هەژار و پرۆلیتاریا

لە ئینگلیزییەوە: بڕوا عەلادین

دوا چیرۆکی کۆمیدییانەی (چارلی چاپلن) ئەوە بوو کە دەیەوێت نیوەی خەڵاتە سۆڤێتیەکەی وەک کۆمەک، ببەخشێتە سندوقی یارمەتییەکانی (باوکە پیار) بۆ هەژاران. خۆی لە بنەڕەتیشدا ئەمە مانای یەکسانی سروشتییانەی نێوان هەژار و پرۆلیتاریا دەگەیەنێت، چونکە دیدی چاپلن بۆ هەژاران هاوشێوەی تێڕوانینیشیەتی بۆ پرۆلیتاریا: هێزی مرۆڤدۆستانەی نمایش و فیلمەکانی و ئاڵۆزییە سیاسییەکانیشیان، هەر لەمەوە سەرچاوە دەگرن. ئەمە زۆر بە ئاشکرا لە فیلمەکەی (سەردەمە مۆدێرنەکان)دا دەبینین، چونکە لەو کارەیدا بە بەردەوامی دەست بۆ بابەتی پرۆلیتاریی دەبات، بە بێئەوەی خۆی بە بەرپرسیار بزانێت لە ئەرکە سیاسییەکەی.

ئەوەی ئەو نیشانمانی دەدات بوونی کەسێکی ڕەنجدەر و زەحمەتکێشە کە هێشتا کوێر و هەڵخەڵەتاوە، چ ڕاستەوخۆ لە سروشتی خۆیدا و چ وەک کەسێکی نامۆبوو بەدەست سەرکار و سەروەرەکانییەوە (پۆلیسیش). بەلای چاپلنەوە، کەسی زەحمەتکێش هەر بە سکی برسی دەمێنێتەوە. لای ئەو، خودی نیشاندان و وێنەگرتنی برسێتییش سەردەکێشێت بۆ چەشنێک لە داستان: قەبەبوونێکی زیاد لەپێویست و نائاساییانەی ساندویچ، ڕووبارێک لە شیر، ئەو میووانەی کە خەڵکانێک بێئەوەی قەپێکیان لێبگرن، بێباکانە توڕیاندەدەن. لای ئەو، لەپڕێکدا و بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە ئامێرێک بۆ نانخواردن دەبینین، ئامێرێک کە پەیوەندی بە سەرکار و خاوەن ئیشەوە هەیە: ئامێرێکی پووچ و بێمانا کە تەنها خواردنمان لەشێوەی پارووی بچووک بچووک و تیکەتیکەدا دەداتێ.

چارلی چاپلن لە فیلمی سەردەمە مۆدیرنەکان ١٩٣٩

مرۆڤی چاپلنی (وەک ئەوەی کە خۆی وێنەی دەکێشێت) بوونەوەرێکە کۆیلە و زیندانی برسێتییەکەی خۆی، هەمیشە دەکەوێتە ژێر کاریگەری ڕووداوی سیاسییەوە: مانگرتن بۆ ئەو کارەساتە، چونکە هەر بە ڕاستی هەڕەشەیە بۆ سەر چارەنووسی مرۆڤێک کە برسێتی و سکهەڵگووشین کوێریان کردووە. ئەو مرۆڤە تەنها لەو کاتەدا بە چینی کرێکاران دەگات کە زەحمەتکێش و هەژار لە ژێر چاوی (لێدان و زەبرەکانی) پۆلیسدا بە یەکتری دەگەن. لەسەر ئاستی مێژوویی، چاپلن تاڕادەیەک باس لە کرێکار لە قۆناغی ڕیفۆرمی شۆڕسی فەرەنسیدا دەکات، واتە ئەو دەمەی کە ئیدی کرێکارانی ئیشی دەست (دەستکارەکان) لە ئامێر یاخی دەبن، لە مانگرتنەکان نائومێد دەبن و مەسەلەی نان (بە مانا حەرفیەکەی وشەکە) بەتەواوەتی بە لای خۆیدا ڕایاندەکێشێت، لێ هێشتا هەر ناتوانن بە زانین و ناسینی هۆکارە سیاسییەکان و پێویستیی بوونی ستراتیژێکی کۆمەڵایەتی، بگەن.

