گەیشتن بە کەشی پەتی
وتووێژ لەگەڵ هونەرمەندی شێوەکار؛ ئەکبەر مەنسووری – ٢٠٠٥
هەرکەس تابلۆكانی ئه‌كبه‌ری مه‌نسووریی دیبێت، چ بۆ باری چۆنایه‌تی و چ بۆ لایەنی ژماره و چهندایەتی، هەم تووشی سەرسوڕمان بووە و هەم ستایشی كاری ئەم شێوەکارەی كردووه و ناچار بووە دان بەوەدا بنێ كه خاوه‌نی توانا و به‌هره‌یه‌كی به‌رفره و جیاوازه. ئه‌كبه‌ر مه‌نسووری ساڵی ١٣٤٩ هەتاوی له شاری سنه له دایك بووه و ساڵانێكی زۆره خه‌ریكی شێوەکارییه و ژمارێكی ئێجگار زۆر تابلۆی به‌نرخ و هونه‌ریی كێشاوه و چەندین ڕەوت و قۆناغی جودا و جیاوازی بڕیوە. له ماوه‌یه‌ك له‌وه پێشه‌وه باری ڕۆحی و دەروونینی تووشی هه‌ندێ قه‌یران بووه، خۆی لە قەرەی وتووێژێک نادات، سەرەڕای ئەوەش به‌هره و زه‌ینی ئه‌كبه‌ر هێشتا هەر درەوشاوهیه. ئەم وتووێژە ساڵی ٢٠٠٥به بیانووی له‌ناو بردنی تابلۆكانی بە دەستی خۆی، لەگەڵیدا ساز كراوه كه دواتر كێشرا به‌ره‌و باسكردن له ڕه‌وتی هونەریی خۆی و شێوەکاری له كوردستاندا و... لێره‌دا ده‌كه‌وێته به‌ردەستی خوێنه‌ران.
تێبینی: ئەم وتووێژە ساڵی ٢٠٠٥ سازکراوە، بە داخەوە پاش چەند ساڵ ئەکبەر مەنسووری دیار نەما و تا ئێستەش بێسەروشوێنە. هەر ئەوکاتیش زۆر تاقەتی وتووێژی نەبوو، بەڵام لە ڕووی هاوڕێیەتی و دڵفراوانییەوە کات و ئێنێڕژیی بۆ ئەم وتووێژە دانا گەرچی پێشتر وتووێژێکی ڕەخنەیی دیکەم لەگەڵیدا بووە، بەڵام لێرەدا هەندێ تێبینیی وردی هەیە کە تا ئێستەش تازە و جیی سەرنجن.
ڕەزا: بوودلێر ده‌ڵێ هونەر یانی سه‌رسوڕمان و بابه‌تی سه‌یر و سه‌مه‌ڕه، ڕه‌نگه كه‌سێك كاره هونەرییه‌كانی تۆ ببینێ تووشی سه‌رسوڕمان بێت، چ له‌باری ژماری تابلۆكانهوە و چ له‌باری کوالیتییەوە، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به تۆ و كارەكانت هه‌ندێ سه‌رسوڕمانی لانیكه‌م بۆ من دروستكردووه، نەک هەر داهێنان، بەڵکوو له‌ناو بردن و دڕاندن و سووتاندنی ژمارێكی زۆری تابلۆی خوته. پێم خۆشه پێش ئه‌وەی باسی شێوەکاری و ڕەوتی هونەریی خۆت بكه‌ی باس له‌وه بكه‌ی بۆچی ئه‌و تابلۆیانه کە وێدەچێ کامڵیش بووبن، له‌ناوت بردوون؟
ئه‌كبه‌ر: ئه‌وەی كه لای هه‌موو شێوەکارەکان، له‌هه‌ر سەردەمێكی كارییاندا هه‌ندێ تابلۆی زیاده و ئیزافه دێت كه دوایی له ناوی ئه‌به‌ن بابهتێكەكه وه‌ك ده‌زانین هه‌ربووه، به‌ڵام له ناوبردنی تابلۆ بۆ هه‌ر شێوەکارێک هۆی جیاواز و تایبەتی هه‌یه. هه‌ندێ جار له‌به‌ر ئه‌وەیه كه خۆشیان له‌و تابلۆیانه نه‌هاتووه یا خۆ وه‌ك پێش تهرحگەلێكن كه دوای كێشانی تابلۆ سهرهكییەكان ئیتر هێنده بایه‌خیان نامێنێ، به‌ڵام هه‌ندێجاریش ئەم له‌ناو بردنه هۆی دیكەی هه‌یه. ڕه‌نگه من بۆ خۆم بتوانم باس له بێ جێگه و بێ شوێن بوون بكه‌م بۆ هه‌ڵگرتن و ڕاگرتنی تابلۆكانم، یان له‌به‌ر گرنگی نهدانێكه كه به هونەر و شێوەکاری و… هەیە. سه‌باره‌ت بە خۆم ژمارەی كاره‌كان كه زۆر ده‌بێت، جێگە و شوێنی ڕاگرتنیانم نامێنێت، ئیتر ناچارم له ناویان ببه‌م. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ئهوانەی من له ناوم بردوون بایه‌خی هونەرییان هه‌بووه، وه‌ها نەبووه كه ئه‌و كارانه ده‌بوایه له‌ناو بچوایهتن و بایه‌خدار نه‌بوون، نا، هه‌موییان تابلۆی بایه‌خدار بوون.
ئه‌وانه‌ی له ناوم بردن هه‌موویان تابلۆگەلێكی ته‌واو و كامڵ بوون، تەنانەت هه‌ندێ له‌و پێش تهرحانهش خۆی بهرهەمێكی كامڵ بووه كه ته‌نانەت له ئیجرای سه‌رەكیی تابلۆكهشدا، وەك خودی پێش تەرحهكه باش ده‌رناچێت، بۆیه بۆ من زۆرجار خودی پێش تهرحهكه بەرهەمە سهركییهكهیه، چون له كاتی كێشانی پێش تهرحدا هه‌ندێ هه‌ستیاری و حهساسبوون هه‌یه كه ڕه‌نگه له كێشانهوەی دواییدا ئەمه نه‌بێت. جیا له‌وه‌ش له كاتی كێشاندا ڕه‌هه‌ندێكی گرنگ هه‌یه كه “رووداو” و ڕێکەوته. له ناو ئه‌و پێش تەرحانهدا هه‌ندێ ڕووداو ڕوو ده‌دا كه دووپات نابێتەوه، ئەمه به له‌به‌ر چاو گرتنی ئه‌وه‌ی كه ڕێکەوت و ڕووداو له شێوەکاریی ئەمڕۆدا گەلێك بایەخداره. من ئەم جۆره پێش ته‌رح و تابلۆیانەشم له‌ناو بردووه. وه‌ك گوترا گرنگترین هۆی ئەمەش بێجێگەیی و بێ شوێنییە، وه‌ك ده‌زانی كاره‌كان ئێجگار زۆرن. ته‌نانەت هێشتا فریا نهكەوتووم به تەواوی سه‌یری هه‌موو ده‌ور و ڕەوته كارییەكانی خۆم بكه‌م تا بزانم چیم كردووه.
