پاسەوانی ستوون

لەنێو ملیۆنان نا، ملیاران نا، بلیۆنان نا، زیاتر… زیاتر… زیاتر… تا ژمارەیەکی بێکۆتا سفری زیاد، لە ئەگەری نەبوون هاتمە بوون. لە هەر جووتبوونێکدا ملیۆنان زیندەوەرۆچکەی نێو تۆواو دەکەونە پێشبڕکێ، تاكوو لە کۆتاییدا چەند دانەیەکیان دەگەنە مەنزڵ، تەنیا دانەیەکیش دەتوانێت پەردەی هێلکە کون بکات و خۆی بە ژوورێدا بکات. با گریمانەکان جارانییەک بکەین، لەنێو ئەو ملیۆنەی باوکمدا من دروست بووم، واتە چەند ملیۆنێک گریمانەی ئەوە هەبوو ئەو سپیرمە، کە سیفەتەکانی منی هەڵگرتبوو نەگاتە مەنزڵگە. باوکیشم بە هەمان شێوە دروست بوو، باپیریشم بە هەمان شێوە تا دەگەینەوە سەر مرۆڤە سەرەتاییەکان ئەو گریمانە ژمارەکان ملیۆن هێند دەکاتەوە. ڕێی تێدەچوو باوکم لەو شەوەدا سپیرمەکەی لە کۆندۆمێک کردبا، یان بیڕژاندبا شوێنێکی دیکە جگە لە پزدانی دایکم، باپیریشم هەروەتر، منیش هەروەها دەکرا ئەو شەوەی ئەو منداڵەم دروست کرد، کە ئێستا بۆی ڕاڕابوومە و خەمی هاتنەبوونی دەخۆم، لە شوێنێکی دیکە بوومایە و دروست نەبووایە، یان سپیرمەکان توانایان نەبووایە بگەنە مەنزڵ. سەرەتا ئەو هەموو گریمانەیەم بۆ ناوازەیی هاتنەبوونم لێکدەدایەوە و دەمکردە بەڵگە بۆی، بەڵام ئێستا کاتێک دەکەومە نێو دونیای ژمارەکان هەست بە بچووکی خۆم دەکەم. ئەو ڕووداوە بە تەواوی دیدی منی گۆڕی. هەروەکوو چۆن لەنێو ملیاران نا، بگرە نزیک لە بێکۆتایی ئەگەری نەهاتنەبوون هاتینەبوون، ئاواش لەنێو ملیاران هەسارەی نەشیاو بۆ ژیان کەوتینە نێو هەسارەیەکی وەک زەوییەوە، دەکرا لەنێو ئەو ملیارە لێرە نەبووینایە، چۆن ئەمە ڕوویدا؟ هەروەکوو لەنێو ملیاران مرۆڤدا من ئەمەی ئێستام، لەنێو ملیۆنان چرکەدا لەم چرکەیەدام، لە ملیاران شوێندا لەم جوغزە شەپڕێوەی نێو ماڵێکی ساردوسڕدا، گریانی جارجاری منداڵێکی وه‌همی دڵم دەکات بە ئاو، منداڵێک کە ئەویش لەنێو ملیارەها ئەگەردا لە شوێن و کات و جۆریەتی و چەندییەتی بەو شێوەیەی ئێستا له‌ ڕێیه‌. ڕۆژی ڕووداوەکە من وەک ژمارەیەکی لەبیرکراو دەبووایە له‌بەردەمی ستوونی كاره‌بایی ژمارە ١٩٩٠ بووەستم و چاوکراوەبم. لە خەڵکی وابوو ئەو ڕۆژە ڕۆژێکی میژووییە، ڕۆژی بڕیاردانی میللـــــەتێک لە چارەنووسی خۆی، بەڵام دڵی من لەسەر ئاگربوو، دەکوڵا.

لەمنداڵییەوە خوویەکی سەیرم هەیە. لە یەکەوە تا دەمان خوێندبوو، کاتێک بە پێیان بە قوڕوچلپاوەکەی لای ماڵماندا لە گەڕەکی باداوەوه‌ بەرەو قۆتابخانە  دەڕۆیشتم، هەنگاوەکانی خۆمم دەژمارد تا دەگەیشتمە (دە) سەر لەنوێ دەستم پێ دەکردەوە، دە دە لەلاییەک ڕیزم دەکرد; یەک(دە) دوو(دە) سێ(دە)، دە(دەییم) دەژمارد و لەنێو گیرفانم پەنجەیەکی دەستم دەنووشتاندەوە، تا دەگەیشتمە قوتابخانە هەر دە پەنجە تەواو دەبوو، دواتر نۆ پەنجەی دیکەم دەژمارد، دواتر نۆجار دەم دەژمارد، سەرم بڵیند دەکرد دەرگای قوتابخانەم لێ بەدەر دەکەوت، بە شەش هەنگاوی دیکە لە دەرگای قوتابخانە تێپەڕدەبووم. ئەو حیساباتەی ڕێیە زۆر ماندووی دەکردم، بەڵام نەمدەتوانی وازی لێ بێنم. چێژم لە ژمارەکان دەبینی هەرچەندە هەموو ڕۆژێ دەگەیشتمە هەمان ئەنجام. دایکوباوکم خوێندەوارییان نەبوو، ناچار بووم دوای تەواوبوونی وانەی بیرکاری بە غاردان خۆم بگەیەنمە مامۆستا، هەرچەندە شەرمیشم لێی دەکرد، بەڵام تامەزرۆییم بۆ ژمارەکان ناچاری ده‌کردم بەسەر شەرمەکەمدا زاڵبم،  خۆم دەگەیاندێ:

“مامۆستا، بێزەحمەت پرسیارێکم هەیە”

” فەرموو ڕۆڵە”

“ئەگەر دوو یەک لەتەنیشت یەک دانێین دەکاتە چەند؟”

“کوڕم بە یازدە دەخوێندرێتەوه‌”

ڕۆژێکی دیکە یەخەم پێی دەگرتەوە:

“مامۆستا، دوویەک و سێیەک لەتەنیشت یەک دانێین چەند دەکا؟” بۆیم دەنووسی

ئەویش خەندەیەکی دەکرد و وەڵامی دەدامەوە:

“بیست و سێ دەکا”

بەو جۆرە پێش هاوڕێکانم ژمارەکان بەتەوای فێربووم. ئەلفوبێی باڵدار بۆ من ئەلف و بێ نەبوو، بەڵکو وەک کتێبی ژمارەکانی لێ هاتبوو، سەرەتا وشەکانی پەڕەکەم دەژمارد، دواتر کاتێک فێری ژمارە گەورەکان بووم، پیتەکانیم دەژمارد و دەمزانی دۆی دادە لە چەند پیت پێکهاتووە و دەکەوێتە لاپەڕە چەند، مێوژی نایاب هەروەتر…

کاتێک کەسێک قسەی بۆ دەکردم،. بەبێ ویستی خۆم ژمارەی وشەکانیم دەژمارد…

ئەوکات شەڕی ناوخۆ سەرتاپای وڵاتی کاولکردبوو، شەوان لە گەرمان لەسەربان دەنووستین، من تا خەو دەیبردمەوە ئەستێرە و ده‌نگی گووللـــه‌ و ئەو مێشوولانەم دەژمارد، کە پێیانەوە دەدام و لەشمیان بە خوروو

دەهینا. دایکم دڵی ئەوانەمانی دەدایەوە کە مێشوولە زیاتر پێوەی دابوون، دەیگوت:

“ئەوە خوێنتان شیرینە بۆیە مێشوولە پێتانەوە دەدا”

هەرچەندە ئەو قسەیەی هیچ چێژێکی پێنەدەبەخشیم، بەڵام وەک خوشک و براکانی دیکەم دڵی خۆم بەوە دەدایەوە، بەڵام زیاتر ژمارەی پیتەکانی قسەکەی بۆم گرنگ بوو لەوەی خوێنم شیرنتر بێت…

