ژنەفتن ژنەفتن
شیعر

من پیاوێکی ماقووڵم

نووسەر چاڕلز بوکۆوسکی
وەرگێر وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: باوەڕ مەعرووفی

من پیاوێکی ماقووڵم

هەزار مایلی ڕەبەقم بە فڕۆکە بڕیوە بۆ ئەوەی بێمە لای

چون داوای لێم کردبوو

“تەنها لەبەر خاتری ئەو هەموو کاتە خۆشانەی ڕابردوو”

شەومان پێکەوە بەسەر برد و

سبەینێکەی لەکافە ئاریزۆنا

نانی بەیانیمان دەخوارد

شوێنێکی ئارام و دڵڕفێن بوو

خۆرەتاو خەریک بوو بەسەر قوماشە شەترەنجییە

سوور و سپییەکەی

سەر مێزەکەدا هەڵدەگەڕا

لە پڕ وتی:

“نانم بۆ ناخورێ!”

فرمێسکەکانی بە گۆنایدا بەربوونەوە خوارێ

وتم:

“قەیدێ ناکا، بەشەکەی تۆش دەخۆم، با خەسار نەبێ!”

شان و ملی قیت کردەوە،

هەناسەی هەڵکێشا و

یەک بە خۆی قیژاندی!

خزمەتکار و ئاشپێزەکە بە هەڵەداوان هاتنە دەرەوە

 ژنە خزمەتکارەکە پرسی: “هەموو شتێک باشە؟”

وڵامم داوە: “ئا، ئا. ئەرێ”

هەردووکیان ڕۆیشتنە ژوورەوە و لە شووشەی دوکانەکەوە

تەماشایان دەکرد

لە بەرامبەرمدا

فرمێسکەکانی هێشتا دادەوەرین

پێم وت:

“لەتێک لەو کەیکە بخۆ،

حاڵت باشتر دەبێ!”

نەڕاندی:

“دەمت داخە، بەس تۆ دەمت داخە!”

وتم:

“بڕوانە، ئەمڕۆ بەجێت دێڵم”

وتی:

“با شەوێکی‌تریش پێکەوە بین،

دەتوانین قسە بکەین”

بەشەکەی ئەویشم خوارد،

حیسابم کرد،

پاشان ڕۆیشتین.

شەوەکەی

خواردمانەوە و

قسەمان کرد

دواتر نووستین.

سەعات نزیکەی سێی بەرەبەیان

بە دەنگی ناڵەناڵی خۆم خەبەرم بووەوە

چنگی لە هەردوو هێلکەگونەکانم گیر کردبوون و

ڕایدەوەشاندن.

هاوارم کرد: “قەحپەی بێ مێشک! ئەوە بۆ وا دەکەی؟”

وتی:

“تێت نەنام! تێت نەنام!”

هەڵستام و

جلەکانم یەک بە یەک لە بەر کردنەوە

پرسی لێم:

“ئەوە چی دەکەی؟”

وتم:

“چ دەکەم؟ چ دەکەم؟

“خەریکم پانتۆڵەکەم هەڵدەکێشمەوە،

دەبێ تەکسیەک بگرم بۆ فڕۆکەخانە!”

ئەوەم وت و

کەوشەکانم لە پێ کردن.

لە تەختەکەوە بازی دا،

هاتە نێوان هەردوو ئەژنۆم و

زیپەکەمی داکێشا

وتی:

“گەرەکمە لاما بمێنی” و

سەری دانەواندە سەر ناوپام

وتم:

“زۆر چاکە!”

وەکچۆن تریفەی هاوینان

لە پەردەکەوە تێخزایە ژوورەوە

“تەنها لەبەر خاتری ئەو هەموو کاتە خۆشانەی ڕابردوو”

https://www.youtube.com/watch?v=1tSBSrLiZd0 [min. 35:00]

blank
دەربارەی نووسەر
چاڕلز بوکۆوسکی

چاڕلز بوکۆڤسکی؛ساڵی ١٩٢٠ لە وڵاتی ئەڵمانیا، لە دایکێکی ئەڵمانی و باوکێکی سەربازی ئەمەریکی-ئەڵمانی هاتووەتە دنیا. پاش دوو ساڵ بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکان کۆچ دەکەن. بوکۆفسکی زیاتر لە سۆنگەی ڕۆمانەکانییەوە ناوبانگی دەرکردووە. بەڵام هاوکات کە لەسەر نووسینی ڕۆمان خورت بووەتەوە، شیعر و کورتەچیرۆکیشی نووسیوە. پتر لە ٥٣٠٠ شیعر و کورتەچیرۆکی نووسیوە. حاڵ و هەوای فەزای شاری لۆس ئەنجڵس لەنووسراوەکانی بوکۆفسکیدا بە ڕوونی دیارە. ساڵی ١٩٥٧ لەگەڵ باربارا فیریی شاعیر و نووسەر هاوسەرگیری کردووە، بەڵام دوو ساڵ دواتر لێک جوێ بوونەتەوە. ئەم ڕووداوە بوکۆفسکی بەرەو شەرابخۆریی پتر ڕاکێشاوە. منداڵێکی بە ناوی فرانس سمیت لە مارینا لوییس بووە. ساڵی ١٩٧٦ لەگەڵ لیندا لی بەیلی ئاشنا دەبێت و پاشان هاوسەرگیری دەکەن. بوکۆفسکی پاش ئەوەی لەلایەن ناوەندی چاپی "بلەک سپەررۆ"وە پێشنیاری مووچەی مانگێ 100 دۆلار تا کۆتایی ژیانی پێ دەدرێت، دەست لە کاری ئیدارەی پۆست هەڵدەگرێت و لەوەبەدواوە سەرقاڵی نووسینی شیعر و چیرۆک دەبێت. ساڵی ١٩٩٤ لە سەند پێدرۆی کەلی فۆرنیا بە هۆی شێرپەنجەی خوێن کۆچی دوایی دەکات. ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی لەلایەن ڕاهیبێکی بووداییەوە بەڕێوەدەچێ. لەسەر کێلەکەی نووسراوە "هەوڵ مەدە!" کە بە وتەی لیندای ژنی بوکۆفسکی، واتە: لە بری ئەوەی هەوڵ بدەیت، دەست پێ بکە و کارەکە ئەنجام بدە''.

هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە