ژنەفتن ژنەفتن
چیرۆک

برین

بە دەنگیدا گەڕامەوە، دەیناسیمەوە. خۆیم لێ گێڵ دەکات؛ بانگی هاوڕێ ژنەکەی دەکات، وەک ئەوەی بیەوێت پێم بسەلمێنێت کە تەنیا نییە. ئاوڕم دایەوە، چاوی لێ کردم، بەڵام وای نیشان دا کە نامناسێت… وەها ڕوانی، وەک ئەوەی هەرگیز منی نەدیوە.

نازانم یەکەم جار کەی بوو کە پشکۆی جگەرەکەی نا بە لەشی منەوە، بەڵام ئێستا هەموو ئەندامم جێگەی سووتانە. جاری وا هەبوو ڕادەچڵەکام و چەند شەو خەوم لێ نەدەکەوت، جاریش هەبوو ئێشەکەی دەمیگەیاندە شەوی دواتر. دوای هەر جگەرەیەک کە دەیکێشا، بە لەشی من دەیکوژاندەوە و هەر ئاوڕیشی لێ نەدەدامەوە، تا بزانێت کوێی دڵ و جەستەمی هەڵکۆڵیوە.

زۆر جار وەک لاشەیەک لەبەر پێی دەکەوتم و دەپاڕامەوە دەستم بگرێت، بەڵام ئەو بەسەر تەرمەکەمدا پیاسەی دەکرد و وەک براوەیەک ڕایدەبوارد. هەرگیز تێنەگەیشتم ئەو هەموو چێژەی کە لە ئازاردانی من وەری دەگرت، چی بوو؟

بیرم نەماوە دواجار چۆن بوو.

بڵێی جگەرەکەی نابێت بە بیرەوەرییەکانمەوە؟ چۆن نامناسێتەوە؟ نە ئەو ماندوو دەبوو، نە منیش. وا دیارە منیش چەشتەی ئەو ژانی کوشتنە بووبووم؛ زۆر جار ژانێک لە دڵمەوە دەهات و وەبیرم دەکەوتەوە کە هێشتا خۆشم دەوێت. دڵم گەرم دەبوو، لێی دەبوورام و خۆویستانە دەیگوت: «تاوانبار دەزانی، وانییە؟ دەی نەتکردایە، خۆت ویستت…»

ئەویش یەکەم جار کە پێی وتبووم خۆشی دەوێم، تەزی خستبووە دڵمەوە، بەڵام هەر ئەو کاتە بوو کە بۆ یەکەم جار جگەرەکەی نابووە سەر جەرگم. ئێشەکەی قورس بوو، بەڵام نەمردم. ڕەنگە تامەزرۆی ئەو بیستنە بووبێتم؛ دەڵێی بەو وشەیە ڕزگاری کردم.

جارێکی تریش وتی: «ئەو پیاوە بۆچی چاوت لێ دەکات؟»

وتبووم بێتاوانم …

وتبووم …

وتبووم …

بەڵام ئەو جگەرەکەی نا بە لەپی دەستمەوە؛ لەبری گرتنی دەستێکی کە چیتر هی من نەبوو، دەستی خۆشی ون کردبوو. جارێکیشیان … نا، ئەو جارە تاکە جارێک بوو کە بەڵێنی دابوو چیتر جگەرەکەی وا نەکۆژێنێتەوە و ئازارم نەدات.

لەپڕ بڕیاری کۆچی دا و چیتر نەمدییەوە. بە شوێنیشیدا نەگەڕام، چونکە هێزێکم تێدا نەمابوو. ڕۆیشت؛ بێ هەواڵ و بێ سۆراغ. ساڵان تێپەڕین، برینەکان چڵکیان دەکرد، جێگەکەیان دەخورا و من چێژم لەو خورانە دەبینی، وەک بڵێی حەزم بە چاکبوونەوەیان نەدەکرد. دیتووتانە جێی برینێک دەخورێت و ئازارت دەدات، بەڵام پێت خۆشە دەستی لێ بدەیت؟ حەز ناکەیت قووڵ ببێتەوە، بەڵام هەر دەستی لێ دەدەیت.

ئەمڕۆ لەم قەرەباڵغییە پڕ هاتوچۆیەدا، لەپڕ دیم. نەمناسێتەوە… لێی ڕوانیم و نەیدەناسیم. یان خۆی لێ گێڵ کردم. وەک ئەوەی نەناسین بۆ ئەو باشتر بێت. ئاها… بیرم هاتەوە بۆچی ڕۆیشت! دواجار کە ڕانەوەستابووم تا جگەرەکەی بکوژێنێتەوە، هاوارم کردبوو، زریکاندبووم؛ هەموو ئازارم ڕژاندبووە دەرەوە و لە پلیکانەکانەوە پاڵی پێوە نابووم… ئەو وا بیری کردبووەوە کە مردووم، هەڵات …

تا دوور کەوتەوە لێم ڕوانی، دڵنیا هەڵدەهات و ترسنۆکانە …

ئێستا لە بەرامبەرم لەگەڵ خاتوونێک ڕاوەستاوە. سەیری دەکەم؛ بۆچی چاوەکانی وا خوێنیان لێ دەچۆڕێت؟ دەستی خاتوونەکەشی گرتووە، بەڵام دیارە چەندە سڕە. دەڕوانێت، نەیدەناسیم. بەڵام من خەمی چاوەکانیم ناسیمەوە؛ وەبیرم دێتەوە کاتێک سەری لەسەر سینەم بوو و دەیگوت: «ئێرە دەکەم بە گۆڕم».

هەموو جێی برینەکانم دەکولایەوە و دەخورا، قووڵتر بوون، ئەوەنە قووڵ کە هەست دەکەم چیتر دەستم پێیان ناگات.

blank
دەربارەی نووسەر
ژاڵە سەفییاری
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە