ڕەخنە، خوێندنەوە، تیۆر

ئەمەی دەیخوێننەوە وەڵامی (سمکۆ محەمەد)ی نووسەر و شاعیرە بۆ پرسیارێکی تەوەری ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری ماڵپەڕی ژنەفتن.

(١)

لەمانای سەرەکی تێرمەکەوە دەستپێدەکەم کە ڕەخنەیە، ئەم چەمکە واتە ڕەخنە، کۆمەڵگە بەگشتی و نووسەر بەتایبەتی ئەگەر لەنێو سیستمدا نەژیابن، ئەگەر بەو تێڕوانینە کە ھیچ شتێک پیرۆز نییە و ھیچ شتێک مەعسوم نییە و ھیچ شتێک لەدەرەوەی ڕەخنە نییە، مەحاڵە ڕەخنە درووست ببێت. ئەم تێرمە ئەگەر بۆ خوێنەری تێکستی ئەدەبی وەریبگرین، لە بنەچەدا جۆرێک لە چێژوەگرتنی خوێنەری تێکستە لەنێو فەزای خوێندنەوەدا، بەتایبەتی ئەوکاتەی جیاوازی یان بەپێچەوانەوە لێکچوون لەنێوان تێکستێک و تێکستێکی دیکە ئاشکرا دەبێت، یان جیاوازی لەنێوان تێکست و مانا و مەبەستی ئیستاتیکیدا ڕوون دەبێتەوە کە ڕەخنەگر یان خوێنەری تێکستە ئەدەبییەکە، بۆیە ڕەخنەگر وەکو باوکی دەقەکە و داھێنەرێکی ناوەوەی دەقەکە دەبینرێ.

ئەم تێرمە چونکە موڵک و بەرھەمی ڕۆژھەڵات و کۆمەڵگەیەکی وەکو کوردستانی نییە، کەواتە دەبێ ئەوە بزانین کە وەرگیراوە، بۆیە یان ناتوانین بەسەر دەقدا پراکتیکی بکەین، یان تەنھا بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی ئەدەبی و کایەکانی تر ناوی دێت، ڕەخنە لەنێو بیرمەندانی ڕۆژئاوا فرە مانای پێدراوە، چونکە دابەشی سەر چەند تیۆرێکی وەکو دەروونناسی و بونیادگەری و کۆمەڵناسی و ڕیالیزمی و ھتد کرا، ھەروەھا ڕەخنە لە فەلسەفەی ڕووت و ڕەخنە لە مەعریفەی سەرەتایی و ڕەخنە لە سەفسەتەبازی کە سەرەکیترین کێشەی یۆنانییەکان بووە لەسەرەتای سەرھەڵدانی فەلسەفەدا، ھاتۆتە بوون، ھەر ئەمەش بووە بەبنەمای درووست بوون و دەوڵەمەند بوونی ئەم تێرمە، دواتر دوای ئەم بنەمایە وەک ڕەخنە، مەسەلەی ئایین دێتە پێشەوە، ئیدی ڕەخنەگرەکانی ئایین کە ڕەخنە بووە لە سیستمی ژیان، تێڕوانینی خۆیان ھەبووە و لەوێوە دانانی یاسا لەبری پڕەنسیپەکانی ئایین وەکو مەرج دانراوە، دوای ئەم دابڕانە ئەدەبی و سیاسی و یاساییە، (قەشە ئۆگستین) کە لەژێر کاریگەری ئەفڵاتوون و ڕواقییەکان بوو، دژ بەو کەسانە وەستایەوە کە ھێرشیان دەکردە سەر کەنیسە و ڕاھیبەکان، بەپێچەوانەوە بەرگری لە شێوازێکی نوێی دەقی ئایینی دەکرد، بەڵام لەرۆژئاوا نموونەی (ژان ژاک ڕۆسۆ) یەکێکە لەوانە و دیکارتیش کەسێکی ترە کە بە سوکراتی دووھەم ناسراوە لە ڕۆژئاوا، ڕەخنەیان بەئاراستەیەکی دیکەدا برد، پاشان ڕەخنەی ڕادیکاڵی دێتە پێشەوە کە ئەمەش لە فەیلەسوفی بەناوبانگ (ئەمانوئێل کانت) ەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەویش ڕەخنە لە عەقڵی پەتی و ڕەخنە وەکوو بەھرەی حوکم و دامەزراندنی سیستمی عەقلانییەت لەبری ئایدیالیستی دەگرێت، پاش ئەوانیش فیورباخ کە فەلسەفەی تێر نەکرد، پاشان مارکس دێتە پێشەوە کە ڕەخنەکەی ڕیشەیی و پیشەیی بوو، مەبەست لە پیشەیی ئەوەیە کە ڕاستەوخۆی پەیوەندیی بە ژیانی خەڵکەوە ھەبوو، بۆیە بووە بنەمای ھەموو ڕەخنەیەکی ڕادیکاڵ لە بواری ئەدەبی و ئابووری و کۆمەڵناسیش کە (جۆرج لۆکاش و لوسیان گۆڵدمان و گاستۆن باشلار و ڕۆڵان بارت و جاک درێدا) و ھتد لێبەرھەمھات، پێشتریش فرۆید ھەبوو کە ڕەخنەی لە چەپاندنی غەریزەکاندا کۆکردبووەوە. 