بەڵام هۆکاری ئەمە ئەوەیە کە چاپلن وێنەی جۆرە پرۆلیتاریایەکی سەرەتاییمان بۆ دەکێشێت کە هێشتا لە دەرەوەی شۆڕشە و هێزە نمایشییەکەیشی زۆر گەورە و بەرفراوانە. تا ئێستا هیچ کارێکی سۆسیالیستی نییە بتوانێت بەو شێوەیە توندوتیژ و هاوکات نەرمەیشەوە کە چاپلن پێیان گەیشتووە، گوزارشت لەو مەرجانە بکات کە کرێکار دەچەوسێننەوە و کەم نرخی دەکەن. ڕەنگە تەنها برێخت توانیبێتی باس لە پێویستیی ڕەچاوکردنی دۆخی مرۆڤ لە سەروبەندی شۆڕشدا بکات، ئەویش لە بەرژەوەندی هونەری سۆسیالیستی، واتە ئەو مرۆڤە هێشتا کوێرە و بە هۆی کەڵەکەبوونی سروشتیانەی بەدبەختیەکەیەوە، دەتوانێت سەرپەرشتی کرانەوە بەسەر ڕۆشنایی شۆڕشگێڕانەدا بکات. دواتر، کارەکانی تریش بە هۆی هەر هۆکارێک یا حیزبەوە فاکتەری خەباتی هۆشیارانەیان دەرخست، ئەمە جگە لەوەی کە لەو سەردەمەدا پێویستی و گرنگیی واقیعی سیاسی لەبەرچاو گیرا، بەڵام واقیعێک کە خاڵییە لە هێزی جوانی و ئیستاتیکی.

هاوشێوەی بیرۆکەکەی برێخت، ئەمێستا چاپلنیش بە نیشاندانی خۆی وەک کوێرێک کە ئەوەی لە بەردەمیدایە نایبینێت، کوێریی جەماوەر خۆی نیشانی جەماوەرە کوێرەکە دەداتەوە تاوەکو بتوانن لە کوێری ئەمدا، دیمەنی کوێریی خۆیان ببینن. ئەڵبەتە نیشاندانی کەسێکی نابینایش، کەسێک کە هیچ نابینێت، باشترین ڕێگەیە بۆ ئەوەی زۆر بە ڕوونی ئەو شتانە نیشان بدەیت کە نابینرێن. لە دیمەنی لێبووکەکەیشدا، ئەوە بە تەنها مناڵەکانن کە دژ بە لێبووکەکە دەوەستنەوە، چونکە وا خۆی نیشاندەدات کە هیچ نابینێت. بۆ نموونە چاپلن لە سوچێکی ماڵەکەی خۆیدایە، چواردەوری بە پاسەوانەکانی گیراون، ژیانی ئایدیاڵی خۆی وەک هەر وردە بۆرژوایەکی ئەمریکی بەسەر دەبات: دەیبینیت قاچ لەسەر قاچ دانیشتووە و لە ژێر وێنەی پۆرترەیتێکی لینکۆلندا ڕۆژنامە دەخوێنێتەوە، بەڵام هەر خودی ئەو شێوازە جوان و قەشەنگەی دانیشتنەکەی، دەبنە مایەی ئابڕووبردنی، بە بێ تێبینیکردنی کۆی ئەو نامۆبوونەی لە پشتی ئەو شێوازە دانیشتنەوە کەڵەکەبووە، ناتوانین بڵێین دۆخێکە کە دەتوانێت لە پشتییەوە خۆی بشارێتەوە.     

ئا بەو شێوەیە دەبینین کە ساناترین چەشنی گرەوکردن لەسەر گۆڕانکاری، بێ سوودە، وەکچۆن دواجار هەژاریش بە بەردەوامی هەر بە هەژاری و (دابڕێندراو و قرتێندراو) لە ئارەزووەکانی دەمێنێتەوە. دەرەنجامیش هەر ئەوە هۆکاری سەرکەوتنی چاپلنە بەسەر هەموو شتێکدا: چونکە ئەو لە هەموو شتێک دەربازی دەبێت، هەر جۆرە فەرمایشت و ئامۆژگاریەکیش ڕەتدەکاتەوە، تەنیا شتێکیش کە ئەو گرەوی سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوە و لێهەڵهێنجاندنەوەی لەسەر بکات، تەنیا و تەنیا خودی مرۆڤە. لەسەر ئاستی سیاسی، دەکرێت گفتوگۆ دەربارەی ئاژاوەگێڕیی و ئانارکیبوونەکەی بکەین، بەڵام لە ڕووی هونەرییەوە، شێوازەکەی چاپلن کاراترین جۆری شۆڕشە.   

سەرچاوە:

MYTHOLOGIES: Roland Barthes

، THE NOONDAY PRESS – NEW YORK، Selected and translated from the French by ANNETTE LAVERS

 ،Twenty-fifth printning, 1991

. لاپەڕەکانی ٣٨-٣٩