەک خاڵی هەرە گرنگی جیاکەرەوەی ڕۆمان لە ژانرەکانی پێش خۆی، بۆ نموونە، حەماسە و حەکایەت و ئەفسانە، لە ڕۆمانەکانی ڤارگاس یوسادا بەردەوام ئامادەیی تەواوی هەیە و بووەتە دیوی گەش و بەرجەستەی شێوازی ئەم نووسەرە. لەم ڕۆمانەشدا ئەم ڕێچکەیە بەر نەدراوە و بگرە وەک ئەزموونی جێگرتووی نووسەر زیاتر لە جاران خۆی دەردەخات. ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا کۆی ڕۆمانەکە وەگێڕێکی هەمووشتزانی هەردەم ئامادەی لە دەرەوەی ڕووداو و کات و شوێندا هەیە، بەڵام هێندە وەستایانە لەگەڵ دەربڕینە ڕاستەوخۆیەکانی کاراکتەرەکان ئاوێتە بووە کە خوێنەر هەست بە دەنگی دەرەکی ناکات و واها دەچێتە نێو دونیای گێڕانەوەکەوە کە بەسەرهاتەکان دەبن بە هەڵقوڵاوی دونیای زەینیی خودی خوێنەر. هاوتەریب لەگەڵ ئەم ئامادەییە سروشتییەی وەگێڕ، دیالۆگی نێوان کاراکتەرەکان قسەی ئاخیری ئاگادارکردنەوەی خوێنەر دەکەن و لە نیشاندانی ڕووداو و بەسەرهاتەکاندا ڕۆڵی یەکەم دەگێڕن. لێرەدایە کە گێڕانەوە دەبێتە گوزارەی ژیان بە شێوەیەکی هێندە زیندوو و ئۆرگانیک کە ئەوە کاراکتەر و دیاردەکان و ڕووداوەکانن کە ڕاستەوخۆ دەدوێن و دەنگی تاقەتپرووکێن و ماندووکەری وەگێڕێکی ڕەزاگران و خۆتێهەڵقوتاندنە بێمۆڵەت و بەردەوامەکانی، ئازاری ڕەوتی خوێندنەوە و چێژوەرگرتنی خوێنەر نادەن. بە واتایەکی دیکە گێڕانەوە دەبێت بە ڕەوتی جیانەکراوەی ژیان و کردەوەی خوێندنەوە. گەر لێرولەوێ هەڵکەوتەکان کارهاسانی بۆ چوونەوە سەریەکی ڕووداوەکان دەکەن ئەوە هەمدیسان هەست بە دەستکردبوونیان ناکرێت و خوێنەر دەتوانێت زۆر بە هاسانی هەڵکەوتگەلی لەم چەشنە لەگەڵ ئەزموونی ژیانی تاکەکەسیی جیهانی دەوروبەری خۆی زۆر بە نامۆ نەزانێت. ڕەنگە ئەمە سروشتی ڕێئالیزمی ڤارگاس یوسا بێت کە زۆر جار هەتا سنوورەکانی سروشتخوازی (naturalism) دەچێت و بە پشتبەستن بە تێگەیشتنی قووڵ لە میکانیزم و کارکردی دەروونناسانەی مرۆڤ و کۆمەڵگە لایەنی باوەڕپێهێنانی خوێنەر بە گێڕانەوەکان لە ئاستێکی بەرزدا دەستەبەر دەکات.

لەبیرمان بێت کە لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٠ی سەرۆککۆماریی پێرودا ماریۆ ڤارگاس یوسا وەک بەربژێرێک بەشداری هەڵبژاردنەکە دەبێت و لە ئاکامدا فوجیموری هەڵدەبژێردرێت.[10] سەردەمی ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە سەردەمی دەسەڵاتی فوجیمورییە. گرنگە بزانێن نووسەر چۆن لەگەڵ کەسایەتیی ڕەکابەرەکەی خۆیدا هەڵسوکەوت دەکات و چەندە لۆجیکی گێڕانەوە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ڕکابەرایەتیی سیاسی و تاکەکەسی. مرۆڤ پێویست نییە گێرانەوەناسێکی بەئەزموون بێت بۆ ئەوەی لەم ڕاستییە تێبگات کە نووسەر چەندە بە پڕەنسیبی گێڕانەوە وەفادارە و چەندە شارەزایانە خۆی لە ئافەتی کینە و کێبەرکێیی بەدوور گرتووە. گەر کەسێک ئاگاداری مێژووی ژیانی ڤارگاس یوسا نەبێت و ڕووداوی سەرنەکەوتنی ئەو لە هەلبژاردنەکەدا نەزانێت، زۆر وێ ناچێت هەست بکات ڕکابەرە سیاسییەکەی دوێنێ بتوانێت نووسەرێکی ئاوا توانای ئەدەبی و ئافرێنەری گێڕانەوەیەکی ئاوا ڕێئالیستی بێت. ئەمەش لەڕاستیدا گرێدراوی پەڕجووی گێڕانەوەیە کە دواجار ڕووداوە مێژووییەکان لە هەناوی خۆیدا واها دەحاوێنێتەوە کە خوێنەر دەکاتە خاوەنی باشترین کەرەسەی تێگەیشتن لە کۆدەقی سەردەمانێکی دیاریکراو لە شوێنێکی دیاریکراو. لێرەدا ڕەنگە جیاوازیی ڕۆمان و مێژوو بە زەرافەتێکی زۆرەوە هەمدیسان ڕووی سووری خۆی نیشان بدات.

بەرگی ڕۆمانەکە بە ئینگلیزی

دەستپێکی ڕۆمانەکە دیمەنی دوو ژنی مێرددارە کە پێوەندیی دۆستایەتی و خێزانییان هەیە و ئێستا بەیەکەوە لەنێو جێگادان و خەریکی سێکسکردن لەگەڵ یەکترن. گێڕانەوەی بە وردەڕیشاڵی جووتبوونی ئەم دوو ژنە بۆ یەکەمجار وەک هەموو گێڕانەوەکانی دیکەی ڤارگاس یوسا هێندە وەستایانەیە کە بەر لەوەی خوێنەر هەست بە خوێندنەوە بکات هەست بە بینینی دیمەنەکان لەسەر شاشەی سینەما یان تەلەڤیزیۆن دەکات. هەر ئەمەش تایبەتمەندییەکی داوە بە سەرتاپای ئەم ڕۆمانە کە زۆر خێرا بکرێت لەسەر بنەمای بەشەکانی ڕۆمانەکە سێریالی تەلەڤیزیۆنی ساز بکرێت. لە ئامریکای لاتین ئەمجۆرە سێریالە تەلەڤیزیۆنییانە (telenovela) زۆر باون.

٢٢ بەشی پێکهێنەری ئەم ڕۆمانە دەکرێ بە شێوەیەکی سەربەخۆیش بخوێندرێنەوە و وەک چیرۆکی کورتی خۆشپێکهاتە سەیر بکردرێن. بەڵام بە دەکارهێنانی وشیارانەی تێکنیکی هەڵواسین (suspension) هەر کام لەم بەشانە و دەکرێ بڵێین هەموو ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە واها خوێنەرەوە کەمەندکێشێ خوێندنەوە دەکەن کە ئەستەمە خوێنەر بە سانایی واز لە خوێندنەوە بێنێت. لە کاتێکدا هەر بەشەی ڕۆمانەکە بە شێوەیەکی گشتی لایەنێکی ژیانی کاراکتەرێک یان چەند کاراکتەرمان پێ دەناسێنێت، لە بەشێک ماوە بۆ بەشی پێش کۆتایی ڕۆمانەکە، بەشێکی هەرە درێژ بە شێوەیەکی زۆر سەرنجڕاکیش و چڕ و تێکەڵاو و لێکدراو تەرخان بە گفتوگۆی چەندین کاراکتەر بە یەکەوە دەکرێت، بێ ئەوەی نووسەر یان وەگێڕ بە هیچ شێوەیەک دەست باوێتە نێو ڕەوتی گێڕانەوەکە و دیالۆگەکان و تەنانەت بڵێت کێ وای گوت و کێ بەرسیڤی داوە. ناوێک کە نووسەر لەم بەشەی دەنێت، واتە گێژاو و خوڕێن (A Whirlpool) پڕ بە پێستی تایبەتمەندیی گێڕانەوەیی ئەم بەشەیە. ئەمەش لەڕاستیدا دەبێتە جۆرێک لە کردەوەی کۆمەڵایەتی کە مرۆڤەکان لە ژیانی ئاسایی خۆشیاندا تووشی دێن. بۆ نموونە ئێمە هەر کاممان چەند هاوڕێمان هەیە و دەتوانین بە شێوەی جیاجیا بیانبینین و قسە و باسی خۆمانیان لەگەل بکەین. دەکرێ لە شوێنێکیشدا هەموویان بە یەکەوە ببینین و ببین بە گوێگر و هاودەنگی هەموویان لە یەک شوێنکاتدا. گواستنەوەی فەزایەکی لەم چەشنە بۆ نێو دونیای گێڕانەوە گەر بە لێزانی بکرێت دەتوانێت خوێنەر بباتە نێو ئەزموونی دەوڵەمەندی خوێندنەوەی هاوکاتی زەینییەتی چەند کەس. لەم بەشەدا زۆربەی هەرە زۆری کاراکتەرەکان بە یەکەوە قسە دەکەن و ڕیزکرندیان بەدوای یەکتردا ئۆرکێسترایەکی فرەدەنگی پڕ لە هارمۆنی پێک هێناوە کە هێندێ جار خوێنەر تووشی پشووسواری دەبێت و بە زەینی چالاک و وشیاری وەگێڕ تووشی سەرسامی دەبێت.

پرسی پێشبینی و زانینی ئەوەی کە خوێنەر چەندە لە هەڵدانی ئاکامی ڕووداوەکاندا سەرکەوتووە یارییەکی خۆشی خوێندنەوەیە کە چێژێکی تایبەتی دەدات بە کردەی خوێندنەوە. لەم ڕۆمانەدا هەر لە دەستپێکەوە خوێنەر تووشی دونیایەک دێت کە لە ئاسۆی چاوەڕوانییەکانیدا ناگونجێت. ئەم بەشە، خەونی ماریسا، بە هەڵکەوت نییە کە بە ‘خەون” پێناسە کراوە. لە یەکەم ڕستەی ڕۆمانەکەوە دەردەکەوێت کە خودی ماریساش چاوەڕوانیی ئەو شتەی کە خەریکە ڕوو دەدات ناکات. “ئەو وەخەبەر بوو یان خەونی دەبینی؟”[11] هێشتا چوار دێڕ لە باسی هەستی گەرمایی لەشی ماریسا و تامی ئەو شەڕابەی لەگەڵ چابێلای دەستە خۆشکی خواردوویەتەوە، نەگوزەراوە کە خوێنەر تێدەگات بەستێنی گێڕانەوەکە وڵاتێکە پڕ لە ئازاری کوشتن و بڕین و تێرۆر و سەرکوت و ڕەوشی نائاسایی و یاساغیی هاتوچۆ لە شەوەدا. هەمدیسان تایبەتمەندیی تەواو سیاسییانەی گێڕانەوەکانی ڤارگاس یوسا. دەڵێی سیاسەت و ژیان بە بەر یەکترەوە دووراون و ئەمئەوێتیی سیاسەت و ژیان یاسایەکی بێ ڕیزپەڕە.

گەر بۆ خوێنەری ڕۆمانێک هەموو شتەکان و ڕووداوەکان چاوەڕوانکراو بن، ئەوە پارسەنگی چێژ دەشێوێت. پێچەوانەی ئەم هاوکێشەش هەر ڕاستە

لە پێوەندیی لەگەڵ ئاسۆی چاوەڕوانیی خوێنەر و ئەوەی کە لە بەشداربوونی چالاکانەی ئەو لەگەڵ ڕووداوەکانی دەقدا ماناکان دەئافرێندرێنەوە و چێژ دەستەبەر دەکرێت، کارکردی چلۆنایەتیی گێڕانەوەی سیاسی و مێژوویی زۆر گرنگە. بۆ نموونە لە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکاندا ئەگەرچی نووسەر دەبێت بە شێوەیەکی گشتی بە گێڕانەوەی دروستی ڕەوتی ڕووداوەکان وەفادار بێت، بەڵام نابێ بۆ چرکەیەکیش لە کایەی هونەریی گێڕانەوە غافڵ بێت. خوێنەری ڕۆمان دەبێ بەردەوام ئەمەی لەبیر بێت ئەوەی دەیخوێنێتەوە دواجار دەستکردی خەیاڵە و بەس. ئەمە لە کاتێکدایە دەبێ بە هەموو ئەزموون و زاناییەوە، شارەزای هەڵسوکەوتی هونەرییانە، مێژووییانە و گێڕانەوەییانەی شیاوی نووسەر لەگەڵ واقیع/ڕاستیدا بیت. ئەمەیە بەندی لە موو باریکتر و لە ئەڵماس تیژتری نێوان واقیع و خەیاڵ. گەر بۆ خوێنەری ڕۆمانێک هەموو شتەکان و ڕووداوەکان چاوەڕوانکراو بن، ئەوە پارسەنگی چێژ دەشێوێت. پێچەوانەی ئەم هاوکێشەش هەر ڕاستە. واتا ئەگەر هەموو ڕووداوەکان دژی ئاسۆی چاوەڕوانییەکانی خوێنەر بن، هەمدیسان پارسەنگی چێژ دەشێوێت. چ مەتەڵۆکێکە ئەم گێڕانەوەیە، کۆنترین دیاردەی مێژووی مرۆڤ!

بەشی یەکەمی ڕۆمانەکە تەواو دەبێت و خوێنەر لە خۆی دەپرسێت تۆ بڵێی ئەوەی خوێندییەوە تەنێ ئاماژەیەکی ساکار بە ڕووداوێکی پەراوێزکراوی گێڕانەوەکە بێت یان لە ڕەوتی ڕۆمانەکەدا دیسانەوە کارتێکەریی بەرچاوی خۆی دەبێت. ڕاستییەکەی ئەوەیە کەسایەتیی دوو ژنەکەی دەستپێکی ڕۆمانەکە و پێوەندییە سێکسییەکەیان دەبێتە خاڵێکی ناوەندی لە سەرتاپای گێڕانەوەکە و دونیا ئافرێندراوەکەیدا بە هەموو پەلوپۆ سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانییەوە. لەوەش گرنگتر ئەوان دوا جار هاوسەرەکانیشیان پەلکێشی ئەم یارییە دەکەن. یەکیان بە تەواوی دەچێتە نێو پێوەندییەکی سێکسیی سێلایەنەوە، واتە مێردی یەک لە ژنەکان کە تووشی گرفتێکی کۆمەڵایەتیی زۆر گرنگ هاتووە و بە شێوەیەک ئابڕووی چووەتە سەر لکی داران، لە لایەن ژنەکەی خۆیەوە و دەستەخوشکی ژنەکەیەوە بانگهێشتی پێوەندیی سێلایەنەی سێکسی دەکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەستەخوشکی ژنەکەی، چابێلا، هاوسەری دۆستی گیانی بە گیانیی ئەم پیاوە واتا لوچیانایە. ئێنریک کەوتووەتە بەر غەزەبی سەرنووسەری گۆڤارێک و وێنە ڕووتەکانی بڵاو بوونەتەوە و تووشی ئابڕووچوون بووە و تەنانەت دواتر تۆمەتی کوشتنی سەرنووسەری گۆڤارەکەشی دراوەتە پاڵی و بۆ شەوێک ڕەوانەی زیندانیشکراوەد و لە بەندی زیندانییە جیناییەکاندا ئەوپەڕی بێحورمەتی پێ دەکرێت، ئێستا لەو پەڕی سەرسوڕماندا بانگهێشتی نێو تەختی خەوی ژنەکەی خۆی و ژنی نزیکترین هاوڕێی دەکرێت. “ئەو تووشی سەرسوڕمان دەبێت و لە هەمان کاتدا کەیفخۆشیشە. پێشتر خەونی ئاوای بینیبوو، بەڵام هەرگیز پێی وا نەبوو شتێکی ئاوا بکرێت و ئەمجۆرە خەونە وەڕاستی بگەڕێت.”[12]دوابەشی ڕۆمانەکە، ‘کۆتاییەکی خۆش’، پێی پیاوی چوارەمیش دێنێتە نێو گەمەکەوە و ئیتر سەفەری ئەمجارەی ئەم دوو بنەماڵە دۆستە بۆ مەیامەی لە ئامریکا و حەسانەوە لە لێواری دەریا وا ڕێک دەخرێت کە هەموویان بە یەکەوە بن. ئەوەیکە ئەم سێ لایەنە بزانن کە پیاوەکەی دیکەش ئاگاداری ئەم پێوەندییەیە هەم بۆ ئەوان و هەم بۆ خوێنەرەوە دەبێتە بەشێک لە ڕووداوە چاوەڕواننەکراوەکانی گێڕانەوەکە. دوا قسەکانی لوچیانا وا نیشان دەدەن کە ئەو ئاگاداری پێوەندیی هاوڕێیەکەی خۆی لەگەڵ ژنەکەیتی و پێشنیار دەکات بۆ جێژنی بیرەوەریی سێساڵەی ئەم پێوەندییە، ئەمجارە ئەویش لەگەڵیان بچێتە میامەی. بەمجۆرە وا دیارە دیمەنی جووتبوونە سێلایەنەکە ئەمجارەیان لایەنێکی دیکەشی لێ زیاد بێت و ببن بە چوارکەس.

“ئەو هێندە بە وردی و سروشتی باس لە تووشبوونی کاراکتەرەکانی بە هەڵامەت دەدوێت ڕەنگە خوێنەر لە وەرزی هەڵامەتدا هەست بکات خۆیشی هەڵامەتی گرتووە”

ئەم ڕووداوە دەگمەنە و ئەم پێوەندییە سێکسییە لەنێوان ئەم دوو بنەماڵە دەستڕۆیشتوو و خوێندەوار و دەوڵەمەندەدا دەکرێت ببێتە هەوێنی لێکدانەوەی زۆری خوێنەران. پرسیار ئەوەیە گەلۆ پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان سیستمی سیاسیی دیکتاتۆرییانە و شێوەی گوزەرانی سێکسی لەنێو دەستڕۆیشتوانی کۆمەلگەیەکی دیاریکراودا هەیە یان نا؟ بە واتایەکی دیکە مرۆڤ دەکرێ پرسیار بکات دیاردەی ڕەوشت و سیاسەت چەندە کارتێکەرییان لەسەر یەکتر هەیە؟ ئەوەی لەم ڕۆمانەدا دەبیندرێت، وەڵامێکی ئەرێنییە بەم پرسیارە. لە هەلومەرجی دیکتاتۆری و نەمانی نۆڕمە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکاندا، دەستڕۆیشتووەکانی کۆمەڵگە دەتوانن زۆر بە سانایی بۆشایی بایەخە کۆمەڵایەتییەکان بە کردەوەگەلی تابووکراو و جۆرێک لە تێپەڕکردنی کات بەم شێوەیە پڕ بکەنەوە.

شارەزایی لەگەڵ دونیای کارەکتەرەکان ئەو دەسەڵاتە گێڕانەوەییە بە ڕێئالیزمی ڤارگاس یوسایی دەدات کە لە وێناکردنی وردبینانەی کردەوەکانیاندا سەرکەوتوو بێت. هەر وەک جان ئاپدایک لە پەسنی یەک لە ڕۆمانەکانی ڤارگاس یوسادا دەڵێت، ئەو هێندە بە وردی و سروشتی باس لە تووشبوونی کاراکتەرەکانی بە هەڵامەت دەدوێت ڕەنگە خوێنەر لە وەرزی هەڵامەتدا هەست بکات خۆیشی هەڵامەتی گرتووە.[13] وردەکارییەکانی گێڕانەوەی ڕووداوەکان لەو ڕۆمانەدا تەواو لە خزمەت ناساندنی هەمەلایەنەی کاراکتەرەکاندان. کاتێک ژیانی پڕ لە چەرمەسەریی ژوان پینێتا بەسەر دەکەینەوە، پێوەندیی ئەو و پشیلەکەی، واتە سێرافین، دەبێتە خاڵێکی گرنگی تێگەیشتنی ئێمە لەمەڕ کەسایەتیی ئەو وەک شاعیری دوێنێ و لێقەوماوە فەرامۆشکار و بەلەنگازەکەی ئەمڕۆ. خوێنەری ژیر هەر زوو تێدەگات گەر پشیلەکەی ژوان خاوەنی ناوی تایبەتی خۆی نەبوایە، چێژی خوێندنەوەی بەسەرهاتەکە تووشی کەمایەسییەک دەبوو.

ڕەنگە خوێندنەوەی بەشێک لە ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە لە بواری پێوەندیی سێکسییەوە لێکدانەوەی جیاواز هەڵگرێت و هەموو خوێنەرێک لەگەڵ ئەم چەشنە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کردەی سێکسوالیتەی کاراکتەرەکانی نێو ڕۆمانێکدا نەبێت. سیاسەت و سێکس و مرۆڤ و کردەی سێکسی و دیکتاتۆرییەت دەتوانن بابەتێکی گرنگی جێگەی تێڕامان بن و پێوەندییان بە یەکەوە ببێتە هەوێنی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا. ئەو ڕاستییە کە فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەم ڕۆمانە سەردەمی فوجیموری و سیستمی دیکتاتۆرییەتە و خەباتێکی چەکداریی بەربڵاو لە کۆمەڵگەی پێرودا لەئارادایە و تێرۆریزم و مرۆڤکوشتن و بێسەروشوێنکردن وەک کردەیەکی ڕۆژانە بەرهەمهێنەرەوەی زەبروزەنگە، دەتوانێت پاساوێک یان هاندەرێک بێت بۆ کردەوەی لە چەشنی پێوەندیی خێزانە دەستڕۆیشتووەکانی کۆمەڵگە. هەڵبەت ئەمە باسێکی فەرهەنگییە و لە کۆمەڵگەیەکەوە تا کۆمەڵگەیەکی دیکە زۆر جیاوازە. بۆ نموونە من هەتا ئێستا تووشی هیچ ڕۆمانێکی کوردی و فارسی و تورکی نەهاتووم کە ئاوا وێنای پێوەندیی سێکسی لە گێڕانەوەیەکدا بکات. لەبیرمان بێت هێندێک شوێنی ئەم گێڕانەوەیە خۆ لە قەرەی پۆرنۆگرافی دەدات و زۆر لە پێوەندیی ئێرۆتیکی تێدەپەڕێت. بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی ڤارگاس یوسا وەک نووسەرێکی جیهانی و زۆر جیددی ناکرێت بەشێک لە ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە نەبێتە جێی لێکدانەوە و بۆچوونی جیاوازی خوێنەرەکانی.

خاڵێکی گرنگی دراوسێیەتی بریتییە لە گرنگیدان بە ژیان و کارتێکەریی کاراکتەرە لاوەکییەکانی گێڕانەوەکە.

خوێنەری سەر بە فەرهەنگی بەپارێزی کۆمەڵایەتی لە خەڵوەتی خۆیدا ڕەنگە لە خوێندنەوەی هێندێک بەشی ئەم ڕۆمانە سوور هەڵگەڕیت و لای سەیر بێت نووسەرێکی وەک ڤارگاس یوسا ١٧ لاپەڕە تەرخانی دیمەنی جووتبوونی سێکسیی دوو ژن و پیاوێک بکات و لە هیچ شوێنێکی گێڕانەوەکەشدا وەک وەگێڕ بۆچوونی خۆی لەمەڕ ئەم دیمەنانە نیشان نەدات.

خاڵێکی گرنگی دراوسێیەتی بریتییە لە گرنگیدان بە ژیان و کارتێکەریی کاراکتەرە لاوەکییەکانی گێڕانەوەکە. لەم ڕۆمانەدا کارەکتەرە لاوەکییەکان یان ئەوانەی پشت گوێ دەخرێن و لە پەراوێزی کۆمەڵگەدا دەژین خاوەن ڕۆڵێکی تایبەتن. دژکردەوە بوێرانەکەی ژولیتا، جێگرەوەی سەرنووسەری ئێکسپۆزد، ڕۆلاندۆ، یەک لەو شوێنانەیە کە لەگەڵ ئاسۆی چاوەڕوانیی خوێنەر هەڵسوکەوتێکی چاوەڕواننەکراو دەکات. ڕەنگە خوێندنەوەیەکی مارکسیستی لەسەر ئەم ڕۆمانە بتوانێت پەردە لەسەر پێوەندیی چینایەتی لە کۆمەلگەی ئامریکای لاتینیدا بە باشی لا بدات و خوێنەر بباتە نێو دونیای پڕ لە مەتەڵۆکی چینایەتی و کارکردی مرۆڤەکان بەپێی پێگەی کۆمەڵایەتی و چینایەتییان. چارەنووسی تاڵی سەرنووسەری گۆڤاری ئێکسپۆزد (Exsposed)، رۆلاندۆ گارۆ و دواتر کردەوەی دوور لە چاوەڕوانیی جێگرەوەکەی، ژولیتا، و هەڵسوکەوتەکانی وێنەگری گۆڤارەکە، سێفێرینۆ، شاعیرێکی لێقەوماوی بەلەنگازی خانەنشین، ژوان پینێتا و پشیلەکەی، دەرفەتێکی ئاوا دەدەن بە خوێنەر کە ڕۆڵی کەسانی جیاواز لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا بەباشی ببینێت و لە میکانیزمی دەسەڵات و داپڵۆسینی جەماوەر تێبگات. ژیانی پڕ لە مەینەت و زەحمەتی پەراوێزخراوانی کۆمەڵگە و بەراوردکردنی لەگەڵ ژیانی توێژی دەسەڵاتدار و دەوڵەمەند، جارێکی دیکەش پێوەندیی دەسەڵات و سیاسەت و سەرکوت و سەرمایە بە جوانی دەردەخات. لەم نێوەدا کاتێک دەبینین خەڵکانی سەر بە چینی خوارەوەی کۆمەڵایەتی دواجار بە گوێرەی خواستی دەسەڵاتداران ناجووڵێنەوە و سەرەڕای ئازارێک کە لە نەبوونی دادی کۆمەڵایەتی دەیچێژن، دەتوانن بە کردەوە بەزمی پڕ شەوکەتی دەسەڵاتداران تێک بدەن، خوێنەری دادخواز هەناسەیەکی دێتەوە بەرخۆ و ئومێدەوار دەبێت کە تەنانەت لە دونیای لیبرالیی ڤارگاس یوساشدا هیوایەک بە ڕاوەستان دژی سیستمی سەرکوت و داپڵۆسینی سیاسی لەئارادایە. کردەوەی زیرەکانەی ژولیتا و خۆ دەربازکردنی لە کۆتوبەندی ‘دکتۆر’ و لەقاودانی کوشتنی بێبەزییانەی سەرنووسەری گۆڤاری ئێکسپۆزد دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە گۆڕینی سیستمی دیکتاتۆریی فوجیموریدا.

ئەنجام

گێڕانەوەی سەرکەوتوو و هەڵسوکەوتی وشیارانە لەگەڵ پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی دونیایەکی خەیاڵی، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆر واقیعی، تەنانەت واقیعیتر لەو دونیایەی تێیدا دەژیین، پێویست ناکات پڕ بێت لە دروشمی قەببەی سیاسی و شۆڕشگێڕانە. ئەوەی کە ڕۆژگارێک مارکس لە گێڕانەوەی بالزاکدا دەیدیت و لوکاج لە ڕۆمانەکانی والتر سکاتدا دەیبینی، خوێنەری ئەم سەردەمە لە ڕۆمانەکانی ماریۆ ڤارگاس یوسادا دەیانبینێت: وردەکارییەکانی کارکردی دەسەڵات و میکانیزمی داپڵۆسینی جەماوەر و ڕۆحی سەردەمێکی دیاریکراو و دەروونناسیی مرۆڤەکانی کۆمەڵگەیەکی داپڵۆسراو.

دراوسێیەتی دونیایەکی ئافرێندراوی خەیاڵییە کە خوێنەر دەباتە نێو هەناوی ڕووداوەکانی وڵاتێک و لە ڕێگەی بەسەرهاتی چەند کەسێکەوە سەرتاپای ئەم وڵاتەت پێ دەناسێنێت و بە ناساندنی ئەم وڵاتەش ئاگاداری ئەو یاسا و ڕیسایانەت دەکاتەوە کە وردبینانەتر لە پێوەندییەکانی دەسەڵات لە کۆمەڵگەکانی دیکەشدا بڕوانی. ڕەمزی ئەم سەرکەوتنەش بەر لە هەموو شتێک لە نهێنییەکانی گێڕانەوەدا خۆی حاشار داوە.

لە کۆتاییدا حەز دەکەم بڵێم کە جوان دەزانم ئەم ڕۆمانە لە فەزای ئەمڕۆی ئێراندا شانسی وەرگێڕان و بڵاوبوونەوەی نییە. نازانم ئایا ئەم ڕۆمانە کراوەتە عەرەبی و  تورکی یان نا. ئەگەر نا، خۆزگە ئەم ڕۆمانەش دەچووە لیستی ئەو ڕۆمانانەی پێش لەوەی بکرێنە فارسی، عەرەبی و تورکی، دەکرێنە کوردی.

تێبینی: ئەم وتارە لە ژمارە (٢)ی گۆڤاری وانەر بڵاوکراوەتەوە

پەراوێزەکان

[1] بۆ زانیاری زیاتر لەسەر تێکنیکەکانی گێڕانەوە لە چەند لاپەڕەی چڕدا، بڕوانە:

Abbott, H. Porter, ‘Narrative’, in Logan, Peter Melville (ed.), The Encyclopedia of the Novel, Volume I and II, Oxford: Wiley-Blackwell, 2011, pp. 533-540.

[2] Vargas, Llosa Mario, The Neighborhood, English translation Edith Grossman, New York: Farrar, Straus and Giroux, 2018.

[3] بۆ زانیاریی ورد لەسەر دونیابینی و بەرهەمەکانی ماریۆ ڤارگاس یوسا بڕوانە:

Köllmann, Sabine, A Companion to Mario Vargas Llosa, Woodbridge: Tamesis, 2014.

[4]بۆ نموونە بڕوانە سەر چەند پێداچوونەوە کە ئەم ڕۆمانە بە سەرکەوتووترین ڕۆمانی ڤارگاس یوسا دانانێن و تەنانەت ڕەخنەی ئەوەی لێدەگرن کە وەک ڕۆمانێکی گەشتپەشەند خۆیا دەکات. لەم پێداچوونەوانەی خوارەوەدا دەتوانن چەند لەو ڕانان و هەڵسەنگاندنانە ببینن:

East, Ben, ‘A steamy page-turner’, The Observer, 13 May 2018, retrieved 5 April 2021.

Quinn, Anthony, ‘Scandal of a nation of gossips’, The Guardian, 27 April 2018, retrieved 6 April 20210.

Garner, Dwight, ‘A Pulpy New Novel and Juiceless Old Essays from Mario Vargas Llosa’, The New York Times, 19 Feb. 2018, retrieved 6 April 2021.

[5]VladimiroMontesinos

[6]Mario Vargas Llosa,The Feast of the Goat, trans Edith Grossman, London: Faber, 2002.

[7]بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ڕۆمان و دیکتاتۆر و بە تایبەتی ڕۆمانی جێژنی نێری، بڕوانە:

ئەحمەدزادە هاشم، ‘ڕۆمان و دیکتاتۆر’، زمان، ئەدەب و ناسنامە، ستۆکهۆلم: ئەرزان، ٢٠١١، لل. ٤٠-٣٧.

[8]Vargas Llosa, Mario, Sabers and Utopias: Visions of Latin America: Essays, tr. Anna Kushner, New York: Farrar, Straus & Giroux, 2018.

[9]بۆ لێکدانەوەیەکی کورت و چڕوپڕی سەرکەوتوو لەسەر ئەم ڕۆمانە بڕوانە:

O’Loughlin, Michael, ‘The Neighbourhood by Mario Vargas Llosa: who is writing this?’ Irish Times, May 12, 2018, www.irishtimes.com, retrieved on 2/4/2021.

[10]لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا ڤارگاس یوسا وەک بەربژێری بەرەی دێمۆکراتیک ٣٣٪ دەنگەکان دێنێتەوە و ئالبێرتۆ فوجیموری نزیکەی ٢٩٪. بەڵام لە خولی دووهەمدا لە کاتێکدا دەنگەکانی یوسا تەنیا ٥٪ زیاد دەکەن، دەنگەکانی فوجیموری دوو بەرابەر زیاد دەکەن و لە ئاکامدا ئەو بۆ دە ساڵ دەبێتە سەرۆککۆماری پێرو. دەگوترێت لەبەر پێداگریی زۆری ڤارگاس یوسا لەسەر پەرەپێدانی هەرە زۆری کەرتی تایبەت، زۆربەی دەنگدەران لێی پرینگانەوە و دەنگیان دا بە رکابەرەکەی. فوجیموری دواتر بەهۆی جینایەتەکانی سەردەمی دەسەڵاتدارییەکەی، دادگایی دەکرێت و بە ٢٥ ساڵ زیندان سزا دەدرێت.

[11] Vargas, Llosa Mario, The Neighborhood, English translation Edith Grossman, New York: Farrar, Straus and Giroux, 2018, p. 3.

[12]Vargas, Llosa Mario, The Neighborhood, English translation Edith Grossman, New York: Farrar, Straus and Giroux, 2018, p.187.

[13]Garner, Dwight, ‘A Pulpy New Novel and Juiceless Old Essays from Mario Vargas Llosa’, The New York Times, 19 Feb. 2018, retrieved 6 April 2021.

The post دراوسێیەتی: تۆوەکانی گێڕانەویەکی سەرکەوتوو لە ڕۆمانێکدا appeared first on ژنەفتن.

کاریگەری گوتاری ئەدەبی لەسەر ڕای گشتی لە کۆمەڵگەی کوردیدا
نامەیەکی دکتۆرایە (هیوا کەریم حسێن) ساڵی ٢٠٢٠ بە سەرپەرشتی (پ. د. محەمەد دلێر ئەمین) پێشکەشی کۆلێجی زمان- زانکۆی سلێمانی کردووە. نامەکە بەپێی میتۆدی سۆسیۆلۆجیای ئەدەب خوێندنەوەی بۆ کاریگەریی گوتاری ئەدەبی لەسەر کۆمەڵگەی کوردی کردووە. نامەکە لە چوار بەش پێکهاتووە:

بەشی یەکەم: ئەم بەشە تیۆرییە، سەرەتا زاراوە و چەمکی گوتار و گوتاری ئەدەبی باسکردووە. دواتر پەیوەندیی و جیاوازیی دەق و گوتاری کردووە، کە گوتار لە دەق فراوانترە. هاوکات باسی ئیستاتیکای گوتاری ئەدەبی و ئەرکەکەی کردووە. زاراوەی گوتار نوێ نییە، بەڵام بەپێی سەردەمەکان لە نوێبوونەوەدایە. ڕیشەی گوتار لە زمانی لاتینی لە ناودا بۆ(Dircursus) کاریش بۆ (Discursere) دەگەڕێتەوە، کە واتای پاڵنان و ناردنی قسە و دیالۆگی ئازاد دەگرێتەوە. دواتر زاراوەکە لە لایەن دیکارت لە کتێبی (گوتار لە میتۆد)دا بۆ مەبەستی ڕۆشنگەری بە کار هات. هاوکات گوتار لە ڕێگەی شیکردنەوەی زمانییەوە، چەندین ئاراستەی جیاوازی هەیە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی ڕستەکان سازێنەری گوتارن و بەهۆی شیکردنەوە و پەیوەندی ڕستەکان گوتار دەردەکەوێت، ئەمەش زیاتر بۆچوونی هاریسە، سۆسێریش پێیوایە گوتار زمانە لە کاتی بەکارهێناندا؛ زمانی زارەکییە، کە دواتر بەشێک لە ڕەخنەگرانیش هەمان بۆچوون دووپات دەکەنەوە. گوتار لای فۆکۆ ئەزموون و بیرکردنەوەیە، گوتراوەکان بەشێکن لە گوتار کە گشتە، لەبەر ئەوە گوتار ئاستێکی بەرینتر لەخۆدەگرێت. پێکهاتەی گوتاریش سیستمێکی گوتراوی گشتییە، کە لە کۆمەڵێک یاسا پێکهاتووە. هاوکات لای تۆدۆرۆف گوتار و چیرۆک وەک دوانەیەک بەرامبەر بە یەکدی دادەنێت و پێیوایە، گوتار ئەو ڕێیەیە بەهۆیەوە گێڕەرەوە ڕووداوەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە. هەرچی جیرار جینێتە، گوتار بە جۆرێکی گێڕانەوە دادەنێت، چونکە چیرۆک ناتوانێ بەبێ گێڕانەوە هەبێت، ئاستەکانی گوتاریش: ڕێزمانی، سەرفی و دەلالییە.

سەبارەت بە دەق و گوتار زۆر نووسەر وەک یەک دەیبینن، بۆ یاکۆبسن دەق گوتارێکە لە پێناو خودی خۆیدا. لای بارت، دەق گوتارە لەبارەی گوتار، زمانی دووەمە لە ڕێی ڕاڤە و وەسفەوە لەبارەی زمانی یەکەم. گوتار کردەی بەرهەمهێنان و ئەنجامی دەقیشە. فۆرمالیستەکان لەسەر بنەمای ئەدەبیەتی ئەدەب، جەختیان لەسەر گوتاری ئەدەبی دەکردەوە، کە لە گوتارەکانی دیکە جیاوازە و ئەرکێکی ئیستاتیکی هەیە و خوێنەریش ڕۆڵی گرنگی لەو نامە ئەدەبییە هەیە کە دەق دەینێرێت. سەعید یەقتین گوتار بە ڕێزمان و دەقیش بە دەلالەتەوە دەبەستێتەوە، ریڤاتێریش لە ڕێگەی چەمکی وزەی دەلالی دەقی ئەدەبی لە نائەدەبی جیادەکاتەوە. هەندێک ڕەخنەگریش گوتار بە دەوروبەر دەبەستنەوە و پەیامی بێ دەوروبەر دەبێتە دەق نەک گوتار. توێژەر پێیوایە گوتار لە دەق فراوانترە و جیهانبینییە، کە دونیا و واقیعی پێ دەبینین.

گوتاری ئەدەبی ڕۆڵی لە پێشخستنی لایەنی ڕۆشنبیریی و هونەریی و فیکریی نەتەوەکان هەیە. هاوکات بەرامبەرە بە چەمکی ئەدەبییەت و شیعرییەت، کە کۆمەڵێ بنەمای جوانیناسی هەیە و ڕوو لەخۆیە و لە نا-ئەدەبییەت خۆی جیادەکاتەوە. هەوڵەکانی فۆرمالیستەکان بۆ جیاکردنەوەی گوتاری ئەدەبی و نائەدەبی خۆی لە جیاکردنەوەی: زمانی ئەدەبی و نائەدەبی، دەرچوون لە واتای باوی فۆرم و گەیشتن بە چەمکی سیستم و نەسەق، هاوکات لە واتا باوەکانی کێش و ئیقاعی شیعری دەرچوون. فۆرم کە بیر و وێنە و بابەت لەخۆ دەگرێ، لای فۆرمالیستەکان بە گوتارەوە گرێدرا، لەبەر ئەوە چۆنێتی نەک چی دەربڕین بەهای ئیستاتیکی هەیە. ئیستاتیکای گوتاری ئەدەبیش لە”لادان”دا بەرجەستە دەبێت، لادانیش ڕووداوێکی زمانی شیعرییە، لای کۆهینیش ئەرکی گوتاری دەق بەرهەمهێنانی جوانی و چێژە، کە خوێنەر ڕۆڵێکی گرنگ  دەگێڕێت.

“شیعر یەکێکە لە گرنگترین بەڵگەنامەکان لەبارەی ژیانی نەتەوەکان، بەردەوام لە قۆناغێکی شارستانییەوە بۆ قۆناغێکی تری شارستانی دەگوازرێتەوە”

بەشی دووەم، ئەرکی گوتاری شیعر لەسەر کۆمەڵگەی کوردی، ئەمە ناونیشانی بەشەکەیە، سەرەتا باسی ڕۆڵ و گرنگی شیعر دەکات، کە شیعر ڕۆڵی لە پەروەردە و ڕەفتاری مرۆڤ هەیە. شیعر بەرهەمێکی دەرەکی و بێ کاریگەر نەبووە، لەگەڵ واقیع و ژیان و ڕووداوەکاندا ڕۆشتووە و کاریگەری داناوە و کاریگەر بووە. حسێن جومعە دەڵێ “شیعر یەکێکە لە گرنگترین بەڵگەنامەکان لەبارەی ژیانی نەتەوەکان، بەردەوام لە قۆناغێکی شارستانییەوە بۆ قۆناغێکی تری شارستانی دەگوازرێتەوە”. توێژەر باسی گرنگی شیعر لە چوار لایەنەوە لە بواری پەروەردە دەکات، شیعر بەپێی ڕەگەز و تەمەن و چینەکانیش دەگۆڕێت، بۆیە کاریگەری لەسەر بەها و ڕەفتاری تاکەکان هەیە. داهێنانی شیعری زیاتر ناوەکی و دەروونییە، کاریگەریشی لەسەر سۆز و دەروونە، ویژدانی مرۆڤ دەجوڵێنێت و ئاراستەی دەکات، ئەمەش دەکرێ لە ڕێگەی مۆسیقا و وێنە و زمانی شیعرەوە بێت. سێیەم، شیعر دژە سیستمە و جیهانێکی ئازادە، کاریگەری لەسەر ئازادی مرۆڤ-خوێنەریش دادەنێت. چوارەم، شیعر بەهۆی وشەی جوان و مۆسیقای بەرزەوە پەروەردەیەکی گونجاو دەڕەخسێنێت. توێژەر سەبارەت بە ئەرکە پەروەردەییەکانی گوتاری شیعر لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکات:

١ـ بەهاکان، لێرەدا ئاماژە بە کۆماری ئەفلاتون دەکات، کە شیعری لاساییکەرەوە بۆ پەروەردە ناشێت، بەڵکو ئەو شیعرانەی ڕاستی دەردەخەن گونجاون. لای ئەرستۆش شیعر بۆ پەروەردە و فێربوونە، شیعری تراجیدیش دەروون خاوێن دەکاتەوە. لە شیعری کوردیدا پەروەردەکردنی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی بە چڕی ئامادەیی هەیە، توێژەر نموونەی شیعرێکی لەتیف هەڵمەت کە بۆ مناڵانی نووسیوە، دەهێنێتەوە، لە شیعرەکەدا لە ڕێگەی ماڵی ئاژەڵانەوە باسی نیشتمانی[ماڵ] کورد دەکات. هاوکات بەشێک لە ئایینەکان بە شیعر هۆنراونەتەوە. هەر لەم بەشەدا نموونەی شیعری کوردی بۆ خۆشویستنی ژینگە و خوێندن دەهێنێتەوە. ئاماژەش بەوە دەکات کە شیعری کوردی تا ڕاپەڕین زیاتر هاندانی خوێندنی کچ و کوڕ بووە، بەڵام دوای ڕاپەڕین زیاتر فێرکاری بووە.

٢ـ گەشەپێدانی هەستی ڕەخنەیی: شیعر کاریگەری لەسەر گەشەی مەعریفە و خەیاڵ و جوانیناسی خوێنەر هەبووە، چونکە تا سەرهەڵدانی ڕۆژنامە تەنیا شیعرمان هەبووە. کەواتە شیعر سەرچاوەی ڕەخنەگرتن بووە، پەشێو دەڵێ:

قەڵەمەکەم چەکوچە و

هەر پەیڤێکم-بزمار

ستەم لە هەرجێیەک بێ

دەیسمم وەک تەختەدار!

هاوکات نموونەی شیعری لەتیف هەڵمەت دەهێنێتەوە، بۆ ڕەخنەگرتن لە دەستەڵاتداری ئێستاکە بە گورگی برسی دەیانچوێنێت، بەڵام گورگی ئێستا کەڵبە و چڕنوکی نییە، بەڵکو شاڵی حاجی و بۆینباخی ئەفەندیان پۆشیوە:

گورگ ئێستاکە بێ چڕنووک و بێ ددانە

تۆبەی تەواوی کردووە

ئەندامی پەرلەمانە

هەقی لە هیچ شتێک نییە

تەنیا وەستای دروستکردنی گیرفانە.

شاعیران بەپێی قۆناغەکان ڕەخنەیان لە دەستەڵاتە جیاوازەکان گرتووە، ڕەخنە لە داگیرکاری بێگانە، لە کورد خۆی و بیری دواکەوتوانەی و شەڕی ناوخۆ و کەلتووری دواکەوتوو. کەواتە شیعر بووەتە سەرچاوەی هەڵوێست و بیری ڕەخنەگرانە.

٣ـ گەشەپێدانی زمان و شێواز: بەر لە نووسین ئەدەبی زارەکی-فۆلکلۆرمان هەبووە، کە کاریگەری لەسەر شیعری نووسراو هەبووە. زمان و شێوازی شیعریمان بەپێی قۆناغەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئەحمەدی خانی، نالی، دواتریش شیعری نوێی کوردی گۆڕانیان بەسەر زمان و شێوازدا هێنا، هەروەک گۆران و شێرکۆ بێکەس و ئێستاش دەتوانین ئاماژە بە شاعیرانی شێوازگۆڕ بدەین. بۆ نموونە ئەڵماس خانی کەندووڵەیی ١٧٠٢-١٧٧٦ بە پێچەوانەی زۆر شاعیری هاوچەرخییەوە فۆرمی نوێی شیعری وەک ڕۆمانە شیعر و چیرۆکە شیعر دەهێنێتە ناو شیعری کوردییەوە. شێرکۆ بێکەس لە دیوانی “ئافات”دا مێژوو بە شیعر دەنووسێتەوە، ئەنوەر مەسیفی لە ١٩٩٣ بەیاننامەی “فۆرمی گران” بڵاو دەکاتەوە، یاخود گروپ و مانیفێستی وێران لە ساڵی ١٩٩٤، ئەمانە هەموو کاریگەریان لەسەر گۆڕانی فۆرم و زمانی شیعری کوردی هەبووە، زمان و فۆرمیش هەڵواسراو نییە، بەڵکو ناوەڕۆکگۆڕیش بوو.

٤ـ ئەرکی گوتاری ڕاگەیاندنیی شیعر لەسەر کۆمەڵگەی کوردی ١٩٩٢-٢٠٠٣ لەم بەشەدا باسی چەند ئەرکێکی گوتاری ڕاگەیاندنی شیعر لەسەر کۆمەڵگەی کوردی دەکات، لەوانە:

١ـ شیعری پیاهەڵدان و قارەمانێتی.

٢ـ شیعر و پەیامی ئاشتی.

٣ـ شیعری فێرکاری(زانیاری)

٤ـ شیعری نەتەوەیی و نیشتمانی

٥ـ فێمینیزم و خەباتی ژنان، لەم بەشەدا ئاوڕ لە شیعری ژنان خۆیان دەداتەوە، نەک ئەو شاعیرە پیاوانەی بەرگرییان لە مافی ژن دەکرد، واتە قۆناخی بە دەنگهاتنی ژنان خۆیان، کە نموونەکان زیاتر لە دوای هەشتاکانەوەیە.

لەتیف هەڵمەت (١٠٤٧ -) شاعیری کورد

بەشی سێیەم، بە ناونیشانی “گوتاری ژانرەکانی پەخشانی کوردی”. سەرەتا باسی گوتاری پەخشانی هونەری دوای ڕاپەڕین دەکات و پێیوایە پاش ڕاپەڕین گوتاری پەخشان زیاتر لە گوتاری شیعر زاڵ و کاریگەرترە. باسی ئەوەش دەکات، کە تێکستە گەورەکانی ئەمڕۆ نوێنەرایەتی جەمسەرێکی فیکری و ئایدۆلۆجی دەکەن، بەر لە ڕاپەڕین کپکردنی ئایدۆلۆجیا و بیرە ئازادەکان دەبینین. سەرەتا باسی نامەی ئەدەبی لەنێوان نووسەران دەکات، کە گفتوگۆی ئەدەبی و ڕەخنەیی لێوە ئاڵوگۆڕ دەکرێت. توێژەر لە ڕووی سایکۆلۆجی و سۆسیۆلۆجییەوە باسی نامەکانی ساڵانی ١٩٩٢ بۆ ٢٠٠٣ دەکات، کە نووسەران زۆرتر ڕوویان لە تاراوگە کردووە. نمونەی نامەیەکی ڕەئوف بێگەر بۆ هادی مەهدی دەهێنێتەوە، کە باسی دوای ڕاپەڕین دەکات و دۆخی خەڵک نیشان دەدات “ئەم چەند مانگە…چاوەڕێی مەرگ بووین زیاتر لەوەی لەسەردەمی بەعسدا چاوەڕێی بووین، سیاسەتی کوردی ئەو خزمەتەی پێکردووین و ترسێکی دوولایەنەی پێ بەخشیوین.” بێگەرد ئاماژە بە گۆڕانی مانای مەرگ لە پێناو نیشتمان، مەرگ لەپێناو بێ هیچ‌دا- لە سەردەمی دەستەڵاتی کوردی دەکات. دواتر چەندین نامە بە نموونە دەهێنێتەوە کە هەڵسەنگاندن و قسەکردنە لەسەر بەرهەمی نووسەرەکان کە بۆ یەکدیان ناردووە.

دواتر باسی وتاری ئەدەبی دەکات، سەرەتاش پێناسە و مێژووی وتار دەخاتەڕوو. هاوکات باسی وتارە کوردییەکان لە ڕۆژنامە کوردییەکان و بە تایبەت پاشکۆ ئەدەبی هونەرییەکان دەکات، ئەو وتارانەی بڵاو کراونەتەوە تێکەڵییەکیان لەباری وتار و توێژینەوە و ئاریتکڵ هەیە؛ لەڕووی ناوەڕۆک و ژمارەی وشەکانەوە. هاوکات لە ڕووی بابەتییەوە تێکەڵی هەیە، نووسینە سیاسی و ڕۆشنبیری و ئەدەبی و فەلسەفییەکان هەمووی بە وتار دانراون، کەواتە پێناسەیەکی ورد و گشتگیر بۆ وتار لە ئارادا نەبووە، هەربۆیە تێکەڵی لەنێوان وتار و گوتاریشدا کراوە.

جێرار جێنێت (١٩٣٠-٢٠١٨) ڕەخنەگر و تیۆرسێنی ئەدەبیی فەڕەنسی

پاشان باسی گوتاری چیرۆکی کوردی دەکات. لە سەرەتاکانی سەدەی بیست چیرۆکی هونەری کوردی دێتەئاراوە، بەڵام ئاراستەی نوێی چیرۆکی کوردی لە پاش ڕاپەڕینەوە سەرهەڵدەدات کە زۆرتر کاریگەرە بە ریالیزمی جادوویی، گوتاری چیرۆکەکانیش زیاتر بایەخی بە خود دەدا، لایەنی سەیروسەمەرە و فەنتازیا فراوان دەبێت، واتە جۆرێک لە ئاڵۆزی و دەرچوون لە واقیع هەیە. هاوکات دەلالەتەکان چڕ دەبنەوە و جوانیناسی دەقەکان بایەخیان پێدەدرێت. لە لایەکی دیکەوە لە ڕووی بونیاد و تەکنیکەوە گۆڕانکاری زۆر کراوە، بۆ نموونە کات و شوێن، ڕووداو، کەسێتی، فەزا، زمان، پێشخستن و دیالۆگ.. هونەریتر و جوانتر لە چیرۆکەکانی سەرەتا نووسراون.

گوتاری گێڕانەوە لەسەر بنەمای ئەم سێ جۆری پەیوەندییە: گوتار و گێڕانەوە، گوتار و حەکایەت، حەکایەت و گێڕانەوە، دێتە ئاراوە،

دواتر توێژەر باسی وەرگێڕان و گوتاری ڕۆشنبیریی دەکات، کە وەرگێڕان تێکەڵی و گواستنەوە و گفتوگۆی شارستانیەتەکان لە خۆدەگرێت، لە پاش ڕاپەڕینیشەوە وەرگێڕان زۆر فراوان بووە و پانتایی ڕۆشنبیریی کوردی بەسەر دنیای دەرەوەدا کراوەتەوە، وێڕای ئەوەش هەوڵی وەرگێڕانی ئەدەبی کوردی بۆ زمانەکانی دیکە دەبینرێت. لەپاڵ فراوانی وەرگێڕان، کۆمەڵێک گرفت و کێشەی وەرگێڕانیش لەبێ پلانی و خراپ وەرگێڕان و بێ سانسۆری هەن. دواتر باسی گوتاری نووسینی ژیاننامەی خودی[ئۆتۆبیۆگرافیا] دەکات، کە خودنووسینەوەیە و زیاتر پشت بە گێڕانەوە و بیرەوەری خودی و دانپێدانان دەبەستێت. لە ئەدەبی کوردیدا ئەحمەد خواجە، بە دەقی “چیم دی” و رەفیق حیلمی بە ناوی “یاداشت”، “گەشتی ژیانم”ی مەسعود محەمەد و “چێشتی مجێور”ی هەژار موکریانی لەو ئۆتۆبیۆگرافیایانەن کە بەر لە ڕاپەڕین نووسراون، بەڵام دوای دوای ڕاپەڕین تا ٢٠٠٣ چەندین ئۆتۆبیۆگرافیا لە لایەن نووسەران-بە تایبەت نووسەرانی کە لە شاخ بوون، نووسراوە، کە گفتوگۆی زۆری لەسەر کراوە و زووش لە لایەن کەسانی دیکەوە وەڵام دراونەتەوە، کە نیشانەی ناڕاستگۆیی و یاخود بێ بەڵگەیی یاداشتنووسییەکانە. تایبەتمەندی سەرەکی ئەم نووسراوانە زیاتر سیاسین، یاخود تێکەڵی یادەوەری و خودنووسینەوەن. لە کۆتایی ئەم بەشەدا باسی گوتاری ڕۆمانی کوردی دەکات، لە ڕووی ناونیشان و ڕۆمان بە گشتییەوە. ناونیشانی ڕۆمانە کوردییەکان لە کۆندا کەم دەلالەت و تاک مانابوون، بۆ نموونە “پێشمەرگە، ژانی گەل، ڕێگا، بەردەژن، درز، ئاگری بنکا، دیوەخان، زمناکۆ، عەلەبەستێ و گەماڵ..” ئەم ناونیشانانە لایەنی هونەری و سەرنجکێشی خوێنەریان فەرامۆش کردووە. هەرچی نەوەی دوای ڕاپەڕینە ناونیشانی ڕۆمانەکانیان هونەریی و فرەمانایە “دواهەمین هەناری دنیا، تەونی جاڵجاڵۆکە، سۆناتای رۆح، دنیا لە کتێبێکدا..”، وەک چۆن ڕۆمانەکان شیعرییەت و فەنتازیایەکی پێویست بە ڕووداوەکان دەخولقێنن. سەبارەت بە گوتاری گێڕانەوە بە سوودوەرگرتن لە جیرار جینێت، کە پێیوایە گوتاری گێڕانەوە لەسەر بنەمای ئەم سێ جۆری پەیوەندییە: گوتار و گێڕانەوە، گوتار و حەکایەت، حەکایەت و گێڕانەوە، دێتە ئاراوە، بۆ ئەمەش سوود لە سێ چەمکی کات، شێواز و دەنگی گێڕەرەوە وەردەگرێت.

ئەنوەر مەسیفی

بەشی چوارەم، بەناونیشانی “گوتاری ڕەخنەی ئەدەبی کوردی”. توێژەر باسی ئەوە دەکات کە زۆرێک لە ڕەخنەی پێش ڕاپەڕین بڕیاردان بووە لەسەر دەق، کە باشە، خراپە، جوانە، ناشیرینە. بەڵام ڕەخنە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە هەیە، بۆیە ڕەخنە جۆرێکە لە ڕاڤەی ڕاڤە. هاوکات لە پاش ڕاپەڕین وێڕای دەرگا کردنەوە لەسەر ڕەخنە و بڵاوکردنەوەی چەندین بڵاوکراوە، ڕەخنەگرانی تاراوگەنشین ئەزموونی ڕەخنەی ڕۆژئاواییان بۆ ڕەخنەی کوردی دەگواستەوە. هاوکات تێکستی کوردیش لەوە کەوت تەنیا ئایدۆلۆجی و سیاسییانە بنووسرێت، بەڵکو لایەنی هونەری و جوانیش بایەخی پەیداکرد. لێرەوە تیۆرە ڕەخنەییە نوێیەکانی وەک بونیادگەری و وەرگرتن و ڕەخنەی فیکری هێواش ‌هێواش دەرکەوتن. توێژەر پێیوایە ڕەخنەی ئەدەبی زیاتر لە گۆڤارەکاندا دەرکەوتووە تا کتێب، بۆیە گوتاری ڕەخنە ئەدەبی لەنێو گۆڤارەکاندا دەکاتە پانتایی کارکردنی، لە گۆڤاری ئەدەبی کرێکاری دەست پێ دەکات، کە زۆرتر ئاوڕی لە ڕەخنەی کۆمەڵایەتی داوەتەوە، واتە پەیوەندی ئەدەب و کۆمەڵگە. لە ژمارەی یەکەمی گۆڤاری ئەدەبی کرێکاری کە لە سلێمانی دەردەچوو، بانگەواز بۆ ئەدیبە کرێکارەکان دەکات کە هاوکاری بڵاوکراوەکە بکەن، واتە زۆرتر بایەخ بە ئەدەبی چینێکی دیاریکراو دراوە، کە مارکسیزم و لینینزمە. دواتر باسی گوتاری گۆڤاری پرۆژە دەکات، کە دەیانەوێت ڕەوتی ڕەخنەی کوردی بگۆڕن و نوێ بکەنەوە، هەر لە گۆڤارەکەدا هاتووە کە ڕەخنەی پێش ڕاپەڕین زیاتر ئەرکێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەبووە و دووربووە لە ئەدەبەوە، بۆیە ئەمان دەیانەوێت بە تیۆرە نوێیەکان ئاوڕ لە دەق و خوێنەر بدەنەوە، دەقی ئەدەبی خۆی بکەنە سەنتەری کارکردن، نەک لە دەرەوەی دەق لە دەق بڕوانن، بەڵام دەقیش وەک سندوقێکی داخراو نابینن، بەڵکو لە ڕێگەی زمانی دەقەوە و پەیوەندییەکانی بە دەرەوە دەق هەڵدەسەنگێنن. ئەوان پێیان وایە ڕەخنەی بەر لە ڕاپەڕین بۆ هەموو دەقەکان یەکجۆر گوتاری هەبووە، نەک گوتاری ژانرەکان لە یەکدی جیابکاتەوە. کەواتە گۆڤاری پرۆژە زۆرتر جەخت لەسەر بونیادگەری کراوە[یان پێکهاتەیی] دەکاتەوە. هاوکات باسی پەیوەندی فیکر و ڕەخنە  لە گۆڤاری ئازادیدا دەکات. گۆڤار ئازادی لە ساڵی ١٩٩٢ دەست پێ دەکات و هەوڵیداوە بیری فەلسەفی دوور لە چەپگەرایی و ناسیۆنالیستی بۆ خوێندنەوەی ئەدەبیات سەر ڕێ بخات. لە بەشێک لە وتارەکانی ئەم گۆڤارەدا ئاوڕ لەو فەیلەسوفانە دراوەتەوە کە زۆرتر لە شیعرەوە نزیکبوون، لەوانە نیچە و هایدیگەر. دواتر توێژەر باسی پرۆژەی گۆڤاری ڕەهەند و ڕەهەندییەکان دەکات، کە بەشێک لە بەرهەمەکانیان تایبەت بووە بە ڕەخنە و لە ڕێگەی دیدی فەلسەفییەوە ڕەخنە و ڕەخنەی ئەدەبیان پەرەپێداوە. دواتر باسی ڕێباز ئەدەبی و گوتاری ڕەخنە دەکات، کە لە کۆندا ڕێبازە ئەدەبیە کوردییەکان هەڵگری تێڕامانێکی خۆڕسکانە لە ئەدەبی کۆمەڵگەی کوردی نەبوون، بەڵکو جۆرێک لە کاریگەریی و لاساییکردنەوەی ئەدەبی دراوسێ بووە، بەڵام لە پاش ڕاپەڕین کەسێکی وەک فەرهاد پیرباڵ ڕاستەوخۆ بە کاریگەری ئەدەبی ئەوروپی[فەرەنسا بە تایبەتی] ڕێبازی سوریالیزم دەهێنێتە ناو ئەدەبی کوردییەوە. لێرەشەوە گۆڤاری وێران دادەمەزرێنن کە پانتایی ڕەخنە فراوان دەکەن. لە کۆتاییدا باسی گوتاری سیاسی لە ڕەخنەی ئەدەبیدا دەکات، بە تایبەتیش باسی شەڕی ناوخۆ دەکات کە نووسەرانی بۆ دوو دەستە دابەش کردبوو، ئەوانەی بە تەواوی دژی شەڕەکە بوون، دەستەی دووەم ئاگرخۆشکەربوون. لە کۆتاییدا توێژەر بە دوانزە خاڵ ئەنجامی نامەکەی دەخاتەڕوو، کە گوتار لە دەق گەورەترە، شاعیران ئەرکی پەروەردەییان بە شیعر بەخشیوە. هاوکات ئەدەبیاتی قۆناخی ١٩٩٢ بۆ ٢٠٠٣ پاش ئازادی، زۆرتر لە خەمی تاکدا بووە، واتە شیعری پێشوو خەمی ئازادیی نەتەوەیی بووە، بەڵام ئەم قۆناخە زیاتر لە خەمی تاکدایە، هەر بۆیە چیرۆکی کوردیش زیاتر ئیشکردنە لەسەر خود. هاوکات گوتارێکە دژ شەڕ و تێکەڵی هزر و فەلسەفەش دەبێت.لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی زاڵی سیاسەتەوە، ئەدەب کەمتر لە سیاسەت ڕۆڵی لەسەر کۆمەڵگە هەبووە.

The post کاریگەری گوتاری ئەدەبی لەسەر ڕای گشتی لە کۆمەڵگەی کوردیدا appeared first on ژنەفتن.

ڕۆمان و جەنگی نێوان مێژوو و یادەوەری
١

سەرهەڵدانی ڕۆمان:

بۆ ڕۆمان لە زمانی کوردیدا بە درەنگەوە سەرهەڵدەدات؟ لە سەدەی هەژدەدا ڕۆمان لە ئەوروپا سەرهەڵدەدات، بەڵام لە هەمان سەدەدا ئێمە ڕۆمانی چینییمان نییە؟ هۆکارەکەی چییە؟ زۆربەی ڕۆمانەکانی سەدەی هەژدە حیکایەتی سەرکێشیی، پاڵەوانپەرستیی و هتدن، بەڵام لە هەمان سەدەدا ئێستاتیکا لە ئەوروپا سەرهەڵنادات. ڕۆمانی کوردیی بە فۆرم و ناوەڕۆکە سادەکەیەوە، لە سەردەمی ئینتیدابی بریتانییدا سەرهەڵدەدات، ئەمەش ئەو تێزەی واڵتەر بنیامین لە وتاری «حیکایەتخوان: چەند ڕامانێک دەربارەی نیکۆلای لیسکۆڤ»دا پشتڕاست دەکاتەوە کە سەرهەڵدانی ڕۆمان دەبەستێتەوە بە سەرهەڵدانی ئامرازەکانی چاپەوە. ئینگلیزەکان کە چاپخانەیان هێنایە سلێمانی، دەرفەتی سەرهەڵدانی ڕۆمانیان ڕەخساند، لەنێو ڕۆمانە کلاسیکەکاندا دەتوانین ناوی «لە خەوما»ی جەمیل سائیب و «مەسەلەی ویژدان»ی ئەحمەد موختار جاف بهێنین.

ڕۆمان بەرهەمی سەردەمی سەرهەڵدان و دەركەوتنی بۆرژوازییە لە مەیدانی هونەر و كولتووردا، واتا بەرهەمی سەردەمی مۆدێرنیتەیە. هەڵبەت بەو مانایە نایەت تەنها بۆرژوازیی دەتوانێت ڕۆمان بنووسێت، بەڵكو بەو مانایە بۆرژوازیی ڕۆمان دەكڕێت و پڕوپاگەندەى زیاتری بۆ دەكات. بەڵام كاتێك سایكۆلۆژیا سەرهەڵدەدات، لە پاڵیشیدا، سایكۆئەنالیسس (دەروونشیكاریی)، ئیتر بۆرژوازی هەموو جوڵە و ئەندامە موقەدەسەكانی خۆى لە دەستدەدات، چونكە دەروونشیكاریی ئیتر دەچێتە ناو ناخودئاگا (لاشعوور)ی موقەدەسی خێزانی موقەدەسی بۆرژوازییەوە. لەم ڕووەوە ڕۆمان بە گشتی بەرهەمی سەردەمی زانیارییە (information)، بەرهەمی سەردەمی گەشەى جۆرنالیزمە. كۆتایی سەردەمی حیكایەتخوانیی و گواستنەوەى حیكمەتەكانە. كۆتایی سەردەمی حەماسەیە. كۆتایی سەردەمی كاری پێكەوەیی و دەستەجەمعییە، سەرەتاكانی سەرهەڵدانی فەردانییەتی گۆشەگیرە (كە بۆرژوازیی لە ڕێگای باڵادەستیی بەسەر هێزی كار و نامۆكردنی هێزی كار و ئینسان و سروشت بەرهەمی هێناوە و بانگەشەى بۆ دەكات). ڕۆماننووسان هەمیشە بۆ ئەوەى ببن بە ڕۆماننووس، دەبێت خەرمانەیەكی موقەدەسی زێڕین بە دەوری خۆیاندا بكێشن: فەردانییەتی گۆشەگیر. واتا فەردانییەتی گۆشەگیر بەهەشتی لەدایكبوونی ڕۆمانە، كە چیتر ناتوانێت خۆى لە ڕێگای پێدانی نموونە بەرجەستەكانەوە دەرببڕێت. بۆیە بۆ نووسینی ڕۆمانێك پێویستت بە ئاڵۆزكردن، فراوانكردنی وەسفی ژینگە و سروشت و گەشەدان بە ناكۆكییەكان لە فۆرمە ڕووت و ئەبستراكتەكاندا هەیە. تا ئێرە لەگەڵ زیاتر گەشەسەندنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لە کوردستان و زیاتر بوونی بە بەشێک لە بازاڕی جیهانی، زۆرینەی ڕۆماننووسان لەگەڵ زیاتر گەشەدان بە تەکنیکەکانی ڕۆمان، بەڵام لەم بازنەیەدا دەخولێنەوە. ڕۆمان وەک نواندنەوەیەکی تاکایەتیی موتڵەق و دوور لە هەموو پەیوەندیی و کاریگەرییە کۆمەڵایەتی، مێژوویی، سیاسیی و کولتوورییەکان. هەڵبەت دیسان ئەمەش بەو مانایە نایەت لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە ڕۆماننووسی دیکە بوونیان نەبێت کە هەوڵی تێکشکاندنی ئەم بازنە داسەپاوە دەدەن.

ڕۆماننووس زیاتر سەر بە سیستەمی پیشەسازییە نەك هونەری دەستی، فەردانییە، نەك كۆیی، توانای گواستنەوەى ئەزموونی خۆی نییە بۆ خوێنەرەكانی.

لۆكاچ لە كتێبی “تیۆری ڕۆمان“دا شیعری داستانی وەك دەركەوتن و دەربڕینی فۆرماڵی گشتێتی (totality) و ڕۆمان وەك فۆرمێكی هونەریی سەردەمی مۆدێرن دەبینێت، سەردەمێك كە بریتییە لە “بێماڵییەكی باڵانشین”. ئەگەرچی لۆكاچ لەم قۆناغەدا ڕۆمانتیكێكی دژەسەرمایەدارییە تا سۆسیالیستێك، و لەم گۆشەنیگایەشەوە حەسرەتی سەردەمی لەدەستچووی كۆمەڵگای یۆنانی دەخوات؛ ئەم لەدەستچوونە، ڕۆمان شوێنەكەى پڕ كردۆتەوە، بەڵام لۆكاچی سۆسیالیست ڕۆمانی ڕیالیستیی وەك سەنتێزێك دەبینێت، كە دەیەوێت لەنێوان فۆرمێكی نوێی هونەری (ڕۆمان) و حەماسە، یاخود چامەى داستانی دابمەزرێت. ئەگەرچی بنیامین پشت بە “تیۆری ڕۆمان” لە وتاری “حیكایەتخوان”دا دەبەستێت، بەڵام بەدوای بەهەشتی لەدەستچوودا ناگەڕێت، وەك پێشتر بینیمان و دواتریش زیاتر هەڵوەستەى لەسەر دەكرێت. وەك خۆى لە نامەیەكیدا بۆ گێرشەم شۆلەم ئاماژەى پێ دەكات، دەیەوێت “تیۆرەیەكی نوێ بۆ ڕۆمان” نەك تیۆری ڕۆمان، بەدەستەوە بدات، بەڵام نزیك و بەسوود وەرگرتن لە لۆكاچ. بنیامین لە تیۆرەكەیدا، كە بەگوێرەى مۆدێلی لۆكاچ داڕێژراوە، بە شێوەیەكی مێژوویی و سیستەماتیك پێگەى فۆرمی حیكایەت دەخاتە نێوان داستان و ڕۆمانەوە، هەردوو جەمسەرەكە پێشتر لە لایەن لۆكاچەوە دامەزرێنرابوون. لای بنیامین، حیكایەتخوانیی، “بە گشتی فۆرمێكی شێوە پیشەگەریی پەیوەندیگرتن” پیشان دەدات. ئەمەش پێش هەموو شتێك واتا حیكایەت دەبەسترێتەوە بە كۆمەڵگای پێش-پیشەسازییەوە، بە ژیانی جووتیاران، پیشەگەران و بازرگانانەوە – كە دواتر باسی دەكەم. ئەمە واتا، وەك بێرن ڤیتە باسی دەكات، چیرۆكەكان خۆیان خاوەنی یەكسانیی هونەری دەستین[1]: ئەوان لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دیكە دەستاودەست دەكەن، وەك چۆن هونەرێكی دەستی لە نەوەیەكەوە فێری نەوەیەكی دیكە دەكرێت و دەگوازرێتەوە. ڕۆماننووس زیاتر سەر بە سیستەمی پیشەسازییە نەك هونەری دەستی، فەردانییە، نەك كۆیی، توانای گواستنەوەى ئەزموونی خۆی نییە بۆ خوێنەرەكانی. ڕۆماننووس، وەك پێشتر باس كرا، بەگوێرەى ڕێسا چەسپیوەكان كار دەكات و ناجوڵێت. لە سەردەمی نوێدا، چەند ڕۆماننووسێك ویستیان گۆڕان بەسەر سیستەمی ڕۆماندا بهێنن، لەوانە گۆتە، بەڵام هەموویان دەبوو دەستكاری فۆرمی ڕۆمان بكەن. تەنها كافكا ئاوارتەیە و لەم ڕێسایە دەردەچێت. بەگوێرەى بنیامین، كافكا تەنها حیكایەتخوانی سەردەمی مۆدێرنە. نیشانەى سەردەمی نوێش، بە زاراوەكانی بنیامین بریتییە لە “سەرهەڵدانی ڕۆمان لەگەڵ دەستپێكی سەردەمی مۆدێرندا”. بەپیشەسازییبوون بە تەنها وردە وردە لە ڕێگای گۆڕینی پیشەكاران و جووتیارانەوە بۆ نێو گروپە كۆمەڵایەتییە پەراوێزخراوەكانەوە پێشمەرجە كۆمەڵایەتییەكانی بۆ حیكایەتخوانی لەناو نەبرد، بەڵكو هەروەها لە هەمان كاتدا پێشمەرجە تەكنیكییەكانی بۆ ژانرێكی داستانیی نوێ هێنایە ئاراوە، كە ڕۆمان بوو. “ئەوە تەنها داهێنانی چاپەمەنی بوو ڕێگای بۆ سەرهەڵدانی ڕۆمان خۆشكرد”. سەرهەڵدانی چینی نوێ و هاوكات بەشۆڕشگێڕیی بوونی تەكنیكەكانی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی سەر بەو چینە، لای بنیامین، كۆمەڵە مەرجێكن كە ڕێگا بۆ فۆرمێكی نوێی حەماسەى داستانی خۆش دەكەن. ئەگەر سەرمایەداریی خەڵكان لە كۆت و بەندی زەوی ڕزگار بكات و بیانكاتە كاری كرێگرتە و وایان لێ بكات بەگوێرەى ڕێساكانی ئامێر لە كارگەیەكدا كار بكەن، ئەوا ڕۆمانیش وەك بەرهەمێكی سەردەمی سەرمایەداری، خوێنەر بەگوێرەى ڕێساكانی پاڵەوان دەستنیشان دەكات و وەك چۆن كرێكارێك لە دووبارە بەرهەمهێنانەوە لە ڕێگای ئامێردا توانای دەستكاریكردنی ڕێساكان و دیاریكردنی چارەنووسی ئامێرەكەى نییە، ئەوا خوێنەری ڕۆمانیش ناتوانێت هەم پێشبینیی چارەنووسی پاڵەوانەكەى بكات هەمیش دەبێت سەرجەمی ڕێسا لەپێشەوە دیاریكراوەكان قبوڵ بكات.

ڕۆمانی «نیشتمانی سارا»ی میران ئەبراهام

بەگوێرەی ئەو تێزانەی لەسەرەوە باسکران، ڕۆمانی کوردی لە جەنگەڵەکانی نەریتی کلاسیکیی ڕۆماندا دەخولێتەوە. زۆربەی ڕۆمانی نوێی کوردییش لەو بازنەیەدا دەخولێتەوە کە پاڵەوانەکەی بڕیار لە چارەنووسی خوێنەر دەدات، چونکە زۆربەی ڕۆماننووسان باوەڕیان بە چارەنووسێکی لەپێشدا دیاریکراو هەیە کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شەیدابوونە بە ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی بۆرژوازی. ئەگەر ئاوڕێک لە تێما و ناوەڕۆکەکانی ڕۆمانی کوردی بدەینەوە دەکەوینە بەردەم کێشەی فۆرم و ناوەڕۆک، زۆربەی ڕۆمانی کوردی، عاشقی فۆرمە و نەریتی پۆستمۆدێرنیستی بێ ناوەڕۆکی کردووە بە بەهەشتی گێڕانەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندیی لە پاڵەوانەکانی باردەکات، کە نە خوێنەر بۆی هەڵدەگیرێت نە پاڵەوانیش توانای ئەنجامدانی هەیە. هەروەها زۆربەی پاڵەوانەکانی ڕۆمانی کوردی، لەنێو پێگە بەرزەکانی کۆمەڵگاوە هاتوون کە زۆربەیان لە واقیعی کۆمەڵایەتییدا بوونیان نییە، وەک پرۆفیسۆر، فەیلەسوف، دەروونشیکار، ئەریستۆکرات و بە کورتی، زۆربەی پاڵەوانەکانی ڕۆمانی کوردی، لە پێگەیەکی سەروو مرۆییەوە دەوەستن: دەیانەوێت بەرزەمرۆڤی نیچە وەربگێڕنە سەر فیگوری پاڵەوان لەناو ڕۆمانی کوردیدا تا لە دوا دەرەنجامی لۆژیکییدا وێنەی خۆیان وەک ڕۆماننووس بەسەر خوێنەردا بسەپێنن. ڕۆماننووس دیکتاتۆرە و وەک کۆیلە سەیری خوێنەر دەکات. بەڵام ڕەوتی نووسینی ڕۆمانی کوردی لەم چەند ساڵەی دواییدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە: فیگورەکانی پەنابەر (لەدەرەوەی ڕۆمانتیزەکردن یان زەلیل نیشاندان)، هۆمۆسێکسوال، هەژار، دەربەدەر، فیگوری گەمژە، لەسەنتەرخستنی پاڵەوان و دواجار هەڵدانەوە و زەقکردنەوەی فیگوری جوو، نموونەی تازەی ناو ڕۆمانی کوردین.لەم ڕووەوە ئەم مۆدێلەی ڕۆمان دەکرێت وەک دابڕان لە مۆدێلی باوی پێشوو دابنرێت. ئایا ئەبراهام و چەندانێکی دیکە دەکرێت وەک دابڕان سەیربکرێن. لەم ڕووەوە ئەم مۆدێلەی ڕۆمان دەکرێت وەک دابڕان لە مۆدێلی باوی پێشوو دابنرێت. ئایا ئەبراهام و سەلمان و چەندانێکی دیکە دەکرێت وەک دابڕان سەیر بکرێن؟ جارێک تۆلستۆی گوتبووی «پێم سەیرە ڕووسەکان دۆستۆیڤسکی دەخوێننەوە، لە کاتێکدا ئێمە نیکۆلای لیسکۆڤمان هەیە». ئەگەر ئەم وتەیەی تۆلستۆی ئاوا لێ بکەین: «بۆ کوردەکان تەنها ئەو نەوەیەی ڕۆمانی کوردی دەخوێننەوە کە لەسەرەوە باسمان کرد، لە کاتێکدا ئێمە ئەو قۆناغە وا تێدەپەڕێنین؟» ڕەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە لە خودی دەستپێکی ئەم نووسینەدا بدۆزنەوە، چونکە تا ئێستا خاڵ و هۆکاری سەرهەڵدانی ڕۆمانی کوردی بە باشی دیاری نەکراوە. ئەم نووسینە لەو پەیوەندییەدا هەڵوەستە لەسەر ڕۆمانی «نیشتمانی سارا»ی میران ئەبراهام دەکات.

واڵتەر بنیامین

٢

پرسی جوو:

بە گشتی فۆرمێکی ڕۆمان دابەش دەبێتە سەر نەریتی گێڕانەوە و نەریتی ئاڵۆزی: واتا مێژوو و تیۆر. لە نەریتی گێڕانەوەدا مێژوو باڵادەستە و لە نەریتی ئاڵۆزیشدا تیۆر. بەشێکی زۆری ڕۆمانی کوردی کە هەوڵی بە فەلسەفیکردنی پاڵەوانەکەی دەدات، دەیەوێت بچێتە ناو بڕگەی ئاڵۆزییەوە، بەڵام نەریتی گێڕانەوە هەمیشە بەسەر نەریتی ئاڵۆزییدا باڵادەستە، بەوەدا چونکە زۆربەی کات ڕۆماننووس هێڵی گێڕانەوەی پاڵەوان باڵادەست دەکات و لەو ڕووەشەوە کە دەیەوێت پاڵەوان لە واقیعی کۆمەڵایەتی داببڕێت، دەیەوێت پێگەی بۆ تیۆرەیەکی ڕووت بەرز بکاتەوە. ڕۆمانی «نیشتمانی سارا» لەنێوان مێژوو و یادەوەریدا دێت و دەچێت، مێژوو وەک نەریتی گێڕانەوە و یادەوەری، وەک نەریتی بونیادنانی تیۆر. مادام تێمای ڕۆمانەکە پرسی جووە، ڕۆماننووس ناتوانێت خۆی لە قەرەی هەردووکیان نەدات، بەڵام دەبێت وریا بێت لەوەی پێی نەخزێتە ناو مێژووەوە، واتا مێژوونووسییەوە، چونکە هەمیشە مێژوونووس خیانەت لە چەمکی یادەوەری دەکات. لێرەدا بۆ ئەوەی نموونەکەم ڕاستەوخۆ لە پەیوەندیدا بە ڕۆمانەکەی ئەبراهامەوە ڕوون بکەمەوە، کە پەیوەندی بە هەمان تێماوە هەیە، دەگەڕێمەوە سەر نەریتی نووسینەوەی مێژوو و گێڕانەوەی یادەوەریی پرسی جوو.

لەنێوان جەنگی یەکەمی جیهانی و کۆتایی دەیەی ١٩٨٠دا ئێمە ئەو سەدەیەمان تێپەڕاند کە ئەریک هۆبزباوم پێی دەگوت «سەدەی بیستی ماوەکورت» (١٩١٤-١٩٩١)، ئەم سەدە ماوەکورتە کە دوو جەنگی جیهانی، چەندین جینۆساید: ئەرمەن، جوو، کورد، ڕواندا، سرب و بۆسنیا، و هەروەها جۆرەکانی دیکەی توندوتیژیی سیاسی کە لانیکەم بە تێچوونی ١٨٧ ملیۆن قوربانی، کۆتایی پێهات. سەدەی بیستی ماوەکورت دووبارە ئەو تێزەی دیکەی بنیامین لە «تێزەکان دەربارەی چەمکی مێژوو» (١٩٤٠)دا پشتڕاست دەکاتەوە کە دەیگوت: «هیچ بەڵگەیەک لەسەر شارستانێتی بوونی نییە لە هەمان کاتدا بەڵگە نەبێت لەسەر بەربەریزم و وەحشیگەری». هەموو ئەو تاوانە ناوبراوانە لەناو دڵی پێشکەوتووترین سەردەمی مێژوویی تەکنەلۆژیا و کولتووری مرۆییدا سەریانهەڵدا. لە کەمپەکانی «داخاو، ماریادنێک، ماوتهاوزن، ئاوشڤیتزی یەک و هتد» کاتێک نازییەکان جووەکانیان بە کاری قورس تا سەرەمەرگ ناچارکردبوو، ئەفسەرە پلەباڵاکان لە کاتی سووتاندنی جووەکاندا و خنکاندنیان بە تازەترین پێشکەوتنی زانستی کیمیایی، گوێیان لە مۆتزارت و ڕیچارد ڤاگنەر دەگرت.

ئەبراهام هەوڵدەدات سەرەڕای بە «تاقانەیی کێشەی جوو» نیشان بدات، بەڵام هێشتا بەهۆی زۆرترین خەختکردنەوەی لەسەر نیشتمانی سارا دەیەوێت هاوکات ئەم کێشەیە تەریب بکاتەوە لەگەڵ کێشەی کورددا. هەم ڕاستی و هەمیش کێشە لەم نەریتی گێڕانەوەیەدا هەیە.

هێڵی گێڕانەوەی ڕۆمانەکەی میران ئەبراهام لەسەر هەمان تەریب و پاراڵێڵ دەڕوات، قەیران و کارەساتی جووەکانی کوردستان و عێڕاق بە دابڕاو نازانێت لە هەمان ئەو قەیرانەی لەناو دڵی پێشکەوتووترین سیستەمی کولتووری و شارستانێتیی ئابووریی و تەکنەلۆژییەوە سەری هەڵدابوو. ئەگەرچی ئەبراهام هەوڵدەدات سەرەڕای بە «تاقانەیی کێشەی جوو» نیشان بدات، بەڵام هێشتا بەهۆی زۆرترین خەختکردنەوەی لەسەر نیشتمانی سارا دەیەوێت هاوکات ئەم کێشەیە تەریب بکاتەوە لەگەڵ کێشەی کورددا. هەم ڕاستی و هەمیش کێشە لەم نەریتی گێڕانەوەیەدا هەیە. کێشەی جوو تاقانەترە لە کێشەی کورد، بەڵام هاوکات کێشەی کوردیش خۆی لە ناوچەکە بڕێکی زۆر تاقانەیی بەردەکەوێت. هەردوولا هەم کورد و هەم جوو کەوتوونەتە بەردەم قڕکردنەوە، بەڵام قڕکردنی جوو لە سەردەمی نازییەکاندا و بەیۆلۆژییکردنی ڕاسیزم، کارێک بوو هیچ کات ئەوانەی هەوڵی قڕکردنی کوردیان داوە، بیریان لێ نەکردۆتەوە. نازیزم دەیویست سەرجەمی جوو لەناو بەرێت. هەڵبەت سەرەتا بە سێ قۆناغدا تێپەڕدەبێت: قۆناغی یەکەم بە داگیرکردنی پۆڵەندا دەست پێ دەکات و بە کردنەوەی گیتۆی وارشۆ (ڤارشاو) دەست پێ دەکات کە هیتلەر و نازیزم دەیانەوێت سەرجەمی جووەکانی ئەوروپا لەو گیتۆیەدا نیشتەجێ بکەن، ئەم قۆناغە ڕووبەڕووی کێشەی زۆر دەبێتەوە، لەوانە کێشەی سەرهەڵدانی تاعون و پەتاکانی دیکە لەناو گیتۆکەدا، بێ شوێنی، ناچاربوون بە دابینکردنی خۆراک، ترسی کۆمەڵگای پۆڵەندیی و دواجار یاخیبوونی ناو جووەکان، زەروورەتی قۆناغی دووەم لە ١٩٤١ بە پڕۆژەی باربارۆسا یان هێرش بۆ سەر یەکێتیی سۆڤێت لە لایەن نازییەکانەوە دێتە ئاراوە، چونکە پێیانوابوو بە داگیرکردنی خاکی بەرفراوانی ڕووسیا دەتوانن هەموو جوو و سلاڤەکانی ئەوروپای خۆرهەڵات لەوێ نیشتەجێ بکەن و دەست بکەن بە بەئەڵمانیکردنی ناوچە داگیرکراوەکان، دوای شکستی هێرش بۆ سەر ڕووسیا، زەروورەتی قۆناغی سێیەم دێتە ئاراوە کە لە مێژوودا بە «دوایین چارەسەر» (Endlösung) یاخود «چارەسەری دوایی پرسی جوو» (Endlösung der Judenfrage) ناسراوە. واتا قڕکردنی یەکجارەکیی سەرجەمی جووەکان بە منداڵ، ژنان و پیاوانەوە. ئامادەکردنی ژوورەکانی خنکاندن و پاشان سووتاندنیان لە کورەکاندا.

سێ جار جوو ڕزگاری بوو: یەک لەگەڵ شۆڕشی فەڕەنسیی ١٧٨٩دا، کە مافی هاووڵاتییبوون بە جوو دەبەخشێت، بەڵام چیتر نابێت خۆی وەک جوو ببینێت بەڵکو وەک هاووڵاتی، لە جەنگی ناپۆلیۆنیدا و بردنی ئەم ڕێسایانە و سەپاندنی بەسەر ئەڵمانیای پروسیادا، جوو بە مەرجی توانەوەی لەناو مەسیحییەتدا دەتوانێت وەک هاووڵاتی بژیت، جاری دووەم بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ڕووسیا، کە نەک هەر جووەکان ڕزگار دەبن بەڵکو ڕابەرانی شۆڕشەکە خۆیان جوو بوون، لە لینینەوە بۆ ترۆتسکی (ترۆتسکی نموونەی بەرجەستەبوونی ئەنتەرناسیۆنالیزمی ڕۆشنگەرییە) و جاری سێیەم کۆماری ڤایمار لە ١٩٢٩-١٩٣٣، لەوێدا دەرفەتی بەشداریکردنی جوو لە ئەڵمانیا لە مەیدانی کولتوور و سیاسەتدا دەڕەخسێنرێت. بەڵام ناسیۆنالیزمی ئەڵمانی و ڕادیکاڵیزەبوونی بۆ نێوم نازیزم نەک تەنها دەرفەت بەوە نادات جوو بە خواستی خۆی واز لە شوناسەکەی بهێنێت و هاووڵاتیبوونی ئەڵمانی بە مەسیحییەتەوە قبوڵ بکات، بەڵکو لە دەوڵەت و شووناس دادەماڵرێت، سەرەتا ڕووت دەکرێتەوە بۆ کاری زۆرەملێ، پاشان بڕیاری قڕکردنی سەرتاسەری. هیتلەر دەیویست یەک جوو بە ژن و منداڵ و پیاوەوە نەمێنێت. وەک مێژوونووسی ئەڵمانی، ێبەرهارد یێکل لەسەروبەندی «مشتومڕی مێژوونووسان» لە دەیەی ١٩٨٠ لە ئەڵمانیا دژی ئێرنست نۆڵتە، دیارترین مێژوونووسی کۆنزەرڤاتیڤی ئەڵمانی کە دەیویست کوشتاری جووەکان وەک شتێکی لاوەکی ببینێت[2]، ئاماژەی پێ کردووە:

«کوشتنی جووەکان ل ەلایەن نازییەکانەوە، شتێکی تاقانە (einzigartig) بووە، چونکە هیچ کاتێک پێشتر دەوڵەتێک لەژێر دەسەڵاتی باڵاترین ڕابەریدا بڕیاری نەداوە و ڕاینەگەیاندووە کە دەبێت گروپێکی تایبەتی مرۆیی قڕ بکرێت، تا ئەو شوێنەی ڕێی تێدەچێت بە تەواویی قڕ بکرێت، بە خەڵکانی بەساڵاچوو، ژنان، منداڵان و مەلۆتکە و تازە لەدایکبووانەوە؛ بڕیارێک کە ئەم دەوڵەتە بە هەموو ئامرازەکانی بەردەستی، دەست دەکات بە جێبەجێکردنی»[3].

ئەمە ئەو شتەیە پرسی جوو دەکاتە پرسێکی تاقانە و جیای دەکاتەوە لە هەموو کێشەکانی دیکە. ئەوە ڕاستە کە کوردەکانیش هەمیشە کەوتوونەتە بەردەم قڕکردنەوە، دیارترین نموونەش کە نزیکی دەکاتەوە لە پرسی جوو، «ئەنفال»ە کە بە هەمان شێوە ژن و منداڵ و پیر و پیاو و تەنانەت تازە لەدایکبووش بەر شاڵاوەکان دەکەون، بەڵام هیچ کاتێک هیچ ڕژێمێک بڕیاری نەداوە کۆی کورد بە تەواوی قڕ بکات. ئەبراهام لەوەدا دروست ئەم پەیوەندییە دادەمەزرێنێت کە نیشانی دەدات ڕاستە جوو و کورد هەردووکیان قوربانین، دەبێت یەک بگرن، کاتێک «خایم» و هاوڕێکانی هەوڵی زیندووکردنەوەی «پارتی خەڵتووز» دەدەن و نەک بە شێوە نەریتییەکە وەک پارتێک تەنها بۆ جووەکان بەڵکو هەروەها بۆ سەرجەمی چەوساوە و سەرکوتکراوان، بە کورد و جوو و مەسیحییەکانەوە و لە خەونی سالاریشدا بۆ بوون بە کۆمۆنیست و پەیوەندیکردن بە کۆمەڵەوە. بەڵام بەوەدا کە میران ئەبراهام جوو هەرگیز وەک شتێکی سەربەخۆ ناو نابات و بەڵکو هەمیشە خەیاڵی لای جووی کوردە، لە لایەکەوە کەمێک لە تاقانەییبوونی کێشەی جوو دادەماڵێت و لە لاکەی دیکەوە، لە ناسیۆنالیزمی دەوڵەتی ئیسرائیل دووردەکەوێتەوە بەوەدا کە تەنانەت ناڕاستەوخۆ زایۆنیستەکانیش بە بەشدار لەسەر کێشەی جوو دەبینێت، ئەم خاڵە پێشکەوتووخوازە کە سەرجەمی فەیلەسوف و بیرمەند و هونەرمەند و ڕۆماننووس و نووسەرانی جوو لە سەرەتای سەدەی بیستدا بەشدار بوون و هەرگیز باوەڕیان بە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل نەبوو، بۆ ئەم مەبەستەش زۆربەیان بوونە قوربانی. مەرگی بنیامین لە ٢٧ی سێپتێمبەری ١٩٤٠ لە پەڕینەوەیدا بۆ ئیسپانیا لە فەڕەنساوە، لە کاتێکدا چەندین جار زانکۆی ئۆرشەلیم بانگهێشتی کردبوو وەک پرۆفیسۆر، نیشانەی ئەو خاڵە گەردوونییە هاوبەشەی نێو جوو شۆڕشگێڕ و پێشکەوتوخوازەکانە کە میران ئەبراهامیش خۆی لەگەڵ ئەو نەریتە دەوڵەمەندەدا گرێدەداتەوە.

میران ئەبراهام (١٩٧٠- ) ڕۆماننووس

٣

جەنگی نێوان مێژوو و یادەوەری:

ئەوەی وایکردووە پرسی جوو ببێتە پرسێکی هەم تاقانە و هەم کاریگەر و هەروەها ببێتە تێمای ملیۆنان نووسین و ڕۆمان و فیلم و بەرهەمی مێژوویی، بریتییە لە گەشەی «کولتووری یادەوەریی جوو» (Jüdische Erinnerungskultur): هەرکە یادەوەریی جوو چووە نێو مەیدان و دیمەنی گشتییەوە، بە تایبەت لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستی ماوەکورتدا. زۆر هۆکار بوونە هۆی سەرهەڵدانی ئەم بابەتە، لەوانە، مێژووی زارەکی، ئەرشیڤە دەنگییەکان و هتد. لەسەر ئەو بنەمایەش نەریتەکانی دیکەی گێڕانەوە و پیشاندان سەریان هەڵدا: فیلم و ڕۆمان. لە ڕاستیدا ئەوە یادەوەرییە وادەکات مێژوو ببێتە شتێکی تاقانە نەک بە پێچەوانەوە. لەو شوێنەدا کە مێژوونووسان تەنها یەک هەنگاو لە پرۆسە یان وردەکاریی ناو ئاڵۆزییەک دەبینن، ئەوا شایەتحاڵی لەڕێگای یادەوەرییەوە وێنەکە دەگۆڕێت، دەتوانێت ڕووداوێکی ئێجگار گرنگ ببینێت کە بە شێوەیەکی بێ پێشینە و بێ وێنە سەرتاپای ژیانی گۆڕیوە. ئەگەر سەیری وێنە فۆتۆگرافییەکانی قڕکردنی جوو لە کەمپەکان بکەین ئەوا مێژوونووس لەو وێنانەدا دەتوانێت خەریکی کردنەوەی کۆد، شیکاریی و ڕوونکردنەوەیان بێت کە لە کەمپی ئاوشڤیتزەوە ماونەتەوە؛ مێژوونووسان دەزانن ئەو خەڵکانەی کۆکراونەتەوە و سواری قیتارەکان کراون جووەکانن و یونیفۆرمەکانیش سەربازە نازییەکانن وا سەیریان دەکەن. بەڵام لای یادەوەریی وێنەکان شتێکی زۆر زیاتر لەمە دەڵێن: وێنەکان بۆ یادەوەری ئامرازی هەستکردنیان هەیە، سۆز و هەستیان هەیە، دەنگیان دێت، بۆنیان دێت، ترسیان لێدەبارێت. بە کورتی وێنەیەک لای یادەوەری بانگەواز بۆ سەیرکردن و ڕوانینێکی سەرتاپا تاقانەی ڕووداوەکان دەکات کە مێژوونووسان هەرگیز ناتوانن بەو ئاسانییە بیبینن. وێنەی جووەیەکی ناو ئاوشڤیتز لە چاوی مێژوونووسەوە قوربانییەکی بێناوە؛ بەڵام بۆ ئەوانەی ماونەتەوە، ئازاریان چەشتووە، ئەزموونیان کردووە، ئەندامانی بەجێماوی ناو وێنەکە، هاوڕێیانی قوربانییەکە و هتد، جیهانێکی بە موتڵەقیی تاقانە و جیاواز بەبیر دەهێنێتەوە کە مێژوونووس نایبینێت. بەڵام هەروەها بۆ چاودێر و شایەتحاڵێکی دەرەکیی (بۆ نموونە میران ئەبراهام) کە لەڕێگای وێنەکانەوە ئەزموونی قوربانیان دەکات، وەک زیگفرید کراکاوەر باسی دەکات، ئەم وێنەیە تەنها واقیعییەتێکی «ناڕزگارکراو» (unerlöst) پیشان دەدات کە دەبێت ڕزگار بکرێت و حەقی قوربانیان و بێناوان بدرێت[4]. ڕۆماننووس وەک چاودێرێکی دەرەکی و ئەزموونکردوو لە ڕێگای میدیۆمی مێژووەوە، ئەو ئەرکە تەواو دەکات کە مێژوونووس ناتوانێت ئەنجامی بدات.

ئەرکی مێژوونووسان بەشداریکردنە لەگەڵ ئەزموونی ژیانکردووی قوربانیان و بردنی بۆ نێو سیاقی گشتیی مێژووییەوە. ئەمە واتا فێربوون لە یادەوەرییەوە، بەڵام هەروەها نەک بە تەواوی خۆتەسلیمکردن پێی، بەڵکو پاڵاوتنیشی.

