جیهان لە سەردەمی درەشانەوەی سەرکردە دەمڕووت و بێئابڕووەکاندا

دەربارەی دیدارەکەی سلاڤۆی ژیژەک لە سوید

سلاڤۆی ژیژەک و جێلا کرێچیچ. فۆتۆ: بڕوا عەلادین

سلاڤۆ: فەیلەسوفی پارادۆکسەکان / لێبوکە چەپەکە

بەمەبەستی ئامادەبوون لە دیدارەکەی سلاڤۆی ژیژەکدا بە ناونیشانی (دەرکەوتنی سەرکردە بێئابڕووە نوێکان) کە بەرواری (٢٢-١-٢٠٢٠)، لە فۆرمی دیالۆگێکی کراوەدا لە کتێبخانەی گشتی شاری مالموێ سازکرا، نزیکەی ٣ کاتژمێر لە شەمەندەفەردا بووم تاوەکو خۆم بگەیەنمە هۆڵەکە و لە نزیکەوە بیبینم. هەموو ئەو پروپاگەندە و دەنگۆیانەی کە پێشتر لەڕێی تۆڕە میدیاییەکانەوە ئاگاداریان دەکردیتەوە لەوەی کە ڕەنگە جێگەت دەستنەکەوێت یان لەبەر قەرەباڵغی، نەکرێیتە ژوورەوە، زیادەڕەوییان تێدا نەبوو، چونکە هۆڵەکە خۆی تەنها بەرگەی ٨٠٠ کەسی دەگرت، لە کاتێکدا زیاد لە هەزار کەسی تر لە سەرەیەکی تاقەتپڕوکێن و درێژدا وەستابوون و چاوەڕوانبوون بێنە ژوورە، گەرچی نائومێدانە گەڕانەوە، بەبێئەوەی بیبینن. بەشێکی زۆری ئامادەبووانی دیدارەکە، خوێندکارانی بەشی سۆسیۆلۆژیی زانکۆی (لوند)بوون کە نزیکەی چارەکێک لە شارەکەوە دوورە. ئەوەندەی من لە نزیکەوە گوێم لە گفتوگۆی ئامادەبووەکان دەبوو، ئامادەبوونیان زیاتر لەبەر جەماوەریی بوونی ژیژەک بوو لە دونیای ئەمڕۆدا وەک فیگەرێک یان ئەستێرەیەکی بواری ڕەخنەی کولتووری و سینەما، کە ڕەخنە و بابەتەکانی لە یوتیوب و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زۆر ئاسان دەستەبەرن و تەنانەت مناڵيکیش دەتوانێت بیانبینێت. دیدارەکە لە فۆرمی پرسیار و وەڵامدا بوو کە پێشتر لەنێوان “ژیژەک و جێلا کریچیچ”دا یەکاڵاکرابۆوە (گەرچی ژیژەک لەو فەیلەسوفانە نییە کە بتوانێت پابەند بيت بە کات و کڵێشەی بۆدانراوەوە و بەردەوام لەوە زیاتر شیکاری دەکات و نموونە دەهێنێتەوە کە تۆ چاوەڕوانی دەکەیت). کۆی مشتومڕەکان لەسەر ئەو تەوەرانە بوو کە تایبەت بوون بە قەیران و کارەساتەکانی دونیای ئەمڕۆ: هەڵکشانی سەرکردە بێئابڕووە تازەکانی وەک ترەمپ کە چیتر پێویستیان بە دەمامکی ڕۆتینی نییە بۆ خۆنمایشکردن و هاتنە سەر شاشە، گرفتی پەنابەران و گۆڕانیان لە کێشەیەکی ناوخۆیی وڵاتەکانی خۆیانەوە بۆ بوونیان بە تەڵزگەیەکی گڵۆباڵ، تەشەنەکردنی ڕەیسیزم و ڕەگەزپەرستی لە ئەمریکا و ئەوروپادا بەتایبەتی، بەدگۆڕانی خودی گوتاری ژینگەپارێزی و ئیکۆلۆژیا بۆ ئایدیۆلۆژیایەکی وێرانکەر، سیاسەتی سێکسواڵتی و لە هەموویشیان گرنگتر بەلای منەوە کە جوانترین و بەهادارترین تەوەری گفتوگۆکە بوو، قسەکردن بوو لەسەر چەمکی دراوسێ کە بۆ من وەک کوردێک، کە بەردەوام لە گرفت و تەنگژەدایە لەگەڵ دراوسێکانیدا و بووەتە مایەی سەرئێشە بۆ دراوسێکانی، ئەوەی دەهێنا کە ئەو ڕۆژەی بۆ تەرخان بکەم.

ترەمپ لای ژیژەک لەوەدا جیایە لە کارەکتەری سەرەکی فیلمی جۆکەر کە کۆمیدیی بوون و پێکەنینە زیادەڕەوەکانی، دەمڕووتی و فشقیات و گاڵتەجاڕییەکەی دەمامکێک نییە کە لە پشتییەوە کارەکتەرێکی مافخوراو، چەوساوە وەستابێت کە بەدەست چەندین گرێی دەروونیی مناڵی یان نەبینینی لە واقیعدا وەک بێکارێکی نیمچە ئەبەدیەوە بناڵێنێت.

هەڵوەشاندنەوەی گاڵتەجاڕییەکانی دوالیزمەیەک: ترەمپ/جۆکەر

بە بڕوای ژیژەک، یەکێک لە نهێنیەکانی هەڵبژاردنی ترەمپ بۆ بوونی بە سەرۆکی ئەمریکا ئیشکردنی بەردەوامی ئەو بوو لەسەر دواندنی جەماوەر و ئەوەی کە کێشەی ژیانی ڕۆژانەیە: ئاسایش و ئارامی ئەمریکییەکانی بەلاوە گرنگترینە، دەخوازێت هەژاری نەهێڵێت، هەلی کاری زیاتر بڕەخسێنێت تا گرفتی بێکاری بنەبڕ بکات و ئەو وەهمەیان لا دروستبکات کە دەشێت ڕۆژێک لە ڕۆژان هەمووان وەک خۆی، ببنە ملیۆنێر. بۆ سەرکەوتنیشی لەم کارەیدا بەناوی جەماوەریی بوون و ئامادەبوونییەوە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا کەوتە زاڵکردنی زمانێکی بەد، بێشەرم و بێئابڕوو کە لە زۆربەی وتە و لێدوانەکانیدا دەیبینین. ترەمپ لای ژیژەک لەوەدا جیایە لە کارەکتەری سەرەکی فیلمی جۆکەر کە کۆمیدیی بوون و پێکەنینە زیادەڕەوەکانی، دەمڕووتی و فشقیات و گاڵتەجاڕییەکەی دەمامکێک نییە کە لە پشتییەوە کارەکتەرێکی مافخوراو، چەوساوە وەستابێت کە بەدەست چەندین گرێی دەروونیی مناڵی یان نەبینینی لە واقیعدا وەک بێکارێکی نیمچە ئەبەدیەوە بناڵێنێت. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم سیمپتۆمەیش بە گەڕانەوە بۆ هەر یەک لە فرۆید و وانەکانی پاشتری لاکانیش، دەخوازێت لە ڕێی زاراوەی نوکتە و پەیوەندییەکانی بە نەستی مرۆڤەوە کە پێکەنین بەرهەمدەهێنن، خەمگینی و دۆخی تراژیدی جۆکەر ڕوونبکاتەوە کە تەواو پێچەوانەی ترەمپە وەک فیگەرێکی کۆمیدی. فرۆید و لاکان ڕایان وابوو کە پێکەنین بە دەنگی بەرز یان قاقالێدانێکی ناجۆر و زیاد لە پێویست چەند میکانیزمێکی نائاگایانەیان لە پشتەوەیە: پێکەنین وەک کاردانەوە بۆ بزە و پێکەنینێک کە پێشوەخت بەرامبەرت کراوە تا بتوانیت پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی بهێڵیتەوە، پێکەنین وەک کەرەستەیەکی لاواز تا بتوانیت سەرەنجی ئەوانی تر بۆ دۆخی خۆت ڕابکێشیت، دواجار پێکەنین وەک شاردنەوەی بوغز و کینە و چەپاندنی لە ڕووبەری کۆمەڵایەتیدا تا توندوتیژیی ڕاستەوخۆ نەنوێنیت. وەک خۆیشی ڕوونی کردەوە، زۆر کەس خودی ژیژەک بە جۆکەری چەپەکان ناو دەبەن کە بەردەوام خاوەن زمانێکی توند، هێرشبەرانە و جاڕزکەرانەیە کە وات لێدەکەن کاردانەوەت بەرامبەری شەڕانگێزانە بێت و بە نوکتەکانی و وەستان لەسەر دیمەنە بچووک و کۆمیدیەکانی ژیان ناچار بە کاردانەوەی پێچەوانەت دەکەن. لێ هێنانە پێکەنین و نوکتەکردن لای ژیژەک ڕاستە توند و بریندارکەرن، بەس ئامانج لێیان بەرهەمهێانی توندوتیژی نییە، بەڵکو بۆ شکاندنی ئەو بەستەڵەکەی نەستی مرۆڤە کە جگە لە توندوتیژی یان بێدەنگی، هیچ دەرچەیەکی تری نییە بۆ هاتنە گۆ و هێنانە قسەی ئارەزووە چەپێنراوەکانی. بە بۆچوونی ژیژەک، تا بتوانین ئەو دوو چەشنە لە پێکەنین و قاقا لە یەکتری جیابکەینەوە کە هاوکات جیاکردنەوەی دوو فۆرمیشە لە توندوتیژی، دەبێت بە کەرەستەکانی دەروونشیکاری، توانیبێتمان جیاوازی لەنێوان شادی وەک غەریزە و وەک ئارەزوویشدا بکەین، چونکە غەریزە لە فۆرمێکی بازنەیی دووبارەدا بەردەوام هەمان پڕۆسەیە کە جۆرێکە لە بێدەسەڵاتی و نەبوونی توانا بۆ زاڵبوون بەسەر خەم و پەژارەکاندا وەک ئەوەی لە کارەکتەری جۆکەردا بەرجەستە دەبێت، بەس لای ترەمپ، کۆمیدیا و نوکتە بوون بە ئارەزوویەک بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر و زیاتر، نەوەک هەر لەو فۆرمە غەریزییەدا بمێننەوە کە کاردانەوەیەکی میکانیکییە بۆ کاردانەوەیەکی تر.

نموونەی کەسایەتییەکی وەک ترەمپ خۆبەخۆ گوزارشتکردنە لە نەمانی شکۆی سەرکردە و سەرۆک، چونکە بە هیچ شێوەیەک پابەند نییە بە هیچ پێودانگ و بەهايەکی ئاکارییەوە بۆ ئەرکەکەی کە ڕێبەرایەتیکردنە. بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەم تەنگژەیە لە ئەرک و وێنەی ترەمپدا وەک کەسێکی بازاڕی و گاڵتەجاڕ، ژیژەک بە زمانە فرۆیدی-لاکانییەکەی، جەختیکردەوە سەر چەمکی خەساندنی سیمبولییانە.

سەرکردەی پۆستمۆدێرن: نەمانی شکۆ/خەساندنی سیمبولیانە

لە بەشە تیۆرییەکەی ئەم گفتوگۆیەدا لەسەر زاڵبوونی بێئابڕوویی و دەمڕووتی بە سەر سەرکردەکانی جیهاندا، بەتایبەتی ترەمپ، ژیژەک لەسەر هەژموون و بەمۆدێلبوونی ئەو فۆرمە پۆستمۆدێرنە لە ئاکاری سەرۆک وەستا، کە بەناوی بۆ گرنگبوونی میللەتەکەی خۆیەوە، بەناوی ئەوەوە کە فیگەرێکی میللی/نیشتمانییانەی هاوڵاتییەکانی خۆیەتی و وەک فریادڕەسێک هەڵبژێردراوە، گاڵتەی بە خەباتی جەماوەری، ڕێکخراوەکانی پەرەپێدانی مافی مرۆڤ یان مافی ژنان و پاراستنی ژینگە دێت. ئەم فۆرمە لە سەرۆک و سەرکردەی سیاسی چیتر لەو نموونە ترادسیۆنالییەی کەسێتی تۆتالیتێر ناچێت کە لە فۆرمەکانی وەک ‘هیتلەر، ستالین یان خومەینی و ماو’دا بەرجەستە دەبوون، واتە دەرکەوتنیان وەک مرۆڤێکی لەسەرخۆ و خوێنسارد، ڕاشناڵ و بیرکەرەوە، خاوەن دیسپلین و پەیامێکی دیاریکراو کە بریتییە لە لەناوبردنی دوژمن و بوژاندنەوەی ئابووری و خزمەتکردنی وڵات. نموونەی کەسایەتییەکی وەک ترەمپ خۆبەخۆ گوزارشتکردنە لە نەمانی شکۆی سەرکردە و سەرۆک، چونکە بە هیچ شێوەیەک پابەند نییە بە هیچ پێودانگ و بەهايەکی ئاکارییەوە بۆ ئەرکەکەی کە ڕێبەرایەتیکردنە. بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەم تەنگژەیە لە ئەرک و وێنەی ترەمپدا وەک کەسێکی بازاڕی و گاڵتەجاڕ، ژیژەک بە زمانە فرۆیدی-لاکانییەکەی، جەختیکردەوە سەر چەمکی خەساندنی سیمبولییانە. ئەو ڕای وایە کە هەموو سەرکردە یان سەرۆکێک لە کایەی گشتی و جەماوەریدا جۆريک لە دۆخی سایکۆکۆمەڵایەتی دەگوزەرێنن کە خودخەساندنێکی سیمبولیانەیە بۆ نیشاندانی خود وەک کەسێکی بەرپرسیار و ڕاشناڵ کە نوێنەری خەڵک و ماف و داواکارییەکانیانە. بەم مانایەییش، سەرکردە هەر ئەوە نییە کە وەک ترمپ کەسێکی دەمشڕ و بێسانسۆر بێت کە گوێ بە هیچ پرەنسیپێکی ئاکاریانە نادات و وەک هەرزەیەک مامەڵە دەکات، بەڵکو لەبەرئەوەی وەک شکۆی دەنگدەرەکانی دەبینرێت، دەبێت ئەو چاوەڕوانییەی هاوڵاتییەکانیشی لە خۆی، بپاريزێت: ئەوەی کە کەسێکی هەڵيشە و جرپن و بەخۆناکۆک نەبێت لە کردار و وتەکانیدا.

پارانۆیای ڕەگەزپەرستی

ژیژەک ناتوانێت بە بێ چەمکی پارانۆیا وەک کلیلێکی دەروونشیکارانە، وەک تۆقین لەوەی کە ڕەنگە شتێکی نەخوازراو لەلایەن بەرامبەرەکەتەوە بۆ لەناوبردنت لە ئارادابێت، قسە لەسەر ڕەگەزپەرستی بکات. چونکە بەڕای ئەو، لەپشت هەموو ڕەتکردنەوەیەکی نەژادییەوە، لەپشت هەر ڕقێکی ئێتنی و کولتووریی یان جیاکاری ڕەگەزی و ڕەنگی پێستەوە، فۆبیایەک لە لەناوبردن هەیە کە فانتازییەکان داینەمۆی سەرەکییانن. بۆ ڕوونکردنەوەی تەشەنەکردنەوەی دیاردەی ڕەگەزپەرستی لە جیهاندا، ژیژەک نموونەیەکی زۆر پێکەنیناوی دەربارەی چیرۆکێکی ڕاستەقینەی ژنێکی ئەوروپی هێنایەوە کە بە مێردەکەی دەڵێت: من زۆر ‌حەزم لە ماسییە، بەس نایشتوانم بیخۆم، چونکە نامەوێت ڕەشپێستەکان بخۆم. ئەم چیرۆکە ڕاستەقینەیە لای ژیژەک هەڵگری پارادۆکسێکە کە بەستنەوەی نائاگایانە و ناڕاستەوخۆی گرفتی ڕەگەزپەرستیی دنیای ئەمڕۆیە بە پەنابەرانەوە. ئەو ژنە بۆیە نەیتوانیوە ماسی بخوات، چونکە پێی وابووە کە هەموو ئەو ماسییانەی لە بازاڕ دەفرۆشرێن، لە دەریای ناوەڕاستدا ڕاو دەکرێن، خودی دەریای ناوەڕاستیش وەک نەستێکی ڕەشی دۆخی تراژیدیانەی پەنابەرانە، بەتایبەتی ئەفریقییەکان، لە بنکیدا، گۆڕستانی ئەو پەنابەر و کۆچبەرانەیە کە کەشتییەکانیان نوقمبوون و بوون بە خۆراکی ماسی و قرش و ‌حوت و نەهەنگە زەبەلاحەکان. نموونەکەی ژیژەک ئەو دیفاکتۆیەی زەقکردەوە کە ڕەگەزپەرستی وەک دەیەکانی سەرەتا و ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، بەتەنها کێشەیەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو بووە بە گرفتێکی گڵۆباڵ کە زۆرجار سەر لێ شێوێنەریشە. بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی مەسەلەکە، ئاماژەی بە دوو چەمک دا لەلای فرۆید و بادیۆ کە بریتین لە پارادۆکسی دراوسێ و پڕۆلیتاریای سەرهەڵگر.

