من لەسەر هەسارەی ئازارم
چوار نامەی فریدا کالۆی شێوەکار
فریدا کالۆ:
ماگدەلینا كارمن فریدا كالۆ كالدیرون، لە ساڵی١٩٠٧ لە مەكسیك لە دایكبووە، لە ساڵی ١٩١٣ تووشی ئیفلیجی منداڵان بوو، كە بووە هۆكاری ئەوەی بەردەوام بشەلێ.
ساڵی ١٩٢٢ چووە قوتابخانەی ناوەندی و لەوێ ڕۆدریگۆی ناسی كە دیواربەند (ئەفراندنCreation)ی دەكێشا.
ساڵی ١٩٢٥ لەگەڵ ئەلیخاندرۆی خۆشەویستی لە پاسێكدا تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوون و لە مردن نزیك بوو.
ساڵی ١٩٢٩ لەگەڵ دیێگۆ چووەتە ژیانی هاوسەرێتییەوە. ساڵی ١٩٣٥ ماوەیەك جیا بوونەوە بەهۆی ناپاكی دێیگۆ لەگەڵ كرستینای خوشكی فریدا، پاش ماوەیەك دووبارە ئاشت بوونەوە و جارێكی دی جیا بوونەوە.
فریدا هاوڕێیەتییەكی بەهێزی لەگەڵ ترۆتسكی و ناتالیای هاوسەری هەبوو.
ساڵی١٩٥٤ فریدا بە هۆی ئازاری جەستە و بڕینەوەی قاچی لە نەخۆشخانە مایەوە و لە ١٣ی تەمووزی ئەو ساڵەدا گیانی سپارد.
لە ساڵێ ١٩٥٨ دیێگۆ ڕێڤیرا لە ئیستۆدیۆكەی لە سان ئەنجیل مرد، لە گۆرستانی ناوداران لە مەكسیكۆ ستی نێژرا بە پێچەوانەی وەسێـەكەی خۆی كە داوای كردبوو بیسووتێنن و خۆڵەمێشەكەی تێكەڵێ خۆڵەمێشی فریدا بكرێت. لە٣٠ی تەمووزی ١٩٥٨ خانەی كازا ئازۆل دەرگاكانی بە ڕووی خەڵكدا كردوەوە و خانەكەی كرد بە مۆزەخانەی( فریدا كالۆ).
١
من لە ئازار ناترسم، هەمیشە ئازار بەشێك بووە لە من
نامەیە بۆ دیێگۆ
دیێگۆ رێڤیرا هونەرمەندی شێوەكاری ناسراوی مەکسیکی، لەگەڵ فریدا پەیوەندییەكی قووڵی عاشقانە و ژن و مێردانەیان هەبوو، ساڵی١٩٢٩ كاتێ فریدا تەمەنی ٢٢ ساڵ و دێیگۆ ٤٣ ساڵ بوو هاوسەرگیریان كرد، سەرەڕای شەڕ و كێشەی زۆر و پەیوەندییە زۆرەكانی دێیگۆ لەگەڵ ژنانی دیكە و پەیوەندییەكانی فریدا لەگەڵ ژن و پیاوانی زۆر، هەر دوو هاوسەر تا مردنی فریدا پێكەوە مانەوە وەك دوو هاوڕی و عاشق. دوو نامەی یەکەم بۆ دییگۆیە.
دەقی ئەو نامەیەی فریدا كالۆ، بەر لە بڕینەوەی قاچی بۆ دیێگۆ ڕێڤیرای هاوسەری نارد، كە بە یەكێك لە بەناوبانگترین نامەكانی جیابوونەوەی نێوان ناوداران دادەنرێت بەهۆی ئەو هەستە ڕاستگۆیانەی كە فریدا دەری بڕیوە كە تێكەڵەیەکە لە ڕق و هەڵچوون و خۆشەویستی.
ئازیزی من دیێگۆ
بەر لە چوونە ژووری نەشتەرگەری، لە ژوورەكەم لە نەخۆشخانە ئەم نامەیەت بۆ دەنووسم، داوا دەكەن دەستوبرد بكەم، بەڵام من سوورم لەسەر تەواوكردنی ئەم نامەیە، چونكە نامەوێ هیچ شتێك بە نیوەناچڵی جێبهێڵم. بەتایبەتی ئێستا كە بۆم دەركەوت نیازی چییان هەیە، دەیانەوێ ئەزیەتی غرورم بدەن بە بڕینەوەی قاچم، پێیان وتوم بڕینەوەكە شتێكی پێویستە، لەگەڵ ئەوەشدا بە پێچەوانەی چاوەڕوانی هەمووانەوە هەواڵی بڕینەوەكە هیچ كاری تێنەكردووم، چونكە من دوای لە دەستدانی تۆ، خۆم ژنێكی كەمئەندامم، بەڵام هێشتا دەژیم.
من لە ئازار ناترسم و تۆش ئەمە دەزانی کە ئازار هەمیشە پارچەیەك بووە لە بوونم، دانی پیادەنێم كە تۆ ناپاكیت لەگەڵ كردم زۆرم ئازار چەشت، هەموو جار كە خیانەتت لەگەڵ دەكردم من ئازار دەیخواردم، تەنیا هەر ئەو جارە نا كە لەگەڵ خوشكەكەمدا ناپاكیت لێكردم، بەڵكو لەگەڵ هەموو ئەو ژنانەی كە لەگەڵت بوون.
لە خۆم دەپرسم چون هەڵیاندەخڵەتێنی؟ تۆ پێت وایە من توڕەم بەهۆی كرستیناوە (خوشكەكەی)، دانی پیادەنێم بەهۆی ئەوەوە نییە كە توڕەم، بەڵكو توڕەم لە خۆم و لە تۆ، یەكەمجار لە خۆم توڕەم، چونكە هیچ كات نەمزانی تۆ چیت دەوێ لە ژنەكانی دی، ئەو شتە چییە ئەوان دەتوانن بە تۆی ببەخشن و من نا؟ با خۆمان هەڵنەخڵەتێنین ئازیزی من دییگۆ، هەموو ئەو شتانەم بە تۆ بەخشی كە مرۆڤ دەتوانێت بیبەخشێ، هەردووكمان ئەوە دەزانین كە راستییەكان دەڵێم.
بۆ خاتری دۆزەح چۆن توانیت ئەو هەموو ژنە بێنیتە ژێر بار كە تۆ تەنیا بەچكە سۆزانییەكی زۆر ناشرینی؟!
هۆكاری نووسینی ئەم نامەیەم بۆ تۆ تەنیا بەهۆی تاوانباركردنی تۆوە نییە بە شتێك، بەڵكو بەهۆی بڕینەوەی قاچمەوەیە (بەنەفرەت بێ ئەم قاچە دواجار ئەوەی دەستدەكەوێت كە دەیویست)، لەسەرەتای پەیوەندییەكەماندا بە تۆم گوت كە من كەسێكی كامل نیم، بەڵام بۆ؟ بۆ خاتری دۆزەخ بۆ دەبێت هەموو كەسێك بەمە بزانێت؟ دواجار هەمووان بێ توانایی من دەبینن، من خۆم پێت دەڵێم كە قاچێكم لەدەست دەدەم بەر لەوەی تۆ لە سەرچاوە زۆرەكانی هەواڵەكانتەوە بیزانی، بمبوورە كە نەهاتم لەماڵەوە بە تۆی بڵێم، بەهۆی باری تەندروستیم و بێ تواناییم لە جێهَشتنی ئەم ژوورە تەنانەت ناتوانم تا توالێتەكەش بچم، بەڕاستی توانام نییە، هۆكاری ئەم قسانەشم بۆ ئەوە نییە تۆ یان هەر كەسێكی دی بەزەیی بەمندا بێتەوە، ناشمەوێ هەست بە تاوان بكەی.
ئەمڕۆ بۆ تۆم نووسی تاكو پێت بڵێم من تۆ ئازاد دەكەم، وەك قاچم تۆش دەبڕمەوە، ئاسوودە بە و ئیتر بۆ من مەگەڕێ. نە دەمەوێ هەواڵم بپرسیت و نە دەمەوێ هەواڵت بزانم، تاكە شت كە بمەوێ بەر لە مردنم چێژم بداتێ نەبینینەوەی ڕووخسارە نابووتە نەفرەتییەكەتە كە لەناو باخچەكەم بێت و بچێ.
ئێستا ئەمە هەموو شتێكە، ئیتر دەتوانم بە ئارامی قاچم ببڕمەوە، ماڵئاوا لە كەسێكەوە كە شێتانە خۆشیدەوێی.
ئازیزی تۆ فریدا؛ مەكسیك ١٩٥٣
٢
تۆم لە پێستی خۆم خۆشتر دەوێ
نامەیەك بۆ دیێگۆ ڕێڤیرا
قەدەر وا بوو كە نامەیەكی دیاریكراو ببینم، لە سوچێكی دیاریكراو، كە هی پیاوێكی دیاریكراوە، ژنێك لە ئەڵمانیای دووری نەفرەتییەوە ناردوویەتی. پێم وابێ هەمان ژنە كە (وێلیڤالینتێر) ناردبووی تا كاتێكی خۆش بەسەر ببا لەپاڵ بەدیهینانی هەندێ ئامانجی زانستی و هونەری و شوێنەوارناسی و لێكۆڵینەوە لەو بارەیەوە. نامەكە تووشی هەڵچوون و خنكانی كردم، بێ پێچ و پەنا، ئیرەییمی وروژاند.
من بۆ هێندە كەلەرەق و ناسازم؟ بە ئەندازەیەك كە ناتوانم ئەو ڕاستییە ببینم كە نامەكان و كێشەكانی پەیوەست بە تەنوورە و كچە مامۆستایانی زمانی ئینگلیزی و نمایشكارانی جلی قەرەچەكان، نوێنەرانی نیاز پاكی، كچە خوێندكارانی بواری شێوەكاری، ژنانی زۆرتری كۆمسیۆن و شوێنە زۆرەكان كە لە شوێنانی زۆرەوە هاتوون، كە هەموویان تەنیا نوكتەیەكن زیاتر نا، من و تۆ لە قوڵاییمانەوە شەیدایی یەكترین؟ سەرەڕای ئەوەی من و تۆ سەركێشی بێ كۆتاییمان هەیە، كێشەی زۆر لە پەیوەندییەكەماندا تەنانەت بەڕادەیەك ناوی دایكی یەكدیمان هێناوە*. گەیشتووین بە سكاڵای نێودەوڵەتی لە یەكتر، ئەو هەموو كاتە من و تۆ عاشقی یەكدی نەبووین؟
وای دەبینم ئەوەی ڕوودەدات هۆكارەكەی ئەوەیە من گەمژەم و تۆزێكیش گێل، چونكە هەموو ئەم شتانە لەماوەی حەوت ساڵی پێكەوە بوونی من و تۆ بەردەوام دووبارە بوونەتەوە، هەموو ئەم توڕەییانە وێنەكەی لەبەرچاومدا روونتر كردوەتەوە كە تێبگەم من تۆم لە پێستی خۆم خۆشتر دەوی. سەرەڕای ئەوەی تۆ بە ئەندازەی من، منت خۆشناوێ، هەرچۆنێك بێت تۆزێكت خۆشدەوێم ئەی وانییە؟ گەر ئەم هەستەم ڕاست نەبێ چاوەڕێ دەبم تا خۆشتدەوێم و ئەمەش بۆ من بەسە.
با تۆزێك منت خۆشبوێ، من تۆ دەپەرستم.
فریدا٢٣ی تەمووزی ١٩٣٥
*لە كولتووری مەكسیكیدا ناوهێنانی دایك سوكایەتییەكی گەورەیە.
٣
بە ئەندازەیەك بیرت دەكەم، دڵم دەهێنێتە ژان
نامە بۆ نیكۆلاس مۆڕای
نیكۆلاس مورای فۆتۆگرافەرێكی هەنگاری بوو، ساڵی ١٩٣٨ لە مەكسیك فریدای ناسی، پەیوەندییەكی جوان و بروسكە ئاسایان هەبوو لە كۆتایی ساڵی ١٩٣٨ تا نیسانی ١٩٣٩ پەیوەندیەكەیان بەردەوام بوو.
خۆشەویستم نیك
ئەم بەیانییە نامەكەتم بە دەست گەیشت، دوای چاوەڕوانییەكی زۆر. دڵخۆشییەكی زۆر دایگرتم تا ڕادەی گریان، تەنانەت بەر لە خوێندنەوەی نامەكەت.
بچكۆلانەكەم بۆم نییە گلەیی لە هیچ بكەم لەم ژیانەدا مادام تۆ منت خۆشدەوێ و خۆشمدەوێی،
ئەم ئەوینە ڕاستەقینەیە بەڕاستی جوانە، بە ئەندازەیەك هەموو ماندوویەتی و ئازارەكانمم بیر دەباتەوە تەنانەت ئەو مەودایەشم بیر دەباتەوە كە لە نێوانماندایە.
وشەكانت ئەو هەستانەی پێدام چەند نزیكم لێتەوە، كە وەختە گوێم لە پێكەنینەكانت بێ، بێگەرد و زۆر راستگۆن، ئەو پێكەنینەت كە تەنها تۆ هەتە و كەسیتر نا، ڕۆژ دەژمێرم تا گەڕانەوەم، یەك مانگی تر و ئیتر دووبارە پێكەوە دەبین.
ئازیزی من دەبێت پێت بڵێن خراپت كردووە كە چەكی پارەت بۆ ناردوەم بەبڕی٤٠٠ دۆلار، هاورێكەت بەڕێز ( سمیس) كەسێكی بێ وێنەیە دەستپێشخەرییەكی جوانی كرد بەڵام پێی بڵێ من چەكەكە خەرج ناكەم تا نەگەڕێمەوە بۆ نیۆرك و ئەو كات باسی دەكەین، ئەزیزم نیك تۆ باشترین كەسیكی من ناسیبێتم لە ژیانمدا، بەڵام گوێ بگرە خۆشەویستم من بە ڕاستی پێویستم بە پارە نییە ئێستا، هیشتا هەندێك پارەم ماوە كە لە مەكسیكەوە لەگەڵ خۆمم هێنابوون، من سۆزانییەكی زۆر دەوڵەمەندم، تۆ ئەوەت دەزانی؟ بەشی یەك مانگی تر پارەم هەیە، تكتی گەڕانەوەشم هەیە، هەموو شتێك لە ژێر كۆنتڕۆڵ دایە. ئەمەم بەڕاستە عەشقەكەم، گوناهە بێ هۆكار پارەكانت بەهەدەر دەدەی بۆ من، جگە لەوەش نازانی چەند سوپاسگوزارم كە دەتەوێ یارمەتیم بدەی، وشە ناتوانێ گوزارشت لە دڵخۆشیم بكات تەنیا لەبەر ئەوەی ویستوتە هاوكاریم بكەی، چونكە جوان و دڵبەری، دۆست و فیردەوسی من، نیك خۆشەویستم، ژیانی من، بچكۆلانەكەم، من تۆ دەپەرستم.
بەهۆی نەخۆشییەكەمەوە هەندێك كێشم لەدەست داوە، كە گەڕامەوە یەك فووم پێدا بكەی دەفڕم بۆ نهۆمی پێنجەمی هۆتێل لاسالی.
گوێ بگرە بچكۆلانەكەی من، هێشتا هەموو ڕۆژێك دەست لەو چراكەی سەر مێزەكە دەدەی؟ بیرت نەچی هەموو رۆژ دەستێكی لێبدە، بیریشت نەچێ لەسەر سەرینە بچوكەكەت بخەوی چونكە زۆرم خۆشدەوێ، كە بە ڕێگادا دەرۆیت بەدەم خوێندنەوەی تابلۆ و ئاڕاستەكانی سەر شەقامەكان كەس ماچ نەكەی ها، لەگەڵ خۆت هیچ كەس نەبەی بۆ (سێنتڕاڵ پارك)، تەنیا بۆ (نیك و شاتێل)ە، لە سەر قەنەفەی ئۆفیسەكەت كەس ماچ نەكەی، جگە لەبلانش هیز، كەسی تر با ملت نەشێلێ، تەنیا بۆت هەیە چەندت بوێ دایكت ماچ بكەی، گەر بەرگە دەگری لەگەڵ كەس سێكس مەكە، لەیەك كاتدا بۆت هەیە سێكس بكەی كە كچەكە ڕێبوار بێ، بەڵام بۆت نییە عاشقی بیت.
گەر لە دوای تەواو بوونی كارەكانت ماندوو نەبووی بە شەمەندەفەری كارەبایی یاری بكە، ئەحواڵی جۆ جینكس چۆنە؟ ئەی ئەو پیاوەی هەفتەی دووجار دەتشێلێت؟ ڕقم لێیەتی چونكە چەند سەعاتێك لە منت دەبات، بە باشی ڕاهێنانی شمشێربازی دەكەی؟ ئەی جۆرج چۆنە؟
بۆچی دەڵێی گەشتەكەت بۆ هۆلیود نیوە سەركەوتوو بوو. بۆم ڕوون بكەوە، خۆت لەكارەوە زۆر ماندوو مەكە گەر بۆت كرا.
چونكە ماندویەتی پشت و ملت ئەزیەت دەدات.
بە دایكت بڵی باش ئاگای لێت بێت و ناچارت بكات پشوو بدەی كە هەستت كرد زۆر هیلاكی، پێی بڵی كە من تۆم خۆشتردەوێ. تۆ خۆشەویست و دۆستی منی، كە لەو ناوەش نیم دەبێت لەهەموو كات زیاتر ئاگادارت بێت.
ملت زۆر دێشێ؟ ملیۆنان ماچ بۆ ملت، تا ئازارەكەت كەم بێتەوە، هەموو سۆز و دەست بازییەكانیشم دەنێرم بۆ جەستەت، لە سەرتەوە تا بنی هەردوو پێت، لێرەوە تا ئەوێ بست بستی جەستەت ماچ دەكەم.
فۆنۆگرافەكە بخە كار و بە درێژایی كاتەكەت گوێ لە گۆرانییەكانی ماكسین سیلۆڤان بگرە.
لەگەڵت دەبم و گوێ لە دەنگەكەی دەگرم، دەتوانم بتهێنمە بەر چاوم، لەسەر قەنەفە شینەكە ڕاكشاویت و سەرشانییەكەتت بەخۆت داداوە. دەبینم نیگات لەسەر پەیكەكەرەكەی نزیك چراكە گیر دەكەی، دەتوانم بەهار ببینم بەو ناوەدا هەڵبەزودابەز دەكات، گوێم لە پێكەنینەكەتە كە نیشان دەپێكی.
ئاه ئازیزی من نیك تا ڕادەی پەرستن عاشقتم، بە ئەندازەیەك بیرت دەكەم و پێویستم پێتە كە دڵم دەهێنێتە ژان.
٢٧ی شوباتی ١٩٣٩ فریدا
٤
من لەسەر هەسارەی ئازارم
نامەیەك بۆ ئەلیخاندرو گۆمێز ئاریاس
ئەلیخاندرو گۆمێز ئاریاس و فریدا هاوڕێی سەردەمی قوتابخانە بوون، ساڵی١٩٢٣ عاشقی یەكدی بوون، كۆمێز و فریدا پێكەوە بوون كە تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوون و فریدا بە سەختی بریندار بوو كە لە مردن نزیك بووەوە، لە ١٩٢٨ جیا بوونەوە.
بۆ ئەوەندە بە خوێندنەوە خۆت ماندوو دەكەی؟ ئەو نهێنییەی بۆی دەگەڕێی هەرچەند گەورە بێ ژیان هەر ئاشكرای دەكات و زۆر زوو دەكەوێتە بەر چاوەكانت. من بێ خوێندنەوە و نووسین پێشەكی هەموو شت دەزانم، ماوەیەكی كورت لەمەوبەر یان چەند ڕۆژێك لەمەوبەر كچۆڵەیەك بووم لە جیهانی ڕەنگەكاندا بەهەڵم دەبووم، بە جەستەیەكی ڕوون و قالبێكی تەواو، هەموو شت بۆ من وەك یارییەك بوو.
گەر قووڵی ئەو ئازارە بزانی كە زانین لەناكاو پێتی دەدات، وەك ئەو بروسكەیەی زەوی ڕووناك دەكاتەوە.
ئێستا من لەسەر هەسارەی ئازارم، وەك شەختە ڕوونە، دەڵێی من بە یەكجار و لەناكاو لە چركەیەكدا فێری هەموو شت بووم.
هاوڕێیان و هەڤاڵانم، هەنگاو هەنگاو بە ژن بوون، بەڵام من لەچەند چركەیەكدا.
ئیدی هەموو شت بۆ من بێتام و بێزاركەرە، ئێستا لە عەدەمیەتی بوون تێدەگەم، گەر شتێك هەبوایە ئێستا من زانیبووم.
فریدا. ئەیلول ١٩٢٦
سەرچاوە: رسائل فريدا كالو، ترجمة سيزار كبيبو، مطبعة دار النينوى، ديمشق سوريا