ڕۆمانی تەرمەوان لە دیدێکی دیکەیشەوە

(بەوەدا کارم تەنیا بەو چەمکانەیە، وا لە دەقی بەردەممدا هەن، هەرگیز پێویستم بە ناسنامەی نووسەری دەقەکە نییە).

****

(گۆران سەباح) لەبارەی ڕۆمانی (تەرمەوان)ـەوە بابەتێکی لە ژێر ناونیشانی (ڕۆمانی تەرمەوان: سوێرکردنی چێژ و زەوتکردنی خەیاڵ)دا نووسیوە و تێیدا هەوڵی داوە بە ئەنجامێک بگات، کە بریتییە لەوەی ئەم ڕۆمانە هێندە لاوازە، شایەنی ئەوە نییە بڵاو بکرێتەوە. من ڕێ بە خۆم دەدەم لەم بارەیەوە بۆچوونەکانم بخەمە ڕوو.

سەرەتا بەم خاڵانانە دەست پێ دەکەم، کە لە بڕگەی شەشەمی گوتارەکەیدا ئاماژەی پێ کردوون، بەڵام دەڵێم خۆزگە دەیان نموونەی دیکەی لەم شێوەیەی لێ وەربگرتنایە، تا بمتوانیایە لەبارەی ئەوانیشەوە بدوێم!

نووسیویەتی: {ئارۆ، بانجۆی هونەرمەندی بردووە. کەچی یەکێ لە شاگردەکانی یەڵدا دەڵێ ئەم دەعبایەی بۆ پێیە. پێی نییە خۆ. دواتر، یەڵدا خۆیشیی دەڵێت کوا بانجۆکە (لا٣٩)}.

من دەڵێم هونەرمەندەکە (ئارۆ) کوشتوویەتی، تا بانجۆکەی ببات. لەبارەی تەرمەکەیەوە دەبێتە مشتومڕ، چۆن و لە کوێ بنێژرێت. ئەوەیان دەڵێت:

(_ پەلە مەکە، کورە! هێشتا گیانی تێدا ماوە. دوایی بە چی بزانین موسڵمانە؟ ئەگەر موسڵمانە، ئەو دەعبایەی بۆ پێیە؟ دەڵێی شەیتان پێی داوە و هەر خۆیشی فێری کردووە چۆنی بژەنێت).

ئایا ئەو شاگردە کاتێ بە دەمی ڕانەبردوو دەدوێت، مانای وایە ئێستا بانجۆکەی پێیە؟ نەخێر، باس لەو کاتەیە، کە بەو ئامێرەوە هاتووەتە خان و لەوێ ژەندوویەتی. هەر بڕگەی دووەمی گوتەکە: (دەڵێی شەیتان پێی داوە و هەر خۆیشی فێری کردووە چۆنی بژەنێت)، دەریدەخات باس لە ئێستا نییە، چونکێ ناکرێت کەسێک لە سەرەمەرگدا خەریکی ژەنینی بانجۆ بێت.

ئینجا ئەم چەند وشەیە هەر لە ڕۆمانەکەدا دەخوێنینەوە: {(یەڵدا) جارێکی تر هەر بەو پەڕۆیە خوێنەکە دەسڕێت، لە کاتێکدا بیر لە مشتومڕی شاگردەکانی دەکاتەوە. دیسان دەپرسێت ئەرێ کوا ئەو ئامێرەی دەیژەند؟ کوا ئێسترەکەی؟}. لە خۆیی پرسیوە، نەوەک لە کەسێکی تر.

چیرۆکەکە بەم شێوەیەیە: (ئارۆ) بانجۆکە بە دەستی ئەو هونەرمەندەوە دەبینێت و دەیەوێت بیکاتە هیی خۆی، چونکێ سەرنجی ڕادەکێشێت. {یەکەمجارە ئامێری وای بەر چاو دەکەوێت، تەنانەت ناوەکەیشی هەر لە دەمی خاوەنیەوە دەبیستێت. (بانجۆ)، وشەیەکی تەفرەدەرە. زۆر داوای لێ دەکات بیداتێ، یان لانی کەم پێی بفرۆشێت، بەڵام کابرا دەستی لێی نابێتەوە. کاتێ خۆر ئاوا دەبێت و دەیەوێت بە ڕێ بکەوێت، داوی بۆ دادەنێتەوە. دەزانێت بە پشت دیواری ئەو ڕیزە ژوورەدا تێدەپەڕێت، کە بۆ ئەو کاروانچییانە دروست کراون، شەوان دەمێننەوە}.

هەر بە ڕاستی لێی دەدات و دەیکوژێت. ئەم ڕووداوە تەقینەوەیەکی ناکاو، بەڵام گەورە لە ژیانی ئەو خێزانەدا بەرپا دەکات، کە بەو هۆیەوە (یەڵدا) دەمرێت، (ج. ل. ک)ییەکان، کە ناوی حزبێکی سەر بە دەوڵەتە و ئەندامانی لە دژی (ک. ل. ک)ییەکاندا دەجەنگن، دەست بەسەر خانەکەیاندا دەگرن، خەڵک ماڵیان تاڵان دەکەن، تووشی دۆخێکی دەروونیی سەخت دێن، بە تایبەتی (ئارۆ)، کە خۆی هونەرمەندی کوشتووە، بێ ئەوەی مەبەستی بووبێت. لەم ساتەوە کۆمەڵێک گرفت ڕووبەڕووی ئەو منداڵە دەبنەوە، بەڵام وای لێ ناکەن دەست لە بانجۆکەی هەڵبگرێت، لە کاتێکدا وا لە خانەکەدا شاردوویەتیەوە، ئەو خانەی دەستی بەسەردا گیراوە. دیارە من تەنیا هێندەی لێ باس دەکەم، کە نابێتە هۆی ئاشکراکردنی نهێنیی گێڕانەوەکە، دەنا خوێنەر خۆی دەتوانێت ئازادانە بۆی بگەڕێتەوە و بزانێت شتەکە چۆنە.

(سەباح) نووسیویەتی: (ئارۆ تەمەنی دە ساڵە کاتێک بەردێک لە سەری هونەرمەند دەدات. چۆن بەردی منداڵێکی دە ساڵی، مرۆڤێکی گەورە دەکوژێت؟).

خۆزگە دەیگوت چۆن کوژراوە، کە ئێستا پێویستی نەدەکرد من بۆ دەقەکە بگەڕێمەوە. وەک پێشتر گوترا (ئارۆ) لە سەربانەوە بەردەکەی هاویشتووە و بە سەری داداوە. ئایا ڕێی تێ ناچێت بەردێک ئەگەر کەسیش نەیهاوێژێت، بەڵکوو خۆی تلۆر ببێتەوە و لە خوارەوە بەر کەلـلەی کەسێک بکەوێت، بیکوژێت؟ ئایا نەمانبیستووە چلوورەی گوێسەبانان بەر سەری خەڵک کەوتووە و کوشتوونی؟

(ئەوەتە هونەرمەند لەسەر پشتی ئێسترەکەی دانیشتووە. قاچەکانی بەملا و بەولایدا شۆڕ کردوونەتەوە. بانجۆکەی وەک تفەنگ بە شانی داداوە، کە ئەگەرچی شەوە، بەڵام مانگ بە دەرەوەیە و دەتوانێت بیبینێت. لەوێوە بەردێک بە کەلـلەیدا دەکێشێت. دەکەوێتە خوارێ، بێ ئەوەی هاوارێکی لێ بەرز ببێتەوە).

(سەباح) نووسیویەتی: (ژنێک ئۆتۆمبیل لێ دەخوڕێت. شۆدی لە گۆڕەپانی پێش زیندانە و تەماشای دەکات. دوورە لێی، بەڵام هەرچەند نزیکیش بێت لێی ناتوانێت ئەو جۆگەیە ببینێت کە ملوانکەکەی ملی، دروستی کردووە لەسەر جەستەی. دواتر دەڵێ ڕووی لەو نەبوو. باشە ئەگەر ڕووی لەو نەبوو، چۆن توانی ئەو وەسفە وردەی بکات، هەرچەندە وەسفەکەیش زیادەیە و هیچ پێویست ناکات چونکە کارەکتەرێکی سەرەکی نییە).

ئایا ڕاستە (پ. و. شۆدی) لەم ژنە دوورە؟ نەخێر. ئۆتۆمۆبیلەکە وەستاوە و ئەو لە نزیکیەوەیەتی، بەڵام ئەگەر دەگوترێت ژنێک لێی دەخوڕێت، ئەوە مەبەست ئەوەیە لە شوێنی شۆفێر دانیشتووە. چیرۆکەکە بەم شێوەیەیە: لێبوردنی گشتی بۆ زیندانییان دەردەچێت و (پ. و. شۆدی) یەکێکیانە. ڕاستییەکەی ناوی (دڵدار)ـە، بەڵام لە زینداندا بۆ (پ. و. شۆدی) گۆڕیویانە. دواتر بۆ ئەم خاڵە دەگەڕێمەوە. پێی گوتراوە (دیدەن) و (دیمەن) دێن، کە ناوی هەردوو پوورەکەین، تا بە ئۆتۆمۆبیل بیبەنەوە و ژمارەی ئۆتۆمۆبیلەکەیشیان پێ داوە. دێتە بەردەمی زیندان، لە کاتێکدا وا کەسوکاری زیندانییەکان لەوێ چاوەڕێیانن. (پ. و. شۆدی) ئۆتۆمۆبیلەکە دەبینێت، بەڵام ژنێک و کچێکی منداڵی لەناودان، نەوەک پوورەکانی. با ئەم پەرەگرافە بخوێنینەوە: {(پ. و. شۆدی) لەو کاتەدا ژمارەی سەر پلێتی ئۆتۆمۆبیلێکی سووری بەر چاو دەکەوێت و دڵی دادەچڵەکێت، چونکێ هەمان ئەو ژمارەیەیە، کە لە فایلەکەدا تۆمار کراوە، گۆیە هیی پوورەکانیەتی و دەیبەنەوە، بەڵام ژنێکی گەنج لێی دەخوڕێت، نە لە (دیدەن) دەچێت و نە لە (دیلان)یش، بگرە شێوەی زۆر لە هیی ئەوان دوورە. قژی لە شێوەی بۆب بڕیوە. سینگ و پشتی ڕووتن. پێستی زۆر ڕوون و لووس دیارە. دەڵێی ئاوێنەیە. کەمجار ڕێک کەوتووە، بگرە هەر ڕێک نەکەوتووە بەم ڕادەیە جوانیی ژن سەرنجی ڕابکێشێت}.

وەک دەبینین ئۆتۆمۆبیلەکە وەستاوە، چونكی هەم شۆفێرەکە و هەم منداڵەکەی تەنیشتی وەک ئەوانەی تر چاوەڕێی بەربوونیانن. ئەمەیش پەرەگرافێکی دیکەیە: (ڕووی بە لای ئۆتۆمۆبیلە سوورەکەدا وەردەگێڕێت و قووڵتر سەرنج لەو ژنە دەدات، کە تیشێرتێکی نیوقۆڵی پەمبەییی پۆشیوە. چاویلکەی هەتاویی لە چاوە. ئەو ڕەنگە ڕەشە هێندەی تر پێستی ڕوون دەرخستووە. بەگشتی ئەوانەی لووتیان باریک و لێویان کەمێک ئەستوورە، چاویلکەی هەتاوییان لێ دێت، بە مەرجێ ئاوا ماکیاجێکی تەنکیان کردبێت. زنجیری ملوانکەکە لە گۆشتی چەقیوە و چاڵێکی سەیری پێک هێناوە. باشترە بگوترێت جۆگەلە، چونکێ هەر بە ڕاستی لە جۆگەلە دەچێت). دوای ئەوە ئەم چەند وشەیەیش هەن: (ئەو ژنە کێیە؟ خەریکە ئەو پرسیارە یەخەی دەگرێت. کیژۆڵەیەک لە تەنیشتی دانیشتووە. بە مەزەندە هەشت نۆ ساڵ تەمەنیەتی. ڕوویان لەو نییە. ڕەنگە نەیاندیبێت).

(پ. و. شۆدی) دانەنیشتووە، بەڵکوو لەو بەردەمەدا پیاسە دەکات، بۆیە کاتێ دەگوترێت (ڕوویان لەو نییە. ڕەنگە نەیاندیبێت)، لەگەڵ دۆخی ئێستایەتی، کە لە پشتیانەوەیە. ئەوەتە لە ڕۆمانەکەدا هاتووە: {(پ. و. شۆدی) لە بەردەمی زینداندا پیاسە دەکات و خۆیشی نازانێت خەیاڵی بەرەو کوێی بردووە}. بەم شێوەیە ژنەکەی هەم لە پێشەوە و هەم لە دواوە دیوە. هیچ ئاماژەیەک نییە (پ. و. شۆدی) دانیشتبێت، بەڵکوو لە جووڵەدایە. شێوازی گێڕانەوەی من وایە، کە تەنیا لە سنووری پێویستدا پەنا بۆ وەسف دەبررێت، دەنا بایەخی یەکەم بە جووڵە دەدرێت. ئایا لە پشتیشەوە ناتوانیت ملوانکەی کەسێک ببینیت؟

ئەمەیش بەشێکی دیکەی دەقەکەیە: (ژنە چاویلکەی لە چاوی دوور خستووەتەوە و بە دەستیەوە گرتووە. لە ئۆتۆمۆبیل دابەزیوە و چووەتە لای. بەم پاییزە جلوبەرگی هاوینەی پۆشیوە. ئەو جینزە ڕەشەی تەواو لەگەڵ تیشێرتە پەمبەیییەکەیدا ڕێک کەوتووە. کاتێ دەدوێت، ئەو جۆگەلەیەی پڕ دەبێتەوە، کە ملوانکەکە پێکی هێناوە). واتە وەک گوترا ئۆتۆمۆبیلەکە وەستاوە و لە نزیکەوە دیویەتی. کێ دەڵێت مرۆڤ ناتوانێت لە نزیکەوە ئەو دیمەنە ببینێت؟

ئینجا کاتێ (سەباح) دەڵێت: (وەسفەکەیش زیادەیە و هیچ پێویست ناکات چونکە کارەکتەرێکی سەرەکی نییە)، ئەوە لە گوتار و گفتوگۆکاندا گوتوومە لای من کارەکتەر بەسەر سەرەکی و لاوەکی دابەش نابێت، کە ئەگەر خوێنەر بۆ کتێبی (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ) بگەڕێتەوە، دەبینێت یەکێ لە خەسڵەتەکانی ئەدەبی پۆستمۆدێرن، تێکشکاندنی سەنتراڵیزم و گەڕاندنەوەی بەهایە بۆ کەناڵە پەراوێزخراوەکان. لەگەڵ ئەوەیشدا فۆکەس لەسەر بینینی (پ. و. شۆدی)یە. واتە ئەمە ئەوە بەو شێوەیە ژنەکە دەبینێت. ژنەکە بەو پێوەرەیش بێت، لاوەکی نییە، بەڵکوو ڕۆڵی گەورەی هەیە و کۆمەڵێک پرسیاری لای (پ. و. شۆدی) ورووژاندوون. نامەوێت لەوە زیاتر بڵێم، چونکێ نهێنییە و خوێنەر خۆی دەبێت بە دوایدا بگەڕێت.

(سەباح) نووسیویەتی: {شۆدی دووبارە دەخرێتەوە زیندان لەبەرئەوەی ماسکی بەستاوە. ڕاستە ماوەیەکی کەم ماسک دەبەستێت و بە دوای کڵاش دەکەوێت و گوێ لە دایەلۆگی ئەو و ژنەکەی دەگرێت (ئەو دایەلۆگەیش هیچ پێویست ناکات) بەڵام ئەو کاتەی کە دەیگرن ماسکی نەبەستاوە (لا٨٢)}.

با سەرەتا بپرسین ئایا ڕاستە (پ. و. شۆدی) دوای ئەو کارەکتەرە دەکەوێت، کە ناوی (کلاش: Clash)ـە؟ نەخێر، (کلاش) یەکێکە لە پاسەوانەکان، کە دەستەڵاتی لە هیی سەرۆکی پاسەوانان زیاترە، بەڵکوو ئەوەی دوای دەکەوێت، (ز. ڕ. لەولی)یە و گوتراوە: (یەکێکە لە زیندانییە دێرینەکان). ژنەکەی بە عەرەبانە بۆ کەلاوەکەی دەباتەوە. لە ڕێگە گفتوگۆ دەکەن، کە زمانی هەردووکیان شێواوە، بگرە ئەو زمانە بۆ ئاماژە گۆڕاوە. ئەگەر ناو زیندان (لەولی)ی بۆ بوونەوەرێکی سەیر گۆڕیوە، ئەوە دەرەوەی زیندان ژنەکەی لە سروشتی خۆی داماڵیوە، بەڵام هەوڵ هەیە ئەو سروشتە لە ڕێی زمانەوە بگەڕێنرێتەوە. ژنە بە درێژاییی گوتەکانی وێنەیەکی سوریالییانەی ژیانی دەستەڵاتداران دەخاتە بەر چاو، بگرە باس لە شێوازی نووستن و تەختی خەوتنیان دەکات. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم لەم شوێنەدا هەوڵ دراوە لە دیدگەیەکی فەلسەفییەوە زیندان و دەرەوەی زیندان بکرێنە هەمان ڕووبەڕ. شێوازی شانۆیی بە کار هاتووە، کە لە تێکڕای ڕۆمانەکەدا شێوازە جیاوازەکانی دەربڕین هەن و بە ئاگایییەوە کراون. دوایی بۆی دەگەڕێمەوە. هەندێک لەو هاوڕێیانەی دەوروبەرم چەند جارێ ئەم گفتوگۆیەیان خوێندووەتەوە.

(سەباح) نووسیویەتی: (ئەو کاتەی کە دەیگرن ماسکی نەبەستاوە (لا٨٢)

ڕاستە، بەڵام بینیویانە، کە پێشتر بەستوویەتی، چونکێ لە بەردەرگەی زینداند بووە. ئینجا زیندانەکە هەر خۆی شوێنێکی ئاسایی نییە، بەو مانایەی زیندانێکی تایبەتە. (کلاش: Clash) پێشتر لە زینداندا ڕۆژانە دیویەتی و دەزانێت کێیە. ئینجا قسەی هەم لەگەڵ ژنەکە و هەم لەگەڵ کچەکەیدا کردووە، کە هاتوون ئەم ببەنەوە. ئەوان ئێستا گیراون، بۆیە ئەویش دەگرێت. ئەو خۆی دەڵێت لەبەر ماسک خراوەتە زیندانەوە، کە دەشێ شتی تر بێت، چونکێ هیچ بەڵگەیەک نییە. بە ئاگایییەوە ئەوە کراوە، کە مرۆڤ بە هۆکاری پووچ بخرێتە زیندانەوە و لەم ڕووەوە کۆمەڵێک چیرۆکی زیندانییەکان گێڕدراونەتەوە. پێشتر لە گفتوگۆ و گوتارەکانمدا لەبارەی هۆکارەوە دواوم، کە مەرج نییە هۆکاری شتەکان ڕوون بن، بەڵکوو دەشێ لە کۆمەڵێک نەزانراوەوە هاتبن، مادام شتەکان فرەڕەگن، نەوەک تاکڕەگ.

(سەباح) دەنووسێت: {دەلیلە هەندێ هێڵ دەکێشێت تا بۆ یەڵدای منداڵ ڕوونی بکاتەوە دۆخی دەروونیی ئارۆ چۆنە. باشە منداڵیک چۆن لە زمانی هێڵ تێدەگات؟ (لا٨٩)}.

من دەپرسم ئایا ڕاستە (دەلیلە) هەندێک هێڵی بۆ (یەڵدا)ی منداڵ کێشاوە؟ نەخێر. ئایا (یەڵدا) باوکی (ئارۆ) و (دارۆ)یە، یان منداڵە؟ باوکیانە. ئایا لەو کاتەدا لە ژیاندا ماوە؟ نەخێر. ڕاستییەکەی بەم شێوەیەیە: {(دەلیلە) ئێستا بۆ ژوورەوەی بردووە و گەڕاوەتەوە لای (دادە زیبا). بە پەنجەی دۆشاومژەی لەسەر ئەو خۆڵەی بەردەرگە هەندێک هێڵ دەکێشێت، تا ڕوونی بکاتەوە دۆخە دەروونییەکەی چۆنە. پێچەوانەی ئەوەی (دارۆ)یە. واتە بازنەیی نییە، بەڵکوو ڕێکە. ڕێک، بەو مانایەی ئامانجێک هەیە، هەمیشە دوای دەکەوێت، بێ ئەوەی هەست بکات پێی دەگات، یان لێی نزیک دەبێتەوە، بۆیە نیگەران و نائارامە}.

بەرگی ڕۆمانی تەرمەوان، کاروان عومەر کاکەسوور، چاپ و پەخشی سەردەم ٢٠٢٣

ئەم پەرەگرافەیش لە ڕۆمانەکەدا دەخوێنینەوە: {(دادە زیبا) کاتێ گوێی لە وشەی (ئامانج) دەبێت، سەر با دەدات و لچ هەڵدەقورتێنێت، وەک بڵێی بیەوێت لە ڕێی ئەو دوو جووڵەیەوە بپرسێت منداڵێکی دەساڵان ئامانجی چیی هەیە؟ مرۆڤ لەم تەمەنەدا هەر ساتێ شتێکی جیاواز لەو ساتەی پێشووی لە خەیاڵدایە، کە ئەوەی نییەتی و بیری لێ ناکاتەوە، (ئامانج)ـە. ئینجا (دەلیلە) دەڵێت لەم چوار ڕۆژەدا بەردەوام ویستوویەتی بە پەنجەکانی کەزیی ئەو هەڵبوەشێنێتەوە، کە لە شێوەی ملوانکەدا هۆنیویەتیەوە، تا بیانکاتە دوو هێڵی ڕاست و دەستیان پێدا بهێنێت. ئەو نائارامییە وای لێ کردووە بڵێت خۆی هونەرمەندەکەی کوشتووە، تەنانەت ڕووداوەکەی بە وردی گێڕاوەتەوە}.

(سەباح) نووسیویەتی: {لە لاپەڕە (٩٠)دا، دەلیلە زیبا دەباتە ژۆرێ، بەڵام لە لاپەڕە (٩١) دەلیلە لە دەرێیە. چۆن و کەی هاتە دەرێ؟}.

بۆ ئەوەی بزانین ئەمە چۆنە، پێویستە ئەم پەرەگرافە بخوێنینەوە: {(دەلیلە) دەستی (دادە زیبا) دەگرێت و بۆ ژوورەوەی دەباتەوە، بە مەرجێ خۆی پێی باشترە لە دەرەوە بمێنێتەوە. دیارە دەیەوێت لە (ئارۆ)وە نزیکی بخاتەوە، کە ئەوەتە لەسەر تاقێکی هەیوان دانیشتووە و هەڵدەلەرزێت، بە تایبەتی قاچەکانی، کە شۆڕی کردوونەتەوە. دەڵێی دوو لقی درەختن و ڕەشەبا دەیانلەرێنێتەوە. لە دڵی خۆیدا دەڵێت دیارە دیویەتی چۆن باوکی هونەرمەندی کوشتووە و چۆن خوێن لە سەریەوە فیچقەی کردووە، بۆیە ناتوانێت ئەو دیمەنە ترسناکە لە بەرچاوی لا ببات. ڕووداوەکانی شەویش هەر بە سروشت لەوانەی ڕۆژ ترسناکترن و ماوەی زیاتریش لە خەیاڵی مرۆڤدا دەمێننەوە. چاو بۆ (دەلیلە) دەگێڕێت و نایبینێت، تا لەو بارەیەوە بۆی بدوێت. دیارە چووەتە دەرێ، تا بە دوای (دارۆ)دا بگەڕێت و بیهێنێتەوە}.

لێرەدا گێڕانەوە فۆکەسی لەسەر (زیبا)یە، بگرە لەوەوە دەڕوانێتە دەوروبەر. ئەمە بە ئاگایییەوە کراوە، کە دۆخی دەروونیی ئەو دایکە پێشان دەدرێت، چۆن دوای ئەو هەموو نەهامەتییە، ئاگای لە خۆی و چواردەوری بڕاوە. پێشتر لەسەر زمانی (دەلیلە)وە باس کراوە، کە چەند ڕۆژە نە خەوی هەبووە و نە خۆراک.

(سەباح) نووسیویەتی: {لە لاپەڕە (١٠١)دا، زیبا پرسیار لە دەلیلە دەکات بۆچی نان ناخوات. کەچی چەند لاپەڕەیەک پێشتر، دەلیلە پێی گوتبوو نانی خواردووە}.

ماڵی دایک و باوکی (دەلیلە) لە قەراغی شارە. لەو دەمەی (زیبا) و منداڵەکانی تووشی ئەو دۆخە هاتوون، چووە لەوێ قەیماغ و نانی تەندووری هێناوە، بەڵام (زیبا) دەڵێت:

(_ هەر خۆت و ئارۆ دەیخۆن. من دڵم هیچ نابات، دەلۆیلۆ.

_ ئەوە چوار ڕۆژە، ئەگەر نەڵێم پێنجە تۆ نە بە ڕاستی دەمت لە نان داوە و نە وەک پێویست ئاویشت خواردووەتەوە. دەتەوێت من ئاوا بتبینم و نان بخۆم؟ نەیخۆیت، نایخۆم. ڕوونە؟).

(دەلیلە) هەرچۆنێکە ڕازیی دەکات نان بخوات. لەو کاتەدا دەپرسێت: (_ خۆت بۆچی ناخۆیت، دەلۆیلۆ؟

_ من لەوێ خواردوومە، دادە زیبا گیان.

ڕاست ناکات. دەمی لێ نەداوە. ئەوان جێ دەهێڵێت و دەچێتە حەوشە).

ئەوە هەموو شتەکەیە. من خۆم گرفتێک لێرەدا نابینم.

(سەباح) نووسیویەتی: {ئارۆ دە ساڵە، شتی وا دەکات بە تەمەنی خۆی ناچێت. قەیناکات. بەڵام لە لاپەڕە (٣٧٥)دا ڤەگێڕ دەڵێ، “قاچی چەپی دەخاتە ژێر بەردێک و بانجۆکەی لەسەر ڕاگیر دەکات.” واتە لێرە وەستاوە و دەژەنێت. دواتر بەرەو تڕۆپکی گردێک دەچێت و لە ژەنینیشی بەردەوامە. ئەمە چۆنە؟ بانجۆکەی لەسەر قاچی دانا تا بیژەنێت. ئایا بە ڕۆیشتن لە ژەنین بەردەوام بووە؟ چۆن؟}.

ئایا قاچی دەخاتە ژێر بەردێک، یان سەر بەردێک؟ دەقەکە وەڵاممان دەداتەوە: (قاچی چەپی دەخاتە سەر بەردێک و بانجۆکەی لەسەر ڕاگیر دەکات، تا بتوانێت بە دروستی بیژەنێت. دوایی بەرەو ترۆپکی گردەکە هەنگاو دەنێت و لە ژەنینیشی بەردەوامە).

کەواتە قاچی لەسەر بەردێک داناوە، نەوەک خستبێتیە ژێر بەردێکەوە، کە ئەوانە تەواو لە یەکتر جودان. ئایا بانجۆیەکی گەورەیە؟ نەخێر، {ڕاستییەکەی دانەیەکی بچووکە و کەسێکی شارەزا هەر تایبەت بۆی دروست کردووە، بە ڕادەیەک بۆ منداڵێکی وەک ئەم دەست بدات، بەڵام کەموکووڕیی نییە و دەتوانێت ئەرکی خۆی بە چاکی ڕابپەڕێنێت، بە مەرجێ ئەو پەنجانەی دەیژەنن، هیی هونەرمەند بن، کە وەک گوترا ئەم هونەرمەندە و لە ئێستاوە بە (ئارۆ بانجۆ) ناسراوە}. ئایا کاتێ بە گردەکەدا هەڵدەگەڕێت و لە ژەنینیشی بەردەوامە، قاچی هەر لەسەر بەردەکەیە؟ نەخێر. نە لەژێر بەردەکەیە و نە لەسەر بەردەکەیش. ئایا ئەوە کارێکی سەختە؟ دەتوانێت بە دانیشتن و بە ڕۆیشتن بیژەنێت، بگرە کاتێ بەو گردەیشدا هەڵدەگەڕێت. هەموو کاتێکیش لە بیرمانە ئێرە دنیای ئاماژەیە و لۆجیکەکە هیی دەقەکەیە، نەوەک هیی دەرەوەی.

ئینجا ئەوەی دەڵێت: (ئارۆ دە ساڵە، شتی وا دەکات بە تەمەنی خۆی ناچێت)، پێویستە بپرسین ئایا لە دەقەکەدا زەمینە بۆ گوتە و هەڵسوکەوتی خۆش کراوە؟ ئایا لۆجیکی دەقەکە ڕێ بەوانە دەدات؟ واتە ناکرێت بە لۆجیکی دەرەوەی دەقەکە ئەوانە لێک بدرێنەوە. (تەمەن) لە دنیای ئاماژەدا هەمان (تەمەن)ی ناو دنیای شمەک نییە، بەڵکوو ترازاوە و مانایەکی دیکەی جیاوازی بە خۆوە گرتووە. تەکنیکی گێڕانەوەکە وایە لە تەمەنی گەورەیییەوە بۆ منداڵیی هەر یەکێ لەو کارەکتەرانە دەگەڕێتەوە، بەو مانایەی تێگەیشتن و بینینی گەورەیی لەگەڵ تێگەیشتن و بینینی منداڵی یەک دەگرن، تا تێکەڵەیەک لە هەردووکیان پێک بێت، کە ئەمەیش وا دەکات ئەو ڕابردووە ڕێک وەک خۆی دەرنەخرێتەوە، بەڵکوو گۆڕانی بەسەردا بێت. بە مانایەکی دیکە، یادەوەریی گەورەیی و هیی منداڵی پێکەوە لەو گێڕانەوەیەدا بەشدارن. هونەر خۆی بەرهەمی ئەم ترازانەیە، دەنا دەبێتە هاوشان و هاووێنەی واقیع. زمانەکەیشی وەک زمانی ڕۆژانەی لێ دێت. (ئارۆ) بەو هەڵسوکەوت و ڕوانینەی بووەتە (ئارۆ)یەکی هونەری، کە هەر لێرەیشەوە جیاواز و سەرنجڕاکێشە. زمانی ئەو ترازاوە و چووەتە ئاستێکی دیکەوە، بە ڕادەیەک جیاوازە لەو زمانەی وا لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بە کار دێت، بۆیە ئەو ژنەی (تاوکۆ لاوکۆ ڕاوکۆ)ی بەرپرسی باڵا لەو ژوورەدا بەندی کردووە و ئەم هاتووە لە پەنجەرەوە دەیدوێنێت، پێی دەڵێت: (_ تۆ کێیت؟ قسەکانت لە ئاستی تەمەنت نین. ڕەنگە وەک منداڵ بێیتە بەر چاوی من، دەنا دەشێ زۆر گەورە بیت.). کارەکتەر ئەگەر هەمان کەسی ناسراوی کۆمەڵگە بێت، ناتوانێت کاریگەری جێ بهێڵێت. ئێمە لە دەقەکەدا (ئارۆ)مان هەیە لە ساتی لەدایکبوونیەوە تا ئەو ڕۆژەی لە ئەشکەوتێکدا دەکوژرێت، بەڵام سەربردەی ژیانی بە شێوەی زنجیرەیی نەگێڕدراوەتەوە، بەڵکوو هەر جارێ بەشێکی لە ڕایەڵی جیاوازدا پێشان دراوە. ئەم تەکنیکە وشەی کەمی دەوێت، بەوەی شتەکان لە شێوەی ئاماژەدا پێشان دەدات و خوێنەر ئەو بۆشایییانە پڕ دەکاتەوە، بگرە بە شێوازی خۆی لەو پارچانەدا وێنەی هەر کارەکتەرێک دەکێشێت.

(سەباح) نووسیویەتی: {لە (لا٤٧٥)دا، شۆدی بە زمانی جەستە قسە لەگەڵ ژن و پیاوێکی کەڕولاڵدا دەکات. چۆن لەهیکڕا فێری زمانی جەستە بوو؟ چونکە ئەوەی بە شۆدی دەڵێن بابەتێکی سادە و سڵاوکردن نییە، بگرە بابەتێکی قووڵە. چۆن بە زمانی جەستە لەو بابەتە تێگەیی؟}.

ئایا لە دەقەکەدا نووسراوە (زمانی جەستە)، یان (ئاماژەی جەستە)؟ ڕاستییەکەی (ئاماژەی جەستە)یە، بگرە ئەگەر هەموو دەقەکە بگەڕێیت، (زمانی جەستە) نادۆزیتەوە، بەڵام یەک مانایان هەیە. ئایا ڕۆژانە خۆمان بەردەوام پەنا بۆ ئاماژەی جەستە نابەین؟ هیوادارم خوێنەر خۆی بۆ پێناسەی زمانی جەستە (body language) بگەڕێت، تا بزانێت، ئاخۆ هەر ئەو ئاماژانە ناگرێتەوە، کە بە ئاگایی و نائاگایی بە کاریان دەهێنین؟ کەواتە پێویستی بە خوێندن نییە و لە هیکڕا فێری نابین، بەڵکوو سروشتمانە و پێیەوە لە دایک دەبین، بگرە ئاماژەی جەستە لە قسە ڕەسەنترە، کە ئەوەی دوایییان، واتە (قسە) لای فیلۆسۆفێکی وەک (دێریدا) دەدرێتە بەر ڕەخنەی توند و لەو ڕێیەوە ڕووبەڕووی تێکڕای مێتافیزیکای ئامادە (Metaphysics of Presence) دەبێتەوە. باسی ئێستامان نییە و پێشتر لەو بارەیەوە نووسیومە.

(پ. و. شۆدی) ویستوویەتی لەو ژن و پیاوە کەڕولاڵە بگات. کاتێ لەگەڵیاندا دواوە، لە دۆخێکی دەروونیی سەختدا بووە، بەوەی تازە لە زیندانێکی تایبەت هاتووەتەوە دەرێ، بە ڕادەیەک وا دەزانێت دنیا تەواو گۆڕاوە و ورچ وەک مرۆڤ قسە دەکات. گێڕەرەوەیش لێرەدا بێلایەنە و نایەوێت دەست بخاتە ناو ژیانیەوە، بگرە ئازادیی تەواوی پێ داوە، تا وەک ئەوەی هەیە، بدوێت و هەڵسوکەوت بکات. لەناو کۆمەڵێک تەرمی قەراغشاردا کووخێکی پێکەوە ناوە، کە شوێنەکە بە هەموو مانایەک ترسناکە. خوێنەری بێلایەن دەتوانێت بۆ ئەو شوێنە بگەڕێتەوە، تا بزانێت چۆنە. ڕەنگە (پ. و. شۆدی) لەو دۆخە دەروونییەدا شتەکان بەو شێوەیە نەبینێت، کە هەن. ئەم پەرەگرافە دەخوێنینەوە: {بە ئاماژە لەگەڵ یەکدا دواون، بەڵام بە هۆی بۆگەنی تەرمەکانەوە کێشەیان بۆ دروست بووە، چونکێ هەمیشە بە پەنجە لووتیان گرتووە، لە کاتێکدا بۆ مرۆڤی کەڕولاڵ، کە تەنیا پشت بە ئاماژەی جەستە دەبەستێت، پەنجە گرنگترین ڕەگەزی لێکتێگەیشتنە. (پ. و. شۆدی) بۆی دەرکەوتووە خۆی تەرمەوانە و ئەم ماوەیە لەگەڵ ئەو بۆگەنە ڕاهاتووە، دەنا بێگومان هەر کەسێ لە شوێنێکی ترەوە بێتە ئێرە، بەرگەی ناگرێت. ڕاستییەکەیشی شتێکی وایان لێ نەماوەتەوە، بەوەی شەوان ئاژەڵی کێوی و ڕۆژانە داڵەکان لێیان خواردوون}. ئەمەیش پەرەگرافێکی دیکەیە: {حەزی کردووە لەو ژن و پیاوە کەڕولاڵە نزیک ببێتەوە. ئەوان بە ئاماژە چەند شتێکیان لەبارەی کۆترەکانەوە دەربڕیون، کە ئەوەی لێیان تێگەیشتووە، ئەوە بووە، دەیانەوێت ئەم وڵاتە جێ بهێڵن و بەرەو خۆرئاوا بچن. خانووەکەیان بە کەلوپەلەکانەوە فرۆشتووە و تەنیا ئەم کۆترانە ماونەتەوە، بۆیە مەبەستیانە ئازادیان بکەن. (پ. و. شۆدی) وەک ئەوان پەنای بۆ زمانی ئاماژە بردووە و پرسیویەتی، ئاخۆ چۆنە بیریان لەوە نەکردووەتەوە بیانفرۆشن. پیاوەکە لێی تێنەگەیشتووە، بەڵام ژنەکە زانیویەتی مەبەستی چییە و هەوڵی داوە وەڵامی بداتەوە. ئەم بۆی دەرکەوتووە هیی خۆیان نین، بەڵکوو هیی بەرپرسێکی دەوڵەتی پێشوون و تازە شۆڕشگێڕان کوشتوویانە. هاوسەریشیان بردووە، تا دادگایی بکەن، بەڵام لە ترسان گیانی دەرچووە، تەنانەت نەیتوانیوە قاچی هەڵببڕێت و یخاتە دواوەی پیکەبەکەیانەوە، بەڵکوو لەنێوان ئەو دوو پیاوەی ئەم قۆڵ و ئەو قۆڵیان گرتووە، جووڵەی لێ بڕاوە. ئەو ژنە کەڕولاڵە ویستوویەتی بەردەوام ببێت و پتر شتەکان بۆ (پ. و. شۆدی) ڕوون بکاتەوە، بەڵام پیاوەکە پەنجەکانی خستووەتە سەر شانەکانی خۆیەوە و هەڵیپەڕاندوون، هاوکات نیشانەی سەرسووڕمانی لە دەموچاویدا نەخشاندووە، تا لەو ڕێیەوە پێشانی بدات ئەوەی شۆڕشگێڕان کوشتوویانە، چ پایەیەکی بەرزی لە دەوڵەتدا هەبووە. (پ. و. شۆدی) وای بۆ چووە ئەو بەرپرسە کەسی نزیکیانە. مەرجیش نییە وەڵامەکەی بە ڕوونی وەرگرتبێت، چونکێ لەبەر بۆگەنەکە بەردەوام لووتی خۆیان گوشیوە. هەر خێرا ئۆتۆمۆبیلیان خستووەتە گەڕ و بەرەو شار لێیان خوڕیوە}.

کەواتە مەرج نییە وەڵامەکەی بە ڕوونی وەرگرتبێت، بەڵکوو دەشێت هەر لێکدانەوەی خۆی بێت، گۆیە وایان گوتووە. ڕاستییەکەی لێرەدا فۆکەس لەسەر ئەوەیە هەم دۆخی دەروونیی (پ. و. شۆدی) پتر دەربخرێت و هەم ئاماژە بەوە بکرێت، کە لە ئەنجامی هەڵگیرسانی شۆڕشەوە شار چیی بەسەر هاتووە. وردەکاریی ئەمانە لە دەقەکەدا هەن و ڕێی خوێنەر دەدەم خۆی بە دوایاندا بگەڕێت.

(سەباح) نووسیویەتی: {لە تەواوی ڕۆمانەکەدا، کارەکتەری ئارۆ بەهێزە و تایبەتە، کەچی لە (لا٥٢٧)دا باسی ئەوە دەکرێ چۆن دەموچاوی دەسووتێ. ئەم ڕووداوە نەک چاڵە، بگرە قەناعەتپێکەریش نییە. یەکێک بە بەرد پیاو بکوژێت، وا بە ئاسانی لەبەر ناوساجی بەر دەبێتەوە و دەکەوێتە ناو ڕوونی. لێی نایەت}.

ئایا باسی کردووە چۆن دەموچاوی سووتاوە؟ نەخێر، بەڵام من خۆم ئەم ئەرکە دەگرمە ئەستۆ. (ئارۆ بانجۆ) دوای ئەوەی لە شۆڕشدا بووەتە کەسی دووەم، بگرە بووەتە کەسی یەکەم و کۆمەڵێک مرۆڤی بە تەور کوشتوون؛ سەربردەی ژیانی سەرنجی بەشێکی زۆری خەڵکی ڕاکێشاوە، بۆیە چەندان کەس لەو بارەیەوە دواون، بگرە کۆمەڵێک کتێب نووسراون، کە یەکێکیان هیی هاوڕێیەکی منداڵییەتی و لە ژێر ناوی خوازراوی (جینگز)دا نووسیویەتی، گۆیە لە هەموو ئەوانەی دی زیاتر ڕاستی لە خۆ دەگرێت، بەڵام (پ. و. شۆدی) کتێبێکی دیکەی دەست دەکەوێت، کە ئەگەرچی نووسەرەکەی ددانی پێدا دەنێت (جینگز) ورد باسی ژیاننامەی ئەوی کردووە، بەوەی هاوڕێی منداڵیی بووە و لە زانکۆیش پێکەوە خوێندوویانە، بەڵام {پێی وایە لێرە و لەوێ بە هەڵەدا چووە. بۆ نموونە بە بەڵگەوە پێشانی داوە، کاتێ سەری هەڵگرتووە، تەمەنی چواردە ساڵ بووە، نەوەک دووانزدە. ئینجا بە دووری نازانێت (ئارۆ) بە هەڵە دایکی بە تەور کوشتبێت. بەڵگەی ئەوەیە کاتێ سەری هەڵگرتووە، بانجۆکەی جێ هێشتووە، کە خۆشەویستترین شتی بووە، بە ڕادەیەک ساتێ لێی جودا نەبووەتەوە}. ئەو بەم شێوەیە دەیگێڕێتەوە: {دوای ئەوە دەموچاوی دەسووتێت و پێستی تەواو دەشێوێت. ڕاستییەکەی شەوە و بە بانجۆکەیەوە بۆ ماڵ دەگەڕێتەوە، کە ئەوسا دادەی لە ناوەڕاستی حەوشەدا ناوساجی سوور دەکاتەوە. بەوەدا چەند بڵێی برسییەتی و ماوەیەکی زۆرە خۆراکی وا چەوری لە ماڵدا نەدیوە، لە خۆشییان باڵ دەگرێت. بەر لەوەی بگاتە لای، قاچێکی دەکەوێتە ناو چاڵێکی بچووکەوە و بە لا دادێت. خۆی بۆ ناگیرێتەوە، بە تایبەتی ترسی لەوەیە بانجۆکەی بەر ببێتەوە و بشکێت، بۆیە کاتێ دەزانێت وا دەموچاوی لەناو تاوەکەدایە}.

ئایا مەرجە ئەم گێڕانەوەیە ڕاست بێت؟ نەخێر. گێڕانەوە لە ڕۆمانی پۆستمۆدێرن، یان لە ڕۆمانی فرەدەنگدا لەسەر گومان دامەزراوە و خۆی لە ڕەهاگەرایی دوور دەگرێت، کە وەک ڕەخنەدۆزان بە گشتی پێیان وایە بە خەسڵەتەکانی ناکاوی (suddenness)، ڕوواڵایی (arbitrary)، ڕێکەوت (Coincidence)، گەڕەلاوژە (chaos)، پەشێوی (Turbulent)، ناهاوتوخمی (heterogeneou)، پەرشوبڵاوی، یان نایەکگرتوویی (scattered or incoherent) و ئەوانەی دی دەناسرێتەوە، بەوەی هەر ئەوانە سیمای مێژووی هاوچەرخیشمانن. بە مانایەکی دی، ئەو شێوازەی ڕۆمان لە چەندڕەگی (hybridity)یەک پێک دێت و خاوەنی کۆمەڵێک ڕەگەزی ناهاوتوخم (heterogeneous elements)ـە. واتە جیاوازن، بێ ئەوەی دژی یەک بن. لەو شێوازەدا نەک هەر کارەکتەری بێژمار جیاواز دەردەکەون، بگرە گێڕەرەوەی جۆراوجۆریش ئەرکی گێڕانەوە لە ئەستۆ دەگرن، کە هەمان ئەو دۆخە دەروونییە ئەوانیش دەگرێتەوە. بە مانایەکی دی، هەر گێڕەرەوەیەک بەشێکی حەقیقەتەکە دەردەخات و خوێنەریش ئازادانە تێگەیشتنی خۆی دادەمەزرێنێت. لەبارەی ژیانی (ئارۆ)وە زۆر گێڕانەوەی دژبەیەک هەن، کە ئەو خوێنەرە خۆی بە دوایاندا دەگەڕێت.

با بۆ ئەم چەند وشەیەی (سەباح) بگەڕێینەوە: (یەکێک بە بەرد پیاو بکوژێت، وا بە ئاسانی لەبەر ناوساجی بەر دەبێتەوە و دەکەوێتە ناو ڕوونی). وەک بینیمان ئەگەر ئەو گێڕانەوەیە ڕاست بێت، مانای وایە (ئارۆ) قاچی دەکەوێتە چاڵێک و بەر دەبێتەوە، بەڵام بەوەدا خەمی یەکەمی بانجۆکەیەتی، کە زۆر تایبەتە و خۆشەویستییەکەی بێسنوورە بۆی، هەوڵ دەدات بیپارێزێت. ناتوانێت و دەموچاوی دەکەوێتە ناو تاوەکەوە. ئایا ئەوە پێوەندیی بە توخمی هێزەوە هەیە؟ ئەرێ ئەگەر مرۆڤێکی گەورەی بەهێزیش بێت و بەم شێوەیە بکەوێت، دەموچاوی ناسووتێت؟ ئینجا وەک لەو گێڕانەوەیەی لە کتێبە نوێیەکەدا هاتووە، دەشێ ئەودەم چواردە ساڵ بووبێت، نەوەک دووانزدە. هەر لە بەشی یەکەمدا کاتێ باسی (ئارۆ) دێتە ئاراوە، گومان لەم گێڕانەوەیە دەکرێت. (دارۆ)ی برای، کە بابەگەورەی (پ. و. شۆدی)یە، گوتوویەتی ئەودەم تەمەنی (ئارۆ)ی برای گەیشتووەتە چواردە. با ئەم پەرەگرافە بخوێنینەوە:

{دەیگوت ئەوە ڕاست نییە، گۆیە لە تەمەنی دووانزدەدا بە تەور دایکی کوشتووە، بەڵکوو ئەوسا گەیشتووەتە چواردە. (دەلیلە)ی دادەی بابەگەورەی پەنجەکانی دەخستە سەر ناوچەوانی خۆی و دەیگوت دووانزدە بوو، بەڵام هاوکات پێی لەسەر ئەوەیش دادەگرت، کە (دارۆ) بیری تیژە، بە تایبەتی لە ژمارەدا، بۆیە دوور نییە وا بێت. ئینجا دەیگوت لە لای ڕوونە دووانزدەی مانگ بوو، کە دیارە هەر ئەوە بە لاڕێیدا بردووە. ئینجا لەو ماوەیەیشدا کیژۆڵەیەکی ناسیاویان لە تەمەنی دووانزدەدا مردووە و لە ڕێی گۆڕستاندا باوکی بەر تەور دراوە، کە تەوروەشێنەکەیش لە (ئارۆ بانجۆ) زیاتر، کەسی دی نییە}.

بە ئاگایییەوە ئەو پەشێوییە لە گێڕانەوەکاندا دروست کراوە، تا بابەتەکە بە کراوەیی بمێنێتەوە و ڕێ بە حوکمی ڕەها نەدرێت.

ئایا نەمدەتوانی تەمەنی (ئارۆ) بکەمە هەژدە، بگرە بیستوهەشت؟ بەڵێ، دەمتوانی، بەڵام ئەو کاریگەرییەی ئێستای نەدەبوو. لێرەدا پرسیاری ڕەوشتی (ethical questions) دەورووژێنرێت، کە ئایا چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵێک، یان هەرزەکارێکدا بکرێت، وا لە پێناوی بەدەستهێنانی بانجۆیەکدا، هونەرمەندێکی کوشتووە؟ ئایا دوای ئەوەی ئەم ڕووداوە ڕێڕۆی ژیانی دەگۆڕێت و دەیگەیەنێتە ئەوەی خوێنی دەیانی تر بە گەورەیی بڕێژێت، چ پاساوێکی بۆ بهێنینەوە؟ ئایا تاوانەکانی پاساو هەڵدەگرن؟ ئایا کاتێ تاوانەکانی تێکەڵی بابەتی بەرگریکردن لە نەتەوە و نیشتمان دەبێت، هیچ شتێک لەو هاوکێشەیە دەگۆڕێت؟ ئەمانە و کۆمەڵێک پرسیاری دیکەیش. لە تێكڕای بەرهەمەکانمدا بە مەبەستی تایبەت منداڵ دەهێنمە ناو دنیای گەورانەوە، تا ئەو نهێنییانە دەربخات، کە ئەوان لەبەر هەر هۆکارێکە دەیانەوێت بیشارنەوە.

(سەباح) نووسیویەتی: {لاپەڕە (٩٨) کاتێ دەلیلە بۆ باهۆی سەگ قسە دەکات و دەڵێ، “بۆم دەرکەوتووە ئەوانەی زێدی خۆیان جێ دەهێڵن و لە شوێنی دی دەگیرسێنەوە، توانای گۆڕانکارییان هەیە.” باشە دەلیلەی نەخوێندەوار و شاراننەدیو و نەدیتکە، چۆن ئەمەی بۆ دەرکەوتووە؟}.

پێم وایە هەڵەیەکی لۆجیکی دەکەین، کاتێ دەڵێین مرۆڤی شارنەدیو و نەخوێندەوار هۆشیاریی نییە. ئینجا ئایا ئەوەی شاری نەدیبێت و تیپەکانی نووسین نەناسیت، نەدیتکەیە؟ ئایا ئێمە چۆن چەمکی (هۆشیاری) پێناسە دەکەین؟ بەر لەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەمەوە، دەڵێم (دەلیلە) ڕاستە کچی خانەوادەیەکی گامێشەوانە و لە قەراغی شاردا هاتووەتە دنیاوە، بەڵام زیاتر لە ماڵی (زیبا) و (یەڵدا)دا گەورە بووە، بگرە وەک کچیان وایە، بۆیە کوڕەکان بە دادەی خۆیانی دەزانن، تەنانەت تا دەمرێت، لەگەڵ نەوەکانیشیاندا دەمێنێتەوە. ئینجا ئەو بەشێکی کاتی ڕۆژانەی لە خانەکەدا بە سەر دەبات، کە ناوجەرگەی شارە. هەر هێندە نا، بەڵکوو لەوێوە شارێکی نوێ دەست پێ دەکات. ئەوانە دایدەمەزرێنن، وا لە شوێنی ترەوە بۆی هاتوون. (دەلیلە) دەستەخوشکی (سەمارا)ی هاوسەری (هاروون)ـە، کە یەکەم کتێبخانەیان لەم شارە داناوە، تەنانەت (سەمارا) وای زانیوە خوێندەوارە. لە گفتوگۆکاندا باسی زۆر شت دەکەن. یەکێک لەو گفتوگۆیانە لە ساڵی (1917)دا کراوە و چەند پرسیارێکیان ورووژاندوون. ئینجا (زیبا) بەردەوام کتێبی بۆ خوێندووەتەوە. لە ڕۆمانەکەدا ئاماژە بەوەیش کراوە، کە لە خانەکەدا کەسانی جیاوازی دیون. (دەلیلە) بەشێکی گێڕانەوەکە لە ئەستۆ دەگرێت، کە دەتوانم بڵێم بە ئاگایییەوە ئەوە کراوە، تا لە دیدی ئەوەوە وردەکارییەکانی شار لە ئاستی ئابووری، سۆسیۆلۆجی، سیاسی، ئەنترۆپۆلۆجی، سایکۆلۆجی، کولتووری و سۆمبۆلی، بگرە لە ڕووی تەلارسازیشدا پێشان بدرێت، بۆیە لە ڕێی ئەوەوە چیرۆکی جیاوازی کەسەکان دەخرێنە ناو پرۆسێسی گێڕانەوەوە، تراجیدیا و کۆمیدیا تێکەڵ دەبن، سنوور لەنێوان ڕابردوو، ئێستا و ئاییندەدا نامێنێت. ئایا بە ئاگایییەوە (دەلیلە) بۆ ئەو ڕۆڵە هەڵبژێردراوە؟ بەڵێ، چونکێ وەک لە گوتار و گفتوگۆکانمدا باسم کردووە، شتەکان لە ڕۆمانی فرەدەنگدا کۆمەڵێک ڕەگیان هەیە، نەوەک تەنیا یەک ڕەگ. ئەو ژنە تێکەڵییەکە لە شار و قەراغشار، یان چەق و کەنار، بگرە سنووری ئەوانە لەودا سڕاوەتەوە. ئایا (دەلیلە) ناتوانێت بڵێت: (بۆم دەرکەوتووە ئەوانەی زێدی خۆیان جێ دەهێڵن و لە شوێنی دی دەگیرسێنەوە، توانای گۆڕانکارییان هەیە، چونکێ گوێ بەوە نادەن پشتیان تێ دەکرێت، لە کاتێکدا هێشتا ڕووی کەسیان نەدیوە. ئەوانە لە سزا ناترسن، سزای ئەوەی بە نابووت دابنرێن و سووک سەیر بکرێن. ئەو ئازادییە دەست و پێیان دەکاتەوە، تا چییان پێ خۆشە، ئەوە بکەن، باهۆ)؟

نەیگوتووە لە کتێبێکدا خوێندوویەتیەوە، بەڵکوو لە دوای گێڕانەوەی چیرۆکی دوو برای کەبابچییەوە پێی گەیشتووە، کە ئەوانە لە شوێنی ترەوە بۆ ئەم شارە هاتوون، تا کەبابخانە دابنێن، لە کاتێکدا دانیشتووانی ئێرە سووک لە کەبابچییان ڕوانیوە. خوێنەر دەتوانێت بۆ دەقەکە بگەڕێتەوە، تا بزانێت، ئاخۆ شێوازی گێڕانەوەکە چۆنە. ئایا گوتەکانی ئەو ژنە سروشتی نین و بە زمانی خۆی نادوێت؟

بۆ ئەو دوو پرسیارەی پێشوو دەگەڕێینەوە: ئایا ناکرێت مرۆڤی نەخوێندەوار هۆشیار بێت؟ ئەرێ مەرجە هەمیشە خوێندەواری ببێتە هۆی دروستبوونی هۆشیاریی نوێ؟ کەواتە خوێندەواری ڕێگەیە و دەبێت بزانین چیی پێدا دەگوێزرێتەوە. خوێندەواری هەر خۆی بەرهەمی مرۆڤی نەخوێندەوارە. ئایا ئەوانەی خوێندەوارییان داهێنا، خوێندەوار بوون؟ ئەرێ بەهای ئەو شتەی مرۆڤ دایهێناوە، لە بەهای خۆی گەورەترە؟ ئایا هەموو خوێندەوارەکان هۆشیارن؟ ئەگەر لە دیدی (کارڵ پۆپەر)ی فیلۆسۆفەوە بڕوانین و بپرسین ئایا سەرجەم نەخوێندەوارەکان ناهۆشیارن، ئەوە پێویستە بیخەنە بەردەم تاقیکردنەوەوە، کە ئەو ناو لەم پرۆسێسە دەنێت پووچەڵکردنەوە، یان ڕەتکردنەوە، یان بەدرۆخستنەوە (Falsifiability)، کە ڕاستییەکەی مەبەست لە بوونی توانای بەدرۆخستنەوەیە و پێوەرە بۆ ئەوەی چی زانستی و چی نازانستییە. ئایا هەموو قوڵینگەکان سپین؟ لەم ڕووەوە گوتارێکم بە ناونیشانی (لە ناوی کارڵ پۆپەرەوە بەرەو فەلسەفەکەی) نووسیوە.(1)

بەپێی تێگەیشتنی ئەو فیلۆسۆفە ئەگەر یەک نەخوێندەوارمان دۆزییەوە، خاوەنی هۆشیاری بوو، مانای وایە ئەم تیۆرییە تێک دەشكێت و پێک نایەتەوە، هەتا ئەگەر دوای ئەوە بێژمار نەخوێندەواری ناهۆشیارمان هێنا، لە کاتێکدا پێم وا نییە (هۆشیاری) تاقی بکرێتەوە، چونکێ بە بوونەوە لکاوە و جوداکردنەوەی سەختە. من ناتوانم بوونەوەر بەبێ هۆشیاری بێنمە بەر چاو. ئامادەم لەو بارەیەوە یەک باسی تایبەت بنووسم و نووسیویشمە. پێشتر ئاماژەم بە گوتارێکی (ماگنوس ئینزێنسبێرگەر: Magnus Enzensberger)ی شاعیر و بیرمەندی ئەڵمان کردووە، کە لەژێر ناونیشانی (پێهەڵدانی نەخوێندەواری: In praise of illiteracy)دا نووسیویەتی و باس لەوە دەکات چۆن کەمایەتی لە پەنا خوێندەوارییەوە دەیەوێت بەشێکی زۆری دانیشتووانی گێتی بە بیانووی نەخوێندەواری بسڕێتەوە، لە کاتێکدا ئەوە نەخوێندەوارەکانن یادەوەریی گەورەیان هەیە و وردبینن. ئەوە ئەوانیشن ئەدەبیان داهێناوە، بگرە دەگاتە ئەوەی بڵێت ئێرەیی بە نەخوێندەوار دەبات، کە خاوەنی ئەو یادەوەرییە مەزنەیە.(2)

دیارە ئەو نووسەرە دژی خوێندەواری نییە، بە ‌قەدەر ئەوەی دەیەوێت لاکەی دیکەی سیستەمی خوێندن ببینێت، کە مەرجدارە. لە ڕێگەی خوێندنەوە دامودەستگەکان دەیانەوێت توانامان داگیر بکەن و بە ئارەزووی خۆیان هەڵمانبسووڕێنن. پێی وایە نەخوێندەوارەکان خاوەنی هۆشیاریی سروشتی و زیندوون، بەوەی دەستی دەستگەکانی دەوڵەتیان ناگاتێ، تا ئەو سروشتەیان بشێوێنێت. ئایا زمانی کوردی ئەوان نەیانپاراستووە، لە کاتێکدا بەشێکی زۆری خوێندەوارەکان لەناو زمانی دەوڵەتدا تواونەتەوە؟

ئایا ئەوانەی لە دەرەوەی شاردا دەژین، نەدیدتکەن؟ سەرەتا دەڵێم خۆم دژی ئەم زاراوەیەم، کە لە بەرانبەر وشەی (ناشارستان: uncivilized)دا بە کار هاتووە، لە کاتێکدا گومانی گەورەی من لە (شارستانیەت)، وردتتر لە مۆدێرنیزمە و لەم ڕووەوە ڕەخنەدۆزان لانی کەم لە (نیتشە) و (فرۆید)ـەوە تا (کلود لیڤی شتراوس)، (مێشێل فۆکۆ) و ئەوانەی دی بە شێوازی خۆیان ڕووبەڕووی بوونەتەوە. شارستانیەت بە خوێنی مرۆڤ ئاو دراوە. (فرۆید) لە کتێبی (شارستانیەت و نیگەرانییەکانی: Civilization and its Discontents)دا پێی وایە شارستانیەت لەسەر چەپاندنی ئارەزووەکان دامەزراوە. لەم ڕووەوە دەنووسێت: {ئەگەر هێڵی ئاسنینی شەمەندەفەر نەبووایە، تا ماوەی نێوان شوێنەکان کورت بکاتەوە، هەرگیز ڕۆڵەکەم زێدی خۆی (native town)ی جێ نەدەهێشت و منیش پێویستم بە تەلەفۆن نەدەبوو، تا گوێم لە دەنگی ببێت. ئەگەر گەشت بە هۆی کەشتی و لە ڕێی زەریاوە نەکرابووایە، هاوڕێی من ڕێی ئاوی نەدەگرت و پێویستم بە برووسکە (cable) نەدەبوو، تا نیگەرانیی خۆمی پێ بڕەوێنمەوە}.(3)

ئێمە ئەمڕۆ لەم کوردستانەی خۆماندا کاتێ دەچینە ئەو شوێنە بازرگانییانەی جاران مەڵبەندی یاریمان بوون، پێویستە جلوبەرگی جوان بپۆشین، پێڵاومان ڕەونەق بدات، قژمان ڕۆنی لێ بچۆڕێتەوە، کۆمەڵێک مارکەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانمان پێوە بن و شتی دیکەیش. ئەودەم هەر لەو شوێنانەدا تەقڵەمان لێ دەدا و لەسەر دەست دەڕۆیشتین. پڕ بە دەنگمان دەمانقیژاند و هەزار وشەی بێمانامان لە دەم دەردەچوون. ئەمڕۆ ئەو زمانەمان لە هەمان شوێندا سەرکوت دەکەین و بەپێی یاساکانی ئەو شارستانیەتە دەدوێین. هەم جەستەمان بەو شێوەیە دەجووڵێنین، کە شارستانیەت دەیخوازێت و هەم وشەکانمان بەو ڕێگەیەی، ئەو بەسەریدا سەپاندووین، دەردەبڕین. بە مانایەکی دی، ئەوە ئێمە نین خاوەنی جەستە و زمانین، بەڵکوو کۆمپانیاکانن ئێمەیان هەن و هەڵماندەسووڕێنن. ئینجا کاتێ دەمانەوێت بنووسین، دیسان ئەو یاسایانە لە بەرچاو دەگرین و خودی شارستانیەت دەکەینە پێوەر. ڕەخنەگرتن لە شارستانیەت، هاوکاتی ڕەواجدان نییە بەو هێزانەی شارستانیەت دەڕووخێنن، بەوەی ئەوانیش وەک شارستانیەت پرسیاری ئێمە دەکوژن، لە کاتێکدا ئەوەی ڕێمان دەدات لەناو شارستانیەتدا بژین، بێ ئەوەی بتوێینەوە، هێزی ئەو پرسیارەیە، کە وەک گوترا ئەمە هەڵسووڕێنەری ڕۆمانی فرەدەنگە. (هایدیگەر) ئەو هەموو ڕەخنەیەی لە ئامێر گرتووە، بەڵام خۆیی بە دوژمنی نەزانیوە، بەڵکوو تەنیا بە پرسیار ڕووبەڕووی بووەتەوە.

یەکێ لە ڕۆمانەکانی ڕۆماننووسی ئیتاڵی (ئەلیساندرۆ باریکۆ) ناوی (1900 داستانی پیانۆژەن لە زەریادا)یە و باس لەو کەشتییەی (فرۆید) دەکات. ڕاستە ناوی نەهێناوە، بەڵام بە خوێندنەوەی خۆم، هەر ئەوە. دیارە بە ئاگایییەوە سەرەتای سەدەی بیستەمی هەڵبژاردووە، کە تێیدا منداڵێکی ساوا لەناو کەشتییەکەدا، دروستتر لەناو کارتۆنێکی هۆڵی سەمادا دەدۆزرێتەوە، تەنیا دە ڕۆژە هاتووەتە دنیاوە و هەموو تەمەنی تێدا بە سەر دەبات، بە ڕادەیەک دەرەوە نابینێت. وەک ئەوە وایە زیندانی هەمیشەییی بێت. کەشتییەکە لەنێوان ئەوروپا و ئەمەریکا لە کاردایە. ئەوەی منداڵەکە هەڵدەگرێتەوە، پیاوێکی ڕەشپێستە، کە تێیدا چێشلێنەرە و ناوی (دانی بوودمان)ـە. ئەوەیشی هەر بە مەبەستەوە کردووە، کە ئەدەبی پۆستمۆدێرن بایەخی گەورە بەو ڕەگەز و توخمە پەراوێزخراوانە دەدات. کاتێ لێی دەپرسن ناوی کۆرپەکە چییە، دەڵێت (1900)، کە ڕاستییەکەی ئەو ناوە لە هیچ فایلێکدا تۆمار ناکرێت. تەمەنی دەگاتە شەش ساڵ و پیاوەکە دەمرێت. هەوڵ دەدەن چارەسەرێکی بۆ بدۆزنەوە، گۆیە لە ڕێی دەستەڵاتی دادگاوە فریای بکەون، بەڵام دیار نامێنێت، بە ڕادەیەک وا دەزانن خۆی هەڵداوەتە زەریاوە. کاتێ دەزانن، کەسێک خەریکی ژەنینی پیانۆیە و ئەم پیانۆژەنەیش هەر ئەو منداڵەیە. وەک گوترا لەوێدا دەمێنێتەوە و نایەوێت پێی بخاتە سەر وشکانییەوە، تەنانەت بەندەرەکانیش نابینێت. دیارە ئەمە کورتکردنەوەی ڕۆمانەکە نییە، بەڵکوو تەنیا چەند ئاماژەیەکە، لە کاتێکدا شێوازی گێرانەوەکەی تێکەڵییەکە لەنێوان هونەری چیرۆک و شانۆدا. زمانەکەی ناڕاستەوخۆیە و پڕ لە ئاماژە. لێرەدا مەبەستمە بڵێم ئەو نەهامەتییە بەرهەمی شارستانیەتە. وەک (فوکۆ) و ڕەخنەدۆزانی دیکە پێیان وایە زیندان و شێوازەکانی ئەشکەنجەیش هەر ئەو شارستانیەتە هێناونی. من خۆم لە هەشتاکانەوە بایەخم بە زیندان و ئەشکەنجە داوە، بەڵام بە شێوەی ناڕاستەوخۆ، وەک ئەوەی زمانی ئەدەب دەیخوازێت، کە بریتییە لە تێپەڕاندنی دۆخی شت بۆ ئاماژە. چیرۆکی (هەتیوێکیشیان لەگەڵدایە)، ئەندامێکی کۆمەڵەی (سەدەی یەکەی خەیاڵە)، کە بە شێوەی کۆمیدیا باس لە زیندان و شێوازەکانی ئەشکەنجە دەکات. لە ڕۆمانی (سوارەکان بە قاچاغ بووکیان گواستەوە)دا (سەنگەر) دەخرێتە زیندانێکەوە و زیندانەکە بەر تۆپ دەدرێت، بە ڕادەیەک تێکڕای پاسەوانەکان ڕا دەکەن و خۆی تەنیا دەمێنێتەوە. لە ڕۆمانی (تەرمەوان)دا بە شێوازێکی دی بۆیان گەڕاومەتەوە. وەک گوترا ڕۆمانی فرەدەنگ توانای هەیە ئەو لایەنە شاراوەیەی شارستانیەت دەربخات، کە دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکانی نایانەوێت بیبینین. ئەگەر بەم شێوەیە و بەو توندییە لەسەر ئەم خاڵەدا هەڵوێستە دەکەم، ئەوە لەبەر ئەوەیە ڕوانینمان بۆ شارستانیەت، هاوکات ڕوانینە بۆ ئەدەب بە گشتی و ڕۆمان بە تایبەتی، کە هەر لێرەوە شێواز و تەکنیکیش دەردەکەون.

لە ڕۆمانی (تەرمەوان)یشدا ئەم باسە شتێکی بنەڕەتییە. ئەوەی خان دادەمەزرێنێت، کە وەک گوترا شار لەوێوە دەست پێ دەکات، کەسێکی بکوژ و دزە. ئەوەتە نووسراوە: {ئەگەرچی (شەوباران)ی باوکی (یەڵدا) کوڕی عەشیرەتێکی گەورەی ناوچەیەکی شاخاوییە، بەڵام هەر زوو سەر هەڵدەگرێت و لەم شارەدا دەگیرسێتەوە. ڕاستییەکەی لە شەڕێکدا دوو ئامۆزای خۆی دەکوژێت و ڕا دەکات. دەرفەت دەهێنێت و خشڵێکی زۆر دەدزێت، تا لێرە ئەو خانەی پێ دابنێت. ناوی خۆی بۆ (شەوباران) دەگۆڕێت و ژیاننامەیەکی ساختە هەڵدەبەستێت، کە بەردەوام دەیگێڕێتەوە و دەکەوێتە سەر زمانی خەڵک، بەڵام هەمیشە دەترسێت ڕۆژگارێک بناسرێتەوە و لە چاوترووکانێکدا بەسەر دنیاوەی نەهێڵن. هەستی کردووە ڕۆژێک ئەو قژە زەرد و چاوە شینانەی ئاشکرای دەکەن}.

شارستانیەت درۆزنانە و فریودەرە. خوێن و ئێسقان دەشارێتەوە، تا بێژمار شتی بریقەدار پێشان بدات. شارستانیەت بەو ئەندازەیەی وەهمە، ڕاستییشە، کە ناکرێت تێیدا نەژین و بە پرسیاری ڕەق ڕووبەڕووی نەبینەوە، وەک ئەوەی (ئۆسڤاڵد شپینگلەر) لە ساڵی (1918) و لە کتێبی (داڕووخانی خۆرئاوا)دا ڕووبەڕووی بووەوە. ئەوە تەنیا هێزی پرسیارە ناهێڵێت شارستانیەت بێگەرد و ناسک ببینین، کە ڕۆمانی فرەدەنگ خاوەنی ئەو هێزەیە. وەک گوترا ڕۆمانی (تەرمەوان) هەوڵی داوە ئەو پرسیارانە بورووژێنێت. ئەو خانەی دوای نزیکەی (150) ساڵ دەکرێتە هۆتێلێکی پێنجئەستێرە و دەبێتە شوێنی کۆبوونەوەی دەستەڵاتداران، (شەوباران)ێکی بکوژ و دز دایمەزراندووە، بەڵام ئایا گرنگ نییە؟ بەڵێ، گرنگە. ئەدەب لەو شتانە دەدات، کە گرنگن، تا لایە هیچەکانیان دەربخات. لێرەوەیە ئاسمان (سپەیس)ی ڕۆمان پڕ دەبێت لە پووچی، بێمانایی، وڕێنە و (قسەی قۆڕ بە دەربڕینی سەباح). هەر کاتێ ئەو شارستانیەتە ناکەیتە پێوەر و بەپێی پرینسیپەکانی نانووسیت، زمانی کارەکتەرەکانت دەترازێت و دەچێتە دۆخێکی ترەوە، کە دۆخی وڕێنە و (قسەی قۆڕ)ـە.

لە هەر بەراوردکردنێکدا، تۆ پەنا بۆ پێوەر دەبەیت، کە خودی ئەو پێوەرە لای من لەسەر دژایەتییەکی گەورە دامەزراوە، یان بە دەربڕینی (دێریدا) مێتافیزیکە و دەبێت تێبپەڕێنرێت، بگرە هەڵبوەشێنرێتەوە. بەراوردکاری دەمانخاتە بەردەمی دوو لایەنەوە و بەسەرماندا دەسەپێنێت، یەکێکیان هەڵببژێرین و ئەوەی دیکەیان بسڕینەوە، یان لانی کەم نرخێکی کەمتری بۆ دابنێین، بۆیە لە خوێندەوار و نەخوێندەوار، یەکەمیان دەمێنێتەوە و دووەمیان دەکەوێتە پەراوێزەوە. بە مانایەکی دی، پێشتر لایەنگرێتی (bias)ی خۆمان بۆ ئەوەی یەکەم ڕاگەیاندووە، کە ڕاستییەکەی بەهای (پێوەر)مان خستووەتە سەرووی بەهای خۆمانەوە، چونکێ لە پێناوی بەرزڕاگرتنی پێوەردا، دەستمان لە (ویست: will)مان هەڵگرتووە. پێم وایە بایەخی ڕۆمانی فرەدەنگ لێرەدا دەردەکەوێت، کە نەک بەراوردکاری دەداتە دواوە، بەڵکوو خودی پێوەرەکەیش تێک دەشکێنێت. هەر لێرەوەیە نەخوێندەوار لە ڕۆمانی فرەدەنگدا بەهای بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام بەوەدا لە واقیعدا نەناسراوە، ئەوە هەم چیرۆکەکانی نامۆن و هەم زمانەکەی ناباو (unfamiliar)ـە. بە مانایەکی دی، ئەو زمانە بە وڕێنە و (قسەی قۆڕ) دادەنرێت، مادام لە دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکان (socialization)دا بە لاوە نراوە، یان بە دەربڕینی (فۆکۆ) بەپێی پێوەری بەهاکان سەرکوت کراوە. ئایا ئەو زمانە لە ماڵ، فێرگە، گەڕەک و شوێنە گشتییەکاندا هەیە؟ نەخێر. ڕۆمانی میلـلی، ئەو ڕۆمانەی هەمان زمانی دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکان بە کار دەهێنێتەوە، بە ئاسانی دەخوێنرێتەوە، لە کاتێکدا ئەو ڕۆمانەی ئەم زمانە تێک دەشکێنێت، تا لە ئاماژەدا پێشانی بداتەوە، پێویستی بە وزەیەکی دیکەی خوێنەرە، بۆ ئەوەی بتوانیت پێوەندیی لەگەڵ دابمەزرێنیت، مادام پێوەرەکانی لە بەرچاو نەگرتوون.

بەراوردکاری هەر خۆی هەڵەیەکی لۆجیکییە، بەوەی وەک ئەزەلی لەو پێوەرە دەڕوانرێت، کە تێیدا لە بەرچاو دەگیرێت، لە کاتێکدا پڕە لە دژبەیەکی و توانای مانەوەی نییە. لە بەراوردکاریدا تەنیا ئەوە بەرهەم دێنینەوە، کە هەیە، بەڵام بە توانەیەکی کەمتریش. بۆ نموونە تۆ کورسییەک دەکەیتە پێوەر بۆ بەراوردکردنی دوو کورسیی دیکە. ئەوەی لێرەدا لە بەرچاوت گرتووە، خەسڵەتەکانی ئەو کورسییەن، وا کراوەتە پێوەر، گۆیە بۆ نموونە تۆکمەیە و دانیشتنی ڕەحەتە. کەواتە کاتێ دوو کورسییەکەی تر بەراورد دەکەیت، ئەوەیان بە چاکتر دەزانیت، کە لەو دەچێت. بەم شێوەیە هەمان کورسیی یەکەم لەوەی دووەمیاندا بەرهەم دێنیتەوە، بەڵام هەر لە ڕووی دەروونییە پێت وایە هێشتا ناگاتە ئەو کورسییەی کراوەتە پێوەر. ئایا ئەو کورسییەی کراوەتە پێوەر، ئەزەلییە؟ واتە لەوەتەی هەیە کورسییە و تا ئەبەدیش وەک کورسی دەمێنیتەوە؟ نەخێر. هەر بەشەی لە شوێنێکەوە هاتووە. قاچە ئاسنەکانی لە شوێنێک، کوشینە تەختەکەی لە دارستانێک، دەسکە پلاستیکەکانی لە لایەکی دیکەوە. بۆ ماوەیەکی کاتی، بە مەبەستێکی دیاریکراو و لە پێناوی بەرژەوەندییەکدا یەکیان گرتووە، کە سبەی کاتێ دەشکێت و هەر دەیشبێت بشکێت، دیسان هەر پارچەی دەگاتە لایەک. لەو گفتوگۆیەی (شاخەوان سدیق) لەگەڵیدا کردووم و لە ژێر ناونیشانی (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ)دا چاپ کراوە، بۆچوونی ئەو فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزانەم هێناوەتەوە، کە ڕەخنە لە پرینسیپی ناسنامە دەگرن، بەوەی کاتێ ئەو ناسنامەیە لە بەرچاو دەگیرێت، تەنیا ئەوە بەرهەم دێتەوە، کە هەیە. ڕۆمانی فرەدەنگ بەوەدا لە دژی سەرچاوە و پێوەرەکاندا دەوەستێتەوە، توانای هێنانی دەنگی نوێی هەیە.

دیسان بەپێی ڕوانینی (پۆپەر) ئەم تیۆرییە بە ئاسانی پووچ دەکرێتەوە، کە دەربڕینی (هەموو شارنەدیوەکان نەدیتکەن) دەگرێتە خۆی. (هایدیگەر) لە سێپتێمبەری (1933)دا دەقێک لە ژێر ناونیشانی (تەنیا دارستانی ڕەش ئیلهامم پێ دەبەخشێت)دا دەنووسێت، کە بە زمانێکی شیعری باس لەوە دەکات چۆن کاتێ زانکۆی بەرلین ویستوویانە بیکەنە پرۆفیسۆری کورسی (Chair Professor)، ڕەتی کردووەتەوە، لە کاتێکدا ڕاگری زانکۆی فرایبۆرگ بووە. لە زمانی ئینگلیزیدا ناونیشانەکەی بەم شێوەیەیە: (بۆچی لە کەناردا دەمێنمەوە؟ Why Do I Stay in the Provinces?).(4) باس لە ڕەسەنێتیی کەنار، یان گوند دەکات، بەوەی دانیشتووانی پێوەندیی ڕاستەوخۆیان بە بوونەوە هەیە، لە کاتێکدا قەرەباڵغی ئەو بوونەیان لێ دەستێنێت و گۆشەگیریان دەکات. کۆمەڵێک نموونە لە زمانی دەشتەکییەکانەوە دەهێنێتەوە، تا لەو ڕێیەوە پێشانی بدات ئەوانە تا چ ئەندازەیەک بوونی ڕەسەنی خۆیان پاراستووە.

لە ڕۆمانی (تەرمەوان)دا کار لەسەر چەق و کەنار (سەنتراڵ و لۆکاڵ)دا کراوە، بۆیە چەند جارێ قەراغشار پاتە بووەتەوە، کە (سەباح) ئەمەی وەک لاوازی لێک داوەتەوە، بێ ئەوەی بڵێت چۆن. خۆزگە لانی کەم نموونەکانی بهێنایەتەوە، تا لە دەقەکەدا پێشانی بدەم، کە لە ڕایەڵ (کۆنتێکست)ی جیاوازدا باس کراون، تەنانەت ئەگەر داوا بکات، بە خۆشحاڵییەوە باسێکی تایبەتی بۆ تەرخان دەکەم. لەم ڕووەوە بە گوتار و کتێبیش نووسیومە، کە بە گشتی ئەو فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزانەی ڕەخنە لە دۆخی مۆدێرنیتی دەگرن، لە (نیتشە)وە تا (هایدیگەر) و لەوێوە تا (فۆکۆ)، (دێریدا) و ئەوانەی دی خۆیان لە قەرەی ئەم باسە داوە. لە سەرچاوەکانم وەرگرتوون و لەو بارەیەوە بۆچوونی خۆمم نووسیوە. بۆ نموونە لە هەردوو کتێبی (هەولێر و هەولێری لە کۆنکریتبەندییەوە بۆ هەڵوەشاندنەوە) و (کوشتنی فیل و پاراستنی دووکانی شووشەوات)دا.(5)

دەبێت ئەوەیش بگوترێت، کە لەو ڕۆمانانەی بە شێوازی شەپۆلی هۆش (stream of consciousness) دەنووسرێن، نووسەر هەر خۆی بە مەبەست پەنا بۆ هەڵەی دەربڕین دەبات، تا زیاتر دۆخی دەروونیی کارەکتەرەکان پێشان بدات. بە چاکی دەزانم لێرەدا بە کورتی ئاماژە بەوە بکەم، کە ڕۆمانی (تەرمەوان) باس لەو کاریگەرییە دەکات، جەنگ و شۆڕش لەسەر دەروونی کارەکتەرەکاندا جێیان هێشتووە، بۆیە تێیدا زیندان ڕووبەرێکی فرەوانی داگیر کردووە. لە دەروونناسیدا چەمکێک بە ناوی (Post Traumatic Stress Disorder) هەیە، کە ئاماژەیە بەو دۆخەی مرۆڤی دوای جەنگ و ڕووداوە تراجیدییەکان تێی دەکەوێت. (ئەلفرێد ئەدلەر)ی دەروونناس کاتێ لە دۆخی سەربازەکانی شەڕی دووەمی گێتیی کۆڵییەوە، بۆی دەرکەوت ئەوانە تووشی دەمارەییی جەنگ (war neurosis) هاتوون، بەو مانایەی لە ژێر کاریگەریی جەنگدا دەروونیان شێواوە و ئازاری ویژدان لە ناوەوە دەیانتلێنێتەوە. ئەمە لە یادەوەرییاندا ڕەنگی داوەتەوە، کە ناتوانن وەک پێویست ڕابردوو بە بیر خۆیان بهێننەوە. هەر لێرەوە چەمکی (shell shock)یش (ئەدلەر) دایدەهێنێت و لە دەروونناسیدا شوێن دەگرێت.(6) مەبەستمە بڵێم کارەکتەرەکانی ڕۆمانی (تەرمەوان) لەناو ئەو دۆخەدا هەڵسوکەوت دەکەن و ئەرکی گێڕانەوە لە ئەستۆ دەگرن، بۆیە ئاسایییە، ئەگەر لێرە و لەوێ هەڵە ڕوو بدات، بەڵام ئایا لەگەڵ ئەوەیشدا ئەوانە هەڵەن، کە (سەباح) دەستنیشانی کردوون؟ هەوڵم دا لە ڕێی ڕۆمانەکەوە پێشانی بدەم، کە هەڵە نین. وەک گوتم خۆزگە زۆری دیکەی لەم شێوەیەی دەستنیشان دەکردن!

لە دنیای ئاماژەدا شتەکان هەمان ئەو مانایەیان نییە، کە لە دنیای شمەکدا هەیانە. لە دەروازەی ڕۆمانەکەدا نووسراوە: (کاتێ دنیای تایبەتی خۆت لە ڕێی وێنەوە دروست دەکەیت، مانای وایە ئەو دنیایەت بە لۆجیکی ناوەوەی خۆی، نەوەک بە لۆجیکی دەرەوە بە ڕێوە دەچێت. ئەوانەی بەوە سەرزەنشتت دەکەن، گۆیە لە قرچەی گەرمادا مەترێک بەفر دەبارێنیت، یان لە چلەی زستاندا قیری جادە دەتوێنیتەوە، هێشتا ئەو دنیایەتیان نەناسیوە، بەڵکوو لە دنیای ناسراوەوە دەیبینن. ئازیزان، دنیا دنیای خۆمە و لۆجیک لۆجیکی خۆم. دەتوانم لە گەرمادا کڵووەبەفرێک نەبارێنم، یان لە زستاندا قیری جادە بە ساردی بهێڵمەوە).

بەوەدا هونەر لە تێپەڕاندنی ئاستی زانراوی واقیعی شمەکەوە دێتە دی، ئەوە ئەرکی شتەکان دەگۆڕێن، کە ئەوە وای کردووە (گریگۆر سامزا)ی ڕۆمانی (مێتامۆرفۆسیس)ی (فرانز کافکا) بەو ئاسانییە لە جانەوەرێکدا بەرجەستە ببێت. ناتوانیت ئەو کارەکتەرە بۆ واقیعی خۆی بگەڕێنیتەوە و ڕێیشت نادات بە پێوەرەکانی واقیعی زانراو بیخوێنیتەوە، بەڵکوو سەختە بیخەیتە ناو ڕۆمانێکی دیکەی هەمان ڕۆماننووسیشەوە، بەوەی هەر دەقێک خاوەنی لۆجیکی خۆیەتی. (کێڵگەی ئاژەڵان)ی (جۆرج ئۆروێل) نموونەیەکی دیکەیە، کە ڕۆمان پشت بە لۆجیکی خۆی دەبەستێت، بۆیە ناتوانین بە پێوەری واقیعی زانراوی دەرەوەی بیخوێنینەوە، مادام لە دەقەکەدا زەمینەی تەواو بۆ ئەوە هەیە ئاژەڵ لەم فۆرمە نەناسراوەدا دەربکەوێت. ئەوە ئێمەی خوێنەرین چووینەتە ناو دنیای ئەوان؛ ئەوان نین هاتوونەتە ناو دنیای ئێمەوە. ناکرێت لۆجیکی خۆمانیان، کە هیی دنیای دەرەوەیە، بەسەردا بسەپێنین.

(سەباح) نووسیویەتی: (ناوهێنانی کارەکتەر بە شێوازی ڕۆژئاوایی کارێکی ئێجگار بێ مانایە. نموونە: پ.و. شۆدی، س.م. سلۆپی، د.ۆ. گەلەوز، ب.ب. سکرەفی، هتد. بەڵێ خەمم لەوەش خوارد).

ناوەکان هیی زیندانییەکانن و زیندانییەک، کە ناوی خۆی ناوە (س. م. سلۆپی)، هیی ئەوانەی دیکەیشی گۆڕیوە. واتە (ڕاستینە!) نین، بەڵکوو بە مەبەست کراون. لە دەقەکەدا ئاستی ڕوانینی (س. م. سلۆپی) دەرخراوە. سەرۆکی پاسەوانان ڕۆژانە بە دزی کتێبی بۆ هێناوە. تێکڕای ناوەکان بە پێوەری کۆمەڵگە قێزەونن، بەو مانایەی دەیەوێت لەو ڕێیەوە بە گژ دەستەڵاتی سیاسیدا بچێتەوە. ئەگەر ناونان پرۆسێسێکە، لە سەرەوە بۆ خوارەوە ئاڕاستە دەکرێت، بۆ نموونە باوک ناو لە منداڵ دەنێت، فێرکارێک دەتوانێت ناوێکی دی بخاتە شوێنی (ناوی ڕاستینە!)ی فێرخوازێکەوە، ئەفسەرێک هیی سەربازێک بگۆڕێت، نەتەوەیەکی دەستەڵاتدار ناوی نەتەوەیەکی ژێردەستە بشێوێنێت، ئەوە (س. م. سلۆپی) وەک بێباکییەک ئەوە دەکات. واتە دەیەوێت ئاڕاستەکە بگۆڕێت. خاڵی هاوبەش لەنێوان تێکڕای ناوەکاندا بە دی دەکرێت، کە ئەمەیش ئاماژەیە بۆ ئەوەی شتەکان پێوەندییان پێکەوە هەیە و خودی ئەو پێوەندییە مانای زانراوی (ناو) بەتاڵ دەکاتەوە. (جیمس جۆیس) ئایرلەندییە و زمانی ئینگلیزییە، بەڵام ناوی زۆرینەی کارەکتەرەکانی لە ئەفسانەی یۆنانی وەرگرتوون. (ولیام فۆکنەر) ناونیشانی ڕۆمانی (ئەبشالۆم، ئەبشالۆم!: Absalom, Absalom!)ی لە ئەفسانەیەکی عیبرییەوە هێناوە. (هێرمان هێسە) ڕۆمانی (سیدهارتا)ی هەیە، کە هەر ناونیشانەکە بە زمانی سانسکریتییە و ناوی کارەکتەرەکانیش دیسان لە زمانی هیندییەوە وەرگیراون. لەم ڕووەوە دەتوانین دەیان نموونەی تر بە بیر خۆمان بهێنینەوە. ئینجا لەنێوان ناوی خۆرهەڵاتی و خۆرئاواییدا پێوەندیی ناوەکی هەیە، نەوەک سنووری کۆنکریتبەندی. بەشێکی زۆری ئەو ناوانەی لە خۆرئاوایش هەن، ڕەگیان بۆ خۆرهەڵات دەگەڕێتەوە. ئەو پێوەندییە ڕایزۆمییانەی نێوان شتەکان هەم لە واقیعی ڕۆژانەماندا گرنگە و هەم لە ڕۆمانی فرەدەنگیشدا، کە لە دەستەڵاتی سەنتراڵ کەم دەکاتەوە. ئایا ناکرێت کارەکتەرێک لەناو ئەو هەموو کارەکتەرەدا بۆچوونێک، یان خوویەکی لەم شێوەیەی هەبێت، لە کاتێکدا ڕۆمانی فرەدەنگ ئەوە دەخوازێت ئازادیی تەواو بە هەر یەکەیان بدرێت؟ زمانی ئینگلیزی بەوە دەناسرێتەوە، کە زۆرینەی وشەکانی زیاتر لە مانایەکیان هەیە. ئەمەیش بە تایبەتی لەم شوێنەدا بە کەڵکی دەقەکە هاتووە. واتە هەر ئەوەی وشەکان لەسەر دژایەتی دامەزراون و لە جووڵەدان، ناکرێت یەک لێکدانەوەیان بۆ بکرێت. ئینجا هەر ناوێک لەم ناوانە دوو تیپی خراونەتە پێش. بۆ نموونە (ز. ڕ. لەولی)، کە ئەمەیش هێندەی دی پرۆبلەماتیک دەخاتە نێو ناوەکەوە و ناهێڵێت تاکە مانایەک تێیدا ببێتە دەستەڵاتدار. هەر ناوێک لە دوو بەشی دیار و نادیار پێک دێت، کە ئەو نادیارە ڕێ نادات بەشە دیارەکە خۆی بە حەقیقەت بزانێت، بەڵکوو ئەو حەقیقەتە تێک دەشکێنێت. لێرەوە (ناو) ناتوانێت ببێتە نوێنەری گەوهەر (ناوەرۆک) و لە جیاتیی ئەو بدوێت.

(ز. ڕ. لەولی) کاتێ بەر دەدرێت، هاوسەری بەر چاو دەکەوێت، وا وەک خەڵکی دی هاتووە: {لەو دەمەدا ژنێک دەبینێت، بە عەرەبانەیەک لەو عەرەبانانەی کرێکاری تەلارسازی و باخەوانان بە کاری دەهێنن، (لێرە دیکتاتۆری پێ دەڵێن)، بۆ لای قەرەباڵغییەکە دێت و لە ناکاو دەوەستێت. جلوبەرگی پیاوانەی پۆشیوە. سویتەرێکی سەوز و پانتۆڵێکی ڕەش. قژیشی وەک هیی پیاوان کورت کردووەتەوە. کاسکێتێکی سووری لە سەرە. (ز. ڕ. لەولی)، کە یەکێکە لە زیندانییە دێرینەکان، دێت و قنگی دەخاتە قەراغی پێشەوە. قاچەکانی لە هەوادا دەلەرێنەوە. ژنە بێ ئەوەی خۆشحاڵیی خۆی دەرببڕێت، یان تەنانەت چاکوچۆنیی لەگەڵدا بکات، دەیباتەوە}.

وەک زووتر گوترا لە ڕێگە بە زمانێکی تێکشکاو گفتوگۆ دەکەن:

{_ جیڕەجیڕی ئەم دیکتاتۆرە ئازارت نادات؟ ئازاری گوێچکەت.

_ ئەگەر نەتپرسیایە، نەمدەزانی هەر دەنگی هەیە. ئێستا کاتێ گوێی لێ دەگرم، پاسەوانێکم بە بیر دەهێنێتەوە، کە دەنگی لەم جیڕەجیڕە دەچوو. لە زیندان ناویان نام لەولی (lowly)، (ز. ڕ. لەولی).

_ لەولی؟ ئەو ناوە خۆشە چییە؟ زۆرت لێ هاتووە.

_ لە دەرەوەیش دەستی پێوە دەگرم.

_ من لەم ساتەوە هەر بە لەولی بانگت دەکەم و بە هاوکەلاوەکانیش دەڵێم ئەوە ناوی ڕاستینەتە. لەوەتەی لە کەلاوەدا دەژیم، یەکەمجارە هەست بکەم نەبوونی دەرگە دەشێ کەموکووڕی بێت. دەکرا ناوەکەتی لەسەر بنووسم و هەموو بیبینن، لەولی گیان. بەڵێ، ئەمە ماڵی لەولییە. دەی، وەرە، ژن، تۆ لە قۆناغی سەرەتایییەوە تا تەواوت کرد بەوە دەناسرایتەوە دەستوخەتت جوانە و دەیان تابلۆی شوێنە بەناوبانگەکانت بەو پەنجانەت دەنووسین، باوکە جواننووسەکەت دەیبردیتە دووکان و بەشێکی کارەکانی پێ دەسپاردیت، بەڵام ئێستا نەتوانیت ناوی مێردت لەسەر پلێتێکدا بنووسیت و بە شوێنێکەوە هەڵیبواسیت! ئەرێ پێم دەڵێیت مانای ئەو ناوە خۆشە چییە؟

_ ئەگەر ڕاستەوخۆ وەریبگێڕیت، دەبێتە نزم، بەڵام خۆشبەختانە مانا ڕاستەوخۆکەی گوێی پێ نادرێت و تەنیا مانا ناڕاستەوخۆکەی لە بەرچاو دەگیرێت. واتە سووک، یان هیچوپووچ.

_ ئینجا هەر مانای ناڕاستەوخۆی ناو گرنگە، لەولی گیان.

بە گۆرانی دەیڵێت:

_ لەولی، لەولی، لەولی گیان، لەولی گیان، مێردی خۆمی بەقوربان. بە بینینت خۆشحاڵم، بەریان داویت لە زیندان}.

ئەمە بەشێکە لەم گفتوگۆیەی، کە (سەباح) پێی وایە وڕێنەیە و زیادەیە. ڕاستییەکەی وڕێنەیە، بەو مانایەی زمانی هەردووکیان تێک شکاوە و بۆ ئاماژە گۆڕاوە، چونکێ ئەو پێوەرە لە بەرچاو ناگرێت، کە شارستانیەت سەپاندوویەتی. (ساموێڵ بیکیت) لە (چاوەڕوانیی گۆدۆدا)دا دەیەوێت بە هۆی گوتەکانی (ئیستراگۆن) و (ڤڵادیمێر)ـەوە ناوەرۆکی شاراوەی سەردەمەکەی پێشان بدات، کە چۆن دامودەستگەکانی دەیانەوێت لە ڕێی سیستەمی زمانەوە هەمووان وەک یەک لێ بکەن. ئەو دوو کارەکتەرە بە وڕێنە و (قسەی قۆڕ) ڕووبەڕووی سیستەمی زمان دەبنەوە، کە لە پشتیەوە دەستەڵاتی سیاسەت و ئابووری هەن. زمانی (ز. ڕ. لەولی) و هیی هاوسەری بە مەبەست لە وڕێنە نزیک خراوەتەوە. ئەگەر ئەمیان ناو زیندان پێشان دەدات، ئەوە ئەویان دەرەوەی دەردەخات، کە لە زیندانەکە سەختترە. وەک پێشتر گوترا باسی گەڕەکی دەستەڵاتدارانە، دروستتر هیی گەڕەکی ئەوانەیە زیندان بە ڕێوە دەبەن و لە بەرانبەریشدا کەلاوەنشینەکان هەن. نەدەکرا جگە لە هێزی ئەم زمانە، هیچ هێزێکی دیکە بتوانێت ئەو دۆخە پێشان بدات و ئەو سێ ڕووبەرە، (زیندان، گەڕەکی دەستەڵاتداران و کەلاوەکان) پێک بگەیەنێتەوە. دەستەڵاتەکان لەسەر ئەوە دامەزراون بەپێی پێوەرەکان تێکڕای شتەکان لە یەک داببڕن، بۆیە ئەوان وای پێشان دەدەن سنووری پۆڵایین لەنێوان (ناوەوە) و (دەرەوە)دا هەیە، کە ئەو فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزانەی ڕەخنەیان لە دۆخی مۆدێرنیتی گرت، هەر زوو لە مەترسیی ئەم تێگەیشتنە بە ئاگا هاتنەوە. وەک گوترا ناوەوە و دەرەوەی زیندان پێچەوانە نین، بەڵکوو ئەوەتە لە ڕێی گفتوگۆی (ز. ڕ. لەولی) و هاوسەری تێکەڵ دەبنەوە، کە پێشتر ئەو ڕووبەرە بەشێکی دانەبڕاوی دەرەوەی خۆی بووە. زیندان بە هۆی پێوەرەوە دامەزراوە، لە کاتێکدا دەیەوێت وەک حەقیقەتێکی ڕەها و ئەزەلی خۆی دەربخات. ئەدەب کاتێ دەتوانێت هێز پەیدا بکات، کە ڕووبەڕووی قاڵب و کڵێشەکان دەبێتەوە، دەنا هەر کاتێ بەپێی قاڵب و کڵێشە دەنووسرێت، بۆ کاڵا دەگۆڕێت، مادام پێوەری لە بەرچاو گرتووە. ئەگەر کارگەیەک دەتوانێت بێژمار شمەکی هاوشێوە بەرهەم بێنێت، ئەوە لەبەر ئەوەیە پەنا بۆ قاڵب دەبات، کە هەر ئەم لێکچوونە وا دەکات کڕیارەکان بە ئاسانی شمەکەکان بناسنەوە و بە ئاسانییش بەسەریاندا ساغ بکرێتەوە، لە کاتێکدا ئەدەبی دژ لە ڕێی تێکشکاندنی قاڵبەوە، جیاوازی دەهێنێت. ئەو ئەدەبەی بۆ کاڵا دەگۆڕێت، بە ئاسانی دەچێتە ناو جەماوەر و بە خێراییش ساغ دەکرێتەوە، چونکێ هەمان زمانی ڕۆژانەی لە خۆیدا پاراستووە. بە مانایەکی دی، جەختی لەسەر حەقیقەتی دەستەڵاتەکانی کردووەتەوە، بگرە چینێکی دیکەی خستوونەتە سەر.

زمانی (ز. ڕ. لەولی) و هاوسەری وەک چۆن لە هیچ سەرچاوەیەکەوە نایەت، ئەوە ڕوویشی لە هیچ سەرچاوەیەک نییە، بۆیە زمانێکی ناڕۆشنە و سنووری بۆ دانانرێت. ئەگەر بمانەوێت بە پێوەری واقیع بیخوێنینەوە، واتە بەپێی لۆجیکی زمانی زانراو گوتەکانی ئەو دوو کارەکتەرە و ئەوانەی دیکەیش لێک بدەینەوە، ئەوە تەنیا جەخت لەسەر حەقیقەتی دەستەڵاتی سیستەم دەکەینەوە، کە لێرەوە ئەدەب نەک هەر ناتوانێت (جیاوازی) بهێنێت، بەڵکوو تەنیا واقیعی ئەو دەستەڵاتە دەردەبڕێتەوە. ئەودەم زمانی ڕۆژانە و زمانی نووسین وەک یەکیان لێ دێت، لە کاتێکدا نووسینی دژ بریتییە لە تێپەڕاندنی زمانی ڕۆژانە. وەک (دێریدا) پێی لەسەر دادەگرێت نووسین، (کە مەبەستی نووسینی سروشتییە، نەوەک شێوازی گرافیکی)، (جیاوازی)ی لێ دەکەوێتەوە.

