وەهمی مرۆڤی ئەکادێمی له زه‌مینه‌ی ئێمه‌دا
١
كارابوون یان ناکارابوونی مرۆڤی ئهكادێمی
ئێستای ئێمه ئه‌وه‌ند بابهتسازه بۆ هه‌ر كه‌سێك، له‌نێویدا بێ یان له ده‌ره‌وه‌ی، به‌رده‌وام بوارێكه بۆ ئەوەی بەرهەمهێنی گوتار بێ. ڕووداوه‌كان، گێڕانه‌وه‌كان، دیار و نادیارەکانی واقیعی کوردی، نائاسایی ده‌ركه‌وتنی حاڵه‌ته ئاساییه‌كانی نێو ئەم واقیعە، خۆنواندن یانیش هەبوونمان له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتر و…هتد، زۆر کارەکتەری فەزای ئێمه‌یان به قسه هێناوە. خۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر خۆمان و بە گوتارکردنی، نهریتێكە پێشتر زارەکییانە و ئێستاس لە ئاستی نووسینەوە، خزاوه‌ته نێو ئه‌و دابه‌شبوونه کڕۆکییانەی له خودی ئێمه‌دا بوونی هه‌یه و لە نواندنی ناسنامەییماندا بەرجەستە بووە و قسهكهرانیش به‌سه‌ریدا دابه‌ش بوونه. زۆرترینی ئه‌وانه‌شی ده‌رده‌كه‌ون و ده‌دوێن: یان پێیانده‌گوترێ ڕۆشنبیر و نووسه‌ر یانیش مرۆڤی ئهكادێمی؛ پسپۆڕ له بوارێكی دیاریكراو و گوتارخوێنی به‌رده‌م بەردەنگەکانیان.
كه‌م تا زۆر، قسه له‌سه‌ر ڕۆشنبیریی كوردی و ستراتیژییه‌تی گوتارەکانی و چۆنیەتی كاركردنی کارەکتەرەکانی و فۆرمی بە میللیی بوونەوەی تێزەکانیان لە فەزای گشتیدا كراوه و لە ئێستادا جێكه‌وته‌كانی بینراوه. به‌ڵام كارەکتەرەکەی دی، مرۆڤە ئهكادێمییەکە، هێشتا كه‌م دان بە کاراییەکەی نراوە و کەمتریش لە فەزاکەدا وەک بەرهەمهێن ناسێنراوه. ڕه‌نگه ئه‌مه‌ش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك بووبێ، له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه و بە سادەیی دەتوانین بێژین، نه‌یتوانیوه گوتار دابڕێژێ. ئینجا له ناوه‌ندی رۆشنبیرییشدا كه‌متر دانی پێدانراوه و بۆچوونه‌كانی به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیراوه، تا ئەو کاتەی زمانە ڕۆشنبیرییەکەی لەخۆنەگرتووە و ئەوەی بەرهەمی هێناوە، لەنێو ئەو چەمکانەدا جێی نەکردۆتەوە کە ئەوان پێی ئاشنان. به‌ڵام له‌وانه گرنگتر ئه‌وه‌یه کۆی گرۆی ئەکادیمییان، وەک گرۆیەکی بێ ناسنامه ماوەتەوە و کەمتر توانیویانە پڕ به پێستی ناوه‌كه‌یان بن. ئەگەريش بە دەنگ هاتوون، ئەوا پتر بەدەنگهاتنێكى ميديايى دەبێ و زۆرتريش لە خولگەی گوتارێكى سادەوە دەخولێنەوە. وتارێک، زۆرجار، شەقامييانە مژارەکان بەرجەستە دەكاتەوە، شەقامێک کە بڕیارە پێشینەکان و هەڵوێستی ڕۆژ و پرۆسێسی کۆنتڕڵکارییانەی دەسەڵات (ئەوەی دەدوێ، جا هەر کەس، گرۆیەک بێ و هەرچ پێگەیەکی هەبێ) دەیجوڵێنێ، نەک هزرکردنە مێتۆدییەکە. لە پشت دكتۆرى قسەكەر، پسپۆڕى بوارى قسەلەسەر كرا‌و، هەست بە جياوازيى بير و لێكدانەوە و شرۆڤەكارييەكانى ناكەين، تەنانەت ئەو چەمك و دەستەواژانەى بەكاريشيان دەهێنێ سادەييان پێوە ديارە؛ سادەيى لەو مانايەى بە چەمكەكانى دەدا. زمانى ئاخاوتنيشى زمانێكى ساكارە و د‌رك بەو قوڵاييە مەعريفييە ناكەى كە ئەكادێميبوون دەيخوازێ. زۆرجار تەنانەت دەرەقەتى زمانە باوەكەى ناوەندى رۆشنبيریی كورديش نايەت و دوو ڕستەى لەسەر يەك نييە. ئەرێ بۆ وايە؟ بۆ مرۆڤى ئەكادێميمان ونە؟ ئەگەريش دەردەكەوێ بۆچى خۆى نانوێنێ، ئەوەندەى كەسى تر دەنوێنێ؛ ڕۆژنامەنوس، هەواڵخوێن، نووسەرى نائەکادێمی، بەرجەستەكارى گوتارى باو (بەتايبەت ڕۆشنبيریی و سياسى)؟
مرۆڤی ئەکادێمی، وەک چەمکێک، ئەو مرۆڤە دەناسێنێ، کە پسپۆرە لە بوارێکی زانستی و بەرهەمهێنی زانینە لە چوارچێوەی دیسپلینێکی دانپێنراوی نێو کایەی ئەکادێمی. پسپۆڕێتی و بەرهەمێک، کە کۆمەڵێک بەها و فۆرمی زانین و لێهاتوویی و توانای نواندن لە کەسەکەدا جێدەکاتەوە و لە ڕووی سۆسیۆلۆگییەوە وەک ئەندامێکی سەر بە گرۆیەکی خودان کولتوورێک subculture، دەری دەخات. بەو مانایەش بێ، پسپۆڕێتی و فۆرمی زانستی بەرهەمهێنراو، کەرەکتەری مرۆڤە ئەکادێمییەکە ڕەنگڕێژ دەکەن. ئیدی وەک کۆیەکی خودان فرە لق و پۆپ، دەردەکەون.
مرۆڤی ئەکادێمی، وەک چەمکێک، ئەو مرۆڤە دەناسێنێ، کە پسپۆرە لە بوارێکی زانستی و بەرهەمهێنی زانینە لە چوارچێوەی دیسپلینێکی دانپێنراوی نێو کایەی ئەکادێمی. پسپۆڕێتی و بەرهەمێک، کە کۆمەڵێک بەها و فۆرمی زانین و لێهاتوویی و توانای نواندن لە کەسەکەدا جێدەکاتەوە و لە ڕووی سۆسیۆلۆگییەوە وەک ئەندامێکی سەر بە گرۆیەکی خودان کولتوورێک subculture، دەری دەخات. بەو مانایەش بێ، پسپۆڕێتی و فۆرمی زانستی بەرهەمهێنراو، کەرەکتەری مرۆڤە ئەکادێمییەکە ڕەنگڕێژ دەکەن. ئیدی وەک کۆیەکی خودان فرە لق و پۆپ، دەردەکەون.
ئێمە لەم کورتە وتارەدا، باس لە هەموو مرۆڤێكى ئەکادێمی ناكەين، لەوانەشیان نادوێین سەر بە دیسپلینە زانستییە پەتییەکانن. بەڵكو پتر مەبەستمان ئەو تايپەیانە کە لە کایە و دیسپلینە مرۆڤایەتییەکانەوە کاردەکەن؛ وەک دەزانین ئەوانەی لە بواری زانستە مرۆڤایەتییەکان کاردەکەن، ئەوانەن میتۆدییانە ئیش لەسەر دەق دەکەن، وەک سەرچاوەی حەقیقەتی دەبینن. جا ئەو دەقە پەیوەست بێ بە ڕابردووەوە یان هەنووکە، بەڵگەنامەیەکی فەرمی بێت، یان قەسیدەیەک. یاداشتێک بێ یان ڕۆمانێک.
ئەمانە لەنێو دەزگا زانستیی و ئەکادێمییەكانى ئێمەدان و پێیان دەڵێين مامۆستاى زانكۆ، توێژەر…هتد. بەڵام زۆربەى جار لەو جوڵە سياسى، كۆمەڵايەتى، ئايينى، تەنانەت فەرهەنگیيانەى لە فەزای گشتی هەن، دەرناكەون يان بێدەنگن. خۆ ئەگەر لە ئاستە گڵۆباڵەکەوە و لە ئێستای دونیای ئەکادێمییەوە، چاو ببڕینە ڕەوشی سۆسیۆ مەعریفیی پسپۆڕانی بواری مرۆڤایەتیی، دەبینین بڕێکی باشی ئەو هەژموون و دەسەڵاتە هزرییەی چەند سەدەیەکە هەیانبووە، لەدەستیانداوە. پێشڤەچوونی ڕەهای زانستە سروشتییەکان، ئەو متمانەیەی پێشووتر فەیلەسوف، مێژوونووس، ئاییناس، ئەدەبناس و زمانەوان، کولتوورناس…هتد، لە فەزای گشتیدا هەیبووە، کەمبۆتەوە. تەنانەت بە بەراورد لەگەڵ ئەکادێمیانی پسپۆڕ لە هێندێک کایەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان(Kagan, 2009: 222) (سایکۆلۆژیا و چەند لقێکی سۆسیۆلۆژیا) کەمتر کاران. ئەم وەرچەرخانە و کەمبوونەوەی پێگە، لەو تێگە ڕووکەشییەوە دێت، کە چیدی فەیلەسوفان، مێژونووس و مرۆڤ‌ناس و هاوشێوەکانیان، ناتوانن لە ڕوونکردنەوەی ڕوانگەمان بۆ سروشتی مرۆڤ و ئاڵۆسکاوییەکانی کۆمەڵگەی مرۆییەوە، بەشدار ببن. ئەمە تێگەیەکە، دەرئەنجامی هوروژمی ئەو شەپۆلانەیە، کە کایەی لێکۆڵینەوە مرۆڤایەتییەکانی خستە بەردەم قەیرانی مێتۆدیی و هزریی خۆناساندنەوە؛ شەپۆلی فێمینیستیی، پۆستکۆڵۆنیاڵی و هاوشێوەکانیان. ئەمە سەرباری ئەو پێداچوونەوە هزرییانەی کۆی کایەی زانستیی – ئەکادێمی گرتەوە، لە نیتشەوە بگرە تا فوکۆ و جێگرەوەکانیان. ئەوانەی حەقیقەتیان وەک سەنگی نێو کایەکان و چەمکی بنەڕەتی ئیشی پسپۆڕەکان، لەو سەنتەرێتییەی پێی درابووە خست و تیمەی ئەو حەکایەتە گەورانەی لەبارەیەوە دەگێڕدرانەوە، هەڵوەشاندەوە.
جیرۆمی کاگان (2009: 226-227)، لە خوێندنەوەی بۆ ڕەوشی هەنوکەییانەی زانستە مرۆییەکانەوە، چوار فاکتەری دیاری کردووە، وەک هۆکاری بنەڕەتیی لەوەی، ئەم کایە زانستییانە ‘متمانە’ لەدەست بدەن. یەکەمیان؛ کاڵبوونەوەی ئەو پێوەرانەی وا لە مرۆڤێک دەکات وەک ئەندامێکی نێو دەزگا ئەکادێمییەکان خۆی بنوێنێ. پێشووتر، کۆمەڵێک پێوەر، پێگەیەکی سۆسیۆ کو‌لتووریی باڵای بەم چەشنە کارەکتەرە بەخشیبوو، کە چیدی لە ئێستادا دانی پێدانانرێ و نەیماوە. دووەمیان؛ بچووکبوونەوەی جیهانبینیی و کوشتنی خەیاڵ، دیارە مەبەستی بە فۆرمە کۆنە دەقگرتووەکەیەتی، لەسەر دەستی تەکنۆلۆژیاوە. کاگان نموونە بە فێرجینیا وۆڵف دەهێنێتەوە، کە لە ساڵی ١٩٢٢دا زۆر بە کەم لە سینەمای ڕوانیوە و وەک ژانرێکی لاوازیی هونەری چاوی لێکردووە. کەچی ئەوەندەی خەڵکی تەماشای فیلمی ‘خاتوو داڵاوا’یان کرد، کە لە ڕۆمانەکەی ئەو بە هەمان ناو وەرگیرابوو، ئەوەندە ڕۆمانەکەیان نەخوێندۆتەوە. هەر ئەمەش بووە، وای لە دەزگایەکی گەورەی ئەکادێمی وەک هاڤەرد کرد، پرۆگرامێکی تایبەتی دکتۆرا، لە بواری ‘لێکۆڵینەوەی فیلم – Film Sudies’، لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە بکاتەوە. سێیەمین فاکتەریش لەدەستدانی سیحری پیشەگەربوونە لەم پسپۆڕییە ئەکادێمییانە. تا ئاستێک وایلێهاتووە بڕێک لەوانەی سەر بە ڕەوتی هزریی پۆستمۆدێرنەن ڕایدەگەیەنن – بۆ نموونە –هەر مرۆڤێک بخوازێ، دەتوانێ مێژوو بنووسێتەوە. بەڵام هەمان ئەو مرۆڤە پێویستی بە خوێندن و ڕاهێنانی باشی زانستییە، بۆ ئەوەی لە بواری فیزیکدا کار بکات. دوا خاڵیش، بڕینی مەرزەکانی زانستە مرۆییەکانە لەلایەن پسپۆڕانی کایە زانستییەکانی دییەوە. بۆ نموونە، ئەو دەمەی زانایانی بواری زانستە سروشتییەکان، خۆیان خزاندە نێو کایەی توێژینەوەی فەلسەفی و ئیشیان لەسەر هەمان بابەت و چەمک کرد، کە هی ئەم کایە بوون، پسپۆڕانی بوارەکەیان ناچار بەوە کردووە، لە لێکۆڵینەوە سروشتییەکان دوور بکەونەوە. بڕوانە؛ ئەگەر چەمکی ‘سۆز’ لەلای ئەرستۆ بریتی بووە لە درککردنی خوازراو و ئاگایانە، بە هەر گۆڕانێک لە هەستکردنی فیزیکیی – جەستەییەوە، ئەوا لە ناوکۆیی زانستیی هاوچەرخدا، لای نیۆرۆلۆژیستێکی وەکAntonio Damasio، تەنیا حاڵەتێکە لە حاڵەتەکانی چالاکی مێشک.
لەدەستدانی پێگەیەی زانستە مرۆڤایەتییەکان، جیهانین. بەڵام شکستی لەناوبەر نین. بە پێچەوانەوە، وای لە تیۆریزەکارانی کردووە، هەر یەکەوە لە چوارچێوەی دیسپلینەکەی خۆیەوە، بەدوای ئاڕاستەی هزریی و مێتۆدی نوێ‌دا بن، بۆ خۆدۆزینەوە و خۆگونجان لەگەڵ ئێستادا؛ ئاوێتەکردنی دیسپلینەکان، لێکۆڵینەوەی کو‌لتووریی، مێژووی گڵۆباڵ…هتد، برەویان سەندووە. بەڵام لەدەرەوەی ئەم وەهمە پێشینیانەی قۆرخکردنی حەقیقەت. ئەمەش لەوێ بوژانەوەیەکی بەم کایە زانستییانە داوە. لێرە هێشتا هیچ لە گۆڕێ نییە.