ڕۆماننووس بە گەڕانەوە بۆ دۆکۆمێنتە مێژووییەکان، دووبارە لە ڕێگای یادەوەرییەوە کێشەی جووەکانی سلێمانی هەڵدەداتەوە. هەموو ئەمانە وادەکەن یادوەریی جوو بە سەرجەمی لە زەین و هەستی ئێمەدا دروست ببن. مێژوونووسان ناتوانن ئەم یادەوەرییە فەرامۆش بکەن. ئەوان دەبێت ڕێزی بگرن؛ ئەوان دەبێت بە ڕادەیەکی فراوان شی بکەنەوە و لێشی تێبگەن. ئەوان ناتوانن و مافی ئەوەیان نییە ئەم وێنە نکوڵی لێنەکراوە، تاقانە ڕەوایەی یادەوەری ببەنە نێو گێڕانەوەیەکی نۆرماتیڤەوە لە ڕێگای نووسینەوەی مێژووەوە. ئەرکی مێژوونووسان بەشداریکردنە لەگەڵ ئەزموونی ژیانکردووی قوربانیان و بردنی بۆ نێو سیاقی گشتیی مێژووییەوە. ئەمە واتا فێربوون لە یادەوەرییەوە، بەڵام هەروەها نەک بە تەواوی خۆتەسلیمکردن پێی، بەڵکو پاڵاوتنیشی. لە یادەوەریدا وێنەیەک بە موتڵەقی دەکرێت تاقانە بێت؛ لە مێژوودا تاقانەییبوون هەمیشە ڕێژەییە. لای سالار و سارا و خایم ئەزموونی جووەکانی سلێمانی بە شێوەیەکی مەترسیدار تاقانەیە، کە چاودێرێکی دەرەکی (ڕۆماننووس، هەڵبەت لێرەدا دەرەکیبوون بە مانای بێلایەنبوون نایەت بەڵکو ئەبراهام خۆی لەناو نەریتەکەدایە) لە ڕێگای فیکشنەڵایزکردنی یادەوەرییەوە دەتوانێت لێی تێبگات، بەڵام لای مێژوونووسێکی سەردەمی شێخ مەحمود و ڕاپەڕینەکانی سلێمانی، ئەوەی بەهای نەبێت ئەم وێنەی یادەوەرییەیە. لای جوویەکی سلێمانی، دەرکردنی جووەکان، لە مرۆڤ داماڵینیان، لە ماڵ و موڵک خستنیان و، بێ بەهاکردنیان (و پێشتریش بۆ چەندین دەیە کورتکردنەوەیان بۆ بکەرێکی ئابووریی ڕووت) شتێکە مێژوونووس ناتوانێت هەم لێی تێبگات و هەم وەفاشی بۆی هەبێت، ئینجا ئەگەر ئەو مێژوونووسە خۆی بەشێک بێت لە ئاگری شەڕی دژ بەو خەڵکە. لەبەر ئەوەیە لە کوردستاندا تا ئێستا هیچ مێژوونووسێک نەیتوانیوە کتێبێکی باش دەربارەی پرسی جوو بنووسێت: هەم بەهۆی ئەوەی لەسەرەوە باسمانکرد و هەم بەهۆی بەرژەوەندییە چینایەتیی، سیاسیی، کولتووریی و ئایینییەکانەوە. لەبەر ئەوە ڕۆمانەکەی میران ئەبراهام دەبێتە بەرهەمێکی تاقانە لەناو ئەم نەریتەدا کە بە دەوری جەنگی نێوان مێژوو و یادەوەریدا دەخولێتەوە.

خاڵێکی دیکە پێویستە لە پەیوەندیدا بە ڕۆمانەکەوە باسی بکەم، ئەوەیە کە ئەبراهام دەرگای «بەکارهێنانی گشتیی مێژوو و یادەوەری» دەکاتەوە. بەڵام هاوکات ئەوەی جێگای سەرنجێکی گرنگە لەو ڕۆمانەدا، ئەبراهام خەریکی بەئایینکردنی یادەوەریی جوو نەبووە، ئەو شتەی بە گشتی لە زۆربەی گێڕانەوە مێژووییەکاندا ڕوودەدات. بە ئاسانی هەم دەوڵەتی ئیسرائیل ڕەخنە دەکات و هەمیش کارەکتەر و بکەرەکانی لە نەریتی زایۆنیزم جیا دەکاتەوە. ئارنۆ مایەری مێژوونووسی مارکسیستی بە ئەسڵ جوو باسی لە کولت و ڕێوڕەسمێکی ئایینییانەی پەرستنی یادەوەریی جووەکان لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە کردووە کە بووە بە ئامرازێک هەم بۆ خیانەتکردن لە قوربانیان و هەم بۆ بەکارهێنانی وەک ئامرازێکی جەنگخوازیی. کەواتە «ئەو ڕووداونووسەی ڕووداوەکان بەبێ جیاکردنەوەی نێوان شتی گەورە و بچووک لە یەکتری، دەنووسێتەوە، دەتوانێت لە حەقیقەت تێبگات: هەموو ئەوەی ڕوودەدات، هیچ شتێکی نابێت بۆ مێژوو وەک شتێکی لەدەستچوو لەقەڵەم بدرێت. بێگومان تەنها مرۆڤایەتییەکی ڕزگاربوو دەتوانێت ببێتە خاوەنی ڕابردووی سەرکوتکراو» (واڵتەر بنیامین).

یەکێک لە یادەوەرییە زۆر زیندووەکانی نەریتی جوو کە هەم لە پاسیڤیزم و ناچالاکیی جیای دەکاتەوە و هەمیش کاردانەوەیەکە بە ڕووی زوڵم و ستەمدا، خۆکوژییە لە دۆخە سەپێنراوەکاندا. نموونەی خۆکوژیی ماتانی پەیکەرتاش بە قارچکی دومەڵان خۆکوژییەکی هونەری بەڵام ڕادیکاڵە بە دژی ئەو هەموو بارە قورسەی لەسەر شانی جوو بارکراوە، ئەو کەسە لەڕ و لاوازەی لەژێر ئاسمانێکدا وەستاوە کە هەموو شتەکانی گۆڕاوە هەورە چڵکنەکان نەبێت، واتا هەموو سیستەمی دام و دەزگایی و وەک ئەبراهام باسی دەکات جامانە و مەندیلی گۆڕاوە و بووە بە قات و ڕیبات، بەڵام عەقڵییەتە ڕەشەکەی ماوەتەوە. حەز دەکەم خۆکوژیی ماتانی پەیکەرتاش بەراورد بکەم بە خۆکوژیی شەموێل زیگیلبۆیم، لە ١٩٤٣ کە بەجێماوێکی یاخیبوونی گیتۆی وارشۆ بوو و پاشان ببوو بە نوێنەری حکومەتی پۆڵەندا لە تاراوگە، ئەو ڕاپەڕینەی کەم لە مێژوودا باسکراوە، بەڵام گەورەترین ڕاپەڕینی ٥٠٠ جووە بە دژی سوپایەکی ملیۆنی نازییەکان. زیگیلبۆیم لە دوا نامەی خۆکوژییەکەیدا دەنووسێت:

«چیتر ناتوانم بێدەنگ بمێنمەوە. چیتر ناتوانم بژیم کاتێک خەڵکی جوو لە پۆڵەندا کە من نوێنەریانم، بە قورسیی و بە ئاگر و ئاسن قەتڵ و عام دەکرێن. هاوڕێکانم لە گیتۆی وارشۆ لە دوایین خەباتی پاڵەوانانەدا بە چەکەکانی ناو دەستیان بەر زەوی کەوتن. بەختی ئەوەم نەبوو وەک ئەوان بمرم و لەگەڵ ئەوان بمرم. بەڵام من سەر بە ئەوانم و سەر بە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەوانم. بە مەرگی خۆم ئارەزووی دەربڕینی بەهێزترین ناڕەزایەتیی دژی ئەو بێباکیی و خەمساردییەی جیهان سەبارەت بە کوشتاری جووەکان دەکەم».[5]

بێگومان خۆکوژیی ماتان وێنەیەک لە زەینماندا دروست دەکات، کە ڕیشەی لەنێو واقیعی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی و سیاسییماندا هەیە: هەم بێهەستیی و بێباکیی خەڵک و بوون بە بینەری ناچالاک و هەم بەشدارییان لە قەتڵ و عامی جووەکاندا. یادەوەرییەکەی ماتان و نامەی خۆکوژییەکەی زیگیلبۆیم لە جیهانێکدا کە ئێستا تێیدا دەژین، بەردەوام دەبن لە ڕاوکردنمان. کاتێک لە کۆتاییەکانی ڕۆمانەکەدا ئارۆن لەبەر خۆیەوە دەڵێت: «دەبێت ئێمە شتێک… ئیتر مەبەستم لە هیوایەکە تاوەکو لە پێناویدا بژین، ئەگینا هەموومان وەکو سارا و مەحموود بەرامبەر بە ژیان ڕەشبین دەبین». ئەم دێڕانە مەرگی داهێنەرانەی ماتان و نامەکەی زیگیلبۆیمیان ڕاستەوخۆ بە زەینمدا هێنا کە دەبێت بۆ تێگەیشتن و هەڵدانەوەی ڕابردوو هەمیشە ڕەشبین بین، بەڵام ئیرادەیەکی گەشبینمان هەبێت، ئەمەش ئەو دێڕانەن هەموو خۆکوژیی و هیواکان بە ڕزگاربوونی مرۆڤایەتییەکەوە دەبەستنەوە بتوانێت وەفای بۆ ڕابردووی قوربانیان هەبێت.

٤

مارکسیزم و جوو

سەرجەمی ڕۆمانەکە جەخت لەسەر مارکسیستبوونی کارەکتەرە سەرەکییەکانی دەکاتەوە، هەم لە نیشانە و ناوهێناندا هەم لە خەبات لە پێناوی چەوساوان و قوربانیاندا، هەم لە هەوڵی خایم بۆ زیندووکردنەوەی پارتی خەڵتووز و دامەزراندنەوەی لەسەر بنەمای ئەنتەرناسیۆنالیزم و هەم لە بە کۆمۆنیستزانینی سالار و هەروەها پەیوەندییکردنی بە کۆمەڵەشەوە. خایم کە بە گەنجی لە بەغدا دەبێت، سەردانی کتێبخانەیەک دەکات و دواجار خاوەنی کتێبخانەکە کتێبی سەرمایەی مارکسی پێ دەدات کە ڕۆماننووس بە عەرەبی بە «راس المال» ناوی دەبات، واتا ناوونیشانە عەرەبییەکە. هۆکار چییە جوو و مارکسیزم هەمیشە یەک شت بن تا سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسرائیل یان ئەوەی ئێنزۆ تراڤێرسۆی فەیلەسوف و مێژوونووسی جووی ئیتاڵی، سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسرائیل بە «کۆتایی مۆدێرنیتەی جوو» ناودەبات؟

جوو ڕزگاریی خۆی لە مارکسیزمدا دەبینییەوە، ئەمەش وایکردبوو سەرجەمی کولتووری شۆڕشگێڕ و پێشکەوتوخوازی کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست، لەسەر دەستی جوو دابمەزرێت.

پێشتر باسمان لەوە کرد کە لە ئەوروپا جوو کورتکرابووەوە بۆ بکەرێکی ئابووری، هەمیشە سەرکوت دەکرا، لە کوردستان موسڵمانەکان و لە جیهانی مەسیحیشدا کڵێسا و مەسیحییەکان. ئایدیای کۆمۆنیزم کە لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە وەک منداڵێکی ڕادیکاڵی ڕۆشنگەریی سەرهەڵدەدات و لای مارکس هەم ڕەهەندی شۆڕشگێڕیی و زانستیی و هەم ئەنتەرناسیۆنالیی وەردەگرێت، سەرنجی زۆرینەی جولکەکانی دونیا بە تایبەت ئەوروپا بۆخۆی ڕادەکێشێت. ئەوەشمان لە بیر بێت کە مارکس خۆی جوو بوو، هەروەها ڕابەر و فەیلەسوفە دیارەکانی دواتریش هەر جوو بوون: ترۆتسکی، ڕۆزا لۆکسمبۆرگ، واڵتەر بنیامین، زیگفرید کراکاوەر، گونتەر ئەندەرس، و هتد. لە مارکسەوە تا بنیامین دەیانویست گەردوونگەرایی ڕۆشنگەریی بگۆڕن بۆ ئەنتەرناسیۆنالیزمی سۆسیالیستی و ڕزگاریی مرۆیی ببەستنەوە بە خەباتی قوربانیان لە پێناوی ڕزگاریدا. ئەوەی لینین پێی دەگوت فیستیڤاڵی سەرکوتکراوان و بنیامین پێی دەگوت کەرنەڤاڵی شکستخواردوان[6]. جوو ڕزگاریی خۆی لە مارکسیزمدا دەبینییەوە، ئەمەش وایکردبوو سەرجەمی کولتووری شۆڕشگێڕ و پێشکەوتوخوازی کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست، لەسەر دەستی جوو دابمەزرێت. ڕزگاربوون و یۆتۆپیای جیهانێکی نوێ خەونی جووە سۆسیالیست و پێکهێنەری بیری لیبەرتاریانی جووی ئەوروپای ناوەندی بوو. لەخۆوە نەبوو بنیامین دەیگوت: «لەسەر ئەم گۆی زەوییە، كەسانێك چاوەڕوانیی ئێمە بوون». مەبەستی بنیامین سەرهەڵدانی خەونی یۆتۆپیی و ڕزگاریخوازانەی سۆسیالیزم بوو.

چەمکی کولتووری جووی ئەڵمانی زمان، ئاماژەیە بەو سەردەمە زێڕینەی لەگەڵ هاینریش هاینە، مارکس، فرۆید، کافکا، ئێرنست بلۆخ، واڵتەر بنیامین، کراکاوەر و سەدان ناوی دیکە دەست پێ دەکات، کە نازیزم بۆ ئەبەد لەسەر سەکۆی مێژوو سڕییەوە. ئەگەرچی کوشتاری ستالین و هیتلەر بە هیچ شێوەیەک قابیلی بەراورد نین، چونکە هی هیتلەر لەسەر بنەمای قڕکردنی سەرتاپای گرپێکی مرۆیی دامەزراوە، بەڵام کوشتاری ستالین زیاتر بۆ نەیارانی سیاسی بوون بەبێ هەبوونی فاشیزم، بەڵام ستالین و هیتلەر پەیوەندیی مارکسیزم و جوویان ترازاند، هیتلەر بە قڕکردنی جوو و دەرپەڕاندنی هەموو پێکهێنەرەکانی کولتووری مرۆیی و ستالین بە کوشتنی ڕابەرە دیارەکانی مارکسیزم کە ئەوانیش خۆبەخۆ جوو بوون.

مارکسیزم باجی نیوەشەوی پڕ لە کوشتار و تۆتالیتاریزمی سەرکوتکارانەی ستالینیزمی داوە و ئێستاش لەژێر بارە قورسەکەیدا دەناڵێنێت، بە کورتی ستالین خەونی مارکس و مارکسیزمی کردە تارمایی و ترس و تۆقین، هیتلەر ڕەگەزێکی سەرتاپای مرۆیی قڕکرد.

ڕۆمانەکەی میران ئەبراهام لەسەر ئەو هێڵی خەونە یۆتۆپییەی ڕزگاری و پەیوەندی بەناویەکداچووی مارکسیزم و جوودا دەڕوات، کارێک کە ئەبراهام هێندە بە جوانی ئەنجامی داوە لە نەریتی نووسینی کوردیدا تاقانەیی خۆی وەرگرتووە. بەرەی ڕۆشنبیرانی لیبڕاڵ هەم لە پرسی جوو خۆیان بە دوور گرتووە و هەمیشەش سێرەیان لە بیری مارکسیزم گرتووە و بە داخیشەوە بەرەی ڕۆشنبیرانی چەپ لە کوردستان هێندە لاواز بووە توانای ناسینەوەی ئەم پەیوەندییە بنچینەییەی نەبووە. ئێستا کاتی ئەوەیە هەردوو بەرەکە ئاوڕ لەم خاڵە بنچینەییە بدەنەوە.

٥

پۆگرۆم، زەمەنی ئێستا، ئەلیگۆریی ڕۆشنبیران

پێدەچێت هەمووتان بزانن پۆگرۆم چییە. بە حەرفی بە مانای کوشتاری بەکۆمەڵ، قەڵاچۆکردن و هتد دێت. ئەم وشەیەش بۆ یەکەمجار لە پەیوەندیدا بە هێرشێکی نازییەکان بۆ سەر بازاڕ و موڵک و ماڵی جوو لە ٩-١٠ی نۆڤەمبەری ١٩٣٨ بەکارهاتووە، و ئەو هێرشە بە «کریستاڵ ناخت» (Kristallnacht) ناسراوە کە دەکرێت بە «شەوی شووشە شکاوەکان» (Night of Broken Glass) وەربگێڕدرێت و لە زۆر شوێن و سەرچاوەی دیکەش بە «قەڵاچۆکانی نۆڤەمبەر» ناو دەبرێت. قەڵاچۆکردنێک بوو سوپای میلیشیای ئێس ئەی نازییەکان لە دژی خەڵکانی مەدەنیی جوو لە سەرتاسەری ئەڵمانیا ئەنجامیان دا. ناوی «شەوی کریستاڵی» لەوەوە هاتووە کە تیشکدانەوەی شووشە و جامە شکێنراوەکانی ماڵ و دوکانەکانی جوو ئەڵمانییەکان، باڵەخانەکان و سیناگۆکەکان (میران ئەبراهام بە کنێسەت ناوی دەبات) بە جۆرێک تێکشکێنران کە شەو لە شەوێکی کریستاڵی شووشەیی دەکرد. میران ئەبراهام تەریب لەگەڵ ئەم ڕووداوانە پۆگرۆمی سەر جووەکانی عێڕاق و کوردستان لە وێنەیەکی فیکشناڵی وەها جواندا دەگێڕێتەوە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی نێوان کۆمەڵگا و نووسەرانی ئەو کات و کاربەدەستان ئاشکرا دەکات.

ڕۆمانەکەی ئەبراهام تۆڵەکردنەوەیەک نییە لە ڕابردووی خەڵکی سلێمانی، چونکە بەشێک لە ڕەگەز و کارەکتەرە شۆڕشگێڕەکانیش زەق دەکاتەوە.

بێگومان هیچ قەڵاچۆکردنێک بەبێ پشتیوانی کۆمەڵگا بوونی نییە، ئەگەرچی ناتوانین سەرجەمی کۆمەڵگا تۆمەتبار بکەین، وەک میران ئەبراهامیش لە پەیوەندیی نێوان خەباتگێڕان و هاوڕێیانی سالار هەمان کار ئەنجام دەدات، واتا گەشبینیی ویست و ئیرادە و خەونی شۆڕشگێڕان کە دواتر دەبنە قوربانیی خەبات، بەڵام ناشتوانین هاوکات بێدەنگی، پشتیوانیی و پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی کۆمەڵگا و نووسەران و هونەرمەندان و ئەکادیمیان لە پۆگرۆمەکان لەبیر بکەین. ئەوەی میران ئەبراهام لە زۆر ڕۆماننووسی دیکە جیادەکاتەوە، ڕاشکاویی، ڕاستگۆیی و جورئەتییەتی بەرانبەر بە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگا. بێگومان بەبێ وشیاریی دەستەجەمعیی خەڵکی سلێمانی و چاندنی تۆوی ڕق و کینە بەرانبەر بە جووەکان کە تا سەردەمی ئێمەش مابووەوە، پۆگرۆم و قەڵاچۆکردنەکان ئاسان نەدەبوون. لەلایەکی دیکەوە، ڕۆمانەکەی ئەبراهام تۆڵەکردنەوەیەک نییە لە ڕابردووی خەڵکی سلێمانی، چونکە بەشێک لە ڕەگەز و کارەکتەرە شۆڕشگێڕەکانیش زەق دەکاتەوە.

پێویستە ئەم ڕۆمانەی ئەبراهام وەک ڕۆمانێکی مێژوویی نەخوێنرێتەوە، ئینجا ئەگەر خۆشی ئەم مەبەستەی هەبێت، وەک لە چاوپێکەوتنێکدا (ئەگەر دروست بیرم مابێت) باسی دەکات، بەڵکو وەک قومبەلەیەک بۆ نێو زەمەنی ئێستا بخوێنرێتەوە. چەمکی ئەلیگۆریی، یاخود تەمسیل کە واڵتەر بنیامین لە کتێبی «سەرچاوەی درامای ماتەمی ئەڵمانی» بۆ درامای بارۆکی ئەڵمانیی سەدەی شانزە و حەڤدە بە کاری هێناوە، کۆمەکمان پێ دەکات ئەم ڕۆمانەی میران لەمێژووییبوون ڕزگار بکەین. سەرەتا با بپرسین ڕۆمانی مێژوویی چییە و کێشەکانی چین؟

گیۆرگ لۆکاچ (١٨٨٥-١٩٧١) فەیلەسوف و ڕەخنەگری ئەدەبی مەجارستانی

یەکەم کەس لە مێژووی نەریتی مارکسیستیدا بە قوڵی پرسی ڕۆمانی مێژوویی کردەوە گیۆرگ لۆکاچ بوو کە کتێبێکی بە هەمان ناو نووسی[7]. لۆکاچ پێیوایە فۆرمی کلاسیکی ڕۆمانی مێژوویی پیشاندان و نواندوەیەکی حەماسیی گۆڕان و وەرچەرخانێکی ژیانی جەماوەرییە لە ڕێگای دانانی زنجیرەیەک لە تایپە مرۆییە نوێنەرایەتییەکانەوە کە ژیانیان لە ڕێگای هێزە گۆڕاوە کۆمەڵایەتییەکانەوە دروست دەبێت. فیگور و کارەکتەرە بەناوبانگە مێژووییەکان لەنێو کەسایەتییە دراماییەکاندا خەسڵەتێکی بنچینەیی وەردەگرن بەڵام لە هەموو ئان و ساتێکدا ڕۆڵیان لە حیکایەتدا پەراوێزییە. لە بەرانبەردا گێڕانەوەکان تەرکیزی سەرەکی دەخەنە سەر کارەکتەرە مامناوەندییەکان، بەبێ هەبوونی جیاکەرەوەیەکی گەورە کە ئەرک و وەزیفەیان بە دەستەوەدانی تەرکیزێکی تاکەکەسییە بۆ پێکدادانی دراماتیکی بەرە ئێکستریم و پەڕگیرە دژەکانی نێوان ئەوانەی ئەون نوێنەرایەتیی دەکەن و ئەوانەی بە گشتی لە هەڵبەز و دابەز دان. کەواتە ڕۆمانەکانی واڵتەر سکۆت خستنەڕووی پێکدادانی تراژیدیایەکی نێوان فۆرمە کەوتوو و هەڵکشاوەکانی ژیانی کۆمەڵایەتین، بە ڕوانگە و خەونێکی ڕابردووەوە شانازیی بە دۆڕاوان دەبەخشێت، بەڵام هاوکات زەروورەتی مێژوویی براوەکان دەپارێزێت. ڕۆمانی مێژوویی کلاسیکی تەئیدکردنێکی پێشکەوتنی مرۆییە لەنێو و لە ڕێگای ئەو ململانێیانەوە کە کۆمەڵگاکان و تاکەکانی ناوی دابەش دەکات.

کەواتە بەگوێرەی لۆکاچ بێت، ڕۆمانی مێژوویی بریتی نییە لە ژانرێکی تایبەت و دیاریکراو یان نیمچەژانرێکی ڕۆمان. بەڵکو، بە سادەیی ڕچەشکێن یان پێشەنگێکی ڕۆمانی گەورەتری ڕیالیستی سەدەی نۆزدەیە. نەوەیەک دواتر، بۆ نموونە، ئۆنۆرە دو بەلزاک، بە شێوەیەکی بنچینەیی تەکنیک و ڕوانگە و بینینی واڵتەر سکۆتی بۆ جیهان هەڵگرتەوە تا لە بری پیشاندان و نواندنەوەی ڕابردوو، مامەڵە لەگەڵ فەڕەنسای سەردەمی گەڕانەوەی نەزم یان پاشایەتیی تەممووز (١٨١٤-١٨٤٨) بە هەمان ئەو شێوەیە بکات کە سکۆت لای خۆیەوە لە ڕێگای تەکنیکی مێژووییەوە دەستی کردبوو بە نواندنەوەی سکۆتلەندای ناوەڕاستی سەدەی ١٨ یان بریتانیای سەدەی ١٢. لای لۆکاچ، گەورەترین جێگرەوەی بەلزاک، تۆلستۆی بوو، کە ڕۆمانی جەنگ و ئاشتیی نواندنەوە و پیشاندانی لوتکەی هاوشێوەیی ڕۆمانی مێژوویی و ڕیالیستیی سەدەی نۆزدەیە. لە لایەکی دیکەوە، لە وڵاتە زۆر پێشکەوتووترەکان بەراورد بە ڕووسیا، گەشەسەندنی سەرمایەداریی لەو کاتەدا کە پێشتر لە لایەن چینی کرێکاری شۆڕشگێڕەوە دژی بۆرژوازی دەستی پێ کردبوو، چیتر باوەڕی بەوە نەبوو داهاتوو لەناوەوەی ڕابردووەوە لەدایک دەبێت و ئەو چینە دەیویست هەر جۆرە نیشانەیەکی ئەم جۆرە نواندنەوەیە لەناو بەرێت.

لەم ڕوانگەیەوە و لە ڕێگای چەمکی ئەلیگۆریی و زەمەنی ئێستاوە دەتوانین ڕۆمانی «نیشتمانی سارا» وەک ڕادیکاڵیزەکردنی یادەوەری ببینین تا ڕۆمانێکی مێژوویی. ڕاستە لەوێدا کە باسی قەڵاچۆی سەر جووەکان دەکات و لە گفتوگۆی نێوان سارا و سالار و ساباتدا باس لە شاعیران و نووسەرانی ئەو سەردەمە وەک گۆران و ئەحمەد هەردی و ئەوانی دیکە دەکات کە لەناو دڵی کارەساتدا ئەم ڕووداوانە هیچ کاریگەریی لەسەر هەست و نەستیان دانانێت و باسی شیعر و دڵداری و دڵ و تیر دەکەن، ئەمەش ڕاستە کە ئەو سەردەمەی هیتلەر پەلاماری جووەکان دەدات دەیان بیرمەند و فەیلەسوفی وەک مارتین هایدیگەر ستایشی هیتلەر دەکەن و بە باڵایدا هەڵدەڵێن، بەڵام هاوکات ئەم ڕووداوانە دەکرێت قەیرانەکانی سەردەمی ئێستاشمان پێبڵێن.

بۆ نموونە کاتێک لە ١٩٩٤دا بەکر عەلی شاعیر تیرۆر دەکرێت، کۆمەڵێک ڕۆشنبیر و نووسەری درێژکراوەی هەمان ئەو شاعیرانەی ئەبراهام ناویان دەبات، هاوشانی بکوژانی بەکر عەلی باسی مارتین هایدیگەر و فۆکۆ و شیعر و شانامە دەکەن، کاتێک ساڵی ٢٠٠٠ هێرش دەکرێتە سەر پێنج پێشمەرگەی کۆمۆنیست لە سلێمانی و تیرۆر دەکرێن، هەمان ئەو ڕۆشنبیرانە و نەریتەکانیان لە هۆڵە داخراوەکان و گۆڤارەکاندا باسی شیعری دڵداری و فەلسەفەی نیچە و هایدیگەر و فوکۆ دەکەنەوە. ساڵی ٢٠١١ لە گەرمەی ڕووداوەکانی ١٧ی شوبات هەمان ئەو ڕەوتە کاتێک دەیان گەنج تیرۆر دەکرێن و لەسەر شەقامەکان شەقیان بەردەکەوێت، لە هۆڵە داخراوەکاندا باسی نیچە و هایدیگەر و فوکۆ دەکەنەوە و ڕۆژگار دێت و دەڕوات و لەم ڕۆژانە دەردەکەونەوە، گاڵتە بە خەونە بەدینەهاتووەکانی ئەو گەنجە قوربانیانە دەکەن و تەنانەت یەکێک لە ڕۆشنبیران بە «بیجامەلەپێ» ناویان دەبات.

چەمکی ئەلیگۆریی ئەو شتەیە دەتوانێت هەم ڕۆمانەکەی میران ئەبراهام لە مێژووییبوونەوە بکات بە یادەوەریی ڕادیکاڵ و هەمیش فیگورە مێژووییەکان بە ئاسانی وەربگێڕدرێنە سەر فیگورەکانی ئەمڕۆ. وەک واڵتەر بنیامین دەیگوت داهاتوو بۆ بێناوانە و پاراستنی یادەوەرییان، گەورەترین شۆڕشە ئەم نەوەیە ئەنجامی بدات. ڕۆمانی «نیشتمانی سارا» بەشدارییە لەم نەریتەدا.

پەراوێز و سەرچاوەکان:

[1]Bernd Witte, ‘Benjamin and Lukács. Historical Notes on the Relationship Between Their Political and Aesthetic Theories’, New German Critique, 5, 1975, p.19.

[2]ئێرنست نۆڵتە بە دیارترین مێژوونووسی سەدەی نۆزدە و مێژوونووسی نازیزم دادەنرێت لە ئەڵمانیا کە پاشان لەلایەن هابەرماس و زۆربەی بیرمەندان و مێژوونووسانی دونیاوە وەک پاساودەرێک بۆ نازیزم و ئاساییکردنەوەی ڕابردووی نازیزم تۆمەتبار کرا تا کار گەیشتە ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٩ ئۆتۆمبێلەکەی بتەقێننەوە و هەروەها بایکۆتی خوێندکارانی زانکۆی بەرلین بەوەدا کە دەبێت وانەگوتنەوەی لێ قەدەغە بکرێت. ئەمڕۆ نۆڵتە وەک کۆنزەرڤاتیڤترین و دیارترین مێژوونووسی لایەنگری ناڕاستەوخۆی نازیزم لە قەڵەم دەدرێت، و شایانی باسە نۆڵتە خوێندکاری مارتین هایدیگەر بوو. بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر نۆڵتە و کاریگەریی لەسەر فاشیزمی نوێی ئەڵمانی لە سەدەی ٢١دا بگەڕێنەوە بۆ وتارێکی من بە زمانی ئینگلیزی:

Peshraw Mohammed, Ernst Nolte, the Holocaust and the AfD

https://www.theleftberlin.com/post/ernst-nolte-the-holocaust-and-the-afd

[3]Eberhard Jäckel, ed.,‘Die elende Praxis der Untersteller’,in: ‘Historikerstreit’: Die Dokumentation über die Kontroverse um die Einzigartigkeit der nazionalsozialistischen Judenvernichtung, Munich: Piper, 1987, s.118.

[4]بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەم پرسە بگەڕێنەوە بۆ بەشی کۆتایی کتێبەکەم بەناوی: پێشڕەو محەمەد: لە کۆدگۆڕینی کانتەوە بۆ تیۆری فیلم: دەروازەیەک بۆ فێنۆمێنۆلۆژیی ماتریالیستیی زیگفرید کراکاوەر، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، ٢٠٢٠ (لەژێر چاپدا، لە لەم مانگەدا چاپ دەبێت).

[5]Gutman, Yisrael, The Jews of Warsaw 1939–1943: Ghetto, Underground, Revolt, Brighton: Harvester Press, 1982, p.363.

[6]بۆ ئەم مەبەستە بگەڕێنەوە بۆ کتێبەکەم: پێشڕەو محەمەد: کەرنەڤاڵی شکستخواردوان: خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ تێزەکان دەربارەی چەمکی مێژووی واڵتەر بنیامین، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، ٢٠٢٠.

[7]Georg Lukacs, The Historical Novel, translated by Hannah Mitchell and Stanley Mitchell with an introduction by Fredric Jameson, University of Nebraska Press,1983.

The post ڕۆمان و جەنگی نێوان مێژوو و یادەوەری appeared first on ژنەفتن.

واقیع، سیمبوڵ، پاڕادۆکس لە چیرۆکەکانی (سەدرەدین عارف)دا
پاژێک لە سەرەتاکانی لێکۆڵینەوەکە

ڕاسته ‌(سه‌دره‌دین عارف) چیرۆكى زۆرى نه‌نووسیووه‌، ئه‌وه‌شى نووسیوێتى، وێڕاى به‌ها مێژووییه‌كه‌ى، به‌هایه‌كى هونه‌رییانه‌ و ئیستێتیكییانه‌یش هه‌ڵده‌گرێت. چونكه‌ به‌ر له‌ زۆرێك له‌ كاراكته‌ره‌كانى ناو دنیاى ئه‌ده‌به‌كه‌مان دركى به‌ گۆڕانكارییه‌كانى سه‌رده‌مه‌كه‌ى كردووه‌ و زانیوێتى ته‌كنیكى ترادیسیۆنی و شێوازه‌ فۆلكلۆرى و ته‌قلیدییه‌كانى هونه‌رى گێڕانه‌وه‌مان چیدى پێیان ناكرێت گوزاره‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌ تازه‌كانى بكه‌ن كه‌ له‌ گۆڕانێكى بێلێبڕدان، بۆیه‌ په‌ناى بردۆته‌ به‌ر ته‌كنیكه‌ تازه‌كان، كه‌ به‌ر له‌ هه‌موو شتێك ئایدیاى ئه‌وه‌ له‌ ئاوه‌زى وه‌رگر به‌رجه‌سته‌ ده‌كات كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى ئاگامه‌ندانه‌ و شاره‌زایانه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ى زۆر له‌ نووسه‌ره‌كانى سه‌روبه‌نده‌كه‌ى ته‌كنیكه‌ مۆدێرنه‌كانى گێڕانه‌وه‌ى به‌كار بردووه‌، هه‌ر له‌ گۆشه‌نیگاى كه‌سى یه‌كه‌مى تاك و كه‌سى سێیه‌مى تاك و جێگۆڕكێى سه‌ره‌تا و كۆتایى، مۆنتاجى كات و شوێن و فلاشباك و مۆنۆڵۆگ و دایه‌ڵۆگ و ته‌داعى و مۆنتاج و گرته‌ى سینه‌مایى و داهێنانى ده‌ق به‌ دیمه‌ن و… تاد، ده‌كرێ بوترێ مه‌عریفه‌ى ته‌واوى له‌باره‌یانه‌وه‌ هه‌بووه‌ و زانیوێتى كه‌ى و له‌ چ بارێكدا به‌كاریان ده‌بات و به ‌كه‌ڵكى چ نیازێك دێن.

