وه‌همی قۆناغی پۆست – پاڵه‌وانه نێرینه‌كان
ده‌رباره‌ی پێگه‌ی ژن له درامای كوردیدا
لولخواردنی مێیینه له سێ ڕووبه‌ردا
ئۆپه‌رێتی مناڵان، پێشبڕكێی شاجوان و نمایشی جلوبه‌رگ
لێره و له‌وێ جارجار ده‌بیستین كه گوایه پێگه‌ی ژن له ئێستای دراما و سینه‌مای كوردیدا گه‌شه‌كردنێكی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینیوه و هه‌ژموونیان به‌سه‌ر دیمه‌ن و گرته و دیالۆگه‌كاندا زیادی كردووه، وه‌كچۆن پڕكردنه‌وه‌ی زووم و ڕووداوه‌كان به ئه‌وان زۆر زیاتر بووه له نیشاندانی پیاوان. ئه‌م جۆره گوتاره كه به بێ توێژینه‌وه له‌وه‌ی كه باس له چ ژنێك و چۆن ژنێك ده‌كات، وه‌همی ئه‌و گوتاره‌ی لا دروستكردووین كه گوایه چیدی له سه‌رده‌می پاڵه‌وانه نێرینه‌كاندا ناژین و هه‌ژموونیان به‌سه‌ر سینه‌ما و دراما و نواندندا نه‌ماوه، گوتارێك كه زۆر نابه‌رپرس و دوور له‌هه‌ر توێكاریكردنێكی خه‌سڵه‌تی ئه‌و مێینه‌یه‌ی كه درامای كوردی به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات، شاگه‌شكه‌یه به وه‌همی قۆناغێك له دراما كه ده‌شێت به قۆناغی پۆست- پاڵه‌وانه نێرینه‌كان ناوی ببەین. ئه‌م چه‌شنه گوتاره له‌سه‌ر دوو هه‌ڵه‌ی ستراتیژی داڕێژراوه كه یه‌كه‌میان تێكه‌ڵكردنی دراما و ئۆپه‌رێتی مناڵانه به دراما له‌سه‌ر ئاسته گشتییه‌كه وه‌ك به‌رهه‌مهێنانی گوتاری كولتووری، پاشانیش سهرلێتێكچوونیهتی له‌وه‌ی كه نمایشی جلوبه‌رگ و پۆشاك، چێشت و خوارده‌مه‌نی یا شاجوانی كوردستانیش هه‌ر به دراما و سینه‌ما تێبگات.
گومانی تێدا نییه كه ده‌ركه‌وتنی مێیینه له ئۆپه‌رێتی مناڵاندا گه‌شه‌ی كردووه، ده‌ركه‌وتنی مێیینه له كایه‌ی شاجوان و نمایشی پۆشاك یا ده‌ركه‌وتنیان له نمایشی هه‌ڵپه‌ڕكێ و گۆرانیدا له‌بره‌ودان و به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌چن (ئۆپهرێتهكانی فوئاد مه‌ولانایی له تیڤی خاك و كوردسات بۆ نموونه یان كچه‌كانی هه‌ڵكه‌وت زاهیر و پێشبڕكێ و ئیدۆڵهكان)، به‌ڵام ئه‌مانه‌یش هێشتا هه‌ر ده‌ره‌نجامی نووسه‌ر دانهرێكن كه نێرینه‌یه و بارگاویان ده‌كات به سیمبول و به‌هاكانی خۆی. هه‌ر بۆیه تاوه‌كوو وه‌همی ئه‌م گوتاره هه‌ڵبوه‌شێنینه‌وه: وه‌همی له‌دایكبوونی مێینه و قۆناغی پۆست- نێرینه‌كان، سه‌ره‌تا ده‌بێت، گه‌ر به خێراییش بێت بگه‌ڕێیینه‌وه بۆ سه‌ره‌تاكانی هاتنی ژن و ده‌ركه‌وتنی له دراما و نواندنی كوردیدا (دیاره مه‌به‌ستمان له باشووره)، تا وێنه‌یه‌كی كه‌مێك ڕوون و ئاشكرامان ده‌رباره‌ی بابه‌ته‌كه له‌لا دروست ببێت، چونكه به بێ باسكردن له‌و ئه‌رشیڤه كه ته‌واو نێرانه‌یه و سه‌رده‌می زێڕینی پاڵه‌وانه‌كانی درامای كوردین، قسه‌كردن له‌سه‌ر پێگه و پایه‌ی ژن له درامای كوردیدا، جۆرێكه له خۆهه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن.
دراما وه‌ك قۆناغی ئاڵتونیانه‌ی نێرسالاری
هه‌موو قسه‌كردنێك له‌سه‌ر درامای كوردی، به ناچاری ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئارشیڤێكی نێرانه! به‌و مانایه‌ی كه باس له جیهانێك ده‌كه‌ین ڕهنگڕێژكراو به ده‌سته‌وپه‌نجه و خه‌یاڵ و فانتازی و دواجاریش نیگای پیاو: جیهانێك كه تیایدا پیاو گێڕه‌ره‌وه‌یه، ئه‌كته‌ر و نمایشكهره، ده‌رهێنه‌ر و وێنه‌گره، نووسه‌ر و دانه‌ره، هه‌م دیكۆرستیهتی و هه‌م ماكیاژكهره…. هتد. درامای كوردی مه‌حكومه به پیاوسالاری، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا ده‌ركه‌وتنه‌كانی سه‌ره‌تای جیاناكرێنه‌وه له داگیركردنی كۆی پانتاییه‌كانی و پاڵه‌وان و حیكایه‌ته‌كانی له‌لایه‌ن پیاوه‌وه. تۆ بڕوانه ئه‌و كاره درامی و هونه‌ریانه‌ی سه‌ره‌تاكانی نواندن و نمایشی كوردی – كه گوتارێكی باو و تاڕاده‌یه‌ك جێگیری هه‌یه و به سه‌رده‌می زێڕین و ئاڵتونی هونه‌ری نواندن و درامای كوردی ده‌زانن – له پیاو زیاتر چی تر ده‌بینیت؟ بڕوانه پاڵه‌وانه‌كانی (خوله‌چه‌خماخه)، له كاره‌كته‌ره‌كانی (جه‌نابی موفه‌تیش) وردبه‌ره‌وه، سه‌یری ستره‌كتوری كه‌سێتیه‌كانی (لانه‌وازان) بكه، چی ده‌بینیت؟ كۆمه‌ڵێكی پیاوی ده‌مووچاو دووباره‌ن كه وه‌ك هه‌ڵاوێردێكی هونه‌ری و درامی، له ژێر كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌ده‌بیاتی سۆڤێتی بۆ تراژیدیا و هه‌ژموونی كۆمیدیای ڕوسی و فه‌ره‌نسییه‌كانی وه‌ك (پاڵتۆ)كه‌ی گوگول یا (پیسكه‌ی ته‌ڕپیر)ی مولێردا ژیان ده‌گێڕنه‌وه و ئارشیڤ و مێژووی هونه‌ری دروستده‌كه‌ن. له‌و نێوانه‌دا تاكه ئیشێك كه كرابێت و تایبه‌ت بێت به قسه‌كردن له‌سه‌ر پرسی ژن، درامای (ژن به ژن)ه، كه وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ژنان ڕۆڵێكی به‌رچاوی تێدابگێڕن، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه له‌وێشدا هه‌ر پیاوه ڕۆڵی ژن ده‌بینێت، پیاوه به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات. گه‌ر ته‌مسیلی ژن به ژن سه‌ره‌تاكانی بوونی كێشه‌ی ژن بووبێت به بابه‌تێكی هونه‌ری بۆ دراما و مه‌رجی ئه‌وه‌مان به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت كه زۆرترین ژن له‌و ڕووداوه دراماتیكیانهدا ببینین، ئه‌وا ڕێك پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌بینین: جیهانێك ده‌بینین كه سه‌رتاپا كاره‌كته‌ره‌كانی پیاون: دایك پیاوه، بووكێ پیاوه، خوشك و خهسووهكانیش تیایدا هه‌ر پیاون له‌به‌رگی ژن‌دا. وه‌ك ده‌بینیت مێژووی درامای كوردی ته‌مه‌نێكی زۆری ده‌وێت تا خودی ژن وه‌ك فیزیك و جه‌سته تیایدا ده‌ربكه‌وێت، به‌تایبه‌تی له دوای هه‌شتاكانه‌وه كه ئیدی ههستبكهویت پاڵه‌وانێكی سه‌ره‌كییه له ململانێیه‌كدا كه ده‌بێت یهكاڵابكرێتهوه. ئێمه له‌گه‌ڵ زنجیره‌كانی وه‌ك (ژاڵه) و (گوڵاڵه)، (ڕه‌جه‌ب)، (لاس و خه‌زاڵ) یا (خانزاد)دا بۆ یه‌كه‌مجار ژن به فیزیك و جه‌سته‌ی خۆیه‌وه ده‌بینین نه‌وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌ك بێت فه‌یك و هه‌ڵبه‌ستراو، ڕیشنێك بێت كه به زه‌بری ماكیاژ كرابێته مێینه، چونكه ته‌نانه‌ت له درامایه‌كی وه‌ك (بووكی ژێر ده‌واری ڕه‌ش)یشدا هه‌ر ئاماده‌یی ژن (مێیینه) وه‌ك فیزیك نابینین. به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه كه داخۆ ئه‌م ژنانه توانیویانه كۆتایی به سه‌رده‌می پاڵه‌وانه نێرینه‌كان بهێنن؟
ژن وه‌ك ئه‌كته‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی یا ئه‌كته‌ری سینه‌ما
گه‌ر وه‌ك چوارچێوه‌یه‌كی تیۆری بخوازین له دوالیزمه‌ی ئه‌كته‌ربوون له‌نێوان كۆمه‌ڵگه – سینه‌مادا تێبگه‌ین، ناتوانین تێزه‌ی یه‌كێك له هه‌ره به‌ناوبانگترین سۆسیۆلۆژهكان فه‌رامۆشبكه‌ین كه ئه‌ویش ئێرڤین گۆفمانه. به‌ڕای گۆفمان كۆی ژیانی تاكه‌كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه بۆ خۆی جۆرێكه له دراما و شانۆگه‌ری. له كتێبه‌كه‌یدا به ناونیشانی (من و ده‌مامكه‌كان) تیۆره‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه داڕشتووه كه مرۆڤ به كرۆكی خۆی له‌نێوان ڕۆڵ و ده‌مامكدا، له‌نێوان ته‌ختی شانۆ و كوالیسهكهیدا گیری خواردووه.
به باوه‌ڕی من هه‌میشه كۆمه‌ڵگه و هونه‌ر له ململانێی شاردنه‌وه-ده‌رخستن، چه‌پاندن- ئازادكردندا بوون، هه‌میشه هونه‌ر خواستی بووه كه ئه‌و ئاره‌زووانه به‌یان بكات و نیشانبداتهوه كه مێژووی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی شاردوونیه‌تییه‌وه
گۆفمان پێی وایه كه خودی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی هیچ نییه له سته‌یجێك بۆ درامایه‌ك كه به‌پێی بكه‌ر و ڕووداوه‌كان ده‌گۆڕدرێن، ڕۆڵه‌كانی تێدا دابه‌شده‌كرێن و دهماكێكت لێده‌سه‌ننه‌وه یان ناچارت ده‌كه‌ن تۆ به ئێكسسوار و ماكیاژ، پۆشاك و دیالۆگێكی تره‌وه بێییته‌وه ناو ڕووداوه‌كانی شانۆكه. تۆی مرۆڤ ئه‌كته‌ر و نمایشكاری درامایه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیت كه بكه‌ر و نووسه‌ر و دانه‌ره‌كانی ناچارت ده‌كه‌ن چ ڕۆڵێكت هه‌بێت، كه‌ی له كوالیسدا بیت و كه‌ی له‌سه‌ر سته‌یج ئاماده بیت، چه‌ند قسه بكه‌یت، چه‌نده ئاماده‌ییت هه‌بێت و كۆرس یان پاڵه‌وان بیت، گه‌ر پاڵه‌وانیش بیت چ چه‌شنێك پاڵه‌وان بیت؟ كۆمیك یا تراژیدی بیت، دایكه ئازاكه بیت یان كچه سۆزانییهكه، ئه‌مه تێزهیهكه كه سۆسیال-سایكۆلۆژێكی وه‌ك (پۆڵ مۆخنس)یش له تێزه‌كه‌یدا پاشتر جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه: ئه‌وه‌ی كه وه‌ك مێینه سۆزانی بیت یان دایكی مه‌سیح بیت، جادوگه‌رێك بیت كه به فیتنهكانت ئاشوب ده‌گێریت و ده‌بێت بسووتێندرێیت (وه‌ك ئه‌وه‌ی له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا ده‌یبینین) یان شاژنێك بیت كه به‌هۆی جه‌سته‌ته‌وه ده‌توانیت دوو ئیمپراتۆری ناكۆك یه‌كبخه‌یت، به‌وه‌ی كه هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ كوڕی بنهماڵهیهكیاندا بكه‌یت (دراما مێژووییه‌كانی هاڵیوود پڕن له نموونه‌ی ئه‌م ژنه پاكه سێكسییه یه‌كخه‌ره). به كورتی و له‌به‌ر ڕۆشنایی تێزه‌كه‌ی گۆفماندا، دراما شتێك نییه نامۆ بێت به مرۆڤ، به‌ڵكو كرۆكی ژیانی ڕۆژانه و كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌و خۆیه‌تی. به‌ڵام بۆچی دراما وه‌ك هونه‌ر جیایه له كۆمه‌ڵگه؟ بۆچی نابێت كاره‌كته‌ره سینه‌ماییه‌كان هه‌مان كاره‌كته‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بن؟
به باوه‌ڕی من هه‌میشه كۆمه‌ڵگه و هونه‌ر له ململانێی شاردنه‌وه-ده‌رخستن، چه‌پاندن- ئازادكردندا بوون، هه‌میشه هونه‌ر خواستی بووه كه ئه‌و ئاره‌زووانه به‌یان بكات و نیشانبداتهوه كه مێژووی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی شاردوونیه‌تییه‌وه. كاره‌كته‌ری هونه‌ری و سینه‌مایی به‌وه له كۆمه‌ڵگه جیان، كه به‌ته‌نها ئه‌و بوونه‌وه‌ره سۆسیۆلۆژییه نین كه گۆفمان باسیان ده‌كات، به‌ڵكو هه‌ڵگری چێژ و زامهكانیشیانن، گێڕه‌ره‌وه‌ی چیرۆكی ژان و په‌ژاره و خۆشهویستیهكانیشیانن. ئه‌وه‌ی كه پێگه‌ی ژن یا مێینه‌ی له دراما و سینه‌مای كوردیدا لاواز و بێفه‌ڕ كردووه هه‌ژموونی ئه‌و وێنه‌یه‌ی پیاوی كورده بۆ ژن كه خۆی خاوه‌نی ئاره‌زوو نییه، زمان و گوزارشتی خۆی نییه بۆ خۆشه‌ویستی و ئازار ده‌ربڕین، له‌بنه‌ڕه‌تدا هه‌ر پڕۆژه‌ی نییه وه‌ك تاكێك (وه‌ك ئه‌وه‌ی لای مادام بوڤاری ده‌یبینین بۆ نموونه)، مێیینه‌ی كوردی مه‌حكومه به‌و ڕۆڵانه‌ی كه پیاو ده‌یداتێ وه‌ك دابه‌شكه‌ری ڕۆڵ، وه‌ك خاوه‌ن تێكست و خاوه‌ن دید، ئه‌مه له ئه‌ده‌ب و له سیاسه‌تیشدا هه‌ر وابووه. ژن خۆی پڕۆژه‌یه‌ك نییه، ئامانجێك نییه، به‌ڵكو ئامرازێكه یان ئه‌وه‌تا ده‌بێت ڕۆڵی دایكێكی پیرۆزت بۆ ببینێت له به‌رگه ناسیۆنالیستیهكهیدا كه زۆر دیماگۆگ و په‌روه‌رده‌ییه، یان ده‌بێت رۆڵی ژنێكی سه‌لار و سه‌نگینت بۆ ببینێت كه ئاگاداری مناڵه‌كانیه‌تی و پابه‌سته‌ی ئه‌و چه‌تره خێزانییه‌یه كه مێرده‌كه‌ی هه‌ڵیداوه، یان كچێكه كه ململانێی خۆشه‌ویستی له‌نێوان دوو خێزاندا له‌سه‌ره وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له گوڵاڵه‌دا ده‌یبینین و ناتوانێت له‌پێناوی خۆشهویستییهكهیدا بڕیار بدات و شكسپیریانه وه‌ك ژۆلێت ئاماده بێت به‌رگری لێبكات، یان ده‌بێت خوشكێكی به‌ئه‌مه‌ك بێت بۆ پڕۆژه‌ی براكه‌ی (وه‌ك ئه‌وه‌ی له ژاڵه‌دا ده‌یبینین). ته‌نانه‌ت له كاره‌كانی وه‌ك یه‌لماز گونه‌ی یا به‌همه‌نی قوبادیشدا ئێمه مێینه نابینین: ژن ده‌بینین، كچ ده‌بینین، خوشك ده‌بینین، به‌ڵام مێیینه نابینین.