پێم وایە هەر لەم نموونەیەی لە سەرەوە هێنرایەوە، تێدەگەین، کە ناوەکان بە ئاگایییەوە لە کارەکتەرەکان نراون و لە کۆتاییی ڕۆمانەکەدا فەرهەنگێک هەیە، تا مانای جیاوازی ئەو ناوانەی تێدا لێک بدرێتەوە. ڕاستییەکەی لێکدانەوە نییە، بە قەدەر ئەوەی دەرخستنی جووڵە و جیاوازییە لەناویاندا. نامەوێت لەوە زیاتر بڵێم، بەڵکوو خوێنەر خۆی دەتوانێت بیخوێنێتەوە. بوونی زمانی جیاواز لەم دەقە و ئەوانەی دیکەیشمدا هەر پێوەندیی بەو تێگەیشتنەوە هەیە، کە دەیەوێت سەنتراڵیزم تێک بشکێنێت و ئەو کەناڵانە بکاتەوە، وا دەستەڵاتی ئەو سێنتراڵیزمە سەرکوتی کردوون. ئەو خوێنەرەی بێلایەنانە (تەرمەوان) بخوێنێتەوە، دەزانێت، کە تەنیا یەک زمان هەیە و هیی دەوڵەتە. ئەو زمانە دەیەوێت زمانی کوردی نەک هەر بسڕێتەوە، بەڵکوو مەبەستیەتی نکووڵی لە بوونیشی بکات، بۆیە بە ئاگایییەوە زمانی تریش هێنراونەتە نێو دەقەکەوە. هەندێک لە دایەڵۆگەکان بە زمانی ئینگلیزی نووسراون. ئەمەیش دیسان بە مەبەستەوە کراوە.

ئینجا ئەوەی دەڵێت، گۆیە (ئەو وشانەی لە ئینگلیزییەوە وەرگیراون، گۆکردنیان هەڵەیە)، ڕاستییەکەی گۆکردن نییە، بەڵکوو نووسینەوەیانە بە تیپی کوردی، دروستتر بە تیپی ئارامی، کە بڕوا دەکەم لە من چاکتر بزانێت نووسینەوەی دەنگی ئینگلیزی بە کوردی سەختە، بۆیە هەموویانم لە خوارەوە بە تیپی ئینگلیزییش نووسیون، کە ڕاستییەکەی ڕەگی تیپەکە بۆ جێرمانی دەگەڕێتەوە. لە ڕۆمانی (یادەوەریی بووکەڵەکان)دا کارەکتەرێک ناوی (پەنژین پیرۆت)ـە و بە عەرەبی کراوەتە (بنزین بیروت)، چونکێ ناکرێت دەنگی (پ) و (ژ) بە عەرەبی بنووسرێت. بە زمانی دانمارکی ناوی (سورێن کیەرکەگۆرد: Søren Kierkegaard)ی فیلۆسۆف بەم شێوەیە دەنووسرێت. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم دەتوانم وەک کەسێک بە منداڵی زمانی دانمارکی گرتبێت، دەریببڕم، بەڵام ئایا ئەوەی بە کوردی نووسیومە، دروستە؟ نەخێر، بەڵام لێیەوە نزیکە. پێشتر گوترا لە ڕۆمانی شەپۆلی هۆشدا هەڵە کارێکی ئاسایییە، بگرە پێویستە. دەکرێت (س. م. سلۆپی)، کە ناوی کارەکتەرەکانی گۆڕیوە، بەو شێوەیە دەریبڕیبن.

(سەباح) لە بڕگەی چوارەمدا باسی ئەوەی کردووە، گۆیە ڕۆمانەکە پڕە لە ناوبڕ، کە مەبەستیەتی بڵێت کارەکتەری زۆر بە چیرۆکی جیاواز، بە خێرایی و بەردەوام دەردەکەون. ڕاستییەکەی ئەم شێوازە، کە بە پێوەندیی نێوان بیرۆکەکان (association of ideas) ناسراوە، خەسڵەتی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن، وردتر هیی ڕۆمانی فرەدەنگە، کە (باختین) لەسەر بنەمای ڕۆمانەکانی (دۆستۆیەڤسکی)دا تیۆریی لێ پێک هێناوە. لە چەند بەرهەمێکی پێشوومدا باسیم کردووە. لەم ڕووەوە کۆمەڵێک چەمکی وەک کەرنەڤاڵ، کرۆنۆتۆپ (Chronotope)، ئاسمان (سپەیس)، دەقئاوێزان (ئینتەرتێکستواڵیتی) و هیی دیکە دادەهێنێت. ڕۆمانی فرەدەنگ وا پێویست دەکات لە دەنگی جیاواز پێک بێت، کە پێی وایە له‌ کەرنەڤاڵدا پله‌وپایه‌ی کۆمەڵایه‌تی تێک ده‌شکێت و هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه‌ ده‌رده‌که‌ون، که له‌لایه‌ن‌ تاکه‌ده‌نگه‌وه‌ سه‌رکوت کرابوون. ئینجا دایەڵۆگ هه‌موویان پێکه‌وه‌ گرێ ده‌داته‌وه‌. واتە لەنێوان دەنگە جیاوازەکاندا پێوەندیی دایەڵۆگییانە دێتە کایەوە، کە دژەکان و جیاوازییەکانی ناو هەر چەمکێک ئاشکرا دەبن و لە ئاسمانی ڕۆماندا بەر یەک دەکەون. (سەباح) زیاتر لە جارێک (قسەی قۆڕ)ی بە کار هێناوە، بە مەرجێ (باختین) پێی وایە ڕۆمانی فرەدەنگ پێویستە پڕ بێت لە جوێن، قسەی نەشیاو و شتی لەم بابەتە، تا بتوانێت ئاستی کۆمەڵایەتی دەربخات. ئایا لە ئاستی کۆمەڵایەتیماندا، دروستتر لە زمانی ڕۆژانەماندا ئەم جۆرە شتانە نین؟ لەبەر ئەوەیە (باختین) بە (ڕابلێ) سەرسامە، کە بایەخی بەو زمانە داوە. ئایا ژیان بە سروشت بریتی نییە لە ناڕێکی، بەڵام ئەوە سیستەمەکانن لە پێناوی خۆیاندا ڕێکیان خستووە؟ ئایا ئەو ڕێکخستنە بۆ سەرکوتکردن و سەپاندنی دیسپلین نییە؟ ئەرێ بۆ ئەوە دانەمەزراوە، تا هەموو دەنگەکانی دی سەرکوت بکات؟ ئایا فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزان، بگرە نووسەرانی ئەدەب بە تایبەتی لەم سەد ساڵەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی نەبوونەتەوە؟ ئایا ئاڕاستەکانی فەلسەفەی پۆستمۆدێرن بەرهەمی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە نین؟

بە گشتی ئەو فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزانەی ڕەخنەیان لە دۆخی مۆدێرنیتی گرتووە، کۆمەکی مەزنیان بەم شێوازە کردووە، کە ڕووبەڕووبوونەوەی سەنتراڵیزمە لە پێناوی کردنەوەی دەنگە پەراوێزخراو و سەرکوتکراوەکاندا. بوونی چیرۆکی زۆر، کارەکتەری زۆر، ڕووداوی زۆر، دیمەنی زۆر دەبێتە هۆی تێکشکاندنی دەستەڵاتی کاتی فیزیکی، تا لە بەرانبەردا دەیان کەناڵی دیکە بکرێنەوە، کە ڕەخنەدۆزان ناویان لێ ناوە لەتلەتی (Fragmentation). لەم ڕووەوە نووسیومە و نامەوێت بۆی بگەڕێمەوە، بەڵام کاتێ (سەباح) پێی وایە چیرۆکەکان پێوەندییان پێکەوە نییە، ئەوە من لێرەدا ئاماژە بە بۆچوونی (جیل دولووز)ی فیلۆسۆف دەکەم، کە پێی وایە ئەو پێوەندییە بە شێوەیەکی فرەوان، بە شێوەی ڕایزۆمییانە لە گەردووندا هەیە. لە کتێبی (هەزار بان: A Thousand Plateaus)دا، کە بە هاوکاریی (فلێکس گواتاری)ی دەروونناس نووسیویەتی، هەوڵ دەدات لە ڕێی چەمکی ڕایزۆم (rhizome)وە، دروستتر لە ڕێی (نووسینی ڕایزۆمییانە: rhizomatic writing)ـەوە ڕووبەڕووی لۆجیکی درەخت ببێتەوە. (ڕایزۆم، یان ڕایزەم، یانیش ڕیزوم، ڕووەکێکە لەسەر زەویدا دەردەکەوێت و ڕەگی نییە). پێیان وایە دوالیزمی درەخت/ڕەگ لە دنیا و نووسینیشدا ڕەنگی داوەتەوە. نووسین وەک درەخت سەرەتایەکی هەیە و دەگاتە کۆتایی. درەخت خاوەنی ڕەگ، لق، گەڵا و بەرهەمە. نووسینی کلاسیک وەک خۆیان ناوی دەنێن، لاساییکردنەوەی درەختە. لە درەختدا ڕەگ هەیە و لە نووسیندا گرفت. درەخت لە ڕێی لق و گەڵاکانیەوە بڵاو دەبێتەوە، نووسینیش بە هۆی ڕاڤەکانیەوە. درەخت بەر دەگرێت و نووسینیش ئەنجام بە دەست دێنێت. بەم شێوەیە (دولووز) و (گواتاری) دەیانەوێت ئەو لۆجیکە تێک بشکێنن، کە تەنیا چەسپاوی و وەستان بەرهەم دێنێتەوە. سەرجەم بوارەکانی بایۆلۆجی، سیاسی، ئابووری و ئەوانەی دیکەیش بەپێی ئەو لۆجیکەی درەخت بە ڕێوە دەچن، لە کاتێکدا شتەکە لە سروشتدا جیاوازە، بەوەی سروشت پێچەوانەی فکر، ڕێی ئەو دوالیزمە نادات، تێیدا کار بکات، لە کاتێکدا خاوەنی خەسڵەتی دینامیکییە. (دواتر بۆ ئەم خاڵە دەگەڕێینەوە، کە چۆن دولووز جەخت لەسەر تێگەیشتنی هیوم دەکاتەوە، بەوەی سروشتی مرۆڤ لە بنەماکەیدا فکر تێدەپەڕێنێت، هیچ شتێک لە فکردا سروشتی مرۆڤ تێناپەڕێنێت). درەخت شێوەیەکی دیاریکراوی هەیە، کە شاقووڵییە، بەڵام ڕایزۆم ئاسۆیییانە دەکشێت و قووڵاییی نییە، بەڵکوو لەسەر زەویدا بڵاو دەبێتەوە. واتە هیچ شتێک ناشارێتەوە، کە مەبەستی (دولووز) و (گواتاری) مێتافیزیکە. ناونیشانی کتێبەکەیش (هەزار بان)، یان (هەزار ڕوو)ـە. ڕایزۆم خاوەنی پرینسیپی گەیاندن و جۆراوجۆریی (Principles of connection and heterogeneity)ـە، بەو مانایەی پێویستە شتەکان (چەمکەکان) جیاواز و هەمەڕەنگ بن، بۆیە پێچەوانەی درەخت بە هەموو لایەکدا دەجووڵێت و لقی جۆراجۆری لێ دەبێتەوە. کتێب تەواو بووە و داخراوە، لە کاتێکدا ڕایزۆم بەردەوامە و بەسەر هەموو ئاڕاستەکاندا کراوەیە، کە هەر خاڵێکی دەگریت، پێوەندیی بە خاڵێکی تریەوە هەیە و هەر خاڵێکی ئێرە بە خاڵێکی ئەوێ دەگاتەوە، بۆیە پێچەوانەی درەخت سەنتراڵیزمی تێدا ونە. ڕایزۆم ئەگەر لە خاڵێکدا بپچڕێت، دەست پێ دەکاتەوە، کە ئەو خەسڵەتە لە درەختدا نییە. بەم شێوەیە پێچەوانەی درەخت، لە بەردەم هەر گۆڕانکارییەکدا کراوەیە و ڕێ دەدات دەستکاریی بکەیت. ئەوان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخی مۆدێرنیزم، کە لەسەر بنەمای بیری دژبەیەک (Binary thinking) دامەزراوە، ڕێی ڕایزۆمییانە (rhizomatic approach) دەگرنە بەر، بەوەی شتەکان هەموو کاتێ پێوەندیی ڕایزۆمییانە (Rhizomatically interconnected)یان پێکەوە هەیە و ئاماژە بە هەمەڕەنگی دەدەن. ئەوە لە لایەک وەستانەوەیە لە دژی پرینسیپی هۆکار و ئەنجام، کە لە درەختدا بەرجەستەیە، بەوەی سەرەتا و کۆتاییی هەن، لە لایەکی دیکە بەلاوەنانی سیستەمی کرۆنۆلۆجییە، بەو مانایەی کولتوور بەرەو ئامانجی دیاریکراو ناچێتە پێشەوە، بەڵکوو کۆچەرییانە ڕێ دەگرێت. ئەو تێگەیشتنە، کە مەبەستیەتی شێوازی نووسین بگۆڕێت و دەرگەکانی بەسەر دەرەوەدا بکاتەوە، مانای دەرکەوتنی خوێندنەوەی جیاواز و بەشداریی خوێنەرە لە کاری هونەریدا. نووسەر و خوێنەر پێوەندیی ڕایزۆمییانەیان پێکەوە هەیە. نووسینی ڕایزۆمییانە جووڵەیەکی ڕوواڵاییانە (arbitrary)یە و ئامانجی دیاریکراوی نییە، وەک چۆن خوێندنەوەی ڕایزۆمییانە ئازادە و گوێ بە هیچ یاسایەک نادات. لە گوتاری (ڕەخنەگری میلـلی و پەزپەزەی چەمکی خوێنەر)دا هەوڵم داوە بە وردی لەوە بدوێم.(7)

ئەگەر پێویست بکات، بە یەک گوتاری تایبەت بۆ ئەم باسە دەگەڕێمەوە، کە ئەم چەمکە بە تایبەت (داڤید هیوم)ی فیلۆسۆف بایەخی پێ داوە و نووسینەکانی بۆ تەرخان کردوون، بە تایبەتی کتێبی (باسێک لەبارەی سروشتی مرۆڤەوە: A Treatise of Human Nature)، کە تێیدا بەپێی میتۆدی ئەزموونگەری (Empirical research) سروشتی مرۆڤ دەخوێنێتەوە، بە تایبەتی ئەوەی پێوەندیی بە لایەنی ئەندێشەوە هەیە. بە مانایەکی دیکە، هەوڵی داوە لەم ڕووەوە سایکۆلۆجیای ئەزموونگەری دابمەزرێنێت. بەم شێوەیە تێکڕای لێهایی (انطباع)ـەکانی عەقڵی مرۆڤ (perceptions of the human mind) بۆ دوو جۆری جیاواز دابەش دەکات. یەکەم، باندۆر (IMPRESSION). دووەم، بیرۆکە (IDEAS). پێی وایە جیاوازییەکە پێوەندیی بە ڕادەی هێز و زیندووێتی (degrees of force and liveliness)یانەوە هەیە، کە بەر عەقڵ دەکەون، تا لەوێوە بەرەو بیر و هۆشمان ڕێ بگرن. ئەو لێهایییانە (perceptions)ی بە هێزی زۆر و زیندووێتیی گەورەوە دێنە ناوەوەمان، پێیان دەگوترێت باندۆر (impressions)، کە ئەمانە دەگرێتەوە: هەست (sensations)، خرۆشان (passions) و سۆز (emotions). ئەوانە سەرەتا لە دەرووندا دەردەکەون. بیرۆکەیش بریتییە لەو وێنە کاڵانە (faint images)ی بیرکردنەوە و هزر (thinking and reasoning)مان.(8)

بەپێی ئەو فیلۆسۆفە بیرۆکە ئاڵۆز و قووڵەکانی ئێمە لەم شتە سادانەوە هەڵدەقوڵێن. واتە ئەمانە بیرۆکەکان پێک دەگەیەنن. لێرەدا خەیاڵ هەموو بیرۆکە سادەکان لە یەک دادەبڕێت، تا جارێکی دی بە شێوەیەکی دیکە پێکەوەیان ببەستیتەوە، شێوەیەک، کە خۆی ئارەزووی لێیە.(9)

ڕۆمانی (تەرمەوان) بایەخ بەو لایەنە دەدات، کە لایەنێکی ناجێگیر و بزۆکە، بۆیە لە جووڵەی بەردەوامدایە و لە هەر جووڵەیەکیدا چیرۆکێک بە یەکێکی دی، کارەکتەرێک بە یەکێکی دی، ڕووداوێک بە یەکێکی دی، شوێنێک بە یەکێکی دی دەگۆڕێت، بەڵام پێوەندیی سروشتییان پێکەوە هەیە، دەنا هەر لە بنەڕەتەوە ئەو پرۆسێسە نەیدەتوانی بجووڵێت و بەردەوام ببێت، کە (هیوم) لەم ڕووەوە ئاماژە بە پرینسیپێک دەکات، لەسەر سێ ڕەگەزی پێوەستبوون (conjunction)، لەیەکچوون (resemblance) و هۆکار (causation) دامەزراوە و بە درێژاییی کتێبەکە لێکیان دەداتەوە، بەڵام لە بەشی سێیەمدا، کە لە ژێر ناونیشانی لەبارەی زانین و ئەگەرێتی (Of Knowledge and Probability)دا نووسیویەتی، حەوت جۆر پێوەندیی جیاوازی فەلسەفییانەیش دەستنیشان دەکات، کە ئەمانەن: لەیەکچوون، ناسنامە (identity)، پێوەندیی کات و شوێن (relations of time and place)، پلەکانی هەر جۆرێک (degrees in any quality)، دژبەیەکی (contrariety) و هۆکار، کە هەر یەکەیان ڕۆڵی خۆی هەیە لەوەی بیرۆکە پێک بێت و بە یەکەوە گرێ بدرێن و لە جووڵە بەردەوام ببن.(10) (هیوم) هەر لەوێیشەوە تیۆریی زانینی ئاکار (moral epistemology) دەچەسپێنێت، کە دەیەوێت بەوە بگات عەقڵ بە تەنیا ناتوانێت بنەمای ڕەوشت پێک بهێنێت، بەڵکوو ئەوانەیش تێیدا بەشدارن، چونکێ عەقڵ خۆی ناڕێکخراوە. ئەوانە خودی ئێمە دادەمەزرێنن و بە بوونەوە گرێمان دەدەن، کە لێرەدا سۆز، خرۆشان و شتەکانی دی گرنگن. پێی وایە لە هەموو فەلسەفەکانی سروشتی و ئاکار (natural and moral philosophy)دا بنەمایەکی چەسپاو هەیە، کە هەر بابەتێک بۆ هەر کاتێک و لەناو تەواوی خۆیدا دێتە بوون، بەبێ بەرهەمهێنانی ئەوەی تر، تاکە هۆکارێکی نییە، بەڵکوو بنەمایەکی دیکە یارمەتیی دەدات. لە دۆخی ناچالاک (from its state of inactivity)یدا پاڵی پێوە دەنێت و وای لێ دەکات ئەو وزەیەی بخاتە گەڕ، کە بە نهێنی خاوەنیەتی. ئینجا ئەگەر ئێستا هۆکارێک هەیە، ئەوە هاوکاتی کاریگەرییەکەیەتی.(11) مانای وایە زیاتر لە هۆکارێک ئامادەن. بە مانایەکی دی، کاتێ بیرۆکەکان پێکەوە پێوەست دەبن، دەکەونە جووڵە و یەکتر چالاک دەکەن، بەوەی ئەو پرۆسێسە دەیانباتە دۆخی دیکەوە، کە ئەوە لە ڕۆمانی (تەرمەوان)دا کاری پێ کراوە. (هیوم) هەر لەو ڕێیەوە هەوڵی داوە کۆمەڵگە لە ئاستی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆجیدا بخوێنێتەوە. ئەمانە چۆنن؟ بیرۆکەیەکی ئێستا بیرۆکەیەکی دیکەمان دێنێتەوە خەیاڵ، کە لێی دەچێت، بەڵام لێرەدا کات و شوێنیش دەردەکەون. تۆ بە هۆی بینینی کەسێکەوە، کەسێکی ترت دێتەوە خەیاڵ، کە لەو چووە، یان شتێکی لە هیی ئەو چووە، لە کاتێکدا ئەو کەسەت بۆ نموونە ئێوارەیەک لەناو شەمەندەفەردا دیوە. واتە کات و شوێن دەگۆڕێن و بیرۆکەیەکی پێشتر بەمەی ئێستاوە پێوەست دەبێت. وەک دەبینین لەیەکچوون تێپەڕاندن دێنێتە دی، بەو مانایەی هەر شتێک، کە ئێستا هەیە، لەوەی پێش خۆیەوە هاتووە. لە دەرەوەیەوە هاتووە، نەوەک لە ناوەوەی. کەواتە ڕەگەزی (هۆکار)یش ئامادەیە. وەک بینیمان (هیوم) جیاوازی لەنێوان باندۆر (impressions) و بیرۆکەدا دەکات، بەو مانایەی ئێمە کاتێ ڕاستەوخۆ هەست بە خۆشی، یان ناخۆشی دەکەین، کاریگەرییەکی گەورەمان لەسەر دروست دەبێت، بەڵام ئەو بیرۆکەیەی لەم دۆخەوە دێتە بوون، هەمان کاریگەریی نامێنێت. بۆ نموونە کەسێک بڕوانامەی زانکۆی پێ دەدرێت و ئاسوودە دەبێت، بە ڕادەیەک ئاهەنگ دەگێڕێت، بەڵام دوای ماوەیەک ئەو هەستە بۆ بیرۆکەیەکی ئاسایی دەگۆڕێت. بە مانایەکی دی، ئەو بیرۆکەیەی لەو هەستەوە هاتووە، هەمان هێزی ئەوسای نییە. وەرگرتنی بڕوانامەی زانکۆ تەنیا بیرۆکەیە و لەوە دەرچووە ڕاستەوخۆ شادی بهێنێت. هاوڕێکانم دەزانن لە هەشتاکاندا گوتوومە کەسێک تەختێکی نووستنی دەگمەنی بە دیاری بۆ دێت و پێی دەگەشێتەوە، بە ڕادەیەک ئەو ئاسوودەیییە چەند شەو خەو لە چاوانی دەتۆرێنێت و دەگاتە ئەوە بڵێت لەمەودوا هیچ خەمێک ناتوانێت زەفەری پێ ببات، بەڵام ڕۆژگارێک لەسەر هەمان تەختدا خەوی لێ ناکەوێت، چونکێ خەمێک، کە ڕەنگە گەورەیش نەبێت، پەلاماری داوە.

 ئەو تێگەیشتنەی (هیوم) کۆمەكی گەورە بە (فرۆید) دەکات لە دەروونشکیاریدا. (دولووز)یش وەک یەکێ لەو فیلۆسۆفانەی ڕەخنە لە مۆدێرنیتی دەگرن و عەقڵیش بنەمای مۆدێرتنیتییە، بە بۆچوونەکانی (هیوم) سەرسامە، مادام تێکڕای ئەو بیرۆکە، بۆچوون، نیاز و شتانەی هەمانن، بۆ هزرە سادەکان دەگەڕێنێتەوە، بەوەی لەوێوە هاتوون. کەواتە عەقڵ دەستەڵاتدار نییە و ناکرێت لە ڕاڤەکردندا تەواو پشتی پێ ببەسترێت. لەم ڕووەوە کتێبی (ئەزموونگەرایی و خودگەرایی.. توێژینەوە لە سروشتی مرۆڤ بەپێی هیوم) دەنووسێت، کە هەر لە سەرەتاوە ئاماژە بەوە دەکات، کە (هیوم) (سایکۆلۆجیای فکر)ی بە (سایکۆلۆجیای کاریگەریی فکر) گۆڕیوە، بۆیە بەر لەوەی دەروونناس بێت، ڕەوشتناس و کۆمەڵناسە.(12) پێی وایە پرینسیپی ئەو پێکبەستنەوەیە پێوەندیی سروشتییانەی بیرۆکەکانە و تۆڕێکی تەواو پێک دەهێنێت. ئەوە لە سیستەمی کەناڵەکان دەچێت لەناو عەقڵدا. بە مانایەکی دی، وەک چۆ ناکرێت بڵێین عەقڵ سروشتییە، بە هەمان شێوە ناتوانین بڵێین خاوەنی سروشتیشە. واتە بێبنەمایە، بگرە لە شێوەی تۆڕدایە، بۆیە بەو فیلۆسۆفەی دەزانێت، وا بایەخ بە خود دەدات. هەر لەو خودەیشەوە بابەت پێک دێت. بە مانایەکی دی، پێوەندیی نێوان سروشتی مرۆڤ و سروشت لێک دەداتەوە، کە سروشتی مرۆڤ لە بنەماکەیدا فکر تێدەپەڕێنێت، هیچ شتێک لە فکردا سروشتی مرۆڤ تێناپەڕێنێت.(13)

(دولووز) جەخت لەوە دەکاتەوە عەقڵ خەیاڵە، کە سروشتەکەی دەرکەوتووە. بریتییە لە کۆمەڵێک دەرهاویشتەی سادە، بیرۆکەی گشتی، گەوهەر، پێوەندییەکان، بۆیە بەم پێیە دوو جۆر عەقڵ هەن، مادام دوو جۆر پێوەندییش لە ئارادان. یەکەم، ئەوانەی بە شێوەی تەواو متمانە دەکەنە سەر بیرۆکەکان و بە یەکەوە دەلکێن (لەیەکچوون، پێوەندیی چەندایەتییەکان، ڕێژەی چۆنیەتی و دژایەتی). دووەم، پێوەندیی بابەتەکان (ئەوانەی دەکرێت بگۆڕێن، بێ ئەوەی هیچ گۆڕانێک لە بیرۆکەکاندا ڕوو بدات) (پێوەندیی کات و شوێن، ناسنامە و هۆکار).(14) کاتێ عەقڵ خەیاڵە، وەک (دولوز) دەڵێت، ئەوە توانای هەیە بە ئەنجامی دیکەیش بگات، بەو مانایەی یەکەی نوێ دابهێنێت، کە ئەو یەکەیەیش بیرۆکەی نوێی لێ بەرهەم بێت، مادام لەیەکچوون هەیە. مەبەستمان نەبووە لەم چەمکە قووڵ ببینەوە، بەڵکوو هێندەمان بە پێویست زانیوە پێشانی بدەین، کە پێکبەستنەوەی چیرۆکەکان بنەمای فەلسەفیی هەیە و بە مەبەستی جۆراوجۆر خراوەتە گەر. واتە لەوە دەرچووە تەنیا لایەنی تەکنیک بگرێتەوە، بەڵکوو خاوەنی دیدگەیەکی فەلسەفییشە.

من خۆم سوودم لەو ئاڕاستە فەلسەفییە بینیوە و لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە تا ئەمڕۆ کۆمەکی کردووم. بەم شێوەیە هەوڵی هێنانی زۆرترین بیرۆکە، دیمەن، ڕووداو، کات، شوێن و هیی دیکە دەدەم. ئەو پێکبەستنەوەیەی بیرۆکەکان، یان با لێرەدا بڵێین پێکبەستنەوەی چیرۆکەکانیش، بیرمان ئازاد دەکات و ڕێ دەدات ئازادانە هەڵبسووڕێین، لە کاتێکدا ئەگەر پرینسیپی (دەبێ و نابێ) لە بەرچاو بگرین، ئەوە بەردەوام ئەو بیرکردنەوەیەمان دەکەینە کۆیلەی واقیعێکی دیاریکراو. واتە پێوەرمان داناوە و بەپێی کڵێشە دەنووسین. ڕۆمان بەو ئازادییە گەشەی کردووە و توانیویەتی بێژمار ڕێگەی نوێ دابهێنێت، کە لەم ڕووەوە ڕەخنەدۆزانی وەک (گێسی ماتز: Jesse Matz) لە کتێبی (ڕۆمانی نوێ… پێشەکییەکی کورت)، (داڤید لۆج) لە کتێبی (هونەری ڕۆمان: دەرخستنی لە دەقی کلاسیک و مۆدێرندا)دا و زۆری دی جەخت لەسەر ئەو ئازادییە دەکەنەوە.

مەبەستم نییە لەم چەمکە، چەمکی پێکبەستنەوەی بیرۆکەکان، قووڵ ببمەوە، بە قەدەر ئەوەی دەمەوێت بڵێم دەرکەوتنی ئەو هەموو چیرۆکە لە بەرهەمەکانی مندا بە گشتی و لە (تەرمەوان)دا بە تایبەتی پێوەندیی بەو تێگەیشتنەوە هەیە. منداڵی و گەورەیی هەر لێرەوە بە یەک دەگەنەوە، بە ڕادەیەک سنووری نێوانیان دەسڕرێتەوە. دیسان دەڵێم ئەمانە بە ئاگایییەوە کراون. لانی کەم لە (هێنری جیمس)، (مارسێل پرۆست)، (ولیام فۆکنەر)، (جیمس جۆیس)، (ڤیرجینا ولف) و ئەوانەی دیکەوە بایەخی گەورە بەو چەمکە دراوە، بەڵام هەر داهێنەرێک بە شێوازی خۆی بە کاری دەهێنێت. لەم ڕووەوە بۆچوونەکانی (هایدیگەر) لەبارەی کاتەوە و ئەوانەی (هێنری بێرگسۆن) لەبارەی یادەوەرییەوە کۆمەکی گەورەیان بەم شێوازە کردووە، کە لە گوتاری (کات وەک پرسیارێکی شەڕانگێز لە ئەزموونی مندا)دا هەوڵم داوە بە وردی لەو بارەیەوە بدوێم.(15) شتێکی سەیر نییە، ئەگەر شێوازی شەپۆلی هۆش، کە لەتلەتکردنی کات ناوەرۆکیەتی، ببێتە خەسڵەتێک لە خەسڵەتەکانی ڕۆمانی فرەدەنگ، یان ڕۆمانی پۆستمۆدێرن.

ئایا هەر لە تەمەنی منداڵیتدا کاتێ خەیاڵت ڕۆیشتووە، لە ناکاو لە خۆتت نەپرسیوە من بۆ بێرە گەیشتم؟ چی ئەم شتەی بە بیر هێنامەوە؟ کەواتە ئەمە وەک (هیوم) دەیڵێت و (دولووز) بە شێوازی خۆی پێی لەسەر دادەگرێتەوە، سروشتییە و دەکەوێتە پێش عەقڵیشەوە. بۆ نموونە لە بنمیچ دەڕوانیت و جاڵجاڵۆکەیەک دەبینیت، ڕەنگەکەی دەرگەی ماڵی دایەگەورەتت بە بیر دێنێتەوە، لە ماڵی دادەیەگەورەتدا پوورتت بینی، ئەو دینارەت بە بیر دێتەوە، کە ئەودەم پێی دایت، ئینجا دەگەیتە ئەو دووکانەی شتت لێ کڕی و هتد. بەپێی (هیوم) ئەوە یادەوەرییە دەتوانێت ئەمانە بگەڕێنێتەوە و خەیاڵیشە پێکیان دەهێنێت، کە ڕاستییەکەی جیاوازییەکی گەورە لەنێوان یادەوەری و خەیاڵدا نابینێت.

هەموو ئەو چیرۆکانەی (دەلیلە) دەیانگێڕیتەوە، لە ماوەیەکی کورتدا بە خەیاڵیدا دێن. واتە ئەو شەوەی لە ماڵ دێتە دەرێ و دەیەوێت (دارۆ) بدۆزێتەوە. ئەودەم گوتمان (هیوم) پێی وایە هەر شتێک، کە ئێستا هەیە، لەوەی پێش خۆیەوە هاتووە. لە دەرەوەیەوە هاتووە، نەوەک لە ناوەوەی. بەم شێوەیە هەر بیرۆکەیەک لە خەیاڵی (دەلیلە)دا دروست بووە، بۆ ئەوەی پێشی دەگەڕێتەوە. (مێشێل بیوتۆر)ی ڕۆماننووس و ڕەخنەدۆز ڕۆمانێکی هەیە و ناوی (پێداچوونەوە)، یان (چاککردن)ـە، کە بە (Second Thoughts) بۆ زمانی ئینگلیزییان وەرگێڕاوە. بەشی زۆری ڕووداوەکان لەناو خەیاڵی کارەکتەرێکی نێو شەمەندەفەردا ڕوو دەدەن، کاتێ لە پاریسەوە بۆ ڕۆما بە ڕێ دەکەوێت، گۆیە دەیەوێت (سیسیل)ی دڵبەری ببینێت، بە مەرجێ هاوسەری پێشووی لە پاریسە و تازە لێی جودا بووەتەوە. خەیاڵی جارێک بۆ پاریس دەگەڕێتەوە، جارێک بۆ ڕۆما هەڵدەفڕێت و جارێکیش لای سەرنشینی شەمەندەفەر هەڵدەنیشێت. دەکرا بگوترێت بۆچوونی (ئینزێنسبێرگەر) تەواو لەسەر (دەلیلە)دا جێبەجێ دەبێت، کە پێێ وایە نەخوێندەوارەکان خاوەنی یادەوەریی زیندوو و بەهێزن. ئەوەتە دەتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا ئەو هەموو چیرۆکە بگێڕێتەوە.

ئینجا ئەوەی دەڵێت: (کێ هەیە وەڕس نەبێت لە ڕێکلام و ناوبڕ کاتێ سەیری فیلمێک دەکات؟) هەڵەیەکی لۆجیکییە و بە هه‌ڵه‌ی به‌راوردی ساخته‌ (False equivalence)، یان (false analogy) ناسراوە. واته‌ دوو شت به‌راورد ده‌که‌ین، که‌ لە یەکەوە دوورن، بەڵام بەو مەبەستەی هێز بە بۆچوونەکەمان بدەین، هەوڵ دەدەین پێکەوەیان ببەستینەوە، کە ناسروشتی و دەستەڵاتخوازانەیە. پێکبەستنەوەی چیرۆکەکان پرۆسێسێکی سروشتییە، لە کاتێکدا هێنانی ڕێکلام بۆ ناو فیلم، دەستکردە و خواستی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و هیی دیکەی لە پشتەوەیە.

لە بڕگەی پێنجەمدا (سەباح) دەنووسێت: (لە تەرمەواندا، دوای ئەوەی بە گۆشەنیگای کەسی سێیەمی تاک وڕێنەکان دەکرێن کە ٥٢٠ لاپەڕەن، لە بیست لاپەڕەی کۆتاییدا، دەبێتە کەسی یەکەمی تاک).

لە ڕۆمانەکەدا ڕاناوی کەسی یەکەمی تاک، کەسی دووەمی تاک و کەسی سێیەمی تاکیش بە کار هێنراون، کە دیسان بە ئاگایییەوە کراون. (سەباح) هەر خۆی ئاماژەی بە (دەلیلە) کردووە، کە بە ڕاناوی کەسی یەکەمی تاک دەدوێت. (سالی)یش دوو پاژ لە بەشی سێیەمدا هەر بەو ڕاناوە دەگێڕێتەوە، کە لەوێدا ڕاناوی کەسی دووەمی تاکیش دێتە ئاراوە، بەو مەبەستەی دۆخی دەروونیی (سالی) پتر پێشان بدرێت و زیاتر نهێنییەکانی بدرکێنێت. گۆڕینی گۆشەنیگا پێوەندیی بە سروشتی بابەتەوە هەیە و هیچ پێوەرێک نییە، تا لە بەرچاوی بگرین. بە ئاگایییەوە کراوە.

(سەباح) دەنووسێت: (یەکێ لە خەسڵەتەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ئەوەیە دەنگی ڤەگێڕ زاڵ نییە بەسەر کارەکتەردا. لەم ڕۆمانەدا، دەنگی ڤەگێڕ بەسەر هەموو کارەکتەرەکاندا زاڵە).

دەکرا بە نموونە پێشانی بدات. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم هەر کارەکتەرێک دەنگی تایبەتی خۆی هەیە، چونکێ چیرۆکەکانیان جیاوازن. ئایا دەنگی (دەلیلە) و (زیبا) وەک یەک وان؟ ئایا (ئامیڵیا) و (سالار)، کە خوشک و بران، هەمان ڕوانینیان هەیە؟ ئایا بۆچوونەکانی (ست ڕووناک) لەوانەی هاوسەری دەچن؟ ئەو خێزانە لە چوار کەس پێک هاتووە و دادەیەکیشیان هەیە. تووشی گرفتێکی گەورە دێن، کە هەر یەکەیان بە شێوازی خۆی ڕووبەڕووی ئەو گرفتە دەبێتەوە. (ئارۆ) و (دارۆ) بران و جمکن، بەڵام ئایا هەمان ڕوانین و زمانیان هەن، یان جیاوازن؟ زمان لە دیدگەوە دروست دەبێت. هەر کاتێ نووسەر توانای هەیە دیدگەیەکی نوێ دابمەزرێنێت، مانای وایە بە سروشتی خۆی زمانێکی نوێ و جیاوازیشی داهێناوە.

(سەباح) دەنووسێت: {نیوەڕۆی ڕۆژێکی پایزە، دروستتر حەڤدەی تشرینی یەکەمە” (لا١٥). حەفت وشەیە. چوار وشەی زیادە. با لێی فڕێ بدەین، بزانین واتەی دەگۆڕێ؟ “نیوەڕۆی حەڤدەی گەڵاڕێزانە.” }.

ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگایان لە شێوازی نووسینی من هەیە، دەزانن چ بایەخێک بە دەربڕین دەدەم. هەر لە سەرەتای ژیانی خوێندنەوەمدا بە نووسینی ئەوانە سەرسام بووم، کە زانیویانە ورد بنووسن و خۆیشم هەوڵم داوە شتی نوێ بخەمە سەر ئەو ئەزموونە. هاوڕێیانم دەزانن هەمیشە ئەوەم گوتووە. ئەگەر لە شوێنێکدا بۆ نموونە وشەی (بەڵام) بە کار بهێنم، ئەوە تا پێنج شەش دێڕی تر دووبارەی ناکەمەوە. کێ دەتوانێت دوو وشەی (دەکات)، یان دوو وشەی (کرد) لە نزیک یەکدا بدۆزێتەوە؟ تێکڕای ئەم ڕۆمانەم بە دەمی ئێستا گێڕاوەتەوە، چونکێ دەمی ڕابردووی دوور وەک (خواردبوو، چووبوو، بردبوو… هتد) ڕیتم خاو دەکاتەوە. هیچ کاتێ بانگەشەی ئەوە ناکەم نووسینەکانم لە کەموکورتی بە دەرن، بەڵام هەوڵی زۆر دەەم تۆکمە بن.