بێگومان له‌ ڕێگاى ده‌قه‌كانییه‌وه‌ هه‌وڵى داوه‌ ئه‌و ئاسۆ چه‌قبه‌ستووه‌ تێپه‌ڕێنێ كه‌ چیرۆكى كوردى ئه‌و سه‌روبه‌نده‌ تێیدا گیرى خواردووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خاوه‌نى ئه‌زموونێكى ڕه‌سه‌نیش بووه،‌ تێیپه‌ڕاندووه‌. له ‌ڕاستیدا خاوه‌نى ئه‌زموونێك بووه‌ سنوورى مه‌ئلووفى تێپه‌ڕاندووه‌، وه‌كوو ئه‌وه‌ى “ووڵفگانگ ئایزه‌ر” ده‌ڵێت، بۆیه‌ كاریگه‌ری به‌دواى خۆیدا جێهێشتووه‌ و نووسه‌ران و ئه‌زموونه‌كانى ترى والێكردووه‌ بكه‌ونه‌ ژێر كاركرده‌ قووڵه‌كه‌ى، چونكه‌ به‌و گوێره‌یه‌ى دید و دنیابینیى جیاوازى هه‌بووه‌ توانیوێتى شه‌قڵ به‌ ئه‌ده‌بێكى جیاواز ببه‌خشێت و به‌رهه‌مى بهێنێت و ڕه‌هه‌نده‌كان و ناوه‌ڕۆكه‌كانى چیرۆك له‌ زمانێكى بێ زیادوكه‌م چڕ بكاته‌وه‌ و ئاستى واقیعی و ئاستى خودیى تێدا كۆبكاته‌وه‌، یانى خودێتییه‌كى بابه‌تییانه‌ى پێببه‌خشێ. جا بۆیه‌- بۆ ئه‌وكاته‌- خاوه‌نى ده‌قى جیاوازه‌ و ئاسۆیه‌كى جیاوازیشى ده‌سته‌به‌ر كردووه‌ و مه‌رگى چیرۆكى ترادیسیۆنیى ئێمه‌ى ڕاگه‌یاندووه‌ به‌وه‌ى بابه‌تییانه‌ پراكتیزه‌ى نووسینى كردووه‌ و بۆ گه‌یشتن به‌ جه‌وهه‌رى شته‌كانیش په‌رده‌ى له‌سه‌ر واقیع لابردووه‌ و ده‌قێكى به‌رهه‌مهێناوه‌ تێیدا به‌ خوێنه‌ر ده‌ڵێت: ته‌نها پشت به‌ پێدراوه‌كانم مه‌به‌سته‌ و ئاگات له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌قیش بێت، چونكه‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌میشه‌ هاوتاى بابه‌تییانه‌ی ده‌قه‌ و ئه‌ده‌بیش بۆ ئه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت ئاماژه‌ به‌ ده‌ره‌وه‌ى خۆى بدات، ئاماژه‌ به‌ شتێك بدات كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى خۆیدایه‌.

لەسەرەوە لە دوگمەی (داگرتنی کتێب) ئەم لێكۆڵینەوەیە بە فایلی (pdf) دابگرە.

The post واقیع، سیمبوڵ، پاڕادۆکس لە چیرۆکەکانی (سەدرەدین عارف)دا appeared first on ژنەفتن.

ڕۆشنبیریی کافکایی
ئەم نووسینە بۆ باسکردن و بەرگریکردن لە کافکا نییە -ئەدەبی کافکا خۆی بەرگرییەکی پوختە بەرانبەر بە هەموو شتێک-، بەڵکو بۆ بەرگریکردنە لە خۆمان، لە ڕۆشنبیریی خۆمان؛ ڕۆشنبیرییەک کە لە هیچ ڕۆژگارێکدا هێندەی ئەمڕۆ لەژێر پرسیاردا نەبووە. لەژێر پرسیاردایە، لەبەر ئەوەی حوکومدانەکانی ناوی، بەها و بەهاپێدانەکانی ناوی، دەقەکانی ناوی و بکەرەکانی ناوی لەژێر پرسیاری گەورە گەورەدان: ڕیکلامێک بۆ سوپا و چەک و ئامێرە ترسناکەکانی دەزگاکانی چاودێری و داپڵۆساندن بە ناوی فیلمەوە(سفر نۆ/ 09) دەردەچێت و هەر خودی ڕۆشنبیر، شانۆکار و فیلمسازەکانمان دەبنە سوورەی بەرلەشکر بۆ هوتافکێشان و ستایشی بێئاگایانەی ئەم گاڵتەجاڕییە سامناکە؛ گۆرانییەک دەردەچێت و دەکەوێتە بەر هێرشی فەیلەسووف و فەقیهەکانی کولتوورمان، لەبەر ئەوەی سیمای کچە سەماکارەکانی ناوی، لەگەڵ پرۆژە بازرگانییە فیمینیستییەکانی ئەواندا ناگونجێت، یان لەبەر ئەوەی کچی سەماکاری هەر تێدا نییە، تاکو فەیلەسووف و فەقیهەکانی کولتوورمان لەگەڵ شتێکدا بیگونجێنن؛ دەقێکی ئەدەبی -باش بێت یان خراپ- بۆ ئەوەی هەبێت، پێویستی بە چەند پاسەوانێکە لە نووسەرانی پیر و گەنج، تا لە بەردەرگاکانیدا ڕابووەستن و بەردەوام گەورەیی و قووڵی و مەزنیی ئەم دەقە بیری ئێمەی خوێنەر بهێننەوە.

وێنەی هاوبەشی نێو هەریەک و هەموو ئەم سیناریۆیانەی پێشوو، وێنەی باوک و ملکەچکردنە بۆی: ملکەچکردنی ڕۆشنبیر و هونەرمەند و خودی سینەما بۆ سوپا و هێزە ئەمنییەکانی باوک، ملکەچکردنی گۆرانی و بەرهەمهێنانی کولتووری بۆ بینەر و گوێگرە باوکەکان بە نێر و مێیانەوە(چونکە چیدی مەرج نییە باوک تەنیا نێر بێت)، ملکەچکردنی دەقی ئەدەبی بۆ باوکە پیرەکان و تەنانەت بەباوککردنی خودی دەقەکانیش. وا دیارە کە ئەم ڕۆشنبیرییە چیدی بەرگەی باوکەکان و کوڕەکانی ناگرێت، چیدی بەرگەی خۆی ناگرێت، ئەم ڕۆشنبیرییە زیاتر لە ڕۆمانێکی کافکا دەچێت.

ڕۆشنبیریی ئێمە گەر لە هیچدا داهێنەرانە نەبووبێت، بێگومان لە ستایشی کوێرانە و باوکسازییدا داهێنەرانە بووە … ئەمسەر و ئەوسەری ئەم هەرایە لە کەسەوە دیار نییە: ئەم باوک دێت و “ئاڵای شیعر”ی خۆی دەداتە ئەو نووسەر؛ ئەم کوڕ یان ئەم جارەیان ئەم کچ بە دەقی خۆیەوە دێت و لە پێناو پشتگیریدا بۆ ئەم باوک دەچەمێتەوە؛ ئەم نووسەر دێت و لە ڕێی بە کامۆیی ناساندنی ئەم کتێبەوە خۆی دەکات بە باوک؛ ئەو نووسەر دێت و لە ڕێی بە کافکایی ناساندنی ئەم کتێبەوە خۆی دەکات بە باوک و چەندەها کارەساتی تریش. ئەمەی دواییان بۆ من گرنگە، بەکافکاییکردنەکە بۆ من گرنگە، گرنگییەکەیش نە لە خودی ئەو نووسەرە باوکانەدایە کە ئاوەڵناوەکانی “کافکایی”، کامۆیی”، “دۆستۆیڤێسکیانە”، “داهێنەرانە” و “باشترین” بەسەر نووسەرانی گەنجماندا دەبەشنەوە، نە لەو نووسەرە گەنجانەیشماندایە کە چاوەڕێی ستایش و ڕوخسەتی پیرەکانمانن تاکو بنووسن (گەرچی ئەمەی دواتریان خەسارەتێکی گەورەیشە، ئەوەی گەنجێک بەو هەموو ئەگەر و کرانەوەی داهاتووەوە، بەرهەمی خۆی بخاتە ژێر ڕەحمەتی خوێندنەوەی نووسەرێکی نەوەی پێش خۆیەوە). گرنگیی بەکافکاییکردنەکە لەو پارادۆکسەدایە کە تازە دروست بووە و بە هیچ جۆرێک چار نابێت، بە هیچ جۆرێک خەفە ناکرێت: پارادۆکسی بانگەشەکردنی کافکاویەت لە لایەن باوکەوە.

کافکا بەکار بهێنین بۆ ڕەخنەکردنی باوکسالاریی ڕۆشنبیری، نەک تۆخکردنەوەی

لەناو دەقدا نەک تەنیا کافکاویەت و باوکسازی پێکەوە کۆنابنەوە، بەڵکو لە کوێدا باوکسازی هەبوو لەوێدا کافکاویەت وەک خەسڵەتێکی نێو دەقی ئەدەبی شکست دەهێنێت. لە کوێیشدا کافکاویەتی ئەدەب شکستی هێنا، لەوێدا ئێمە تەنیا پێویستمان بە باسکردنیەتی، تاکو بەهێزتر و کامڵتر بگەڕێتەوە و زیاترمان لە بارەی باوکسازی و مومارەسەکردنی دەسەڵاتەوە پێ بڵێت لە دەرەوەی ئەدەب و لەناو واقیعدا؛ ناونیشانی ئەم وتارە و ناوەڕۆکەکەیشی، هەر لەمەوە بیانووی هەبوونی خۆیان وەردەگرن؛ کە کافکا بەکار بهێنین بۆ ڕەخنەکردنی باوکسالاریی ڕۆشنبیری، نەک تۆخکردنەوەی. هەر لێرەیشەوە ئەم چەند پەرەگرافە و پەرەگرافەکانی دواتری، لەگەڵ بیرهێنانەوەی بەردەوامی کافکاویەتدا، هەوڵی خوێندنەوەیەکی کورت دەبن بۆ ئەو هەلومەرجە کولتوورییەی زیاتر لە دوو دەیەیە باڵی بەسەر ڕۆشنبیریی ئێمەدا کێشاوە.

پەیکەری کافکا لە پراگ؛ لەلایەن(یاروسلاو ڕنا)وە ساڵی ٢٠٠٣ دروست کراوە

پیشەسازیی نووسەر

کاتێک باوکێکی کولتووری بە کوڕە کولتوورییەکەی دەڵێت “کافکایی”، “کامۆیی”، “دۆستۆیڤێسکیی”، نوێنەرەوەی ڕاستەقینەی واقیع” و هەر جۆرە وەسفێکی دیکە کە بۆ هەموو دەقێکی تریش گونجاوە و تەنیا پێویستی بە کەمێک کشاندنە، بە هیچ جۆرێک لە نەخوێندەوارییەوە وا ناڵێت، بگرە ناکرێت بڵێین کەوتووەتە هەڵەیشەوە، چونکە ئەو خەریکی سیاسەتێکی دیکەیە بۆ خوێندنەوەی دەق، سیاسەتێکی دیکەی تاریک و ناشیرین کە جیایە لە ڕەخنە و گوتارشیکاری، سیاسەتێک کە دەچێتەوە سەر پیشەسازیی نووسەر. پیشەسازیی نووسەر کاتێک ڕوودەدات کە لە هەلومەرجێکی کولتووریدا هیچ ڕێگایەک بۆ پەیدابوونی سرووشتیی نووسەرانی نوێ نەهێڵرابێتەوە، تاکو لە بری ئەوەی نووسەری نوێ پەیدا ببێت، نووسەری نوێ دروست بکرێت و بەرهەم بهێنرێت. نووسەری دروستکراو، لە زۆر ڕووەوە باشتر و سەلامەتترە لە نووسەرێک کە خۆی خۆی بەرهەم هێنابێت و پەیدا بووبێت؛ نووسەری دروستکراو قەرزاری دروستکەرەکەی دەبێت، نە لێی ڕادەپسکێت و نە هەڵیدەوەشێنیتەوە و نە ڕەتی دەکاتەوە.

بۆ ئەوەی نووسەرمان هەبێت، دەبێت ئاڵاپێدەر و بڕوانامەپێدەری نووسەرەکەیش ئامادەگیی هەبێت. لە ڕاستیدا کافکاویەت هەر ئەمەیە، ئەوەی لەبەر باوکت ڕێگەت نەبێت خۆت بیت.

پیشەسازیی نووسەر تایبەت نییە بە کۆمەڵگای ئێمە، هەروەها نوێیش نییە و لە پێش ئێمەدا هەبووە. چەندین ساڵ لەمەوپێش، شاعیرێک “ئاڵای شیعری” خۆی دەداتە دەست یەکێک لە باشترین نووسەرەکانی ئەمڕۆمان. با واز لەوە بهێنین کە شیعر (هەرێمی کوردستان) نییە تا “ئازاد” بکرێت و دواتریش، ئازادکەرانی بە دڵی خۆیان و پارچە پارچە، یان بە ساغی، بیبەخشنەوە و بیبەخشن. زیاتر دەمەوێت سەرنج لەسەر پرۆسەکە بێت، کە لەوێوە بە ئاشکرا دەست پێ دەکات و نەوە دوای نەوە پەرە دەسێنێت، تاکو وای لێدێت دەبێتە شتێکی ئاسایی و بۆ ئەوەی نووسەرمان هەبێت، دەبێت ئاڵاپێدەر و بڕوانامەپێدەری نووسەرەکەیش ئامادەگیی هەبێت. لە ڕاستیدا کافکاویەت هەر ئەمەیە، ئەوەی لەبەر باوکت ڕێگەت نەبێت خۆت بیت.

ئایا ئێمە چیدی ناتوانین بەبێ ئەوەی بکرێین بە نووسەر، خۆمان خۆمان وەک نووسەرێک بەرهەم بهێنین؟ ئایا ئێمە چیدی ناتوانین لە دەرەوەی هەیمەنەی چەندین پاسەوان کە پێمان دەڵین ئەم دەقە ئاوا بخوێننەوە، خۆمان دەقێک بخوێنینەوە؟ ئەمیان پرسیارێکە جدیتر لەم گاڵتەجاڕیەی نێو ڕۆشنبیریی خۆمان: ئایا ڕۆشنبیر(نووسەر/هونەرمەند) چیدی ناتوانێت بەبێ دامەزراوەکان بوونی هەبێت؟

کۆتاییەکی کافکایی

باوکەکان دێن و پێمان دەڵێن ئەم دەقە کافکایی نییە و ئەم دەقەیان کافکاییە لە کاتێکدا کە قولابەکەیان هیچکام لە خەسڵەتەکانی ئەدەبی کافکایی ناگرێت، هەر لەوەوە کە گرێشۆم شۆڵێم و بێنیامین لەو بارەیەوە گوتوویانە، تا ئادۆرنۆ و ئارێنت، تا دۆڵووز و ئاگامبێن، بەڵام لە ڕاستیدا  خودی ئەو دۆخەی کە باوکەکان و کوڕەکان، لە ڕێی باوکسازییەوە، لە دەرەوەی دەقدا خوڵقاندوویانە، کافکاییە؛ ئەو واقیعەی کە هێناویانەتە ئاراوە کافکاییە. ک. ناتوانێت بچێتە نێو کۆشکەوە، وەک چۆن نووسەری ئێمە بەبێ ئیزن و بڕوانامەی باوکەکان ناتوانێت بچێتە نێو دامەزراوەکانەوە، بەبێ دامەزراوەکانیش ناتوانێت ببێت بە نووسەر. جۆسفینی مشکەگۆرانیبێژ کەس نازانێت بۆچی هونەرمەندە و بە چ پێوەرێک دەنگی خۆشە، وەک باوکەکان و کوڕەکانی ڕۆشنبیریی خۆمان، کە خۆیشیان و کەسی تریش نازانێت چۆن داهێنەرن و بە چ پێوەرێک باش دەنووسن. کاتێک لە “حوکومدان”دا باوکی جۆرج حوکمی خۆخنکاندن لە ئاودا بەسەر کوڕەکەیدا دەدات و جۆرجیش جێبەجێی دەکات، لە ڕاستیدا هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەو باوکانەدا کە جۆرێک تەئویل و جۆرێک خوێندنەوە بەسەر کوڕەکاندا دەسەپێنن و کوڕەکانیش ڕازی دەبن. ئەمانە بەیانییەک دێن و ڕاپێچی دادگامان دەکان، چونکە هیچ نووسەرێکی سەر بە نەوەی پێشوومان نوشتەی نووسینی بۆ نەکردووین، یان لایەنی کەم تەبەرووکێکی نەکردووین. دڵنیابن لەم ڕۆشنبیرییەدا، بەیانییەکیان لە خەو هەڵدەستین و دەبینین خۆمان، یان ئەوەی تەنیشتمان بووە بە “نووسەرێکی زەبەلاح”؛ هەموومان گریگۆر سامساین لەم ڕۆشنبیرییەدا کە ڕۆشنبیریی باوکەکانە.

سکێچی ڕۆشنبیرییەک کە بەهۆی سوپای باوکەکانەوە نەک دەقەکانی ناوی، بەڵکو خودی خۆی کافکایی و کابووسئامێزە.

دەمێک نووسەرێک بە ناوی خوێندنەوەی دەقەوە، هەر لەخۆیەوە، دێت و بە دەقەکەی بەردەمی دەڵێت “کامۆیی”ە، دەزانم هەڵوێستی جدیی ئەوەیە کە پێداچوونەوەیەک بە ئەبسۆرد، مرۆڤی یاخی و پرسی شۆڕشدا بکەیت و لەو ڕێیەوە گەمە و بەلاڕێدابردنەکەی ئەو نووسەرە هەڵبوەشێنیتەوە؛ وەک چۆن دەزانم شێوازی جدیی ئەم هەڵوێستەی منیش، لە پێداچوونەوەیەکدا دەبوو بە کافکاویەتدا، هەر لە شۆڵێمەوە تا ئەمڕۆی ڕەخنەی ئەدەبی، هەر لەم ڕێیەشەوە هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم گاڵتەجاڕییەی ساڵانێکە لای ئێمە هەیە و لە ماوەی پێشوودا گەیشتووەتە لووتکە؛ منیش هەر بەتەمای کارێکی وا بووم، بەڵام عەبەسیەتی ڕەش و ناشیرینیی سیاسەت و گەمەکانی نێو ڕۆشنبیریی خۆمان زۆر لەوە خراپتریان لێ بەسەر هاتبوو کە لە ئێستادا قسەی جیدییان لە بارەوە بکرێت، لێرەوە ئەم نووسینەی سەرەوە شێوەی سکێچێکی تا ڕادەیەک کۆمیکیی وەرگرت؛ سکێچی ڕۆشنبیرییەک کە بەهۆی سوپای باوکەکانەوە نەک دەقەکانی ناوی، بەڵکو خودی خۆی کافکایی و کابووسئامێزە.

The post ڕۆشنبیریی کافکایی appeared first on ژنەفتن.

ڕەخنەی سووکایەتیکەر و، شیعر و زمانی کوردی
بیلال ئەمینی؛ نووسەر و ڕەخنەگرێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و نزیکەی دوو سالە لە ڕێگەی پۆستە[زۆرتر لە ئینستاگرام] ڕەخنەییەکانی لەسەر نووسەران و شاعیرانی ڕۆژهەڵات و هەروەها بڵاوکردنەوەی سێ کتێب بە شێوەی (pdf) [لە کەناڵی تێلێگرام] کە درێژەی بەو شێوازە ڕەخنەییە دا کە لە پۆستەکانیدا بە کورتی کاری لەسەر کردبوون، ناسراوە. هەروەها ئەو شێوازەی کە ناوبراو کاری لەسەر دەکرد، لە لایەکەوە بووە هۆی برینداربوونی هەستی چەندین نووسەر و ڕەخنەگر، لەلایەکی دیکەشەوە بووە جێی مقۆمقۆی نێو کۆڕی نووسەران (لە ڕۆژهەڵات). هەندێک کەس و لایەن کارەکانی “ئەمینی”یان دەدایە پاڵ هەندێ نووسەر و بەرەی دیکە. ئێستا وا دەردەکەوێ کە ڕێککەوتنێکی بێدەنگ و دەستەجەمعی دروست بووە لەسەر پشتگوێ خستنی نووسین و ڕەخنەکانی ئەمینی. جگە لەم جۆرە مقۆمقۆیانە، کار گەیشتە ئەوەی کە هەندێ کەس هەوڵەکانی ناوبراویان وەک هەوڵ و کاری سیاسی (دوژمنان) بۆ لەکەدار کردنی نووسەرانی کورد، لە قەڵەم دا.

ماڵپەڕی ژنەفتن لەبارەی ئەو دەنگۆیانە و هەڵبژاردنی ئەو شێوازە توندەی! نووسین و ڕەخنە بە گشتی و، بە تایبەتی و بە شێوەیەکی سەرەکیش لەبارەی چەمکگەلی وەک زمان، زمانی کوردی، ئەدەبی کوردی، شیعر، شیعری نوێ، ڕەخنەی ئەدەبی و ڕەخنەگر ئەم هەڤپەیڤینەی لەگەڵ ‘بیلال ئەمینی’دا ساز دا.

ماڵپەڕی ژنەفتن وەک پێگە و ماڵی هەموو نووسەران، ڕەخنەگران، هونەرمەندان و وەرگێڕانی کورد و؛ هەروەها وەک بڕوابوون بە مافی ئازادی ڕادەبرێن، جگە لە گەیاندنی دەنگی نووسەرێک (کە لەبەر توندی نووسین و ڕەخنەکانی، هیچ ماڵپەر و بڵاوکراوەیەکی کولتووری دەق و ڕەخنەکانی بڵاو نەکردوەتەوە)؛ بۆ ئەوەی ببێتە هۆی یەکتر خوێندنەوە و دیالۆگ لەنێوان دەنگە جیاوازەکانی ناوەندە ئەدەبییەکە و ڕەخنەگران، ئەم هەڤپەیڤینەی لەگەڵ ‘بیلال ئەمینی’دا ئەنجام داوە. بە هیواین کە هەموو نووسەران و ڕەخنەگران ئەم هەڤپەیڤینە وەک مافی ئازادی ڕادەربڕین و ئەرکێکی ڕۆژنامەوانی ماڵپەڕەکە بخوێننەوە.

بیلال ئەمینی

ژنەفتن: لە پەرەگڕافی دووەمی نووسین (کتێب)ێکتدا بە ناوی (ئیماژ)؛ سێ خاڵ دەخەیتە ڕوو؛ خاڵی یەکەم (پێوەرێکی زانستی بۆ هیچ لایەنێکی شیعر بوونی نییە…. ئەمە وادەکات باسەکان بڕێک سەلیقەیی بن)؛ خاڵی دووەم (لە ڕەخنەی ئەدەبیدا سەلماندن بوونی نییە، ئەوەی هەیە قایل کردنە؛ واتە من ناتوانم بە تۆی بسەلمێنم فڵان ئیماژ جوانە یان نییە، تەنیا دەکرێت شی بکەمەوە بۆت، تا لەم ڕێگەوە قایل دەبیت یان نابیت. ڕەخنەی ئەدەبی ئەم هەوڵدانانەیە بۆ قایلکردن)؛ خاڵی سێیەم (ئەگەر خوێندنەوەیەکی زانستی نوێنیش هەبێت، شتێک وەک یان نزیک لە خوێندنەوەیەکی فۆرمالیستی، هەرگیز پێی ناکرێت بە ڕەهایی باش و بەد لەیەک بکاتەوە.).

بڕگەی دووەمی خاڵی یەکەم دەڵیی؛ ئەمە وادەکات (واتە نەبوونی پێوەرێکی زانستی بۆ هیچ لایەنێکی شیعر) باسەکان بڕێک سەلیقەیی بن، پێت وانییە هەر بە گەڕانەوە بۆ ئەم وتەیەی خۆت لانیکەمی نیوەی خودی ئەم کتێبەت دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەویش سەپاندنی سەلیقەی شەخسی خۆتە؛ لە خاڵی دووەمیشدا وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە دەنووسی (لە ڕەخنەی ئەدەبیدا سەلماندن بوونی نییە، ئەوەی هەیە قایل کردنە… ڕەخنەی ئەدەبی ئەم هەوڵدانانەیە بۆ قایلکردن)، ئایا قایلکردن هەر خستنەڕووی سەلیقەیەک لە بەرانبەر سەلیقەیەکی دیکە نییە؟ (ئینجا هەندێکجار بە شێوازێکی گاڵتەجاڕانە و بە زمانێکی زبر سەلیقەکانت فەرز دەکەی)، ئایا هەڵبژاردنی ئەو شێوازە لە ڕەخنەگرتنت ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بێ ڕوونکردنەوە و شیکردنەوە بەردەنگ ڕازی بکەیت و هەر ئەو فەرزکردنەی سەلیقەیە نییە کە لە خاڵی یەکەمدا ئاماژەمان پێدا؟ لە خاڵی سێیەمیش کە باسی هەڵسەنگاندنی دەقە بە باش و خراپ، بەڵام هەر لەم کتێبەتدا و لە چەندین شوێنی دیکەش تۆ دوو دەق بەراورد دەکەی و (هەڵبەتە لە زۆربەی جارەکان یەکێکیان بەد و خراپە و بۆ سەلماندنی ئەو خراپییە دەقێکی دیکە دەهێنی و ناوی دەنێی باش)، ڕاستە دەڵێی بە ڕەهایی ناکرێت، بەڵام هەست ناکەی ئەو شێوازەی تۆ هەڵتبژاردووە هیچی بۆ رێژەیی بوون نەهێشتووەتەوە؟ لەگەڵ ئەمانەشدا من پێم وایە کە لە هەندێ شوێندا لە ڕەخنەکانت لە کۆپلە یان وێنەی شیعری شاعیرێکدا هەوڵەکانت بۆ قایلکردن نییە هێندەی بۆ سەلماندنە.

ئەمینی: ١. ئاخۆ من سەلیقەی خۆم فەرز کردووە؟ من پێم وایە وەڵامەکەی نەخێرە. من لەو وتارەدا باسی کۆمەڵێک مەرج دەکەم کە ڕەزا بەراهەنی بۆ ئیماژێکی هونەری دیاری کردوون. هاتووم بۆچوونی خۆمم لەسەر مەرجەکان دەربڕیوە و هەوڵم داوە مەرجەکان بەپێی بۆچوونی خۆم ڕاست بکەمەوە. لەو وتارەدا هەوڵم داوە لە بەرواردی ئیماژەکاندا ئەو مەرجانە بکەمە پێوەر. بە تایبەت مەرجی پێنجەم کە دەڵێت؛ “ئیماژ دەبێت ورد و گەیەنەر و پڕ بێت؛ نەک بەهەڵکەوت و بێمانا و جوان و ڕازاوە بەڵام بۆش”. ئەم مەرجەم لە بەرانبەر ئەو شتە داناوە کە پێی دەڵێم وشەلەوشەدان. بە بڕوای من ڕەخنەگەلێکی جیددی کە دێتە سەر ئەو وتارە ئەمانەن: ئەو مەرجانە چەند شیاوی پشت پێ بەستنن؟ ئاخۆ ئەو مەرجانە بۆ هەموو دەقێک دەست دەدەن؟ سەبارەت بە خاڵی دووهەم دەبێت بڵێم:

دەستدان یان دەستنەدانی ئەو مەرجانە بۆ دەقێک، لەسەر ئەوە دەوەستێت کە ئەو دەقە سەر بە چ قۆناخێکی شیعرییە و ڕەوایی خۆی لە چ چۆر بوتیقایەک وەردەگرێ.

ئەو وتارەی جەنابت باسی دەکەی بەشێکە لە بەرگی “لەگەڵ حەپۆلەکانی شیعری کوریدا” کە پێش ئەو وتارە، وتارێک هەیە بە ناوی “شیعرایەتی”. بە داخەوە تا ئەنجامدانی ئەم وتووێژە هیچکامیان بڵاو نەکراونەتەوە تا خوێنەر ئاگاداریان بێت. من لە وتاری “شیعرایەتی”دا باسی دوو ڕوانگەی جیاواز بۆ شیعر و دوو جۆر مامەڵەکردن لەگەڵ زماندا دەکەم.

لەو وتارەدا من سێ قۆناغ لە شیعری کوردیدا دیاری دەکەم. لە قۆناخێکدا بە زۆری شیعر وەک بەکارهێنانی زمان لە پێناو گواستنەوەی مانایەک دەبینێرت. لە قۆناخێکی تردا بە زۆری شیعر وەک ڕێگەدان بە زمان بۆ دەرخستنی شیعرایەتیی خۆی دەبینرێت.

دوای لێککردنەوەی ئەو دوو ڕوانگەیە، بەو بوتیقایەی خۆم بڕوام پێی هەبوو، خوێندنەوەی خۆمم بۆ ئەو دەقانە هەبوو. ڕەنگە بپرسی بۆچی تەنیا لە ڕونگەی خۆتەوە سەیری ئەو دەقانەت کرد؟ چونکە خاوەنی ئەو دەقانە لە دوای بیست ساڵ، نووسینێکی ڕوون و تێگەیەنیان لەسەر شیعری خۆیان و جیاوازیی شیعریان لەگەڵ پێش خۆیاندا نەبوو. بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئەو نووسینانەی ئەوان هەمووی “گڵمەگڵم”ـە و شتێکی ڕوون و جێی هەڵوەستە لەسەر کردنیان نییە، من چەندین وتاری ئەوانم لە پرۆژەکەمدا ڕستە بە ڕستە خوێندووەتەوە و هیچ پێ نەبوونی ئەو وتارانەم نیشان داوە. ئەوپەڕی کارێک کردوویانە ئەمەیە؛ کۆپلەیەک لە دەقێکی خۆیان هێناوە، لە ژێریدا نووسیویانە؛ وەک دەبینن هەموو یاساکانی شیعری پێشوو گۆڕانیان بەسەردا هاتووە! جا ئیتر خۆ ناڵێن “یاساکانی شیعری پێشوو” چین و ئێستا بوون بە چی.

نووسینێکم خستە ئەو چۆڵەوانییەوە بۆ ئەوەی باسێک بێتە گۆڕێ، کە ئەگەر هاتەگۆڕێ دەکرێ وردتر لەسەر شیعر قسە بکەین.

یەکێکیان دەڵێ؛ ناکرێ شیعری من بەو بوتیقایەی شیعری شاملوی پێ دەخوێنرایەوە، بخوێنرێتەوە. پرسیار ئەوەیە ئەم کابرا بۆ کارێک بۆ ناساندنی ئەو بوتیقایەی گوایە شیعرەکەی لەسەری وەستاوە ناکات؟ ئاخۆ ئەرکی نوێخواز و پێشەنگ نییە، نوێخوازیی خۆی ڕوون بکاتەوە؟ ئاخۆ گۆران و سوارە نەیان کردووە؟ ئاخۆ وتاری “بۆچی من ئیتر شاعیری نیمایی نیم”ی ڕەزا بەراهەنی، قسەکردن نییە لەسەر نوێخوازیی خۆی؟ ئاخۆ ڕوونکردنەوەی ئەو بوتیقایە نییە کە ئەو بە دڵیە؟ ئاخۆ بەیانیەی سووریالیزم، ڕوونکردنەوەی ئەندرێ برێتۆن نییە؟ دیارە مەبەستم لە ڕوونکردنەوە، ڕوونکردنەوە بەرهەمێک نییە، بەڵکوو ڕوونکرنەوەی دنیای شیعری شاعیرەکەیە.

بوارەکە چۆڵەوانییە، هیچی تێدا نییە. ئەوان هیچیان نەبوو، من لە ڕوانگەی خۆمەوە دەقەکانم خوێندەوە. نووسینێکم خستە ئەو چۆڵەوانییەوە بۆ ئەوەی باسێک بێتە گۆڕێ، کە ئەگەر هاتەگۆڕێ دەکرێ وردتر لەسەر شیعر قسە بکەین.

ئەگەر شیعری ئەوان خاوەنی بوتیقایەکی تایبەتە، با بیخەنە ڕوو؛ تا ئێمە هەم بتوانین بە وردی باسی بوتیقاکە بکەین، هەم بتوانین بەپێی ئەو بوتیقایە شیعرەکە بخوێنینەوە. من هەوڵم داوە لە ڕوانگەی خۆمەوە، کە ئەو ڕوانگەیە لەو وتارەدا خۆی لە بڕێک پێوەردا دەبینێتەوە، تەماشای ئەو دەقانە بکەم. پێم وانییە لە بەراوردی دەقەکاندا لەو پێوەرانە لام دابێ.

