لایسیتێ چییه؟
لایسیتێ[1] وشەیەکە کە لە دەیەی حەفتای سەدەی بیستەم لە فەرەنسادا خولقێنراو دوای ئەوە ھاتە ناو تێز و گفتوگۆی سیاسییەوە. لایسیتێ دەستکەوتێکی سیاسییە کە بە پێی ئەمە لە لایەکەوە دەوڵەت[2] و ناوەندی گشتی[3] لایەنگری لە ھیچ ئایینێک ناکەن و لە لایەکی تریشەوە، ئایین بە بەھرەمەند بوون لە ھەموو ئازادییەک لە کۆمەڵگای مەدەنیدا، ھیچ دەسەڵاتێکی سیاسی بە کارناھێنێ.
بەو بزووتنەوەیە کە لایسیتێ و دەوڵەتی لاییک[4] (نائایینی) بەدی دەھێنێت دەوترێت لاییسیزاسیۆن[5]. لاییسیزاسیۆن لە وڵاتانی کاتۆلیکی رۆژئاوا بەرانبەر بە کەنیسەسالاری[6]درووست بوو لە کاتێکدا لە وڵاتانی پرۆتستانتی ئەوروپا لاییک، لایسیتێ ولاییسیزاسیۆن نەناسراون. لەم زنجیرە وڵاتانە بە پرۆسەی بە دونیایی بوون و گۆران و گۆڕانکاری لە دەوڵەت و ئاییندا ـــ ئایینێک کە کەنیسەیەکی دەسەڵاتداری وەک کاتۆلییزمی نەبێت ــــ دەوترێت سێکولاریسم. لایسیتێ و سێکولاریسم لەگەڵ ھەبوونی لێکچوون لە نێوانیاندا، بەڵام دوو وتەزا و دیاردەی سیاسی ــ مێژوویی لە یەک جیاوازن. لەھەمان کاتدا لایسیتێ بەشێکە لە ((جیابوونەوەی دەوڵەت و کۆمەڵگای مەدەنی)) یا (جیابوونەوەی ناوەندی گشتی یە لە ناوەندی تایبەتی) کە ئەمە یەکێک لە بنەماکانی سەردەمی مۆدێرنه[7] پێک دەھێنێت.
.
جیاکردنەوەی ئاین و کۆمەڵگای مەدەنی یەکەم مەرجی لایسیتێیه. لە سەدەكانی ناوەڕاست و لە سیستمە دیکتاتۆرییەکان، چونکە کۆمەڵگایەکی مەدەنی جیاواز و سەربەخۆ لە دهرهوهی دەوڵەت بوونی نییە و یا زۆر لاوازە، بۆیە لایسیتێ بە مانای تەواوی وشە نەیدەتوانی بەدی بھاتبایە. لایسیتێ دژە ئایین نییە بەڵکوو چالاکییە ئایینییەکان لە ھەموو بەشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا مسۆگەر دەکات. ئیمانداران وەک بێ ئیمانان دەتوانن ئەنجوومەن و بزاوت و پارتی سیاسی پێک بھێنن و ھەڵبژێرن و ھەڵیانبژێرن. سەربەخۆیی دەوڵەت بەرامبەر بە ئایینەکان و ئازادی ئایینەکان لە کۆمەڵگای مەدەنیدا بە دوو مەرجی پەیوەستی لایسیتێ ھەژمار دەکرێت. بە بۆچوونی مارکس، جیاکردنەوەی دەوڵەت و ئایین به واتای کۆتایی پێھاتنی ئایین نییە بەڵکوو پەرەسەندنی ئایینە لە ئاستی کۆمەڵگادا بە چوونە دەرەوەی لە دەسەڵاتداری سیاسیدا. لایسیتێ و لاییسیزاسیۆن بە پێی ئەم پێشزەمینانە، وەک چاکسازی ئایین، ڕۆشنگەری و لیبراڵیسم، دیموکراتیسم… و پەرەپێدانی پەیوندییە سەرمایەدارییەکان پێک ھاتوون. ڕادیکاڵترینیان لە فەرەنسا بە شۆڕشی گەورەی ١٧٨٩ و بزووتنەوەی دژ بە کەنیسەسالاری[8] دروست بوو. لە وڵاتە ئەوروپاییەکانی تر دەشێت باس لە لاییکێکی سنووردار، ناتەواو یا نیوە لاییک و یا تەنات نەبوونیشی بکرێت. لایسیتێ جیابوونەوەی ئایینە لە دەوڵەت نەک لە سیاسەت، دەوڵەتیش سنوودار نابێت بە حکوومەت یا دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە. لایسیتێ ئایدۆلۆژیا، فەلسەفە یا رێبازێکی نوێ نییە کە جێگای ئایین بگرێتەوە چونکە لەم کاتەدا دەبێتە ڕەتکەرەوەی خۆی.
لایسیتێ لەگەڵ ئەوەی کە لە ڕەگی وشهی ((لائۆس[9]))ی یۆنانی ھاتووە کە بە مانای چین و توێژەکانی خەڵک دێت، بەڵام جیاوازە لە دیموکراسی، کۆماری، عەقڵگەرایی و مافی مرۆڤ و یا پلوراڵیسم؛ ئەگەرچی بوونی ئەم ھەموو بنەمایە مەرجی بەدیھاتنی لایسیتێیه. لایسیتێ وتەزایەکی سۆسیالیستی یا مارکسی نییە، ئەگەرچی ھاوکات سۆسیالیستەکان وەک یەکێک لە بنەماکانی دیموکراسی لە بەرانبەر بە ((بوونی دیموکراسی راستەقینە)) و سیستمی سەرمایەداری داکۆکییان لێکردووە و دەیکەن. شەڕی ((بوونی سۆسیالیسمی راستەقینە)) لە (شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ تا ھەڵوەشانەوەی بلۆکی رۆژھەڵات) و لایەنە ھەوادارە چەپەکانی لە ڕابردوودا لەگەڵ ئاییندا، لەپێناو بەدیھاتنی لایسیتێیهکی ڕاستەقینە نەبووە، بەڵکو بە مەبەستی دەسەڵاتداری دەوڵەتێکی ستەمکار و تاکە حیزبی بووە بە ئایدۆلۆژیایەکی تۆتالیتار لە جێگای ئاییندا.
٢.لایسیتێ: بەرھەمێکی دروستکراوی فەرەنسا
لایسیتێ وشەیەکی تاڕادەیەک نوێیە کە فەرەنسییەکان دۆزییانەوە. ئەم وشەیە بۆ یەکەمجار لە ١١ ی تشرینی دووەم ١٨٧١ واتە (تاڕادەیەک شەش مانگ دوای تێکشکانی کۆمۆنی پاریس) لە ڕۆژنامەیەکی فەرەنسی بە ناوی ((نیشتمان[10])) بە کارھێنرا. (دەبێت دووپاتی کەینەوە کە وشەی لاییک لە زمانی فەرەنسیدا بە ھەمان شێوە کە دەیبینین دوو مانای جیاوازی ھەیە و خاوەنی پێشینەیەکی دوورودرێژە).
ڕۆژنامەی ناوبراو لە ڕاپۆرتێکدا کە لە وتووێژەکانی ئەنجوومەنی شار سەبارەت بە ((خوێندنی لاییک)) دەیخاتەڕوو، باس لە دەنگدان دەکات لەبارەی ((لایسیتێ)) لە ((سیستمی خوێندندا))، ئەندامێکی سۆسیالیستی ئەنجوومەنی شار ئەو ڕۆژە بۆ یەکەمین جار ناوی لایسیتێی ھێنا. لەم مێژووە بە دواوە وشەی لایسیتێ دێتە ناو زمانی فەرەنسییەوە و بە ھەمانشێوە کە دەیبینین سەرەتا لە پەیوەندی بە لاییک کردنی((لاییسیزاسیۆن))ی سیستمی خوێندن واتە سیستمێکی بێ ئایینی یا دەرھێنانی ئەم سیستمە لە ژێر دەسەڵاتی کەنیسە دەخرێتە ڕوو. وشهی لایسیتێ لە ساڵی ١٨٧٣دا لە فهرههنگهكانی لاروس و چوار ساڵ دوای ئەوەش بە چەند پێناسەیەکی چوون یەکەوە دێتە ناو فەرھەنگی لیتروه[11]. لایسیتێ ئەو شتەیە کە ((خەسڵەتی لاییکی)) ھەیە،ھەر لەوێشدا لاییک بە ((نا مەزھەبی)) یا ((نا ئایینی)) پێناسە دەکرێ. لە لایەکیشەوە بزووتنەوەیەکی کۆماری خواز لە فەرەنسادا دژ بە کەنیسە سالاری و بۆ جیاکردنەوەی دامەزراوەی دەوڵەت لە دامەزراوەی ئایین (کەنیسەکان) بوونی ھەیە.
بزووتنەوەیەک کە لە ڕاستیدا لە شۆڕشی گەورەی فەرەنسا (١٧٨٩) بە پێش زەمینەی فەلسەفی، کولتووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەوە دەستپێدەکات. بزووتنەوەی ڕێنیسانس، ڕیفۆرماسیۆن و سێکۆلاریسم، بزووتنەوەی ڕۆشنگەری، دامەزراندنی دەوڵەت ــ نەتەوەکان و کۆمەڵگا مەدەنییەکان و جیاکردنەوەی ئەم دووانە…
لە دوای ھەڵوەشاندنەوەی شێوازە کۆنە سیاسی و ئابوورییەکان و ھاتنە کایەوەی پەیوەندییە سەرمایەدارییەکان… ھەموو زەمینە و ھەلومەرجە پێویست و بەجێکان بۆ لایسیتێ دەستەبەر دەکەن.
لایسیتێی فەرەنسی بەرھەمی بزووتنەوەیەکی تایبەتە کە بە تایبەت لەم وڵاتە و بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ و دروست دەبێت: ڕیفۆرم بۆ خوێندنی خۆڕایی و گشتی.