به‌ردەوام خەریكی له‌ناوبردنی تابلۆکانم بووم به‌ڵام ئه‌وەی لەم ماوه‌یه‌دا له‌ناو براون ٧٠٠ تا ٨٠٠ تابلۆیه. هەمووشی به دڵێک ڕازی و دڵێكی ناڕازی بوومه
ڕەزا: چه‌ند تابلۆت له‌ناو بردووه؟
ئەکبەر: من له ساڵی ١٣٧٣ به‌ملاوه به‌ردەوام خەریكی له‌ناوبردنیان بووم به‌ڵام ئه‌وەی لەم ماوه‌یه‌دا له‌ناو براون ٧٠٠ تا ٨٠٠ تابلۆیه. هەمووشی به دڵێک ڕازی و دڵێكی ناڕازی بوومه، یانی بۆ هیچ كامیان هیچ مه‌یلێكم نه‌بووه كه له ناویان ببه‌م، جیا له‌وەش له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا وا هه‌ستده‌كه‌م گرنگی و بایەخێك به‌و كارانه‌ی كه كردوومه نادرێت و ته‌نیا بووه‌ته بارێك به سه‌رشانی خۆمەوە و كه‌س نییه پیشتگیری و ساپۆرت بكات و ڕایانبگرێت و هیچ ئارشیڤێك بۆ كۆ كردنه‌وەی ئه‌و بەرهەمانە نییه.
ڕەزا: هه‌ندێجار دەبینین كه‌سێك تابلۆیەك یان چه‌ند تابلۆی خۆی به ئیعتراز بە ڕووداوێك ده‌سووتێنێ كه زیاتر حاڵەتێكی سه‌مبولیك وه‌رده‌گرێ، ئایا له‌پشت ئه‌و تابلۆ له‌ناو بردنەی تۆشه‌وه دەنگهەڵبڕینێکی دیاریکراو هه‌یه؟
ئەکبەر: دیاره هه‌یه، به‌ڵام ئەم ئیعتراز و دەنگ هه‌ڵبڕینه و ا له نه‌فسی خودی كارەكهدایە. زۆریش ڕوون و ئاشكرا نییه كه بڵێم به‌م بۆنەیه‌وه و به‌م بیانووه‌وه هەندێ كارم له‌ناو بردووه. دیاره ئەم بیانووانه زۆرن، یه‌كده‌گرن و ده‌گه‌نه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی هه‌ندێ كار له‌ناو ببه‌م. بێ ئه‌وەی بیر له‌وەش بكرێتەوه چ تابلۆیه‌ك ببێت و چ تابلۆیه‌ك نه‌بێت و بیر له چاك و خراپیان بكهمەوه. ڕه‌نگه جۆرێك ئیعتراز به خۆم و جۆری كاركردنی خۆم بێت. بۆ نموونه ڕه‌نگه من باوەڕم به شتێك بووبێت وه‌ك ئه‌وەی هونه‌رمه‌ند ده‌بێت له ئاستێكی به‌رزدا و به‌و جۆرەی كه مێژوو ده‌ریخستووه و وتراوه و بووه به بایه‌خ و به‌ها، كار بكات، به‌ڵام له ڕه‌وتی ڕاستیی ژیاندا ئه‌و بایەخانه زۆر بێ مانایه و ئه‌و قسانه زۆربه‌یان هه‌ر قسه‌ی ناو كتێبه‌كانه، ده‌م به ده‌م دهگەڕێ و لەدنیای واقیعیدا جێگه‌یه‌كیان نییه و كه‌س په‌كی نهكەوتووه بۆ ئه‌و بایه‌خانه. بۆ كەسیش گرنگ نین و كه‌سیش لێیان به‌رپرسیار نییه، دیاره وه‌ها ناهومێدییهك دروستده‌بێت كه باشتره ئەم تابلۆیانه هه‌ر نه‌مێننه‌وه. چونكوو ئه‌و بایه‌خانه‌ی كه بایه‌خی مرۆڤه و ته‌نیا له‌ناو كتێبه‌كاندا هاتووه، له ئەرزی واقیعدا جێگه‌یان نییه.
ڕەزا: وه‌ك وترا ئه‌و تابلۆیانەی له ناوت بردوون به‌رهه‌می ده‌وره و ڕه‌وتی جیاوازی شێوەکاریتە، کەواتە ئیتر ئەمه به‌و مانایه نییه كه بڵێین تۆ له هه‌ندێ كاری قۆناغێک پاشگەز بووییتەوه و هه‌ر ئه‌وانه ده‌سووتێنی، ڕه‌نگه تابلۆیه‌كیش كه تازه كێشرا بێت له‌ناوی ببه‌ی، له كاتێكدا ئەمه ئاساییه كه شێوەکاران هه‌ندێ تابلۆی ڕەوتێكی كاریی خۆیان نه‌هێڵن.
ئه‌كبه‌ر: ڕاسته، هه‌ندێ ده‌وره‌ی كاری هه‌یه كه شێوەکارەکە به دڵی نییه و دێت لایان دەبا، یان له ناویان ده‌با، به‌ڵام من به‌بێ له‌به‌ر چاو گرتنی ئه‌وه له ناوم بردوون، بۆ نموونه هه‌ندێ له باشترین كاره‌كانم له‌ناو چوون كه خۆیشم حه‌سره‌تیان بۆ ده‌خۆم، چونكوو ئیسته به هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانم بهرهەمیان بهێنمه‌وه، ئه‌ویش له كاتێكدا پێشبینیی ئه‌وه‌م نه‌دەكرد ڕه‌نگه تووشی وه‌ها حاڵەتێك و نهخۆشینێك بم كه نەتوانم بیانكێشمهوه، له ڕاستیدا ئێسته ناتوانم ئه‌و كارانه به‌رهەم بهێنمه‌وه، پێموابێ سته‌م و زوڵمێكی گه‌وره چووه و كه‌سیش نییه تاوانەكەی بداته‌وه، ئه‌گەر به كەسێكیش وتراوه له‌به‌ر ناشارەزایی، هێنده بۆی گرنگ نه‌بووه، ته‌نیا حهسرەتهكەی ماوەته‌وه بۆ خۆم. به‌ڵام ئه‌گەر لایەنە مێژووییهكەی له‌به‌رچاو بگرین جێگەی داخه چون بەرهەمی كه‌سێك كه نوێنەری به‌ره‌و نەسڵێكه و ئەیتوانی ئه‌و كارانه‌ی له په‌روه‌رده‌كردنی بەرەیەکدا كاریگەر بێت و هەروەها ئەیتوانی ئه‌و به‌ره نوێیه وە پێش بخات، هه‌ندێ له كاره باشەكانی نه‌ماوه، ئه‌ویش له كاتێكدا زۆرێك له‌و كارانه له پیشانگادا دانه‌نرابوون.