ئێمە لەبەر ئەوەی نزیکین وەکوو ڕۆشنبیری و وەکوو سیستمی ئایینی، بۆیە کاریگەری ڕۆشنبیرانی عەرەبیمان لەسەرە، کەواتە کەسێکی وەکوو (تەھا حوسێن) وەردەگرم کە کۆمەڵناسێکی ناوداری کایەی ئەدەبی و فیکری عەرەبییە، پێیوایە ڕەخنە میتۆدێکی فەلسەفییە و ڕەخنەگر دەبێ داماڵڕاوبێت لەھەر شتێک کە لایەنگری ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو بێت، ئەگەر خاوەنی ھەر ئایدیایەک بێ بەتایبەت لەکاتی خوێندنەوەی دەقێک، ئەوا خوێندنەوەکە نەشاز و ناسرووشتی دەبێ، وەکوو ئەوە وایە لە قینی دەقنووسەکە ڕەخنەی گرتبێت، نەک بەرپرسیارێتییەکی ئەدەبی و فیکری. ڕۆڵان بارت پێیوایە ڕەخنە گوتارێکە لەبارەی خودی گوتارەوە، ئەمەیان بابەتەکە حوکمی لەسەر دەکات. ڕەخنەی دەرەکی ھەیە کە بریتییە لە تێڕوانینێک لە ڕەسەنایەتی بۆچوونەکە، ڕەخنەی ناوەکییش بریتییە لە تێڕوانینی خود لەبارەی پێکھاتە و ناوەڕۆکی بابەتەکە. لەراستیدا ڕەخنە بۆ خۆی بریتییە لە ھەڵسەنگاندن و پێوەردانان بۆ بەھای بابەتەکە، سا با ھەر بابەتێک بێت. 

ڕەخنەی ڕاڤەکاری بەپێی پێوەرێکە کە خوێندنەوەی یەکەم ھەڵدەستێت بە وروژاندنی دەقەکە و خوێنەری دووھەم کەڵکی لێوەردەگرێت، ئەمەش لەدەرەنجامی ئەو ئەزموونەیە کە خوێندنەوە لەرێگەی ڕاڤەی دەقەوە دەدرێت بە خوێنەری دووەم، بەو مانایەی کە خوێنەری یەکەم ھەڵدەستێت بە تەتەڵەکردنی کەموکوڕی و ئیشکالیاتی نێو دەقەکە، یان ئەو تێگەیشتنەی کە ئیستاتیکای دەق دەبینێت، وردتر و سەرنجڕاکێشترە. ئەمە لایەنێکی بابەتەکەیە، بەڵام لایەنی دووەم ئەوەیە شوێنەواری سایکۆلۆژی دەقنووس، یان دانەرە لەرێگەی ھێڵە باریکەکانەوە کە خەون و خەیاڵ دەدۆزێتەوە و دەیخوێنێتەوە. کەوابوو ڕەخنە تەنھا نیشاندانی دیوە نیگەتیڤەکەی دەق نییە وەک پێناسە کراوە، بەڵکو ئەو نھێنیانەیە کە ڕاڤەکارانی ئەدەب کە خوێنەری یەکەمە، پێشکەشی خوێنەری دووەمی دەکەن.

تەوەری ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری

ئەگەرچی ئەم چەرخە نوێیەی کە ئێستا تێیدا دەژین، چەمکێکی نوێی بەرھەمنەھێناوە و ھەر چەمکە کلاسیک و کۆنەکان بەکاردەھێنرێن بۆ ھەموو کایەکانی ژیان بەتایبەتی بۆ ئەدەب، بەپێچەوانەی سەدەی ڕابردوو کە دەیان چەمکی فیکری بەرھەمھات و بەسەر ئەدەبیشدا پراکتیک کرا، بابەتی ڕەخنەش وێڕای ئەوەی بەدرێژایی چەندین دەیە بە ھەڵە کاریپێکرا و تاڕادەیەکیش ڕووە نیگەتیڤەکەی وەرگیراوە کە ڕاست نییە، بەحوکمی ئەوەی بەکارھێنەرانی چەمکە فیکرییەکان خۆیان خاوەنی نیین، بۆیە خراپ و بەھەڵە بەکارھێنران لەنێو کایەی ئەدەبی و فیکری و نووسین، ئەمە ئەو دیاردەیە بوو کە چیتر نەیتوانی ببێتە ئامانجێک بۆ بابەتەکانی دیکەی ژیان، بەڵام لانیکەم توانی ببێتە ئامرازێک بۆ خاڵی کردنەوەی ئەو چەمکانەی کە پێشتر لەزۆربەی کایەکاندا ھەبوون و بە تایبەتی ئەدەب. ھەڵبەت ڕەخنەی ئەدەبی بۆ یەکەمجار لەلای یۆنانییەکان پەیدابوو و دوای ئەوە گوازرایەوە بۆ ئەسکەندەرییەی میسر و پاشان قوتابخانەگەلێکی جیاوازی لێ پەیدا بوون، دووبارە گەڕایەوە ڕۆما و کاریگەری لەسەر شاعیران و ڕەخنەگرەکانی دانا و ئینجا لەسەردەمی ڕێنیسانسدا دووبارە سەریھەڵدایەوە و پاشان لەسەردەمی کلاسیکی نوێدا دەرکەوتەوە. ئەوجا کاریگەری لەو لێکۆڵینەوە جۆراوجۆرانەی زانستە مرۆییەکان وەرگرت کە بەدیھاتبوون و سوودی لە بابەتگەلێکی نوێی وەکو کۆمەڵناسی و دەروونناسی و زانستە مرۆییە پێشکەوتووەکانی سەردەمی نوێ وەرگرت.

blank
ڕۆڵان بارت فەیلەسوف و ڕەخنەگری فەڕەنسی (١٩١٥-١٩٨٠)

رەخنەگر ئەو کارەی دەیکات دەبێتە ھەڵقەیەک لەنێوان تێکستە ئەدەبییەکە و خوێنەر، بۆ ئەوەی خوێنەر ئەزموون پەیدا بکات و بتوانێ تێکستەکە بنرخێنێ، یان لانیکەم بەرچاوڕوونی ھەبێت سەبارەت بە باگڕاوەندی و ساغڵەمی تێکستەکە، بەڵام بۆچوونێکی دیکە ھەیە کە ڕەخنەگر بەکەسێکی بەخیل و بەرچاوتەنگ و دڵڕەق ناسراوە لەلای دەقنووسەکان، بۆیە ھەوڵ دەدات ڕەخنە لەدەقەکە بگرێت و لە بایەخی دەقەکە کەمبکاتەوە، لەلایەکی دیکەوە وا ناسراوە کە بەرگری لەخودی ئەدەب دەکات و ئەدەب لە پاکێتی دەپارێزێ لەپێناو خۆشەویستی بۆ خودی ئەدەب خۆی، نەک خاوەنەکەی. بەڕووییەکی دیکەشدا شێوەیەکە لە ڕەخنەگرتنی کلاسیکی و لاسایکردنەوەی ڕابردوو، ئەم تیۆرە لەژێر کاریگەری دیالێکتیکیدایە کە گومانی ھەبوو لەوەی تێکستێک، ئایا ئەدەبە یان نا، بۆیە پێیان دەگوترێت مشەخۆر، چونکە ڕەخنە و ڕەخنەگر خاوەنی ھیچ بەرھەمێک نییە و تەنھا لەسەر بابەتی کەسانی دیکە دەنووسێت، بۆیە بەرھەمی کەسانی دیکەش بەو شێوەیە دەبینن. ڕستەیەکی بەناو بانگ ھەیە دەڵێ (ینقد من لایستطیع ان یبدع) واتە ئەو کەسەی ڕەخنە دەگرێ ناتوانێ داھێنان بکات.

بەڵام سەرەنجام ئەوەی کە ڕەخنەگر دەیکات، ئەوەیە کە شوناسی دەق و سەربەخۆیی و کاریگەرییەکان پشتی دەقەکە ئاشکرا دەکات، بەروویەکی دیکەشدا ڕۆحی نووسەر و ڕۆحی خوێنەر بەیەکتر دەگەێنێ لەرێگەی ڕەخنە یان خوێندنەوەکانییەوە بۆ دەقەکە، سا با ئەو دەقە ھەر بابەتێک بێت.

 بۆ نموونە تێکستێک کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە کۆمەڵگەوە ھەبێت، ئەگەر بواری ئەدەبیش بێت، دەبێت باسەکە خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسیانە بێت، ئەمە دەڵێم تەنھا بۆچوونی خۆم نییە، بەڵکو تێگەیشتنی (لوسیان گۆڵدمان)یشە کە سەرمەشقی ئەو شێوە تیۆرەیە بۆ ئەدەب، یان ھەر ڕێبازێکی دیکەی ئیستاتیکی و ڕەگەزە ئەدەبییەکانە کە ئەرکی نووسەر و بەرھەمھێنانی بابەتەکە و یاسا گشتییەکان دیاری دەکات. گۆڵدمان کە لەژێر کاریگەری جۆرج لۆکاش بوو بۆ تێڕوانینی کۆمەڵناسیی ئەدەبی، پێیوایە نووسەر بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕیالییەتییە چینایەتییەی کە تێیدا دەژی و لەبونیادی زەینی خۆیدا ڕەنگدەداتەوە، دواتر لەنێو دەقێکی بەرھەمھاتووی ئەدەبی و ھونەریدا، جیھانبینی ئەو گروپە کۆمەڵایەتییە دەخاتەڕوو کە خۆی تێیدا دەژی.

ڕەخنەی ئێمە کە پشتی بەھیچ فیکرێک نەبەستووە کە لە کوردەواریدا سەرچاوەی گرتبێت، ھەتا ئەم ئاستەش نەڕۆیشتووە کە لانیکەم بۆ سەرچاوەکانی بەرھەمەکە بگەڕێتەوە، یان لانیکەم ئاوڕێک لە ڕابردوو بداتەوە، یان سازش دەکات، یان کوێرانە ھێمای ئێکس بەسەر دەقەدا دەدات، واتە ھێڵێکی ڕاست و چەپ بەسەر دەقەکەدا دەدات.

ڕۆلان بارت لە کتێبی ڕەخنە و ھەقیقەتدا سەبارەت بە جیاکردنەوەی ڕەخنەی کۆن و نوێ دەڵێ” ھەوڵدان بۆ لێکۆڵینەوەی پێکھاتەی بەرھەمە ئەدەبییەکان کارێکی گرینگە، ھەندێک لێکۆڵەرەوە لەسەر بنەمای ئەو شێوازانەی کە ڕەخنەی کۆن ھیچ قسەیەکیان لەسەر ناکات، ئەو کارەیان ئەنجامداوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕەخنەی کۆن بانگەشەی ڕێزگرتن لەپێکھاتەکان دەکات، بەبێ ئەوەی دەستی دابێتە پێکھاتەگەرایی (ئەو وشە گەندەڵی خوڵقێنەی کە دەبێ زمانی فەرانسی لێ پاک بکرێتەوە)، ھیچ گومانێک لەوەدا نییە کە دەبێت کۆمەکی خودی بەرھەمەکە بەرھەمێکی تر بخوێنێتەوە، بۆیە ڕەخنەی کۆن لە ئاست بینین و بەکارھێنانی ھێماکان، واتە ھاوژینی ماناکان لاواز و کوێرە، لەڕوانگەی ئەو ڕەخنەیەوە ھەر ئەوەندەی ھەنگاو بەسەر کارکردە بەرتەسک و دانایی ئامێزەکانی زماندا ھەڵبھێنرێتەوە، ئەم کارکردە ھێماگەرە گشتگیرەی بواری درووستکردنی بیرۆکە و وێناندنەکانی، بەرھەمێک فەراھەم دەکات سنووردار و بەرتەسک و سانسۆر دەکرێت. ڕەخنەی ئێمە کە پشتی بەھیچ فیکرێک نەبەستووە کە لە کوردەواریدا سەرچاوەی گرتبێت، ھەتا ئەم ئاستەش نەڕۆیشتووە کە لانیکەم بۆ سەرچاوەکانی بەرھەمەکە بگەڕێتەوە، یان لانیکەم ئاوڕێک لە ڕابردوو بداتەوە، یان سازش دەکات، یان کوێرانە ھێمای ئێکس بەسەر دەقەدا دەدات، واتە ھێڵێکی ڕاست و چەپ بەسەر دەقەکەدا دەدات. خۆ ئەگەر لەوەش ترازا  و کەسێک خوێندنەوەیەکی جددی بۆ تێکستێک کرد و پشت و ناوەوەی دەقەکەی ئاشکرا کرد، ئەوا دوژمنێکی سایکۆلۆژی بۆ خۆی پەیدا کرد، چونکە وەکو دیدگایەکی فیکری تەماشا ناکرێت. ئەدەبیاتی کوردی خاڵییە لە ڕەخنە، چونکە پراکتیک کردنی ڕەخنە بەسەر دەقێکدا، زانست و سیستم و میتۆدی گەرەکە، نەک کێشەی نەتەوە و کۆکردنەوەی جوانی لە گوتار و مەبەستدا بۆ بەتاڵ کردنەوە و حەماسەت و سۆز بۆ کێشەیەکی سیاسی، نەک کێشەی ئەدەب وەکوو ھونەر. باشترین نووسین بۆ ڕەخنە لە ئەدەبیاتی کوردیدا، کتێبەکەی دکتۆر عزەدین مستەفا ڕەسوڵ ە بەناونیشانی (ریالیزم لە ئەدەبی کوردی) کە بەزمانی عەرەبی نووسراوە،چاپی یەکەمی لە وڵاتی لوبنان بووە و وەکو میتۆد لە زانکۆکان دەخوێنرێت و وەکو سەرچاوە کەڵکی لێوەردەگیرێت، ئەمەش لەبری ئەوەی نووسەر ڕابھێنێ لەسەر ڕەخنە و نووسین و ناسینەوە و یەکلاکردنەوەی دەقی خۆماڵی و ئەوانی تر، کەچی خوێنەری فێرکرد ئەدەب دووچاری پەیوەست گەرایی بکات بەو فەزایە.

(٢)

 تیۆر، بابەتێکی ھەستیاری فکرییە کە پێدەچێ لەمدواییەدا کەمتر بایەخی پێدرابێت لەفەزای ئەدەبیدا، بەتایبەتی لەرۆژھەڵات، یان لە دونیای ئەدەبی و نووسینی کوردیدا، بەڵام کارەکە لەمێژە ھەیە و ھیچ کەلێنێکیشی بۆ ئیستاتیکا و ھونەرەکانی دیکەی ئەدەب نەھێشتۆتەوە، بەو پێیەی کە دەیان بیرمەندی ئەم بوارە بەم کارە ھەڵساون.

(رۆمەن یاکۆپسن) ی زمانناسی ئەدەبی ڕوسی، پێیوایە بەکارھێنانی تیۆر، بەمانای گەنجبوونەوەی دەق دێت، سەرھەڵدانی ئەم چەمکە فکرییە بە ڕێوڕەسمێکی مێژووییدا تێپەڕیوە و لقی جیاوازی لێبۆتەوە.

قسەکردن لەسەر تیۆر شتێکی ئاسان نییە، چونکە پێناسەی جۆراوجۆری ھەیە، یەکێک لەو پێناسانەش بریتیین (لەوەسف یان مانای گشتی بۆ دەق)، سا با ھەر دەقێکی ئەدەبی بێت، گرینگ ئەوەیە پێناسەیەکی دیکە ئەوەیە کە بریتییە (لە لێکۆڵینەوە یان شیکردنەوەی تێکستێک بەرمەبنای فکرێکی دیاریکراو)، یان تێکستێکی ئەدەبی و فۆلکلۆری یان زانستی و ھتد، لەپێناسەیەکی دیکەدا کە من خوێندوومەتەوە، (رۆمەن یاکۆپسن) ی زمانناسی ئەدەبی ڕوسی، پێیوایە بەکارھێنانی تیۆر، بەمانای گەنجبوونەوەی دەق دێت، سەرھەڵدانی ئەم چەمکە فکرییە بە ڕێوڕەسمێکی مێژووییدا تێپەڕیوە و لقی جیاوازی لێبۆتەوە. وەکو توێژینەوە لەزمانناسی و ئەنتۆڵۆژی وایە، ئەم تێڕوانینە فکرییە ھەریەک لە (لیڤی شتراوس و تەزفیتانت تۆدۆرۆف) سەرمەشقی بوون، بەو پێیەی کە زۆربەی چەمکە فەلسەفییەکان سەرچاوەکەی ئەسینایە، بۆیە یەکەمین جار کەسێک کە زاراوەی تیۆری بەکارھێناو (ئەفڵاتۆن) بووە، ئەویش بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر سیستمی دەوڵەت کە ئەوکات بەدەوڵەتشار ناوینراوە، دوابەدوای ئەویش (ئەرستۆ) بۆ ھونەر و ئەدەب و سیاسەت کاری پێکردووە، دواتریش لەسەردەمی ڕێنسانسدا کەسێکی وەکو (فرانسیس بیکۆن) و دواتریش (دیکارت) لەسەدەی حەڤدەھەم لەبواری عەقڵ و ئاشکراکردنی ھەقیقەت و لەبواری زانستدا کاری پێکراوە، لەدوای ئەو کەسێکی وەکو (ئەمانوئێل کانت) لەبوارەکانی ئەخلاق و سیاسەت زاراوەی تیۆری بەکارھێناوە، دوای ئەویش (کلۆد بێرنار) کاری بەتیۆری واقیعیانە کردووە. تیۆر یەکێکە لەو شێوە زانستانەی کە بەنەفعی خۆی دەگەڕێتەوە، ئەمەش بەئەزموونگەرایی لەزانستێکی دیاریکراودایە. بەڵام ھەموو فەیلەسوفەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە تیۆر کارێکی زەحمەتە و زۆرجار بەرھەمی ڕاستەقینە و کۆنکرێت بەدەستەوە نادات و ڕێگە بەبۆچوونی دیکە دەدات.  

لەسەرووی ھەموو ئەو تێڕوانینانەوە، تیۆر ڕێکارێکە بۆ توێژەر، یان نووسەری بابەتێکی فکری بۆ کۆکردنەوەی مەعریفەیە لەسەر ھەر بابەتێک بۆ پۆلین کردن، پاشان شیکردنەوەی سرووشتی بابەت و دیاردەکە بەسەر توێژەردا دەسەپێنێ کە پێویستە چ تیۆرێکی فیکری بەکاربھێنێ، تاکو ئامانجەکە بپێکێ، وردتر بڵێم تیۆر بریتییە لە پڕۆسەکانی سەرنجدان و وردبوونەوە و بەدەستھێنانی زانیاری و کۆکردنەوەی ئەو داتایانەی کە لەرێگەی جیاوازەوە بەدەستھاتوون، دواتر پۆلینکراون و شیکردنەوەیان بۆ کراوە، ھەروەھا ھەوڵێکە بۆ شیکار و تۆماری دیارکراوی بابەت و چاوپێکەوتنی ئەو کەس و لایەنانەی کە گرێدراوی بابەتەکەن، کە دەڵێین سەبارەت بە ئەدەب مەبەستمان لەوەیە کە پێناسەیەکی گشتگیری سیستماتیک ھەبێت بۆ ئەدەب، وەکو نووسین و وەکو ناسینی سروشت کە لەئەدەبدا وێنا دەکرێت.

