پێنج شیعری ئەمەل دەنقل

وەرگێڕانی: دلێر محەمەد

لە دونیای شیعری مۆدێرن و هاوچەرخی میسری و عەرەبیدا ئەمەل دەنقل (١٩٤٠-١٩٨٣) بە شاعیری نەرێ، و یاخیبوون و ئانارشیزم ناسراوە، ژیانێکی کورتی تراژیدی، بەڵام تەژی و سەرشار لە داهێنان و بە تەواوەتی وەک شاعیرێکی پەراوێزنشینیش ژیا و مرد. بۆ ئەمەل شیعر، خۆی گوتەنی ئەڵتەرناتیڤی خۆکوشتن بوو.

(١)

شەو

گرمۆڵەی کردم و فڕێی دامە ژێرزەمین

پێیەکانم لەسەرەڕێگاکان لە یادکرد و

دەستەکانیشم بەسەر دەرگاکانەوە بەجێهێشت

تۆ نازانی مانای چی ئینسان هەر بڕوات… و

 بڕوات و

بەدوای ئەویدی مرۆڤدا بگەڕێ

تا زەمین لەبەری پێی بخوات و

گوتنیش بە لێوییەوە بتوێتەوە!

(٢)

ئەی کۆتری ماندوویەتیم:

بەسەر گومەزەکانی ئەم شارە خەمبارەدا بسووڕێوە،

سروود بۆ مەرگ.. و.. خەم.. و خۆفی نێوهەناوی بڵێ.

تا بەرەبەیان باڵی هەڵواسراوت بەسەر پەیکەری شارەوە ببینین و..

تۆش ئیتر پشووی لەنگەرگرتن و ئارامی بناسی!

(٣)

دەزانم جیهان لەنێو دڵمدا.. مرد!

بەڵام کاتێ بێژەرەکە بێدەنگ دەبێ و ژوورەکان خڕ دادەخرێن:

دڵم دەخەمە ڕوو، ئەم جەستە شەم ئاسایەم دەردێنم و

 لەسەرچرپای ئازارەکان دایدەپۆشم

زاری دەکەمەوە و شەرابی حەزی دەرخوارد دەدەم

بەڵکو نورێ لە پەلی سارد و ڕەقی بگەڕێ..

بەڵام

پێستی لەسەر لەپم شی دەبێتەوە و..

جگە لە کاسەی سەر و ئێسک و پروسک چیتری نامێنێ!

(٤)

گەر.. وشەکانی حوسەین و.. شمشێرکانی حوسەین و.. هەیبەتی حوسەین

بۆ ڕزگاری هەق لە زێڕی میرەکان، دۆڕابێ.

پێتوایە زۆربڵێیی شاعیران حەق قوتارکا و

فوڕاتیش زمانێک بێ لەخوێن، کە لێوێ شک نەبا؟

گیانی سپارد و مرد، لەپێناو قومێ ئاودا..

جامێ ئاوم بەرێ ئەی غوڵام بەیانیان ئێواران

تینویەتیم بشکێنە ئەی غوڵام.. بەو خاتوونەم ئاشناکە..

با لە یادیکەم

خوێن!

لە بیری بەرمەوە.

(٥)

نیگای بەردم کرد و لە کانیاوێ وردبوومەوە

بیچمی خۆم لە ڕوخساری برسییەتیدا بینی!

بۆ تەوێڵی هەڵگەڕاوەی خۆمم، ڕوانی

بینیت: منی خاچ و لەخاچدراو

هاوارمکرد.. من لە ڕەحمی شادومانی نەبووم

قیڕاندم.. داوای بەرائەتم کرد.

بوونی من: سێدارەکەمە..

ناوکی بڕاوم، خنکێنەر و پەتی لەگەردن نراومە.

photo_٢٠٢٠-١٠-١٧_١٢-١٩-١٥

سەرنجێک بنوسن