پۆلی یەکم تەواوكرد. هەولێر لەلایەن حیزبەکەی دیکەوە گیرایەوە، ئێمە بە ترس و لەرزەوە خۆمان لە ژوورەوه‌ دەخنی و هەڵدەلەرزین. مامێکم هیشتا ژنی نەهێنابوو لە ماڵمان دەژیا.  لەگەڵ ئەو حیزبەیان بوو، کە وەدەرنرابوون، مامیشم هەروا، بەڵام لەو ئاگربارانە نەیتوانی کتێبەکانی و وێنە و ئەرشیفی حیزبەکەی لەگەڵ خۆیدا ببات، بۆیە باوکم ناچار بوو هەموو کتیبەکان و بەڵگەنامەکان لەو حەوشەیەی پشتەوەی ماڵمان لەژیر گڵ بنێت و دایکیشم شەش جار بە دار ئاگر لەو شوێنە بکاتەوە و نانی لێ ببرژێنێت. من هەموو جارەکان ژمارەی ئەو کتێبانەم دەخەمڵاند، کە دووکەڵ دەیخنکاندن. کۆمەڵێک کتێبیش زۆر بە شارەزایی فرێدرابوونە نێو ئەو قامیشەڵانە چڕەی لەباخچه‌ی ته‌نیشتمان چاندبوو. ئەوەم کاتێک زانی، کە ئەو پێشمەرگانەی هاتبوون ماڵمان بپشکنن زۆر شارەزایانە تەنیا دوو شوێن لە ماڵەکەمان گەڕان، ئەویش هەمان ئەو دوو شوێنە بوون، کە بەڵگەنامە و کتێبەکانیان لێ شارابوونەوە. باوکم حیزبی نەبوو، بەڵام گرتیان و بە نیوەمردوویی ناردیانەوە… دایکم چەندینجار باسی لەوە کردووە، کە لە پیاوەتی خراوە، سەردانی پزیشکیان کردووە، گوتوویەتی هیچ کێشەی نییە تەنیا دڵیشکاوە و حاڵەتەکەی دەروونییە! دایکم دەیگوت دەبوو من ئەو تەلیسمەی بشکێنم و حەزی بۆ خۆم بجووڵێنم. ئەو باسی ئەو جارانەی دەکرد بە سەرنەکەوتوویی ئەو کارەیان ئەنجام دابوو. ئەو بۆ هاوڕێ ژنەکانی دەگیڕایەوە و تف و نەفرەتی بۆ حیزب دەنارد، منیش ژمارەی جارەکانم دەژمارد. ئەو ساڵە ترس باڵی بەسەر شارەکەماندا کێشا بوو. من منداڵبووم، بەڵام هەرگیز نەمویرا ئەو پێڵاوانە لە پێ بکەم، کە هەمان ڕەنگی ئاڵای ئەو حیزبەی هەبوو، هەرگیز دایکم نەبینی ئەو جلانە لەبەربکاتەوە، کە ڕەنگی ئاڵای حیزبی نەیاریان هەبوو، هەمووانی سووتاند. کۆمەڵێک وشە گۆڕان، دەبووایە ئەو وشانە بەکارنەهێنین، کە لە فەرهەنگی حیزبەکەی دیکەوە هاتبوون. ماڵەکان بوون بە دوو بەرەوە، کوڕ لە باوک هەڵگەڕایەوە، برا میلی کڵاشینکۆفەکەی لە برای هێنایەوە، وڵات بوو بە گۆڕەپانی بەربەرەکانێی براکان.

من دەنگی تەقە، هاوار و ناڵینەکانم دەژمارد. خەمڵاندنم بۆ کوژراو و بریندارەکان دەکرد، هەڵبەتە بۆ ئەو خەمڵاندنانەم پشتم بەو هەواڵانە دەبەست، کە لە ڕادیۆ دەخوێندرایەوە…