تیۆر لەسەر بنەمای بەرھەمی ئەدیب و خودی دانەر و دەق لێکدانەوە دەکات، لەوێشەوە بۆ مانا سۆسیۆلۆژییەکەی کە زمان و مەبەست و پشتی ئامانجی دەق و گوتارەکەیەتی، ئەمە لە کاتێکدا کە ڕێنیسانس گەشەیەکی تەواوی بە یەکێتی نێوان ستایل و جەوھەری دەق دا، لەوێدا کە دەق وەکو نموودی خۆی و جەوھەریش وەکو مەبەست و ئامانج لە گوتاری دەقەکە. ئینجا بۆ دەقنووس کە ئەرکی چییە لەو گوتارە و لەو مەعریفەیە و لەسەر چ بنەمایەک بۆتە وەزیفەی دەقنووس. ڕۆلان بارت لە کتێبی نووسین و ڕەخنەگرتن دەڵێ: مەعریفە بە سروشت وادەکات زمان فراوانتر و کراوەتر بێت، ئەویتر توێژینەوەیە لەبارەی بەرھەمھێنانی شێوازی ئەدەبی ئەرستۆکراتی، ھەروەھا مەرجی قەیرانی مێژووییشە، ئەمڕۆ دەکاتەوە بە سبەی، چونکە مەبەستی ئیستاتیکی و ڕێکخستنەوەی بابەتەکان تەواو ناکات، ئەم زمانە پێشکەوتووترە، بەومانایەی ئەمڕۆ مێژوو دەپچڕێنێ لەنێوان خەتی نووسەری کۆمەڵایەتی و ئەو پێداویستیانەی کە لاسایی دەگوازێتەوە، ئێمە شاھیدی ئەوەین کە لەسەردەمی سەرھەڵدانی بونیادگەری وەکو تیۆرێک بۆ فراوانکردنی تێگەیشتن لە ئەدەب وەکو فەزایەکی کراوەتر لە کایەکانی تر، ھەروەھا فراوانکردنی ڕەخنە بوو لەو ئەدەبەی کە بەبێ ئاگاھی لاسایی کەرەوە بوو. ھەروەھا بزووتنەوەیەکی فکری بوو لە بوارەکانی ئەنترۆپۆلۆژیا و سۆسیۆلۆژیا و مێژوو بە گشتی، لەوێشەوە بە شێوەیەکی تایبەت بۆ زمان، کە مەبەستە ھەرە ئاشناکەی لێکۆڵینەوە بوو لە سیستمی دەلالی بۆ ئەدەب، واتە لە بەکارھێنانی موفرەدەیەک، مانایەک ھەبێت، وەکوو ئەوەی جاک لاکان باسی دەکات، سەرەنجامیش تێگەیشتنێک درووست بوو کە ڕۆڵی ئەدەب تەنھا لەوەدا قەتیس نەکرێت، خوێنەر ڕازی بکرێت بە چێژ وەرگرتن لە دەق، ئەمە وەکو تێرم، یان مانایەک بێت بۆ بەرھەمھێنانی دەق، بەڵکوو مەبەستێک بێت لە واتایەک کە بایەخێک بە توانای خوێنەر بدات و لەوێشەوە پەیوەستگەرایی بە خوێنەر بدات و دانەر موحاسەبە بکات لەسەر ستایل و ئامانجی دەق. بەڵام سەرەنجام من بۆ خۆم نەمبینیوە و نەمخوێندۆتەوە دەقێک بە تیۆر یان بەرمەبنای تیۆرێکی دیاریکراو خوێنرابێتەوە، یان ڕەخنەکاری تیاکرابێت، لەھەموو حاڵەتێکدا دونیای ئەدەبی و ڕۆشنبیریی کوردی خاڵییە لەم بابەتە زانستییە ئەدەبییە. مەگەر کڵێشەیەک نووسرابێتەوە بۆ دەقێکی بیانی و نووسەر و ڕەخنەگرە کوردەکەش پراکتیکی کردبێتە سەر دەقێکی کوردی، کە من دەتوانم دەیان نموونە وەکو ناو و وەکو تێکست باس بکەم، بۆیە کە دەیخوێنینەوە تەنھا بۆ جوانکردنی جامخانەی ئەدەبەو ھیچی تر.

(٣)

دوای ئەم سەردەمە مێژووییەی ڕەخنە، ئیدی میتۆد گەشەی سەند و ڕەخنە بەجێگای ئەوەی وەکو تێرمێکی وشک بمێنێتەوە، بوو بە یەکێک لەئامرازەکانی فشار بۆ سەر کەسانی کورتبین و چوارچێوەدار لە فەزای ئەدەبیدا کە بووە کایەیەکی فراوان، ئەویش خوێندنەوەی دەقە لەبری ڕەخنە لە دەق، ھەرئەمەیە کە ماناش لەفاکتە کۆمەڵایەتییەکانی نێو ئەدەب کەوتە بەر ڕەخنەی جددی، یان خوێندنەوەی ھەڵوەشاندنەوەگەرایی.

بەپێی ڕەخنەگرە ھاوچەرخەکان بێت کە نموونەی سێ جور ڕەخنەمان بۆ لەیەکتر جودا دەکەنەوە، لەئاستی ڕەخنەییدا مانا گرینگییەکی بەرفراوانی ھەیە، چونکە ئەدەب بەگشتی بەدوای مانادا دەگەڕێت، بەتایبەت ئەدەبی گەلانی ڕەسەن کە کاریگەری لەسەر نەتەوە و گەلانی دیکەدا ھەیە، بۆ نموونە کاریگەری ئەدەبی عەرەبی لەسەر فارس و کورد، ئەدەبی ئینگلیزی لەسەر فەرانسی و ئەوانی تر، بەڵام ھەموو ئەو ئەدەبە جیاوازانە لەڕووی زمانەوە، نەیانتوانی مەسەلەی کاریگەری زمان و داستان و تێگەیشتن بۆ ئەدەب ڕزگاریان بێت و خۆیان یەکلایی بکەنەوە.

