ڕەخنەی داهێنەر، ڕەخنەی خەسێنەر

خەسارناسی ڕەخنەی ئەدەبیی لە کوردستان

ئەم  وتارە، وەڵامی (محەمەد موەفەقی)ی شاعیر و ڕەخنەگرە بۆ پرسیارێکی (تەوەری ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری) ماڵپەڕی ژنەفتن.

یەک: وەک ئەزانین چەمکێکی وەک ڕەخنە بە گشتی و ڕەخنەی ئەدەبیی بە تایبەت بەرهەمی شۆڕشێکی فیکرییە لە ژێر ناوی عەقڵی ڕەخنەگرانەدا. ئەندێشەی ڕەخنەگرانەش لە ئەساسدا دەستکەوتی فەلسەفەی ڕۆژئاواییە. کەواتە ئاخێزگەی ڕەخنەی مودێڕن بە مانا هەنووکەییەکەی لە خاڵێکی بنەماییەوە دەس پێدەکات؛ عەقڵی ڕەخنەگرانە عەقڵێکی گومانساز و پرسیارکەرە، بەرەنگاری هەر چەشنە یەقین و متمانەیەکی جەوهەریی دەبێتەوە لە پێکهاتەی زەینیی و پانتایی فیکریی مرۆڤی هەر سەردەمێکدا. بە پێچەوانەی عەقڵی ڕەخنەگرانە کە لە سەردەمی ڕۆشنگەریی بەملاوە فەلسەفەی ڕۆژئاوایی خستووتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، لای ئێمە عەقڵانییەتێکی ئایینی و ئیدئۆلۆژیک زاڵ بووە، عەقڵی ئایینیش وەک ئەزانین هەڵگری نێوەڕۆکێکی باوەڕتەوەر و دژەگومان بووە و بە شێوازێکی چەقبەستوو لەسەر یەقینێکی ئەزەلی و نەگۆڕ ڕاوەستاوە. عەقڵی ئیدئۆلۆژیک بە پێچەوانەی عەقڵی ڕەخنەگرانە بەرهەڵستی هەر چەشنە گومانێک و دژەمتمانەیەک دەبێتەوە کە درز یان خود کەلێنێکی مەعریفی بخاته ناو پێکهاتەی یەقینی سووژەی باوڕمەندەوە و بەردەوام ڕێگر بووە لە بەردەم سازکردنی کۆمەڵێک پرسیاری جەوهەرییدا کە بەرەوڕووی بکرێنەوە. عەقڵی ئیدئۆلۆژیک، عەقڵێکی دژەگومان و دژەپرسیارە و هەر هەوڵێک بۆ شێواندنی ڕۆخساری ئەو حەقیقەتە تاقانە کە دەرکەوتەی یەقینێکی مێتافیزیکییە، وەک بابەتی تابۆ و حەرام چاولێدەکا و ڕێگە بە سەرهەڵدانی سووژەیەک لە چەشنی سووژەی دێکارتی نادات کە بەردوام بە چاوی شک و گومانەوە بەرەوڕووی هەر چەشنە چەمک و دیاردەیەک دەبێتەوە. بەم پێیەش ئاساییە کە ڕەخنەی ئەدەبی لە ڕۆژئاوا بە شێوازێکی بەرچاو پەرە بسێنێ یان  گەشە بکات و لەم جوگرافیا بێسەروبەرەی ئێمەشدا هەر دەنگێکی جیاواز کە پێچەوانەی ڕەوتی باو و تا هەنووکەیی بێ، لە خشته ئەبرێ و بەردەوام هەوڵێکی ترسناک بۆ پەراوێزخستن یان خود سڕینەوەی هاتووەته ئاراوە.

تەوەری ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری

هەر بۆیەش بە درێژایی مێژوو ئەوانەی لەو ڕێبازە چەقبەستووە لایان داوە وەک لادەر یان خوارج ناویان لێ ئەبرێ و بەرەو ڕووی جۆرێک لە ئێلحاد و تەکفیر ئەبنەوە. مەرج نییە ئەم ئێلحاد یان تەکفیرە تەنیا لە ڕووی ئایینییەوە بێ و تەنیا هەڵگری ڕەهەندێکی ئیدئۆلۆژیک بێت، کاتی خۆی نیما یان گۆران وەک دوو کەڵە شاعێر کە لە سەردەمی خۆیاندا زۆر بوێرانە و پێشەنگخوازانە دەسیان دایە تازەگەریی و نوێکردنەوەی ڕەوتی شێعری کلاسیکی فارسی و کوردی، لە لایەن زۆربەی کۆنەپەرستانی ئەو سەردەمەوە بە هەمان شێواز تەکفیر کران و بەرەوڕووی زەختێکی کوشندە بوونەوە؛ کەواتە هێژمۆنی عەقڵی ئیدئۆلۆژیک هەموو بوار و ساحەیەکی ژیانی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی وەها تەنیووەتەوە کە تەنانەت پانتایی هونەر و ئەدەبیش لەم شێوە هەڵسووکەوتە تەکفیرخوازانە بێبەری نەبووە و لەهەر کوێ هەستی بە مەترسی یان لێژبوونی پلەوپێگەی قودسی خۆی کردبێ، هەمان میکانیزمی خستووەتە گەڕ بۆ سڕینەوەی هەموو ئەو دەموچاوانەی کە ئاڵاهەڵگری تازەگەریی و ڕچەشکێنی ڕێگە و ئاقاری ئەزموون نەکراو بوونە. هەر بۆیە دەرباز بوون لە بازنەی عەقڵی ئیدئۆلۆژیک بە درێژایی مێژوو کارێکی ئەستەم بووە و گرێدراوی هەمان بابەت و سازوکاری تەکفیر بووگە. چوون عەقڵی ئیدئۆلۆژیک بۆ مانەوەی خۆی بووەته هاوپەیمانی دەسەڵاتی سیاسی و پاڵی داوەتە ئوتۆریتەیەکی سیاسییەوە و دیسکۆرسی دەسەڵاتیش بۆ شەرعییەت و حەقانییەتی خۆی بەردەوام پەنای بۆ ساحەی عەقڵی ئیدئۆلۆژیک بردووە و لە ڕاستیشدا نەزۆک بوونی ئەندێشەی ڕەخنەگرانە لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکاندا بەرهەمی دانوستان و ڕێککەوتنی دەسەڵاتی سیاسی و عەقڵی ئیدئۆلۆژیک بووە کە پێکەوە ڕێگر بوونە لە بەردەم سەرهەڵدانی هەر چەشنە پرسیارێکی گومانساز و دژەیەقیندا. ئەم بە کۆسپ و ئاستەنگ بوونەش تا ئەو ڕادەیە بووە کە کەمتر کەسێک وێراویە بپەرژێته سەر کۆمەڵێک بابەتی مەعریفی لە هەمبەر ئەو حەقیقەته خەیاڵییە کە خۆی وەک ئەمرێکی نەگۆڕ و بەڵگەنەویست سەلماندووە.

بەداخەوە زۆربەی ئەو یاداشت و وتارانەی کە بە ناو ڕەخنەوە لە کوردستان چاپ‌ و بڵاوئەکرێنەوە یان زۆر خەسڵەتی سەلیقەییان پێوە دیارە و ڕەخنەگر بە کەیفی خۆی نووسیوویە یان زۆر چوونەتە ناو بازنەی تیۆرییەوە و خودی دەقەکەیان لە بیر کردووە.

دوو: ڕەخنەی ئەدەبی لە زاتی خۆیدا بەر لە هەموو شتێک دەق یان بەرهەمێکی ئەدەبی بەرەوڕووی کۆمەڵێک پرسیاری جەوهەریی ئەکاتەوە. واتە خاڵی دەسپێکی ڕەخنە سەرەتا پرسیارکردنە، دیارە دەقیش بۆ هەر پرسیارێک کە بەرەوڕووی ئەکرێتەوە وڵامی خۆی هەیە، ئەم پرۆسەی پرسیار و وڵامەش خۆی لە خۆیدا  ئەبێتە هۆی ئەوە کە دەق و ڕەخنە بکەونە دیالۆگێکی بنەڕەتییەوە لەگەڵ یەکتر. بەم پێیە ڕەخنەی ئەدەبی پشت ئەستوورە بە سێ گۆشەی عەقڵییەتی ڕەخنەگرانە، تیۆری ئەدەبیی و داهێنانی خودی ڕەخنەگرەوە. هەر سیستەمی ڕەخنەیەک ئەگەر ئەم سێ خاڵە بنەماییە ڕەچاو نەکات دیارە ڕەخنەیەکی نەزۆک و بێ ئاکام ئەبێت. کەواتە ئەبێ ڕەخنەگر هاوکات هەڵگری ئەم سێ ئێلێمانە ببێ، کارکردی عەقڵی ڕەخنەگرانە وەک پێشتریش ئاماژەم پێدا بۆ ئەوەیە کە دەق یان بەرهەمی ئەدەبی بەرەوڕووی کۆمەڵێک پرسیاری جیددی بکاتەوە و لە هەمانکاتدا کەلێن بخاتە نێو پێکهاتی ئەو متمانە و یەقینە ئەزەلییە کە لە کۆنەستی هەموو دەقەکاندا بەردەوام ئامادەیە. کارکردی تیۆری ئەدەبییش لە ئەساسدا پێوەر یان بنەمایەکە بۆ خوێندنەوەی ڕەخنەگرانەی ئەو دەقە و لە هەمان حاڵدا ڕەخنەگر ئەبێ جیا لەم دوو بابەتە، هەڵگری جۆرێک داهێنانیش هەبێت کە بزانێ کامە دەق بە پێی کامە تیۆری بخوێنێتەوە. چوون بە ڕای من ئەگەر دیاردەیەک وەک داهێنان لە کاری ڕەخنەگردا نەبێت، دەرئەنجامی ئەو ڕەخنەیەش لە واقێعدا ڕەخنەیەکی کڵێشەیی و دەسکرد و میکانیکییە، واتە دوورە لە بنەما مەعریفییەکانی ڕەخنەی سەردەم و ئەتوانین بڵێین ڕەحنەیەکی تیۆربردەیە و تەنیا تێڕوانینێکی ڕواڵەتی و ڕووکەشیانەی بە نیسبەت دەقەوە هەبووە، کە بەداخەوە زۆربەی ئەو یاداشت و وتارانەی کە بە ناو ڕەخنەوە لە کوردستان چاپ‌ و بڵاوئەکرێنەوە یان زۆر خەسڵەتی سەلیقەییان پێوە دیارە و ڕەخنەگر بە کەیفی خۆی نووسیوویە یان زۆر چوونەتە ناو بازنەی تیۆرییەوە و خودی دەقەکەیان لە بیر کردووە.

بۆیە ئەڵێم ئەو سێ گۆشە بنەڕەتییە وەک پێویستییەک بۆ هەموو سیستەمێکی ڕەخنەیی کە پێشتر باسم لێوە کردن، هەرگیز بە سیاقێکی هاوکات لە ناوەندی ڕەخنەی ئەدەبیی کوردیدا ئامادە نەبوونە و هەمیشە لەم بەستێنەدا تووشی بۆشاییەکی کوشندە ئەبین و ئەم بۆشاییەش تەنیا بە ڕەچاو کردنی ئەو بیرۆکەیە قەرەبوو ئەکرێتەوە کە ئەبێ حەتمەن ڕەخنەگری ئێمە ئیشرافێکی مەعریفی هەبێت بە سەر ئەو سێ ئێلێمانەدا.

سێ: بە داخەوە زۆربەی ئەو نووسینانە کە لای ئێمە بە ناو ڕەخنەوە دێنە بەرهەم، لە ڕاستیدا جۆرێک خوێندنەوەی هێرمێنۆتیکییە بۆ دەق، واتە تاقە مێتۆدی زاڵی خوێندنەوەی ئێمە بۆ دەقەکان بۆچوونێکی شرۆڤەتەوەرە و وەک ئەشزانین ڕەخنەی هێرمێنۆتیکی تەنیا یەک لەو ڕێبازە ڕەخنەییانەیە بۆ خوێندنەوەی دەقێکی ئەدەبی بە تایبەت لە ژانری شیعردا، بەڵام وەک ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر کە ئەبێ داکۆکی لەسەر بکەمەوە ئەوەیە کە ڕەخنەگری ئێمە لەم بوارەدا ئەوەندە خۆی بە کۆنەست یان خاڵە نەوتراوەکانی دەقەوە ماندوو ناکات و لێرەدایە کە دەق ئەبێتە تاقیگە یان گۆڕەپانێک بۆ تاقی کردنەوەی سەلیقەی سەخیف و سەقەتی ڕەخنەگری ئێمە و لەم نێوەشدا ئەوەی غەدری لێئەکرێ هەمان دەق یان بەرهەمی ئەدەبییە. من لێرە نامەوێ نکۆڵی لەو ڕێبازە ڕەخنەییە بکەم کە بە ڕەخنەی هێرمێنۆتیکی ناسراوە، بەڵام کێشەی من لێرە لەگەڵ زاڵ بوونی ئەم ڕێبازەیە وەک تاقە تیۆر یان تاقە مێتودی خوێندنەوە لە سیستەمی ڕەخنەیی ئێمەدا. ئەگینا زۆر دەقیش هەن کە ئەبێ بە تێڕوانینی هێرمێنۆتیکییەوە لە گەڵیان بەرەوڕوو ببینەوە. بە تایبەت دەقی پیرۆز و دەقە کۆنەکان بە گشتی، هەر چەن ئەم دەقانەش ڕەنگە هەڵگری زۆر مێۆدی خوێندنەوەی تریش بن. 

یەک لەو خەسارانەی تر کە ڕەخنەی ئەدەبیی ئێمەی بەردەوام بەرەوڕووی مەترسی کردووەتەوە، ئەوەیە کە ڕەخنەی ئێمە ڕەخنەیەکی ترسنۆک و پاریزکارە، واتە هێشتا گیرۆدەی هەندێ چەمکی وەک دۆستایەتی و هاوڕێیەتی و زۆر پێوەندی ترە.

یەک لەو خەسارانەی تر کە ڕەخنەی ئەدەبیی ئێمەی بەردەوام  بەرەوڕووی مەترسی کردووەتەوە، ئەوەیە کە ڕەخنەی ئێمە ڕەخنەیەکی ترسنۆک و پاریزکارە، واتە هێشتا گیرۆدەی هەندێ چەمکی  وەک دۆستایەتی و هاوڕێیەتی و زۆر پێوەندی ترە. ئەمە بەو مانایە دێت کە ئێمە هێشتا نەمانتوانیوە دیسکۆرسێکی ڕەخنەیی ڕادیکاڵ بەرساز بکەین، هۆکاری ئەم ئافەتەش هەڵدەگەڕێتەوە بۆ تێگەیشتنی هەڵە و دەرکی چەواشەی ئێمە لە چەمکی ڕەخنە و کارکردەکانی. ڕەخنە ئەبێ بەر لە هەموو شتێ ئەرکێکی شۆڕشگێڕانە بۆ خۆی دابین بکات و بە شێوازێکی ڕادیکاڵ بەرەوڕووی دەقەکان ببێتەوە. دیارە ڕەخنەی ترسنۆک، لە هەمان حاڵدا ڕەخنەیەکی نەزۆکیشە کە قەت لە ئاست چاوەڕوانیی خوێنەر و بەردەنگدا نەبووە. ڕەخنەی ئێمە تا نەتوانێ خۆی لە بازنەی تەسکی ئەو پێوەندییانەدا دەرباز بکات، بێگومان ناشتوانێ لەسەر ڕەوتی گەشەکردن و پێشڤەچوونی ئەدەبیاتیش کاریگەر بێت. ئەگەر ئەبینین ئەدەبی گەلانی تر لە چاو ئەدەبی کوردیدا گەشەی زۆرتری بە خۆوە بینیووە و سەرکەوتنی گەورەتریشی بۆ خۆی تۆمار کردووە، یەک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بێگومان هەبوونی سیستەمێکی ڕەخنەیی تەندروست و بەرپرسیار بووە. پێویسته ئەمەش بوترێت کە ڕەخنە تەنیا بە نیسبەت دەق یان بەرهەمەوە بەرپرسیارە و ڕەخنەگری ئێمەش دەەبێ بە دیدێکی بوێرانە و ڕادیکاڵەوە چاو لە ئاسۆیەکی دوورەدەست بکات کە لە واقێعدا داهاتووی ئەدەبیاتی کوردییە. ڕەخنەی ئێمە ئەبێ لە بری کەسەکان تەنیا لە هەمبەر دەقی ئەدەبی کوردییدا بەرپرسیار بێ و بەم شێوازە ئەخلاقی تایبەت بە سیستەمی ڕەخنەیی خۆی مسۆگەر بکات و بە شکڵێکی پرۆفێشناڵ و دوور لەهەر چەشنە چەواشەگەرییەک لەگەڵ دۆخەکە مامەڵە بکات. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەی پێی ئەوترێ ڕەخنەی کوردی بە داخەوە هێشتا لە بەستێنێکی سەرەتاییدا ماوەتەوە و حازر نییە پێوەندییەکان بکاتە قوربانی لە بەردەم ڕۆحی بەرپرسیارێتی و هەروەها ئەخلاقی پیشەیی لە هەموو بەستێنێکی ڕەخنەییدا.

ڕەخنەی داهێنەر پێش هەموو شتێک بۆشایی، کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم دەق دیاری دەکات و ئەبێتە ڕێخۆشکەر بۆ سەرهەڵدانی دەقێکی بەهێزتر لە دواڕۆژدا، نە دەقێک بە بێ پشت بەستن بە هیچ بنەمایەکی مەعریفی و تیۆریک ئەباتە سەرەوە و پلە و پێگەیەکی ئەداتێ کە سزاواری نەبێ و نە ئەشبێتە دوژمنی خوێنی هەمان دەق.

لە کۆتا بەشی ئەم یاداشتەدا ئەمەوێ ئاماژە بە دوو ڕەهەندی ڕەخنەیی بکەم، ئەویش ڕەخنەی داهێنەر و ڕەخنەی خەسێنەرە. لە واقێعدا ڕەخنەی داهێنەر پێش هەموو شتێک بۆشایی، کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم دەق دیاری دەکات و ئەبێتە ڕێخۆشکەر بۆ سەرهەڵدانی دەقێکی بەهێزتر لە دواڕۆژدا، نە دەقێک بە بێ پشت بەستن بە هیچ بنەمایەکی مەعریفی و تیۆریک ئەباتە سەرەوە و پلە و پێگەیەکی ئەداتێ کە سزاواری نەبێ و نە ئەشبێتە دوژمنی خوێنی هەمان دەق. دیاردەیەکی قیزەون کە بە داخەوە لای ئێمە زۆر باوە، کە لەسەر دەقێک ئەمانەوێ بنووسین، ئەو دەقە تا ئاست دەقێکی موقەدەس بەرز ئەکەینەوە و کەسەکەش ئەکەین بە بوتێکی زێهنی یان ئوستوورە و خواوەندگارێک لە مێشکی خۆمان و بەردەنگیشدا، یان لەم پەڕی قەزییەکەوە وەها ڕقاژۆ و دەمارگرژانە بەرەوڕووی دەقێک دەبینەوە و پەڕوپۆ نە بە دەقەوە دەهێڵین نە بە خاوەن دەقەوە. ئەمەش ڕێک دەرکەوتەی هەمان ڕەخنەی خەسێنەرە کە هیچ زەمینەیەک بۆ پێشڤەچوون یان سەرهەڵدانی ئەدەبێکی بەهێز و سەربەحۆ خۆش ناکات. لە واقێعدا ئەدەبی خەسێنەر تەنیا مەبەستی بەرجەستە کردنەوەی بۆچوونی قیزەون و بێشەرمانەی خۆیەتی. ئەگەر بکرێ بە زمانێکی ساکار پێناسەیەکی گشتگیر لەم دوو چەمکە ئاراستە بکەم، دەبێ بڵێم ڕەخنەی داهێنەر هیچ دەقێک یان کەسێکی بە لاوە پیروز نییە و پێگەی قودسییش بۆ کەس قایل نابێ و به دیدێکی ڕادیکاڵەوە و لە هەمان حاڵدا زۆر بوێرانە و بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە لەگەڵ دەق یان بەرهەمی ئەدەبی هەڵسووکەوت دەکات، بەڵام ڕەخنەی خەسێنەر، دەق بە قەرزاری خۆی دەزانێ، بێئاگا لەمەی کە ئەگەر پێشوەختە دەقێک لە ئارادا نەبا، هیچ جۆرە ڕەخنەیەکیش لەم پانتایەدا نەدەبوو. ڕەخنەی خەسێنەر تەنیا لە بەردەم پێوەندی و بەرژەوەندییەکانیدا خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ و ئەیەوێ بە زۆرەملێ تیۆرییەکان بە سەر دەقدا بسەپێنێ و بە هێنانەوەی چەن فاکتی پرژ و بڵاو لە چەن نووسەر و بیرمەندی بیانی شەرعییەتێکی فەلسەفیش بۆ خۆی مسۆگەر بکات. لە کۆتا بڕگەشدا  ئەبێ ئەم ڕاستییە لە بیر نەکەین کە ڕەخنەی داهێنەر ڕێگە بۆ سەرهەڵدانی دەقی داهێنەرانەش هەموار دەکات و لەولاشەوە ڕەخنەی خەسێنەر ئەدەبیاتی ئێمە بەرەو لێواری داڕووخان ئەبات و دەقی پاشماوەی ڕەخنەی خەسێنەریش بە هەمان نیسبەت دەقێکی نەزۆک و ترسنۆکە.