ڕەزا: له باسەكاندا گەیشتین به ڕه‌وتی شێوەکاریی تۆ، ئەم پرسیاره ڕه‌نگه ده‌بوایه له‌سه‌ره‌تاوه بمكردایه به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وەی سووتاندنی تابلۆكانت كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ئەم وتووێژه بوو، ئێسته و لێرەدا ده‌پرسم؛ ئه‌و ڕه‌وته كارییانهی بووته كامانه‌ن و له ڕوانگەی خۆته‌وه چ ڕەوتگەلێك و چ قۆناغگەلێكت بڕیوه؟
ئهكبەر: ڕاستییەكەی ئه‌وه‌یه كه قۆناغ و ڕه‌وته كارییەكانی من له‌بەر چاوە و به تەواوی بۆ دیراسه و موتالا دەبێت و هەموویان یەكگرتوون. چونکوو من، به حه‌ز و میزاج و مەیل كارم نەكردووه. من سێ دەوره و قۆناغی سه‌ره‌كیم هەیه كه هەركامیان لەناو خۆیاندا قۆناغگەلێكی دیكەیان هه‌یه. ئەو ڕەوتەی پێموام زیاتر به زه‌ینییه‌تێكی فهلسەفییەوه بوو؛ من له شكڵهوه ده‌ستم پێكرد و گەیشتم به فۆڕمی په‌تی(ناب) و له فۆرمی په‌تییه‌وه گەیشتم به ڕه‌نگی په‌تی و دوایی فۆرمی په‌تی و ڕه‌نگی په‌تیم پێكەوه ئاشتكردەوه و هاوئاهەنگییم له نێوانیاندا سازدا. دیسانه‌وه هەر دووكیانم وێڵ كرد و گەیشتمه فه‌زای په‌تی، یانی دوایین دەورەی كارەكانم فه‌زای په‌تییه. ئەمه‌ش دیاردهیەكه له سروشتدا ڕوو ئه‌دا و له هەر جۆره پەیدا بوون و هەستییەكدا ڕوو ئه‌دا، یانی له هیچێكه‌وه شتێك بیچم ئه‌گرێت و دوایی فۆرم ئه‌گرێت و ئه‌بێ به “بتواره” و ئه‌بێ به مادده و ئەم مادده‌یه‌ش له‌ناو دەچێت و دەبێتە ئهسڵەكەی خۆی و لەگەڵ فه‌زادا تێكەڵ دەبێت و دواتر دەبێتەوە به‌و هیچەی كه له سه‌ره‌تاوه بوو، من ئەم ڕه‌وته‌م یانی شتێك كه له هیچەوه دەگاتەوه به هیچ، پێوا و تەنانهت له كۆمەڵه كارێكدا به‌ناوی لەمهودای نێوان دوو هیچدا ئەمه خۆی ده‌رخستووه. من ئەم ڕه‌وته‌م پێواوه كه هه‌موو شتێك له سروشتدا له هیچێكه‌وه ده‌ستپێده‌كا و ده‌گاته‌وه به هیچ و لەگەڵ فه‌زادا دەبێت به یه‌كێك.
به‌رای من شێواز، ئامرازه، شێواز فیكر نییه و ئەمرازێكه وه‌ك ڕه‌نگ، وه‌ك قه‌ڵه‌م و بووم و… ته‌نیا ئامرازێكی تەكنیكییه كه دیتران سازیان كردووه و ڕێك و پێكییان كردووە و ئێمە وه‌ك ئامراز كه‌ڵكی لێ وەرده‌گرین
ڕەزا: ئەم ڕهوتەی باستكرد، ئایا ڕه‌وتێكه كه له مێژووی شێوەکاریدا دەبینرێ؟ چونکوو وه‌ك دەزانین زۆرێك له‌و شێوەکارانەی دەستدەكەن به شێوەکاری زیاتر ڕه‌وتی شێواز و سەبكەكان دەپێون، ڕه‌نگه ئەم پرسیاره بهرەوڕووی كه‌سێكی دیكه بكرایەتەوه بیگوتایه له كلاسیسیزمهوه ده‌ستی پێكردووه و تهجرهبەی كردووه و گەیشتووه‌ته ئابستره. ئایا ئه‌و ڕه‌وته سەبكی و شێوازییه له كاره‌كانی ئێوه چۆن خۆی ده‌رده‌خا؟
ئه‌كبه‌ر: به‌رای من شێواز، ئامرازه، شێواز فیكر نییه و ئەمرازێكه وه‌ك ڕه‌نگ، وه‌ك قه‌ڵه‌م و بووم و… ته‌نیا ئامرازێكی تەكنیكییه كه دیتران سازیان كردووه و ڕێك و پێكییان كردووە و ئێمە وه‌ك ئامراز كه‌ڵكی لێ وەرده‌گرین.
به‌م ڕوانینەوه من هه‌وڵمداوه بهرانبەرێك بۆ ژیان دابنێم و، ئه‌و ڕهوتەی لەژیانی خۆمدا پێواومه بیكه‌م به شێوەکاری؛ یانی چۆن په‌یدا بووم و چۆن دەژیم و چۆن له‌به‌ین دەچم ئەم شێواز و سەبكانه به‌رای من هەمووی بیانوویه‌كه بۆ ئه‌وەی ئەو بهرابهرەی ژیان بدۆزرێتەوه. به‌رای من مێژووی شێوەکاریش هەر ئه‌و كاره‌ی كردووه، كاتێك دەڵێین كلاسیك، پێناسه‌یه‌كی هه‌یه كه یەكگرتووه لەگەڵ ئەو پێناسەی وا له سروشتدایه و له ژیان دەكرێ.
شێواز به‌و جۆره‌یه كه بە شێوەی گرووپی و له ئاستێكی جیهانیدا ئه‌و بهرابهرەی وا له سروشتدا هه‌یه كێشراوەتەوه، بۆ وێنه هه‌ندێ شێوەکار هاتوون له ماوه‌یه‌كی ٥٠ یان ١٠٠ ساڵیدا له‌سەر حه‌جم و مادده كاریان كردووه، یان كەسانێكی دیكه له‌سه‌ر فورمی په‌تی كاریان كردووه. ئێسته‌ش له دوای ١٩٥٠ به‌ملاوه هەموو جه‌ختی شێوەکاری له‌سەر باسی فه‌زایه و هیچ جۆره شكڵ و فورمییەتێك نه‌ماوه و، هەموو ئه‌و فۆرمانه ورد كراون و بوونه به فەزا به وتەی شێوەکارەکان ئه‌و شته‌ی زاڵە به‌سه‌ر هه‌ستیدا ئیتر مادده نییه، ئەمه فه‌زایه كه زاڵ و حاكمه. ئه‌وەیه ئیتر كەس به‌لای فیگۆردا ناچێت، چون فیگۆر، شكڵه و په‌راش په‌راش دەبێت، له كاتێكدا فه‌زا وا نییه، ئه‌وەیه ئه‌و ڕهوتەی منیش هه‌مان ڕه‌وته مێژووی نه‌قاشی پێواویه. به‌م دیدەوه كه من هه‌مه شێوەکاری خۆی مه‌بەسته، به‌ڵام ههندێكەسی دیكه شێوەکاری دەکەن به ئامراز و ده‌یخه‌نه خزمەتی ئایدیۆلۆژیایه‌كی تایبه‌ته‌وه وه‌ك كارێك كه میكزیكییهكان، یان ڕووسییەكان و ته‌نانه‌ت كوردەكانیش كردیان.
ڕەزا: ئه‌گەر ده‌كرێ وردتر باسی ئه‌و ڕه‌وته بكەی كه له شكڵ و تەرحی په‌تییه‌وه دەستتپێكرد و دوایی گەیشتیته فه‌زای په‌تی. ئایا به چ ڕوانینێكەوه ئه‌و قۆناغانەت تەجرهبه كرد؟
ئه‌كبه‌ر: ئه‌گەر باس له شكڵ و تەرحی په‌تی بكه‌م دەتوانم باس لەو دیده بكه‌م كه پێیوایه هەر دیارده‌یه‌ك له دنیادا هه‌یه ته‌رح و شكڵێكی هه‌یه كه خالس و په‌تییه و جگه له‌وەش هەموو شتەكانی دیكه زیاده و لاوه‌كییه و دەتوانین هه‌موو شته‌كان لاببه‌ین تا دەگەین بەو شته سه‌ره‌كییه كه پێكهێنه‌ری ئه‌و ستراکتۆرەیە. له‌م دیدەوە گرنگیدان به ئه‌و تەرحه پەتییه هاته ئاراوه، لەم ڕوانینه‌دا دیكەی شته‌كانیان لادەبرد و پێیانوابوو هه‌موو دیارده‌كانی سروشت له ئەسڵ و بنەڕهتێكی تایبه‌ت دروستبووه كه جگه له‌مه هه‌موویان لاوه‌كی و ئیزافه‌یه.