ئەگەر لە شوێنێکدا من تەنیا ئەو نموونەیەی بەدڵم بووبێت هێنابێتەوە و بەڵگەم بۆ سەلماندنی نەهێنابێتەوە، ئەوە لەبەر ئەوەیە کە نەمویستووە  بڕێک قسە دووبارە بکەمەوە.

٢. ئاخۆ قاییلکردن خستنەڕووی سەلیقەیەکە لە هەمبەر سەلیقەیەکی تردا؟

بە ڕای من هەوڵدان بۆ قاییلکردن، هەوڵدانە بۆ هێنانەوەی بەڵگە بۆ ڕوانگەکەی خۆت. لێرەدا جارێتر دووبارەی دەکەمەوە ئەوەی من خستوومەتە ڕوو سەلیقەی ڕووتی خۆم نییە. ئەگەر سەرنج بدەی من بەپێی کۆمەڵێک پێوەر خەریکم ئەو کۆپلانە هەڵدەسەنگێنم. وە وەک دەبینی ئەو کۆپلانە لەو مەرجانە دەرناچن. من پێشوازی دەکەم لەوەی ئەو دەقانە ڕوانگەیەکی تۆکمەیان بۆ شیعر لە پشتەوە بێت و خاوەنەکانیان بیخەنە ڕوو. پێشوازی دەکەم لەوەی ئەوانیش کۆمەڵێک پێوەریان هەبێت. ئەگەر هەیان بێت و بیخەنە ڕوو، ئەوکات دەکرێ، هەم بەپێی پێوەرەکانی خۆیان دەقەکانیان هەڵبسەنگێنین، هەم لەسەر ڕەوایی خودی پێوەرەکان قسە بکەین.

٣. ئاخۆ ڕاوێژی لاقرتی پێ کردن و زمانی زبری وتارەکە ڕاکردنی منە لە شرۆڤە و شیکردنەوە؟

نازانم! ڕەنگه! بەڵام لەسەر زمان و ڕاوێژی نووسینەکە دەڵێم: لەنێوان چەندین ڕاوێژی وەک “گلەییکەر”، “سووکایەتیکەر”، “لاقرتیکەر”، “بێلایەن”، ڕاوێژی نووسینەکانی من تێکەڵێکە لە “لاقرتیکەر” و “سووکایەتیکەر”. من ڕقێکی زۆرم لە ڕاوێژی “گلەییکەر”ـە. زۆر نووسینی ڕەخنەیی و بەناو ڕەخنەییمان هەن، کە ئەو ڕاوێژەیان هەیە. کۆمەڵێکی زۆر خەڵک دەبینی گلەیی دەکەن، بەبێ ئەوەی شتێکی ئەوتۆ بگۆڕدرێت. هەموو باقیارکەرن. هەموو کەسانێکی نادیار بە تاوانبار دەزانن. لەبەر ئەو هەموو گلەییە بێناوەڕۆکە، بێکاریگەرییەیە کە ڕقمە لە گلەیی.

٤. ئاخۆ ئەو شێوەیەی من هەڵمبژاردووە، شوێنی بۆ ڕێژەیی بینینی بابەتەکان هێشتووەتەوە یان نا؟ منیش دەڵێم نەیهێشتووەتەوە! چون لە بنەڕەتدا ڕێژەییبوون لە هەڵبژاردنی نموونەکاندا نایەتە گۆڕێ. من کە ئەو نموونانەم هەڵبژاردووە، لانیکەم لای خۆمەوە پێم وابووە، نموونەکانی ئەو شاعیرانە وشەلەوشەدانن و مەرجەکانیان تێدا نییە. لەو لاوە پێم وابووە، ئەوانەی من لە هەمبەریاندا قووتم کردوونەتەوە مەرجەکانیان تێدایە. ڕەنگە دروستتر بێت لەوەدا بۆ ڕێژەیی‌نەبینینی من بگەڕێین کە بۆچی من نموونەگەلێکم هەر لەو شاعیرانە نەهێناوەتەوە کە ئەو مەرجانەی تێدا بێ؟ چون نموونەی لەو جۆرە، لەو دەقانەدا کەم دەست دەکەوت. پێم وایه ئەگەر بینیبێتم چاوم لێ نەنووقاندووە. کەسێک دەتوانێ ئەو دەقانە بگەڕێت، بزانێ من لامسەرلاییانە سەیرم کردوون و چاوم لێ نووقاندوون یان نا.

ژنەفتن: هەموو ڕەخنەیەک ئەم ئیدعایە لە هەناوی خۆیدا هەڵدەگرێ کە (دەیەوێ دیالۆگێک بهێنێتە ئارا بۆ ئەوەی ببێتە هۆی گۆڕانکاری)، خۆیشت لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا ددانی پێدا دەنێی کە (ڕاوێژی نووسینەکانت تێکەڵێکە لە “لاقرتیکەر” و “سووکایەتیکەر”)ە، تەنانەت ناڵێی تەنز، ئاخۆ تۆیش پێتوانییە کە سووکایەتی پێکردن، لە فەزاکە هێندە دوور دەکەونەوە کە ئەسڵەن نابێتە هۆی دروستکردنی دیالۆگ؟ پێتوانییە گەر ڕەخنەیەک، دیالۆگ دروست نەکات، جێ ناگرێ و هیچ گۆڕانکارییەکیش دروست ناکات؟

ئەمینی: ١. ئاخۆ لاقرتی و سووکایەتی وتووێژی ڕەخنەیی دروست دەکات یان نا؟

بە بڕوای من وتووێژی بەبەر و سوودبەخش پێویستی بە دوولایەن هەیە کە دەیانەوێت و توانایی ئەوەیان هەیە، ئاستی وردبوونەوە لە بابەتەکان بەرزتر بکەنەوە. ئەمە یانی من پێم وایە ڕاوێژی نووسینەکان دیاریکەر نین. ئەوەی دیاریکەرە، ویست و تواناییی کەسەکانە. زمانی زبر و هەستڕووشێن کاریگەریی نەرێنی لەسەر هیچکام لەو فاکتەرانە نییە. بە پێچەوانەوە، بۆ کەسی بەرپرسیار و ڕووناسک(بەرانبەری ڕووقایم!) دەتوانێت هاندەر بێت کە خۆی باشتر تەیار بکات و بێت لە ڕوانگە و بەڵگە و بەرهەمی خۆی بەرگری بکات. خراپیی ڕەخنەیەک کە زمانێکی زبری هەیە ئەوەیە بڕێک دەتوانن بیکەنە بیانوو بۆ بەرگرینەکردن لە خۆیان.

لاقرتییکردن، تەنانەت سووکایەتیش لە مێژووی بیر و فەلسەفەدا هەیە. دەتوانی سەیری کتێبی “کۆمەڵگای کراوە و دژمنەکانی” بکەیت. لەوێدا پووپێر ئەوەی بێڕێزی و لاقرتییە بە هیگڵی دەکات. پێت وایە بیرمەندێک ویست و تواناییی وەڵامدانەوە بە قسەکانی پووپێری هەبێت، لاقرتیکردنی پووپێر دەکاتە بیانوو بۆ وەڵامنەدانەوە؟ ئاخۆ لە کەسێکی ژیر دەبیستین؛ مادام پووپێر گاڵتەی بە هیگڵ کردووە، شایانی خوێندنەوە نییە و هەڵناگرێ مشتومڕی لەگەڵدا بکەیت؟

ئەوەی وەک باقیی لایەنەکانی تری کارەکەی من، کەس خۆی تێ نەگەیاند ئەو کۆڵە داهێنانە بوو کە من لەو پرۆژەیەدا خستمە ڕوو.

لە سەرەوە باسی خراپیی زمانی لەو جۆرەی خۆمم کرد، با باسی باشییەکانیشی بکەم. ئەوەی وەک باقیی لایەنەکانی تری کارەکەی من، کەس خۆی تێ نەگەیاند ئەو کۆڵە داهێنانە بوو کە من لەو پرۆژەیەدا خستمە ڕوو. داهێنانگەلێک کە هەم زمان، هەم ئەدەبی کوردیی دەوڵەمەند کردووە. دەمەوێ بە خۆهەڵکێشانەوە بڵێم پێم وایە ئەو پرۆژە بە قەد شیعری بیست ساڵی ڕابردووی ڕۆژهەڵات، داهێنانی پێشکەشی خوێنەر کردووە و دەیکات. تۆ دەتوانی چاوێک بە ناوی وتارەکانی مندا بخشێنی و لەگەڵ ناوی وتار و شیعر و ڕۆمانی کوردیدا بەرواردی بکەی تا بەو داهێنانانە بحەسی. سەیری بڕێکیان بکە:

کارێز دەریایی.

لە ئەرازلا ئەو باشەکەیانە.

بە قسەی سووک “ڕەزا” قورس دەکەن.

زانستی گابەگونناسی.

دەست بە ئاوی ڕوو گەیاندن.

جوێنجوێن.

کوردبەکەرزانین.

پیاز لە کەلانە بژنین.

لە بیرمان نەچێ، باسی باشیی ئەو ڕاوێژەمان دەکرد. من وای دەبینم ئەو ڕاوێژە زەمینەی بۆ هاتنەئارای ئەو داهێنانانە خۆش کردووە.

٢. ئاخۆ ڕەخنەیەک دیالۆگ دروست نەکات، جێ ناگرێت و گۆڕانکاری دروست ناکات؟

لای من هاتنەئارای دیالۆگی جیددی و بەبەر گرنگە، نە کۆبوونەوەی بێبەرهەم. تۆ دەتوانی لە شاعیرانی بەناو نوێخواز بپرسیت لە بیست ساڵی ڕابردوودا چیتان کردووە؟ ئەوان پتر لە کتێب و وتار باسی سەدان کۆڕ و کۆبوونەوەت بۆ دەکەن. بەردەوام کۆ بوونەتەوە و بەڕواڵەت دیالۆگیان هەبووە، بەڵام کامەیە ئەنجام و کۆی دیالۆگەکەیان؟ کامەیە ئەنجامی مشتوومڕەکەیان؟ بۆ میراتێک لەوانەوە بۆ بەرەی ئێمە نەماوەتەوە؟ هەموو دەزانین مێژووی فەلسەفە بە جۆرێک لە دیالۆگ هاتووەتە پێشەوە. با فیلسووفەکان هاوسەردەم نەبووگن، بەڵام ئەوانەی دواتر هاتوون، خۆیان لە قسەی پێشینەکان گەیاندووە و بە جۆرێک ویستوویانە وەڵامی ئەوان بدەنەوە. لای من گرنگە مرۆ هەڵوێست و ڕوانگە و بەڵگەی خۆی، بە زمانێکی ڕێک و ڕوون و ڕەوان بخاتە ڕوو. ئەو کات گەر کەسێک ویست و تواناییی هەبوو، خۆی تێ دەگەیەنێ. بەمجورە ئەو دیالۆگە دروست دەبێت کە لە جێی خۆدا کوتان نییە و لە ڕووی بیرکردنەوەوە بڕێک بەرەو پێش دەچین.

لاقرتی ڕاوێژی ڕەخنەکان دروست دەکات. تۆ لە نووسینەکانی مندا کۆمەڵێکی زۆر لێکدانەوە و شرۆڤە و پێکگرتنی دەق دەبینی کە لاقرتییەکە لە چاو ئەودا یەک لەسەر بیستیش نییە.

ژنەفتن: لە هەمان کاتدا کە ڕەخنە دەگری، خودبەخود مەحکووم دەبی بەوەی کە ڕەخنەت لێ بگێرێ. ئەمە پەرە بەو زەمینە و بوارە دەدات کە خەریکی تیایدا ڕەخنی دەگری و ڕەخنەت لێدەگیرێ. بەڵام لە هەمان کاتدا کە “سووکایەتی” دەکەی، دیسان خودبەخود مەحکوومی بەوەی “سووکایەتیت” پێ بکرێ. دیارە ئەمەش پەرە بە هیچ شتێک نادات، جگە لە سووکایەتی کردن بە یەکدی. سووکایەتییەکان باز دەدەن بۆ شتی شەخسی و تەنانەت تۆمەتی شەخسی و سەنگەر گرتن لە یەکدی بە هەموو جۆرە چەکێک جگە لە ڕەخنە، ئەو خۆ تەیارکردنەی تۆ باسی دەکەی دەچێتە ئاستێکی تر . کە دیارە بۆ ئێوەش ڕوویداوە، کێشەکە قووڵتر دەبێتەوە تا ئاستی پاساوهێنانەوە بۆ تۆمەت داتاشین.

ئەمینی: لاقرتی ڕاوێژی ڕەخنەکان دروست دەکات. تۆ لە نووسینەکانی مندا کۆمەڵێکی زۆر لێکدانەوە و شرۆڤە و پێکگرتنی دەق دەبینی کە لاقرتییەکە لە چاو ئەودا یەک لەسەر بیستیش نییە. لە زۆر شوێندا کە بابەتەکە پێویستی بە وردبوونەوە هەیە، گاڵتەکردن هەر نابینی. با باسی هۆکارێکی تر بۆ گاڵتەکردن بکەم. لە زۆر جێدا من گاڵتەکردن و گێڕانەوەی جۆک، بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خوێنەر بە کار دەهێنم. دەمەوێ خوێنەر لە ئاستی نووسینی ئەو کۆمەڵە کەسە – کە من پێم وایە نابێ بهێڵین نموونەیان زۆر بێت- ئاگادار ببێت. من نموونەیەکت بۆ دەهێنمەوە. یەکێکیان لە باسی داکاردا دەڵێ، یەکێک لەو خاڵانەی داکارییەکان داوایان دەکرد؛ ناسینی مەدلوولە زەینیەکان بوو! منیش دوای ڕوونکردنەوەی دال و مەدلوول، نووسیم: بە کابرا دەڵێن مەلە دەزانی؟ ئەویش یەکسەر دەپرسێ: لە ناو ئاوا؟ کارکردی ئەو جۆکە ئەوەیە خوێنەر لە ئاستی ئەو نووسینە باشتر تێ بگات و پتر لەسەری بوەستێت. گێڕانەوەی ئەو جۆکە نەبووەتە هۆی ئەوەی من بابەتەکە بۆ خوێنەر ڕوون نەکەمەوە و بە گاڵتەکردن یەکسەر تێی بپەڕێنم. ئەگەر سەرنجت دابێت یان ئاگادار بیت، خودی ئەو کۆمەڵە کەسە، بڕێکی زۆر گاڵتەیان بە یەکتر و بە کەسانی تر کردووە. نموونەکان ئەمانەن: بە کەسانێک کە لەگەڵ ئەو بێسەرووبەرییەی کە ئەوان بە نرخی داهێنان و نوێخوازی بە خوێنەریان دەفرۆشت، نەبوون، دەیانگوت: سەلەفی. بە ناو وتاریان هەیە ناوی “نوێخوازی و سەلەفییەتی سووپرمۆدێڕن”ـە. بەناو وتاریان هەیە ناوی “ئێمە و سەلەفییەتی چەقەخانە”یە. خوا دەزانێ ئەو ساڵانە لە سروەدا چییان بە یەک و کەسانی تر نەکردووە.

کاردانەوەی ڕەخنە لێ گیراوەکان بێدەنگیی لە ڕواڵەت و پیلانگێڕی لە ژێرەوە بوو. ئەوەی کە دەتوانین بە یەک وشە پێی بڵێین “نهێندڕی”. تا ئێستا کەسیان – بە ناوی خۆیانەوە – شتێکی ڕاشکاویان لەسەر ڕەخنەکان نەوتووە. کۆمەڵێک پەیجی ئینستاگرامی فەیکیان بۆ لێدانی پرۆژەکە دروستکرد. بەوەدا کە ڕەخنەلێگیراوەکان، تاقم و باندن، هەر تاقم و باندێک وەک تیر بە تاریکییەوە نان، پرۆژەکەیان دەدایە پاڵی تاقم و باندی بەرانبەر. ئەمە لەوەوە دەهات کە هیچیان پێی ڕازی نەبوون و بە زەرەری پێگەی ئەدەبیی خۆیانیان دەزانی. تەنانەت هەبوو، هیچی بۆ وەڵامدانەوە نەبوو دەیگوت، بیلال خەریکی هەورامیچێتییە و گوایە بە گوتەی جەنابیان گوتارێکی هەورامی لە پشت ڕەخنەکانی منەوەیە. وەڵامی من ئەوە بوو، تیر بە تاریکییەوە مەنێ! من هەورام نیم، دایک و باوکم جافن و خۆم کوردم!

پەستتانەترین کاردانەوە، کاردانەوەی کۆلکەشاعیرێکیان بوو. لە ڕێی چەند هاوڕێیەکییەوە – کە پێشتر هاوئەنجومەنی بوون – له ماڵپەڕی یەکێک لە حیزبە کوردییەکاندا، هەواڵێکی شپرزەیان بڵاو کردەوە کە گوایە کەسێک خەریکی بێڕێزیکردن بە نووسەرانی ڕۆژهەڵاتە و ئەمە پیلانی کۆماری ئیسلامییە. هەر هاوئەنجومەنییەکان، بەناوی حیزبەوە، پەیامێکیان هەنارد بۆم کە مەبەستی ئەو هەواڵە تۆی. سەیر ئەوە بوو، هاوئەنجومەنییەکان نووسیبوویان چەند دانە چاودێری ورد، نووسینەکانی تۆیان خوێندەتەوە. من پێم وانییە کەسێک خوێندبێتیەوە، چون ئەگەر کەسێک وتارەکانی من بخوێنێتەوە، ناگاتە ئەوەی ئەمە پیلانە، بەڵکو دەگاتە ئەوەی ئەمە هەوڵێکە بۆ ئەوەی ئەدەبی کوردی لە فیشقیات ڕزگار بکات. دەکرێ بەلاقرتییەوە! بپرسین، ڕەخنەلێگیراوان، چ هەڕەشەیەکیان بۆ کۆماری ئیسلامی بووە، تا ناچار ببێ بیانکوتێ ؟

من ڕەخنەم گرتووە. بەو ڕاوێژەیەش گرتوومە کە خۆم باسی دەکەم. ئەو ڕاوێژە بەو باشییانە کە هەڵمدا بۆتان. ئەوانە دەبوو بە پلەی یەک وەڵام بدەنەوە، هەڵبژاردنی تۆنی نووسینەکەشیان بە دەستی خۆیان بوو.

ئەم هەمگەم گوت کە ڕاستییەکی گرنگ بە ئێوە و خوێنەرانی ئەم دیمانەیە بڵێم: وەک لە سەرەوەدا ئاماژەم دا، گاڵتە و تەنانەت بێڕێزی، بۆ ئەو ئەدبیبانە شتێکی تازە نییە. ئەوەی بۆ ئەوان تازەیە؛ ڕەخنەیەکی جیددیە کە دەتوانێ پێگە درۆینەکەیان بڕووخێنێت. ئەگەر ڕەخنەکانی من وەک ئەوانەی ئەم بیست ساڵەی ڕۆژهەڵات، پیاهەڵدان و ماستاوچێتی بوایە، ئەگەر وەک هی ئەوان باسی وتیوتی و دەنگۆی دەرەوەی دەق بوایە، پێوستی نەدەکرد کۆلکەشاعیرێک حیزبێک بکاتە قەڵغانی پێگە درۆینەکەی. ڕاستییەکەی من دوای ئەو کارەی ئەو کۆلکەشاعیرە، بڕوام بە ڕەخنەکانی خۆم پتر بوو. باشتر تێ گەیشتم کە ئیدعای فەیکبوونیان ڕاستە. دڵنیا بووم تواناییی وەڵامدانەوەیان نییە. پێم وایە ئەو کارە خۆی سەلمێنەری فەیکبوونیانە.

باسی ناکۆکیی نێوان خودی ڕەخنەلێگیراوەکانم کرد. دەبێ بزانی ئەوانە ئەگەر جار جار ڕەخنەشیان لە یەک گرتبێت، هێندەی باسی وتیوتیان کردووە، هێنده باسی دەقیان نەکردووە. بەڵام تۆ لە کارەکەی مندا وتیوتی نابینی. ئەوەی هەیە ڕەخنەیه لەسەر دەق، لەگەڵ ڕاوێژێکی گاڵتەکەر. پێش نایەت من باسی دەرەوەی دەق بکەم. نموونەی ئەو وتویوتییانە کە بە ناوی دایالۆگ و ڕەخنەوە بڵاو کراوەتەوە: هەیە دەڵێ فڵان لێم پاڕایەوە لە فڵان وتارمدا ناوی بهێنم. بەڵام ئەو باسانە لە پرۆژەکەی مندا نابینی.

ژنەفتن: با لەم پرسیارەدا، بۆچوونی تۆ لەسەر ڕەخنە (کریتیک) وەک چەمک و پێناسە و ناساندن بزانین؟ ئەوەی پێی دەڵێن ڕەخنە، چییە؟ ڕەخنەگر کێیە؟ هەڵبەت لای هەموو خاوەن ڕا و ئەدیبێک نەبوونی ڕەخنە لە ئەدەبی کوردیدا بووە بە یەکێ لە باسە هەمیشەییەکان و وەک کەموکوڕییەکی ترسناک لەسەری قسە کراوە، بە بۆچوونی تۆ نەبوونی ڕەخنەی ئەدەبی (هەڵبەت لە باشووریش، نەک تەنیا لە ڕۆژهەڵات) بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

ئەمینی: وشەی critique لە سەرەتای سەدەی هەژدەهەمەوە لە زمانی فەرەنسییەوە هاتووە ناو ئینگلیزی. ئەو وشەیە لە بەکارهێنانە سەرەتاییەکانیدا ئاماژەی بە نووسینێک کردووە کە پەرژاوەتە سەر وەسفکردن و دادوەریکردنی بەرهەمێکی هونەری یان ئەدەبی. دوای دروستبوونی کاری to critique لە ناوی critique ـیشەوە، هەر پەیوەندیی ئەو وشەیە بە نووسین لەسەر ئەدەبیات ماوەتەوە.

ئەم وشەیه لە ئینگلیزیدا لە سەردەمێکدا کە شێوەیەکی نوێی کولتووری ئەدەبی دەردەکەوێ، فرەتر بەکار دەچێ. سەردەمێک کە گۆڤارگەلی وەک سپکتاتۆر دەردەکەون. لەوێدا کە تاوتوێ و وردبوونەوە لە بەرهەمەکان پێویستتر دەبێت. لەوێدا کە هەست دەکرێت؛ خوێنەرانی بەرهەمە ئەدەبییەکان لە ڕووی سەلیقە و بڕیاردان لەسەر بەهەمەکان، پێویستییان بە ڕێبەرە.

لێرەدا ئەدەبیات دەبێ بە دوو ڕەوت. ڕەوتێک بەرهەمهێنانی ڕۆمان و شانۆنامە و شیعر و بەهەرمی فەلسەفی و مێژوویی لە خۆ دەگرێت. ڕەوتێک خەریکی لێدوان و لێکدانەوە و ڕوونکردنەوەی ئەو بەرهەمانەیە لە شێوەی وتار و خوێندنەوەدا. ئیتر critique بوو بە وشەیەکی بەکەڵک بۆ ئاماژەکردن بە جۆرێکی تا ڕادەیەک نوێی نووسین؛ ئەدەبیاتێک لەسەر ئەدەبیات. ئەدەبیاتێک کە بە بابەتگەلی وەک سەلیقە و دادوەریکردن و هۆشیاری و زانیاری پێدانەوە خەریکە. جۆرێکی نوێی خستنەڕوو و ڕانانی بۆچوونەکان.

گەشە فیکری و فەلسەفییەکانی دەرەوەی ئینگلتەرا، لە سەدەی نۆزدەهەمدا، مانایەکی نوێیان بە critique دا. لە کۆتاییی سەدەی هەژدەهەمدا بوو کە کانت کارەکانی بڵاو کردەوە. ئەو بەرهەمانەی کانت وەک ڕەخنەکان critiques وەرگێڕدرانە سەر ئینگلیزی. ئەو وشەیە کە کاتی خۆی لە فەرەنسییەوە هاتبووە ناوی ئینگلیزی ئێستا وەک هاوتای kritik ی ئەڵمانی بەکار دەچوو. لێرەدا کە critique لە ئەدەبەوە چوو بۆ فەلسەفە، ئاماژەی بە شێوازێک لە پرسین دەکرد کە دانرابوو بۆ ئاشکراکردنی مەرجەکانی پەیدابوونی ئایدیا یان چەمکێکی تایبەت.

کریتیکی کانتی خەریکی دۆزینەوەی سرووشت و سنوورەکانی تێگەیشتنی مرۆڤ بوو. دۆزینەوەی ستراکچری بناغەییی مێشکی مرۆڤ.

مارکس ئەو ستراکچرە بناغەیییانەی نە لە مێشکی مرۆڤدا، لە دامەزراوە ئابوورییەکانی کۆمەڵگادا دەبینی و بەمە ئاراستەی کریتیکی گۆڕی.

ڕەخنەی ئەدەبی لەگەڵ هەموو شێوازەکانی critique پەیوەندیی خۆی پەرە پێداوە. دەکرێ یەکەمین پەیوەندییەکانی ڕەخنەی ئەدەبی بە کریتیکی کانتییەوە، لە بۆچوونی ڕۆمانتیکەکان سەربارەت بە ئەندێشە imagination دا ببینرێتەوە کە سەرچاوەی ئەدەبیاتیان بە بەهرەیەک دەزانی که لەنێوان مێشکی مرۆڤ و مێشکی یەزدانیدا جێی گرتووە.

لەو کاتە بەدواوە، شێوازە جیاوازەکانی ڕەخنە – مارکسیزم، فێمێنیزم، ستراکچرالیزم، دەروونشیکاری، زمانناسی – چ لەگەڵ یەک، چ بە جیا، تیۆریگەلێکی ڕەخنەییان بەرهەم هێناوە کە کەڵکەڵەی ئەوەیە تاوتوێ و شیکاریی وردی بەرهەمە ئەدەبییەکان بکات. بێجگە ئەوە ئەو تیۆرییە ڕەخنەییانە دەپەرژێنە سەر ئەو دۆخەی ئەو بەرهەمانەی تێدا پەیدابووگن. شتانێکی وەک ستراکچری کولتوور و زمان، یاساکانی گێڕانەوە یان ئەو ئایدۆلۆژییانەی لە کۆمەڵگا چینایەتییەکاندا بەرهەم دێن.

لای من ڕەخنە ئەو خوێیەیە ناهێڵێ کۆمەڵگا بگەنێت. بەر بە گەندەڵبوون دەگرێ.

ئەوەی لە سەرەوەدا هات، کورتەیەک بوو لەسەر مێژووی وشەی critique وەختێ لە کەسێک سەبارەت بە پێناسەی چەمکێک لە ڕوانگەی ئەوە دەپرسی، بە زۆری دەبێ چاوەڕێ بی، پێناسەکەی ئەو کەسە چەمکەکە سنووردار بکاتەوە. لای من ڕەخنە ئەو خوێیەیە ناهێڵێ کۆمەڵگا بگەنێت. بەر بە گەندەڵبوون دەگرێ. ئاشکرا دیارە ئەم پێناسەیەی من ڕەخنە زۆر سنووردار دەکاتەوە، بە جۆرێک کە زۆرێک لەو مانایانەی کریتیک هەیبوو ناگەیەنێت. باشتر ئەوە بوو بە جێی ئەوەی بڵێم پێناسەی من بۆ ڕەخنە ئەمەیە، بڵێم من چاوەڕێ دەکەم ڕەخنە ئەم کارکردەی هەبێ. لای من کە گەندەڵی و نەخۆشی هەبوو، پێویست دەکا ڕەخنە سەر هەڵبدا. لای من ڕەخنە بە پلەی یەک دەبێ ئەو نەخۆشییە دەستنیشان بکات، بیناسێنێت، ناوی بنێت. زۆرجار ناکرێت چاوڕێ بی، ڕەخنە خۆی چارەسەری نەخۆشییەکە بکات. زۆرتر ئەرکی ئەوەیە بەڵگە بۆ بوونی نەخۆشییەکە بدۆزێتەوە. بیسەلمێنێ نەخۆشییەکە هەیە. دواتر ئەگەر توانی تەواوی نیشانەکان و تایبەتمەندییەکانی نەخۆشییەکە بدۆزێتەوە، دەبێ بە ڕەخنەیەکی تەواو. کە توانی چارەسەریش بدۆزێتەوە ئەوە نوری عەلا نورە. ئەم پێناسەیە لەنێوان کردەیەکی شۆڕشگێڕانە و کردەیەکی چاکسازانەدا، ڕەخنە بە کردەیەکی شۆڕشگێڕانە و هەڵتەکێن دەزانێت. لای من ئەوە ڕەخنە نییە بە کابرا بڵێی: خۆزگە کاک فڵانکەس بە جێی لەکلەک بتنووسایە لەقلەق!

هەر لەم ڕوانگەیەوە لای من ڕەخنەگر ئەو تاکە زیرەکەیە کە بە نەخۆشییەکە دەحەسێ و هەوڵ بۆ ناساندن و ناونان و دەستنیشانکردنی دەدات. ڕەخنە لە حەسین بە نەخۆشییەکەوە دەست پێ دەکات. ئەگەر کەسەکە تواناییی ناساندن و دەستنیشانکردنی هەبوو، دەکرێ ناوی ڕەخنەگری لێ بنێی.

پرسیوتە نەبوونی ڕەخنە بۆ چی دەگەڕێتەوە. نەتەوەی کورد بە هۆی ئەو هەلومەرجە سیاسی، جوگرافیایی، خەڵکناسییەی هەیەتی، لە هەر بوارێکدا تۆ بیگری شارەزای کەمە. دابەشبوونی بە سەر وڵات و شێوەزاری جیاجیادا، ڕێگرە لەوەی بەهرەکانی کۆ ببنەوە. ئەمە بێجگە ئەوەی بەشێک لە بەهرەکانی خراونەتە خزمەت بە زمان و ئەدەبێکی تر. من دەڵێم ڕەخنەی کوردیمان هەیە. ڕێک بە قەد ئەوەی خوێندەوار و لێزانمان هەیە، ڕەخنەمان هەیە. کێشەکە لە ئەدەبی کوردیدا، من دەخاتەوە بیری خانی دەڵێ: خانی ژ کەمالێ بیکەمالی، مەیدانێ کەماڵێ دیت خالی. خانییەکە هەڵگرە، شاعیر و ڕەخنەگری کورد، بخەرە شوێنەکەی. زۆربەی کەسەکان لەبەر چۆڵبوونی مەیدانەکە خەریکی تەڕاتێنن. تۆ لە باشووردا دوو شار دەبینی کە وڵاتێکیان پێکهێناوە. ئاساییە کە لەو وڵاتەدا هەرکەسێ هەڵسێت دەبێت بە شتێک. من چارەسەری باش بۆ ئەم دۆخە لەوەدا دەبینم کە ئێمە ئەدەبی شێوەزارەکان، بکەین بە ئەدەبی هەموو کورد. ئەمەیش بەوە دەبێ کە خوێنەر و نووسەری کورد شێوەزارەکان فێر ببن. دەبێ کتێبخانەی سۆرانی و کرمانجی، کتێبخانەی کوردی بن. دەبێ وەرگێڕانی نێوان شێوەزارەکان نەمێنێ و جێی خۆی بدا بە فێربوونی شێوەزارەکان. نموونەی باش لەم بوارەدا بادینانە. من ڕەخنەگری بادینیم بینیووە، لە کتێبەکەیدا بە قەد دەقی کرمانجی، دەقی سۆرانی خوێندووەتەوە. من وای دەبینم ئەمە مەیدان بۆ تەڕاتێنی فەیکەکان تەنگ دەکات. تەڕاتێنی فەیکەکان، وای کردووە؛ کەسەکان بۆ دەکەوتن بەجێی خوێندنەوە و خۆپێگەیاندن و داهێنان بە شوێن دۆزینەوەی پەیوەندییەوە بن.

من پرۆژەیەکی وەک پرۆژەکەی خۆمیشم بە چارەسەر دەزانی. بۆیە دەستم دایە و ئەنجامم دا.

هۆکاری کەمتر بینرانی پرۆژەکە، بە پلەی یەکەم بۆ خودی پرۆژەکە دەگەڕێتەوە. بەوەدا کە پرۆژەکە هەڕەشەیە بۆ سەر پێگەی ئەدەبیی زۆر کەس،

ژنەفتن: بەر لەوەی درێژە بدەین بە قسەکردن لەسەر ڕەخنە و ڕەخنەگر؛ دەمەوێ بپرسم چۆن هەوڵەکانی خۆت بە پرۆژە ناودەبەی؟ لە کاتێکدا هێشتا ئەوەشی کردووتە، نەبینراوە و ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکانیمان[دەڵێم ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکان، چونکە پرۆژەی جیدی لەگەڵ خۆیدا چەندین ئەنجامی چاوەڕوانکراو هەڵدەگرێ] نەبینیوە. هەموو پرۆژەیەکیش لێکەوت و کاریگەری دادەنێ، ئەو لێکەوت و کاریگەریانەش تا ئێستا بینراون و لە مقۆمقۆی نێو دەنیای مەجازی تێنەپەڕیوە؟ جێی خۆیەتی لێرە یەکێ لەو پرسیارانەی کە بۆمان هاتبوو، دابڕێژمەوە؛ لە بنەڕەتدا بە جۆرێک بۆ جێی خۆ کردنەوە و ناو دەرکردن سەرەتاکان دەستت داوەتە ئەم جۆرە لە ڕەخنەگرتن، نەک وەک ئەوەی ئیدعای دەکەی لە خەمخۆریت بۆ ئەدەب و زمانی کوردی بێت. بەپێی ئەم دوو خاڵە بێت، ناکرێت لانیکەم جارێک ناوی پرۆژەی لێبنرێ.

نووسیوتە: “من پرۆژەیەکی وەک پرۆژەکەی خۆیشم بە چارەسەر دەزانی. بۆیە دەستم دایە و ئەنجامم دا.” بە چارەسەرت زانیوە! ئایا ئێستاش هەر پێتوایە کە جۆری کارکردنی وەک ئەمەی ئێوە، چارەسەرە؟

ئەمینی: ١. ئەوەی من پێی دەڵێم پرۆژەی “با نموونەیان زۆر نەبێت”، کۆمەڵێک وتارن لەسەر زمان و شیعر و ڕەخنەی شاعیرانی بەناو نوێخوازی ڕۆژهەڵات. جێی ئاماژەپێدانە کە تا ئێستا تەنیا پێنج فایل لەو پرۆژەیە کە نزیکەی سی فایلە، بڵاو کراوەتەوە. من پێی دەڵێم پرۆژە؛ چون ئەو کۆمەڵە وتارە، لە پێناو ئامانجێکی دیاریکراودا نووسراون و بە ئاراستەیەکی دیاریکراودا دەڕۆن.

ئەوەی کە نووسینەکانی من بینرابن یان نا، لە پرۆژەبوون نایانخات. هۆکاری کەمتر بینرانی پرۆژەکە، بە پلەی یەکەم بۆ خودی پرۆژەکە دەگەڕێتەوە. بەوەدا کە پرۆژەکە هەڕەشەیە بۆ سەر پێگەی ئەدەبیی زۆر کەس، چاوەڕوانکراوە لە لایەن زۆر کەسەوە دژایەتی بکرێت و هەوڵ بۆ نەبینرانی بدرێت. بە پلەی دووهەم بڵاوکەرەوە و ماڵپەڕەکان دێن، کە خۆیان لەو پرۆژەیە کەڕ کرد، ئەویش لە پێناو ڕاگرتنی دڵی ڕەخنەلێگیراوەکان بوو. وەک هاوڕێیەک گوتی: هیچکەس نایەوێت کتێبێک بڵاو بکاتەوە کە دژی زۆربەی کتێبەکانیەتی! هۆکارێتر بۆ کەمتر بینران و بڵاونەبوونەوەی کتێبەکە بۆ ئاکاری خۆم دەگەڕێتەوە. ڕاستییەکەی لای من ئەدەب و ڕەخنە و کوردی و لەوانیش گەورەتر ناهێنێ ڕوو بنێم لە کەسێ! کە زانیم کەس خۆی لێ تێ ناگەیەنێ بڕیارم دا بە پی.دی.ئێف بڵاوی بکەمەوە کە پێویستم بە یارمەتیی کەس نەبێ. سەیر ئەوەیە بۆ بڵاوکردنەوەی پی.دی.ئێفیش هەر کێشە هەبوو. ماڵپەڕێک هەیە کاری کتێب و کوردی و ئەو شتانەیە و پی.دی.ئێفی بڵاونەکراوە بڵاو دەکاتەوە. بەر لە دەستکردن بە بڵاوکردنەوەی بابەتەکان – ئەو کاتەی هێشتا نەیدەزانی پرۆژەکە چۆنە – بەڕێوەبەرەکەیم بینی. خۆی گوتی: ئەگەر زانیت کارێکم لە دەست دێت پێم بڵێ. زەنگم بۆ دا، ڕاشکاوانە نەیگوت ناوێرم بڵاوی بکەمەوە، بڕێک بڕ و بیانووی هێنایەوە. من لەسەری نەچووم، نەیشمدا بە چاویدا کە ناوێری بڵاوی بکەیتەوە. ئامانەم گوت که ئەگەر باوەڕت بە قسەی من هەیە، بتوانی بە چاوێکی سووک سەیری پانتاییەکە بکەی. کێشەکانی بەردەم بڵاوکردنەوەی کتێبەکە خۆی نیشاندەری کاریگەری کتێبەکەیە.

٢. حەز بە ناودەرکردن، بابەتێکی سرووشتییە. لە هەموو کەسێکدا هەیە. ئەوەی کە مرۆ دەیەوێ لە چ  ڕێگەیەکەوە ناو دەر بکات، دەبێت لەسەری بوەستین. ئەگەر پاڵنەری من بۆ نووسینی ئەو کتێبە تەنیا ناودەرکردن بوایە؛ نەدەبوو کتێبیکی وا بنووسرێت. بۆچی؟ چون حاشا هەڵناگرێت لەناو کورددا ئەوەندەی بە پەیوەندی و پیاهەڵدان، دەتوانی ناو دەربکەیت، نیوی‌نیو هێندە بە بیرکردنەوە و ژیری و زیرەکی و لە لاوە مەڕتاندن و ڕووشاندن، ناتوانی ناو دەربکەیت. من دەڵێم ناڕێکی و نەخۆشییەک هەبووە کە من پێی حەسیوم و ئازاری داوم. ویستوومە بیناسێنم. حەز بە ناودەرکردنیش هەبووە، هەڵبەت نەک بە شێوە نادروست و باوەکەی. لەناو ئەدەبی کوردیدا ناودەرکردن زۆرتر لە ڕێگەی نانبەقەرزدان و پیاهەڵدان و ئامادەییە لە ناو پانتاییەکەدا. من بەو کارەی خۆم بەو ڕێگەیەدا چووم کە پێچەوانەی گاڕێ، سەخت و کەمڕێبوارە و من ناوی دەنێم کەڵەڕێ.

بیر لەوە بکەرەوە ئەگەر من ئەو توانایی و کاتەم بخستایەتە خزمەت ناساندن و هەڵدانی فەیکەکان، ئێستە باکسر و کلۆڤەر، ناوبانگی مامۆستا بیلالیان پێ نەدەکێشرا. کە بیر لە کار و ژیانی خۆم دەکەمەوە، دەکەومە بیری شاملوو کە گوتبووی:

هرگز کسی اینگونه فجیع به کشتنِ خود برنخاست

که من به زندگی نشستم!

(قەد کەس ئاوا دڵڕەقانە، بۆ کوشتنی خۆی ڕانەپەڕی، بەمجۆرەی کە من ژیام).

٣. پێم وایە ئەگەر دڵسۆزییەک هەبێت، پتر بۆ گەنجانی کوردیخوێنە. بەر لە نووسینی کتێبەکە گەنجانێکی هەژدە ـ نۆزدە ساڵانم دەهاتە بەر چاو کە وتارێک وەک ئەوەی من لە “کوردبەکەرزانین”دا تاوتوێم کردووە، دەخوێننەوە. بیرم دەکردەوە ئەو وتارە دەخۆێننەوە و هیچی لێ تێ ناگەن. جا وا دەزانن ئەوە دەرەنجامی گێلی و نەخوێندەواری خۆیانە و بەمە باوەڕیان بە خۆیان نامێنێت و نووسەرەکەیان لێ دەبێت بە دێو. یان بیرم دەکردەوە هەر ئەو نووسینەی کە – لە ڕووی زمانەوە – پڕە لە هەڵە، دەبێ بە سەرچاوە بۆ کوردی فێربوونی کۆمەڵێک گەنج. پێم وایە کتێبەکەی من ئەگەریش بۆ ئەمانەی کە خوازیارم نموونەیان زۆر نەبێت، سوودی نەبێت و چاکیان نەکاتەوە، دەتوانێ لانیکەم نەهێڵێت نموونەیان زۆر بێت. دەتوانێ وا بکات بەرەی داهاتوو جیددیتر بێت.

من پێم وایە ئەو گرفتانەی من دۆزیبوونمەوە، هەڵوێستی ڕادیکاڵیان دەخواست. هەر پێویستیی ڕەتکردنەوەی جیددی بوو کە ئەو شێوە نووسینەشی فەرز کرد.

ژنەفتن: وەک دەڵێن تۆ کارەکەت یان وەک خۆت دەڵیی پرۆژەکەت بە کارێك و هەوڵێکی ڕادیکاڵ ناو دەبەی؟ لە کوێدا ڕادیکاڵە؟ وەک دەزانین کە هەموو کارێک پێویستی بەوە نییە رادیکاڵانە بێت، تۆ چۆن پاساو بۆ پێویستی ڕادیکاڵبوونی هەوڵ و پرۆژەکەت دەهێنیتەوە؟ ڕەخنەی ڕادیکاڵ و ناڕادیکاڵ چۆن جیا دەکەیتەوە؟ لەلایەکی تریشەوە ئەو نەوەیەی کە تۆ ڕەخنەیان لێدەگری، هەر لەسەرەتاوە ئا ئێستاشی لەگەڵ بێت زۆرینەیان هەوڵەکانی خۆیان بە ڕادیکاڵ دەزانن لەنێو ئەدەب و ڕەخنەی کوردیدا؛ جگە لەمەش هەر لەو پانتاییەدا ئەوانیش بەربەستیان بۆ دروست دەکرا، خوێندنەوەت بۆ ئەمە چییە؟

ئەمینی: من وشەی ڕادیکاڵم، وەک ئاوەڵناوێک بۆ پرۆژەکەی خۆم، بەکار نەهێناوە. بەڵام ئەگەر مەبەست لە ڕادیکاڵ، ڕەتکەرەوە و هەڵتەکێن بێت، پێم وایە پرۆژەکە ڕادیکاڵە. ئەگەر سەرنجی ناوی پرۆژەکە بدەی؛ دەبینی ڕادیکاڵ ئاوەڵناوێکی گونجاوە بۆ پرۆژەکە. من پێم وایە ئەو گرفتانەی من دۆزیبوونمەوە، هەڵوێستی ڕادیکاڵیان دەخواست. هەر پێویستیی ڕەتکردنەوەی جیددی بوو کە ئەو شێوە نووسینەشی فەرز کرد. بێجگە ئەو شێوەیەی خۆم(خوێندنەوەی ڕستە بە ڕستەی وتاری ئەو ئەدیبانە)، وەک بژاردە شێوەیەکی ترم لەبەردەم بوو. دەکرا من پرۆژەکە بەپێی بابەت پۆلێن بکەم. بۆ نموونە دەمتوانی بابەتی کوردینووسین جیا بکەمەوە و تێیدا هەموو جۆرەکانی هەڵە دەستنیشان بکەم و نموونەی بۆ ببینمەوە. دەکرا هەموو خەسارەکانی وتاری ڕەخنەیی ئەو کۆمەڵه ئەدیبە بدۆزمەوە و بۆ ئەویش نموونە ببینمەوە. من ئەو شێوەیەم بە دڵ نەبوو. چون پێم وابوو ئەو شێوەیە کارەساتەکە باش دەرناخات. ئەگەر بڕێک هەڵەی زمانی دەستنیشان بکەی، خوێنەر دێت دەڵێ: ئاساییە! هەموو کەس هەڵە دەکات. بەڵام ئەگەر نووسینێک ڕستە بە ڕستە بخوێنیتەوە و خوێنەر ببینێ نووسینەکە سەرلەبەری هەڵەیە ئەو کات لە کارەساتەکە تێ دەگات. ئەگەر وتارێکی ڕەخنەیی ڕستە بە ڕستە بخوێنیتەوە و بە خوێنەر نیشان بدەی کە لە هەر پاراگرافێکدا، دەکرێ چەندین خەساری گەورە ببینی؛ تێ دەگات ئەو کەسانه چ کارەساتێکیان بەسەر زمان و ئەدەبدا هێناوە. ئینجا خوێنەر قبووڵی دەکا کە ڕەتکردنەوە هەڵوێستێکی هەڕەمەکی نییە.

پێشتر باسی کریتیکمان کرد و گوتمان، هەڵسەنگاندن، لێکدانەوە، ڕوونکردنەوە، دادوەریکردن، زانیاری و هۆشیاری پێدانی… لە خۆ دەگرت.

من پێم وایە ڕەخنەی ڕادیکاڵ کە دەکرێت وەک بەرانبەری ڕەخنەی چاکساز چاوی لێ بکرێت، کاتێک پێوست بە گرتنی دەبێت کە کەسێکی زیرەکی خاوەن بیرێکی ڕەخنەیی، بەوە دەحەسێ کە ناڕێکی، نەخۆشی، ناهەقییەک هەیە. ئەم ناڕێکی، نەخۆشی، ناهەقییە، لە بوارێکی وەک ئەدەبیاتدا دەکرێ خۆی لە گەورەکردنی بەرهەمێکی بێبایەخ، نەبینران یان سووککردنی بەرهەمێکی بەرز، دابەزاندنی سەلیقە خوێنەر یان گڵمەگڵمدا ببینێتەوە.

بەرهەمی ئەدەبی بە زۆری و شیعر بە تایبەتی، پێچەوانەی بەرهەمی زانستی ناڕوونی بەشێکە لە تایبەتمەندییەکانیان. سەیر بکە تەنانەت لە بەرهەمێشکدا کە پێی سەرسامی، بەشکانێک هەن کە ناڕوونن بۆت. هەست دەکەی بەرهەمەکە تەواو بۆت دەستەمۆ نابێ. من وای دەبینم ئەمە ئەو تایبەتمەندییەی ئەدەبیاتە کە زەمینە بۆ شەیادی بڕێک کەس خۆش دەکات. کابرا شیعرێک دەنووسێ، تۆ دەزانی فڕی بە سەر شیعرەوە نییە، بەڵام کۆڵکە شاعیرەکەی دەتوانێ بڵێت تۆ ئەگەر ناتوانی پەیوەندیی لەگەڵ بگری کێشەی خۆتە. بۆ بەرهەمێکی زانستی دۆخێکی لەم جۆرە پێش نایەت. گەرەکمە بڵێم ئەو کۆمەڵە ئەدیبەی من ڕەخنەم لێ گرتوون، ئەو تایبەتمەندییەی ئەدەبیاتیان قۆزتووەتەوە. ئەوان ناڕوونییان بۆ شاردنەوەی ناشارەزایی خۆیان بەکارهێناوە. نایشارمەوە نەمهێشتووە بەسەریانەو بچێت.

جا کە تۆ دەڵێی ئەمانە کاتی خۆی، خۆیان بە ڕادیکاڵ ناساندووە، ڕێک وایە. ئەو نەخۆشییەی من پێی حەسیم ئەوە بوو؛ کۆمەڵێک ناشارەزا و هیچ لێنەزان خەریکن خۆیان وەک شارەزا و ئاڤانگارد ڕادەنێن. ئێستە دەزانی من پێش نووسین لە چ دۆخێکدا بووم؟ لای من ئەو گەندەڵی و کوردبەکەرزانینە، هەڵوێستی ڕادیکاڵی دەویست. پێیشم وابوو گەندەڵی و کوردبەکەرزانینەکە تەنیا ڕەهەندی ئەدەبی نییە، بەڵکو ڕەهەندی ئەخلاقیشی هەیە.

سەبارەت بە پرسیاری ئەوەی کە کاتی خۆی ئەوانیش بەربەستیان بۆ دروست کراوە. دەبێ بڵێم: ئەوەی ئەوان تووشی بوون، بەربەست بەو مانایەی بۆ من پێش هاتووە، نەبووە. ئەوەی ڕەنگە ئەوان پێی بڵێن بەربەست، ڕەتکردنەوەی بەرهەمە شیعری و ڕەخنەییەکانیانە لە لایەن خوێنەرەوە. بەربەست ئەوەیە ئەوان بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیان تووشی کێشە بووبن. شتی وا نەبووە. بەڵام ڕەتکردنەوەی خوێنەر، هێشتاش بەردەوامە. پێچەوانەی ئەوەی دەیانگوت داهاتوو لە بەرژەوەندیی نوێخوازانە! دوای بیست ساڵ، دۆخیان خراپتر نەبووبێ، باشتر نەبووە. لانیکەم بیست ساڵ پێش، پووچیی ژستەکانیان دەرنەخرابوو!

لە کۆتاییدا بڵێم من نووسینەکانی خۆم، نەک پێشوازینەکردنی خوێنەر بە سەلمێنەری فەیکێتیی ئەوان دەزانم. چون بەرهەمی وا هەیە خوێنەر باوەشی بۆ گرتووەتەوە، بەڵام لای من لە بەرهەمی نوێخوازان سووکترە.

ناهەقیی گەوره لای من ئەوەیە؛ ناوی سووسێر و دریدا و ویتگنشتاین و ئاگامبن بهێنی، کەچی سەرەتاییترین شتەکان سەبارەت بەو بیرمەندانە نەزانیت. هێشتا لە لێککردنەوەی دال و مەدلوول و متۆنیمی و مێتافۆردا مابیتەوە،

ژنەفتن: خۆیشت پێتوانییە کە ڕەتکردنەوەی بیست ساڵی ئەدەبی کوردی لە ڕۆژهەڵات زۆر بێویژدانانەیە. لە بێویژدانیش گەڕێین؛ ڕەخنە تەنیا گەڕان نییە بە دوای کەموکوڕی و هەڵەکانی نێو دەق، یان سەلماندنی خراپی دەقێک. پێتوانییە بە ڕەخنەگرێکی بۆ نموونە فەڕەنسی بڵێی “من لەگەڵ ڕەتکردنەوەی بیست ساڵی ئەدەبێ وڵاتێک، پرۆژەیەکیشم دەست پێکردووە بۆ ئەوەی بە ڕەخنەکانم بیسەلمێنم کە لە ماوەی ئەم بیست ساڵەدا ئەم ئەدیبانە هیچیان نەکردووە شایەنی خوێندنەوە و ڕاڤە و ڕەخنە بێت”؛ ئەویش گەر گاڵتەجاڕانە سەیرت نەکات، ئەوا وەک بێویژدانێک سەیرت دەکات.

بە جۆرێکی تر بڵێم، پێت وانییە گەڕان بە دوای هەڵە و کەموکوڕی لەنێو هەر شتێکدا کارێکی ئاسانە، بە تایبەت چاوت لە ئاست باشییەکانی نێو ئەو شتە دابخەی؟

ئەوەش بڵێم من پێموایە پرۆژەکەی تۆ خزمەت بەو دیدگایە دەکات کە ڕەخنە تەنیا لە هەڵسەنگاندنی خراپ و باشی دەقدا کورت دەکاتەوە (بە جیاوازی ئەوەی تۆ هەوڵ دەدەی بیسەلمێنی کە بۆ خراپە!)، ئەمەش یەکێکە لە کێشە زۆر قووڵەکانی ئەدەبی کوردی.

ئەمینی: “خۆیشم” نا، “من” پێم وایە ڕەتکردنەوەی ئەدەبی کوردی بیست ساڵی ڕابردووی ڕۆژهەڵات، بێویژدانییە. دەمەوێ بڵێم من ئەو کارەم نەکردووە. ئەگەر بە جێی وشەی “ئەدەب” وشەی شیعرت بەکاربهێنایە ئەو کات بڕێک ڕاستیترم سەبارەت بە شیعر دەگوت. ئەوەی من لەسەری نووسیوومە – پرۆژەی “با نموونەیان زۆر نەبێت” – لەسەر شیعرە، نەک ئەدەب بە گشتی. لەسەر شیعر و ئەو ڕەخنە و نووسینانەیە کە بە دەوری شیعری بەناو نوێخوازی ڕۆژهەڵاتەوە بوو. یانی پرۆژەکە تەنانەت لەسەر هەموو شیعرنووسانی ڕۆژهەڵاتیش نییە. با لێرەدا بڵێم: بۆچی تەنیا لەسەر شیعری بەناو نوێخوازە. چون ئەو ناهەقی و نەخۆشییەی پێشتر باسم کردووە و من هەڵدەنێت بۆ نووسین؛ زەقتر لە کاری ئەو بەناو نوێخوازانەدا دەبینرا. زۆرێکی تر شیعرنووس هەن کە خەڵکی شیعریان زۆرتر دەخوێنێتەوە. ئەو شاعیرانە ئاستیان لەمانەی من ڕەخنەم لێ گرتوون، نزمترە. لەگەڵ ئەوەشدا من باسم نەکردن. چون ئەو شیعرنووسانە، هەڵوێستیان بەرگریکارانەیە تا هێرشبەرانە. ئەوانە لافی ئەوە لێ نادەن شارەزای فەلسەفە و فیکری نوێن. خۆیان بە ناوی فەیلەسووفانەوە نانوێنن. زۆربەیان کە ناوی فەیلەسووفەکان دەهێنی، ددانیان هاڵ دەبێ، پێستیان لیر دەردەکا! ئەمانە لای من بۆ ڕەخنە نابن. ناهەقیی گەوره لای من ئەوەیە؛ ناوی سووسێر و دریدا و ویتگنشتاین و ئاگامبن بهێنی، کەچی سەرەتاییترین شتەکان سەبارەت بەو بیرمەندانە نەزانیت. هێشتا لە لێککردنەوەی دال و مەدلوول و متۆنیمی و مێتافۆردا مابیتەوە، لەو لاوە لافی ئەوە لێ بدەی کە شارەزای ئەدەب و ڕەخنەی ڕۆژئاوایت. کارەسات ئەوەیە لە دەستنیشانکردنی پارۆدییەکدا کێشەت هەبێ، پێت وابێ پێشەنگی. ئەوەش بڵێم تەنانەت لە باسکردن لەو کۆمەڵە بەناو نوێخوازەیشدا، من هەموویانم لە یەک ئاستدا نەبینیووە. ئەگەر سەرنجت دابێ؛ ناوی یەکێک لە فایلەکان “لە ئەرازلا ئەو باشەکەیانە”یە. من ڕێز لە بچووکترین داهێنانیش دەگرم. کارەکەی من هەڵتەکێن و ڕەتکەرەوەیە، بەڵام وردە و هەڕەمەکی نییە. من قەد ئەدەبێک کە “بیربا” و “پادشای تەنیایی” و “گابۆڕ” و “تۆقی عەزازیل” و “مەرگەژین” و “گرەوی بەختی هەڵاڵە” و “کڕاکە” و ئاڵبوومە شیعرییەکانی “ڕۆجیاروو وەرمەکام” و “یانەو هەناسەکام”ی تێدا بێت، ڕەت ناکەمەوە.

٢. لەسەرەوەدا باسی ئەوەم کرد کە ڕەخنە لای من کەی پێویست دەبێ. گوتیشم ناهەقی تەنیا گەورەکردنی بەرهەمێکی بێبایەخ نییە(تەنەکە بە تەڵا کردن). ناهەقی دەتوانێ لە نەبینران و سووککردنی بەرهەمێکی باشیش دا بێ. هەروەها دەکرێ ڕەخنە لەسەر دەقێکی دیاریکراویش نەبێت و کاریگەر و بەرز و ڕێکوپێک بێت. ڕەنگە بەرزتر و بڵاوتر لە دەقێک، ڕەخنە لەسەر دیاردەیەک و ڕەوتێک بێت وەک ئەمەی من ئەنجامم داوە. دواجار ئەویش هەر دەبێت بێتەوە سەر دەق. با دەقێک نەبێ، دەقگەلێک بێت. با دەقەکە شیعر نەبێ، ڕەخنە بێت. گرنگە ئەوەیە ڕەخنەکە بە حەواوە نەبێ.

٣. من ئەگەر لەگەڵ ئەو ڕەخنەگرە گریمانەکراوە فەڕەنسییە قسە بکەم؛ باسی شتانێکی بۆ دەکەم تێر و پڕ بە کورد بکەنێت! پێی دەڵێم کوردمان هەیە کتێبی لەسەر نالی و ڕەخنەی نوێ نووسیووە. وتارەکەی لەسەر ستراکچرالیزم بە ڕستەی “بنەچەکی بنەماخوازی، زمانناسی نوێیە” دەست پێ دەکات. دوو لاپەڕە دواتر لە فرانسیس پۆنز دەگێڕێتەوە کە “وشەکانتان لە نزیکەوە بینیووە؟ وشەیەک هەڵگرن. باش وەیسووڕێنن. لە چەند لاوە باش لێی بڕوانن تا بۆ خۆی دەبێتە ناوەڕۆکەکەی”. ئینجا دەڵێ پۆنژ وشەی کرۆش  cruche(گۆزە)ی دایە بەر سەرنج و دیعایەی ئەوەی کرد هەموو پیتەکانی کرۆش شوێنێکی گۆزەکە پیشان دەدا. کابرای فەڕەنسیش دەڵێ: کوردی حەنەکچی! پێمان ڕادەبوێری! یەکێک لە گەورەترین قسەکانی سووسێر ئەوە بوو کە لەنێوان وشه و ماناکەیدا هیچ پەیوەندییەکی سرووشتی نییە. ئەوەی هەیە وشەکان بە پێی ڕێکەوتن دانراون.

دەکرێ بە کابرای فەڕەنسی بڵێم هەمان بوو، ئاوەڵناوی کاڵفامی بەسەر خەڵکدا دەبەشییەوە، کەچی بە دکانسترەکشنی دەگوت: دفۆرمەیشن. دەکرێ پێی بڵێم: وەرگێڕمان هەبوو ئەشکەوتی شانەدەری نەبیستبوو؛ شیعر کوردی وەردەگێڕا. دەکرێ باسی ئەوەی بۆ بکەم کە لە کوردستان، ئەندامانی پۆلیتبیرۆی پارتەکان، هێنده شەیدای ئەدەبیاتن لەبەر سەرقاڵی بە خوێندنەوەی ڕەخنەی ئەدەبی نایانپەرژێ ڕووداوە سیاسییەکان بخوێننەوە.

٣. نا! من پێم وا نییە گەڕان بۆ هەڵە کارێکی ئاسان بێت. بە ساڵان ئەو هەموو هەڵە و پەڵە هەبووە کەس لێی نەپرسیوەتەوە. گەر ئاسان بوایە دەبوو کەسانێک لێی خوەدی دەرکەون. جا ئەوەش بڵێم: ئەوەی من کردوومە هەڵەچنی و هەڵەدۆزی نییە. ئەوەی من کردوومە ناساندنی کوردبەکەرزانینە. کوردبەکەرزانین لەگەڵ هەڵە و نەزانین فەرقیان هەیە. هەڵە ئاساییە. هەموو کەس هەڵە دەکات. تەنانەت هیتلەریش هەڵە دەکات! نموونەیەکت پێ دەڵێم. وای دانێ کابرا لەبەر ڕواڵەتی وشەکە؛ بەهەڵە لە ناتوراڵیسم تێ گەیبێ و بە شتێک نزیک لە پاستوراڵیزم و حەزکردن لە سرووشت تێی گەیشتبێ. ئەمە هەڵەیە و دەتوانی ڕاستی بکەیتەوە بۆ کەسەکە و تەواو. بەڵام ئەگەر کابرا وتاری لەسەر فۆرمالیسم نووسی و بە نووسینی ناوی سەرچاوە و دانانی ڕفرێنسی فەرموودەکانی بنووسێت: کۆمەڵێک شاعیر هەبوون؛ کۆمەڵێک فۆرمی نوێیان هێنا! ئەوەبوو پێیان گوتن: فۆرمالیست. ئەمە ئیتر هەڵە نییە. ئەمە بێمنەتییە بە کوردی. بێمنەتییە بە خوێنەر. کوردبەکەرزانینە. نووسینە بەم چاوەڕوانییەوە کە ئەم وتارە ناخوێنرێتەوە و تەنیا دەژمێردرێت.

من بە هیچ کلوجێک چاوم لە باشیی ئەو بەرهەمانە نەنووقاندووە. پێنج ساڵ پێش، دە ساڵ پێش، هەڵوێستی من لە هەمبەر ئەو دەقانەدا ئەمە نەبوو. خۆم جارێک لە منداڵی و بێپەزموونیی خۆمدا بە هاوڕێیەکی کوردینەزانم گوت دەڵێن لە کوردیدا شیعرێک داهاتووە، قۆناغێک لە پێش شیعری جیهانەوەیە! منی بێچارەش بیستبووم! من قەد پەیوەندییم لەگەڵ ئەو دەقە بەرزانەدا کە دەستی ئەدەبی جیهانیان لە پشتەوە بەستبووەوە نەگرت! من لە خوام بوو کەسێک هەبێ باسی باشیی ئەو دەقانەم بۆ بکات. بۆیە هەمیشە بە شوێن وتارگەلێکەوە بووم، باسی باشیی ئەو دەقانە بکات. خوا دەزانێ چەنێک گەڕام تا ئەو ژمارەیەی گۆڤاری زرێبارم پەیدا کرد کە تایبەت بوو بە شیعری برایان! لای خۆمەوە دەمگوت هەر کات ئەو گۆڤارە دەست بخەم سەردەمی جاهیلیەتم بەسەر دەچێت! کاتێ بینیم، چ ببینم؟ تەڕاتێنی گۆڕهەڵکەنە و کەمتیاری کورد! وەک گوتم هەر شەیدایی بۆ بینینی باشیی ئەو دەقانە منی کردە وتارخوێن. کە وتارەکانم خوێندەوە، تازه گومان لەو دەقانە لە مندا چەکەرەی کرد. کە من دوو بەرگی کتێبەکەم بە درۆخستنەوەی پیاهەڵدانی بەناو ڕەخنەگران بووبێت، ڕێی هەیە ئەو دەقانە باشیشیان هەبووبێت؟

٤. من لەسەرەوەدا هەم باسی ڕەخنە بە گشتی، هەم باسی کارەکەی خۆمم کردووە. کارەکەم لەو پرۆژەیەدا دەیخواست بە شوێن هەڵە و لێنەزانینەوە بم. لە پرۆژەکەدا فایلیش هەیە کە من هەوڵ دەدەم باشییەکانی دەقێک نیشانی خوێنەر بدەم. باشییەکانی دەقێک کە قەد کەس نەیتوانیبوو نیشانی بدات. کە وەک گوتم نەبینرانی دەقێکی بەرزیش هەر ناهەقییە و من پێم قووت ناچێت. پێویست ناکات و تەنانەت ناکرێ و هەڵەیشە کە ڕەخنەیەک هەموو جۆرەکانی کارکردی ڕەخنە لە خۆیدا کۆ بکاتەوە. لە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکاندا گوتم:

“لەو کاتە بەدواوە، شێوازە جیاوازەکانی ڕەخنە – مارکسیزم، فێمێنیزم، ستراکچرالیزم، دەروونشیکاری، زمانناسی – چ لەگەڵ یەک، چ بە جیا، تیۆریگەلێکی ڕەخنەییان بەرهەم هێناوە کە کەڵکەڵەی ئەوەیە تاوتوێ و شیکاریی وردی بەرهەمە ئەدەبییەکان بکات. بێجگە ئەوە ئەو تیۆرییە ڕەخنەییانە دەپەرژێنە سەر ئەو دۆخەی ئەو بەرهەمانەی تێدا پەیدابووگن. شتانێکی وەک ستراکچری کولتوور و زمان، یاساکانی گێڕانەوە یان ئەو ئایدۆلۆژییانەی لە کۆمەڵگا چینایەتییەکاندا بەرهەم دێن”.