لەلایەکی تروە لایسیتێی فەرەنسی بەرھەمی بزووتنەوەیەکی تایبەتە کە بە تایبەت لەم وڵاتە و بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ و دروست دەبێت: ڕیفۆرم بۆ خوێندنی خۆڕایی و گشتی. ئەم بزووتنەوەیە بە ئامانجی دروست کردنی ((قوتابخانەیەکی لاییکی کۆماری[12]))، سیستمی خوێندنی فەرەنسای کە تا ئەو کاتە لەژێر ڕکێفی سیستمی کەنیسە بوو (ھەروەھا بۆ مەسەلە کۆمەڵایەتییەکانی تر) دەھێنێتە دەرەوە. بەم شێوەیە ((جیاکردنەوەی دەوڵەت و کەنیسە)) و ((قوتابخانەی لاییک))، گشتی(دەوڵەتی) ــ نا ئایینی، دوو بنەمای سەرەکی لایسیتێی فەرەنسی پێک دەھێنن. ئەمە لایسیتێیهک بوو کە لە ڕاستیدا بە یاسای ١٩٠٥ و دەستووری کۆماری پێنجەمی فەرەنسا لە ساڵی ١٩٥٨ دادەمەزرێ و جێگیر دەبێت و دەبێتە دامەزراوە.
یاسای ١٩٠٥: سەبارەت بە ئایینەکان کە بە ((یاسای جیاکردنەوەی دەوڵەت لە کەنیسەکان)) بە ناوبانگە، لە ماددەی ١و٢دا لەلایەکەوە ئازادی ویژدان و ئازادییە ئایینییەکان و لەلایەکی تروە سەربەخۆیی دەوڵەت بەرامبەر بە کەنیسەکان ڕادەگەیەنێرێت:
ماددەی ١: کۆمار، ئازادی ویژدان مسۆگەر دەکات. کۆمار، ئازادی لایەنگرانی ئایینەکان لە بەجێھێنانی ئەرکەکانیان دابین دەکات، بە مەرجێک کە بەرژوەندی و ئاساییشی گشتی ڕەچاو بکەن.
ماددەی ٢: کۆمار، ھیچ ئایینێک بە فەرمی ناناسێ، مووچە و یارمەتی ھیچ ئایینێک نادات و لە ئەنجامدا لە مێژووی یەکەمی کانوونی دووەمی ١٩٠٦دا بە بڵاوکردنەوەی ئەم یاسایە، تەواوی خەرجییە پەیوەندیدارەکان بە مەسەلەی مەزھەبەوە لە بودجەی دەوڵەت و پارێزگاکان و کۆمۆنەکان لادەبرێن.
لە دەستووری ساڵی ١٩٨٥دا لایسیتێ بۆ یەکەمین جار و بەناوھێنانی، دەخرێتە ڕوو. دەبێت بڵێین کە لەنێوان تەواوی دەستوورەکان لە جیھاندا تەنیا دەستووری فەرەنسایە کە ئاماژە بە لاییک بوون لە ژێر ئەم ناونیشانە دەکات.
دەستووری فەرەنسا٤ی تشرینی یەکەم ١٩٥٨
ماددەی ٢: فەرەنسا کۆمارێکی دابەش نەبوو، لاییک، دیموکراتی و کۆمەڵایەتییە کە یەکسان بوونی ھەموو ھاووڵاتیان لە بەرامبەر بە یاسا و گوێنەدان بە جیاوازی لە سەرچاوە و رهگهز یا مەزھەبی ئەوان مسۆگەر دەکات و ڕێز لە ھەموو بیروباوەڕەکان دەگرێت.
لە بەشەکانی تری ئەم لێکۆڵینەوەیە، ئەوە شی دەکەینەوە کە چۆن وڵاتە جیاوازەکانی جیھان و بە تایبەت ئەوروپاییەکان و لەوانە وڵاتە پرۆتستانتەکان کە دامودەزگایەکی دەسەڵاتدار و چەق بەستوو و ھیرارکییەتی ئایینی وەک کەنیسەی کاتۆلیزمیان نییە، پەیوەندی نێوان دەوڵەت و ئایین (کەنیسە)یان لەڕووی مێژووییەوە چارەسەر کردووەو ھەروەھا پیشانی دەدەین کە ئەم وڵاتانە ڕێگای جیاواز و جۆراوجۆریان گرتووەتە بەر. بە بۆچوونی زۆر کەس، لایسیتێ لە ڕاستیدا شتێکی شازی فەرەنسییەکانە. ئێستا لەم وڵاتەدا، بە سەرهنجدانی گۆڕانە کۆمەڵایەتی و کولتووری و مەزھەبییەکان و بە سەرنجدانی بوونی ئایینی ئیسلام وەک دووەم ئایینی وڵات دوای مەسیحییەت و ئەم مەسەلە سیاسییە ـــ کۆمەڵایەتییە نوێیانەی کە دروست بووە (بۆ نموونە ڕووداوی ((چارشێوی ئیسلامی)) کچانی موسڵمان لە قوتابخانەکان)، لاییستێی ڕووبەڕووی کێشە و گرفتی نوێ کردوەتەوە. ھەروەھا باس لە لایسیتێی جۆراوجۆر دەکرێ و داکۆکیەرانی خاوەن تێڕوانینی جۆراوجۆر و جاروباریش جیاوازن.
٣.پێناسەیەک بۆ لاییستە و جیابوونەوەی دەوڵەت و ئایین
لە پێناسەیەکی سەرەتایی و پێشەکیدا دەتوانرێ بوترێ کە لایسیتێ، بە ھەمان شێوە کە لە شوێنی لە دایک بوونییەوە پێک ھاتووە و پێناسە کراوە، شتێکە کە لە یەکێتی دوو ناوەڕۆکی سیاسی و جیانەکەرەوە و پەیوەست بە یەکەوە پێک ھاتووە: ١. جیابوونەوەی دەوڵەت (کە سێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری لەخۆ دەگرێ) و بەشە گشتییەکانی تری کۆمەلگا لە دامەزراوەی ئایین و کەنیسە و سەربەخۆیی دەوڵەت سەبارەت بە ئایینەکان و سەرچاوە مەزھەبییەکان.
٢. دابین کردن و مسۆگەر کردنی ئازادی لەلایەن دەوڵەتی لاییک بۆ ھەموو بیروباوەڕە مەزھەبی و نامەزھەبییەکان.
ئێستا ئەگەر مانای ئازادی ئایینەکان ڕوون بێت، ئەوا ھێشتا مانای جیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت ئاشکرا نییە. ئەم کارە لە فەرەنسا بە شێوەی جیاکردنەوەی سەربەخۆیی تەواوی دامەزراوە گشتییەکان لە دامەزراوە کەنیسە بەدی ھات. بەڵام دەوڵەت دەتوانێ ئایینی بێت، بە بێ ئەوەی کە دامودەزگایەکی وەک کەنیسەی کاتۆلیکی لەسەر کورسی دەسەڵات ھەبێت. دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێکە لە نموونە بەرچاوەکان. جیاکردنەوەی دەوڵەت و ئایین بە واتای ھاووڵاتی بوون و بەھرەمەند بوون لە مافی ھاوڵاتی بوون دیێت؛ کە ئەمە ھیچ پەیوەندییەکی بە مەزھەبی ئەندامانی کۆمەڵگاوە نییە. دەوڵەت و دامەزراوە کۆمهڵایهتییەکان سیاسەتەکانی خۆیان بە پێی بنەمای ئایین، لە ژێر ڕووناکایی ئایین و یا بە گونجاندن لەگەڵ بنەماکانی ئایین پێک ناھێنن. سەرەنجام دەوڵەت و دامەزراوە گشتییەکان بۆ دیاریکردنی ماف و ئازادی ھاووڵاتیان، بیروباوەڕە مەزھەبییەکانی ئەوان بە ھیچ شێوەیەک بە پێوەری خۆیان نازانن. بەڵام بۆ خستنەڕووی پێناسەیەکی تێروتەسەل لە لایسیتێ دەبێت پێش ھەموو شتێک ڕەخنە لەو شتە بگیرێ کە لایسیتێ نییە و یا مایەی لادانییەتی، واتە بە ڕەتکردنەوەی ئەو لێکدانەوە ناڕەوا و، ھاوتاکردنە گومڕاکرانە کە بۆی کراوە.
٤. لێکدانەوە ھەڵەکان بۆ لایسیتێ
لایسیتێ دژە مەزھەب نییە، چونکە کاری بە سەر ئایینەوە نییە، بەڵکو تەنیا دەیەوێت کاروباری دەوڵەت لە کاروباری ئایین جیابکاتەوە.
لایسیتێ بە پێی بنەماکانی خۆی، مسۆگەر کەری ئازادییەکی تەواوە بۆ چالاکییە ئایینییەکان لە کۆمەڵگادا. نائایینیکردنی دەوڵەت و دابین کردنی ئازادی ئایینەکان، بە دوو ڕووی لایسیتێ ھەژمار دەکرێت.
ھەڵبەت لەوانەیە ئەم جیاکردنەوەیە شەڕ و کێشەی تێبکەوێ، بەھەمان شێوە کە لە فەرەنساش ڕوویدا، بەڵام لایسیتێ بە پێی بنەماکانی خۆی، مسۆگەر کەری ئازادییەکی تەواوە بۆ چالاکییە ئایینییەکان لە کۆمەڵگادا. نائایینیکردنی دەوڵەت و دابین کردنی ئازادی ئایینەکان، بە دوو ڕووی لایسیتێ ھەژمار دەکرێت. لایسیتێ، لەھەمان کاتدا مشتومڕێکە، بەڵام دژ بە ئایین مشتومڕ ناکات، بەڵکوو مشتومڕ دەکات بۆ پاراستنی خەسڵەتی نائایینی دەوڵەت و ڕێگرە لە گەڕانەوەی ئایین بۆ دەسەڵاتی سیاسی. لایسیتێ جیاکردنەوەی ئایین لە سیاسەت نییە و نایەوێت ئایین بگۆڕدرێ بۆ فەرمانێکی تاکەکەسی. لێرەدا ھاوکات ھەڵەیەک دروست دەبێت لەوەی کە لایسیتێ، ئایین لە ((ناوەندی گشتی)) واتە (دەوڵەت و دامەزراوە گشتییەکان) دەگوازێتەوە بۆ ((ناوەندی تایبەتی))، ھەندێ کەس وا دەگەنە ئەنجام کە ئایین تایبەتی یا تاکە کەسییە و نابێت دەست لە سیاسەت وەربدات.
تێنگهیشتن له مهسهلهكه لەوێدایە کە زۆرێک ((ناوەندی تایبەتی)) لەگەڵ ((فەرمانی تاکەکەسی و تایبەتی)) تێکەڵ دەکەن و لە ئەنجامدا باس لە جیاکردنەوەی ئایین و سیاسەت (نەک ئایین و دەوڵەت) دەکەن. دەبێت بە ڕاشکاوی بڵێم کە ((کەرتی تایبەتی)) لە ڕۆژئاوا و لە کولتووری سیاسی رۆژئاوایی دا به مانایەکی یاسایی باسی لێوه دەکرێت کە ئەویش کۆمەڵگای مەدەنییە لە سەربەخۆییدا بەرانبەر بە دامەزراوەی دەوڵەت. کۆمەڵگای مەدەنی لە تەواوی بەشەکانی، بۆ نموونە چالاکی ئایینەکان، نە تەنیا کاری بە سیاسەتەوە ھەیە بەڵکوو زۆر چالاکانەش دەست تێوەردانی تێدەکات.
بە پێچەوانەی ھیگڵەوە کە کۆمەڵگای مەدەنی بە بەرەنجامی دەوڵەت دەزانێت و لە ئاکامدا دەکەوتە پیرۆز کردنی دەوڵەت، لێرەدا بیروڕای مارکس تهواوه، کە دەوڵەتی بە بەرھەمی کۆمەڵگای مەدەنی دەزانی و لە ئەنجامدا بانگھێشتی بۆ توانەوە و ھەڵوەشاندنەوەی دەکرد. مارکس پێش سی ساڵ لەوەی کە وتەزای لایسیتێ بخرێتە ڕوو، لە ساڵی ١٨٤٣دا لە ڕەخنەی بۆ برونۆ بائۆ و بە پێچەوانەوەی ئەوەوە کە ((جیابوونەوەی ئایین و دەوڵەتی)) بە کۆتایی ھاتنی ئایین دەزانی، پێی وابوو کە بەم جیاکردنەوەیە، ئایین تەنیا لە بواری دەسەڵاتی سیاسییەوە کەنار دەگرێت بەڵام لە پانتاییە بەرفراوانەکەی کۆمەڵگای مەدەنیدا ئامادەبوون و چالاکی خۆی بەردەوامی پێدەدات و تازە لێرە و لەم کاتەیە کە ئیشی سەرەکی و ڕاستەقینەی ئاین دەستپێدەکات. کەواتە لایسیتێ ئایین تەنیا لە دەسەڵاتی سیاسی دووردەخاتەوە، بەڵام ئیماندارن لە دەستتێوەردان لە سیاسەت لەگەڵ ھەر ئیمان و بیروڕایەکیان ئازاد دەکات. ئەمان ئازادن وەک ههر ھاووڵاتییهكی تر لەگەڵ ھەر فەلسەفە و ئیمان و ڕێبازێکیاندا بەشداری بکەن لە دروستکردنی ئەنجوومەن و حیزبی سیاسی و لە ژیانی دیموکراتیدا و لە ھەموو ئاستەکانیدا بەشدار بن لە ھەڵبژاردن و ھەڵبژێردرانیان.
لایسیتێ و سێکولاریسم وەک یەک نین. چونکە وەرگێڕانی دوو لۆژیکی جیاوازن لە میژووی ڕۆژئاوادا. من ئەم بابەتە لە بەشەکانی تردا شی دەکەمەوە، بەڵام لێرەدا جارێ ھەر یەک پێناسەی گشتی لە لاییسیزاسیۆن و سێکولاریسم بە لایەنە جیاوازەکانیانەوە دەخەینە ڕوو. لۆژیکی لاییسیزاسیۆن بەھەمان شێوە کە وتم تایبەتمەندییەکی وڵاتە کاتۆلیکەکانە. ئەو جێگایەی کە دامودەزگای بە ھێز و چەقبەستووی ھیرارکییەتی کەنیسەی کاتۆلیک خۆیان لە بەڕێوەبردن و ڕێبەرایەتی ژیانی کۆمەڵایەتی، بە خاوەن پەیام دەزانن. لە ئەنجامدا وەک ھێزێکی بەرەنگاریکەری دەوڵەت، بەرانبەری دەوەستنەوە. ئیتر لێرەدا دەوڵەت و کەرتی گشتی بۆ ڕزگاردنی خۆیان لە دەسەڵاتی کەنیسە یەکدەگرن و دژ بە کەنیسەسالاری دهجهنگن و دەسەڵاتی سیاسی لە ژێر چهپۆكیی کەنیسە دەردەھێنن و ناوەندی کاری کەنیسە لە دەسەڵاتداریەتی سیاسییەوە دەگوازنەوە بۆ کۆمەڵگای مەدەنی. بەڵام لە لۆژیکی سێکۆلاریزاسیۆن، ئێمە ڕووبەڕووی گۆڕانی ھاوکات و بەرەبەرەی دەوڵەت و ئایین و بەشە چالاکە جیاوازەکانی کۆمەڵگا دەبینەوە. ئەمە لۆژیکێکی تایبە بە وڵاتە پرۆتستانتەکانەوە. لەوێدا کە کەنیسەی پرۆتستانت، بە پێچەوانەوەی کەنیسەی کاتۆلیکەوە، نەك تەنیا وەک ھێزێکی بەرھەڵستکاری دەوڵەت خۆی دەرناخات بەڵکوو دامەزراوەیەکە لە دەوڵەت و تا ڕادەیەکیش ملکەچی دەسەڵاتی سیاسییە.کەواتە لێرەدا، پرۆسەی بە دونیایی بوونی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان بەرەبەرە و لەسەرخۆ و بە بێ ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەت لەگەڵ کەنیسەدا دەستەبەر دەبێت. لایسیتێ تەنیا جیابوونەوەی ئایین نییە لە حکوومەت، جیاکردنەوەیەکی سادەی نێوان کاروباری دونیایی و ڕۆحی نییە. لایسیتێ ھەوڵ دەدات لەنێوان دەسەڵاتی سیاسی و ئاییندا جیاکردنەوەیەکی ڕاستەقینە دروست ببێت، کە دامەزراوە گشتییەکان (دەوڵەتی) خەسڵەتی ئایینیان نەبێت واتە سیاسەت و کرداریان لەھەر چەشنە گەڕانەوەیەک بۆ ئایین و مەزھەبێکی دیاریکراو و پارێزراو بێت. ھەندێ کەس حکوومەت لە بری دەوڵەت یا بە پێچەوانەوە تێدهگهن و لە ئەنجامدا باس لە جیاکردنەوەی ئایین و حکوومەت دەکەن. لەکاتێکدا حکوومەت یا دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەشێک لە دەوڵەت پێک دەھێنێت و تەواوی دەوڵەت نییە.
کەرتی گشتی پێک دێت لە دەوڵەت و دامەزراوە گشتییەکان وەک نەخۆشخانەکان و قوتابخانەکان و دامەزراوە دەوڵەتییەکان، دەوڵەتیش سنووردار ناکرێت بە دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە و دەسەڵاتی یاسادانان و دامەزراوە دەوڵەتییەکانی تریش دەکەونە ژێر دەسەڵاتدارییەتی گشتییەوە. جیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت لە “لایسیتێ”دا دەبێت لە ڕەگ و ڕیشەوە بێت. ئەمە بەو مانایەیە کە لە یەکلاوە، دەوڵەت ھیچ ئایینێک بە فەرمی ناناسێ واتە لە دەستووردا ھیچ ئایینێک ئەگەر ئایینی زۆرینەش بێت، وەک ئایینێکی فەرمی لێی ناڕوانێ و دانی پێدا نانێت؛ لەلایەکی تریشهوه ئایینەکان بەھرەمەندن لە چالاکی ئازادانە و دەوڵەتیش ھیچ کۆنترۆڵیکی لە سەریان نییە. ھەم دەوڵەت بە تەواوی سەربەخۆیە لە ئایین و ھەم ئایینیش لە دەوڵەت. لایسیتێ ئایدۆلۆژیا نییە. کەسانێک لە لایسیتێ ئایدۆلۆژیایەک بە پێی بنەمای عەقڵ و زانست و پێشکەوتن… دروست دەکەن لەکاتێکدا وا نییە. لایسیتێ فەلسەفە و ڕێبازێکی نوێ نییە کە بیەوێت بە لابردنی ئایین جێگای بگرێتەوە. لایسیتێ جیھانبینی و مەزھەب و یا ئیمانێکی نوێ نییە. پیرۆز نییە بەڵکوو دژە پیرۆزییە. لەم ڕووەوەیە کە کەسانێک باس لە چاکسازی لایسیتێ دەکەن لە ئەگەری لادانی و گۆڕانی بۆ ئایدۆلۆژیا یا ئایینێکی نوێ لە ((لاییسیزەکردنی لاییستە)) یا ((لایسیتێی بێ ئایدۆلۆژیا)) دەکەن کە لە حەقیقەتدا پارادۆکسێک زیاتر ھیچ نییە.
لایسیتێ لە مانای ڕەسەنیدا ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی – کۆمەڵایەتی ڕێنوێنیکەر نەبووە بەڵکوو تەنیا تێڕوانینێکی سیاسییە لەسەر جیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت (دەسەڵاتی سیاسی) نە ھیچی تر. لایسیتێ وەک وتەزایەکی ڕەتکەرەوە نەک سەلماندن، ناتوانێ بچێتە چوارچێوەی فەلسەفەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە و یا ڕۆلی پرۆژەیەکی سیاسی ببێنێ، چونکە لەم کاتەدا شوناس و تایبەتمەندی خۆی لە دەست دەدات. لایسیتێ بە مانای دەوڵەتێکی بێ ئایدۆلۆژیا نیییە.
لایسیتێ لە مانای ڕەسەنیدا ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی – کۆمەڵایەتی ڕێنوێنیکەر نەبووە بەڵکوو تەنیا تێڕوانینێکی سیاسییە لەسەر جیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت (دەسەڵاتی سیاسی) نە ھیچی تر. لایسیتێ وەک وتەزایەکی ڕەتکەرەوە نەک سەلماندن، ناتوانێ بچێتە چوارچێوەی فەلسەفەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە و یا ڕۆلی پرۆژەیەکی سیاسی ببێنێ، چونکە لەم کاتەدا شوناس و تایبەتمەندی خۆی لە دەست دەدات. لایسیتێ بە مانای دەوڵەتێکی بێ ئایدۆلۆژیا نیییە. کەسانێک دەوڵەتی لاییک بە دەوڵەتێکی بێ ئایدۆلۆژیا دەزانن و لەئەنجامدا بابەتی ((جیاکردنەوە)) لە لایسیتێیان، جگە لە ئایین، بە ئایدۆلۆژیاکان دەبەستنەوە. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەگەر دەوڵەت لاییکیش بێت ئەوا ھەر خاوەن بیروڕایەکە و لە ئەنجامدا ناتوانێت کاریگەری ئایدۆلۆژیاکانی لەسەر نەبێت. ئایا دەوڵەتە لاییکەکانی ئێستا لە ڕۆژئاوا لیبراڵی نین؟ ئایا لیبراڵیسم یا ئۆکۆنۆمیسم و یا ناسیۆنالیسم شێوازێک لە ئایدۆلۆژیا نین؟ دووپاتی دەکەینەوە کە بابەتی لایسیتێ چ لە پێکھاتنە مێژووییەکەیدا و چ ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو پرسیارە تازانەی کە ڕووبەرووی دەکرێتەوە، ھاوکات بریتی بووە لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە ئایین و نە شتی تر وەک ئایدۆلۆژیا و …. ھتد.
ھاوچەشن سازی زێدهڕۆییانه
وتمان کە لایسیتێ وتەزایەکی ڕەتکەرەوە یا (ڕەتکەرەوەی ئایین سالارییە) نەک پۆزهتیڤ بێت و بیەوێ بەھایەکی ئەرێنی بۆ ئایین سالاری دەستەبەر بکات، ھەروەھا بە تەنیا شتێک دروست ناکات و بەھایەکی پۆزهتیڤ ناخولقێنێ. لەم لایەنەوە کەسانێک ھەوڵ دەدن کە چەند بەھایەکی ئهرێنی و بەجێ بۆ لایسیتێ بخولقێنن و ئەم وتەزایە لەگەڵ چەند چەمکێکدا ھاو واتا و یەکسان بکەن کە ھیچ پەیوەندییەکیان بەم دیاردەیەوە نییە. لە ئەنجامدا چەند پێناسەیەکی سادە لە لایسیتێ دەخەنە ڕوو بە شێوەیەک کە ئەم وتەزایە بەرە بەرە مانای خۆی لە دەست دەدات و دەگۆڕدرێت بۆ شتێکی تر. ئاوەھایە کە لایسیتێ لەگەڵ دیموکراسی، کۆماری، عەقڵی ڕەخنەگرانە، مافی مرۆڤ، پلوراڵیزم و یا ئازادی ویژدان یەکسان دەکرێت. لە کۆتاییدا لە ڕووناکایی ئەم ھاوچەشن سازییە زێدهڕۆییانه، لایسیتێ دەبێتە شتێکی ھەڕەمەکی و شێواو کە ھیچ لێکچوونێکی لەگەڵ ئەوەی کە لە ڕاستیدا وایە نامێنێت.
لایسیتێ یەکسان نییە لەگەڵ دیموکراسی، کەسانێک ھەوڵ دەدەن لەو مانا ھاوبەشەی کە لە ڕەگی ھەر دوو وشەی لایسیتێ و دیموکراسیدا ھەیە (لایۆس لە لایسیتێ و دیمۆس لە دیموکراسی کە ھەر دوو لە زمانی یۆنانی بە مانای ((خەڵک)) دێت)، لاییک بە (خەڵک) و بیروڕای لاییکی بە بیروڕای خەڵکی و لایسیتێ لەگەڵ دیموکراسی بە یەکسان بزانن. بەڵام ئەگەرچی لەنێوان لایسیتێ و دیموکراسی نزیکییهك ھەیە، بەڵام پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و ڕەھا لە نێوانیاندا بوونی نییە.
یەکێکیان چاودێرە لەسەر((جیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت)) و ئەوی تریان لەسەر ((حکوومەتی خەڵکی)). لەلایەکی تروە لایسیتێ بە بێ دیموکراسیش بەدی دێت. بەھەمان شێوە کە لە ڕژێمە تۆتالیتار یا دیکتاتۆرییەکانی ھاوشێوەی سۆڤێتی جاران، مەکزیک و یا تورکیا بینیوومانە و دەیبینین. (لە بەشی پێنجەمی ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەک لەسەر بارودۆخی لایسیتێ لە وڵاتە جیاوازەکانی ئەوروپا دەکەین). لایسیتێ لەگەڵ سیستمی کۆماریدا یەکسان نییە. کەسانێک بە پێی ئەزمونی فەرەنسا و ئەم ڕاستییە مێژووییەی کە پێکھاتنی لایسیتێ لەم وڵاتە بە گەشە و پێکھاتنی کۆماری تێکەڵ کراوە، پێیان وایە کە لایسیتێ و کۆماری پەیوەندییەکی بنەڕهتیی و جیانەکەرەوە لە نێوانیاندا ھەیە.
ھەڵبەت ئەمە ڕاستە کە دەوڵەتێکی کۆماری تەواو، دەوڵەتێکە کە بە تەواوی سەربەخۆ و جیا بێت لە ھەر ئایینێک، بەڵام ھەر لە فەرەنسا خۆیدا کۆماری پێش لە لایسیتێ دروست بووە، بەڵام لە وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، کۆماری بە بێ لاییک (لە مانای ڕاستەقینەیدا) بەردەوامە لەسەر ژیانی خۆی. کەواتە لایسیتێ جیاوازە لەگەڵ کۆماریدا لەگەڵ ئەوەی کە بە مەرجێکی پێویست بۆ بەدیھاتنی ھەژمار دەکرێت.
لایسیتێ یەکسان نییە لەگەڵ عەقڵگەرایی، کەسانێک لایسیتێ بە عەقڵگەراییەکی ڕەخنەگرانە بەرانبەر بە دۆگماخوازی ئایینی بە یەکسان دەزانن.
لایسیتێ بە لای ئەمانەوە دەبێتە بیرۆکەیەکی ڕەخنەگرانە، دەبێتە ڕەتکەرەوەی حەقیقەتی ڕەھا، دەبێتە تیۆری چەند لایەنە و ئاڵوگۆڕکاری بیروڕای گشتی، دەبێتە پرسیارکەرێکی بەردەوام. بەڵام لەگەڵ ئەوەی کە تەواوی ئەم بنەمایانە و شێوازە سیاسی و تێفکرینانە سەرنجڕاکێش و دروستن، بەڵام بە دانە پاڵی ئەمانە وەک لایسیتێ، پێناسەیەکی وا بەرفراوانی لێوە بەدەستەوە دەدەین تا جێگایهك کە ئەم وتەزایە مانای تایبەتی خۆی لە دەست دەدا و دەگۆڕدرێ بۆ شتێکی تر. لایسیتێ یەکسان نییە بە مافی مرۆڤ. ھەڵەیەکی تر ئەوەیە کە بابەتی لایسیتێ لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ یەکسان دەکەن، لە ئەنجامدا باس لە ((شەڕی لاییک لەپێناو مافی مرۆڤ)) یا ((مسۆگەرکردنی مافی مرۆڤ لە لایەن لایسیتێوە)) یان باس لە ((شەڕی لایسیتێ بۆ بەدی ھاتنی یەکسانی نێوان ژن و مێرد))….. دەکەن. ھەڵبەت ئەمە ڕاستە کە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی لایسیتێ، واتە ئازادی ئایینەکان لەگەڵ ١٨ جاڕنامەکەی جیھانی مافی مرۆڤ (١٠ی کانوونی یەکەم ١٩٤٨)دا سەبارەت بە ئازادی بیروباوەڕ و ویژدان و ئایین و… یەکدەگرێتەوە.
بەڵام نابێت بۆ لایسیتێ پەیام و بنەمایەک دیاری بکرێت کە لە توانا و ھۆشیارییەوە بەدەر بێت. لەم کاتەدایە کە تایبەتمەندی خۆی بە ئاوێتەبوون و لێکدانی لە پانتاییەکی بەرفراوان و سادە لە دەست دەدات.
لایسیتێ یەکسان نییە لەگەڵ پلوراڵیسمدا. سەرەنجام لایسیتێ لەگەڵ پلوراڵیسم و تۆلێرانس Toléranceدا تێكهڵ دەکەن.
لێرەشدا بەشێک لەحەقیقەت شاراوەیە چونکە لایسیتێ شیاوترین شێوازی سیاسییە بۆ بەدیھاتنی پلوراڵیزمی ئایینی (مسۆگەر کردنی ئازادی ئایینەکان) و بە ڕەوازانین (پێکەوە ژیان و گفتوگۆی ئازادانەی بیروباوەڕەکان)، بەڵام لێرەشدا نابێت وتەزا جۆراوجۆرەکان ئاوێتە بکرێن و لایسیتێش لەگەڵ دەرەنجامە گریمانەییەکانی بە یەکسان بزانرێت. پلوراڵیزم و لایسیتێ دەتوانن بە بێ یەک بوونیان ھەبێت.
تێبینی: ئهمه بهشی یهكهمی كتێبی “لایستیێ چییه؟ ی “شیدان وهسیق”ـه كه ساڵی 2010 له لایهن دهزگای یانهی قهڵهم چاپكراوه.
ناوی سەرچاوەکانی بەشی یەکەم
١.La Laïcité, Maurice Barbier, Ed. L Harmattan
٢.Esquisse d únethéorie de laïcité, Maurice Barbier. Le Débat No٧٧.١٩٩٣
٣.Entre laïcisation et secularization, FranÇoise Champion, Le Débat No ٧٧,١١٩٣
٤.La laïcitéFranÇaise. Jean Boussinesq, Edition du seuil
٥.Les trios âges de la laïcité, Jacquline Costa-Lascoux, Hachetee
٦.La laïcité, Guy Haarscher, Que sais-je?
٧.La question juive, Bruno Bauer, Traduction Jean-Marie Caillé
٨.La question juive, Karl Marx, [Euvres tome III Philosophie]
٩.Genése et enjeux de laïcité, Genéve, Labor et fides, ١٩٩٠
١٠.La religion dans la démocratie, Marcel Gauchet, Gallimard.
La laïcitéenmiroir, Guy Gauthier, Edilig١١
پەراوێزەکان
[1]laicité
[2]Etat
[3]sphèrepublique
[4]LaïqueLaïc
[5]laïcisation
[6]Cléricalisme
[7]Modernité
[8]Anti-cléricalisme
[9]Laos
[10]Patrie
[11]Littré
[12]Ecolelaïque de la république