blank
فۆتۆ: بڕوا عەلادین

فرۆید: دراوسێ وەک سەرچاوەی ئەڤین

ژیژەک ڕای وا بوو کە کەس نەیتوانیوە هێندەی فرۆید لە لێکدانەوەیدا بۆ گرفتی کینە لەبەرامبەر، وردبێت، بەتایبەتی کاتێک ئەو وتە بەناوبانگەی مەسیحییەتی شیکارکردووە کە دەڵێت: ((دراوسێکەتت وەک خۆت، خۆشبوێت)). فرۆید لەوەدا وردە کە لە بنەڕەتدا خودی سوبێکتی مرۆڤ وەک پەرتپەرت و کەرتکەرت شیکاردەکات، نەوەک خودێکی سەربەخۆ و خاوەن یەک شوناس، هەر بۆیە بەو ڕەخنەیەی لە یەکێک لە گرنگترین بانگەشە سەرەکییەکانی مەسیحیەت بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی، پێمان دەڵێت کە بەتەنها ئەڤین بۆ دراوسێ وەک خۆت و مامەڵەکردنی وەک خۆت بەس نییە، چونکە لە بنەڕەتدا بەشێکی ناوەوەی تۆیش ئامادەبوونی ئەوە وەک هەڕەشەی پارانۆیی بۆ سەر ئاسایشی خۆت. ژیژەک بە ئاشکرا وتی: من لەگەڵ ئەوەدا نیم کە بڵێم با پەنابەرەکانمان خۆشبوێت. با خۆشمانبووێن، بەس زۆریش نا… قەیناکە با هەبن، تازە بوون بە دیفاکتۆ و سەپاون با سەرماندا، با خۆشمانبوێن و قبوڵیان بکەین تاوەکو ئەمەی کە هەیشمانە لە دەستمان نەچێت، چونکە ئەم جۆرە گوتارە دیسانەوە گرفتی پەنابەران لە قەیرانێکی نێودەوڵەتی و گڵۆباڵەوە دەکاتەوە بە گرفتێکی لۆکاڵ.

دەبێت کێشەی پەنابەران ڕادیکاڵانە چارەسەر بکرێت، چونکە خودی مەسەلەی قاچاخچێتی کردن بە هاوردەکردنی کرێکارەوە، بووە بە بزنس و جۆرێک لە بازرگانی کە زیاد لە ١٠ ملیار یۆرۆی تێدا خەرجکراوە.

بادیۆ: پەنابەر وەک پڕۆلیتاریای گەڕۆک

سەرنجێکی تری ژیژەک دەربارەی پەنابەر گفتوگۆکردنی ئەو تێزەی ئالان بادیۆ بوو کە پێی وایە پەنابەران دوا فۆرمی بەرجەستەبووی پرۆلیتاریان: پەنابەران دەشێت وا پێناسە بکرێن کە پڕۆلیتاریایەکن گەڕۆک و سەرهەڵگر. ئەگەر لە ئایندەدا شۆڕشێک لە ئەوروپادا دژ بە کەپیتالیزم بکرێت ئەوە پەنابەرە هەژارەکانن کە وەک دوا مۆدێلی پرۆلیتاریا، پێی هەڵدەستن. بە بۆچوونی ژیژەک، گەرچی وەک خۆیشی وتی کە تاڕادەیەک یۆتۆپیستانەیە، دەبێت کێشەی پەنابەران ڕادیکاڵانە چارەسەر بکرێت، چونکە خودی مەسەلەی قاچاخچێتی کردن بە هاوردەکردنی کرێکارەوە، بووە بە بزنس و جۆرێک لە بازرگانی کە زیاد لە ١٠ ملیار یۆرۆی تێدا خەرجکراوە. ڕەنگە یەکێک لە چارەسەرەکان بۆ گرفتی پەنابەران و کەمکردنەوەی هانابردن و سەرهەڵگرتنیان بۆ ئەوروپا و هاوردەکردنیان وەک کرێکاری پلە نزم لە ئایندەدا بە قازانجی کۆمپانیا و سەرمایەدارەکان، هەناردەکردنی ئاشتی بێت بۆ وڵاتەکانیان نەک وەک جوگرافیایەکی بەقوربانیکراوی جیۆپۆلەتیکی دەوڵەتە زلهێزەکان ببینرێن بۆ یەکاڵاکردنەوەی ململانێکانی نێوان خۆیان، کە دیارترین نموونەکانیشیان وێرانبوون و داڕمانی ژێرخان و ئاسایشی وڵاتانی وەک عێراق، سوریا و ئەفگانستانن.

ئیکۆلۆژیا وەک ئایدیۆلۆژیایەکی تەریب بە زیادخەرجی

مرۆڤ وەک ئۆیدیپۆسێکی گوناهبار بەرامبەر بە دایک-خاک

کەم نین ئەو کۆمپانیا و بازاڕانەی بەناوی خواردنی سروشتی، ئیکۆلۆژی و بەرهەمی ناکیمیاوییەوە، سێوێکت بە نرخێکی ٤ جار لە نرخی خۆی زیاتر پێدەفرۆشن تا وات لێبکەن کە هەستبکەیت بەو کارەت، ڕێزی خاک دەگریت و ویژدانی خۆت ئۆرگازم دەکەیت، تا ویژدانت ئاسوودە بکەیت و هەست بکەیت لانیکەم تۆ یەکيک نیت لە لاقەکارەکانی دایکە زەوی. واتە بە گوتاری دژە زیادخەرجی و زیادمەسرەفی، چەشنيکی تر لە زیادخەرجی بەرهەم دەهێنێتەوە.

وەک دوا تەوەری گفتۆگۆکە، زۆرترین قسە لەسەر دۆخی زەوی وەک هەسارەیەک بوو کە بەردەوام لێی دەدرێت و لەژێر فشاری کۆمپانیا و زیادەڕەوی لە بەرهەمهێناندا، ژینگەکەی وێران دەکرێت. ژیژەک ڕای وا بوو کە هەموو ئەو کەمپەین و ڕێکخراوە ژینگەپارێزانەی ئیش لەسەر ئەم تێمایە دەکەن، نائاگا ئەو هەستە ئۆیدیپۆسییەیان لە مرۆڤدا دروستکردووە کە گوناهبارە بەرامبەر بە ‘خاک-دایک’ی، بە چەشنێک کە ڕۆژانە لاقەی دەکات و لێی دەبات. بە بۆچوونی ئەو، ئەمە مەترسیدارترین گرفتی سەدەی ٢١ دەبێت، چونکە هەموو ئەوانەی دەخوازن مرۆڤ هۆشیار بکەنەوە لەوەی کە ژینگە بپارێزن و ‌حورمەت بۆ زەوی-خاک-دایک بگێڕنەوە، بەوەی کە قوتوی کۆکا کۆلا یان کاغەز و کەلوپەلی نایلۆن ریسایکلین بکەن، ناتوانن ئێخەی کارگە زەبەلاحەکان بگرن و بە گوتاری میدیاییان، کار لەسەر گەمەکردن بە ویژدانی تاکەکەسەکان وەک بەرهەمهێنەری پۆخڵەوات و قێزەونکردنی سەر زەمین دەکەن. ئەم دۆخی دروستکردنی هەستکردن بە گوناهە لە ویژدانی مرۆڤدا بۆ خۆی جۆرێکی ترە لە ئایدیۆلۆژیا کە گرێدراوی کۆنسیومەریزم و زیادەخەرجییە، چونکە کەم نین ئەو کۆمپانیا و بازاڕانەی بەناوی خواردنی سروشتی، ئیکۆلۆژی و بەرهەمی ناکیمیاوییەوە، سێوێکت بە نرخێکی ٤ جار لە نرخی خۆی زیاتر پێدەفرۆشن تا وات لێبکەن کە هەستبکەیت بەو کارەت، ڕێزی خاک دەگریت و ویژدانی خۆت ئۆرگازم دەکەیت، تا ویژدانت ئاسوودە بکەیت و هەست بکەیت لانیکەم تۆ یەکيک نیت لە لاقەکارەکانی دایکە زەوی. واتە بە گوتاری دژە زیادخەرجی و زیادمەسرەفی، چەشنيکی تر لە زیادخەرجی بەرهەم دەهێنێتەوە.

blank
بڕوا عەلادین و سلاڤۆی ژیژەک

وەک پێشوازی / ماڵئاواییەک لە ژیژەک:

بەخێرهاتمەوە بۆ بیابانی واقیع

بيگومان مۆرکی گفتوگۆی ژیژەکی هەر خۆی خۆوەکیانەیە و پڕە لەو فۆرمەی قسەکردن کە لە جیهانی میدیای نوێدا بە درێژدادڕی و دووبارەکردنەوەی نموونە لە دوای نموونە بۆ ڕوونکردنەوەی پارادۆکسێک، پێناسە دەکرێت. هەر بۆیە لە هۆڵەکەدا هەستت بە بيزاری کەس نەدەکرد، بەڵکو تا دوا چرکەیش ئامادەبووەکان هەر چاوەڕوانی ڕەخنە و سەرنجی زیاتر بوون لێی، بە ئەندازەیەک کە سێ جار جێلا ئاگاداری کردەوە کە کاتەکەی تەواو بووە و دەبێت کۆتایی بە دیالۆگەکە بهينن.

دوابەدوای تەواوبوونی دیالۆگەکە، دەرفەتێکی کورت و بە پەلە ڕەخسا کە ژیژەک کتێبەکانی خۆی بۆ ئامادەبووان ئیمزابکات. من خۆم کە نزیکەی ١٧ کتێبی ژیژەکم خوێندۆتەوە و نزیکەی ٦٠ کتێبیشیم بە زمانی ئینگلیزی هەن، لەناو ئەو ٧ کتێبەدا کە وەرگێڕدرابوون بۆ زمانی سویدی و ٥ دانەیان بۆ فرۆشتن دانرابوون، کتێبی (بەخێربێیت بۆ بیابانی واقیع)ەکەیم کڕی تاوەکو خۆی بۆم ئیمزای بکات و وەک یادگارییەک لە کتێبخانەکەمدا بمێنێتەوە.

ژیژەک لە نزیکەوە کەسێکی تر بوو، ماندوو، ڕەنگێکی کریستاڵی و خاوەن گێسچەر و جوڵەی ئەوتۆ لە دەستەکان و دەموچاویدا کە هەستم دەکرد لەبەر جەنجاڵی مێشکی و ئایدیاکانی ناو سەری، لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا نین. سەرەیەکی زۆری بۆ گیرابوو، ناڕازی لەوەی کە دوای ٢ کاتژمێر قسەکردن، ئینجا دەبێت دابنیشێت ئیمزا بکات و وەڵامی خێرای ئەو هەموو خەڵکە بداتەوە، گلەیی لە نەریتی ئیمزاکردنی کتێب بۆ خوێنەران دەکرد. پاش ئیمزاکردنی کتێبەکە و گرتنی چەند وێنەیەکی بە پەلە، من هۆڵەکەم بەجێهيشت و گەڕامەوە بۆ ناو بیابانە وشکەکەی واقیعی سویدی. ڕۆژی پاشتر لە گەڕانەوەمدا بۆ شارە سویدیەکەم کە (یۆتۆبۆری)یە، لە شەمەندەفەرەکەدا لە خۆم دەپرسی: کێ هەیە من وەک دراوسێیەک قبوڵبکات لەکاتێکدا وا بۆ نزیکەی ٢٠ ساڵ دەچێت بێگانە و نامۆم بە شارە کوردستانییەکەی خۆم کە (سلێمانی)یە؟