به‌كورتی، دراما و سینه‌مای كوردی تا ئێستایش مه‌حكومن به هه‌ژموونی خێزان و خێزانگه‌رایی (چه‌مكی فایمهلیانیزم وه‌ك ئه‌وه‌ی لای دۆلوز به‌كارهاتووه) به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ جۆره تێگه‌یشتنێكی دهروونشیكاریانه بۆ خێزان له بنه‌ڕه‌تدا بوونی هه‌بێت.
دیناسۆرهكانی درامای كوردی كه پیاوهكانین له ترۆپكی ناوداربوون و پرشنگداری خۆیاندان، ئه‌وه خوله‌پیزه‌یه، ئه‌وه مامه‌ڕیشه‌یه، ئه‌وه شێخ مه‌حمودی نه‌مره، ئه‌وه جوامێره له ژانی گه‌لدا، درامای گه‌رده‌لول هه‌مان شته، مهمی ئالان له (مهم و زین)دا، (فه‌رهاد) له شیرین و فه‌رهاددا… هتد. چونكه له‌بنه‌ڕه‌تدا كولتوورێك هه‌یه پاڵه‌وانه‌كانی پیاو بوون، گێڕه‌ره‌وه و نووسه‌ره‌كانیشی هه‌ر پیاو بوون.
بۆ ئه‌وه‌ی ژن له سینه‌ما و درامای كوردیدا پێگه‌ی هه‌بێت و پاڵه‌وان بێت، ده‌بێت سه‌ره‌تا له‌و سێبه‌ربوونه‌ی ده‌ربچێت و خۆی گێڕه‌ره‌وه‌ی چێژ و ئازاره‌كانی بێت
تا ئێستایش دانه‌ر و ده‌رهێنه‌ر و ئه‌كته‌ری كورد نه‌یانتوانیوه درامای هونه‌ری و سینه‌مایی جیابكه‌نه‌وه له درامای كۆمه‌ڵایه‌تی و كێشمه‌كێشی سیاسی، وه‌ك چۆن نه‌یشیان توانیوه ئاماده‌كردنی ئه‌كته‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی جیابكه‌نه‌وه له په‌روه‌رده‌كردنی ئه‌كته‌ری درامی و سینه‌مایی. ئه‌كته‌ر وه‌ك له كتێبه به‌ناوبانگه‌ی ستانسلافسكییه‌وه (ئاماده‌كردنی ئه‌كته‌ر) گه‌یشتۆته درامای كوردی، له‌بنه‌ڕه‌تدا بێلایه‌نه و ته‌واو نهڕهگهزێندراوه، به‌ڵام له دراما و شانۆی كوردیدا ته‌واو دهنێردرێندرێت و پۆلێنده‌كرێت.
دواجاریش، بۆ ئه‌وه‌ی ژن له سینه‌ما و درامای كوردیدا پێگه‌ی هه‌بێت و پاڵه‌وان بێت، ده‌بێت سه‌ره‌تا له‌و سێبه‌ربوونه‌ی ده‌ربچێت و خۆی گێڕه‌ره‌وه‌ی چێژ و ئازاره‌كانی بێت، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه نه‌بێت كه پیاوێك هه‌بێت بتوانێت وه‌ك خۆی بیگێڕێته‌وه و بیبینێت، گه‌رنا به ده‌ردی (ڕه‌حه چلده‌م) و ئه‌و دایكه دهمگهرمه ده‌مدرێژه ده‌چێت كه له ته‌مسیلی (ژن به ژن)دا له‌لایه‌ن پیاوێكه‌وه (عومه‌ر چاوشین) وێنه‌ی ژنی پێ بونیاد ده‌نرێت: ژنێكی جگه‌ره‌كێشی ده‌مه‌وه‌ر كه هیچ پیاوێكی سه‌ر زه‌مین به‌رگه‌ی ناگرێت. به‌كورتی، ژن له دراما و سینه‌مای كوردیدا، تا ئێستایش نه‌یتوانیوه قۆناغی عومه‌ر چاوشین كه نێرینه‌یه‌كه قۆشمهچییانه ڕۆڵی ژن ده‌بینێت، تێبپه‌ڕێنێت.