ڕەزا: یانی شێوەکاران دهگەڕان به شوێن ڕێسای پێکهێنەر و جه‌وهه‌ر و زاتی دیارده‌كاندا و گرنگی درا به‌و جه‌وهه‌ره و دیكه‌ی شتەكان به عه‌ره‌زی دانران؟
ئەكبەر: به‌ڵێ هەروا بوو، یانی ئه‌گەر مرۆڤ چاو و گوێچكه‌ی نه‌بێت هەر مرۆڤه، به‌ڵام ئه‌گەر ڕه‌نگه مێشكی نه‌بێت ئیتر مرۆڤ نییه كه لێره‌دا مێشك ده‌بوو به جەوهه‌ر و ئه‌ندامانی دیكه ده‌بوون به شتانێكی عه‌ره‌زی. به‌ڵام ئێسته دەزانن ئەم شكڵانه له پێوه‌ندی و له نیسبه‌تیان له‌گه‌ڵ فهزادایه كه بێچم دەگرن و وا نییه كه بڵێین خۆیان جه‌وهه‌رن.
یانی ئەمه ئێمه نین دهریاندهخهین و ئاراسته‌یان ده‌كه‌ین به‌ڵكوو ئەمه فه‌زایه، وه‌ك مه‌ودای نێوان دوو شت، دوو كه‌س و… له فه‌زای په‌تیدا فه‌زاكه گرنگه نه‌ك شكڵهكه. من له ڕه‌وتی ئه‌و ڕێگەیه‌دا كه له شكڵی په‌تییه‌وه ده‌ستم پێكرد، گەیشتمه ئه‌و کەش و فەزا په‌تییه، بینیم خۆبه‌خۆ له ڕەوتی ئه‌و ڕێگەیەدا كه ده‌ڕوا دهبرێمه پێشەوه. له ڕاستیدا ئەمه ئه‌و ڕه‌وته‌یه كه خۆی به‌سه‌ر مرۆڤدا ده‌سه‌پێنێ، نه‌ك مرۆڤ خۆی به‌سه‌ریدا بسه‌پێنێ، بە واتایه‌ك یانی ئەمه ڕه‌نگی په‌تی، یان فۆرمی په‌تییه كه خۆی به‌سه‌ر منی شێوەکاردا دهسەپێنێ، هەندێك شیكردنه‌وه و وتنی ئەم باسه كێشەدار و دژواره، پێموابێ هه‌ستیار بوونهكەی ده‌گاته ئه‌و جێگه‌یه‌ی كه بێده‌نگی باشتر ده‌توانێ ده‌ربڕی بێت.
ڕەزا: به‌ڵام من ده‌مه‌وێ وڵامێك وه‌ر بگرم بۆ ئه‌وەی كه ئه‌و ڕه‌وته چۆن خۆی دهسەپێنێ كه تۆ بڕوات به ڕه‌نگ و بافت یان فه‌زای په‌تی هه‌بێت؟
ئهكبەر: وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ ئەمه بابه‌تێكی هەستیناسانهیه(ئەنتۆلۆژی) و بڕوا به سروشته كه سروشتیش ئەمه بونیاد و سترهكتۆرهكهیەتی، كاتێك ئەم ستره‌كتۆره بناسین ئیتر قه‌بووڵی ده‌كه‌ین. ئێمەش له‌به‌ر ئه‌وەی به‌شێكین له‌م سروشته و سترهكتۆریشمان هه‌ر هه‌مانه كه له سروشتدا هه‌یه، یانی له ئێمەشدا هه‌ر هەمان ئه‌و فه‌زا خاڵییانهیه كه چارەنووسسازه نه‌ك شكڵەكان، بۆ وێنه ئێمه له‌شكڵی په‌تیدا كاتێك ده‌ڵێین چاو، خودی چاوەكه گرنگه، به‌ڵام له فەزای په‌تیدا مه‌ودای نێوان چاوه‌كان و نیگا و ڕوانین گرنگه. ئیتر خودی چاو گرنگ نییه به‌ڵكوو چه‌مكی خودی ڕوانینهكه گرنگه.
ڕەزا: بەم ڕوانگه‌یەوە ڕه‌نگه مرۆڤ وه‌كوو بكەر و سوبژهیهك بوونی نەبێت كه خۆی هه‌ڵبژێرێت و جه‌بری سروشت به سەریدا زاڵه و چه‌شنی به‌رهه‌مهێنانیش ئیتر بهسەریدا ده‌سه‌پێت.
ئه‌كبه‌ر: ڕاسته من له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌م ئەم جەبره هه‌یه، به‌ڵام ناهومێدكەر نییه كه مرۆڤ بڵێت ئیتر من هیچ كاره‌م و هیچم له‌ده‌ست نایێ، به‌ڵكوو چاره‌نووسی ئەم جه‌بره له‌گه‌ڵ چاره‌نووسی ئێمەدا دیاری كراوه و ئێمەش خۆمان به‌شێكین له‌م جه‌بره. كاتێك به مانا ناسراوه‌كه‌ی ده‌وترێ جه‌بر، جۆرێك له ناهومێدی پێش دێت، له كاتێكدا به دیهاتنی ئێمه خۆی پێڕه‌وی جهبرێكه كه‌چی ده‌ژین و ئازادین له ژیانیشدا، لێره‌وه ئەم جه‌بره به‌رای من ئیتر بۆ نیگەرانیی ناوێت، ئێمه مافی ئازادی و هەڵبژاردنمان و… هه‌یه، به‌ڵام له‌ناو ئه‌و جهبرهداین و هەموو شتێك پێڕەوی ئه‌و جهبرهیه، به‌بێ ئه‌وەش زیانێكیش بدات له‌و ئازادییه، یانی له‌و كاته‌یدا كه دەوترێ من ئازادم، ئەمه جهبرهكهیه كه پێم ده‌ڵێ من وابم و وا بڵێم.
ڕەزا: ئایا ئەمه ئیتر وه‌همی ئازاد بوون و سوبژه بوون نییه. ئایا وه‌ك هەموو باسگهڵیكی جه‌بر و ئێختیار ئەمه‌ش ناگات به دژوازی؟
ئه‌كبه‌ر: نا بەرای من لێره‌دا وههم مانایه‌كی نییه، كاتێك من پێموایه ئێمه پێڕه‌وی جه‌بری سروشتین ئیتر وه‌همێك بوونی نییه و له‌م ڕوانگه‌یەوه هه‌موو شتێك له جێگەی خۆیایەتی و ئێمەش ته‌نیا كایه ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ شته‌كان و له ناو شته‌كاندا كه سروشت ئەم ئازادییه‌ی پێمانداوه.
ڕەزا: ئه‌گه‌ر كەسێك وه‌ك شێوەکارێک بیه‌وێت دژ بەو جه‌بره بێت، ئێوه ده‌ڵێن ئازاده، به‌ڵام ئەم ئازادییه‌ش خۆیشی جهبرێكه كه ڕێگەی ده‌رباز بوونی لێی نه‌بووه، ئایا ئەمه نالۆژیكی نییه؟
ئه‌كبه‌ر: نا، به‌ڕای من له‌و شوێنەیدا ئێمه هه‌ست به‌وه ده‌كەین پێڕوی جه‌برین، هه‌ر له‌وێدایه ئازادین، ئێمه هیچ شتێك به‌سه‌رمانه‌وه جه‌بر نییه. لێره‌دا ڕه‌نگه له‌به‌ر گرفت و نەتوانایی زمانی نه‌كرێ ئەم شته ده‌ر ببڕدرێت، بۆیە دەكێشرێته ناو گەمهی زمانه‌وه، كه ئایا وههم یان جه‌بر چ مانایه‌كی هه‌یه. به‌ڵام وه‌ك گوتم له بێده‌نگیدا باشتر ده‌كرێ له‌مه تێبگه‌ین كه ئیتر خه‌یاڵ و واقیعییه‌ت و وههم و ناوەهم و جه‌بر و ئازادی ده‌بن به یه‌ك شت.
سروشت من هه‌ڵده‌بژێرێ و بارێكی فره و زۆر ده‌خاته سه‌رشانم و من ده‌خاته پێش و هه‌ندێ كەسیش به شوێنما ده‌نێرێ
ڕەزا: با بڕۆینه سه‌ر باسێكی دیكه، ڕه‌وتی كاره‌كانی ئه‌كبه‌ر مه‌نسووری چه‌نده هاوته‌ریب و مه‌وازی لەگەڵ ڕه‌وتی شێوەکاریی كوردی چووه‌ته پێشه‌وه؟
ئەکبەر: من به پێی ته‌مه‌نم، له نهوهیهكم كه بێگومان كه‌سانێك دێن به شوێنی‌دا، دیسان لێره‌دا یانی سروشت من هه‌ڵده‌بژێرێ و بارێكی فره و زۆر ده‌خاته سه‌رشانم و من ده‌خاته پێش و هه‌ندێ كەسیش به شوێنما ده‌نێرێ. ئه‌و پێوه‌ندییه، له‌گه‌ڵ ڕابردووی شێوەکاری له كوردستاندا، تا ڕاده‌یه‌ك بووە و هه‌یه، تا بزانم چی كراوه و چی نه‌كراوه، من یه‌ك دوو قۆناغ و دەورهشم له ئاراسته‌ی كاری شێوەکارانی پێش خۆمدا درێژه داوه.
ڕەزا: ئه‌و كات كه تۆ ده‌ستت دایە شێوەکاری چ جۆره شێوەکارییەک له‌كوردستاندا زاڵ و باو بوو؟
ئەکبەر: زیاتر شێوەکاریی ئینقلابی و شۆڕشگێڕانه باو بوو چون له‌وكاته‌دا هه‌ندێ گۆڕان له كوردستانی ئێران‌دا ساز بوو كه زۆرێك له پێوهندییەكانی گۆڕی و كاریگەریی زۆری له‌سەر هونه‌رمه‌ندان دانا. من پێموایه زۆربه‌ی كاره‌كانی ئه‌و كات پێوه‌ندییه‌كان به فۆرم و شێوازەوه نەبوو، زیاتر ناوه‌رۆك گرنگ بوو كه ئەم ناوهرۆكهش زیاتر شۆڕشگێڕانه بوو. هەوڵێكیش ئه‌گەر هەبوو زیاتر ناوه‌رۆكی بوو.
منیش هه‌ندێ تەجرەبەی كه‌مم له‌و بواره‌دا هه‌بوو. به‌ڵام دواتر خۆم له‌و فه‌زایه و له‌و جۆره كاركردنه ڕزگار كرد. یان با بڵێم ئه‌و قۆناغه بۆ من تێپەڕ كرا.
ڕەزا: وه‌ك خۆشت ئاماژه‌ت پێدا، شۆڕش به حوكمی ئه‌وەی شۆڕشه و چاكسازی و ڕیفۆرم و… نییه گۆڕانكاری له زۆربه‌ی بوارەكاندا پێش دێنێت و بەپێی ئەمەش وه‌ك وتت له ده‌وروبه‌ری شۆڕشدا و له‌به‌ر ئه‌و دۆخه تایبه‌تەی وا له كوردستاندا هاته ئاراوه، شێوه‌كاری له كوردستاندا به‌رەو جۆره هونەرێكی شۆڕشگێڕانه ڕۆیشت، پرس ئەمه‌یه دوای نیشتنەوەی ئه‌و تاوگیری و ئاڵۆزییه، ڕەوتی شێوەکاری له كوردستاندا به‌رەو كوێ ڕۆیشت، ئایا ڕێگەی تازەی پێوا؟
ئەکبەر: به‌رای من شێوەکاریی ئه‌و كه‌سانه هه‌ر به‌و شێوه‌یه مایەوه، ئێسته به هەندێ گۆڕانكاریی زۆر كهمەوه، ئەمەش له‌بەر ئه‌وەی كه به‌ره و نەسڵی ئه‌وان هەر به‌و جۆره مایه‌وه. یانی ئه‌گه‌ر وه‌ك «داواكاری» و «پێشکەش و ئاراستەكردن» سه‌یری بكه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وەی هەر ئه‌و داواكاری و تەقازایه مایەوه، ئه‌و جۆره كار كردنه‌ش درێژەی كێشا. له ئێسته‌شدا كە نزیك به ٣٠ ساڵ تێدەپەڕێت هێشتا ئه‌و جۆره هونەره، داخواز و لایەنگری خۆی هه‌یه و بره‌ویشی هەیه، هەروه‌ها كه له ناو ئەدەبیشدا هێشتا توانیویه بمێنێتەوه، به‌ڵام به‌ره‌ی ئێمه به ئێنرژییەكی جیاوازترەوه. تا ڕادەیهك توانییان خۆیان له‌و جۆره ئیشكردنه ده‌رباز بكه‌ن و زیاتر به شوێن دنیایه‌كی ڕۆمانتیكتر و لیریكیتردا گه‌ڕان، ئەمه له‌بواری فیكرییەوه. له‌باری سترەكتۆر و ساختاریشهوه زیاتر هونەرمهندانه به‌دوای شێوەکاریدا ڕۆیشتن، تا سیاسییانه. زیاتر گرنگیمان به فۆرم و ساختاردا تا ناوه‌رۆكی دروشم ئاسا و سیاسی، ناوهرۆكیشمان له‌ناو فورم و ساختاردا پێناسه كرده‌وه.