بەگەڕانەوە بۆ زەمینەی کوردیی، تێبینی ئەوە دەکەین مێژووی مرۆڤی ئهكادێمی له‌و زه‌مینه‌یه‌دا، مێژووییه‌كی ساكاره و ئاڵۆزییه‌كی ئه‌وتۆی تێدا نابینرێ کە ئه‌سته‌م بێ بتوانین تێیبگه‌ین. ته‌مه‌نی ئه‌كادێمیا لای ئێمە زۆر كورته. له به‌شێكی زۆری ئه‌و ته‌مه‌نه كورته‌شدا، ئه‌كادێمیا هی خۆمان نه‌بووه، بەمانای بەرجەستەکاری گرفتەکانی فەزای کوردی لەنێو دەزگاکەدا. به‌ڵكو به‌شێك بووه لەتێگەیشتنە کلاسیکییەکەی ڕۆژئاوا بۆ مرۆڤی ئەکادێمی، بەتایبەت پسپۆڕانی زانستە مرۆڤایەتییەکان، وەک لەپێشدا ئاماژەمان بە هێندێک خەسڵەتی دا. ئەم تێگەیشتنە، له پرۆسێسی به ده‌زگاییكردنی ده‌وڵه‌تییانه‌ی خوێندن و فێربوون لەو سیستەمە دەوڵەتییانەی کوردیان تێدا بووە، جێگەی کراوەتەوە. ئەمەش پرۆسێسێكی ته‌واو سه‌نته‌رگیر و به عه‌قڵییه‌تێكی تژی بە ئامرازی كۆنتڕۆڵكردن. كاتێكیش له نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌وه، ئه‌و ده‌زگایانه خۆماڵی ده‌كرێن و ژماره‌یان زیاد ده‌كرێ – تاڕاده‌ی گواستنه‌وه‌ی له ده‌زگایه‌كی په‌یوه‌ست به شاره‌وه بۆ ده‌زگایه‌كی نزیك به گونده‌وه! – ئه‌سته‌م بووه به ئاسانی له‌و پاشخانه‌ی لەسەری دامەزرابوو ده‌ربازی ببێ؛ له‌و سه‌نته‌رگیریی و كۆنترۆڵكارییه ده‌ربچێ و بتوانێ ته‌ماهی له‌گه‌ڵ سیسته‌مه گڵۆباڵه‌كه‌دا بكات. بۆیه كه بمانه‌وێ ئه‌و ده‌زگایانه‌ی خۆمان بخوێنینه‌وه، هه‌رگیز ناتوانین، كه‌مترین به‌راورد له‌گه‌ڵ سیسته‌مه گڵۆباڵه‌كه‌دا ساز بكه‌ین، چونكه ده‌مێكه ئه‌و وێنه‌یه‌ی دەزگای ئەکادێمی ئێمه هه‌یه‌تی، له‌وێدا نه‌ماوه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر موكوڕ بین له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌م ده‌زگایانه، ئه‌وا ده‌شێ بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژوو، بۆ دهستپێكەکە: سه‌ره‌تاكانی ترادیسیۆنی ئهكادێمی، وه‌ك چۆن له سیسته‌می خوێندنی ئه‌وروپاییدا ده‌ركه‌وتووه. به‌تایبه‌ت له‌ماوەی درێژی سەدەکانی ناوەڕاست بە قۆناغبەندییە ژاک لۆگۆفییەکەیەوە، کە دەمی ڕێنیسانس تا دەستپێکی مۆدێرنەش لەخۆ دەگرێ. سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست؛ سه‌ده‌كانی زاڵبوونی مێنتاڵێتی باوەڕییانە و ناساندن و نواندنی كۆنترۆڵكاریی وه‌ك ئازادی و سەرخۆبوون.
٢
پاشخانی مێژوویی ده‌زگای ئهكادێمی – نه‌ریتی ئه‌وان و دۆگمای ئێمه
ئێمه ده‌زانین، كولتوورێكی مێژوویی كه‌ڵه‌كه‌بوو هه‌یه له كرده‌ی پێداگۆگیانه، توێژینه‌وه‌سازی و به ده‌زگاییكردنی پرۆسێسی مه‌عریفه‌دا. ڕه‌نگه گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ره‌تاكانی سیسته‌می زانكۆیی، له‌وه‌دا سوودمان پێ بگه‌یه‌نێ، كه ئه‌و سه‌ره‌تایه به ڕه‌گه‌زه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی بونیادی ئه‌و سیسته‌مه‌مان ئاشنا بكات. ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه چه‌شنێك له هاوشێوه‌یی له‌نێوان ئه‌و سه‌ره‌تا مێژووییه و سیسته‌مه زانكۆییه كوردییه‌كه‌دا ده‌بینرێ، كه هێشتا له‌نێو سه‌ره‌تای بووندا ده‌خولێته‌وه و نه‌یتوانییوه له نه‌ریته‌كانیدا، هاوئاستی سیسته‌مه زانكۆییه جیهانییه‌كه ببێته‌وه. ئه‌وه‌شمان له بیر نه‌چێ زۆر له ئیشكالییه‌ته‌كانی مرۆڤی ئه‌مرۆ، ریشه‌كه‌ی بۆ سه‌رده‌می ده‌ركه‌وتنی زانكۆ و گه‌ڵاڵه‌بوونی ناسنامه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه.
به هه‌رحاڵ، وه‌ك ده‌زانین، خه‌سڵه‌تی سه‌ره‌كی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست له ئه‌وروپا، له ڕووی خوێندن و فێركردندا، قۆرخكردنی ئه‌م كایانه بوو له‌لایه‌ن كڵێساوه. ده‌زگایه‌ك، وه‌ك ماكس ڤیبه‌ر ده‌مێكه گوتویه‌تی: جه‌سته‌یه‌كی كه‌هه‌نوتی بووە، سامانی ڕزگاركردنی مرۆڤی بۆ خۆی قۆرخ كردبوو. به ده‌سته‌واژه‌یه‌كی دی، توانیبووی ئه‌و باوه‌ڕه له زه‌ینی مرۆڤه‌كان بسه‌پێنێ، ئیدی ڕێكخستنی ژیان و كاروباره‌كانی ته‌نیا له‌توانای ئه‌ودایه. بۆیه هه‌ر ده‌زگایه‌كی فێركردن و به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه، ئەگەر هه‌بووە، ئەوا له‌و ژینگه‌یه‌ی بیركردنه‌وه‌دا دروست ده‌بوو. مه‌حاڵیش بووە بتوانێ له عه‌قڵییه‌تی ده‌زگا ئایینیه‌كه ڕزگاری ببێ (مینوا، ٢٠٠٥). ڕێك وه‌ك ئه‌و ڕوانگه‌یه‌ی له زه‌مینه‌ی ئێمه‌دا باوه و ده‌زگا به‌رهه‌م و موڵكی عه‌قڵییه‌تی زاڵی ده‌سه‌ڵاتێكه و له‌وه‌وه ئاراسته‌ی كاره‌كانی دیاری كراوه.