دوێنێ تەلەفۆنم بۆ هات، ئاگادار کرامەوە، بەهۆی ئەو وتارەی، کە قەرارە ئەمڕۆ سەرۆک لە یاریگای گەورەی شار بۆ خەڵکی بخوێنێتەوە لەئاماده‌باشیدا بین. گەورەکەم ئاگادارکردەوە، کە هاوکارم بێت و لێگەرێ لە ماڵەوە بمێنمەوە. هۆکارەکەم بۆی ڕوونکردەوە، لێی پاڕامەوە. ئەو لەجێی ئەوەی هاوکاریم بکات، خۆی لێم تووڕەکرد. سەرکۆنەی کردم، چۆن بیانوو بۆ بەشدارنەبوون لە پرسێکی ئاوا گرنگ دەهێنمەوە! بەئامادەنەبوونی من تەنیا ستوونی كاره‌بای ژمارە ١٩٩٠ لە کۆی ٢٠١٧ ستوون بێ پاسەوان دەمایەوە، ئەوەش نا بەڵکو دەیانتوانی کەسێک لەجێی من دانێن.

لە قۆناغی ئامادەیی بەهۆی خوێندنەوەی چەند کتێبێکەوە خەونی ئەوە لە مندا چووقەرەی کرد، کە ببمە یەکێک لە زانا بیرکارییەکانی جیهان، ئەویش کاتێک بوو، کە بەهۆی ڕێنماییەکانی ئەوانەوە بەهرەی خۆم دۆزیەوە. لە مێژبوو ئەو بەهرەیەم هەبوو، کاتێک مامۆستای بیرکاری پرسیارێکی وەک ئەرکی ماڵەوە دەداینێ، من هەموو جارێک بە ڕێیەکی جیاواز لەوەی مامۆستا شیکارم دەکرد و هەمان ئەنجامیش دەردەچوو، هەندێک مامۆستا لەگەڵئەوەشدا هیچ بەڵگەیەکیان نەبوو، کە ئەو ڕێیەی من هەڵەیە، بەڵام خۆیان لێم تووڕە دەکرد، تاکوتەرا هیچیان نەدەگوت، تەنیا بە شێوازێکی سەیر سەرنجیان لێم دەدا.

ئەوکات خەونی گەورەگەورەم دەبینی، بەڵام ئێستا منیش لە ژمارەیەک زیاتر هیچی دیکە نیم.

پێش ئەوەی لە ماڵ دەرچم، ژنەکەم ژان گرتبووی، دەستمی بەر نەدەدا، بەڵام بەناچاری لەماڵ هاتمە دەرێ. خوشکم و دایکم لەلای بوون.

بە خوولیایەکی زۆرەوە چوومە کۆلێژی زانست به‌شی بیۆكاری، بەڵام تا تەواوم کرد زۆربەی خوولیاکانم بەرەو پوکانەوە چوون… مامۆستاکان تەنیا ئەو ڕێگەیەیان پەسند دەکرد، کە ئەوان نووسیبوویان، منیان لەیەک ڕێگە بۆ شیکاری پرسیارەکان قەتیس کرد. سەرەتا چەندجارێک هەوڵمدا بەڕێگەی جیاواز پرسیارەکان شیکار بکەم، بەڵام لە تاقیکردنەوەکە دەرنەدەچووم. خۆم ئامادە دەکرد گفتووگۆ لەگەڵ مامۆستا بکەم و پێی بسەلمێنم ڕێی منیش دروستە، بەڵام هەر دوای ئەوەی یەک دوو قسە لە دەمم دەهاتەدەرەوە، مامۆستاکە هەڵدەچوو، بەسەرمدا هاواری دەکرد:

” تۆ من فێری بیرکاری دەکەی؟ من سەرم لە نێو ژمارەکاندا سپی کردووە”

چەندین سەرکوتکردنی لەمجۆرەم بەرگوێ دەکەوت و دەمکوتیان دەکردم. بەرەبەرە منیش لەبەرئەوەی لە تاقیکردنەوەکان دەرچم خۆم لەسەر ڕێگەی ئەوان ڕاهێنا، فێری ئەوە بووم ڕێگەکەی ئەوان ئەزبەر بکەم و شوێنپێیان هەڵگرم، ئەوەش وایکرد ڕۆژبەرۆژ توانا و خۆشەویستیم لەگەڵ ژمارەکاندا بپووکێنەوە… کۆلیژم تەواو کرد. لەگەڵ ئەو کچەدا هاوسەرگیریم کرد، کە لە کۆلیژ خۆشمویست. بەهۆی ئەوەی بڕوانامەکەم نەیتوانی کارێکم بۆ بدۆزێتەوە، بەناچاری دەستم دایە کرێکاری، ژیانێکی سەخت ژیام…