جیاکردنەوەی بابەت و تیۆری ڕەخنەیی وەکو سۆبژێکتێکی ماتماتیکی و کۆکردنەوەی مانا، لەنێو دونیای ئەدەبیاتی کوردیدا نەک ھەر کاری پێنەکراوە و نەبۆتە تێگەیشتنی فیکری بۆ دەقی ئەدەبی، ھەروەھا نە لەکردارەوە تووشی پەرچەکردار بووە و نە ھەڵوێستێکی ڕەخنەگرانەی ھەبووە لەبەرامبەر فەوزای تێکستی ئەدەبی کە من ئەم مەسەلەیە بەدەستێکی سیاسی دەزانم

جیاکردنەوەی بابەت و تیۆری ڕەخنەیی وەکو سۆبژێکتێکی ماتماتیکی و کۆکردنەوەی مانا، لەنێو دونیای ئەدەبیاتی کوردیدا نەک ھەر کاری پێنەکراوە و نەبۆتە تێگەیشتنی فیکری بۆ دەقی ئەدەبی، ھەروەھا نە لەکردارەوە تووشی پەرچەکردار بووە و نە ھەڵوێستێکی ڕەخنەگرانەی ھەبووە لەبەرامبەر فەوزای تێکستی ئەدەبی کە من ئەم مەسەلەیە بەدەستێکی سیاسی دەزانم و لێرە بواری ئەوەم نییە قسەی زۆر لەسەر بکەم، بۆیە بەپێچەوانەوە ڕەخنە لەنێو ئەدەبیاتی کوردیدا بەدوای دۆزینەوەی جیھان لەنێو مانا و گۆڕینی تێکست بۆ مانایەکی دیکە نەگەڕاوە، چونکە نە ڕەخنەگر بوونە و نە خوێنەری دەق، بەڵکو بەھەمان شێوەی پێشوو دابەشی سەر سێ جۆری جیاواز لەیەکتر کراوە کە دوورە لەم تێگەیشتنەی لەسەرەوە باسمان کرد، ئێستا دێینە سەر نموونەکانی ڕەخنە:

نموونەی یەکەم: ڕەخنە لێرەدا بەو مانایە دێت کە دەقی کوردی لەژێر کاریگەری ڕەخنە لدونیای عەرەبیدا ھاتۆتە ئاراوە، ئەویش ستایلی بە گواستنەوەی سروشت واتە (انطباعیە) کاریگەرە، ئەوەی کە ھەموو شتێک لەچێژدا کۆدەکاتەوە، یان پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و مەحسوبیەت زاڵە بەسەر دەقە ڕەخنەییەکەدا، لەنێو عەرەبدا نموونەی (سەید قوتبمان) لەبەردەستە کە لەسەر کارەکانی (نەجیب مەحفوز) نووسیویەتی، ھەروەھا (محەمەد مەندور) کە قوتابی (تەھا حوسێن) بوو، بەبیانوی ئاشکراکردنی دەلالەتی زمانەوانییەوە، قسەیان لەسەر کارەکان دەکرد، من ئەم بابەتانەم لە فکری ئەدەبیاتی عەرەبیدا خوێندۆتەوە.

ئەو خوێندنەوانەی کە بۆ ھەندێ تێکستی شیعری و ڕۆمانی کوردی کراوە لەلایەن خوێنەرە کوردەکانەوە، ھیچ پێوەرێکی ئەدەبی و فکری نایانگرێتەوە، چونکە ئەسڵەن کورد خاوەنی فەزایەکی کراوەی فیکری نییە، تاکو ڕەخنە قبوڵ بکات، یان لانیکەم زەمینە خۆش بکات ڕەخنە لەدەقێک بگیرێت بەبێ ھیچ بیانوویەک و تەنھا لەپێناو ئەدەب بێت.

وەکو ڕوون بۆتەوە کە ڕەخنە لەگەڵ چەمکی خوێندنەوەدا تێکەڵ کراون، ئەمە لەکاتێکدا کێشەی ئەدەب و ڕوشنبیریی کوردی کە بۆشاییە، ئەوەیە کە خاڵییە لە ڕەخنە و خوێندنەوەی جددی بۆ تێکست، چونکە ئەدیبی کورد قبوڵی ڕەخنە و خوێندنەوەی تێکست ناکات بەمیتۆدە جیاوازەکانی دوای ھاتنی چەمکی مۆدێرنە بۆ نێو ئەدەبیات، بەتایبەتی میتۆدی ھەڵوەشاندنەوەگەرایی، لەکاتێکدا مۆدێرنە خۆی ھاوردەیەکی ئاڵۆز و مەترسیدار بوو بۆ نەتەوە بێ چەمک و دور لە فیکرەکانی وەکو کۆمەڵگە ڕۆژھەڵاتییەکان و بەتایبەتی کورد.

نموونەی دووەم: ئەو ڕەخنەیەیە کە لەدونیای ڕۆژئاواییەوە ھاتووە و ئەدیبی کورد کاری پێدەکات، ئەویش خوێندنەوەی تێکستە بەپێی میتۆد و لەوانەش بونیادگەری کە شێوەیەکە لە شڕۆڤەکردن بەوێنەی بیرکاریانە و ئەندازەییانە بۆ زمان، بەو پێیەی کە بوونی تێکست خۆی وەڵامی پێدراوە تیۆرییەکانە، مەبەستم لە تێکست بونیادی ئەو چیرۆک و داستان و حەقایەت و شیعرانەیە کە نەنووسراونەتەوە، لەحاڵێکدا ڕەخنە تێڕوانینێکە لەو دەقانەی کە ڕەنگدانەوەی سایکۆلۆژیا یان شوناسی ڕاستەقینەی دەقنووسە. کەچی پێچەوانەکەی ڕاستە کە ئەلیوت گوتوویەتی(شیعر دەربڕینی سۆز نییە، بەڵکو ڕاکردنە لەسۆز.)

نموونەی سێھەم: لەوێدایە کە بەنێو تێکستدا بەدوای ئیستاتیکادا دەگەڕێ بەبێ لەبەرچاوگرتنی فەزای فیکری خودی دەقنووس، بەبێ شیکاری بۆ (چی گوتن) کە لەگوتاردا دەرکەوێت، ئایا ئەو دەقانەی کورد ھەیەتی خود نووسینەوەیە، یان بەپێچەوانەوە. لەحاڵێکدا ئەم تێگەیشتنەش کە ناوی نراوە خود نووسینەوە، لەزۆربەی تێکستەکاندا دیار نییە و بانگەشەی ئەوەی بۆکراوە، ئەمە بەنیسبەت ئەدەبێک کە ناوی ئەدەبی ژنانی لێنراوە وێرانترە، چونکە خود نووسینەوە ئەو تێگەیشتنەی لەلای ژنان درووستکردووە کە لەجیاتی خودێتی خۆیان، نمایشکاری جەستەی خۆیان بن و سێکسیان نووسیوەتەوە، وەکو کاڵایەک بن، یان وەکو ڕیسک کردن لەو سانسۆرەی کە ڕێگە لە بەکاڵابوونی دەگرێت لە ئاستی فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی و ورووژاندنی پیاو، چونکە پیاو وەکو ڕەگەزێکی جیاواز لەگەڵ ژن، بەو شێوەیە تەماشای ئەو جۆرە خود نووسینەوەیە دەکات، بەوپێیەی کە کۆدی ئەو نووسینانە لەوێوە ئاشکرا دەبێت، ئەمەش لەچەپاندنی کۆمەڵگەوە سەرچاوەی گرتووە کە ھیچ زانیارییەکیان لەبارەی سێکسەوە نییە بۆ ھەردوو ڕەگەزەکە. بۆیە کاتێک واتای ئەو نووسینەوانە دەبێتە مایەی ڕاکێشانی خوێنەر لەرێگەی جەستەوە، ڕوونتر بڵێم ئەو نووسینانەی کە بەزمانێک ئاراستەی پیاو کراوە و لە وێنەی سێکسی بەولاوە ھیچی تر نیین و ناچنە خانەی داھێنانەوە، بۆیەش جگە لەپیاوان لەدونیای ئەدەبدا، ژن نییە بەدەقی ژنێکی دیکە سەرسام بێت و خوێندنەوە بۆ دەقەکە بکات، ئەمە جگەلەوەی کە تەنھا پیاو لەئەدەبی کوردیدا خوێنەری دەقە بەمانا تیۆرییەکەی، ئەم فەزایەش کارێکی وەھای کردووە کە دەقی کوردی چ شیعر و چ ڕۆمان و چ چیرۆک و ھتد مانایەکی نوێمان پێنەبەخشێ، یان لانیکەم نەتوانێ ڕیسک بکات و دوور بکەوێتەوە لەدەقی بیانی، یان ئەدەبی دراوسێکانی دونیای ئەدەبیاتی کوردی وەکو فەڕوغ فروخزادی فارس، یان (غادە سەمان و ئەحلام موستەغانمی و لەیلا عوسمان) ژنە ڕۆماننوسی عەرەبن، چونکە ئێستا ژنگەلێکی دیکەی داھێنەر لەدونیای ئەدەبیاتی عەرەبی و فارسیدا دەرکەوتوون، دەرکەوتنی ژنانی ئەدیبیش دوو بەشن، بەشێکیان ئەوانەن کە خۆڕسکن و بەتوانای خۆیان داھێنانیان کرد وەکو (نازک ئەلملائیکە)، ئەوانی دیکەش ئەستێرەی درۆزنن کە لەبەر تیشکی میدیای سیاسەت و دەسەڵات دەبن بەناو، چونکە تواناکەیان ئاسایی و سنووردارن و ھەندێکجار لە دەقەکانیاندا دەردەکەوێ. بەھەرحاڵ چونکە کورد کۆپی عەرەبە و ئەوانیش لەنێو سیستم نەژیاون، بۆیە ھەم دەرکەوتەیەکی نوێ نابینرێت، ھەم ڕەخنەگرەکانی ناتوانن ڕەخنە وەکو کردەیەکی فیکری و ئەدەبی فەزاکە وەربگرن، ئەمە دەردەسەرییەکەی فەزای بیرکردنەوەی ئەم کۆمەڵگەیەیە بە ڕۆشنبیر و سیاسی و خەڵکی عەوامییەوە.