خۆ ئه‌و كات، سێ چه‌شنی ده‌زگای فێركردن هه‌بووه: قوتابخانه‌ی دێره‌كان، قوتابخانه‌ی شاره‌كان و زانكۆ. هه‌ریه‌ك له‌مانه له ناوكۆیهكی سۆسیۆلۆژی دیاریكراودا سه‌ریان هه‌ڵدابوو. ده‌ركه‌وتنی زانكۆ دوابه‌دوای ئه‌و شێوه ڕێنیسانسه‌وه بوو، كه ئه‌وروپای سه‌ده‌ی دوانزه به‌خۆیه‌وه بینی؛ كۆمه‌ڵێك نه‌گۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری جوڵان، كه واده‌هاتنه به‌رچاو له‌سه‌رووی هه‌ر گۆڕانێكه‌وه بن: شكانی شكۆی فیود‌اڵیزم له هه‌مبه‌ر به سیسته‌مه پادشاییه گه‌نجه‌كان، له‌دایكبوونی شار، كۆچكردنی ژماره‌یه‌كی زۆری نه‌داری گوند بۆ شار، شه‌ڕی خاچیی، كرانه‌وه به‌سه‌ر زانست و زانینی ئیسلامی و سه‌ره‌تاكانی ده‌ركه‌وتنه‌وه و ئاشنابوونه‌وه به مه‌عریفه‌ی سه‌رده‌مانی كلاسیك (فه‌لسه‌فه، ئه‌ندازه، یاسای ڕۆمانی، ماتماتیك…هتد). هه‌موو ئه‌مه شۆكێك بوو بۆ ده‌زگاکە؛ کڵێسا‌ی قۆرخكاری به‌رهه‌مهێنی مه‌عریفه. قوتابخانه ئایینییه‌كان، نه‌یانده‌توانی كایه زانستییە نوێییه‌كان له‌خۆ بگرن، ته‌نانه‌ت ستراتیژییه‌تی كاری ئه‌وان له‌بری داهێنان، چۆنییه‌تی ڕه‌تكردنه‌وه و پوچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی هه‌ر زانستێكی ناخوداییانه بووە. زانستگەلێک ده‌شێ له كۆنتێكستێكی ژیارییانه‌ی جیاوازدا ده‌ركه‌وتبێ. لێره‌وه دەگوترێ، كڵێسا وای به باش زانیوە ده‌زگای دی زانستی بكاته‌وه، كه زانكۆ بوو. نەک بۆ فراوانکردنی سنوورەکانی زانین، بەڵکو بە مەبەستی داخستنی ئەم سنوورانە و تۆکمەکردنیان لەبەردەم هەر پێشڤەچوونێکی زانستییانە. واتا به مه‌به‌ستی كۆنترۆڵكردنی زانسته‌كان و بره‌وپێدانی ئه‌م ستراتیژییه‌ته. كڵێسا ده‌یویست زانكۆ چوارچێوه‌یه‌كی تۆكمه بێ بۆ كۆنتڕۆڵكاری. ئیتر زۆرترین ئیمتیازی به نزیكه‌ی ئه‌و هه‌شتا زانكۆیه داوه، كه له‌و قۆناغه‌دا، له به‌شی زۆری ئه‌وروپادا دامه‌زرابوون (Haskins, 1957).
ڕه‌نگه ئه‌و پرسیاره بكرێ، ئاخۆ ده‌بێ له فه‌زایه‌كی ئاوادا مرۆڤه‌كانی نێو زانكۆ، ستافی ئهكادێمی، چه‌نده ئازاد بووبن له كردار و بیركردنه‌وه و دواجار به‌رهه‌مهێنانی زانستیدا؟ چه‌نده توانیویانه ئاڕاسته بگۆڕن و كاراییه‌ك بنوێنن له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر میکانیکایەکی پێداگۆگی باودا بووبێ؟ كێشه‌ی هه‌ره بنه‌ڕه‌تی خوێندن، له زانكۆی ئاوا كۆنتڕۆڵكراودا، له‌وه‌دا بوو كه قه‌ناعه‌تێكی گشتی هه‌بوو، زانسته‌كان چه‌سپاون و گه‌یشتونه‌ته خاڵی كۆتایی. ئه‌سته‌مه مرۆڤه‌كان، چه‌نده تێگه‌یشتوو بن، بتوانن سنووره‌كانیان ببه‌زێنین، ئەمەش لەوەوە دەهات کەوا هیچ باوه‌ڕێك به پێشكه‌وتنی زانستی، جیا لەوەی تیۆلۆژیا دیاری کردبوو، نه‌بوو. باوەڕی هەرە باڵا ئەوەبوو ئەقڵ دەبێ لە خزمەتی حەقیقەتی ئایینیەوە بێ. بۆیە ئیشی مامۆستا و فێرخوازیش جه‌ختكردنه‌وه بوو له‌سه‌ر ئەم حه‌قیقه‌تە ڕه‌ها پیرۆزکراوە. حه‌قیقه‌تێكی زانراو، كه ئه‌وه‌نده ده‌گوتراوه و دووباره كرابۆوه، ببووه به‌شێك له سیسته‌می باوه‌ڕداریی. هه‌ر هه‌وڵێك بۆ ده‌ستكاری یان تێپه‌ڕاندنی كوفر و له ڕێ لادان بوو.
بەگوێرەی ئەم حەکایەتە بێ؛ له فه‌زایه‌كی ئاوادا، بابه‌تی بیرلێنه‌كراوه زۆر زیاتر ده‌بێ له بیرلێكراو. ئیدی ئاسایی بوو مرۆڤه‌كانی ئه‌وێ، تواناكانی خۆیان لەمانەدا چڕ بکەنەوە: سه‌لماندنی گوتراوه‌كان، شرۆڤه‌كردنی، جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر گوتراو، ستایشكردنی به‌رده‌وامی پێشین، به‌تایبه‌ت له بواری تیۆلۆجیا و میتافیزیكەوە. خۆ كه‌می سه‌رچاوه زانستییه‌كانیش یانیش یاساخبوونی بەشێکی ئەوانەی هەبوون، وێنایه‌كی بۆ مامۆستا دروستكردبوو، تا ئێستا له یادەوەری کولتوورییانەی ئێمه‌دا ماوەتەوە و لە ئاڕاستەکردنی پەیوەندی نێوان مامۆستا و فێرخوازەوە، زوو زوو دەردەکەوێ. ئه‌ویش بریتییە لەوەی حه‌قیقه‌ت ته‌نیا لای ئەوی مامۆستایه و هەر ئەوە هه‌ڵگری گوتارەکان و تاكه سه‌رچاوه‌یه بۆ هه‌ر شتێك کە فێرخواز بیه‌وێ فێری ببێ. چاودێری هه‌ر زانستێكی تر ده‌كرا كه‌سێك بیویستایه له ده‌ره‌وه‌ی زانكۆوه شتێكی لێ بزانێ. نه‌ك هه‌ر ئه‌مه، ته‌نانه‌ت چاودێری جوڵه و بزاوتی جه‌سته‌ش ده‌كرا و ده‌بوا ڕێك له سنووره كۆنترۆڵكراوهكهدا بمێنێته‌وه و به موو لێی ده‌رنه‌چێ. یه‌كێك له پیاوه ئایینیه‌كانی ئه‌وكات، كاتێك دێته سه‌ر باسی چاكه‌كانی زانكۆ ده‌ڵێ: “زانكۆ ژیانی مرۆڤه‌كان له‌و فه‌وزایه‌ی تێیدایه بۆ جۆرێك له دیسپلین و چه‌شنێك له گوێڕایه‌ڵێ ده‌گوازێته‌وه. زانكۆ وا له تاكه‌كان ده‌كات پابەند بن”(Haskins, 1957). له‌وێدا ئه‌وه ده‌گوترا، كه سه‌ره‌تای هه‌موو حیكمه‌تێك گوێڕایه‌ڵییه بۆ كڵێسا و ئەو مامۆستایانەی فەلسەفە پێداگۆژییەکەی پەیڕەو دەکەن. هه‌رچی بابه‌ته‌كانی خوێندن و بیركردنه‌وه‌ن، ئه‌وه حیكمه‌تی پله دوون.
لێره‌وه ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر كارەکتەری هه‌ره دیاری نێو ده‌زگای ئه‌كادیمی؛ مامۆستاكان. ئه‌وانه‌ی سه‌رپه‌رشتی ده‌زگاكه ده‌كه‌ن. ئەوانەی زانستكارن. هه‌ر له ده‌سپێكه‌وه، ده‌زگای كڵێسایی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كردۆته‌وه، ده‌بێ پیاوه‌كانی ئه‌و له زانكۆدا مامۆستا بن. ئه‌وانه باڵاترین پله‌ی ئایینیان له‌نێو كڵێسادا هه‌بووه؛ تۆمای ئه‌كوینی و ئه‌لبێرتی مه‌زن و سانت بۆناڤنتۆرا، له‌وانه بوون (مینوا، ٢٠٠٥). ئه‌وكاته سه‌رده‌می زێڕینی باڵاده‌ستی و هه‌ژموونی مامۆستا بووە، به‌سه‌ر زانكۆوه. زانكۆ كۆمه‌ڵگەی مامۆستایان بوو و فێرخواز میوانێكی نه‌ویستراو و نەخوازراو بووه؛ یان له باشترین حاڵه‌تدا شاگردێك بووه بۆ هاوكاری و پاڵپشتیكردنی مامۆستاكانی. كاری مامۆستاش، تا ئه‌وكاته‌ی حه‌قیقه‌ت ڕه‌هایه، شرۆڤه‌كردن بووه. گه‌وره‌ترین و ناودارترین مامۆستای نێو دەزگای ئەکادێمی، گه‌وره شرۆڤه‌كاره‌كان بوون.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئیشكردن له‌سه‌ر فیكر، ڕێگه‌ی به‌وه داوه كه‌سانێك ده‌ربكه‌ون، له‌ده‌ره‌وه‌ی نەریتە باوه‌كان بن. ته‌نانه‌ت كڵێساش نه‌توانێ كۆنتڕۆڵیان بكات. ئه‌وان له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی كڵێسا بیریان كردۆته‌وه و پێیان وابووه مه‌عریفه له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو چه‌شنه قۆرخكردنێكه. ڕه‌نگه به‌ناوبانگترین كه‌سێكیش پیێر ئه‌بیلاری دامه‌زرێنه‌ری زانكۆی پاریس بێ. ئه‌و توانی فێرخواز له خۆی كۆبكاته‌وه، نه‌ك بیانكاته مێگه‌لێكی گوێڕایه‌ڵی كلێسا. ڕوانگه گومانكارییانهكهی، ته‌نانه‌ت له هه‌ندێ مه‌سه‌له‌ی تیۆلۆجییانه‌شدا، به‌و ئاڕاسته‌یه‌ی برد، كه پێی وابێ ده‌بێ عه‌قڵ له پێش باوه‌ڕهێنانه‌وه بێ. میتۆدی وانه‌گوتنه‌وه و گه‌یاندنی مه‌عریفه‌ی له تهلقینكارییهوه گۆڕی بۆ پرسیار. دواجار ئه‌بیلار له ناوچوو و ڕێبازی وانه‌وتنه‌وه‌ی كلێسایی به ڕه‌وا زانرا.
هه‌ر ئه‌مه وایكردووه، كه جۆره چه‌قبه‌ستنێك به ته‌واوی هزری ئه‌وكاته‌وه دیار بێ. باشترین مامۆستاكان، ئه‌وانه بن كه زۆرترین پابه‌ندییان به سنووره داڕێژراوه‌كان هه‌بووه. ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌ك بووه، بڕێك له كه‌سانی ئه‌وكاتیش دركیان پێ كردووه. جۆنی سالسبری دوانزه ساڵ پاریسی جێهێشت. كه گه‌ڕایه‌وه، بینی هه‌مان ئه‌و گفتوگۆ و مشتومڕه زانستییانه له ئارادابوون، كه به‌ر له سه‌فه‌ركردنی هه‌بوون.
ئه‌و مێژووه له زۆر له جومگه‌كانیدا، بۆ هه‌ر كه‌سێك ئه‌زموونێكی له‌نێو ده‌زگای ئه‌كادیمی خۆماندا هه‌بێ، نامۆ نییه و واتێده‌گات باس له ئێستای ئه‌و ده‌كه‌ی له سه‌رووی زه‌مه‌نه‌وه. ڕه‌نگه بۆ كارایه‌كی ئه‌كادیمی ئه‌وروپایی خۆدۆزینه‌وه‌ی له‌نێو ئه‌م ئه‌زموونه مێژووییه ئه‌سته‌م بێ، تا بتوانێ ستراتیژییه‌تی ئیشكردنی نه‌بینراوی زانكۆ له‌سه‌ر داڕشتنی هزری خۆی ببینێته‌وه. به‌ڵام بۆ ئێمه‌مانان بینینه‌وه‌ی ئه‌م چه‌شنه كاره زۆر سانایه و كاتێكی زۆر ناخوازێ تا دركی پێ ده‌كه‌ین. هه‌مان كۆنتڕۆڵكاریی، كۆمه‌ڵێك سنووری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ڕوانین و ئاراسته‌كردنی بیركردنه‌وه، پیرۆزكردنی ده‌قه سواوه‌كان، خۆپیرۆزكردنی مامۆستا، به میكانیك بوونی پرۆسێسی دروستكردنی مرۆڤی ئهكادێمی و پرۆفێشناڵ و…هتد.
٣
مرۆڤى ئەکادێمی و تەماهيكردن لەگەڵ وێناى ڕۆشنبير
بۆ ئەوەى بزانين بۆچى لە زەمينەى ئێمەدا مرۆڤى ئەکادێمی هه‌مان ئه‌و خه‌سڵه‌ته مێژووكردانهی پاراستووه، له‌وه‌ش گرنگتر بۆ له‌به‌رده‌م ئێستای به بابه‌تبوونماندا بە نەبينراوى دەمێنێتەوە. پێموايە وا پێويست دەكات لە سۆسيۆلۆژياى ڕۆشنبيرى كورد و لەو شێوە گوتارە بگەين، كە لە پانتاييە مرۆيى – ميدياييەكەدا بەرهەمى هێناوە و وەك تاكە مۆدێلى باو و ويستراو سەپاندويەتى.
گوتارى باوى ڕۆشنبيریی ئێمە له‌وه تێگەيشتووە، ئەو فۆرمەى بيركردنەوە كە ڕووكەشييە و بڕياردانى تێدايە (بەتايبەت بڕيارى پێشينە)، كاريگەرى زۆر زياترە لە هه‌ر بيركردنەوەيەكى پەتى و سیستەماتیک و مێتۆدييانە، كه بابەتی قسه له‌سه‌ركراو بە كراوەيى بەجێدەهێڵن.
گوتارى باوى ڕۆشنبيریی ئێمە له‌وه تێگەيشتووە، ئەو فۆرمەى بيركردنەوە كە ڕووكەشييە و بڕياردانى تێدايە (بەتايبەت بڕيارى پێشينە)، كاريگەرى زۆر زياترە لە هه‌ر بيركردنەوەيەكى پەتى و سیستەماتیک و مێتۆدييانە، كه بابەتی قسه له‌سه‌ركراو بە كراوەيى بەجێدەهێڵن. ڕۆشنبيرانى سەر بەم گوتارە – لەگەڵيشياندا مرۆڤە ئەكادێمييە بێ ناسنامە زانستييەكان – لەو باوەڕەدان بيركردنەوەى ڕووكەشى و بڕياردەر، ڕێگەى ئه‌وه‌ی پێدەدا لە ناوەندى كۆمەڵايەتى و لە تێگەيشتنى كارپێكراوى نێو كايەى سياسيیدا (بێ جياوازى نێوان بكەرەكانى ئەم كايەيە)، وەك دەستەبژێرى باوى ڕۆشنبير خۆى بنوێنێ. چونكە ئەو پەرچەكردارەى لە “بڕياردان”دا دێتە ئارا، هاوشێوەى ئەوەيان دەبێ كە لە زەمينەى كۆمەڵايەتى ناجێگير و خودان ناسنامەى ناڕوونى سياسى بوونى هەيە.
بۆ سەپاندنى فۆرمە پەيڕەوكراوەكەى بيركردنەوە “ڕۆشنبير – ئەکادێمی” بەردەوام گشتگيرانە دەدوێ؛ بۆ نموونە دياردە لۆكاڵييەكان لە دوتوێى چەمك و دەستەواژەى گشتييەوە بخوێنێتەوە ( تەماشای سەرەدەرییەکانی بکە لەگەڵ ديموكراتيزەكردن، گەندەڵى، نەيار، دەسەڵات، هەرێم، حزبى كوردى، ئۆپۆزسيۆن، ئافرەت، ئایين، ستەمكارى و…هتد). بەمەش ئەم تەرزەى ڕۆشنبير، لەڕووى سۆسيۆلۆژيەوە، ناسنامەيەكى گرۆییانە دروست ناكات، ئەوەندە لەگەڵ هەنوکەی “بەردەنگ”ى گوتارەكەیدا خۆى دەگونجێنێ و به گوێی ده‌كات. به‌ده‌سته‌واژه‌یه‌كی تر تەماهى لەگەڵ ئەو تێگەيشتنەدا دەكات، كە لە ئاستە كۆمەڵايەتیيەكەدا بوونى هەيە. ئەوە نەبێ، ئەو لەڕێگاى گەمەى زمانەوانى و شارەزابوون لە بە سيستەماتيك نيشاندانى بۆچوونەكان – بێگومان لەمەشدا گشتگيربوون هاوكارى زۆرى دەكات – ئەم دياردانە لەنێو گوتارەكەى خۆي‌دا بەرهەمدەهێنێتەوە و بە ئاسانى سنوورى قەبوڵكردنى بڕيارەكانى لەبارەيانەوە فراوان دەكات.
مرۆڤى ئەكادێمى ئێمه، بە پشت بەستن بە گشتگيركردنەوەی دياردەكان دەخوێنێتەوە و خۆى دوورخستۆتەوە لەوەى ميتۆدييانە لێيان بدوێ و ئامانجى ئەوە نەبووە تيۆريزەيان بكات. چونكە بەمە ستانداردە ئەكاديمييە کلاسیکییەکان، کە کەسێتییە زانستییەکەی لەسەر بونیادنراوە، تێدەپەڕێنێ؛ (ميتۆدگەرايى، دياريكردنى تێز و ئەنتى تێز، گرفت و چارەسەر و ئەنجامگيرى و…هتد). ڕێك ئەمەيە كارى ئەو و لەنێویدا میکانیکییانە کوڵاوە، با بەرهەمی ئەم کوڵینەش، کەمترین جێکەوتی هەبێ. كاتێكیش ئەنجامى نادات، ئيدى گوتارى ئەو لەمەڕ كێشە هەنوكەييەكان ئاوا دەردەكەوێ، كە لە ڕاگەياندنەكاندا دەيبينين: “بەكاردەبردرێ” و نازناوى شارەزا و پسپۆڕ دەخرێتە پاڵ ناوەكەى. بەمەش لە تێگەيشتنى باودا مەرج نابێ ئەم مرۆڤە وەك توێژەرى زانستى بناسێنرێ، تەنانەت زۆر گرنگيش نابێ ئەوەى دەيڵێ پشت بە ريفرێنس ببەستێ و ستاتیک و شيكارى وردى داتاكان و دۆكيومێنتەكان و شرۆڤەكردنيان بێ. لەسەرووى هەموو ئەمانەشەوە مەرج نييە بيركەرەوە بێ، تەنيا مەرجى قسەكەريى گرنگە؛ ئەو شتانە بڵێت، كە باون و زانراون. ئەمە گوتارێکە گفتوگۆى عاميی– ميديياييانە، چۆنيیەتى گەڵاڵەبوون ئاراستەكانى دياريكردووە. ئەو وێنەيەك دەبێ بۆ چوارچێوەيەكى دياريكراو؛ مرۆڤێكە لە ناوەڕۆك ميديایى و بە بەرگ ئەكاديمیست، نووسەرى ڕۆژنامە، ستون نووس و …هتد. تا واى لێهاتووە – لە فەزاى گشتيدا – بەدەگمەن گوێگر و خوێنەرى ئەم تەرزە مرۆڤە ده‌زانن پسپۆڕيی دروستیان لە چ بوارێكدا هەيە و كەمتريش كەسانێك دەبينى كارى ” زانستى – ئەکادێمی” ئەوانى خوێندبێتەوە.
كاتێك مرۆڤى ئەکادێمی بەو وێنەيە ڕ‌ازى دەبێ كە بۆى دەكێشرێ، ڕاستەوخۆ دەست لە ناسنامەى هەڵدەگرێ و ئەو ناسنامەيە قەبوڵ دەكات كە لە پانتايى ئێمەدا بۆ “مرۆڤى ڕۆشنبير” چێ كراوە. بەڵام لەوێدا ناتوانێ ڕووبەڕووى ڕۆشنبير ببێتەوە؛ كە ئەو خۆى ئەو فەزايەى بيركردنەوە و خستنەڕووى بابەتى داڕشتووە و چەمك و دەستەواژەكانى – لە پەيوەندييەكى ديار و ناديار بە دەسەڵاتەوە – داهێناوە و بە جۆرێك كۆنترۆڵى كردوون، كە بە سانايى دەتوانێ هەر گەمەيەكيان پێ بكات خۆى و پەيوەندييەكە دەيخوازێ. بۆيە مرۆڤى ئەکادێمی ناسنامەيەكى شێواوى دەبێ و ناتوانێ بەقەد “مرۆڤى رۆشنبير” بەردەواميى بە كارايى خۆى بدات و کارەکتەر بێت. تەنيا ئەو كاتە نەبێ، كە تا بۆى بكرێ، خۆى لە ئەكادێميبوون دادەماڵێ و هەمان سيستەمى داڕشتن و گوزارە بەكاردەهێنێ و خۆى وەك مۆدێلى باوى رۆشنبير، پێ قەبوڵ دەبێ.
مرۆڤى ئەکادێمی ئاوا دەكات، بۆ ئەوەى لەنێو فەزاى كورديدا وەك مرۆڤى كارا ببينرێ. ئاوا، نەك هەر گشتگيرانە دەدوێ، بەڵكو خۆشى گشتگير دەكاتەوە و ڕێگە بە هەموو كەسێك دەدات – بەبێ هيچ پێوەرێك و ئەتەكێتێكى ئەکادێمی و زانستى – بير لە ئەكادێميی بوون بكەنەوە؛ وەك پايەيەكى كۆمەڵايەتى، وەك فۆرمێكى دەسەڵاتدارێتى، وەك مۆدێلێكى ويستراوى كۆمەڵگەى سياسى. ئيدى بكەرەكانى نێو ئەم كۆمەڵگەيە، تەواوى ئەندامانى حزبەكان، دەخوازن بەرگى ئەم جۆرەى مرۆڤ بپۆشن (بڕوانە ڕێژەى ئەو كەسايەتيیە سياسيیانەى لە دواى ڕاپەڕين تا ئێستا هاتنە نێو دەزگا ئەكادێمييەكان و بوونەتە هەڵگرى بڕوانامەى باڵا). مرۆڤە ئەكادێمييە ناسياسييەكانيش، بە ئاسانى دەتوانن لە بازاڕى كارى سياسيدا، پلەوپايەى باڵايان دەست بكەوێ (تەماشاى هەڵگرانى بڕوانامەى ئەکادێمی باڵا، لەنێو تەواوى ليستە پەرلەمانييەكانى ئەم چەند خولەى دوايى پەرلەمانى هەرێمى كوردستان بكە). لەو پرۆسەيەشدا، مرۆڤى ئەکادێمی وەك توێژەرێك پێويست نيیە و توانا زانستييەكانى هيچ دەرناكەوێ. ئەم توانایانە نه بۆ خۆی و نه بۆ بهكاربهرهكهشی بابه‌ت نین. بەڵكو وەك يەكەيەكى خۆنواندنى ڕەوتە سياسييەكان دەمێنێتەوە، نەک هيچى دی. ژمارەيەك، ناوێكى بێ ناوەڕۆك لە ليژنەى ئەوتۆ دادەنرێ و كارى ئەوتۆى پێ دەسپێرن، كە پەيوەندى بە پسپۆڕييە زانستييەكەى ئاسمان و رێسمانە ( بۆ نموونە – هيوادارم نموونەكەم دروست ئاوا نەبێ و کەسێکی ئاوامان نەبووبێ– پسپۆڕ بێ لە ئەدەبى کلاسیکی كوردى و بكرێتە ئەندامى لێژنەى چاودێرى يەكەكانى نيشتەجێ كردن، يان نەوت و غاز!!) .
٤
مرۆڤى ئەکادێمی له‌نێوان وتاردانی ڕۆشنبیرانه و توێژينەوەى زانستیدا
دەبێ چ شتێك بێ مرۆڤى ئەکادێمی لە مرۆڤێكى تر‌ى قسەكەر لەناو كۆمەڵگە جيابكاتەوە؟ چ شتێك، لەو كارا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی پێی ده‌گوترێ ڕۆشنبیر جيای دەكاتەوە؟ بەكورتى وەك كەسانى پسپۆڕیش گوتوويانە، جياوازى مرۆڤى ئەكادێمى لەگەڵ ئەوانيتر ئەوەيە: ئەوان سەرەدەرى لەگەڵ بزاوتى ڕووكەشييانەى بابه‌ت و دياردەكان دەكەن. ئەويش مێتۆدییانە– لەميانەى خوێندنەوەى بزاوتى بونيادە قووڵەكانەوە- دەخوازێ حەقيقەتى ئەم بابه‌ت و دياردانە بدۆزێتەوە و شرۆڤەيان بكات. ئەمە ئەو ڕووەى مرۆڤى ئەكادێمييە لەزەمينەى ئێمەدا کە تاڕادەيەكى زۆر نەبينراوە. توێژينەوەى زانستى وەک بەرهەمی پیشەی ئەم چەشنە مرۆڤە، نە ڕاپۆرتە و نە وتار و نە ستوونێكى ڕۆژنامە. هەڵوێست وەرگرتن یان پێداهەڵدانيش نييە. خۆ پەيوەنديشى بە گەورەكردن و بچووكردنەوە و بە شانوباڵ هەڵداگوتن و بێبەهاكردنيش نييە، وەک لەناو کۆی گوتاری ڕۆشنبیریی ئێمەدا باوە، تا ئاستێک هێندێکجار وا زەن دەکەم، ئەم چەمکە ئایدۆلۆژییانە، تەواوی گوتارەکە بەڕێوە دەبەن. لە هەمووشى گرنگتر، بەرهەمی مرۆڤی ئەکادێمی، زمانى خۆى هەيە و پشت ڕاستە بە بنەما ئێتیکییەکانی ڤەکۆڵین. توێژينەوەى زانستى، ئەگەر بخوازين لە سنووری پێناسەيەكى فەرهەنگييانەى بمێنینەوە، بريتييە لە لێكۆڵينەوە و ئەزموونكارى بۆ گەيشتن بە کۆمەڵێک فاکتەوە، يان پێداچوونەوە بەوەى بە حەقيقەت زانراوە بەمەبەستی فراوانكردنى تێگە و دەوڵەمەندكردنى خەزێنەى مەعريفی (تيۆرى و پراكتيكى) كۆمەڵگە لەبارەی بابەتی لێکۆڵراوەوە. دۆزينەوەى حەقيقەت! داهێنان و بيردۆزيى، تيۆريزەكردن، پێداچوونەوە بە تيۆر و ياسا و ڕێسا قەبوڵكراوەكان، بەپێى تێگەيشتنى نوێ و خوێندنەوەى ئەزموونى ئەم تيۆر و ياسايیانە لە بوارى كردەكيى و دياريكردنى خەوش و كەموكوڕييەكانى. كەواتە چالاكييەكى زانستى سیستەماتیکە، شێوازێكى بيركردنەوە و گەڕانى ورد و بەرنامە بۆ داڕێژراوە. ئەمە پێناسەيەكى تابڵێی سادەى توێژينەوەى بەرهەمهاتووە لەسەر دەستی مرۆڤی ئەکادێمی. نامەوێ بچمە نێو ئەو بوارانەى دی پەيوەست بەم مەسەلەيە، وەك پێگەى عەقڵ له توێژينەوە و مەبەست لە ميتۆدى بابەتگەرايى و شێوازى زانستى خستنەڕووى بابەت و چییەتی چەمكى حەقيقەت و…هتد. چونكە لە بابەتى بنەڕەتيمان دوور دەخاتەوە كە بريتييە لە بينينەوەى سۆسیۆلۆگییانەی ئەو ڕەهەندەى كارى مرۆڤى ئەكادێمى ئێمە، كە توێژينەوەيە.
ئەم كايەيە، لاى ئێمە، سێ بەربەستى لەبەردەمە، يەكێكيان قەوارەی دەزگاى ئەكادێمى خۆی و تێگەيشتنییه‌تی بۆ ڤەکۆڵین. ئەوەيتر: تواناى مرۆڤى ئەکادێمی ئێمە بۆ توێژينەوە و ئاستى ئێپستمۆلۆژییانەی کارەکەی. سێيەميش قەيرانى بەهاكانه لەم توێژينەوەسازيیەدا.
ئەم كايەيە، لاى ئێمە، سێ بەربەستى لەبەردەمە، يەكێكيان قەوارەی دەزگاى ئەكادێمى خۆی و تێگەيشتنییه‌تی بۆ ڤەکۆڵین. ئەوەيتر: تواناى مرۆڤى ئەکادێمی ئێمە بۆ توێژينەوە و ئاستى ئێپستمۆلۆژییانەی کارەکەی. سێيەميش قەيرانى بەهاكانه لەم توێژينەوەسازيیەدا.