ئێستا لەوەتەی هاتوومە ئێرە: چرکە دەژمێرم، ئەو ماشێنانە دەژمێرم کە بەلامدا تێدەپەڕن، ترپەکانی دڵم دەژمیرم، سەرنجم دەچێتە سەر ماشێنێک بەخێرایی تێدەپەرێت و دەستی لەسەر هۆڕین داناوە، دڵم دادەخورپێ! ژان بە دڵمدا تێ دەپەڕێت. لەوەتای ئەو ئیشە نوێیەم هەیە، بووم بە ژمارەیەک و لەسەر ئەو شەقامە لەبەردەمی یەکێک لەستوونەکانی هێڵی كاره‌با خەریکی ژماردنی ماشێنەکان دەبم.

لە هاوکێشەی ئەو وڵاتەی، کە دوای چەند کاتژمێرێکی دیکە سەرۆک لەیاریگاکە لە وتارەکەیدا باسی دەکات، من ژمارەیەکی پەراوێزخراوم، وەک چۆن ئەو منداڵەی،  قەرارە ژنەکەم بیبێت لەوەیە هەمان چارەنووسی منی هەبێت و لەنێو ملیۆنان ملیۆن ببێتە ژمارەیەکی بێبایەخ و بە دیار ستوونێکەوە ببێتە پاسەوان و لە چاوەڕوانی قافڵەی ماشێنەکانی سەرۆکدا بووەستێت. ئەوەی من دەیڵێم گریمانەیەکە لە گریمانەی هاتنەبوونی نزیکترە لەوەی ڕووبدات، چونکە لە ماڵی سەرۆکەوە تا  دەرگای یارگاکە هەر ستوونێک و چارەنووسی ژمارەیەکی وەک منی پێوە بەستراوەتەوە. دڵم لە نەخۆشخانەی لەدایکبوونە، دڵم لەلای ئازارەکانی هاوژینە خۆشەویستەکەمە،  پێش ئەوەی بەجێی بهێڵم بە گریانەوە گوتی: “تخوا جێمان مەهێلە”

بەڵام دەبووایە لەنێوان بژێویم و ئەودا هەڵبژێرم، لەپێناوی ئەودا بژێویم هەڵبژارد و جێمهێشت…

ئاگام لەو وتارە حەماسییە ئاگراوییە نییە، کە لەوانەیە ئێستا سەرۆک بۆ ئاپۆڕای جەماوەری بەشەڕەفی بدا، بەڵکو دڵم لەناو مستمدایە و چاوەڕێی هەواڵێکم،  چاوەڕێم زەنگی مۆبایلەکەم لێ بدا…

دەستم دەلەرێتەوە، دڵم دادەخورپێ، دەستم لە گیرفانم دەردێنم و تەماشای شاشەکەی دەکەم، دەستم دەلەرزێ، بە دەنگێکی لەرزۆکەوە وەڵام دەدەمەوە. چۆکم شلدەبن و بەردەبمەوە…

لە ملیۆنان کات و شوێنی جیادا ئەو لەو شوێن و کاتەدا لەدایک بوو، دەکرا ئێستا لەنێو ملیۆنان شوێنی جیابێت. لەنێو ملیاران گریمانەی نەبووندا ئێستا هەیە و لەبن ئەو دیوارە جلێکی شڕی لەبەرە. لەسەر پشت پاڵی داوەتەوە، چڵم و لیکی تێکەڵ بوون و بەلالێویەوە هاتووەتەخوارەوە. بە پەنجەی دۆشاومژەی خەریکە شتێکی خەیاڵی لەئاسماندا دەژمێرێت، ئاگام لێیە پیرەژنێک بەلایدا تێ دەپەڕێت، عەباکەی بەلالێویەوە دەنێت و لەژیر لیوەوە دەڵێت:

“وەییییششش داکت مرێ”