لە هەموو ئەو قۆناغانەدا کە چەمکی کریتیک پێیاندا تێ پەڕیوە، هەڵسەنگاندن و دادوەریکردن بەشێک بووە لە ماناکانی. کارەکەی من بە زۆری هەڵسەنگاندنە

دەپرسم: دەکرێ لە خوێندنەوەکی فۆرمالیستیی دەقێکدا؛ بپەرژێیتە سەر ئەو دۆخەی بەرهەمەکەی تێدا پەیدابووگە؟ ئەوەیە دەڵێم ناکرێ هاوکات هەموو کارکردەکانی ڕەخنە لە نووسینێکدا کۆ بکەیتەوە. ئەوەی کە ئێمە ڕەخنەیەکمان نەبێت باسی کانتێکستی پەیدابوونی دەقەکان بکات – وەک ئەوەی مارف خەزنەدار لە مێژووی ئەدەبەکەیدا دەیکات – کەموکوڕییە. بەڵام ڕەخنەیەک که بە بەڵگەوە باسی باشی و بەدی بابەتێک دەکات کێشەی نییە. وەک باسکرا لە هەموو ئەو قۆناغانەدا کە چەمکی کریتیک پێیاندا تێ پەڕیوە، هەڵسەنگاندن و دادوەریکردن بەشێک بووە لە ماناکانی. کارەکەی من بە زۆری هەڵسەنگاندنە. بەڵام ئەوە نییە کە بە چاوی سووک تەماشای کارکردەکانی تری ڕەخنە بکەم. بە پێچەوانەوە لای من نووسینێک کە بپەرژێتە سەر کانتێکست و لایەنە فیکرییەکانی دەقەکان، زۆر بەرزە. لای من ئەو دەقانە ئەگەر تەواو بن، لە ڕەخنەوە تا ئاستی بیردۆزی هەڵدەکشێن. حەز دەکەم کارەکانم لە داهاتوودا لەو جۆرە بن. ئەو کارانە وەک گوتم ئەگەر تەواو بن، ئاستیان بەرزترە لەمەی من کردوومە. نایشارمەوە ئەو کارەی من کردوومە، کارکردن نییە لە ئاستێکی بەرزی بیرکردنەوەدا. ئەوەش بۆ ئەو ڕاستییە دەگەڕێتەوە کە بەرهەمی ئەو کۆمەڵە نووسەرە ئاستیان زۆر نزم بوو. من وا دەزانم بە نووسین لە سەر ئەو دەقانە خۆم لە نووسینی جیددیتر بێبەش کردووە و بەوە غەدرم لە خۆم کردووە.

لەو دەقانەدا کە دەکرا بێنە ناو پرۆژەکەوە من گرنگترین و جیددیترینیانم هەڵبژارد. ئەوە کێشەی من نییە کە جیددیترینی ئەو دەقانە، دەقانێکی بەرز نین.

ژنەفتن: کۆتایی قسەکانت ئیعترافێکی تیایە؛ تۆ دەڵێی؛ ئەوەی تۆ کردووتە لە ئاستێکی بەرزی بیرکردنەوەدا نییە، پاساوەکەش ئاستی نزمی ئەو بەرهەمانەن کە ڕەخنەت لێگرتوون. لەم پرسیارەدا بۆچوونی شەخسی خۆم دەخەمەڕوو لەسەر ڕەخنە و پرسیارەکەش وەک ڕۆژنامەنووسێک ناکەم. من پێم وایە ڕەخنە ململانێیە لەگەڵ پتەوترین و بەهێزترین و لە هەمان کاتدا شاراوەترین لایەن و ڕووەکانی دەق بۆ بەرهەمهێنانەوەی مانا و دەقێکی سەربەخۆی پتەو و بەهێزی دیکە. تا ئەمەش نەکرێت ڕەخنە نابێتە دەقێکی سەبەخۆ، دەبێتە پاشکۆی دەقەکە. تۆ ئەگەر سەیر بکەی دەقەکانی تۆ نەبوونەتە دەقی سەربەخۆ ڕیک پاشکۆی کۆمەڵێ دەقی ترن (ئینجا خۆیشت دەڵێی کۆمەڵێ بەرهەمی ئاست نزمن!). دەی لە هەر کەسێ بپرسی دەقێکی ڕەخنەیی هەیە لەسەر فڵانە دەق(ناوی دەقێکی ئاست نزم بهێنن)، یەکسەر بیری بۆ ئەوە دەچێ کە ڕەخنەکەش ئاستی نزمە و ناچێ بە دوایدا. منیش پێموایە ڕەخنە هەڵوەشاندنەوە و هەڵتەکاندنە بەڵام کون و کەلەبەرەکانی دەق نەک ئەجداد و ئابای نووسەرەکە. بەڵام تۆ ناو و ناتۆرە لە نووسەرەکە دەنێت. هەر وەک پێشتریش باسمان کرد هیچ شتێک بۆ دیالۆگ ناهێڵیتەوە.

ئەمینی: ١. کێشەکە ئەوە نییە من لەنێوان چەندین دەقدا، نزمترینیانم هەڵبژارد بێت. بە پێچەوانەوە، لەو دەقانەدا کە دەکرا بێنە ناو پرۆژەکەوە من گرنگترین و جیددیترینیانم هەڵبژارد. ئەوە کێشەی من نییە کە جیددیترینی ئەو دەقانە، دەقانێکی بەرز نین. ئەوە هەر سەلمێنەری قسەکانی منە کە بەناو نوێخوازانی ڕۆژهەڵات، لەگەڵ ئەوەی لافی پێشەنگی و ڕادیکاڵبوون لێ دەدەن، شتێکی ئەوتۆیان بۆ گوتن نییە. بمانەوێ و نەمانەوێت ئەو دەقانەن کە ئەمڕۆ ڕەخنە و شیعری کوردی ڕۆژهەڵاتیان پێکهێناوە.

من چەند پرسیارێک دەکەم: ئاخۆ کورد گرنگە؟ ئاخۆ ئەدەبی کوردی گرنگە؟ ئاخۆ شیعری کوردی گرنگە؟ ئاخۆ ئەو دەقانە بەناوی شیعر و ڕەخنەی کوردی، ئەویش هی بەرەی ئاڤانگارد، بڵاو ناکرێنەوە؟ ئەگەر وای دابنێین ئەو دەقانە – لەبەر نزمی – نەدەکرا گوێیان پێ بدرێت و بخوێنرێنەوە، دەتوانین بەو پەیژەیەدا کە هاتینە خوار، بچینە سەر و دواجار بگەینه ئەو ئەنجامەی؛ مادام هەرچی شتی کوردە ئاستی نزمە، پێویست ناکات گوێی پێ بدرێ! گەیشتن بە دووڕێیانی بەکوردی کارکردن یان نەکردن، دۆخێکی جیددییە و بۆ هەر کەسێک کە فیشقیاتچی نەبێت، دێتە پێش. من لە ئێستادا بۆم پێش هاتووە. لە خۆم دەپرسم: کارکردن لە ئەدەبێکدا کە بەناو شاعیران و نووسەرانی پاساوی کوردینەزانین بەوە دەدەنەوە کە گوایە لە قوتابخانە کوردی فێرنەبوون! ڕەوایە یان نا؟

بەو جۆرەی تۆ باسی ڕەخنە دەکەی؛ نەدەبوو مەسعوود محەممەد بەشێکی زۆر لە نووسینەکانی بنووسێت. چون بە دەربڕینی تۆ ئەوانە دەقی پاشکۆن و سەربەخۆ نین. سەیری وتارەکانی ناو کتێبی “کەوچکێک شەکر بۆ قاوەیەکی تاڵ” بکە. بڕۆ سەیری وتاری “نامەیەک” بکە. بۆ کابرایەکی نووسیووە:

“ناکرێ وشەی “مەند”، “ئەفەندی”، “دەربەند” بکرێنە “مەنگ”، “ئەفەنگی”، “دەربەنگ”. بە نموونە دەڵێم لە فەرەنسیدا شێوەی پاریس هەرە پێشکەوتووی ئاخاوتنی میلـلەتی فرەنسەیە. خەڵقی پاریس دەنگی “ر” بە “غ” دەخوێننەوە. بەڵام لە نووسینی فەرەنسیدا دەنگی “ر” هەر بە “ر” دەنووسرێت با خەڵقی پاریسیش بە “غ” بیخوێننەوە.

مەسعوود محەممەد کۆی لەوە نەکردووەتەوە، هەڵەی هێندە سادە بۆ کابرایەک ڕاست بکاتەوە؛ چون ڕەخنە لای ئەو ڕێککردنەوەی ناڕێکییەک بووە کە بینیوویە. دەکرا بە خۆی بڵێت: ئەو نووسینە ناهێنێ من لەسەری بە جواو بێم. کە دواجار نەهێنانی ئەو نووسینە دەگاتەوە بە نەهێنانی کورد. دیارە لای ئەو کورد هێناویە کات و توانایی بۆ دابنێت. لای منیش دوو ساڵ پێش وەها بوو. بەڵام ئێستا لە لام پرسیارە. شتێک کە لەنێوان سەردەمی من و سەردەمی مەسعوود محەممەددا گۆڕاوە ئەمەیە؛ ئێستا زۆر کەس کوردبوون بە مەبەستی شاردنەوەی لێنەزانینی خۆی بەکاردەهێنێ. ئێستا زۆر کەس خاڵیبوونی مەیدانەکە دەقۆزێتەوە. دەچن کۆلکەشاعیرێکی فارس دەدۆزنەوە و دەبن بە لقی کوردستانی ئەو کۆلکەشاعیره. یەکێ لقی کوردستانی یەدوڵڵا ڕوئیاییە، یەکێ هی عەلی باباچاهییە!

ئەگەر دەقێک کە لەسەر دەقێکی تر نووسراوە، بە پاشکۆ بزانین؛ بەشێکی زۆری فەلسەفە پاشکۆیە. بەوجۆرە دەتوانین بێژین نووسینەکانی دریدا، پاشکۆی نووسینەکانی سووسێرن! ئاخر دریدا لە differenceی سووسێرەوە دەستی پێ کرد گەیشت بە differance.

٢.تۆ کە دەڵێی ڕەخنە ململانێیە لەگەڵ پتەوترین دەقدا، پێمان ناڵێیت لە ڕەخنەی شیعری کوردیدا، پتەوترین دەقەکان کامانەن؟ پێت وایە دەقانێکی تر هەن کە لەو دەقانەی من لەسەریانم نووسیوە، جیددی تر بن؟ ئەوانەی من لەسەریانم نووسیوە، ئەوپەڕی توانستی ڕەخنەی کوردییە. من لەم هەنگاوەدا ئاستی نووسینەکانم دیاری کرد و هەوڵم دا بڕێک باسەکان لەو فیشقیاتە دەربهێنم.

دەتوانی لە جیاوازیی من و ئەوانی تر ورد ببیتەوە. هەموو دێن بە ڕاوێژێکی باقیارکەرانە دەڵێن: ئێمە ڕەخنەی کوردیمان نییە. من هاتووم بەناو ڕەخنەی کوردیم تاوتوێ کردووە کە بزانم چییە و کێشەی چییە. پێم وایە دوای پرۆژەکەی من ئەوەی حەیای هەبێ، ئەو جۆرە لە نووسین بە ناوی ڕەخنە بڵاو ناکاتەوە.

٣.من ئابا و ئەجدای کەسم هەڵنەوەشاندووەتەوە! ئەوەیش تۆ بەناو ناو و ناتۆرە ناوی دەهێنی؛ دەوڵەمەندکردنی ئەدەبی کوردییە بە داهێنان. ئەو داهێنانانە کۆرسی فێربوونی مامەڵەکردنن لەگەڵ زمان!

ژنەفتن: دوو تێبینی: من ناڵێم ڕەخنە پاشکۆیە، دەڵێم چۆن ڕەخنە ببێتە دەقێکی سەربەخۆ و لە پاشکۆیەتی دەقی ڕخنە لێگیراو دەربچێ. تێبینییەکەی تریش کاتێ دەڵێم ئاست نزم لە زمانی تۆوە گواستومەتەوە، ئەگینا ئەسڵەن من نەک پێموانییە ئەو قۆناغەی تۆ ڕەخنەی دەکەی، دەقەکانیان ئاست نزم بن، بەڵکو بە یەکێ لە قۆناغە باشەکانی دەزانم.

ئەمینی: سەبارەت بە تێبینییەکەت کە گوایە ئەو قۆناخە یەکێکە لە قۆناخە باشەکان، داوا دەکەم کە فایلەکانی من هەموویان بخوێنیتەوە. پێشبینی دەکەم دوای خوێندنەوەی وتارەکان بۆچوونت بگۆڕێت.

بابەتی کوردینووسین بابەتێک جیددییە کە کۆڵێک خەساری تێدایە.

ژنەفتن: با هەر بۆ ڕوونکردنەوەی پرسیارەکەی پێشووم، ئەمەش بڵێم بۆ نموونە”لەو دەقانەی تۆ بخەینە بەردەم خوێنەرێکی باشوور(کە تا ئەم ئاخیرانەش بە تاک و تەرا نەبێت، ئاگایان لە ئەدەبی ڕۆژهەڵات نەبووە)، چی لەو دەقانە فێر دەبێت، (دەڵێم لەو دەقانەی تۆ، یانی مەبەستم کۆی کارەکانت نییە).

کاک بیلال، لە باشووریش ئەو ڕەخنانەی کە خەریکی ڕێک کردنەوەی ناڕێکی زمانی دەقەکانن، زۆر بووە. گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە ئێستا دەستەواژەی (پاسەوانانی زمانی کوردی) بووەتە گاڵتەپێکردن، گوتارێک لە بەرانبەر ئەم ڕەخنانە سەریهەڵداوە و کە چەند خاڵێک لە خۆ دەگرێ لەوانەش (زۆرینەی ئەوانەی بوونەتە پاسەوانی زمانی کوردی لە زمانی ناوچەکەی خۆیەوە قسە لەسەر دەق و نووسراوەکانی تر دەکات، ڕێگرن لە گەشە کردنی زمانی کوردی و؛ دەیانەوێ زمانی کوردی لە سنوورێکی گوندیانەدا بمێنێتەوە، ناتوانن و نازانن خویندنەوە و ڕاڤە بۆ دەقەکان بکەن و تەنیا چەند هەڵەیەکی زمانی دەکەنە پێوەر بۆ ڕەتکردنەوەی دەقەکە و بە نووسەر دانەنانی نووسەرەکە… چەندانی دیکە). بۆ کێشەی ڕێنووسیش کە تۆش لە ڕەخنەکانتا باسی دەکەی، هەر ئەوانە پێیانوایە ئەوە کێشەی نووسەر نییە، کیشەکە لەوەیە کە هێشتا ڕێنووس بە ستاندارد نەکراوە، یان دەڵێن ئەوە کێشەی دەزگاکانە کە دەبێ ئەدیتۆری پیشەگەریان لەو بوارەدا هەبێ و بە دەقەکاندا بچێتەوە. ڕایەکیش هەیە کە پێیوایە ئەوانە ناچنە خانەی ڕەخنەوە هێندە ڕێک کردنەوەی هەندێ ناڕێکی ڕینووسیییە. بە کورتی بۆ ئەو جۆرە لە ڕەخنە چەندین پاساو دەهێنرێتەوە.

ئەمینی: ١.ئەو دەقانە بە پلەی یەک، کاریان ناساندنی دۆخ و ئاستی شیعر و ڕەخنەی ئەو کۆمەڵە ئەدیبەیە. لەوە بترازێت، من لە پێناو ئەوەدا کە فایلەکان بێجگە ناساندنی خەسارەکان، سوودگەلی تری بۆ خوێنەر هەبێت؛ هەر جارەو باسێکی جیددی درێژە دەدەم. بۆ نموونە باسی بۆچوونەکانی ویتگنشتاین بۆ خوێنەر ڕوون دەکەمەوە. یان کە باسی پۆستمۆدێڕنیزم بوو، باسی دەقی پۆستمۆدێڕنیستی کوردی دەکەم. کە ڕەخنەگر چەمکە ڕەخنەییەکانی بە هەڵە بەکارهێنابوو، هەوڵ دەدەم بۆ خوێنەری ڕوون بکەمەوە. هەر نموونە شیعرێک کە لە وتارەکاندا باسی دەکرێ، هەوڵ دەدەم بە وردی باسی بکەم. باسی لایەنی زمانیش بەوردی دەکەم. ئەمانە ئەو شتانەن کە دەقەکانی من بە خوێنەری دەبەخشێت.

٢. بابەتی کوردینووسین بابەتێک جیددییە کە کۆڵێک خەساری تێدایە. لە سەرەتادا بڵێم من لەو پرۆژەدا قەد باسی ڕێنووسم نەکردووە. باسی ڕێنووسم نەکردووه؛ چون بابەتێکی سادەیە و هەر کەس بە خوێندنەوەی دە پانزە لاپەڕە دەتوانێت فێری ببێت. ڕێنووس، شتێکی ئەوتۆی نییە کە من لەسەری بنووسم. ئەوەی کە گوایە بیلال دەپەرژێتە سەر ڕێنووس، پێ دەچێت لەملاو لەولاوە بیستبێتت. دەتوانی بیر بکەیتەوە کە لەو فایلانەی خۆت خوێندوونەتەوە، قەد باسی ڕێنووست بینیووە یان نا؟ ئەوانەی کە ئەو دەنگۆیە بڵاو دەکەنەوە، بڕێکیان هەر فەرقی ڕێزمان و ڕێنووس نازانن. بڕێکیشیان بە ئەنقەست بۆ سووککردنی کارەکە دەیکەن.

ـ نەبوونی ڕێنووسی یەکگرتوو نابێتە پاساو کە بڕێک فەریکە و فەیکەنووسەر، هیچ تێبینییەکی ڕێنووسی ڕەچاو نەکەن. نابێت تۆ لە دەقێکدا بنووسی؛ “دەستملەکارکێشاوە”! لەو لاوە بێیت بنووسی: “بە هێز”!

لە زانکۆکەماندا خوێندکارێکی دەرمانسازی هەبوو؛ دوای شەش ساڵ هێشتا وانەکانی دوو ساڵی یەکەمی تەواو نەکردبوو. لەو لاوە لافی ئەوەی لێ دەدا کە خەریکە دەرمانێکی نوێ دەدۆزێتەوە! کۆلکەفەیکەفەریکەنووسەرەکانی! ئێمەش وسان. نازانن زمانەکەی خۆیان بەڕێکی بەکار بهێنن، ڕێنووسێکی سادەیان پێ ڕەچاو ناکرێ، لەو لاوە لافی ئەوە لێ دەدرێت شیاوی نۆبڵن!

من ئەو جۆرە دەقانەی که نووسەرەکەیان خۆی بە کوردیپارێز بناسێنێت یان کەسی تر بە گاڵتەوە بەو جۆرە بیناسێنێت و لەگەڵ ئەوەشدا عەوامانە و سووک بێتم، کەم خوێندووەتەوە. ئەوەی من خوێندوومەتەوە لە پێشینەکان هێمن و مەسعوود محەممەد و حەسەنی قزڵجی، لەمانەی ئەم دواییەش حەمەسەعید و حەمەفەریق حەسەن بووگن. قسەی هەموویان ڕێک و ڕوون و بەجێ بوون. من ئەو جۆرە دەقانەی -کە خۆیان وەک کوردیپارێز ڕانێن و عەوامانە بن-م کەم بینیووە، بەڵام حاشا ناکەم کە دەشێت دەقی لەوجۆرە هەبێت و زۆر و کێشەداریش بن. ئەمانە ئەگەریش هەبن لەگەڵ ئەوانەدا کە دەیانەوێت باسکردن سەبارەت بە دروستنووسین، سووک و بێبایەخ نیشان بدەن، بەراورد ناکرێن. کێشەی هەرەگرنگ لای من ئەوانەن کە گەیشتوونەتە ئاستێک لە بێحەیایی کە بێمنەتن بە بابەتی دروستنووسین. بێمنەتن بە باسە دروست و دڵسۆزانەکان. من بە ئەرکی خۆمی دەزانم کە لەسەر ئەم کێشەیە کار بکەم. نایشارمەوە بەو بێمنەتییە لە دین دەر دەچم!

ئەو جۆره لە بێمنەتی لە چییەوە دێت؟ بۆچی ڕەخنە بەجێ و دڵسۆزانەکان جێی خۆیان ناگرن؟ ئەم زمان و ئەدەبە چی لێ هاتووە کە بڕێک شەیاد دەتوانن بە چاوی سووک سەیری بابەتی گرنگی زمانی نووسین بکەن؟ نیشانەی زەقی نزمی ئاستی بەرهەمە کوردییەکان ئەو بێمنەتییەیە. تری ئیگڵتن لە کتێبی تیۆری ئەدەبییەکەیدا دەڵێ: ئەدەب لای فۆرمالیستەکان سیستەمێکی تایبەتی زمان بوو نەک شتێکی وەک ئایین یان دەروونناسی یان کۆمەڵناسی. دووبارە هەر ئەو، هەر لەوێدا دەڵێ: فۆرمالیستەکان زمانی ئەدەبییان بە کۆمەڵێک لادان لە زمانی پێوەر یان جۆرێک شۆڕشی زمانی دەزانی. دەپرسم: ئەگەر نەزانین دروست چییە و لە شوێنی خۆیدا بەکاری نەهێنین، لادان چۆن دەر دەکەوێت؟ کە ئەدەب هەمووی لادان بێت، ئەوکات بایەخی دروستنووسین دەردەکەوێت. چون تا نەزانی دروست چییە، نازانی لادان و داهێنانیش چییە. شتێکی سەیرت پێ بڵێم. لەو کۆمەڵە کەسەی کە من گەرەکمە نموونەیان زۆر نەبێت! یەکێکیان داهێنانی هەیه. سەیر ئەوەیە ئەوانی تر کاتێک لاسایی دەکەنەوە، لادانەکانی ئەو وەک پێوەر تەماشا دەکەن. مەبەستم ئەوەیە هێند کوردی نازانن، هێند کارەکانیان نابەئاگایانە و هەڕەمەکییە؛ داهێنانەکانی ئەو وەک ئەوەی بەشێکی ئاسایی زمان بێت، دووبارە دەکەنەوە. ئەگەر کابرا بە جێی “لێم دەپرسێ” بنووسێت “دەمپرسێ” کە لادانە و داهێنان، ئەوانی تر ئیتر لە دەقەکانیاندا هەر “دەمپرسێ” دەنووسن.

ژنەفتن: ئەوەش بپرسم، کە ڕەنگە لە هەموو ئەوانە پتر کێشەساز بێت، ئەویش لەگەڵ بەرەوپێش چوونی وەرگێڕان و خوێندنەوە و راڤە و نووسینی کوردی لە هەموو بوارەکاندا، نووسەر و وەرگێڕی کورد بۆ بە کوردی کردنی چەمک و زاراوە و دەستەواژە هزری و ڕەخنەیی و زانستی و فەلسەفییەکان تووشی کێشە دەبێت و هەر کەسێک لە لایەکەوە بە گوێرەی تێگەیشتن و سەلیقەی زمانی خۆی و لە لایەکی تریش بە پشت بەستن بەو زمانەی چەمک یان … لێ وەردەگرێ (بۆ نموونە تا ئەم چەند ساڵەی دوایی بە زۆری لە فارسی و عەرەبییەوە وەرگیراوە) دەیکاتە کوردی. بەو پێیەی تۆیش لەسەر ئەو بە کوردی کردنانە ڕەخنەت هەیە، پێتوانییە ئەم کێشەیە زۆرتر گشتییە و هەموو ئەوانەی دەنووسن پریشکێکیان لەو ڕەخنە و ناڕێکییە بەر دەکەوێ.

ئەمینی: لە کوردینووسیندا، هەڵەکان چەندین جۆرن. من لە پرۆژەکەمدا هەموویانم ڕوون کردووەتەوە. بۆ هەر کامیشان کۆڵێک نموونەم دۆزیوەتەوە. ئەگەر کەسێک دروستنووسین بۆی گرنگە بێت؛ لێیان فێر دەبێ و دووبارەیان ناکاتەوە. ئەگەر ویستت هەر لەم وتوێژەدا کێشەکانت لەگەڵ نموونە بۆ ڕیز دەکەم.

نووسەر یان لە گێلییەوە – کە وا دەزانێ کوردی لەوەوە دەستی پێ کردووە – یان لەبەر تەمەڵی ناگەڕێت بزانێت ئەو چەمکە قەد کراوە بە کوردی یا نا.

کێشەی وەرگێڕانی چەمکەکان لە زمانانی ترەوە تەنیا یەکێکە لە کێشەکان. ئەوەی کە زمانی ئێمە ماوەیەکی کەمە زۆرێک لەو چەمکانە بە خۆیەوە دەبینێ و لەگەڵیان ڕانەهاتووە، پاساودەری بەکاربردنی هاوتای گێڕ و لار و سەقەت نییە. زۆر کۆلکەنووسەر ئەو چەمکانە بە مەبەستی ترساندن و سەرشێواندن لە خوێنەر دەقۆزنەوە. هەیانە بە ئەقڵە سەقەتەکەی خۆی هاوتایەک بۆ چەمکێک دادەنێ، جا بە ئەنقەست هاوتا ئینگلیزییەکەیشی ناهێنێ. دەیخاتە ناو ڕستەیەکی بێمانایشەوە. ئەو کات زانینی مانای وشەکە دەبێت بە مەتەڵ هەڵهێنان! ئەگەر خوێنەر ژیر نەبێ، ڕەنگە وابزانێ نەخوێندەوار و جێماوە و نووسەر فرە لە پێشە. ئەگەر نووسەر دڵسۆز بێ، ئەو بابەتە بۆ خوێنەر نابێ بە کێشه. لێرەوە پێشنیار دەکەم؛ هەر نووسەرێکی کورد چەمکێکی بەکار برد، ڕێک دوای هاوتا کوردییەکەی کە یان خۆی دایناوە یا کەسی تر هاوتا ئینگلیزییەکەی بە پیتی لاتین بهێنێت. جەخت دەکەمەوە؛ نە لە کۆتاییی دەقەکە نە لە پایینی لاپەڕەکە، بەڵکو ڕێک دوای هاوتا کوردییەکەی؛ بۆ ئەوەی کاتی خوێنەر بە فیڕۆ نەچێت. تازە پێویستیش نییە وشە ئیگلیزییەکە بخرێتە ناو کەوانەوه.

ئەگەر نووسەر خۆنوێن و کوردبەکەرزان و نەخوێندەوار نەبێ، ئەو بابەتە نابێت بە کێشە. کە دەبێت بە کێشە لەبەر نیازی پیسی نووسەرەکەیە نەک لەبەر دۆخی کوردینووسین. ڕەهەندێکی نەخوێندەواری، نەزانینی مێژووی چەمکەکەیە لە ناو زمانی کوردیدا. نووسەر یان لە گێلییەوە – کە وا دەزانێ کوردی لەوەوە دەستی پێ کردووە – یان لەبەر تەمەڵی ناگەڕێت بزانێت ئەو چەمکە قەد کراوە بە کوردی یا نا. دێت وەرگێڕدراوە فارسی یا عەرەبییەکەی بە ئەقڵی خۆی دەکوردییەنێت. لە پرۆژەکەی مندا زۆرجار کە باسی چەمکێک دەکرێت، من باسی وەرگێڕانی بۆ کوردیی دەکەم. باسی هاوتا دانراوەکان دەکەم. ئەگەر خۆیشم پێشنیارم هەبێ دەیخەمە ڕوو. ئەگەر بڕیارە دایالۆگێک هەبێ، یەکێک لە تەوەرەکان دەتوانێت، چەمکەکان و هاوتا کوردییەکانیان بن.

ژنەفتن: لەنێو هەندێ لە وڵامەکانتدا دەردەکەوت کە ئەم هەوڵانەت، پرۆژەیەت گەیاندووە بە کۆتایی و دەتەوێ لە هەوڵەکانی تر بازێک بدەی و جۆرێکی تر کار بکەی. پێم خۆشە وەک کۆتا پرسیار لەسەر ئەوە قسە بکەی.

ئەمینی: ئەگەر بڕیار بێت کار بکەم؛ حەز دەکەم چەند کاری جیاواز و بەسوود بکەم. حەز دەکەم کتێبێک لەسەر کوردینووسین بنووسم. حەز دەکەم لەوێدا جیاوازیی داهێنان و لەخۆوەدەرهێنان نیشانی خوێنەر بدەم. لە پرۆژەی “با نموونەیان…”دا ئەگەر باسی زمانی نووسین دەکرێت، زۆرتر باسی هەڵەنووسین و دروستنووسینە. بڕێکی زۆر کەم باسی دەوڵەمەندکردنی کوردی لە ڕێی داهێنانەوە دەکات. دەمەوێ لەو کتێبەدا بە خوێندنەوەی دەقگەلێکی زۆری کوردی، بە خوێنەری نیشان بدەم کێ کوردی بەرەپێشەوە بردووە، کێ نە تەنیا بەرەپێشەوەی نەبردووە بەڵکو بە هەڵە بە لاڕێیدا بردووە.

هەمیشە کلیپی کۆلکەنووسەرێکی کوردم بە بیردا دێت کە بەوپەڕی بێحەیاییەوە باسی زمانی نووسین دەکات و دەیەوێت ئەو هەموو گێلی و هەڵەیەی خۆی وەک داهێنان بە خوێنەر بفرۆشێت. ئەوە من زۆر ئازار دەدا. کەسانی تر لەسەر زمانی ئەو کۆلکەنووسەرەیان نووسیوە. ئەوەی من گەرەکمە بینووسم ئاستێک بەرزترە. گەرەکمە بێجگە هەڵە، باسی داهێنان و دەوڵەمەندکردنی کوردیش بکەم.

دووباره ئەگەر بزانم خەڵک و خوێنەر و پانتاییەکە دەیهێنێ؛ حەز دەکەم کارێک بکەم کە نە تەنیا بە بیری کۆلکەنووسەرانی کورددا نایەت، بەڵکو ڕەنگە قەد لە ڕەخنەی ڕۆژئاوایشدا نەکرابێت. گەرەکمە یەک دوو دانە لەو بەرهەمە شیعرییانەی ڕۆژهەڵات کە بە شیعریان دەزانم بنووسمەوە. یانی گەرەکمە هەر لەو کەشوهەوایە و هەر بەو پرسۆناگەلە شیعرێکی تر بنووسم. گەرەکمە بەو کاره نیشان بدەم؛ دروستە من ئەو بەرهەمە وەک بەرهەمێکی بەرز دەناسێنم، بەڵام خودی بەرهەمەکەش جۆرێک کەمفرۆشی تێدایە. یانی لەگەڵ جوانی و داهێنانگەلێک کە تێیدایە، حەقی تەواوی بابەتەکە پێی نەدراوە.

ـ ئەم ماوەیە نازانم پێشەکی بوو یان ڕووبەرگی کتێبێکی کوردی بە فارسیکراویان بۆ هەناردم. لەوێدا کەسێک کە خۆی پێشتر وەک ئیمپراتوور لە ژانرێکدا ناوی هاتبوو، دەڵێت فڵانکەس لە فڵان ژانردا ئیمپراتووره! من کە بینیم یەکسەر گوتم: ئیمپراتوور لە بانی ئیمپراتوورە! ئەگەر بزانم چل ملیۆن کەس لێم نابێ بە دوژمن! ئەگەر بزانم ئەو ئەدەبە دەیهێنێ، ئەگەر بزانم پانتاییە کێشی ئەوەی هەیە؛ حەز دەکەم لەسەر ئەو ئیمپراتوورانە بنووسم. من هەست دەکەم ئەوانە زۆرتر ئیمپرا”توور”ن تا ئیمپراتوور! گەر لە ڕوانگەی منەوە تەماشا بکەی دەبینی پاژی “توور”ـەکە زۆر زەقترە!

من ئێستا پێم وایە؛ کایەی ئەدەبیاتی ئێمە فیشقیاتە. کەسێکیش فیشقیاتچی نەبێت یان دەبێ هەوڵ بدات لە فیشقیات دەریبهێنێ یان دەبێ سەری خۆی هەڵبگرێت و بڕوا. بەوجۆرەش کە لە ناو ئەم ئەدەبەدا تۆڕەکانی یەکترهەڵدان و پشتی یەکتر لێسان و کلکی یەکتر کڕاندن باوە، پێ ناچێ کەس بتوانێت لە فیشقیات دەربهێنێ. بۆیە باشتر وایە دەستی لێ هەڵبگرم و بڕۆم لە بواری سیاسەتدا ئیش بکەم. بڕێک دەڵێن تۆ کاری خۆت بکە و کارت نەبێ. من کارێک ناکەم کە بە چاوی خۆم نەتوانم کاریگەرییەکەی ببینم.

ـ کارێک کە ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی پێویستی بە هەڵسەنگاندنی ئەدەب و پانتاییەکە کەمترە، داهێنانە لە بواری شیعردا. من هەست بە لار و گێڕ کرانی سەلیقەی خوێنەری شیعری کوردی دەکەم. کابرا دەبینم ڕۆژانە شیعرانێکی پووچ بە دەنگی فڵان دەنگگڕ گوێ دەدات و قەد هەست بەوە ناکات ئەوەی ئەو پێی سەرمەستە، دەنگەکەیە نەک دەقەکە. من بڕێکی زۆر بەکارهێنەری شیعر دەبینم کە تووشی هەستگێلی و هەستگێڕی بووگن. کە ئەمە دەڵێم مەبەستم ئەوانە نین کە خوێنەری ئەو کەسانەن کە بە “شتنووس” ناویان چووە، بەڵکو ڕێک مەبەستم خوێنەری ئیمپرا”توور”ـەکانە. حەز دەکەم بە شیعری خۆم بەشێک لەو هەستگێڕییە ڕاست بکەمەوە. هەروەها دەتوانم بە ناساندنی بەرهەمانێک یارمەتیدەر بم بۆ ئەو ڕاستکردنەوەیە.

The post ڕەخنەی سووکایەتیکەر و، شیعر و زمانی کوردی appeared first on ژنەفتن.