ئایا ئەو دوو ڕستەیە کێشەیان هەیە؟ نەخێر. ئەوە شێوازی نووسینی منە و ئازادم چۆنی دەرببڕم، کە ئەویش خاوەنی شێوازی خۆیەتی. سروشتی گێڕانەوە وای خواستووە. ئایا ڕێم دەدا لە گوتارێکی سەربەخۆدا هەڵەکانی ئەو لە ڕووی زمانەوانییەوە دەستنیشان بکەم؟ ئەمە تەنیا لەبەر ئەوە دەڵێم، کە هەر نووسەرێک دەتوانێت دیدگەی خۆی بکاتە پێوەر و هیی ئەوانەی تری پێ بسڕێتەوە، دەنا حەزم لە کاری وا نییە.

(سەباح) نووسیویەتی: {پێشنیار دەکەم بۆ خوێنەر، ئەگەر توانی هەتا ١٤٩ بخوێنێتەوە، دووبارەی دەکەمەوە، ئەگەر توانی، با یەکسەر بچێتە لاپەڕە ٣٣٥، هیچی لە کیس ناچێت}. ڕاستییەکەی وشەی (پێشنیاز) دروستە، کە ڕەنگە هەڵەی چاپ بێت، بەڵام ئەمە باسەکەمان نییە. تەنیا لە دەوروبەری خۆمدا چەند خوێنەرێک هەن، کە ڕۆمانەکەیان بە وردی خوێندووەتەوە، بگرە یەکێکیان وا جاری سێیەمە دەیخوێنێتەوە. هەیانە چەند جار بۆ گفتوگۆی نێوان کارەکتەرەکان گەڕاوەتەوە. یەکێ لەو چەمکانەی لە دنیای پۆستمۆدێرندا ڕەخنەیان لێ گیراوە، نوێنەرێتییە، کە خوێنەر خۆی دەق بە شێواز و تێگەیشتنی خۆی دەخوێنێتەوە. نە نوێنەری هەیە و نە دەبێتە نوێنەری ئەوانەی دیکەیش. تیۆرییەکانی خوێنەریش هەر لەناو ئەم دنیایەدا چاویان هەڵهێناوە. ئایا مەرجە خوێنەرێکی دیکەیش بە هەمان ئەو ئەنجامە بگات، کە (سەباح) پێی گەیشتووە؟ ئایا چەمکی (چێژ) وەک هەر چەمکێکی دی لەسەر کۆمەڵێک دژایەتی دانەمەزراوە؟ ئایا قاڵبێکە و دەکرێت هەمووان بە کاری بهێنن؟ ئایا جەستەی من هەمان ئەو جەستەیەی تۆیە، تا بەرهەمیان وەک یەک بێت؟ ئەرێ جیاوازیی جەستەکان مانای جیاوازیی چێژەکان نییە؟

لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا هێزی دەق هیی ناوەوەیەتی، بۆیە لە دەرەوە نە هێزی دیکەی دەخرێتە سەر و نە لێی لا دەدرێت، بەڵکوو ئەو هێزە دەچێتە ئاستی خوێندنەوەوە و لێرەوە داهێنانی خوێنەری داهێنەر دەست پێ دەکات.

(سالی ڕۆنی: Sally Rooney) ڕۆماننووسی ئایرلەندی گوتارێکی لە ژێر ناونیشانی (خراپخوێندنەوەی یۆلیسیس: Misreading Ulysses)دا نووسیوە و پێی وایە (جۆیس) هەر لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ بە هەڵە خوێنراوەتەوە، بەوەی شێوازی باوی نووسینی ڕۆمانی تێک شکاندووە. لە شوێنێکدا دەڵێت کاتێ لە خوێنەران دەپرسیت، ئاخۆ (تاوان و سزا)ی (دۆستۆیەڤسکی)یان خوێندووەتەوە، هەمیشە وەڵامەکەیان (بەڵێ)، یان (نەخێر)ـە، بەڵام ئەگەر لەبارەی (یۆلیسیس)ـەوە بپرسیت، وەڵامەکە بەم شێوەیەیە: (هەندێک بەشی؛ هەمووی نا).(16)

نەخوێندنەوەی بەرهەمەکانی (جۆیس)، یان تەواونەکردنی خوێندنەوەکە، مانای ئەوە نییە ڕۆماننووسێکی کەمبەهرەیە، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە فرەئاڕاستەیە. (ڕۆنی) هەر لەو گوتارەیدا ئاماژە بە بۆچوونی ڕەخنەدۆزی کەنەدی (هیو کێنەر: Hugh Kenner) دەکات، کە لەو بارەیەوە گوتوویەتی: (ڕاستییەکەی نە بلووم لە ئارادایە، نە ستیفن، نە مۆلی و نە دەبلنیش، بەڵکوو تەنیا زمان هەیە).

دنیای (جۆیس) لە مانا پێک دێت، نەوەک لە وشە. ئایا دەکرێت مانا بۆ دۆخی جارانی بگەڕێنینەوە، واتە بۆ ناو ئەو دنیایەی لێوەی هاتوون؟ ئایا دەتوانین سەرەتای هیچ مانایەک بدۆزینەوە؟ ئایا ماناکان لە خاڵێکی دیاریکراوەوە دەست پێ دەکەن و بە خاڵێکی دیاریکراو دەگەن، یان هەر سەرەتایەک لە بێژمار ئاماژەی نەبینراو پێک هاتووە؟ ئەو ڕۆمانانەی ئاستی زمانی ڕۆژانە تێدەپەڕێنن، جەماوەریان کەمە، بگرە هەر نیانە. خۆشبەختانە ئەوانەی من لەوانەن و هیچ گلەیییەکم نییە.

****

ئەوە (من)ی نووسەر نییە ڕۆمان دەنووسێت، بەڵکوو (من)ی خوێنەرە. (من)ی خوێنەر ڕەخنەگرێکی دڵڕەقە و بە هەموو شتێک ڕازی نابێت. ڕەنگە لە دەیان شتی ئەو (من)ی نووسەرە دەیانهێنێت، (من)ی خوێنەر تەنیا دانەیەکیان وەربگرێت و بە شێوازی خۆی دایبڕێژێتەوە. کەواتە بەر لەوەی خوێنەرێکی دەرەوە هەبێت، کە لە دوای بڵاوکردنەوە دەقەکە دەخوێنێتەوە، خوێنەرێکی ناوەکی هەیە و خۆمم. ئەوەی لێرەیشدا دواوە، هەر ئەو خوێنەرەیە. نووسین بۆ من دڵدارییە. ئەگەر کەسانی دەرەوەت پێت بڵێن تۆ دڵداریت، یان دڵدار نییت، هیچ شتێک لە دۆخی جیهانە تایبەتەکەت ناگۆڕێت.

نامەوێت زیاتر لەبارەی گوتارەکەیەوە بدوێم، لە کاتێکدا دەتوانم لەسەر هەر دێڕێکیدا بوەستم و بۆچوونی جیاوازی خۆم بنووسم، بێ ئەوەی ئەوانەی ئەو بسڕمەوە، چونکێ پرۆسێسی سڕینەوە تەنیا لە ڕێی پێوەرەوە جێبەجێ دەکرێت. ویستوومە دەنگی خۆم لە پاڵ دەنگی ئەودا هەڵببڕم. ئەو ئازادییەی دەربڕین وەک چۆن هیی ئەوە، هیی منیشە، بگرە هیی هەر خوێنەرێکی دیکەیشە. نایشارمەوە حەزم دەکرد لەو شوێنانەی گوتوویەتی لەم لاپەڕەیەوە تا ئەو لاپەڕەیە پێویست ناکات بخوێنرێتەوە، لانی کەم یەک نموونەی لێ بهێنانایەتەوە، بەڵام ئەگەر وای نەکردووە، بە گرفتی نازانم.

لە دڵەوە دەڵێم (گۆران سەباح) خۆشحاڵی کردم، کە بەو نووسینەی دەرگەی بۆ خستمە سەر پشت، تا لەبارەی ڕۆمانی (تەرمەوان)ـەوە ئەم بابەتە بنووسم. وا ڕاهاتووم هەمیشە جووڵە بخەمە سەرووی نەجووڵانەوە و لە جیاوازییشدا گەوهەر دەردەکەوێت، کە ڕاستییەکەی وەک گوتم پێم وا نییە گەوهەر پێچەوانەی دەرەوەیە.(17)

****

سەرچاوەکان:

  1. https://jineftin.krd/2022/12/21/%D9%84%DB%95-%D9%86%D8%A7%D9%88%DB%8C-%DA%A9%D8%A7%D8%B1%DA%B5-%D9%BE%DB%86%D9%BE%DB%95%D8%B1%DB%95%D9%88%DB%95-%D8%A8%DB%95%D8%B1%DB%95%D9%88-%D9%81%DB%95%D9%84%D8%B3%DB%95%D9%81%DB%95%DA%A9%DB%95/
  2. https://www.thefreelibrary.com/IN+PRAISE+OF+ILLITERACY.-a062298072
  3. Freud, Sigmund, CIVILIZATION AND ITS. DISCONTENTS. Available at:
https://www.stephenhicks.org/wp-content/uploads/2015/10/FreudS-CIVILIZATION-AND-ITS-DISCONTENTS-text-final.pdf

یان بڕوانە:

کاکەسوور، کاروان عومەر، (هەولێر) و (هەولێری) لە کۆنکریتبەندییەوە بۆ هەڵوەشاندندەوە، پڕۆژەی سەد نامیلکەی فکری و ڕەخنەیی، ڕێگە، هەولێر، چاپی یەکەم، 2021.

ئایا نووسەری دەق بۆی هەیە لەبارەی بۆچوونی نووسەری دیکەوە بنووسێت، کاتێ ئەو بۆچوونە پێوەندیی بەو دەقەیەوە هەیە؟ پرسیاری دیکە دەورووژێن: ئایا لێرەدا هیچ پێوەرێک لە ئارادایە؟ ئایا دەق فرەوان و بێسنوورە، یان چوارچێوەدارە و توانایەکی دیاریکراوی هەیە، کە بەرگەی هەموو شتێک ناگرێت؟ من خۆم پێم وایە شتەکان لە جووڵەدا دەردەکەون، بەو مانایەی ئەو جووڵەیەی تێیدا دەکرێت و پێی دەکرێت، جێگەی پرسیارە، نەوەک خودی شتەکە. کەواتە چاومان لەسەر دەقە، تا بە دوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا بگەڕێن، کە چیی لە خۆی گرتووە؟ ئایا تێیدا چەمکەکان لێک دراونەتەوە، یان دەستیان پێوە گیراوە و ویستراوە لە ڕێی سەرچاوەوە بەرگرییان لێ بکرێت؟ ئایا هەوڵم داوە تەنیا بۆچوونی خۆم بنووسم، یان مەبەستم بووە بۆچوونی نووسەرەکەی دی بسڕمەوە؟ لەگەڵ ئەو تێگەیشتنەی (دێریدا)دام، کە هیچ شتێک لە دەرەوەی دەقدا نییە، بەو مانایەی دەق لە هەموو سەرچاوەکانی دەرەوەی خۆی دابڕاوە. پڕە لە دژایەتی، دوورە لەوەی هاوڕێک بێت و هیچ چەق (سێنترال)ێکیشی تێدا نییە. بەم شێوەیە کراوەیە و بە خاڵی کۆتایی ناگات، کە هەر خوێنەرێک بە ڕێگەی خۆی دەیخوێنێتەوە، بەو مانایەی ئەوە خوێنەرە مانا بە دەق دەبەخشێت و هەر ئەویشە مانای جیاواز بەرهەم دەهێنێت. دەکرێت بگوترێت خاوەنی هێزێکی گەورەیە و سنووری بۆ دانانرێت، بۆیە نووسەری دەق خۆیشی وەک هەر خوێنەرێکی دی دەتوانێت بیخوێنێتەوە و بۆچوونی لەو بارەیەوە دەرببڕێت، بەڵام وەک گوترا دەبێت بپرسین بۆچوونەکانی چۆنن. ئایا داخستن هەیە، یان کرانەوە؟

بە تێگەیشتنی من (وەڵامنەدانەوە) تەنیا لە ڕێی (وەڵامدانەوە)وە دەردەکەوێت، بەو مانایەی کاتێ من لەبارەی بەرهەمی خۆمەوە دێمە دەنگ، ئینجا دەزانرێت لایەکی دیکەیش هەیە، کە (وەڵامنەدانەوە)یە، بەڵام بە پێچەوانەوە (وەڵامنەدانەوە) ناتوانێت (وەڵامدانەوە) دەربخات. لە بەشی هەشتەمی ڕۆمانی (ئەو هاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟)دا هاوڕێیان دەیانەوێت ژنێک بەناو بازگەکانی بەعسدا بگەیەننە بەغداد، کە ئەو ژنە ناوی (پاژان)ـە. پێشمەرگەیە و لە دوای ئەنفال بە نهێنی گەڕاوەتەوە هەولێر، گۆیە مەبەستیەتی لەوێیشەوە بگاتە لای ژنێکی پێتەخت بە ناوی (نازی)، تا کچەکەی ببینێت، کە دە ساڵە جێی هێشتووە. (جیهانگر) پێی وایە ئەو ژنە بە فێڵ هاتووە و دەیەوێت بە گرتیان بدات، بۆیە هاتنەکەیان هەڵەیە، بەڵام (شەکشەک) دەڵێت:

(_ هەتا ئەگەر وایش بێت، هێشتا ئەوەی تۆ هیچ بایەخی نییە. بۆچی؟ چونکە پێت وایە مادام دەشێ فێڵ لە ئارادا بێت، کەواتە پێویستە نەیەین. مانای وایە نەجووڵان هەڵببژێرین. لە ڕێگەی نەجووڵانەوە هیچ شتێک دەرناکەوێت.

_ مەبەستت چییە؟

_ مەبەستم ئەوەیە ئەگەر دەرکەوت نازی بە فێڵ پاژانی هێناوە، یان پاژان بە فێڵ ئێمەی هێناوە، یاخود هەردووکیان بە فێڵ ئێمەیان هێناوە، هێشتا ئەوەی تۆ، دروستتر ئەو نەجووڵانە هەر بێبەهایە، چونکە لە ڕێگەی ئەو نەجووڵانەوەوە نییە زانیومانە فێڵمان لێ کراوە، بەڵکوو بە هۆی جووڵانەوەیە. هاتنەکەمانە ئەمەی پێ گوتووین، نەوەک نەهاتنەکەمان. پێم نەڵێی با بجووڵێین، بەڵام وریا بین! چونکە جووڵان و وریایی پێکەوەن و جودا ناکرێنەوە. وریایی کاتێ هەیە، کە جووڵاویت).

ئایا ئەگەر هاوڕێیان خۆیان لەو ڕێگە ترسناکە نەدابووایە، شتێک بە ناوی (نەهاتن) دەردەکەوت؟ ئایا ئێمە لە هەموو تەمەنماندا شتێکمان بە بیر دێتەوە، کە نەمانکردبێت، یان تەنیا ئەوانەمان لە بیرن، کردوومانن؟ پێم وایە لێرەدا قسەکردن لەبارەی (وەڵامنەدانەوە)وە هیچ بەهایەکی نییە، بۆیە پێویستە بزانین چۆن وەڵام دراوەتەوە. واتە کاتێ کەسانێک پێم دەڵێن نەدەبووایە وەڵام بدەیتەوە، ئەوە تەنیا لەبەر ئەوەیە وەڵامم داوەتەوە، دەنا (وەڵامنەدانەوە) خۆی دەرنەدەخست، تا بواریان بۆ بڕەخسێت و وا بڵێن. ڕاستییەکەیشی ئەوەی من وەڵامدانەوە نییە، بەڵکوو وەک گوترا دەربڕینی دەنگێکی دیکەی جیاوازە لە پاڵ دەنگی نووسەرەکەی تردا. بۆ نموونە لێرەدا دەنگی (گۆران سەباح) و من هەن، بێ ئەوەی دەنگی من هیی ئەو بسڕێتەوە. خوێنەر خۆی هەردووکیان دەبیستێت و لێکیان دەداتەوە.

هەڵەیەکی لۆجیکییە و بە هەڵەی جینی (genetic fallacy) ناسراوە، کاتێ وا دەزانین هەر نووسەرێک وەڵامی نووسەرێکی دیکەی دایەوە، ئەوە بۆ سڕینەوەیە، مادام پێشتر دیومانە بەشێکی زۆری ئەوانەی لەسەر بەرهەمی خۆیان هاتوونەتە دەنگ، لە جیاتیی ئەوەی چەمکەکان لێک بدەنەوە، بە جوێن ڕووبەڕووی هەر خوێنەرێک بوونەتەوە، کە بۆچوونی دەربڕیوە. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم لە بەرهەمەکانمدا تەنیا چەمکەکانم ڕاڤە کردوون و بە پرسیار ڕووبەڕووی ئەوانە بوومەتەوە، کە ڕای خۆیان دەربڕیوە، هەتا ئەگەر نووسینەکانیان زۆر سادەیش بووبن، بگرە هەموویانم بە ئاڕاستەی گفتوگۆدا بردووون، کە وەک گوتم من کارم بە چەمکەکانە و پێویستم بە ناسنامەی نووسەر نییە. بۆچوونیانم وەک خۆی وەرگرتوون و لێیانەوە دواوم، تەنانەت دەستکاریی ڕێنووسیانم نەکردووە. بەر لە بڵاوکردنەوە بۆ هەندێکیانم ناردووە، تا ئەگەر پێیان وایە وشەیەک هەیە و هەست دەکەن ئاڕاستەیە بۆ خودی خۆیان، نەوەک بۆ فکریان، یان لە شوێنێکدا بە هەڵەدا چووم، ئاگادارم بکەنەوە. یەکێ لەوانە تەنانەت دوای ئەوەی دوو جار بۆیم نارد، وەڵامی نەدامەوە، بۆیە لە ڕێی (کارا فاتیح)ی هاوڕێمەوە ئاگادارم کردەوە و بۆم دەرکەوت پێی گەیشتووە. (دیارە ئەمە بە گلەیییەوە ناڵێم، چونکێ ئازادە وەڵام بداتەوە، یان نەیداتەوە). لێرەوە سپاسی ئەو هاوڕێیەم دەکەم، کە بە کەڵکم هات. ئەگەر یەکێ لەو نووسەرانە پێی وایە وشەیەکی نووسینەکەیم گۆڕیوە، یان مەبەستیم شێواندووە، با ئاگادارم بکاتەوە، تا چیی پێ خۆشە، ئەوەی بۆ بکەم! لە ئێستاوە سپاس بۆ بوێرییەکەی.

هەر کاتێ ناوەوەم داوام لێ بکات لەبارەی شتێکەوە بنووسم، دەینووسم. لێرەدا تەنیا ئەوە لە بەرچاو دەگرم، ئاخۆ ئەم نووسینە بۆ خوێنەرە گریمانەیییەکەی خۆم نوێیە؟ هەر کاتێ زانیم ئەوی تێپەڕاندووە، بڵاوی دەکەمەوە. ئەم گوتارەی ئێستایشم هەر لەم ڕوانگەیەوە نووسیوە.

هیوادارم ئەگەر هەر کەسێک پێی وایە نابێت نووسەر لە ڕێی نووسینەوە لە بەرانبەر نووسەرانی دیکەدا بێتە دەنگ، کاتێ لەبارەی بەرهەمەکانیەوە بۆچوونیان دەربڕیوە، با لەم ڕووەوە گوتارێک بنووسێت، یان ئەگەر پێی خۆشە، دەتوانێت ڕاستەوخۆ بێت و لەو بارەیەوە گفتوگۆم لەگەڵدا بکات.