ڕەزا: گەر بینەرێک كه‌متر سه‌ردانی پیشانگای كردبێت و تابلۆی كه‌میشی دیبێت، به‌ڵام به‌و كهمهشەوه ڕه‌نگه بگات به‌و ئهنجامەی ئه‌و شێوەکار و شێوەكارانەی كه گوتت لە دەوروبهری شۆڕشدا بەرهەمی شۆڕشگێڕانه‌یان ئاراسته ده‌كرد، له‌م ساڵانه‌دا ئاوڕیان له هەندێ بواری دیكە داوەتەوە و هێنده ناوەرۆك گه‌را نهماونهتەوە و په‌رژاونه‌ته سه‌ر بەرهەمانێک و لایەنانێکی فۆرمیكیش، ئایا له‌گه‌ڵ ئەم ڕایه‌دا هاوڕای؟
فیگۆر به‌ڕای من ڕەنگێك له فاشیزم و دیكتاتۆرییه‌ت و بتوارەیی تێدایه
ئەکبەر: ڕاسته ئەم هەوڵه دەبینرێ، به‌ڵام به‌ڕای من ئەمه ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه بوو كه فۆرم وه‌ك ئامرازێك بخەنه خزمه‌تی ئه‌و بیر‌و فیكر و ئایدیاله‌ی كه هه‌یانه. ئەمیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فۆرم ئامرازێكی به‌هێزه و ئه‌و جۆرە كاركردنه ناوەرۆكییەی وا له ئێستەدا هه‌یه، ناچاره ئاوڕی لێبداتەوه تا بینەر به‌ره‌و لای خۆی ڕاكێشێ. ئەم ڕوو كردنه به فۆرم له‌به‌ر ئه‌وه بووه، نه‌ك له‌بەر ئه‌وەی بكه‌ونه شوێن فۆرمی پەتی و گرنگی به فۆرم بدەن چونكوو فۆرم خۆی گرنگه و له‌بەر خودی فۆرمەكه و فۆرمی په‌تی، نا وا نه‌بووه. ئێستەش دەبینین پاش ٣٠ ساڵ شێوەکاری، زۆربه‌ی تابلۆ و كاره‌كانیان فیگۆراتیڤه و “بتوارەیی”یە. له كاتێكدا ئه‌و بتانە هەموویان تێك دەشكێنرێن، له ئێستەدا جه‌ختی شێوه‌كاری له‌سه‌ر فه‌زایه و ئه‌بێ هەموو ئه‌و فیگۆرانه بشكێنرێن و له‌گه‌ڵ فه‌زادا ببن به یەكێك تا ئه‌و بنەڕەت و بونیاده سەرەكییەی خۆیان به‌دەست بهێنن و خالس و په‌تی ببنه‌وه. فیگۆر به‌ڕای من ڕەنگێك له فاشیزم و دیكتاتۆرییه‌ت و بتوارەیی تێدایه. له وه‌ها حاڵه‌تێكدا تێده‌گه‌ین گرنگیدان به فۆرم نه‌یتوانیوه به‌لای ئه‌و كه‌سانه‌وه ناوه‌كی و ده‌روونی ببێته‌وه، ته‌نیا بۆ ئه‌وه بووه له‌خزمه‌ت ئایدیا و فیكرهكهیاندا بێت.
ڕەزا: ئایا ناكرێ بگوترێ فیگۆراتیڤ نەک هەر ڕه‌نگ و به‌رامه‌ی فاشیزمی نییە بەڵکوو بە پێچەوانەوە ڕەهەندێکی هیۆمانیزمیشی تێدایه و به ته‌عبیرێك فیگۆراتیڤ گرنگیدانه به مرۆڤ؟
ئەکبەر: نا. به‌ڕای من وانییه، چون هیۆمانیزم و ئینسانگەرێتی ته‌نیا ئه‌وه نییه تۆ چونكوو مرۆڤ دەكێشیت ئیتر مرۆڤخوازیت، وەک دەزانرێت فیگۆر ته‌نیا سیمایه‌كه و شكڵێكه له كاتێكدا هیۆمانیزم تا ڕاده‌یه‌ك بابەتێكی دەروونیتر و ناوەكیتره و به‌و مانایه نییه ته‌نیا له فیگۆردا خۆی دەربخات. هیۆمانیزم دەركەوتەی خۆی له‌كێشانی فیگۆردا نابینێته‌وه و دەتوانێ به‌شێوەی به‌دەر له فیگۆر تەعبیر له‌خۆی بكات.
ڕەزا: ئێسته ئه‌گەر به پێی باسەكانی خۆت بڕۆینه پێش، تۆ سەردەمێك ئه‌و جۆره كارانەی وا ئێسته ڕهخنەی لێدەگریت تهجرهبهت كردووه، پاشان لێیگەڕای. ئایا تۆ خۆت وه‌ك ده‌سپێك و خاڵی وهرچهڕخان له‌جۆری ڕوانین و جۆری شێوەکاریی زاڵی كوردستاندا دەبینیتەوه؟
من له كۆمه‌ڵه تابڵویهكدا کە بە بۆنەی «هەڵه‌بجه»وه كێشاومه ئه‌و جیاوازییه‌م چ له باری فۆرمەوه و چ له باری مانا و ناوه‌رۆكه‌وه، ڕه‌چاو كردووه. بۆ نموونه له لای من له‌وێدا ههڵهبجهیهك گرنگیی پێده‌درێت كه ڕەنگه له ئاینده‌دا ڕووبدات و لە کاتێکدا ئه‌وان سه‌رنجیان به‌و ڕوداوو كاره‌ساتە دابوو كە ڕووی دابوو، به‌ڵام من سه‌رنجم به‌و ڕووداو و كارهساتانەدا بوو كه ئه‌گەری ئه‌وه هه‌یه ڕووبدا
ئەکبەر: من ئه‌و هەوڵهم داوه و له ناو ئه‌و به‌ره‌یه‌دا من دوایین كه‌س بووم كه هاتم و به جۆرێك كۆتایی ئه‌و جۆره كاركردنهشم ڕاگه‌یاند. من بە بەرهەمی خۆم ڕامگه‌یاند كه ئه‌و ڕه‌وته گه‌یشتووه‌ته بنه‌تا و كۆتایی خۆی. ده‌بێ ده‌سپێكێك و سهرەتایهكی دیكه بدۆزینەوه. ئه‌وەش كه ئەم سهرەتایه له كوێوه بێت ده‌بوایه جیاواز لە ئێسته و له ڕابردوو ببوایه، یانی ڕووتێكردنێك ببوایه به‌ره‌و ئاینده. من هه‌وڵم دا ئه‌و پچڕانه له‌گه‌ڵ دۆخی ئه‌وكات و ڕابردوودا ساز بكه‌م، دیاره ئه‌گه‌ر سهركهوتبێتم خۆی سه‌ره‌تا و ده‌سپێكێكی تازه‌یه.
تەنانهت من له كۆمه‌ڵه تابڵویهكدا کە بە بۆنەی «هەڵه‌بجه»وه كێشاومه ئه‌و جیاوازییه‌م چ له باری فۆرمەوه و چ له باری مانا و ناوه‌رۆكه‌وه، ڕه‌چاو كردووه. بۆ نموونه له لای من له‌وێدا ههڵهبجهیهك گرنگیی پێده‌درێت كه ڕەنگه له ئاینده‌دا ڕووبدات و لە کاتێکدا ئه‌وان سه‌رنجیان به‌و ڕوداوو كاره‌ساتە دابوو كە ڕووی دابوو، به‌ڵام من سه‌رنجم به‌و ڕووداو و كارهساتانەدا بوو كه ئه‌گەری ئه‌وه هه‌یه ڕووبدا. من ئەم ڕههەندهم زیاتر به لاوه گرنگ بووه، تا ئەو لایەنە تازیه‌بارییه. شینگێڕییەک کە به زۆری له ناو ئه‌و جۆره كارانه‌دا ده‌بینرێ. له لایه‌كی دیكەشەوه به‌لای منه‌وه ئایندەی خودی هه‌ڵەبجه و كاریگەرێتیەكانی گرنگ بوو. واتە وێڕای ئه‌وه‌ی خودی هەڵه‌بجه وه‌ك ڕووداوێكی نامرۆڤانه له‌بیر نه‌كرێت، زه‌ینیه‌تی تۆڵه سهندنەوهش ـ ئه‌گەر بوار هه‌بووـ په‌روه‌رده نەكرێت. ئەمه له‌باری فیكری و ڕوانینه‌وه جیاوازتره له دیدی كه‌سانێك کە دیاره كاریگهرێتیش له‌سه‌ر شێوه و چۆنییه‌تی كێشانیش داده‌نێ.
ڕەزا: هه‌رچه‌ند ئەمه باسێكی په‌راوێزییه، به‌ڵام پێوه‌ندیی هونەر و كاره‌سات به‌رده‌وام پێوه‌ندییه‌كی دژوازه، تۆ ئایا دەتوانی كاره‌سات بكه‌ی به بابەت و بەرهەمێکی هونه‌ری وه‌ك تابلۆ، چۆن پیكاسۆ له تابلۆی گرۆنیكادا كردوویه، ئه‌گه‌ر وابكه‌ی ئەمه خۆی غه‌درێكه، ئهگەریش بێدەنگ بیت هه‌مان شته كه كاره‌سات خولقێن داوای ده‌كات، تۆ خۆت چۆن بۆ ئەم باسه دەڕوانی؟
ئەکبەر: ڕاسته ئەمه خۆی پرسێكی دژوازه، له‌به‌ر ئه‌وەی خودی كاره‌سات وه‌ك كرده‌یه‌كی مرۆڤ، كارێكی نائینسانییه كه ده‌رهه‌ق به مرۆڤ دەکرێت جێبه‌جێ دەبێت، به‌ڵام ئێمه وه‌ك مرۆڤ و هونه‌رمه‌ند ناچارین به وه‌رگرتنی ئه‌و دژوازییانه و ئاگادار بوون لێیان لانیكه‌م هەوڵبدهین، ڕوانینێكی هوشیاركهرهوهمان له هەمبه‌ر كارەساتدا هەبێت. سه‌بارەت به پیكاسۆش دەتوانم بڵێم ئه‌ویش یه‌كێك له‌و ملهۆڕانە بوو كه سیاسه‌تمه‌داران دەورەیان دابوو، هەر ئەمەش بووه هۆی ئه‌وەی هەندێ له بەرهەمەکەنی مۆری بهتڵه بوونیان لێ بدرێت.
به‌گشتی من مه‌به‌ستم ئه‌وه بوو بڵێم هەڵوێست و ڕوانینی من بۆ نموونه له‌سه‌ر هه‌ڵەبجه و بابەتی دیکە، جیاواز بووه له‌گه‌ڵ كه‌سانێكی پێش خۆم له كوردستاندا، دیاره ئەم جیاوازییه خۆیشی دهگەیهنێتە لای فۆرم و سترەكتۆر و جۆری تابلۆ كێشانه‌كه. من له‌باتیی شین‌گێڕی و تازیه‌باری، هه‌وڵی ئه‌وەم داوە تا لایەنێكی هوشیاركهرهوه بۆ ڕوونه‌دانی سه‌ر له نوێی كاره‌سات و هەڵەبجەی دیکە ڕه‌چاو بكه‌م.
ڕەزا: یانی به‌جۆرێك پێشبینی كردن و نیشاندانی ئه‌گه‌رەكانی دووپات بوونه‌وه و هەر له‌وێشه‌وه هوشداری دان، به‌و جۆره‌ی له ئەدهبدا ئێمه دەتوانین پێشبینی و هۆشداره ناڕاستهوخۆیهكانی كهسێکی وه‌ك كافكا سه‌باره‌ت به هه‌ندێ ڕووداو بدۆزینه‌وه.
ئەکبەر: به‌ڵێ، هه‌ر به‌و جۆره‌یه. ڕەنگه جیاوازیی كافكا و پیكاسۆی گرۆنیكا له‌وه‌دا بێت كه كافكا ئه‌و پێشبینییانه‌ی كردووه و ئه‌و هوشدارانهشی داوه. هەرچهند حه‌زیشی نەكردووه پێشبینییه‌كانی ڕاست ده‌ر بچن، ئه‌گه‌رچی به قیمەتی ئه‌وه بێت، ئیدی بەرهەمەکانی پێگه‌یەی ئێستەشیان نه‌بێت. به‌ڵام بۆیه دەڵێم پیكاسۆ ملهوڕ بوو ئەو له دوای كارەساتەوە ده‌ست ێپدهكا و دەیقۆزێتەوە. كاره‌ساتێك ده‌كا به تابلۆیه‌كی هونه‌ری، تابلۆكه‌ی ناوبانگ و پێگەی به‌رز وه‌رده‌گرێ. وەک گوتم خودی پیكاسۆ له‌به‌ر ئه‌وەی هه‌ندێ سیاسه‌تمه‌دار به سوودی خۆیان كەڵكیان لێوهردەگرت ئه‌و جۆره تابلۆیانەشی دەكێشا و دواتر هه‌ر ئەوانیش به‌رزیان ده‌كرده‌وه.
من هه‌وڵی ئه‌وەم دا خۆم له‌و دنیا نه‌پۆڕ و هەندێجار دروشم ئاسایه به هاتن بۆ دنیایه‌كی ڕۆمانتیكتر و لیریكیتر داببڕم. خۆم له‌و ڕههەنده ئایدیۆلۆژیكەی وا له ناو بەرهەمە پێشووەکانی خۆیشمدا بوو داببڕینم.
ڕەزا: خاڵی دیكه بۆ خۆ جیاكردنەوەی بەرهەمەکانت له‌و جۆره شێوهكارییهی پێش خۆت، له چ شتانێكدا خۆی وەدیار خستووە؟
ئەکبەر: وه‌ك ئاماژه‌م پێدا من هه‌وڵی ئه‌وەم دا خۆم له‌و دنیا نه‌پۆڕ و هەندێجار دروشم ئاسایه به هاتن بۆ دنیایه‌كی ڕۆمانتیكتر و لیریكیتر داببڕم. خۆم له‌و ڕههەنده ئایدیۆلۆژیكەی وا له ناو بەرهەمە پێشووەکانی خۆیشمدا بوو داببڕینم. هه‌رچه‌ند ڕه‌نگه لایەن و ڕه‌گی ئایدیۆلۆژیك له‌ناو كاری منیش‌دا ببینرێتەوه، به‌ڵام من زیاتر به ڕوانین و كەڵكهڵەی فەلسهفییەوە به‌ره‌ورووی جیهان و سروشت و شێوەکاری و خۆم بوومەتهوه. جیا له‌وەش ئه‌و ڕه‌وته‌ی كه خۆم پێوام و باسم لێ‌كرد بۆ گەیشتن به فه‌زای په‌تی، هەندێ تایبەتمەندی و خسڵه‌تی بۆ كاری من هێناوه كه له‌وان جیام دهكاتەوه.
ڕەزا: هەڵبهت من پێموایه ئه‌و ڕههەنده ڕۆمانتیكییه و دوور كهوتنەوه له دروشم ئاسایی بوون، له ناو تابلۆكانی ئه‌و به‌ره‌یه‌ی پێش تۆیشدا ده‌بینرێ، لانیكه‌م له‌و ژماره تابلۆیەیدا كە من بینیومه.
بەرهەمێک و نیگایەک كه بەرهەمی ڕاستەقینەی من نەبێت، چەندەش هەوڵ بدەم ته‌نیا ده‌توانم چه‌ند تابلۆیه‌كی وه‌ها بكێشم، ئیدی له‌وه زیاتر ناچێته پێش. چون پێوەندیی به من و سروشتی منه‌وه نییه
ئەکبەر: ڕاسته ڕەگ و ڕەهەندی ڕۆمانتیكی شتێك نییه كه ته‌نیا تایبەتی بەرهەمی من بێت یان تاقه خەسڵهتی سه‌ره‌كیی شێوه‌كاریی من بێت، دیاره شێوه‌كاریی شۆڕشگێڕانه‌ش ئاوڕ له ڕۆمانتیسیزم ده‌داتەوه. به‌ڵام مه‌به‌ستی من ئه‌و جۆره له ڕۆمانتیسیزمهیە كه ده‌كرێ پێی بوترێ لیریسیزم. ئەمه ئیتر ئه‌گه‌ر له‌ناو كاری ئه‌واندا ببێت ده‌بێ جۆرێكی دیكه بۆی بڕوانین. لێره‌دا پرسەکە ئه‌و به‌ردەوام بوونه و ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌یه كه چه‌ندێك تایبەتی بەرهەمی ئه‌وانه. بڕوانه، بەرهەمێک و نیگایەک كه بەرهەمی ڕاستەقینەی من نەبێت، چەندەش هەوڵ بدەم ته‌نیا ده‌توانم چه‌ند تابلۆیه‌كی وه‌ها بكێشم، ئیدی له‌وه زیاتر ناچێته پێش. چون پێوەندیی به من و سروشتی منه‌وه نییه: ئەمه هه‌ر ئه‌و جهبرەیه كه وه‌ك بهرهیەك چارەی ئه‌وانی به‌جۆرێك نووسیوه. ئه‌وان له جێگەی خۆیاندا، كاری خۆیان باش و دروست به‌ڕێوه بردووه. به‌ڵام له‌وێدا كه هەوڵیانداوه بڕۆنه شوێنێكه‌وه كه پێوه‌ندیی بهوانەوه نییه له‌وێدا خراپیان كردووه. پێموایه ڕۆیشتن به‌رەو لای ئه‌و جۆره لیریسیزمه كه پێوه‌ندیی به‌وانه‌وه نییه نه تەنیا ئیمتیازێكیان پێنادا به‌ڵكوو زیانیشیان لێ ده‌دا. گرنگ ئه‌وه‌یه ئێمه جێگەی خۆمان له جیهاندا بزانین، یەک لە گرینگ‌ترین خاڵەکان بۆم ئه‌وه بووه كه زانیومه له جێگەی خۆمدا بم و له جێگەی خۆمدام. ماف و حه‌قی خۆم هەیه و ستەمێكم لێ نه‌چووه و ئه‌گه‌ر وا هەستم كردووه كه ستەمێكم لێ كراوه، ڕه‌نگه هەڵهم كردبێت.
گرنگترین كارێك كه من هه‌وڵم داوه بیكه‌م شیكردنەوە و نووسینەوە و كێشانەی كتێبی سروشتی خۆم و ڕوانینی من نیسبه‌ت به جیهان و كۆمەڵگا و خۆم بووه
ڕەزا: تۆ پێتوایه له تابلۆكانتدا چیت كردووه و ئه‌و دهسكەوتانەی بتوانی بۆ خۆتی ناو ببه‌ی كامانایه؟
ئەکبەر: دەبێ كه‌سانێكی دیكه دهسكەوتەكان دەستنیشان بكه‌ن به‌ڵام وه‌ك له سەره‌تاوه ئاماژه‌م پێدا من هەندێ هەوڵم داوه كه هه‌م له باری ناوەرۆكییهوه و هەم له باری ستراکتۆری و فۆرمییهوه توانیویه كۆمەڵێك دهسكەوت بۆ تابلۆكانم دیاری بكات. به‌ڵام گرنگترین كارێك كه من هه‌وڵم داوه بیكه‌م شیكردنەوە و نووسینەوە و كێشانەی كتێبی سروشتی خۆم و ڕوانینی من نیسبه‌ت به جیهان و كۆمەڵگا و خۆم بووه. پێموایه سازكردنی كۆمەڵێك “كتێب” به شێوەکاری و كێشانی لاپه‌ڕه به لاپەڕه‌ی ئەم كتێبه ئه‌و هه‌وڵه‌یه كه ده‌بێ هه‌ر كه‌س به‌شێوه‌ی خۆی؛ بە ئه‌ده‌ب، هونەر و… جێبەجێی بکات. به‌ڕای من ئەمه‌ش كارێكی گرنگه ئه‌گه‌ر تۆ بێیت سروشت و ڕوانینی خۆت بكه‌ی به كتێب، لێکی بدەیتەوە و به‌شێوه‌ی تایبەتی خۆت چ لەباری ناوەڕۆكەوه و چ له‌باری فۆرمەوه ئه‌و سروشت و ڕوانینەی خۆت نیشان بدەی.
ڕەزا: ئایا پێتوایه له‌دوای خۆت به‌رەیه‌كی دیكه هاتووه؟ ئه‌گه‌ر هاتووه تایبەتمەندیی كارەكانیان چۆنه و زیاتر له چ فه‌زا و كه‌سانێك كاریگه‌رییان وه‌ر گرتووه؟
ئەکبەر: من له بهرهیەكدا بووم كه ته‌نیا خۆم بووم، كەسیشم له‌گه‌ڵدا نه‌بوو. ڕاستییەكهشی زۆر ته‌نیا بووم. به‌ڵام ئەم به‌ره نوێیه كه خه‌ریكه دێت ئه‌گه‌ر قسه‌كه‌م وه‌ك بانگەشە و ئیدعا نه‌بێت ناچاره له منەوه تێبپه‌ڕێت، تا تێنەپهڕن ناگه‌نه هیچ كوێ.
وه‌ك گوتم هەندێ ئه‌رك خرایه سه‌ر شانی من كه ناخرێته سه‌رشانی هەر كەسێک و گەر بخرێتە سەر شانی کەسانێک، کەم كه‌سیش توانایی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و ئهركانەی هه‌یه. بۆیه كه‌سانێكی دیكه ده‌بێ بێن به‌شوێنیدا، كه‌سێك كه بیه‌وێ له‌م ڕێگەوه بێت ناچاره لهمنەوه تێپه‌ڕێت مه‌گەر ئه‌وەی خۆی بارێكی قورس‌تر هەڵبگرێت و وه‌كوو من به ڕێگه‌یه‌كی تایبەتدا بڕوات. ئەم به‌ره‌یه كه خه‌ریكه دێت تاڕادەیهك ئاگایه و دەزانێ ناچاره و هه‌روه‌ها بهسوودیشیهتی به‌سه‌ر ئەم پرده‌دا بڕوات.
كه‌سانێكی تازە كه هاتوون، جارێ ته‌نیا ئەم ڕێگه‌یەی منیان ناسیوه، به‌ڵام هەوڵێك نه‌دراوه لێی تێبپەڕێن ڕاستییەكەشی ئه‌وه‌یه تێپه‌ڕاندنی ئەم ڕێگەیه ئەستەم و دژواره.