کرتە
(نوسخەی یەکەم)

وەرگێڕانی لەئینگلیزییەوە: باوەڕ مەعرووفی

زێدە زۆر

زێدە کەم

یا، نە بە ئەندازە

زێدە قەڵەو

زێدە لەڕ

یا هیچ کەس

پێکەنین یاخود

فرمێسک

یا ڕەهایی

ڕووت

ڕق‌ئەستوورەکان

ئەویندارەکان

پۆلی عەسکەران بەسەر شەقامی خوێندا قەڵەمباز دەدەن

شووشە شەڕابەکانیان ڕادەوەشێنن

ڕمبەکۆڵەیانە و دەکوتنە کچانی تازەپێگەیشتوو

یا پیرەپیاوێک لە ژوورێکی هەرزان‌بایی‌دا

بە وێنەیەکی مێرلین مۆنڕۆوە

کۆمەڵێک پیرەپیاو لەچەند ژووری هەرزان‌بایی‌دا

بێ هیچ وێنەیەک

تەنهاییەکی ئێجگار قووڵ ئەم جیهانەی تەنیوە

لە جووڵەی خاوی میلی کاتژمێرەکاندا

بەدی دەکرێ

تەنهاییەکی ئێجگار قووڵ ئەم جیهانەی تەنیوە

کە لە تابلۆ نیۆنەکانی

ڤێگاس و باڵتیمیۆر و میونیخ‌دا

چاو دەترووکێنێ

خەڵکانێک هەن،

بە هۆی ئەوینەوە یا لە بەر بێ‌ئەوینی

ئێجگار ماندوو، ئێجگار بریندار و ئێجگار داڕماون

کە کڕینی قووتوویەک ماسیی توونا

لە فرۆشگەیەک

مەزنترین ساتەوەخت و

گەورەترین سەرکەوتنیانە

چ پێویستمان بە دەوڵەتانی نوێ و

شۆڕشی نوێ نیە

چ پێویستمان بە پیاوانی نوێ و

ژنانی نوێ نییە

چ پێویستمان بە شێوازی نوێ نییە

سەربەسەرە

نوێنی سەر ئاو

کۆکی چاکی

کۆلۆمبیایی

پایپی ئاوی

دیلدۆ

توولە پلاستیکی قەف خواردوو

ئەو کاتژمێرانەی ڕێککەوت پێشان دەدەن

خەڵک لەگەڵ یەکتری باش نین

یەک لەگەڵ یەک.

مارکس بە نەفرەت بێ

تاوان گشتایەتیی سیستەمە دیاریکراوەکان نییە.

مەسیحیەت بە نەفرەت بێ

تاوان کوشتنی خودایەک نییە.

بەس خەڵک لەگەڵ یەکتری باش نین.

ئێمە دەترسێین و

پێمان وایە ڕق و قین بە واتای هێز و توانایە

پێمان وایە نیو یۆرک سیتی مەزنترین

شاری ئەمەریکایە.

ئەوەی پێویستمانە زیرەکیی کەمترە

ئەوەی پێویستمانە فەرمانی کەمترە

ئەوەی پێویستمانە شاعیری کەمترە

ئەوەی پێویستمانە بوکۆفسکیی کەمترە

ئەوەی پێویستمانە بیلی گراهامی کەمترە

ئەوەی پێویستمانە

بیرەی زیاتر و

ماکینەی تایپە

سەیرەی زیاتر و

قەحپەی چاوکاڵی زیاترە،

ئەوانەی دڵت وەک دەنکە حەبێکی ڤایتامین قووت نادەن

ئێمە تێنافکرێین لە هەراسی کەسێک

کە لە شوێنێک ئازار دەکێشێ

بە تەنێ

بێکەس

بێ ئەوەی بدوێنرێ

ئاو لە بن گوڵێک دەکا،

بێ‌تەلەفۆنێک کە هەرگیز لێنادا

لەبەر ئەوەی نییە.

ڕق‌ئەستوور پترن لە ئەوینداران

لەت و کوتی قەدەر وەک خامەک

خەڵک لەگەڵ یەکتری باش نین

خەڵک لەگەڵ یەکتری باش نین

خەڵک لەگەڵ یەکتری باش نین

دەنکە موورووەکان دەلەرێنەوە و هەورەکان وڵات ڕەش هەڵدەگەڕێنن

سەگەل بەسەر گوڵەکاندا هەڵدەمیزن و

بکوژێک سەری زاڕۆڵەیەک دەبڕێ

وەک قەپاڵ لە تۆپەڵەی ئایس‌کریمێک بگرێ

ئوقیانووس بەر و دوا دەکا

لە ژێر تریفەی مانگێکی بێ‌هەستدا

بەر و دوا دەکا و

خەڵک لەگەڵ یەکتری باش نین.

چارڵز بوکۆفسکی

سەرنجێک بنوسن