پێشتر، له شوێنێكی دی، هەر لە ژنەفتن، ئه‌و بۆچوونه‌مان دەربڕیوە، كه دەزگاى ئەکادێمی ئێمه هەر لەدەستپێكییەوە، توێژەری خستۆتە ژێر باری سيستەمى پەيوەندييەكانى خۆيەوە (توێژەر و دەزگا، توێژەر و وانەبێژى پسپۆڕ، توێژەر و سەرپەرشتيار، توێژەر و بنەما دۆگماكانى مێتۆدۆلۆژیای لێكۆڵينەوەى پەيڕەوكراو). ئەو پەيوەندييانەش لە سادەترين هەڵسەنگاندندا دەردەكەوێ، ڕێگە بە سەرهەڵدانى “تاكگەرایى ئەكادێمى” نادات. ئەگەر وا ئەو فۆرمەى تاكگەرايى بناسێنين، مەبەست لە دروستكردنى توێژەرى ئەكادێمی، کاری تیۆریی و بيركردنەوەى ڕەخنەگرانەيە لە چوارچێوەیەکی سیستەماتیکانەوە. ئەمە ئەوەیە مەودای ئەوە دەڕەخسێنێ ئەم توێژەرە، كەسێتى زانستى سەربەخۆى هەبێت. چاوەڕێى ئەوەى لێبكرێت، جياواز لە هاوپسپۆڕييەكانى لەو دیسپلینەی پسپۆڕييەتی بدوێ و تيمە و سەبژێکت و پرسيارەكانى دابڕێژێ. كەچى ئەوەى لەو دەزگايانەدا تێبينى دەكرێ، جەختكردنەوەيە لەسەر “هاوشێوەبوونى ئەكادێمى” توێژەران لە بوارە پسپۆڕييە هاوشێوەكاندا. بە تايبەتيش كە ميتۆدى پەيڕەوكراو، ئەم تێزە تۆکمە دەنوێنێ. تاوای لێدێت بەهاى زانستى توێژينەوەكان لەو هاوشێوەييە دابێ. چونكە پێوەرەكانى هەڵسەنگاندنى ئەو كارانە نەگۆڕن. عەقڵيەتى ئەكادێمى دەزگاییانە كۆنتڕۆڵى كردوون. بێگومان ئەم لێكچوونە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو باوەڕەى سيستەمە ئەكاديمييەكە هەیەتی. تێیدا بيركردنەوەى عەقڵی و ڕەخنەییانە، پرسى سەرەكى پەيوەندييەكانى توێژەر، بە دەوروبەرەكەى نييە. بەڵكوو پابەندبوون و پاراستنى چوارچێوەى پەيوەندييەكان پرسە بنەڕەتييەکەیە. ئيدى بيركردنەوە دەبێ گەواهيدەرى ئەو پابەندييە بێت، نەک پرۆسێسێکی سیستەماتیکانەی سەربەخۆ.
لە تێگەیشتنێکی ئاوا بۆ مرۆڤی ئەکادێمی ئێمەمانان و ئەو پێناسە کۆنکرێتییەی کارەکتەرەکەی، بەرهەمى ئەو –لەئاكامدا– جۆرێك لە كەڵەكەبوونى پێوە ديارە. بەڵام –تا ئەو ڕادەيەى ميتۆدى پەيڕەوكراو ڕێگە دەدا– زێتر بريتييە لە كەڵەكەبوونى زانيارى لەبارەى كايەی زانستيی ئەو دیسپلینە بەرتەسکەی بڕوانامەکەی لەبارەوە وەرگرتووە. چونكە ئەمجۆرە پەسەندكراوەى توێژينەوە، زێتر بريتييە لەپۆلێنكردن، وەسفکاریی و فۆرمبەندكردنى زانيارييەكان. هەر لەبەرئەوەيە زۆرجار لەپشت ئەو زانيارييە پۆلێنكراوەنەدا، كڕۆكى بابەت پەنهانە و قەوارەى سەربەخۆ وەرناگرێ و پرۆسەى ناسينى دياردەى لێكۆڵراوە لەدەرەوەى تواناى عەقڵى و ميتۆدييەكانى توێژەر دەبێ، با بە باشيش پابەندى “ڕێساكانى مێتۆدۆلۆژیای زانستى” بەو فۆرمە کلاسیکییەی تا ئێستا باوە، بووبێ. خۆ كاركردن لەسەر ئەو ناسينە بە ئەركى ئەو نەزانراوە و دەزگاى پەيوەنديدار داواى لێناكات بچێتە ئەم ئاستەوە. دەزگای ئەکادێمی ئێمە هەرگیز ئیش لەسەر پەروەردەکردنی ڕەهەنەدی تیۆریزەکاریی کارەکتەرەکانی خۆی ناکات و بەهەندی وەرنەگرتووە. هەر بۆيە توێژەرى هەرە باش و زانستیی ئەوەيانە كە پڕ لە زانيارييە، نەك توێژەرى ئافریدەکاری پرسیار و پەيڕەوكارى مێتۆدى سەربەخۆ، كە ڕوانگەى ئیپستمۆلۆژییانەی خۆى هەيە و ڕێگە بە خۆى دەدات بابەتى لێكۆڵراوە بناسێ و تيۆريزەى بكات. ئەم كەسانەى دوايى ئەگەر هەبن، زوو – لەلايەن دەزگاكەوە – کۆمەڵایەتییانە هەوڵى كۆنتڕۆڵكردنيان دەدرێ؛ يان بە لەڕێلادەر و دەرچوو لە “عورفى ئەکادێمی” تۆمەتبار دەكرێن، يانيش لەنێو ئەو تۆڕە ڕۆتينەى دەزگاكە پێيەوە پەيوەستە، ون دەکرێن. ئاساییشە ئەگەر هێندێکیان وەک شێت و نەخۆش وێنا بکرێن. ئيدى توێژەرى تەندروست ئەوەيانە كە بە پابەندييەكەى خۆيەوە، پلەكانى توێژەرى دەبڕێ تا دەبێتە پسپۆڕى هەرە باڵای ئەكادێمى لەو كايە زانستييەی بە مردوویی لە فەزای ئێمەدا دێت و دەچێ.
له ئێستادا، ئه‌م چه‌شنه ده‌زگایه‌ی به‌رهه‌مهێن و به‌كاربه‌ری مرۆڤی ئه‌كادیمی ئێمه؛ به‌رهه‌مهێن بۆ ئه‌وانه‌ی لێره ده‌خوێنن و پسپۆڕی وه‌رده‌گرن و به‌كاربه‌ر بۆ ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه دێنه‌وه له كه‌مترین ماوه‌دا، ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ڕێنه‌وه، ماڵی ده‌كرێن، ده‌زگایه‌كی خۆكوژه. له‌وه‌ش مه‌ترسیدارتر ڕێگا به گوتاره باوه پڕ لە ئیگۆیە ڕۆشنبیرییەکە ده‌دات، به‌رده‌وام بێ له‌سه‌ر ڕه‌وایه‌تی قۆرخكردنی قسه‌كردن له‌بارەی جیهانی ئێمه. ڕۆشنبیرییه‌ك، لەزۆربەی کاتدا، ئاستی ناسراوێتییهكهی سنووری شار و هه‌رێمێك بڕ ناكات و گوتارێكی پڕ له ئایدۆلۆژی به‌رهه‌مدێنێ. گوتارێک كه پێویستی به چه‌ندین ده‌زگای ئهكادێمی پرۆفێشناڵ و خودان ستانداردی باوه‌ڕپێكراوه، بتوانێ هه‌ڵیبوه‌شێنێته‌وه و چه‌مك و ده‌سته‌واژه مینڕێژكراوه‌كانی بته‌قێنێته‌وه. جارێكی دی تێگه‌ی باوی بەردەنگەکانی لە ئاستی تاک و کۆ (خزانی بۆ نێو سیستەمی خوێندن) دابڕێژێته‌وه. له ئێستادا، كێ ئه‌م كاره ده‌كات؟ هیچ كه‌سێک.
سەرچاوەکان:
Haskins, Charles Homer (1957)
– The Rise of Universities, Cornell University Press
Kagan, Jerome (2009)
- The Three Cultures – Natural Sciences, Social Sciences, and the Humanities in the 21st Century, Cmabbrudge University Press.
مینوا، جورج (٢٠٠٥)
– الكنیسة والعلم – تاریخ الصراع بين العقل الديني و العقل العلمي، ترجمة: موریس جلال، دمشق: المؤسسة العربية للتحديث الفكري.